ئه‌مه‌ په‌رتووكی ڕه‌چه‌ڵه‌كی ئیشۆعی مه‌سیح، ڕۆڵه‌ی داوید، ڕۆڵه‌ی ئه‌وڕاهه‌مه‌: ئه‌وڕاهه‌م باوكی ئسخه‌ق بوو، ئسخه‌ق باوكی یاقوو بوو، یاقوو باوكی ئيهوودا و برایانی بوو، ئيهوودا باوكی په‌ڕه‌س و زه‌ڕه‌خ بوو له‌ تامه‌ر، په‌ڕه‌س باوكی خسڕون بوو، خسڕون باوكی ئاڕه‌م بوو، ئاڕه‌م باوكی عه‌میناده‌و بوو، عه‌میناده‌و باوكی نخشون بوو، نخشون باوكی سه‌لمون بوو، سه‌لمون باوكی باعه‌ز بوو له‌ ڕاخه‌و، باعه‌ز باوكی عوبید بوو له‌ ڕعووت، عوبید باوكی ئیشه‌ی بوو، ئیشه‌ی باوكی داویدی پاشا بوو. داوید باوكی شلیمون بوو له‌و ژنه‌ی هی ئوورییا بوو، شلیمون باوكی ڕخێوعه‌م بوو، ڕخێوعه‌م باوكی ئه‌وییا بوو، ئه‌وییا باوكی ئاسا بوو، ئاسا باوكی یه‌هوشاپه‌ت بوو، یه‌هوشاپه‌ت باوكی یووڕه‌م بوو، یووڕه‌م باوكی عوزییا بوو، عوزییا باوكی یووته‌م بوو، یووته‌م باوكی ئاخه‌ز بوو، ئاخه‌ز باوكی خیزه‌قیا بوو، خیزه‌قیا باوكی مینه‌شێ بوو، مینه‌شێ باوكی ئامون بوو، ئامون باوكی یووشیا بوو، یووشیا باوكی یوكه‌نیا و براكانی بوو، له‌ كاتی ڕاپێچانه‌كه‌دا بۆ باڤل. دوای ڕاپێچانه‌كه‌ بۆ باڤل، یوكه‌نیا باوكی شلتئیل بوو، شلتئیل باوكی زورباول بوو، زورباول باوكی ئه‌وییود بوو، ئه‌وییود باوكی ئیلیاقیم بوو، ئیلیاقیم باوكی عازوڕ بوو، عازوڕ باوكی زادوق بوو، زادوق باوكی ئاخین بوو، ئاخین باوكی ئیلییود بوو، ئیلییود باوكی ئیلیعازه‌ڕ بوو، ئیلیعازه‌ڕ باوكی ماته‌ن بوو، ماته‌ن باوكی یاقوو بوو، یاقوو باوكی یۆسپی مێردی مه‌ریه‌مه‌، وا ئیشۆعی لێبوو، كه‌ به‌ مه‌سیح ناوده‌بردرێت. هه‌موو نه‌وه‌كان له‌ ئه‌وڕاهه‌مه‌‌وه‌ تا داوید چوارده‌ نه‌وه‌ن، له‌ داویده‌وه‌ تا ڕاپێچانه‌كه‌ بۆ باڤل چوارده‌ نه‌وه‌ن، له‌ ڕاپێچانه‌كه‌شه‌وه‌ بۆ باڤل تا مه‌سیح چوارده‌ نه‌وه‌ن. له‌دایكبوونی ئیشۆعی مه‌سیحیش به‌م شێوه‌یه‌ بوو: كاتێ مه‌ریه‌می دایكی بۆ یۆسپ ماره‌بڕاو بوو، پێش ئه‌وه‌ی یه‌ک بگرن، بینرا له‌ ڕووحی پارساوه‌ سكی هه‌یه‌. یۆسپی ده‌زگیرانیشی پیاوێكی خوداناس بوو، نه‌یویست ئاشكرای بكات، ویستی به‌ نهێنی وازی لێبهێنێت. كاتێ بیری له‌مه‌‌ ده‌كرده‌وه‌، فریشته‌ی په‌روه‌ردگار له‌ خه‌وندا بۆی ده‌ركه‌وت و پێی فه‌رموو: “ئه‌ی یۆسپی ڕۆڵه‌ی داوید، مه‌ترسه‌ له‌وه‌ی مه‌ریه‌م بهێنیت، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و سكی پێی هه‌یه‌ له‌ ڕووحی پارسا‌وه‌یه‌. وا كوڕێكی ده‌بێت، ناوی ده‌نێیت ئیشۆع، چونكه‌ گه‌له‌كه‌ی له‌ گوناهه‌كانیان ڕزگار ده‌كات”. ئه‌مانه‌ هه‌مووی ڕوویدا، تا ئه‌وه‌ی په‌روه‌ردگار به‌هۆی پێغه‌مبه‌رێک فه‌رموویه‌تی بێته‌ دی: {ئه‌وه‌تا پاكیزه‌كه‌ دووگیان ده‌بێت و كوڕێكی ده‌بێت، به‌ عیممانوئێل ناو ده‌برێت}. واتا: خودا له‌گه‌ڵماندایه‌. كاتێ یۆسپ له‌ خه‌و هه‌ستا، ئه‌وه‌ی فریشته‌كه‌ی په‌روه‌ردگار فه‌رمانی پێدابوو ئه‌نجامی دا و ژنه‌كه‌ی هێنا‌. له‌گه‌ڵی جووت نه‌بوو تا كوڕه‌ نۆبه‌ره‌كه‌ی بوو، ئینجا ناوی لێنا ئیشۆع. دوای له‌دایكبوونی ئیشۆع له‌ بێتلخمی ئیهوود، له‌ سه‌رده‌می هیڕوودسی پاشا، هه‌ندێک مۆغ له‌ خۆرهه‌ڵاته‌وه‌ هاتنه‌ یروشلایم، وتیان: “كوا ئه‌و له‌دایكبووه‌ی پاشای جووه‌كان؟ ئێمه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاته‌وه‌ ئه‌ستێره‌ی ئه‌ومان بینیوه‌، هاتووین كڕنۆشی بۆ ببه‌ین”. كاتێ هیڕوودس پاشا ئه‌مه‌ی بیست، شڵه‌ژا و هه‌موو یروشلایم له‌گه‌ڵی شڵه‌ژان. هه‌موو كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانانی گه‌لی كۆكرده‌وه‌، لێی پرسین: “مه‌سیح له‌كوێ له‌دایک ده‌بێت؟” پێیان وت: “له‌ بێتلخمی ئیهوود، چونكه‌ پێغه‌مبه‌رێک ئاوای نووسیوه‌: {تۆش ئه‌ی بێتلخمی زه‌ویی ئيهوودا بچووكترینی نێوان سه‌رۆكه‌كانی ئيهوودا نیت، چونكه‌ تیاتدا دادوه‌رێک ده‌رده‌كه‌وێت، شوانایه‌تیی گه‌لی ئیسڕائیلم ده‌كات} ”. جا هیڕوودس به‌ نهێنی مۆغه‌كانی بانگكرد و له‌باره‌ی كاتی ده‌ركه‌وتنی ئه‌ستێره‌كه‌ لێی زانین. ئینجا بۆ بێتلخمی ناردن و وتی: “بڕۆن و به‌ وردی به‌دوای كوڕه‌كه‌دا بگه‌ڕێن. كاتێ دۆزیتانه‌وه‌ هه‌واڵم بده‌نێ، تا منیش بێم و كڕنۆشی بۆ ببه‌م”. كاتێ گوێبیستی پاشا بوون، ڕۆیشتن، ئه‌ستێره‌كه‌ی له‌ خۆرهه‌ڵات بینیبوویان، پێشیان كه‌وت تاكو له‌سه‌ر ئه‌و شوێنه‌ی كوڕه‌كه‌ی لێبوو ڕاوه‌ستا. كاتێ ئه‌ستێره‌كه‌یان بینی خۆشیه‌كی زۆر مه‌زنیان كرد، هاتن بۆ ماڵه‌كه‌، كوڕه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ مه‌ریه‌می دایكی بینی، دانه‌وین و كڕنۆشیان بۆ برد، ئینجا گه‌نجینه‌كانیان كرده‌وه‌، زێڕ و بخوور و موڕیان به‌ دیاری پێشكه‌ش كرد. ئینجا كه‌ له‌ خه‌وندا سرووشیان بۆ هات‌ كه‌ نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ لای هیڕوودس، به‌ ڕێگایه‌كی دیكه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ وڵاتی خۆیان. دوای ئه‌وه‌ی ڕۆیشتن، فریشته‌ی په‌روه‌ردگار له ‌خه‌وندا بۆ یۆسپ ده‌ركه‌وت و فه‌رمووی: “هه‌سته‌ كوڕه‌كه‌ و دایكی ببه‌ و هه‌ڵبێ بۆ میسڕ. له‌وێ به‌ تاكو پێت ده‌ڵێم، چونكه‌ وا هیڕوودس به‌ شوێن كوڕه‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێت، تا له‌ناوی ببات”. ئه‌ویش هه‌ستا و له‌ شه‌ودا كوڕه‌كه‌ و دایكی برد و به‌ره‌و میسڕ ڕۆیشت. تاكو مردنی هیڕوودس له‌وێ مایه‌وه‌، تا ئه‌وه‌ی په‌روه‌ردگار به‌هۆی پێغه‌مبه‌رێک فه‌رموویه‌تی بێته‌ دی، كه‌ ده‌فه‌رمووێ: {ڕۆڵه‌ی خۆم له‌ میسڕه‌وه‌ بانگ كرد}. كاتێ هیڕوودس زانی مۆغه‌كان گاڵته‌یان پێ كردووه‌، زۆر تووڕه‌ بوو. ناردی و هه‌موو كوڕه‌كانی بێتلخم و ده‌وروبه‌ری كوشت، له‌ دوو ساڵه‌وه‌ به‌ره‌و خوار، به‌پێی ئه‌و كاته‌ی له‌ مۆغه‌كانه‌وه‌ زانیبوو. به‌مه‌ش ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌ر ئێرمیا وترابوو هاته‌ دی: {له‌ ڕه‌متا دا ده‌نگێک بیسترا، گریان و ناڵه‌ و شیوه‌نێكی زۆر، ڕاخێل بۆ ڕۆڵه‌كانی ده‌گریێت و نایه‌وێ دڵنه‌وایی بكرێت، چونكه‌ نه‌ماون}. كاتێ هیڕوودس مرد، فریشته‌ی په‌روه‌ردگار له‌ میسڕ له‌ خه‌ونێكدا بۆ یۆسپ ده‌ركه‌وت و فه‌رمووی: “هه‌سته‌، كوڕه‌كه‌ و دایكی ببه‌ و بڕۆ بۆ زه‌ویی ئیسڕائیل، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ گیانی كوڕه‌كه‌یان ده‌ویست مه‌رگیان هات”. ئه‌ویش هه‌ستا، كوڕه‌كه‌ و دایكی برد و هات بۆ زه‌ویی ئیسڕائیل. به‌ڵام كاتێ بیستی ئه‌رخێلاوس له‌ ئیهوود له‌جێی هیڕوودسی باوكی پاشایه‌، ترسا بڕواته‌ ئه‌وێ. ئینجا كه‌ له‌ خه‌وندا سرووشی بۆ هات، بۆ ده‌ڤه‌ری گلیلا ڕۆیشت. جا هات و له‌ شارێک نیشته‌جێ بوو به‌ ناوی ناسڕه‌ت‌، تا ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌رانه‌وه‌ وترابوو بێته‌ دی: {به‌ ناسڕه‌تی ناوده‌بردرێت}. له‌و ڕۆژانه‌دا، یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكار له‌ ده‌شتی ئیهوود هات و موژده‌ی ده‌دا و، ده‌یفه‌رموو: “تۆبه‌ بكه‌ن، چونكه‌ پاشایه‌تی ئاسمانان نزیک بۆته‌وه‌”. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌هۆی پێغه‌مبه‌ر ئێشه‌عیا ده‌رباره‌ی وتراوه‌: {ده‌نگی هاوارگه‌رێک له‌ ده‌شتوده‌ره‌وه‌‌ دێ: “ڕێگای په‌روه‌ردگار ئاماده‌ بكه‌ن، ڕێبازه‌كانی ڕاست بكه‌ن”}. ئه‌م یوخه‌ننه‌نه‌ پۆشاكی له‌ مووی وشتر بوو، كه‌مه‌ری به‌ پشتێنێكی چه‌رم ده‌به‌ست، خواردنیشی كوللـه‌ و هه‌نگوینی كێوی بوو. له‌و كاته‌دا یروشلایم و هه‌موو ئیهوود و ته‌واوی ده‌ڤه‌ره‌كانی یوردنه‌ن ده‌رچوون بۆ لای و له‌سه‌ر ده‌ستی له‌ ڕووباری یوردنه‌ن عه‌ماد ده‌كران و دانیان به‌ گوناهه‌كانیان ده‌نا. كه‌ بینی زۆر له‌ په‌ڕیشی و زادوقی بۆ عه‌ماده‌كه‌ی دێن، پێی فه‌رموون: “ئه‌ی بێچوی ماران، كێ ڕێگای پیشانداون له‌ده‌ست تووڕه‌یی داهاتوو هه‌ڵبێن؟ به‌رهه‌مێک بده‌ن له‌ تۆبه‌كردن بوه‌شێته‌وه‌. بیرمه‌كه‌نه‌وه‌ به‌خۆتان بڵێن: ئه‌وڕاهه‌م باوكمانه‌. چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم، خودا ده‌توانێت له‌م به‌ردانه‌ ڕۆڵه‌ بۆ ئه‌وڕاهه‌م په‌یدا بكات. ئێستاش ته‌ور خراوه‌ته‌ سه‌ر ڕه‌گی دره‌خته‌كان، هه‌ر دره‌ختێک به‌رهه‌می باش دروست نه‌كات، ده‌بڕدرێته‌وه‌ و فڕێ ده‌درێته‌ نێو ئاگر. من بۆ تۆبه‌كردن به‌ ئاو عه‌مادتان ده‌كه‌م، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دوای من دێت، له‌ من به‌هێزتره‌، شایسته‌ی ئه‌وه‌ نیم پێڵاوه‌كانیشی هه‌ڵگرم. ئه‌و به‌ ڕووحی پارسا و به‌ ئاگر عه‌مادتان ده‌كات. ئه‌وه‌ی كه‌ شه‌نه‌كه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، خه‌رمانه‌كه‌ی شه‌نه‌با ده‌كات، گه‌نمه‌كه‌ی له‌ عه‌مباردا كۆده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام كایه‌كه‌ به‌ ئاگرێكی نه‌كوژاوه‌ ده‌سووتێنێ”. ئینجا ئیشۆع له‌ گلیلاوه‌ بۆ‌ یوردنه‌ن هات بۆ لای یوخه‌ننه‌ن، تا له‌سه‌ر ده‌ستی عه‌ماد بكرێت. به‌ڵام یوخه‌ننه‌ن نه‌یهێشت و فه‌رمووی: “من پێویستیمه‌‌ له‌سه‌ر ده‌ستی تۆ عه‌ماد بكرێم، كه‌چی تۆ دێیت بۆ لای من؟” ئیشۆعیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “ئێستا ڕێگا بده‌، چونكه‌ ئاوا له‌ ئێمه‌ ده‌وه‌شێته‌وه‌ هه‌موو خوداناسییه‌ک ته‌واو بكه‌ین”. ئینجا ڕێی پێ دا. كاتێ ئیشۆع عه‌ماد كرا، یه‌كسه‌ر له‌ نێو ئاوه‌كه‌ هه‌ستایه‌وه‌. ئاسمانانی بۆ كرایه‌وه‌ و بینی ڕووحی خودا وه‌ک كۆترێک هاته‌ خواره‌وه‌ و هاته‌ سه‌ری. ده‌نگێكیش له‌ ئاسمانانه‌وه‌ فه‌رمووی: “ئه‌مه‌یه‌ ڕۆڵه‌ی خۆشه‌ویستم، كه‌ پێی دڵشادم”. پاشان ئیشۆع به‌ ڕووحه‌وه‌ بردرایه‌ سه‌روو بۆ ده‌شتوده‌ر، تا له‌لایه‌ن ئیبلیسه‌‌وه‌ تاقی بكرێته‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ی كه‌ چل ڕۆژ و چل شه‌و به‌ڕۆژووبوو، برسی بوو. تاقیكه‌ره‌وه‌ لێی هاته‌ پێش، پێی وت: “ئه‌گه‌ر تۆ ڕۆڵه‌ی خودایت، بڵێ با ئه‌م به‌ردانه‌ ببنه‌ نان”. وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “نووسراوه‌: {مرۆڤ ته‌نها به‌ نان ناژیێت، به‌ڵكو به‌ هه‌ر وشه‌یه‌ک كه‌ له‌ زاری خوداوه‌ ده‌رده‌چێت} ”. ئینجا ئیبلیس بردییه‌ شاری پارسا و له‌سه‌ر سوانده‌ی په‌رستگا ڕایگرت و پێی وت: “ئه‌گه‌ر تۆ ڕۆڵه‌ی خودایت، خۆت هه‌ڵده‌ خواره‌وه‌. چونكه‌ نووسراوه‌: {فریشته‌كانی ڕاده‌سپێرێت، تا له‌سه‌ر ده‌ستیان هه‌ڵتبگرن، نه‌وه‌ک پێت له‌ به‌ردێک بدات} ”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “هه‌روه‌هاش نووسراوه‌: {په‌روه‌ردگار، خوداوه‌ندت تاقی مه‌كه‌وه‌} ”. دیسان ئیبلیس بۆ سه‌ر شاخێكی زۆر بڵندی برد و هه‌موو پاشایه‌تیه‌كان و شكۆی جیهانی پیشان دا و پێی وت: “هه‌موو ئه‌مانه‌ت ده‌ده‌مێ ئه‌گه‌ر دانه‌وێیت و كڕنۆشم بۆ ببه‌یت”. له‌و كاته‌دا ئیشۆع پێی فه‌رموو: “شه‌یتان لێم دووربكه‌وه‌! چونكه‌ نووسراوه‌: {كڕنۆش بۆ په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندت ده‌به‌یت و ته‌نها ئه‌و ده‌په‌رستیت} ”. ئینجا ئیبلیس وازی لێهێنا و فریشته‌ هاتن و ڕاژه‌یان كرد. كاتێ ئیشۆع بیستی یوخه‌ننه‌ن گیراوه‌، به‌ره‌و گلیلا ڕۆیشت. ناسڕه‌تی به‌جێهێشت و هات له‌ كپه‌ڕناخوم نیشته‌جێ بوو، كه‌ له‌سه‌ر ده‌ریاكه‌یه‌، له‌ سنووری زوه‌ولوون و نه‌پتالیم، تاكو ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌ر ئێشه‌عیا وتراوه‌ بێته‌ دی: {زه‌ویی زوه‌ولوون و زه‌ویی نه‌پتالیم، ڕێگای ده‌ریا، ئه‌وبه‌ری یوردنه‌ن، گلیلای نه‌ته‌وه‌كان، ئه‌و گه‌له‌ی له‌ تاریكیدا دانیشتووه‌، ڕووناكییه‌كی مه‌زنی بینی، دانیشتووان له‌ زه‌ویی سێبه‌ری مه‌رگ، ڕووناكییان لێ هه‌ڵهات}. له‌و كاته‌وه‌ ئیشۆع ده‌ستیكرد به‌ موژده‌دان و ده‌یفه‌رموو: “تۆبه‌ بكه‌ن، چونكه‌ پاشایه‌تی ئاسمانان نزیک بۆته‌وه‌”. كاتێ ئیشۆع له‌ كه‌ناری ده‌ریای گلیلادا ده‌ڕۆیشت، دوو برای بینی، شیمعون كه‌ پێی ده‌ووترێ په‌تڕۆس له‌گه‌ڵ ئه‌ندراوسی برای، تۆڕیان فڕێده‌دایه‌ ده‌ریاوه‌، چونكه‌ ماسیگر بوون. پێی فه‌رموون: “وه‌رن به‌دوام، ده‌تانكه‌مه‌ ڕاوچیی مرۆڤ”. یه‌كسه‌ر تۆڕه‌كانیان به‌جێهێشت و دوای كه‌وتن. كه‌ له‌وێ تێپه‌ڕی، دوو برای دیكه‌ی بینی، یاقووی كوڕی زه‌بدی و یوخه‌ننه‌نی برای، له‌ كه‌شتیه‌كدا له‌گه‌ڵ زه‌بدی باوكیان تۆڕه‌كانیان چاكده‌كرده‌وه‌، ئه‌وانیشی بانگهێشتكرد. یه‌كسه‌ر كه‌شتیه‌كه‌ و باوكیان به‌جێهێشت و دوای كه‌وتن. ئینجا ئیشۆع به‌ هه‌موو گلیلادا ده‌گه‌ڕا، له‌ كه‌نیشته‌كانیان فێری ده‌كردن و موژده‌ی پاشایه‌تیی ده‌دا، هه‌موو نه‌خۆشی و هه‌موو لاوازیه‌كی نێو خه‌ڵكی چاره‌سه‌ر ده‌كرد. هه‌واڵی هه‌موو سوریای گرته‌وه‌، هه‌رچی نه‌خۆش هه‌بوو به‌ ده‌رد و جۆره‌ها ئازاره‌وه‌، شێت و خوودار و ئیفلیجه‌كان، هه‌موویان بۆ لای هێنا، ئه‌ویش چاره‌سه‌ریكردنه‌وه‌. جا خه‌ڵكێكی زۆر له‌ گلیلا و ده‌ شاره‌كه‌ و یروشلایم و ئیهوود و ئه‌وبه‌ری یوردنه‌ن دوای كه‌وتن. كاتێ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ی بینی، چووه‌ سه‌ر چیاكه‌، كه‌ دانیشت، قوتابییه‌كانی لێی هاتنه‌ پێشه‌وه‌، زاری كرده‌وه‌، فێری كردن و فه‌رمووی: “به‌خته‌وه‌ری‌ بۆ هه‌ژاران له‌ڕووح، چونكه‌ پاشایه‌تیی ئاسمانان هی ئه‌وانه‌. به‌خته‌وه‌ری بۆ په‌ژاره‌داران، چونكه‌ دڵنه‌وایی ده‌كرێن. به‌خته‌وه‌ری بۆ دڵنه‌رمه‌كان، چونكه‌ ده‌بن به‌ میراتگری زه‌ویه‌كه‌. به‌خته‌وه‌ری بۆ برسی و تینووه‌كان بۆ خوداناسی، چونكه‌ تێر ده‌كرێن. به‌خته‌وه‌ری بۆ به‌زه‌ییداران، چونكه‌ به‌ر به‌زه‌یی ده‌كه‌ون. به‌خته‌وه‌ری بۆ دڵپاكه‌كان، چونكه‌ خودا ده‌بینن. به‌خته‌وه‌ری بۆ دروستگه‌رانی ئاشتی، چونكه‌ به‌ ڕۆڵه‌كانی خودا ناوده‌برێن. به‌خته‌وه‌ری بۆ قاودراوان له‌ پێناوی خوداناسی، چونكه‌ پاشایه‌تیی ئاسمان هی ئه‌وانه‌. به‌خته‌وه‌ری بۆ ئێوه‌، ئه‌گه‌ر سووكایه‌تیتان پێبكه‌ن و قاوتان بده‌ن، له‌پێناوی من به‌ درۆ هه‌ر قسه‌یه‌كی به‌دتان پێ بڵێن. دڵخۆش و شادمان بن، چونكه‌ پاداشتتان گه‌وره‌یه‌ له‌ ئاسمانان. چونكه‌ هه‌ر وه‌هاش پێغه‌مبه‌رانیان پێش ئێوه‌ قاوداوه‌‌. ئێوه‌ن خوێی زه‌وی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خوێ سوێرییه‌كه‌ی نه‌ما، به‌ چی سوێر ده‌كرێته‌وه‌؟ ئیتر به‌كه‌ڵكی هیچ نایه‌ت، ته‌نها فڕێبدرێته‌ ده‌ره‌وه‌ و خه‌ڵكی پێشێلی بكه‌ن. ئێوه‌ن ڕووناكیی جیهان، شارێک له‌سه‌ر شاخ دامه‌زرابێت ناشاردرێته‌وه‌. چراش هه‌ڵناكرێت تا بیخه‌نه‌ ژێر ته‌شته‌وه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر چرادان دایده‌نێن تا ڕووناكی بداته‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ماڵه‌كه‌دان. با ئێوه‌ش ئاوا ڕووناكیتان بۆ خه‌ڵک بدره‌وشێته‌وه‌، تاكو كرده‌وه‌‌ باشه‌كانتان ببینن و شكۆمه‌ندیی باوكتان بكه‌ن وا له‌ ئاسماناندایه‌. وا بیر نه‌كه‌نه‌وه‌ من هاتووم ته‌ورات یان پێغه‌مبه‌ران پووچه‌ڵ بكه‌مه‌وه‌، نه‌هاتووم بۆ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌، به‌ڵكو بۆ ته‌واوكردن. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: تا زه‌وی و ئاسمان له‌ناوده‌چن، پیتێک یان خاڵێكی ته‌ورات له‌ناوناچێت، تاكو هه‌مووی دێته‌ دی. بۆیه‌ هه‌ركه‌سێک بچووكترینی ئه‌م ڕاسپاردانه‌ بشكێنێت و ئاواش فێر بكات، له‌ پاشایه‌تیی ئاسماناندا به‌ بچووكترین ناوده‌بردرێت. به‌ڵام هه‌ركه‌سێک په‌یڕه‌وی بكات و فێر بكات، له ‌پاشایه‌تیی ئاسماناندا به‌ مه‌زن ناوده‌بردرێت. من پێتان ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر خوداناسیتان له‌ ته‌وراتزانان و په‌ڕیشییه‌كان زیاتر نه‌بێت، هه‌رگیز ناچنه‌ نێو پاشایه‌تیی ئاسمانانه‌وه‌. بیستووتانه‌ به‌ پێشینان وتراوه‌: {مه‌كوژه‌} ، ئه‌وه‌ی بكوژێت شایانی حوكم به‌سه‌ردانه‌. به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم: هه‌ركه‌سێ به‌بێ هۆ له‌ براكه‌ی تووڕه‌ بێت، شایانی حوكم به‌سه‌ردانه‌. ئه‌وه‌ی به‌ براكه‌ی ده‌ڵێ “بێ مێشک”، شایانی سه‌نهه‌دریمه‌، ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت “گێله”، شایانی ئاگری دۆزه‌خه‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر قوربانیت بۆ سه‌ربڕگه‌ هێنا و له‌وێ بیرت كه‌وته‌وه‌ كه‌ براكه‌ت شتێكی له‌سه‌رته‌وه‌ هه‌یه‌، له‌وێ له‌به‌رده‌م سه‌ربڕگه‌دا قوربانییه‌كه‌ت به‌جێ بهێڵه‌ و بڕۆ یه‌كه‌مجار براكه‌ت ئاشت بكه‌وه‌، ئینجا وه‌ره‌ و قوربانییه‌كه‌ت بكه‌. خێرا له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌كه‌ت ئاشتبه‌وه‌ له‌و كاته‌ی له‌گه‌ڵته‌ و به‌ڕێگاوه‌ن، نه‌وه‌ک نه‌یاره‌كه‌ت بتداته‌ ده‌ست دادوه‌ر و دادوه‌ریش بتداته‌ ده‌ست پۆلیس و فڕێ بدرێیته‌ زیندان. ڕه‌وات پێ ده‌ڵێم: له‌وێ ده‌رناچیت تا دوایین فلس نه‌ده‌یته‌وه‌. بیستووتانه‌ به‌ پێشینان وتراوه‌: {داوێنپیسی مه‌كه‌}. به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی به‌ هه‌وه‌سه‌وه‌ بڕوانێته‌ ژنێک، ئه‌وا له‌ دڵی خۆیدا داوێنپیسیی له‌گه‌ڵ كردووه‌. ئه‌گه‌ر چاوی ڕاستت بۆت بووه‌ كۆسپ، ده‌ریبهێنه‌ و فڕێی بده‌. چونكه‌ باشتره‌ بۆت ئه‌ندامێكت له‌ناوبچێت، له‌وه‌ی هه‌موو له‌شت بخرێته‌ دۆزه‌خه‌وه‌. ئه‌گه‌ر ده‌ستی ڕاستت بۆت بووه‌ كۆسپ، بیبڕه‌وه‌ و فڕێی بده‌، چونكه‌ باشتره‌ بۆت ئه‌ندامێكت له‌ناوبچێت، له‌وه‌ی هه‌موو له‌شت بخرێته‌ دۆزه‌خه‌وه‌. دیسان وتراوه‌: {ئه‌وه‌ی ژنه‌كه‌ی ته‌ڵاق بدات، با ته‌ڵاقنامه‌یی بداته‌ ده‌ست}. به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی بێ هۆی داوێنپیسی ژنه‌كه‌ی ته‌ڵاق بدات، وای لێده‌كات داوێنپیسی بكات. ئه‌وه‌ش ته‌ڵاقدراوێک بهێنێت، ئه‌وا داوێنپیسی ده‌كات. دیسان بیستووتانه‌ كه‌ به‌ پێشینان وتراوه‌: {سوێنده‌كانت مه‌شكێنه‌، به‌ڵكو سوێنده‌كانت بۆ په‌روه‌ردگار به‌ره‌سه‌ر} ، به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم: هه‌رگیز سوێند مه‌خۆن، نه‌ به‌ ئاسمان، چونكه‌ ته‌ختی خودایه‌، نه‌ به‌ زه‌وی، چونكه‌ پێدانانیه‌تی، نه‌ به‌ یروشلایم، چونكه‌ شاری پاشا مه‌زنه‌كه‌یه‌. سوێند به‌سه‌ری خۆت مه‌خۆ، چونكه‌ ناتوانیت تاڵێكی سپی یان ڕه‌ش بكه‌یت. با قسه‌تان: به‌ڵێ بۆ به‌ڵێ و نه‌خێر بۆ نه‌خێر بێت، له‌وه‌ زیاتر له‌ به‌دكاره‌‌وه‌یه‌. بیستووتانه‌ وتراوه‌: {چاو به‌ چاو، ددان به‌ ددان}. به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم: به‌ره‌نگاریی به‌دكار مه‌كه‌ن، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی له‌ ڕوومه‌تی ڕاستی دایت، لایه‌كه‌ی دیكه‌شی بۆ ڕاگره‌، ئه‌وه‌ی ویستی بتداته‌ دادگا و كراسه‌كه‌ت لێ بستێنێت، پۆشاكه‌كه‌شتی بده‌رێ. ئه‌وه‌ی یه‌ک میل بێگاری پێ كردیت، دووانی له‌گه‌ڵ بڕۆ. ئه‌وه‌ی داوای لێ كردیت بیده‌رێ. ئه‌وه‌ی شتێكی لێت خواست مه‌یگه‌ڕێنه‌وه‌. بیستووتانه‌ وتراوه‌: {نزیكه‌كه‌ت خۆشبووێ، ڕقت له‌ دوژمنت بێته‌وه‌}. به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم: دوژمنه‌كانتان خۆشبووێ، نه‌فره‌تكارانتان داڕشت بكه‌ن، چاكه‌ بكه‌ن بۆ ناحه‌زانتان، نوێژ بكه‌ن له‌پێناوی ئه‌وانه‌ی خراپه‌تان بۆ ده‌كه‌ن و قاوتان ده‌ده‌ن‌، تا ببنه‌ ڕۆڵه‌ی ئه‌و باوكه‌تان كه‌ له‌ ئاسماناندایه‌، ئه‌و خۆری به‌سه‌ر به‌دكاران و پیاوچاكاندا هه‌ڵدێنێ و باران به‌سه‌ر خوداناسان و سه‌ته‌مكاراندا ده‌بارێنێت. چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌وانه‌تان خۆشبووێ كه‌ ئێوه‌یان خۆشده‌وێت، چ پاداشتێكتان هه‌یه‌؟ ئایا باجگرانیش وا ناكه‌ن؟ ئه‌گه‌ر سڵاوتان ته‌نها له‌برایانتان كرد، چ چاكه‌یه‌كتان كردووه‌؟ ئایا باجگرانیش وا ناكه‌ن؟ بۆیه‌ ئێوه‌ ته‌واو بن، وه‌ک ئه‌و باوكه‌تان وا له‌ئاسماناندایه‌ ته‌واوه‌”. ئاگاداربن له‌وه‌ی به‌خشینه‌كانتان له‌به‌رچاوی خه‌ڵک بكه‌ن، تا بتانبینن. ئه‌گینا پاداشتتان نییه‌ له‌لای ئه‌و باوكه‌تان وا له‌ ئاسماناندایه‌. هه‌ر كاتێ به‌خشینێكت كرد، له‌پێش خۆت كه‌ڕه‌نا لێمه‌ده‌ وه‌ک ڕووپاماكان كه‌ له‌ كه‌نیشت و كۆڵانه‌كان ده‌یكه‌ن، تا خه‌ڵک شكۆمه‌ندیان بكه‌ن. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وانه‌ پاداشتی خۆیان وه‌رگرت!. به‌ڵام تۆ كه‌ به‌خشینێک ده‌كه‌یت، با ده‌ستی چه‌پت نه‌زانێت ده‌ستی ڕاستت چی ده‌كات، تا به‌خشینه‌كه‌ت شاراوه‌ بێت. باوكت وا‌ له‌ شه‌راوه‌دا ده‌بینێت، ئه‌و به‌ ئاشكرا پاداشتت ده‌داته‌وه‌. كاتێ نوێژ ده‌كه‌یت وه‌ک رووپاماكان مه‌به‌، ئه‌وان حه‌زده‌كه‌ن به‌ پێوه‌ له‌ كه‌نیشت و سووچی شه‌قامه‌كاندا نوێژ بكه‌ن، تا بۆ خه‌ڵک دیار بن. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وانه‌ پاداشتی خۆیان وه‌رگرت!. به‌ڵام تۆ كه‌ نوێژ ده‌كه‌یت، بڕۆ ژووره‌كه‌ت و ده‌رگا له‌سه‌ر خۆت دابخه‌، نوێژ بكه‌ بۆ باوكت وا له‌ شاراوه‌دایه‌. باوكت كه‌ له‌ شاراوه‌دا ده‌بینێت، به‌ ئاشكرا پاداشتت ده‌داته‌وه‌. كاتێ نوێژ ده‌كه‌ن، وه‌ک نه‌ته‌وه‌كان قسه‌ی ناڕه‌وا دووباره‌ مه‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وان‌ واده‌زانن به‌ زۆر وتنیان وه‌ڵامیان ده‌درێته‌وه‌. وه‌ک ئه‌وان مه‌بن، چونكه‌ باوكتان ده‌زانێت پێویستیتان به‌ چییه‌، پێش ئه‌وه‌ی داوای لێبكه‌ن. ئێوه‌ش ئاوا نوێژ بكه‌ن: (بابمان وا له‌ ئاسمانانی، ناوت پارسا بێت، پاشایه‌تییه‌كه‌ت بێ، خواستت له‌سه‌ر زه‌وی بێت وه‌ک له‌ ئاسمان. نانی به‌سكردنی ڕۆژانه‌مان بده‌رێ. گوناهه‌كانمان ببه‌خشه‌‌، ئێمه‌ش له‌قه‌رزاره‌كانمان خۆشده‌بین. مه‌مانخه‌ره‌ نێو تاقیكردنه‌وه‌، به‌ڵكو ڕزگارمان بكه‌ له‌ به‌دكار. چونكه‌ پاشایه‌تی و هێز و شكۆ هی تۆیه‌ تا جاویدانی. ئامین) چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌كانی خه‌ڵک ببه‌خشن، ئه‌وا باوكی ئاسمانیشتان ده‌تانبه‌خشێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌كانی خه‌ڵک نه‌به‌خشن، ئه‌وا باوكیشتان هه‌ڵه‌كانتان نابه‌خشێت. كاتێ به‌ڕۆژوو ده‌بن، ڕووگرژ مه‌بن وه‌ک ڕووپاماكان، كه‌ ڕوویان ده‌گۆڕن تاكو بۆ خه‌ڵكی ده‌ربخه‌ن كه‌ به‌ڕۆژوون. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وانه‌ پاداشتی خۆیان وه‌رگرت!. به‌ڵام تۆ كه‌ به‌ڕۆژوو ده‌بیت، سه‌رت چه‌ور بكه‌ و ڕوخسارت بشۆ، تا بۆ خه‌ڵک ده‌رنه‌كه‌وێت كه‌ به‌ڕۆژوویت، به‌ڵكو بۆ باوكی شاراوه‌ت، باوكت وا له‌ شاراوه‌ ده‌بینێت، به‌ ئاشكرا پاداشتت ده‌داته‌وه‌. له‌سه‌ر زه‌وی گه‌نجینه‌ بۆ خۆتان كۆ مه‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ مۆرانه‌ و ژه‌نگ خراپی ده‌كه‌ن، دزیش ده‌یبڕێت و ده‌یدزێت. به‌ڵكو گه‌نجینه‌ بۆ خۆتان له‌ ئاسماندا كۆبكه‌نه‌وه‌، كه‌ نه‌ مۆرانه‌ و نه‌ ژه‌نگ خراپی ده‌كه‌ن، نه‌ دزیش ده‌یبڕێت و ده‌یدزێت. چونكه‌ گه‌نجینه‌ت له‌كوێ بێت، دڵیشت له‌وێ ده‌بێت. چاو چرای له‌شه‌، ئه‌گه‌ر چاوت ساغ بێت، ئه‌وا له‌شت هه‌مووی ڕووناكه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر چاوت به‌دكار بێت، ئه‌وا هه‌موو له‌شت تاریک ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕووناكییه‌ی له‌ تۆدایه‌ تاریكی بێت، ئاخۆ ده‌بێ چ تاریكییه‌ک بێت! كه‌س ناتوانێت كۆیلایه‌تی دوو گه‌وره‌ بكات، چونكه‌ ڕقی له‌ یه‌كێكیان ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی دیكه‌ی خۆشده‌وێت، یان ده‌ست به‌ یه‌كێكیانه‌وه‌ ده‌گرێت و ئه‌وه‌ی دیكه‌ پشتگوێ ده‌خات. ناتوانن كۆیله‌ی خودا و پاره‌ بن. بۆیه‌ پێتان ده‌ڵێم: خه‌می ژیانی خۆتان نه‌بێت. چی ده‌خۆن و چی ده‌خۆنه‌وه‌، یان بۆ له‌شتان چی ده‌پۆشن. ئایا ژیان له‌ خواردن باشتر نییه‌؟ یان له‌ش له‌ پۆشاک؟ بڕواننه‌ باڵنده‌ی ئاسمان، نه‌ ده‌ڕوێنن و نه‌ دروێنه‌ ده‌كه‌ن و نه‌ له‌ ئه‌مباردا كۆده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌چی باوكی ئاسمانیتان به‌خێویان ده‌كات. ئایا ئێوه‌ له‌وان باشتر نین؟ كامتان ئه‌گه‌ر خه‌می خوارد، ده‌توانێت یه‌ک كاژێر له‌ ته‌مه‌نی خۆی زیاد بكات؟ بۆچی خه‌می پۆشاكتانه‌؟ بڕواننه‌ گوڵه‌كانی كێڵگه‌ چۆن گه‌شه‌ ده‌كه‌ن، نه‌ ماندوو ده‌بن و نه‌ ده‌ڕێسێن، به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم: ته‌نانه‌ت شلیمونیش له‌وپه‌ڕی شكۆمه‌ندیدا وه‌ک یه‌كێک له‌وانه‌ی نه‌پۆشیوه‌. ئه‌گه‌ر خودا گیای كێڵگه‌ ئاوا بپۆشێت كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌یه‌ و سبه‌ینێ فڕێده‌درێته‌ ته‌نووره‌وه‌، ئاخۆ ده‌بێ ئێوه‌ چه‌ند باشتر پۆشته‌تان بكات، ئه‌ی كه‌م باوه‌ڕینه‌؟ جا خه‌م مه‌خۆن بڵێن چی بخۆین؟ یان چی بخۆینه‌وه‌؟ یان چی بپۆشین؟ چونكه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ نه‌ته‌وه‌كان هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن، باوكی ئاسمانیشتان ده‌زانێت پێویستیتان به‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ هه‌یه‌. به‌ڵكو یه‌كه‌مجار داوای پاشایه‌تی و بێتاوانیی خودا بكه‌ن، هه‌موو ئه‌مانه‌تان بۆ زیاد ده‌بێت. بۆیه‌ خه‌می سبه‌ینێ مه‌خۆن، چونكه‌ سبه‌ینێ خه‌می خۆی ده‌خوات. هه‌ر ڕۆژێک خراپیی خۆی به‌سه‌. “حوكم مه‌ده‌ن تاكو حوكم نه‌درێن. چونكه‌ به‌و حوكمه‌ی ده‌یده‌ن حوكم ده‌درێنه‌وه‌، به‌و پێوانه‌یه‌ی ده‌یپێون، بۆتان ده‌پێورێته‌وه‌. بۆچی پووشی نێو چاوی براكه‌ت ده‌بینیت، به‌ڵام سه‌رنجی كاریته‌كه‌ی نێو چاوی خۆت ناده‌یت؟ یان، چۆن به‌ براكه‌ت ده‌ڵێی: با پووشه‌كه‌ی نێو چاوت ده‌ربهێنم، كه‌چی كاریته‌ له‌نێو چاوی خۆتدایه‌؟ ئه‌ی ڕووپاما، یه‌كه‌مجار كاریته‌كه‌ی نێو چاوی خۆت ده‌ربهێنه‌، ئینجا باش ده‌بینیت بۆ ده‌رهێنانی پووشی نێو چاوی براكه‌ت! پارسا مه‌ده‌نه‌ سه‌گ، مرواریشتان فڕێ مه‌ده‌نه‌ به‌رده‌می به‌راز، نه‌وه‌ک پێشێلیان بكه‌ن و ڕوو وه‌رگێڕن و پارچه‌ پارچه‌تان بكه‌ن. داوا بكه‌ن، پێتان ده‌درێت. بگه‌ڕێن، ده‌دۆزنه‌وه‌. له‌ده‌رگابده‌ن، لێتان ده‌كرێته‌وه‌. چونكه‌ هه‌ر كه‌سێک داوا بكات، وه‌رده‌گرێت. ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێت، ده‌دۆزێته‌وه‌. ئه‌وه‌ش له‌ده‌رگابدات، لێی ده‌كرێته‌وه‌. ئه‌گینا كێ له‌ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر ڕۆڵه‌كه‌ی داوای نانی لێبكات، به‌ردی ده‌داتێ؟ یان داوای ماسیی لێبكات، ماری ده‌داتێ؟ جا كه‌ ئێوه‌ی به‌دكار ده‌زانن دیاریی باش به‌ ڕۆڵه‌كانتان بده‌ن، ئایا باوكتان كه‌ له‌ ئاسماناندایه‌ چه‌ند شتی باشتر ده‌داته‌ ئه‌وانه‌ی داوای لێده‌كه‌ن! كه‌واته‌ له‌ هه‌ر شتێكدا ئاوا بۆ خه‌ڵک بكه‌ن كه‌ ده‌تانه‌وێ بۆتان بكرێت، چونكه‌ ئه‌مه‌یه‌ ته‌ورات و پێغه‌مبه‌ران. له‌ ده‌رگای ته‌سک بڕۆنه‌ ژووره‌وه‌، چونكه‌ ده‌رگایه‌كی به‌رین و ڕێگایه‌كی پانه‌ ئه‌وه‌ی به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌بات، زۆرن ئه‌وانه‌ی پێیدا ده‌چنه‌ ژووره‌وه‌. چه‌ند ته‌سكه‌ ده‌رگا و ته‌نگه‌ ئه‌و ڕێگایه‌ی به‌ره‌و ژیان ده‌بات، كه‌م كه‌سیش ده‌یدۆزێته‌وه‌. ئاگادار بن له‌ پێغه‌مبه‌رانی درۆزن، كه‌ له‌ پێستی به‌رخدا بۆ لاتان دێن، به‌ڵام له‌نێوه‌وه‌ گورگی دڕنده‌ن! به‌ به‌رهه‌میان ده‌یانناسن. ئایا ترێ له‌ دڕک ده‌ڕنن؟ یان هه‌نجیر له‌ چقڵ؟ به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ر دره‌ختێكی باش به‌رهه‌می باش دروست ده‌كات، دره‌ختی خراپیش به‌رهه‌می خراپ دروست ده‌كات. دره‌ختی چاک ناتوانێت به‌رهه‌می خراپ دروست بكات و دره‌ختی خراپیش ناتوانێت به‌رهه‌می باش دروست بكات. هه‌ر دره‌ختێک به‌رهه‌می باش دروست نه‌كات ده‌بڕدرێته‌وه‌ و فڕێ ده‌درێته‌ نێو ئاگر. كه‌واته‌ به‌ به‌رهه‌میان ده‌یانناسن. نه‌ک هه‌ر كه‌سێک پێم بڵێت: په‌روه‌ردگار، په‌روه‌ردگار! ده‌چێته‌ نێو پاشایه‌تیی ئاسمانانه‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی به‌ خواستی باوكم ده‌كات كه‌ له‌ ئاسماناندایه‌. زۆر كه‌س له‌و ڕۆژه‌دا پێم ده‌ڵێن: په‌روه‌ردگار، په‌روه‌ردگار، ئایا به‌ ناوی تۆوه‌ پێشبینیمان نه‌كرد؟ به‌ ناوی تۆوه‌ ڕووحی گڵاومان ده‌رنه‌كرد؟ به‌ ناوی تۆوه‌ په‌رجوی زۆرمان نه‌كرد؟ ئینجا منیش پێیان ڕاده‌گه‌یه‌نم: هه‌رگیز ئێوه‌م نه‌ناسیوه‌. لێم دوور بكه‌ونه‌وه‌، ئه‌ی خراپه‌كاران! جا هه‌ر كه‌سێک گوێی له‌م وتانه‌م بێت و په‌یڕه‌وی بكات، وه‌ک پیاوێكی دانا وایه‌ كه‌ خانووه‌كه‌ی له‌سه‌ر به‌رد بنیاد نابێت. باران باری و لافاو هه‌ستا و ڕه‌شه‌با هه‌ڵیكرد و له‌و خانووه‌ی دا، به‌ڵام نه‌ڕووخا، چونكه‌ له‌سه‌ر به‌رد بنیاد نرابوو. هه‌ر كه‌سێكیش گوێی له‌م وتانه‌م بێت و په‌یڕه‌وی نه‌كات، وه‌ک پیاوێكی نه‌زان وایه‌ خانووه‌كه‌ی له‌سه‌ر لم بنیاد نابێت. باران باری و لافاو هه‌ستا و ڕه‌شه‌با هه‌ڵیكرد و له‌و خانووه‌ی دا و ڕووخا، ڕووخانه‌كه‌شی مه‌زن بوو”. كاتێ ئیشۆع ئه‌م فه‌رموودانه‌ی ته‌واو كرد، كۆمه‌ڵانه‌كه‌ له‌ فێركردنه‌كه‌ی سه‌رسام بوون، چونكه‌ وه‌ک ده‌سه‌ڵاتدارێک فێری ده‌كردن، نه‌ک وه‌كو ته‌وراتزانان. كاتێ ئیشۆع له‌ چیاكه‌ هاته‌ خواره‌وه‌، كۆمه‌ڵانێكی زۆر دوای كه‌وتن. گولێک هات و كڕنۆشی بۆ برد و وتی: “گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر بته‌وێت، ده‌توانیت پێگه‌ردم بكه‌یته‌وه‌”. ئیشۆعیش ده‌ستی درێژ كرد و ده‌ستی لێی دا، فه‌رمووی: “ده‌مه‌وێ، بێگه‌رد ببه‌وه‌!” یه‌كسه‌ر له‌ گولیه‌كه‌ی بێگه‌رد بووه‌وه‌. ئینجا ئیشۆع پێی فه‌رموو: “ئاگادار به‌، به‌ كه‌س مه‌ڵێ، به‌ڵكو بڕۆ خۆت پیشانی كاهینه‌كه‌ بده‌ و ئه‌و قوربانییه‌ی مووشێ فه‌رمانی كردووه‌ پێشكه‌شی بكه‌، وه‌ک گه‌واهییه‌ک بۆیان”. كاتێ ئیشۆع چووه‌ كپه‌ڕناخوم، سه‌رپه‌لێک هاته‌ لای، لێی پاڕایه‌وه‌ و وتی: “گه‌وره‌م، ڕاژه‌وانه‌كه‌م به‌ ئیفلیجی له‌ ماڵه‌وه‌ كه‌وتووه‌ و ئازارێكی زۆری هه‌یه‌”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “من دێم و چاكی ده‌كه‌مه‌وه‌”. سه‌رپه‌له‌كه‌ش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “گه‌وره‌م شایانی ئه‌وه‌ نیم بێیته‌ ماڵه‌كه‌م، به‌ڵكو ته‌نها وشه‌یه‌ک بفه‌رموو ڕاژه‌وانه‌كه‌م چاک ده‌بێته‌وه‌. چونكه‌ منیش مرۆڤێكم ژێر ده‌سه‌ڵاتم، سه‌ربازیش له‌ ژێر ده‌ستم هه‌یه‌، به‌مه‌ ده‌ڵێم: بڕۆ! ده‌ڕوات، به‌وی دیكه‌ش: وه‌ره‌! دێت، به‌ كۆیله‌كه‌شم: ئه‌مه‌ بكه‌! ده‌یكات”. كاتێ ئیشۆع گوێی له‌مه‌ بوو، سه‌رسام بوو، به‌وانه‌ی فه‌رموو كه‌ دوای ده‌كه‌وتن: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: له‌ ئیسڕائیلدا باوه‌ڕێكی ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌مه‌م نه‌دیوه‌! پێتان ده‌ڵێم: زۆر كه‌س له‌ خۆرهه‌ڵات و خۆرئاواوه‌ دێن و له‌گه‌ڵ ئه‌وڕاهه‌م و ئسخه‌ق و یاقوو له‌ پاشایه‌تیی ئاسماناندا پاڵده‌ده‌نه‌وه‌. به‌ڵام ڕۆڵه‌كانی پاشایه‌تی فڕێ ده‌درێنه‌ تاریكی ده‌ره‌وه‌، جا گریان و جیڕه‌ی ددان له‌وێیه‌”. ئینجا ئیشۆع به‌ سه‌رپه‌له‌كه‌ی فه‌رموو: “بڕۆ! با هه‌روه‌ک باوه‌ڕت هێنا، بۆت ببێت”. جا له‌و كاته‌دا ڕاژه‌وانه‌كه‌ی چاک بووه‌وه‌. ئیشۆع هاته‌ ماڵی په‌تڕۆس، خه‌سووی په‌تڕۆسی بینی كه‌وتووه‌ و تای لێ هاتووه‌. ئیشۆع ده‌ستی له‌ ده‌ستی دا و تاكه‌ به‌ری دا. ئه‌ویش هه‌ستا وڕاژه‌ی كردن. كاتێ ئێواره‌ داهات، شێتی زۆریان بۆ هێنا، ئه‌ویش به‌ وشه‌یه‌ک ڕووحه‌كانی ده‌ركرد و هه‌موو نه‌خۆشه‌كانی چاككرده‌وه‌. تاكو ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌ر ئێشه‌عیا وتراوه‌ بێته‌ دی: {ئه‌و ده‌رده‌كانمانی برد ونه‌خۆشییه‌كانمانی هه‌ڵگرت}. كاتێ ئیشۆع كۆمه‌ڵێكی زۆری له‌ ده‌وری خۆی بینی، فه‌رمانی دا بپه‌ڕنه‌وه‌ بۆ ئه‌وبه‌ر. ته‌وراتزانێک هاته‌ لای، پێی وت: “ڕابی، بۆ كوێ بڕۆیت دوات ده‌كه‌وم”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ڕێوی كونی هه‌یه‌ و باڵنده‌ی ئاسمانیش هێلانه‌، به‌ڵام ڕۆڵه‌ی مرۆڤ جێیه‌كی نییه‌ سه‌ری لێ دابنێت”. یه‌كێكی دیكه‌ له‌ قوتابییه‌كانی پێی وت: “گه‌وره‌م، ڕێگام بده‌ یه‌كه‌مجار بڕۆم باوكم بنێژم”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “دوام بكه‌وه‌، واز له‌ مردووان بهێنه‌ با مردووه‌كانیان بنێژن”. كاتێ سواری كه‌شتیه‌كه‌ بوو، قوتابییه‌كانی دوای كه‌وتن. له‌ناكاو ڕه‌شه‌بایه‌كی به‌هێز هه‌ڵیكرده‌ سه‌ر ده‌ریاكه‌، خه‌ریک بوو شه‌پۆڵه‌كان كه‌شتیه‌‌كه‌ داپۆشن، كه‌چی ئیشۆع نووستبوو. ئینجا قوتابییه‌كانی هاتن و هه‌ڵیانستاند، وتیان: “گه‌وره‌م، ڕزگارمان بكه‌! وا له‌ناوده‌چین!” ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “چیتانه‌ ده‌ترسن ئه‌ی كه‌م باوه‌ڕینه‌؟” ئینجا هه‌ستا، له‌ ڕه‌شه‌با و ده‌ریاكه‌ی ڕاخوڕی، ئیتر بووه‌ هێمنییه‌كی ته‌واو. خه‌ڵكیش سه‌رسام بوون و وتیان: “ئه‌مه‌ چ مرۆڤێكه‌؟ ته‌نانه‌ت با و ده‌ریاش گوێڕایه‌ڵی ده‌بن!”. كاتێ گه‌یشته‌ ئه‌وبه‌ر، له‌ هه‌رێمی گه‌ده‌رین، دوو شێتی زۆر دڕنده‌ی تووش بوو، له‌ گۆڕستانه‌وه‌ هاتبوونه‌ ده‌ره‌وه‌. ته‌نانه‌ت كه‌س نه‌یده‌وێرا به‌و ڕێگایه‌دا تێپه‌ڕێت. هاواریان كرد و وتیان: “چیت لێمان ده‌وێ، ئیشۆعی ڕۆڵه‌ی خودا؟ ئایا پێشوه‌خت بۆ ئێره‌ هاتوویت، تاكو ئه‌شكه‌نجه‌مان بده‌یت؟” له‌ دووری ئه‌وانه‌وه‌ ڕانه‌ به‌رازێكی گه‌وره‌ ده‌له‌وه‌ڕان. شه‌یتانه‌كانیش لێی پاڕانه‌وه‌ و وتیان: “ئه‌گه‌ر ده‌رمان ده‌كه‌یت، بماننێره‌ نێو ڕانه‌ به‌رازه‌كه‌”. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “بڕۆن”. ئه‌وانیش ده‌رچوون و چوونه‌ نێو به‌رازه‌كانه‌وه‌، جا هه‌موو ڕانه‌كه‌ له‌ قه‌دپاڵی گرده‌كه‌وه‌ به‌ره‌و ده‌ریاكه‌ هه‌ڵدێران و له‌نێو ئاوه‌كه‌دا مردن. به‌رازه‌وانه‌كانیش بۆ نێو شار هه‌ڵاتن و هه‌موو شتێكیان گێڕایه‌وه‌، ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر دوو شێته‌كه‌ هاتبوو. ئه‌وه‌بوو شاره‌كه‌ هه‌مووی بۆ بینینی ئیشۆع هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌، كه‌ بینییان، لێی پاڕانه‌وه‌ له‌ سنووره‌كه‌یان ده‌ربچێت. ئینجا سواری كه‌شتیه‌كه‌ بوو، په‌ڕییه‌وه‌ و هاته‌ شاره‌كه‌ی خۆی. ئیفلیجێكیان هێنایه‌ لای له‌نێو نوێن كه‌وتبوو، كاتێ ئیشۆع باوه‌ڕیانی بینی، به‌ ئیفلیجه‌كه‌ی فه‌رموو: “ڕۆڵه‌ دڵنیابه‌، گوناهه‌كانت به‌خشراون”. جا هه‌ندێک له‌ ته‌وراتزانه‌كان له‌ دڵی خۆیاندا وتیان: “ئه‌مه‌ كفر ده‌كات!” ئیشۆعیش به‌ بیركردنه‌ویانی زانی و فه‌رمووی: “بۆچی له‌ دڵتاندا بیر له‌ خراپه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌؟ كامیان ئاسانتره‌ بووترێت، گوناهه‌كانت به‌خشراون، یان بووترێت، هه‌سته‌ و ڕێ بكه‌؟ به‌ڵام تا بزانن ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی ده‌سه‌ڵاتی گوناه‌ به‌خشینی هه‌یه‌”. ئینجا به‌ ئیفلیجه‌كه‌ی فه‌رموو: “هه‌سته‌، نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌ و بڕۆوه‌ ماڵ”. ئه‌ویش هه‌ستا و گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵی خۆی. كاتێ خه‌ڵكه‌كه‌ ئه‌مه‌یان بینی، سام دایگرتن و شكۆمه‌ندیی خودایان كرد، كه‌ ئه‌م جۆره‌ ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌ مرۆڤ داوه‌. كه‌ ئیشۆع له‌وێ تێده‌په‌ڕی، پیاوێكی بینی له‌ شوێنی باجگری دانیشتبوو، ناوی مه‌تته‌ی بوو. پێی فه‌رموو: “دوام بكه‌وه‌”. ئه‌ویش هه‌ستا و دوای كه‌وت. له‌ كاتێكدا له‌ ماڵ پاڵیدابووه‌وه‌، زۆر باجگر و گوناهبار هاتن و له‌گه‌ڵ ئیشۆع و قوتابییه‌كانی پاڵیاندایه‌وه‌. كه‌ په‌ڕیشییه‌كان ئه‌مه‌یان بینی، به‌ قوتابییه‌كانیان وت: “بۆچی ڕابیتان له‌گه‌ڵ باجگر و گوناهباران نان ده‌خوات؟” جا كاتێ ئیشۆع گوێی لێبوو، فه‌رمووی: “له‌شساغان پێویستییان به‌ پزیشک نییه‌، به‌ڵكو نه‌خۆشان. بڕۆن و واتای ئه‌مه‌ فێربن: {میهره‌بانیم ده‌وێ نه‌ک قوربانی}. چونكه‌ نه‌هاتووم بێگوناهه‌كان بانگ بكه‌م بۆ تۆبه‌كردن، به‌ڵكو گوناهباران”. ئینجا قوتابییه‌كانی یوخه‌ننه‌ن هاتنه‌ لای و وتیان: “بۆچی ئێمه‌ و په‌ڕیشییه‌كان زۆر به‌ڕۆژوو ده‌بین، به‌ڵام قوتابییه‌كانت به‌ڕۆژوو نابن؟” ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئایا ده‌كرێت كه‌سانی زاوا شیوه‌ن بكه‌ن، له‌و كاته‌ی زاوا له‌گه‌ڵیاندایه‌؟ به‌ڵام ڕۆژانێک دێت زاوا له‌نێوانیان به‌رز ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وسا به‌ڕۆژوو ده‌بن. هیچ كه‌س كراسی كۆن به‌ په‌ڕۆی نوێ پینه‌ ناكات، چونكه‌ پینه‌ نوێیه‌كه‌ ده‌چێته‌ ئاو و كراسه‌ دڕاوه‌كه‌ خراپتر ده‌كات. مه‌یی نوێش له‌نێو مه‌شكه‌ی كۆن ناكه‌ن، ئه‌گینا مه‌شكه‌كه‌ ده‌ته‌قێت، جا مه‌یه‌كه‌ ده‌ڕژێت و مه‌شكه‌كه‌ش له‌ناوده‌چێت. به‌ڵكو مه‌یی نوێ له‌نێو مه‌شكه‌ی نوێ ده‌كرێت جا هه‌ردووكیان پارێزراو ده‌بن”. كاتێ ئه‌مانه‌ی ده‌فه‌رموو، سه‌رۆكێک هات و كڕنۆشی بۆ برد و وتی: “هه‌ر ئێستا كچه‌كه‌م مرد، به‌ڵام وه‌ره‌ ده‌ستی له‌سه‌ر دابنێ، زیندوو ده‌بێته‌وه‌”. ئیشۆعیش هه‌ستا و له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی دوای كه‌وت. ئه‌وه‌بوو ژنێک كه‌ دوازده‌ ساڵ بوو خوێن به‌ربوونی هه‌بوو، له‌ دواوه‌ لێی نزیک بووه‌وه‌ و ده‌ستی له‌ چمكی جله‌كه‌ی دا، چونكه‌ له‌ دڵی خۆیدا وتی: “ئه‌گه‌ر ته‌نها ده‌ست له‌ جله‌كانیشی بده‌م، چاک ده‌بمه‌وه‌”. ئیشۆع ئاوڕی دایه‌وه‌، بینی و فه‌رمووی: “كچم دڵنیابه‌، باوه‌ڕت چاكیكردیته‌وه‌”. ژنه‌كه‌ ده‌ستبه‌جێ چاكبووه‌وه‌. كاتێ ئیشۆع چووه‌ ماڵی سه‌رۆكه‌كه‌، زوڕنا ژه‌نان و خه‌ڵكێكی په‌شێوی بینی، فه‌رمووی: “لاچن، كچه‌كه‌ نه‌مردووه‌، به‌ڵكو خه‌وتووه‌”. ئه‌وانیش پێی پێكه‌نین. كاتێ خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌ركرد، هاته‌ ژووره‌وه‌ و ده‌ستی گرت، كچه‌ش هه‌ستایه‌وه‌. ئه‌م هه‌واڵه‌ش به‌ هه‌موو ئه‌و ناوچه‌یه‌دا بڵاو‌بووه‌وه‌. كه‌ ئیشۆع به‌وێدا ده‌ڕۆیشت، دوو نابینا دوای كه‌وتن، هاواریان ده‌كرد و ده‌یانووت: “به‌زه‌ییت پێماندا بێته‌وه‌ ڕۆڵه‌ی داوید!”. كاتێ هاته‌ ماڵه‌وه‌، دوو نابیناكه‌ هاتنه‌ لای. ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “له‌و باوه‌ڕه‌دان من بتوانم ئه‌مه‌ بكه‌م؟” پێیان وت: “به‌ڵێ گه‌وره‌م!”. ئینجا ده‌ستی له‌ چاویان دا و فه‌رمووی: “با به‌گوێره‌ی باوه‌ڕتان بۆتان ببێت”. ئیتر چاویان كرایه‌وه‌. ئیشۆعیش به‌ توندی ئاگاداری كردنه‌وه‌: “ئاگاداربن با كه‌س نه‌زانێت!”. به‌ڵام ئه‌وان ڕۆیشتن و هه‌موو ناوچه‌كه‌یان لێی تێگه‌یاند. كاتێ‌ ده‌رده‌چوون، لاڵێكی شێتان هێنایه‌ لای. كاتێ شه‌یتانه‌كه‌ ده‌ركرا، لاڵه‌كه‌ قسه‌ی كرد. كۆمه‌ڵه‌كه‌ش سه‌رسام بوون، وتیان: “هه‌رگیز له‌ ئیسڕائیلدا شتی وا ده‌رنه‌كه‌وتووه‌!”. به‌ڵام په‌ڕیشییه‌كان وتیان: “به‌ سه‌رۆكی شه‌یتانان شه‌یتانه‌كان ده‌رده‌كات!”. ئیشۆع به‌ هه‌موو شار و گونده‌كاندا ده‌گه‌ڕا، له‌ كه‌نیشته‌كانیان فێری ده‌كردن و موژده‌ی پاشایه‌تییه‌كه‌ی ڕاده‌گه‌یاند، هه‌موو نه‌خۆشی و لاوازیه‌كی نێو گه‌لی چاک ده‌كرده‌وه‌. كاتێ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ی بینی دڵی پێیان سووتا، چونكه‌ وه‌ک مه‌ڕی بێ شوان په‌رێشان و هه‌راسان بوون. جا به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “دروێنه‌ زۆره‌، به‌ڵام سه‌پان كه‌مه‌. جا داوا له‌ په‌روه‌ردگاری دروێنه‌ بكه‌ن تاكو سه‌پان بۆ دروێنه‌كه‌ی بنێرێت”. ئینجا دوازده‌ قوتابییه‌كه‌ی بانگكرد، ده‌سه‌ڵاتی پێدان تاكو ڕووحی گڵاو ده‌ربكه‌ن و هه‌موو نه‌خۆشی و لاوازییه‌ک چاكبكه‌نه‌وه‌. ئه‌مانه‌ش ناوی دوازده‌ په‌یامبه‌ره‌كه‌یه‌: یه‌كه‌مین، شیمعون كه‌ به‌ په‌تڕۆس ناوده‌برا و ئه‌ندراوسی برای، یاقووی كوڕی زه‌بدی و یوخه‌ننه‌نی برای، پیلیپوس و به‌رتولمه‌ی، تۆما و مه‌تته‌یی باجگر، یاقووی كوڕی خه‌لپه‌ی و له‌باوس ناسراو به‌ ته‌دده‌ی، شیمعونی قنانیا و ئیهوودای ئه‌سخه‌ریوتی كه‌ ئیشۆعی به‌ده‌سته‌وه‌دا. ئیشۆع ئه‌م دوازده‌یه‌ی نارد، پێیان ڕاسپارد، فه‌رمووی: “به‌ ڕێگای نه‌ته‌وه‌كاندا مه‌ڕۆن، مه‌چنه‌ شاری شمرنیه‌كان. به‌ڵكو له‌جیاتی ئه‌وه‌ بڕۆنه‌ لای كاوڕه‌ ونبووه‌كانی ماڵی ئیسڕائیل. كاتێ ده‌چن، موژده‌ بده‌ن و بڵێن: پاشایه‌تی ئاسمانان نزیک بووه‌ته‌وه‌. نه‌خۆشان چاكبكه‌نه‌وه‌، گوله‌كان پێگه‌ردبكه‌نه‌وه‌، مردووان زیندووبكه‌نه‌وه‌، شه‌یتانه‌كان ده‌ربكه‌ن. به‌خۆڕایی وه‌رتانگرتووه‌، به‌خۆڕاییش بیده‌ن. زێڕ و زیو و مس له‌ پشتێنتان هه‌ڵمه‌گرن، نه‌ توره‌گه‌ بۆ ڕێگا، نه‌ دوو جل و نه‌ پێڵاو و نه‌ گۆچانیش، چونكه‌ كارگه‌ر شایانی خۆراكی خۆیه‌تی. چوونه‌ هه‌ر شار و گوندێک، به‌ شوێن كه‌سێكی شایسته‌دا بگه‌ڕێن، له‌وێ بمێننه‌وه تا ده‌ڕۆن‌. كه‌ چوونه‌ ماڵێک ئاشتیی لێ بكه‌ن. ئه‌گه‌ر ماڵه‌كه‌ شایسته‌ بوون، با ئاشتیتان بۆی بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر شایسته‌ نه‌بوون، با ئاشتیتان بۆ خۆتان بگه‌ڕێته‌وه‌. ئه‌وه‌ی په‌سه‌ندی نه‌كردن و گوێی له‌ قسه‌تان نه‌گرت، له‌و ماڵه‌ یان له‌و شاره‌ بڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌ و تۆزی پێتان بته‌كێنن. ڕواتان پێ ده‌ڵێم: له‌ ڕۆژی حوكمداندا، دۆخی زه‌ویی سه‌دوم و عامووڕه‌ له‌و شاره‌ سوكتر ده‌بێت. ئه‌وه‌تا من وه‌ک كاوڕ به‌ نێو گورگاندا ده‌تاننێرم. جا دانا بن وه‌ک مار و ساكار بن وه‌ک كۆتر. به‌ڵام له‌ خه‌ڵكی به‌ئاگابن، چونكه‌ ڕاده‌ستی ئه‌نجومه‌نتان ده‌كه‌ن و له‌ كه‌نیشته‌كانیان به‌ قامچی لێتان ده‌ده‌ن، له‌پێناوی من ده‌بردرێنه‌ به‌رده‌م فه‌رمانڕه‌وایان و پاشایان، وه‌ک گه‌واهییه‌ک بۆ ئه‌وان و بۆ نه‌ته‌وه‌كانیش. كاتێكیش ڕاده‌ستتان ده‌كه‌ن، گوێ مه‌ده‌نه‌ ئه‌وه‌ی چۆن یان چی بڵێن، له‌و كاته‌دا پێتان ده‌درێت چی بڵێن، چونكه‌ ئێوه‌ قسه‌كه‌ر نین، به‌ڵكو ڕووحی باوكتانه‌ له‌ ئێوه‌دا قسه‌ده‌كات. برا برای خۆی ڕاده‌ستی مه‌رگ ده‌كات، باوک ڕۆڵه‌ی خۆی. ڕۆڵه‌كان له‌ دایبابیان هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و ده‌یانكوژن! هه‌مووان له‌پێناوی ناوی من ڕقیان لێتان ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تاپایان دانبه‌خۆدا بگرێت، ڕزگاری ده‌بێت. كه‌ له‌م شاره‌ قاوتان ده‌ده‌ن، هه‌ڵبێن بۆ یه‌كێكی دیكه‌. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: شاره‌كانی ئیسڕائیل ته‌واو ناكه‌ن پێش هاتنی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ. قوتابی له‌ ڕابیه‌كه‌ی باشتر نییه‌ و كۆیله‌ش له‌ گه‌وره‌كه‌ی باشتر نییه‌. به‌سه‌ قوتابی وه‌ک ڕابیه‌كه‌ی بێت و كۆیله‌ش وه‌ک گه‌وره‌كه‌ی. ئه‌گه‌ر خاوه‌ن ماڵ به‌ به‌عله‌زبول ناو ببردرێت، چه‌ند زیاتر خانه‌واده‌كه‌ی؟ بۆیه‌ لێیان مه‌ترسن، چونكه‌ شاراوه‌ نییه‌ ده‌رنه‌كه‌وێت و نهێنی نییه‌ ئاشكرا نه‌بێت. ئه‌وه‌ی له‌ تاریكیدا پێتانی ده‌ڵێم، له‌ ڕووناكی بیڵێنه‌وه‌، ئه‌وه‌ی به‌ چرپه‌ ده‌یبیستن، له‌ سه‌ربانان بانگه‌وازی بكه‌ن. له‌وانه‌ مه‌ترسن كه‌ له‌ش ده‌كوژن، به‌ڵام ناتوانن گیان بكوژن، به‌ڵكو له‌وه‌ بترسن كه‌ ده‌توانێ گیان و له‌ش هه‌ردوكیان له‌ دۆزه‌خدا له‌ناوبه‌رێت. ئایا دوو چۆله‌كه‌ به‌ فلسێک نافرۆشرێت؟ كه‌چی هیچ یه‌كێكیان به‌بێ باوكتان ناكه‌وێته‌ سه‌ر زه‌وی. به‌ڵام ئێوه‌ ته‌نانه‌ت هه‌موو مووی سه‌رتان ژمێردراوه‌. كه‌واته‌ مه‌ترسن! ئێوه‌ له‌ زۆر چۆله‌كه‌ باشترن!. هه‌ركه‌سێک له‌پێش خه‌ڵک دانم پیابنێت، منیش له‌پێش باوكم كه‌ له‌ ئاسماناندایه‌، دانی پیاده‌نێم. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌پێش خه‌ڵک نكۆڵیم لێبكات، منیش له‌پێش باوكم كه‌ له‌ ئاسماناندایه‌، نكۆڵی لێده‌كه‌م. وا مه‌زانن كه‌ هاتووم تاكو ئاشتی بهێنمه‌ سه‌ر زه‌وی. نه‌هاتووم بۆ هێنانی ئاشتی، به‌ڵكو شمشێر! چونكه‌ من هاتووم بۆ هه‌ڵگه‌ڕاندنه‌وه‌ی كوڕ له‌ باوكی وكچ له‌ دایكی وبووک له‌ خه‌سووی. دوژمنی مرۆڤیش خانه‌واده‌كه‌یه‌تی. ئه‌وه‌ی باوک یان دایكی له‌ من خۆشتربووێت، شایانی من نییه‌. ئه‌وه‌ی كوڕ یان كچی له‌ من خۆشتربووێت، شایانی من نییه‌. ئه‌وه‌ی خاچه‌كه‌ی هه‌ڵنه‌گرێت و دوام نه‌كه‌وێت شایانی من نییه‌. ئه‌وه‌ی ژیانی خۆی بدۆزێته‌وه‌ ده‌یدۆڕێنێت، ئه‌وه‌ش كه‌ ژیانی خۆی له‌پێناوی من بدۆڕێنێت ده‌یدۆزێته‌وه‌. ئه‌وه‌ی په‌سه‌ندتان بكات، په‌سه‌ندم ده‌كات، ئه‌وه‌ش په‌سه‌ندم بكات، په‌سه‌ندی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ منی ناردووه‌. ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌رێک په‌سه‌ند بكات به‌ ناوی پێغه‌مبه‌ر، ئه‌وا پاداشتی پێغه‌مبه‌رێک وه‌رده‌گرێت. ئه‌وه‌ش خوداناسێک په‌سه‌ند بكات به‌ ناوی خوداناس، ئه‌وا پاداشتی خوداناسێک وه‌رده‌گرێت. ئه‌وه‌ی ته‌نها جامه‌ ئاوێكی سارد بداته‌ یه‌كێک له‌م بچووكانه‌، به‌ناوی قوتابییه‌ک، ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: پاداشتی ون نابێت”. پاش ئه‌وه‌ی ئیشۆع له‌ ڕێنمایی دوازده‌ قوتابییه‌كه‌ی ته‌واو بوو، له‌وێ ڕۆیشت و چوو بۆ فێركردن و موژده‌دان له‌ شاره‌كانیان. كاتێ یوخه‌ننه‌ن له‌ زیندانه‌كه‌‌دا كاره‌كانی مه‌سیحی بیست، دوو له‌ قوتابییه‌كانی خۆی نارد و پێی وت: “تۆی ئه‌وه‌ی دێت، یان چاوه‌ڕێی یه‌كێكی دیكه‌ بكه‌ین؟” ئیشۆعیش وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “بڕۆن، ئه‌وه‌ی ده‌یبیستن و ده‌یبینن به‌ یوخه‌ننه‌نی ڕابگه‌یه‌نن: كوێره‌كان ده‌بینن، شه‌له‌كان ڕێ ده‌كه‌ن، گوله‌كان بێگه‌رد ده‌بنه‌وه‌، كه‌ڕه‌كان ده‌بیستن، مردووان هه‌ڵده‌ستنه‌وه‌ و هه‌ژاران موژده‌یان پێ ده‌درێت”. به‌خته‌وه‌ریش به‌وه‌ی ساتمه‌م لێ ناكات. كاتێ ده‌ڕۆیشتن، ئیشۆع سه‌باره‌ت به‌ یوخه‌ننه‌ن بۆ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ ده‌ستیكرد به‌ قسه‌كردن و فه‌رمووی: “بۆ بینینی چی ده‌رچوونه‌ ده‌شتوده‌ر؟ قامیشێک كه‌ با ده‌یجووڵێنێ؟ ئه‌ی بۆ بینینی چی ده‌رچوون؟ مرۆڤێک كه‌ به‌رگی نه‌رمی پۆشیوه‌؟ ئه‌وه‌تا ئه‌وانه‌ی به‌رگی نه‌رم ده‌پۆشن له‌ ماڵی پاشایاندان. بۆ بینینی چی ده‌رچوون؟ پێغه‌مبه‌رێک؟ به‌ڵێ، پێتان ده‌ڵێم، له‌ پێغه‌مبه‌ریش باشتر. ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌رباره‌ی نووسراوه‌: {ئه‌وه‌تا فریشته‌كه‌م له‌پێشته‌وه‌ ده‌نێرم، ئه‌وه‌ی ڕێگات بۆ ئاماده‌ ده‌كات}. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: له‌نێو له‌ژنبوواندا، كه‌س له‌ یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكار مه‌زنتر نه‌بووه‌، به‌ڵام بچووكترینی ئه‌وه‌ی له‌ پاشایه‌تیی ئاسماناندایه‌ له‌و مه‌زنتره‌. له‌ ڕۆژانی یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكاره‌وه‌ تا ئێستا پاشایه‌تیی ئاسمانان به‌ هێز تێده‌كۆشێت، تێكۆشه‌رانیش ده‌یڕفێنن. چونكه‌ هه‌موو پێغه‌مبه‌ران و ته‌ورات، تاكو هاتنی یوخه‌ننه‌ن پێشبینییان كردووه‌. ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ په‌سه‌ندی بكه‌ن، ئه‌مه‌ ئیلییایه‌ كه‌ خه‌ریكبوو بێت. ئه‌وه‌ی دوو گویێ هه‌یه‌ بۆ بیستن با ببیستێت! ئه‌م نه‌وه‌یه‌ له‌ چی بچووێنم؟ له‌و كوڕانه‌ ده‌چن كه‌ له‌ بازاڕه‌كاندا دانیشتوون و بانگی هاوڕێكانیان ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: زوڕنامان بۆ لێدان سه‌ماتان نه‌كرد! شیوه‌نمان بۆ گێڕان و له‌ خۆتان نه‌دا! چونكه‌ یوخه‌ننه‌ن هات نه‌ ده‌خوات و نه‌ ده‌خواته‌وه‌، ده‌ڵێن: شه‌یتانی تێدایه‌. ڕۆڵه‌ی مرۆڤ هات، ده‌خوات و ده‌خواته‌وه‌، ده‌ڵێن: ئه‌مه‌ كابرایه‌كی بخۆر و مه‌یخۆره‌، هاوڕێی باجگران و گوناهبارانه‌. به‌ڵام دانایی به‌ كرده‌وه‌كانی سه‌لمێندرا”. ئینجا ده‌ستی به‌ سه‌رزه‌نشتكردنی ئه‌و شارانه‌ی كرد كه‌ زۆربه‌ی په‌رجوه‌كانی تیایاندا نواندبوو، چونكه‌ تۆبه‌یان نه‌كردبوو. “وه‌ی به‌حاڵت ئه‌ی كورازین! وه‌ی به‌حاڵت ئه‌ی به‌یتسه‌یده‌ن! چونكه‌ ئه‌و په‌رجوانه‌ی له‌نێو ئێوه‌دا كران، ئه‌گه‌ر له‌ سوور و سه‌یده‌ن بكرایه‌ن، هه‌ر زوو به‌ په‌ڵاس و خۆڵه‌مێشه‌وه‌ تۆبه‌یان ده‌كرد. به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم: له‌ ڕۆژی حوكمداندا باری سووڕ و سه‌یده‌ن له‌ هی ئێوه‌ سوكتر ده‌بێت. تۆش ئه‌ی كپه‌ڕناخوم، بۆ ئاسمان به‌رز ده‌كرێیته‌وه‌؟! بۆ قووڵایی ده‌چیته‌ خواره‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌ سه‌دوومدا ئه‌و په‌رجوانه‌ بكرایه‌ن كه‌ له‌نێو تۆدا كرا، ئه‌وا تاكو ئه‌مڕۆ ده‌مایه‌وه‌. به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم: له‌ ڕۆژی حوكمداندا باری زه‌ویی سه‌دوم له‌ هی تۆ سوكتر ده‌بێت”. له‌و كاته‌دا ئیشۆع فه‌رمووی: “ئه‌ی باوک، سوپاست ده‌كه‌م، په‌روه‌ردگاری ئاسمان و زه‌وی، چونكه‌ ئه‌مانه‌ت له‌ دانا و تێگه‌یشتووان شاردۆته‌وه‌ و بۆ منداڵان ئاشكرات كردووه‌. به‌ڵێ ئه‌ی باوک، چونكه‌ ئه‌مه‌ت له‌به‌رچاو خۆش بوو. له‌ باوكمه‌وه‌ هه‌موو شتێكم دراوه‌تێ، كه‌س ڕۆڵه‌ ناناسێت باوک نه‌بێت، كه‌سیش باوک ناناسێت ته‌نها ڕۆڵه‌ و ئه‌وه‌ نه‌بێ كه‌ ڕۆڵه‌ ده‌یه‌وێ بۆی ئاشكرای بكات. وه‌رن بۆ لام ئه‌ی هه‌موو ماندووان و بارگرانه‌كان، من ده‌تانحه‌سێنمه‌وه‌. نیری من بخه‌نه‌ سه‌ر خۆتان و له‌ منه‌وه‌ فێربن، چونكه‌ دڵنه‌رم و خاكسارم، جا حه‌سانه‌وه‌ش بۆ ده‌روونتان ده‌دۆزنه‌وه‌. چونكه‌ نیره‌كه‌م ئاسانه‌ و باره‌كه‌م سووكه‌”. له‌و كاته‌، له‌ شه‌ممه‌دا ئیشۆع به‌نێو ده‌غڵاندا تێده‌په‌ڕی، قوتابییه‌كانی برسییان بوو، ده‌ستیانكرد به‌ گوڵه‌گه‌نم پڕواندن و خواردنی. كه‌ په‌ڕیشییه‌كان بینییان، پێیان وت: “ئه‌وه‌تا، قوتابییه‌كانت ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ دروست نییه‌ له‌ شه‌ممه‌دا بكرێت!”. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “ئه‌ی نه‌تانخوێندۆته‌وه‌ داوید چی كرد، كاتێ خۆی و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون برسییان بوو؟ چۆن چووه‌ نێو ماڵی خودا و نانی قوربانیی خوارد، كه‌ بۆ خۆی و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون دروست نه‌بوو بیخۆن، ته‌نها بۆ كاهینان نه‌بێ؟ یان له‌ ته‌وراتدا نه‌تانخوێندۆته‌وه‌ كه‌ كاهینان، شه‌ممان له‌ په‌رستگادا، شه‌ممه‌ گڵاو ده‌كه‌ن و بێتاوانیشن؟ به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم، مه‌زنتر له‌ په‌رستگا لێره‌یه‌! ئه‌گه‌ر واتای ئه‌وه‌تان بزانایه‌: من میهره‌بانیم ده‌وێ نه‌ک قوربانی، ئه‌وا بێتاوانانتان تاوانبار نه‌ده‌كرد! چونكه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ، په‌روه‌ردگاری ڕۆژی شه‌ممه‌یه‌”. له‌وێ ڕۆیشت و هاته‌ كه‌نیشته‌كه‌یان، ئه‌وه‌بوو پیاوێک ده‌ستێكی وشكبوو، لێیان پرسی: “ئایا له‌ شه‌مماندا چاككردنه‌وه‌ دروسته‌؟” تاكو سكاڵای لێبكه‌ن. پێی فه‌رموون: “كێ له‌ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر كاوڕێكی هه‌بێت و له‌ شه‌ممه‌دا بكه‌وێته‌ چاڵێک، ئایا نایگرێت و ده‌ریبهێنێت؟ مرۆڤ چه‌ند له‌ كاوڕ نرخدارتره‌! كه‌واته‌ له‌ شه‌مماندا چاكه‌كردن دروسته‌!” ئینجا به‌ پیاوه‌كه‌ی فه‌رموو: “ده‌ستت درێژ بكه‌”. ئه‌ویش درێژی كرد و چاكبووه‌وه‌، وه‌كو ئه‌وه‌ی دیكه‌. په‌ڕیشییه‌كانیش كه‌ ده‌رچوون، ڕاوێژیان كرد چۆن له‌ناوی ببه‌ن. ئیشۆعیش به‌مه‌ی زانی و له‌وێ ڕۆیشت. جا كۆمه‌ڵانێكی زۆر دوای كه‌وتن، ئه‌ویش هه‌موویانی چاككرده‌وه‌ و ڕایسپاردن كه‌ ئاشكرای نه‌كه‌ن، تا ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌ر‌ ئێشه‌عیا وترابوو بێته‌ دی كه‌ ده‌ڵێت: {ئه‌وه‌تا ڕۆڵه‌كه‌م كه‌ هه‌ڵمبژاردووه‌، خۆشه‌ویستم كه‌ پێی دڵشادم، ڕووحی خۆمی ده‌خه‌مه‌ سه‌ر، جا هه‌واڵی ڕه‌وا به‌ نه‌ته‌وه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت. شه‌ڕ ناكات و هاوار ناكات، كه‌سیش له‌ شه‌قامه‌كاندا ده‌نگی نابیستێت. قامیشێكی كوتراو ناشكێنێت، پڵیته‌یه‌كی دووكه‌ڵكرده‌ ناكوژێنێته‌وه‌، تاكو ڕه‌وا به‌ سه‌ركه‌وتن ده‌گه‌یێنێت. نه‌ته‌وه‌كان هیوایان به‌ ناوی ئه‌و ده‌بێت}. ئینجا شێتێكی كوێر و لاڵیان بۆ هێنا، چاكیكرده‌وه‌ تا ئه‌وه‌ی لاڵه‌كه‌ قسه‌ی كرد و بینی. كۆمه‌ڵانه‌كه‌ هه‌موو سه‌رسام بوون و وتیان: “ده‌بێ ئه‌مه‌ ڕۆڵه‌ی داوید بێت؟” به‌ڵام په‌ڕیشییه‌كان كه‌ ئه‌مه‌یان بیست، وتیان: “ئه‌مه‌ شه‌یتانه‌كان ده‌رناكات، مه‌گه‌ر به‌ به‌عله‌زبولی سه‌رۆكی شه‌یتانه‌كان نه‌بێت”. به‌ڵام ئیشۆع ئه‌ندێشه‌یانی زانی و پێی فه‌رموون: “هه‌ر پاشایه‌تیه‌ک دووبه‌ره‌كیی تێدا بێت، وێران ده‌بێت، هه‌ر شارێک یان ماڵێک دووبه‌ره‌كیی تێدا بێت، خۆی ڕاناگرێت. ئه‌گه‌ر شه‌یتان، شه‌یتان ده‌ربكات، ئه‌وا دووبه‌ره‌كییان تێدایه‌، ئیتر چۆن پاشایه‌تییه‌كه‌ی خۆی ڕاده‌گرێت؟ ئه‌گه‌ر من به‌ به‌عله‌زبول شه‌یتان ده‌ربكه‌م، ئه‌ی ڕۆڵه‌كانتان به‌ كێ ده‌ریان ده‌كه‌ن؟ بۆیه‌ ئه‌وان ده‌بنه‌ دادوه‌رتان! به‌ڵام ئه‌گه‌ر من به‌ ڕووحی خودا شه‌یتانه‌كان ده‌ربكه‌م، ئه‌وا پاشایه‌تی خودا هاتۆته‌ سه‌رتان! یان چۆن یه‌كێک ده‌توانێ بچێته‌ ماڵی به‌هێزێک و شته‌كانی تاڵان بكات، ئه‌گه‌ر یه‌كه‌مجار به‌هێزه‌كه‌ نه‌به‌ستێته‌وه‌، ئینجا ماڵه‌كه‌ی تاڵان بكات؟ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ من نییه‌ دژمه‌، ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ من كۆ ناكاته‌وه‌، بڵاوی ده‌كاته‌وه‌. بۆیه‌ پێتان ده‌ڵێم: هه‌موو گوناه‌ و كفرێک ده‌به‌خشرێت، به‌ڵام كفر دژ به‌ ڕووح نابه‌خشرێت. ئه‌وه‌ی قسه‌ به‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ بڵێت، ده‌به‌خشرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی قسه‌ به‌ ڕووحی پارسا بڵێت، نابه‌خشرێت، نه‌ له‌م جیهانه‌ و نه‌ له‌وه‌ی دێت. وابكه‌ن دره‌خت باش بێت، به‌رهه‌می باش ده‌بێت. یان وابكه‌ن دره‌خت خراپ بێت، به‌رهه‌می خراپ ده‌بێت، چونكه‌ به‌ به‌رهه‌م دره‌خت ده‌ناسرێت. ئه‌ی بێچوی ماران! كه‌ ئێوه‌ خراپ بن، چۆن ده‌توانن به‌ چاكه‌ بدوێن؟ ده‌م ئه‌وه‌ ده‌ڵێت كه‌ له‌ دڵ ده‌ڕژێته‌وه. مرۆڤی چاک له‌ گه‌نجینه‌ی چاک شتی چاک ده‌رده‌هێنێت، مرۆڤی خراپیش، له‌ گه‌نجینه‌ی خراپ، شتی خراپ ده‌رده‌هێنێت. به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم: هه‌ر وشه‌یه‌كی ناڕه‌وا كه‌ خه‌ڵک پێی ده‌دوێ، له‌ ڕۆژی لێپرسینه‌وه‌دا هه‌ژماردی خۆی هه‌یه‌. چونكه‌ به‌ قسه‌كانی خۆت بێتاوان ده‌كرێیت، به‌ قسه‌كانی خۆشت تاوانبار ده‌كرێیت”. ئینجا هه‌ندێک ته‌وراتزان و په‌ڕیشی وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و وتیان: “ڕابی، ده‌مانه‌وێ په‌رجوێكت لێ ببینین”. وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رمون: “نه‌وه‌یه‌كی به‌دكار و به‌دڕه‌وشت داوای په‌رجو ده‌كات، په‌رجوی نادرێتێ، جگه‌ له‌ په‌رجوی یۆنه‌نی پێغه‌مبه‌ر. جا چۆن یۆنه‌ن سێ ڕۆژ و سێ شه‌و له‌نێو سكی نه‌هه‌نگه‌كه‌دا بوو، ئاواش ڕۆڵه‌ی مرۆڤ سێ ڕۆژ و سێ شه‌و له‌ ناخی زه‌ویدا ده‌مێنێته‌وه‌. له‌ حوكمداندا خه‌ڵكی نه‌ینه‌وا، له‌گه‌ڵ ئه‌م نه‌وه‌یه‌ ڕاده‌وه‌ستن و تاوانباری ده‌كه‌ن، چونكه‌ به‌ بانگه‌وازه‌كه‌ی یۆنه‌ن تۆبه‌یان كرد. ئه‌وه‌تا له‌ یۆنه‌ن مه‌زنتر لێره‌یه‌! له‌ حوكمداندا شاژنی باشوور له‌گه‌ڵ ئه‌م نه‌وه‌یه‌ ڕاده‌وه‌ستێت و تاوانباری ده‌كات، چونكه‌ له‌وپه‌ڕی زه‌وییه‌وه‌ هات بۆ گوێگرتن له‌ دانایی شلیمون. ئه‌وه‌تا له‌ شلیمون مه‌زنتر لێره‌یه‌! كاتێ ڕووحی گڵاو له‌ مرۆڤ ده‌رده‌چێت، له‌ بیاباندا به‌دوای حه‌وانه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێت به‌ڵام نایدۆزێته‌وه‌. ئینجا ده‌ڵێت: ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ماڵه‌كه‌ی خۆم كه‌ لێی ده‌رچووم. كاتێ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ده‌بینێت چۆڵه‌ و گسكدراوه‌ و ڕێكخراوه‌. ئه‌وسا ده‌چێت و حه‌وت ڕووحی له‌ خۆی به‌دتر له‌‌گه‌ڵ خۆی ده‌هێنێت و ده‌چن و له‌وێدا نیشته‌جێ ده‌بن. ئینجا پایانی ئه‌و مرۆڤه‌ له‌ جاران خراپتر ده‌بێت! بۆ ئه‌م نه‌وه‌ به‌دكاره‌ش، ئاوا ده‌بێت”. له‌ كاتێک كه‌‌ قسه‌ی بۆ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ ده‌كرد، دایک و برایانی له‌ ده‌ره‌وه‌ ڕاوه‌ستابوون، داوایان ده‌كرد له‌گه‌ڵی بدوێن. یه‌كێک پێی وت: “ئه‌وه‌ دایكت و براكانته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ ڕاوه‌ستاون، ده‌یانه‌وێ له‌گه‌ڵت بدوێن”. ئه‌ویش وه‌ڵامی قسه‌كه‌ری دایه‌وه‌ و فه‌رموو: “دایكم كێیه‌ و براكانم كێن؟” ئینجا ده‌ستی بۆ قوتابییه‌كانی ڕاكێشا و فه‌رمووی: “ئه‌وه‌تا دایک و براكانم، چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌ خواستی باوكم بكات كه‌ له‌ ئاسماناندایه‌، ئه‌وا برا وخوشک و دایكمه‌”. هه‌ر له‌و ڕۆژدا ئیشۆع له‌ ماڵ ده‌رچوو و له‌ كه‌ناری ده‌ریاكه‌‌ دانیشت. كۆمه‌ڵانێكی زۆر لێی كۆبووه‌وه‌، وابوو چووه‌ نێو كه‌شتیێک دانیشت، كۆمه‌ڵانه‌كه‌ش هه‌موو له‌ كه‌ناره‌كه‌ ڕاوه‌ستان. به‌ په‌ند باسی زۆر شتی بۆ كردن و فه‌رمووی: “تۆوده‌ر چوو تۆو بكات. كه‌ تۆوی ده‌كرد، هه‌ندێكی كه‌وته‌ سه‌ر ڕێگا، باڵنده‌ هاتن و خواردیانن. هه‌ندێكیش كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وییه‌كی به‌رده‌ڵان كه‌ گڵی زۆر نه‌بوو، خێرا سه‌ری ده‌ركرد، قووڵیی گڵیشی نه‌بوو. به‌ڵام كه‌ خۆر هه‌ڵهات سووتا، له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕه‌گی نه‌بوو، وشک بوو. هه‌ندێكیشیان كه‌وته‌ نێو دڕكان، دڕكه‌كان گه‌وره‌ بوون و خنكاندیانن. به‌ڵام هه‌ندێكیان كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وییه‌كی باش و به‌رهه‌میان دا، هه‌ندێک سه‌د و هه‌ندێک شه‌ست و هه‌ندێكیش سی. ئه‌وه‌ی دوو گوێی هه‌یه‌ بۆ بیستن، با ببیستێت!” قوتابییه‌كان هاتنه‌ پێشه‌وه‌ و پێیان وت: “بۆچی به‌ په‌ند فه‌رمووده‌یان بۆ ده‌كه‌یت؟” وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و فه‌رمووی: “چونكه‌ به‌ ئێوه‌ دراوه‌ نهێنیه‌كانی پاشایه‌تیی ئاسمانان بزانن، به‌ڵام به‌وان نه‌دراوه‌. وه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی، پێی ده‌درێت و بۆی زیاد ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نییه‌تی، ئه‌وه‌ش كه‌ هه‌یه‌تی لێی ده‌سه‌نرێته‌وه‌. بۆیه‌ به‌ په‌ند قسه‌یان بۆ ده‌كه‌م چونكه‌ سه‌یر ده‌كه‌ن، به‌ڵام نابینن، گوێ ده‌گرن، به‌ڵام نابیستن و تێناگه‌ن. پێشبینییه‌كه‌ی ئێشه‌عیا له‌واندا هاته‌ دی، كه‌ ده‌فه‌رمووێ: {بیستن ده‌بیستن، به‌ڵام تێناگه‌ن، سه‌یركردن سه‌یر ده‌كه‌ن، به‌ڵام نابینن، چونكه‌ دڵی ئه‌م گه‌له‌ ڕه‌ق بووه‌، گوێیان گران بووه‌، چاویان نوقاندووه‌، نه‌وه‌ک به‌ چاویان ببینن وبه‌ گوێیان ببیستن، به‌ دڵیان تێبگه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه‌، منیش چاكیان بكه‌مه‌وه‌}. به‌ڵام ئێوه‌، به‌خته‌وه‌ری بۆ چاوتان، چونكه‌ ده‌بینێت، به‌ گوێتان، چونكه‌ ده‌بیستێت. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: زۆر پێغه‌مبه‌ر و خوداناس به‌ ئاواته‌وه‌ بوون ئه‌وه‌ی ئێوه‌ ده‌یبینن بیبینن و نه‌یانبینی، ئه‌وه‌ی ئێوه‌ش ده‌یبیستن، بیبیستن، به‌ڵام نه‌یانبیست. كه‌واته‌ گوێ له‌ په‌ندی تۆوده‌ره‌كه‌ بگرن: هه‌ر كه‌سێک وشه‌ی پاشایه‌تی ببیستێت و تێینه‌گات، به‌دكار ‌دێت و ئه‌وه‌ی له‌ دڵیدا تۆوكراوه‌ ده‌یڕفێنێت. ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ تۆوكرا. ئه‌وه‌ی له‌ زه‌وییه‌ به‌رده‌ڵانه‌كه‌ تۆوكرا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وشه‌كه‌ ده‌بیستێ و یه‌كسه‌ر به‌ خۆشییه‌وه‌ په‌سه‌ندی ده‌كات، به‌ڵام له‌ خۆیدا بێ ڕه‌گه‌ و كاتییه‌، كاتێ له‌ پێناوی وشه‌كه‌ ته‌نگانه‌ و چه‌وسانه‌وه‌ ڕووده‌دات، یه‌كسه‌ر ته‌گه‌ره‌ ده‌كات. ئه‌وه‌ی له‌نێو دڕكاندا تۆوكرا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گوێ له‌ وشه‌كه‌ ده‌گرێت، به‌ڵام خه‌می جیهان و فریوی سامان، وشه‌كه‌ ده‌خنكێنن و بێ به‌رهه‌م ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وییه‌ چاكه‌كه‌ تۆوكرا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وشه‌كه‌ ده‌بیستێت و تێده‌گات، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رهه‌م ده‌دات، سه‌د و شه‌ست و سی”. په‌ندێكی دیكه‌ی بۆ هێنانه‌وه‌ فه‌رمووی: “پاشایه‌تیی ئاسمانان له‌ مرۆڤێک ده‌چێت، تۆوی چاک له‌ كێڵگه‌كه‌ی بچێنێت. به‌ڵام كاتێ خه‌ڵک نووستبوون، دوژمنه‌كه‌ی هات و له‌نێو گه‌نمه‌كه‌دا زیوانی چاند و ڕۆیشت. كاتێ ڕوه‌كه‌كه‌ ڕوا و به‌ری گرت، زیوانه‌كه‌ش ده‌ركه‌وت. كۆیله‌ی خاوه‌ن ماڵ هاتن و پێیان وت: گه‌وره‌م، ئایا له‌ كێڵگه‌كه‌تدا تۆوی چاكت تۆو نه‌كرد؟ ئیتر ئه‌م زیوانه‌ له‌كوێوه‌ هات؟ ئه‌ویش پێی وتن: دوژمن ئه‌مه‌ی كردووه‌. كۆیله‌كانیش پێیان وت: ده‌ته‌وێ بچین كۆیان بكه‌ینه‌وه‌؟ وتی: نه‌خێر! نه‌وه‌ک له‌گه‌ڵ كۆكردنه‌وه‌ی زیوان، گه‌نمیش هه‌ڵبكێشن. تاكو كاتی دروێنه‌ لێگه‌ڕێن با به‌یه‌كه‌وه‌ پێبگه‌ن، جا له‌ كاتی دروێنه‌دا به‌ سه‌پانه‌كان ده‌ڵێم، یه‌كه‌مجار زیوانه‌كه‌ كۆبكه‌نه‌وه‌ و به‌كۆمه‌ڵ بیانبه‌ستنه‌وه‌ تاكو بسووتێندرێن، به‌ڵام گه‌نمه‌كه‌ له‌ عه‌مباره‌كه‌م كۆبكه‌نه‌وه‌”. په‌ندێكی دیكه‌ی بۆ هێنانه‌وه‌ و فه‌رمووی: “پاشایه‌تیی ئاسمانان وه‌ک ده‌نكه‌ خه‌رته‌له‌ وایه‌، كه‌ یه‌كێک بیبات و له‌ كێڵگه‌كه‌یدا بیچێنێ، كه‌ بچووكترین تۆوه‌، به‌ڵام كاتێ گه‌شه‌ ده‌كات، گه‌وره‌ترین ڕووه‌كه‌ و ده‌بێته‌ دره‌خت، ته‌نانه‌ت باڵنده‌ی ئاسمانیش دێن و له‌سه‌ر لقه‌كانیدا هێلانه‌ ده‌كه‌ن”. په‌ندێكی دیكه‌ی بۆ فه‌رموون: “پاشایه‌تیی ئاسمانان له‌ هه‌وێنێک ده‌چێت، ژنێک بردی و خستییه‌ نێو سێ پێوانه‌ ئارده‌وه‌، تاكو هه‌مووی هه‌ڵهات”. ئیشۆع هه‌موو ئه‌مانه‌ی به‌ په‌ند بۆ كۆمه‌ڵه‌كه‌ فه‌رموو، به‌بێ په‌ند فه‌رمووده‌ی بۆ نه‌ده‌كردن، تا ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌رێک وتراوه‌ بێته‌ دی، كه‌ ده‌فه‌رمووێ: “ {به‌ په‌ند زارم ده‌كه‌مه‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ دامه‌زراندنی جیهانه‌وه‌ شاراوه‌یه‌ ده‌ریده‌بڕم} ”. ئینجا كۆمه‌ڵانه‌كه‌ی به‌ڕێكرد و هات بۆ ماڵ. قوتابییه‌كانی لێ هاتنه‌ پێش و وتیان: “په‌ندی زیوانی نێو كێڵگه‌كه‌مان بۆ ڕاڤه‌ بكه‌”. وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “تۆوده‌ری تۆوه‌ چاكه‌كه‌، ڕۆڵه‌ی مرۆڤه‌. كێڵگه‌كه‌ش جیهانه‌، تۆوه‌ چاكه‌كه‌ش ڕۆڵه‌كانی پاشایه‌تین، زیوانه‌كه‌ش ڕۆڵه‌كانی به‌دكاره‌كه‌ن، دوژمنه‌كه‌ش كه‌ تۆوی كردن ئیبلیسه‌، دروێنه‌كه‌ش پایانی جیهانه‌، سه‌پانه‌كانیش فریشته‌كانن. وه‌ک زیوانه‌كه‌ كۆ ده‌كرێته‌وه‌ و به‌ ئاگر ده‌سووتێندرێ، له‌ پایانی جیهانیشدا وا ده‌بێت. ڕۆڵه‌ی مرۆڤ فریشته‌كانی ده‌نێرێت، هه‌موو كۆسپه‌كان و به‌دكاران له‌ پاشایه‌تیییه‌كه‌ی كۆده‌كه‌نه‌وه‌ و فڕێیان ده‌ده‌نه‌ نێو كووره‌ی ئاگره‌وه‌، جا له‌وێ ده‌بێته‌ گریان و جیڕه‌ی ددان. ئه‌وسا خوداناسان له‌ پاشایه‌تیی باوكیاندا وه‌ک خۆر ده‌دره‌وشێنه‌وه‌. ئه‌وه‌ی دوو گوێی هه‌یه‌ بۆ بیستن، با ببیستێت! پاشایه‌تیی ئاسمانان له‌ گه‌نجینه‌یه‌ک ده‌چێت له‌ كێڵگه‌یه‌كدا شاردرابێته‌وه‌. یه‌كێک دۆزییه‌وه‌ و شاردییه‌وه‌، له‌ خۆشیان ده‌ڕوات و چیی هه‌یه‌ ده‌یفرۆشێت و ئه‌و كێڵگه‌یه‌ی پێ ده‌كڕێت. هه‌روه‌ها پاشایه‌تیی ئاسمانان له‌ بازرگانێک ده‌چێت به‌ شوێن مرواریی نایابدا ده‌گه‌ڕا. كاتێ مروارییه‌كی گرانبه‌های بینی، چوو هه‌رچی هه‌یبوو فرۆشتی و مروارییه‌كه‌ی كڕی. هه‌روه‌ها پاشایه‌تیی ئاسمانان له‌ تۆڕێک ده‌چێت فڕێ درابێته‌ ده‌ریاوه‌، له‌ هه‌موو جۆرێک كۆده‌كاته‌وه‌. كاتێ پڕبوو، ڕایانكێشایه‌ كه‌نار، دانیشتن باشه‌كانیان له‌ سه‌به‌ته‌دا كۆكرده‌وه‌ و خراپه‌كانیشیان فڕێ دا ده‌ره‌وه‌. پایانی جیهانیش ئاوا ده‌بێت: فریشته‌كان ده‌رده‌چن و به‌دكاران له‌ خوداناساندا جیا ده‌كه‌نه‌وه‌ و فڕێیانده‌ده‌نه‌ نێو كووره‌ی ئاگره‌وه‌. جا له‌وێ ده‌بێته‌ گریان و جیڕه‌ی ددان”. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئایا هه‌موو ئه‌مانه‌ تێگه‌یشتن؟” وتیان: “به‌ڵێ گه‌وره‌م”. جا پێی فه‌رموون: “بۆیه‌ هه‌ر ته‌وراتزانێكی ڕاهێنراو له‌ پاشایه‌تیی ئاسمانان، له‌ خاوه‌ن ماڵێک ده‌چێ له‌ گه‌نجینه‌كه‌یدا نوێ و كۆن ده‌ربهێنێت”. كاتێ ئیشۆع ئه‌م په‌ندانه‌ی ته‌واو كرد له‌وێ ڕۆیشت. كه‌ هاته‌وه‌ شاره‌كه‌ی خۆی، له‌ كه‌نیشته‌كه‌یان فێری ده‌كردن، تا ئه‌وه‌ی سه‌رسام بوون و وتیان: “ئه‌مه‌ ئه‌م دانایی و په‌رجوانه‌ی له‌كوێ بوو؟ ئه‌مه‌ كوڕی دارتاشه‌كه‌ نییه‌؟ ئه‌ی دایكی ناوی مه‌ریه‌م نییه‌؟ یاقوو و یۆسپ و شیمعون و ئیهوودا برای نین؟ ئه‌وه‌ نییه‌ خوشكه‌كانی هه‌موویان له‌لامانن؟ ئه‌ی ئه‌مه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ی له‌كوێ بوو؟” جا ساتمه‌یان لێی ده‌كرد. به‌ڵام ئیشۆع پێی فه‌رموون: “پێغه‌مبه‌ر بێ ڕێز نییه‌، ته‌نها له‌ نیشتمان و ماڵی خۆیدا نه‌بێت”. له‌وێدا په‌رجوی زۆری نه‌كرد، له‌به‌ر بێباوه‌ڕییان. له‌و كاته‌دا هیڕوودسی تیترارک ناوبانگی ئیشۆعی بیست، به‌ پیاوه‌كانی وت: “ئه‌مه‌ یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكاره‌ له‌نێو مردوواندا هه‌ستاوه‌ته‌وه‌! بۆیه‌ هێزی په‌رجو له‌سه‌ر ده‌ستی ده‌كرێت”. چونكه‌ هیڕوودس، له‌به‌ر هیڕوودییای ژنی پیلیپوسی برای، یوخه‌ننه‌نی گرتبوو و په‌لبه‌ستی كردبوو و خستبوویه‌ زیندانه‌وه‌. چونكه‌ یوخه‌ننه‌ن پێی ده‌فه‌رموو: دروست نییه‌ تۆ بیخوازیت. ئه‌ویش ده‌یویست بیكوژێت، به‌ڵام له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌ترسا، چونكه‌ به‌ پێغه‌مبه‌ریان داده‌نا. جا له‌ جه‌ژنی له‌دایكبوونی هیڕوودس، كچی هیڕوودییا له‌ ناوه‌ڕاستدا سه‌مای كرد و هیڕوودسی دڵخۆش كرد، ئه‌وه‌بوو به‌ سوێنده‌وه‌ به‌ڵێنی پێی دا، چی داوا بكات بیداتێ. كچه‌ش به‌ فیتی دایكی، وتی: “لێره‌ له‌سه‌ر سینییه‌ک سه‌ری یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكارم بده‌رێ”. پاشاش دڵگران بوو، به‌ڵام له‌به‌ر سوێنده‌كان و میوانه‌كان، فه‌رمانی دا بیده‌نێ. ئینجا ناردی و له‌ زیندان سه‌ری یوخه‌ننه‌ن بڕا و سه‌ره‌كه‌ی له‌سه‌ر سینییه‌ک هێنرا و درایه‌ كچه‌كه‌، ئه‌ویش بردییه‌ لای دایكی. قوتابییه‌كانی هاتن ته‌رمه‌كه‌یان هه‌ڵگرت و ناشتییان. ئینجا هاتن هه‌واڵیان دایه‌ ئیشۆع. كه‌ ئیشۆع ئه‌مه‌ی بیست، به‌ ته‌نها به‌ره‌و شوێنێكی چۆڵ، به‌ كه‌شتیه‌ک ئه‌وێی به‌جێهێشت. كاتێ كۆمه‌ڵانه‌كان بیستیان، له‌ شاره‌كانه‌وه‌ به‌ پیاده‌ دوای كه‌وتن. كاتێ ده‌رچوو، كۆمه‌ڵانێكی زۆری بینی، دڵی پێیان سووتا و نه‌خۆشه‌كانیانی چاككرده‌وه‌. كاتێ ئێواره‌ داهات، قوتابییه‌كانی هاتنه‌ لای و وتیان: “شوێنه‌كه‌ چۆڵه‌ و كاتیش دره‌نگه‌. خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ڕێكه‌ با بڕۆنه‌ گونده‌كان، خواردن بۆ خۆیان بكڕن”. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “پێویست ناكات بڕۆن. خۆتان شتێكیان بده‌نێ با بیخۆن”. ئه‌وانیش پێیان وت: “لێره‌ له‌ پێنج نان و دوو ماسی زیاترمان نییه‌”. ئه‌ویش فه‌رمووی: “بۆمی بهێننه‌ ئێره‌”. فه‌رمانی به‌ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ دا له‌سه‌ر گیاكه‌ دانیشن. ئینجا پێنج نانه‌كه‌ و دوو ماسییه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و چاوی هه‌ڵبڕیه‌ ئاسمان، داڕشتی كرد و له‌تی كردن، ئینجا نانه‌كانی دایه‌ قوتابییه‌كان، قوتابیه‌كانیش دایانه‌ كۆمه‌ڵانه‌كه‌. هه‌موو خواردیان و تێر بوون. پاشان له‌و له‌ته‌نانه‌ی مایه‌وه‌ دوازده‌ سه‌به‌ته‌ی پڕیان هه‌ڵگرته‌وه‌. نانخۆران نزیكه‌ی پێنج هه‌زار پیاو بوون، بێجگه‌ له‌ ژن و منداڵ. یه‌كسه‌ر قوتابییه‌كانی ناچار كرد سواری كه‌شتییه‌كه‌ بن و پێشی بكه‌ون بۆ ئه‌وبه‌ر، تاكو كۆمه‌ڵانه‌كه‌ به‌ڕێ ده‌كات. كاتێ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ی به‌ڕێكرد، به‌ ته‌نها چووه‌ سه‌ر شاخه‌كه‌ تاكو نوێژ بكات. كه‌ ئێواره‌ داهات له‌وێ به‌ ته‌نها بوو، كه‌شتیه‌كه‌ش گه‌یشتبووه‌ ناوه‌ڕاستی ده‌ریاكه‌وه‌، شه‌پۆڵه‌كانیش پێایاندا ده‌كێشا، چونكه‌ باكه‌ پێچه‌وانه‌ بوو. له‌ چواره‌م به‌تڵی شه‌ودا ئیشۆع بۆ لایان چوو و به‌سه‌ر ده‌ریاكه‌دا ده‌ڕۆیشت. كاتێ قوتابییه‌كان بینییان له‌سه‌ر ده‌ریاكه‌ ده‌ڕوات، شڵه‌ژان و وتیان: “ئه‌مه‌ دێوه‌زمه‌یه‌”! له‌ ترسانیش هاواریان كرد! یه‌كسه‌ر ئیشۆع قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردن و فه‌رمووی: “دڵنیابن! ئه‌وه‌ منم. مه‌ترسن”. په‌تڕۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر تۆی، فه‌رمانم پێ بده‌ به‌سه‌ر ئاوه‌كه‌دا بێمه‌ لات”. فه‌رمووی: “وه‌ره‌”. په‌تڕۆس له‌ كه‌شتیه‌كه‌ دابه‌زی و به‌سه‌ر ئاوه‌كه‌دا ڕۆیشت تاكو بۆ لای ئیشۆع بێت. به‌ڵام كاتێ بینی باكه‌ تونده‌، ترسا و خه‌ریک بوو نوقوم بێت، به‌هاواره‌وه‌ وتی: “په‌روه‌ردگار، قوتارم بكه‌!” ئیشۆعیش یه‌كسه‌ر ده‌ستی درێژكرد و گرتییه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “كه‌م باوه‌ڕ، بۆچی گومانت كرد؟” كه‌ سه‌ركه‌وتنه‌ نێو كه‌شتییه‌كه‌، باكه‌ هێمن بووه‌وه‌. ئه‌وانه‌ی له‌نێو كه‌شتییه‌كه‌ بوون، هاتن و كڕنۆشیان بۆ برد و وتیان: “به‌ ڕاستی تۆ ڕۆڵه‌ی خودای”. كاتێ په‌ڕینه‌وه‌، هاتنه‌ زه‌ویی گینیسه‌ڕ. پیاوانی ئه‌و شوێنه‌ ناسیانه‌وه‌. هه‌واڵیان نارد بۆ هه‌موو ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ر و هه‌موو نه‌خۆشه‌كانیان بۆی هێنا. داوایان لێكرد ته‌نها ده‌ست له‌ چمكی جله‌كه‌ی بده‌ن. جا هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان لێیدا چاكبوونه‌وه‌. ئینجا په‌ڕیشی و ته‌وراتزانه‌كان له‌ یروشلایمه‌وه‌ هاتنه‌ لای ئیشۆع و وتیان: “بۆچی قوتابییه‌كانت نه‌ریتی پیران ده‌شكێنن؟ پێش نانخواردن ده‌ستیان ناشۆن؟” ئه‌ویش وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “بۆچی ئێوه‌ش‌ له‌به‌ر نه‌ریتی خۆتان ڕاسپارده‌ی خودا ده‌شكێنن؟ چونكه‌ خودا ڕایسپاردووه‌ و فه‌رموویه‌تی: {ڕێز له‌ باوک و دایكت بگره‌، ئه‌وه‌ی جنێو به‌ باوكی یان دایكی بدات، ده‌بێ بكوژرێت}. به‌ڵام ئێوه‌ ده‌ڵێن: ئه‌وه‌ی به‌ باوكی یان دایكی بڵێت، ئه‌وه‌ی له‌ منی وه‌رده‌گرن، قوربانییه‌، با ڕێز له‌ باوكی یان دایكی نه‌گرێت. جا له‌به‌ر نه‌ریتی خۆتان وشه‌ی خودا پووچه‌ڵ ده‌كه‌نه‌وه‌! ئه‌ی ڕووپامایان! سه‌باره‌ت به‌ ئێوه‌ ئێشه‌عیا پێشبینی باشی كردووه‌ و ده‌ڵێت: {ئه‌م گه‌له‌ به‌ ده‌م لێم نزیک ده‌بێته‌وه‌، به‌سه‌ر لێوان ڕێزم لێ ده‌گرێت، به‌ڵام دڵیان لێم دووره‌. به‌خۆڕایی ده‌مپه‌رستن، فێركردنێک فێرده‌كه‌ن كه‌ ڕاسپارده‌ی خه‌ڵكه‌} ”. ئینجا كۆمه‌ڵانه‌كه‌ی بانگكرد و پێی فه‌رموون: “گوێ بگرن و تێبگه‌ن. ئه‌وه‌ی ده‌چێته‌ نێو ده‌م، مرۆڤ گڵاو ناكات، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی له‌ ده‌م دێته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌مه‌ مرۆڤ گڵاو ده‌كات”. ئینجا قوتابییه‌كان هاتنه‌ پێش و پێیان وت: “ده‌زانی كاتێ په‌ڕیشییه‌كان فه‌رمووده‌كه‌یان بیست پێیان ناخۆش بوو؟” وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “هه‌ر ڕووه‌كێک باوكی ئاسمانیم نه‌یچاندبێت، هه‌ڵده‌كه‌ندرێت. لێیانگه‌ڕێن، ئه‌وانه‌ كوێرن ڕابه‌رایه‌تی كوێره‌كان ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر كوێر ڕابه‌رایه‌تی كوێر بكات، هه‌ردووكیان ده‌كه‌ونه‌ چاڵه‌وه‌”. په‌تڕۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌ وپێی وت: “ئه‌م په‌نده‌مان بۆ ڕاڤه‌ بكه‌”. ئیشۆع فه‌رمووی: “ئێوه‌ش هێشتا تێناگه‌ن؟ نازانن هه‌رچی ده‌چێته‌ نێو ده‌م ده‌ڕواته‌ نێو سک، دوایی فڕێ ده‌درێته‌ ده‌ره‌وه‌؟ به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ ده‌م دێته‌ ده‌ره‌وه‌، له‌ دڵه‌وه‌ ده‌رده‌چێت، ئه‌مه‌ مرۆڤ گڵاو ده‌كات. چونكه‌ بیری خراپ له‌ دڵه‌وه‌ ده‌رده‌چێت: كوشتن، داوێنپیسی، به‌دڕه‌وشتی، دزی، گه‌واهیدانی درۆ، كفركردن. ئه‌مانه‌ مرۆڤ گڵاو ده‌كه‌ن. به‌ڵام خواردن به‌بێ ده‌ست شوشتن مرۆڤ گڵاو ناكات”. ئیشۆع له‌وێ ده‌رچوو و چووه‌ ده‌ڤه‌ری سوڕ و سه‌یده‌ن. ژنێكی كه‌نعانی خه‌ڵكی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌، ده‌رچوو و هاواری بۆ كرد و ده‌یووت: “گه‌وره‌م، ڕۆڵه‌ی داوید، به‌زه‌ییت پێمدا بێته‌وه‌! كچه‌كه‌م زۆر به‌خراپی شێت بووه‌”. به‌ڵام ئه‌و به‌ وشه‌یه‌كیش وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌. قوتابییه‌كانی هاتنه‌ پێشی و تكایان لێیكرد و وتیان: “به‌ڕێی بكه‌، چونكه‌ به‌دوامانه‌وه‌ هاوار ده‌كات!” وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رموی: “من ته‌نها بۆ كاوڕه‌ ونبووه‌كانی ماڵی ئیسڕائیل نێردراوم”. جا ژنه‌كه‌ هات، كڕنۆشی بۆ برد و وتی: “گه‌وره‌م، یارمه‌تیم بده‌!” وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ناشێت نانی ڕۆڵه‌كان ببڕدرێت و فڕێ بدرێت بۆ سه‌گ”. ژنه‌كه‌ وتی: “ڕاسته‌ گه‌وره‌م! به‌ڵام سه‌گیش ئه‌و له‌ته‌نانه‌ ده‌خوات كه‌ له‌ خوانی گه‌وره‌كانی ده‌كه‌وێت!”. ئینجا ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “خانم، باوه‌ڕی تۆ مه‌زنه‌! ئه‌وه‌ی داوای ده‌كه‌یت با بۆت ببێت”. له‌و كاته‌وه‌ كچه‌كه‌ی چاكبووه‌وه‌. ئینجا ئیشۆع له‌وێ ڕۆیشت و هاته‌ لای ده‌ریای گلیلا، چووه‌ سه‌ر شاخێک و له‌وێ دانیشت. ئه‌وه‌بوو كۆمه‌ڵانێكی زۆر هاتنه‌ لای، شه‌ل و كوێر و لاڵ ئیفلیج و زۆری دیكه‌شیان له‌گه‌ڵ بوو، له‌به‌رپێی دایاننان، ئه‌ویش چاكیكردنه‌وه‌. ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵانه‌كه‌ سه‌رسام بوون كه‌ بینییان لاڵ قسه‌ده‌كات و ئیفلیج چاكده‌بێته‌وه‌ و شه‌ل ڕێده‌كات و كوێر ده‌بینێت، جا ستایشی خوداوه‌ندی ئیسڕائیلیان كرد. به‌ڵام ئیشۆع قوتابییه‌كانی بانگكرد و فه‌رمووی: “دڵم به‌و كۆمه‌ڵه‌ ده‌سووتێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ سێ ڕۆژه‌ له‌گه‌ڵمدان و هیچیان نییه‌ بیخۆن. ناشمه‌وێت به‌ برسیێتی بیاننێرمه‌وه‌، نه‌وه‌ک له‌ ڕێگا بڕ نه‌كه‌ن” قوتابییه‌كانی پێیان وت: “له‌م چۆڵه‌وانییه‌ ئه‌و نانه‌ زۆره‌مان له‌كوێ بوو بۆ ناندانی ئه‌م كۆمه‌ڵانه‌؟” ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “چه‌ند نانتان پێیه‌؟” وتیان: “حه‌وت، له‌گه‌ڵ چه‌ند ماسییه‌كی بچكۆڵه‌”. جا فه‌رمانی دا كۆمه‌ڵانه‌كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی دانیشن. حه‌وت نان و ماسییه‌كانی برد، سوپاسی كرد و له‌تیكردن و دایه‌ قوتابییه‌كان، قوتابییه‌كانیش دایانه‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌. هه‌موو خواردیان و تێربوون، دوایی حه‌وت سه‌به‌ته‌ی پڕ له‌ته‌نانیان كۆكرده‌وه‌. نانخۆران چوار هه‌زار پیاو بوون، بێجگه‌ له‌ ژن و منداڵ. ئینجا كۆمه‌ڵانه‌كه‌ی به‌ڕێكرد و سواری كه‌شتی بوو و هاته‌ سنووری مه‌گه‌دان. په‌ڕیشی و زادوقییه‌كان هاتنه‌ لای بۆ ئه‌وه‌ی تاقیی بكه‌نه‌وه‌، داوایان لێكرد له‌ ئاسمانه‌وه‌ په‌رجوێكیان پیشان بدات. وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “كه‌ ئێواره‌ داهات، ده‌ڵێن ساماڵه‌، چونكه‌ ئاسمان سوور هه‌ڵگه‌ڕاوه‌. له‌ به‌یانیش، ئه‌مڕۆ هه‌وره‌، چونكه‌ ئاسمان سوور هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ و گرژه‌. ئه‌ی ڕووپاماكان! ده‌زانن ڕووی ئاسمان لێكبده‌نه‌وه‌، به‌ڵام ناتوانن نیشانه‌كانی زه‌مانه‌ لێكبده‌نه‌وه‌! نه‌وه‌یه‌كی به‌دكار و نابێگه‌رد داوای په‌رجو ده‌كات، په‌رجوی نادرێتێ، جگه‌ له‌ په‌رجوی پێغه‌مبه‌ر یۆنه‌ن”. ئینجا به‌جێیهێشتن و ڕۆیشت. كه‌ قوتابییه‌كان گه‌یشتنه‌ ئه‌وبه‌ر، له‌بیریان چووبوو نان ببه‌ن. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “وریابن، ئاگاداربن له‌ هه‌وێنی په‌ڕیشی و زادوقییه‌كان”. له‌دڵی خۆیاندا بیریان كرده‌وه‌ و وتیان: “نانمان نه‌هێناوه‌”. ئیشۆع زانی و پێی فه‌رموون: “ئه‌ی كه‌م باوه‌ڕینه‌، بۆچی له‌دڵی خۆتان ده‌ڵێن نانمان نه‌هێناوه‌؟ ئایا هێشتا تێنه‌گه‌یشتوون؟ نایه‌ته‌ بیرتان پێنج نانه‌كه‌ی پێنج هه‌زاره‌كه‌ و چه‌ند سه‌به‌ته‌شتان هه‌ڵگرته‌وه‌؟ یان حه‌وت نانه‌كه‌ی چوار هه‌زاره‌كه‌ و چه‌ند سه‌به‌ته‌شتان هه‌ڵگرته‌وه‌؟ چۆن تێناگه‌ن من باسی نانم بۆ نه‌كردن؟ له‌ هه‌وێنی په‌ڕیشی و زادوقییه‌كان ئاگاداربن!” ئینجا تێگه‌یشتن كه‌ ئه‌و له‌ هه‌وێنی نان ئاگاداریان ناكاته‌وه‌، به‌ڵكو له‌ فێركردنی په‌ڕیشی و زادوقییه‌كان. كه‌ ئیشۆع هاته‌ ناوچه‌ی قه‌یسه‌ڕییه‌ی پیلیپوس، له‌ قوتابییه‌كانی پرسی و فه‌رمووی: “ئایا خه‌ڵک ده‌ڵێن منی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ كێیم؟” وتیان: “هه‌ندێک ده‌ڵێن یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكاره‌، هه‌ندێک ئیلییا، هه‌ندێكیش ئێرمیا یان یه‌كێک له‌ پێغه‌مبه‌ران”. پێی فه‌رموون: “ئه‌ی ئێوه‌ ده‌ڵێن من كێم؟” شیمعون په‌تڕۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “تۆ مه‌سیحه‌كه‌یت، ڕۆڵه‌ی خودای زیندووی!”. ئیشۆعیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “به‌خته‌وه‌ری بۆ تۆ، شیمعونی كوڕی یۆنا، چونكه‌ گۆشت و خوێن ئه‌مه‌یان بۆت ئاشكرا نه‌كرد، به‌ڵكو ئه‌و باوكه‌م كه‌ له‌ ئاسماناندایه‌. منیش پێت ده‌ڵێم، تۆ په‌تڕۆسیت و له‌سه‌ر ئه‌م به‌رده‌ وارگه‌ی خۆم بنیاد ده‌نێم و ده‌روازه‌كانی دۆزه‌خیش پێی ناوێرێت. كلیله‌كانی پاشایه‌تیی ئاسمانانت ده‌ده‌مێ، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی گرێی بده‌یت، له‌ ئاسماناندا گرێدراو ده‌بێت، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی بیكه‌یته‌وه‌، له‌ ئاسماناندا كراوه‌ ده‌بێت”. ئینجا به‌ قوتابییه‌كانی ڕاسپارد به‌ كه‌س نه‌ڵێن كه‌ ئه‌و مه‌سیحه‌كه‌یه‌. له‌و كاته‌وه‌ ئیشۆع ده‌ستیكرد به‌ ڕوونكردنه‌وه‌ بۆ قوتابییه‌كانی كه‌ ده‌بێت بۆ یروشلایم بڕوات، له‌وێ به‌ ده‌ستی پیران و كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان زۆر ئازار بچێژێت و بكوژرێت و له‌ ڕۆژی سێیه‌مدا هه‌ستێته‌وه‌. په‌تڕۆس هێنایه‌ لای خۆی‌ و لێی ڕاخوڕی و وتی: “دوور له‌تۆ په‌روه‌ردگار! ئه‌مه‌ت به‌سه‌ر نه‌یه‌ت!” ئاوڕی دایه‌وه‌ و به‌ په‌تڕۆسی فه‌رموو: “له‌به‌رچاوم لاچۆ، ئه‌ی شه‌یتان! تۆ كۆسپی له‌به‌رده‌مم، چونكه‌ بیر له‌ شته‌ خوداییه‌كان ناكه‌یته‌وه‌، به‌ڵكو شتی مرۆڤانه‌”. ئینجا ئیشۆع به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “ئه‌گه‌ر یه‌كێک ویستی دوام بكه‌وێت، با نكۆڵی له‌ خۆی بكات و خاچه‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت و دوام بكه‌وێت. چونكه‌ ئه‌وه‌ی بیه‌وێت خۆی ڕزگار بكات، له‌ناویده‌دات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ پێناوی من خۆی له‌ناوبدات، ده‌یدۆزێته‌وه‌. چونكه‌ چی به‌كه‌ڵكی مرۆڤ دێت ئه‌گه‌ر هه‌موو جیهان بباته‌وه‌ و خۆی بدۆڕێنێت؟ یان مرۆڤ بۆ كڕینه‌وه‌ی خۆی چی ده‌دات؟ چونكه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ به‌ شكۆی باوكییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ فریشته‌كانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌وسا پاداشتی هه‌ر كه‌سێک به‌پێی كرداری ده‌داته‌وه‌. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: هه‌ندێک له‌وانه‌ی لێره‌ ڕاوه‌ستاون، مه‌رگ ناچێژن تاكو ڕۆڵه‌ی مرۆڤ نه‌بینن به‌ پاشایه‌تییه‌كه‌یه‌وه‌ دێته‌وه‌”. دوای شه‌ش ڕۆژ ئیشۆع په‌تڕۆس و یاقوو و یوخه‌ننه‌نی برای یاقووی برد و به‌ ته‌نیا بۆ سه‌ر چیایه‌كی به‌رز. له‌پێشیان شێوه‌ی گۆڕا، ڕووی وه‌ک خۆر دره‌وشایه‌وه‌ و جله‌كانی وه‌ک ڕووناكی سپی هه‌ڵگه‌ڕان. مووشێ و ئیلییایان بۆ ده‌ركه‌وت و قسه‌یان له‌گه‌ڵ كرد. ئینجا په‌تڕۆس به‌ ئیشۆعی وت: “په‌ره‌ردگار، پێمان باشه‌ لێره‌ بین! ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێ لێره‌ سێ كه‌پرتان بۆ هه‌ڵده‌دین، یه‌كێک بۆ تۆ و یه‌كێک بۆ مووشێ و یه‌كێكیش بۆ ئیلییا”. كاتێ قسه‌ی ده‌كرد، هه‌ورێكی ڕۆشن بوو به‌ سێبه‌ریان و ده‌نگێک له‌ هه‌وره‌كه‌وه‌ فه‌رمووی: “ئه‌مه‌یه‌ ڕۆڵه‌ی خۆشه‌ویستم، كه‌ پێی دڵشادم. گوێی لێ بگرن!” كاتێ‌ قوتابییه‌كان گوێیان لێبوو، به‌ده‌مدا كه‌وتن، زۆر ترسان. ئیشۆعیش هات، ده‌ستی لێدان و فه‌رمووی: “هه‌ستن، مه‌ترسن!” ئینجا چاویان هه‌ڵبڕی، له‌ ئیشۆع زیاتر كه‌سیان نه‌بینی. كه‌ له‌ چیاكه‌ ده‌هاتنه‌ خواره‌وه‌، ئیشۆع ڕایسپاردن و فه‌رمووی: “ئه‌مه‌ی بینیتان به‌ كه‌سی مه‌ڵێن، تاكو ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌نێو مردووان هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌”. قوتابییه‌كانی لێیان پرسی و وتیان: “ئه‌ی بۆچی ته‌وراتزانه‌كان ده‌ڵێن ده‌بێت یه‌كه‌مجار ئیلییا بێت؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “یه‌كه‌مجار ئیلییا دێت و هه‌موو شتێک ڕێک ده‌خاته‌وه‌. به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم: ئیلییا هات و نه‌یانناسی، چییان ویست پێیان كرد. هه‌روه‌ها ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش به‌ ده‌ستیانه‌وه‌ ئازار ده‌چێژێت”. ئه‌وسا قوتابییه‌كان تێگه‌یشتن كه‌ باسی یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكاری بۆ كردن. كاتێ گه‌یشتنه‌ لای كۆمه‌ڵه‌كه‌، پیاوێک هات و له‌به‌رده‌می چۆكی دادا و وتی: “گه‌وره‌م، به‌زه‌ییت به‌ كوڕه‌كه‌مدا بێته‌وه‌، په‌ركه‌می هه‌یه‌ و ئازارێكی زۆر ده‌چێژێت. زۆر جار ده‌كه‌وێته‌ نێو ئاگر و زۆر جاریش نێو ئاوه‌وه‌. هێنامه‌ لای قوتابییه‌كانت، به‌ڵام نه‌یانتوانی چاكی بكه‌نه‌وه‌”. جا ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ئه‌ی نه‌وه‌ی بێباوه‌ڕ و چه‌وت، تا كه‌ی له‌گه‌ڵتان بم؟ تا كه‌ی به‌رگه‌تان بگرم؟ بیهێننه‌ ئێره‌ بۆ لام!”. ئیشۆعیش لێی ڕاخوڕی و شه‌یتانه‌كه‌ لێی هاته‌ ده‌ره‌وه‌، له‌و كاته‌وه‌ كوڕه‌كه‌ چاكبووه‌وه‌. پاشان قوتابییه‌كان به‌ ته‌نیا هاتنه‌ لای ئیشۆع و وتیان: “بۆچی ئێمه‌ نه‌مانتوانی ده‌ریبكه‌ین؟” ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “له‌به‌ر بێ باوه‌ڕیتان. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ده‌نكه‌ خه‌رته‌له‌یه‌ک باوه‌ڕتان هه‌بێ، به‌م كێوه‌ ده‌ڵێن لێره‌ بڕۆ بۆ ئه‌وێ، ده‌ڕوات و شتێک بۆتان ئه‌سته‌م نابێت. به‌ڵام ئه‌م جۆره‌ ده‌رناچێت، به‌ نوێژ و ڕۆژوو نه‌بێت”. كاتێ له‌ گلیلادا بوون، ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاده‌ستی خه‌ڵک ده‌كرێت و ده‌یكوژن، له‌ ڕۆژی سێیه‌م هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌”. ئه‌وانیش زۆر دڵگران بوون. كاتێ هاتنه‌ كپه‌ڕناخوم، باجگرانی دوو درهه‌مه‌كه‌ هاتنه‌ لای په‌تڕۆس و وتیان: “ئه‌رێ ڕابیتان دوو درهه‌مه‌كه‌ نادات؟” وتی: “به‌ڵێ”. كاتێ په‌تڕۆس هاته‌ ماڵه‌وه‌، ئیشۆع پێشی كه‌وت و فه‌رمووی: “ڕات چییه‌ شیمعون؟ پاشایانی زه‌وی باج و سه‌رانه‌ له‌ كێ وه‌رده‌گرن؟ له‌ ڕۆڵه‌كانی خۆیان یان بیانی؟” په‌تڕۆس پێی وت: “له‌ بیانی”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “كه‌واته‌ ڕۆڵه‌كان ئازادن. به‌ڵام تاكو بۆیان نه‌بینه‌ كۆسپ، بڕۆ ده‌ریاكه‌ و قولابێک هه‌ڵده‌، یه‌كه‌م ماسی ده‌رده‌چێت بیگره‌، كه‌ ده‌می ده‌كه‌یته‌وه‌، ستاتیرێک ده‌بینیته‌وه‌، بیبه‌ و له‌ جیاتی خۆم و خۆت بیانده‌رێ”. له‌و كاته‌دا قوتابییه‌كان هاتنه‌ لای ئیشۆع و وتیان: “كێ له‌ پاشایه‌تیی ئاسماناندا مه‌زنترینه‌؟” ئه‌ویش منداڵێكی بانگكرد و له‌ ناوه‌راستیاندا ڕایگرت، فه‌رمووی: “ڕه‌واتان پێ بڵێم: ئه‌گه‌ر نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و وه‌ک ئه‌م منداڵه‌تان لێ نه‌یه‌ت، هه‌رگیز ناچنه‌ پاشایه‌تیی ئاسمانان. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی وه‌ک ئه‌م منداڵه‌ خۆی نزم بكاته‌وه‌، ئه‌وا له‌ پاشایه‌تیی ئاسماناندا مه‌زنترینه‌. ئه‌وه‌ی به‌ ناوی منداڵێكی وه‌ک ئه‌مه‌ په‌سه‌ند بكات، ئه‌وا منی په‌سه‌ند كردووه‌. ئه‌وه‌ش ساتمه‌ به‌ یه‌كێک له‌م بچووكانه‌ بكات كه‌ باوه‌ڕیان به‌ من هه‌یه‌، باشتره‌ بۆی به‌رداشێک به‌ ملیه‌وه‌ هه‌ڵبواسرێت و له‌ بنی ده‌ریا بخنكێنرێت. وه‌ی به‌حاڵی جیهان له‌به‌ر كۆسپه‌كان! چونكه‌ كۆسپه‌كان هه‌ر ده‌بێ هه‌بن، به‌ڵام وه‌ی به‌حاڵی ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ هۆی كۆسپه‌كان! ئه‌گه‌ر ده‌ستت یان قاچت بۆت بووه‌ كۆسپ، بیبڕه‌وه‌ و فڕێیبده‌. باشتره‌ به‌ شه‌لی یان به‌ ده‌ستبڕاوی بچیته‌ نێو ژیانه‌وه‌، له‌وه‌ی به‌ دوو ده‌ست یان دوو قاچه‌وه‌ بخرێیته‌ نێو ئاگری جاویدانی. ئه‌گه‌ر چاوت بۆت بووه‌ كۆسپ، ده‌ریبهێنه‌ و فڕێیبده‌. باشتره‌ به‌ یه‌ک چاو بچیته‌ نێو ژیانه‌وه‌، له‌وه‌ی به‌ دوو چاوه‌وه‌ بخرێیته‌ ئاگری دۆزه‌خه‌وه‌. ئاگاداربن! به‌ سووكی مه‌ڕواننه‌ یه‌كێک له‌م بچووكانه‌، چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم فریشته‌كانیان له‌ ئاسماناندا هه‌میشه‌ ڕووی باوكم ده‌بینن كه‌ له‌ ئاسماناندایه‌. چونكه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ هاتووه‌ له‌ناوچووان ڕزگار بكات. ڕاتان چییه‌؟ ئه‌گه‌ر یه‌كێک سه‌د كاوڕی هه‌بێت و دانه‌یه‌كی لێ ونبێت، ئایا نه‌وه‌د و نۆكه‌ له‌ ده‌شتوده‌ر به‌جێ ناهێڵێت تاكو بچێت به‌دوای ونبووه‌كه‌دا بگه‌ڕێت؟ ڕه‌واتان پێ بڵێم: ئه‌گه‌ر دۆزییه‌وه‌، له‌ نه‌وه‌د و نۆكه‌ی دیكه‌ كه‌ بزر نه‌ببوون زیاتر پێی دڵخۆش ده‌بێت! به‌ هه‌مان شێوه‌ باوكتان له‌ ئاسمانان نایه‌وێت یه‌كێک له‌م بچووكانه‌ له‌ناوبچێت. ئه‌گه‌ر براكه‌ت خراپه‌ی له‌گه‌ڵ كردیت، بڕۆ به‌ ته‌نها له‌نێوان خۆت و خۆی گله‌یی لێ بكه‌. ئه‌گه‌ر گوێی لێ گرتی، ئه‌وا براكه‌ت به‌ده‌ست ده‌هێنیته‌وه‌. ئه‌گه‌ر گوێی نه‌گرت، یه‌ک یان دوو كه‌س له‌گه‌ڵ خۆت ببه‌، تاكو هه‌ر وشه‌یه‌ک له‌سه‌ر زاری دوو یان سێ گه‌واهیده‌ر بسه‌لمێنرێت. ئه‌گه‌ر به‌ گوێی نه‌كردن، به‌ وارگه‌ بڵێ، ئه‌گه‌ر به‌ گوێی وارگه‌شی نه‌كرد، ئه‌وا به‌ بتپه‌رست و باجگری دابنێ. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی گرێی بده‌ن، له‌ ئاسمانیش گرێدراو ده‌بێت، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی بیكه‌نه‌وه‌، له‌ ئاسمانیش كراوه‌ ده‌بێت. دیسان پێتان ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر دووان له‌ ئێوه‌ له‌سه‌ر زه‌وی له‌سه‌ر هه‌ر شتێک ڕێک بكه‌ون، هه‌رچی داوا بكه‌ن، له‌لایه‌ن باوكم كه‌ له‌ ئاسماناندایه‌، بۆتان ده‌بێت. چونكه‌ له‌ هه‌ر كوێیه‌ک دوو یان سێیان به‌ ناوی منه‌وه‌ كۆببنه‌وه‌، من له‌وێ له‌ناوه‌ڕاستیاندا ده‌بم”. ئینجا په‌تڕۆس هاته‌ لای و پێی وت: “په‌روه‌ردگار، ده‌بێ چه‌ند جار له‌براكه‌م خۆشبم كه‌ خراپه‌م له‌گه‌ڵ ده‌كات؟ تاكو حه‌وت جار؟” ئیشۆع پێی فه‌رموو: “پێت ناڵێم حه‌وت جار، به‌ڵكو حه‌فتا جاران حه‌وت جار! بۆیه‌ پاشایه‌تی ئاسمانان له‌ پاشایه‌ک ده‌چێت ویستی هه‌ژمارد له‌گه‌ڵ كۆیله‌كانی بكات. كاتێ ده‌ستیپێكرد، یه‌كێكیان بۆ هێنا ده‌ هه‌زار تالنت قه‌رزار بوو. كه‌ هیچی نه‌بوو بیداته‌وه‌، گه‌وره‌كه‌ی فه‌رمانی دا، خۆی و ژن و منداڵ و هه‌رچی هه‌یه‌تی بفرۆشرێت و قه‌رزه‌كه‌ بداته‌وه‌. جا كۆیله‌كه‌ چۆكی دادا و وتی: گه‌وره‌م، له‌سه‌رم ڕاوه‌سته‌، هه‌مووت ده‌ده‌مه‌وه‌. گه‌وره‌ی ئه‌و كۆیله‌یه‌ دڵی پێی سووتا، ئازادی كرد و له‌ قه‌رزه‌كه‌ش خۆش بوو. كه‌ كۆیله‌كه ‌له‌وێ ده‌رچوو، كۆیله‌یه‌كی هاوكاری خۆی بینی كه‌ سه‌د دینار قه‌رزاری بوو، ملی گرت و وتی: ئه‌وه‌ی به‌سه‌رته‌وه‌یه‌ بمده‌ره‌وه‌! كۆیله‌كه‌ی هاوكاری له‌به‌رپێی كه‌وت، داوای لێكرد و وتی: له‌سه‌رم ڕاوه‌سته‌، هه‌مووت ده‌ده‌مه‌وه‌. به‌ڵام ڕازی نه‌بوو، چوو فڕێیدایه‌ زیندانه‌وه‌، تاكو قه‌رزه‌كه‌ ده‌داته‌وه‌. كاتێ كۆیله‌كانی هاوكاریان ڕووداوه‌كه‌یان بینی، زۆر خه‌مناک بوون، هاتن و هه‌موو ئه‌وه‌ی ڕوویدابوو بۆ گه‌وره‌كه‌یان گێڕایه‌وه‌. ئه‌وسا گه‌وره‌كه‌ی بانگیكرد و پێی وت: كۆیله‌ی به‌دكار، له‌ هه‌موو ئه‌و قه‌رزه‌ خۆشبووم، چونكه‌ لێم پاڕایته‌وه‌. ئایا نه‌ده‌بوو تۆش به‌زه‌ییت به‌ كۆیله‌ی هاوكاره‌كه‌تدا بێته‌وه‌، وه‌ک به‌زه‌ییم پێتدا هاته‌وه‌؟ جا گه‌وره‌كه‌ی تووڕه‌ بوو و ڕاده‌ستی جه‌لاده‌كانی كرد، تاكو هه‌ر شتێكی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌ بیداته‌وه‌. باوكی ئاسمانیشم واتان لێده‌كات، ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌كه‌تان له‌ دڵه‌وه‌ له‌ براكه‌ی خۆشنه‌بێت. كاتێ ئیشۆع له‌م قسانه‌ بووه‌وه‌، گلیلای به‌جێهێشت و هاته‌ ده‌ڤه‌ری ئیهوود، له‌ پشت ڕووباری یوردنه‌ن. كۆمه‌ڵانێكی زۆر دوای كه‌وت، ئه‌ویش له‌وێ چاكیكردنه‌وه‌. هه‌ندێک په‌ڕیشی هاتنه‌ لای بۆ ئه‌وه‌ی تاقیی بكه‌نه‌وه‌، وتیان: “ئایا دروسته‌ مێرد له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک بێت ژنه‌كه‌ی ته‌ڵاق بدات؟” وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “ئه‌ی نه‌تانخوێندۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ی {له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئافراندووه‌ به‌ نێر و مێ ئافراندن؟} ” هه‌روه‌ها فه‌رمووی: “بۆیه‌ پیاو باوک و دایكی به‌جێ ده‌هێڵێت و به‌ ژنه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌لكێت، ئیتر هه‌ردووكیان ده‌بنه‌ یه‌ک جه‌سته‌. كه‌واته‌ چیتر دوو نین به‌ڵكو یه‌ک جه‌سته‌ن. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی خودا به‌ یه‌كتری گه‌یاندووه‌، مرۆڤ جیای ناكاته‌وه‌”. پێیان وت: “ئه‌ی بۆچی مووشێ ڕایسپاردووه‌ ته‌ڵاقنامه‌ بدرێت و ته‌ڵاق بكه‌وێت؟” پێی فه‌رموون: “له‌به‌ر دڵڕه‌قیتان مووشێ ڕێی دان ژنه‌كانتان ته‌ڵاق بده‌ن، ئه‌گینا له‌ سه‌ره‌تاوه‌ وا نه‌بوو. به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی ژنه‌كه‌ی بێ هۆی داوێنپیسی ته‌ڵاق بدات و یه‌كێكی دیكه‌ بهێنێت، ئه‌وا داوێنپیسی ده‌كات”. قوتابییه‌كانی پێیان وت: ئه‌گه‌ر حاڵی پیاو له‌گه‌ڵ ژن وابێت، باشتره‌ ژن نه‌هێنێت!” پێی فه‌رموون: “هه‌مووان ناتوانن ئه‌م قسه‌یه‌ په‌سه‌ند بكه‌ن، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ی كه‌ پێیان دراوه‌. چونكه‌ خه‌ساو هه‌ن زگماكن، خه‌ساویش هه‌ن مرۆڤ خه‌ساندویانن، خه‌ساویش هه‌ن له‌ پێناوی پاشایه‌تیی ئاسمان خۆیان خه‌ساندوه‌. كێ ده‌توانێت په‌سه‌ندی بكات، با په‌سه‌ندی بكات”. ئینجا منداڵیان بۆی هێنا تاكو ده‌ستیان له‌سه‌ر دابنێت و نوێژ بكات، كه‌چی قوتابییه‌كان لێیان ڕاخوڕین. به‌ڵام ئیشۆع فه‌رمووی: “لێگه‌ڕێن با منداڵان بێنه‌ لام، ڕێیان لێ مه‌گرن، چونكه‌ پاشایه‌تیی ئاسمانان هی وه‌ک ئه‌مانه‌یه‌”. جا ده‌ستی له‌سه‌ر دانان و له‌وێ ڕۆیشت. ئینجا یه‌كێک هاته‌ لای و وتی: “ڕابیی چاک، چ چاكه‌یه‌ک بكه‌م تاكو ژیانی جاویدانیم هه‌بێت؟” پێی فه‌رموو: “بۆچی به‌ چاک ناوم ده‌به‌یت؟ ته‌نها یه‌كێک چاكه‌، ئه‌ویش خودایه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت بچیته‌ نێو ژیانه‌وه‌، ڕاسپارده‌كان بپارێزه‌”. پێی وت: “چ ڕاسپارده‌یه‌ک؟” ئیشۆع فه‌رمووی: “مه‌كوژه‌، داوێنپیسی مه‌كه‌، مه‌دزه‌، گه‌واهیی درۆ مه‌ده‌، ڕێزی باوک و دایكت بگره‌ و نزیكه‌كه‌ت وه‌ک خۆت خۆشبووێ”. گه‌نجه‌كه‌ش پێی وت: “له‌ منداڵیمه‌وه‌ ئه‌مانه‌م هه‌مووی پاراستووه‌، ئیتر چیم كه‌مه‌؟” ئیشۆع پێی فه‌رموو: “ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت ته‌واو بیت، بڕۆ سامانه‌كانت بفرۆشه‌ و بیده‌ هه‌ژاران، ئیتر گه‌نجینه‌یه‌كت له‌ ئاسماندا ده‌بێت و وه‌ره‌ دوام بكه‌وه‌”. كاتێ گه‌نجه‌كه‌ ئه‌م وشه‌یه‌ی بیست، به‌ دڵته‌نگییه‌وه‌ ڕۆیشت، چونكه‌ سامانێكی زۆری هه‌بوو. جا ئیشۆع به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ سه‌ختی ده‌چێته‌ نێو پاشایه‌تیی ئاسمانانه‌وه‌. هه‌روه‌ها پێتان ده‌ڵێم: ئاسانتره‌ گوریسێک له‌ كونی ده‌رزیه‌كه‌وه‌ بچێته‌ ژووره‌وه‌ له‌وه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندێک بچێته‌ نێو پاشایه‌تیی خودا!”. قوتابییه‌كان كه‌ ئه‌مه‌یان بیست زۆر سه‌رسام بوون، وتیان: “كه‌واته‌ كێ ده‌توانێت ڕزگاری بێت؟” ئیشۆع سه‌یری كردن و پێی فه‌رموون: “ئه‌مه‌ لای مرۆڤ مه‌حاڵه‌، به‌ڵام له‌لای خودا هه‌موو شتێک ده‌بێت”. ئینجا په‌تڕۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی وت: “ئه‌وه‌تا ئێمه‌ وازمان له‌ هه‌موو شتێک هێناوه‌ و دوات كه‌وتووین، ئێمه‌ چیمان بۆ ده‌بێت؟” ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: له‌ نوێبوونه‌وه‌دا، كاتێ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌سه‌ر ته‌ختی شكۆی خۆی داده‌نیشێت، ئێوه‌ كه‌ دوام كه‌وتوون له‌سه‌ر دوازده‌ ته‌خت داده‌نیشن و دوازده‌ هۆزه‌كه‌ی ئیسڕائیل حوكم ده‌ده‌ن. هه‌ر كه‌سێكیش له‌پێناوی ناوی من، ماڵ یان برا یان خوشک یان باوک یان دایک یان ژن یان منداڵ یان كێڵگه‌ی به‌جێهێشتووه‌، سه‌د ئه‌وه‌نده‌ وه‌رده‌گرێته‌وه‌ و ژیانی جاویدانییش به‌ میرات وه‌رده‌گرێت. به‌ڵام زۆر له‌ یه‌كه‌مینه‌كان ده‌بنه‌ دواهه‌مین، دواهه‌مینه‌كانیش یه‌كه‌مین. چونكه‌ پاشایه‌تیی ئاسمانان له‌ گه‌وره‌ی ماڵێک ده‌چێت، به‌یانی زوو ده‌رده‌چێت تاكو كرێكار بۆ ڕه‌زه‌كه‌ی بگرێت. له‌گه‌ڵ كرێكاره‌كان ڕۆژی به‌ دینارێک ڕێككه‌وت، ئینجا ناردنی بۆ ڕه‌زه‌كه‌ی. نزیكی كاژێری نۆ ده‌رچوو، له‌ بازاڕدا هه‌ندێكی دیكه‌ی بینی بێكار ڕاوه‌ستابوون، پێی وتن: ئێوه‌ش بڕۆنه‌ ڕه‌زه‌كه‌، چه‌ندتان بكه‌وێ ده‌تانده‌مێ. ئه‌وانیش ڕۆیشتن. ئینجا كاژێری دوازده‌ و كاژێری سێ ده‌رچوو و هه‌مان شتی كرده‌وه‌. نزیكی كاژێری پێنجیش ده‌رچوو، كرێكاری بێكاری دیكه‌ی بینی ڕاوه‌ستاون، پێی وتن: بۆچی به‌ درێژایی ڕۆژ لێره‌ بێكار ڕاوه‌ستاون؟ پێیان وت: چونكه‌ كه‌س به‌ كرێی نه‌گرتووین. پێی وتن: ئێوه‌ش بڕۆنه‌ ڕه‌زه‌كه‌ چه‌ندتان بكه‌وێ ده‌تانده‌مێ. كاتێ ئێواره‌ داهات خاوه‌ن ڕه‌زه‌كه‌ به‌ سه‌ركاره‌كه‌ی خۆی وت: كرێكاران بانگ بكه‌ و كرێیه‌كه‌یان بده‌رێ، له‌وانه‌ی كۆتاییه‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌ تاكو یه‌كه‌م. جا ئه‌وانه‌ی كاژێری پێنج هاتن، هه‌ریه‌كه‌ دینارێكیان وه‌رگرت. كاتێ یه‌كه‌مینه‌كانیش هاتن وایانزانی زیاتر وه‌رده‌گرن، به‌ڵام ئه‌وانیش هه‌ریه‌كه‌ دینارێكیان وه‌رگرت. كه‌ وه‌ریانده‌گرت بۆڵه‌بۆڵیان له‌گه‌ڵ خاوه‌ن ماڵ ده‌كرد و ده‌یانووت: دواهه‌مینه‌كان كاژێرێک ئیشیان كرد. تۆش له‌گه‌ڵ ئێمه‌ یه‌كسانت كردن، كه‌ گرانی و گه‌رمای ڕۆژمان كێشاوه‌! وه‌ڵامی یه‌كێكیانی دایه‌وه‌: كاكه‌، من سته‌مم لێ نه‌كردوویت. ئایا له‌گه‌ڵ من به‌ دینارێک ڕێک نه‌كه‌وتوویت؟ هی خۆت ببه‌ و بڕۆ. من ده‌مه‌وێت به‌وه‌ی دواهه‌مینیش وه‌ک تۆی بده‌مێ. ئایا بۆم نییه‌ ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت به‌ ماڵی خۆمی بكه‌م؟ یان چاوت به‌رای نادات كه‌ من چاكم؟ به‌م شێوه‌یه‌ دواهه‌مینه‌كان ده‌بنه‌ یه‌كه‌مین و یه‌كه‌مینه‌كانیش دواهه‌مین”. كاتێ ئیشۆع بۆ یروشلایم سه‌رده‌كه‌وت، دوازده‌ قوتابییه‌كه‌ی دابڕی و له‌ڕێگادا پێی فه‌رموون: “ئه‌وا بۆ یروشلایم سه‌رده‌كه‌وین، ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاده‌ستی كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان ده‌كرێت وحوكمی مه‌رگی ده‌ده‌ن، بۆ گاڵته‌ پێكردن و به‌ قامچی لێدان و له‌خاچدان ڕاده‌ستی نه‌ته‌وه‌كانی ده‌كه‌ن، له‌ ڕۆژی سێیه‌میش هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌”. ئینجا دایكی دوو كوڕه‌كانی زه‌بدی له‌گه‌ڵ دوو كوڕه‌كه‌ی هاته‌ لای و كڕنۆشی برد و داوای شتێكی لێكرد. ئه‌ویش پێی فه‌رموو: “چیت ده‌وێت؟” وتی: “بفه‌رموو با ئه‌م دوو كوڕمه‌ له‌ پاشایه‌تیییه‌كه‌تدا یه‌كێكیان له‌لای ڕاستت و ئه‌وی دیكه‌یان له‌لای چه‌پت دانیشن”. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ئێوه‌ نازانن داوای چی ده‌كه‌ن. ئایا ده‌توانن ئه‌و جامه‌ بخۆنه‌وه‌ كه‌ من ده‌یخۆمه‌وه‌؟ یان به‌و ڕه‌نگه‌ ڕه‌نگ بكرێن كه‌ پێی ڕه‌نگ ده‌كرێم؟” پێیان وت: “ده‌توانین”. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “جامی من ده‌خۆنه‌وه‌ و وه‌كو من ڕه‌نگ ده‌كرێن، به‌ڵام دانیشتن له‌لای ڕاست و چه‌پمه‌وه‌، بۆ من نییه‌ بیده‌م، به‌وانه‌ نه‌بێت كه‌ باوكم بۆی ئاماده‌ كردوون”. كاتێ ده‌ قوتابیه‌كه‌‌ بیستیان، له‌ دوو براكه‌ تووڕه‌ بوون. به‌ڵام ئیشۆع بانگیكردن و فه‌رمووی: “ده‌زانن سه‌رۆک نه‌ته‌وه‌كان زاڵن به‌سه‌ریانه‌وه‌ و گه‌وره‌كانیان ده‌سه‌ڵاتدارن به‌سه‌ریانه‌وه‌. جا له‌نێو ئێوه‌دا با ئاوا نه‌بێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت له‌نێوتاندا مه‌زن بێت، با ببێته‌ ڕاژه‌وانتان و ئه‌وه‌ش كه‌ ده‌یه‌وێ له‌نێوتاندا ببێته‌ یه‌كه‌م، با ببێته‌ به‌نده‌تان، هه‌روه‌ک ڕۆڵه‌ی مرۆڤ كه‌ نه‌هاتووه‌ تاكو ڕاژه‌ بكرێت، به‌ڵكو ڕاژه‌ بكات و ژیانی خۆی له‌جیاتی زۆر كه‌س به‌خت بكات”. كاتێ له‌ ئه‌ریخو ده‌رده‌چوون، كۆمه‌ڵانێكی زۆر دوای كه‌وت. ئه‌وه‌بوو دوو نابینا له‌ قه‌راغ ڕێگاكه‌دا دانیشتبوون، كاتێ گوێیان لێبوو ئیشۆع وا به‌وێدا تێده‌په‌ڕێت، هاواریان كرد و وتیان: “گه‌وره‌م، ڕۆڵه‌ی داوید، به‌زه‌ییت پێماندا بێته‌وه‌!” جا خه‌ڵكه‌كه‌ لێیان ڕاخوڕین تاكو بێده‌نگ بن، به‌ڵام ئه‌وان زیاتر هاواریان كرد و وتیان: “گه‌وره‌م، ڕۆڵه‌ی داوید، به‌زه‌ییت پێماندا بێته‌وه‌!” ئیشۆع ڕاوه‌ستا، بانگیكردن و فه‌رمووی: “چیتان ده‌وێت بۆتان بكه‌م؟” پێیان وت: “چاومان بكه‌یته‌وه‌، گه‌وره‌م”. ئیشۆعیش دڵی پێیان سووتا و ده‌ستی له‌ چاویان دا، یه‌كسه‌ر چاویان بینی و دوای كه‌وتن. كاتێ له‌ یروشلایم نزیک بوونه‌وه‌، گه‌یشتنه‌ بێتفاجی لای كێوی زه‌یتوون، ئیشۆع دووان له‌ قوتابییه‌كانی نارد پێی فه‌رموون: “بڕۆنه‌ ئه‌و گونده‌ی به‌رامبه‌رتان، یه‌كسه‌ر ماكه‌رێک ده‌بینن به‌ستراوه‌ته‌وه‌، جاشه‌كه‌ی له‌گه‌ڵه‌. بیكه‌نه‌وه‌ و بۆمیان بهێنن. ئه‌گه‌ر یه‌كێک شتێكی پێ وتن، بڵێن: په‌روه‌ردگار پێویستی پێیانه‌، ئه‌ویش یه‌كسه‌ر ده‌یاننێرێت”. ئه‌مه‌ش ڕوویدا تاكو ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ وتراوه‌ بێته‌دی كه‌ ده‌فه‌رمووێ: {به‌ كچه‌كه‌ی سهیۆن بڵێن، ئه‌وه‌تا پاشاكه‌ت دێته‌ لات، دڵنه‌رمه‌ و سواری ماكه‌رێک و جاشی ماكه‌رێک بووه‌}. دوو قوتابییه‌كه‌ ڕۆیشتن، وه‌ک ئیشۆع فه‌رمانی پێدابوون، كردیان. ماكه‌ر و جاشه‌كه‌یان هێنا، جلوبه‌رگه‌كانیان له‌سه‌ر پشتیان ڕاخست و ئیشۆع سواربوو. كۆمه‌ڵانێكی زۆرتر جلوبه‌رگه‌كانیان له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ ڕاخست. خه‌ڵكی دیكه‌ لقیان له‌ دار بڕییه‌وه‌ و له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ ڕایانخست. ئه‌و كۆمه‌ڵانه‌ی وا له‌ پێشی ده‌ڕۆیشتن و ئه‌وانه‌ش كه‌ دوای كه‌وتبوون، هاواریان ده‌كرد: “هۆشانا بۆ ڕۆڵه‌ی داوید! پیرۆزه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ دێت! هۆشانا له‌ به‌رزایی!” كاتێ چووه‌ نێو یروشلایم، هه‌موو شاره‌كه‌ خرۆشا و وتیان: “ئه‌مه‌ كێیه‌؟” كۆمه‌ڵانه‌كه‌ش وتیان: “ئه‌مه‌ پێغه‌مبه‌ر ئیشۆعه‌، خه‌ڵكی ناسڕه‌تی گلیلایه‌”. ئیشۆع چووه‌ نێو په‌رستگای خودا، هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌ركرد كه‌ كڕین و فرۆشتنیان له‌ په‌رستگادا ده‌كرد، مێزی پاره‌گۆڕه‌وان و ته‌ختی كۆترفرۆشانی وه‌رگێڕا. پێی فه‌رموون: “نووسراوه‌، {ماڵه‌كه‌م به‌ ماڵی نوێژ ناوده‌بردرێت} ، به‌ڵام ئێوه‌ كردووتانه‌ به‌ {ئه‌شكه‌وتی دزان!} نابینا و شه‌له‌كان له‌ په‌رستگا هاتنه‌ لای و ئه‌ویش چاكیكردنه‌وه‌. به‌ڵام كاتێ كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان ئه‌م كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌رانه‌یان بینی كه‌ ئه‌و كردی و منداڵانیش له‌ په‌رستگا هاواریان ده‌كرد: “هۆشانا بۆ ڕۆڵه‌ی داوید”، ڕقیان هه‌ستا و پێیان وت: “گوێت لێیه‌ ئه‌وانه‌ چی ده‌ڵێن؟” ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “به‌ڵێ! ئه‌ی قه‌ت نه‌تانخوێندۆته‌وه‌: {له‌ زاری منداڵان و شیره‌خۆرانه‌وه‌ ستایشت بۆ خۆت داڕشتووه‌؟} ” ئه‌وسا به‌جێیهێشتن و به‌ره‌و بتعه‌نیا چووه‌ ده‌ره‌وه‌ی شار، شه‌و له‌وێ مایه‌وه‌. به‌یانی كه‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ شار، برسیی بوو. دارهه‌نجیرێكی له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ بینی و هاته‌ لای، له‌ گه‌ڵا زیاتر هیچی پێوه‌ نه‌بینی، ئینجا پێی فه‌رموو: “ئیتر تاهه‌تایه‌ به‌ر نه‌گریت!”. یه‌كسه‌ر دارهه‌نجیره‌كه‌ وشک بوو. كاتێ قوتابییه‌كان ئه‌وه‌یان بینی، سه‌رسام بوون و وتیان: “چۆن یه‌كسه‌ر دارهه‌نجیره‌كه‌ وشک بوو؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر باوه‌ڕتان هه‌بێت و گومان نه‌كه‌ن، نه‌ک هه‌ر ئه‌مه‌ی دارهه‌نجیره‌كه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر به‌م كێوه‌ش بڵێن، هه‌ڵبكه‌ندرێ و بكه‌وه‌ نێو ده‌ریاوه‌، وا ده‌بێت. جا هه‌رچی له‌ نوێژدا به‌ باوه‌ڕه‌وه‌ داوای بكه‌ن، وه‌ریده‌گرن”. كه‌ هاته‌ په‌رستگا و خه‌ڵكه‌كه‌ی فێرده‌كرد، كاهینانی باڵا و پیرانی گه‌ل هاتنه‌ لای و وتیان: “ئه‌مانه‌ به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێک ده‌كه‌یت؟ كێ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی پێت داوه‌؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “منیش پرسێكتان لێ ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر وه‌ڵامتان دامه‌وه‌، منیش پێتان ده‌ڵێم به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێک ئه‌مانه‌ ده‌كه‌م. عه‌مادكردنی یوخه‌ننه‌ن، له‌كوێوه‌ بوو؟ له‌ ئاسمانه‌وه‌ بوو یان له‌ مرۆڤه‌وه‌؟” ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ خۆیاندا بیریان كرده‌وه‌، وتیان: “ئه‌گه‌ر بڵێین له‌ ئاسمانه‌وه‌ بوو، پێمان ده‌ڵێت بۆچی باوه‌ڕتان پێی نه‌هێنا؟ ئه‌گه‌ریش بڵێین له‌ مرۆڤه‌وه‌ بوو، له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌ترسین، چونكه‌ هه‌موو یوخه‌ننه‌ن به‌ پێغه‌مبه‌ر داده‌نێن”. ئینجا وه‌ڵامی ئیشۆعیان دایه‌وه‌ و وتیان: “نازانین”. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “منیش پێتان ناڵێم به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێک ئه‌مانه‌ ده‌كه‌م”. “ڕاتان چییه‌؟ پیاوێک دوو كوڕی هه‌بوو. هاته‌ لای یه‌كه‌میان و وتی: ڕۆڵه‌، ئه‌مڕۆ بڕۆ له‌ ڕه‌زه‌كه‌مدا كار بكه‌. وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: ناڕۆم. پاشان په‌شیمان بووه‌وه‌ و ڕۆیشت. هاته‌ لای دووه‌م و هه‌مان قسه‌ی كرد. وه‌ڵامی دایه‌وه‌: به‌سه‌رچاو، گه‌وره‌م! به‌ڵام نه‌ڕۆیشت. ئایا كام له‌م دووانه‌ به‌ خواستی باوكیان كرد؟” وتیان: “یه‌كه‌میان”. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: باجگران و داوێنپیسان له‌ چوونه‌ نێو پاشایه‌تیی خودا پێشتان ده‌كه‌ون. چونكه‌ یوخه‌ننه‌ن به‌ ڕێگای ڕه‌وا بۆ لاتان هات و باوه‌ڕتان پێی نه‌هێنا، به‌ڵام باجگران و داوێنپیسان باوه‌ڕیان پێی هێنا. دواتر كه‌ بینیشتان، هه‌ر تۆبه‌تان نه‌كرد و باوه‌ڕتان پێی نه‌هێنا”. “گوێ له‌ په‌ندێكی دیكه‌ بگرن: گه‌وره‌ی ماڵێک هه‌بوو ڕه‌زێكی چاند، ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی په‌رژین كرد، گوشێنه‌رێكی ترێی تێدا هه‌ڵكۆڵی و قوللـه‌یه‌كی بنیاد نا. به‌ ڕه‌زه‌وانانی سپارد و گه‌شتی كرد. كاتێ وه‌رزی به‌رهه‌م نزیک بووه‌وه‌، كۆیله‌كانی نارده‌ لای ڕه‌زه‌وانه‌كان تاكو به‌رهه‌مه‌كه‌ی وه‌ربگرن. ڕه‌زه‌وانه‌كان كۆیله‌كانیان گرت، له‌ هه‌ندێكیان دا و هه‌ندێكیان كوشت و هه‌ندێكیشیان به‌ردباران كرد. دیسان كۆیله‌ی زیاتری له‌وانه‌ی پێشوو نارد، هه‌مان شتیان له‌وانیش كرد. له‌ كۆتاییدا كوڕه‌كه‌ی بۆ لایان نارد، وتی: ڕێزی كوڕه‌كه‌م ده‌گرن! به‌ڵام ڕه‌زه‌وانه‌كان كه‌ كوڕه‌كه‌یان بینی له‌نێو خۆیاندا وتیان: ئه‌مه‌تا میراتگر!، با بیكوژین، تاكو میراته‌كه‌ی ببه‌ین! ئینجا گرتییان و بردیانه‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌زه‌كه‌ و كوشتیان. كاتێ خاوه‌ن ڕه‌زه‌كه‌ دێت، چی له‌و ڕه‌زه‌وانانه‌ ده‌كات؟” پێیان وت: “ئه‌و به‌دكارانه‌ به‌ خراپی له‌ناوده‌بات و ڕه‌زه‌كه‌ش ده‌داته‌ ده‌ست ڕه‌زه‌وانانی دیكه‌، ئه‌وانه‌ی له‌ وه‌رزی خۆی به‌رهه‌می ده‌ده‌نێ”. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “قه‌ت له‌ په‌رتووكه‌كاندا نه‌تانخوێندۆته‌وه‌: {ئه‌و به‌رده‌ی بنیادنه‌ران ڕه‌تیان كرده‌وه‌ بووه‌ به‌ردی قولینچک؟ ئه‌مه‌ له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاره‌وه‌ بوو، له‌به‌رچاومان سه‌یره‌؟} بۆیه‌ پێتان ده‌ڵێم: پاشایه‌تیی خودا لێتان ده‌سه‌نرێته‌وه‌ و ده‌درێته‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ک كه‌ به‌رهه‌م ده‌دات. ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌م به‌رده‌دا بكه‌وێت تێكده‌شكێت، ئه‌وه‌ش كه‌ به‌سه‌ریدا بكه‌وێت پانی ده‌كاته‌وه‌!”. كاتێ كاهینانی باڵا و په‌ڕیشییه‌كان په‌نده‌كانیان بیست، زانییان باسی ئه‌وان ده‌كات. بۆیه‌ ده‌یانویست بیگرن، به‌ڵام له‌ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ ترسان، چونكه‌ به‌ پێغه‌مبه‌ریان داده‌نا. ئیشۆع دیسان به‌ په‌ند قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردن و فه‌رمووی: “پاشایه‌تی ئاسمانان له‌ پاشایه‌ک ده‌چێت كه‌ زه‌ماوه‌ندی بۆ كوڕه‌كه‌ی گێڕا. كۆیله‌كانی نارد تاكو بانگكراوان بۆ زه‌ماوه‌نده‌كه‌ بانگهێشت بكه‌ن، به‌ڵام نه‌یانویست بێن. دیسان كۆیله‌ی دیكه‌ی نارد و وتی: به‌ بانگكراوان بڵێن، ئه‌وه‌تا شێوم ئاماده‌ كردووه‌، گا و دابه‌ستییه‌كانیشم سه‌ربڕیوه‌ و هه‌موو شتێک ئاماده‌یه‌. وه‌رنه‌ زه‌ماوه‌نده‌كه‌! به‌ڵام گوێیان پێ نه‌دا و ڕۆیشتن، یه‌كێک بۆ كێڵگه‌كه‌ی و ئه‌وی دیكه‌ بۆ بازرگانییه‌كه‌ی. ئه‌وانی دیكه‌ كۆیله‌كانیان گرت و جنێویان پێ دان و كوشتیانن. كاتێ پاشا ئه‌وه‌ی بیست تووڕه‌ بوو، سه‌ربازه‌كانی نارد و ئه‌و بكوژانه‌ی له‌ناوبرد و شاره‌كه‌ی سووتاندن. ئینجا به‌ كۆیله‌كانی وت: زه‌ماوه‌ند ئاماده‌یه‌، به‌ڵام بانگكراوه‌كان شایسته‌ نه‌بوون، كه‌واته‌ بڕۆنه‌ سه‌ر ڕێگاكان و ئه‌وه‌ی بینیتان بۆ زه‌ماوه‌نده‌كه‌ بانگی بكه‌ن. ئه‌و كۆیلانه‌ش ده‌رچوونه‌ سه‌ر ڕێگاكان و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ چاک و ناچاک بینییان كۆیان كردنه‌وه‌، تاكو زه‌ماوه‌نده‌كه‌ پڕ بوو له‌ میوان. كاتێ پاشا هاته‌ ژووره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی میوانه‌كان ببینێت، له‌وێ یه‌كێكی بینی جلی زه‌ماوه‌ندی نه‌پۆشابوو. پێی وت: كاكه‌، چۆن بێ جلی زه‌ماوه‌ند هاتیته‌ ژووره‌وه‌؟ ئه‌و بێده‌نگ بوو. ئینجا پاشا به‌ ڕاژه‌وانانی وت: ده‌ست و قاچی ببه‌ستنه‌وه‌ و بیبه‌ن، فڕێیبده‌نه‌ تاریكی ده‌ره‌وه‌، جا گریان و جیڕه‌ی ددان له‌وێ ده‌بێت. چونكه‌ بانگكراو زۆرن، به‌ڵام بژارده‌ كه‌من”. ئینجا په‌ڕیشییه‌كان ڕۆیشتن و ڕاوێژیانكرد تاكو به‌ وشه‌یه‌ک تووشی بكه‌ن. قوتابییه‌كانی خۆیان و هیڕوودسییه‌كانیان نارده‌ لای و وتیان: “ڕابی، ده‌زانین تۆ ڕاستگۆیت و ڕێگای خودا به‌ ڕه‌وا فێرده‌كه‌یت و گوێ به‌ كه‌س ناده‌یت، چونكه‌ ته‌ماشای ڕواڵه‌تی خه‌ڵک ناكه‌یت. كه‌واته‌ پێمان بفه‌رموو ڕات چییه‌: دروسته‌ سه‌رانه‌ بده‌ینه‌ قه‌یسه‌ڕ یان نا؟” ئیشۆع به‌ نیازی خراپیانی زانی و فه‌رمووی: “ئه‌ی ڕووپاماكان، بۆچی تاقیم ده‌كه‌نه‌وه‌؟ پاره‌ی سه‌رانه‌م پیشان بده‌ن”. ئه‌وانیش دینارێكیان بۆ هێنا. پێی فه‌رموون: “ئه‌م وێنه‌ و نووسینه‌ هی كێیه‌؟” پێیان وت: “قه‌یسه‌ڕ”. ئینجا پێی فه‌رموون: “هی قه‌یسه‌ڕ بده‌نه‌ قه‌یسه‌ڕ، هی خوداش بده‌نه‌ خودا”. كه‌ گوێیان لێبوو سه‌رسام بوون و به‌جێیان هێشت و ڕۆیشتن. له‌ هه‌مان ڕۆژدا زادوقییه‌كان هاتنه‌ لای، كه‌ ده‌ڵێن هه‌ستانه‌وه‌ نییه‌، پرسیان لێكرد: وتیان: “ڕابی، مووشێ فه‌رمووی، ئه‌گه‌ر پیاوێكی وجاخكوێر مرد، ئه‌وا براكه‌ی براژنه‌كه‌ی ده‌خوازێته‌وه‌ و وه‌چه‌ بۆ براكه‌ی ده‌خاته‌وه‌. جا له‌لای ئێمه‌ حه‌وت برا هه‌بوون، یه‌كه‌میان ژنی هێنا و به‌ وجاخكوێری مرد و ژنه‌كه‌ی بۆ براكه‌ی به‌جێهێشت، به‌ هه‌مان شێوه‌ دووه‌م و سێیه‌م تاكو حه‌وته‌م. له‌دوای هه‌موویان ژنه‌كه‌ش مرد. ئایا له‌ هه‌ستانه‌وه‌دا ده‌بێته‌ ژنی كام له‌و حه‌وته‌؟ چونكه‌ هی هه‌موویان بووه‌!” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “ئێوه‌ گومڕا ده‌بن كه‌ نه‌ له‌ په‌رتووكه‌كان ده‌زانن و نه‌ هێزی خودا. چونكه‌ له‌ هه‌ستانه‌وه‌دا خه‌ڵكی نه‌ ژن ده‌هێنن و نه‌ مێرد ده‌كه‌ن، به‌ڵكو له‌ ئاسماندا وه‌ک فریشته‌ی خودا ده‌بن. ده‌رباره‌ی هه‌ستانه‌وه‌ی مردووانیش، ئایا ئه‌وه‌تان نه‌خوێندۆته‌وه‌ كه‌ له‌ خوداوه‌ به‌ ئێوه‌ وتراوه‌ و ده‌فه‌رمووێ: {منم خوداوه‌ندی ئه‌وڕاهه‌م و خوداوه‌ندی ئسخه‌ق و خوداوه‌ندی یاقوو؟} خودا خوداوه‌ندی مردووان نییه‌، به‌ڵكو خوداوه‌ندی زیندووانه‌”. كاتێ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ گوێیان لێیبوو، له‌ ئامۆژگارییه‌كه‌ی سه‌رسام بوون. به‌ڵام په‌ڕیشییه‌كان بیستیان كه‌ زادوقییه‌كانی بێده‌نگ كردووه‌، پێكه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌. یه‌كێكیان ته‌وراتناس بوو، پرسی لێكرد تاكو تاقیی بكاته‌وه‌ وتی: “ڕابی، چ ڕاسپارده‌یه‌ک مه‌زنترینی ته‌وراته‌؟” ئیشۆع پێی فه‌رموو: “په‌روه‌ردگاری خوداوه‌ندت به‌ هه‌موو دڵ و هه‌موو ده‌روون و هه‌موو بیرته‌وه‌ خۆشبووێ. ئه‌مه‌ مه‌زنترین و یه‌كه‌م ڕاسپارده‌یه‌. دووه‌میشیان وه‌ک ئه‌و وایه‌: نزیكه‌كه‌ت وه‌ک خۆت خۆشبووێ. هه‌موو ته‌ورات و پێغه‌مبه‌ران به‌م دوو ڕاسپارده‌یه‌وه‌ به‌ندن”. كاتێ په‌ڕیشییه‌كان كۆببوونه‌وه‌، ئیشۆع لێی پرسین: فه‌رمووی: “ده‌رباره‌ی مه‌سیح چی ده‌ڵێن، ڕۆڵه‌ی كێیه‌؟” پێیان وت: “ڕۆڵه‌ی داویده‌”. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “كه‌واته‌، چۆن داوید له‌ ڕووحدا پێی ده‌ڵێ په‌روه‌ردگار؟ كه‌ ده‌ڵێ: {په‌روه‌ردگار به‌ په‌روه‌ردگارمی فه‌رموو: له‌لای ڕاستم دانیشه‌ تاكو دوژمنانت بخه‌مه‌ ژێر پێت}. ئه‌گه‌ر داوید پێی بڵێ په‌روه‌ردگار، ئیتر چۆن ڕۆڵه‌ی ئه‌وه‌؟” جا كه‌سیان نه‌یتوانی به‌ وشه‌یه‌كیش وه‌ڵامی بداته‌وه‌، له‌و ڕۆژه‌شه‌وه‌ هه‌رگیز كه‌س نه‌یوێرا هیچی دیكه‌ی لێ بپرسێت. ئینجا ئیشۆع به‌ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ و قوتابییه‌كانی خۆی فه‌رموو: ته‌وراتزان و په‌ڕیشییه‌كان له‌سه‌ر ته‌ختی مووشێ دانیشتن. بۆیه‌ هه‌رچییه‌كتان پێ ده‌ڵێن بیكه‌ن و ڕایبگرن، به‌ڵام به‌ كرداری ئه‌وان مه‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌وان ده‌ڵێن و نایكه‌ن. باری قورس كه‌ هه‌ڵناگیرێت، ده‌یپێچنه‌وه‌ و ده‌یخه‌نه‌ سه‌ر شانی خه‌ڵكی، به‌ڵام خۆیان نایانه‌وێت به‌ په‌نجه‌ش بیجووڵێنن. هه‌موو كرداره‌كانیان بۆ ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵكی بیانبینن، به‌ پانكردنی نوشته‌كانیان و گه‌وره‌كردنی گوڵینگی ڕیشاڵه‌كانیان. حه‌زده‌كه‌ن له‌ میوانداری له‌لای سه‌ره‌وه‌ و له‌ كه‌نیشته‌كانیش ڕیزی پێشه‌وه‌ دابنیشن، له‌ بازاڕیشدا سڵاویان لێ بكرێت و خه‌ڵک به‌ ڕابی بانگیان بكه‌ن! به‌ڵام با ئێوه‌ به‌ ڕابی بانگ نه‌كرێن، چونكه‌ ته‌نها یه‌ک ڕابیتان هه‌یه‌ كه‌ مه‌سیحه‌ و ئێوه‌ش هه‌موو بران. كه‌سیش له‌سه‌ر زه‌وی به‌ باوک بانگ مه‌كه‌ن، چونكه‌ یه‌ک باوكتان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی له‌ ئاسماناندایه‌. به‌ ڕابی بانگ نه‌كرێن، چونكه‌ یه‌ک ڕابیتان هه‌یه‌، ئه‌ویش مه‌سیحه‌. با گه‌وره‌ترینتان ڕاژه‌وانتان بێت. ئه‌وه‌ی خۆی به‌رز بكات نزم ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش خۆی نزم بكات به‌رز ده‌كرێته‌وه‌. به‌ڵام وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی ته‌وراتزان و په‌ڕیشییانی ڕووپاما! چونكه‌ پاشایه‌تیی ئاسمانان له‌ڕووی خه‌ڵک داده‌خه‌ن، نه‌ خۆتان ده‌چنه‌ ژووره‌وه‌ و نه‌ ده‌هێڵن ئه‌وانه‌ی ده‌چنه‌ ژووره‌وه‌ بچنه‌ ژووره‌وه‌. وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی ته‌وراتزان و په‌ڕیشییانی ڕووپاما! ماڵی بێوه‌ژن ده‌خۆن، بۆ ده‌رخستنیش نوێژ درێژ ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ سزاتان مه‌زنتره‌. وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی ته‌وراتزان و په‌ڕیشییانی ڕووپاما! ده‌ریا و وشكایی ده‌گه‌ڕێن تاكو یه‌كێک بكه‌نه‌ جوو، كه‌ بوو، ئه‌وسا دوو ئه‌وه‌نده‌ی خۆتان ده‌یكه‌نه‌ ڕۆڵه‌ی دۆزه‌خ. وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی ڕابه‌ره‌ كوێره‌كان! ده‌ڵێن: ئه‌وه‌ی سوێند به‌ په‌رستگا بخوات، هیچ نییه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی سوێند به‌ زێڕی په‌رستگا بخوات، ئه‌وا پابه‌نده‌. ئه‌ی نه‌زان و كوێرینه‌! كامیان مه‌زنتره‌، زێڕه‌كه‌! یان په‌رستگا كه‌ زێڕه‌كه‌ پارسا ده‌كات؟ هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی سوێند به‌ قوربانگا بخوات، هیچ نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سوێند به‌ قوربانییه‌كه‌ی سه‌ری بخوات، ئه‌وا پابه‌نده‌. ئه‌ی نه‌زان و كوێرینه‌! كامیان مه‌زنتره‌، قوربانی! یان قوربانگا كه‌ قوربانییه‌كه‌ پارسا ده‌كات؟ بۆیه‌ ئه‌وه‌ی سوێند به‌ قوربانگا ده‌خوات، ئه‌وا سوێند به‌و ده‌خوات و به‌ هه‌موو ئه‌وه‌ش كه‌ له‌سه‌ریه‌تی! ئه‌وه‌ی سوێند به‌ په‌رستگا ده‌خوات، ئه‌وا سوێند به‌و ده‌خوات و به‌ ئه‌وه‌ش كه‌ تیایدا نیشته‌جێیه‌. ئه‌وه‌ی سوێند به‌ ئاسمان ده‌خوات، ئه‌وا سوێند به‌ ته‌ختی خودا ده‌خوات و به‌وه‌ش كه‌ له‌سه‌ری دانیشتووه‌. وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی ته‌وراتزان و په‌ڕیشییانی ڕووپاما! چونكه‌ ده‌یه‌كی پونگ و شبیت و زیره‌ ده‌ده‌ن و گرنگترینی ته‌وراتتان پشتگوێ خستووه‌: ڕه‌وا و به‌زه‌یی و باوه‌ڕ، پێویست بوو ئه‌مانه‌ بكه‌ن و ئه‌وانه‌ش پشتگوێ نه‌خه‌ن. ئه‌ی ڕابه‌ره‌ كوێره‌كان! ئێوه‌ مێشووله‌ ده‌پاڵێون، به‌ڵام وشتر قووت ده‌ده‌ن. وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی ته‌وراتزان و په‌ڕیشییانی ڕووپاما! چونكه‌ ده‌ره‌وه‌ی جام و قاپ پاک ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ناوه‌كه‌ی پڕه‌ له‌ چڵێسی و به‌ڕه‌ڵایی. ئه‌ی په‌ڕیشیی كوێر! یه‌كه‌مجار نێو جام پاک بكه‌وه‌، تاكو ده‌ره‌وه‌شی پاک بێته‌وه‌. وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی ته‌وراتزان و په‌ڕیشییانی ڕووپاما! چونكه‌ ئێوه‌ له‌ گۆڕی سپیكراو ده‌چن، كه‌ به‌ ڕواڵه‌ت جوان دیاره‌، به‌ڵام ناوه‌وه‌ی پڕه‌ له‌ ئێسقانی مردووان و هه‌موو گڵاوییه‌ک. ئێوه‌ش ئاوان، به‌ ڕواڵه‌ت له‌لای خه‌ڵک خوداناسن، به‌ڵام ناوه‌وه‌تان پڕه‌ له‌ ڕووپامایی و تاوان. وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی ته‌وراتزان و په‌ڕیشییانی ڕووپاما! چونكه‌ ئێوه‌ گۆڕی پێغه‌مبه‌ران هه‌ڵده‌به‌ستن و ئارامگای پیاوچاكان ده‌ڕازێننه‌وه‌ و ده‌ڵێن: ئه‌گه‌ر له‌ سه‌رده‌می باوباپیراندا بژیاینایه‌، له‌ خوێنی پێغه‌مبه‌ران به‌شداریان نه‌ده‌بووین. ئێوه‌ گه‌واهی له‌سه‌ر خۆتان ده‌ده‌ن كه‌ ڕۆڵه‌ی پێغه‌مبه‌ر كوژانن. جا ئێوه‌ پێوانه‌ی باوباپیرانتان پڕ بكه‌ن. ئه‌ی مارینه‌! بێچوی كۆره‌ماران! چۆن له‌ حوكمی دۆزه‌خ هه‌ڵدێن؟ بۆیه‌ ئه‌وه‌تا پێغه‌مبه‌ر و دانا و ته‌وراتزانتان بۆ ده‌نێرم. لێیان ده‌كوژن و له‌خاچیان ده‌ده‌ن، له‌ كه‌نیشته‌كانتان به‌ر قامچییان ده‌ده‌ن و له‌ شارێكه‌وه‌ بۆ شارێكی دیكه‌ قاویان ده‌ده‌ن. بۆیه‌ هه‌موو خوێنێكی پێگه‌رد كه‌ له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییه‌دا ڕژاوه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆتان، له‌ خوێنی هاویلی بێتاوانه‌وه‌ تاكو خوێنی زخه‌ریای كوڕی بڕخیا، كه‌ له‌نێوان قوربانگا و په‌رستگادا كوشتتان. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئۆباڵی هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ئه‌م نه‌وه‌یه‌! یروشلایم، یروشلایم! بكوژی پێغه‌مبه‌ران و به‌ردبارانكاری په‌یامبه‌رانت، چه‌ند جار ویستم ڕۆڵه‌كانت كۆبكه‌مه‌وه‌، وه‌ک مریشک جوجه‌ڵه‌كانی له‌ ژێر باڵیدا كۆده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام نه‌تانویست! ئه‌وه‌تا ماڵه‌كه‌تان به‌ وێرانی بۆ ده‌مێنێت! چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم، ئه‌وه‌تا نامبیننه‌وه‌، تا ده‌ڵێن: {پیرۆزه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ دێت}!”. ئیشۆع له‌ په‌رستگا ده‌رچوو و ڕۆیشت، قوتابییه‌كانی هاتنه‌ لای تاكو ته‌لاره‌كانی په‌رستگای پیشان بده‌ن. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌بینن؟ ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: لێره‌ به‌ردی به‌سه‌ر به‌ردیه‌وه‌ نامێنێت كه‌ نه‌ڕوخێت!”. كاتێ له‌سه‌ر كێوی زه‌یتوون دانیشتبوو، قوتابییه‌كان به‌ته‌نها هاتنه‌ لای و وتیان: “پێمان بفه‌رموو كه‌ی ئه‌مانه‌ ده‌بێت؟ نیشانه‌ی هاتنه‌وه‌ت و به‌سه‌رچوونی ڕۆژگار چییه‌؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “ئاگاداربن! كه‌س گومڕاتان نه‌كات. چونكه‌ زۆر كه‌س به‌ ناوی منه‌وه‌ دێن و ده‌ڵێن: من مه‌سیحم! زۆر كه‌سیش گومڕا ده‌كه‌ن. جه‌نگ و هه‌واڵی جه‌نگیش ده‌بیستن، وریابن، مه‌تۆقن. چونكه‌ ده‌بێت هه‌موو ئه‌مانه‌ ڕووبده‌ن، به‌ڵام هێشتا پایان نییه‌. چونكه‌ نه‌ته‌وه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ ڕاست ده‌بێته‌وه‌ و پاشایه‌تی له‌ پاشایه‌تی، برسیێتی و بوومه‌له‌رزه‌ش له‌ شوێنی جیاجیا ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌مانه‌ هه‌مووی سه‌ره‌تای ژانه‌كانن‌. ئینجا بۆ چه‌وسانه‌وه‌ ڕاده‌ستتان ده‌كه‌ن و ده‌تانكوژن، هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان له‌پێناوی ناوی من ڕقیان لێتان ده‌بێته‌وه‌. ئه‌و كاته‌ زۆركه‌س ساتمه‌ده‌كه‌ن و یه‌كتری ڕاده‌ست ده‌كه‌ن و ڕقیان له‌ یه‌كتر ده‌بێته‌وه‌. زۆر پێغه‌مبه‌ری درۆزن ده‌رده‌كه‌ون، زۆركه‌س گومڕا ده‌كه‌ن. له‌به‌ر زۆربوونی تاوان، خۆشویستنی زۆركه‌س سارد ده‌بێته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی تا پایان دانبه‌خۆیدا بگرێت، ڕزگاری ده‌بێت. ئه‌م ئینجیلی پاشایه‌تییه‌ش له‌ هه‌موو جیهاندا ڕاده‌گه‌یه‌نرێت، وه‌ک گه‌واهییه‌ک بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان، ئینجا پایانه‌كه‌ دێت. بۆیه‌ كاتێ ده‌بینن گڵاویی وێرانی له‌ شوێنی پارسادا ڕاوه‌ستاوه‌، ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ر دانیئیل باسی كردووه‌ ـ با خوێنه‌ر تێبگات ـ ئینجا با ئه‌وانه‌ی له‌ ئیهووددان بۆ چیاكان هه‌ڵبێن، ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ربانه‌ با نه‌یه‌ته‌ خواره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شتێک له‌ ماڵه‌وه‌ ببات. ئه‌وه‌ش له‌ كێڵگه‌دایه‌ با نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ دواوه‌ بۆئه‌وه‌ی جله‌كه‌ی ببات. له‌و ڕۆژانه‌دا وه‌ی به‌حاڵی دووگیان و شیرده‌ران! نوێژ بكه‌ن با هه‌ڵاتنتان له‌ زستان یان له‌ شه‌ممه‌دا نه‌بێت. چونكه‌ له‌وكاتدا ته‌نگانه‌یه‌كی مه‌زن ڕووده‌دات، كه‌ له‌ سه‌ره‌تای جیهانه‌وه‌ تا ئێستا ئاوا نه‌بووه‌ و نابێت. ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕۆژانه‌ كورت نه‌كرابوونایه‌وه‌، كه‌س ڕزگاری نه‌ده‌بوو. به‌ڵام له‌ پێناوی بژارده‌كان، ئه‌و ڕۆژانه‌ كورت ده‌كرێنه‌وه‌. ئه‌وسا ئه‌گه‌ر یه‌كێک پێی وتن: ئه‌وه‌تا مه‌سیح لێره‌یه‌! یان: ئه‌وه‌تا له‌وێیه‌! باوه‌ڕ مه‌كه‌ن. چونكه‌ مه‌سیحانی درۆزن و پێغه‌مبه‌رانی درۆزن ده‌رده‌كه‌ون، نیشانه‌ی مه‌زن و په‌رجو ده‌كه‌ن، تا ئه‌گه‌ر بكرێ ته‌نانه‌ت بژارده‌كانیش گومڕا ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌تا پێشوه‌خت پێم وتن. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر پێیان وتن: ئه‌وه‌تا له‌ چۆڵه‌وانییه‌! ده‌رنه‌چن، ئه‌وه‌تا له‌ ژووره‌كانی ناوه‌وه‌یه‌! باوه‌ڕ مه‌كه‌ن. چونكه‌ چۆن بروسكه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاته‌وه‌ ده‌رده‌چێت و تاكو خۆرئاوا ده‌دره‌وشێته‌وه‌، هاتنه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش ئاوا ده‌بێت. لاک له‌كوێ بێت، داڵ له‌وێ كۆده‌بێته‌وه‌. یه‌كسه‌ر دوای ته‌نگانه‌ی ئه‌و ڕۆژانه‌، خۆر تاریک ده‌بێت، مانگ ڕووناكییه‌كه‌ی نادات، ئه‌ستێره‌كان له‌ ئاسمان ده‌كه‌ون، هێزه‌كانی ئاسمانان ده‌هه‌ژێن. له‌و كاته‌ نیشانه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌ ئاسماندا ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وسا هه‌موو هۆزه‌كانی زه‌وی شیوه‌ن ده‌گێڕن، ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بینن به‌سه‌ر هه‌وری ئاسماندا به‌ هێز و شكۆیه‌كی مه‌زنه‌وه‌ دێت. فریشته‌كانی به‌ كه‌ڕه‌نایه‌كی مه‌زنه‌وه‌ ده‌نێرێ، بژارده‌كانی له‌ چوار باكه‌ كۆده‌كه‌نه‌وه‌، له‌مسه‌ری ئاسمانانه‌وه‌ تا ئه‌وسه‌ری. له‌ دارهه‌نجیره‌وه‌ په‌ند وه‌رگرن: كاتێ لقه‌كانی نه‌رم بوون و گه‌ڵایان كرد، ده‌زانن هاوین نزیكه‌. به‌ هه‌مان شێوه‌، ئێوه‌ش كه‌ هه‌موو ئه‌م شتانه‌تان بینی، بزانن نزیكه‌ و له‌به‌رده‌رگایه‌. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌م نه‌وه‌یه‌ به‌سه‌رناچێت تاكو ئه‌مانه‌ هه‌مووی ده‌بێت. ئاسمان و زه‌وی به‌سه‌رده‌چن، به‌ڵام وشه‌كانم به‌سه‌رناچن. ئه‌و ڕۆژ و كاته‌ كه‌س نایزانێت، ته‌نانه‌ت فریشته‌كانی ئاسمانانیش، ته‌نها باوكم نه‌بێ. ڕۆژانی نووخ چۆن بوو، هاتنه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش ئاوا ده‌بێت. چونكه‌ وه‌ک له‌ ڕۆژانی پێش لافاوه‌كه‌ ده‌یانخوارد و ده‌یانخوارده‌وه‌، ژنیان ده‌هێنا و مێردیان ده‌كرد، هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ی نووخ چووه‌ نێو كه‌شتییه‌كه‌، نه‌یانزانی تاكو لافاوه‌كه‌ هات و هه‌مووی برد. هاتنه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش ئاوا ده‌بێت. له‌و كاته‌دا دوو كه‌س له‌ كێڵگه‌ ده‌بن، یه‌كیان ده‌بردرێت و ئه‌وی دیكه‌ به‌جێ ده‌هێڵدرێ. دوو ژن ده‌ستاڕ ده‌گێڕن، یه‌كیان ده‌بردرێت و ئه‌وی دیكه‌ به‌جێ ده‌هێڵدرێ. كه‌واته‌ بێدار بن، چونكه‌ نازانن له‌ چ كاتێكدا په‌روه‌ردگارتان دێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش بزانن: ئه‌گه‌ر خاوه‌ن ماڵ بزانێت له‌ چ به‌تڵێكدا دز دێته‌ سه‌ری، بێدار ده‌بێت و نایه‌ڵێت ماڵه‌كه‌ی ببڕدرێت. بۆیه‌ ئێوه‌ش ئاماده‌ بن، چونكه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌ كاتێكدا دێته‌وه‌ كه‌ بیری لێ ناكه‌نه‌وه‌. كه‌واته‌ كێیه‌ ئه‌و كۆیله‌ ده‌ستپاک و دانایه‌ی گه‌وره‌كه‌ی له‌سه‌ر ڕاژه‌وانانی خۆی دایناوه‌، تاكو له‌ كاتی خۆیدا خواردنیان بداتێ؟ به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و كۆیله‌یه‌ كاتێ گه‌وره‌كه‌ی دێته‌وه‌ ده‌بینێت ئاوا ده‌كات! ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: به‌سه‌ر هه‌موو ماڵه‌كه‌یدا دایده‌نێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆیله‌ خراپه‌ له‌ دڵی خۆیدا بڵێ: گه‌وره‌كه‌م دواده‌كه‌وێت، ئینجا ده‌ستبكات به‌ لێدانی كۆیله‌ هاوكاره‌كانی و له‌گه‌ڵ سه‌رخۆشان بخوات و بخواته‌وه‌. ئه‌وسا گه‌وره‌ی ئه‌و كۆیله‌یه‌ له‌ ڕۆژێكدا دێته‌وه‌ كه‌ مه‌زه‌نده‌ی ناكات و له‌ كاژێرێک كه‌ نایزانێت. ئینجا پارچه‌ پارچه‌ی ده‌كات و به‌شی له‌گه‌ڵ ڕووپاماكاندا داده‌نێت، گریان و جیڕه‌ی ددانیش له‌وێدا ده‌بێت. له‌و كاته‌دا پاشایه‌تیی ئاسمانان وه‌ک ده‌ پاكیزه‌ ده‌بێ، چرایان برتبێ و به‌ره‌و پیری زاوا ده‌رچن. پێنج له‌وان دانا بوون، پێنجیش گێل. گێله‌كان چراكانیان برد و زه‌یتیان له‌گه‌ڵ خۆیان نه‌برد. به‌ڵام داناكان له‌گه‌ڵ چراكانیان زه‌یتیان له‌نێو گۆزه‌دا برد. كاتێ زاوا دواكه‌وت، هه‌موو خه‌ویان هات و نووستن. له‌ نیوه‌ شه‌ودا هاوار كرا: ئه‌وه‌تا زاوا هات، به‌ره‌وپیری ده‌رچن! هه‌موو ئه‌و پاكیزانه‌ش هه‌ستان و چراكانیان ئاماده‌ كرد. گێله‌كان به‌ داناكانیان وت: له‌ زه‌یته‌كه‌ی خۆتان به‌شمان بده‌ن، چونكه‌ چراكانمان ده‌كوژێته‌وه‌! جا داناكان وه‌ڵامیان دانه‌وه‌: له‌وانه‌یه‌ به‌شی ئێمه‌ و ئێوه‌ نه‌كات. چاكتره‌ بچنه‌ لای فرۆشیاران و بۆ خۆتان بكڕن. كه‌ ئه‌وان بۆ كڕین چوون، زاوا هات، ئه‌وانه‌ی بۆ زه‌ماوه‌نده‌كه‌ ئاماده‌بوون، له‌گه‌ڵی چوونه‌ ژووره‌وه‌ و ده‌رگا داخرا. پاشان پاكیزه‌كانی دیكه‌ش هاتن و وتیان: گه‌وره‌م، گه‌وره‌م! ده‌رگامان بۆ بكه‌وه‌! وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم، من ناتانناسم. كه‌واته‌ بێداربن، چونكه‌ نه‌ ڕۆژ و نه‌ كاتی هاتنی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ نازانن. وه‌ هه‌ر وه‌ک پیاوێک گه‌شت بكات، كۆیله‌كانی بانگ ده‌كات و موڵكه‌كه‌ی خۆی ڕاده‌ستیان ده‌كات. پێنج تالنتی دا یه‌كێكیان و ئه‌وی دیكه‌ دوو تالنت و سێیه‌میش یه‌ک تالنت. هه‌ریه‌كه‌ به‌گوێره‌ی توانای خۆی، یه‌كسه‌ریش چووه‌ گه‌شت. ئه‌وه‌ی پێنج تالنته‌كه‌ی وه‌رگرت، ڕۆیشت و بازرگانیی پێ كرد، پێنج تالنتی دیكه‌شی قازانج كرد. به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌وه‌ی دوو تالنته‌كه‌ش، دوو تالنتی دیكه‌ی قازانج كرد. به‌ڵام ئه‌وه‌ی یه‌ک تالنته‌كه‌ی وه‌رگرت، ڕۆیشت و چاڵێكی له‌ زه‌ویدا هه‌ڵكه‌ند و زیوی گه‌وره‌كه‌ی شارده‌وه‌. دوای ماوه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ی ئه‌و كۆیلانه‌ دێت و لێیان ده‌پرسێته‌وه‌. ئه‌وه‌ی پێنج تالنته‌كه‌ی وه‌رگرت، دێت و پێنج تالنتی دیكه‌ش ده‌هێنێت و ده‌ڵێت: گه‌وره‌م، پێنج تالنتت دامێ، ئه‌وه‌تا پێنج تالنتی دیكه‌م قازانج كردووه‌. گه‌وره‌كه‌ی پێی وت: ئافه‌رم ئه‌ی كۆیله‌ی چاک و ده‌ستپاک! له‌ كه‌م ده‌ستپاک بوویت، زۆرت پێ ده‌سپێرم. وه‌ره‌ ژووره‌وه‌ بۆ خۆشیی گه‌وره‌كه‌ت. ئینجا ئه‌وه‌ی دوو تالنته‌كه‌ هات و وتی: گه‌وره‌م، دوو تالنتت دامێ، ئه‌وه‌تا دوو تالنتی دیكه‌م قازانج كردووه‌. گه‌وره‌كه‌ی پێی وت: ئافه‌رم كۆیله‌ی چاک و ده‌ستپاک! له‌ كه‌م ده‌ستپاک بوویت، زۆرت پێ ده‌سپێرم. وه‌ره‌ ژووره‌وه‌ بۆ خۆشیی گه‌وره‌كه‌ت. ئینجا ئه‌وه‌ی یه‌ک تالنته‌كه‌ی وه‌رگرتبوو هات و وتی: گه‌وره‌م، زانیم تۆ پیاوێكی دڵڕه‌قی، شوێنێک ده‌درویته‌وه‌ كه‌ تۆوت نه‌كردووه‌، له‌ شوێنێک كۆده‌كه‌یته‌وه‌ كه‌ شه‌نه‌بات نه‌كردووه‌. جا ترسام و چووم تالنته‌كه‌تم له‌نێو زه‌ویدا شارده‌وه‌. ئا ئه‌وه‌ ماڵه‌كه‌ته‌. گه‌وره‌كه‌ی وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: ئه‌ی كۆیله‌ی به‌دكار و ته‌مبه‌ڵ! كه‌ زانیت من دروێنه‌ له‌و شوێنه‌ ده‌كه‌م كه‌ تۆوم نه‌كردووه‌، له‌وه‌ كۆده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ شه‌نه‌بام نه‌كردووه‌، ده‌بووایه‌ زیوه‌كه‌مت له‌لای پاره‌گۆره‌وه‌كانت دابنایه‌، له‌ گه‌ڕانه‌وه‌مدا ئه‌وه‌ی هی منه‌ له‌گه‌ڵ سووده‌كه‌ی وه‌رمده‌گرته‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌و تالنته‌ی لێ بسه‌ننه‌وه‌ و بیده‌نه‌ ئه‌وه‌ی ده‌ تالنته‌كه‌ی پێیه‌. چونكه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یبێت، پێی ده‌درێت و زیاد ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نه‌یبێت، ئه‌وه‌ی هه‌شیه‌تی لێی ده‌سه‌نرێته‌وه‌. كۆیله‌ بێ سووده‌كه‌ش فڕێبده‌نه‌ تاریكی ده‌ره‌وه‌، گریان و جیڕه‌ی ددانیش له‌وێ ده‌بێت. كاتێ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ به‌ شكۆی خۆی دێته‌وه‌ و هه‌موو فریشته‌ پارساكانیش له‌گه‌ڵیدان، ئه‌وسا له‌سه‌ر ته‌ختی شكۆی خۆی داده‌نیشێت. هه‌موو گه‌لان له‌به‌رده‌می كۆده‌بنه‌وه‌ و ئه‌ویش له‌ یه‌كتریان جیا ده‌كاته‌وه‌، وه‌ک شوان كاوڕ له‌ بزن جیا ده‌كاته‌وه‌. جا كاوڕه‌كان له‌لای ڕاستی خۆی ڕاده‌گرێت و بزنه‌كانیش له‌لای چه‌پ. ئینجا پاشا به‌وانه‌ی لای ڕاستیه‌وه‌ن ده‌ڵێ: وه‌رن ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوكم داڕشتی پێدان، ببنه‌ میراتگری ئه‌و پاشایه‌تیه‌ كه‌ له‌ دامه‌زراندنی جیهانه‌وه‌ بۆتان ئاماده‌ كراوه‌. چونكه‌ برسی بووم و نانتان دامێ، تینوو بووم ئاوتان دامێ، نامۆ بووم شوێنتان كردمه‌وه‌. ڕووت بووم پۆشته‌تان كردم، نه‌خۆش بووم سه‌رتان لێدام، زیندانی بووم هاتنه‌ لام. ئه‌وسا خوداناسان وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه‌ و ده‌ڵێن: په‌روه‌ردگار، كه‌ی تۆمان به‌ برسیێتی بینیوه‌ و نانمان داویتێ، یان تینوو و ئاومان داویتێ؟ كه‌ی تۆمان به‌ نامۆیی بینیوه‌ و شوێنمان كردوویته‌وه‌، یان به‌ ڕووتی و پۆشته‌مان كردوویت؟ كه‌ی تۆمان به‌ نه‌خۆشی یان زیندانی بینیوه‌ و هاتووین بۆ لات؟ ئینجا پاشا وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێ: ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: هه‌رچییه‌كتان بۆ یه‌كێک له‌م برا بچووكانه‌م كردووه‌، ئه‌وا بۆ منتان كردووه‌. دواتر به‌وانه‌ی له‌لای چه‌پیه‌وه‌ن ده‌ڵێ: لێم دوور بكه‌ونه‌وه‌! ئه‌ی نه‌فره‌تلێكراوان به‌ره‌و ئاگری جاویدانی، ئه‌وه‌ی بۆ ئیبلیس و فریشته‌كانی ئاماده‌ كراوه‌. چونكه‌ برسی بووم نانتان نه‌دامێ، تینوو بووم ئاوتان نه‌دامێ، نامۆ بووم شوێنتان نه‌كردمه‌وه‌، ڕووت بووم بپۆشته‌تان نه‌كردم، نه‌خۆش و زیندانی بووم سه‌رتان لێ نه‌دام. ئه‌وسا ئه‌وانیش وه‌ڵامی ده‌ده‌نه‌وه‌ و ده‌ڵێن: په‌روه‌ردگار، كه‌ی تۆمان به‌ برسیێتی یان تینووێتی یان نامۆ یان ڕووت یان نه‌خۆش یان زیندانی بینیوه‌ و ڕاژه‌مان نه‌كردوویت؟ ئه‌ویش وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێ: ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: هه‌رچییه‌كتان بۆ یه‌كێک له‌م بچووكانه‌ نه‌كردووه‌، بۆ منیشتان نه‌كردووه‌. جا ئه‌وانه‌ بۆ ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی جاویدانی ده‌چن، خوداناسانیش بۆ ژیانێكی جاویدانی”. كاتێ ئیشۆع هه‌موو ئه‌م فه‌رموودانه‌ی ته‌واو كرد، به‌ قوتابییه‌كانی خۆی فه‌رموو: “ده‌زانن په‌سخه‌ دوو ڕۆژی ماوه‌. ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش ڕاده‌ست ده‌كرێت تاكو له‌خاچ بدرێت”. ئینجا كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانان و پیرانی گه‌ل له‌ كۆشكی كاهینی باڵا كه‌ ناوی قه‌یاپا بوو كۆببوونه‌وه‌، ڕاوێژیان كرد، بۆئه‌وه‌ی به‌ فێڵێک ئیشۆع بگرن و بیكوژن. به‌ڵام وتیان: “نه‌ک له‌ جه‌ژندا، نه‌وه‌ک ئاژاوه‌ بكه‌وێته‌ نێو گه‌ل”. كاتێ ئیشۆع له‌ بتعه‌نیا له‌ ماڵی شیمعونی گول بوو، ژنێک به‌ شووشه‌یه‌كی بۆنی گرانبه‌هاوه‌ بۆ لای هات و بۆنه‌كه‌ی به‌سه‌ریدا ڕژاند كه‌ له‌سه‌ر خوان بوو. كاتێ قوتابییه‌كانی ئه‌مه‌یان بینی، تووڕه‌ بوون و وتیان: “ئه‌م ده‌ست بڵاوییه‌ی بۆ چییه‌؟ ده‌توانرا به‌ نرخێكی گران بفرۆشرایه‌ و بدرایه‌ته‌ هه‌ژاران”. ئیشۆع زانی و پێی فه‌رموون: “بۆچی ژنه‌كه‌ هه‌راسان ده‌كه‌ن؟ ئه‌م شتێكی چاكی بۆ من كرد. هه‌ژاران هه‌میشه‌ له‌لاتانن، به‌ڵام من هه‌میشه‌ له‌لاتان نیم. كاتێ ئه‌و ئه‌م بۆنه‌ی به‌سه‌ر له‌شمدا ڕژاند، بۆ كفنكردنم ئه‌مه‌ی كرد. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: له‌ هه‌موو جیهاندا له‌ هه‌ر كوێ ئه‌م ئینجیله‌ ڕابگه‌یندرێت، باسی ئه‌وه‌ش ده‌كرێت كه‌ ئه‌م ژنه‌ كردوویه‌تی، بۆ یادكردنه‌وه‌ی”. ئینجا یه‌كێک له‌ دوازده‌كه‌ كه‌ ناوی ئیهوودای ئه‌سخه‌ریوتی بوو، بۆ لای كاهینانی باڵا ڕۆیشت، وتی: “چیم ده‌ده‌نێ تاكو ڕاده‌ستی ئێوه‌ی بكه‌م؟” ئه‌وانیش سی دراوی زیویان بۆ كێشا. ئیتر له‌و كاته‌وه‌ بۆ هه‌لێک ده‌گه‌ڕا تاكو ڕاده‌ستی بكات. له‌ یه‌كه‌می جه‌ژنی فه‌تیره‌دا، قوتابییه‌كان هاتنه‌ لای ئیشۆع و پێیان وت: “ده‌ته‌وێ له‌كوێ خواردنی په‌سخه‌ت بۆ ئاماده‌بكه‌ین؟” فه‌رمووی: “بڕۆنه‌ نێو شار، بۆ لای فڵانه‌ كه‌س، پێی بڵێن: ڕابی ده‌فه‌رمووێ، كاتم نزیک بووه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانم له‌لای تۆ په‌سخه‌ ده‌كه‌م”. قوتابییه‌كانیش فه‌رمانی ئیشۆعیان جێبه‌جێ كرد و په‌سخه‌یان ئاماده‌ كرد. كه‌ ئێواره‌ داهات، له‌گه‌ڵ دوازده‌كه‌ پاڵیدایه‌وه‌. كاتێ نانیان ده‌خوارد، فه‌رمووی: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: یه‌كێكتان ڕاده‌ستم ده‌كات”. ئه‌وانیش زۆر خه‌مبار بوون، هه‌ریه‌كه‌ پێیان وت: “په‌روه‌ردگار، ئه‌و كه‌سه‌ منم؟” وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵم ده‌ست ده‌خاته‌ نێو قاپه‌كه‌، ئه‌و ڕاده‌ستم ده‌كات! ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بێت وه‌كو له‌سه‌ری نووسراوه‌ بڕوات، به‌ڵام وه‌ی به‌حاڵ ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاده‌ست ده‌كرێت! باشتر بوو بۆ ئه‌و پیاوه‌ هه‌ر له‌دایک نه‌بووایه‌!”. ئینجا ئیهوودا، ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستی ده‌كات، وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “گه‌وره‌م، ئه‌و كه‌سه‌ منم؟” پێی فه‌رموو: “خۆت وتت”. كه‌ نانیان ده‌خوارد، ئیشۆع نانێكی هه‌ڵگرت، داڕشتیكرد و له‌تیكرد، دایه‌ قوتابییه‌كان و فه‌رمووی: “بگرن، بخۆن، ئه‌مه‌ له‌شی منه‌”. ئینجا جامه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و داڕشتیكرد، پێیدان و فه‌رمووی: “هه‌موو لێی بخۆنه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ خوێنی منه‌، كه‌ بۆ په‌یمانی نوێ له‌پێناوی زۆر كه‌سدا بۆ گوناهبه‌خشین ده‌ڕژێت. پێشتان ده‌ڵێم: له‌مه‌ودوا من له‌م به‌رهه‌مه‌ی مێو ناخۆمه‌وه‌، تا ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌ پاشایه‌تیی باوكم به‌ نوێتی له‌گه‌ڵتان ده‌یخۆمه‌وه‌”. ئینجا ستایشیان كرد و بۆ كێوی زه‌یتوون ده‌رچوون. ئینجا ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئه‌مشه‌و هه‌مووتان گومانم لێده‌كه‌ن، چونكه‌ نووسراوه‌: {له‌ شوانه‌كه‌ ده‌ده‌م، مێگه‌له‌كه‌ په‌رت ده‌بێت}. به‌ڵام دوای هه‌ستانه‌وه‌م، پێشتان ده‌كه‌وم بۆ گلیلا”. په‌تڕۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی وت: “ئه‌گه‌ر هه‌موو گومانت لێ بكه‌ن، من هه‌رگیز گومانت لێ ناكه‌م”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “ڕه‌وات پێ ده‌ڵێم: ئه‌مشه‌و پێش ئه‌وه‌ی كه‌ڵه‌شێر بقوولێنێت، تۆ سێ جار نكۆڵیم لێ ده‌كه‌یت”. په‌تڕۆس پێی وت: “ئه‌گه‌ر ناچاریش بووم له‌‌گه‌ڵت بمرم، نكۆڵیت لێ ناكه‌م!” قوتابییه‌كانیش هه‌موو وایان وت. دوای ئه‌وه‌ ئیشۆع له‌گه‌ڵیان بۆ گوندێک هات پێی ده‌ووترا، گێتسیمه‌ن، به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “لێره‌ دانیشن، تاكو ده‌چمه‌ ئه‌وێ نوێژ ده‌كه‌م”. په‌تڕۆس و دوو كوڕه‌كه‌ی زه‌بدی برد، په‌ژاره‌ و خه‌م دایده‌گرت. پێی فه‌رموون: “زۆر دڵته‌نگم خه‌ریكه‌ بمرم، لێره‌ بمێننه‌وه‌ و بێداربن له‌گه‌ڵم”. كه‌مێک چووه‌ پێش و به‌ ڕوودا چووه‌ سه‌ر زه‌وی، نوێژی ده‌كرد و ده‌یفه‌رموو: “باوكه‌، ئه‌گه‌ر ده‌كرێت ئه‌م جامه‌م له‌سه‌ر تێپه‌ڕێت. به‌ڵام نه‌ک وه‌ک من ده‌مه‌وێت، به‌ڵكو تۆ”. ئینجا هاته‌وه‌ لای قوتابییه‌كان، بینی نووستوون، به‌ په‌تڕۆسی فه‌رموو: “وه‌ها نه‌تانتوانی كاژێرێ بێداربن له‌گه‌ڵم؟ بێداربن و نوێژ بكه‌ن، نه‌وه‌ک بچنه‌ نێو تاقیكردنه‌وه‌. چونكه‌ ڕووح چالاكه‌، به‌ڵام جه‌سته‌ لاوازه‌”. دیسان ڕۆیشته‌وه‌ نوێژی كرد و فه‌رمووی: “باوكه‌! ئه‌گه‌ر ناكرێت ئه‌م جامه‌ له‌سه‌رم تێپه‌ڕێت و هه‌ر ده‌بێت بیخۆمه‌وه‌، با خواستی تۆ بێت. ئینجا هاته‌وه‌ دیسان بینی نووستوون، چونكه‌ چاویان قورس ببوو. ئیتر وازی لێ هێنان و چوو بۆ جاری سێیه‌م نوێژی كرد و هه‌مان شتی وته‌وه‌. دوایی هاته‌ لای قوتابییه‌كانی و پێی فه‌رموون: “ئێستا بنوون و پشوو بده‌ن! ئه‌وه‌تا كاته‌كه‌ نزیک بووه‌وه‌‌ و ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاده‌ستی گوناهباران ده‌كرێت. هه‌ستن با بڕۆین! ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستم ده‌كات نزیک بووه‌وه‌!”. هێشتا ئه‌و قسه‌ی ده‌كرد، ئیهوودا هات كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ دوازده‌كه‌، كۆمه‌ڵێكی زۆری له‌گه‌ڵ بوو، به‌ شمشێر و داره‌وه‌ له‌لایه‌ن كاهینانی باڵا و پیرانی گه‌له‌وه‌ نێردرابوون. ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستی كرد نیشانه‌یه‌كی پێدان و وتبووی: “ئه‌وه‌ی ماچی ده‌كه‌م ئه‌وه‌ خۆیه‌تی، بیگرن”. یه‌كسه‌ر هاته‌ لای ئیشۆع و وتی: “سڵاو گه‌وره‌م!”. ئینجا ماچی كرد. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “هاوڕێ، بۆ چی هاتوویت؟” ئینجا هاتنه‌ پێشه‌وه‌ و ئیشۆعیان ده‌ستبه‌سه‌ر كرد و گرتییان. یه‌كێک له‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ئیشۆعدان، ده‌ستی درێژكرد و شمشێره‌كه‌ی هه‌ڵكێشا، له‌ كۆیله‌یی كاهینی باڵای دا و گوێی بڕی. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “شمشێره‌كه‌ت بگه‌ڕێنه‌وه‌ كێلانه‌كه‌ی، چونكه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی شمشێر هه‌ڵده‌گرن، به‌ شمشێر له‌ناوده‌چن!. وا ده‌زانیت ناتوانم ئێستا داوا له‌ باوكم بكه‌م، زیاتر له‌ دوازده‌ له‌شكر فریشته‌م بۆ بنێرێت؟ ئیتر چۆن سیپاره‌كان دێنه‌ دی، كه‌ ده‌ڵێن به‌و شێوه‌یه‌ پێویسته‌ ڕووبدات؟”. له‌و كاته‌دا ئیشۆع به‌ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ی فه‌رموو: “وه‌ک بۆ گرتنی دزێک به‌ شمشێر و داره‌وه‌ هاتوون بمبه‌ن! هه‌موو ڕۆژێک له‌ په‌رستگا له‌گه‌ڵتان دانیشتبووم خه‌ریكی فێركردن بووم، نه‌تانگرتم. به‌ڵام ئه‌مانه‌ هه‌مووی ڕوویدا بۆ هاتنه‌دیی سیپاره‌كانی پێغه‌مبه‌ران”. ئینجا هه‌موو قوتابییه‌كان به‌جێیان هێشت و هه‌ڵاتن. ئه‌وانه‌ی ئیشۆعیان گرت، بردییانه‌ لای قه‌یاپا كاهینی باڵا، له‌وێ ته‌وراتزانه‌كان و پیران كۆببوونه‌وه‌. په‌تڕۆسیش دووربه‌دوور بۆ ماڵی كاهینی باڵا دوای كه‌وت، ئینجا چووه‌ ژووره‌وه‌ و له‌نێوان ڕاژه‌وانان دانیشت تاكو كۆتاییه‌كه‌ ببینێت. كاهینانی باڵا و هه‌موو سه‌نهه‌دریم به‌دوای گه‌واهییه‌كی درۆدا ده‌گه‌ڕان دژ به‌ ئیشۆع، تاكو به‌ كوشتنی بده‌ن. به‌ڵام هیچیان نه‌دۆزییه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ زۆر گه‌واهیده‌ری درۆزن هاتن. به‌ڵام له‌ كۆتاییدا دووان هاتن، وتیان: “ئه‌مه‌ وتی: ده‌توانم په‌رستگای خودا بڕوخێنم و به‌ سێ ڕۆژ بنیادی بنێمه‌وه‌”. كاهینی باڵا هه‌ستا و پێی وت: “هیچ وه‌ڵام ناده‌یته‌وه‌؟ ئه‌م پیاوانه‌ گه‌واهیی چی له‌سه‌ر تۆ ده‌ده‌ن؟” به‌ڵام ئیشۆع بێده‌نگ بوو. جا كاهینانی باڵا وه‌ڵامی دایه‌وه‌ وپێی وت: “سوێندت ده‌ده‌م به‌ خودای زیندوو، پێمان بڵێ، تۆ مه‌سیحه‌كه‌ی، ڕۆڵه‌ی خودا؟”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “خۆت وتت! منیش پێتان ده‌ڵێم، له‌ ئێستاوه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بینن له‌ لای ڕاستی توانادار داده‌نیشێت و له‌سه‌ر هه‌وری ئاسماندا دێته‌وه‌”. ئینجا كاهینانی باڵا جله‌كانی خۆی دادڕی و وتی: “كفری كرد! ئیتر چ پێویستیمان به‌ گه‌واهیده‌ر هه‌یه‌؟ ئه‌وه‌تا گوێتان له‌ كفره‌كه‌ی بوو! چی ده‌بینن؟” وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و وتیان: “شایانی مه‌رگه‌” ئینجا تفیان له‌ڕووی كرد و مستیان لێدا، هه‌ندێكیش زللـه‌یان لێدا و وتیان: “ئه‌ی مه‌سیح پێشبینی بكه‌، كێ بوو لێیدایت؟”. له‌و كاته‌دا په‌تڕۆس له‌ حه‌وشه‌ی ده‌ره‌وه‌ دانیشتبوو. كه‌نیزه‌یه‌ک هاته‌ لای و وتی: “تۆش له‌گه‌ڵ ئیشۆعی گلیلایی بوویت!”. ئه‌ویش له‌به‌رده‌م هه‌موویان نكۆڵی كرد و وتی: “نازانم چی ده‌ڵێی!” ئینجا ده‌رچووه‌ داڵانه‌كه‌، یه‌كێكی دیكه‌ش بینی و به‌وانه‌ی ئه‌وێی وت: “ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ ئیشۆعی ناسڕه‌تیی بوو!” دیسان به‌ سوێنده‌وه‌ نكۆڵیی لێكرد: “من ئه‌و پیاوه‌ ناناسم!” دوای كه‌مێک ئه‌وانه‌ی له‌وێ ڕاوه‌ستابوون هاتن و به‌ په‌تڕۆسیان وت: “به‌ ڕاستی تۆش له‌وانیت، به‌ زمانته‌وه‌ دیاره‌!” جا ده‌ستیكرد به‌ نه‌فره‌تكردن و سوێندخواردن: “من ئه‌و پیاوه‌ ناناسم!” یه‌كسه‌ر كه‌ڵه‌شێر قوولاندی. ئه‌وسا په‌تڕۆس فه‌رمووده‌كه‌ی ئیشۆعی بیركه‌وته‌وه‌ كه‌ فه‌رمووی: “پێش ئه‌وه‌ی كه‌ڵه‌شێر بقوولێنێت، سێ جار نكۆڵیم لێ ده‌كه‌یت”. ئیتر چووه‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌ كوڵ گریا. كاتێ بووه‌ به‌یانی، هه‌موو كاهینانی باڵا و پیرانی گه‌ل دژ به‌ ئیشۆع ڕاوێژیانكرد تاكو بیكوژن. جا به‌ستیانه‌وه‌ و بردییان و دایانه‌ ده‌ست پیڵاتۆسی پونتوسی فه‌رمانڕه‌وا. ئینجا ئیهوودا، ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستی كرد كه‌ بینی ئیشۆع بڕیاری به‌سه‌ردا درا، په‌شیمان بووه‌وه‌، سی دراوه‌ زیوه‌كه‌ی بۆ كاهینانی باڵا و پیران گه‌ڕانده‌وه‌ و وتی: “گوناهم كرد كه‌ خوێنێكی بێتاوانم ڕاده‌ست كرد”. وتیان: “به‌ ئێمه‌ چی؟ خۆت ده‌زانیت!” ئه‌ویش زیوه‌كانی له‌ په‌رستگادا فڕێدا و ڕۆیی، چوو خۆی خنكاند. جا كاهینانی باڵا دراوه‌ زیوه‌كانیان هه‌ڵگرته‌وه‌ و وتیان: “دروست نییه‌ بیخه‌ینه‌ نێو گه‌نجینه‌ی په‌رستگاوه‌، چونكه‌ نرخی خوێنه‌”. ئینجا ڕاوێژیان كرد و كێڵگه‌ی گۆزه‌چییه‌كه‌یان پێی كڕی، بۆ گۆڕستانی بێگانان. بۆیه‌ ئه‌و كێڵگه‌یه‌ تاكو ئه‌مڕۆش پێی ده‌ووترێ “كێڵگه‌ی خوێن”. ئه‌وسا ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌ر ئێرمیا وتراوه‌، هاته‌ دی: {سی زیوه‌كه‌یان برد، نرخی به‌ها بۆ دانراو، ئه‌وه‌ی ڕۆڵه‌كه‌كانی ئیسڕائیل خه‌مڵاندییان. ئینجا به‌ كێڵگه‌ی گۆزه‌چییه‌كه‌یان دا، وه‌ک په‌روه‌ردگار فه‌رمانی پێدام}. ئیشۆعیش له‌به‌رده‌م فه‌رمانڕه‌وا ڕاوه‌ستا، فه‌رمانڕه‌وا لێی پرسی، وتی: “ئایا تۆ پاشای جووی؟” ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “خۆت ده‌ڵێیت”. كاتێ كاهینانی باڵا و پیران سكاڵایان لێی ده‌كرد، هیچ وه‌ڵامی نه‌ده‌دایه‌وه‌. پیڵاتوس پێی وت: “گوێت لێ نییه‌ چه‌ند گه‌واهیت له‌سه‌ر ده‌ده‌ن؟” به‌ڵام ئیشۆع ته‌نانه‌ت به‌ وشه‌یه‌كیش وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌، فه‌رمانڕه‌واش زۆر سه‌رسام بوو. له‌ جه‌ژندا فه‌رمانڕه‌وا كردبوویه‌ نه‌ریت، گیراوێک بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ ئازاد بكات، ئه‌وه‌ی بیانه‌وێت. له‌و كاته‌دا گیراوێكی به‌ناوبانگیان هه‌بوو، ناوی به‌ڕئه‌ببا بوو. جا كاتێ كۆببوونه‌وه‌، پیڵاتوس پێی وتن: “كێتان ده‌وێ بۆتانی به‌ربده‌م؟ به‌ڕئه‌ببا یان ئیشۆع، ئه‌وه‌ی پێی ده‌ووترێ مه‌سیح؟” چونكه‌ زانی له‌ به‌ر ئیره‌یی ئیشۆعیان ڕاده‌ست كردبوو. كاتێ له‌سه‌ر ته‌ختی دادگایی دانیشتبوو، ژنه‌كه‌ی هه‌واڵی بۆ نارد و وتی: “نه‌كه‌ی شتێک له‌و بێتاوانه‌ بكه‌ی، چونكه‌ ئه‌مڕۆ له‌ خه‌وندا له‌به‌ر ئه‌و زۆر ئازارم چێژتووه‌”. به‌ڵام كاهینانی باڵا و پیران كۆمه‌ڵانه‌كه‌یان جۆش دا كه‌ داوای به‌ڕئه‌ببا بكه‌ن و ئیشۆع له‌ناوببه‌ن. فه‌رمانڕه‌وا وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی وتن: “له‌م دووانه‌ كامه‌تان ده‌وێ بۆتان ئازاد بكه‌م؟” وتیان: “به‌ڕئه‌ببا!”. پیڵاتوس پێی وتن: “ئه‌ی چی له‌ ئیشۆع بكه‌م، ئه‌وه‌ی پێی ده‌ووترێ مه‌سیح؟” هه‌موو وتیان: “با له‌خاچ بدرێت!” ئه‌ویش وتی: “بۆ؟ چ خراپه‌یه‌كی كردووه‌؟” به‌ڵام زیاتر هاواریان ده‌كرد و ده‌یانووت: “با له‌خاچ بدرێت!” پیڵاتوس بینی سوودی نییه‌ و خه‌ریكه‌ ئاژاوه‌ ڕووده‌دات، ئاوی هێنا و له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵه‌كه‌ ده‌ستی شوشت و وتی: “من بێتاوانم له‌ خوێنی ئه‌م بێتاوانه‌! له‌ ئه‌ستۆی ئێوه‌یه‌!” گه‌ل هه‌موو وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “با خوێنی له‌ ئه‌ستۆی ئێمه‌ و منداڵمان بێت” ئه‌وسا به‌ڕئه‌ببای بۆ ئازاد كردن، به‌ڵام ئیشۆعی دایه‌ به‌ر قامچی و ڕاده‌ستی كرد بۆ له‌خاچدان. سه‌ربازه‌كانی فه‌رمانڕه‌وا ئیشۆعیان بۆ كۆشكی فه‌رمانڕه‌وا برد و ته‌واوی تیپه‌كه‌یان لێ كۆكرده‌وه‌. ڕووتیان كرده‌وه‌ و عه‌بایه‌كی سووریان له‌به‌ركرد. هه‌روه‌ها تاجێكی دڕكیان هۆنییه‌وه‌ و له‌ سه‌ریان كرد، قامیشێكیان دایه‌ ده‌ستی ڕاستی، له‌به‌رده‌می چۆكیان دادا و گاڵته‌یان پێ كرد و ده‌یانووت: “سڵاو ئه‌ی پاشای جوو!” تفیان لێكرد، قامیشه‌كه‌یان برد و به‌سه‌ریاندا كێشا. دوای ئه‌وه‌ی گاڵته‌یان پێكرد، عه‌بایه‌كه‌یان له‌به‌ر داكه‌ند و كراسه‌كه‌ی خۆیان له‌به‌ركرده‌وه‌، بۆ له‌خاچدانیان برد. كاتێ ده‌رچوون پیاوێكی قه‌ورینێیان بینی ناوی شیمعون بوو، ناچاریان كرد خاچه‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت. كه‌ گه‌یشتنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی پێی ده‌ووترا گاغولتا، ناونراوه‌ “شوێنی كاسه‌سه‌ر” سركه‌ی تێكه‌ڵ به‌ زراویان دایه‌ ئیشۆع تاكو بیخواته‌وه‌، كه‌ تامی كرد نه‌یویست بیخواته‌وه‌. كه‌ له‌خاچیان دا، به‌ تیروپشک كراسه‌كه‌یان دابه‌شكرد. تا ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌رێک وتراوه‌ بێته‌دی: {پۆشاكه‌كه‌م نێوان خۆیان دابه‌شكرد و له‌سه‌ر كراسه‌كه‌م تیروپشكیان كرد} ئینجا له‌وێ دانیشتن و ئێشكیان بۆ گرت. له‌ ژوور سه‌ریه‌وه‌ تاواننامه‌كه‌یان دانا كه‌ نووسرابوو: “ئه‌مه‌ ئیشۆعه‌، پاشای جوو”. ئه‌وسا دوو دز له‌گه‌ڵی له‌خاچدران، یه‌كێک له‌لای ڕاستی و یه‌كێک له‌لای چه‌پی. ڕێبواران جنێویان پێده‌دا و سه‌ریان ده‌له‌قاند و ده‌یانووت: “ئه‌ی ڕووخێنه‌ری په‌رستگا و بنیادنه‌ره‌وه‌ی له‌ سێ ڕۆژدا، خۆت ڕزگار بكه‌! ئه‌گه‌ر تۆ ڕۆڵه‌ی خودای، له‌ خاچه‌كه‌ دابه‌زه‌!” به‌هه‌مان شێوه‌ كاهینانی باڵا له‌گه‌ڵ ته‌وراتزان و پیران گاڵته‌یان پێده‌كرد و ده‌یانووت: “خه‌ڵكی دیكه‌ی ڕزگار كرد، به‌ڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بكات! ئه‌گه‌ر ئه‌و پاشای ئیسڕائیله‌! با ئێستا له‌ خاچه‌كه‌ دابه‌زێت، باوه‌ڕی پێده‌هێنین. پشتی به‌ خودا به‌ست، با ئێستا ڕزگاری بكات، ئه‌گه‌ر ئه‌می ده‌وێت! چونكه‌ وتی: من ڕۆڵه‌ی خودام!”. دزه‌كانیش كه‌ له‌گه‌ڵی له‌خاچدرابوون گاڵته‌یان پێده‌كرد. له‌ كاژێر دوازده‌وه‌ تاكو سێ، تاریكایی به‌سه‌ر هه‌موو زه‌وییه‌وه‌ بوو. نزیكه‌ی كاژێر سێ ئیشۆع به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواری كرد و وتی: “ئێلی، ئێلی، له‌ما شه‌به‌قته‌نی؟” واتا: خودایه‌، خودایه‌، بۆ به‌جێت هێشتم؟ هه‌ندێک له‌وانه‌ی له‌وێ ڕاوه‌ستابوون و گوێیان لێیبوو، وتیان: “ئه‌وه‌ بانگی ئیلییا ده‌كات”. یه‌كسه‌ر یه‌كێک له‌وان ڕایكرد و هه‌ورییه‌كی برد، له‌ سركه‌ی هه‌ڵكێشا و به‌سه‌ری قامیشێكه‌وه‌ پێیدا، تاكو بیخواته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وانی دیكه‌ وتیان: “لێگه‌ڕێ، با بزانین ئیلییا دێت ڕزگاری بكات!”. ئیشۆع دیسان به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواری كرد و ڕووحی سپارد. له‌و كاته‌دا په‌رده‌ی په‌رستگا له‌ سه‌ره‌وه‌ تاكو خواره‌وه‌ دڕا و بووه‌ دوو له‌ت. زه‌وی له‌رزی و به‌رد درزیان برد و گۆڕه‌كان كرانه‌وه‌، زۆرێک له‌ جه‌سته‌ی پارساكانی نووستوو هه‌ستانه‌وه‌. دوای هه‌ستانه‌وه‌كه‌شی له‌ گۆڕه‌كان هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و چوونه‌ نێو شاری پارسا، بۆ زۆر كه‌سیش ده‌ركه‌وتن. به‌ڵام سه‌رپه‌له‌كه‌ و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و چاودێری ئیشۆعیان ده‌كرد، بوومه‌له‌رزه‌كه‌ و ئه‌و شتانه‌یان بینی كه‌ ڕوویدا، زۆر ترسان و وتیان: “به‌ ڕاستی ئه‌مه‌ ڕۆڵه‌ی خودا بوو!” زۆر ژن له‌وێ بوون، له‌ دووره‌وه‌ ته‌ماشایان ده‌كرد، ئه‌وانه‌ی له‌ گلیلاوه‌ دوای ئیشۆع كه‌وتبوون و ڕاژه‌یان ده‌كرد، مه‌ریه‌می مه‌گدانی و مه‌ریه‌می دایكی یاقوو و یۆسپ، له‌گه‌ڵ دایكی دوو كوڕه‌كه‌ی زه‌بدی له‌نێویان بوون. ده‌مه‌و ئێواره‌ پیاوێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی خه‌ڵكی ڕه‌متا هات، ناوی یۆسپ بوو، ئه‌ویش قوتابیی ئیشۆع بوو. چووه‌ لای پیڵاتوس و داوای ته‌رمی ئیشۆعی لێكرد، پیڵاتوسیش فه‌رمانی دا ته‌رمه‌كه‌ی بدرێتێ. یۆسپیش ته‌رمه‌كه‌ی برد و به‌ كه‌تانی پێگه‌رد پێچای و له‌و گۆڕه‌ نوێیه‌ی خۆی ناشتی كه‌ له‌ به‌رد هه‌ڵكه‌ندرابوو، ئینجا به‌ردێكی گه‌وره‌ی گلۆر كرده‌وه‌ سه‌ر ده‌رگای گۆڕه‌كه‌ و ڕۆیشت. مه‌ریه‌می مه‌گدانی و مه‌ریه‌مه‌كه‌ی دیكه‌ش له‌وێ بوون، به‌رامبه‌ر گۆڕه‌كه‌ دانیشتبوون. بۆ سبه‌ینێ كه‌ دوای ئاماده‌كردنه‌، كاهینانی باڵا و په‌ڕیشییه‌كان له‌لای پیڵاتوس كۆبوونه‌وه‌، وتیان: “گه‌وره‌م، بیرمان كه‌وته‌وه‌، ئه‌و گومڕاكاره‌ كاتێ زیندوو بوو وتی: من دوای سێ ڕۆژ هه‌ڵده‌ستمه‌وه‌. جا فه‌رمان بده‌ تا ڕۆژی سێیه‌م گۆڕه‌كه‌ی پاس بكرێت، نه‌وه‌ک قوتابییه‌كانی بێن و بیدزن، ئه‌وسا به‌ گه‌ل بڵێن: له‌نێوان مردووان هه‌ستاوه‌ته‌وه‌. جا گومڕایی دوایی له‌وه‌ی یه‌كه‌م خراپتر ده‌بێت!” پیڵاتوسیش وتی: پاسه‌وانتان هه‌یه‌، بڕۆن چۆنتان پێ باشه‌ وا پاسی بكه‌ن”. ئه‌وانیش چوون گۆڕه‌كه‌یان پاس كرد، مۆریان له‌ به‌رده‌كه‌ دا و پاسه‌وانیان دانا. دوای شه‌ممه‌ له‌ به‌ره‌به‌یانی یه‌كه‌می هه‌فته‌دا، مه‌ریه‌می مه‌گدانی و مه‌ریه‌مه‌‌كه‌ی دیكه‌ هاتن ته‌ماشای گۆڕه‌كه‌ بكه‌ن. له‌ناكاو بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی به‌هێز ڕوویدا، چونكه‌ فریشته‌ی په‌روه‌ردگار له‌ ئاسمانه‌وه‌ هاته‌ خواره‌وه‌، هات و به‌رده‌كه‌ی گلۆر كرده‌وه‌ و له‌سه‌ری دانیشت. دیمه‌نی وه‌ک بروسكه‌ بوو، جله‌كانی وه‌ک به‌فر سپی بوون. پاسه‌وانه‌كان له‌ ترسی ئه‌و له‌رزین و وه‌ک مردوویان لێ هات. فریشته‌كه‌ به‌ دوو ژنه‌كه‌ی وت: “ئێوه‌ مه‌ترسن، چونكه‌ ده‌زانم به‌ شوێن ئیشۆعی له‌خاچدراو ده‌گه‌ڕێن. ئه‌و لێره‌ نییه‌، وه‌ک خۆی فه‌رمووی، هه‌ستایه‌وه!‌. وه‌رن سه‌یری ئه‌و شوێنه‌ بكه‌ن كه‌ په‌روه‌ردگار لێی درێژكرابوو. خێرا بڕۆن و به‌ قوتابییه‌كانی بڵێن: ئه‌و له‌نێو مردوواندا هه‌ستایه‌وه‌، ئا ئه‌وه‌تا ئه‌و پێش ئێوه‌ ده‌چێته‌ گلیلا، له‌وێ ده‌یبینن. ئه‌وه‌تا من پێم وتن”. ئه‌وانیش خێرا له‌ گۆڕه‌كه‌ ده‌رچوون، به‌ ترس و خۆشییه‌كی مه‌زنه‌وه‌ ڕایانكرد، تاوه‌كو هه‌واڵ بده‌نه‌ قوتابییه‌كانی. كه‌ ڕایانده‌كرد تا هه‌واڵ به‌ قوتابیه‌كانی بده‌ن، ئیشۆع تووشیان هات و فه‌رمووی: “سڵاو بۆ ئێوه‌!” ئه‌مانیش چوونه‌ پێشه‌وه‌، پێیان گرت و كڕنۆشیان بۆ برد. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “مه‌ترسن، بڕۆن به‌ برایانم بڵێن با بچنه‌ گلیلا، له‌وێ ده‌مبینن”. كه‌ ده‌ڕۆیشتن، هه‌ندێک له‌ پاسه‌وانه‌كان هاتنه‌ نێو شار و ئه‌وه‌ی ڕوویدابوو بۆ كاهینانی باڵایان گێڕایه‌وه‌. ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ پیران كۆبوونه‌وه‌ و ڕاوێژیان كرد، زیوێكی زۆریان دایه‌ سه‌ربازه‌كان و وتیان: “بڵێن، كاتێ ئێمه‌ خه‌وتبووین، قوتابییه‌كانی له‌ شه‌ودا هاتن و دزییان. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش له‌لای فه‌رمانڕه‌وا بیسترا، ئه‌وا ڕازیی ده‌كه‌ین و دڵنیاتان ده‌كه‌ینه‌وه‌”. ئه‌وانیش زیوه‌كه‌یان وه‌رگرت و چۆن فـێركران، كردییان، جـا ئـه‌م قسـه‌یه‌ تاكـو ئـه‌مـڕۆش لـه‌نێـو جـوو بـڵاو بـووه‌تـه‌وه‌. یـازده‌ قـوتـابـییه‌كـه‌ش چـوونه‌ گـلیلا، بـۆ ئه‌و كێوه‌ی ئـیشـۆع فه‌رمانی پێدابوون. كـاتـێ بـیـنـیـیان كـڕنـۆشـیـان بـۆ بـرد، بـه‌ڵام هـه‌نـدێـكـیـان گـومـانـیـان كـرد. ئـیـشـۆع لـێـیـان هـاتـه‌ پـێـش و قـسـه‌ی بـۆ كـردن و فـه‌رمـووی: “هـه‌مـوو ده‌سـه‌ڵاتـێـكـم لـه‌ ئـاسـمان و لـه‌ســه‌ر زه‌ویـم پـێ دراوه‌. جـــا بــــڕۆن، هـــه‌مــوو نــــه‌تــــه‌وه‌كــــان بــكــه‌نــه‌ قــوتــابــی، بـه‌ نـاوی بـاوک و ڕۆڵـه‌ و ڕووحـی پـارسـا عـه‌مادیان بكـه‌ن، فێـریان بكه‌ن هه‌موو ئه‌وه‌ی پێم ڕاسپاردوون بیپارێزن. ئه‌وه‌تـا مـن هـه‌مـوو ڕۆژێـک لـه‌گـه‌ڵـتـانـم، تـا بـه‌سـه‌رچـوونـی ڕۆژگـار”. ئامین. سه‌ره‌تای موژده‌ی ئیشۆعی مه‌سیحی ڕۆڵه‌ی خودا. وه‌ک له‌ پێغه‌مبه‌راندا نووسراوه‌: {ئه‌وه‌تا فریشته‌كه‌م له‌پێشته‌وه‌ ده‌نێرم، ئه‌وه‌ی ڕێگات له‌پێشت ئاماده‌ ده‌كات، ده‌نگی هاوارگه‌رێک له‌ ده‌شتوده‌ره‌وه‌ دێ: “ڕێگای په‌روه‌ردگار ئاماده‌ بكه‌ن، ڕێبازه‌كانی ڕاست بكه‌ن}. یوخه‌ننه‌ن له‌ ده‌شتوده‌ر ده‌ركه‌وت، عه‌مادی تۆبه‌كردنی ڕاده‌گه‌یاند بۆ گوناه‌ به‌خشین. سه‌رجه‌م ده‌ڤه‌ری ئیهوود و خه‌ڵكی یروشلایم ده‌رده‌چوونه‌ لای و هه‌موو له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و له‌ ڕووباری یوردنه‌ن عه‌ماد ده‌كران و دانیان به‌ گوناهه‌كانیان ده‌نا. یوخه‌ننه‌ن مووی وشتری ده‌پۆشی و كه‌مه‌ری به‌پشتێنێكی چه‌رم ده‌به‌ست، خواردنیشی كوللـه‌ و هه‌نگوینی كێوی بوو. بانگه‌وازی ده‌كرد، ده‌یووت: “له‌دوای من، له‌من به‌هێزتر دێت، من شایانی ئه‌وه‌ نیم بچه‌مێمه‌وه‌ و ئاوه‌زێنه‌ی پێڵاوه‌كانی بكه‌مه‌وه‌. من به‌ ئاو عه‌مادم كردن، به‌ڵام ئه‌و به‌ ڕووحی پارسا عه‌مادتان ده‌كات”. له‌و ڕۆژانه‌دا ئیشۆع له‌ ناسڕه‌تی گلیلاوه‌ هات و له‌سه‌ر ده‌ستی یوخه‌ننه‌ن له‌ یوردنه‌ن عه‌مادكرا. هه‌ركه‌ له‌ ئاوه‌كه‌ هه‌ستایه‌وه‌، بینی ئاسمانان شه‌قبوو، ڕووحیش وه‌ک كۆترێک دابه‌زییه‌ سه‌ری. ده‌نگێكیش له‌ ئاسمانانه‌وه‌ هات: “تۆ ڕۆڵه‌ی خۆشه‌ویستمی، به‌ تۆوه‌ دڵشادم”. یه‌كسه‌ر ڕووحه‌كه‌ به‌ره‌و ده‌شتوده‌ر ده‌ریكرد. چل ڕۆژ له‌ ده‌شتوده‌ردا بوو، له‌لایه‌ن شه‌یتان تاقی ده‌كرایه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئا‌ژه‌ڵانی كێوی بوو، فریشته‌ش ڕاژه‌یان ده‌كرد. دوای ئه‌وه‌ی یوخه‌ننه‌ن ڕاده‌ست كرا، ئیشۆع هاته‌ گلیلا و بانگه‌وازی موژده‌ی پاشایه‌تیی خودا ده‌كرد. ده‌یفه‌رموو: “كاته‌كه‌ هاتووه‌ و پاشایه‌تی خودا نزیک بووه‌ته‌وه‌. تۆبه‌ بكه‌ن و باوه‌ڕ به‌ ئینجیل بهێنن”. كاتێ ئیشۆع له‌لای ده‌ریای گلیلادا ده‌ڕۆیشت، شیمعون و ئه‌ندراوسی برای بینی، تۆڕیان فڕێده‌دایه‌ ده‌ریاكه‌، چونكه‌ ماسیگر بوون. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “وه‌رن دوام بكه‌ون، ده‌تانكه‌مه‌ ڕاوچیی خه‌ڵک”. یه‌كسه‌ر تۆڕه‌كانیان به‌جێهێشت و دوای كه‌وتن. ئینجا هه‌ندێک ڕۆیشت، یاقووی كوڕی زه‌بدی و یوخه‌ننه‌نی برای بینی، له‌نێو كه‌شتیدا تۆڕیان چاكده‌كرده‌وه‌. یه‌كسه‌ر بانگیكردن، ئه‌وانیش زه‌بدیی باوكیان له‌گه‌ڵ كرێكاران له‌نێو كه‌شتییه‌كه‌ به‌جێهێشت و دوای كه‌وتن. ئینجا چوونه‌ كپه‌ڕناخوم. له‌ كاتێكدا شه‌ممه‌ بوو چووه‌ كه‌نیشت و ده‌ستیكرد به‌ ئامۆژگاری. له‌ ئامۆژگارییه‌كه‌ی سه‌رسام بوون، چونكه‌ وه‌ک ده‌سه‌ڵاتدارێک ئامۆژگاریی ده‌كردن، نه‌ک وه‌ک ته‌وراتزانه‌كان. له‌ كه‌نیشته‌كه‌یان پیاوێكی لێبوو ڕووحی گڵاوی تێدابوو، هاواری كرد، وتی: “ئای! ئیشۆعی ناسڕه‌تی، چیت لێمان ده‌وێت؟ هاتووی له‌ ناومان ببه‌یت! من ده‌تناسم تۆ كێیت، تۆ پارساكه‌ی خودایت!” ئیشۆع لێی ڕاخوڕی و فه‌رمووی: “بێده‌نگ به‌! لێی وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌!” ڕووحه‌ گڵاوه‌كه‌ش خووگرتی و هاوارێكی به‌رزی لێ هه‌ستا و لێی هاته‌ ده‌ره‌وه‌. هه‌موو سه‌رسام بوون، ته‌نانه‌ت پرسیان له‌ یه‌كتر كرد و وتیان: “ئه‌مه‌ چییه‌؟ ئه‌م ئامۆژگاریه‌ نوێیه‌ چیه‌؟ چونكه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌! فه‌رمان به‌ ڕووحی گڵاویش ده‌كات و گوێڕایه‌ڵی ده‌بن!” یه‌كسه‌ر ناوبانگی به‌ هه‌موو ده‌ڤه‌ری ده‌وروبه‌ری گلیلا بڵاو‌بووه‌وه‌. كاتێ كه‌نیشته‌كه‌یان به‌جێهێشت، له‌گه‌ڵ یاقوو و یوخه‌ننه‌ن چوونه‌ ماڵی شیمعون و ئه‌ندراوس. خه‌سووی شیمعون له‌نێو جێگا كه‌وتبوو، تای هه‌بوو، خێرا باسی ئه‌ویان بۆ كرد. ئه‌ویش هاته‌ پێش، ده‌ستی گرت و هه‌ڵیسانده‌وه‌. ده‌ستبه‌جێ تاكه‌ به‌ریدا و ده‌ستیكرد به‌ ڕاژه‌كردنیان. كاتێ ئێواره‌ داهات و خۆر ئاوابوو، هه‌موو نه‌خۆش و شێته‌كانیان بۆ هێنا. هه‌موو شاره‌كه‌ له‌ به‌رده‌رگا كۆبوونه‌وه‌. زۆر نه‌خۆشی به‌ جۆره‌ها ده‌رده‌وه‌ چاككرده‌وه‌، زۆر شه‌یتانیشی ده‌ركرد و نه‌یهێشت شه‌یتانه‌كان بدوێن، چونكه‌ ناسییان. بۆ به‌یانی زوو، هه‌ستا و ده‌رچو و چووه‌ شوێنێكی چۆڵه‌وانی و له‌وێ نوێژی كرد. شیمعون و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون به‌ دوای كه‌وتن كه‌ دۆزییانه‌وه‌ پێیان وت: “هه‌موو به‌ دواتدا ده‌گه‌ڕێن”. پێی فه‌رموون: “با بڕۆینه‌ دێیه‌كانی ده‌وروپشت، تاكو له‌وێش بانگه‌واز بكه‌م، چونكه‌ بۆ ئه‌مه‌ هاتووم”. جا له‌ هه‌موو گلیلا‌دا له‌ كه‌نیشته‌كانیان بانگه‌وازی ده‌كرد و شه‌یتانانی ده‌رده‌كرد. ئینجا گولێک هاته‌ لای و لێی پاڕایه‌وه‌، چۆكی دادا و پێی وت: “ئه‌گه‌ر بته‌وێت، ده‌توانیت پێگه‌ردم بكه‌یته‌وه‌”. ئیشۆع دڵی پێی سووتا و ده‌ستی درێژ كرد، ده‌ستی لێدا و پێی فه‌رموو: “ده‌مه‌وێت. یێگه‌ردببه‌وه‌!” هه‌ركه‌ قسه‌ی ده‌كرد یه‌كسه‌ر گولییه‌كه‌ی لێبووه‌وه‌ و بێگه‌ردبووه‌وه‌. سه‌رزه‌نشتی كرد و یه‌كسه‌ر به‌ڕێی كرد، پێی فه‌رموو: “ئاگاداربه‌، هیچ شتێک به‌ كه‌س مه‌ڵێ، به‌ڵكو بڕۆ خۆت پیشانی كاهینه‌كه‌ بده‌ و به‌رامبه‌ر به‌ بێگه‌ردبوونه‌وه‌كه‌ت ئه‌وه‌ی مووشێ فه‌رمانی كردووه‌ بیده‌، وه‌ک گه‌واهییه‌ک بۆیان”. به‌ڵام ئه‌و ده‌رچوو، ده‌ستیكرد به‌ بانگه‌وازكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌، ئیتر ئیشۆع نه‌یده‌توانی به‌ ئاشكرا بچێته‌ هیچ شارێک، به‌ڵكو له‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ شوێنه‌ چۆڵه‌كان بوو و خه‌ڵكیش له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ده‌هاتنه‌ لای. پاش چه‌ند ڕۆژێک هاته‌وه‌ نێو كپه‌ڕناخوم، جا بیسترا كه‌ له‌ ماڵه‌وه‌یه‌. یه‌كسه‌ر خه‌ڵكێكی زۆر كۆبوونه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌ک له‌به‌ر ده‌رگاش شوێن نه‌ما. ئه‌ویش به‌ وشه‌كه‌ بۆیان ده‌دووا. ئیفلیجێكیان هێنایه‌ لای، به‌ چوار كه‌س هه‌ڵیانگرتبوو. به‌ڵام له‌به‌ر خه‌ڵكه‌كه‌ نه‌یانتوانی بیبه‌نه‌ لای. جا سه‌ربانی ئه‌و شوێنه‌یان هه‌ڵگرت كه‌ ئه‌وی لێبوو، كونێكیان كرده‌وه‌ و نوێنه‌كه‌یان شۆڕكرده‌وه‌ كه‌ ئیفلیجه‌كه‌ی له‌سه‌ر بوو. كاتێ ئیشۆع باوه‌ڕیانی بینی، به‌ ئیفلیجه‌كه‌ی فه‌رموو: “ڕۆڵه‌، گوناهه‌كانت به‌خشران”. هه‌ندێک ته‌وراتزانیش له‌وێ دانیشتبوون، له‌ دڵی خۆیاندا بیریان ده‌كرده‌وه‌: “بۆچی ئه‌مه‌ ئاوا به‌كفر ده‌دوێت؟ بێجگه‌ له‌ خودا كێ ده‌توانێت گوناه‌ ببه‌خشێت؟” یه‌كسه‌ر ئیشۆع به‌ ڕووحی خۆی زانی له‌ دڵی خۆیاندا ئاوا بیر ده‌كه‌نه‌وه‌، پێی فه‌رموون: “بۆچی له‌ دڵتاندا بیری وا ده‌كه‌نه‌وه‌؟ كامیان ئاسانتره‌، به‌ ئیفلیجه‌كه‌ بڵێی: گوناهه‌كانت به‌خشران، یان بڵێی: هه‌سته‌، نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌ و ڕێ بكه‌؟ به‌ڵام تاكو بزانن، ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی ده‌سه‌ڵاتی گوناه‌ به‌خشینی هه‌یه”. به‌ ئیفلیجه‌كه‌ی فه‌رموو: “پێت ده‌ڵێم: هه‌سته‌، نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌ و بڕۆ ماڵه‌وه‌!”. ئه‌ویش یه‌كسه‌ر هه‌ستا و نوێنه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و له‌به‌رچاوی هه‌موویان چووه‌ ده‌ره‌وه‌. به‌ شێوه‌یه‌ک هه‌موو سه‌رسام بوون و شكۆمه‌ندیی خودایان كرد، وتیان: “هه‌رگیز وه‌كو ئه‌مه‌مان نه‌بینیوه‌!”. دیسان ده‌رچووه‌ سه‌ر كه‌ناری ده‌ریا، كۆمه‌ڵانه‌كه‌ هه‌موو لێی كۆبوونه‌وه‌ و ئه‌ویش فێری ده‌كردن. كاتێ به‌ڕێوه‌ بوو، لیوی كوڕی خه‌لپه‌یی بینی له‌ شوێنی باجگری دانیشتبوو، پێی فه‌رموو: “دوام كه‌وه‌”. ئه‌ویش هه‌ستا و دوای كه‌وت. كاتێ له‌ ماڵی ئه‌و دانیشتبوو، زۆر له‌ باجگران و گوناهباران له‌گه‌ڵ ئیشۆع و قوتابییه‌كانی له‌سه‌ر خوان بوون، چونكه‌ زۆر بوون و دوای كه‌وتبوون. كاتێ ته‌وراتزان و په‌ڕیشییه‌كان بینییان وا له‌گه‌ڵ گوناهبار و باجگران نان ده‌خوات، به‌ قوتابییه‌كانیان وت: “ئه‌وه‌ چیه‌تی له‌گه‌ڵ باجگر و گوناهباران نان ده‌خوات؟” كه‌ ئیشۆع گوێی لێبوو، پێی فه‌رموون: “له‌شساغ پێویستی به‌ پزیشک نییه‌، به‌ڵكو نه‌خۆش. نه‌هاتووم بێگوناهان بانگ بكه‌م بۆ تۆبه‌كردن، به‌ڵكو گوناهباران”. قوتابییه‌كانی یوخه‌ننه‌ن و په‌ڕیشییه‌كان به‌ڕۆژوو بوون، هاتنه‌ لای و پێیان وت: “بۆچی قوتابییه‌كانی یوخه‌ننه‌ن و په‌ڕیشییه‌كان به‌ڕۆژوو ده‌بن، به‌ڵام قوتابییه‌كانی تۆ به‌ڕۆژوو نابن؟” ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “ئایا شاییگێڕان ده‌توانن به‌ڕۆژوو بن كاتێ زاوا له‌گه‌ڵیاندایه‌؟ تاكو زاوا له‌گه‌ڵیان بێت ناتوانن به‌ڕۆژوو بن. به‌ڵام ڕۆژانێک دێت كه‌ زاوا له‌نێوانیان به‌رز ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وسا له‌و ڕۆژانه‌دا به‌ڕۆژوو ده‌بن. كه‌س كراسی كۆن به‌ په‌ڕۆی نوێ پینه‌ ناكات، چونكه‌ پینه‌ نوێیه‌كه‌ له‌ كراسه‌ كۆنه‌كه‌ ڕاده‌كێشێت و دڕاوه‌كه‌ خراپتر ده‌بێت. كه‌سیش مه‌یی نوێ ناكاته‌ نێو مه‌شكه‌ی كۆنه‌وه‌، نه‌وه‌ک مه‌یه‌كه‌ مه‌شه‌كه‌كه‌ بدڕێنێت، مه‌یه‌كه‌ ده‌ڕژێت و مه‌شكه‌كه‌ش بێ كه‌ڵک ده‌بێت. به‌ڵكو مه‌یی نوێ ده‌كرێته‌ نێو مه‌شكه‌ی نوێوه‌”. له‌ شه‌ممه‌دا به‌نێو ده‌غڵاندا تێده‌په‌ڕی، قوتابییه‌كانی به‌ڕێوه‌ ده‌ستیانكرد به‌ گوڵه‌گه‌نم لێكردنه‌وه‌. په‌ڕیشییه‌كان پێیان وت: “بڕوانه‌، بۆچی شتێک ده‌كه‌ن كه‌ له‌ شه‌ممه‌دا دروست نییه‌؟” ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “ئه‌ی هه‌رگیز نه‌تانخوێندۆته‌وه‌ داوید چی كرد كاتێ خۆی و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون كه‌وتنه‌ پێویستی و برسییان بوو؟ له‌سه‌رده‌می ئه‌ویئاتری كاهینی باڵا، چووه‌ ماڵی خودا و نانی ته‌رخانكراوی خوارد، دایه‌ ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی بوون، ئه‌و نانه‌ی كه‌ دروست نییه‌ لێی بخورێت بۆ كاهینان نه‌بێت”. ئینجا پێی فه‌رموون: “شه‌ممه‌ بۆ مرۆڤ به‌دیهێنراوه‌، نه‌وه‌ک مرۆڤ بۆ شه‌ممه‌. كه‌واته‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ په‌روره‌دگاری ڕۆژی شه‌ممه‌شه‌‌”. دیسان چۆوه‌ نێو كه‌نیشتێک، له‌وێ پیاوێكی لێبوو ده‌ستی وشک ببوو، جا چاودێرییان ده‌كرد بزانن له‌ شه‌ممه‌دا چاكی ده‌كاته‌وه‌، تاكو سكاڵای لێ بكه‌ن. جا به‌ پیاوه‌ ده‌ست وشكه‌كه‌ی فه‌رموو: “له‌ناوه‌ڕاستدا ڕاوه‌سته‌!”. ئینجا پێی فه‌رموون: “ئایا له‌ شه‌ممه‌دا كاری چاكه‌ دروسته‌ یان كاری خراپه‌؟ گیان ڕزگاركردن یان كوشتن؟” كه‌چی بێده‌نگ بوون. به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌ ئاوڕی لێیان دایه‌وه‌، له‌به‌ر دڵڕه‌قییان خه‌مبار بوو، به‌ پیاوه‌كه‌ی فه‌رموو: “ده‌ستت درێژ بكه‌”. ئه‌ویش درێژی كرد و ده‌ستی چاكبووه‌وه‌ وه‌ک ده‌سته‌كه‌ی دیكه‌ی لێ هات. په‌ڕیشییه‌كان ده‌رچوون و یه‌كسه‌ر له‌گه‌ڵ هیڕوودسییه‌كان ڕاوێژیان كرد بۆئه‌وه‌ی بیكوژن. ئیشۆع و قوتابییه‌كانی به‌ره‌و ده‌ریا‌كه‌ هه‌ڵكشان، كۆمه‌ڵانێكی زۆر له‌ گلیلا و ئیهووده‌وه‌ دوای كه‌وتن، هه‌روه‌ها له‌ یروشلایم و له‌ ئادومیا و ئه‌وبه‌ری یوردنه‌ن و ده‌وروبه‌ری سووڕ و سه‌یده‌نه‌وه‌ هاتنه‌ لای، كۆمه‌ڵانێكی زۆر هه‌موو ئه‌و شتانه‌یان بیستبوو كه‌ ده‌یكرد. ئه‌ویش به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو، تا كه‌شتیه‌كی بچووكی بۆ ئاماده‌ بكه‌ن، له‌به‌ر كۆمه‌ڵانه‌كه‌، نه‌وه‌ک پاڵه‌په‌ستۆی لێ بكه‌ن. چونكه‌ زۆر كه‌سی چاككرده‌وه‌، وایلێهات هه‌موو ده‌ردداره‌كان كه‌وتنه‌ سه‌ری تاكو ده‌ستی لێ بده‌ن. ڕووحه‌ گڵاوه‌كانیش هه‌ركه‌ ده‌یانبینی كڕنۆشیان بۆ ده‌برد و هاواریان ده‌كرد و ده‌یانووت: “تۆ ڕۆڵه‌ی خودای!” ئه‌ویش زۆر ڕایسپاردن كه‌ ئاشكرای نه‌كه‌ن. ئینجا چووه‌ سه‌ر شاخێک و ئه‌وانه‌ی بانگكرد كه‌ ده‌یویستن، ئه‌وانیش چوونه‌ لای. دوازده‌ی دیاری كرد تاكو له‌گه‌ڵی بن و بیاننێرێت بۆ موژده‌دان، ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێت بۆ چاره‌كردنی نه‌خۆش و ده‌ركردنی شه‌یتانه‌كان. شیمعونی ناونا په‌تڕۆس، یاقووی كوڕی زه‌بدی و یوخه‌ننه‌نی برای كه‌ ناوی لێنان بوانرجس، واتا ڕۆڵه‌كانی هه‌وره‌تریشقه‌، ئه‌ندراوس و پیلیپوس و به‌رتولمه‌ی و مه‌تته‌ی و تۆما و یاقووی كوڕی حه‌لفی و ته‌دده‌ی و شیمعونی قنانایا و ئیهوودای ئه‌سخه‌ریوتی كه‌ ڕاده‌ستی كرد. ئینجا چووه‌ ماڵێک و دیسان خه‌ڵكێكی زۆریان لێ كۆبووه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌ک نه‌یانتوانی نان بخۆن. كاتێ كه‌سوكاری بیستیان، هاتن بیگرن، چونكه‌ ده‌یانووت: “مێشكی تێكچووه”. ته‌وراتزانه‌كانیش كه‌ له‌ یروشلایمه‌وه‌ دابه‌زیبوون، وتیان: “به‌عله‌زبول ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتووه‌! به‌ سه‌رۆكی شه‌یتانه‌كان، شه‌یتانان ده‌رده‌كات”. ئیشۆع بانگی كردن و به‌ په‌ند قسه‌ی بۆ كردن: چۆن ده‌بێت شه‌یتان شه‌یتان ده‌ربكات؟ ئه‌گه‌ر پاشایه‌تیێک دووبه‌ره‌كی تێدا بێت، ئه‌و پاشایه‌تیییه‌ خۆی ڕاناگرێت. ئه‌گه‌ر ماڵێكیش دووبه‌ره‌كی تێدا بێت، ئه‌و ماڵه‌ خۆی ڕاناگرێت. ئه‌گه‌ر شه‌یتان له‌ خۆی هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه‌ و دووبه‌ره‌كی تێكه‌وت، خۆی ڕاناگرێت، به‌ڵكو كۆتایی پێ دێت. كه‌سیش ناتوانێت بچێته‌ ماڵی به‌هێزێک و شته‌كانی تاڵان بكات، مه‌گه‌ر یه‌كه‌مجار نه‌یبه‌ستێته‌وه‌، ئینجا ماڵه‌كه‌ی تاڵان بكات. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: هه‌موو گوناه‌ و كفركردنێكی ئاده‌میزاد ده‌به‌خشرێن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كفر به‌ ڕووحی پارسا بكات، تاهه‌تایه‌ نابه‌خشرێت، به‌ڵكو به‌ گوناهێكی جاویدانیه‌وه‌ تاوانباره”. چونكه‌ ده‌یانووت: “ڕووحی گڵاوی هه‌یه‌”. ئینجا دایک و براكانی هاتن، له‌ ده‌ره‌وه‌ ڕاوه‌ستان و به‌ دوایاندا نارد. كۆمه‌ڵانیش له‌ ده‌وروبه‌ری دانیشتبوون، پێیان وت: “ئه‌وه‌تا دایكت و براكانت له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ دواتدا ده‌گه‌ڕێن”. وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و فه‌رمووی: “دایک و برایانم كێن؟” چاوی گێڕا به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌وروپشتی دانیشتبوون و فه‌رمووی: “دایک و برای من ئه‌مانه‌ن. چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌ خواستی خودا بكات، خوشک و برا و دایكمه‌”. دیسان ئیشۆع له‌ كه‌ناری ده‌ریا ده‌ستیكرد به‌ ئامۆژگاری، كۆمه‌ڵانێک لێی كۆبووه‌وه‌، وایلێهات بچێته‌ نێو كه‌شتیه‌كی نێو ئاوه‌كه‌ دانیشێت، هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ش له‌ نزیک ئاوه‌كه‌ له‌سه‌ر وشكایی بوون. به‌ په‌ند زۆر شتی فێركردن، له‌ ئامۆژگاریه‌كه‌یدا پێی ده‌فه‌رموون: “گوێبگرن! تۆوده‌ر چوو تۆو بكات. كه‌ تۆوی ده‌كرد، هه‌ندێكی كه‌وته‌ سه‌ر ڕێگا، باڵنده‌ هاتن و خواردیانن. هه‌ندێكیش كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وییه‌كی به‌رده‌ڵان كه‌ گڵی زۆر نه‌بوو، خێرا ڕوان، له‌به‌رئه‌وه‌ی قووڵی گڵی نه‌بوو. كه‌ ڕۆژ هه‌ڵهات سووتا و وشک بوو، چونكه‌ ڕه‌گی نه‌بوو. هه‌ندێكیشیان كه‌وته‌ نێو دڕكان، دڕكه‌كان گه‌وره‌ بوون و خنكاندیانن و به‌رهه‌میان نه‌دا. هه‌ندێكیش كه‌وته‌ نێو زه‌وییه‌كی باش، سه‌وز بوو، گه‌شه‌ی كرد و به‌رهه‌میان دا، یه‌ک به‌ سی و یه‌ک به‌ شه‌ست و یه‌ک به‌ سه‌د”. ئینجا فه‌رمووی: “ئه‌وه‌ی دوو گویێ هه‌یه‌ بۆ بیستن با ببیستێت!” كاتێ به‌ ته‌نها بوو، ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌وروپشتی بوون له‌گه‌ڵ دوازده‌كه‌، ده‌رباره‌ی په‌ندكه‌ لێیان پرسی. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “نهێنیی پاشایه‌تیی خودا به‌ ئێوه‌ دراوه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ن هه‌موو شتێک به‌ په‌ند بۆیان دێته‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ی به‌ سه‌یركردن سه‌یر بكه‌ن، به‌ڵام نه‌بینن، به‌ بیستن ببیستن، به‌ڵام تێنه‌گه‌ن، نه‌وه‌ک بگه‌ڕێنه‌وه‌ و ببه‌خشرێن!” ئینجا پێی فه‌رموون: “ئایا ئه‌م په‌نده‌ تێنه‌گه‌یشتن؟ ئه‌ی چۆن هه‌موو په‌ندكان تێده‌گه‌ن؟ تۆوده‌ر وشه‌كه‌ تۆو ده‌كات. ئه‌مانه‌ ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌سه‌ر ڕێگان، كه‌ وشه‌كه‌یان لێ تۆو ده‌كرێت، كاتێ ده‌یبیستن یه‌كسه‌ر شه‌یتان دێت و ئه‌و وشه‌یه‌ ده‌بات كه‌ تیایاندا تۆوكراوه‌. ئه‌مانه‌ش ئه‌وه‌ن كه‌ له‌سه‌ر به‌رده‌ڵانه‌كه‌ تۆوكران، ئه‌مانه‌ كه‌ وشه‌كه‌ ده‌بیستن یه‌كسه‌ر به‌ خۆشییه‌وه‌ وه‌ریده‌گرن. به‌ڵام ڕه‌گیان نییه‌، بۆ ماوه‌یه‌كن، دواتر ئه‌گه‌ر له‌پێناوی وشه‌كه‌ بكه‌ونه‌ ته‌نگانه‌ و چه‌وسانه‌وه‌، یه‌كسه‌ر ساتمه‌ده‌كه‌ن. ئه‌مانی دیكه‌ ئه‌وه‌ن كه‌ له‌نێو دڕكان تۆوكران، ئه‌مانه‌ ئه‌وه‌ن كه‌ وشه‌كه‌ ده‌بیستن، به‌ڵام خه‌مه‌كانی جیهان و فریوی سامان و ئاره‌زووی شته‌كانی دیكه‌ دێنه‌ ناوه‌وه‌ و وشه‌كه‌ ده‌خنكێنن، ئیتر بێ به‌رهه‌م ده‌بن. ئه‌مانه‌ش ئه‌وه‌ن كه‌ له‌سه‌ر زه‌وییه‌كی چاک تۆوكران، ئه‌وانه‌ی وشه‌كه‌ ده‌بیستن و وه‌ریده‌گرن و به‌رهه‌م ده‌ده‌ن، یه‌ک به‌ سی و یه‌ک به‌ شه‌ست و یه‌ک به‌ سه‌د”. ئینجا پێی فه‌رموون: “ئایا چرا هه‌ڵده‌كرێت تاكو بخرێته‌ ژێر ته‌شت یاخود نوێنه‌وه‌؟ ئایا له‌سه‌ر چرادان دانانرێت؟ چونكه‌ شاردراوه‌ نییه‌ ئاشكرا نه‌بێت و نهێنی نییه‌ ده‌رنه‌كه‌وێت. ئه‌گه‌ر یه‌كێک دوو گوێی هه‌یه‌ بۆ بیستن، با ببیستێت”. هه‌روه‌ها پێی فه‌رموون: “وردببنه‌وه‌ له‌وه‌ی ده‌یبیستن! به‌و پێوانه‌یه‌ی ده‌یپێون، بۆتان ده‌پێورێته‌وه‌ و بۆشتان زیاد ده‌كرێت ئه‌ی گوێگران. چونكه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی، پێی ده‌درێت، ئه‌وه‌ش كه‌ نییه‌تی، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌شیه‌تی لێی ده‌سه‌ندرێته‌وه‌”. هه‌روه‌ها فه‌رمووی: “پاشایه‌تیی خودا له‌ مرۆڤێک ده‌چێت تۆو بوه‌شێنێته‌ سه‌ر زه‌وی. شه‌و ده‌خه‌وێت و ڕۆژ هه‌ڵده‌ستێت، تۆوه‌كه‌ سه‌ر ده‌رده‌كات و گه‌شه‌ ده‌كات، ئه‌ویش نازانێت چۆن ده‌بێت. چونكه‌ زه‌وی له‌ خۆیه‌وه‌ به‌رهه‌م ده‌دات، یه‌كه‌مجار گیا، ئینجا گوڵه‌گه‌نم، پاشان له‌ گوڵه‌گه‌نمه‌كه‌دا گه‌نمی ته‌واو. به‌ڵام كاتێ به‌ره‌كه‌ پێده‌گات، یه‌كسه‌ر داسی لێ گیر ده‌كات، چونكه‌ دروێنه‌ی هاتووه‌”. هه‌روه‌ها فه‌رمووی: “پاشایه‌تیی خودا له‌ چی ده‌چێت؟ به‌ چ په‌ندیه‌ک ڕوونی بكه‌ینه‌وه‌؟ به‌ ده‌نكه‌ خه‌رته‌له‌یه‌ک، كاتێ له‌سه‌ر زه‌وی تۆو ده‌كرێت، له‌ هه‌موو تۆوه‌كانی سه‌ر زه‌وی بچووكتره‌. به‌ڵام كاتێ تۆو ده‌كرێت، گه‌شه‌ ده‌كات و له‌ هه‌موو ڕووه‌كه‌كان گه‌وره‌تر ده‌بێت و لقی گه‌وره‌ ده‌رده‌كات، ته‌نانه‌ت باڵنده‌ی ئاسمان ده‌توانن له‌ ژێر سێبه‌ریدا هێلانه‌ بكه‌ن”. به‌ زۆر په‌ندی ئاوا فه‌رمووده‌ی بۆ ده‌كردن، ئه‌وه‌نده‌ی توانای گوێگرتنیان هه‌بوو. به‌بێ په‌ند فه‌رمووده‌ی بۆ نه‌ده‌كردن، به‌ڵام كاتێ به‌ ته‌نها ده‌بوو له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی هه‌موو شتێكی بۆ ڕاڤه‌ ده‌كردن. له‌و ڕۆژه‌دا، كاتێ ئێواره‌ داهات، پێی فه‌رموون: “با بپه‌ڕینه‌وه‌ ئه‌وبه‌ر”. ئه‌وانیش خه‌ڵكه‌كه‌یان به‌ڕێكرد و وه‌كو خۆی له‌ نێو كه‌شتیه‌كه‌ بردییان، كه‌شتیی بچووكی دیكه‌شی له‌گه‌ڵ بوو. ئینجا ڕه‌شه‌بایه‌كی مه‌زن هه‌ڵیكرد، شه‌پۆڵه‌كان له‌ كه‌شتیه‌كه‌یان ده‌دا، تاكو خه‌ریک بوو پڕبێت. ئه‌ویش له‌ دواوه‌ له‌سه‌ر سه‌رینێک خه‌وتبوو. هه‌ڵیانساند و پێیان وت: “ڕابی، باكت نیه‌ وا له‌ناو ده‌چین؟” ئه‌ویش هه‌ستا و له‌ باكه‌ی ڕاخوڕی و به‌ ده‌ریاكه‌ی فه‌رموو: “بێده‌نگ به‌! كپ به‌!” باكه‌ وه‌ستا و بووه‌ هێمنییه‌كی ته‌واو. ئینجا پێی فه‌رموون: “بۆچی ئاوا ترسنۆكن؟ چۆن باوه‌ڕتان نییه‌؟” ئه‌وانیش تۆقین و به‌ یه‌كترییان وت: “ئه‌مه‌ كێیه‌؟ ته‌نانه‌ت با و ده‌ریاش گوێڕایه‌ڵی ده‌بن!”. ئینجا گه‌یشتنه‌ ئه‌وبه‌ری ده‌ریاكه‌، بۆ هه‌رێمی گه‌ده‌رین. كاتێ له‌ كه‌شتیه‌كه‌ دابه‌زی، یه‌كسه‌ر له‌نێو گۆڕستان پیاوێكی تووشبوو ڕووحی گڵاوی تێدابوو، له‌نێو گۆڕه‌كان ده‌ژیا، ته‌نانه‌ت به‌ زنجیریش كه‌س نه‌یده‌توانی بیبه‌ستێته‌وه‌. چونكه‌ زۆر جار به‌ كۆت و زنجیر به‌سترابووه‌وه‌، به‌ڵام زنجیره‌كانی پچڕاند و كۆته‌كانیشی شكاند، كه‌سیش نه‌یتوانی ملكه‌چی بكات. شه‌و و ڕۆژ به‌رده‌وام له‌ چیاكان و له‌ نێو گۆڕستاندا بوو، هاواری ده‌كرد و به‌ به‌رد له‌شی خۆی بریندار ده‌كرد. كاتێ له‌ دووره‌وه‌ ئیشۆعی بینی، ڕایكرد و كڕنۆشی بۆ برد. به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواری كرد: “چیت له‌ من ده‌وێت، ئه‌ی ئیشۆعی ڕۆڵه‌ی خودای هه‌ره‌به‌رز؟ سوێندت ده‌ده‌م به‌ خودا، ئه‌شكه‌نجه‌م مه‌ده‌!” چونكه‌ پێی فه‌رمووبوو: “ئه‌ی ڕووحی گڵاو، له‌م مرۆڤه‌ وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌!” ئینجا لێی پرسی: “ناوت چییه‌؟” پێی وت: “ناوم لیجیۆنه‌، چونكه‌ ئێمه‌ زۆرین”. زۆریش لێی پاڕایه‌وه‌ نه‌یاننێرێته‌ ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌كه‌. له‌وێ ڕانه‌ به‌رازێكی گه‌وره‌ له‌ قه‌د شاخه‌كه‌ ده‌له‌وه‌ڕان، هه‌موو شه‌یتانه‌كان لێی پاڕانه‌وه‌ و وتیان: “بماننێره‌ نێو به‌رازه‌كان، با بچینه‌ نێویان”. ئیشۆعیش یه‌كسه‌ر ڕێی پێدان. ڕووحه‌ گڵاوه‌كان هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و چوونه‌ نێو به‌رازه‌كان، ئینجا ڕانه‌كه‌ له‌ قه‌دپاڵه‌كه‌وه‌ به‌ره‌و ده‌ریاكه‌ ته‌ووژمیان برد، نزیكه‌ی دوو هه‌زار ده‌بوون، له‌نێو ده‌ریاكه‌ خنكان. به‌رازه‌وانه‌كان هه‌ڵاتن، هه‌واڵیان دایه‌ شار و گونده‌كان. ئه‌وانیش هاتن تاكو ببینن چی ڕوویداوه‌. هاتنه‌ لای ئیشۆع، بینییان ئه‌وه‌ی لیجۆنه‌كه‌ی تێدابوو، دانیشتووه‌ و پۆشته‌یه‌ و ئاقڵه‌، جا ترسان. ئه‌وانه‌ش كه‌ بینیبوویان چی به‌سه‌ر شێته‌كه‌ و به‌رازه‌كان هات، بۆیان گێڕانه‌وه‌. ئیتر ده‌ستیانكرد به‌ پاڕانه‌وه‌ لێی تاكو له‌ ناوچه‌كه‌یان بڕوات. كاتێ سواری كه‌شتیه‌كه‌ بوو، ئه‌وه‌ی كه‌ شێت بوو، لێی پاڕایه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵی بێت. ڕێگا‌ی نه‌دا، به‌ڵكو پێی فه‌رموو: “بڕۆ نێو ماڵ و كه‌سوكارت، بۆیان بگێڕه‌وه‌ په‌روه‌ردگار چی بۆت كردووه‌ و چۆن به‌زه‌یی پێت هاته‌وه‌”. جا ڕۆیشت و له‌ ده‌ شاره‌كه‌دا ده‌ستیكرد به‌ بانگه‌وازی هه‌موو ئه‌وه‌ی ئیشۆع بۆی كردبوو. هه‌مووان سه‌رسام بوون. دیسان ئیشۆع به‌ كه‌شتیه‌كه‌ په‌ڕییه‌وه‌ ئه‌وبه‌ر، هه‌ر له‌ده‌م ئاوه‌كه‌ بوو كۆمه‌ڵێكی زۆر لێی كۆبوونه‌وه‌. یه‌كێک له‌ پێشه‌وایانی كه‌نیشت هات، ناوی یایرۆس بوو، كاتێ ئیشۆعی بینی، له‌به‌رپێی كه‌وت و زۆر لێی پاڕایه‌وه‌ و وتی: “كچه‌ بچووكه‌كه‌م له‌ دواهه‌ناسه‌دایه‌، بریایه‌ بێیت و ده‌ستی له‌سه‌ر دابنێ تاكو چاكبێته‌وه‌ و بژیێت!”. ئیشۆع له‌گه‌ڵی چوو، كۆمه‌ڵانێكیش دوای كه‌وت و پاڵه‌په‌ستۆی لێ ده‌كرد. ژنێک دوازده‌ ساڵ بوو خوێنبه‌ربوونی هه‌بوو. به‌ ده‌ستی زۆر پزیشک ئازاری زۆری چێژتبوو، ئه‌وه‌ی هه‌یبوو خه‌رجی كردبوو، هیچ سوودیشی نه‌بوو، به‌ڵكو خراپتر ببوو. كاتێ باسی ئیشۆعی بیستبوو، هاته‌ نێو كۆمه‌ڵه‌كه‌ و له‌ دواوه‌ ده‌ستی له‌ كراسه‌كه‌ی دا، چونكه‌ وتبوو: “ئه‌گه‌ر ته‌نها ده‌ست له‌ كراسه‌كه‌ی بده‌م، چاک ده‌بمه‌وه‌”. یه‌كسه‌ر خوێنبه‌ربوونه‌كه‌ی ڕاوه‌ستا و له‌ له‌شیدا هه‌ستی به‌ چاكبوونه‌وه‌ كرد له‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ی. یه‌كسه‌ر ئیشۆعیش زانی هێزێک لێی ده‌رچوو، ئاوڕی له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “كێ ده‌ستی له‌ كراسه‌كه‌م دا؟” قوتابییه‌كانی پێیان وت: “ده‌بینیت خه‌ڵكه‌كه‌ پاڵه‌په‌ستۆت لێده‌كه‌ن، كه‌چی ده‌فه‌رمووی كێ ده‌ستی لێدام؟” چاوی ده‌گێڕا، تاكو بزانێت كێ بوو وایكرد. ژنه‌كه‌ش به‌ ڕووداوه‌كه‌ی خۆی ده‌زانی، به‌ ترس و له‌رزه‌وه‌ هات، له‌به‌رده‌می كه‌وت و هه‌مووی به‌ ڕاستی پێ وت. ئه‌ویش پێی فه‌رموو: “كچم، باوه‌ڕت چاكیكردیته‌وه‌، به‌ دڵنیایی بڕۆ و له‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ت چاكببه‌وه‌”. كاتێ ئیشۆع قسه‌ی ده‌كرد، كه‌سانێک له‌ ماڵی پێشه‌وای كه‌نیشته‌وه‌ هاتن، وتیان: “كچه‌كه‌ت مرد، ئیتر بۆ ڕابی ماندوو ده‌كه‌یت؟”. ئیشۆع گوێی به‌ قسه‌كه‌یان نه‌دا، به‌ پێشه‌واكه‌ی كه‌نیشتی فه‌رموو: “مه‌ترسه‌! ته‌نها باوه‌ڕت هه‌بێت”. نه‌یهێشت كه‌س له‌گه‌ڵی بچێت، په‌تڕۆس و یاقوو و یوخه‌ننه‌نی برای یاقوو نه‌بێت. هاتنه‌ ماڵی پێشه‌واكه‌ی كه‌نیشت، بینی هه‌رایه‌، گریان و شیوه‌نێكی زۆر. چووه‌ ژووره‌وه‌، پێی فه‌رموون: “بۆچی هه‌راتانه‌ و ده‌گریێن؟ كچه‌كه‌ نه‌مردووه‌، به‌ڵكو نووستووه‌”. پێی پێكه‌نین. به‌ڵام ئه‌و هه‌موویانی ده‌ركرده‌ ده‌ره‌وه‌، دایک و باوكی كچه‌كه‌ی برد له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون و چووه‌ ژووره‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ی كچه‌كه‌ی لێبوو. ده‌ستی كچه‌كه‌ی گرت و پێی فه‌رموو: “تالیتا قووم!” واتا: كیژۆڵه‌، پێت ده‌ڵێم: هه‌سته‌! كچه‌كه‌ یه‌كسه‌ر هه‌ستا و ڕێیكرد، چونكه‌ دوازده‌ ساڵان بوو، جا زۆر سه‌رسام بوون. زۆریش ڕایسپاردن كه‌س به‌مه‌ نه‌زانێت و فه‌رمووی شتێكی بده‌نێ با بیخوات. ئه‌وێی به‌جێهێشت و گه‌ڕایه‌وه‌ شاره‌كه‌ی خۆی، قوتابییه‌كانیشی دوای كه‌وتن. كه‌ بووه‌ شه‌ممه‌، له‌ كه‌نیشتدا ده‌ستیكرد به‌ ئامۆژگاری، زۆر له‌وانه‌ی گوێیان لێی گرتبوو سه‌رسام بوون. وتیان: “ئه‌مه‌ ئه‌مانه‌ی له‌كوێ بوو؟ ئه‌م داناییه‌ی پێی دراوه‌ و ئه‌م په‌رجوانه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی ده‌كرێن چین؟ ئه‌رێ ئه‌مه‌ دارتاشه‌كه‌ی كوڕی مه‌ریه‌م و براكه‌ی یاقوو و یوسی و ئیهوودا و شیمعون نییه‌؟ خوشكه‌كانی لێره‌ له‌لامان نین؟” به‌م شێوه‌یه‌ ساتمه‌یان لێی كرد. جا ئیشۆع پێی فه‌رموون: “پێغه‌مبه‌ر بێ ڕێز نییه‌، ته‌نها له‌ نیشتمان و له‌نێوان خزم و له‌ ماڵی خۆی نه‌بێت”. ئیتر له‌وێدا نه‌یتوانی یه‌ک په‌رجوش بكات، به‌ڵام چه‌ند نه‌خۆشێک هه‌بوون كه‌ ده‌ستی له‌سه‌ر دانان و چاكیكردنه‌وه‌. له‌ بێباوه‌ڕی ئه‌وان سه‌ری سوڕما. ئینجا به‌ گونده‌كانی ده‌وروبه‌ردا گه‌ڕا و ئامۆژگاری ده‌كرد. ئینجا دوازده‌كه‌ی بانگكرد، دوو دوو ده‌ستیكرد به‌ ناردنیان و ده‌سه‌ڵاتی پێدان به‌سه‌ر ڕووحه‌گڵاوه‌كان. ڕایسپاردن كه‌ بۆ ڕێگا هیچ نه‌به‌ن، جگه‌ له‌ گۆچانێک، نه‌ توره‌گه‌ و نه‌ نان نه‌ پاره‌ بۆ به‌ر پشتێن. به‌ڵكو سۆل له‌ پێیان بێت و دوو كراس له‌به‌ر نه‌كه‌ن. پێی فه‌رموون: “له‌ هه‌ر شوێنێک چوونه‌ ماڵێک، له‌وێ بمێننه‌وه‌ تاكو ئه‌وێ به‌جێده‌هێڵن. ئه‌گه‌ر شوێنێكیش په‌سه‌ندی نه‌كردن و گوێیان لێ نه‌گرتن ئه‌وا له‌وێ ده‌رچن و تۆزی پێتان بته‌كێنن، بۆ گه‌واهی له‌سه‌ریان، ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: دۆخی زه‌ویی سه‌دوم و عامۆرا له‌ ڕۆژی سزادان ئاسانتر ده‌بێت له‌و شاره‌”. ئه‌وانیش ده‌رچوون و تۆبه‌كردنیان ڕاده‌گه‌یاند. شه‌یتانی زۆریان ده‌ركرد و زۆر نه‌خۆشیان به‌ ڕۆن چه‌وركرد و چاكیان كردنه‌وه‌. شا هیڕوودس ئه‌مه‌ی بیست، چونكه‌ ناوی ده‌نگیدایه‌وه‌ و ده‌یانووت: “یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكار له‌نێو مردوواندا هه‌ستاوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ په‌رجو له‌سه‌ر ده‌ستی ده‌كرێت”. خه‌ڵكی دیكه‌ ده‌یانووت: “ئیلییایه‌”. هه‌ندێكیش ده‌یانووت: “پێغه‌مبه‌رێكه‌، وه‌ک پێغه‌مبه‌ران”. به‌ڵام هیڕوودس كه‌ بیستی، وتی: “یوخه‌ننه‌نه‌، ئه‌وه‌ی من سه‌رم بڕی، له‌نێو مردواندا‌ هه‌ستاوه‌ته‌وه‌!” چونكه‌ هیڕوودس به‌ خۆی ناردبوو، یوخه‌ننه‌نی گرت و له‌ زیندان‌ به‌ستییه‌وه‌، له‌سه‌ر هیرۆدیای ژنی پیلیپوسی برای خۆی، ئه‌وه‌ی كه‌ خواستبووی. چونكه‌ یوخه‌ننه‌ن به‌ هیڕوودسی ده‌ووت: “دروست نییه‌ براژنه‌كه‌ت بخوازیت”. جا هیرۆدیا ڕقی لێیبوو و ده‌یه‌ویست بیكوژێت، به‌ڵام نه‌یده‌توانی، چونكه‌ هیڕوودس له‌ یوخه‌ننه‌ن ده‌ترسا، ده‌یزانی پیاوێكی خوداناس و پارسایه‌، ده‌یپاراست. كاتێ گوێی لێده‌گرت زۆر ده‌شێوا، حه‌زیشی ده‌كرد گوێی لێبگرێت. ده‌رفه‌تێک ڕێككه‌وت، كاتێ هیڕوودس له‌ جه‌ژنی له‌دایكبوونی بۆ گه‌وره‌ فه‌رمانده‌كانی و پیاو ماقوڵانی گلیلا خوانی سازكرد. كچی هیرۆدیا هاته‌ ژووره‌وه‌ و سه‌مای كرد. جا هیڕوودس و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی پاڵیاندابووه‌وه‌ دڵخۆشیكردن. پاشا به‌ كچه‌كه‌ی وت: “هه‌رچیه‌كت ده‌وێ له‌ منی داوا بكه‌، ده‌تده‌مێ”. سوێندیشی بۆ خوارد: “هه‌رچیم لێ داوا بكه‌یت ده‌تده‌مێ، ئه‌گه‌ر نیوه‌ی پاشایه‌تیه‌كه‌شم بێت”. ئه‌ویش ده‌رچوو و به‌ دایكی وت: “داوای چی بكه‌م؟” وتی: “سه‌ری یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكار”. یه‌كسه‌ر و به‌ په‌له‌ هاته‌ ژووره‌وه‌ بۆ لای پاشا، داوای كرد و وتی: “ده‌مه‌وێت هه‌رئێستا سه‌ری یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكارم له‌سه‌ر سینییه‌ک بده‌یتێ”. پاشا زۆر دڵگران بوو. به‌ڵام له‌به‌ر سوێنده‌كان و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی له‌سه‌ر خوان بوون، نه‌یویست ڕه‌تی بكاته‌وه‌. پاشا یه‌كسه‌ر پیاوكوژی نارد و فه‌رمانی دا سه‌ری بهێنن. ئه‌ویش چوو و له‌ زیندان سه‌ری بڕی، له‌سه‌ر سینییه‌ک سه‌ری هێنا و دایه‌ كچه‌كه‌، كچه‌ش دایه‌ دایكی. كاتێ قوتابییه‌كانی بیستیان، هاتن ته‌رمه‌كه‌یان هه‌ڵگرت و له‌ گۆڕێكدا ناشتیان. په‌یامبه‌ران له‌ ئیشۆع كۆبوونه‌وه‌، هه‌موو ئه‌وه‌ی كردبوویان و فێریان كردبوو بۆیان گێڕایه‌وه‌. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “هه‌ر خۆتان به‌ته‌نێ وه‌رنه‌ شوێنێكی چۆڵ كه‌مێک پشوو بده‌ن”. چونكه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌هاتن و ده‌چوون زۆر بوون، ده‌رفه‌تی نان خواردنیان نه‌بوو. ئیتر هه‌ر خۆیان به‌ كه‌شتی چوونه‌ شوێنێكی چۆڵ. به‌ڵام زۆر خه‌ڵک بینیانن و ناسیانن، له‌ هه‌موو شاره‌كانه‌وه‌ پێكه‌وه‌ به‌ پێیان به‌ره‌و ئه‌وێ ڕایان ده‌كرد و پێشیان كه‌وتن. كاتێ ئیشۆع دابه‌زی، كۆمه‌ڵێكی زۆری بینی و دڵی پێیان سووتا، چونكه‌ وه‌ک كاوڕی بێ شوان بوون. ده‌ستی پێكرد زۆر شتی فێركردن. دوای چه‌ند كاژێرێكی زۆر، قوتابییه‌كانی لێی هاتنه‌ پێش، وتیان: “ئه‌م شوێنه‌ چۆڵه‌ و كاتیش دره‌نگه‌. به‌ڕێیان بكه‌، تاكو بچنه‌ ئه‌م لادێ و گوندانه‌ی ده‌وروبه‌ر نان بۆ خۆیان بكڕن، چونكه‌ هیچیان نیه‌ بیخۆن”. وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ئێوه‌ شتێكیان بده‌نێ با بیخۆن”. پێیان وت: “ئایا بچین بایی دوو سه‌د دینار نانیان بۆ بكڕین و بیانده‌ینێ، تاكو بیخۆن؟” ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “چه‌ند نانتان پێیه‌؟ بڕۆن ببینن”. كه‌ زانییان وتیان: “پێنج له‌گه‌ڵ دوو ماسی”. ئینجا فه‌رمانی پێدان خه‌ڵكه‌كه‌ كۆمه‌ڵ كۆمه‌ڵ له‌سه‌ر سه‌وزه‌ گیا دابنیشێنن. ئه‌وانیش ڕیز ڕیز دانیشتن، سه‌د سه‌د و په‌نجا په‌نجا. ئینجا پێنج نانه‌كه‌ و دوو ماسییه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و چاوی هه‌ڵبڕیه‌ ئاسمان، داڕشتی كرد و نانه‌كانی له‌تكرد و دایه‌ قوتابییه‌كانی تاكو له‌به‌رده‌میان دایبنێن، دوو ماسیه‌كه‌شی به‌سه‌ر هه‌موویان دابه‌شكرد. جا هه‌موو خواردیان و تێربوون. پاشان دوازده‌ سه‌به‌ته‌ی پڕ له‌ له‌ته‌نان و ماسییان هه‌ڵگرته‌وه‌. ئه‌وانه‌ی له‌ نانه‌كه‌یان خوارد نزیكه‌ی پێنج هه‌زار پیاو بوون. یه‌كسه‌ر ئیشۆع قوتابییه‌كانی ناچاركرد سواری كه‌شتیه‌كه‌ بن و پێشی بكه‌ون بۆ ئه‌وبه‌ر، بۆ بتسه‌یادا، تاكو خۆی خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ڕێ ده‌كات. كه‌ خواحافیزی لێكردن، بۆ نوێژكردن چووه‌ سه‌ر شاخ. كه‌ ئێواره‌ داهات، كه‌شتیه‌كه‌ له‌ناوه‌ڕاستی ده‌ریاكه‌ بوو، ئیشۆعیش به‌ ته‌نها له‌سه‌ر وشكایی بوو. كه‌ بینی به‌هۆی سه‌وڵ لێدان ماندوون، چونكه‌ بایه‌ک پێچه‌وانه‌یان بوو، له‌ چواره‌م به‌تڵی شه‌ودا هاته‌ لایان، به‌سه‌ر ده‌ریاكه‌دا ده‌ڕۆیشت و ویستی لێیان تێپه‌ڕێت. كاتێ بینییان به‌سه‌ر ده‌ریاكه‌دا ده‌ڕوات، وایانزانی دێوه‌زمه‌یه‌، جا هاواریان كرد. چونكه‌ هه‌موو بینییان و شڵه‌ژان، یه‌كسه‌ر قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردن و فه‌رمووی: “دڵنیابن! ئه‌وه‌ منم. مه‌ترسن”. ئینجا بۆ لایان سه‌ركه‌وته‌ نێو كه‌شتیه‌كه‌ و باكه‌ وه‌ستا. جا به‌ ته‌واوی سه‌رسام بوون، چونكه‌ ده‌رباره‌ی نانه‌كان تێنه‌گه‌یشتن، دڵیان هه‌ر ڕه‌ق بوو. كاتێ په‌ڕینه‌وه‌، هاتنه‌ زه‌ویی گینیسه‌ڕ و له‌نگه‌ریان گرت. كاتێ له‌ كه‌شتیه‌كه‌ دابه‌زین، خه‌ڵک ئیشۆعیان ناسییه‌وه‌. به‌ هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌كانی ده‌وروبه‌ردا سووڕان و نه‌خۆشه‌كان به‌سه‌ر نوێنه‌كانیانه‌وه‌ هه‌ڵگرت، بۆ هه‌ر شوێنێک گوێیان لێبووایه‌ كه‌ له‌وێیه‌. بۆ هه‌ر كوێ بڕۆیشتایه‌، گوند، شار، لادێ. خه‌ڵک نه‌خۆشه‌كانیان له‌ بازاڕ داده‌نا و لێی ده‌پاڕانه‌وه‌ كه‌ ته‌نها ده‌ست له‌ چمكی كراسه‌كه‌ی بده‌ن. جا هه‌ر كه‌سێک ده‌ستی لێیدا چاكبووه‌وه‌. په‌ڕیشی و هه‌ندێک ته‌وراتزان كه‌ له‌ یروشلایمه‌وه‌ هاتبوون له‌لای كۆبوونه‌وه‌. بینییان هه‌ندێک له‌ قوتابییه‌كانی به‌ ده‌ستی پیس نان ده‌خۆن، واتا بێ ده‌ست شوشتن. چونكه‌ په‌ڕیشی و هه‌موو جوو، نان ناخۆن ئه‌گه‌ر به‌ باشی ده‌ستیان نه‌شۆن، په‌یوه‌ست بوون به‌ نه‌ریتی پیران. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر له‌ بازاڕ بهاتبوونایه‌وه‌ نانیان نه‌ده‌خوارد تاكو خۆیان نه‌شۆردبایه‌، زۆر شتی دیكه‌ش هه‌بوو وه‌ریانگرتبوو و پێی پابه‌ند بوون، شوشتنی كاسه‌ و چاپه‌ست و ده‌فری مس و نوێن. جا په‌ڕیشی و ته‌وراتزانه‌كان لێیان پرسی: “بۆچی قوتابییه‌كانت له‌سه‌ر نه‌ریتی پیران ناڕۆن و به‌ ده‌ستی پیس نان ده‌خۆن؟” ئه‌ویش وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ئه‌ی ڕووپاماكان! ئێشه‌عیا ده‌رباه‌ری ئێوه‌ پێشبینی باشی كردووه‌، وه‌ک نووسراوه‌: {ئه‌م گه‌له‌ به‌سه‌ر لێوان ڕێزم لێ ده‌نێت، به‌ڵام دڵی لێم دووره‌. به‌فیڕۆ ده‌مپه‌رستن، ئامۆژگارییه‌ک فێرده‌كه‌ن كه‌ ڕاسپارده‌ی خه‌ڵكه}‌. چونكه‌ ئێوه‌ ڕاسپارده‌ی خوداتان پشتگوێ خستووه‌ و پابه‌ندن به‌ نه‌ریتی خه‌ڵک”. ئینجا پێی فه‌رموون: “باش ڕاسپارده‌ی خودا ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له‌ نه‌ریتی خۆتان بكه‌ن!. چونكه‌ مووشێ وتوویه‌تی: {ڕێز له‌ باوک و دایكت بگره‌، ئه‌وه‌ی جنێو به‌ باوكی یان دایكی بدات، ده‌بێ بكوژرێت} به‌ڵام ئێوه‌ ده‌ڵێن: ئه‌وه‌ی به‌ باوكی یان دایكی بڵێت، ئه‌وه‌ی له‌ منی وه‌رده‌گرن، قوربانییه‌ به‌ واتای دیاری بۆ خودا ئیتر نایه‌ڵن شتێكی بۆ باوک یان دایكی بكات. به‌و نه‌ریته‌تان كه‌ له‌ یه‌كتری وه‌رده‌گرن، وشه‌ی خودا له‌كارده‌خه‌ن. زۆر شتی دیكه‌ی وه‌ک ئه‌مه‌ ده‌كه‌ن”. ئینجا كۆمه‌ڵه‌كه‌ی بانگكرد و پێی فه‌رموون: “هه‌موو گوێم لێ بگرن و تێبگه‌ن. شت نییه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤه‌وه‌ بێته‌ ناوی و گڵاوی بكات. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ مرۆڤه‌وه‌ ده‌رده‌چێت، ئه‌وه‌ مرۆڤ گڵاو ده‌كات. ئه‌وه‌ی دوو گوێی هه‌یه‌ بۆ بیستن با ببیستێت”. كاتێ خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌جێهێشت و هاته‌ ماڵێک، قوتابییه‌كانی ده‌رباره‌ی په‌ندكه‌ پرسیان لێكرد. پێی فه‌رموون: “ئێوه‌ش ئاوا تێنه‌گه‌یشتوون؟ تێناگه‌ن كه‌ هه‌رچی له‌ ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤه‌وه‌ دێته‌ نێویه‌وه‌ ناتوانێت گڵاوی بكات؟ چونكه‌ ناچێته‌ دڵیه‌وه‌، به‌ڵكو سكی، پاشان ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ش بۆ ئاوده‌ست. هه‌موو خۆراكێک پێگه‌رده‌”. ئینجا فه‌رمووی: “ئه‌وه‌ی له‌ مرۆڤ ده‌رده‌چێت، ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ گڵاو ده‌كات. چونكه‌ له‌ ناوه‌وه‌، له‌ دڵی مرۆڤه‌وه‌، بیری خراپ ده‌رده‌چێت: داوێنپیسی، به‌دڕه‌وشتی، كوشتن، دزی، چڵێسی، خراپه‌كاری، هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن، به‌ڕه‌ڵایی، چاوپیسی، كفر، لووتبه‌رزی، نه‌زانی. هه‌موو ئه‌م خراپانه‌ له‌ ناوه‌وه‌ ده‌رده‌چن و مرۆڤ گڵاو ده‌كه‌ن”. ئیشۆع به‌ڕێكه‌وت و ئه‌وێی به‌جێهێشت، چووه‌ ده‌ڤه‌ری سووڕ و سه‌یده‌ن. چووه‌ ماڵێک و نه‌یویست كه‌س بزانێت، به‌ڵام نه‌یتوانی خۆی بشارێته‌وه‌. چونكه‌ ژنێک كچه‌كه‌ی ڕووحی گڵاوی تێدابوو، هه‌واڵی ئه‌وی بیست و هات له‌به‌رپێی كه‌وت. ژنه‌كه‌ش نا جوو بوو، له‌ ڕه‌گه‌زی پۆنیقێی سوریا بوو، داوای لێكرد شه‌یتانه‌كه‌ له‌ كچه‌كه‌ی ده‌ربكات. به‌ڵام ئیشۆع پێی فه‌رموو: “جارێ با ڕۆڵه‌كان تێر بن، چونكه‌ ناشێت نانی ڕۆڵه‌كان ببڕدرێت و فڕێبدرێت بۆ سه‌گ”. وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “به‌ڵێ گه‌وره‌م! سه‌گیش له‌ ژێر خواندا له‌ له‌ته‌نانی به‌ر ڕۆڵه‌كان ده‌خوات”. پێی فه‌رموو: “له‌به‌ر ئه‌م وشه‌یه‌، بڕۆ، شه‌یتانه‌كه‌ له‌ كچه‌كه‌ت ده‌رچوو”. گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی، بینی كچه‌كه‌ له‌سه‌ر جێگاكه‌ی پاڵكه‌وتووه‌ و شه‌یتانه‌كه‌ ده‌رچووه‌. ئینجا ئیشۆع له‌ ده‌ڤه‌ری سووڕ و سه‌یده‌ن ده‌رچوو و به‌ره‌و ده‌ریای گلیلا هات، له‌ ناوه‌ڕاستی‌ سنووری ده‌ شاره‌كه‌دا. كه‌ڕێكی لاڵوپته‌یان بۆ هێنا، لێی پاڕانه‌وه‌ ده‌ستی له‌سه‌ر دابنێت. ئیشۆع بردییه‌ لایه‌كه‌وه‌، دوور له‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌، په‌نجه‌كانی خسته‌ نێو گوێی كابراوه‌ و تفی كرد و ده‌ستی له‌ زمانی دا. چاوی به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵبڕی و هه‌ناسه‌یه‌كی هه‌ڵكێشا و پێی فه‌رموو: “ئێففه‌تا!” واتا بكرێوه‌. یه‌كسه‌ر گوێیه‌كانی كرانه‌وه‌ و گرێی زمانی كرایه‌وه‌ و به‌ ڕه‌وانی قسه‌ی كرد. ئینجا ڕایسپاردن به‌ كه‌س نه‌ڵێن، به‌ڵام چه‌ند ڕایده‌سپاردن ئه‌وان زیاتر بڵاویان ده‌كرده‌وه‌. زۆر سه‌رسام بوون و ده‌یانووت: “هه‌موو شتێكی به‌ باشی كردووه‌! وایكرد كه‌ڕ ببیستێت و لاڵ قسه‌ بكات”. له‌و ڕۆژانه‌دا دیسان كۆمه‌ڵانێكی زۆر هه‌بوو، هیچیان نه‌بوو بیخۆن، ئیشۆع قوتابییه‌كانی بانگكرد و پێی فه‌رموون: “دڵم به‌و كۆمه‌ڵه‌ ده‌سووتێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ سێ ڕۆژه‌ له‌گه‌ڵمدان و هیچیان نییه‌ بیخۆن. ئه‌گه‌ر به‌ برسیێتی بیاننێرمه‌وه‌ ماڵ، له‌ ڕێگادا بڕ ناكه‌ن، هه‌ندێكیشیان له‌ دووره‌وه‌ هاتوون”. قوتابییه‌كانی وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “كێ ده‌توانێت له‌م چۆڵه‌وانییه‌ تێرنانی ئه‌مانه‌ بكات؟” لێی پرسین: “چه‌ند نانتان پێیه‌؟” وتیان: “حه‌وت”. جا فه‌رمانی دا خه‌ڵكه‌كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی دانیشن. حه‌وت نانه‌كه‌ی برد و سوپاسی كرد و له‌تیكردن و دایه‌ قوتابییه‌كانی تاكو دابه‌شی بكه‌ن، ئه‌وانیش به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌كه‌دا دابه‌شیان كرد. چه‌ند ماسییه‌كی بچووكیشیان پێ بوو، داڕشتی كرد و فه‌رمووی با ئه‌مه‌ش دابه‌ش بكرێت. ئیتر خواردیان و تێربوون. ئینجا حه‌وت سه‌به‌ته‌ له‌ته‌نانیان هه‌ڵگرته‌وه‌. نزیكه‌ی چوار هه‌زار ده‌بوون، ئینجا به‌ڕێیكردن. پاشان یه‌كسه‌ر له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی سواری كه‌شتی بوو و هاته‌ ناوچه‌ی ده‌لمانووته‌. په‌ڕیشییه‌كان هاتن و ده‌ستیان به‌ گفتوگۆ كرد له‌گه‌ڵ ئیشۆع، داوای په‌رجوێكیان لێی ده‌كرد له‌ ئاسمانه‌وه‌، بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی. له‌ قووڵایی ڕووحیدا هه‌ناسه‌یه‌كی هه‌ڵكێشا و فه‌رمووی: “بۆچی ئه‌م نه‌وه‌یه‌ داوای په‌رجو ده‌كات؟ ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: په‌رجو نادرێته‌ ئه‌م نه‌وه‌یه‌!” ئینجا به‌جێیهێشتن. دووباره‌ سواری كه‌شتیه‌كه‌ بوو و په‌ڕییه‌وه‌ ئه‌وبه‌ر. له‌بیریان چووبوو نان ببه‌ن، له‌ كه‌شتیه‌كه‌دا له‌ یه‌ک نان زیاتریان پێ نه‌بوو. ڕایسپاردن و فه‌رمووی: “وریابن! ئاگاداربن له‌ هه‌وێنی په‌ڕیشییه‌كان و هه‌وێنی هیڕوودس”. له‌نێو خۆیاندا بیریان كرده‌وه‌ و به‌ یه‌كتریان وت: “له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نانمان پێ نییه‌”. ئیشۆع زانی و پێی فه‌رموون: “بۆچی باسی ده‌كه‌ن كه‌ نانتان پێ نییه‌؟ هێشتا جیا ناكه‌نه‌وه‌ و تێناگه‌ن؟ تا ئێستاش دڵڕه‌قن؟ خۆ چاوتان هه‌یه‌، نابینن، گوێتان هه‌یه‌، نابیستن؟ وه‌بیرتان نایه‌ته‌وه‌؟ كاتێ پێنج نانه‌كه‌م بۆ پێنج هه‌زاره‌كه‌ له‌تكرد، چه‌ند سه‌به‌ته‌ی پڕ له‌ له‌ته‌نانتان هه‌ڵگرته‌وه‌؟” پێیان وت: “دوازده‌”. “كاتێ حه‌وته‌كه‌ش بۆ چوار هه‌زاره‌كه‌، چه‌ند سه‌به‌ته‌ی پڕ له‌ له‌ته‌نانتان هه‌ڵگرته‌وه‌؟” پێیان وت: “حه‌وت”. ئینجا پێی فه‌رموون: “چۆن تێناگه‌ن؟” هاتنه‌ بتسه‌یادا، نابینایه‌كیان هێنایه‌ لای و لێی پاڕانه‌وه‌ ده‌ستی لێ بدات. ئه‌ویش ده‌ستی نابیناكه‌ی گرت، بردییه‌ ده‌ره‌وه‌ی گونده‌كه‌ و تفی له‌ چاوی كرد، ده‌ستی له‌سه‌ر دانا و لێی پرسی: “هیچ ده‌بینیت؟” سه‌یری كرد و وتی: “خه‌ڵک ده‌بینم وه‌ک دره‌خت ڕێ ده‌كه‌ن”. دیسان ئیشۆع ده‌ستی خسته‌وه‌ سه‌ر چاوی، چاوی تێبڕی و چاكبووه‌وه‌، هه‌موو مرۆڤێكی به‌ ڕوونی بینی. ئینجا بۆ ماڵی خۆی ڕه‌وانه‌ی كرده‌وه‌ و فه‌رمووی: “مه‌چۆ نێو گونده‌كه‌ و به‌كه‌سیشیان مه‌ڵێ”. ئیشۆع و قوتابییه‌كانی بۆ گونده‌كانی قه‌یسه‌ڕییه‌ی پیلیپوس ده‌رچوون، له‌ ڕێگادا له‌ قوتابییه‌كانی پرسی: “خه‌ڵكی ده‌ڵێن من كێم؟” وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكار، هه‌ندێكیش ده‌ڵێن ئیلییا و هه‌ندێكیش یه‌كێک له‌ پێغه‌مبه‌ران”. پێی فه‌رموون: “ئه‌ی ئێوه‌، ده‌ڵێن من كێم؟” په‌تڕۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “تۆ مه‌سیحه‌كه‌یت!”. جا ئاگاداری كردنه‌وه‌ له‌لای كه‌س باسی نه‌كه‌ن. ئینجا ده‌ستیكرد به‌ ئامۆژگارییان كه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بێ زۆر ئازار بچێژێت، پیران و كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان ڕه‌تی بكه‌نه‌وه‌، بكوژرێت و له‌ ڕۆژی سێیه‌مدا هه‌ستێته‌وه‌. به‌ ئاشكرا قسه‌كه‌ی كرد، په‌تڕۆسیش بردییه‌ لاوه‌ و لێی ڕاخوڕی. به‌ڵام ئیشۆع ئاوڕی دایه‌وه‌ و سه‌یری قوتابییه‌كانی كرد، سه‌رزه‌نشتی په‌تڕۆسی كرد و فه‌رمووی: “له‌به‌رچاوم لاچۆ، ئه‌ی شه‌یتان! چونكه‌ تۆ بیر له‌ شته‌ خوداییه‌كان ناكه‌یته‌وه‌، به‌ڵكو شتی مرۆڤانه‌”. ئینجا كۆمه‌ڵه‌كه‌ و قوتابییه‌كانی بانگكرد و پێی فه‌رموون: “ئه‌گه‌ر یه‌كێک ویستی دوام بكه‌وێت، با نكۆڵی له‌ خۆی بكات و خاچه‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت و دوام بكه‌وێت. چونكه‌ ئه‌وه‌ی بیه‌وێت خۆی ڕزگار بكات، ده‌یدۆڕێنێت، ئه‌وه‌ش كه‌ له‌ پێناوی من و له‌پێناوی ئینجیل خۆی بدۆڕێنێت، ڕزگاری ده‌كات. چونكه‌ چی به‌كه‌ڵكی مرۆڤ دێت ئه‌گه‌ر هه‌موو جیهان بباته‌وه‌ و خۆی بدۆڕێنێت؟ یان مرۆڤ بۆ قورابنیدانی خۆی چی ده‌دات؟ چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌لای ئه‌م نه‌وه‌ داوێنپیس و گوناهباره‌ شه‌رمی به‌ من و به‌ وته‌كانم بێت، ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش كاتێ به‌ شكۆی باوكی له‌گه‌ڵ فریشته‌ پارساكاندا دێته‌وه‌ شه‌رمی پێی ده‌بێت”. ئینجا پێی فه‌رموون: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: هه‌ندێک له‌وانه‌ی لێره‌ ڕاوه‌ستاون، مه‌رگ ناچێژن تاكو پاشایه‌تیی خودا ده‌بینن به‌ هێزه‌وه‌ هاتۆته‌وه‌”. دوای شه‌ش ڕۆژ، ئیشۆع په‌تڕۆس و یاقوو و یوخه‌ننه‌نی له‌گه‌ڵ خۆی برد، به‌ ته‌نها بردنییه‌ سه‌ر چیایه‌كی به‌رز، له‌به‌رچاویان شێوه‌ی گۆڕا. جله‌كانی زۆر سپی و بریسكه‌دار بووه‌وه‌ وه‌ک به‌فر، هیچ سپیكارێک له‌سه‌ر زه‌وی ناتوانێت ئاوا سپی بكات. ئینجا ئیلییا له‌گه‌ڵ مووشێ بۆیان ده‌ركه‌وتن، له‌گه‌ڵ ئیشۆعدا قسه‌یان ده‌كرد. په‌تڕۆسیش به‌ ئیشۆعی وت: “گه‌وره‌م، پێمان باشه‌ لێره‌ بین، با سێ كه‌پر هه‌ڵبده‌ین، یه‌كێک بۆ تۆ، یه‌كێک بۆ مووشێ، یه‌كێكیش بۆ ئیلییا”. نه‌یده‌زانی چی ده‌ڵێت، چونكه‌ تۆقیبوون. هه‌ورێكیش سێبه‌ری به‌سه‌ریاندا ده‌كرد، ده‌نگێک له‌ هه‌وره‌كه‌وه‌ هات و فه‌رمووی: “ئه‌مه‌یه‌ ڕۆڵه‌ی خۆشه‌ویستم، گوێی لێ بگرن” كاتێ له‌ناكاو سه‌یری ده‌وروپشتیان كرد، له‌ ئیشۆع زیاتر كه‌سیان له‌گه‌ڵ خۆیان نه‌بینی. كاتێ له‌ چیاكه‌ ده‌هاتنه‌ خواره‌وه‌، ئیشۆع پێی ڕاسپاردن كه‌ ئه‌مه‌ی بینییان به‌ كه‌سی مه‌ڵێن، تاكو ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌نێو مردووان هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌. ئه‌وانیش ڕاسپارده‌كه‌یان پاراست‌ و پرسیان ده‌كرد: “هه‌ستانه‌وه‌ له‌نێو مردووان چییه‌؟” پرسیان لێكرد و وتیان: “بۆچی ته‌وراتزانه‌كان ده‌ڵێن: ده‌بێت یه‌كه‌مجار ئیلییا بێت؟” وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رمون: “یه‌كه‌مجار ئیلییا دێت و هه‌موو شتێک ڕێک ده‌خاته‌وه‌. ئه‌ی چۆن ده‌رباره‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ نووسراوه‌ كه‌ ده‌بێت زۆر ئازار بچێژێت و سووكایه‌تی پێ بكرێت؟ به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم، ئیلییا هات و چییان ویست پێیان كرد، وه‌ک له‌باره‌ی نووسراوه‌”. كاتێ هاته‌ لای قوتابییه‌كان، كۆمه‌ڵێكی زۆری له‌ ده‌وروپشتی بینی و ته‌وراتزانه‌كانیش گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ده‌كردن. كه‌ هه‌موو كۆمه‌ڵه‌كه‌ ئیشۆعیان بینی یه‌كسه‌ر سه‌رسام بوون، ڕایانكرد و سڵاویان لێكرد. ئیشۆع له‌ ته‌وراتزانه‌كانی پرسی: “له‌ باره‌ی چی گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن؟” یه‌كێک له‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “ڕابی، كوڕه‌كه‌م هێناوه‌ته‌ لات، ڕووحێكی لاڵی تێدایه‌. له‌كوێ بیگرێت، به‌ زه‌ویی داده‌دات، ده‌می كه‌ف ده‌كات و ددانه‌كانی جیڕده‌كاته‌وه‌ و ڕه‌ق ده‌بێت. داوام له‌ قوتابییه‌كانت كرد ده‌ری بكه‌ن، به‌ڵام نه‌یانتوانی”. وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ئه‌ی نه‌وه‌ی بێباوه‌ڕ، تا كه‌ی له‌گه‌ڵتان بم؟ تا كه‌ی به‌رگه‌تان بگرم؟ بیهێننه‌ لام!”. ئه‌وانیش هێنایانه‌ لای. كه‌ ڕووحه‌كه‌ ئیشۆعی بینی، یه‌كسه‌ر كوڕه‌كه خووی گرت و كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وی، ده‌گه‌وزی و كه‌ف له‌ ده‌میه‌وه‌ ده‌هات. له‌ باوكی پرسی: “له‌ كه‌یه‌وه‌ وای لێهاتووه‌؟” وتی: “له‌ منداڵییه‌وه‌. زۆر جاریش خستوویه‌تییه‌ نێو ئاگر و نێو ئاوه‌وه‌ تاكو له‌ناوی ببات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌توانیت شتێک بكه‌یت، دڵت پێمان بسووتێ و یارمه‌تیمان بده‌”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “ئه‌گه‌ر پێت ده‌كرێت باوه‌ڕ بهێنێت، ئه‌وا هه‌موو شتێک بۆ باوه‌ڕدار ده‌بێت”. یه‌كسه‌ر باوكی كوڕه‌كه‌ هاواری كرد: “باوه‌ڕم هه‌یه‌ گه‌وره‌م، یارمه‌تی بێباوه‌ڕیم بده‌” ئیشۆع كه‌ بینی كۆمه‌ڵه‌كه‌ ڕاده‌كه‌ن، له‌ ڕووحه‌ گڵاوه‌كه‌ی ڕاخوڕی و فه‌رمووی: “ئه‌ی ڕووحی كه‌ڕولاڵ، فه‌رمانت پێ ده‌كه‌م: لێی وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌ و جارێكی دیكه‌ نه‌چیته‌وه‌ ناوی!” جا هاواری كرد و به‌ توندی خووگرتی كرد و ده‌رچوو. وه‌ک مردووی لێ هات، ته‌نانه‌ت زۆر كه‌س وتیان: “مرد!”. ئیشۆع ده‌ستی گرت و هه‌ستاندیه‌وه‌‌، ئه‌ویش هه‌ستا. كاتێ چووه‌ ماڵێک، قوتابییه‌كانی به‌ ته‌نها لێیان پرسی: “بۆچی ئێمه‌ نه‌مانتوانی ده‌ری بكه‌ین؟” پێی فه‌رموون: “ئه‌م جۆره‌ به‌ نوێژ و ڕۆژوو نه‌بێت ده‌رناكرێت”. له‌وێ ڕۆیشتن و به‌ گلیلا‌دا تێپه‌ڕین، ئیشۆعیش نه‌یویست كه‌س بزانێت، چونكه‌ قوتابییه‌كانی فێرده‌كرد و پێی ده‌فه‌رموون: “ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌درێته‌ ده‌ست خه‌ڵک و ده‌یكوژن، دوای كوشتنی به‌ سێ ڕۆژ هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌”. به‌ڵام ئه‌وان له‌ فه‌رمووده‌كه‌ تێنه‌گه‌یشتن و ترسان لێی بپرسن. ئینجا هاته‌ كپه‌ڕناخوم. كه‌ گه‌یشته‌ ماڵه‌وه‌، لێی پرسین: “له‌ ڕێگا گفتوگۆی چیتان ده‌كرد؟” به‌ڵام ئه‌وان بێده‌نگ بوون، چونكه‌ له‌ ڕێگادا مشتومڕیان له‌گه‌ڵ یه‌كتر كرد كه‌ كامیان مه‌زنتره‌. جا دانیشت و دوازده‌كه‌ی بانگكرد و پێی فه‌رموون: “ئه‌گه‌ر یه‌كێک ویستی یه‌كه‌م بێت، با له‌دوای هه‌مووان و ڕاژه‌وانی هه‌مووان بێت”. ئینجا منداڵێكی هێنا و له‌ناوه‌ڕاستیاندا ڕایگرت، گرتییه‌ باوه‌شی و پێی فه‌رموون: “ئه‌وه‌ی به‌ ناوی منه‌وه‌ یه‌كێک له‌م منداڵانه‌ په‌سه‌ند بكات، ئه‌وا من په‌سه‌ند ده‌كات، ئه‌وه‌ی په‌سه‌ندم بكات، په‌سه‌ندی من ناكات، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ناردوومی”. یوخه‌ننه‌ن پێی وت: “ڕابی، یه‌كێكمان بینی به‌ ناوی تۆوه‌ شه‌یتانی ده‌رده‌كرد، ئێمه‌ش قه‌ده‌غه‌مان لێ كرد، چونكه‌ دوامان ناكه‌وێت”. ئیشۆع فه‌رمووی: “قه‌ده‌غه‌ی لێ مه‌كه‌ن. كه‌س نییه‌ به‌ ناوی منه‌وه‌ په‌رجو بكات و بتوانێت خێرا به‌ خراپه‌ باسم بكات. چونكه‌ ئه‌وه‌ی دژمان نییه‌ له‌گه‌ڵماندایه‌. چونكه‌ ئه‌‌وه‌ی به‌ ناوی منه‌وه‌ جامێک ئاوی پێدان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هی مه‌سیحن، ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: پاداشتی ون نابێت. ئه‌وه‌ی ساتمه‌ به‌ یه‌كێک له‌م بچووكانه‌ بكات كه‌ باوه‌ڕیان به‌ من هه‌یه‌، بۆی باشتره‌ به‌رداشێک به‌ ملیه‌وه‌ هه‌ڵبواسرێت و فڕێبدرێته‌ ده‌ریاوه‌. ئه‌گه‌ر ده‌ستت بووه‌ كۆسپ بۆت، بیبڕه‌وه‌. باشتره‌ بۆت به‌ یه‌ک ده‌سته‌وه‌ بچیته‌ نێو ژیانه‌وه‌ له‌وه‌ی دوو ده‌ستت هه‌بێت و بچیته‌ دۆزه‌خ، نێو ئاگرێک كه‌ ناكوژێته‌وه‌. له‌وێ كرمه‌كانیان نامرێت و ئاگره‌كه‌ ناكوژێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر پێت بووه‌ كۆسپ بۆت، بیبڕه‌وه‌. باشتره‌ بۆت به‌ یه‌ک پێیه‌وه‌ بچیته‌ نێو ژیانه‌وه‌ له‌وه‌ی دوو پێت هه‌بێت و فڕێبدرێیته‌ نێو دۆزه‌خ. له‌وێ كرمه‌كانیان نامرێت و ئاگره‌كه‌ ناكوژێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر چاوت بووه‌ كۆسپ بۆت، ده‌ریبهێنه‌. باشتره‌ بۆت به‌ یه‌ک چاو بچیته‌ نێو پاشایه‌تیی خوداوه‌ له‌وه‌ی دوو چاوت هه‌بێت و فڕێبدرێیته‌ نێو دۆزه‌خ. له‌وێ كرمه‌كانیان نامرێت وئاگره‌كه‌ ناكوژێته‌وه‌. چونكه‌ هه‌موو به‌ ئاگر سوێر ده‌كرێن و هه‌موو سه‌ربڕاوێک به‌ خوێ سوێر ده‌كرێته‌وه‌. خوێ باشه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خوێ سوێرییه‌كه‌ی نه‌ما، به‌ چی سوێری ده‌كه‌نه‌وه‌؟ با خوێتان تێدابێت و له‌گه‌ڵ یه‌كتری له‌ ئاشتیدا بن”. ئینجا ئیشۆع له‌وێ هه‌ستا و هاته‌ ده‌ڤه‌ری ئیهوود له‌وبه‌ری یوردنه‌ن. دیسان كۆمه‌ڵێک لێی كۆبوونه‌وه‌، وه‌ک نه‌ریتی خۆی ئامۆژگاریی ده‌كردن. هه‌ندێک په‌ڕیشی هاتن و پرسیان لێی كرد: “ئایا دروسته‌ مێرد ژنه‌كه‌ی ته‌ڵاق بدات؟” وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “مووشێ چی پێ ڕاسپاردوون؟” وتیان: “مووشێ ڕێی داوه‌ ته‌ڵاقنامه‌ بنووسرێت و ته‌ڵاق بكه‌وێت”. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “له‌به‌ر دڵڕه‌قیتان ئه‌م ڕاسپارده‌یه‌ی بۆ نووسین. به‌ڵام له‌ سه‌ره‌تای ئافراندنه‌وه‌، خودا به‌ نێر و مێ ئافراندنی. له‌به‌رئه‌مه‌ پیاو باوک و دایكی به‌جێده‌هێڵێت و به‌ ژنه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌لكێت، ئیتر هه‌ردووكیان ده‌بنه‌ یه‌ک جه‌سته‌. كه‌واته‌ ئیتر‌ دوو نین، به‌ڵكو یه‌ک جه‌سته‌ن. ئه‌وه‌ی خودا به‌ یه‌كتری گه‌یاندووه‌، مرۆڤ جیای ناكاته‌وه‌”. له‌ ماڵه‌وه‌ش، قوتابییه‌كان دیسان له‌م باره‌یه‌وه‌ لێیان پرسی. پێی فه‌رموون: “ئه‌وه‌ی ژنه‌كه‌ی ته‌ڵاق بدات و یه‌كێكی دیكه‌ بهێنێت، ئه‌وا داوێنپیسی به‌رامبه‌ری ده‌كات. ئه‌گه‌ر ژن مێرده‌كه‌ی ته‌ڵاق بدات و مێرد به‌ یه‌كێكی دیكه‌ بكات، ئه‌وا داوێنپیسی ده‌كات”. منداڵیان بۆ لای هێنا تاكو ده‌ستیان لێ بدات. به‌ڵام قوتابییه‌كان لێیان ڕاخوڕین. كه‌ ئیشۆع ئه‌مه‌ی بینی، پێی ناخۆش بوو، پێی فه‌رموون: “لێگه‌ڕێن منداڵان بێنه‌ لام و قه‌ده‌غه‌یان لێ مه‌كه‌ن، چونكه‌ پاشایه‌تیی خودا هی وه‌ک ئه‌مانه‌یه‌. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی وه‌ک منداڵێک پاشایه‌تیی خودا په‌سه‌ند نه‌كات، ناچێته‌ ناویه‌وه‌”. منداڵه‌كانیشی له‌ باوه‌ش كرد، ده‌ستی له‌سه‌ر دانان و داڕشتی كردن. كاتێ ئیشۆع ده‌رده‌چوو به‌ڕێوه‌ بوو، كابرایه‌ک ڕایكرده‌ لای، كڕنۆشی بۆ برد و لێی پرسی: “ڕابیی باش، چی بكه‌م تاكو ژیانی جاویدانی به‌ میرات بگرم؟” ئیشۆع پێی فه‌رموو: “بۆچی به‌ باش ناوم ده‌به‌یت؟ بێجگه‌ له‌ خودا كه‌س باش نییه‌. ڕاسپارده‌كان ده‌زانیت: داوێنپیسی مه‌كه‌، مه‌كوژه‌، مه‌دزه‌، گه‌واهیی درۆ مه‌ده‌، تاڵانی مه‌كه‌، ڕێز له‌ باوک و دایكت بگره‌”. ئه‌ویش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی وت: “ڕابی، له‌ مێردمنداڵییه‌وه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌م پاراستووه‌”. ئیشۆع سه‌یری كرد و خۆشی ویست، پێی فه‌رموو: “شتێكت كه‌مه‌: بڕۆ هه‌موو شتێكت بفرۆشه‌ و بیده‌ هه‌ژاران، گه‌نجینه‌یه‌كت له‌ ئاسماندا ده‌بێت، ئینجا وه‌ره‌ دوام بكه‌وه‌ و خاچه‌كه‌ت هه‌ڵبگره‌”. به‌م قسه‌یه‌ دڵی خورپه‌ی كرد، به‌ دڵته‌نگییه‌وه‌ ڕۆیشت، چونكه‌ سامانێكی زۆری هه‌بوو. ئیشۆع سه‌یری ده‌وروپشتی كرد و به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “چوونه‌ نێوه‌وه‌ی پاشایه‌تیی خودا بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند چه‌ند سه‌خته‌!” قوتابییه‌كان له‌ فه‌رمووده‌كانی سه‌رسام بوون، ئیشۆع دیسان پێی فه‌رموون: “ڕۆڵه‌كانم، چوونه‌ نێو پاشایه‌تیی خودا چه‌ند سه‌خته‌ بۆ ئه‌وانه‌ی پشت به‌ سامان ده‌به‌ستن! ڕۆیشتنی گوریسێک به‌ كونی ده‌رزییه‌ک ئاسانتره‌ له‌وه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندێک بچێته‌ نێو پاشایه‌تیی خودا”. جا زیاتر سه‌رسام بوون و به‌ یه‌كتریان وت: “كه‌واته‌ كێ ده‌توانێت ڕزگاری بێت؟” ئیشۆعیش سه‌یری كردن، فه‌رمووی: “له‌لای مرۆڤ مه‌حاڵه‌، به‌ڵام له‌لای خودا نا، چونكه‌ له‌لای خودا هه‌موو شتێک ده‌بێت”. په‌تڕۆس پێی وت: “ئه‌وه‌تا ئێمه‌ وازمان له‌ هه‌موو شتێک هێناوه‌ و دوات كه‌وتووین”. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: كه‌س نییه‌ ماڵ یان برا یان خوشک یان باوک یان دایک یان منداڵ یان كێڵگه‌ی له‌ پێناوی من و له‌ پێناوی ئینجیل به‌جێهێشتبێت، ئێستا له‌م زه‌مانه‌دا سه‌د ئه‌وه‌نده‌ وه‌رنه‌گرێته‌وه‌ له‌ ماڵ و برا و خوشک و دایک و منداڵ و كێڵگه‌ له‌گه‌ڵ چه‌وسانه‌وه‌، له‌ زه‌مانی داهاتووشدا ژیانی جاویدانی. به‌ڵام زۆر له‌ یه‌كه‌مینه‌كان ده‌بنه‌ دواهه‌مین، دواهه‌مینیش یه‌كه‌مین”. به‌ ڕێگاوه‌ بۆ یروشلایم سه‌رده‌كه‌وتن، ئیشۆع پێشیان كه‌وتبوو، قوتابییه‌كانیش سه‌رسام ببوون، كاتێ دوای ده‌كه‌وتن ده‌ترسان. دیسان دوازده‌كه‌ی دابڕی و پێیان فه‌رموو كه‌وا چی به‌سه‌ردێت: “ئه‌وا بۆ یروشلایم سه‌رده‌كه‌وین، ڕۆڵه‌ی مرۆڤ‌ ڕاده‌ستی كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان ده‌كرێت، حوكمی مه‌رگی ده‌ده‌ن، ده‌یده‌نه‌ ده‌ست نه‌ته‌وه‌كان، گاڵته‌ی پێ ده‌كه‌ن و به‌ قامچی لێی ده‌ده‌ن و تفی لێده‌كه‌ن و ده‌یكوژن. له‌ ڕۆژی سێیه‌میش هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌”. یاقوو و یوخه‌ننه‌نی كوڕه‌كانی زه‌بدی هاتنه‌ لای و پێیان وت: “ڕابی، ده‌مانه‌وێت هه‌رچی داوای ده‌كه‌ین بۆمان بكه‌یت”. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “چیتان ده‌وێت بۆتان بكه‌م؟” پێیان وت: “له‌ شكۆمه‌ندییه‌كه‌ت بمانده‌رێ یه‌كێكمان له‌لای ڕاستت و یه‌كێكمان له‌لای چه‌پت دانیشین”. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئێوه‌ نازانن داوای چی ده‌كه‌ن. ئایا ده‌توانن ئه‌و جامه‌ بخۆنه‌وه‌ كه‌ من ده‌یخۆمه‌وه‌، عه‌مادی ئازار بكرێن كه‌ من پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بم؟” پێیان وت: “ده‌توانین”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “ئه‌و جامه‌ی من ده‌یخۆمه‌وه‌، ئێوه‌ش ده‌یخۆنه‌وه‌، به‌و شێوه‌یه‌ی من عه‌مادی ئازار ده‌كرێم، ئێوه‌ش عه‌ماد ده‌كرێن. به‌ڵام دانیشتن له‌لای ڕاست و چه‌پمه‌وه‌ بۆم نییه‌ بیده‌م، ته‌نها بۆ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ بۆیان دانراوه‌”. كاتێ ده‌ قوتابییه‌كه‌ بیستیان، دڵگران بوون له‌ یاقوو و یوخه‌ننه‌ن. ئیشۆعیش بانگیكردن و پێی فه‌رموون: “خۆتان ده‌زانن ئه‌وانه‌ی به‌ سه‌رۆک نه‌ته‌وه‌ داده‌نرێن سه‌روه‌ری ده‌كه‌ن و گه‌وره‌كانیان ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌ به‌سه‌ریان. به‌ڵام له‌نێو ئێوه‌ ئاوا نابێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت له‌نێوتاندا مه‌زن بێت، با ببێته‌ ڕاژه‌وانتان. ئه‌وه‌ش كه‌ ده‌یه‌وێت له‌نێوتاندا یه‌كه‌مین بێت، با ببێته‌ به‌نده‌ی هه‌مووتان. چونكه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش نه‌هاتووه‌ تاكو ڕاژه‌ بكرێت، به‌ڵكو ڕاژه‌ بكات و له‌ پێناوی زۆر كه‌س ژیانی خۆی به‌خت بكات”. گه‌یشتنه‌ ئه‌ریخو. كاتێ له‌ ئه‌ریخو ده‌رده‌چوو، له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی و كۆمه‌ڵانێكی زۆر، سواڵكه‌رێكی نابینا، بارتیمه‌ی كوڕی تیمه‌، له‌سه‌ر ڕێگا دانیشتبوو. بیستی ئه‌وه‌ ئیشۆعی ناسڕه‌تییه‌، هاواری كرد: “ئیشۆع، ڕۆڵه‌ی داوید، به‌زه‌ییت پێمدا بێته‌وه‌!” زۆر كه‌س لێیان ڕاخوڕی تاكو بێده‌نگ بێت. به‌ڵام زۆر به‌رزتر هاواری ده‌كرد: “ڕۆڵه‌ی داوید، به‌زه‌ییت پێمدا بێته‌وه‌!” ئیشۆع ڕاوه‌ستا، فه‌رمانی دا بانگی بكه‌ن. ئه‌وانیش نابیناكه‌یان بانگكرد و پێیان وت: “دڵنیابه‌! هه‌سته‌! ئه‌وه‌تا بانگت ده‌كات”. ئیتر كراسه‌كه‌ی فڕێدا و هه‌ستا، هاته‌ لای ئیشۆع. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “چیت ده‌وێ بۆت بكه‌م؟” نابیناكه‌ پێی وت: “گه‌وره‌م، با ببینم”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “بڕۆ! باوه‌ڕت چاكیكردیته‌وه‌”. یه‌كسه‌ر بینییه‌وه‌ و به‌ ڕێگادا دوای ئیشۆع كه‌وت. كاتێ له‌ یروشلایم نزیک بوونه‌وه‌، له‌ بتپاگی و بتعه‌نیا له‌لای كێوی زه‌یتوون، دووان له‌ قوتابییه‌كانی نارد، پێی فه‌رموون: “بڕۆنه‌ ئه‌و گونده‌ی به‌رامبه‌رتان، هه‌ركه‌ ده‌چنه‌ نێوی، ده‌بینن جاشێک به‌ستراوه‌ته‌وه‌ تا ئێستا كه‌س سواری نه‌بووه‌، بیكه‌نه‌وه‌ و بیهێنن. ئه‌گه‌ر یه‌كێک پێی وتن: بۆ ئه‌مه‌ ده‌كه‌ن؟ بڵێن: په‌روه‌ردگار پێویستی پێیه‌تی، ئینجا یه‌كسه‌ر بۆ ئێره‌ی ده‌نێرێت”. چوون و له‌ شه‌قامه‌كه‌ بینییان جاشێک له‌ ده‌رگای ده‌ره‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وانیش كردیانه‌وه‌. هه‌ندێ كه‌س له‌وێ ڕاوه‌ستابوون، پێیان وتن: “چی ده‌كه‌ن، جاشه‌كه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌؟” وه‌ک ئیشۆع پێی ڕایسپاردبوون وه‌ڵامیان دایه‌وه‌، ئیتر ڕێگایان دان. جاشه‌كه‌یان بۆ ئیشۆع هێنا و كراسه‌كانیان خسته‌ سه‌ری، ئه‌ویش سواری بوو. زۆر كه‌سیش كراسه‌كانیان له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ ڕاخست، هه‌ندێكیش له‌ دره‌خته‌كان لقه‌داریان بڕیه‌وه‌ و له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ ڕایانخست. ئه‌وانه‌ی پێشیه‌وه‌ و ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌دوایه‌وه‌ ده‌ڕۆیشتن، هاواریان ده‌كرد: “هۆسانا! پیرۆزه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ هاتووه‌! پیرۆزه‌ پاشایه‌تیی داویدی باوكمان كه‌ به‌ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ هاتووه‌! هۆسانا له‌ به‌رزایی!” ئیشۆع چووه‌ نێو یروشلایم و په‌رستگاكه‌، كاتێ ته‌ماشای هه‌موو شتێكی ده‌وروبه‌ری كرد، كاته‌كه‌ دره‌نگ داهات و له‌گه‌ڵ دوازده‌كه‌ بۆ بتعه‌نیا ده‌رچوون. بۆ به‌یانی كه‌ له‌ بتعه‌نیا ده‌رچوون، برسیی بوو. له‌ دووره‌وه‌ دارهه‌نجیرێكی بینی گه‌ڵای كردبوو، هاته‌ لای تاكو شتێكی پێوه‌ ببینێت. كاتێ هاته‌ لای، له‌ گه‌ڵا زیاتر هیچی پێوه‌ نه‌بینی، چونكه‌ وه‌رزی هه‌نجیر نه‌بوو. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “ئیتر تاهه‌تایه‌ كه‌س له‌ به‌رت ناخوات!”. قوتابییه‌كانیشی گوێیان لێبوو. هاتنه‌وه‌ یروشلایم، كاتێ ئیشۆع چووه‌ نێو په‌رستگاكه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌ركرد كه‌ فرۆشتن و كڕینیان له‌ په‌رستگادا ده‌كرد، مێزی پاره‌گۆڕه‌وان و ته‌ختی كۆترفرۆشانی وه‌رگێڕا. نه‌یهێشت كه‌س به‌ شتومه‌كه‌وه‌ به‌ نێو په‌رستگادا تێپه‌ڕێت. ئامۆژگاریی ده‌كردن و ده‌یفه‌رموو: “ئایا نه‌نووسراوه‌: {ماڵه‌كه‌م به‌ ماڵی نوێژ ناوده‌بردرێت بۆ هه‌موو گه‌لان؟} به‌ڵام ئێوه‌ كردووتانه‌ به‌ {ئه‌شكه‌وتی دزان}!” ته‌وراتزان و كاهینانی باڵا گوێیان لێبوو، بیریان ده‌كرده‌وه‌ چۆن له‌ناوی ببه‌ن، چونكه‌ لێی ده‌ترسان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ ئامۆژگاریه‌كانی سه‌رسام ببوون. كاتێ ئێواره‌ داهات، چووه‌ ده‌ره‌وه‌ی شار. به‌یانی به‌وێدا تێده‌په‌ڕین، دارهه‌نجیره‌كه‌یان بینی له‌ ڕه‌گه‌وه‌ وشک بووه‌. په‌تڕۆس بیری كه‌وته‌وه‌ و وتی: “گه‌وره‌م، سه‌یر بكه‌! دارهه‌نجیره‌كه‌ی نه‌فره‌تت لێكرد، وشک بووه‌!” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “با باوه‌ڕتان به‌ خودا هه‌بێت. چونكه‌ ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی به‌م كێوه‌ بڵێت هه‌ڵكه‌ندرێ و بكه‌وه‌ نێو ده‌ریاوه‌! له‌ دڵدا گومان نه‌كات، به‌ڵكو باوه‌ڕ بكات ئه‌وه‌ی ده‌یڵێت ده‌بێت، ئه‌وا هه‌رچیه‌ک بڵێت بۆی ده‌بێت. بۆیه‌ پێتان ده‌ڵێم: هه‌موو ئه‌وه‌ی داوای ده‌كه‌ن كاتێ نوێژ ده‌كه‌ن، باوه‌ڕ بكه‌ن كه‌ وه‌رتانگرتووه‌، بۆتان ده‌بێت. كاتێ ده‌وه‌ستن نوێژ بكه‌ن، ئه‌گه‌ر شتێكتان به‌سه‌ر یه‌كێكه‌وه‌ هه‌بێت لێی خۆشبن، تاكو باوكیشتان ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ئاسماناندایه‌ له‌ گوناهه‌كانتان خۆشبێت. ئه‌گه‌ریش ئێوه‌ لێ خۆش نه‌بن، باوكتان ئه‌وه‌ی له‌ ئاسماناندایه‌ له‌ گوناهه‌كانتان خۆش نابێت”. دیسان هاتنه‌وه‌ یروشلایم، كاتێ ئیشۆع له‌ په‌رستگادا ڕێی ده‌كرد، كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان و پیران هاتنه‌ لای، پێیان وت: “به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێک ئه‌مانه‌ ده‌كه‌یت؟ كێ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌ تۆ داوه‌ ئه‌م شتانه‌ بكه‌یت؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “منیش یه‌ک پرستان لێ ده‌كه‌م، وه‌ڵامم بده‌نه‌وه‌، پێتان ده‌ڵێم به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێک ئه‌مانه‌ ده‌كه‌م: عه‌مادكردنی یوخه‌ننه‌ن له‌ ئاسمانه‌وه‌ بوو یان له‌ مرۆڤه‌وه‌؟ وه‌ڵامم بده‌نه‌وه‌!” له‌نێو خۆیاندا بیریان كرده‌وه‌، وتیان: “ئه‌گه‌ر بڵێین: له‌ ئاسمانه‌وه‌ بوو، ده‌ڵێت: بۆچی باوه‌ڕتان پێی نه‌هێنا؟ ئه‌گه‌ریش بڵێین: له‌ مرۆڤه‌وه‌ بوو”. له‌ خه‌ڵک ده‌ترسان، چونكه‌ یوخه‌ننه‌ن له‌لای هه‌مووان پێغه‌مبه‌رێكی ڕاسته‌قینه‌ بوو. ئینجا وه‌ڵامی ئیشۆعیان دایه‌وه‌ و وتیان: “نازانین”. ئیشۆعیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “منیش پێتان ناڵێم به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێک ئه‌مانه‌ ده‌كه‌م”. ده‌ستی پێكرد به‌ په‌ند قسه‌یان بۆ بفه‌رمووێت: “كابرایه‌ک ڕه‌زێكی چاند، ده‌وروپشته‌كه‌ی په‌رژین كرد، گوشێنه‌رێكی ترێی تێدا هه‌ڵكۆڵی و قوللـه‌یه‌كی بنیاد نا. به‌ ڕه‌زه‌وانانی سپارد و گه‌شتی كرد. له‌ وه‌رزی خۆیدا كۆیله‌یه‌كی بۆ ڕه‌زه‌وانه‌كان نارد، تاكو به‌رهه‌می ڕه‌زه‌كه‌ له‌ ڕه‌زه‌وانه‌كان وه‌ربگرێت. ئه‌وانیش بردیان و به‌قامچیان لێ دا و به‌ ده‌ستی به‌تاڵ ناردییانه‌وه‌. دیسان كۆیله‌یه‌كی دیكه‌ی بۆ ناردن، ئه‌میشیان به‌ردباران كرد و سه‌ریان شكاند و سووكایه‌تییان پێ كرد. یه‌كێكی دیكه‌شی نارد، كوشتییان. زۆری دیكه‌ش، له‌ هه‌ندێكیان به‌قامچی دا و هه‌ندێكیان كوشت. یه‌كێكی مابوو، كوڕه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی، له‌ كۆتاییدا ئه‌ویشی بۆ لایان نارد، وتی: ڕێزی كوڕه‌كه‌م ده‌گرن!. به‌ڵام ئه‌و ڕه‌زه‌وانانه‌ به‌ یه‌كتریان وت: ئه‌وه‌تا میراتگر!، با بیكوژین، تاكو ببینه‌ میراتگر!. جا بردیان و كوشتییان و فڕێیاندایه‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌زه‌كه‌. خاوه‌نی ڕه‌زه‌كه‌ چی ده‌كات؟ دێت و ڕه‌زه‌وانه‌كان له‌ناوده‌بات و ڕه‌زه‌كه‌ ده‌داته‌ خه‌ڵكی دیكه‌. ئه‌م نووسراوه‌تان نه‌خوێندۆته‌وه‌: {ئه‌و به‌رده‌ی بنیادنه‌ران ڕه‌تیان كرده‌وه‌، بووه‌ به‌ردی قولینچک. ئه‌مه‌ له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاره‌وه‌ بوو، له‌به‌رچاومان سه‌یره‌!} ”.؟ ده‌یانویست بیگرن، چونكه‌ زانییان په‌ندكه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وان فه‌رموو، به‌ڵام له‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ ترسان، ئیتر وازیان لێ هێنا و ڕۆیشتن. ئینجا هه‌ندێک له‌ په‌ڕیشییه‌كان و هیڕوودسییه‌كانیان نارده‌ لای ئیشۆع، تاكو به‌ وشه‌یه‌كی تووشی بكه‌ن. كاتێ هاتن، پێیان وت: “ڕابی، ده‌زانین تۆ ڕاستگۆیت، گوێ به‌ كه‌س ناده‌یت، چونكه‌ ته‌ماشای ڕووی خه‌ڵک ناكه‌یت، به‌ڵكو به‌ ڕه‌وا ڕێگای خودا فێرده‌كه‌یت. دروسته‌ سه‌رانه‌ بدرێته‌ قه‌یسه‌ڕ یان نا؟ بیده‌ین یان نه‌یده‌ین؟” به‌ڵام ئیشۆع به‌ ڕووپامایی ئه‌وانی زانی و پێی فه‌رموون: “بۆچی تاقیم ده‌كه‌نه‌وه‌؟ دینارێكم بۆ بهێنن با بیبینم”. هێنایان، جا پێی فه‌رموون: “ئه‌م وێنه‌ و نووسینه‌ هی كێیه‌؟” پێیان وت: “قه‌یسه‌ڕ”. ئیشۆعیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “هی قه‌یسه‌ڕ بده‌نه‌ قه‌یسه‌ڕ، هی خوداش بده‌نه‌ خودا”. جا لێی سه‌رسام بوون. زادوقییه‌كان كه‌ ده‌ڵێن هه‌ستانه‌وه‌ نییه‌ هاتنه‌ لای و پرسیان لێكرد و وتیان: “ڕابی، مووشێ بۆی نووسیوین، ئه‌گه‌ر یه‌كێک براكه‌ی به‌ وجاخكوێری مرد و ژنه‌كه‌ی له‌ پاش خۆی به‌جێهێشت، ئه‌وا براژنه‌كه‌ی ده‌خوازێته‌وه‌ و وه‌چه‌ بۆ براكه‌ی ده‌خاته‌وه‌. حه‌وت برا هه‌بوون، یه‌كه‌میان ژنی هێنا و به‌ وجاخكوێری مرد. دووه‌م خواستییه‌وه‌ و به‌ وجاخكوێری مرد، سێیه‌میش ئاوا. هه‌ر حه‌وته‌كه‌ وجاخكوێر بوون، له‌دوای هه‌موویان ژنه‌كه‌ش مرد. كاتێ له‌ هه‌ستانه‌وه‌دا هه‌ڵده‌ستنه‌وه‌، ژنه‌كه‌ بۆ كامیان ده‌بێت؟ چونكه‌ ژنی هه‌ر حه‌وتیان بووه‌”. ئیشۆع وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “ئایا ئێوه‌ گومڕا نین، چونكه‌ نه‌ له‌ سیپاره‌كان ده‌زانن و نه‌ هێزی خودا؟ چونكه‌ كاتێ له‌ مردن هه‌ڵده‌ستێنه‌وه‌، نه‌ ژن ده‌هێنن و نه‌ مێرد ده‌كه‌ن، به‌ڵكو له‌ ئاسماناندا وه‌ک فریشته‌ ده‌بن. به‌ڵام ده‌رباره‌ی مردووان كه‌ هه‌ڵده‌ستێنه‌وه‌، ئایا له‌ سیپاره‌ی مووشێدا نه‌تانخوێندۆته‌وه‌، چۆن له‌ ده‌وه‌نه‌كه‌دا خودا پێی فه‌رموو: {منم خودای ئه‌وڕاهه‌م و خودای ئسخه‌ق و خودای یاقوو؟} ئه‌و خودای مردووان نییه‌، به‌ڵكو خودای زیندووانه‌. ئێوه‌ زۆر گومڕان!” یه‌كێک له‌ ته‌وراتزانه‌كان هات، گوێی لێیان بوو گفتوگۆیان ده‌كرد، بینی ئیشۆع وه‌ڵامێكی باشی دانه‌وه‌، لێی پرسی: “چ ڕاسپارده‌یه‌ک یه‌كه‌می هه‌مووانه‌؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “یه‌كه‌می هه‌موو ڕاسپارده‌كان ئه‌مه‌یه‌: ئه‌ی ئیسڕائیل گوێ بگرن، په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندمان یه‌ک په‌روه‌ردگاره‌، جا په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندت به‌ هه‌موو دڵ و هه‌موو ده‌روون و هه‌موو بیر و هه‌موو تواناتانه‌وه‌ خۆشبووێ. ئه‌مه‌ یه‌كه‌م ڕاسپارده‌یه.‌ دووه‌میش وه‌ک یه‌كه‌مینه‌ و ئه‌مه‌یه‌: نزیكه‌كه‌ت وه‌ک خۆت خۆشبووێ، هیچ ڕاسپارده‌یه‌ک له‌م دووانه‌ مه‌زنتر نییه‌”. ته‌وراتزانه‌كه‌ش پێی فه‌رموو: “ڕاسته‌ ڕابی، ڕه‌وات فه‌رموو كه‌ یه‌ک خودا هه‌یه‌ و بێجگه‌ له‌و خودای دیكه‌ نییه‌. خۆشویستنی ئه‌ویش به‌ هه‌موو دڵ و به‌ هه‌موو تێگه‌یشتن و به‌ هه‌موو ده‌روون و به‌ هه‌موو تواناوه‌یه‌، هه‌روه‌ها خۆشویستنی نزیک وه‌ک خۆت، له‌ هه‌موو قوربانیی سووتاندن و قوربانییه‌كان باشتره‌”. ئیشۆع بینی به‌ داناییه‌وه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌، پێی فه‌رموو: “له‌ پاشایه‌تی خوداوه‌ دوور نیت”. ئیتر كه‌س نه‌وێرا هیچی دیكه‌ی لێ بپرسێت! كاتێ ئیشۆع له‌ په‌رستگاد ئامۆژگاریی ده‌كرد فه‌رمووی: “ته‌وراتزان چۆن ده‌ڵێن: مه‌سیح ڕۆڵه‌ی داویده‌؟ چونكه‌ داوید خۆی به‌ ڕووحی پارساوه‌ وتی: {په‌روه‌ردگار به‌ په‌روه‌ردگارمی فه‌رموو: له‌ لای ڕاستم دانیشه‌ تاكو دوژمنانت بخه‌مه‌ ژێر پێت}. ئه‌گه‌ر داوید پێی ده‌ڵێ په‌روه‌ردگار، ئیتر چۆن ده‌بێته‌ ڕۆڵه‌ی؟” كۆمه‌ڵه‌ زۆره‌كه‌ش به‌ خۆشییه‌وه‌ گوێیان لێی ده‌گرت. له‌ ئامۆژگاریه‌كه‌یدا فه‌رمووی: “ئاگاداری ته‌وراتزانه‌كان بن، حه‌زده‌كه‌ن به‌ جلی شۆڕ بگه‌ڕێن و له‌ بازاڕدا سڵاویان لێ بكرێت، له‌ كه‌نیشته‌كان ڕیزی پێشه‌وه‌ بگرن و له‌ ڕیزی سه‌ره‌وه‌ی میوانداری بن. ماڵی بێوه‌ژن ده‌خۆن و به‌ئه‌نقه‌ست درێژه‌ به‌ نوێژه‌كانیان ده‌ده‌ن. ئه‌وانه‌ سه‌ختترین سزا وه‌رده‌گرن”. ئیشۆع به‌رامبه‌ر گه‌نجینه‌كه‌ دانیشت و سه‌یری كرد چۆن خه‌ڵكی مس ده‌خه‌نه‌ نێو گه‌نجینه‌كه‌وه‌، زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند زۆریان داده‌نا. بێوه‌ژنێكی هه‌ژار هات و دوو فلسی دانا كه‌ نیو عانه‌یه‌. قوتابییه‌كانی بانگكرد و پێی فه‌رموون: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌م بێوه‌ژنه‌ هه‌ژاره‌، له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌خه‌نه‌ نێو گه‌نجینه‌كه‌ زیاتری دانا. چونكه‌ هه‌موو له‌ زیاده‌ی خۆیان دایان نا، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ پێویستی خۆی، هه‌رچی هه‌یبوو، هه‌رچی پێی ده‌گوزه‌را داینا”. كاتێ له‌ په‌رستگاكه‌ ده‌رده‌چوو، یه‌كێک له‌ قوتابییه‌كانی پێی وت: “ڕابی ته‌ماشا بكه‌! چ جۆره‌ به‌رد و چ جۆره‌ ته‌لارێكن!” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “ئه‌م ته‌لاره‌ مه‌زنانه‌ ده‌بینیت؟ به‌ردی به‌سه‌ر به‌ردیه‌وه‌ نامێنێت كه‌ نه‌ڕوخێت”. كاتێ ئیشۆع له‌سه‌ر كێوی زه‌یتوون به‌رامبه‌ر په‌رستگاكه‌ دانیشتبوو، په‌تڕۆس و یاقوو و یوخه‌ننه‌ن و ئه‌ندراوس به‌ ته‌نها لێیان پرسی: “پێمان بفه‌رموو كه‌ی ئه‌مانه‌ ده‌بێت؟ و نیشانه‌ چییه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ ته‌واو بن؟” ئیشۆع وڵامی دانه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ئاگاداربن! كه‌س چه‌واشه‌تان نه‌كات. زۆر كه‌س به‌ ناوی منه‌وه‌ دێن و ده‌ڵێن: من ئه‌وم! زۆر كه‌سیش چه‌واشه‌ ده‌كه‌ن. كاتێ جه‌نگ و هه‌واڵی جه‌نگیش ده‌بیستن مه‌تۆقن. چونكه‌ ده‌بێت ئه‌مه‌ ڕووبدات، به‌ڵام هێشتا پایان نییه‌. چونكه‌ نه‌‌ته‌وه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ ڕاست ده‌بێته‌وه‌ و پاشایه‌تی له‌ پاشایه‌تی، له‌ زۆر شوێن بوومه‌له‌رزه‌ ڕووده‌دات، هه‌روه‌ها برسیێتی و شڵه‌ژاندن، ئه‌مه‌ش ده‌ستپێكی ژانه‌كانه‌. ئاگاداری خۆتان بن، چونكه‌ ڕاده‌ستی كه‌نیشته‌كان ده‌كرێن، جا لێتان ده‌درێت و له‌به‌رده‌م دادوه‌ران و پاشاكان له‌ پێناوی من ڕاده‌وه‌ستێنرێن، وه‌ک گه‌واهیه‌ک بۆیان. هه‌روه‌ها ده‌بێ یه‌كه‌مجار ئینجیل به‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان ڕابگه‌یه‌ندرێت. كاتێكیش ده‌تانبه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستتان بكه‌ن، پێش وه‌خت گرنگی به‌وه‌ی نه‌ده‌ن چی بڵێن، گوێی مه‌ده‌نێ، به‌ڵكو له‌و كاته‌دا چیتان ده‌درێتێ به‌وه‌ بدوێن، چونكه‌ ئێوه‌ نین ده‌دووێن، به‌ڵكو ڕووحی پارسایه‌. برا برای خۆی بۆ مه‌رگ ڕاده‌ست ده‌كات، باوكیش كوڕی خۆی، كوڕان له‌ دایبابیان هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و ده‌یانكوژن. له‌پێناوی ناوی من هه‌مووان ڕقیان لێتان ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تاكو پایان دانبه‌خۆ بگرێت، ڕزگاری ده‌بێت. كاتێ {گڵاویی وێرانكار} ده‌بینن كه‌ دانیئێلی پێغه‌مبه‌ر ده‌رباه‌ری وتوه‌ له‌و جێگایه‌ ڕاوه‌ستاوه‌ كه‌ نابێ لێی بێت. ـ با خوێنه‌ر تێبگات ـ ئینجا با ئه‌وانه‌ی له‌ ئیهووددان هه‌ڵبێن بۆ چیاكان، ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ربانه‌، با نه‌یه‌ته‌ ماڵه‌وه‌ و نه‌چێته‌ ژووره‌وه‌ تاكو شتێک له‌ ماڵه‌كه‌ی ببات، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی له‌ كێڵگه‌یه‌ با نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ تاكو جله‌كه‌ی ببات. له‌و ڕۆژانه‌دا وه‌ی به‌حاڵی دووگیان و شیرده‌ران! نوێژ بكه‌ن تاكو ئه‌وه‌ له‌ زستاندا نه‌بێت. چونكه‌ له‌و ڕۆژانه‌دا ته‌نگانه‌یه‌ک ڕووده‌دات، له‌ سه‌ره‌تای ئافریده‌كانه‌وه‌ كه‌ خودا ئافراندیانن تا ئێستا ئاوا نه‌بووه‌ و نابێت. ئه‌گه‌ر په‌روه‌ردگار ئه‌و ڕۆژانه‌ی كورت نه‌كردبایه‌وه‌، هیچ جه‌سته‌دارێک ڕزگاری نه‌ده‌بوو. به‌ڵام له‌ پێناوی بژارده‌كان كه‌ هه‌ڵیبژاردوون، ئه‌و ڕۆژانه‌ی كورت كردۆته‌وه‌. له‌وكاته‌دا گه‌ر یه‌كێک پێی وتن: ئه‌وه‌تا مه‌سیح لێره‌یه‌! یان: ئه‌وه‌تا له‌وێیه‌! بڕوا مه‌كه‌ن. چونكه‌ چه‌ند مه‌سیحێكی درۆزن و پێغه‌مبه‌رانی درۆزن ده‌رده‌كه‌ون، نیشانه‌ و په‌رجو ده‌كه‌ن، تاكو ئه‌گه‌ر بكرێ ته‌نانه‌ت بژارده‌كانیش هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنن. به‌ڵام ئێوه‌ ئاگاداربن، ئه‌وا پێشوه‌خت هه‌موو شتێكم پێ وتن. به‌ڵام له‌و ڕۆژانه‌دا، دوای ئه‌و ته‌نگانه‌یه‌، خۆر تاریک ده‌بێت و مانگیش ڕووناكی خۆی نادات، ئه‌ستێره‌كان له‌ ئاسمان ده‌كه‌ون، هێزه‌كانی ئاسمانان ده‌هه‌ژێن. ئه‌وسا ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بینن به‌ هێزێكی گه‌وره‌ و شكۆوه‌ له‌نێو هه‌وره‌وه‌ دێت. ئینجا فریشته‌كانی ده‌نێرێت و بژارده‌كانی له‌ چوار باكه‌ كۆده‌كاته‌وه‌، له‌مپه‌ڕی زه‌وییه‌وه‌ تاكو ئه‌وپه‌ڕی ئاسمان. له‌ دارهه‌نجیره‌وه‌ په‌ند وه‌رگرن، كاتێ لقه‌كانی نه‌رم بوون و گه‌ڵایان كرد، ده‌زانن هاوین نزیكه‌. ئێوه‌ش، كاتێ ده‌بینن ئه‌مانه‌ ڕووده‌دات، بزانن كه‌ نزیكه‌ و له‌به‌رده‌رگایه‌. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌م نه‌وه‌یه‌ به‌سه‌ر ناچێت تاكو ئه‌مانه‌ هه‌مووی ده‌بێت. ئاسمان و زه‌وی له‌ناوده‌چن، به‌ڵام وشه‌كانم هه‌رگیز له‌ناوناچن. سه‌باره‌ت به‌و ڕۆژ و كاته‌ كه‌س نایزانێت، نه‌ فریشته‌كان كه‌ له‌ ئاسماندان و نه‌ ڕۆڵه‌، باوک نه‌بێت. ئاگاداربن! بێداربن و نوێژبكه‌ن چونكه‌ نازانن كه‌ی ئه‌و كاته‌ دادێت. وه‌ک پیاوێكی گه‌شتكردوو، ماڵه‌كه‌ی به‌جێهێشتووه‌ و ده‌سه‌ڵاتی داوه‌ته‌ كۆیله‌كانی، هه‌ریه‌كه‌ و به‌ ئیشی خۆی، ده‌رگاوانیشی ڕاسپاردووه‌ بێدار بیت. بۆیه‌ بێداربن، چونكه‌ نازانن كه‌ی خاوه‌ن ماڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئێواره‌، یان نیوه‌ی شه‌و، یان له‌گه‌ڵ قوولاندنی كه‌ڵه‌شێر، یان به‌یانی. نه‌وه‌ک له‌ناكاو بگه‌ڕێته‌وه‌ و بتانبینێت خه‌وتوون. جا ئه‌وه‌ی به‌ ئێوه‌ی ده‌ڵێم، به‌ هه‌مووانی ده‌ڵێم: بێداربن!” جه‌ژنی په‌سخه‌ و ڕۆژانی فه‌تیره‌ دوو ڕۆژی مابوو، كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان ده‌گه‌ڕان به‌ فێڵێک چۆن بیگرن و بیكوژن، به‌ڵام وتیان: نه‌ک له‌ جه‌ژندا، نه‌وه‌ک ئاژاوه‌ بكه‌وێته‌ نێو گه‌ل. له‌ بتعه‌نیا، له‌ ماڵی شیمعونی گول له‌سه‌ر خوان بوو، ژنێک هات بوتڵێكی بۆنی ناردینی ساده‌ی گرانبه‌های پێبوو، بوتڵه‌كه‌ی شكاند و به‌سه‌ریدا ڕژاند. هه‌ندێک زویر بوون و به‌ یه‌كتریان وت: “بۆچی بۆنه‌كه‌ ئاوا به‌ فیڕۆ درا؟ ده‌توانرا ئه‌م بۆنه‌ به‌ زیاتر له‌ سێ سه‌د دینار بفرۆشرایه‌ و بدرایه‌ هه‌ژاران”. جا سه‌رزه‌نشتی ژنه‌كه‌یان كرد. به‌ڵام ئیشۆع فه‌رمووی: “لێیگه‌ڕێن. بۆ بێزاری ده‌كه‌ن؟ كارێكی چاكی بۆ من كرد!. چونكه‌ هه‌ژاران هه‌میشه‌ له‌لاتانن، كه‌ی ویستتان ده‌توانن چاكه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ن، به‌ڵام من هه‌میشه‌ له‌لاتان نیم. ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستی هات كردی، پێشوه‌خت له‌شمی بۆ كفنكردن چه‌وركرد. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: له‌ هه‌موو جیهاندا له‌ هه‌ر كوێ ئه‌م ئینجیله‌ ڕابگه‌یێندرێت، باسی ئه‌وه‌ش ده‌كرێت كه‌ ئه‌م ژنه‌ كردوویه‌تی، بۆ یادكردنه‌وه‌ی”. ئینجا ئیهوودای ئه‌سخه‌ریوتی یه‌كێک بوو له‌ دوازده‌كه‌، چووه‌ لای كاهینانی باڵا تاكو ئیشۆعیان ڕاده‌ست بكات. كاتێ گوێیان لێبوو، دڵخۆش بوون و به‌ڵێنیان پێیدا زیوی بده‌نێ. جا له‌ هه‌لێک ده‌گه‌ڕا تاكو ڕاده‌ستی بكات. له‌ یه‌كه‌م ڕۆژی جه‌ژنی فه‌تیره‌دا، كه‌ قوربانیی په‌سخه‌یان ده‌كرد، قوتابییه‌كانی پێیان وت: “ده‌ته‌وێ بچینه‌ كوێ ئاماده‌كاری بكه‌ین، تاكو په‌سخه‌ بخۆیت؟” ئه‌ویش دووان له‌ قوتابییه‌كانی نارد، پێی فه‌رموون: “بڕۆنه‌ نێو شار، كابرایه‌ک تووشتان ده‌بێت گۆزه‌یه‌ک ئاوی هه‌ڵگرتووه‌، دوای بكه‌ون. له‌كوێ چووه‌ ژووره‌وه‌، به‌ خاوه‌ن ماڵه‌كه‌ بڵێن: ڕابی ده‌ڵێ: كوا ژووره‌كه‌ تاكو له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانم په‌سخه‌ی تێدا بخۆم؟ ئه‌ویش له‌ نهۆمی سه‌ره‌وه‌ ژوورێكی گه‌وره‌تان پیشان ده‌دات، ڕاخراوه‌ و ئاماده‌ كراوه‌، له‌وێ بۆمانی ئاماده‌ بكه‌ن”. قوتابییه‌كان ده‌رچوون و هاتنه‌ شار، وه‌ک پێی فه‌رمووبوون بینییان و په‌سخه‌یان ئاماده‌ كرد. كه‌ ئێواره‌ داهات، له‌گه‌ڵ دوازده‌كه‌ هات. پاڵیاندابووه‌وه‌ نانیان ده‌خوارد، ئیشۆع فه‌رمووی: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم، یه‌كێكتان وا له‌گه‌ڵم ده‌خوات، ڕاده‌ستم ده‌كات!” خه‌م دایگرتن و یه‌ک یه‌ک وتیان: “خۆ من نیم؟”، “خۆ من نیم؟” پێی فه‌رموون: “یه‌كێكه‌ له‌ دوازده‌كه‌، ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵم ده‌ستی له‌نێو قاپه‌كه‌دایه‌. ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بێت وه‌كو نووسراوه‌ بڕوات، به‌ڵام وه‌ی به‌حاڵی ئه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاده‌ست ده‌كات! باشتر بوو بۆ ئه‌و پیاوه‌ هه‌ر له‌دایک نه‌بووایه!”. كاتێ نانیان ده‌خوارد، ئیشۆع نانێكی هه‌ڵگرت و داڕشتیكرد و له‌تیكرد، پێیدان و فه‌رمووی: “بگرن بخۆن، ئه‌مه‌ له‌شی منه‌”. ئینجا جامێكی هه‌ڵگرت و سوپاسی كرد و پێیدان، هه‌موو لێیان خوارده‌وه‌. پێی فه‌رموون: “ئه‌مه‌ خوێنی منه‌ كه‌ بۆ په‌یمانی نوێی، له‌پێناوی زۆر كه‌س ده‌ڕژێت. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئیتر له‌ به‌رهه‌می مێو ناخۆمه‌وه‌ تاكو ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌ پاشایه‌تیی خودا به‌ نوێی ده‌یخۆمه‌وه‌”. ئینجا ستایشیان كرد و بۆ كێوی زه‌یتوون ده‌رچوون. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئه‌مشه‌و هه‌مووتان گومانم لێ ده‌كه‌ن، چونكه‌ نووسراوه‌: {له‌ شوانه‌كه‌ ده‌ده‌م، كاوڕه‌كان په‌رت ده‌بن}. به‌ڵام دوای هه‌ستانه‌وه‌م، پێشتان ده‌كه‌وم بۆ گلیلا”. په‌تڕۆس پێی وت: “ئه‌گه‌ر هه‌موو گومان بكه‌ن، من گومان ناكه‌م!”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ڕه‌وات پێ ده‌ڵێم: تۆ ئه‌مڕۆ، هه‌ر ئه‌مشه‌و، پێش ئه‌وه‌ی دوو جار كه‌ڵه‌شێر بقوولێنێت، سێ جار نكۆڵیم لێ ده‌كه‌یت”. به‌ڵام زیاتر پێی داگرت و وتی: “ئه‌گه‌ر ناچار بم له‌گه‌ڵیشت بمرم، نكۆڵیت لێ ناكه‌م!”. هه‌مووشیان وایان وت. هاتنه‌ شوێنێک پێی ده‌ووترا گێتسیمه‌ن، به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “لێره‌ دانیشن تاكو نوێژ ده‌كه‌م”. ئینجا په‌تڕۆس و یاقوو و یوخه‌ننه‌نی له‌گه‌ڵ خۆی برد، ده‌ستی به‌ دڵگرانی و دڵته‌نگی كرد. پێی فه‌رموون: “زۆر دڵته‌نگم، خه‌ریكه‌ بمرم! لێره‌ بمێننه‌وه‌ و بێداربن”. كه‌مێک دووركه‌وته‌وه‌ و خۆی خسته‌ سه‌ر زه‌وی، نوێژی كرد تاكو ئه‌گه‌ر ببێت كاته‌كه‌ی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕێت. فه‌رمووی: “بابه‌! باوكه‌، هه‌موو شتێک بۆ تۆ ده‌بێت، ئه‌م جامه‌م له‌سه‌ر لاببه‌. به‌ڵام نه‌ک ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی تۆ ده‌ته‌وێت”. ئینجا گه‌ڕایه‌وه‌ بینی نووستوون، به‌ په‌تڕۆسی فه‌رموو: “شیمعون نووستوویت؟ نه‌تتوانی كاژێرێک بێداربیت؟ بێداربن و نوێژ بكه‌ن، نه‌وه‌ک تاقی بكرێنه‌وه‌. ڕووح چاڵاكه‌ به‌ڵام جه‌سته‌ لاوازه‌”. دیسان ڕۆیشت و نوێژی كرد، هه‌مان وته‌ی دووباره‌ كرده‌وه‌. دیسان گه‌ڕایه‌وه‌ بینی نووستوون، چونكه‌ چاویان قورس ببوو، نه‌یانزانی چۆن وه‌ڵامی بده‌نه‌وه‌. سێیه‌م جار گه‌ڕایه‌وه‌، پێی فه‌رموون: “ئێستا بنوون و پشوو بده‌ن! به‌سه‌! كاته‌كه‌ هاتووه‌! ئه‌وه‌تا ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاده‌ستی گوناهباران ده‌كرێت. هه‌ستن با بڕۆین! ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستم ده‌كات نزیكبووه‌وه‌!”. یه‌كسه‌ر، كاتێ هێشتا قسه‌ی ده‌كرد، ئیهوودا یه‌كێک بوو له‌ دوازده‌كه‌، گه‌یشت. كۆمه‌ڵێكی زۆری له‌گه‌ڵ بوو له‌لایه‌ن كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان و پیرانه‌وه‌ نێردرابوون، شمشێر و داریان پێبوو. ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستی ده‌كات، نیشانه‌یه‌كی پێدابوون، وتبووی: “ئه‌وه‌ی ماچی ده‌كه‌م، خۆیه‌تی، بیگرن و به‌ پاسه‌وانییه‌وه‌ بیبه‌ن”. كاته‌كه‌ هات و ئیهوودا هاته‌ لای وتی: “گه‌وره‌م، گه‌وره‌م!” و ماچی كرد. ئیتر قۆڵبه‌ستیان كرد و گرتییان. یه‌كێک له‌ ئاماده‌بووان، شمشێره‌كه‌ی هه‌ڵكێشا، له‌ كۆیله‌ی كاهینی باڵا دا و گوێی بڕی. ئیشۆعیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “وه‌ک بۆ گرتنی دزێک به‌ شمشێر و كوته‌كه‌وه‌‌ هاتوون بمگرن؟ هه‌موو ڕۆژێک له‌ په‌رستگادا له‌گه‌ڵتان بووم ئامۆژگاریم ده‌كرد، نه‌تانگرتم! به‌ڵام بۆ هاتنه‌دیی سیپاره‌كانه‌”. ئینجا هه‌موو به‌جێیان هێشت و هه‌ڵاتن. گه‌نجێک دوای ئیشۆع كه‌وت پارچه‌ كه‌تانێكی له‌به‌ر بوو ڕووتییه‌كه‌ی داپۆشیبوو، جا گه‌نجان گرتییان. ئه‌ویش كه‌تانه‌كه‌ی به‌جێهێشت و به‌ ڕووتی هه‌ڵات. ئیشۆعیان برده‌ لای كاهینی باڵا، هه‌موو كاهینی باڵا و پیران و ته‌وراتزانه‌كان كۆبوونه‌وه‌. په‌تڕۆسیش دووربه‌دوور تا نێو حه‌وشه‌ی كاهینی باڵا دوای كه‌وت، له‌گه‌ڵ ڕاژه‌وانان له‌به‌رده‌م ئاگر دانیشتبوو خۆی گه‌رم ده‌كرده‌وه‌. كاهینانی باڵا و هه‌موو سه‌نهه‌دریم به‌دوای گه‌واهییه‌ک ده‌گه‌ڕان له‌سه‌ر ئیشۆع تاكو بیكوژن، به‌ڵام ده‌ستیان نه‌كه‌وت. چونكه‌ كه‌سانێكی زۆر به‌ درۆ گه‌واهییان له‌سه‌ری دا و گه‌واهییه‌كانیان كۆک نه‌بوو. هه‌ندێک هه‌ستان و به‌ درۆ گه‌واهییان له‌سه‌ری دا و وتیان: “ئێمه‌ گوێمان لێیبوو ده‌یووت: من ئه‌م په‌رستگایه‌ی ده‌ستكرده‌ ده‌یڕوخێنم، به‌ سێ ڕۆژ یه‌كێكی دیكه‌ بنیاد ده‌نێم كه‌ ده‌ستكرد نه‌بێت”. له‌مه‌شدا گه‌واهییه‌كه‌یان كۆک نه‌بوو. كاهینی باڵاش له‌ناوه‌ڕاست ڕاوه‌ستا و له‌ ئیشۆعی پرسی: “هیچ وه‌ڵام ناده‌یته‌وه‌؟ ئه‌وانه‌ گه‌واهیی چی له‌ دژت ده‌ده‌ن؟” به‌ڵام ئیشۆع بێده‌نگ مایه‌وه‌ و هیچ وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌. دیسان كاهینی باڵا لێی پرسی و پێی وت: “ئایا تۆ مه‌سیحه‌كه‌ی، ڕۆڵه‌ی داڕشتكراوه‌كه‌ی؟” ئیشۆع فه‌رمووی: “من ئه‌وم. وا ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بینن له‌ ده‌سته‌ڕاستی هێزدار داده‌نیشێت وله‌گه‌ڵ هه‌وری ئاسماندا دێته‌وه‌”. كاهینی باڵا جله‌كانی خۆی دادڕی و وتی: “ئیتر چ پێویستیه‌كمان به‌ گه‌واهیده‌ران هه‌یه‌؟ خۆ گوێتان له‌ كفره‌كانی بوو! ڕاتان چییه‌؟” هه‌موو بڕیاریان دا كه‌ شایانی مه‌رگه‌. هه‌ندێک تفیان لێ كرد و ڕوویان داپۆشی و مستیان لێ دا و پێیان ده‌ووت: “پێشبینی بكه‌”. ڕاژه‌وانانیش زیللـه‌یان لێ ده‌دا. په‌تڕۆس له‌ خواره‌وه‌ له‌ حه‌وشه‌ بوو، یه‌كێک له‌ كه‌نیزه‌كانی كاهینی باڵا هات. كاتێ په‌تڕۆسی بینی خۆی گه‌رم ده‌كاته‌وه‌، تێیڕووانی و وتی: “تۆش له‌گه‌ڵ ئیشۆعی ناسڕه‌تیی بوویت!”. نكۆڵی كرد و وتی: “نازانم، تێناگه‌م چی ده‌ڵێی!” ده‌رچووه‌ داڵانه‌كه‌. ئینجا كه‌ڵه‌شێر قوولاندی. كه‌نیزه‌كه‌ بینییه‌وه‌، به‌ ئاماده‌بووانی وت: “ئه‌مه‌ش له‌وانه‌!” دیسان نكۆڵی كرد. پاش كه‌مێک ئاماده‌بووان، به‌ په‌تڕۆسیان وت: “به‌ ڕاستی تۆ له‌وانیت، چونكه‌ تۆش گلیلاییت و زاراوه‌كه‌ت وه‌ک زاراوه‌ی ئه‌وانه‌!”. ده‌ستیكرد به‌ نه‌فره‌تكردن و سوێندخواردن: “ئه‌م پیاوه‌ی باسی ده‌كه‌ن نایناسم!”. كه‌ڵه‌شێر بۆ دووه‌م جار قوولاندی، په‌تڕۆس فه‌رمووده‌ی ئیشۆعی بیركه‌وته‌وه‌ كه‌ پێی فه‌رمووبوو: “پێش ئه‌وه‌ی دوو جار كه‌ڵه‌شێر بقوولێنێت، سێ جار نكۆڵیم لێ ده‌كه‌یت”. كاتێ بیری لێ كرده‌وه‌ گریا. هه‌ر به‌یانی زوو، كاهینانی باڵا و پیران و ته‌وراتزانه‌كان و هه‌موو سه‌نهه‌دریم ڕاوێژیان كرد. ئیشۆعیان په‌لبه‌ست كرد و بردییان، ڕاده‌ستی پیڵاتوسیان كرد. پیڵاتوس لێی پرسی: “تۆ پاشای جووی؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “تۆ ده‌ڵێیت”. كاهینانی باڵا سكاڵای زۆریان لێ ده‌كرد. پیڵاتوس لێی پرسییه‌وه‌: “ئایا هیچ وه‌ڵام ناده‌یته‌وه‌؟ بزانه‌ چه‌ند گه‌واهی دژت ده‌ده‌ن”. به‌ڵام ئیشۆع هیچ وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌، ته‌ناته‌ت پیڵاتوس سه‌رسام بوو. له‌ هه‌موو جه‌ژنێک به‌ندكراوێكی بۆ ئازاد ده‌كردن، ئه‌وه‌ی داوایان بكردایه‌. به‌ڕئه‌ببا ناوێک له‌گه‌ڵ ئاژاوه‌گێڕان گیرابوو، له‌ ئاژاوه‌دا كوشتاریان كردبوو. ئینجا كۆمه‌ڵه‌كه‌ هاواریان كرد و داوایان كرد ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ ده‌یكرد بۆیان بكات. پیڵاتوسیش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: “ده‌تانه‌وێ پاشای جووتان بۆ ئازاد بكه‌م؟” چونكه‌ زانی كاهینانی باڵا له‌ ئیره‌ییان ڕاده‌ستیان كردووه‌. جا كاهینانی باڵا كۆمه‌ڵه‌كه‌یان جۆش دا كه‌ به‌ڕئه‌ببایان بۆ ئازاد بكات. دیسان پیڵاتۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی وتن: “ئه‌ی باشه‌ ده‌تانه‌وێ چی له‌وه‌ بكه‌م كه‌ پێی ده‌ڵێن، پاشای جوو؟” دیسان هاواریان كرد: “له‌خاچی بده‌!” پیڵاتوس پێی وتن: “باشه‌ چ خراپه‌یه‌كی كردووه‌؟” زیاتر هاواریان كرد: “له‌خاچی بده‌!” پیڵاتوسیش ده‌یویست كۆمه‌ڵه‌كه‌ ڕازی بكات، به‌ڕئه‌ببای بۆ ئازادكردن. له‌دوای به‌قامچی لێدانی، ئیشۆعی بۆ له‌خاچدان ڕاده‌ستكرد. سه‌ربازه‌كان بردییانه‌ كۆشكه‌كه‌، كۆشكی فه‌رمانڕه‌وا و هه‌موو تیپه‌كه‌یان كۆكرده‌وه‌. كراسێكی مۆریان له‌به‌ركرد، تاجێكیان له‌ دڕک چنی و له‌سه‌ریان نا. سڵاویان لێ ده‌كرد و ده‌یانووت: “سڵاو، ئه‌ی پاشای جوو!” به‌ قامیش له‌سه‌ریان ده‌دا و تفیان لێی ده‌كرد، چۆكیان داده‌دا و له‌به‌رده‌می كڕنۆشیان ده‌برد. دوای ئه‌وه‌ی گاڵته‌یان پێكرد، كراسه‌ مۆره‌كه‌یان له‌به‌ردا داكه‌ند و جلی خۆیان له‌به‌ر كرده‌وه‌ و بۆ له‌خاچدان بردییانه‌ ده‌ره‌وه‌. ڕێبوارێک له‌ كێڵگه‌ ده‌هاته‌وه‌، ناوی شیمعونی قه‌ورینێییی بوو، باوكی ئسكه‌نده‌ر و ڕۆپۆس، ناچاریان كرد خاچه‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت. ئینجا بردیانه‌ شوێنی گاغولتا، واتا “كاسه‌سه‌ر”. مه‌یی تێكه‌ڵكراو به‌ موڕیان پێ دا بیخواته‌وه‌، به‌ڵام نه‌یخوارده‌وه‌. كاتێ له‌خاچیاندا، كراسه‌كه‌یان دابه‌شكرد، تیروپشكیان له‌سه‌ركرد، هه‌ریه‌كه‌یان چی به‌رده‌كه‌وێت. كاژێر سێ بوو له‌خاچیاندا، ناونیشانی تاوانه‌كه‌شی نووسرابوو: “پاشای جوو”. دوو دزیشیان له‌گه‌ڵی له‌خاچدا، یه‌كێک له‌لای ڕاستی و یه‌كێک له‌لای چه‌پی. سیپاره‌كه‌‌ هاته‌ دی كه‌ ده‌ڵێت: {له‌ ڕیزی تاوانباران دانرا}. ئه‌وانه‌ی به‌وێدا تێده‌په‌ڕین، جنێویان پێی ده‌دا و سه‌ریان باده‌دا، ده‌یانووت: “ها! ئه‌ی ڕوخێنه‌ری په‌رستگا و بنیادنه‌ره‌وه‌ی به‌ سێ ڕۆژ، خۆت ڕزگار بكه‌ و له‌ خاچه‌كه‌ دابه‌زه‌!”. به‌ هه‌مان شێوه‌ كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان گاڵته‌یان ده‌كرد و به‌ یه‌كتریان ده‌ووت: “خه‌ڵكی ڕزگار كرد، به‌ڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بكات! با ئێستا مه‌سیحی پاشای ئیسڕائیل له‌ خاچه‌كه‌ دابه‌زێت، تاكو ببینین و باوه‌ڕ بهێنین!”. ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی له‌خاچدران تانه‌یان لێ ده‌دا. كاتێ بووه‌ كاژێری شه‌ش، تاكو كاژێری نۆ تاریكایی به‌سه‌ر هه‌موو زه‌وییه‌وه‌ بوو. له‌ كاژێری نۆ، ئیشۆع به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواری كرد: “ئیلۆی، ئیلۆی، له‌ما شه‌به‌قته‌نی؟” واتا، خودایه‌، خودایه‌، بۆ به‌جێت هێشتم؟ هه‌ندێک له‌ ئاماده‌بووان كه‌ گوێیان لێبوو، وتیان: “ئه‌وه‌تا بانگی ئیلییا ده‌كات”. یه‌كێک ڕایكرد و هه‌وریه‌كی له‌ سركه‌ هه‌ڵكێشا و به‌سه‌ر قامیشێكه‌وه‌ پێی دا، وتی: “لێگه‌ڕێن با ببینین ئیلییا دێت دایبگرێت!” ئیشۆعیش به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواریكرد و ڕووحی سپارد. په‌رده‌ی په‌رستگاش له‌ سه‌ره‌وه‌ تاكو خواره‌وه‌ شه‌قبوو و بووه‌ دووله‌ت. ئه‌و سه‌رپه‌له‌ی به‌رامبه‌ر ئیشۆع ڕاوه‌ستابوو، گوێی له‌ هاواری بوو و بینی چۆن ڕووحی سپارد، وتی: “به‌ ڕاستی ئه‌م مرۆڤه‌ ڕۆڵه‌ی خودا بوو!” چه‌ند ژنێكیش له‌ دووره‌وه‌ ته‌ماشایان ده‌كرد، له‌نێوانیاندا مه‌ریه‌می مه‌گدانی و مه‌ریه‌می دایكی یاقووی بچووک و یوسی و سالومه‌یان له‌گه‌ڵ بوو، ئه‌مانه‌ له‌ گلیلاوه‌ دوای ئیشۆع كه‌وتبوون و ڕاژه‌یان ده‌كرد، زۆری دیكه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی سه‌ركه‌وتبوونه‌ یروشلایم. كاتێ ئێواره‌ داهات، ڕۆژی خۆ ئاماده‌كردن بوو، واتا ڕۆژی پێش شه‌ممه‌، یۆسپی خه‌ڵكی ڕه‌متا ڕاوێژكارێكی به‌رزی ئه‌نجومه‌ن بوو، ئه‌ویش چاوه‌ڕێی پاشایه‌تیی خودای ده‌كرد، وێرا و هاته‌ لای پیڵاتوس و داوای ته‌رمه‌كه‌ی ئیشۆعی كرد. پیڵاتوس سه‌رسام بوو ئاوا به‌ زوویی مردووه‌، سه‌رپه‌له‌كه‌ی بانگكرد و لێی پرسی: “ئاخۆ ده‌مێكه‌ مردووه‌؟”. كاتێ له‌ سه‌رپه‌له‌كه‌وه‌ زانی، ته‌رمه‌كه‌ی دایه‌ یۆسپ. ئه‌ویش كه‌تانی كڕی، دایگرت و به‌ كه‌تان كفنی كرد، له‌ گۆڕێكدا ناشتی كه‌ له‌ به‌رد هه‌ڵكه‌ندرابوو. ئینجا به‌ردێكی گلۆر كرده‌وه‌ سه‌ر ده‌رگای گۆڕه‌كه‌. مه‌ریه‌می مه‌گدانی و مه‌ریه‌می دایكی یوسی، بینییان له‌كوێ نێژرا. كه‌ شه‌ممه‌ به‌سه‌رچوو، مه‌ریه‌می مه‌گدانی و مه‌ریه‌می دایكی یاقوو و سالومه‌، بۆنوبه‌رامیان كڕی تاكو بچن و چه‌وری بكه‌ن. له‌ یه‌كه‌م ڕۆژی هه‌فته‌دا، به‌یانی زوو له‌گه‌ڵ خۆر هه‌ڵاتن، هاتنه‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌. به‌ یه‌كتریان ده‌ووت: “كێ به‌ردی سه‌ر ده‌رگای گۆڕه‌كه‌مان بۆ گلۆر ده‌كاته‌وه‌؟” كه‌ سه‌یریان كرد، بینییان به‌رده‌كه‌ گلۆر كراوه‌ته‌وه‌! هه‌رچه‌نده‌ زۆر گه‌وره‌ بوو. كاتێ چوونه‌ نێو گۆڕه‌كه‌، گه‌نجێكیان بینی له‌لای ڕاست دانیشتبوو، پۆشاكێكی سپی له‌به‌ر بوو، ئه‌وانیش تاسان. پێی وتن: “مه‌تاسێن! ئێوه‌ به‌ شوێن ئیشۆعی ناسڕه‌تیی له‌خاچدراو ده‌گه‌ڕێن. ئه‌و هه‌ستایه‌وه‌! لێره‌ نییه‌. ئه‌وه‌تا ئه‌و شوێنه‌ی لێیان دانا. به‌ڵام بڕۆن به‌ قوتابییه‌كانی و به‌ په‌تڕۆس بڵێن: ئه‌و پێشتان ده‌كه‌وێت بۆ گلیلا، وه‌ک پێی فه‌رموون له‌وێ ده‌یبینن”. خێرا ده‌رچوون و له‌ گۆڕه‌كه‌ هه‌ڵاتن. چونكه‌ له‌رز و سه‌رسامی دایگرتبوون، هیچیان به‌ كه‌س نه‌ووت، چونكه‌ ده‌ترسان. دوای ئه‌وه‌ی به‌یانی زوو له‌ یه‌كه‌می هه‌فته‌دا ئیشۆع هه‌ستایه‌وه‌، یه‌كه‌مجار بۆ مه‌ریه‌می مه‌گدانی ده‌ركه‌وت، ئه‌وه‌ی حه‌وت شه‌یتانی لێی ده‌ركردبوو. ئه‌ویش چوو و به‌وانه‌ی وت كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ودا بوون، شیوه‌نیان ده‌گێڕا و ده‌گریان. كاتێ بیستیان ئیشۆع زیندووه‌ و ئه‌م بینیویه‌تی، ‌بڕوایان نه‌كرد. دوای ئه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ بۆ دووان له‌وان ده‌ركه‌وت، كاتێ بۆ ده‌شتوده‌ر به‌ڕێوه‌ بوون. جا چوون و به‌وانی دیكه‌یان ڕاگه‌یاند، به‌ڵام بڕوایان پێ نه‌كردن. پاشان بۆ یازده‌كه‌ ده‌ركه‌وت، كاتێ له‌سه‌ر خوان بوون، له‌به‌ر بێباوه‌ڕی و دڵڕه‌قییان سه‌رزه‌نشتی كردن. چونكه‌ بڕوایان به‌وانه‌ نه‌كرد كه‌ دوای هه‌ستانه‌وه‌كه‌ی بینیبوویان. پێی فه‌رموون: “بڕۆنه‌ هه‌موو جیهان و ئینجیل بۆ هه‌موو ئافریده‌كان ڕابگه‌یێنن. ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ ده‌هێنێ و عه‌ماد ده‌كرێ ڕزگاری ده‌بێت، ئه‌وه‌ش كه‌ باوه‌ڕ ناهێنێ، تاوانبار ده‌كرێت. ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕ ده‌هێنن ئه‌م نیشانانه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌بێت، به‌ ناوی من شه‌یتان ده‌رده‌كه‌ن و به‌ زمانی نوێ ده‌دووێن، به‌ ده‌ستیان مار ده‌گرن، ئه‌گه‌ر ژه‌هرێكی كوشنده‌ش بخۆنه‌وه‌ زیانیان پێ ناگات، ده‌ست له‌سه‌ر نه‌خۆش داده‌نێن و چاک ده‌بنه‌وه‌”. دوای ئــــه‌وه‌ی پــــه‌روه‌ردگــــار ئــــه‌مــــانــــه‌ی پـــێ فـــه‌رمــــوون، بـه‌رزبووه‌وه‌ بۆ ئـاسـمـان و له‌ لای ڕاسـتی خـودا دانـیـشـت. ئه‌وانیش چوون و له‌ هه‌موو لایه‌ک بانگه‌وازیان كرد، په‌روه‌ردگاریش له‌گه‌ڵیان كاری ده‌كرد و به‌ په‌رجوه‌كانی پشتگیری وشه‌كه‌ی ده‌كرد. ئامین. ئه‌ی تیئۆپیلای پایه‌ به‌رز، زۆر كه‌س هه‌ستان به‌ داڕشتنی چیرۆكی ئه‌و ڕووداوانه‌ی له‌لای ئێمه‌ ڕوویدابوو، وه‌ک له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ پێمان ڕاده‌ست كراوه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ گه‌واهیده‌ر و ڕاژه‌وانی وشه‌كه‌ بوون. منیش له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ وردی سۆراخی هه‌موو شتێكم كردووه‌، بۆیه‌ به‌ باشم زانی به‌ ڕیزبه‌ندی بۆتی بنووسم، تاكو ڕاستیی ئه‌و قسانه‌ بزانیت كه‌ فێركراوی. له‌ سه‌رده‌می هیڕوودسی شای ئیهوود، كاهینێک له‌ كۆمه‌ڵه‌ی ئه‌وییا هه‌بوو ناوی زخه‌ریا بوو، ئه‌لیساباتی ژنیشی له‌ نه‌وه‌ی هاڕون بوو. هه‌ردووكیان له‌به‌رده‌م خودا بێتاوان بوون، بێ گله‌یی بوون له‌ په‌یڕه‌وكردنی هه‌موو ڕاسپارده‌ و حوكمه‌كانی په‌روه‌ردگار. منداڵیان نه‌ده‌بوو، چونكه‌ ئه‌لیسابات نه‌زۆک بوو، هه‌ردووكیشیان به‌ ساڵدا چووبوون. كاتێ له‌ نۆره‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی خۆیدا له‌به‌رده‌م خودا كاهینیه‌تی ده‌كرد، به‌گوێره‌ی نه‌ریتی كاهینیه‌تی، تیروپشكی كه‌وته‌ سه‌ر تاكو بچێته‌ نێو په‌رستگای په‌روه‌ردگار و بخوور بسووتێنێت. هه‌موو كۆمه‌ڵی خه‌ڵكه‌كه‌ش له‌ كاتی سووتانی بخووره‌كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ نوێژیان ده‌كرد. فریشته‌ی په‌روه‌ردگاری بۆ ده‌ركه‌وت، له‌لای ڕاستی قوربانگای بخوور ڕاوه‌ستابوو. كاتێ زخه‌ریا فریشته‌كه‌ی بینی، شڵه‌ژا و ترسی لێ نیشت. فریشته‌كه‌ پێی فه‌رموو: “زخه‌ریا مه‌ترسه‌، چونكه‌ داواكاریه‌ت بیسترا، ئه‌لیساباتی ژنیشت كوڕێكی بۆت ده‌بێت و ناوی ده‌نێیت یوخه‌ننه‌ن. بۆ تۆ ده‌بێته‌ خۆشی و شادی، زۆر كه‌س به‌ له‌دایكبوونی دڵخۆش ده‌بن، چونكه‌ له‌به‌رده‌م په‌روه‌ردگار مه‌زن ده‌بێت. مه‌ی و سه‌رخۆشكه‌ر ناخواته‌وه‌، له‌ سكی دایكییه‌وه‌ پڕده‌بێت له‌ ڕووحی پارسا و زۆر له‌ ڕۆڵه‌كانی ئیسڕائیل بۆ لای په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندیان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌. به‌ ڕووح و هێزی ئیلییاوه‌ به‌ پێشی ده‌كه‌وێت، تاكو دڵی باوكان بۆ ڕۆڵه‌كان و یاخیبووانیش بۆ هزری خوداناسان بگه‌ڕێنێته‌وه‌، تاكو گه‌لێكی ئاماده‌ بۆ په‌روه‌ردگار ڕێک بخات”. زخه‌ریاش به‌ فریشته‌كه‌ی وت: “به‌ چی ئه‌مه‌ بزانم، چونكه‌ خۆم پیرم و ژنه‌كه‌شم به‌ ساڵدا چووه‌؟” فریشته‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “من جبرائیلم كه‌ له‌به‌رده‌م خودا ڕاده‌وه‌ستم، نێردراوم تاكو له‌گه‌ڵت بدوێم و ئه‌م موژده‌یه‌ت بده‌مێ. ئه‌وه‌تا تۆ بێده‌نگ ده‌بیت و ناتوانیت قسه‌بكه‌یت تاكو ئه‌و ڕۆژه‌ی ئه‌مه‌ دێته‌ دی، چونكه‌ بڕوات به‌ قسه‌كه‌م نه‌كرد، ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ كاتی خۆیدا دێته‌ دی”. گه‌ل چاوه‌ڕوانی زخه‌ریایان ده‌كرد و سه‌رسام ببوون له‌ دواكه‌وتنی له‌نێو په‌رستگادا. كاتێ هاته‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌یتوانی له‌گه‌ڵیان بدوێت، جا تێگه‌یشتن كه‌ له‌ په‌رستگادا بینینێكی دیوه‌، ئه‌ویش ئاماژه‌ی بۆ ده‌كردن و به‌ بێده‌نگی مایه‌وه‌. كاتێ ڕۆژانی ڕاژه‌كردنه‌كه‌ی ته‌واوبوو، گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵ. دوای ئه‌و ڕۆژانه‌، ئه‌لیساباتی ژنی سكی كرد، پێنج مانگ خۆی شارده‌وه‌ و ده‌یووت: “په‌روه‌ردگار ئاوای له‌گه‌ڵ كردم له‌م ڕۆژانه‌دا ئاوڕی لێم دایه‌وه‌، تاكو له‌نێو خه‌ڵكی شوره‌ییم لابه‌رێت”. له‌ شه‌شه‌م مانگی بوو، جبرائیلی فریشته‌ له‌لایه‌ن خوداوه‌ بۆ شارێک نێردرا له‌ گلیلا، ناوی ناسڕه‌ت‌ بوو، بۆ پاكیزه‌یه‌كی ماره‌بڕاو له‌ پیاوێک به‌ناوی یۆسپ له‌ بنه‌ماڵه‌ی داوید، ناوی پاكیزه‌كه‌ش مه‌ریه‌م بوو. فریشته‌كه‌ هاته‌ لای و فه‌رمووی: “ئاشتی بۆ تۆ، ئه‌ی به‌خششدار! په‌روه‌ردگارت له‌گه‌ڵه، تۆ پیرۆزیت له‌نێو ژناندا”. كاتێ بینیی له‌ قسه‌كردنه‌كه‌یدا شڵه‌ژا و بیری كرده‌وه‌: “ده‌بێ ئه‌م‌ سڵاوه‌ چی بێت!”. فریشته‌كه‌ پێی فه‌رموو: “مه‌ترسه‌ مه‌ریه‌م، چونكه‌ خودا به‌خششی پێت داوه‌. ئه‌وه‌تا سكت ده‌بێت و كوڕێكت ده‌بێت ناوی ده‌نێیت ئیشۆع. مه‌زن ده‌بێت و به‌ ڕۆڵه‌ی خودای هه‌ره‌به‌رز ناوده‌بردرێت، په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندیش ته‌ختی داویدی باوكی پێ ده‌دات. تا جاویدان حوكمڕانی ماڵی یاقوو ده‌كات، پاشایه‌تیه‌كه‌شی بێ پایانه‌”. مه‌ریه‌م به‌ فریشته‌كه‌ی فه‌رموو: “ئه‌مه‌ چۆن ده‌بێت، كه‌ پیاوم نه‌ناسیوه‌؟” فریشته‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “ڕووحی پارسا دێته‌ سه‌رت و هێزی هه‌ره‌به‌رز سایه‌ت ده‌بێت. بۆیه‌ ئه‌و پارسایه‌ی لێت ده‌بێت به‌ ڕۆڵه‌ی خودا ناوده‌بردرێت. ئه‌وه‌تا ئه‌لیساباتی خزمیشت به‌و پیریه‌ی سكی به‌ كوڕێک هه‌یه‌. ئه‌وه‌ی به‌ نه‌زۆک ناوده‌برا له‌ شه‌شه‌م مانگیه‌تی. چونكه‌ هیچ شتێک له‌لای خودا مه‌حاڵ نییه‌”. مه‌ریه‌م فه‌رموی: “ئه‌وه‌تا من به‌نده‌ی په‌روه‌ردگارم. با به‌گوێره‌ی قسه‌كانت بۆم ببێت”. فریشته‌كه‌ش به‌جێیهێشت. له‌و ڕۆژانه‌دا، مه‌ریه‌م هه‌ستا و خێرا به‌ره‌و چیاكان بۆ شاری ئیهوود چوو. چووه‌ ماڵی زخه‌ریا و سڵاوی له‌ ئه‌لیسابات كرد. كاتێ ئه‌لیسابات گوێی له‌ سڵاوه‌كه‌ی مه‌ریه‌م بوو، كۆرپه‌له‌كه‌ له‌ سكیدا هه‌ڵبه‌زی و ئه‌لیسابات پڕبوو له‌ ڕووحی پارسا. به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواری كرد و وتی: “له‌نێو ژناندا داڕشتكراویت، به‌رهه‌می سكت پیرۆزه‌! ئه‌مه‌م له‌كوێ بوو، دایكی په‌روه‌ردگارم بێته‌ لام؟ ئه‌وه‌تا هه‌ركه‌ ده‌نگی سڵاوه‌كه‌ت به‌ر گوێم كه‌وت، كۆرپه‌له‌كه‌ له‌ خۆشیدا له‌ سكم هه‌ڵبه‌زییه‌وه‌. به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی باوه‌ڕی هێناوه‌ كه‌ له‌ په‌روه‌ردگاره‌وه‌ چی پێ وتراوه‌ دێته‌ دی”. مه‌ریه‌میش فه‌رمووی: “ده‌روونم په‌روه‌ردگار شكۆدار ده‌كات، ڕووحم به‌ خودای ڕزگاریده‌رم دڵشاده‌، چونكه‌ سه‌یری خاكساریی به‌نده‌كه‌ی كرد. ئه‌وه‌تا له‌ ئێستاوه‌ هه‌موو نه‌وه‌كان پارسام ده‌كه‌ن، چونكه‌ توانادار شتی مه‌زنی بۆ كردم، پارسایه‌ ناوی. به‌زه‌ییه‌كه‌ی بۆ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ لێی ده‌ترسن، نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌. به‌ بازووی كاری به‌هێزی ئه‌نجام دا، لووتبه‌رزانی به‌ بۆچوونه‌كانی دڵیان په‌رتوبڵاو كرده‌وه‌. تواناداره‌كانی له‌ ته‌خته‌كان هێنایه‌ خواره‌وه‌، خاكساره‌كانی به‌رز كرده‌وه‌. برسییه‌كانی له‌ خێر تێر كرد، ده‌وڵه‌مه‌ندانی به‌ ده‌ستی به‌تاڵی ڕه‌وانه‌ كرده‌وه‌. پاڵپشتی ئیسڕائیلی ڕۆڵه‌ی خۆی كرد، بۆ یادكردنه‌وه‌ی به‌زه‌یی، وه‌ک قسه‌ی بۆ باوكانمان كرد، بۆ ئه‌وڕاهه‌م و نه‌وه‌كه‌ی تاهه‌تایه‌”. مه‌ریه‌م نزیكه‌ی سێ مانگ له‌لای مایه‌وه‌ و پاشان گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی. ئه‌لیسابات كاتی منداڵبوونی هات و كوڕێكی بوو. دراوسێ و خزمانی بیستیان په‌روه‌ردگار به‌زه‌یی فراوانی خۆی بۆ ده‌رخستووه‌، له‌گه‌ڵی شادمان بوون. له‌ ڕۆژی هه‌شته‌مدا بۆ خروسه ‌بڕینی منداڵه‌كه‌ هاتن، له‌سه‌ر ناوی باوكی ناویان لێنا زخه‌ریا. به‌ڵام دایكی وتی: “نه‌خێر، ناوی ده‌نرێت یوخه‌ننه‌ن”. پێیان وت: “كه‌س له‌ هۆزه‌كه‌ت به‌م ناوه‌ نه‌نراوه‌”. ئینجا ئاماژه‌یان بۆ باوكی كرد، ده‌یه‌وێت چ ناوێكی لێ بنێت. ته‌خته‌یه‌كی داواكرد و له‌سه‌ری نووسی: “ناوی یوخه‌ننه‌نه‌”. جا هه‌موو سه‌رسام بوون. ده‌ستبه‌جێ ده‌م و زمانی كرایه‌وه‌ و قسه‌ی كرد و داڕشتی خودای ده‌كرد. هه‌موو دراوسێیه‌كانیان ترسیان لێ نیشت. له‌ هه‌موو چیاكانی ئیهوود باسی ئه‌م شتانه‌ ده‌كرا. هه‌موو ئه‌وانه‌ی بیستیان له‌ دڵی خۆیاندا هه‌ڵیانگرت، وتیان: “ده‌بێ ئه‌م منداڵه‌ ببێته‌ چی؟” ده‌ستی په‌روه‌ردگاریشی له‌گه‌ڵ بوو. زخه‌ریای باوكی پڕبوو له‌ ڕووحی پارسا و پێشبینی كرد، وتی: “پیرۆزه‌ په‌روه‌ردگار، خوداوه‌ندی ئیسڕائیل، چونكه‌ گه‌له‌كه‌ی به‌سه‌ركرده‌وه‌ و قوربانییدا. شاخی ڕزگاریمانی هه‌ستانده‌وه‌، له‌ ماڵی داویدی ڕۆڵه‌ی، وه‌ک له‌ كۆنه‌وه‌ به‌ زمانی پێغه‌مبه‌ره‌ پارساكانی دوواوه‌، ڕزگاربوون له‌ دوژمنانمان و له‌ ده‌ست هه‌موو ناحه‌زانمان، بۆئه‌وه‌ی به‌زه‌یی به‌ باوكانمان بێته‌وه‌ و بۆ یادكردنه‌وه‌ی په‌یمانه‌ پارساكه‌ی. ئه‌و سوێنده‌ی بۆ ئه‌وڕاهه‌می باوكمانی خوارد: له‌ ده‌ست دوژمنانمان ده‌ربازمان بێت، كه‌ بمانداتێ بێ ترس بیپه‌رستین، هه‌موو ڕۆژانی ژیانمان به‌ پارسایی و خوداناسی له‌به‌رده‌می. تۆش ڕۆڵه‌، به‌ پێغه‌مبه‌ری خودای هه‌ره‌به‌رز ناوده‌بردرێیت، چونكه‌ پێش په‌روه‌ردگار ده‌كه‌ویت، تاكو ڕێگای بۆ ئاماده‌ بكه‌یت، تاكو زانینی ڕزگاری به‌ لێخۆشبوونی گوناهه‌كانیان بده‌یته‌ گه‌له‌كه‌ی، به‌هۆی هه‌ناوی میهره‌بانیی خودامانه‌وه‌، كه‌ رووناكی له‌ به‌رزاییه‌وه ئێمه‌ی به‌سه‌ركرد‌، تاكو ڕۆشنای ئه‌وانه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ له‌ تاریكی و له‌ سێبه‌ری مه‌رگدا دانیشتوون‌، بۆ ئه‌وه‌ی پێیه‌كانمان به‌ ڕێگای ئاشتیدا ئاشنا بكات”. كوڕه‌كه‌ش له‌ ڕووحدا گه‌شه‌ی ده‌كرد و به‌هێز ده‌بوو، تاكو ڕۆژی ده‌ركه‌وتنی بۆ ئیسڕائیل له‌ ده‌شتوده‌ر بوو. له‌و ڕۆژانه‌دا له‌ ئۆگستۆس قه‌یسه‌ڕه‌وه‌ فه‌رمانێک ده‌رچوو، كه‌ هه‌موو جیهان ناونووس بكرێت. ئه‌مه‌ یه‌كه‌م ناونووسین بوو، كاتێ كیرینیۆس فه‌رمانڕه‌وای سوریا بوو. ئیتر هه‌ریه‌كه‌ بۆ ناونووسین ده‌چووه‌ شاری خۆی. یۆسپیش له‌ گلیلا له‌ شاری ناسڕه‌ته‌وه‌ به‌ره‌و ئیهوود سه‌ركه‌وت، بۆ شاره‌كه‌ی داوید كه‌ پێی ده‌ووترێ بێتلخم، چونكه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ و هۆزی داوید بوو، تاكو له‌گه‌ڵ مه‌ریه‌م ناونووس بكرێن كه‌ ماره‌ی بڕیبوو و سكی هه‌بوو. كاتێک له‌وێ بوون، كاتی منداڵبوونی هات. جا كوڕه‌ نۆبه‌ره‌كه‌ی بوو، قۆنداغی كرد و له‌ ئاخوڕێكدا داینا، چونكه‌ له‌ خانه‌كه‌دا شوێنیان نه‌بوو. له‌و ده‌ڤه‌ره‌ شوان هه‌بوون له‌ ده‌شت ده‌مانه‌وه‌ و شه‌وان ئێشكیان له‌ مێگه‌له‌كه‌یان ده‌گرت. فریشته‌ی په‌روه‌ردگار له‌به‌رده‌میان ڕاوه‌ستا و شكۆی په‌روه‌ردگار له‌ ده‌وریان دره‌وشایه‌وه‌، جا ترسێكی زۆریان لێ نیشت. فریشته‌كه‌ پێی فه‌رموون: “مه‌ترسن! ئه‌وا موژده‌ی خۆشییه‌كی مه‌زنتان ده‌ده‌مێ كه‌ بۆ هه‌موو گه‌له‌: ئه‌مڕۆ له‌ شاری داوید ڕزگاریده‌رێكتان بۆ له‌دایكبوو، مه‌سیحی په‌روه‌ردگاره‌. ئه‌مه‌ش نیشانه‌یه‌ بۆتان: منداڵێكی قۆنداغكراو ده‌بینن له‌نێو ئاخوڕێک دانراوه‌”. له‌ پڕێكدا له‌گه‌ڵ فریشته‌كه‌ كۆمه‌ڵێک له‌شكری ئاسمانی ده‌ركه‌وت و ستایشی خودایان ده‌كرد و ده‌یانفه‌رموو: “شكۆ بۆ خودا له‌ به‌رزایی، له‌سه‌ر زه‌ویش ئاشتی، بۆ خه‌ڵكیش شادی”. كاتێ فریشته‌كان به‌ره‌و ئاسمان به‌جێیان هێشتن، شوانه‌كان به‌ یه‌كتریان وت: “با ئێستا بڕۆینه‌ بێتلخم و ئه‌م شته‌ی ڕوویداوه‌ ببینین كه‌ په‌روه‌ردگار پێی ڕاگه‌یاندین”. خێرا هاتن و مه‌ریه‌م و یۆسپ و ئه‌و منداڵه‌ی له‌ ئاخوڕه‌كه‌دا دانرابوو دۆزییانه‌وه‌. كاتێ بینییان، ئه‌و قسه‌یه‌یان وته‌وه‌ كه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌م منداڵه‌ پێیان وترابوو. هه‌موو ئه‌وانه‌ی گوێیان لێبوو، سه‌ریان سوڕمابوو له‌وه‌ی شوانه‌كان پێیان ده‌ووتن. به‌ڵام مه‌ریه‌م هه‌موو ئه‌م شتانه‌ی هه‌ڵده‌گرت و له‌ دڵی خۆیدا لێكی ده‌دایه‌وه‌. شوانه‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ و شكۆی خودایان ده‌كرد و ستایشیان ده‌كرد بۆ هه‌موو ئه‌وه‌ی بیستیان و بینییان، وه‌ک پێیان وترابوو. كاتێ هه‌شت ڕۆژ ته‌واو بوو بۆ ئه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌ خروسه‌ی ببڕدرێت، ناوی نرا ئیشۆع، وه‌ک له‌لایه‌ن فریشته‌كه‌ ناونرا، پێش ئه‌وه‌ی به‌ سک بكه‌وێت. كاتێک ڕۆژانی پاكژبوونه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی ته‌وراتی مووشێ ته‌واوبوو، بردییانه‌ یروشلایم، تاكو پێشكه‌شی په‌روه‌ردگاری بكه‌ن وه‌ک له‌ ته‌وراتی په‌روه‌ردگار نووسراوه‌: {هه‌موو نێرینه‌یه‌كی نۆبه‌ره‌ ده‌بێته‌ پارسای په‌روه‌ردگار}. بۆ پێشكه‌شكردنی قوربانییه‌كیش، به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی له‌ ته‌وراتی په‌روه‌ردگار وتراوه‌: {جووتێک كوكوختی یان دوو بێچووه‌ كۆتر}. له‌ یروشلایم پیاوێک هه‌بوو ناوی شیمعون بوو، ئه‌م پیاوه‌ خوداناس و له‌خواترس بوو، چاوه‌ڕێی دڵنه‌واییكردنی ئیسڕائیل بوو، ڕووحی پارسای له‌سه‌ر بوو. به‌ ڕووحی پارسا بۆی سرووش هاتبوو كه‌ به‌ر له‌ بینینی مه‌سیحی په‌روه‌ردگار مه‌رگ نابینێت. به‌هۆی ڕووحه‌كه‌وه‌ هاته‌ په‌رستگا. كاتێ دایک و باوكه‌كه‌ ئیشۆعی كوڕیان هێنا ژووره‌وه‌، تاكو به‌گوێره‌ی نه‌ریتی ته‌ورات بۆی بكه‌ن، له‌ باوه‌شی كرد و پیرۆزی خودای كرد و وتی: “ئه‌ی په‌روه‌ردگار، ئێستا به‌گوێره‌ی فه‌رمووده‌كه‌ت به‌نده‌ی خۆت به‌ ئاشتی به‌ڕێبكه‌. ئه‌وا چاوم ڕزگاریی تۆی بینی، ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م هه‌موو گه‌لان ئاماده‌ت كردووه‌، تا ئاشكراكردنی ڕووناكی بۆ نه‌ته‌وه‌كان و شكۆمه‌ندی بێت بۆ ئیسڕائیلی گه‌لی خۆت”. یۆسپ و دایكی كوڕه‌كه‌ سه‌رسام بوون له‌وه‌ی ده‌رباره‌ی وترا. شیمعون داوای داڕشتی بۆ كردن و به‌ مه‌ریه‌می دایكی وت: “ئا ئه‌مه‌ دانراوه‌ بۆ كه‌وتن و هه‌ستانه‌وه‌ی زۆر كه‌س له‌ ئیسڕائیلدا، ده‌بێته‌ په‌رجوێک دژایه‌تی ده‌كرێت، تۆش شمشێرێک ده‌روونت ده‌بڕێت. تاكو نیازی زۆر دڵان ئاشكرا بێت”. ژنه‌ پێغه‌مبه‌رێک هه‌بوو، یوخه‌ن كچی فه‌نۆئیل له‌ هۆزی ئه‌شیر. زۆر به‌ ساڵدا چووبوو، له‌ كچێنیه‌وه‌ حه‌وت ساڵ له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌ی ژیابوو، ئینجا بێوه‌ژن بوو تاكو هه‌شتا و چوار ساڵی. په‌رستگای به‌جێنه‌ده‌هێشت، به‌ ڕۆژوو و نزاوه‌ شه‌و و ڕۆژ له‌ په‌رستندا بوو. له‌و كاته‌دا ڕاوه‌ستا و ستایشی خوداوه‌ندی كرد، باسی ئه‌وه‌ی بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی كرد كه‌ چاوه‌ڕوانی قوربانیدانی یروشلایم بوون. كه‌ هه‌موو شتێكیان به‌گوێره‌ی ته‌وراتی په‌روه‌ردگار ته‌واو كرد، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ گلیلا، بۆ ناسڕه‌تی شاره‌كه‌ی خۆیان. كوڕه‌كه‌ش به‌ڕووح گه‌شه‌ی ده‌كرد و به‌هێز ده‌بوو، پڕبوو له‌ دانایی، به‌خششی خوداشی له‌سه‌ر بوو. دایک و باوكی هه‌موو ساڵێک له‌ جه‌ژنی په‌سخه‌دا ده‌چوونه‌ یروشلایم. كاتێ بووه‌ دوازده‌ ساڵ، وه‌ک نه‌ریتی جه‌ژن به‌ره‌و یروشلایم سه‌ركه‌وتن. دوای ته‌واوبوونی ڕۆژه‌كان له‌ گه‌ڕانه‌وه‌یاندا ئیشۆع له‌ یروشلایم مایه‌وه‌، یۆسپ و دایكیشی نه‌یانزانی. وایانده‌زانی له‌نێو كاروانه‌كه‌دایه‌، ڕۆژه‌ ڕێیه‌ک ڕۆیشتن، دوای ئه‌وه‌ له‌نێو خزم و ناسیاوه‌كان بۆی گه‌ڕان. كه‌ نه‌یاندۆزییه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ یروشلایم، به‌ دوایدا ده‌گه‌ڕان. دوای سێ ڕۆژ له‌ په‌رستگادا دۆزیانه‌وه‌، له‌ناوه‌ڕاستی ڕابیان دانیشتووه‌، گوێیان لێ ده‌گرێت و پرسیان لێده‌كات. هه‌موو ئه‌وانه‌ی گوێیان لێی ڕاگرتبوو، له‌ تێگه‌یشتن و وه‌ڵامه‌كانی سه‌رسام بوون. كاتێ بینییان واقیان وڕما، ئینجا دایكی پێی فه‌رموو: “ڕۆڵه‌ بۆ وات لێكردین؟ من و باوكت به‌سه‌رگه‌ردانیه‌وه‌ به‌ دواتدا ده‌گه‌ڕاین!” پێی فه‌رموون: “بۆچی به‌دوامدا ده‌گه‌ڕان؟ نه‌تانده‌زانی پێویسته‌ له‌ كاروباری باوكم بم؟” به‌ڵام له‌و قسه‌ی پێی فه‌رموون تێنه‌گه‌یشتن. ئینجا له‌گه‌ڵیان دابه‌زی و هاته‌وه‌ ناسڕه‌ت‌ و گوێڕایه‌ڵیان بوو، دایكیشی هه‌موو شته‌كانی له‌ دڵیدا هه‌ڵده‌گرت. ئیشۆعیش له‌ دانایی و ته‌مه‌ن و به‌خشش، له‌لای خودا و خه‌ڵكی، گه‌شه‌ی ده‌كرد. له‌ ساڵی پازده‌مینی حوكمڕانی تێبه‌رییۆس قه‌یسه‌ڕ، كاتێ پونتوس پیڵاتوسی فه‌رمانڕه‌وای ئیهوود بوو، هیڕوودسیش تیتراركی گلیلا بوو و پیلیپوسی براشی تیتراركی ئیتۆڕیا و ته‌راخۆنا بوو، لیسانیۆس تیتراركی ئه‌ویلینێ بوو، له‌ سه‌رده‌می كاهینیه‌تی باڵای خه‌ننه‌ن و قه‌یاپا، له‌ ده‌شتوده‌ر وشه‌ی خودا بۆ یوخه‌ننه‌نی كوڕی زخه‌ریا هات. جا بۆ هه‌موو ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری یوردنه‌ن ده‌رچوو، بانگه‌وازی عه‌مادكردنی تۆبه‌ی ده‌دا بۆ گوناه‌ به‌خشین. وه‌ک له‌ سیپاره‌ی وشه‌كانی ئێشه‌عیا پێغه‌مبه‌ردا نووسراوه‌ كه‌ ده‌ڵێ: {ده‌نگی هاوارگه‌رێک له‌ ده‌شتوده‌ره‌وه‌ دێ: “ڕێگای په‌روه‌ردگار ئاماده‌ بكه‌ن، ڕێبازه‌كانی ڕاست بكه‌ن. هه‌موو دۆڵێک پڕ ده‌بێته‌وه‌ و هه‌موو چیا و گردێكیش نزم ده‌بێته‌وه‌، ڕێگا خواروخێچه‌كان ڕاست ده‌بنه‌وه‌ و سه‌خته‌كانیش ئاسان ده‌بن، هه‌موو ئاده‌میزادێكیش ڕزگاریی خودا ده‌بینێت!}” به‌و كۆمه‌ڵانه‌ی ده‌ووت كه‌ ده‌رده‌چوون تاكو عه‌مادیان بكات: “ئه‌ی بێچوی ماران، كێ ڕێگای پیشانداون له‌ده‌ست تووڕه‌یی داهاتوو هه‌ڵبێن؟ به‌رهه‌مێک بده‌ن له‌ تۆبه‌كردن بوه‌شێته‌وه‌. بیرمه‌كه‌نه‌وه‌ به‌خۆتان بڵێن: ئه‌وڕاهه‌م باوكمانه‌. چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم، خودا ده‌توانێت له‌م به‌ردانه‌ ڕۆڵه‌ بۆ ئه‌وڕاهه‌م په‌یدا بكات. ئێستاش ته‌ور خراوه‌ته‌ سه‌ر ڕه‌گی دره‌خته‌كان، هه‌ر دره‌ختێک به‌رهه‌می باش دروست نه‌كات، ده‌بڕدرێته‌وه‌ و فڕێ ده‌درێته‌ نێو ئاگر”. كۆمه‌ڵه‌كه‌ پرسیان لێكرد: “كه‌واته‌ چی بكه‌ین؟” وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی وتن: “ئه‌وه‌ی دوو كراسی هه‌یه‌، با یه‌كێكیان بداته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ نییه‌تی، ئه‌وه‌ش كه‌ نانی هه‌یه‌، با هه‌مان شت بكات”. باجگرانیش بۆ عه‌مادبوون هاتن، پێیان وت: “ڕابی، ئێمه‌ چی بكه‌ین؟” پێی وتن: “له‌وه‌ی بۆتان دانراوه‌ زیاتر وه‌رمه‌گرن”. سه‌ربازیش پرسیان لێكرد: “ئه‌ی ئێمه‌ چی بكه‌ین؟” پێی وتن: “سته‌م له‌ كه‌س مه‌كه‌ن و كه‌س به‌ده‌سته‌وه‌ مه‌ده‌ن، به‌ موچه‌كانتان ڕازی بن”. گه‌ل له‌ چاوه‌ڕوانیدا بوون، هه‌موو له‌ دڵیاندا ده‌رباه‌ری یوخه‌ننه‌ن ده‌یانپرسی: ڕه‌نگه‌ مه‌سیح بێت؟ یوخه‌ننه‌ن وه‌ڵامی هه‌مووانی دایه‌وه‌ و وتی: “من به‌ ئاوتان عه‌مادتان ده‌كه‌م، به‌ڵام یه‌كێک دێت له‌ من به‌هێزتره‌، ئه‌وه‌ی من شایسته‌ نیم ئاوه‌زێنه‌ی سۆله‌كانی بكه‌مه‌وه‌، ئه‌و به‌ ڕووحی پارسا و به‌ ئاگر عه‌مادتان ده‌كات. ئه‌وه‌ی كه‌ شه‌نه‌كه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، خه‌رمانه‌كه‌ی شه‌نه‌با ده‌كات، گه‌نمه‌كه‌ی له‌ عه‌مباردا كۆده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام كایه‌كه‌ به‌ ئاگرێكی نه‌كوژاوه‌ ده‌سووتێنێ” زۆر شتی دیكه‌ش فێری گه‌لی ده‌كرد و موژده‌ی ده‌دانێ. به‌ڵام كاتێ یوخه‌ننه‌ن هیڕوودسی تیتراركی سه‌رزه‌نشت كردبوو له‌سه‌ر هیڕوودییای براژنی و له‌به‌ر هه‌موو ئه‌و خراپانه‌ی كردبووی، ئه‌م خراپه‌یه‌شی خسته‌ پاڵ هه‌موو ئه‌وانه‌، یوخه‌ننه‌نی له‌ زیندان به‌ندكرد. كاتێ گه‌ل هه‌موو عه‌مادكران، ئیشۆعیش عه‌مادكرا، كه‌ نوێژی ده‌كرد ئاسمان كرایه‌وه‌، ڕووحی پارسا له‌ شێوه‌ی جه‌سته‌ وه‌ک كۆترێک له‌سه‌ری نیشته‌وه‌، ده‌نگێک له‌ ئاسمانه‌وه‌ هات و فه‌رمووی: “تۆ ڕۆڵه‌ی خۆشه‌ویستمی، به‌ تۆوه‌ دڵشادم”. كاتێ ئیشۆع ده‌ستی به‌ ڕاژه‌كه‌ی كرد نزیكه‌ی سی ساڵان بوو. وا ده‌زانرا كه‌ كوڕی یۆسپی كوڕی هیلی، كوڕی مه‌تته‌ت، كوڕی لیوی، كوڕی مه‌لكه‌ی، كوڕی یانی، كوڕی یۆسپ، كوڕی مه‌تته‌ی، كوڕی عامۆس، كوڕی ناخۆم، كوڕی خه‌سلی، كوڕی نه‌گگه‌ی، كوڕی مه‌ئات، كوڕی مه‌تته‌ت، كوڕی شه‌معی، كوڕی یۆسپ، كوڕی ئیهوودا، كوڕی یوخه‌ننه‌ن، كوڕی ڕاسا، كوڕی زوڕباول، كوڕی شه‌للـه‌تئیل، كوڕی نیری، كوڕی مه‌لكه‌ی، كوڕی ئه‌دده‌ی، كوڕی قووسه‌م، كوڕی ئه‌ڵمووده‌م، كوڕی عیر، كوڕی یۆسێ، كوڕی ئیلیعا‌زه‌ڕ، كوڕی یۆڕه‌م، كوڕی مه‌تیتا، كوڕی لیوی، كوڕی شیمعۆن، كوڕی ئيهوودا، كوڕی یۆسپ، كوڕی یۆنه‌م، كوڕی ئیلیاقیم، كوڕی مه‌لیا، كوڕی مانی، كوڕی مه‌تته‌ت، كوڕی ناته‌ن، كوڕی داوید، كوڕی ئیشه‌ی، كوڕی عوه‌ید، كوڕی باعه‌ز، كوڕی سه‌لمون، كوڕی نخشون، كوڕی عه‌میناده‌و، كوڕی ئه‌دومین، كوڕی ئاڕه‌م، كوڕی خسڕون، كوڕی په‌ڕه‌س، كوڕی ئيهوودا، كوڕی یاقوو، كوڕی ئسخه‌ق، كوڕی ئه‌وڕاهه‌م، كوڕی تاره‌ح، كوڕی ناحور، كوڕی سه‌روج، كوڕی ئه‌ڕعۆ، كوڕی پاله‌غ، كوڕی عاوه‌ڕ، كوڕی شاله‌خ، كوڕی قه‌ینه‌ن، كوڕی ئه‌رپه‌خشه‌د، كوڕی شیم، كوڕی نووخ، كوڕی له‌مخ، كوڕی مه‌توشله‌خ، كوڕی ئخنوخ، كوڕی یه‌رد، كوڕی مه‌هله‌لائیل، كوڕی قه‌ینه‌ن، كوڕی ئانوش، كوڕی شیت، كوڕی ئاده‌م، ڕۆڵه‌ی خودایه‌. ئیشۆع به‌ پڕی ڕووحی پارسا له‌ یوردنه‌ن گه‌ڕایه‌وه‌، به‌ ڕووحیش بردرایه‌ ده‌شتوده‌ر. چل ڕۆژ ئیبلیس تاقی ده‌كرده‌وه‌. له‌و ڕۆژانه‌دا هیچی نه‌خوارد، كاتێ ماوه‌كه‌ ته‌واو بوو برسی بوو. ئیبلیس پێی وت: “ئه‌گه‌ر ڕۆڵه‌ی خودایت، به‌م به‌رده‌ بڵێ با ببێته‌ نان”. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “نووسراوه‌: { مرۆڤ ته‌نها به‌ نان ناژیێت، به‌ڵكو به‌ هه‌ر وشه‌یه‌ک له‌ زاری خودا بێته‌ده‌ر} ”. ئینجا ئیبلیس بردیه‌ سه‌ر چیایه‌كی به‌رز و له‌ ساتێكدا هه‌موو پاشایه‌تیه‌كانی جیهانی پیشان دا و پێی وت: “هه‌موو ئه‌م ده‌سه‌ڵات و شكۆیه‌ت پێ ده‌ده‌م، چونكه‌ دراوه‌ته‌ من و منیش ئه‌وه‌ی بمه‌وێت ده‌یده‌مێ. ئه‌گه‌ر له‌به‌رده‌مم كڕنۆش ببه‌یت، هه‌مووی بۆ تۆ ده‌بێت”. ئیشۆعیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “بڕۆ ئه‌ی شه‌یتان! چونكه‌ نووسراوه‌: {كڕنۆش بۆ په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندت ده‌به‌یت و ته‌نها ئه‌و ده‌په‌رستیت} ”. ئینجا هێنای بۆ یروشلایم و له‌سه‌ر سوانده‌ی په‌رستگا ڕایگرت و پێی وت: “ئه‌گه‌ر ڕۆڵه‌ی خودایت لێره‌وه‌ خۆت هه‌ڵبده‌ خواره‌وه‌”. چونكه‌ نووسراوه‌: {فریشته‌كانی پێت ڕاده‌سپێرێت بۆئه‌وه‌ی بتپارێزن، له‌سه‌ر ده‌ستیان هه‌ڵت ده‌گرن نه‌وه‌ک پێت به‌ر به‌ردێک بكه‌وێت}. ئیشۆعیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “وتراوه‌: {په‌روه‌ردگاری خوداوه‌ندت تاقی مه‌كه‌وه‌} ”. كاتێ ئیبلیس هه‌موو تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی ته‌واو كرد، به‌جێیهێشت تا ده‌رفه‌تێكی دیكه‌. ئیشۆع به‌ هێزی ڕووحی پارسا‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ گلیلا، ناوبانگی له‌ هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌كانی ده‌وروپشت بڵاو بووه‌وه‌. له‌ كه‌نیشته‌كانیان ئامۆژگاریی ده‌كردن و هه‌موو ستایشیان ده‌كرد. هاته‌ ناسڕه‌ت‌ كه‌ لێی گه‌وره‌ بووه‌، وه‌ک نه‌ریتی خۆی ڕۆژی شه‌ممه‌ چووه‌ كه‌نیشت، بۆ خوێندنه‌وه‌ ڕاوه‌ستا. سیپاره‌ی ئێشه‌عیا پێغه‌مبه‌ریان پێ دا، كاتێ كردیه‌وه‌ ئه‌و شوێنه‌ی دۆزییه‌وه‌ كه‌ تیایدا نووسراوه‌: “ڕووحی په‌روه‌ردگارم له‌سه‌ره‌، چونكه‌ ده‌ستنیشانی كردووم بۆ موژده‌دان به‌ هه‌ژاران، ناردوومی تاكو دڵشكاوان چاكبكه‌مه‌وه‌ و بانگه‌وازی ئازادی بۆ دیلكراوان و بینایی بۆ نابینایان بده‌م، پێشێلكراوان به‌ره‌و ئازادی بنێرم و ساڵی ڕه‌زامه‌ندی په‌روه‌ردگار ڕابگه‌یێنم”. ئینجا سیپاره‌كه‌ی پێچایه‌وه‌، ڕاده‌ستی ڕاژه‌وانه‌كه‌ی كرد و دانیشت. هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ كه‌نیشت بوون چاویان تێبڕی بوو. جا پێی وتن: “ئه‌مڕۆ ئه‌م نووسراوه‌ی گوێتان لێبوو هاته‌ دی”. هه‌موو گه‌واهییان بۆ ده‌دا و سه‌رسام بوون له‌و وشه‌ به‌خششدارانه‌ی له‌ ده‌می ده‌هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌، ده‌یانووت: “ئه‌مه‌ كوڕه‌كه‌ی یۆسپ نییه‌؟” ئیشۆع پێی فه‌رموون: “به‌هه‌رحاڵ ئه‌م په‌نده‌شم پێ ده‌ڵێن: {ئه‌ی پزیشک چاره‌سه‌ری خۆت بكه‌!} ئه‌وه‌ی بیستمان و له‌ كپه‌ڕناخوم كردت، لێره‌ش له‌ شاره‌كه‌تدا بیكه‌”. هه‌روه‌ها فه‌رمووی: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: هیچ پێغه‌مبه‌رێک له‌ نیشتمانی خۆی په‌سه‌ند ناكرێت. له‌ ڕه‌وادا پێتان ده‌ڵێم: له‌ سه‌رده‌می ئیلییا زۆر بێوه‌ژن له‌ ئیسڕائیلدا هه‌بوون، كاتێ سێ ساڵ و شه‌ش مانگ ئاسمان به‌سترا، كاتێ له‌ هه‌موو زه‌ویه‌كه‌دا بووه‌ برسێتییه‌كی مه‌زن، به‌ڵام ئیلییا بۆ ئه‌وان نه‌نێردرا، به‌ڵكو بۆ بێوه‌ژنێک له‌ سرپه‌تی سه‌یده‌ن. له‌ سه‌رده‌می ئه‌لیشه‌ع پێغه‌مبه‌ریش زۆر گول له‌ ئیسڕائیلدا هه‌بوون، هیچیان پێگه‌رد نه‌بوونه‌وه‌، نوعمانی سیریانی نه‌بێت”. جا كه‌ ئه‌مه‌یان بیست هه‌موو له‌ كه‌نیشته‌كه‌ لێی تووڕه‌بوون. هه‌ستان و ده‌ریانكرده‌ ده‌ره‌وه‌ی شار، هێنایانه‌ لێواری ئه‌و چیایه‌ی شاره‌كه‌یانی له‌سه‌ر بنیاد نرابوو، تاكو فڕێیبده‌نه‌ خواره‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و به‌ نێویاندا تێپه‌ڕی و ڕۆیشت. به‌ره‌و كپه‌ڕناخوم دابه‌زی، كه‌ شارێكی گلیلاییه‌ و له‌ شه‌مماندا ئامۆژگاریی ده‌كردن. له‌ ئامۆژگاریه‌كه‌ی سه‌رسام بوون، چونكه‌ فه‌رمووده‌كانی به‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بوو. له‌ كه‌نیشته‌كه‌دا پیاوێک هه‌بوو ڕووحی شه‌یتانێكی گڵاوی تێدابوو. به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواری كرد: “ئای! ئیشۆعی ناسڕه‌تی چیت لێمان ده‌وێت؟ هاتووی له‌ناومان ببه‌یت؟ من ده‌تناسم تۆ كێیت، پارسا‌كه‌ی خودایت!”. ئیشۆع لێی ڕاخوڕی و فه‌رمووی: “بێده‌نگ به‌! لێی بڕۆ ده‌ره‌وه‌!” شه‌یتانه‌كه‌ له‌ناوه‌ندیان به‌ زه‌ویدا دا و لێی ده‌رچوو، هیچ زیانیشی پێ نه‌گه‌یاند. هه‌مووش سامگرتوو بوون و به‌ یه‌كتریان ده‌ووت: “ئه‌مه‌ چ وشه‌یه‌كه‌؟ چونكه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات و هێزه‌وه‌ فه‌رمان به‌ ڕووحه‌ گڵاوه‌كان ده‌دات و ده‌رده‌چن!”. ئیتر ناوبانگی له‌ هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌كانی ده‌وروبه‌ر بڵاو بووه‌وه‌. له‌ كه‌نیشت هه‌ستا و چووه‌ ماڵی شیمعون. خه‌سووی شیمعون تایه‌كی توندی لێبوو، له‌به‌ر ئه‌و تكایان لێكرد. ئه‌ویش له‌سه‌ری ڕاوه‌ستا، له‌ تاكه‌ی ڕاخوڕی و به‌ریدا! یه‌كسه‌ر هه‌ستایه‌وه‌ و ڕاژه‌ی كردن. خۆر ئاوابوو، هه‌موو نه‌خۆشه‌كانیان هێنایه‌ لای ئیشۆع، به‌ نه‌خۆشی جۆراوجۆره‌وه‌، ئه‌ویش ده‌ستی له‌سه‌ر هه‌ریه‌كه‌یان دانا و چاكیكردنه‌وه‌. شه‌یتانه‌كانیش له‌ زۆر كه‌س ده‌رده‌چوون و هاواریان ده‌كرد: “تۆ مه‌سیحیت ڕۆڵه‌ی خودای!” ئه‌ویش لێیانی ڕاده‌خوڕی و نه‌یده‌هێشت بدوێن، چونكه‌ زانییان مه‌سیحه‌كه‌یه‌. كاتێ خۆر هه‌ڵات، هه‌ستا و چووه‌ جێگایه‌كی چۆڵ، كۆمه‌ڵه‌كه‌ش به‌ دوایدا ده‌گه‌ڕان و هاتنه‌ لای، ڕایانگرت تاكو له‌لایان نه‌ڕوات. پێی فه‌رموون: “له‌سه‌رمه‌ موژده‌ی پاشایه‌تی خودا بده‌مه‌ شاره‌كانی دیكه‌ش، چونكه‌ بۆ ئه‌مه‌ نێردراوم”. جا له‌ كه‌نیشته‌كانی ئیهوود بانگه‌وازی ده‌كرد. له‌و كاته‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌ پاڵه‌په‌ستۆیان ده‌كرد تاكو گوێ له‌ وشه‌ی خودا بگرن، ئه‌و له‌لای ده‌ریای گینیسه‌ڕ ڕاوه‌ستابوو، دوو كه‌شتیی له‌ كه‌ناری ده‌ریاكه‌ بینی، ماسیگران لێیان ده‌رچووبوون و تۆڕه‌كانیان ده‌شوشت. چووه‌ نێو یه‌كێک له‌ كه‌شتیه‌كان، كه‌ هی شیمعون بوو، داوای لێكرد كه‌مێک له‌ وشكایی دووری بخاته‌وه‌، ئینجا دانیشت و له‌نێو كه‌شتیه‌كه‌وه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی ئامۆژگاری ده‌كرد. كاتێ فه‌رمووده‌كانی ته‌واو كرد به‌ شیمعونی فه‌رموو: “دووریبخه‌ره‌وه‌ بۆ قووڵایی و تۆڕه‌كانتان بۆ ڕاوكردن فڕێبده‌ن”. شیمعون وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی وت: “ڕابی، به‌ درێژایی شه‌و ماندووبووین و هیچمان نه‌گرت. به‌ڵام له‌به‌ر فه‌رمووده‌ی تۆ، تۆڕه‌كان فڕێده‌ده‌م”. كاتێ ئه‌مه‌یان كرد ماسییه‌كی زۆر زۆریان گرت، تۆڕه‌كانیان خه‌ریک بوو ده‌دڕا. جا ئاماژه‌یان بۆ هاوكارانی نێو كه‌شتیه‌كه‌ی دیكه‌ كرد، تاكو بێن و یارمه‌تییان بده‌ن، جا هاتن و هه‌ردوو كه‌شتیه‌كه‌یان پڕكرد، تا وایلێهات خه‌ریک بوو نوقوم ببن. شیمعون په‌تڕۆس كه‌ ئه‌مه‌ی بینی و له‌به‌رده‌م چۆكی ئیشۆعدا كه‌وت و وتی: “په‌روه‌ردگار له‌ كه‌شتیه‌كه‌م ده‌رچۆ‌، چونكه‌ من مرۆڤێكی گوناهبارم!” چونكه‌ خۆی و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون سه‌رسام بوون له‌م ماسی گرتنه‌ی هه‌ڵیانگرته‌وه‌، یاقوو و یوخه‌ننه‌نی كوڕه‌كانی زه‌بدیش، هاوبه‌شی شیمعون بوون. ئیشۆع به‌ شیمعونی فه‌رموو: “مه‌ترسه‌! له‌مه‌وپاش خه‌ڵک ڕاو ده‌كه‌یت!” دوای ئه‌وه‌ی كه‌شتیه‌كانیان هێنا وشكایی، هه‌موو شتێكیان به‌جێهێشت و دوای كه‌وتن. جا له‌ یه‌كێک له‌ شاره‌كان بوو، پیاوێكی پڕ له‌ گولی هه‌بوو، كه‌ ئیشۆعی بینی به‌ ڕوودا كه‌وت و لێی پاڕایه‌وه‌ و وتی: “گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر بته‌وێت، ده‌توانی پێگه‌ردم بكه‌یته‌وه‌”. جا ده‌ستی درێژكرد و ده‌ستی لێدا، فه‌رمووی: “ده‌مه‌وێت، بێگه‌ردببه‌وه‌!”. یه‌كسه‌ر گولییه‌كه‌ی لێبووه‌وه‌. ڕایسپارد به‌ كه‌س نه‌ڵێت، به‌ڵكو “بڕۆ خۆت پیشانی كاهین بده‌، بۆ بێگه‌ربوونه‌وه‌كه‌ت ئه‌و قوربانییه‌ی مووشێ فه‌رمانی كردووه‌ بیكه‌، وه‌ک گه‌واهییه‌ک بۆیان”. به‌ڵام هه‌واڵی زیاتر بڵاو ده‌بووه‌وه‌، جا كۆمه‌ڵانێک كۆبوونه‌وه‌ تاكو گوێبگرن و نه‌خۆشییه‌كانیان چاكبێته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و دوورده‌كه‌وته‌وه‌ بۆ ده‌شتوده‌ر و نوێژی ده‌كرد. ڕۆژێكیان ئامۆژگاریی ده‌كرد، په‌ڕیشی و ته‌وراتزانه‌كانیش كه‌ له‌ هه‌موو گونده‌كانی گلیلا و ئیهوود و یروشلایمه‌وه‌ هاتبوون دانیشتبوون، هێزی په‌روه‌ردگاریش چاكیده‌كردنه‌وه‌. چه‌ند پیاوێک هاتن ئیفلیجێكیان به‌ جێگه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌ڵگرتبوو و ده‌یانویست بیهێننه‌ ژووره‌وه‌ و له‌به‌رده‌می دایبنێن. كاتێ له‌به‌ر كۆمه‌ڵه‌كه‌ ڕێیان نه‌بوو بیبه‌نه‌ ژووره‌وه‌، سه‌ركه‌وتنه‌ سه‌ربان و به‌ جێگه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ نێوان خشته‌كاندا بۆ به‌رده‌م ئیشۆع شۆڕیان كرده‌وه‌ ناوه‌ڕاست. كاتێ باوه‌ڕی ئه‌وانی بینی، فه‌رمووی: “كابرا، گوناهه‌كانت به‌خشران”. ته‌وراتزان و په‌ڕیشییه‌كان بیریان ده‌كرده‌وه‌ و ده‌یانووت: “ئه‌مه‌ كێیه‌ كفر ده‌كات؟ بێجگه‌ له‌ خودا كێ ده‌توانێت گوناه‌ ببه‌خشێت؟” ئیشۆعیش هه‌ستی به‌‌ هزریانی كرد، وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و فه‌رمووی: “له‌ دڵتاندا بیری چی ده‌كه‌نه‌وه‌؟ كامیان ئاسانتره‌؟ بووترێت: گوناهه‌كانت به‌خشران، یان بووترێت: هه‌سته‌ و ڕێ بكه‌؟ به‌ڵام تاكو بزانن ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی ده‌سه‌ڵاتی گوناه‌ به‌خشینی هه‌یه”، به‌ ئیفلیجه‌كه‌ی فه‌رموو: “پێت ده‌ڵێم: هه‌سته‌، جێگه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌ و بڕۆ ماڵه‌وه‌!”. یه‌كسه‌ر له‌به‌رده‌میان هه‌ستا، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری ڕاكشابوو هه‌ڵیگرت و چۆوه‌ ماڵی خۆی، خوداشی شكۆدار ده‌كرد. هه‌موویان سامگرتوو بوون و خودایان شكۆدار ده‌كرد، پڕبوون له‌ ترس و وتیان: “ئه‌مڕۆ شتی سه‌یرمان بینی!”. دوای ئه‌مه‌ ده‌رچوو، باجگرێكی بینی ناوی لیوی بوو، له‌ شوێنی باجگری دانیشتبوو، پێی فه‌رموو: “دوام بكه‌وه‌”. ئه‌ویش هه‌موو شتێكی به‌جێهێشت، هه‌ستا و دوای كه‌وت. لیوی له‌ ماڵی خۆیدا میواندارییه‌كی گه‌وره‌ی بۆ كرد، زۆر له‌ باجگران و خه‌ڵكی دیكه‌ له‌گه‌ڵیان له‌سه‌ر خوان بوون. جا په‌ڕیشی و ته‌وراتزانه‌كانیان بۆڵه‌بۆڵیان له‌سه‌ر قوتابییه‌كانی كرد و ده‌یانووت: “بۆچی له‌گه‌ڵ باجگر و گوناهباران ده‌خۆن و ده‌خۆنه‌وه‌؟” ئیشۆعیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “له‌شساغ پێویستی به‌ پزیشک نییه‌، به‌ڵكو نه‌خۆش. نه‌هاتووم بێتاوانان بانگ بكه‌م، به‌ڵكو گوناهباران بۆ تۆبه‌كردن”. ئینجا پێیان وت: “بۆچی قوتابییه‌كانی یوخه‌ننه‌ن زۆر ڕۆژوو ده‌گرن و نزا ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها قوتابیه‌كانی په‌ڕیشییه‌كان، به‌ڵام قوتابیه‌كانی تۆ ده‌خۆن و ده‌خۆنه‌وه‌؟”. پێی فه‌رموون: “ئایا ده‌توانن وا بكه‌ن شاییگێڕان به‌ڕۆژوو بن، كاتێ زاوا له‌گه‌ڵیانه‌؟ به‌ڵام ڕۆژانێک دێت كه‌ زاوایان له‌نێوانیان به‌رز ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وسا له‌و ڕۆژانه‌دا به‌ڕۆژوو ده‌بن”. هه‌روه‌ها په‌ندێكی بۆ هێنانه‌وه‌: “كه‌س په‌ڕۆیه‌كی نوێ ناكاته‌ پینه‌ بۆ كونی جلێكی كۆن، چونكه‌ نوێیه‌كه‌ ده‌دڕێت و كۆنه‌كه‌ش ناگونجێت له‌گه‌ڵ پینه‌ نوێیه‌كه‌. كه‌سیش مه‌یی نوێ ناكاته‌ نێو مه‌شكه‌ی كۆنه‌وه‌، نه‌وه‌ک مه‌یه‌ نوێیه‌كه‌ مه‌شكه‌كه‌ بدڕێنێت و بڕژێت، مه‌شكه‌كه‌ش له‌ناوبچێت. به‌ڵكو مه‌یی نوێ ده‌كرێته‌ مه‌شكه‌ی نوێوه‌، جا هه‌مووی پارێزراو ده‌بێت. كه‌سیش نییه‌ مه‌یی كۆن بخواته‌وه‌ و ئاره‌زووی نوێ بكات، چونكه‌ ده‌ڵێت: كۆنه‌كه‌ خۆشتره‌”. له‌ شه‌ممه‌دا ئیشۆع به‌ نێو ده‌غڵاندا تێده‌په‌ڕی، قوتابییه‌كانی گوڵه‌گه‌نمیان لێده‌كرده‌وه‌، له‌نێو ده‌ستیان ده‌یانپڕواند و ده‌یانخوارد. هه‌ندێک په‌ڕیشی پێیان وتن: “بۆچی ئه‌وه‌ی له‌ شه‌ممه‌دا دروست نییه‌ ده‌یكه‌ن؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “نه‌تانخوێندۆته‌وه‌ داوید كاتێ برسی بوو چی كرد، خۆی و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون؟ چۆن چووه‌ ماڵی خودا و نانی ته‌رخانكراوی برد و خواردی، دایه‌ ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی بوون، ئه‌وه‌ی دروست نییه‌ بخورێت ته‌نها بۆ كاهینان نه‌بێت؟” ئینجا پێی فه‌رموون: “ڕۆڵه‌ی مرۆڤ په‌روه‌ردگاری شه‌ممه‌شه‌”. له‌ شه‌ممه‌یه‌كی دیكه‌، چووه‌ نێو كه‌نیشت و ئامۆژگاریی ده‌كرد. پیاوێک له‌وێ بوو ده‌ستی ڕاستی وشک بوو. ته‌وراتزان و په‌ڕیشییه‌كان سه‌یری ئیشۆعیان ده‌كرد، ئاخۆ له‌ شه‌ممه‌دا چاكده‌كاته‌وه‌، تاكو سكاڵایه‌كی له‌سه‌ر بدۆزنه‌وه‌. به‌ڵام به‌ بیركردنه‌وه‌یانی زانی، به‌ پیاوه‌ ده‌ست وشكه‌كه‌ی فه‌رموو: “هه‌سته‌ و له‌ناوه‌ڕاست ڕاوه‌سته‌”. ئه‌ویش هه‌ستا و ڕاوه‌ستا. ئینجا ئیشۆع پێی فه‌رموون: “پرسێكتان لێ ده‌كه‌م، ئایا له‌ شه‌ممه‌دا كردنی چاكه‌ دروسته‌ یان خراپه‌؟ ڕزگاركردنی كه‌سێک یان له‌ناوبردنی؟” چاوی به‌ هه‌موویاندا گێڕا، به‌ پیاوه‌كه‌ی فه‌رموو: “ده‌ستت درێژ بكه‌”. ئه‌ویش كردی و ده‌ستی چاكبووه‌وه‌ وه‌ک ئه‌و ده‌سته‌كه‌ی دیكه‌ی. به‌ڵام ئه‌وان پڕبوون له‌ گێلی و له‌گه‌ڵ یه‌كتری گفتوگۆیان ده‌كرد چی له‌ ئیشۆع بكه‌ن. له‌و ڕۆژانه‌دا ئیشۆع چووه‌ چیا تاكو نوێژ بكات، شه‌وه‌كه‌ی هه‌موو به‌ نوێژكردن بۆ خودا به‌سه‌ربرد. كه‌ ڕۆژ‌بووه‌وه‌، قوتابییه‌كانی بانگكرد، دوازده‌ی لێ هه‌ڵبژاردن و ناوی نان “په‌یامبه‌ران”: شیمعون كه‌ ناوی لێنا په‌تڕۆس، له‌گه‌ڵ ئه‌ندراوسی برای، یاقوو و یوخه‌ننه‌ن، پیلیپوس و به‌رتولمه‌ی، مه‌تته‌ی و تۆما، یاقووی كوڕی خه‌لپه‌ی و شیمعون كه‌ ناسراوبوو به‌ دڵگه‌رم، ئیهوودای برای یاقوو و ئیهوودای ئه‌سخه‌ریوتی كه‌ ڕاده‌ستی كرد. ئینجا له‌گه‌ڵیان هاته‌ خواره‌وه‌ و له‌ شوێنێكی ته‌ختایی ڕاوه‌ستا، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێک له‌ قوتابییه‌كانی و كۆمه‌ڵانێكی گه‌ل، كه‌ له‌ هه‌موو ئیهوود و یروشلایم و كه‌ناری سووڕ و سه‌یده‌ن، ئه‌وانه‌ی هاتن گوێی لێ بگرن و له‌ نه‌خۆشییه‌كانیان چاكببنه‌وه‌، ئه‌وانه‌ش كه‌ به‌ ده‌ست ڕووحه‌گڵاوه‌كان ده‌یانناڵاند چاكبوونه‌وه‌. هه‌موو كۆمه‌ڵه‌كه‌ش هه‌وڵیان ده‌دا ده‌ستی لێ بده‌ن، چونكه‌ هێزێكی لێ ده‌رده‌چوو و هه‌مووانی چاكده‌كرده‌وه‌. ئینجا چاوی بۆ قوتابییه‌كانی هه‌ڵبڕی و فه‌رمووی: “به‌خته‌وه‌ری بۆ ئێوه‌، ئه‌ی هه‌ژاران، چونكه‌ پاشایه‌تیی خودا هی ئێوه‌یه‌. به‌خته‌وه‌ری بۆ ئێوه‌ كه‌ ئێستا برسین، چونكه‌ تێر ده‌بن. به‌خته‌وه‌ری بۆ ئێوه‌ كه‌ ئێستا ده‌گریێن، چونكه‌ پێده‌كه‌نن. به‌خته‌وه‌ری بۆ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر خه‌ڵک ڕقی لێتان ببێته‌وه‌ و جیاتان بكه‌نه‌وه‌ و جنێوتان پێ بده‌ن و به‌ به‌دكار ناوتان ببه‌ن، له‌پێناوی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ. له‌و ڕۆژه‌دا دڵخۆش بن و شاد بن، چونكه‌ له‌ ئاسماندا پاداشتتان مه‌زنه‌، چونكه‌ باوكانیان ئاوایان به‌ پێغه‌مبه‌ران ده‌كرد. به‌ڵام وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندان، چونكه‌ دڵنه‌وایی خۆتان وه‌رگرتووه‌. وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی تێره‌كان، چونكه‌ برسی ده‌بن. وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ئێستا پێده‌كه‌نن، چونكه‌ خه‌م ده‌خۆن و ده‌گریێن. وه‌ی به‌حاڵتان كاتێ هه‌موو خه‌ڵک ستایشتان ده‌كات، چونكه‌ باوكانیان ئاوایان به‌ پێغه‌مبه‌ره‌ درۆزنه‌كان كردووه‌. به‌ڵام ئه‌ی گوێگران پێتان ده‌ڵێم: “دوژمنه‌كانتان خۆشبووێ، چاكه‌ بكه‌ن بۆ ئه‌وانه‌ی ڕقیان لێتان ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی نه‌فره‌تتان لێده‌كه‌ن داوای داڕشتیان بۆ بكه‌ن، نوێژ بكه‌ن له‌پێناوی ئه‌وانه‌ی خراپه‌تان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ی له‌ ڕوومه‌تت ده‌دات، لایه‌كه‌ی دیكه‌شی بۆ ڕابگره‌. ئه‌وه‌ی چاكه‌ته‌كه‌ت ده‌بات، لاریت نه‌بێت بۆ كراسه‌كه‌شت. كێ داوای لێكردیت بیده‌رێ. ئه‌وه‌ش كه‌ شتێكت لێ ده‌بات لێی داوا مه‌كه‌وه‌. وه‌كو ده‌تانه‌وێ خه‌ڵكی چیتان بۆ بكه‌ن، ئێوه‌ش ئاوایان بۆ بكه‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌تان خۆشبووێ كه‌ ئێوه‌یان خۆشده‌وێت، چ چاكه‌یه‌كتان كردووه‌؟ ته‌نانه‌ت گوناهبارانیش ئه‌وانه‌یان خۆشده‌وێت كه‌ خۆشیان ده‌وێن. ئه‌گه‌ر چاكه‌ بكه‌ن بۆ ئه‌وانه‌ی چاكه‌تان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، چ چاكه‌یه‌كتان كردووه‌؟ گوناهبارانیش ئاوا ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر قه‌رز بده‌نه‌ ئه‌وانه‌ی هیوادارن لێیان وه‌ربگرنه‌وه‌، چ چاكه‌یه‌كتان كردووه‌؟ گوناهبارانیش قه‌رز ده‌ده‌نه‌ گوناهباران تاكو ئه‌وه‌نده‌ وه‌ربگرنه‌وه‌. به‌ڵام دوژمنه‌كانتان خۆشبووێ، چاكه‌ بكه‌ن و قه‌رز بده‌ن، چاوه‌ڕێی وه‌رگرتنه‌وه‌ش مه‌كه‌ن، به‌مه‌ پاداشتتان مه‌زن ده‌بێت و ده‌بنه‌ ڕۆڵه‌ی خودای هه‌ره‌به‌رز، چونكه‌ ئه‌و له‌گه‌ڵ سوپاسگوزار و به‌دكاران به‌خششكاره‌. به‌ به‌زه‌یی بن، وه‌ک باوكتان به‌ به‌زه‌ییه‌. حوكم مه‌ده‌ن، حوكم نادرێن. كه‌س تاوانبار مه‌كه‌ن تاوانبار ناكرێن. ببه‌خشن ده‌به‌خشرێن. بده‌ن، پێتان ده‌درێت، پێوانه‌یه‌كی چاكی په‌ستێنراوی هه‌ژێندراوی لێڕژاوتان ده‌خرێته‌ باوه‌ش، چونكه‌ به‌و پێوانه‌یه‌ی ده‌پێون بۆتان ده‌پێورێته‌وه‌”. په‌ندێكی بۆ هێنانه‌وه‌: “ئایا كوێر ده‌توانێت ڕابه‌رایه‌تی كوێر بكات؟ هه‌ردووكیان ناكه‌ونه‌ چاڵه‌وه‌؟ قوتابی له‌ ڕابیه‌كه‌ی به‌رزتر نییه‌، به‌ڵكو هه‌ر كه‌سێک ته‌واو فێربێت، وه‌ک ڕابیه‌كه‌ی لێدێت. بۆچی پووشی نێو چاوی براكه‌ت ده‌بینیت، به‌ڵام تێبینی كاریته‌كه‌ی نێو چاوی خۆت ناكه‌یت؟ یان چۆن ده‌توانی به‌ براكه‌ت بڵێی: برام با پووشه‌كه‌ی نێو چاوت ده‌ربهێنم كه‌ كاریته‌كه‌ی نێو چاوی خۆت نابینیت؟ ئه‌ی ڕووپاما! یه‌كه‌مجار كاریته‌كه‌ی نێو چاوت ده‌ربهێنه‌، ئینجا باش ده‌بینیت بۆ ده‌رهێنانی پووشه‌كه‌ی نێو چاوی براكه‌ت. چونكه‌ هیچ دارێكی باش به‌رهه‌می خراپ نادات و داری خراپیش به‌رهه‌می باش نادات. هه‌ر دارێک به‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ی ده‌ناسرێته‌وه‌. نه‌ هه‌نجیر له‌ دڕک ده‌ڕنرێت و نه‌ ترێش له‌ ده‌وه‌ن. مرۆڤی چاک له‌ گه‌نجینه‌ی دڵی چاكی، چاكه‌ ده‌رده‌هێنێت، مرۆڤی خراپیش له‌ گه‌نجینه‌ی دڵی خراپی، خراپه‌ ده‌رده‌هێنێت. چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌ دڵ هه‌ڵده‌قوڵێت ده‌م پێی ده‌دوێت. بۆ بانگم ده‌كه‌ن په‌روه‌ردگار، په‌روه‌ردگار، كه‌چی ئه‌وه‌ی ده‌یڵێم نایكه‌ن؟ ئه‌وه‌ی بۆ لام دێت و گوێ له‌ وته‌كانم ده‌گرێت و كاری پێ ده‌كات، پیشانتان ده‌ده‌م له‌ كێ ده‌چێت. له‌ مرۆڤێک ده‌چێت خانوویه‌ک دروست ده‌كات، جا هه‌ڵیكه‌ند و قووڵی كرد و بناغه‌كه‌ی له‌سه‌ر به‌رد دانا، كاتێ لافاو هه‌ستا و ڕووبار له‌ خانووه‌كه‌ی دا، نه‌یتوانی بیهه‌ژێنێت، چونكه‌ له‌سه‌ر به‌رد بنیاد نرابوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گوێی ده‌گرێت و په‌یڕه‌وی ناكات، له‌ مرۆڤێک ده‌چێت بێ بناغه‌ خانووی له‌سه‌ر زه‌وی دروستكرد. ڕووبار لێیدا و یه‌كسه‌ر كه‌وت، وێرانی خانووه‌كه‌ش مه‌زن بوو”. كه‌ ئیشۆع هه‌موو فه‌رمووده‌كانی له‌ گوێی گه‌له‌كه‌دا ته‌واو كرد، چووه‌ نێو كپه‌ڕناخوم. سه‌رپه‌لێک كۆیله‌یه‌كی هه‌بوو زۆری خۆشده‌ویست، نه‌خۆش بوو و له‌سه‌ره‌مه‌رگدا بوو. كاتێ به‌ ئیشۆعی بیست، پیرانی جووی نارده‌ لای و داوای لێكرد بێت تا كۆیله‌كه‌ی چاكبكاته‌وه‌. كاتێ هاتنه‌ لای ئیشۆع، زۆر لێی پاڕانه‌وه‌ و وتیان: “شایانی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ی بۆ بكه‌یت، چونكه‌ نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌ی خۆشده‌وێت و كه‌نیشتی بۆمان بنیاد نا”. ئیشۆعیش له‌گه‌ڵیان چوو. كاتێ له‌ ماڵه‌كه‌ دوور نه‌بوو، سه‌رپه‌له‌كه‌ براده‌رانی نارد پێی بڵێن: “گه‌وره‌م، خۆت ماندوو مه‌كه‌، چونكه‌ من شایانی ئه‌وه‌ نیم بێیته‌ ژێر بنمیچه‌كه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ خۆم دانه‌نا كه‌ شایانی ئه‌وه‌ بم بێمه‌ لات. به‌ڵام وشه‌یه‌ک بفه‌رموو، ڕاژه‌وانه‌كه‌م چاكده‌بێته‌وه‌. چونكه‌ منیش مرۆڤێكی له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتم، سه‌ربازیش له‌ ژێر ده‌ستم هه‌یه‌، به‌مه‌ ده‌ڵێم بڕۆ! ده‌ڕوات، به‌وی دیكه‌ش وه‌ره‌! دێت، به‌ كۆیله‌كه‌شم ئه‌مه‌ بكه‌! ده‌یكات”. كاتێ ئیشۆع گوێی له‌مه‌ بوو، لێی سه‌رسام بوو، ئینجا ئاوڕی له‌و كۆمه‌ڵه‌ دایه‌وه‌ كه‌ دوای كه‌وتبوون و فه‌رمووی: “پێتان ده‌ڵێم: له‌ ئیسڕائیلیشدا باوه‌ڕێكی ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌مه‌م نه‌دیوه‌!”. ئه‌وانه‌ی نێردرابوون گه‌ڕانه‌وه‌ ماڵه‌كه‌، بینییان كۆیله‌كه‌ له‌شساغه‌. بۆ ڕۆژی پاشتر، ئیشۆع بۆ شارێک چوو ناوی نایین بوو، زۆر له‌ قوتابییه‌كانی و كۆمه‌ڵانێكی زۆر له‌گه‌ڵی چوون. كاتێ له‌ ده‌روازه‌ی شاره‌كه‌ نزیک بووه‌وه‌، ته‌رمێک به‌سه‌ر شانه‌وه‌ بوو، تاقانه‌ی دایكی بوو كه‌ بێوه‌ژنه‌، كۆمه‌ڵێكی زۆری شاره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بوو. كاتێ په‌روه‌ردگار بینی، دڵی پێی سووتا و پێی فه‌رموو: “مه‌گریێ”. ئینجا هاته‌ پێشه‌وه‌ و ده‌ستی له‌ داره‌بازه‌كه‌ دا، هه‌ڵگرانی ڕاوه‌ستان. فه‌رمووی: “گه‌نجه‌كه‌، پێت ده‌ڵێم: هه‌سته‌!” مردووه‌كه‌ دانیشت و ده‌ستیكرد به‌ قسه‌كردن، ئیشۆعیش دایه‌وه‌ ده‌ست دایكی. هه‌موو ترسیان لێ نیشت، خودایان شكۆدار كرد، وتیان: “له‌ نێوماندا پێغه‌مبه‌رێكی مه‌زن هه‌ستاوه‌، خوداش گه‌له‌كه‌ی خۆی به‌سه‌ركرده‌وه‌”. ئه‌م هه‌واڵه‌ی ئه‌و له‌ هه‌موو ئیهوود و هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌كانی ده‌وروپشت بڵاو بووه‌وه‌. قوتابییه‌كانی یوخه‌ننه‌ن هه‌موو ئه‌مانه‌یان به‌ یوخه‌ننه‌ن ڕاگه‌یاند. ئه‌ویش دووان له‌ قوتابییه‌كانی بانگكرد و بۆ ئیشۆعی نارد، ده‌یووت: “تۆی ئه‌وه‌ی دێیت، یان چاوه‌ڕێی یه‌كێكی دیكه‌ بكه‌ین؟” كاتێ پیاوه‌كان هاتنه‌ لای ئیشۆع، وتیان: “یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكار ئێمه‌ی بۆ لات ناردووه‌، ده‌ڵێت: تۆی ئه‌وه‌ی دێیت، یان چاوه‌ڕێی یه‌كێكی دیكه‌ بكه‌ین؟” له‌و كاته‌دا زۆر كه‌سی له‌ نه‌خۆشی و ده‌رد و ڕووحی گڵاو چاككرده‌وه‌، بۆ زۆر كوێریش بینینی به‌خشی. ئینجا ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “بڕۆن چیتان بینی و بیستتان به‌ یوخه‌ننه‌نی ڕابگه‌یه‌نن: كوێره‌كان ده‌بینن و شه‌له‌كان ڕێ ده‌كه‌ن و گوله‌كان بێگه‌رد ده‌بنه‌وه‌ و كه‌ڕه‌كان ده‌بیستن و مردووه‌كان هه‌ڵده‌ستن و هه‌ژاره‌كان موژده‌یان ده‌درێتێ. به‌خته‌وه‌ریش بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ ساتمه‌م لێ ناكات”. كه‌ په‌یامنێرانی یوخه‌ننه‌ن ڕۆیشتن، ئیشۆع ده‌رباره‌ی یوخه‌ننه‌ن بۆ كۆمه‌ڵه‌كه‌ی فه‌رموو: “بۆ بینینی چی ده‌رچوونه‌ ده‌شتوده‌ر؟ قامیشێک كه‌ با ده‌یهه‌ژێنێ؟ ئه‌ی بۆ بینینی چی ده‌رچوون؟ مرۆڤێک كه‌ به‌رگی نه‌رمی پۆشیوه‌؟ ئه‌وه‌تا ئه‌وانه‌ی به‌رگیان نایابه‌ و سه‌ڵته‌نه‌ت لێده‌ده‌ن وا له‌ كۆشكی پاشاكانن. كه‌واته‌ ده‌رچوون چی ببینن؟ پێغه‌مبه‌رێک؟ به‌ڵێ پێتان ده‌ڵێم له‌ پێغه‌مبه‌ریش باشتر! ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌رباره‌ی نووسراوه‌: {ئه‌وه‌تا فریشته‌ی خۆم له‌پێشته‌وه‌ ده‌نێرم، ئه‌وه‌ی ڕێگات بۆ ئاماده‌ ده‌كات!} چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم: له‌نێو له‌ ژنبوواندا هیچ پێغه‌مبه‌رێک له‌ یوخه‌ننه‌ن مه‌زنتر نییه‌، به‌ڵام بچووكترینی پاشایه‌تیی خودا له‌و مه‌زنتره”. هه‌موو گه‌ل كه‌ گوێیان لێبوو، ته‌نانه‌ت باجگرانیش دانیان نا به‌ دادپه‌روه‌ریی خودا، چونكه‌ به‌ عه‌مادكردنی یوخه‌ننه‌ن عه‌مادكرابوون. به‌ڵام په‌ڕیشی و ته‌وراتزانه‌كان خواستی خودایان ده‌رهه‌ق به‌ خۆیان ڕه‌تكرده‌وه‌، چونكه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و عه‌ماد نه‌كرابوون. ئینجا په‌روه‌ردگار فه‌رمووی: “خه‌ڵكی ئه‌م نه‌وه‌یه‌ له‌ چی بچووێنم؟ له‌ چی ده‌چن؟ له‌و كوڕانه‌ ده‌چن كه‌ له‌ بازاڕدا دانیشتوون یه‌كتری بانگ ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: زوڕنامان بۆ لێدان و هه‌ڵنه‌په‌ڕین، شیوه‌نمان بۆ كردن و نه‌گریان. چونكه‌ یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكار هات، نه‌ نان ده‌خوات و نه‌ مه‌ی ده‌خواته‌وه‌، وتتان: ڕووحی شه‌یتانی تیادایه‌. ڕۆڵه‌ی مرۆڤ هات، ده‌خوات و ده‌خواته‌وه‌، وتتان: كابرایه‌كی بخۆر و سه‌رخۆشه‌، خۆشه‌ویستی باجگران و گوناهبارانه‌. به‌ڵام دانایی به‌ كرده‌وه‌ی هه‌موو ڕۆڵه‌كانی سه‌لمێندرا”. یه‌كێک له‌ په‌ڕیشییه‌كان داوای لێكرد نانی له‌گه‌ڵ بخوات، ئه‌ویش چووه‌ ماڵی په‌ڕیشییه‌كه‌ و له‌سه‌ر خوان پاڵیدایه‌وه‌. له‌ شاره‌كه‌ ژنێكی گوناهبار هه‌بوو، زانی له‌ ماڵی په‌ڕیشییه‌كه‌ دانیشتووه‌، بوتڵێكی بۆنی خۆشی هێنا، له‌ دواوه‌ به‌ گریانه‌وه‌ له‌لای پێی ڕاوه‌ستا، پێیه‌كانی به‌ فرمێسک ته‌ڕ كرد و به‌ قژی سه‌ری ده‌یسڕییه‌وه‌، پێی ماچ ده‌كرد و به‌ بۆنه‌كه‌ چه‌وری ده‌كرد. كاتێ په‌ڕیشییه‌كه‌ی داوه‌تی كردبوو ئه‌مه‌ی بینی، له‌ دڵیدا وتی: “ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ پێغه‌مبه‌ر بووایه‌، ده‌یزانی ئه‌م ژنه‌ی ده‌ستی لێ ده‌دات كێیه‌ و چییه‌! چونكه‌ گوناهباره‌”. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “شیمعون، ده‌مه‌وێ شتێكت پێ بڵێم”. وتی: “بفه‌رموو ڕابی”. “قه‌رزده‌رێک دوو قه‌رزاری هه‌بوو، لای یه‌كێک پێنج سه‌د دینار، ئه‌وه‌ی دیكه‌ په‌نجا. نه‌یانبوو بیده‌نه‌وه‌، كابرا له‌ هه‌ردووكیان خۆشبوو. پێم بڵێ: كامیان زیاتر خۆشیده‌وێت؟” شیمعون وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “پێم وایه‌ ئه‌وه‌ی له‌ زۆره‌كه‌ لێی خۆشبوو”. پێی فه‌رموو: “حوكمه‌كه‌ت ڕاسته‌”. ڕووی كرده‌ ژنه‌كه‌ و به‌ شیمعونی فه‌رموو: “ئه‌م ژنه‌ ده‌بینیت؟ هاتمه‌ ماڵه‌كه‌ت و ئاوت نه‌دامێ بۆ پێم، به‌ڵام ئه‌م به‌ فرمێسک پێی ته‌ڕ كردم و به‌ قژی سڕییه‌وه‌. خۆ ماچێكت نه‌كردم، به‌ڵام ئه‌م له‌وه‌ته‌ی هاتوومه‌ته‌ ژووره‌وه‌ له‌ ماچكردنی پێم نه‌وه‌ستاوه‌. تۆ به‌ زه‌یت سه‌رت چه‌ور نه‌كردم، به‌ڵام ئه‌م به‌ بۆن پێمی چه‌وركرد. له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ پێت ده‌ڵێم: گوناهه‌ زۆره‌كانی به‌خشران چونكه‌ خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی زۆره‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌م به‌خشراوه‌، خۆشه‌ویستیه‌كه‌ی كه‌م ده‌بێت”. ئینجا به‌ ژنه‌كه‌ی فه‌رموو: “گوناهه‌كانت به‌خشران”. ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی دانیشتبوون له‌ دڵی خۆیان وتیان: “ئه‌مه‌ كێیه‌ ته‌نانه‌ت گوناهیش ده‌به‌خشێت؟” ئیشۆع به‌ ژنه‌كه‌ی فه‌رموو: “باوه‌ڕت ڕزگاری كردیت. به‌ ئاشتی بڕۆ”. دوای ئه‌مه‌ به‌ هه‌موو شار و گوندێكدا ده‌گه‌ڕا، و بانگه‌واز و موژده‌ی پاشایه‌تی خودای ده‌دا، دوازده‌كه‌شی له‌گه‌ڵ بوو. چه‌ند ژنێكیش كه‌ له‌ ڕووحی گڵاو و نه‌خۆشییان چاكببوونه‌وه‌: مه‌ریه‌م كه‌ به‌ مه‌گدانی ناوده‌برا و حه‌وت شه‌یتانی لێ ده‌رچووبوو، یۆنای ژنی كوزا سه‌ركاری هیڕوودس و شووشون و زۆری دیكه‌ش، به‌ ماڵی خۆیان یارمه‌تییان ده‌دان. كاتێ كۆمه‌ڵانێكی زۆر له‌ هه‌موو شارێكه‌وه‌ بۆ لای ئیشۆع هاتن و كۆبوونه‌وه‌، به‌ په‌ند قسه‌ی بۆ فه‌رموون: “تۆوده‌ر ده‌رچوو تۆو بكات، كه‌ تۆوی ده‌كرد، هه‌ندێكی كه‌وته‌ سه‌ر ڕێگا و پێشێل بوون و باڵنده‌ی ئاسمان خواردیانن. هه‌ندێكیش كه‌وته‌ سه‌ر به‌رد، كاتێ ڕوان و وشک بوون، چونكه‌ شێی نه‌بوو. هه‌ندێكیش كه‌وتنه‌ نێو دڕكه‌وه‌، دڕک له‌گه‌ڵیان گه‌شه‌یان كرد و خنكاندیانن. هه‌ندێكیش كه‌وتنه‌ زه‌وییه‌كی باش، كاتێ ڕوا، سه‌د ئه‌وه‌نده‌ به‌رهه‌می دا”. ئه‌مانه‌ی فه‌رموو و هاواری كرد: “ئه‌وه‌ی دوو گوێ بۆ بیستنی هه‌یه‌، با ببیستێت!”. قوتابییه‌كانی پرسیان لێ كرد: “واتای ئه‌و په‌نده‌ چیه‌؟” ئه‌ویش فه‌رمووی: “به‌ ئێوه‌ دراوه‌ نهێنیی پاشایه‌تیی خودا بزانن، به‌ڵام بۆ ئه‌وانی دیكه‌ به‌ په‌نده‌، ته‌ناته‌ت ئه‌وان سه‌یر ده‌كه‌ن، به‌ڵام نابینن و گوێ ده‌گرن، به‌ڵام تێناگه‌ن. ئه‌مه‌ په‌ندكه‌یه‌: تۆوه‌كه‌ وشه‌ی خودایه‌. ئه‌وانه‌ی كه‌وتنه‌ سه‌ر ڕێگاكه‌ ئه‌وانه‌ن كه‌ گوێیان لێبوو، ئینجا ئیبلیس دێت و وشه‌كه‌ له‌ دڵیان ده‌رده‌هێنێت، نه‌وه‌ک باوه‌ڕ بهێنن و ڕزگاریان بێت. ئه‌وانه‌ش كه‌ كه‌وتنه‌ سه‌ر به‌رده‌كه‌، ئه‌وانه‌ن كه‌ وشه‌كه‌ به‌ خۆشییه‌وه‌ وه‌رده‌گرن كاتێ ده‌یبیستن، به‌ڵام ڕه‌گیان نییه‌ و تاكو ماوه‌یه‌ک باوه‌ڕ ده‌هێنن، به‌ڵام له‌ كاتی تاقیكردنه‌وه‌ ده‌كه‌ون. ئه‌وانه‌ی كه‌وتنه‌ نێو دڕكان، ئه‌وانه‌ن كه‌ ده‌یبیستن، به‌ خه‌م و سامان و خۆشییه‌كانی ژیان ده‌خنكێن، به‌رهه‌می پێگه‌یشتوو ناده‌ن. ئه‌وه‌ش كه‌ له‌ زه‌وییه‌ چاكه‌كه‌یه‌، ئه‌وانه‌ن كه‌ به‌ دڵێكی چاک و باشه‌وه‌ وشه‌كه‌ ده‌بیستن و‌ به‌ خۆڕاگرییه‌وه‌ ڕایده‌گرن وبه‌رهه‌م ده‌ده‌ن. كه‌س چرا هه‌ڵناكات و به‌ ته‌شت دایپۆشێت، یان له‌ ژێر نوێنی دابنێت، به‌ڵكو له‌سه‌ر چرادانی داده‌نێت، تاكو ئه‌وانه‌ی دێنه‌ ژووره‌وه‌ ڕووناكییه‌كه‌ ببینن. چونكه‌ شاردراوه‌ نییه‌ ئاشكرا نه‌بێت و ده‌رنه‌كه‌وێت. كه‌واته‌ ئاگاداربن چۆن گوێ ده‌گرن. چونكه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی پێی ده‌درێت، ئه‌وه‌ش كه‌ نییه‌تی، ته‌نانه‌ت چی واده‌زانێت هه‌یه‌تی لێی ده‌سه‌نرێته‌وه‌”. ئینجا دایک و برایانی ئیشۆع هاتنه‌ لای، به‌ڵام له‌به‌ر كۆمه‌ڵه‌كه‌ نه‌یانتوانی بگه‌نه‌ لای. پێی وترا: “دایک و برایانت له‌ ده‌ره‌وه‌ ڕاوه‌ستاون، ده‌یانه‌وێ بتبینن”. وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “دایک و برایانم ئه‌وانه‌ن كه‌ گوێ له‌ وشه‌ی خودا ده‌گرن و كاری پێ ده‌كه‌ن”. ڕۆژێكیان ئیشۆع له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی سواری كه‌شتیێک بوو، پێی فه‌رموون: “با بپه‌ڕینه‌وه‌ ئه‌وبه‌ری ده‌ریاكه‌”. جا به‌ڕێ كه‌وتن. كاتێ ڕێیان ده‌كرد ئه‌و نووست. ڕه‌شه‌بایه‌كیش هه‌ڵیكرده‌ سه‌ر ده‌ریاكه‌، كه‌شتیه‌كه‌ پڕده‌بوو له‌ ئاو و كه‌وتنه‌ مه‌ترسییه‌وه‌. جا هاتنه‌ لای، خه‌به‌ریان كرده‌وه‌ و وتیان: “ڕابی، ڕابی، وا له‌ناوده‌چین!”. ئه‌ویش هه‌ستا، له‌ ڕه‌شه‌با و شه‌پۆڵه‌كانی ڕاخوڕی، كۆتاییان هات و هێمن بوونه‌وه‌. ئینجا پێی فه‌رموون: “كوا باوه‌ڕتان؟” سه‌رسام بوون و ترسان، به‌ یه‌كتریان ده‌ووت: “ئه‌مه‌ كێیه‌؟ فه‌رمان به‌ با و ئاویش ده‌كات و گوێڕایه‌ڵی ده‌بن!”. ئینجا به‌ره‌و ده‌ڤه‌ری گه‌ده‌رین ڕۆیشتن، كه‌ به‌رامبه‌ر گلیلایه‌. كاتێ ئیشۆع دابه‌زیه‌ سه‌ر وشكایی، پیاوێكی ئه‌و شاره‌ی تووش هات كه‌ له‌ مێژه‌وه‌ شه‌یتانی تێدابوو، جلی له‌به‌ر نه‌ده‌كرد و له‌ ماڵ نه‌ده‌ژیا، به‌ڵكو له‌ گۆڕستان. كه‌ ئیشۆعی بینی، هاواری كرد و له‌به‌رده‌می كه‌وت، به‌ ده‌نگی مه‌زن وتی: “چیت له‌ من ده‌وێ ئیشۆعی ڕۆڵه‌ی خودای هه‌ره‌به‌رز؟ لێت ده‌پاڕێمه‌وه‌ ئازارم نه‌ده‌ی!”. چونكه‌ فه‌رمانی به‌ ڕووحه‌ گڵاوه‌كه‌ی دابوو له‌ پیاوه‌كه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌. چونكه‌ زۆر جار ده‌یگرت، هه‌رچه‌نده‌ به‌ كۆت و زنجیر ده‌به‌سترایه‌وه‌ و چاودێری ده‌كرا، به‌ڵام كۆته‌كانی ده‌شكاند و شه‌یتان به‌ره‌و چۆڵه‌وانیی ده‌برد. ئیشۆع لێی پرسی و فه‌رمووی: “ناوت چییه‌؟” وتی: “لیجیۆن”. چونكه‌ زۆر شه‌یتانی تێچووبوو. لێی ده‌پاڕانه‌وه‌ نه‌وه‌ک فه‌رمانیان پێ بكات به‌ره‌و بیری بێبن بڕۆن. له‌وێ ڕانه‌ به‌رازێكی زۆر له‌ شاخ ده‌له‌وه‌ڕان، لێی پاڕانه‌وه‌ كه‌ ڕێیان بدات بچنه‌ نێویانه‌وه‌، ئه‌ویش ڕێی پێدان. شه‌یتانه‌كان له‌ پیاوه‌كه‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و چوونه‌ نێو به‌رازه‌كانه‌وه‌، ڕانه‌كه‌ش له‌ قه‌راغی شاخه‌كه‌وه‌ بۆ نێو ده‌ریاكه‌ هه‌ڵدێران و خنكان. كاتێ شوانه‌كان ئه‌م ڕووداوه‌یان بینی، ڕایانكرد و هه‌واڵیان دا شار و گونده‌كان. جا ده‌چوون تاكو ئه‌وه‌ی ڕوویداوه‌ بیبینن، هاتنه‌ لای ئیشۆع و بینییان ئه‌و پیاوه‌ی شه‌یتانه‌كانی لێ ده‌رچووبوو پۆشته‌یه‌ و ئاقڵه‌، له‌به‌رپێی ئیشۆع دانیشتووه‌، ئیتر ترسان. ئه‌وانه‌ی بینیبوویان بۆ خه‌ڵكه‌كه‌یان گێڕایه‌وه‌، شێته‌كه‌ ڕزگاری بوو. هه‌موو كۆمه‌ڵانی هه‌رێمی گه‌ده‌رین داوایان له‌ ئیشۆع كرد له‌لایان بڕوات، چونكه‌ ترسێكی گه‌وره‌یان لێ نیشتبوو، ئه‌ویش سواری كه‌شتیه‌كه‌ بوو و گه‌ڕایه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و پیاوه‌ی شه‌یتانه‌كانی لێ ده‌رچووبوو، لێی ده‌پاڕایه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵی بێت، به‌ڵام ئیشۆع ڕه‌وانه‌ی كرد و فه‌رمووی: “بۆ ماڵی خۆت بگه‌ڕێوه‌ و ئه‌وه‌ی خودا بۆتی كرد، بیگێڕه‌وه‌”. ئه‌ویش به‌ نێو هه‌موو شاره‌كه‌دا ڕۆیشت و ئه‌وه‌ی ڕاده‌گه‌یاند كه‌ ئیشۆع بۆی كردبوو. كاتێ ئیشۆع گه‌ڕایه‌وه‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ پێشوازییان لێكرد، چونكه‌ هه‌موو چاوه‌ڕێیان ده‌كرد. پیاوێک ناوی یایرۆس بوو پێشه‌وای كه‌نیشت بوو، هات و له‌به‌رپێی ئیشۆعدا كه‌وت، له‌به‌ری پاڕایه‌وه‌ تاكو بچێته‌ ماڵه‌كه‌ی، چونكه‌ تاقه‌ كچه‌كه‌ی كه‌ نزیكه‌ی دوازده‌ ساڵان بوو له‌ سه‌ره‌مه‌رگدابوو. كاتێ ئیشۆع ده‌ڕۆیشت خه‌ڵكه‌كه‌ پاڵه‌په‌ستۆیان ده‌كرد. ژنێک دوازده‌ ساڵ خوێنبه‌ربوونی هه‌بوو، هه‌موو ماڵه‌كه‌ی له‌ پزیشک دابوو، كه‌سیش نه‌یتوانی چاكی بكاته‌وه‌. جا له‌ دواوه‌ هات و ده‌ستی له‌ چمكی كراسه‌كه‌ی دا، یه‌كسه‌ر خوێنبه‌ربوونه‌كه‌ی وه‌ستا. ئیشۆع فه‌رمووی: “كێ بوو ده‌ستی لێدام؟” كه‌ هه‌موو نكۆڵییان كرد، په‌تڕۆس و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیدا بوون وتیان: “ڕابی كۆمه‌ڵانه‌كه‌ له‌ ده‌وروپشتتن و پاڵه‌په‌ستۆ ده‌كه‌ن، تۆ ده‌پرسیت كێ بوو ده‌ستی لێدام؟”. ئیشۆع فه‌رمووی: “یه‌كێک ده‌ستی لێدام، چونكه‌ ده‌زانم هێزێک لێم ده‌رچوو”. ژنه‌كه‌ بینی ناشاردرێته‌وه‌، به‌ له‌رزه‌وه‌ هات و كه‌وته‌ به‌رپێی، له‌به‌رچاوی گه‌له‌كه‌دا ڕایگه‌یاند كه‌ بۆچی ده‌ستی لێداوه‌ و چۆن یه‌كسه‌ر چاكبووه‌ته‌وه‌. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “متمانه‌ت هه‌بێ كچم، باوه‌ڕت چاكیكردیته‌وه‌، به‌ ئاشتی بڕۆ”. هێشتا ئیشۆع قسه‌ی ده‌كرد، یه‌كێک له‌ ماڵی پێشه‌وای كه‌نیشته‌وه‌ هات و وتی: “كچه‌كه‌ت مرد، ئیتر ڕابی ماندوو مه‌كه‌”. ئیشۆعیش ئه‌مه‌ی بیست و وه‌ڵامی دایه‌وه و فه‌رمووی: “مه‌ترسه‌! ته‌نها باوه‌ڕت هه‌بێت، چاكده‌بێته‌وه‌”. كاتێ گه‌یشته‌ ماڵه‌كه‌، نه‌یهێشت كه‌س له‌گه‌ڵی بچێته‌ ژووره‌وه‌، په‌تڕۆس و یوخه‌ننه‌ن و یاقوو و دایک و باوكی كچه‌كه‌ نه‌بێت. هه‌موو ده‌گریان و شیوه‌نیان بۆ ده‌گێڕا، ئه‌ویش فه‌رمووی: “مه‌گریێن. نه‌مردووه‌، به‌ڵكو نووستووه‌”. جا‌ پێی پێكه‌نین، چونكه‌ ده‌یانزانی مردووه‌. هه‌مووانی كرده‌ ده‌ره‌وه‌ و ده‌ستی كچه‌كه‌ی گرت، بانگی كرد و فه‌رمووی: “كیژۆڵه‌، هه‌سته‌!” ئیتر ڕووحی هاته‌وه‌ به‌ر و یه‌كسه‌ر هه‌ستا، ئه‌وسا فه‌رمانی دا نانی بده‌نێ. دایک و باوكی سه‌ریان سوڕما، به‌ڵام ڕایسپاردن ئه‌وه‌ی ڕوویداوه‌ به‌ كه‌سی نه‌ڵێن. دوازده‌كه‌‌ی بانگكرد، هێز و ده‌سه‌ڵاتی پێدان به‌سه‌ر هه‌موو شه‌یتانه‌كان و نه‌خۆشییه‌كان، بۆ چاكبوونه‌وه‌، ناردنی تاكو موژده‌ی پاشایه‌تی خودا بده‌ن و نه‌خۆش چاكبكه‌نه‌وه‌. پێی فه‌رموون: “بۆ ڕێگا هیچ هه‌ڵمه‌گرن، نه‌ گۆچان و نه‌ توره‌گه‌، نه‌ نان و نه‌ زیو، كه‌سیش دوو كراسی نه‌بێت. چوونه‌ هه‌ر ماڵێک له‌وێ بمێننه‌وه‌ و له‌وێوه‌ ده‌رچن. هه‌ر كه‌سێک په‌سه‌ندتان نه‌كات، له‌و شاره‌ ده‌رچن و تۆزی پێشتان بته‌كێنن، بۆ گه‌واهی له‌سه‌ریان”. كاتێ ده‌رچوون و به‌ گونده‌كاندا ده‌گه‌ڕان، موژده‌یان ده‌دا و له‌ هه‌موو لایه‌ک خه‌ڵكیان چاكده‌كرده‌وه‌. هیڕوودسی تیترارک هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی بیسته‌وه‌ كه‌ ڕوویده‌دا و سه‌ری سوڕما، چونكه‌ هه‌ندێک ده‌یانووت: “یوخه‌ننه‌ن له‌نێو مردووان هه‌ستاوه‌ته‌وه‌”. هه‌ندێكیش ده‌یانووت: “ئیلییا ده‌ركه‌وتووه‌”. كه‌سانی دیكه‌ش: “یه‌كێک له‌ پێغه‌مبه‌رانی كۆنه‌ هه‌ستاوه‌ته‌وه‌”. هیڕوودسیش وتی: “خۆم سه‌ری یوخه‌ننه‌نم لێكرده‌وه‌، ئه‌ی ئه‌مه‌ كێیه‌ شتی وا ده‌رباه‌ری ده‌بیستم؟” بۆیه‌ هه‌وڵی ده‌دا بیبینێت. كاتێ په‌یامبه‌ران گه‌ڕانه‌وه‌، ئه‌وه‌ی كردبوویان بۆ ئیشۆعیان گێڕایه‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وانی برد و به‌ ته‌نیا بۆ شارێک چوو ناوی به‌یتسه‌یده‌ن بوو. كاتێ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ زانییان، دوای كه‌وتن، ئه‌ویش پێشوازی لێكردن و باسی پاشایه‌تی خودای بۆ فه‌رموون، ئه‌وانه‌ی پێویستییان به‌ چاكبوونه‌وه‌ بوو چاكیكردنه‌وه‌. كاتێ ڕۆژ به‌ره‌و ئاوابوون ده‌چوو، دوازده‌كه‌ هاتن و پێیان وت: “كۆمه‌ڵه‌كه‌ به‌ڕێبكه‌ با بڕۆنه‌ گوند و دێیه‌كانی ده‌وروبه‌رمان، تاكو له‌وێ بمێننه‌وه‌ و خواردنیش په‌یدا بكه‌ن، چونكه‌ لێره‌ له‌ شوێنێكی چۆڵداین”. پێی فه‌رموون: “ئێوه‌ شتێكیان بده‌نێ با بیخۆن”. وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “له‌ پێنج نان و دوو ماسی زیاترمان نییه‌، مه‌گه‌ر بڕۆین بۆ هه‌موو گه‌له‌كه‌ نان بكڕین”. چونكه‌ نزیكه‌ی پێنج هه‌زار پیاو ده‌بوون. ئینجا به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “به‌ كۆمه‌ڵ دایاننیشێنن، هه‌ریه‌كه‌ په‌نجا په‌نجا”. جا وایان كرد و هه‌موویان دانیشاندن. ئینجا پێنج نانه‌كه‌ و دوو ماسییه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و چاوی هه‌ڵبریه‌ ئاسمان و داڕشتی كردن و له‌تیكردن، دایه‌ قوتابییه‌كان تاكو له‌به‌رده‌می خه‌ڵكه‌كه‌ی دابنێن. هه‌موو خواردیان و تێربوون. له‌و له‌ته‌نانه‌ی لێیان مایه‌وه‌ دوازده‌ سه‌به‌ته‌ هه‌ڵگیرایه‌وه‌. كاتێ ئیشۆع به‌ ته‌نیا نوێژی ده‌كرد، قوتابییه‌كان له‌گه‌ڵی بوون، لێی پرسین و فه‌رمووی: “خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌ڵێن من كێم؟” وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و وتیان: “یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكار، هه‌ندێكیش ئیلییا، خه‌ڵكی دیكه‌ش پێغه‌مبه‌رێكی كۆنه‌كانه‌ هه‌ستاوه‌ته‌وه‌”. پێی فه‌رموون: “ئه‌ی ئێوه‌، ده‌ڵێن من كێم؟” په‌تڕۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “مه‌سیحی خودا!”. ئه‌ویش ئاگاداری كردنه‌وه‌ و ڕایسپاردن ئه‌مه‌ به‌ كه‌س نه‌ڵێن. هه‌روه‌ها فه‌رمووی: “ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بێت زۆر ئازار بچێژێت و پیران و كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان ڕه‌تی بكه‌نه‌وه‌، بكوژرێت و له‌ ڕۆژی سێیه‌م هه‌ستێته‌وه‌”. ئینجا به‌ هه‌مووانی فه‌رموو: “ئه‌گه‌ر یه‌كێک ویستی دوام بكه‌وێت، با نكۆڵی له‌ خۆی بكات و ڕۆژانه‌ خاچه‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت و دوام بكه‌وێت. چونكه‌ ئه‌وه‌ی بیه‌وێت خۆی ڕزگار بكات ده‌یدۆڕێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ پێناوی من خۆی بدۆڕێنێت، ڕزگاری ده‌كات. چونكه‌ چی به‌كه‌ڵكی مرۆڤ دێت ئه‌گه‌ر هه‌موو جیهان بباته‌وه‌ و خۆی بدۆڕێنێت یان له‌ ده‌ستی بدات؟ چونكه‌ ئه‌وه‌ی شه‌رمی به‌ من و به‌ وته‌كانم بێت، ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش شه‌رمی پێی ده‌بێت، كاتێ به‌ شكۆی خۆی و باوک و فریشته‌ پارسا‌كانه‌وه‌ دێته‌وه‌. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: هه‌ندێک له‌وانه‌ی لێره‌ ڕاوه‌ستاون مه‌رگ ناچێژن تاكو پاشایه‌تیی خودا ده‌بینن”. نزیكه‌ی هه‌شت ڕۆژ دوای ئه‌م فه‌رموودانه‌، په‌تڕۆس و یوخه‌ننه‌ن و یاقووی برد و سه‌ركه‌وته‌ سه‌ر چیایه‌ک تاكو نوێژ بكات. كاتێ نوێژی ده‌كرد، شێوه‌ی ڕووخساری گۆڕا و جله‌كانی سپی بریسكه‌دار هه‌ڵگه‌ڕان. دوو پیاویش له‌گه‌ڵی ده‌دووان، مووشێ و ئیلییا بوون. به‌ شكۆوه‌ ده‌ركه‌وتن و له‌باره‌ی ده‌رچوونه‌كه‌ی كه‌ خه‌ریكبوو له‌ یروشلایم ته‌واوی بكات قسه‌یان كرد. به‌ڵام په‌تڕۆس و هاوڕێیانی خه‌و چاوی قورس كردبوون، كاتێ خه‌به‌ریان‌ بووه‌وه‌ شكۆی ئه‌و و دوو پیاوه‌كه‌یان بینی كه‌ له‌گه‌ڵی ڕاوه‌ستابوون. كاتێ لێی جیا ده‌بوونه‌وه‌، په‌تڕۆس به‌ ئیشۆعی وت: “ڕابی، پێمان باشه‌ لێره‌ بین. با سێ كه‌پر هه‌ڵبده‌ین، یه‌كێک بۆ تۆ، یه‌كێک بۆ مووشێ، یه‌كێكیش بۆ ئیلییا”. نه‌یده‌زانی چی ده‌ڵێت. كاتێ ئه‌م قسانه‌ی ده‌كرد، هه‌ورێک هات و سێبه‌ری خسته‌ سه‌ریان، كه‌ كه‌وتنه‌ نێو هه‌وره‌كه‌، ترسان. ده‌نگێک له‌ نێو هه‌وره‌كه‌وه‌ هات و فه‌رمووی: “ئه‌مه‌یه‌ ڕۆڵه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌م، گوێی لێ بگرن”. كه‌ ده‌نگه‌كه‌ دووا، ئیشۆع به‌ ته‌نیا بینرا. ئه‌وانیش بێده‌نگ بوون و له‌و ڕۆژانه‌دا له‌لای كه‌س باسی ئه‌و شتانه‌یان نه‌كرد كه‌ بینییان. بۆ به‌یانی، كه‌ له‌ چیاكه‌ هاتنه‌ خواره‌وه‌، كۆمه‌ڵێكی زۆر تووشی بوون. له‌نێوان كۆمه‌ڵه‌كه‌دا پیاوێک هاواری كرد: “ڕابی، لێت ده‌پاڕێمه‌وه‌ ته‌ماشای كوڕه‌كه‌م بكه‌، چونكه‌ تاقه‌ كوڕمه‌. ڕووحێک ده‌یبات و له‌ناكاو هاوار ده‌كات، خووگرتی ده‌كات و كه‌ف ده‌كات، به‌ زه‌حمه‌ت وازی لێ ده‌هێنێت و برینداری ده‌كات. له‌ قوتابییه‌كانت پاڕامه‌وه‌ تاكو ده‌ریبكه‌ن، به‌ڵام نه‌یانتوانی”. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ئه‌ی نه‌وه‌ی بێباوه‌ڕ و چه‌وت، تا كه‌ی له‌گه‌ڵتان بم و به‌رگه‌تان بگرم؟ كوڕه‌كه‌ت بهێنه‌ ئێره‌!”. كاتێ كوڕه‌كه‌ ده‌هات، شه‌یتانه‌كه‌ ڕایته‌كاند و خووگرتی كرد، ئیشۆعیش له‌ ڕووحه‌ گڵاوه‌كه‌ی ڕاخوڕی و كوڕه‌كه‌ی چاككرده‌وه‌، ڕاده‌ستی باوكی كرد. هه‌موو له‌ مه‌زنایه‌تیی خودا سه‌رسام بوون. كاتێ هه‌موو سه‌رسام مابوون له‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی ئیشۆع كردی، به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “با ئه‌م وته‌یه‌ بچێته‌ گوێتانه‌وه‌: وا ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاده‌ستی خه‌ڵک ده‌كرێت”. به‌ڵام ئه‌وان ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ تێنه‌گه‌یشتن، لێیان شاردرابووه‌وه‌ تاكو حاڵی نه‌بن، ترسان ده‌رباه‌ری ئه‌م فه‌ردمووده‌یه‌ پرسیشی لێ بكه‌ن. بیركردنه‌وه‌یه‌ک له‌نێوانیان په‌یدا بوو، كامیان مه‌زنتره‌؟ ئیشۆع به‌ ئه‌ندێشه‌یانی زانی، منداڵێكی هێنا و له‌لای خۆی ڕایگرت، پێی فه‌رموون: “ئه‌وه‌ی به‌ ناوی منه‌وه‌ ئه‌م منداڵه‌ په‌سه‌ند بكات، ئه‌وا منی په‌سه‌ند كردووه‌، ئه‌وه‌ش من په‌سه‌ند بكات، ئاوا ئه‌وه‌ی په‌سه‌ند كردووه‌ كه‌ ناردوومی. چونكه‌ بچووكترینی هه‌مووتان مه‌زنتره‌”. یوخه‌ننه‌ن وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “ڕابی، یه‌كێكمان بینی به‌ ناوی تۆوه‌ شه‌یتانی ده‌رده‌كرد، نه‌مانهێشت چونكه‌ له‌گه‌ڵمان دوات ناكه‌وێت”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “قه‌ده‌غه‌ی لێ مه‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌وه‌ی دژمان نه‌بێت، له‌گه‌ڵمانه‌”. كه‌ ڕۆژانی به‌رزكردنه‌وه‌ی نزیكبووه‌وه‌، ڕووی خۆی چه‌سپاند تا به‌ره‌و یروشلایم بڕوات. په‌یامبه‌ری له‌پێش خۆی نارد، ئه‌وانیش ڕۆیشتن و چوونه‌ گوندێكی شمرنیه‌كان تاكو شوێنی بۆ ئاماده‌ بكه‌ن، به‌ڵام پێشوازییان لێ نه‌كرد، چونكه‌ به‌ره‌و یروشلایم ده‌چوو. كاتێ یاقوو و یوخه‌ننه‌نی قوتابییانی ئه‌وه‌یان بینی، وتیان: “په‌روه‌ردگار، ده‌ته‌وێ داوا بكه‌ین له‌ ئاسمانه‌وه‌ ئاگر بێته‌ خواره‌وه‌ و له‌ناویان ببات، وه‌كو ئیلییا وای كرد؟” ئاوڕی دایه‌وه‌ و سه‌رزه‌نشتی كردن و فه‌رمووی: “ئێوه‌ نازانن له‌ چ ڕووحێكن!”. چونكه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ نه‌هاتووه‌ تاكو گیانی خه‌ڵكی له‌ناوببات، به‌ڵكو بۆئه‌وه‌ی ڕزگاری بكات” ئینجا چوونه‌ گوندێكی دیكه‌. كاتێ به‌ ڕێگادا ده‌ڕۆیشتن، یه‌كێک پێی وت: “گه‌وره‌م، بۆ كوێ بڕۆیت دوات ده‌كه‌وم”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ڕێوی كونی هه‌یه‌ و باڵنده‌ی ئاسمانیش هێلانه‌، به‌ڵام ڕۆڵه‌ی مرۆڤ جێیه‌كی نییه‌ سه‌ری لێ دابنێت”. به‌ یه‌كێكی دیكه‌ی فه‌رموو: “دوام بكه‌وه‌”. ئه‌مه‌یان وتی: “گه‌وره‌م، ڕێگام بده‌ یه‌كه‌مجار بچم باوكم بنێژم”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “با مردووان مردووه‌كانیان بنێژن، به‌ڵام تۆ بڕۆ بانگه‌وازی پاشایه‌تی خودا بكه‌”. یه‌كێكی دیكه‌ش وتی: “گه‌وره‌م، دوات ده‌كه‌وم، به‌ڵام جارێ لێم گه‌ڕێ با ماڵئاوایی له‌ خانه‌واده‌كه‌م بكه‌م”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “كه‌سێک ده‌ست له‌سه‌ر گاسن دابنێت و ئاوڕ له‌ دواوه‌ بداته‌وه‌، به‌كه‌ڵكی پاشایه‌تیی خودا نایه‌ت”. پاش ئه‌مه‌ په‌روه‌ردگار حه‌فتای دیكه‌ی ده‌ستنیشان كرد، له‌پێش خۆی دوو دوو ناردنی بۆ هه‌ر شار و جێگایه‌ک كه‌ به‌ته‌مابوو بۆی بچێت. جا پێی فه‌رموون: “دروێنه‌ زۆره‌، به‌ڵام سه‌پان كه‌مه‌. جا داوا له‌ خاوه‌ن دروێنه‌ بكه‌ن تاكو سه‌پان بۆ دروێنه‌كه‌ی بنێرێت. بڕۆن! ئه‌وا من وه‌ک كاوڕ بۆ نێو گورگان ده‌تاننێرم. نه‌ كیسه‌ی پاره‌ و نه‌ توره‌گه‌ و نه‌ سۆل هه‌ڵمه‌گرن، له‌ ڕێگاش سڵاو له‌ كه‌س مه‌كه‌ن. چوونه‌ هه‌ر ماڵێكیش، یه‌كه‌مجار بڵێن: ئاشتی بۆ ئه‌م ماڵه‌، ئه‌گه‌ر ڕۆڵه‌ی ئاشتی له‌وێ بێت، ئه‌وا ئاشتیتان ده‌چێته‌ سه‌ری، ئه‌گینا بۆ خۆتان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. له‌و ماڵه‌ بمێننه‌وه‌ و له‌وه‌ی هه‌یانه‌ بخۆن و بخۆنه‌وه‌، چونكه‌ كارگه‌ر شایانی كرێی خۆیه‌تی. ماڵه‌ و ماڵیش مه‌كه‌ن. چوونه‌ هه‌ر شارێک و پێشوازییان لێكردن، ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌متانی داده‌نێن بیخۆن، ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی تیایه‌تی چاكی بكه‌نه‌وه‌ و پێیان بڵێن: پاشایه‌تی خودا لێتان نزیكبۆته‌وه‌. به‌ڵام چوونه‌ هه‌ر شارێک و پێشوازییان لێ نه‌كردن، بڕۆنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كانی و بڵێن: ته‌نانه‌ت تۆزی شاره‌كه‌تان كه‌ به‌ پێمانه‌وه‌ لكاوه‌ بۆتانی ده‌ته‌كێنین، به‌ڵام ئه‌مه‌ بزانن: پاشایه‌تی خودا لێتان نزیكبۆته‌وه‌. پێتان ده‌ڵێم: له‌و ڕۆژه‌دا دۆخی سه‌دوم سوكتر ده‌بێت له‌و شاره‌. وه‌ی به‌حاڵت كوره‌زین! وه‌ی به‌حاڵت به‌یتسه‌یده‌ن! چونكه‌ ئه‌و په‌رجوانه‌ی له‌نێو ئێوه‌دا كران، ئه‌گه‌ر له‌ سووڕ و سه‌یده‌ن بكرابوونایه‌، هه‌ر زوو به‌ به‌رگی ماته‌م و له‌ نێو خۆڵه‌مێش داده‌نیشتن و تۆبه‌یان ده‌كرد. به‌ڵام له‌ لێپرسینه‌وه‌دا، دۆخی سووڕ و سه‌یده‌ن سوكتر ده‌بێت له‌وه‌ی ئێوه‌یه‌. تۆش ئه‌ی كپه‌ڕناخوم، كه‌ بۆ ئاسمان به‌رز بوویته‌! تۆ ده‌كه‌ویته‌ دۆڵی بێبن. ئه‌وه‌ی گوێتان لێ بگرێت، گوێ له‌ من ده‌گرێت، ئه‌وه‌ی ڕه‌تتان ده‌كاته‌وه‌ من ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌. ئه‌وه‌ش من ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ منی ناردووه‌”. حه‌فتاكه‌ به‌ شادییه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ و وتیان: “په‌روه‌ردگار، ته‌نانه‌ت شه‌یتانه‌كانیش به‌ ناوی تۆوه‌ ملكه‌چمانن!”. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “شه‌یتانم بینی وه‌ک بروسكه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌كه‌وت. ئه‌وه‌تا ده‌سه‌ڵاتم پێتانداوه‌ پێ به‌ مار و دووپشک و هه‌موو هێزی دوژمندا بنێن، هیچ زیانیشتان پێناگه‌یه‌نێت. به‌ڵام به‌مه‌ دڵخۆش مه‌بن كه‌ ڕووحه‌كان ملكه‌چتانن، به‌ڵكو دڵخۆشبن كه‌ ناوتان له‌ ئاسماناندا نووسراوه‌”. له‌و كاته‌دا ئیشۆع به‌ ڕووحی پارسا شادمان بوو و فه‌رمووی: “سوپاست ده‌كه‌م ئه‌ی باوک، په‌روه‌ردگاری ئاسمان و زه‌وی، چونكه‌ ئه‌مانه‌ت له‌ دانا و تێگه‌یشتووان شاردۆته‌وه‌ و بۆ منداڵان ئاشكرات كردووه‌. به‌ڵێ ئه‌ی باوک، چونكه‌ به‌لای تۆوه‌ ئاوا خۆش بوو!” ئینجا ئاوڕی له‌ قوتابیه‌كانی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “له‌ باوكمه‌وه‌ هه‌موو شتێكم پێ دراوه‌. كه‌س نازانێت ڕۆڵه‌ كێیه‌ باوک نه‌بێت، یان باوک كێیه‌ ڕۆڵه‌ و ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ ڕۆڵه‌ ده‌یه‌وێ بۆی ئاشكرا بكات”. به‌ ته‌نیا ئاوڕی له‌ قوتابییه‌كان دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و چاوانه‌ی ئه‌وه‌ ده‌بینێت كه‌ ئێوه‌ ده‌یبینن! چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم: زۆر پێغه‌مبه‌ر و پاشا ویستیان ئه‌وه‌ ببینن كه‌ ئێوه‌ ده‌یبینن، به‌ڵام نه‌یانبینی، ئه‌وه‌ش ببیستن كه‌ ئێوه‌ ده‌یبیستن، به‌ڵام نه‌یانبیست”. ته‌وراتزانێک هه‌ستا تاكو تاقی بكاته‌وه‌، وتی: “ڕابی، چی بكه‌م تاكو ژیانی جاویدانی به‌ میرات بگرم؟” ئه‌ویش پێی فه‌رموو: “له‌ ته‌وراتدا چی نووسراوه‌؟ چۆن ده‌یخوێنیته‌وه‌؟” وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندت به‌ هه‌موو دڵ و هه‌موو ده‌روون و هه‌موو توانا و هه‌موو بیرته‌وه‌ خۆشبووێ، هه‌روه‌ها نزیكه‌كه‌ت وه‌ک خۆت خۆشبووێ”. پێی فه‌رموو: “وه‌ڵامه‌كه‌ت ڕاسته‌، ئه‌مه‌ بكه‌ ده‌ژیت”. به‌ڵام ویستی پاكانه‌ بۆ خۆی بكات، به‌ ئیشۆعی وت: “نزیكه‌كه‌م كێیه‌؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “مرۆڤێک له‌ یروشلایمه‌وه‌ بۆ ئه‌ریخو ده‌چوو، كه‌وته‌ ده‌ست جه‌رده‌، ڕووتیان كرده‌وه‌ و برینداریان كرد، ئینجا به‌ نیوه‌مری به‌جێیان هێشت و ڕۆیشتن. وا ڕێككه‌وت كاهینێک به‌و ڕێگایه‌دا ده‌ڕۆیشت، كاتێ بینی، له‌وبه‌ره‌وه‌ تێپه‌ڕی. لیوییه‌كیش ئاوا گه‌یشته‌ شوێنه‌كه‌، هات و سه‌یری كرد و له‌وبه‌ره‌وه‌ تێپه‌ڕی. به‌ڵام شمرنیه‌كی ڕێبوار هاته‌ سه‌ری، بینی و دڵی پێی سووتا، چووه‌ پێش و برینه‌كانی پێچایه‌وه‌، ڕۆن و مه‌یی به‌سه‌ردا كرد، سواری وڵاغه‌كه‌ی خۆی كرد و بردییه‌ خانێک و چاودێری كرد. ڕۆژی پاشتر دوو دیناری ده‌رهێنا و دایه‌ خانچییه‌كه‌ و وتی: چاودێری بكه‌ و هه‌رچی زیاترت خه‌رج كرد، كه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ ده‌تده‌مه‌وه‌. كام له‌م سێیانه‌ به‌ نزیک ده‌زانیت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌وته‌ ده‌ست جه‌رده‌كان؟” وتی: “ئه‌وه‌ی به‌زه‌یی پێیدا هاته‌وه‌”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “تۆش بڕۆ ئاوا بكه‌”. كاتێ ڕێیان ده‌كرد چووه‌ گوندێک، ژنێک له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی پێشوازی لێكرد ناوی مه‌رتا بوو. خوشكێكی هه‌بوو ناوی مه‌ریه‌م بوو، له‌به‌رپێی ئیشۆع دانیشت و گوێی له‌ فه‌رمووده‌كانی ده‌گرت. به‌ڵام مه‌رتا له‌به‌ر زۆری ڕاژه‌كردن شپرزه‌بوو، ڕاوه‌ستا و وتی: “په‌روه‌ردگار، باكت نییه‌ خوشكم به‌ ته‌نیا به‌جێیهێشتووم و ڕاژه‌ ده‌كه‌م؟ پێی بفه‌رموو با یارمه‌تیم بدات!” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “مه‌رتا، مه‌رتا، تۆ خه‌م له‌ زۆر شت ده‌خۆیت و په‌شۆكاویت، به‌ڵام یه‌ک شت پێویسته‌، مه‌ریه‌م به‌شه‌ چاكه‌كه‌ی هه‌ڵبژارد كه‌ لێی ناسه‌ندرێته‌وه‌”. كه‌ ئیشۆع له‌ شوێنێكدا نوێژی ده‌كرد، كاتێ ته‌واوی كرد، یه‌كێک له‌ قوتابییه‌كانی پێی وت: “په‌روه‌ردگار، فێری نوێژمان بكه‌، هه‌روه‌ک یوخه‌ننه‌نیش قوتابییه‌كانی خۆی فێركرد”. پێی فه‌رموون: “كاتێ نوێژ ده‌كه‌ن، بڵێن: (بابمان وا له‌ ئاسمانانی، ناوت پارسا بێت، پاشایه‌تییه‌كه‌ت بێ، خواستت له‌سه‌ر زه‌وی بێت وه‌ک له‌ ئاسمان. نانی به‌سكردنی ڕۆژانه‌مان بده‌رێ. گوناهه‌كانمان ببه‌خشه‌‌، ئێمه‌ش له‌قه‌رزاره‌كانمان خۆشده‌بین. مه‌مانخه‌ره‌ نێو تاقیكردنه‌وه‌، به‌ڵكو ڕزگارمان بكه‌ له‌ به‌دكار) ”. ئینجا پێی فه‌رموون: “كێ له‌ ئێوه‌ هاوڕێیه‌كی هه‌بێت و له‌ نیوه‌ شه‌ودا بچێته‌ لای و پێی بڵێت: هاوڕێم، سێ كولێره‌م به‌ قه‌رز بده‌رێ، چونكه‌ هاوڕێیه‌كم له‌ دووره‌وه‌ بۆ لام هاتووه‌، هیچم نییه‌ له‌به‌رده‌می دابنێم. ئه‌ویش له‌ ژووره‌وه‌ وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌: هه‌راسانم مه‌كه‌! ئێستا ده‌رگا داخراوه‌، خۆم و منداڵم له‌نێو جێگاداین، ناتوانم هه‌ستم و بتده‌مێ. پێتان ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر له‌به‌ر هاوڕێیه‌تی هه‌ڵنه‌ستێ و بیداتێ، له‌به‌ر پێداگرتنی چه‌ندی پێویست بێت هه‌ڵده‌ستێ و ده‌یداتێ. منیش پێتان ده‌ڵێم: داوا بكه‌ن، پێتان ده‌درێت، بگه‌ڕێن ده‌دۆزنه‌وه‌، له‌ ده‌رگا بده‌ن، لێتان ده‌كرێته‌وه‌. چونكه‌ هه‌ر كه‌سێک داوا بكات، وه‌رده‌گرێت. ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێت، ده‌دۆزێته‌وه‌. ئه‌وه‌ش له‌ ده‌رگا بدات لێی ده‌كرێته‌وه‌. چ باوكێک له‌ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر كوڕه‌كه‌ی داوای نانی لێ بكات، ئایا به‌ردی ده‌داتێ؟ یان داوای ماسی بكات، ماری ده‌داتێ؟ یان داوای هێلكه‌ بكات دووپشكی ده‌داتێ؟ جا ئێوه‌ كه‌ به‌دكارن، بزانن دیاریی باش بده‌نه‌ منداڵه‌كانتان، باوک كه‌ له‌ ئاسمانه‌، چه‌ند زیاتر ڕووحی پارسا ده‌داته‌ ئه‌وانه‌ی لێی داوا ده‌كه‌ن”. ئیشۆع شه‌یتانێكی ده‌رده‌كرد كه‌ لاڵ بوو، كاتێ شه‌یتانه‌كه‌ ده‌ركرا، لاڵه‌كه‌ قسه‌ی كرد و خه‌ڵكه‌كه‌ سه‌رسام بوون. به‌ڵام هه‌ندێكیان وتیان: “به‌ به‌عله‌زبولی سه‌رۆكی شه‌یتانه‌كان، شه‌یتانان ده‌رده‌كات”. هه‌ندێكی دیكه‌ش تاقییان ده‌كرده‌وه‌، داوای په‌رجوێكیان لێی كرد له‌ ئاسمانه‌وه‌. ئه‌ویش به‌ بیركردنه‌وه‌یانی زانی، پێی فه‌رموون: “هه‌ر پاشایه‌تیێک دووبه‌ره‌كی تێبكه‌وێت وێران ده‌بێت، ماڵیش دوو به‌ش بێت تێكده‌چێت. ئه‌گه‌ر شه‌یتانیش دوو به‌ش بێت چۆن پاشایه‌تیه‌كه‌ی خۆی ڕاده‌گرێت؟ چونكه‌ ئێوه‌ ده‌ڵێن: من به‌ به‌عله‌زبول شه‌یتانه‌كان ده‌رده‌كه‌م. ئه‌گه‌ر من به‌ به‌عله‌زبول شه‌یتانان ده‌ربكه‌م، ئه‌ی ڕۆڵه‌كانتان به‌ كێ ده‌ریان ده‌كه‌ن؟ بۆیه‌ ئه‌وان حوكمتان ده‌ده‌ن! به‌ڵام ئه‌گه‌ر من به‌ په‌نجه‌ی خودا شه‌یتانه‌كان ده‌ربكه‌م، ئه‌وا پاشایه‌تی خودا هاتۆته‌ سه‌رتان. كاتێ مرۆڤی به‌ هێز و چه‌كدار پارێزگاری له‌ ماڵه‌كه‌ی ده‌كات، ماڵه‌كه‌ی پارێزراوه‌. به‌ڵام كاتێک یه‌كێكی له‌ خۆی به‌هێزتر بێته‌ سه‌ری ده‌یبه‌زێنێت، چه‌كه‌كانی لێ ده‌ستێنێ كه‌ پشتی پێی به‌ستبوو، ده‌سكه‌وته‌كانیش دابه‌ش ده‌كات. ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵم نییه‌ دژی منه‌، ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵم كۆناكاته‌وه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌. كاتێ ڕووحی گڵاو له‌ مرۆڤ ده‌رده‌چێت، له‌ ناوچه‌ وشكانییه‌كان به‌دوای حه‌وانه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێت و ده‌ستی ناكه‌وێت. ئینجا ده‌ڵێت: ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی خۆم كه‌ لێی ده‌رچووم. كاتێ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ده‌بینێت گسک دراوه‌ و ڕێكخراوه‌. ئه‌وسا ده‌چێت و حه‌وت ڕووحی له‌ خۆی به‌دكارتر ده‌هێنێت، ده‌چنه‌ ژووره‌وه‌، له‌وێ نیشته‌جێ ده‌بن، ئینجا كۆتاییه‌كانی ئه‌و مرۆڤه‌ له‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی خراپتر ده‌بێت!”. كاتێ ئیشۆع ئه‌مانه‌ی ده‌ووت، ژنێک له‌نێو كۆمه‌ڵه‌كه‌وه‌ ده‌نگی به‌رز كرده‌وه‌ و پێی وت: “به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و سكه‌ی هه‌ڵیگرتووی و به‌و مه‌مكه‌ی شیری پێداوی”. ئه‌ویش فه‌رمووی: “به‌ڵكو به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ گوێ له‌ وشه‌ی خودا ده‌گرن و ده‌یپارێزن”. كاتێ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ جه‌نجاڵ ببون، فه‌رمووی: “ئه‌م نه‌وه‌یه‌ به‌دكاره‌. داوای په‌رجو ده‌كات، به‌ڵام هیچ په‌رجوێكی نادرێتێ، جگه‌ له‌ په‌رجوی یۆنه‌نی پێغه‌مبه‌ر. چۆن یۆنه‌ن بۆ خه‌ڵكی نه‌ینه‌وا بووه‌ په‌رجو، ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش بۆ ئه‌م نه‌وه‌یه‌ ئاوا ده‌بێت. له‌ لێپرسینه‌وه‌دا شاژنی باشوور له‌گه‌ڵ پیاوانی ئه‌م نه‌وه‌یه‌ هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌ و تاوانباریان ده‌كات، چونكه‌ له‌وپه‌ڕی زه‌وییه‌وه‌ هات بۆ گوێگرتن له‌ دانایی شلیمون. ئه‌وه‌تا مه‌زنتر له‌ شلیمون لێره‌یه‌! پیاوانی نه‌ینه‌واش له‌ لێپرسینه‌وه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌م نه‌وه‌یه‌ هه‌ڵده‌ستن و تاوانباری ده‌كه‌ن، چونكه‌ به‌ بانگه‌وازه‌كه‌ی یۆنه‌ن تۆبه‌یان كرد، ئه‌وه‌تا مه‌زنتر له‌ یۆنه‌ن لێره‌یه‌!” “كه‌س چرا هه‌ڵناكات و له‌ جێیه‌كی شاراوه‌ یان له‌ ژێر ته‌شت دایبنێت، به‌ڵكو له‌سه‌ر چرادان، تاكو ئه‌وانه‌ی دێنه‌ ژووره‌وه‌ ڕووناكییه‌كه‌ ببینن. چاو چرای له‌شه‌. كاتێ چاوت ساغ بێت ئه‌وا له‌شت هه‌مووی ڕووناكییه‌، كه‌ نه‌ساغ بێت ئه‌وا له‌شت هه‌مووی تاریكییه‌. كه‌واته‌ ئاگاداربه‌ ئه‌و ڕووناكییه‌ی له‌ تۆ دایه‌ تاریكی نه‌بێت. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو له‌شت ڕووناک بێت و هیچ به‌شێكی تاریكی نه‌بێت، ئه‌وا هه‌مووی ڕووناک ده‌بێت، وه‌ک چرایه‌ک كه‌ به‌ تیشكی ڕووناكیت بۆ بدات”. كاتێ ئیشۆع قسه‌ی ده‌فه‌رموو، په‌ڕیشییه‌ک بۆ چێشتخواردن داوه‌تی كرد. ئه‌ویش چووه‌ ژووره‌وه‌ و دانیشت. به‌ڵام په‌ڕیشییه‌كه‌ كه‌ بینی ئیشۆع پێش نانخواردن ده‌ستی نه‌شوشت، سه‌ری سوڕما. په‌روه‌ردگاریش پێی فه‌رموو: “ئێوه‌ی په‌ڕیشی ده‌ره‌وه‌ی جام و قاپ پاكده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ناختان پڕه‌ له‌ چڵێسی و به‌دكاری. گێلینه‌، ئایا ئه‌وه‌ی ده‌ره‌وه‌ی دروستكردووه‌ ناوه‌وه‌شی دروست نه‌كردووه‌؟ جا ئه‌وه‌ی هه‌تانه‌ بیده‌نه‌ هه‌ژاران، ئه‌وه‌تا هه‌موو شتێک بۆتان پاكده‌بێت. به‌ڵام وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی په‌ڕیشییه‌كان! ئێوه‌ ده‌یه‌كی پونگ و ڕازیانه‌ و هه‌موو سه‌وزه‌وات ده‌ده‌ن، به‌ڵام ڕه‌وا و خۆشویستنی خودا پشتگوێ ده‌خه‌ن. ده‌بوایه‌ ئه‌مانه‌ بكه‌ن و ئه‌وانه‌ش پشتگوێ نه‌خه‌ن. وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی په‌ڕیشییه‌كان! چونكه‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ی كه‌نیشت و سڵاوكردنی بازاڕتان خۆشده‌وێ. وه‌ی به‌حاڵتان، ئه‌ی ته‌وراتزان و په‌ڕیشیه‌ ڕووپاماكان! چونكه‌ ئێوه‌ له‌و گۆڕه‌ نادیارانه‌ ده‌چن كه‌ خه‌ڵكی بێ ئه‌وه‌ی بزانن به‌سه‌ریاندا ده‌ڕۆن!”. یه‌كێكی ته‌وراتزان وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی وت: “ڕابی، به‌ وتنی ئه‌مانه‌، ئێمه‌ش سووک ده‌كه‌یت!”. فه‌رمووی: “وه‌ی به‌حاڵی ئێوه‌ی ته‌وراتزانیش! بارێک له‌ خه‌ڵكی ده‌ده‌ن كه‌ هه‌ڵگرتنی زه‌حمه‌ته‌، به‌ڵام خۆتان په‌نجه‌یه‌كیش له‌ باره‌كه‌ ناده‌ن. وه‌ی به‌حاڵتان، چونكه‌ گۆڕی پێغه‌مبه‌ران هه‌ڵده‌به‌ستن، كه‌ باوباپیرانتان كوشتوویانن. كه‌واته‌ ئێوه‌ گه‌واهیده‌رن و كرده‌وه‌ی باوباپیرانتان لا په‌سه‌نده‌، چونكه‌ ئه‌وان كوشتیانن و ئێوه‌ش گۆڕه‌كانیان بۆ هه‌ڵده‌به‌ستن. بۆیه‌ دانایی خودا فه‌رمووی: من پێغه‌مبه‌ر و په‌یامبه‌ریان بۆ ده‌نێرم، به‌ڵام لێیان ده‌كوژن و قاویان ده‌ده‌ن، تاكو خوێنی هه‌موو پێغه‌مبه‌ران كه‌ له‌ دامه‌زراندنی جیهانه‌وه‌ ڕژاوه‌ له‌م نه‌وه‌یه‌ داوا بكرێت، له‌ خوێنی هاویله‌وه‌ تاكو خوێنی زخه‌ریا كه‌ له‌نێوان قوربانگا و په‌رستگادا له‌ناوبردرا. به‌ڵێ، پێتان ده‌ڵێم: له‌م نه‌وه‌یه‌ داوا ده‌كرێت! وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی ته‌وراتزانان! چونكه‌ كلیلی زانیاریتان برد، خۆتان نه‌چوونه‌ ژووره‌وه‌ و ڕێتان له‌وانه‌ش گرت كه‌ ده‌چوونه‌ ژووره‌”. كاتێ ئیشۆع ئه‌مه‌ی ده‌فه‌رموو، ته‌وراتزان و په‌ڕیشییه‌كان ده‌ستیان پێكرد ته‌نگی پێ هه‌ڵچنن و له‌ زۆر بابه‌ت پرسی لێ بكه‌ن، خۆیان لێ مات كردبوو تاكو به‌ وشه‌یه‌كی ده‌می خۆی تووشی بكه‌ن. له‌و كاته‌دا كه‌ گه‌ل به‌ هه‌زاران كۆببوونه‌وه‌، به‌ جۆرێک یه‌كتریان پێشێل ده‌كرد، به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “ئاگاداری هه‌وێنی په‌ڕیشییه‌كان بن، كه‌ ڕووپاماییه‌. شاردراوه‌ نییه‌ ئاشكرا نه‌بێت و نهێنی نییه‌ ده‌رنه‌كه‌وێت. بۆیه‌ هه‌رچی له‌ تاریكی وتوتانه‌، له‌ ڕووناكی ده‌بیسترێت، ئه‌وه‌ش كه‌ له‌ ماڵ به‌ چرپه‌ وتوتانه‌، له‌ سه‌ربانان بانگه‌واز ده‌كرێت. به‌ڵام خۆشه‌ویستانم پێتان ده‌ڵێم: له‌وانه‌ مه‌ترسن كه‌ له‌ش ده‌كوژن و پاش ئه‌وه‌ هیچی دیكه‌یان نییه‌ بیكه‌ن. به‌ڵام ئه‌وه‌تان پیشان ده‌ده‌م كه‌ ده‌بێ لێی بترسن: له‌وه‌ بترسن كه‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌ پاش كوشتن فڕێبداته‌ نێو دۆزه‌خ. به‌ڵێ، پێتان ده‌ڵێم: له‌مه‌ بترسن! ئایا پێنج چۆله‌كه‌ به‌ دوو فلس نافرۆشرێت؟ خوداش یه‌كێک له‌وانی له‌ بیر ناچێت. ته‌نانه‌ت هه‌موو مووی سه‌ریشتان ژمێردراوه‌. كه‌واته‌ مه‌ترسن! ئێوه‌ زۆر له‌ چۆله‌كه‌ باشترن!. پێشتان ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م خه‌ڵكی دانم پیابنێت، ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش له‌به‌رده‌م فریشته‌كانی خودا دانی پیاده‌نێت. ئه‌وه‌ش كه‌ له‌لای خه‌ڵک نكۆڵیم لێ بكات، له‌به‌رده‌م فریشته‌كانی خودا نكۆڵی لێ ده‌كرێت. ئه‌وه‌ی وشه‌یه‌ک به‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ بڵێت، ده‌به‌خشرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كفر به‌ ڕووحی پارسا بكات، نابه‌خشرێت. كاتێ ده‌تانهێننه‌ به‌رده‌م كه‌نیشت و فه‌رمانڕه‌وا و ده‌سه‌ڵاتداران، بێباک بن له‌وه‌ی چی بدوێن یان چی بڵێن. چونكه‌ ڕووحی پارسا هه‌ر له‌و كاته‌دا فێرتان ده‌كات پێویسته‌ چی بڵێن”. یه‌كێكی نێو كۆمه‌ڵه‌كه‌ پێی وت: “ڕابی، به‌ براكه‌م بفه‌رموو میراتم له‌گه‌ڵ به‌ش بكات”. ئه‌ویش پێی فه‌رموو: “كابرا، كێ منی كردووه‌ به‌ دادوه‌ر یان به‌شكار به‌سه‌رتانه‌وه‌؟” به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی فه‌رموو: “ئاگاداربن و خۆتان له‌ چڵێسی بپارێزن، چونكه‌ ژیانی مرۆڤ به‌ زۆری سامانه‌كه‌ی نییه‌”. ئینجا په‌ندێكی بۆ هێنانه‌وه‌ و فه‌رمووی: “مرۆڤێكی ده‌وڵه‌مه‌ند، زه‌وییه‌كه‌ی به‌رهه‌مێكی زۆری دا. له‌ دڵی خۆیدا وتی: چی بكه‌م كه‌ شوێنم نه‌بێ به‌رهه‌مه‌كه‌می لێ كۆبكه‌مه‌وه‌؟ جا وتی: وا ده‌كه‌م، عه‌مباره‌كانم تێكده‌ده‌م و گه‌وره‌تری ده‌كه‌م، له‌وێدا هه‌موو دانه‌وێڵه‌ و ماڵه‌كه‌م كۆده‌كه‌مه‌وه‌. به‌ خۆشم ده‌ڵێم: ئه‌ی گیانم، ئه‌وه‌تا ماڵێكی زۆرت هه‌ڵگرتووه‌، بۆ چه‌ندین ساڵ. بحه‌سێوه‌ و بخۆ و بخۆوه‌ و دڵشادبه‌! به‌ڵام خودا پێی فه‌رموو: ئه‌ی گه‌مژه‌! هه‌ر ئه‌م شه‌و گیانت ده‌رده‌چێت. باشه‌ ئه‌وه‌ی ئاماده‌ت كردووه‌، بۆ كێ ده‌بێت؟ به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی بۆ خۆی كۆده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام له‌لای خودا ده‌وڵه‌مه‌ند نییه‌”. به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “بۆیه‌ پێتان ده‌ڵێم: بۆ ژیان خه‌م مه‌خۆن چی ده‌خۆن، بۆ له‌ش چی ده‌پۆشن. ژیان له‌ خواردن باشتره‌ و له‌شیش له‌ پۆشاک. بڕواننه‌ قه‌له‌ڕه‌ش: نه‌ تۆو ده‌كات و نه‌ دروێنه‌ ده‌كات، نه‌ خانووی هه‌یه‌ و نه‌ كۆگا، به‌ڵام خودا به‌خێوی ده‌كات. ده‌بێ ئێوه‌ چه‌ند له‌ باڵنده‌ باشتربن! كێ له‌ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر خه‌می خوارد، ده‌توانێت یه‌ک كاژێر له‌ ته‌مه‌نی خۆی زیاد بكات؟ جا كه‌ ئێوه‌ بۆ شتێكی بچووک تواناتان نییه‌، بۆچی خه‌می شته‌كانی ده‌خۆن؟ بڕواننه‌ گوڵاڵه‌ چۆن گه‌شه‌ ده‌كات: نه‌ ماندوو ده‌بێت و نه‌ ده‌ڕێسێت. به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم: ته‌نانه‌ت شلیمونیش له‌وپه‌ڕی شكۆمه‌ندیدا وه‌ک یه‌كێک له‌وانه‌ی نه‌پۆشیوه‌. ئه‌گه‌ر خودا گیا ئاوا بپۆشێت، كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ كێلگه‌دایه‌ و سبه‌ینێ ده‌خرێته‌ ته‌نووره‌وه‌. ده‌بێ ئێوه‌ چه‌ند باشتربن، ئه‌ی كه‌م باوه‌ڕینه‌؟ جا داوا مه‌كه‌ن چی بخۆن و چی بخۆنه‌وه‌، نیگه‌رانیش مه‌بن. هه‌موو ئه‌مانه‌ نه‌ته‌وه‌كانی جیهان داوای ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئێوه‌ باوكتان ده‌زانێت پێویستتان به‌مانه‌ هه‌یه‌. به‌ڵكو داوای پاشایه‌تی خودا بكه‌ن، هه‌موو ئه‌مانه‌تان بۆ زیاد ده‌بێت. مه‌ترسه‌ ئه‌ی مێگه‌لی بچووک، چونكه‌ باوكتان خۆشحاڵه‌ پاشایه‌تیه‌كه‌تان بداتێ. ئه‌وه‌ی هه‌تانه‌ بیفرۆشن و بیبه‌خشن. بۆ خۆتان تووره‌گه‌یه‌ک كه‌ له‌ناونه‌چێت و گه‌نجینه‌یه‌ک له‌ ئاسماندا كه‌ له‌بن نایه‌ت دروست بكه‌ن، له‌وێ نه‌ دز لێی نزیک ده‌بێته‌وه‌ و نه‌ مۆرانه‌ لێی ده‌دات. چونكه‌ گه‌نجینه‌تان له‌كوێ بێت، دڵیشتان له‌وێ ده‌بێت. با پشتێنتان به‌ستراو و چراتان هه‌ڵكراو بێت، وه‌ک ئه‌وانه‌ بن كه‌ چاوه‌ڕێی گه‌وره‌كه‌یان ده‌كه‌ن تاكو له‌ شایی بگه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ هاته‌وه‌ و له‌ ده‌رگای دا، یه‌كسه‌ر لێی بكه‌نه‌وه‌. به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و كۆیلانه‌ی كه‌ گه‌وره‌ دێته‌وه‌ ده‌بینێت بێدارن. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ناوقه‌دی خۆی ده‌به‌ستێت و دایانده‌نیشێنێت، دێت و ڕاژه‌یان ده‌كات. جا ئه‌گه‌ر له‌ به‌تڵی دووه‌م یان سێیه‌می شه‌ودا بێته‌وه‌ و ئاوا ببینێت، به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و كۆیلانه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ش بزانن: ئه‌گه‌ر خاوه‌ن ماڵ بزانێت له‌ چ كاژێرێک دز دێته‌ سه‌ری ئه‌وا بێدار ده‌بێت و نایه‌ڵێت ماڵه‌كه‌ی ببڕدرێت. ئێوه‌ش ئاماده‌بن، چونكه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌ كاتێكدا دێته‌وه‌ كه‌ بیری لێ ناكه‌نه‌وه‌”. په‌تڕۆس پێی وت: “په‌روه‌ردگار، ئه‌م په‌نده‌ به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێی یان به‌ هه‌مووانیش؟” په‌روه‌ردگار فه‌رمووی: “ئه‌و سه‌ركاره‌ دڵسۆز و دانایه‌ كێیه‌ كه‌ گه‌وره‌كه‌ی له‌سه‌ر ڕاژه‌وانه‌كانی دایده‌نێت، تاكو له‌ كاتی خۆیدا به‌شه‌ خۆراكیان بداتێ؟ به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و كۆیله‌یه‌، ئه‌وه‌ی كاتێ گه‌وره‌كه‌ی دێته‌وه‌ ده‌بینێت ئاوا ده‌كات! ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: به‌سه‌ر هه‌موو ماڵه‌كه‌یدا دایده‌نێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆیله‌ له‌ دڵی خۆیدا وتی: گه‌وره‌كه‌م دره‌نگ دێته‌وه‌، ئیتر ده‌ست بكات به‌ لێدانی كۆیله‌كان و كاره‌كه‌ران، هه‌روه‌ها بخوات و بخواته‌وه‌ و سه‌رخۆش بێت، ئه‌وسا گه‌وره‌ی ئه‌و كۆیله‌یه‌ له‌ ڕۆژێكدا دێته‌وه‌ كه‌ مه‌زه‌نده‌ی ناكات و له‌ كاژێرێک كه‌ نایزانێت، ئینجا پارچه‌ پارچه‌ی ده‌كات و به‌شی له‌گه‌ڵ ناپاكان ده‌بێت. ئه‌و كۆیله‌ش كه‌ خواستی گه‌وره‌كه‌ی ده‌زانێت، ئاماده‌ش نابێت و به‌ خواستی ئه‌و ناكات، زۆری لێ ده‌درێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی نازانێت و كرده‌وه‌كه‌ی شایانی لێدانه‌، ئه‌وا كه‌می لێ ده‌درێ. ئه‌وه‌ی زۆری دراوه‌تێ داوای زۆری لێ ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش زۆری له‌لا دانراوه‌ داوای زیاتری لێ ده‌كرێت. هاتووم تاكو ئاگر هه‌ڵده‌مه‌ سه‌ر زه‌وی، چه‌نده‌ ده‌خوازم گڕی گرتبێت! عه‌مادی ئازارم هه‌یه‌ ده‌بێ پێیدا تێپه‌ڕم، چه‌ند ناڕه‌حه‌تم تاكو ته‌واو ده‌بێت. واده‌زانن من هاتووم ئاشتی بهێنمه‌ سه‌ر زه‌وی؟ نه‌خێر، پێتان ده‌ڵێم: به‌ڵكو دووبه‌ره‌كی. چونكه‌ له‌مه‌وپاش له‌ ماڵێكدا پێنجی تێدا ده‌بێت جیا ده‌بنه‌وه‌، سێ له‌ دوو و دوو له‌ سێ. باوک له‌ كوڕ و كوڕ له‌ باوک، دایک له‌ كچ و كچ له‌ دایک، خه‌سوو له‌ بووک و بووک له‌ خه‌سوو جیا ده‌بنه‌وه‌”. ئینجا به‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ی فه‌رموو: “كاتێ هه‌ورێک ده‌بینن له‌ خۆرئاواوه‌ به‌ده‌رده‌كه‌وێت، خێرا ده‌ڵێن: بارانی به‌ده‌مه‌وه‌یه‌، ئاواش ده‌بێت. كاتێكیش ده‌بینن بای باشوور هه‌ڵده‌كات، ده‌ڵێن: گه‌رم ده‌بێت، ئاواش ده‌بێت. ئه‌ی ڕووپاماكان! ده‌زانن ڕووی زه‌وی و ئاسمان بناسنه‌وه‌، چۆن نازانن ئه‌م سه‌رده‌مه‌ بناسنه‌وه‌؟ هه‌روه‌ها بۆچی بۆ خۆتان به‌ ڕه‌وا حوكم ناده‌ن؟ كاتێ له‌گه‌ڵ ناحه‌زه‌كه‌ت به‌ ڕێگاوه‌ی بۆ لای دادوه‌ر، له‌ ڕێگا هه‌وڵبده‌ له‌گه‌ڵی ببڕێنیته‌وه‌، ئه‌گینا ڕاتده‌كێشێته‌ لای فه‌رمانڕه‌وا و فه‌رمانڕه‌واش ڕاده‌ستی دادوه‌رت ده‌كات و داده‌وه‌ریش فڕێت ده‌داته‌ زیندان. پێت ده‌ڵێم: له‌وێ ده‌رناچیت تاكو دوایین پوول نه‌ده‌یته‌وه‌”. له‌و كاته‌دا هه‌ندێک له‌وێ بوون، باسی ئه‌و گلیلاییانه‌یان بۆ ئیشۆع كرد كه‌ پیڵاتوس خوێنی له‌گه‌ڵ قوربانییه‌كانیان تێكه‌ڵاو كرد. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “واده‌زانن ئه‌و گلیلاییانه‌ له‌ هه‌موو گلیلاییه‌كان گوناهبارتر بوون، چونكه‌ ئه‌و شتانه‌یان چێژت؟ نه‌خێر! پێتان ده‌ڵێم: به‌ڵام ئه‌گه‌ر تۆبه‌ نه‌كه‌ن هه‌مووتان ئاوا تیاده‌چن. یان ئه‌و هه‌ژده‌ كه‌سه‌ی له‌ سیلوام قوللـه‌كه‌یان به‌سه‌ردا كه‌وت و كوشتنی، له‌ هه‌موو دانیشتووانی یروشلایم گوناهبارتر بوون؟ نه‌خێر! پێتان ده‌ڵێم: به‌ڵام ئه‌گه‌ر تۆبه‌ نه‌كه‌ن هه‌مووتان ئاوا تیاده‌چن”. ئینجا ئه‌م په‌نده‌ی گێڕایه‌وه‌: “كابرایه‌ک دارهه‌نجیرێكی چاندراوی له‌ ڕه‌زه‌كه‌ی دا هه‌بوو، بۆ به‌رهه‌م هات و پێوه‌ی نه‌بینی. به‌ ڕه‌زه‌وانه‌كه‌ی وت: ئه‌وه‌ سێ ساڵه‌ بۆ به‌رهه‌می ئه‌م دارهه‌نجیره‌ دێم و پێوه‌ی نابینم. بیبڕه‌وه‌! بۆچی زه‌ویش داگیر بكات؟ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی وت: گه‌وره‌م، ئه‌م ساڵه‌ش لێیگه‌ڕێ، تاكو ده‌وروبه‌ری هه‌ڵده‌گێڕمه‌وه‌ و په‌یینی پێدا ده‌كه‌م. به‌ڵكو دواتر به‌ر بگرێت، ئه‌گینا بیبڕه‌وه‌”. ئیشۆع له‌ شه‌ممه‌دا له‌ یه‌كێک له‌ كه‌نیشته‌كان خه‌ریكی ئامۆژگاری بوو، ژنێک هه‌ژده‌ ساڵ لاوازیه‌كی هه‌بوو، قه‌مبوور بوو و هه‌رگیز نه‌یده‌توانی ڕاستبێته‌وه‌. كاتێ ئیشۆع ژنه‌كه‌ی بینی، بانگی كرد و پێی فه‌رموو: “خانم، له‌ لاوازییه‌كه‌ت ئازاد كرایت!”. ئینجا هه‌ردوو ده‌ستی خسته‌ سه‌ری و یه‌كسه‌ر ڕاستبووه‌وه‌ و خودای شكۆدار كرد. پێشه‌وای كه‌نیشتیش تووڕه‌ بوو كه‌وا ئیشۆع له‌ شه‌ممه‌دا خه‌ڵكی چاككرده‌وه‌، به‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ی وت: “شه‌ش ڕۆژ هه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ كاریان تێدا بكرێت، له‌واندا وه‌رن و چاكبنه‌وه‌، نه‌ک له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌!” په‌روه‌ردگاریش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ئه‌ی ڕووپاما! ئایا هه‌ر یه‌ک له‌ ئێوه‌ له‌ شه‌ممه‌دا گا یان كه‌ره‌كه‌ی له‌ ئاخوڕ ناكاته‌وه‌ و بیبات ئاوی بدات؟ ئه‌مه‌ش كه‌ ڕۆڵه‌ی ئه‌وڕاهه‌مه‌ و هه‌ژده‌ ساڵه‌ شه‌یتان به‌ستویه‌تییه‌وه‌، نه‌ده‌بوو له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌دا له‌م به‌نده‌ ئازاد بێت؟” كه‌ ئه‌مه‌ی فه‌رموو، هه‌موو به‌رهه‌ڵستكارانی شه‌رمه‌زار بوون، هه‌موو كۆمه‌ڵه‌كه‌ش به‌ گشت ئه‌و كاره‌ شكۆدارانه‌ی به‌و ئه‌نجام ده‌دران دڵشاد بوون. ئینجا فه‌رمووی: “پاشایه‌تیی خودا له‌ چی ده‌چێت؟ به‌ چی بیچوێنم؟ له‌ ده‌نكه‌ خه‌رته‌له‌یه‌ک ده‌چێت، كابرایه‌ک بردی و فڕێیدا نێو باخه‌كه‌ی، جا گه‌شه‌ی كرد و بووه‌ دارێكی گه‌وره‌، باڵنده‌ی ئاسمان له‌نێو لقه‌كانی هه‌ڵنیشتن”. دیسان فه‌رمووی: “پاشایه‌تیی خودا به‌ چی بچوێنم؟ له‌ هه‌وێنێک ده‌چێت، ژنێک هێنای و كردییه‌ نێو سێ پێوانه‌ ئارده‌وه‌، تاكو هه‌مووی هه‌ڵهات”. كاتێ ده‌چووه‌ یروشلایم، به‌ شار و گونده‌كاندا تێده‌په‌ڕی و خه‌ڵكی ئامۆژگاری ده‌كرد. یه‌كێک پێی وت: “گه‌وره‌م، ئایا ئه‌وانه‌ی ڕزگاریان ده‌بێت كه‌من؟” ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “كۆشش بكه‌ن تاكو له‌ ده‌رگای ته‌سک بچنه‌ ژووره‌وه‌، چونكه‌، پێتان ده‌ڵێم: زۆر كه‌س هه‌وڵده‌ده‌ن بچنه‌ ژووره‌وه‌ و ناتوانن. له‌و ده‌مه‌ی خاوه‌ن ماڵ هه‌ڵده‌ستێت و ده‌رگا داده‌خات، ئێوه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌وه‌ستن، له‌ ده‌رگا ده‌ده‌ن و ده‌ڵێن: په‌روه‌ردگار، په‌روه‌ردگار، لێمان بكه‌وه‌! وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌ و پێتان ده‌ڵێ: ناتانناسم ئێوه‌ خه‌ڵكی كوێن! ئه‌وسا ده‌ڵێن: له‌گه‌ڵت خواردمان و خواردمانه‌وه‌ و له‌ شه‌قامه‌كانمان ئامۆژگاریت كردین! ئینجا ده‌ڵێت: ناتانناسم ئێوه‌ خه‌ڵكی كوێن. ئه‌ی هه‌موو سته‌مكاران، لێم دوور بكه‌ونه‌وه‌! گریان و جیڕه‌ی ددانیش له‌وێ ده‌بێت، كاتێ ده‌بینن ئه‌وڕاهه‌م و ئسخه‌ق و یاقوو و هه‌موو پێغه‌مبه‌ران له‌ پاشایه‌تیی خودان، ئێوه‌ش ده‌ركراونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌. له‌ خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا، له‌ باكوور و باشووره‌وه‌ دێن و له‌ پاشایه‌تیی خودا پاڵده‌ده‌نه‌وه‌. ئه‌وه‌تا دواهه‌مینه‌كان ده‌بنه‌ یه‌كه‌مین و یه‌كه‌مه‌كانیش ده‌بنه‌ دواهه‌مین”. له‌و ڕۆژه‌دا هه‌ندێک په‌ڕیشی هاتن و پێیان وت: “ئێره‌ به‌جێبهێڵه‌ و بڕۆ، چونكه‌ هیڕوودس ده‌یه‌وێت بتكوژێت”. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “بڕۆن به‌و ڕێویه‌ بڵێن: ئه‌وه‌تا ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێ شه‌یتانه‌كان ده‌رده‌كه‌م و چاكده‌كه‌مه‌وه‌، له‌ ڕۆژی سێیه‌میش ته‌واو ده‌بم. به‌ڵكو بۆ من پێویسته‌ ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێ و دووسبه‌ی بڕۆم، چونكه‌ نابێ پێغه‌مبه‌رێک له‌ ده‌ره‌وه‌ی یروشلایم له‌ناوبچێت! یروشلایم، یروشلایم، ئه‌ی بكوژی پێغه‌مبه‌ران و به‌ردبارانكاری په‌یامبه‌رانت، چه‌ند جار ویستم ڕۆڵه‌كانت كۆبكه‌مه‌وه‌، وه‌ک مریشک جوجه‌ڵه‌كانی له‌ ژێر باڵیدا كۆده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام نه‌تانویست! ئه‌وه‌تا ماڵه‌كه‌تان به‌ وێرانی بۆتان ده‌مێنێت! ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌تا نامبیننه‌وه‌، تا ئه‌و كاته‌ دێت كه‌ ده‌ڵێن: {پیرۆزه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ دێت}!”. ئه‌وه‌بوو له‌ شه‌ممه‌دا كاتێ ئیشۆع بۆ نانخواردن چووه‌ ماڵی یه‌كێک له‌ سه‌ركرده‌ په‌ڕیشییه‌كان، چاودێرییان ده‌كرد. پیاوێكیش نه‌خۆشی ئاوبه‌ندی هه‌بوو له‌ به‌رامبه‌ری بوو. ئیشۆع له‌ ته‌وراتزان و په‌ڕیشییه‌كانی پرسی و فه‌رمووی: “ئایا له‌ شه‌ممه‌دا چاككردنه‌وه‌ دروسته‌؟” ئه‌وان بێده‌نگ بوون. ئه‌ویش كابرای گرت و چاكیكرده‌وه‌ و به‌ڕێی كرد. ئینجا پێی فه‌رموون: “كامه‌تان كه‌ره‌كه‌ی یان گاكه‌ی له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌دا بكه‌وێته‌ بیره‌وه‌ یه‌كسه‌ر ده‌ریناهێنێت؟” نه‌یانتوانی وه‌ڵامی ئه‌و شته‌ بده‌نه‌وه‌. په‌ندێكی بۆ بانگهێشتكراوان هێنایه‌وه‌ كه‌ سه‌رنجی دا چۆن ڕیزی پێشه‌وه‌ ده‌گرن، پێی فه‌رمون: “كاتێ یه‌كێک بۆ شایی بانگهێشتت ده‌كات، له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ دامه‌نیشه‌، نه‌وه‌ک له‌ تۆ ڕێزدارتریشی بانگهێشت كردبێت. ئینجا ئه‌وه‌ی تۆ و ئه‌وی بانگهێشت كردووه‌، دێت و پێت ده‌ڵێ: شوێنه‌كه‌ت بۆ ئه‌مه‌ چۆڵ بكه‌، تۆش ته‌ریق ده‌بیته‌وه‌ و ڕیزی دواوه‌ ده‌گریت. به‌ڵكو كاتێ بانگهێشت ده‌كرێیت بڕۆ له‌ دواوه‌ دانیشه‌، تاكو كاتێ ئه‌وه‌ی بانگهێشتی كردوویت، بێت و پێت بڵێت: براده‌ر، هه‌سته‌ وه‌ره‌ پێشه‌وه‌. ئه‌وسا له‌به‌رچاوی دانیشتووان شكۆدار ده‌بیت. چونكه‌ ئه‌وه‌ی خۆی به‌رز بكاته‌وه‌ نزم ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش خۆی نزم بكاته‌وه‌ به‌رز ده‌كرێته‌وه‌”. ئینجا به‌وه‌ی وت كه‌وا بانگهێشتی كردووه‌: “كاتێ چێشت یان شێو ده‌كه‌یت، هاوڕێ و برا و خزم و دراوسێ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانت بانگ مه‌كه‌، نه‌وه‌ک ئه‌وانیش بانگت بكه‌نه‌وه‌، بۆت ده‌بێته‌ پاداشت. به‌ڵكو ئه‌گه‌ر میواندارییه‌كت كرد، هه‌ژار و په‌ككه‌وته‌ و شه‌ل و كوێر بانگ بكه‌. به‌خته‌وه‌ری بۆ تۆ، چونكه‌ نییانه‌ پاداشتت بده‌نه‌وه‌، تۆش له‌ هه‌ستانه‌وه‌ی خوداناسان پاداشت ده‌درێیته‌وه‌”. كاتێ یه‌كێک له‌ دانیشتووان ئه‌مه‌ی بیست، وتی: “به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌وه‌ی له‌ پاشایه‌تیی خودا نان ده‌خوات”. ئه‌ویش پێی فه‌رموو: “كابرایه‌ک شێوێكی گه‌وره‌ی كرد و خه‌ڵكێكی زۆری بانگكرد. كاتی نانخواردن كۆیله‌یه‌كی خۆی نارد تاكو به‌ بانگكراوان بڵێت: فه‌رموون، هه‌موو شتێک ئاماده‌یه‌. به‌ڵام هه‌موو وه‌ک یه‌ک داوای لێبوردنیان كرد. یه‌كه‌میان پێی وت: من كێڵگه‌یه‌كم كڕیوه‌ و پێویسته‌ بڕۆم بیبینم، تكایه‌ لێم ببوره‌. یه‌كێكی دیكه‌ وتی: پێنج جووت مانگام كڕیوه‌ و ده‌چم تاقییان ده‌كه‌مه‌وه‌، تكایه‌ لێم ببوره‌. یه‌كێكی دیكه‌شیان وتی: ژنم هێناوه‌، بۆیه‌ ناتوانم بێم. كۆیله‌كه‌ش هاته‌وه‌ و ئه‌مانه‌ی به‌ گه‌وره‌كه‌ی ڕاگه‌یاند. خاوه‌ن ماڵ تووڕه‌ بوو و به‌ كۆیله‌كه‌ی وت: خێرا بڕۆ بۆ شه‌قام و كۆڵانه‌كانی شار، هه‌ژار و په‌ككه‌وته‌ و كوێر و شه‌له‌كان بهێنه‌ ئێره‌. كۆیله‌كه‌ وتی: گه‌وره‌م ئه‌وه‌ی فه‌رمانت دا كرا، هێشتا شوێن ماوه‌. گه‌وره‌كه‌ به‌ كۆیله‌كه‌ی وت: بڕۆ ده‌ره‌وه‌ بۆ ڕێگا و ڕێچكۆڵه‌كان به‌ زۆر خه‌ڵک بهێنه‌ ژووره‌وه‌، تاكو ماڵه‌كه‌م پڕبێت. چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم، له‌وانه‌ی بانگهێشت كرابوون كه‌س تامی شێوه‌كه‌م ناكات”. كۆمه‌ڵانێكی زۆری له‌گه‌ڵ بوو، ئاوڕی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “ئه‌گه‌ر یه‌كێک بێته‌ لام و ڕقی له‌ دایک و باوكی، ژن و منداڵی، برا و خوشكه‌كانی نه‌بێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌ خۆشی، ناتوانێت ببێته‌ قوتابی من. ئه‌وه‌ی خاچه‌كه‌ی هه‌ڵنه‌گرێت و دوام نه‌كه‌وێت، ناتوانێت ببێته‌ قوتابی من. كێ له‌ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر بیه‌وێت قوللـه‌یه‌ک دروست بكات، یه‌كه‌مجار دانانیشێت و خه‌رجییه‌كه‌ی ناخه‌مڵێنێت، ئاخۆ ئه‌وه‌نده‌ی هه‌یه‌ بۆ ته‌واوكردنی؟ نه‌وه‌ک بناغه‌كه‌ دابنێت و نه‌توانێت ته‌واوی بكات، ئه‌وسا هه‌موو ته‌ماشاكاران گاڵته‌ی پێ ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن: ئه‌م كابرایه‌ ده‌ستی پێكرد بینا بكات و نه‌یتوانی ته‌واوی بكات. یان چ پاشایه‌ک ده‌چێته‌ جه‌نگی پاشایه‌كی دیكه‌ و یه‌كه‌مجار دانانیشێت و ڕاوێژ ناكات، ئایا به‌ ده‌ هه‌زار ده‌توانێت به‌ره‌نگاری ئه‌وه‌ ببێته‌وه‌ كه‌ به‌ بیست هه‌زاره‌وه‌ دێته‌ سه‌ری؟ ئه‌گینا خۆ تاكو دووره‌، په‌یامنێری بۆ ده‌نێرێت و داوای ئاشتی ده‌كات. به‌م شێوه‌یه‌، هه‌ر یه‌كێكتان ئه‌گه‌ر واز له‌ هه‌موو شتێک نه‌هێنێ كه‌ هه‌یه‌تی، ناتوانێت ببێته‌ قوتابی من. خوێ باشه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سوێرییه‌كه‌ی نه‌ما، به‌ چی سوێر ده‌كرێته‌وه‌؟ ئه‌وسا نه‌ به‌كه‌ڵكی زه‌وی و نه‌ په‌یین دێت، به‌ڵكو فڕێده‌درێته‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌وه‌ی دوو گوێی بۆ بیستن هه‌یه‌، با ببیستێت”. هه‌موو باجگر و گوناهباران لێی نزیک ده‌بوونه‌وه‌ تاكو گوێی لێ بگرن. جا په‌ڕیشی و ته‌وراتزانه‌كان بۆڵه‌بۆڵیان كرد و وتیان: “ئه‌مه‌‌ گوناهباران په‌سه‌ند ده‌كات و نانیان له‌گه‌ڵ ده‌خوات!”. ئه‌ویش ئه‌م په‌نده‌ی بۆ هێنانه‌وه‌: “كامه‌تان ئه‌گه‌ر سه‌د كاوڕی هه‌بێت و دانه‌یه‌كی لێ ون بێت، ئایا نه‌وه‌د و نۆكه‌ له‌ ده‌شت به‌جێ ناهێڵێت و به‌دوای ونبووه‌كه‌دا ناچێت تاكو ده‌یدۆزێته‌وه‌؟ كاتێ دۆزییه‌وه‌ش، به‌ خۆشییه‌وه‌ ده‌یخاته‌ سه‌ر شانی و دێته‌وه‌ ماڵ، هاوڕێ و دراوسێیه‌كان بانگ ده‌كات و پێیان ده‌ڵێت: له‌گه‌ڵم دڵشادبن! كاوڕه‌ ونبووه‌كه‌م دۆزییه‌وه‌!. پێتان ده‌ڵێم: له‌ ئاسمانیش شادیی ئاوا ده‌بێت بۆ گوناهبارێک تۆبه‌ بكات له‌ نه‌وه‌د و نۆ بێتاوان كه‌ پێویستیان به‌ تۆبه‌كردن نییه‌. یان چ ژنێک ده‌ درهه‌می هه‌بێت و یه‌ک درهه‌می ون بكات، چرا هه‌ڵناكات و ماڵه‌كه‌ گسک بدات و به‌ وردی بگه‌ڕێت، تاكو ده‌یدۆزێته‌وه‌؟ كه‌ دۆزییه‌وه‌، هاوڕێ و دراوسێیه‌كانی بانگ ده‌كات و ده‌ڵێت: له‌گه‌ڵم دڵشادبن، ئه‌و درهه‌مه‌ی ونم كردبوو، دۆزیمه‌وه‌. پێتان ده‌ڵێم: به‌ تۆبه‌كردنی گوناهبارێک، ئاوا لای فریشته‌كانی خودا ده‌بێته‌ شادی”. ئینجا فه‌رمووی: “كابرایه‌ک دوو كوڕی هه‌بوو. بچووكه‌كه‌یان به‌ باوكی وت: باوكه‌، به‌شی خۆمم له‌ میراته‌كه‌ بده‌رێ. ئه‌ویش ماڵه‌كه‌ی بۆ دابه‌شكردن. دوای چه‌ند ڕۆژێكی كه‌م، كوڕه‌ بچووكه‌كه‌ هه‌موو شته‌كانی كۆكرده‌وه‌ و به‌ره‌و وڵاتێكی دوور ڕۆیشت، له‌وێ ماڵه‌كه‌ی له‌سه‌ر ڕابواردن دانا. له‌دوای ئه‌وه‌ی هه‌مووی خه‌رج كرد، برسێتیه‌كی توند كه‌وته‌ ناوچه‌كه‌، جا ده‌ستی به‌ نه‌بوونی كرد. ئیتر چووه‌ پاڵ هاوڵاتییه‌كی ناوچه‌كه‌، ئه‌ویش ناردییه‌ كێڵگه‌كانی بۆ له‌وه‌ڕاندنی به‌راز. حه‌زی ده‌كرد به‌و خڕنووكه‌ برسیێتی بشكێنێت كه‌ به‌رازه‌كان ده‌یانخوارد و كه‌سیش پێی نه‌ده‌دا. ئینجا به‌ هۆش خۆی هاته‌وه‌ و وتی: ئاخۆ چه‌ند كرێكاری باوكم نانیان له‌به‌ر ده‌مێنێته‌وه‌، منیش لێره‌ وا له‌ برسان ده‌مرم! هه‌ڵده‌ستم ده‌چمه‌وه‌ لای باوكم، پێی ده‌ڵێم: باوكه‌، دژی ئاسمان و به‌رامبه‌ری تۆ گوناهم كرد. ئیتر شایانی ئه‌وه‌ نیم به‌ كوڕی تۆ بانگ بكرێم، بمكه‌ كرێكارێكی خۆت. جا هه‌ستا و گه‌ڕایه‌وه‌ لای باوكی، هێشتا دوور بوو باوكی ئه‌وی بینی و دڵی بۆی سووتا، ڕایكرد و له‌ باوه‌شی كرد و ماچیكرد. كوڕه‌ش پێی وت: باوكه‌، دژی ئاسمان و به‌رامبه‌ری تۆ گوناهم كرد، ئیتر شایانی ئه‌وه‌ نیم به‌ كوڕی تۆ بانگ بكرێم. به‌ڵام باوكه‌كه‌ به‌ كۆیله‌كانی خۆی وت: باشترین به‌رگ بهێنن و بیپۆشن، ئه‌نگوستیله‌یه‌ک بكه‌نه‌ په‌نجه‌ی و پێڵاویش بۆ پێی. گوێره‌كه‌ دابه‌ستییه‌كه‌ش بهێنن و سه‌ری ببڕن، با بخۆین و دڵخۆش بین. چونكه‌ ئه‌م كوڕه‌م مردوو بوو و زیندووبووه‌وه‌، ونببوو و دۆزرایه‌وه‌. جا ده‌ستیان پێكرد دڵخۆش ده‌بوون. كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌ له‌ كێڵگه‌ بوو، كه‌ ده‌هاته‌وه‌ و له‌ ماڵ نزیكبووه‌وه‌، گوێی له‌ مۆسیقا و هه‌ڵپه‌ڕكێ بوو. یه‌كێک له‌ ڕاژه‌وانانی بانگكرد و پرسی كرد، ئه‌مه‌ چییه؟ پێی وت: براكه‌ت گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، باوكیشت گوێره‌كه‌ دابه‌ستییه‌كه‌ی سه‌ربڕی، چونكه‌ به‌ ساغی وه‌ریگرته‌وه‌. تووڕه‌ بوو و نه‌یویست بچێته‌ ژووره‌وه‌. ئیتر باوكی هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و تكای لێكرد. ئه‌ویش وه‌ڵامی باوكی دایه‌وه‌: ئه‌وه‌تا ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ ڕاژه‌ت ده‌كه‌م و هه‌رگیز له‌ ڕاسپارده‌ت ده‌رنه‌چووم، ته‌نانه‌ت كاریله‌یه‌كت نه‌دامێ تاكو له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كانم پێی دڵخۆش بم. به‌ڵام كاتێ ئه‌م كوڕه‌ت هاته‌وه‌، ئه‌وه‌ی ماڵه‌كه‌تی له‌گه‌ڵ داوێنپیسان خوارد، گوێره‌كه‌ دابه‌ستییه‌كه‌ت بۆی سه‌ربڕی! ئه‌ویش پێی وت: ڕۆڵه‌، تۆ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ منی، هه‌رچیم هه‌یه‌ هی تۆیه‌. به‌ڵام پێویسته‌ دڵخۆش و شاد بین، چونكه‌ ئه‌م برایه‌ت مردوو بوو و زیندووبووه‌وه‌، ونببوو و دۆزرایه‌وه‌”. هه‌روه‌ها به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “كابرایه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند سه‌ركارێكی هه‌بوو، سكاڵای به‌فیڕۆدانی ماڵه‌كه‌ی له‌سه‌ری پێ گه‌یشت. بانگیكرد و پێی وت: ئه‌مه‌ چییه‌ له‌سه‌ر تۆ ده‌یبیستم؟ هه‌ژماردی سه‌ركارییه‌كه‌ت بده‌وه‌، چونكه‌ ئیتر ناتوانیت سه‌ركار بیت. سه‌ركاره‌كه‌ به‌ خۆی وت: چی بكه‌م، چونكه‌ گه‌وره‌كه‌م سه‌ركارییه‌كه‌م لێ ده‌سێنێته‌وه‌؟ ناتوانم هه‌ڵبكه‌نم و شه‌رمیش ده‌كه‌م سواڵ بكه‌م. به‌ڵام ده‌زانم چی ده‌كه‌م، تاكو كاتێ له‌ سه‌ركارییه‌كه‌ لابردرام له‌ ماڵه‌كانیان په‌سه‌ندم بكه‌ن. جا هه‌ریه‌كه‌ له‌ قه‌رزاره‌كانی گه‌وره‌كه‌ی بانگكرد. به‌ یه‌كه‌میانی وت: چه‌ند قه‌رزاری گه‌وره‌كه‌میت؟ وتی: سه‌د هیزه‌ ڕۆن. ئه‌ویش پێی وت: پسووله‌كه‌ت وه‌ربگره‌ و دانیشه‌، خێرا بنووسه‌ په‌نجا. به‌وی دیكه‌ی وت: تۆ چه‌ندت له‌سه‌ره‌؟ وتی: سه‌د ڕبه‌ گه‌نم. پێی وت: پسووله‌كه‌ت وه‌ربگره‌ و بنووسه‌ هه‌شتا. جا گه‌وره‌كه‌ ستایشی سه‌ركاره‌ ناپاكه‌كه‌ی كرد، چونكه‌ ژیرانه‌ ڕه‌فتاری كرد. چونكه‌ كوڕانی ئه‌م ڕۆژگاره‌ له‌ نه‌وه‌ی خۆیان له‌ كوڕانی ڕووناكی داناترن. منیش پێتان ده‌ڵێم: به‌ سامانی جیهانی دۆستی خۆتان دروست بكه‌ن، تاكو ئه‌گه‌ر نه‌ما، له‌ كه‌پری جاویدانی په‌سه‌ندتان بكه‌ن. ئه‌وه‌ی له‌ كه‌م ده‌ستپاكه‌ له‌ زۆریش ده‌ستپاكه‌، ئه‌وه‌ی له‌ كه‌م ناپاكه‌ له‌ زۆریش ناپاكه‌. ئه‌گه‌ر له‌ سامانی جیهانی ده‌ستپاک نه‌بن، كێ سامانی ڕه‌وای به‌ ئێوه‌ ده‌سپێرێت؟ ئه‌گه‌ر له‌ شتی خه‌ڵكی ده‌ستپاک نه‌بن، كێ شتی خۆتان ده‌داتێ؟ ڕاژه‌وان ناتوانێت كۆیلایه‌تی دوو گه‌وره‌ بكات، چونكه‌ یان ڕقی له‌ یه‌كێكیان ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی دیكه‌ی خۆشده‌وێت، یان ده‌ست به‌ یه‌كێكیانه‌وه‌ ده‌گرێت و ئه‌وه‌ی دیكه‌ پشتگوێ ده‌خات. ناتوانن ڕاژه‌وانی خودا و پاره‌ بن”. په‌ڕیشییه‌كانیش كه‌ پاره‌یان خۆشده‌ویست، گوێیان له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ بوو، گاڵته‌یان پێكرد. پێی فه‌رموون: “ئێوه‌‌ له‌لای خه‌ڵكی خۆتان بێتاوان ده‌كه‌ن، به‌ڵام خودا دڵتان ده‌ناسێت. ئه‌وه‌ی خه‌ڵک به‌ پایه‌داری داده‌نێت، له‌به‌رده‌م خودا قێزه‌وه‌نه‌. ته‌ورات و پێغه‌مبه‌ران تاكو یوخه‌ننه‌ن ڕاگه‌یه‌نرا، دواتر موژده‌ی پاشایه‌تی خودا ده‌درێت و هه‌موو كه‌سێک تێده‌كۆشێت بچێته‌ ناوی. به‌ڵام نه‌مانی زه‌وی و ئاسمان ئاسانتره‌ له‌ كه‌وتنی خاڵێكی ته‌ورات. ئه‌وه‌ی ژنه‌كه‌ی ته‌ڵاق بدات و یه‌كێكی دیكه‌ بهێنێت، داوێنپیسی ده‌كات. ئه‌وه‌ش كه‌ ته‌ڵاقدراوی پیاوێک ده‌هێنێت داوێنپیسی ده‌كات. پیاوێک ده‌وڵه‌مه‌ند بوو، جلی ئه‌رخه‌وانی و كه‌تانی له‌به‌ر ده‌كرد و هه‌موو ڕۆژێكی به‌ خۆشی ڕاده‌بوارد. هه‌ژارێكیش ناوی له‌عازر بوو، له‌به‌رده‌رگاكه‌ی كه‌وتبوو، برین لێیدابوو، په‌رۆش بوو له‌و به‌رماوه‌یه‌ تێربێت كه‌ له‌ خوانی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ ده‌كه‌وته‌ خواره‌وه‌. ته‌نانه‌ت سه‌گیش ده‌هاتن برینه‌كانیان ده‌لێسته‌وه‌. ئیتر هه‌ژاره‌كه‌ مرد و فریشته‌ بۆ باوه‌شی ئه‌وڕاهه‌م هه‌ڵیانگرت. ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ش مرد و نێژرا. له‌ دۆزه‌خدا سه‌ری هه‌ڵبڕی و ئازاری ده‌چێژێت، له‌ دووره‌وه‌ ئه‌وڕاهه‌می بینی و له‌عازری له‌ باوه‌ش بوو. هاواری كرد و وتی: باوكه،‌ ئه‌وڕاهه‌م، به‌زه‌ییت پێمدا بێته‌وه‌، له‌عازر بنێره‌ تاكو سه‌ری په‌نجه‌ی به‌ ئاو ته‌ڕ بكات و زمانم فێنک بكاته‌وه‌، وا له‌نێو ئه‌م گڕه‌دا ئازار ده‌چێژم. ئه‌وڕاهه‌م وتی: كوڕم، له‌بیرت بێت له‌ ژیانتدا شته‌ باشه‌كانی خۆت وه‌رگرت و له‌عاز‌ریش نه‌هامه‌تیه‌كان. ئێستا وا لێره‌ دڵنه‌وایی ده‌كرێت و تۆش ئازار ده‌چێژیت. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ش، بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ له‌نێوان ئێمه‌ و ئێوه‌دا قایم كراوه‌، تاكو ئه‌وانه‌ی بیانه‌وێ لێره‌وه‌ بۆ لاتان بپه‌ڕنه‌وه‌ نه‌توانن و كه‌سیش له‌وێوه‌ بۆ لای ئێمه‌ نه‌په‌ڕێته‌وه‌. ئه‌ویش وتی: كه‌واته‌ باوكه‌، لێت ده‌پاڕێمه‌وه‌ بینێره‌ ماڵی باوكم، چونكه‌ پێنج برام هه‌یه‌، تاكو گه‌واهییان بۆ بدات، نه‌وه‌ک ئه‌وانیش بۆ ئه‌م شوێنی ئازاردانه‌ بێن. به‌ڵام ئه‌وڕاهه‌م پێی وت: مووشێ و پێغه‌مبه‌رانیان هه‌یه‌، با گوێ له‌وان بگرن. ئه‌ویش وتی: نه‌خێر باوكه‌ ئه‌وڕاهه‌م، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر یه‌كێک له‌نێو مردووانه‌وه‌ بچێته‌ لایان، ئه‌وا تۆبه‌ ده‌كه‌ن. پێی وت: ئه‌گه‌ر گوێ له‌ مووشێ و پێغه‌مبه‌ران نه‌گرن، ته‌نانه‌ت یه‌كێک له‌نێو مردووانیش هه‌ستێته‌وه‌، بڕوا ناكه‌ن”. ئینجا به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “مه‌حاڵه‌ كۆسپه‌كان نه‌یه‌ن، به‌ڵام وه‌ی به‌حاڵ ئه‌وه‌ی به‌هۆیه‌وه‌ دێت! بۆی باشتره‌ ئه‌گه‌ر به‌رداشێک به‌ ملیه‌وه‌ هه‌ڵبواسرێت و فڕێبدرێته‌ ده‌ریاوه‌، له‌وه‌ی ساتمه‌ به‌ یه‌كێک له‌م بچووكانه‌ بكات. ئاگاداری خۆتان بن. ئه‌گه‌ر براكه‌ت هه‌ڵه‌ی به‌رابمبه‌رت كرد، سه‌رزه‌نشتی بكه‌، ئه‌گه‌ر تۆبه‌ی كرد بیبه‌خشه‌. ئه‌گه‌ر له‌ ڕۆژێكدا حه‌وت جار هه‌ڵه‌ی به‌رامبه‌رت كرد و حه‌وت جار گه‌ڕایه‌وه‌ لات و وتی: تۆبه‌ ده‌كه‌م، تۆ بیبه‌خشه‌”. ئینجا په‌یامبه‌ره‌كان به‌ په‌روه‌ردگاریان وت: “باوه‌ڕمان زیاد بكه‌!” په‌روه‌ردگاریش فه‌رمووی: “ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ده‌نكه‌ خه‌رته‌له‌یه‌كیش باوه‌ڕتان هه‌بێت، به‌م دارتووه‌ ده‌ڵێن: هه‌ڵبكه‌ندرێ و له‌نێو ده‌ریا بچێندرێ، گوێڕایه‌ڵتان ده‌بێت. كامه‌تان، ئه‌گه‌ر كۆیله‌یه‌كی هه‌بێت و جووت یان شوانكاره‌یی بكات، كه‌ له‌ كێڵگه‌ هاته‌وه‌، پێی ده‌ڵێت: یه‌كسه‌ر وه‌ره‌ و دانیشه‌؟ ئایا پێی ناڵێت: شتێكم بۆ ئاماده‌ بكه‌ بیخۆم، پشتت ببه‌سته‌ و ڕاژه‌م بكه‌ تاكو ده‌خۆم و ده‌خۆمه‌وه‌، پاشان تۆ بخۆ و بخۆوه‌؟ ئایا سوپاسی ئه‌و كۆیله‌یه‌ ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ی كرد كه‌ فه‌رمانی پێ كرابوو؟ بڕوا ناكه‌م ئێوه‌ش ئاوا، كاتێ هه‌موو ئه‌وه‌ی فه‌رمانتان پێ ده‌كرێت ده‌یكه‌ن، بڵێن: كۆیله‌ی شایسته‌ نین، ئه‌ركی خۆمان به‌جێگه‌یاندووه‌”. كاتێ ده‌چووه‌ یروشلایم، به‌ نێوانی شمرن و گلیلا‌دا ده‌ڕۆیشت. كه‌ چووه‌ گوندێک، تووشی ده‌ پیاوی گول بوو، له‌ دووره‌وه‌ ڕاوه‌ستابوون، ده‌نگیان به‌رز كرده‌وه‌ و وتیان: “ئیشۆع، ڕابی، به‌زه‌ییت پێماندا بێته‌وه‌!” جا ته‌ماشای كردن و پێی فه‌رموون: “بڕۆن خۆتان پیشانی كاهینان بده‌ن”. كاتێ ده‌ڕۆیشتن بێگه‌رد بوونه‌وه‌. یه‌كێكیان سه‌یری كرد چاكبۆته‌وه‌، گه‌ڕایه‌وه‌ و به‌ ده‌نگێكی به‌رز شكۆمه‌ندی خودای كرد، له‌به‌رپێی به‌سه‌ر ڕوویدا كه‌وت و سوپاسی كرد. كابرا شمرنیش بوو. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “ئایا ده‌ كه‌س بێگه‌رد نه‌بوونه‌وه‌؟ كوا نۆكه‌؟ نه‌ده‌بوو بگه‌ڕێنه‌وه‌ و خودا شكۆدار بكه‌ن، ئه‌م بێگانه‌ نه‌بێت؟” ئینجا پێی فه‌رموو: “هه‌سته‌ و بڕۆ، باوه‌ڕت ڕزگاری كردیت”. كه‌ په‌ڕیشییه‌كان پرسیان لێكرد: “كه‌ی پاشایه‌تی خودا دێت؟” وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و فه‌رمووی: “پاشایه‌تی خودا به‌ چاودێریكردن نایه‌ت، خه‌ڵكیش ناڵێن: ئه‌مه‌تا، یان ئه‌وه‌تا! چونكه‌ پاشایه‌تی خودا له‌ ناوه‌ڕۆكتاندایه‌”. جا به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “ڕۆژانێک دێت كه‌ تامه‌زرۆن ڕۆژێک له‌ ڕۆژانی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ببینن و نایبینن. ئینجا پێتان ده‌ڵێن: ئه‌مه‌تا لێره‌یه‌، یان ئه‌وه‌تا له‌وێیه‌، مه‌ڕۆن و خۆتان ماندوو نه‌كه‌ن. چونكه‌ وه‌ک ئه‌و بروسكه‌یه‌ی له‌ لایه‌كه‌وه‌ له‌ ژێر ئاسماندا بروسكه‌ ده‌دات لایه‌كی دیكه‌ له‌ ژێر ئاسماندا ڕووناک ده‌كاته‌وه‌، ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش له‌ ڕۆژی خۆیدا وا ده‌بێت. به‌ڵام ده‌بێت یه‌كه‌مجار زۆر ئازار بچێژێت و ئه‌م نه‌وه‌یه‌ش ڕه‌تی بكه‌نه‌وه‌. وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ سه‌رده‌می نووخ بوو، له‌ سه‌رده‌می ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش وا ده‌بێت. ده‌یانخوارد و ده‌یانخوارده‌وه‌، ژنیان ده‌هێنا و مێردیان ده‌كرد، تاكو ئه‌و ڕۆژه‌ی نووخ چووه‌ نێو كه‌شتییه‌كه‌، لافاوه‌كه‌ هات و هه‌موویانی له‌ناوبرد. دیسان وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ سه‌رده‌می ڵووت بوو، ده‌یانخوارد و ده‌یانخوارده‌وه‌، ده‌یانكڕی و ده‌یانفرۆشت، ده‌یانچاند و بنیادیان ده‌نا. به‌ڵام له‌و ڕۆژه‌ی ڵووت له‌ سه‌دووم ده‌رچوو، له‌ ئاسمانه‌وه‌ ئاگر و گۆگردی باراند و هه‌موویانی له‌ناوبرد. له‌ ڕۆژی ئاشكراكردنی ڕۆڵه‌ی مرۆڤیشدا ئاوا ده‌بێت. ئه‌وه‌ی له‌و ڕۆژه‌دا له‌ سه‌ربانه‌ و شته‌كانی له‌ ماڵه‌وه‌یه‌، با نه‌یه‌ته‌ خواره‌وه‌ بۆ بردنی. ئه‌وه‌ی له‌ كێڵگه‌شه‌ با نه‌گه‌ڕێته‌وه‌. ژنه‌كه‌ی ڵووتتان به‌ بیر بێته‌وه‌! ئه‌وه‌ی بیه‌وێ خۆی بباته‌وه‌ ده‌یدۆڕێنێت، ئه‌وه‌ش كه‌ ده‌یدۆڕێنێت ده‌یباته‌وه‌. پێتان ده‌ڵێم: له‌و شه‌وه‌دا دووان له‌نێو یه‌ک جێگادان، یه‌كیان ده‌بردرێت و ئه‌وی دیكه‌ به‌جێ ده‌هێڵدرێ. دوو ژن ده‌ستاڕ ده‌گێڕن، یه‌كیان ده‌بردرێت و ئه‌وی دیكه‌ به‌جێ ده‌هێڵدرێ. دووان له‌ كێڵگه‌ ده‌بن، یه‌كیان ده‌بردرێت و ئه‌وی دیكه‌ به‌جێ ده‌هێڵدرێ”. وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و وتیان: “له‌كوێ گه‌وره‌م؟” پێی فه‌رموون: “لاک له‌كوێ بێت، داڵ له‌وێ كۆده‌بێته‌وه‌”. په‌ندێكی دیكه‌ی بۆ هێنانه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌میشه‌ نوێژ بكرێت به‌بێ بێزاری. فه‌رمووی: “له‌ شارێک دادوه‌رێک هه‌بوو له‌ خودا نه‌ده‌ترسا و ڕێزی مرۆڤیشی نه‌ده‌گرت. له‌و شاره‌دا بێوه‌ژنێک هه‌بوو، ده‌هاته‌ لای و ده‌یووت: مافم بۆ وه‌ربگره‌ له‌ دژه‌كه‌م! ئه‌ویش ماوه‌یه‌ک نه‌یده‌ویست. به‌ڵام دواتر له‌ دڵی خۆیدا وتی: هه‌رچه‌ند له‌ خودا ناترسم و ڕێزیش له‌ مرۆڤ ناگرم، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م بێوه‌ژنه‌ بێزارم ده‌كات، مافی بۆ وه‌رده‌گرم، نه‌وه‌ک هه‌میشه‌ بێت و بێزارم بكات!” جا په‌روه‌ردگار فه‌رمووی: “گوێبگرن له‌وه‌ی دادوه‌ره‌ سته‌مكاره‌كه‌ ده‌یڵێت. ئایا خودا مافی بژارده‌كانی خۆی كه‌ شه‌و و ڕۆژ هاواری بۆ ده‌به‌ن وه‌رناگرێت؟ ئایا دره‌نگ وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه‌؟ پێتان ده‌ڵێم: خێرا مافیان بۆ وه‌رده‌گرێت! به‌ڵام كاتێ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ دێته‌وه‌، ئایا باوه‌ڕ له‌سه‌ر زه‌وی ده‌دۆزێته‌وه‌؟” بۆ ئه‌وانه‌ی دڵنیا بوون كه‌ خۆیان بێتاوانن و خه‌ڵكی سووک ده‌كه‌ن، ئه‌م په‌نده‌ی هێنایه‌وه‌: “دوو كه‌س بۆ نوێژكردن چوونه‌ په‌رستگا، یه‌كێكیان په‌ڕیشی و ئه‌وه‌ی دیكه‌ باجگر. په‌ڕیشییه‌كه‌ وه‌ستا، له‌ دڵی خۆیدا ئه‌م نوێژه‌ی كرد: خودایه‌ سوپاست ده‌كه‌م وه‌ک خه‌ڵكی دیكه‌ نیم قۆڵبڕ و سته‌مكار و داوێنپیسن وه‌ک ئه‌م باجگره‌ش نیم. هه‌فته‌ی دوو جار به‌ڕۆژوو ده‌بم، ئه‌وه‌ی ده‌یكڕم ده‌یه‌كی ده‌به‌خشم. به‌ڵام باجگره‌كه‌ له‌ دووره‌وه‌ ڕاوه‌ستا، نه‌یده‌ویست چاوی بۆ ئاسمان به‌رز بكاته‌وه‌، به‌ڵكو سنگی خۆی ده‌كوتا و ده‌یووت: خودایه‌ به‌زه‌ییت پێمدا بێته‌وه‌ من گوناهبارم. پێتان ده‌ڵێم، ئه‌مه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵی خۆی بێتاوان كرابوو، پێچه‌وانه‌ی ئه‌وی دیكه‌. چونكه‌ ئه‌وه‌ی خۆی به‌رز بكاته‌وه‌ نزم ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش خۆی نزم بكاته‌وه‌ به‌رز ده‌كرێته‌وه‌”. منداڵیان هێنایه‌ لای تاكو ده‌ستیان لێ بدات. كاتێ قوتابییه‌كان ئه‌مه‌یان بینی لێیان ڕاخوڕین. به‌ڵام ئیشۆع بانگی مندا‌ڵه‌كانی كرد و فه‌رمووی: “لێگه‌ڕێن با منداڵان بێنه‌ لام، قه‌ده‌غه‌یان لێ مه‌كه‌ن، چونكه‌ پاشایه‌تیی خودا هی وه‌ک ئه‌مانه‌یه‌. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی وه‌ک منداڵێک پاشایه‌تیی خودا په‌سه‌ند نه‌كات، هه‌رگیز ناچێته‌ ناویه‌وه‌”. سه‌رۆكێک پرسی لێكرد: “ڕابیی باش، چی بكه‌م تاكو ژیانی جاویدانی به‌ میرات بگرم؟” ئیشۆع پێی فه‌رموو: “بۆچی به‌ باش ناوم ده‌به‌یت؟ بێجگه‌ له‌ خودا كه‌س باش نییه‌. تۆ ڕاسپارده‌كان ده‌زانیت: داوێنپیسی مه‌كه‌، مه‌كوژه‌، مه‌دزه‌، گه‌واهیی درۆ مه‌ده‌، ڕێزی باوک و دایكت بگره‌”. ئه‌ویش وتی: “هه‌موو ئه‌مانه‌م له‌ منداڵییه‌وه‌ پاراستووه‌”. كاتێ ئیشۆعیش ئه‌مه‌ی بیست، پێی فه‌رموو: “هێشتا شتێكت كه‌مه‌. چیت هه‌یه‌ هه‌مووی بفرۆشه‌ و به‌سه‌ر هه‌ژاران دابه‌شی بكه‌، له‌ ئاسماندا گه‌نجینه‌یه‌كت ده‌بێت. ئینجا وه‌ره‌ دوام بكه‌وه‌”. كاتێ ئه‌مه‌ی بیست، زۆر خه‌مناک بوو، چونكه‌ زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند بوو. ئیشۆع بینی زۆر خه‌مناک بوو، فه‌رمووی: “چه‌ند گرانه‌ بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندان بچنه‌ نێو پاشایه‌تیی خوداوه‌! چونكه‌ ئاسانتره‌ گوریسێک به‌ كونی ده‌رزییه‌كه‌وه‌ بچێت له‌وه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندێک بچێته‌ نێو پاشایه‌تیی خوداوه‌”. ئه‌وانه‌ی گوێیان لێبوو وتیان: “كه‌واته‌ كێ ده‌توانێت ڕزگاری بێت؟” فه‌رمووی: “ئه‌وه‌ی لای خه‌ڵكی مه‌حاڵه‌، لای خودا ده‌بێت”. په‌تڕۆس وتی: “ئه‌وه‌تا ئێمه‌ هه‌موو شتێكمان به‌جێهێشتووه‌ و دوات كه‌وتووین”. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: كه‌س نییه‌ ماڵ یان باوک و دایک یان برا یان ژن یان منداڵی له‌پێناوی پاشایه‌تیی خودا به‌جێهێشتبێت، چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی زۆرتر وه‌رنه‌گرێته‌وه‌، له‌م ڕۆژگاره‌دا و له‌ ڕۆژگاری داهاتووش ژیانی جاویدانی”. ئینجا دوازده‌كه‌ی برد و پێی فه‌رموون: “ئه‌وا سه‌رده‌كه‌وینه‌ یروشلایم، هه‌رچی پێغه‌مبه‌ران له‌باره‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤه‌وه‌ نووسیویانه‌ دێته‌ دی. چونكه‌ ڕاده‌ستی نه‌ته‌وه‌كان ده‌كرێت و گاڵته‌ی پێ ده‌كرێت و جنێوی پێ ده‌درێت و تفی لێ ده‌كرێت، به‌ قامچی لێی ده‌ده‌ن و ده‌یكوژن. له‌ ڕۆژی سێیه‌میشدا هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌”. به‌ڵام ئه‌وان هیچ له‌مه‌ تێنه‌گه‌یشتن و ئه‌م باسه‌یان لێ شاراوه‌ بوو، ئه‌وه‌ی وترا دركیان پێی نه‌كرد. كاتێ ئیشۆع له‌ ئه‌ریخو نزیكبووه‌وه‌، نابینایه‌ک له‌سه‌ر ڕێگا دانیشتبوو سواڵی ده‌كرد. كه‌ گوێی له‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ بوو تێده‌په‌ڕین، پرسی كرد “ده‌بێ ئه‌مه‌ چی بێت؟”. پێیان وت كه‌ ئیشۆعی ناسڕه‌تی لێره‌وه‌ تێده‌په‌ڕێت. جا هاواری كرد و وتی: “ئیشۆعی ڕۆڵه‌ی داوید، به‌زه‌ییت پێمدا بێته‌وه‌!” پێشڕه‌وان لێیان ڕاخوڕی تاكو بێده‌نگ بێت، به‌ڵام ئه‌و زۆر زیاتر هاواری كرد: “ڕۆڵه‌ی داوید، به‌زه‌ییت پێمدا بێته‌وه‌!” ئیشۆع ڕاوه‌ستا و فه‌رمانی دا بیهێننه‌ لای. كاتێ نزیكبووه‌وه‌، لێی پرسی: فه‌رمووی “چیت ده‌وێ بۆت بكه‌م؟” وتی: “گه‌وره‌م، ببینم!”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ببینه‌، باوه‌ڕت چاكیكردیته‌وه‌”. یه‌كسه‌ر بینی، دوای كه‌وت و خودای شكۆدار ده‌كرد. هه‌موو گه‌لیش كه‌ بینییان ستایشی خودایان كرد. ئینجا چووه‌ نێو ئه‌ریخو و پێیدا تێده‌په‌ڕی. له‌وێ پیاوێک ناوی زه‌كا بوو. گه‌وره‌ی باجگران بوو، ده‌وڵه‌مه‌ند بوو. ده‌یویست ببینێت ئیشۆع كێیه‌، به‌ڵام له‌به‌ر كۆمه‌ڵه‌كه‌ نه‌یده‌توانی، چونكه‌ كورته‌باڵا بوو. ڕایكرده‌ پێش و سه‌ركه‌وته‌ سه‌ر دارهه‌نجیرێک تاكو بیبینێت، چونكه‌ ئیشۆع به‌وێ تێده‌په‌ڕی. كاتێ ئیشۆع گه‌یشته‌ شوێنه‌كه‌، سه‌یری سه‌ره‌وه‌ی كرد و پێی فه‌رموو: “زه‌كا، خێراكه‌ وه‌ره‌ خواره‌وه‌، چونكه‌ ده‌بێت ئه‌مڕۆ له‌ ماڵی تۆ بمێنمه‌وه‌”. جا خێرا هاته‌ خواره‌وه‌ و به‌ خۆشییه‌وه‌ پێشوازی لێكرد. كاتێ هه‌موو بینییان بۆڵه‌بۆڵیان كرد و وتیان: “چووه‌ بووه‌ته‌ میوانی گوناهبارێک”. زه‌كا ڕاوه‌ستا و به‌ په‌روه‌ردگاری وت: “په‌روه‌ردگار، ئه‌وه‌تا نیوه‌ی سامانه‌كه‌م ده‌ده‌مه‌ هه‌ژاران، ئه‌گه‌ر شتێكم له‌ یه‌كێک خواردووه‌ ئه‌وا چوار ئه‌وه‌نده‌ی ده‌ده‌مه‌وه‌”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ئه‌مڕۆ ڕزگاری بۆ ئه‌م ماڵه‌ هات، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌میش ڕۆڵه‌ی ئه‌وڕاهه‌مه‌. چونكه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ هاتووه‌ به‌دوای له‌ناوچواندا بگه‌ڕێت و ڕزگاریان بكات”. كه‌ ئه‌مانه‌یان ده‌بیست، په‌ندێكی دیكه‌ی هێنایه‌وه‌، چونكه‌ له‌ یروشلایم نزیک بوو، وایانده‌زانی كه‌ پاشایه‌تی خودا خه‌ریكه‌ ئێستا ده‌رده‌كه‌وێت. ئینجا فه‌رمووی: “پیاوماقوڵێک بۆ وڵاتێكی دوور ڕۆیشت، تاكو پاشایه‌تییه‌ک بۆ خۆی وه‌ربگرێت و بێته‌وه‌. ده‌ له‌ كۆیله‌كانی خۆی بانگكرد و ده‌ مینای پێدان و پێی وتن، تاكو دێمه‌وه‌ بازرگانی بكه‌ن. به‌ڵام هاوڵاتییانی ڕقیان لێیبوو، شاندێكیان به‌ دوایدا نارد و وتیان: نامانه‌وێت ئه‌مه‌ پاشایه‌تیمان بكات. كاتێ گه‌ڕایه‌وه‌ پاشایه‌تییه‌كه‌ی وه‌رگرتبوو، فه‌رمانی دا ئه‌و كۆیلانه‌ی زیوه‌كه‌ی پێدابوون بانگ بكرێنه‌ لای، تاكو بزانێت له‌ بازرگانی چییان قازانج كردووه‌. یه‌كه‌میان هات و وتی: گه‌وره‌م میناكه‌ت ده‌ مینای قازانج كردووه‌. ئه‌ویش پێی وت: ئافه‌رین كۆیله‌ی چاک! چونكه‌ له‌ كه‌م ده‌ستپاک بوویت، ده‌سه‌ڵاتدار به‌ له‌سه‌ر ده‌ شار. دووه‌میان هات و وتی: گه‌وره‌م میناكه‌ت پێنج مینای كردووه‌. به‌مه‌شیانی وت: تۆش به‌سه‌ر پێنج شار به‌. ئه‌وی دیكه‌ هات و وتی: گه‌وره‌م ئه‌وه‌تا میناكه‌ت، له‌ ده‌سته‌سڕێک پێچابوومه‌وه‌ و هه‌ڵمگرتبوو. چونكه‌ لێت ترسام، له‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆڤێكی توندیت، ئه‌وه‌ی داتنه‌ناوه‌ ده‌یبه‌یت و ئه‌وه‌ی نه‌تچاندووه‌ دروێنه‌ی ده‌كه‌یت. ئه‌ویش پێی وت: ئه‌ی كۆیله‌ی به‌دكار، به‌ زارت تاوانبارت ده‌كه‌م، كه‌ ده‌تزانی كابرایه‌كی توندم، ئه‌وه‌ی دامنه‌ناوه‌ ده‌یبه‌م و ئه‌وه‌ی نه‌مچاندووه‌ دروێنه‌ی ده‌كه‌م. بۆچی زیوه‌كه‌مت لای پاره‌گۆڕه‌وه‌كانت دانه‌نا، كاتێ ده‌هاتمه‌وه‌ له‌گه‌ڵ قازانجه‌كه‌ی وه‌رمده‌گرته‌وه‌؟ به‌ ئاماده‌بووانی وت: میناكه‌ی لێ بستێننه‌وه‌ و بیده‌نه‌ ئه‌وه‌ی ده‌ میناكه‌ی پێیه‌. ئه‌وانیش پێیان وت: گه‌وره‌م، ده‌ مینای هه‌یه‌! پێتان ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی پێی ده‌درێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نییه‌تی، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی هه‌شیه‌تی لێی ده‌سه‌نرێته‌وه‌. دوژمنانیشم، ئه‌وانه‌ی نه‌یانده‌ویست پاشایه‌تییان بكه‌م، بیانهێننه‌ ئێره‌ و له‌به‌رچاوم سه‌ریان ببڕن”. كاتێ ئه‌مه‌ی فه‌رموو، به‌ڕێكه‌وت و به‌ره‌و یروشلایم سه‌ركه‌وت. كاتێ له‌ بتپاگی و بتعه‌نیا نزیكبووه‌وه‌، بۆ ئه‌و كێوه‌ی كه‌ كێوی زه‌یتوونی پێ ده‌ووترێت، دووان له‌ قوتابییه‌كانی نارد، فه‌رمووی: “بڕۆنه‌ ئه‌و گونده‌ی به‌رامبه‌رتان، كه‌ ده‌چنه‌ نێوی، ده‌بینن جاشێک به‌ستراوه‌ته‌وه‌ تا ئێستا كه‌س سواری نه‌بووه‌، بیكه‌نه‌وه‌ و بیهێنن. ئه‌گه‌ر یه‌كێک پرسی لێكردن: بۆچی ده‌یكه‌نه‌وه‌؟ بڵێن: په‌روه‌ردگار پێویستی پێیه‌تی”. جا په‌یامبه‌ره‌كان چوون و چۆنی پێ وتبوون ئاوایان بینییه‌وه‌. كاتێ جاشه‌كه‌یان ده‌كرده‌وه‌، خاوه‌نه‌كانی پێیان وتن: “بۆچی جاشه‌كه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌؟” وتیان: “په‌روه‌ردگار پێویستی پێیه‌تی”. ئینجا بۆ ئیشۆعیان هێنا و كراسه‌كانیان خسته‌ سه‌ر جاشه‌كه‌ و ئیشۆعیان سواری كرد. كاتێ به‌ڕێوه‌ بوو، خه‌ڵک كراسه‌كانیان له‌سه‌ر ڕێگا ڕاده‌خست. كاتێ له‌ لێژاییه‌كه‌ی كێوی زه‌یتوون نزیكبووه‌وه‌، هه‌موو جه‌ماوه‌ری قوتابییه‌كان ده‌ستیان به‌ شادی كرد و به‌ ده‌نگی مه‌زن ستایشی خودایان كرد، بۆ هه‌موو ئه‌و په‌رجوانه‌ی بینییان، ده‌یانووت: “پیرۆزه‌ ئه‌و پاشایه‌ی به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ دێت! ئاشتی له‌ ئاسمان و شكۆ له‌ به‌رزایی!” هه‌ندێک په‌ڕیشی نێو كۆمه‌ڵه‌كه‌، پێیان وت: “ڕابی، له‌ قوتابییه‌كانت ڕاخوڕه‌!”. وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “پێتان ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ بێده‌نگ بن، به‌رده‌كان هاوار ده‌كه‌ن!”. كاتێ نزیک ده‌بووه‌وه‌ و شاره‌كه‌ی بینی، بۆی گریا، فه‌رمووی: “خۆزگه‌ بتزانیبایه‌، ته‌نانه‌ت تۆش، له‌م ڕۆژه‌شتدا چ شتێک بۆ ئاشتییه‌! به‌ڵام ئێستا له‌به‌رچاوت شاراوه‌ بووه‌. چونكه‌ ڕۆژانێكت به‌سه‌ر دێت، دوژمنانت سه‌نگه‌رت لێ ده‌گرن، ئابڵوقه‌ت ده‌ده‌ن و له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ده‌ورت ده‌گرن. خۆت و ڕۆڵه‌كانت له‌ تۆدا زه‌وی ته‌خت ده‌كه‌ن. به‌ردت به‌سه‌ر به‌رده‌وه‌ ناهێڵن، چونكه‌ كاتی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ت نه‌زانی”. كاتێ چووه‌ په‌رستگا، ده‌ستی به‌ ده‌ركردنی فرۆشیاران كرد. پێی فه‌رموون: “نووسراوه‌: {ماڵه‌كه‌م ماڵی نوێژه}‌ ، كه‌چی ئێوه‌ كردووتانه‌ به‌ {ئه‌شكه‌وتی دزان!} ”. ڕۆژانه‌ له‌ په‌رستگا ئامۆژگاریی خه‌ڵكی ده‌كرد، كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان و ڕابه‌رانی گه‌ل هه‌وڵیان ده‌دا له‌ناوی بده‌ن. به‌ڵام هیچیان بۆ ئه‌نجامدانی نه‌ده‌دۆزییه‌وه‌، چونكه‌ هه‌موو گه‌ل په‌یوه‌ستی بیستنی بوون. ڕۆژێكیان له‌ په‌رستگا ئامۆژگاریی خه‌ڵكی ده‌كرد و موژده‌ی ده‌دا، كاهینانی باڵا و ته‌وراتزان له‌گه‌ڵ پیران له‌وێدا وه‌ستان، پێیان وت: “پێمان بڵێ: به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێک ئه‌مانه‌ ده‌كه‌یت؟ كێ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌ تۆ داوه‌؟” وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “منیش پرسێكتان لێ ده‌كه‌م. پێم بڵێن: عه‌مادكردنی یوخه‌ننه‌ن، له‌ ئاسمانه‌وه‌ بوو یان له‌ مرۆڤه‌وه‌؟” له‌نێو خۆیاندا ڕاوێژیان كرد و وتیان: “ئه‌گه‌ر بڵێین: له‌ ئاسمانه‌وه‌ بوو، ده‌ڵێت بۆ باوه‌ڕتان پێی نه‌هێنا؟ ئه‌گه‌ریش بڵێن له‌ مرۆڤه‌وه‌ بوو، ئه‌وا هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ردبارانمان ده‌كه‌ن، چونكه‌ دڵنیان كه‌ یوخه‌ننه‌ن پێغه‌مبه‌ره‌”. وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ كه‌ نازانن له‌كوێوه‌ بووه‌. ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “منیش پێتان ناڵێم به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێک ئه‌مانه‌ ده‌كه‌م”. ئینجا ئه‌م په‌نده‌ی بۆ گه‌له‌كه‌ گێڕایه‌وه‌: “كابرایه‌ک ڕه‌زێكی چاند و به‌ ڕه‌زه‌وانانی سپارد، ماوه‌یه‌كی زۆر گه‌شتی كرد. له‌ وه‌رزی خۆی كۆیله‌یه‌كی بۆ ڕه‌زه‌وانه‌كان نارد، تاكو له‌ به‌رهه‌می ڕه‌زه‌كه‌ی بده‌نێ، به‌ڵام ڕه‌زه‌وانه‌كان لێیان دا و به‌ ده‌ستی به‌تاڵ ناردییانه‌وه‌. كۆیله‌یه‌كی دیكه‌شی نارد، به‌ڵام له‌مه‌شیان دا و سووكایه‌تییان پێكرد و به‌ ده‌ستی به‌تاڵ ناردییانه‌وه‌. سێیه‌میشی نارد، ئه‌مه‌شیان بریندار كرد و ده‌ریانكرد. خاوه‌ن ڕه‌زه‌كه‌ وتی: چی بكه‌م؟ كوڕه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌م ده‌نێرم، له‌وانه‌یه‌ كاتێ بیبینن ڕێزی لێ بگرن! به‌ڵام كه‌ ڕه‌زه‌وانه‌كان بینییان، نێوان خۆیان پیلانیان گێڕا و وتیان: ئه‌وه‌تا میراتگر! با بیكوژین، تاكو میراته‌كه‌ بۆ ئێمه‌ بێت! جا بردییانه‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌زه‌كه‌ و كوشتیان. ئیتر ده‌بێت خاوه‌ن ڕه‌زه‌كه‌ چییان لێ بكات؟ دێت و ئه‌و ڕه‌زه‌وانانه‌ ده‌كوژێت و ڕه‌زه‌كه‌ ده‌داته‌ خه‌ڵكی دیكه‌”. كاتێ گوێیان لێبوو وتیان: “حاشا!” ئه‌ویش سه‌یری كردن و فه‌رمووی: “كه‌واته‌ ئه‌مه‌ی نووسراوه‌ چییه‌: {ئه‌و به‌رده‌ی بنیادنه‌ران ڕه‌تیان كرده‌وه‌، بووه‌ به‌ردی قولینچك} ؟ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر به‌رده‌كه‌دا بكه‌وێت تێكده‌شكێت، ئه‌وه‌ش كه‌ به‌سه‌ریدا بكه‌وێت وردوخاشی ده‌كات!” ته‌وراتزانه‌كان و كاهینانی باڵا هه‌وڵیان دا له‌و كاته‌ ده‌ستگیری بكه‌ن، به‌ڵام له‌ گه‌له‌كه‌ ترسان، چونكه‌ زانییان له‌و په‌نده‌یه‌ مه‌به‌ستی ئه‌وان بوو. ئینجا چاودێرییان كرد و سیخوڕیان نارد كه‌ خۆیان به‌ خوداناس ده‌رده‌خست، تاكو به‌ قسه‌ی خۆی تووشی بكه‌ن و ڕاده‌ستی حوكم و ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وای بكه‌ن. پرسیان لێكرد و وتیان: “ڕابی، ده‌زانین له‌ قسه‌كردن و ئامۆژگاریتدا ڕه‌وایت، جوداخوازی كه‌سیش ناكه‌یت، به‌ڵكو ڕێگای خودا به‌ ڕه‌وا فێر ده‌كه‌یت. ئایا دروسته‌ سه‌رانه‌ بده‌ینه‌ قه‌یسه‌ڕ یان نا؟” به‌ فێڵه‌كه‌یانی زانی و پێی فه‌رموون: “بۆچی تاقیم ده‌كنه‌وه‌؟ دینارێكم پیشان بده‌ن. ئه‌م وێنه‌ و نووسینه‌ هی كێیه‌؟” وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و وتیان: “هی قه‌یسه‌ڕه‌”. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “كه‌واته‌ هی قه‌یسه‌ڕ بده‌نه‌ قه‌یسه‌ڕ، هی خوداش بده‌نه‌ خودا”. نه‌یانتوانی له‌به‌رده‌م گه‌ل به‌ قسه‌كه‌ی تووشی بكه‌ن، سه‌رسامیش بوون له‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی و بێده‌نگ بوون. هه‌ندێک زادوقی هاتن، ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕییان به‌ هه‌ستانه‌وه‌ نییه‌، لێیان پرسی: وتیان: “ڕابی، مووشێ بۆی نووسیوین: ئه‌گه‌ر یه‌كێک برای بمرێت كه‌ ژنی هه‌بێت و منداڵی نه‌بێت، با‌ براژنه‌كه‌ی بهێنێت و وه‌چه‌ بۆ براكه‌ی بخاته‌وه‌. ئینجا حه‌وت برا هه‌بوون، یه‌كه‌میان ژنی هێنا و به‌ وجاخكوێری مرد. دووه‌میش هێنای و به‌ وجاخكوێری مرد، سێیه‌میش خواستی، هه‌ر حه‌وتیان به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌ وجاخكوێری مردن. له‌دوای هه‌موویان ژنه‌كه‌ش مرد. ئایا له‌ هه‌ستانه‌وه‌دا ژنه‌كه‌ بۆ كامیان ده‌بێت؟ چونكه‌ ژنی هه‌ر حه‌وتیان بووه‌!” ئیشۆعیش وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “خه‌ڵكی ئه‌م ڕۆژگاره‌ ژن ده‌هێنن و شوو ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی داده‌نرێن شایانی گه‌یشتنن به‌و ڕۆژگار و به‌ هه‌ستانه‌وه‌ی نێو مردووان، ژن ناهێنن و شوو ناكه‌ن. ئیتر ناتوانن بمرن، چونكه‌ وه‌ک فریشته‌ن و ڕۆڵه‌ی خودان كه‌ ڕۆڵه‌ی هه‌ستانه‌وه‌ن. به‌ڵام مردووان هه‌ڵده‌ستنه‌وه‌، مووشێش له‌ ده‌وه‌نه‌كه‌دا ڕایگه‌یاند، هه‌روه‌ک ده‌ڵێ: {په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندی ئه‌وڕاهه‌م و خوداوه‌ندی ئسخه‌ق و خوداوه‌ندی یاقووه‌}. خوداوه‌ندی مردووان نییه‌، به‌ڵكو خوداوه‌ندی زیندووانه‌، چونكه‌ لای ئه‌و هه‌موو زیندوون”. هه‌ندێک ته‌وراتزان وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و وتیان: “ڕابی، باشت وت!”. ئیتر نه‌یانوێرا هیچی دیكه‌ی لێ بپرسن. ئینجا پێی فه‌رموون: “چۆن ده‌ڵێن مه‌سیح ڕۆڵه‌ی داویده‌؟ خودی داوید له‌ سیپاره‌ی په‌سنیه‌كاندا ده‌ڵێت: {په‌روه‌ردگار به‌ په‌روه‌ردگارمی فه‌رموو: له‌لای ڕاستم دانیشه تاكو دوژمنانت بخه‌مه‌ ژیر پێت}. ئه‌گه‌ر داوید پێی بڵێ په‌روه‌ردگار، ئیتر چۆن ڕۆڵه‌ی ئه‌وه‌؟”. كاتێ هه‌موو گه‌ل گوێیان ده‌گرت، به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “ئاگاداری ته‌وراتزانه‌كان بن، كه‌ حه‌زده‌كه‌ن به‌ جلی شۆڕ بگه‌ڕێن و پێیان خۆشه‌ له‌ بازاڕدا سڵاویان لێ بكرێت، له‌ كه‌نیشته‌كان ڕیزی پێشه‌وه‌ بگرن و له‌ ڕیزی سه‌ره‌وه‌ی میوانداریدا بن. ماڵی بێوه‌ژن ده‌خۆن، بۆ ده‌رخستن نوێژ درێژ ده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌وانه‌ سزای مه‌زنتر وه‌رده‌گرن!”. ئینجا ئیشۆع ته‌ماشای كرد و بینی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان به‌خشینیان ده‌خه‌نه‌ نێو گه‌نجینه‌كه‌. بێوه‌ژنێكی هه‌ژاریشی بینی دوو فلسی خسته‌ نێوی. ئینجا فه‌رمووی: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌م بێوه‌ژنه‌ هه‌ژاره‌ له‌ هه‌مووان زیاتری دانا. چونكه‌ ئه‌وان له‌ زیاده‌ی خۆیان له‌ به‌خشینه‌كانی خودایان دانا، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ پێویستی خۆی، هه‌موو بژێوییه‌كه‌ی دانا”. هه‌ندێک باسی په‌رستگایان ده‌كرد كه‌ به‌ به‌ردی جوان و ئه‌نتیكه‌ ڕازاندراوه‌ته‌وه‌. فه‌رمووی: “ئه‌مه‌ كه‌ ده‌یبینن، ڕۆژانێک دێت به‌ردی به‌سه‌ر به‌ردیه‌وه‌ نامێنێت كه‌ نه‌ڕوخێت”. ئینجا لێیان پرسی و وتیان: “ڕابی، كه‌ی ئه‌مانه‌ ده‌بێت و نیشانه‌ چییه‌ كاتێ ئه‌مانه‌ ڕووده‌ده‌ن؟” فه‌رمووی: “وریابن! هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێن. چونكه‌ زۆر كه‌س به‌ ناوی منه‌وه‌ دێن و ده‌ڵێن: “من ئه‌وم! و كاته‌كه‌ نزیكبووه‌ته‌وه‌! دوایان مه‌كه‌ون. كاتێ جه‌نگ و ئاژاوه‌ ده‌بیستن مه‌تۆقن، چونكه‌ ده‌بێ یه‌كه‌مجار ئه‌م شتانه‌ ببێت، به‌ڵام پایان خێرا نایه‌ت”. ئینجا پێی فه‌رموون: “نه‌ته‌وه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ ڕاست ده‌بێته‌وه‌ و پاشایه‌تی له‌ پاشایه‌تی. له‌ زۆر شوێن بوومه‌له‌رزه‌ی مه‌زن و برسیێتی و ده‌رد ده‌بێت، ترس و نیشانه‌ی مه‌زنیش له‌ ئاسماندا ده‌بێت. پێش هه‌موو ئه‌مانه‌ش ده‌ست به‌سه‌رتاندا ده‌گرن و قاوتان ده‌ده‌ن، ڕاده‌ستی كه‌نیشت و زیندانیه‌كان ده‌كرێن، له‌ پێناوی ناوی من ده‌بردرێنه‌ به‌رده‌م پاشا و فه‌رمانڕه‌واكان. ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ گه‌واهیه‌ک بۆتان. بۆیه‌ له‌ دڵی خۆتان دایبنێن كه‌ پێشوه‌خت خۆتان ئاماده‌ نه‌كه‌ن بۆ به‌رگریكردن، چونكه‌ من ده‌م و داناییه‌كتان ده‌ده‌مێ كه‌ هه‌موو به‌رهه‌ڵسكارانتان نه‌توانن به‌رگری بكه‌ن و به‌رپه‌رچی بده‌نه‌وه‌. دایک و باوک و برا، خزم و هاوڕێیانیش به‌ گرتنتان ده‌ده‌ن و لێتان ده‌كوژن. له‌پێناوی ناوی من هه‌مووان ڕقیان لێتان ده‌بێته‌وه‌. به‌ڵام موویه‌كی سه‌رتان نافه‌وتێت. به‌ خۆڕاگرتنتان خۆتان ده‌به‌نه‌وه‌. كاتێ ده‌بینن به‌ سوپا ده‌وری یروشلایم دراوه‌، ئه‌وسا بزانن ڕووخانی نزیک بۆته‌وه‌. ئه‌و كاته‌ با ئه‌وانه‌ی له‌ ئیهوود دان‌ هه‌ڵبێن بۆ چیاكان و ئه‌وانه‌ی له‌نێویدان ده‌ربچن، ئه‌وانه‌ی له‌ دێیه‌كاندان نه‌یه‌نه‌ نێوی، چونكه‌ ئه‌مانه‌ ڕۆژانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ن، تاكو هه‌رچی نووسراوه‌ بێته‌ دی. له‌و ڕۆژانه‌دا وه‌ی به‌حاڵ دووگیان و شیرده‌ران! چونكه‌ ناخۆشییه‌كی گه‌وره‌ به‌سه‌ر زه‌ویدا دێت و تووڕه‌ییش به‌سه‌ر ئه‌م گه‌له‌. به‌ زه‌بری شمشێر ده‌كه‌ون و بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان ڕاپێچ ده‌كرێن، یروشلایم له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌كانه‌وه‌ پێشێل ده‌كرێت، تاكو كاته‌كانی نه‌ته‌وه‌كان ته‌واو ده‌بێت. له‌ خۆر و مانگ و ئه‌ستێره‌كان په‌رجو ده‌بێت، له‌سه‌ر زه‌ویش كۆستێكی سه‌رگه‌ردانی گه‌لان، ده‌ریا و شه‌پۆڵه‌كان هاژه‌یان دێت. له‌ ترس و چاوه‌ڕوانی ئه‌و شتانه‌ی به‌سه‌ر جیهاندا دێن، خه‌ڵكی بێ هۆش ده‌بن، چونكه‌ هێزه‌كانی ئاسمان ده‌هه‌ژێن. ئه‌وسا ڕۆڵه‌ی مرۆڤ به‌ هێز و شكۆیه‌كی گه‌وره‌وه‌ به‌سه‌ر هه‌وره‌وه‌ ده‌بینن دێت. كه‌ ئه‌م شتانه‌ ده‌ستپێده‌كات، هه‌ستن و سه‌ر به‌رز بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ڕزگاربوونتان نزیک ده‌بێته‌وه‌”. په‌ندێكی بۆ هێنانه‌وه‌: “بڕواننه‌ دارهه‌نجیر و هه‌موو داره‌كان. كاتێ ده‌بینن وا گه‌ڵای كردووه‌، له‌ خۆتانه‌وه‌ ده‌زانن كه‌ هاوین نزیكه‌. ئێوه‌ش كه‌ ده‌بینن ئه‌مانه‌ ڕووده‌دات، بزانن پاشایه‌تی خودا نزیكه‌. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌م نه‌وه‌یه‌ به‌سه‌ر ناچێت، تاكو هه‌مووی ده‌بێت. ئاسمان و زه‌وی له‌ناوده‌چن، به‌ڵام وشه‌كانم له‌ناوناچن. ئاگاداری خۆتان بن، نه‌وه‌ک دڵتان له‌سه‌ر ڕابواردن و سه‌رخۆشی و خه‌فه‌تی ژیان بێت و ئه‌و ڕۆژه‌ له‌ناكاو به‌سه‌رتاندا بدات. چونكه‌ وه‌ک ته‌ڵه‌ دێته‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر ته‌واوی ڕووی زه‌وی دانیشتوون. كه‌واته‌ هه‌موو كاتێ بێداربن و نزا بكه‌ن، تاكو بتوانن له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی خه‌ریكه‌ ڕووده‌دات ڕزگارتان بێت و له‌به‌رده‌م ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاوه‌ستن”. به‌ ڕۆژ له‌ په‌رستگادا ئامۆژگاریی ده‌كرد، شه‌وانیش ده‌رده‌چوو له‌و ده‌شتوده‌ره‌ ده‌مایه‌وه‌ كه‌ پێی ده‌ووترا كێوی زه‌یتوون. هه‌موو خه‌ڵک زوو له‌ په‌رستگا ده‌هاتنه‌ لای، تاكو گوێی لێ بگرن. جه‌ژنی فه‌تیره‌ كه‌ پێی ده‌ووترا په‌سخه‌ نزیكبووه‌وه‌. كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان ده‌گه‌ڕان چۆن بیكوژن، چونكه‌ له‌ گه‌ل ترسان. شه‌یتان چووه‌ نێو ئیهووداوه‌، كه‌ پێی ده‌ووترێ ئه‌سخه‌ریوتی، له‌ دوازده‌كه‌ بوو. چوو و قسه‌ی له‌گه‌ڵ كاهینانی باڵا و فه‌رمانده‌كانی په‌رستگا كرد، چۆن ڕاده‌ستیان بكات. دڵخۆش بوون و په‌یمانیان پێ دا كه‌ زیوی بده‌نێ. ئه‌ویش به‌ڵێنی دا، ده‌گه‌ڕا بۆ هه‌لێک تاكو ڕاده‌ستیان بكات و خه‌ڵكیان له‌گه‌ڵ نه‌بێت. ڕۆژی فه‌تیره‌ هات، كه‌ پێویست بوو په‌سخه‌ی تێدا سه‌رببڕدرێت. جا په‌تڕۆس و یوخه‌ننه‌نی نارد و فه‌رمووی: “بڕۆن په‌سخه‌مان بۆ ئاماده‌ بكه‌ن تا بیخۆین”. پێیان وت: “ده‌ته‌وێ له‌كوێ ئاماده‌ی بكه‌ین؟” پێی فه‌رموون: “كاتێ ده‌چنه‌ نێو شار، تووشی پیاوێک ده‌بن گۆزه‌یه‌ک ئاوی هه‌ڵگرتووه‌، دوای بكه‌ون بۆ ئه‌و ماڵه‌ی ده‌چیته‌ ژووره‌وه‌ی. ئینجا به‌ خاوه‌ن ماڵه‌كه‌ بڵێن: ڕابی پێت ده‌ڵێت: كوا ماڵه‌كه‌ تاكو له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانم په‌سخه‌ی تێدا بخۆم؟ ئه‌ویش له‌ نهۆمی سه‌ره‌وه‌ ژوورێكی گه‌وره‌ و ڕاخراوتان پیشان ده‌دات، له‌وێ ئاماده‌ی بكه‌ن”. جا ڕۆیشتن، هه‌روه‌ک پێی فه‌رمووبوون بینییان و په‌سخه‌یان ئاماده‌ كرد. كه‌ كاته‌كه‌ هات پاڵیدایه‌وه‌، دوانزه‌ په‌یامبه‌ره‌كانیش له‌گه‌ڵی بوون. پێی فه‌رموون: “زۆر ئاره‌زووم كرد پێش ئازار چێژتنم ئه‌م په‌سخه‌تان له‌گه‌ڵ بخۆم. چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم: ئیتر لێی ناخۆم تاكو له‌ پاشایه‌تیی خودا دێته‌ دی”. جامێكی هه‌ڵگرت و سوپاسی كرد، فه‌رمووی: “ئه‌مه‌ بگرن و له‌نێو خۆتان به‌شی بكه‌ن. چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم: ئیتر له‌ به‌رهه‌می مێو ناخۆمه‌وه‌ تاكو پاشایه‌تیی خودا دێت”. نانێكی هه‌ڵگرت، سوپاسی كرد و له‌تیكرد، پێیدان و فه‌رمووی: “ئه‌مه‌ له‌شی منه‌، كه‌ له‌ پێناوی ئێوه‌ به‌خت ده‌كرێت. ئه‌مه‌ بۆ یاده‌وه‌ریم بكه‌ن”. جامه‌كه‌ش ئاوا دوای شێو، فه‌رمووی: “ئه‌م جامه‌ په‌یمانی نوێیه‌ به‌ خوێنی من، كه‌ له‌ پێناوی ئێوه‌ ده‌ڕژێت. به‌ڵام ئه‌وه‌تا ده‌ستی ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستم ده‌كات له‌گه‌ڵ من له‌سه‌ر خوانه‌. ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی بۆی دانراوه‌ ده‌ڕوات، به‌ڵام وه‌ی به‌حاڵ ئه‌و كه‌سه‌ی ڕاده‌ستی ده‌كات!”. ئیتر له‌نێو خۆیان پرسیان كرد: “ئاخۆ كامیان خه‌ریكه‌ ئه‌مه‌ بكات؟”. هه‌روه‌ها ده‌مه‌قاڵه‌یه‌ک له‌نێویان بوو، كامیان به‌ گه‌وره‌ دابنرێت. پێی فه‌رموون: “پاشایانی نه‌ته‌وه‌كان گه‌ورایه‌تییان ده‌كه‌ن و ده‌سه‌ڵاتدارانیش به‌سه‌ریانه‌وه‌ به‌ چاكه‌كار ناوده‌برێن. به‌ڵام بۆ ئێوه‌ ئاوا نییه‌. به‌ڵكو با گه‌وره‌تان وه‌ک بچووک و ڕابه‌ر وه‌ک ڕاژه‌وان بێت. چونكه‌ كێ گه‌وره‌یه‌، ئه‌وه‌ی پاڵی داوه‌ یان ئه‌وه‌ی ڕاژه‌ ده‌كات؟ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ پاڵی داوه‌؟ به‌ڵام من له‌نێوانتان وه‌ک ئه‌وه‌م كه‌ ڕاژه‌ ده‌كات. ئێوه‌ كه‌ له‌ تاقیكردنه‌وه‌كانمدا له‌گه‌ڵم جێگیر بوون. منیش پاشایه‌تیه‌كتان بۆ داده‌نێم، وه‌ک باوكم بۆی داناوم، تاكو له‌ پاشایه‌تیه‌كه‌مدا له‌سه‌ر خوانه‌كه‌م بخۆن و بخۆنه‌وه‌، له‌سه‌ر ته‌خته‌كان داده‌نیشن و دوازده‌ هۆزه‌كه‌ی ئیسڕائیل حوكم ده‌ده‌ن”. جا په‌روه‌ردگار فه‌رمووی: “شیمعون، شیمعون، ئه‌وه‌تا شه‌یتان داوای كردوون، تاكو وه‌ک گه‌نم له‌ بێژنگتان بدات! به‌ڵام له‌پێناوی تۆ نوێژم كرد تاكو باوه‌ڕت له‌ناونه‌چێت. تۆش كه‌ ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌ برایانت جێگیر بكه‌”. ئه‌ویش پێی وت: “په‌روه‌ردگار، من ئاماده‌م له‌گه‌ڵتدا بۆ زیندان‌ و بۆ مه‌رگیش بچم!”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “په‌تڕۆس پێت ده‌ڵێم، ئه‌مڕۆ كه‌ڵه‌شێر ناقوولێنێت، تاكو تۆ سێ جار نكۆڵی نه‌كه‌یت كه‌ من ده‌ناسیت”. ئینجا پێی فه‌رموون: “كاتێ ئێوه‌م به‌بێ جزدان و توره‌گه‌ و سۆل نارد، ئایا پێویستتان به‌ هیچ بوو؟” وتیان: “نه‌خێر”. پێی فه‌رموون: “به‌ڵام ئێستا، ئه‌وه‌ی جزدانی هه‌یه‌ با بیبات، توره‌گه‌ش. ئه‌وه‌ش كه‌ نییه‌تی با جله‌كانی بفرۆشێت و شمشێرێک بكڕێت. چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم: ئه‌مه‌ی نووسراوه‌: {له‌ ڕیزی تاوانباران دانرا}. پێویسته‌ له‌ مندا بێته‌ دی، چونكه‌ شته‌كانی ده‌رباره‌ی من كاتیان هات‌”. وتیان: “په‌روه‌ردگار، ئه‌وه‌تا دوو شمشێر لێره‌یه‌”. پێی فه‌رموون: “ئیتر به‌سه‌!”. ئینجا ده‌رچوو و وه‌ک هه‌موو جارێک چووه‌ كێوی زه‌یتوون، قوتابییه‌كانیش دوای كه‌وتن. كاتێ گه‌یشته‌ شوێنه‌كه‌، پێی فه‌رموون: “نوێژ بكه‌ن نه‌وه‌ک بكه‌ونه‌ تاقیكردنه‌وه‌”. ئینجا نزیكه‌ی به‌ردهاوێژێک لێیان دووركه‌وته‌وه‌، چۆكی دادا و نوێژی ده‌كرد. فه‌رمووی: “باوكه‌، ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت ئه‌م جامه‌م له‌سه‌ر لاببه‌، به‌ڵام نه‌ک به‌ خواستی من، به‌ڵكو به‌ خواستی خۆت بێت”. فریشته‌یه‌كیش له‌ ئاسمانه‌وه‌ بۆی ده‌ركه‌وت به‌هێزی ده‌كرد. كه‌ له‌ ململانێدا بوو، به‌ پێداگرتنێكی توند نوێژی ده‌كرد، ئاره‌قه‌كه‌ی وه‌ک دڵۆپی خوێن ده‌كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وی. ئینجا له‌ نوێژه‌كه‌ هه‌ستا و هاته‌ لای قوتابییه‌كانی، بینی له‌ خه‌مان خه‌ویان لێ كه‌وتووه‌. پێی فه‌رموون: “بۆچی خه‌وتوون؟ هه‌ستن، نوێژ بكه‌ن نه‌وه‌ک بكه‌ونه‌ تاقیكردنه‌وه‌”. كاتێ قسه‌ی ده‌فه‌رموو كۆمه‌ڵێک په‌یدابوون، ئه‌وه‌ی پێی ده‌ووترا ئیهوودا و یه‌كێكه‌ له‌ دوازده‌كه‌ پێشیان كه‌وتووه‌، له‌ ئیشۆع نزیكبووه‌وه‌ تاكو ماچی بكات. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ئیهوودا، به‌ ماچێک ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاده‌ست ده‌كه‌یت؟” ئه‌وانه‌ی ده‌وروپشتی كه‌ ئه‌وه‌یان بینی خه‌ریكه‌ ڕووبدات، وتیان: “په‌روه‌ردگار، شمشێر بوه‌شێنین؟” جا یه‌كێكیان له‌ كۆیله‌ی كاهینی باڵا دا و گوێی ڕاستی بڕی. به‌ڵام ئیشۆع فه‌رمووی: “واز له‌مه‌ بهێنن!” ئینجا ده‌ستی له‌ گوێی دا و چاكیكرده‌وه‌. ئینجا ئیشۆع به‌ كاهینانی باڵا و فه‌رمانده‌ی په‌رستگا و پیرانی فه‌رموو: “هه‌روه‌ک بۆ گرتنی دزێک به‌ شمشێر و كوته‌كه‌وه‌ هاتوون! هه‌موو ڕۆژێک له‌ په‌رستگا له‌گه‌ڵتان بووم ده‌ستتان درێژ نه‌كرده‌ سه‌رم. به‌ڵام ئه‌مه‌ كاتی ئێوه‌یه‌ و ده‌سه‌ڵاتی تاریكییه‌”. ئیتر گرتییان، بردییان و هێنایانه‌ ماڵی كاهینی باڵا. به‌ڵام په‌تڕۆس دووربه‌دوور دوای كه‌وت. كاتێ له‌ ناوه‌ڕاستی حه‌وشه‌دا ئاگریان كرده‌وه‌ و پێكه‌وه‌ دانیشتن، په‌تڕۆسیش له‌نێویاندا دانیشت. كه‌نیزه‌یه‌ک ئه‌وی بینی له‌به‌ر ئاگره‌كه‌ دانیشتووه‌، تێیڕووانی و وتی: “ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵی بوو!”. ئه‌وه‌یش نكۆڵی كرد و وتی: “نه‌خێر خانم، نایناسم!”. دوای كه‌مێک، یه‌كێكی دیكه‌ بینی، وتی: “تۆش له‌وانیت!” په‌تڕۆس وتی: “كاكه‌، من نیم!” دوای نزیكه‌ی كاژێرێک، یه‌كێكی دیكه‌ مكوڕ بوو، وتی: “به‌ ڕاستی ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵی بوو، چونكه‌ ئه‌مه‌ش گلیلاییه‌!”. په‌تڕۆس وتی: “كاكه‌، نازانم چی ده‌ڵێی!”. هه‌ر له‌و كاته‌دا كه‌ قسه‌ی ده‌كرد، كه‌ڵه‌شێر قولاندی. په‌روه‌ردگاریش ئاوڕی دایه‌وه‌ و سه‌یری په‌تڕۆسی كرد، ئینجا په‌تڕۆس فه‌رمووده‌كه‌ی په‌روه‌ردگاری بیركه‌وته‌وه‌ كه‌ پێی فه‌رموو: “پێش ئه‌وه‌ی كه‌ڵه‌شێر بقوولێنێت، تۆ سێ جار نكۆڵیم لێ ده‌كه‌یت”. ئیتر په‌تڕۆس چووه‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌كوڵ گریا. ئه‌و پیاوانه‌ی كه‌ ئیشۆعیان گرتبوو، گاڵته‌یان پێ ده‌كرد و لێی ده‌دان. چاویان به‌ستبوو و زیللـه‌یان لێدا و لێیان ده‌پرسی: “پێشبینی بكه‌! كێیه‌ ئه‌وه‌ی لێیدایت؟” زۆر كفری دیكه‌شیان دژی ده‌كرد. كه‌ ڕۆژ‌بووه‌وه‌، پیرانی گه‌ل كۆبوونه‌وه‌: كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان. جا بردیانه‌ سه‌نهه‌دریمه‌كه‌یان. وتیان: “ئه‌گه‌ر تۆ مه‌سیحه‌كه‌یت پێمان بڵێ!”. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “ئه‌گه‌ر پێتان بڵێم بڕوا ناكه‌ن. ئه‌گه‌ر پرسیش بكه‌م وه‌ڵامم ناده‌نه‌وه‌ و به‌رم ناده‌ن. له‌ ئێستاوه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌لای ڕاستی هێزی خودا داده‌نیشێت”. هه‌موو وتیان: “كه‌واته‌ تۆی ڕۆڵه‌ی خودا؟” ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “ئێوه‌ وتتانه‌وه‌ كه‌ من ئه‌وم”. ئینجا وتیان: “ئیتر چ پێویستیمان به‌ گه‌واهیدان هه‌یه‌؟ چونكه‌ ئه‌وه‌تا له‌ ده‌می خۆیه‌وه‌ گوێمان لێبوو”. ئینجا هه‌موو كۆمه‌ڵه‌كه‌یان هه‌ستان و بردییانه‌ لای پیڵاتوس. ده‌ستیانكرد به‌ سكاڵاكردن لێی، وتیان: “بینیمان ئه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مان چه‌واشه‌ ده‌كات و قه‌ده‌غه‌ له‌ سه‌رانه‌دان ده‌كات بۆ قه‌یسه‌ڕ و خۆی به‌ مه‌سیحێكی پاشا ناوده‌بات”. پیڵاتوس لێی پرسی وتی: “تۆ پاشای جووی؟” وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “تۆ وتته‌وه‌”. پیڵاتوسیش به‌ كاهینانی باڵا و كۆمه‌ڵانه‌كه‌ی وت: “هیچ تاوانێک له‌م پیاوه‌ نابینم”. به‌ڵام مكوڕ بوون و وتیان: “گه‌ل ده‌وروژێنێت، له‌ هه‌موو ئیهوود خه‌ڵک فێرده‌كات، ده‌ستپێک له‌ گلیلاوه‌ تاكو ئێره‌”. كاتێ پیڵاتوس ناوی گلیلای بیست، پرسی كرد “ئاخۆ پیاوه‌كه‌ گلیلاییه‌؟”. كه‌ زانی له‌ ده‌سه‌ڵاتی هیڕوودسه‌، بۆ هیڕوودسی نارد، كه‌ له‌و ڕۆژانه‌دا ئه‌ویش له‌ یروشلایم بوو. كاتێ هیڕوودس ئیشۆعی بینی، زۆر دڵخۆش بوو، چونكه‌ ده‌مێک بوو ده‌یه‌ویست بیبینێت، چونكه‌ زۆر شتی ده‌رباره‌ی بیستبوو و به‌ ئومێد بوو ببینێت په‌رجوێک به‌هۆی ئه‌و ببێت. جۆره‌ها پرسی لێكرد، به‌ڵام هیچ وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌. كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان ڕاوه‌ستان و به‌ توندی سكاڵایان لێی ده‌كرد. هیڕوودس و سه‌ربازانی سووكایه‌تی و گاڵته‌یان پێیكرد. جلێكی بریسكه‌دارای له‌به‌ری كرد و ناردیه‌وه‌ بۆ پیڵاتوس. پیڵاتوس و هیڕوودس له‌و ڕۆژه‌دا له‌گه‌ڵ یه‌كتری بوونه‌ دۆست، چونكه‌ پێشتر دوژمنی یه‌كتر بوون. پیڵاتوس كاهینانی باڵا و پێشه‌وایان و گه‌لی بانگكرد و پێی وتن: “ئه‌م پیاوه‌تان هێنایه‌ لام وه‌ک یه‌كێک خه‌ڵک تێكبدات، ئه‌وه‌تا منیش له‌به‌رده‌متان لێم كۆڵییه‌وه‌ و هیچ تاوانێكم له‌م پیاوه‌دا نه‌بینی له‌وه‌ی سكاڵای لێده‌كه‌ن. نه‌ هیڕوودسیش، چونكه‌ بۆ لای ئێمه‌ی ناردۆته‌وه‌. ئه‌وه‌تا هیچ شتێكی نه‌كردووه‌ شایانی مه‌رگ بێت. بۆیه‌ ته‌مبێی ده‌كه‌م و ئازادی ده‌كه‌م”. ناچار بوو له‌ هه‌موو جه‌ژنێكدا یه‌كێكیان بۆ ئازاد بكات. به‌ڵام تێكڕا هاواریان كرد، “ئه‌مه‌ ببه‌! به‌ڕئه‌ببامان بۆ ئازاد بكه‌!” ئه‌وه‌ی له‌به‌ر ئاژاوه‌یه‌ک كه‌ له‌ شاردا ڕوویدابوو و له‌به‌ر كوشتن فڕێدرابووه‌ زیندانه‌وه‌. پیڵاتوس دیسان بانگیكردن، ده‌یویست ئیشۆع ئازاد بكات. به‌ڵام هاواریان كرد و وتیان: “له‌خاچی بده‌! له‌خاچی بده‌!” سێیه‌مجار پێی وتن: “ئه‌مه‌ چ خراپه‌یه‌كی كردووه‌؟ تاوانێكی تێدا نابینم كه‌ سزاكه‌ی مه‌رگ بێت. بۆیه‌ ته‌مبێی ده‌كه‌م و ئازادی ده‌كه‌م”. به‌ڵام پێیانداگرت و به‌ ده‌نگی به‌رز داوایان كرد له‌خاچ بدرێت، جا ده‌نگییان و ده‌نگی كاهینانی باڵا به‌هێز بوو. پیڵاتوسیش بڕیاری دا داواكارییه‌كه‌یان جێبه‌جێ بكرێت. ئه‌وه‌ی له‌به‌ر ئاژاوه‌ و كوشتن فڕێدرابووه‌ زیندانه‌وه‌ ئازادی كرد، ئه‌وه‌ی داوایان كرد، ئیشۆعیشی ڕاده‌ستی خواستی ئه‌وانی كرد. كاتێ بردییان، شیمعونی قه‌ورینێیان گرت كه‌ له‌ كێڵگه‌ ده‌هاته‌وه‌، خاچه‌كه‌یان خسته‌ كۆڵی تاكو به‌دوای ئیشۆعه‌وه‌ هه‌ڵیبگرێت. جه‌ماوه‌رێكی زۆری گه‌ل و ئه‌و ژنانه‌ی شیوه‌نیان ده‌كرد و بۆی ده‌گریان دوای كه‌وتن. ئیشۆع ئاوڕی لێ دانه‌وه‌، فه‌رمووی: “كچانی یروشلایم، بۆ من مه‌گریێن، به‌ڵكو بۆ خۆتان و منداڵه‌كانتان بگریێن. ئه‌وه‌تا ڕۆژانێک دێت، تیایدا ده‌ڵێن: خۆزگه‌ به‌ نه‌زۆک و به‌و سكانه‌ی منداڵیان نه‌بووه‌ و به‌و مه‌مكانه‌ی شیریان نه‌داوه‌! ئه‌وسا به‌ شاخه‌كان ده‌ڵێن: به‌سه‌رماندا بكه‌ون! به‌ گرده‌كانیش: دامانپۆشن! چونكه‌ ئه‌گه‌ر وا به‌ داری سه‌وز بكه‌ن، بۆ وشک چی ده‌بێت؟”. دوو تاوانباری دیكه‌شیان هێنا تاكو له‌گه‌ڵ ئه‌ودا بكوژرێن. كاتێ گه‌یشتنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی به‌ {كاسه‌سه‌ر} ناوده‌برا، له‌وێ له‌گه‌ڵ دوو تاوانباره‌كه‌ له‌خاچیان دا، یه‌كێک له‌لای ڕاستی و ئه‌وی دیكه‌ له‌لای چه‌پ. ئیشۆعیش فه‌رمووی: “باوكه‌، لێیان خۆش به‌، چونكه‌ نازانن چی ده‌كه‌ن”. ئینجا به‌ تیروپشک كراسه‌كه‌یان دابه‌ش كرد. گه‌ل ڕاوه‌ستابوون سه‌یریان ده‌كرد، سه‌رۆكه‌كان گاڵته‌یان پێ ده‌كرد و ده‌یانووت: “خه‌ڵكی دیكه‌ی ڕزگار كرد، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ مه‌سیحی ده‌ستنیشانكراوی خودایه‌، با خۆی ڕزگار بكات!” سه‌ربازانیش گاڵته‌یان پێ ده‌كرد و ده‌هاتنه‌ لای و سركه‌یان پێ ده‌دا، ده‌یانووت: “ئه‌گه‌ر تۆ پاشای جوویت، خۆت ڕزگار بكه‌!” نووسراوێكیش له‌ ژوور سه‌ریه‌وه‌ هه‌بوو به‌ پیتی یۆنانی و ڕۆمانی و عیبڕانی نووسرابوو: “ئه‌مه‌ پاشای جووه‌”. یه‌كێک له‌ تاوانباره‌ هه‌ڵواسراوه‌كان، كفری دژی ده‌كرد و ده‌یووت: “ئه‌گه‌ر تۆ مه‌سیحه‌كه‌یت، خۆت و ئێمه‌ش ڕزگار بكه!” ئه‌وی دیكه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و سه‌رزه‌نشتی كرد، وتی: “له‌ خودا ناترسی، كه‌ تۆش هه‌مان سزات به‌سه‌ر دراوه‌؟ سزای ئێمه‌ دادپه‌روه‌رانه‌یه‌، له‌ جیاتی كردارمانه‌ وه‌ریده‌گرین، به‌ڵام ئه‌مه‌ هیچ شتێكی ناشیاوی نه‌كردووه‌”. ئینجا به‌ ئیشۆعی وت: “په‌روه‌ردگار منت له‌یاد بێت كاتێ له‌ پاشایه‌تیه‌كه‌ی خۆت دێی”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “ڕه‌وات پێ ده‌ڵێم: ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ من له‌ به‌هه‌شتدا ده‌بیت”. نزیكی كاژێر شه‌ش، تاریكایی به‌سه‌ر هه‌موو زه‌وییه‌وه‌ بوو، تاكو كاژێر نۆ، خۆر تاریک بوو. په‌رده‌ی په‌رستگاش شه‌قبوو و بووه‌ دوو پارچه‌. ئیشۆع به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواری كرد و فه‌رمووی: “باوكه‌، ڕووحی خۆم به‌ ده‌ستی تۆ ده‌سپێرم”. ئه‌مه‌ی فه‌رموو و ڕووحی سپارد. كاتێ سه‌رپه‌له‌كه‌ ئه‌م شتانه‌ی بینی كه‌ ڕوویدا، خودای شكۆدار كرد، وتی: “به‌ ڕاستی ئه‌م پیاوه‌ بێتاوان بوو!”. هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكه‌ی بۆ ئه‌م دیمه‌نه‌ كۆببوونه‌وه‌، كاتێ ئه‌وه‌یان بینی كه‌ ڕوویدا، به‌ سنگكوتانه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌. هه‌موو ناسیاو و ئه‌و ژنانه‌ی له‌ گلیلاوه‌ دوای كه‌وتبوون، له‌ دووره‌وه‌ ڕاوه‌ستابوون و ته‌ماشای ئه‌م شتانه‌یان ده‌كرد. پیاوێک ناوی یۆسپ بوو، كابرایه‌كی چاک و خوداناس بوو. به‌ ڕا و كرده‌وه‌یان ڕازی نه‌بوو. خه‌ڵكی ڕه‌متا بوو كه‌ شارێكی ئیهووده‌، ئه‌ویش چاوه‌ڕوانی پاشایه‌تیی خودای ده‌كرد. چووه‌ لای پیڵاتوس و داوای ته‌رمی ئیشۆعی كرد. دایگرت و به‌ كه‌تان پێچایه‌وه‌، له‌ گۆڕێكی له‌ به‌رد هه‌ڵكه‌ندراو داینا كه‌ هه‌رگیز كه‌سی تێدا دانه‌نرابوو. ئه‌و ڕۆژه‌ خۆ ئاماده‌كردن بوو، شه‌ممه‌ش به‌ده‌رده‌كه‌وت. ئه‌و ژنانه‌ی له‌ گلیلاوه‌ له‌گه‌ڵی هاتبوون، دوای یۆسپ كه‌وتن، گۆڕه‌كه‌ و جه‌سته‌كه‌یان بینی چۆن دانرا. ئینجا گه‌ڕانه‌وه‌ و بۆنوبه‌رامیان ئاماده‌ كرد، به‌ پێی ڕاسپارده‌كه‌ له‌ شه‌ممه‌ پشوویان دا. له‌ سه‌ره‌تای هه‌فته‌، له‌ به‌ره‌به‌یاندا، ئه‌و بۆنوبه‌رامه‌ی ئاماده‌یان كردبوو هێنایان و له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی دیكه‌وه‌ هاتنه‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌. بینییان به‌رده‌كه‌ له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ گلۆر كراوه‌ته‌وه‌. چوونه‌ ژووره‌وه‌ و جه‌سته‌ی ئیشۆعی په‌روه‌ردگاریان نه‌دۆزییه‌وه‌. كاتێ له‌مه‌ سه‌رسام بوون، دوو پیاو به‌ جلی بریسكه‌داره‌وه‌ له‌ ته‌نیشتیان ڕاوه‌ستان. كه‌ ترسان و سه‌ریان داگرتبووه‌ سه‌ر زه‌وی، پێیان وتن: “بۆچی له‌نێو مردووان به‌دوای زیندووه‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێن!؟ لێره‌ نییه‌، به‌ڵكو هه‌ستایه‌وه‌! به‌ بیرتان بێته‌وه‌ كه‌ هێشتا له‌ گلیلا بوو چۆن قسه‌ی بۆ فه‌رموون:” “ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بێت بدرێته‌ ده‌ست خه‌ڵكی گوناهبار، له‌خاچ بدرێت و له‌ ڕۆژی سێیه‌مدا هه‌ستێته‌وه‌”. ئینجا فه‌رمووده‌كه‌یان هاته‌وه‌ یاد. له‌ گۆڕه‌كه‌ هاتنه‌وه‌ و هه‌واڵی هه‌موو ئه‌م شتانه‌یان به‌ یازده‌كه‌ و هه‌موو ئه‌وانی دیكه‌ دا. مه‌ریه‌می مه‌گدانی و یۆوه‌نا و مه‌ریه‌می دایكی یاقوو و ئه‌وانی دیكه‌ی له‌گه‌ڵیان بوون، ئه‌م شتانه‌یان به‌ په‌یامبه‌ران وت. قسه‌كه‌یان له‌لای ئه‌وان وه‌ک وڕێنه‌ بوو، باوه‌ڕیان پێ نه‌كردن. په‌تڕۆس هه‌ستا و به‌ره‌و گۆڕه‌كه‌ ڕایكرد، دانه‌ویه‌وه‌ بینی كفنه‌كه‌ به‌ ته‌نها دانراوه‌، ڕۆیشت و سه‌رسام بوو له‌وه‌ی ڕوویداوه‌. هه‌ر له‌و ڕۆژه‌دا، دووان له‌وان ده‌چوونه‌ گوندێكی دوور كه‌ شه‌ست تیرهاوێژ له‌ یروشلایم دوور بوو، ناوی عه‌مائوس بوو. له‌گه‌ڵ یه‌كتری باسی هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه‌یان ده‌كرد. كاتێ قسه‌ و گفتوگۆیان ده‌كرد، خودی ئیشۆع لێیان نزیكبووه‌وه‌ و له‌گه‌ڵیان ڕێی ده‌كرد، به‌ڵام چاویان له‌ ناسینی به‌سترا. پێی فه‌رموون: “ئه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ به‌ ڕووگرژیه‌وه‌ باسی چی ده‌كه‌ن؟”. یه‌كێكیان ناوی قه‌لیوپا بوو وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی وت: “ئایا ته‌نیا تۆ له‌ یروشلایم بیانی و ئاگات له‌و شتانه‌ نییه‌ كه‌ له‌م ڕۆژانه‌دا تیایدا ڕوویداوه‌؟” پێی فه‌رموون: “چییه‌؟” پێیان وت: “ده‌رباه‌ری ئیشۆعی ناسڕه‌تی، كه‌ پێغه‌مبه‌رێكی توانادار بوو له‌ فه‌رمووده‌ و كرداردا، له‌به‌رده‌م خودا و هه‌موو گه‌ل. چۆن كاهینانی باڵا و فه‌رمانڕه‌واكانمان ڕاده‌ستی سزای مه‌رگیان كرد و له‌خاچیان دا. ئێمه‌ش هیوادار بووین ئه‌و ئیسڕائیل بكڕێته‌وه‌. به‌ڵام، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا، ئه‌مڕۆ سێیه‌م ڕۆژه‌ ئه‌مه‌ ڕوویداوه‌. كه‌چی هه‌ندێک له‌ ژنانمان سه‌رسامیان كردین، به‌ره‌به‌یان له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ بوونه‌، كه‌ جه‌سته‌كه‌یان نه‌بینیووه‌، هاتنه‌وه‌ وتیان: دیمه‌نی فریشته‌مان بینیوه‌ ده‌ڵێن ئه‌و زیندووه‌. هه‌ندێكی ئێمه‌ش چوونه‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ و بینییان وایه‌، وه‌ک ژنه‌كان وتیان، به‌ڵام ئه‌ویان نه‌بینیبوو”. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “ئه‌ی گێل و دڵخاوه‌كان له‌ باوه‌ڕهێنان به‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ران باسیان كردووه‌! نه‌ده‌بووایه‌ مه‌سیح ئازار بچێژێت و بچێته‌ نێو شكۆمه‌ندییه‌كه‌ی خۆی؟” ئه‌وسا ده‌ستی پێكرد له‌ مووشێ و له‌ هه‌موو پێغه‌مبه‌رانه‌وه‌ ئه‌و شتانه‌ی ده‌رباره‌ی خۆی بوو له‌ هه‌موو سیپاره‌كاندا بۆیان ڕاڤه‌ كرد. كاتێ نزیكی ئه‌و گونده‌ بوون كه‌ بۆی ده‌چوون، ئیشۆع وای پیشان دا كه‌ بۆ شوێنێكی دوورتر ده‌چێت. زۆر لێی پاڕانه‌وه‌، وتیان: “له‌لامان بمێنه‌وه‌، چونكه‌ وا ئێواره‌یه‌ و ڕۆژ له‌ ئاوابووندایه‌”. جا چووه‌ ژووره‌وه‌ تاكو له‌گه‌ڵیان بمێنێته‌وه‌. كاتێ له‌گه‌ڵیان دانیشتبوو، نانێكی هه‌ڵگرت، سوپاسی كرد و له‌تیكرد، پێیدان. ئینجا چاویان كرایه‌وه‌ و ناسیانه‌وه‌، ئیتر له‌به‌رچاویان نه‌ما. به‌ یه‌كتریان وت: “ئه‌رێ كاتێ له‌ ڕێگا قسه‌ی بۆ ده‌كردین و سیپاره‌كانی بۆمان ڕوون ده‌كرده‌وه‌، دڵمان له‌ نێوماندا گڕی نه‌گرتبوو؟” ئینجا یه‌كسه‌ر هه‌ستان و هاتنه‌وه‌ یروشلایم، بینییان یازده‌كه‌ و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیاندان كۆبوونه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێن: “به‌ ڕاستی په‌روه‌ردگار هه‌ستاوه‌ته‌وه‌ و بۆ شیمعون ده‌ركه‌وتووه‌!”. ئه‌مانیش باسی ڕووداوی ڕێگایان كرد، چۆن له‌ نان له‌تكردنه‌كه‌دا ئه‌ویان ناسیوه‌. كه‌ باسی ئه‌مه‌یان ده‌كرد، خودی ئیشۆع له‌ناوه‌ڕاستیان ڕاوه‌ستا و پێی فه‌رموون: “ئاشتی بۆ ئێوه‌”. سام دایگرتن و ترسان، وایانزانی ڕووحێک ده‌بینن. پێی فه‌رموون: “بۆچی شڵه‌ژاون؟ بۆچی گومان ده‌كه‌وێته‌ دڵتان؟” سه‌یری ده‌ست و پێم بكه‌ن: ئه‌وه‌ خۆمم! ده‌ستم لێ بده‌ن و ببینن، چونكه‌ ڕووح گۆشت و ئێسقانی نییه‌ وه‌ک ده‌مبینن”. كه‌ ئه‌مه‌ی فه‌رموو، ده‌ست و پێی پیشاندان. له‌ خۆشی و سه‌رسوڕماندا باوه‌ڕیان نه‌ده‌كرد، پێی فه‌رموون: “لێره‌ خواردنتان هه‌یه‌؟” ئه‌وانیش پارچه‌یه‌ک ماسی برژاویان پێ دا. وه‌ریگرت و له‌به‌رچاویان خواردی. ئینجا پێی فه‌رموون: “ئه‌م قسانه‌م بۆ كردن كاتێ له‌گه‌ڵتان بووم: كه‌ پێویسته‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ته‌وراتی مووشێ و پێغه‌مبه‌ران و په‌سنیه‌كاندا ده‌رباره‌ی من نووسراون بێته‌ دی”. ئینجا هزری كردنه‌وه‌، تاكو سیپاره‌كان تێبگه‌ن. پێی فه‌رموون: “ئاوا نووسراوه‌، كه‌ مه‌سیح ئازار ده‌چێژێت و له‌ ڕۆژی سێیه‌مدا له‌نێو مردووان هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌، به‌ ناوی ئه‌ویش تۆبه‌كردن بۆ لێخۆشبوونی گوناه‌ بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان ڕابگه‌یێندرێت، ده‌ستپێک له‌ یروشلایمه‌وه‌. ئێوه‌ش گه‌واهیده‌ری ئه‌م شتانه‌ن. ئه‌وه‌تا من به‌ڵێنه‌كه‌ی باوكمتان بۆ ده‌نێرم. جا له‌ شاری یروشلایم بمێننه‌وه‌، تاكو له‌ به‌رزاییه‌وه‌ هێزتان له‌به‌ر ده‌كرێت”. ئینجا ئه‌وانی بۆ بتعه‌نیا برده‌ ده‌ره‌وه‌، ده‌ستی به‌رز كرده‌وه‌ و داڕشتی كردن. كاتێ داڕشتی ده‌كردن، لێیان جیابووه‌وه‌ و به‌رزكرایه‌وه‌ ئاسمان. ئه‌وانیش كڕنۆشیان بۆ برد و به‌ شادییه‌كی مه‌زنه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ یروشلایم. به‌رده‌وام له‌ په‌رستگا بوون و ستایش و داڕشتی خودایان ده‌كرد. ئامین. له‌ ده‌ستپێكدا، وشه‌كه‌ هه‌بوو، وشه‌كه‌ له‌لای خودا بوو، وشه‌كه‌ش خودا بوو. ئه‌مه‌‌ له‌ ده‌ستپێكدا له‌لای خودا بوو. هه‌موو شتێک به‌و به‌دیهات، بێ ئه‌و هیچ شتێک به‌دی نه‌هاتووه‌ له‌وانه‌ی كه‌ به‌دیهاتوون. ژیان له‌ ئه‌ودا بوو، ژیانه‌كه‌ش ڕووناكیی مرۆڤ بوو، ڕووناكیه‌كه‌ش له‌ تاریكیدا ده‌دره‌وشێته‌وه‌ و تاریكییه‌كه‌ تێی نه‌گه‌یشت. مرۆڤێک هات كه‌ خودا ناردبووی، ناوی یوخه‌ننه‌ن بوو. ئه‌و بۆ گه‌واهیدان هات، تاكو گه‌واهی بۆ ڕووناكییه‌كه‌ بدات، تاكو هه‌موو به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ باوه‌ڕ بهێنن. ئه‌و ڕووناكییه‌كه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو بۆ گه‌واهیدان بۆ ڕووناكییه‌كه‌ هات. ئه‌و ڕووناكییه‌ ڕاسته‌قینه‌یه‌ی كه‌ هه‌موو مرۆڤێک ڕووناک ده‌كاته‌وه‌، ده‌هاته‌ جیهان. ئه‌و له‌ جیهاندا بوو، جیهانیش به‌و به‌دیهات، كه‌چی جیهان نه‌یناسی. بۆ لای ئه‌وانه‌ی خۆی هات، ئه‌وانه‌ی خۆی په‌سه‌ندیان نه‌كرد. به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ی په‌سه‌ندیان كرد، ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ ناوی هێنا، ده‌سه‌ڵاتی پێدان ببنه‌ ڕۆڵه‌كانی خودا، ئه‌وانه‌ی نه‌ به‌ خوێن، نه‌ به‌ خواستی جه‌سته‌، نه‌ به‌ خواستی پیاو له‌دایكبوون، به‌ڵكو له‌ خوداوه‌. وشه‌كه‌ش بووه‌ جه‌سته‌ و له‌ نێوماندا نیشته‌جێ بوو. شكۆی ئه‌ومان بینی، وه‌ک شكۆی تاقانه‌یه‌ک له‌ باوكه‌وه‌، پڕ له‌ به‌خشش و ڕه‌وا. یوخه‌ننه‌ن گه‌واهیی بۆ دا، هاواری كرد و وتی: “ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وتم: ئه‌وه‌ی دوای من دێت پێشم كه‌وت، چونكه‌ له‌پێش من بووه‌”. هه‌موومان له‌ پڕی ئه‌و، به‌خشش له‌سه‌ر به‌خششمان وه‌رگرت. چونكه‌ ته‌ورات به‌ مووشێ‌ درا، به‌ڵام به‌خشش و ڕه‌وا به‌ ئیشۆعی مه‌سیحه‌وه‌ بوون. هه‌رگیز كه‌س خودای نه‌بینیوه‌، ڕۆڵه‌ی تاقانه‌، ئه‌وه‌ی له‌ باوه‌شی باوكدایه‌، ئه‌و ده‌ریخست. ئه‌مه‌ش گه‌واهییه‌كه‌ی یوخه‌ننه‌نه‌، كاتێ جووی یروشلایم، كاهین و لیوییان نارده‌ لای پرسی لێ بكه‌ن: “تۆ كێیت؟” دانی پیا نا و نكۆڵی نه‌كرد، وتی: “من مه‌سیحه‌كه‌ نیم”. ئینجا لێیان پرسی: “ئه‌ی كێیت؟ ئیلییای؟” وتی: “نا، ئه‌و نیم”. “ئه‌ی تۆ پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی؟” وتی: “نه‌خێر”. ئینجا پێیان وت: “باشه‌ تۆ كێیت؟ تا وه‌ڵامێک بده‌ینه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ ئێمه‌یان ناردووه‌، ده‌رباره‌ی خۆت چی ده‌ڵێی؟” وتی: “ {من ده‌نگی هاوارگه‌رێكم له‌ ده‌شتوده‌ره‌وه‌ دێ: “ڕێگای په‌روه‌ردگار ئاماده‌ بكه‌ن، ڕێبازه‌كانی ڕاست بكه‌ن}. وه‌ک ئێشه‌عیای پێغه‌مبه‌ر وتوویه‌تی”. نێردراوانیش له‌ په‌ڕیشییه‌كان بوون، پرسیان لێكرد و پێیان وت: “ئه‌گه‌ر تۆ مه‌سیحه‌كه‌ نیت و ئیلییا نیت و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ش نیت، ئیتر بۆچی عه‌ماد ده‌كه‌یت؟” یوخه‌ننه‌نیش وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و وتی: “من به‌ ئاو عه‌مادتان ده‌كه‌م، به‌ڵام یه‌كێک له‌نێوانتان ڕاوه‌ستاوه‌ كه‌ نایناسن، ئه‌و دوای من دێت، من شایسته‌ نیم ئاوه‌زێنه‌ی سۆله‌كانی بكه‌مه‌وه‌”. ئه‌مانه‌ له‌ بتعه‌بڕا ڕوویدا، له‌وبه‌ری یوردنه‌نه‌وه‌، كه‌ یوخه‌ننه‌ن عه‌مادی ده‌كرد. بۆ به‌یانی یوخه‌ننه‌ن بینی ئیشۆع به‌ره‌و لای دێت، وتی: “ئه‌وه‌تا به‌رخی خودا، ئه‌وه‌ی گوناهی جیهان هه‌ڵده‌گرێت! ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ باسم كرد، پیاوێک دوای من دێت پێشم كه‌وت، چونكه‌ پێش من بووه‌. منیش نه‌مده‌ناسی، به‌ڵام تاكو بۆ ئیسڕائیل ده‌ربكه‌وێت، بۆیه‌ هاتووم به‌ ئاو عه‌ماد بكه‌م”. یوخه‌ننه‌ن گه‌واهیی دا و وتی: “بینیم ڕووح وه‌ک كۆترێک له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زی و له‌سه‌ری نیشته‌وه‌. من نه‌مده‌ناسی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی منی ناردووه‌ به‌ ئاو عه‌مادبكه‌م، ئه‌و پێی فه‌رمووم: ئه‌وه‌ی ده‌یبینیت ڕووحه‌كه‌ داده‌به‌زێت و له‌سه‌ری ده‌نیشێته‌وه‌، ئه‌و به‌ ڕووحی پارسا عه‌مادتان ده‌كات. خۆم بینیم و گه‌واهیم دا كه‌ ئه‌مه‌ ڕۆڵه‌ی خودایه‌”. بۆ به‌یانی دیسان یوخه‌ننه‌ن له‌گه‌ڵ دوو قوتابی خۆی ڕاوه‌ستابوو، ئیشۆعی بینی ڕێی ده‌كرد، وتی: “ئه‌وه‌تا به‌رخی خودا!” دوو قوتابییه‌كه‌ بیستیان قسه‌ی ده‌كرد، دوای ئیشۆع كه‌وتن. ئیشۆع ئاوڕی دایه‌وه‌ و بینی به‌ دوایدا دێن، فه‌رمووی: “چیتان ده‌وێت؟” وتیان: “ڕابی” واتا مامۆستا، له‌كوێ ده‌مێنیته‌وه‌؟” پێی فه‌رموون: “وه‌رن، ببینن”. ئه‌وانیش هاتن و بینییان له‌كوێ ده‌مایه‌وه‌، ئه‌و ڕۆژه‌ له‌گه‌ڵی مانه‌وه‌، نزیكه‌ی كاژێری ده‌ بوو. ئه‌ندراوسی برای شیمعون په‌تڕۆس، یه‌كێک بوو له‌و دووانه‌ی كه‌ گوێیان له‌ یوخه‌ننه‌ن بوو و دوای ئیشۆع كه‌وتن. یه‌كه‌مجار شیمعونی برای بینی، پێی وت: “مه‌سیامان دۆزییه‌وه‌” واتا مه‌سیح. هێنایه‌ لای ئیشۆع. ئیشۆعیش ته‌ماشای كرد و فه‌رمووی: “تۆ شیمعونی كوڕی یۆنای، به‌ڵام بانگ ده‌كرێیت كیپه‌”. واتا په‌تڕۆس. بۆ سبه‌ینێ ئیشۆع ویستی بۆ گلیلا ده‌ربچێت، پیلیپوسی بینی، پێی فه‌رموو: “دوام بكه‌وه‌”. پیلیپوس خه‌ڵكی بتسه‌یادا بوو، شاره‌كه‌ی ئه‌ندراوس و په‌تڕۆس. پیلیپوسیش نه‌تنیئێلی بینی، پێی وت: “ئه‌وه‌ی كه‌ مووشێ له‌ ته‌ورات و پێغه‌مبه‌ران له‌سه‌ریان نووسیوه‌ دۆزیمانه‌وه‌، ئیشۆعی كوڕی یۆسپی خه‌ڵكی ناسڕه‌ت”. نه‌تنیئێل پێی وت: “له‌ ناسڕه‌ت‌ شتی چاک هه‌ڵده‌كه‌وێ؟” پیلیپوس پێی وت: “وه‌ره‌ و ببینه‌”. ئیشۆع نه‌تنیئێلی بینی بۆ لای دێت، ده‌رباره‌ی فه‌رمووی: “ئه‌وه‌تا ئیسڕائیله‌كی ڕه‌وایه‌ كه‌ فێڵی تێدا نییه‌” نه‌تنیئێل پێی وت: “چۆن ده‌مناسیت؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “پێش ئه‌وه‌ی پیلیپوس بانگت بكات، له‌ ژێر دارهه‌نجیره‌كه‌ بوویت، تۆم بینی”. نه‌تنیئێل وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی وت: “ڕابی، تۆ ڕۆڵه‌ی خودایت! تۆ پاشای ئیسڕائیلیت!” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “باوه‌ڕت هێنا، چونكه‌ پێم وتیت له‌ ژێر دارهه‌نجیره‌كه‌ تۆم بینی؟ وا شتی له‌مه‌ مه‌زنتر ده‌بینیت!” ئینجا پێی فه‌رموو: “ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: له‌ ئێستاوه‌ ده‌بینن ئاسمان كراوه‌ته‌وه‌ و فریشته‌ی خوداش له‌سه‌ر ڕۆڵه‌ی مرۆڤ سه‌رده‌كه‌ون و داده‌به‌زن”. له‌ ڕۆژی سێیه‌م له‌ قه‌تنێی گلیلا شاییه‌ک هه‌بوو، دایكی ئیشۆعیش له‌وێ بوو. ئیشۆع و قوتابییه‌كانیشی بۆ شاییه‌كه‌ بانگهێشت كرابوون. كاتێ مه‌ی ته‌واو بوو، دایكی به‌ ئیشۆعی وت: “مه‌ییان نییه‌!” ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “خانم، چیت لێم ده‌وێ‌؟ هێشتا كاتم نه‌هاتووه‌!” دایكی به‌ ڕاژه‌وانه‌كانی وت: “هه‌رچییه‌كتان پێ ده‌ڵێ، بیكه‌ن”. شه‌ش كوپه‌ی به‌ردین به‌گوێره‌ی بێگه‌رد كردنه‌وه‌ی جوو له‌وێ دانرابوون، هه‌ریه‌كه‌ی یه‌ک تا سێ قوله‌تێنی ده‌گرت. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “كوپه‌كان پڕ بكه‌ن له‌ ئاو”. ئه‌وانیش تا سه‌ر پڕیانكرد. ئینجا پێی فه‌رموون: “ئێستا لێی ده‌ربهێنن و بۆ گه‌وره‌ی شاییه‌كه‌ی ببه‌ن!” ئه‌وانیش بردییان. كاتێ گه‌وره‌ی شاییه‌كه‌ تامی ئه‌و ئاوه‌ی كرد كه‌ ببووه‌ مه‌ی، سه‌رچاوه‌كه‌شی نه‌ده‌زانی، به‌ڵام ڕاژه‌وانه‌كان ده‌یانزانی، ئه‌وانه‌ی ئاوه‌كه‌یان ده‌رهێنابوو، ئه‌وسا گه‌وره‌ی شاییه‌كه‌ زاوای بانگكرد و پێی وت: “هه‌موو كه‌س یه‌كه‌مجار مه‌یه‌ چاكه‌كه‌ داده‌نێت، كاتێ مه‌ست بوون، ئینجا خراپه‌كه‌. به‌ڵام تۆ تا ئێستا مه‌یه‌ چاكه‌كه‌ت هێشتووه‌ته‌وه‌!” ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای په‌رجوه‌كان بوو كه‌ ئیشۆع له‌ قه‌تنێی گلیلا كردی و شكۆی خۆی ده‌رخست، قوتابییه‌كانیشی باوه‌ڕیان پێی هێنا. دواتر له‌گه‌ڵ دایكی و برایانی و قوتابییه‌كانی به‌ره‌و كپه‌ڕناخوم دابه‌زین، چه‌ند ڕۆژێكی كه‌م له‌وێ مانه‌وه‌. جه‌ژنی په‌سخه‌ی جوو نزیكبووه‌وه‌، ئیشۆع سه‌ركه‌وت بۆ یروشلایم. له‌ په‌رستگا فرۆشیارانی مانگا و كاوڕ و كۆتری بینی، پاره‌گۆڕه‌وانیش دانیشتبوون. قامچییه‌كی له‌ گوریس دروستكرد و هه‌مووانی له‌ په‌رستگا قاو دا، كاوڕ و مانگاكان. پاره‌ی پاره‌گۆڕه‌وانی هه‌ڵڕژاند و مێزه‌كانیان وه‌رگێڕا، به‌ كۆترفرۆشانی فه‌رموو: “ئه‌مانه‌ لێره‌ لاده‌ن! ماڵی باوكم مه‌كه‌نه‌ ماڵی بازرگانی!” جا قوتابییه‌كانی بیریان كه‌وته‌وه‌ كه‌ نووسراوه‌: {دڵگه‌رمی بۆ ماڵه‌كه‌ت ده‌مخوات}. جووه‌كان وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و پێیان وت: “چ په‌رجوێكمان پیشان ده‌ده‌یت تاكو ئه‌م شتانه‌ بكه‌یت؟” ئیشۆعیش وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێیان فه‌رموو: “ئه‌م په‌رستگایه‌ بڕوخێنن، به‌ سێ ڕۆژ هه‌ڵیده‌ستێنمه‌وه‌”. جووه‌كان وتیان: “ئه‌م په‌رستگایه‌ به‌ چل و شه‌ش ساڵ بنیادنراوه‌، تۆ به‌ سێ ڕۆژ هه‌ڵیده‌ستێنیته‌وه‌؟” به‌ڵام ئه‌و باسی په‌رستگای جه‌سته‌ی خۆی ده‌كرد. بۆیه‌ كاتێ له‌نێو مردووان هه‌ستایه‌وه‌، قوتابییه‌كانی بیریان كه‌وته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ی وتبوو، ئینجا باوه‌ڕیان هێنا به‌ سیپاره‌كه‌ و به‌و فه‌رمووده‌یه‌ی ئیشۆع فه‌رمووی. كه‌ له‌ جه‌ژنی په‌سخه‌ له‌ یروشلایم بوو، زۆر كه‌س باوه‌ڕیان به‌ ناوی هێنا، چونكه‌ په‌رجوه‌كانیان ده‌بینی كه‌ ده‌یكرد. به‌ڵام ئیشۆع له‌لای خۆیه‌وه‌ متمانه‌ی پێ نه‌كردن، چونكه‌ هه‌مووی ده‌ناسی. چونكه‌ پێویستی به‌ كه‌س نه‌بوو ده‌رباره‌ی مرۆڤ گه‌واهیی بۆ بدات، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌یزانی مرۆڤ چی تێدایه‌. پیاوێک له‌ په‌ڕیشییه‌كان هه‌بوو به‌ ناوی نیقادیمۆس، ڕا‌به‌رێكی جووه‌كان بوو. به‌ شه‌و هاته‌ لای ئیشۆع و پێی وت: “ڕابی، ده‌زانین تۆ ئامۆژگارێكی له‌لای خوداوه‌ هاتوویت، چونكه‌ كه‌س ناتوانێت ئه‌و نیشانانه‌ بكات كه‌ تۆ ده‌یكه‌یت، ئه‌گه‌ر خودای له‌گه‌ڵ نه‌بێت”. ئیشۆعیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “ڕه‌وا ڕه‌وات پێ ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر یه‌كێک له‌ ئاسمانه‌وه‌ له‌دایک نه‌بێته‌وه‌، ناتوانێت پاشایه‌تیی خودا ببینێت”. نیقادیمۆس پێی وت: “مرۆڤ كه‌ پیر بێت چۆن ده‌توانێت له‌دایكبێت؟ خۆ دیسان ناتوانێت بچێته‌وه‌ سكی دایكی و له‌دایكبێته‌وه‌؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “ڕه‌وا ڕه‌وات پێ ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر یه‌كێک له‌ ئاو و له‌ ڕووح له‌دایک نه‌بێت، ناتوانێت بچێته‌ نێو پاشایه‌تیی خودا. له‌دایكبووی ‌جه‌سته‌ جه‌سته‌یه‌، له‌دایكبووی ڕووحیش ڕووحه‌. سه‌رسام مه‌به‌ كه‌ پێم وتی: ده‌بێ له‌ ئاسمانه‌وه‌ له‌دایک ببنه‌وه‌. با بۆ كوێی بووێت هه‌ڵده‌كات و گوێت له‌ ده‌نگه‌كه‌ی ده‌بێت، به‌ڵام نازانیت له‌كوێوه‌ دێت و بۆ كوێ ده‌چێت. هه‌ر كه‌سێكیش له‌ ڕووحه‌كه‌ له‌دایكبووه‌ ئاوایه‌”. نیقادیمۆس وتی: “چۆن شتی وا ده‌بێت؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “تۆ ڕابیێكی ئیسڕائیلیت و ئه‌مانه‌ش نازانیت! ڕه‌وا ڕه‌وات پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی ده‌یزانین ده‌یڵێین و ئه‌وه‌ی ده‌یبینین گه‌واهیی بۆ ده‌ده‌ین، ئێوه‌ش گه‌واهیمان په‌سه‌ند ناكه‌ن. باسی شته‌ زه‌مینییه‌كانم بۆتان كرد و باوه‌ڕ ناهێنن، ئیتر چۆن باوه‌ڕ ده‌هێنن ئه‌گه‌ر باسی شته‌ ئاسمانییه‌كانتان بۆ بكه‌م؟ كه‌س سه‌رنه‌كه‌وتووه‌ بۆ ئاسمان جگه‌ له‌وه‌ی له‌ ئاسمان دابه‌زیوه‌، ڕۆڵه‌ی مرۆڤ كه‌ له‌ ئاسماندایه‌. وه‌ک مووشێ له‌ بیاباندا ماره‌كه‌ی به‌رزكرده‌وه‌، ئاواش ده‌بێ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ به‌رز بكرێته‌وه‌، تاكو هه‌ر كه‌سێک باوه‌ڕی پێ بهێنێت له‌ناونه‌چێت به‌ڵكو ژیانی جاویدانیی هه‌بێت. چونكه‌ خودا وه‌ها جیهانی خۆشویست، ته‌نانه‌ت ڕۆڵه‌ تاقانه‌كه‌ی به‌ختكرد، تاكو هه‌ر كه‌سێک باوه‌ڕی پێ بهێنێت له‌ناونه‌چێت، به‌ڵكو ژیانی جاویدانیی هه‌بێت. چونكه‌ خودا ڕۆڵه‌ی نه‌نارده‌ جیهان تاكو جیهان حوكم بدات، به‌ڵكو تاكو به‌هۆیه‌وه‌ جیهان ڕزگار بكات. ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی پێ بهێنێت حوكم نادرێت، ئه‌وه‌ش كه‌ باوه‌ڕ ناهێنێ ئه‌وا حوكم دراوه‌، چونكه‌ باوه‌ڕی به‌ ناوی ڕۆڵه‌ تاقانه‌كه‌ی خودا نه‌هێناوه‌. ئه‌مه‌ش حوكمه‌كه‌یه‌: ڕووناكییه‌كه‌ هاته‌ جیهان و خه‌ڵک تاریكییان له‌ ڕووناكییه‌كه‌ زیاتر خۆشویست، چونكه‌ كرده‌وه‌كانیان خراپ بوو. چونكه‌ هه‌ر كه‌سێک خراپه‌ بكات ڕقی له‌ ڕووناكییه‌كه‌یه‌ و نایه‌ته‌ لای ڕووناكییه‌كه‌، نه‌وه‌ک كرده‌وه‌كانی ئاشكرا بن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی ڕه‌وا ده‌ڕوات، دێته‌ لای ڕووناكییه‌كه‌، تاكو ده‌ربكه‌وێت كه‌ كرده‌وه‌كانی له‌ خوداوه‌ كراون”. دوای ئه‌مانه‌ ئیشۆع و قوتابییه‌كانی هاتنه‌ زه‌ویی ئیهوود، له‌وێ له‌گه‌ڵیان مایه‌وه‌ و عه‌مادی ده‌كرد. یوخه‌ننه‌نیش له‌ عینیۆن نزیک شالم عه‌مادی ده‌كرد، چونكه‌ له‌وێ ئاوی زۆر هه‌بوو، ئیتر ده‌هاتن و عه‌ماد ده‌كران. چونكه‌ هێشتا یوخه‌ننه‌ن نه‌خرابووه‌ زیندانه‌وه‌. ده‌رباره‌ی بێگه‌ردی، گفتوگۆیه‌ک كه‌وته‌ نێوان قوتابییه‌كانی یوخه‌ننه‌ن و جووه‌كان. هاتنه‌ لای یوخه‌ننه‌ن و پێیان وت: “ڕابی، ئه‌وه‌ی له‌وبه‌ری یوردنه‌ن له‌گه‌ڵت بوو، ئه‌وه‌ی گه‌واهیت بۆی دا، ئه‌وه‌تا عه‌ماد ده‌كات و هه‌مووان دێنه‌ لای”. یوخه‌ننه‌ن وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “كه‌س ناتوانێت شتێک وه‌ربگرێت ئه‌گه‌ر له‌ ئاسمانه‌وه‌ پێی نه‌درابێت. ئێوه‌ خۆتان گه‌واهیم بۆ ده‌ده‌ن كه‌ وتم: من مه‌سیح نیم، به‌ڵكو پێش ئه‌و نێردراوم. بووک بۆ زاوایه‌، به‌ڵام هاوڕێی زاوا كه‌ ڕاوه‌ستاوه‌ و ده‌یبیستێت له‌به‌ر ده‌نگی زاوا زۆر دڵخۆش ده‌بێت. كه‌واته‌ ئه‌م خۆشییه‌م هاته‌ دی. پێویسته‌ ئه‌و زیاد بكات و منیش كه‌م. ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ دێت له‌ سه‌رووی هه‌مووانه‌. ئه‌وه‌ش له‌ زه‌وییه‌ ئه‌وه‌ زه‌مینییه‌ و وه‌كو كه‌سێكی زه‌مینی ده‌دوێت. ئه‌وه‌ی له‌ ئاسمانه‌وه‌ دێت له‌ سه‌رووی هه‌مووانه‌ و گه‌واهیی ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ بینیویه‌تی و بیستوویه‌تی، كه‌سیش گه‌واهییه‌كه‌ی په‌سه‌ند ناكات. ئه‌وه‌ی گه‌واهییه‌كه‌ی په‌سه‌ند ده‌كات، مۆری ده‌كات كه‌ خودا ڕاسته‌. چونكه‌ ئه‌وه‌ی خودا ناردوویه‌تی به‌ فه‌رمووده‌ی خودا ده‌دوێت، چونكه‌ خودا بێ ئه‌ندازه‌ ڕووح ده‌دات. باوک ڕۆڵه‌ی خۆشده‌وێت و هه‌موو شتێكی داوه‌ته‌ ده‌ستی. ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ به‌ ڕۆڵه‌ بهێنێت ژیانی جاویدانیی هه‌یه‌. ئه‌وه‌ش باوه‌ڕ به‌ ڕۆڵه‌ نه‌هێنێت ژیان نابینێت، به‌ڵكو تووڕه‌یی خودای له‌سه‌ر ده‌مێنێت”. كاتێ په‌روه‌ردگار زانی كه‌ په‌ڕیشییان بیستیان كه‌وا ئیشۆع له‌ یوخه‌ننه‌ن زیاتر قوتابی دروست ده‌كات و عه‌مادیان ده‌كات هه‌رچه‌نده‌ ئیشۆع خۆی عه‌مادی نه‌ده‌كرد، به‌ڵكو قوتابییه‌كانی. بۆیه‌ ئیهوودی به‌جێهێشت و گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ گلیلا. جا ده‌بووایه‌ به‌ شمرندا تێپه‌ڕێت، گه‌یشته‌ شارێكی شمرنی پێی ده‌ووترا سوخار، نزیک ئه‌و پارچه‌ زه‌وییه‌ی یاقوو دابوویه‌ یۆسپی كوڕی. بیری یاقووش له‌وێ بوو. جا ئیشۆع له‌ گه‌شته‌كه‌ ماندوو بوو، له‌لای بیره‌كه‌ دانیشت، نزیكه‌ی كاژێر شه‌ش بوو. ژنێكی شمرنی هات ئاو ببات، ئیشۆع پێی فه‌رموو: “ئاوم بده‌رێ با بخۆمه‌وه‌”. چونكه‌ قوتابییه‌كانی چووبوونه‌ شار تاكو خواردن بكڕن. جا ژنه‌ شمرنیه‌كه‌ پێی وت: “تۆ جوویت و منیش ژنێكی شمرنیم، چۆن داوای ئاوم لێ ده‌كه‌یت تا بخۆیته‌وه‌؟” چونكه‌ جوو تێكه‌ڵی شمرنیه‌كان نابن. ئیشۆعیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “ئه‌گه‌ر به‌خششی خودات ده‌زانی و ده‌تزانی كێیه‌ ئه‌وه‌ی پێت ده‌ڵێت ئاوم بده‌رێ تا بخۆمه‌وه‌، ئه‌وسا تۆ داوات لێ ده‌كرد و ئه‌ویش ئاوی زیندووی پێ ده‌دایت”. ژنه‌كه‌ پێی وت: “گه‌وره‌م، دۆلكه‌ت پێ نییه‌ و بیره‌كه‌ش قووڵه‌. ئیتر ئاوی زیندووت له‌كوێ بوو؟ خۆ له‌ یاقووی باوكمان مه‌زنتر نیت كه‌ بیره‌كه‌ی پێ داوین، خۆی و كوڕه‌كانی و ماڵاتیشی لێیان خوارده‌وه‌؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “هه‌ر كه‌سێک له‌م ئاوه‌ بخواته‌وه‌ تینووی ده‌بێته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌و ئاوه‌ بخواته‌وه‌ كه‌ من ده‌یده‌مێ، تاهه‌تایه‌ تینووی نابێ، به‌ڵكو ئه‌و ئاوه‌ی ده‌یده‌مێ تیایدا ده‌بێته‌ كانیاوێک و هه‌ڵده‌قوڵێت و ژیانی جاویدانی ده‌به‌خشێ”. ژنه‌كه‌ش پێی وت: “گه‌وره‌م، ئه‌و ئاوه‌م بده‌رێ تاكو تینوو نه‌بم و نه‌یه‌مه‌وه‌ ئێره‌ بۆ ئاوكێشان”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “بڕۆ، مێرده‌كه‌ت بانگ بكه‌ و وه‌ره‌وه‌ ئێره‌”. ژنه‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “مێردم نییه‌”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ڕاست ده‌كه‌یت كه‌ ده‌ڵێی مێردم نییه‌. چونكه‌ پێنج مێردت هه‌بوو، ئێستاش ئه‌وه‌ی هه‌ته‌ مێردت نییه‌. ڕاست ده‌كه‌یت”. ژنه‌كه‌ پێی وت: “گه‌وره‌م، ده‌بینم تۆ پێغه‌مبه‌ریت! باوكانمان له‌سه‌ر ئه‌م شاخه‌ كڕنۆشیان برد، به‌ڵام ئێوه‌ ده‌ڵێن یروشلایم ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ كڕنۆشی تیادا ببرێت”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “خانم، بڕوام پێ بكه‌، كاتێ دێت‌ نه‌ له‌سه‌ر ئه‌م شاخه‌ و نه‌ له‌ یروشلایم كڕنۆش بۆ باوک ده‌به‌ن. ئه‌وه‌ی ئێوه‌ كڕنۆشی بۆ ده‌به‌ن نایناسن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه‌ كڕنۆشی بۆ ده‌به‌ین ده‌یناسین، چونكه‌ ڕزگاری له‌ جووه‌وه‌یه‌. به‌ڵام كاتێ دێت وا ئێستایه‌ كه‌ كڕنۆشبه‌ره‌ ڕاسته‌قینه‌كان به‌ ڕووح و ڕه‌وا كڕنۆش بۆ باوک ده‌به‌ن، چونكه‌ باوک داوای ئه‌م جۆره‌ كڕنۆشبه‌رانه‌ ده‌كات. خودا ڕووحه‌، پێویسته‌ ئه‌وانه‌ی كڕنۆشی بۆ ده‌به‌ن به‌ ڕووح و ڕه‌وا كڕنۆشی بۆ ببه‌ن”. ژنه‌كه‌ پێی وت: “ده‌زانم مه‌سیا دێت، كه‌ پێی ده‌ووترێ مه‌سیح، كه‌ ئه‌و هات هه‌موو شتێكمان پێ ڕاده‌گه‌یه‌نێت”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “من ئه‌وم، ئه‌وه‌ی قسه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌كات”. لێره‌دا قوتابییه‌كانی گه‌یشتن، سه‌رسام بوون كه‌ له‌گه‌ڵ ژنێک قسه‌ده‌كات. به‌ڵام كه‌س نه‌یووت: “چیت ده‌وێت؟” یان “بۆچی قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌یت؟” ئینجا ژنه‌كه‌ گۆزه‌كه‌ی به‌جێهێشت، چووه‌ نێو شار و به‌ خه‌ڵكی وت: “وه‌رن كه‌سێک ببینن هه‌رچییه‌كم كردووه‌ پێی فه‌رمووم! ده‌بێ ئه‌وه‌ مه‌سیح نه‌بێت؟” ئیتر له‌ شار ده‌رچون‌ و هاتنه‌ لای. له‌و كاته‌دا قوتابییه‌كان تكایان لێی ده‌كرد و وتیان: “ڕابی، بخۆ!” پێی فه‌رموون: “خواردنێكم هه‌یه‌ بیخۆم، كه‌ ئێوه‌ نایزانن”. قوتابییه‌كانیش به‌ یه‌كتریان ده‌ووت: “كه‌س هیچی بۆ هێناوه‌ بیخوات؟” ئیشۆع پێی فه‌رموون: “خواردنی من ئه‌وه‌یه‌ به‌ خواستی ئه‌وه‌ بكه‌م كه‌ ناردوومی و كاره‌كه‌ی ته‌واو بكه‌م. ئه‌ی ناڵێن: پاش چوار مانگ دروێنه‌ دێت؟ ئه‌وه‌تا من پێتان ده‌ڵێم: چاوتان هه‌ڵبڕن و سه‌یری كێڵگه‌كان بكه‌ن وا زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاون بۆ دروێنه‌. سه‌پانیش كرێ وه‌رده‌گرێ و بۆ ژیانی جاویدانی به‌رهه‌م كۆده‌كاته‌وه‌، تاكو تۆوده‌ر و سه‌پان پێكه‌وه‌ دڵشاد بن. چونكه‌ ئه‌و په‌نده‌ ڕاسته‌ كه‌ ده‌ڵێت: یه‌كێک تۆو ده‌كات و یه‌كێكی دیكه‌ دروێنه‌ ده‌كات. من ئێوه‌م بۆ دروێنه‌یه‌ک ناردووه‌ كه‌ پێوه‌ی ماندوو نه‌بوون. كه‌سانی دیكه‌ ماندوو بوون و ئێوه‌ هاتنه‌ سه‌ر ماندووبوونیان”. زۆر له‌ شمرنیه‌كانی ئه‌و شاره‌ باوه‌ڕیان به‌ ئیشۆع هێنا، له‌به‌ر قسه‌ی ئه‌و ژنه‌ی كه‌ گه‌واهیی ده‌دا و وتی: “هه‌رچییه‌كم كردووه‌ پێی فه‌رمووم”. كاتێ شمرنیه‌كان هاتنه‌ لای، تكایان لێكرد له‌لایان بمێنێته‌وه‌، ئه‌ویش دوو ڕۆژ له‌وێ مایه‌وه‌. زۆر زیاتریش به‌هۆی فه‌رمووده‌كانییه‌وه‌ باوه‌ڕیان هێنا و به‌ ژنه‌كه‌یان ده‌ووت: “ئیتر به‌ قسه‌ی تۆ نییه‌ كه‌ باوه‌ڕ ده‌هێنین، چونكه‌ خۆمان بیستمان و ده‌زانین كه‌ ئه‌مه‌ به‌ ڕاستی مه‌سیحی ڕزگاریده‌ری جیهانه‌”. پاش ئه‌و دوو ڕۆژه‌ له‌وێوه‌ چووه‌ گلیلا، چونكه‌ ئیشۆع خۆی گه‌واهیی دا كه‌ “پێغه‌مبه‌ر له‌ نیشتمانی خۆی ڕێزی لێ نانرێت”. كاتێ هاته‌ گلیلا، گلیلاییه‌كان په‌سه‌ندیان كرد، چونكه‌ ئه‌وانیش هاتبوونه‌ جه‌ژن و هه‌موو ئه‌و شتانه‌یان بینیبوو كه‌ له‌ جه‌ژندا له‌ یروشلایم كردبووی. دیسان ئیشۆع هاته‌وه‌‌ قه‌تنێی گلیلا، كه‌ له‌وێ ئاوی كرده‌ مه‌ی، ڕاژوانێكی پاشا كوڕه‌كه‌ی له‌ كپه‌ڕناخوم نه‌خۆش بوو. كاتێ ئه‌مه‌ بیستی ئیشۆع له‌ ئیهووده‌وه‌ هاتووه‌ته‌ گلیلا، چووه‌ لای و لێی پاڕایه‌وه‌ كه‌ دابه‌زێت و كوڕه‌كه‌ی چاكبكاته‌وه‌، چونكه‌ نزیكی مه‌رگ ببوو. ئینجا ئیشۆع پێی فه‌رموو: “ئه‌گه‌ر په‌رجو و كاری سه‌یر نه‌بینن باوه‌ڕ ناهێنن”. ڕاژه‌وانه‌كه‌ی پاشاش پێی وت: “گه‌وره‌م، دابه‌زه‌ پێش ئه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌م بمرێت”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “بڕۆ! كوڕه‌كه‌ت زیندووه‌”. پیاوه‌كه‌ باوه‌ڕی به‌و وشه‌یه‌ هێنا كه‌ ئیشۆع پێی فه‌رموو و ڕۆیشت. كه‌ داده‌بزی كۆیله‌كانی چوونه‌ پێشوازی و وتیان “كوڕه‌كه‌ت زیندووه‌”. جا سه‌باره‌ت به‌و كاژێره‌ی تیایدا چاک ببووه‌وه‌ پرسی لێكردن، پێیان وت: “دوێنێ كاژێر حه‌وت تاكه‌ به‌ریدا”. باوكه‌كه‌ زانی له‌و كاژێره‌ بوو كه‌ ئیشۆع پێی فه‌رموو: “كوڕه‌كه‌ت زیندووه‌”. جا خۆی و هه‌موو بنه‌ماڵه‌كه‌ی باوه‌ڕیان هێنا. ئه‌مه‌ش په‌رجوی دووه‌م بوو ئیشۆع كردی، كه‌ له‌ ئیهوودوه‌ هاته‌ گلیلا. دوای ئه‌وه‌ جه‌ژنێكی جووه‌كان هه‌بوو و ئیشۆع سه‌ركه‌وته‌ یروشلایم. له‌ یروشلایم له‌لای ده‌روازه‌ی كاوڕ گۆماوێک هه‌بوو به‌ عیبری پێیان ده‌ووت بتحه‌سدا، پێنج هه‌یوانی هه‌بوو. له‌وێ جه‌ماوه‌رێكی زۆر ڕاكشابوون، نه‌خۆش و كوێر و شه‌ل و گۆج، چاوه‌ڕێی جوڵانی ئاوه‌كه‌ بوون، چونكه‌ هه‌ندێک جار فریشته‌یه‌ک بۆ گۆمه‌كه‌‌ داده‌به‌زی و ئاوه‌كه‌ی ده‌جوڵاند، جا ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م كه‌س بچووبووایه‌ نێو گۆمه‌كه‌، له‌ هه‌ر نه‌خۆشییه‌ک هه‌یبووایه‌ چاک ده‌بووه‌وه‌. كابرایه‌ک له‌وێ بوو سی و هه‌شت ساڵ نه‌خۆش بوو. ئیشۆع ئه‌م كابرایه‌ی بینی پاڵكه‌وتووه‌ و زانی ماوه‌یه‌كی درێژه‌ وایه‌، پێی فه‌رموو: “ده‌ته‌وێ چاكبیته‌وه‌؟” نه‌خۆشه‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “گه‌وره‌م، كاتێ ئاوه‌كه‌ ده‌جوڵێت كه‌سم نییه‌ بمخاته‌ نێو گۆمه‌كه‌. كاتێكیش دێم، یه‌كێكی دیكه‌ پێش من ده‌چێته‌ نێوی”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “هه‌سته‌! نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌ و ڕێ بكه‌” یه‌كسه‌ر كابرا چاكبووه‌وه‌، نوێنه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و ڕێی كرد. ئه‌و ڕۆژه‌ش شه‌ممه‌ بوو. جووه‌كان به‌ چاكبووه‌وه‌یان وت: “شه‌ممه‌یه‌! دروست نییه‌ نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگریت”. وه‌ڵامی دانه‌وه‌: “ئه‌وه‌ی چاكیكردمه‌وه‌ ئه‌و پێی فه‌رمووم: نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌ و ڕێ بكه‌”. لێیان پرسی: “ئه‌و پیاوه‌ كێیه‌ كه‌پێی وتی: نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌ و ڕێ بكه‌؟” به‌ڵام چاكبووه‌وه‌كه‌ نه‌یده‌زانی كێیه‌، چونكه‌ ئیشۆع له‌نێو كۆمه‌ڵه‌كه‌ خۆی كێشایه‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ ئیشۆع ئه‌وی له‌ په‌رستگا بینییه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “ئه‌وه‌تا چاكبوویته‌وه‌. ئیتر گوناه‌ مه‌كه‌، نه‌وه‌ک خراپترت به‌سه‌ر بێت”. كابراش چوو و به‌ جووه‌كانی وت كه‌ ئیشۆع بووه‌ چاكیكردۆته‌وه‌. بۆیه‌ جووه‌كان ئیشۆعیان قاوده‌دا و هه‌وڵیان ده‌دا بیكوژن، چونكه‌ ئه‌م شته‌ی له‌ شه‌ممه‌دا كرد. جا ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌: “تا ئێستا باوكم كارده‌كات، منیش كار ده‌كه‌م”. له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ جووه‌كان زیاتر هه‌وڵیان ده‌دا بیكوژن، چونكه‌ ته‌نها شه‌ممه‌ی نه‌ده‌شكاند، به‌ڵكو ده‌یووت كه‌ خودا باوكییه‌تی، خۆی له‌گه‌ڵ خودا یه‌كسان ده‌كرد. ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ڕۆڵه‌ ناتوانێت له‌ خۆیه‌وه‌ شتێک بكات ته‌نها ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بینێت باوک ده‌یكات، چونكه‌ هه‌رچی ئه‌و ده‌یكات، ڕۆڵه‌ش هه‌مان شت ده‌كات. چونكه‌ باوک ڕۆڵه‌ی خۆشده‌وێت و هه‌موو كاره‌كانی خۆی پیشان ده‌دات، كاری له‌مانه‌ش مه‌زنتری پیشان ده‌دات، تاكو ئێوه‌ سه‌رسام بن. چونكه‌ وه‌ک باوک مردووان هه‌ڵده‌ستێنێته‌وه‌ و زیندوو ده‌كاته‌وه‌، ڕۆڵه‌ش ئه‌وه‌ی بیه‌وێت زیندووی ده‌كاته‌وه‌. چونكه‌ باوک كه‌س حوكم نادات، به‌ڵكو هه‌موو حوكمدانی داوه‌ته‌ ڕۆڵه‌، تاكو هه‌مووان ڕێزی ڕۆڵه‌ بگرن هه‌روه‌ک ڕێزی باوک ده‌گرن. ئه‌وه‌ی ڕێزی ڕۆڵه‌ نه‌گرێ، ڕێزی باوكیش ناگرێ كه‌ ناردوویه‌تی. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی گوێ له‌ قسه‌كه‌م بگرێت و باوه‌ڕ بهێنێت به‌وه‌ی ناردوومی ژیانی جاویدانی ده‌بێت و نایه‌ته‌ حوكمدان، به‌ڵكو له‌ مه‌رگه‌وه‌ بۆ ژیان گواستراوه‌ته‌وه‌. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: كاتێک دێت كه‌ ئێستایه‌، كاتێک مردووان ده‌نگی ڕۆڵه‌ی خودا ده‌بیستن، گوێگرانیش ده‌ژین. چونكه‌ وه‌ک باوک ژیانی له‌ خۆیدا هه‌یه‌، به‌ ڕۆڵه‌شی داوه‌ ژیانی له‌ خۆیدا هه‌بێت. ده‌سه‌ڵاتی حوكمدانیشی پێی داوه‌، چونكه‌ ئه‌و ڕۆڵه‌ی مرۆڤه‌. له‌مه‌ سه‌رسام مه‌بن، چونكه‌ كاتێک دێت هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌نێو گۆڕدان ده‌نگی ده‌بیستن و ئه‌وانه‌ی كرداری چاكیان كردووه‌ بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی ژیان ده‌رده‌چن، ئه‌وانه‌ش كه‌ كرداری خراپیان كردووه‌ بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی حوكمدان. من له‌خۆمه‌وه‌ ناتوانم هیچ بكه‌م. وه‌ک ده‌بیستم حوكم ده‌ده‌م، حوكمدانه‌كه‌شم دادپه‌روه‌رانه‌یه‌، چونكه‌ داوای خواستی خۆم ناكه‌م، به‌ڵكو خواستی ئه‌وه‌ی ناردوومی. ئه‌گه‌ر گه‌واهی بۆ خۆم بده‌م گه‌واهییه‌كه‌م ڕه‌وا نییه‌. یه‌كێكی دیكه‌ گه‌واهیم بۆ ده‌دات، منیش ده‌زانم ئه‌و گه‌واهییه‌ی بۆ منی ده‌دات ڕه‌وایه‌. له‌دوای یوخه‌ننه‌نتان نارد، ئه‌ویش گه‌واهیی بۆ ڕه‌وا دا. من گه‌واهیی له‌ مرۆڤ په‌سه‌ند ناكه‌م، به‌ڵام ئه‌مانه‌ ده‌ڵێم تاكو ئێوه‌ ڕزگاربن. ئه‌و چرایه‌كی هه‌ڵگیرساو و بریسكه‌دار بوو، ئێوه‌ش ده‌تانویست ماوه‌یه‌ک به‌ ڕووناكییه‌كه‌ی دڵخۆش بن. به‌ڵام من گه‌واهییه‌كم هه‌یه‌ له‌وه‌ی یوخه‌ننه‌ن مه‌زنتره‌، چونكه‌ ئه‌و كارانه‌ی باوكم پێی داوم ته‌واوی بكه‌م، ئه‌م كارانه‌ خۆیان گه‌واهیم بۆ ده‌ده‌ن كه‌ باوكم ناردوومی. باوكیش كه‌ ناردوومی، خۆی گه‌واهیم بۆ ده‌دات. ئێوه‌ هه‌رگیز ده‌نگیتان نه‌بیستووه‌ و ڕواڵه‌تیتان نه‌بینیوه‌، وشه‌كه‌شی له‌ ئێوه‌دا جێگیر نییه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و ناردوویه‌تی ئێوه‌ باوه‌ڕی پێ ناهێنن. سیپاره‌كان بپشكنن، چونكه‌ ده‌زانن ژیانی جاویدانی بۆ ئێوه‌ تێدایه‌. ئه‌وانه‌ش گه‌واهیم بۆ ده‌ده‌ن، به‌ڵام ناتانه‌وێ بێنه‌ لام تاكو ژیانتان هه‌بێت. من شكۆ له‌ خه‌ڵک په‌سه‌ند ناكه‌م. به‌ڵام ئێوه‌م ناسی كه‌ خۆشویستنی خوداتان له‌ دڵدا نییه‌. به‌ ناوی باوكمه‌وه‌ هاتووم، په‌سه‌ندیشم ناكه‌ن، ئه‌گه‌ر یه‌كێكی دیكه‌ به‌ ناوی خۆیه‌وه‌ بێت، په‌سه‌ندی ده‌كه‌ن. چۆن ده‌توانن باوه‌ڕ بهێنن ئه‌گه‌ر شكۆ له‌ یه‌كتری وه‌رده‌گرن، به‌ڵام ئه‌و شكۆیه‌ی له‌ تاكه‌ خوداوه‌یه‌ داوا ناكه‌ن؟ وا مه‌زانن من له‌لای باوک سكاڵاتان لێ ده‌كه‌م. یه‌كێک هه‌یه‌ سكاڵاتان لێ بكات، كه‌ مووشێیه‌، ئه‌وه‌ی هیواتان پێیه‌تی. چونكه‌ ئه‌گه‌ر بڕواتان به‌ مووشێ بكردایه‌، بڕواتان به‌ منیش ده‌كرد، چونكه‌ له‌ باره‌ی منه‌وه‌ نووسیویه‌تی. ئه‌گه‌ر باوه‌ڕیش به‌ په‌رتووكه‌كانی ئه‌و نه‌كه‌ن، چۆن باوه‌ڕ به‌ وته‌كانی من ده‌كه‌ن؟” دوای ئه‌مه‌ ئیشۆع چووه‌ ئه‌وبه‌ری ده‌ریای گلیلا، كه‌ ده‌ریای ته‌به‌ریه‌یه‌، كۆمه‌ڵانێكی زۆر دوای كه‌وتن، چونكه‌ ئه‌و نیشانانه‌یان بینیبوو كه‌ له‌ نه‌خۆشه‌كاندا ده‌یكرد. ئینجا ئیشۆع چووه‌ سه‌ر شاخێک و له‌وێ له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی دانیشت. جه‌ژنی په‌سخه‌ی جوو نزیک بوو. ئیشۆعیش چاوی هه‌ڵبڕی و كۆمه‌ڵانێكی زۆری بینی ده‌هاتنه‌ لای، به‌ پیلیپوسی فه‌رموو: “له‌كوێ نان بكڕین بۆئه‌وه‌ی ئه‌مانه‌ بخۆن؟” ئه‌مه‌ی فه‌رموو تاكو تاقیی بكاته‌وه‌، چونكه‌ خۆی زانی به‌ نیازه‌ چی بكات. پیلیپوس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “بایی دوو سه‌د دیناریش نان به‌شیان ناكات، ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌كه‌یان كه‌مێكی به‌ركه‌وێت”. یه‌كێک له‌ قوتابییه‌كانی كه‌ ئه‌ندراوسی برای شیمعون په‌تڕۆس بوو پێی وت: “كوڕێک لێره‌یه‌ پێنج نانی جۆ و دوو ماسی پێیه‌. به‌ڵام ئه‌ونده‌ چییه‌ بۆ ئه‌م هه‌مووه‌؟” ئیشۆع فه‌رمووی: “خه‌ڵكه‌كه‌ دابنیشێنن”. ئه‌و شوێنه‌ گیایه‌كی زۆری لێبوو، جا پیاوه‌كان كه‌ پێنج هه‌زار ده‌بوون دانیشتن. ئیشۆعیش نانه‌كانی برد و سوپاسی كرد، به‌سه‌ر قوتابیه‌كان دابه‌شیكرد، قوتابیه‌كانیش به‌سه‌ر دانیشتووان دابه‌شیان كرد، ماسیه‌كانیش هه‌ر ئاوا، ئه‌وه‌نده‌ی ویستیان. كاتێ تێربوون، به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “ئه‌و له‌ته‌نانه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ كۆی بكه‌نه‌وه‌ تاكو هیچ به‌ فیڕۆ نه‌ڕوات”. ئه‌وانیش كۆیان كرده‌وه‌ و دوازده‌ سه‌به‌ته‌یان پڕ كرد له‌و له‌ته‌نانه‌ی ئه‌و پێنج نانه‌ جۆیه‌ی له‌ نانخۆران مابووه‌وه‌. كاتێ خه‌ڵكه‌كه‌ بینییان ئیشۆع چ په‌رجوێكی كرد، وتیان: “به‌ ڕاستی ئه‌مه‌ پێغه‌مبه‌ره‌كه‌یه‌كه‌ وا بۆ جیهان دێت!”. به‌ڵام ئیشۆع زانی ئه‌وان به‌ نیازن بێن و بیگرن تاكو بیكه‌نه‌ پاشا، دیسان به‌ ته‌نیا چووه‌ سه‌ر شاخ. كاتێ ئێواره‌ داهات قوتابییه‌كانی بۆ لای ده‌ریاكه‌ چوونه‌ خواره‌وه‌، سواری كه‌شتیێک بوون و به‌ ده‌ریادا بۆ كپه‌ڕناخوم كه‌وتنه‌ڕێ. تاریک داهات و ئیشۆع هه‌ر نه‌هاته‌ لایان. ڕه‌شه‌بایه‌كی مه‌زن هه‌ڵیكرد و ده‌ریا هه‌ڵچوو. كه‌ نزیكه‌ی بیست و پێنج تاكو سی تیرهاوێژ سه‌وڵیان لێدابوو، ئیشۆعیان بینی به‌سه‌ر ئاوه‌كه‌دا ڕێده‌كات و له‌ كه‌شتیه‌كه‌ نزیک ده‌بێته‌وه‌، جا ترسان. پێی فه‌رموون: “منم، مه‌ترسن!” كه‌ ڕازی بوون سواری كه‌شتیه‌كه‌ی بكه‌ن، یه‌كسه‌ر كه‌شتیه‌كه‌ گه‌یشته‌ ئه‌و كه‌ناره‌ی بۆی ده‌چوون. بۆ به‌یانی، ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی له‌وبه‌ری ده‌ریاكه‌ ڕاوه‌ستابوون بینییان له‌و كه‌شتیه‌ زیاتر له‌وێ نه‌بوو، كه‌ قوتابیان سواری ببون، ئیشۆعیش له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی سواری كه‌شتی نه‌بوو، به‌ڵكو قوتابییه‌كانی به‌ ته‌نها به‌ڕێكه‌وتن. به‌ڵام كه‌شتیی دیكه‌ش له‌ ته‌به‌ریه‌وه‌ هاتنه‌ نزیک ئه‌و شوێنه‌ی نانه‌كه‌یان لێی خوارد كه‌ په‌روه‌ردگار سوپاسی كرد. كاتێ كۆمه‌ڵه‌كه‌ بینییان نه‌ ئیشۆع له‌وێیه‌ و نه‌ قوتابییه‌كانی، سواری كه‌شتیه‌كان بوون و هاتنه‌ كپه‌ڕناخوم، له‌ ئیشۆع ده‌گه‌ڕان. كه‌ له‌وبه‌ری ده‌ریاكه‌ دۆزییانه‌وه‌، پێیان وت: “ڕابی، كه‌ی گه‌یشتیته‌ ئێره‌؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئێوه‌ داوام ده‌كه‌ن نه‌ک له‌به‌رئه‌وه‌ی په‌رجوتان بینی، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ نانه‌كه‌تان خوارد و تێر بوون. بۆ خۆراكێک ئیش مه‌كه‌ن كه‌ له‌ناوده‌چێت، به‌ڵكو بۆ خۆراكێک كه‌ بۆ ژیانی جاویدانی ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌تانداتێ، چونكه‌ ئه‌مه‌ خودای باوک مۆری لێداوه‌”. پێیان وت: “چی بكه‌ین تاكو كاره‌كانی خودا بكه‌ین؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “كاری خودا ئه‌مه‌یه‌: باوه‌ڕ بهێنن به‌وه‌ی ناردوویه‌تی”. ئه‌وانیش پێیان وت: “چ په‌رجوێک ده‌كه‌یت تاكو ببینین و باوه‌ڕت پێ بهێنین؟ چی ده‌كه‌یت؟ باوباپیرانمان له‌ بیاباندا مه‌نیان خوارد، وه‌ک نووسراوه‌: {له‌ ئاسمانه‌وه‌ نانی دانێ تاكو بیخۆن} ”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: مووشێ نه‌بوو نانه‌كه‌ی له‌ ئاسمانه‌وه‌ دانێ، به‌ڵكو باوكمه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ نانی ڕاسته‌قینه‌تان ده‌داتێ. چونكه‌ نانی خودا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوه‌ و ژیان ده‌به‌خشێته‌ جیهان”. پێیان وت: “گه‌وره‌م، هه‌موو كاتێ ئه‌و نانه‌مان بده‌رێ”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “منم نانی ژیان. ئه‌وه‌ی بێته‌ لام هه‌رگیز برسیی نابێت، ئه‌وه‌ش باوه‌ڕم پێ بهێنێت هه‌رگیز تینووی نابێت. به‌ڵام پێم وتن: منتان بینی و باوه‌ڕیش ناهێنن. هه‌ر كه‌سێک باوک ده‌یداته‌ من دێته‌ لام، ئه‌وه‌ش بێته‌ لام، ده‌ری ناكه‌م. چونكه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوم، نه‌ک تاكو به‌ خواستی خۆم بكه‌م، به‌ڵكو خواستی ئه‌وه‌ی ناردوومی. ئه‌مه‌ش خواستی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناردوومی: هه‌ر كه‌سێكی پێداوم نه‌یدۆڕێنم، به‌ڵكو له‌ ڕۆژی دوایی هه‌ڵیده‌ستێنمه‌وه‌. چونكه‌ خواستی باوكم ئه‌مه‌یه‌: هه‌ر كه‌سێک ڕۆڵه‌ ببینێت و باوه‌ڕی پێ بهێنێت ژیانی جاویدانیی ده‌‌بێت، منیش له‌ ڕۆژی دوایی هه‌ڵیده‌ستێنمه‌وه‌”. جووه‌كان بۆڵه‌بۆڵیان له‌سه‌ر ده‌كرد، چونكه‌ فه‌رمووی: “منم ئه‌و نانه‌ی له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوه‌”. وتیان: “ئه‌مه‌ ئیشۆعی كوڕی یۆسپ نییه‌، كه‌ باوک و دایكی ده‌ناسین؟ چۆن ده‌ڵێت له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوم؟” ئیشۆعیش وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “له‌ نێو خۆتان بۆڵه‌بۆڵ مه‌كه‌ن. كه‌س ناتوانێت بێته‌ لام ئه‌گه‌ر باوک ڕاینه‌كێشێت، ئه‌وه‌ی ناردوومی، منیش له‌ ڕۆژی دوایی هه‌ڵیده‌ستێنمه‌وه‌. له‌ پێغه‌مبه‌راندا نووسراوه‌: {هه‌موو له‌ خوداوه‌ فێرده‌بن}. جا ئه‌وه‌ی له‌ باوكه‌وه‌ بیستبێتی و فێربووبێت دێته‌ لام. كه‌س باوكی نه‌بینیوه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ خوداوه‌یه‌، ئه‌وه‌ باوكی بینیوه‌. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێ بهێنێت ژیانی جاویدانیی هه‌یه‌. منم نانی ژیان. باوباپیرانتان له‌ بیاباندا مه‌نیان خوارد و مردن. ئه‌مه‌ ئه‌و نانه‌یه‌ كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوه‌، تاكو ئه‌وه‌ی لێی بخوات نه‌مرێت. منم ئه‌و نانه‌ زیندووه‌ی كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوه‌. ئه‌گه‌ر یه‌كێک له‌م نانه‌ بخوات تاهه‌تایه‌ ده‌ژیێت. ئه‌و نانه‌ش كه‌ بۆ ژیانی جیهان ده‌یبه‌خشم، جه‌سته‌مه‌”. جوو له‌نێو خۆیان ده‌مه‌قاڵه‌یان بوو و ده‌یانووت: “ئه‌مه‌ چۆن ده‌توانێ جه‌سته‌ی خۆیمان بداتێ بیخۆین؟” ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر جه‌سته‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ نه‌خۆن و خوێنی نه‌خۆنه‌وه‌، ژیان له‌ ناختاندا نابێت. ئه‌وه‌ی جه‌سته‌م بخوات و خوێنم بخواته‌وه‌ ژیانی جاویدانی هه‌یه‌، منیش له‌ ڕۆژی دوایی هه‌ڵیده‌ستێنمه‌وه‌. چونكه‌ جه‌سته‌م خۆراكی ڕه‌وایه و خوێنیشم خواردنه‌وه‌ی ڕه‌وایه‌. ئه‌وه‌ی جه‌سته‌م بخوات و خوێنم بخواته‌وه‌ له‌ مندا جێگیر ده‌بێت و منیش له‌ ئه‌ودا. وه‌ک باوكی زیندوو ناردوومی، منیش به‌ باوک زیندووم، ئاواش ئه‌وه‌ی من بخوات به‌هۆی من ده‌ژیێت. ئه‌مه‌ ئه‌و نانه‌یه‌ كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوه‌، نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی باوباپیران خواردیان و مردن. ئه‌وه‌ی له‌م نانه‌ بخوات تاهه‌تایه‌ ده‌ژیێت”. ئه‌مانه‌ی له‌ كه‌نیشتێكدا فه‌رموو، كه‌ له‌ كپه‌ڕناخوم ئامۆژگاریی ده‌كرد. زۆر له‌ قوتابییه‌كانی كه‌ گوێیان لێبوو، وتیان: “ئه‌م قسه‌یه‌ گرانه‌! كێ ده‌توانێت وه‌ریبگرێت؟” ئیشۆع له‌ دڵی خۆیدا زانی قوتابییه‌كانی به‌هۆی ئه‌مه‌وه‌ بۆڵه‌بۆڵ ده‌كه‌ن، پێی فه‌رموون: “ئه‌مه‌ ساتمه‌تان پێ ده‌كات؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر ببینن ڕۆڵه‌ی مرۆڤ به‌رزبێته‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ی یه‌كه‌مجار لێیبوو! ڕووح ژیان ده‌دات، به‌ڵام جه‌سته‌ هیچ كه‌ڵكی نیه‌. ئه‌و قسانه‌ی پێتان ده‌ڵێم ڕووح و ژیانن. به‌ڵام هه‌ندێكتان‌ باوه‌ڕ ناهێنن”. چونكه‌ ئیشۆع له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌ناسی كه‌ باوه‌ڕ ناهێنن، هه‌روه‌ها كێیه‌ ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستی ده‌كات. ئینجا فه‌رمووی: “بۆیه‌ پێم وتن: كه‌س ناتوانێ بێته‌ لام، ئه‌گه‌ر له‌ باوكه‌وه‌ پێی نه‌درابێت”. له‌و كاته‌وه‌ زۆر له‌ قوتابییه‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌ و ئیتر له‌گه‌ڵی نه‌ده‌گه‌ڕان. بۆیه‌ ئیشۆع به‌ دوازده‌كه‌ی فه‌رموو: “ئه‌ی ئێوه‌ش ناتانه‌وێ بڕۆن؟” شیمعون په‌تڕۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “په‌روه‌ردگار، بچینه‌ لای كێ؟ قسه‌ی ژیانی جاویدانی له‌لای تۆیه‌. ئێمه‌ش باوه‌ڕمان هێنا و زانیمان كه‌ تۆ مه‌سیحیت ڕۆڵه‌ی خودای زیندوو”. ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌: “ئایا من ئێوه‌ی دوازده‌م هه‌ڵنه‌بژاردووه‌؟ به‌ڵام یه‌كێک له‌ ئێوه‌ شه‌یتانه‌!” ئه‌و باسی ئیهوودای شیمعونی ئه‌سخه‌ریوتی ده‌كرد، چونكه‌ به‌ته‌مابوو ڕاده‌ستی بكات كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ دوازده‌كه‌. دوای ئه‌مه‌‌ ئیشۆع به‌ گلیلا‌دا ده‌گه‌ڕا و نه‌یده‌ویست له‌ ئیهوود بگه‌ڕێ، چونكه‌ جووی ئه‌وێ هه‌وڵیان ده‌دا بیكوژن. جه‌ژنی كه‌پره‌شینه‌ی جوو نزیک بوو، براكانی پێیان وت: “ئێره‌ به‌جێبهێڵه‌ و بڕۆ ئیهوود، تاكو قوتابییه‌كانی خۆشت كاره‌كانت ببینن كه‌ تۆ ده‌یكه‌یت. چونكه‌ كه‌س به‌ شاراوه‌ شتێک ناكات ئه‌گه‌ر بیه‌وێ ئاشكرا بێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م شتانه‌ ده‌كه‌یت، خۆت پیشانی جیهان بده‌”. چونكه‌ براكانیشی باوه‌ڕیان پێی نه‌بوو. ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “جارێ كاتم نه‌هاتووه‌، به‌ڵام هه‌رده‌م كاتی ئێوه‌ گونجاوه‌. جیهان ناتوانێت ڕقی لێتان بێته‌وه‌، به‌ڵام ڕقی له‌ من ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ گه‌واهیی له‌سه‌ر ده‌ده‌م كه‌ كرده‌وه‌كانی خراپه‌. ئێوه‌ بڕۆنه‌ ئه‌م جه‌ژنه‌، من هێشتا نایه‌مه‌ ئه‌م جه‌ژنه‌. چونكه‌ هێشتا كاتم ته‌واو نه‌بووه‌”. ئه‌مانه‌ی فه‌رموو و له‌ گلیلا مایه‌وه‌. به‌ڵام كه‌ براكانی بۆ جه‌ژنه‌كه‌ چوون، ئه‌ویش ڕۆیشت بۆ جه‌ژنه‌كه‌، به‌ڵام نه‌ک به‌ ئاشكرا، به‌ڵكو وه‌ک به‌ نهێنی. جوو له‌ جه‌ژنه‌كه‌دا به‌ دوایدا ده‌گه‌ڕان و ده‌یانووت: “ئه‌و له‌كوێیه‌؟” له‌نێو كۆمه‌ڵانه‌كه‌دا چرپه‌چرپێكی زۆری له‌سه‌ر بوو، هه‌ندێكیان ده‌یانووت: “ئه‌و چاكه‌”. هه‌ندێكی دیكه‌ش ده‌یانووت: “نه‌خێر، به‌ڵكو گه‌ل گومڕا ده‌كات”. به‌ڵام كه‌س له‌ ترسی جووه‌كان به‌ ئاشكرا باسی نه‌ده‌كرد. كاتێ نیوه‌ی جه‌ژن بوو، ئیشۆع چووه‌ په‌رستگا و ئامۆژگاریی ده‌كرد. جووه‌كان سه‌رسام بوون و پرسییان: “ئه‌مه‌ كه‌ فێرنه‌كراوه‌ چۆن له‌ سیپاره‌كان ده‌زانێت؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌: “فێركردنم هی خۆم نییه‌، به‌ڵكو هی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناردوومی. ئه‌گه‌ر كه‌سێک بیه‌وێت به‌ خواستی ئه‌و بكات، له‌ فێركردن ده‌زانێت، ئاخۆ هی خودایه‌ یان له‌ خۆمه‌وه‌ ده‌دوێم. ئه‌وه‌ی له‌ خۆیه‌وه‌ بدوێت، داوای شكۆی خۆی ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی داوای شكۆی ئه‌وه‌ بكات كه‌ ناردوویه‌تی، ئه‌وه‌ ڕاستگۆیه‌ و فێڵی تێدا نییه‌. ئایا مووشێ ته‌وراتی نه‌داونه‌تێ؟ كه‌سیش له‌ ئێوه‌ كار به‌ ته‌ورات ناكات. بۆچی هه‌وڵی كوشتنم ده‌ده‌ن؟” كۆمه‌ڵه‌كه‌ وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “شه‌یتانت تێدایه‌! كێ هه‌وڵی كوشتنت ده‌دات؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “كارێكم كرد و هه‌موو سه‌رسام بوون. بۆیه‌ مووشێ خروسه‌ بڕانی دایه‌ ئێوه‌، ئه‌مه‌ له‌ مووشێوه‌ نه‌بوو به‌ڵكو له‌ باوكانه‌وه‌ بوو له‌ شه‌ممه‌ش مرۆڤ خروسه‌ بڕان ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر مرۆڤ له‌ شه‌ممه‌دا خروسه‌ی ببڕدرێت تاكو ته‌وراتی مووشێ نه‌شكێت، باشه‌ له‌ من تووڕه‌ ده‌بن كه‌ له‌ شه‌ممه‌ سه‌راپای مرۆڤێكم چاككرده‌وه‌؟ به‌ ڕواڵه‌ت حوكم مه‌ده‌ن، به‌ڵكو حوكمێكی دادپه‌روه‌رانه‌ بده‌ن”. بۆیه‌ هه‌ندێک له‌ خه‌ڵكی یروشلایم وتیان: “ئه‌مه‌ نییه‌ ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێت بیكوژن؟ ئه‌وه‌تا به‌ ئاشكرا قسه‌ده‌كات و هیچی پێ ناڵێن! ڕه‌نگه‌ سه‌رۆكه‌كان زانیوویانه‌ كه‌ ئه‌مه‌ به‌ ڕاستی مه‌سیحه‌كه‌یه‌؟ به‌ڵام ئێمه‌ ده‌زانین ئه‌مه‌ خه‌ڵكی كوێیه‌. به‌ڵام كاتێ مه‌سیح دێت كه‌س نازانێت خه‌ڵكی كوێیه‌”. ئیشۆعیش كه‌ له‌ په‌رستگا ئامۆژگاریی ده‌كرد، هاواری كرد و فه‌رمووی: “ده‌مناسن و ده‌زانن خه‌ڵكی كوێم. له‌ خۆمه‌وه‌ نه‌هاتووم، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ناردوومی ڕه‌وایه‌، ئه‌وه‌ی نایناسن. من ده‌یناسم چونكه‌ له‌وم و ئه‌ویش ناردوومی”. جا هه‌وڵیان ده‌دا بیگرن، به‌ڵام كه‌س ده‌ستگیری نه‌كرد، چونكه‌ هێشتا كاتی نه‌هاتبوو. زۆر له‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ش باوه‌ڕیان پێی هێنا و وتیان: “ئایا كاتێ مه‌سیح دێت، په‌رجوی زیاتر ده‌كات له‌وه‌ی ئه‌مه‌ كردوویه‌تی؟”. په‌ڕیشییه‌كان گوێیان له‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ بوو كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و چرپه‌چرپی ئه‌مانه‌یانه‌، جا كاهینانی باڵا و په‌ڕیشییه‌كان ڕاژه‌وانیان نارد تاكو بیگرن. ئیشۆع پێیان فه‌رموو: “ماوه‌یه‌كی كه‌مم له‌گه‌ڵتان‌ ماوه، ئینجا ده‌چمه‌ لای ئه‌وه‌ی ناردوومی. داوام ده‌كه‌ن و نامدۆزنه‌وه‌، ناتوانن بێنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی منی لێیه‌”. ئیتر جووه‌كان له‌نێو خۆیاندا وتیان: “ئه‌مه‌ به‌ نیازه‌ بۆ كوێ بڕوات كه‌ نایدۆزینه‌وه‌؟ ئایا بۆ په‌راگه‌نده‌كانی نێو یۆنانییه‌كان ده‌ڕوات، تاكو یۆنانییه‌كان فێر بكات؟ ئه‌م قسه‌یه‌ چییه‌ ده‌یكات: داوام ده‌كه‌ن و نامدۆزنه‌وه‌ و ناتوانن بێنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی منی لێیه‌؟”. له‌دوایین ڕۆژی گه‌وره‌ی جه‌ژن، ئیشۆع ڕاوه‌ستا و هاواری كرد، فه‌رمووی: “ئه‌گه‌ر یه‌كێک تینووی بوو با بێته‌ لام و بخواته‌وه‌. ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێ بهێنێت، وه‌ک سیپاره‌كه‌ فه‌رموویه‌تی، له‌ ناخییه‌وه‌ ڕووباره‌كانی ئاوی زیندوو ڕێده‌كات”. لێره‌دا مه‌به‌ستی له‌ ڕووحه‌كه‌ بوو، كه‌ خه‌ریک بوو باوه‌ڕداران وه‌ریبگرن، چونكه‌ هێشتا ڕووحی پارسا نه‌درابوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئیشۆع شكۆدار نه‌ببوو. زۆر له‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ كه‌ ئه‌م قسه‌یان بیست‌، وتیان: “ئه‌مه‌ به‌ ڕاستی پێغه‌مبه‌ره‌كه‌یه‌”. هه‌ندێكی دیكه‌، وتیان: “ئه‌مه‌ مه‌سیحه‌كه‌یه‌!”. هه‌ندێكی دیكه‌ش وتیان: “ده‌بێ مه‌سیح له‌ گلیلاوه‌ بێت؟ ئایا سیپاره‌كه‌ نافه‌رمووێت، مه‌سیح له‌ ڕه‌چه‌ڵه‌كی داوید و له‌ بێتلخمه‌وه‌ دێت، گونده‌كه‌ی داویدی لێبوو؟” جا به‌هۆی ئه‌و دووبه‌ره‌كی كه‌وته‌ نێوان كۆمه‌ڵه‌كه‌. هه‌ندێک له‌وان ویستیان بیگرن، به‌ڵام كه‌س ده‌ستگیری نه‌كرد. ئه‌وسا ڕاژه‌وانه‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ لای كاهینانی باڵا و په‌ڕیشییه‌كان، ئه‌وانیش پێیان وتن: “بۆچی نه‌تانهێنا؟” ڕاژه‌وانه‌كان وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “هه‌رگیز كه‌س وه‌ک ئه‌م كابرایه‌‌ قسه‌ی نه‌كردووه‌!” په‌ڕیشییه‌كان وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “ئایا ئێوه‌ش گومڕا بوون؟ ئایا كه‌س له‌ سه‌رۆكه‌كان یان په‌ڕیشییه‌كان باوه‌ڕی پێ هێناوه‌؟ به‌ڵام ئه‌م خه‌ڵكه‌ نه‌فره‌ت لێكراوه‌ كه‌ له‌ ته‌ورات نازانێت”. نیقادیمۆس كه‌ پێشتر هاتبووه‌ لای و یه‌كێک بوو له‌وان، پێی وتن: “ئایا ته‌وراتمان یه‌كێک حوكم ده‌دات ئه‌گه‌ر یه‌كه‌مجار گوێی لێ نه‌گیردرێ و بزانرێت چی كردووه‌؟” وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و پێیان وت: “تۆش گلیلاییت؟ بگه‌ڕێ و ببینه‌! له‌ گلیلا‌دا پێغه‌مبه‌ر هه‌ڵنه‌كه‌وتووه‌”. ئیتر هه‌ریه‌كه‌ چۆوه‌ ماڵی خۆی. به‌ڵام ئیشۆع چووه‌ كێوی زه‌یتوون. له‌ به‌ره‌به‌یاندا له‌ په‌رستگادا ئاماده‌بوو، هه‌موو گه‌ل هاتنه‌ لای و ئه‌ویش دانیشت و ئامۆژگاریی كردن. ته‌وراتزانه‌كان و په‌ڕیشییه‌كان ژنێكیان هێنایه‌ لای كه‌ له‌ كاتی داوێنپیسیدا گیرابوو، كاتێ له‌ ناوه‌ڕاستدا ڕایانگرت، پێیان وت: “ڕابی، ئه‌م ژنه‌ له‌ داوێنپیسیكردندا گیراوه‌. مووشێش له‌ ته‌وراتدا ڕایسپاردووین ژنی ئاوا به‌ردباران بكرێت. تۆ چی ده‌ڵێی؟” ئه‌مه‌یان بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی وت، تاكو شتێكیان هه‌بێت سكاڵای لێ بكه‌ن. به‌ڵام ئیشۆع خۆی چه‌مانده‌وه‌ و به‌ په‌نجه‌ له‌سه‌ر زه‌وی ده‌ینووسی. كاتێ به‌رده‌وام بوون له‌ پرسكردن، هه‌ستاوه‌ و پێی فه‌رموون: “كامه‌تان بێ گوناهه‌ با یه‌كه‌م بێت به‌ردێكی تێبگرێ!”. دیسان خۆی چه‌مانده‌وه‌ و له‌سه‌ر زه‌وی ده‌ینووسی. ئه‌وانه‌ی گوێیان لێبوو، ویژدانیان سه‌ركۆنه‌ی كردن و یه‌ک له‌دوای یه‌ک ڕۆیشتن، ده‌ستپێک له‌ پیرانه‌وه‌. ئه‌وسا ئیشۆع به‌ ته‌نها مایه‌وه‌، ژنه‌كه‌ش له‌ناوه‌ڕاست. كاتێ ئیشۆع ڕاست بووه‌وه‌ له‌ ژنه‌كه‌ زیاتر كه‌سی نه‌بینی، پێی فه‌رموو: “خانم، كوا ئه‌وانه‌ی سكاڵایان لێت ده‌كرد؟ كه‌س تاوانباری نه‌كردوویت؟ وتی: “كه‌س، گه‌وره‌م”. ئیشۆع فه‌رمووی: “منیش حوكمت ناده‌م. بڕۆ ئیتر گوناه مه‌كه‌”. دیسان ئیشۆع قسه‌ی بۆ كردن و فه‌رمووی: “منم ڕووناكیی جیهان. ئه‌وه‌ی دوام بكه‌وێت ئیتر به‌ تاریكیدا ڕێ ناكات، به‌ڵكو ڕووناكیی ژیانی ده‌بێت”. جا په‌ڕیشییه‌كان پێیان وت: “تۆ گه‌واهیی بۆ خۆت ده‌ده‌یت. گه‌واهییه‌كه‌ت ڕه‌وا نییه‌”. ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر من گه‌واهیش بۆ خۆم بده‌م، گه‌واهییه‌كه‌م ڕه‌وایه‌، چونكه‌ ده‌زانم له‌كوێوه‌ هاتووم و بۆ كوێ ده‌ڕۆم. به‌ڵام ئێوه‌ نازانن له‌كوێوه‌ هاتووم و بۆ كوێ ده‌ڕۆم”. ئێوه‌ به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ حوكم ده‌ده‌ن، به‌ڵام من كه‌س حوكم ناده‌م. ئه‌گه‌ر حوكمیش بده‌م حوكمدانه‌كه‌م ڕه‌وایه‌، چونكه‌ به‌ ته‌نها نیم، به‌ڵكو من و باوكین، ئه‌وه‌ی ناردوومی. هه‌روه‌ها له‌ ته‌وراتی ئێوه‌شدا نووسراوه‌ كه‌ گه‌واهیی دوو كه‌س ڕه‌وایه‌. منم گه‌واهیی بۆ خۆم ده‌ده‌م، باوكیش كه‌ ناردوومی گه‌واهیم بۆ ده‌دات. پێیان وت: “باوكت له‌كوێیه‌؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “نه‌ من ده‌ناسن و نه‌ باوكیشم. ئه‌گه‌ر منتان بناسیبایه‌ باوكی منیشتان ده‌ناسی”. ئه‌م فه‌رموودانه‌ی له‌ گه‌نجینه‌دا فه‌رموو، كاتێ له‌ په‌رستگا ئامۆژگاریی ده‌كرد، كه‌سیش نه‌یگرت، چونكه‌ هێشتا كاتی نه‌هاتبوو. دیسان ئیشۆع پێی فه‌رموون: “من ده‌ڕۆم و داوام ده‌كه‌ن، له‌نێو گوناهه‌كانتان ده‌مرن. ئێوه‌ ناتوانن بێنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی من بۆی ده‌ڕۆم”. جووه‌كان وتیان: “ئایا خۆی ده‌كوژێت؟ چونكه‌ ده‌ڵێ: ئێوه‌ ناتوانن بێنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی من بۆی ده‌ڕۆم؟”. پێی فه‌رموون: “ئێوه‌ هی خواره‌وه‌ن، به‌ڵام من هی سه‌ره‌وه‌م. ئێوه‌ هی ئه‌م جیهانه‌ن، به‌ڵام من هی ئه‌م جیهانه‌ نیم. بۆیه‌ پێم وتن: له‌نێو گوناهه‌كانتان ده‌مرن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ باوه‌ڕ نه‌هێنن كه‌ من ئه‌وم، له‌نێو گوناهه‌كانتان ده‌مرن”. پێیان وت: “تۆ كێیت؟” ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ پێم وتوون. زۆر شتم له‌سه‌رتان هه‌یه‌ بیڵێم و حوكمی پێ بده‌م. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ناردوومی ڕه‌وایه‌، هه‌رچیم له‌و بیستووه‌ به‌ جیهانی ده‌ڵێم”. ئه‌وان تێنه‌گه‌یشتن كه‌ باسی باوكیان بۆ ده‌كات. جا ئیشۆع پێی فه‌رموون: “كاتێ ڕۆڵه‌ی مرۆڤتان به‌رزكرده‌وه‌، ئه‌وسا تێده‌گه‌ن كه‌ من ئه‌وم، له‌ خۆمه‌وه‌ هیچ ناكه‌م، به‌ڵكو وه‌ک باوک فێری كردووم قسه‌ ده‌كه‌م. ئه‌وه‌ی ناردوومی له‌گه‌ڵمدایه‌، باوكیش به‌ ته‌نها به‌جێی نه‌هێشتووم، چونكه‌ من هه‌میشه‌ به‌گوێره‌ی ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و ده‌كه‌م”. كاتێ ئه‌م قسانه‌ی ده‌فه‌رموو، زۆر كه‌س باوه‌ڕیان پێی هێنا. ئه‌وسا ئیشۆع به‌ جووه‌كانی فه‌رموو كه‌ باوه‌ڕیان پێی هێنابوو: “ئه‌گه‌ر ئێوه‌ له‌ قسه‌كه‌مدا جێگیربن، ئه‌وا به‌ ڕاستی قوتابی منن و ڕه‌وا ده‌ناسن، ڕه‌واش ئازادتان ده‌كات”. وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “ئێمه‌ نه‌وه‌ی ئه‌وڕاهه‌مین، هه‌رگیز كۆیله‌ی كه‌س نه‌بووینه‌! ئیتر چۆن ده‌فه‌رمووی: ئازاد ده‌بن؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌: ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: هه‌ر كه‌سێک گوناه‌ بكات كۆیله‌ی گوناهه‌. كۆیله‌ تاهه‌تایه‌ له‌ ماڵ نامێنێته‌وه‌، به‌ڵام ڕۆڵه‌ تاهه‌تایه‌ ده‌مێنێته‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ڕۆڵه‌ ئازادی كردن، ئه‌وا به‌ ڕاستی ئازاد ده‌بن. من ده‌زانم ئێوه‌ نه‌وه‌ی ئه‌وڕاهه‌من. به‌ڵام هه‌وڵی كوشتنم ده‌ده‌ن، چونكه‌ قسه‌كه‌م له‌ ئێوه‌دا جێگه‌ی نییه‌. چیم له‌لای باوكم بینیوه‌ ده‌یڵێم، ئێوه‌ش چیتان له‌ باوكتانه‌وه‌ بینیوه‌ ده‌یكه‌ن. وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و پێیان وت: “باوكمان ئه‌وڕاهه‌مه‌”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “ئه‌گه‌ر ڕۆڵه‌ی ئه‌وڕاهه‌م بوونایه‌، كرداره‌كانی ئه‌وڕاهه‌متان ده‌كرد! به‌ڵام ئێستا هه‌وڵی كوشتنم ده‌ده‌ن، منیش ئه‌و كه‌سه‌م ئه‌و ڕه‌وایه‌ی له‌ خوداوه‌ بیستم پێم وتن. ئه‌مه‌ش ئه‌وڕاهه‌م نه‌یكردووه‌. ئێوه‌ كرداره‌كانی باوكتان ده‌كه‌ن”. جا پێیان وت: “به‌ داوێنپیسی له‌دایک نه‌بووین. یه‌ک باوكمان هه‌یه‌ كه‌ خودایه‌”. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئه‌گه‌ر خودا باوكتان بووایه‌، منتان خۆشده‌ویست، چونكه‌ له‌ خوداوه‌ ده‌رچووم و هاتووم. چونكه‌ له‌ خۆمه‌وه‌ نه‌هاتووم، به‌ڵكو ئه‌و ناردوومی. بۆچی له‌ قسه‌كانم تێناگه‌ن؟ چونكه‌ ناتوانن گوێ له‌ قسه‌كه‌م بگرن. ئێوه‌ له‌ باوكێكن كه‌ ئیبلیسه‌، ده‌تانه‌وێت به‌ ئاره‌زووه‌كانی باوكتان بكه‌ن. ئه‌و له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بكوژ بووه‌، له‌ ڕه‌وادا جێگیر نه‌بووه‌، چونكه‌ ڕه‌وا له‌ودا نییه‌. كاتێكیش درۆ ده‌كات، باسی شتی خۆی ده‌كات، چونكه‌ درۆزنه‌ و باوكی درۆیه‌. به‌ڵام من چونكه‌ ڕه‌وا ده‌ڵێم باوه‌ڕم پێ ناهێنن. كامه‌تان ده‌توانێت گوناهێكم له‌سه‌ر بسه‌لمێنێ؟ جا ئه‌گه‌ر ڕه‌وا ده‌ڵێم، بۆچی باوه‌ڕم پێ ناهێنن؟ ئه‌وه‌ی له‌ خوداوه‌یه‌، گوێ له‌ وته‌ی خودا ده‌گرێت. بۆیه‌ ئێوه‌ گوێ ناگرن، چونكه‌ له‌ خوداوه‌ نین”. جووه‌كان وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و پێیان وت: “ئایا ئێمه‌ ڕاست ناڵێین كه‌ تۆ شمرنیت و شه‌یتانت تێدایه‌؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “من شه‌یتانم تێدا نییه‌، به‌ڵام ڕێزی باوكم ده‌گرم و ئێوه‌ش سووكایه‌تیم پێ ده‌كه‌ن. داوای شكۆ بۆ خۆم ناكه‌م، به‌ڵام هه‌یه‌ بۆم داوا بكات و حوكم بدات. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر یه‌كێک قسه‌كانم بپارێزێت تاهه‌تایه‌ مه‌رگ نابینێت”. جووه‌كان پێیان وت: “ئێستا زانیمان شه‌یتانت تێدایه‌. ئه‌وڕاهه‌م و پێغه‌مبه‌ران مردن، كه‌چی تۆ ده‌ڵێی: ئه‌گه‌ر یه‌كێک وشه‌كانم بپارێزێت هه‌رگیز مه‌رگ ناچێژێت. ئایا تۆ له‌ ئه‌وڕاهه‌می باوكمان مه‌زنتری كه‌ مرد؟ پێغه‌مبه‌رانیش مردن. خۆت به‌ چی داده‌نێیت؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “ئه‌گه‌ر خۆم شكۆدار بكه‌م، ئه‌وا شكۆكه‌م هیچ نییه‌. باوكمه‌ كه‌وا شكۆدارم ده‌كات، ئه‌وه‌ی ئێوه‌ ده‌ڵێن خودامانه‌، كه‌ نایناسن. به‌ڵام من ده‌یناسم. ئه‌گه‌ر بڵێم نایناسم، وه‌ک ئێوه‌ ده‌بمه‌ درۆزن. به‌ڵام ده‌یناسم و قسه‌كه‌ی ده‌پارێزم. ئه‌وڕاهه‌می باوكتان دڵشاد بوو كه‌ ڕۆژی من ببینێت، جا بینی و دڵخۆش بوو”. جووه‌كانیش پێیان وت: “تۆ جارێ په‌نجا ساڵ نیت، ئه‌وڕاهه‌مت بینیوه‌؟” ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم، پێش ئه‌وه‌ی ئه‌وڕاهه‌م ببێت، من هه‌م”. ئه‌وسا به‌ردیان هه‌ڵگرت تاكو به‌ردبارانی بكه‌ن، به‌ڵام ئیشۆع له‌به‌رچاو نه‌ما و له‌ په‌رستگاكه‌ ده‌رچوو. كاتێ تێده‌په‌ڕی، پیاوێكی بینی كه‌ به‌ زگماک نابینا بوو، قوتابییه‌كانی لێیان پرسی، وتیان: “ڕابی، كێ گوناهی كردووه‌، ئه‌م پیاوه‌ یان دایک و باوكی، وا به‌ زگماک نابینایه‌؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “نه‌ ئه‌مه‌ گوناهی كردووه‌ نه‌ دایک و باوكیشی، به‌ڵكو تاكو كاره‌كانی خودای تێدا ده‌ربكه‌وێت. تاكو ڕۆژه‌، ده‌بێ‌ كاری ئه‌وه‌ بكه‌م كه‌ ناردوومی. ئه‌گینا شه‌و دادێت و كه‌س ناتوانێت كاری تێدا بكات. ئه‌وه‌نده‌ی له‌ جیهاندام، منم ڕووناكیی جیهان”. ئه‌مه‌ی فه‌رموو و تفی له‌سه‌ر زه‌وی كرد، به‌ تفه‌كه‌ قوڕی گرته‌وه‌، به‌ قوڕه‌كه‌ش چاوی سواخ دا. پێی فه‌رموو: “بڕۆ له‌ گۆمی شیلۆیا ـ واتا: په‌پامبه‌ر ـ خۆت بشۆ”. جا ڕۆیشت، شۆردی و به‌ چاوكراوه‌یی هاته‌وه‌. دراوسێ و ئه‌وانه‌ی پێشتر بینیبوویان سواڵ ده‌كات وتیان: “ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ داده‌نیشت و سواڵی ده‌كرد؟” هه‌ندێک وتیان: “خۆیه‌تی”. هه‌ندێكی دیكه‌ وتیان: “له‌و ده‌چێت”. به‌ڵام ئه‌و وتی: “من ئه‌وم”. ئینجا پێیان وت: “ئه‌ی چۆن چاوت كرایه‌وه‌؟” وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “كابرایه‌ک پێی ده‌ووترێ ئیشۆع، قوڕی گرته‌وه‌ و چاومی سواخ دا، پێی فه‌رمووم: بڕۆ له‌ گۆمی شیلۆیا خۆت بشۆ. منیش ڕۆیشتم، شۆردم و بینیم”. پێیان وت: “ئه‌و له‌كوێیه‌؟” وتی: “نازانم”. جا ئه‌وه‌ی پێشتر نابینا بوو هێنایانه‌ لای په‌ڕیشییه‌كان. ئه‌و ڕۆژه‌ی ئیشۆع قوڕه‌كه‌ی گرته‌وه‌ و چاوی كرده‌وه‌ شه‌ممه‌ بوو. په‌ڕیشییه‌كانیش لێیان پرسی چۆن بینیت. پێی وتن: “قوڕی خسته‌ سه‌ر چاوم، منیش شوشتم و وا ده‌بینم”. هه‌ندێک له‌ په‌ڕیشییه‌كان وتیان: “ئه‌م پیاوه‌ له‌ خوداوه‌ نییه‌، چونكه‌ شه‌ممه‌ ناپارێزێت”. هه‌ندێكی دیكه‌ وتیان: “چۆن پیاوێكی گوناهبار ده‌توانێت په‌رجوی ئاوا بكات؟” ئیتر دووبه‌ره‌كییان تێدابوو. دیسان به‌ نابیناكه‌یان وت: “تۆ ده‌رباره‌ی ئه‌و چی ده‌ڵێی، كه‌ چاوی تۆی كرده‌وه‌؟” وتی: “پێغه‌مبه‌ره‌!”. جووه‌كان بڕوایان نه‌كرد كه‌ ئه‌مه‌ نابینا بووه‌ و وا ده‌بینێت، تاكو دایبابی ئه‌وه‌یان بانگكرد كه‌ ده‌بینێت. لێیان پرسین و وتیان: “ئایا ئه‌مه‌ كوڕتانه‌ كه‌ ده‌ڵێن به‌ زگماک نابینا بووه‌؟ ئه‌ی ئێستا چۆن ده‌بینێت؟” دایبابی وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “ده‌زانین ئه‌مه‌ كوڕمانه‌ و به‌ زگماک نابینا بوو. به‌ڵام نازانین ئێستا چۆن ده‌بینێت، یان نازانین كێ چاوی كردووه‌ته‌وه‌. خۆی به‌ته‌مه‌نه‌، پرسی لێ بكه‌ن، با باسی خۆی بكات”. دایبابی له‌ ترسی جووه‌كان ئه‌مه‌یان وت، چونكه‌ جوو ته‌گبیریان كردبوو هه‌ر كه‌سێک دان بنێت كه‌ ئیشۆع مه‌سیحه‌كه‌یه‌، له‌ كه‌نیشت ده‌ریده‌كه‌ن. بۆیه‌ دایبابی وتیان: “خۆی به‌ته‌مه‌نه‌، پرسی لێ بكه‌ن”. دیسان ئه‌و پیاوه‌ی پێشتر نابینا بوو بانگكرد و پێیان وت: “خودا شكۆدار بكه‌! ئێمه‌ ده‌زانین ئه‌م پیاوه‌ گوناهباره‌”. كابرا وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “ئه‌گه‌ر گوناهباره‌، نازانم، به‌ڵام یه‌ک شت ده‌زانم، نابینا بووم و ئێستا ده‌بینم”. پێیان وت: “چی لێ كردیت؟ چۆن چاوی تۆی كرده‌وه‌؟” وه‌ڵامی دانه‌وه‌: “پێم وتن گوێتان لێ نه‌گرتم. بۆچی دیسان ده‌تانه‌وێ ببیستن؟ ئێوه‌ش ده‌تانه‌وێ ببنه‌ قوتابیی ئه‌و؟” جنێویان پێیدا و وتیان: “تۆ قوتابیی ئه‌ویت، به‌ڵام ئێمه‌ قوتابیی مووشێین. ئێمه‌ ده‌زانین مووشێ خودا له‌گه‌ڵی دوواوه‌، به‌ڵام نازانین ئه‌مه‌ له‌كوێوه‌ هاتووه‌”. پیاوه‌كه‌ وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی وتن: “ئه‌مه‌ شتێكی سه‌یره‌! ئه‌و چاوی كردوومه‌ته‌وه‌، ئێوه‌ش نازانن له‌كوێوه‌ هاتووه‌. ده‌شزانین خودا گوێ له‌ گوناهباران ناگرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێک له‌خواترس بێت و به‌ خواستی بكات، ئه‌وا گوێی لێ ده‌گرێت. هه‌رگیز نه‌بیستراوه‌ یه‌كێک چاوی مرۆڤێكی به‌ زگماک نابینای كردبێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌م كه‌سه‌ له‌ خوداوه‌ نه‌بێت، نه‌یده‌توانی هیچ بكات”. پێیان وت: “تۆ به‌ ته‌واوی له‌ گوناه‌ له‌دایكبوویت. تۆ فێرمان ده‌كه‌یت؟” جا ده‌ریانكرد. ئیشۆع بیستی ده‌ریانكردووه‌، ئه‌وی بینی و پێی فه‌رموو: “باوه‌ڕت به‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ هه‌یه‌؟” كابرا وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “گه‌وره‌م، ئه‌و كێیه‌ تاكو باوه‌ڕی پێ بهێنم؟” ئیشۆع پێی فه‌رموو: “ئه‌وه‌ی بینیت و ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵت ده‌دوێت، ئه‌وه‌ خۆیه‌تی!”. ئه‌ویش وتی: “گه‌وره‌م باوه‌ڕ ده‌هێنم”. ئینجا كڕنۆشی بۆ برد. ئیشۆع فه‌رمووی: “بۆ حوكمدان هاتوومه‌ته‌ ئه‌م جیهانه‌، تاكو ئه‌وانه‌ی نابینن ببینن و ئه‌وانه‌ی ده‌بینن كوێر بن”. ئه‌وانه‌ی له‌ په‌ڕیشییه‌كان بوون و له‌گه‌ڵی بوون كه‌ گوێیان له‌مه‌ بوو، پێیان وت: “ئایا ئێمه‌ش كوێرین؟” ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئه‌گه‌ر كوێر بوونایه‌ گوناهتان نه‌ده‌بوو. به‌ڵام ئێستا ده‌ڵێن: ده‌بینین، بۆیه‌ گوناهه‌كه‌تان ده‌مێنێته‌وه‌”. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی له‌ ده‌رگاوه‌ ناچێته‌ نێو پشتیری كاوڕه‌كان، به‌ڵكو به‌ شوێنێكی دیكه‌دا بۆی سه‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ دز و جه‌رده‌یه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ ده‌رگاوه‌ بچێته‌ ژووره‌وه‌، ئه‌وه‌ شوانی كاوڕه‌كانه‌. ده‌رگاوانیش لێی ده‌كاته‌وه‌، كاوڕیش گوێ له‌ ده‌نگی ده‌گرن، به‌ ناو بانگی كاوڕه‌كانی خۆی ده‌كات و ده‌یانباته‌ ده‌ره‌وه‌. كاتێ هه‌موو ئه‌وانه‌ی خۆی هێنایه‌ ده‌ره‌وه‌، له‌پێشیانه‌وه‌ ده‌ڕوات و كاوڕه‌كانیش دوای ده‌كه‌ون، چونكه‌ ده‌نگی ده‌ناسن. به‌ڵام دوای بێگانه‌ ناكه‌ون، به‌ڵكو لێی هه‌ڵدێن، چونكه‌ ده‌نگی بێگانه‌ ناناسن”. ئیشۆع ئه‌م په‌نده‌ی بۆ گێڕانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وان تێنه‌گه‌یشتن باسی چییان بۆ ده‌كات. دیسان ئیشۆع فه‌رمووی: “ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: منم ده‌رگای كاوڕه‌كان. هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێش من هاتوون دز و جه‌رده‌ بوون، به‌ڵام كاوڕه‌كان گوێیان لێ نه‌گرتن. منم ده‌رگاكه‌. ئه‌وه‌ی له‌ منه‌وه‌ بچێته‌ ژووره‌وه‌ ڕزگاری ده‌بێت، دێته‌ ژووره‌وه‌ و ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌وه‌ڕگا ده‌دۆزێته‌وه‌. دز بۆ دزین و كوشتن و له‌ناوبردن نه‌بێت نایه‌ت، به‌ڵام من هاتووم تاكو ژیانیان هه‌بێت، ژیانێكی پڕ. منم شوانی دڵسۆز. شوانی دڵسۆزیش ژیانی خۆی بۆ كاوڕه‌كانی به‌خت ده‌كات. به‌كرێگیراویش شوان نییه‌ و كاوڕه‌كان هی ئه‌و نین. ده‌بینێت گورگ دێت، كاوڕه‌كان به‌جێده‌هێڵێت و هه‌ڵدێت، گورگیش كاوڕه‌كان ده‌بات و په‌رته‌وازه‌یان ده‌كات. به‌كرێگیراویش هه‌ڵدێت چونكه‌ به‌ كرێ گیراوه‌ و خه‌می كاوڕه‌كانی نییه‌. به‌ڵام من شوانێكی دڵسۆزم. هی خۆم ده‌ناسم و هی خۆشم ده‌مناسن، وه‌ک باوک ده‌مناسێت، منیش باوک ده‌ناسم. ژیانم بۆ كاوڕه‌كان داده‌نێم. هه‌روه‌ها كاوڕی دیكه‌م هه‌یه‌ سه‌ر به‌م پشتیره‌یه‌ نین، ده‌بێ ئه‌وانیش بهێنم، ئه‌وانیش گوێیان له‌ ده‌نگم ده‌بێت، جا ده‌بنه‌ یه‌ک مێگه‌ل و یه‌ک شوان. بۆیه‌ باوک منی خۆشده‌وێت، چونكه‌ ژیانی خۆم داده‌نێم تاكو وه‌ریبگرمه‌وه‌. كه‌س له‌ منی ناستێنێت، به‌ڵكو خۆم دایده‌نێم. ده‌سه‌ڵاتم هه‌یه‌ دایبنێم و ده‌سه‌ڵاتم هه‌یه‌ بیبه‌مه‌وه‌. ئه‌م ڕاسپارده‌یه‌م له‌ باوكمه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌”. به‌هۆی ئه‌م قسانه‌ دیسان دووبه‌ره‌كی له‌نێو جووه‌كان په‌یدابوو. زۆربه‌یان وتیان: “شه‌یتانی تێدایه‌ و وڕێنه‌ ده‌كات. بۆچی گوێی لێ ده‌گرن؟” هه‌ندێكی دیكه‌ وتیان: “ئه‌مه‌ قسه‌ی یه‌كێک نییه‌ شه‌یتانی تێدا بێت. ئایا شه‌یتان ده‌توانێت چاوی نابینا بكاته‌وه‌؟”. زستان بوو و له‌ یروشلایم جه‌ژنی ته‌رخانكردن بوو، ئیشۆعیش له‌ په‌رستگادا له‌ هه‌یوانی شلیمون پیاسه‌ی ده‌كرد. جووه‌كان لێی كۆبوونه‌وه‌ و پێیان وت: “تا كه‌ی به‌ هه‌ڵواسراوی ده‌مانهێڵیته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر تۆ مه‌سیحه‌كه‌یت، به‌ ئاشكرا پێمان بڵێ”. ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌: “من پێم وتن به‌ڵام باوه‌ڕ ناهێنن. ئه‌و كارانه‌ی به‌ ناوی باوكمه‌وه‌ ده‌یكه‌م، گه‌واهیم بۆ ده‌ده‌ن. به‌ڵام باوه‌ڕ ناهێنن، چونكه‌ له‌ كاوڕه‌كانم نین وه‌كو پێم وتن. كاوڕه‌كانم گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرن، منیش ده‌یانناسم و دوامده‌كه‌ون، ژیانی جاویدانیان ده‌ده‌مێ و تاهه‌تایه‌ له‌ناو ناچن، كه‌سیش له‌ ده‌ستم نایانڕفێنێت. باوكم كه‌ به‌ منی داون له‌ هه‌مووان مه‌زنتره‌، كه‌سیش ناتوانێت له‌ ده‌ستی باوكم بیانڕفێنێت. من و باوک یه‌كین”. دیسان جووه‌كان به‌ردیان هه‌ڵگرت تاكو به‌ردبارانی بكه‌ن. ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌: “زۆر كاری چاكم له‌لایه‌ن باوكه‌وه‌ پیشاندان، به‌هۆی كامیانه‌وه‌ به‌ردبارانم ده‌كه‌ن؟” جووه‌كان وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “له‌به‌ر كردارێكی چاک به‌ردبارانت ناكه‌ین، به‌ڵكو به‌هۆی كفره‌وه‌، چونكه‌ تۆ مرۆڤیت و خۆت ده‌كه‌یت به‌ خودا”. ئیشۆعیش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: “ئایا له‌ ته‌وراته‌كه‌تان نه‌نووسراوه‌: {من وتم ئێوه‌ خوداوه‌نده‌كانن} ؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ به‌ خوداوه‌نده‌كان بانگ بكات كه‌ وشه‌ی خودا بۆ ئه‌وان هاتووه‌ و ناتوانرێت په‌رتووكه‌كه‌ بشكێندرێت چۆن ئه‌وه‌ی كه‌ باوک پارسای كردووه‌ و بۆ جیهانی ناردووه‌ ده‌ڵێن: كفر ده‌كات، چونكه‌ وتم: ڕۆڵه‌ی خودام؟ ئه‌گه‌ر كاره‌كانی باوكم ناكه‌م، باوه‌ڕم پێ مه‌هێنن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌یكه‌م، ئێوه‌ باوه‌ڕیشم پێ ناهێنن، باوه‌ڕ به‌و كارانه‌ بهێنن، تاكو بزانن و باوه‌ڕ بهێنن كه‌ باوک له‌ مندایه‌ و منیش له‌ باوكدام”. دیسان ویستیان بیگرن، به‌ڵام له‌ ده‌ستیان ده‌رچوو. ئینجا چووه‌وه‌ ئه‌وبه‌ری یوردنه‌ن و له‌وێ مایه‌وه‌، له‌و شوێنه‌ی كه‌ یوخه‌ننه‌ن یه‌كه‌مجار عه‌مادی ده‌كرد. زۆر كه‌س هاتنه‌ لای و وتیان: “یوخه‌ننه‌ن هیچ په‌رجوێكی نه‌كرد، به‌ڵام هه‌رچی یوخه‌ننه‌ن ده‌رباره‌ی ئه‌مه‌ وتی ڕاست بوو”. له‌وێدا زۆر كه‌س باوه‌ڕیان پێ هێنا. پیاوێک به‌ ناوی له‌عازڕ له‌ بتعه‌نیا نه‌خۆش بوو، خه‌ڵكی گونده‌كه‌ی مه‌ریه‌م و مه‌رتای خوشكی بوو. مه‌ریه‌م ئه‌وه‌بوو كه‌ په‌روه‌ردگاری به‌ بۆن چه‌وركرد و به‌ پرچی پێیه‌كانی سڕییه‌وه‌، له‌عازه‌ڕی براشی نه‌خۆش بوو. خوشكه‌كان هه‌واڵیان بۆ نارد و وتیان: “گه‌وره‌م، ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ی خۆشتده‌وێت نه‌خۆشه‌”. كاتێ ئیشۆع ئه‌مه‌ی بیست فه‌رمووی: “ئه‌م نه‌خۆشییه‌ بۆ مه‌رگ نییه‌، به‌ڵكو بۆ شكۆداری خودایه‌، تاكو به‌هۆیه‌وه‌ ڕۆڵه‌ی خودا شكۆدار بێت”. ئیشۆعیش مه‌رتا و خوشكه‌كه‌ی و له‌عازه‌ڕی خۆشده‌ویست، بۆیه‌ كاتێ بیستی نه‌خۆشه‌، له‌و شوێنه‌ی لێیبوو دوو ڕۆژ مایه‌وه‌. دوای ئه‌مه‌ به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “با بچینه‌وه‌ ئیهوود”. قوتابییه‌كان پێیان وت: “ڕابی، ئێستا جوو به‌ته‌مابوون به‌ردبارانت بكه‌ن، دیسان ده‌چیته‌وه‌ ئه‌وێ؟” ئیشۆعیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “ئایا ڕۆژ دوازده‌ كاژێر نییه‌؟ ئه‌وه‌ی به‌ ڕۆژ ڕێ بكات ساتمه‌ ناكات، چونكه‌ ڕووناكی ئه‌م جیهانه‌ ده‌بینێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ شه‌و ڕێ بكات ساتمه‌ ده‌كات، چونكه‌ ڕووناكیی تێدا نییه‌”. ئه‌مانه‌ی فه‌رموو، پاشان پێی فه‌رموون: “له‌عازه‌ڕی خۆشه‌ویستمان نووست، به‌ڵام ده‌چم تاكو به‌خه‌به‌ری بهێنمه‌وه‌”. قوتابییه‌كان وتیان: “گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر نووستووه‌، ئه‌وا چاكده‌بێته‌وه‌”. ئیشۆع باسی مه‌رگی ئه‌وی كرد، به‌ڵام ئه‌وان وایانزانی باسی نووستنی خه‌وتن ده‌كات. ئیتر ئیشۆع به‌ ئاشكرا پێی فه‌رموون: “له‌عازه‌ڕ مرد. له‌به‌ر ئێوه‌ دڵشادم كه‌ له‌وێ نه‌بووم، تاكو باوه‌ڕ بهێنن. به‌ڵام با بڕۆینه‌ لای!” تۆما كه‌ به‌ دووانه‌ بانگ ده‌كرا، به‌ قوتابییه‌ هاوه‌ڵه‌كانی وت: “با ئێمه‌ش بڕۆین تاكو له‌گه‌ڵ ئه‌ودا بمرین!”. كاتێ ئیشۆع هات، زانی وا چوار ڕۆژه‌ له‌ گۆڕدایه‌. بتعه‌نیاش نزیكه‌ی پازده‌ تیرهاوێژ له‌ یروشلایمه‌وه‌ دوور بوو. زۆر جوو هاتنه‌ لای مه‌رتا و مه‌ریه‌م تاكو سه‌ره‌خۆشی براكه‌یان لێ بكه‌ن. كاتێ مه‌رتا بیستی ئیشۆع هاتووه‌، به‌ره‌وپیری چوو، مه‌ریه‌میش له‌ ماڵ مایه‌وه‌. ئینجا مه‌رتا به‌ ئیشۆعی وت: “گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر لێره‌ بووای، براكه‌م نه‌ده‌مرد! به‌ڵام من ئێستاش ده‌زانم هه‌رچی له‌ خودا داوا بكه‌یت، خودا ده‌تداتێ”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “براكه‌ت هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌”. مه‌رتاش پێی وت: “ده‌زانم له‌ هه‌ستانه‌وه‌ی ڕۆژی دوایی هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “منم هه‌ستانه‌وه‌ و ژیان. ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێ بهێنێت، ئه‌گه‌ر بشمرێت ده‌ژیێته‌وه‌. هه‌ر كه‌سێكیش كه‌ زیندووه‌ و باوه‌ڕم پێ بهێنێت تاهه‌تایه‌ نامرێت. باوه‌ڕ به‌مه‌ ده‌كه‌یت؟” پێی وت: “به‌ڵێ گه‌وره‌م. باوه‌ڕم هێناوه‌ كه‌ تۆ مه‌سیحه‌كه‌یت، ڕۆڵه‌ی خودای، ئه‌وه‌ی بۆ جیهان دێت”. كه‌ ئه‌مه‌ی وت، چوو مه‌ریه‌می خوشكی بانگكرد و به‌ نهێنی وتی: “ڕابی هاتووه‌، بانگت ده‌كات”. ئه‌ویش كه‌ ئه‌مه‌ی بیست خێرا هه‌ستا و هاته‌ لای. ئیشۆع هێشتا نه‌هاتبووه‌ نێو گونده‌كه‌، به‌ڵكو له‌و شوێنه‌ بوو كه‌ مه‌رتای لێ بینی. ئه‌و جووانه‌ی له‌ ماڵه‌وه‌ له‌گه‌ڵی بوون و دڵنه‌واییان ده‌كرد، بینییان مه‌ریه‌م خێرا هه‌ستا و چووه‌ ده‌ره‌وه‌، دوای كه‌وتن و وتیان: “دیاره‌ ده‌چێته‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ تاكو له‌وێ بگریێت”. كاتێ مه‌ریه‌م گه‌یشته‌ ئه‌و شوێنه‌ی ئیشۆعی لێبوو و ئه‌وی بینی، به‌سه‌ر پێیدا كه‌وت و پێی وت: “گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر لێره‌ بووای، براكه‌م نه‌ده‌مرد”. ئیشۆعیش كه‌ بینی ده‌گریێت و ئه‌و جووانه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی هاتبوون ده‌گریێن، كاری له‌ ڕووحی كرد و په‌شۆكا، فه‌رمووی: “له‌كوێتان داناوه‌؟” پێیان وت: “گه‌وره‌م، وه‌ره‌ و ببینه‌”. ئیشۆع گریا. جووه‌كانیش وتیان: “سه‌یركه‌ن چه‌ند خۆشیده‌ویست!” هه‌ندێكیان وتیان: “ئه‌مه‌ كه‌ چاوی نابیناكه‌ی كرده‌وه‌، ئایا نه‌یده‌توانی وای بكردایه‌ ئه‌میش نه‌مردایه‌؟”. دیسان ئیشۆع له‌ ناخه‌وه‌ كاری تێكرد و هاته‌ لای گۆڕه‌كه‌، كه‌ ئه‌شكه‌وتێک بوو به‌ردێكی پێوه‌ نرابوو. ئیشۆع فه‌رمووی: “به‌رده‌كه‌ لاده‌ن”. مه‌رتای خوشكی مردووه‌كه‌ پێی وت: “گه‌وره‌م، بۆنی كردووه‌، چونكه‌ چوار ڕۆژه‌”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “ئه‌ی پێم نه‌ووتی: ئه‌گه‌ر باوه‌ڕ بهێنیت شكۆی خودا ده‌بینیت؟” ئه‌وسا به‌رده‌كه‌یان لابرد، ئیشۆعیش چاوی هه‌ڵبڕیه‌ سه‌ره‌وه‌ و فه‌رمووی: “باوكه‌، سوپاست ده‌كه‌م كه‌ گوێت لێ گرتم. زانیم كه‌ تۆ هه‌میشه‌ گوێم لێ ده‌گریت. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی له‌م ناوه‌ ڕاوه‌ستاون ئه‌مه‌م وت، تاكو باوه‌ڕ بهێنن كه‌ تۆ منت ناردووه‌”. كه‌ ئه‌مه‌ی فه‌رموو به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواری كرد: “له‌عازه‌ڕ، وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌!” ئه‌وسا مردووه‌كه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌، ده‌ست و قاچی به‌ كفن به‌سترابوو، ڕووشی به‌ ده‌سماڵێک پێچرابوو. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “بیكه‌نه‌وه‌، با بڕوات”. زۆر له‌ جووه‌كان، كه‌ بۆ لای مه‌ریه‌م هاتبوون، كاتێ ئه‌وه‌یان بینی كه‌ ئیشۆع كردی، باوه‌ڕیان پێی هێنا. به‌ڵام هه‌ندێكیان چوونه‌ لای په‌ڕیشییه‌كان و ئه‌وه‌ی ئیشۆع كردبووی پێیان وتن. بۆیه‌ كاهینانی باڵا و په‌ڕیشییه‌كان سه‌نهه‌دریمیان كۆكرده‌وه‌. وتیان: “چی بكه‌ین؟ چونكه‌ ئه‌م پیاوه‌ په‌رجوی زۆر ده‌كات. ئه‌گه‌ر ئاوا لێیگه‌ڕێین هه‌مووان باوه‌ڕی پێ ده‌هێنن، جا ڕۆمانییه‌كان دێن، شوێن و نه‌ته‌وه‌مان ده‌به‌ن”. یه‌كێک له‌وان، كه‌ قه‌یاپایه‌، ئه‌و ساڵه‌ كاهینی باڵا بوو، پێی وتن: “ئێوه‌ هیچ نازانن، تێناگه‌ن، باشتر وایه‌ بۆتان پیاوێک له‌ جیاتی گه‌ل بمرێت، له‌وه‌ی گه‌له‌كه‌ هه‌مووی له‌ناوبچێت!”. ئه‌و له‌ خۆیه‌وه‌ ئه‌مه‌ی نه‌ووت، به‌ڵكو له‌و ساڵه‌دا كاهینی باڵا بوو، پێشبینیی كردبوو كه‌ ئیشۆع خه‌ریكه‌ له‌ جیاتی نه‌ته‌وه‌ ده‌مرێت، نه‌ک ته‌نها له‌ جیاتی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌، به‌ڵكو تاكو ڕۆڵه‌كانی خوداش كه‌ په‌رته‌وازه‌ بوونه‌ بۆ یه‌ک كۆبكاته‌وه‌. ئیتر له‌و ڕۆژه‌وه‌ ڕاوێژیان كرد بیكوژن. بۆیه‌ چیتر ئیشۆع به‌ ئاشكرا به‌ نێو جووه‌كاندا نه‌ده‌گه‌ڕا، به‌ڵكو له‌وێوه‌ چووه‌ ناوچه‌كانی نزیک چۆڵه‌وانی، بۆ شارێک ناوی ئه‌فڕایم بوو، له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی له‌وێ مایه‌وه‌. جه‌ژنی په‌سخه‌ی جوو نزیک بوو، زۆر كه‌س له‌ گونده‌كانه‌وه‌ پێش په‌سخه‌ بۆ یروشلایم سه‌ركه‌وتن تاكو خۆیان بێگه‌رد بكه‌نه‌وه‌. جا داوای ئیشۆعیان ده‌كرد، له‌ په‌رستگا ڕاوه‌ستابوون به‌ یه‌كتریان ده‌ووت: “ڕاتان چییه‌؟ نایه‌ته‌ جه‌ژن؟” كاهینانی باڵا و په‌ڕیشییه‌كانیش فه‌رمانیان ده‌ركردبوو ئه‌گه‌ر یه‌كێک بزانێت ئه‌و له‌كوێیه‌، ده‌بێت ئاشكرای بكات، تاكو بیگرن. شه‌ش ڕۆژ پێش جه‌ژنی په‌سخه‌ ئیشۆع هاته‌ بتعه‌نیا كه‌ له‌عازه‌ڕی لێبوو، ئه‌وه‌ی مردبوو و له‌نێو مردووان هه‌ستاندیه‌وه‌‌. له‌وێ شێوێكیان بۆی كرد، مه‌رتا ڕاژه‌ی ده‌كرد، له‌عازه‌ڕیش یه‌كێک بوو له‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی پاڵیدابووه‌وه‌. مه‌ریه‌میش مه‌نناێک بۆنی ناردینی ساده‌ی گرانبه‌های هێنا و پێی ئیشۆعی چه‌وركرد، ئینجا به‌ قژی پێی سڕییه‌وه‌، ماڵه‌كه‌ش پڕبوو له‌ بۆنه‌ خۆشه‌كه‌. ئیهوودای ئه‌سخه‌ریوتی كه‌ یه‌كێک بوو له‌ قوتابییه‌كانی و به‌ته‌مابوو ڕاده‌ستی بكات، وتی: “بۆچی ئه‌م بۆنه‌ به‌ سێ سه‌د دینار نه‌فرۆشرا و نه‌‌درا هه‌ژاران؟” ئه‌مه‌ی وت نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌می هه‌ژاران ده‌خوات، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دز بوو و چه‌مه‌دانی پاره‌شی له‌لا بوو، هه‌رچی تێدا دابنرابایه‌ ده‌یبرد. ئیشۆعیش فه‌رمووی: “لێیگه‌ڕێن، بۆ ڕۆژی كفن كردنم هه‌ڵیگرتبوو، چونكه‌ هه‌ژاران هه‌میشه‌ له‌لاتانن، به‌ڵام من هه‌میشه‌ له‌لاتان نیم”. كاتێ كۆمه‌ڵانێک جوو زانییان ئه‌و له‌وێیه‌، هاتن، نه‌ک ته‌نها له‌به‌ر ئیشۆع، به‌ڵكو بۆ بینینی له‌عازه‌ڕیش كه‌ له‌نێو مردووان هه‌ستاندیه‌وه‌‌. ئه‌وسا كاهینانی باڵا ڕاوێژیان كرد له‌عازه‌ڕیش بكوژن، چونكه‌ زۆر جوو له‌به‌ر ئه‌و ده‌ڕۆیشتن و باوه‌ڕیان به‌ ئیشۆع ده‌هێنا. بۆ به‌یانی، ئه‌و كۆمه‌ڵانه‌ زۆره‌ی هاتبوونه‌ جه‌ژن، بیستیان ئیشۆع دێته‌ یروشلایم. لقه‌ دارخورمایان برد و به‌ره‌وپیری چوون، هاواریان ده‌كرد: “هۆسانا! پیرۆزه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ دێت! پاشای ئیسڕائیل!” ئیشۆع جاشێكی بینی، سواری بوو، وه‌ک نووسراوه‌: {مه‌ترسه‌ ئه‌ی كچی سهیۆن، ئه‌وه‌تا پاشاكه‌ت دێت به‌ سواری جاش ماكه‌رێك}. سه‌ره‌تا قوتابییه‌كانی له‌مانه‌ تێنه‌گه‌یشتن. به‌ڵام كه‌ ئیشۆع شكۆدار بوو، ئه‌وسا بیریان كه‌وته‌وه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌و نووسراون، ئه‌وانیش ئه‌مانه‌یان بۆ ئه‌و كرد. كۆمه‌ڵه‌كه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی بوون كاتێ له‌عازه‌ڕی له‌ گۆڕه‌كه‌وه‌ بانگكرد و له‌نێو مردوواندا هه‌ستاندیه‌وه‌، گه‌واهییان بۆی ده‌دا. بۆیه‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ پێشوازییان كرد، چونكه‌ بیستیان ئه‌و په‌رجوه‌‌ی كردووه‌. په‌ڕیشییه‌كانیش به‌ یه‌كتریان وت: “ده‌بینن! ئێوه‌ هیچتان له‌ ده‌ست نایه‌ت! ئه‌وه‌تا هه‌موو جیهان دوای كه‌وت!”. هه‌ندێک یۆنانی له‌نێو ئه‌وانه‌ بوون كه‌ هاتبوون له‌ جه‌ژندا كڕنۆش ببه‌ن، ئه‌مان هاتنه‌ لای پیلیپوسی خه‌ڵكی بتسه‌یده‌نی گلیلا، پێیان وت: “گه‌وره‌م، ده‌مانه‌وێت ئیشۆع ببینین”. پیلیپوسیش هات و به‌ ئه‌ندراوسی وت، ئینجا ئه‌ندراوس و فلیپۆس هاتن و به‌ ئیشۆعیان وت. به‌ڵام ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و فه‌رمووی: “كاتی شكۆداركردنی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ هاتووه‌. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ده‌نكه‌ گه‌نم ئه‌گه‌ر نه‌كه‌وێته‌ نێو زه‌وی و نه‌مرێت، به‌ ته‌نها ده‌مێنێته‌وه‌. به‌ڵام كه‌ مرد، ئه‌وسا به‌رهه‌می زۆر ده‌دات. ئه‌وه‌ی خۆی خۆشده‌وێت، ده‌یدۆڕێنێت. ئه‌وه‌ش كه‌ له‌م جیهانه‌دا ڕقی له‌ خۆی ده‌بێته‌وه‌، بۆ ژیانی جاویدانی هه‌ڵیده‌گرێت. ئه‌وه‌ی ڕاژه‌م ده‌كات با به‌دوام بكه‌وێت. جا له‌ هه‌ر شوێنێک بم، ڕاژه‌وانیشم له‌وێیه‌. ئه‌گه‌ر یه‌كێک ڕاژه‌م بكات باوک ڕێزی لێ ده‌گرێت. ئێستا دڵم شڵه‌ژاوه‌، چی بڵێم؟ باوكه‌ له‌م كاته‌ ڕزگارم بكه‌؟ به‌ڵام من بۆ ئه‌م كاته‌ هاتووم. باوكه‌، ناوت شكۆدار بكه‌!” جا ده‌نگێک له‌ ئاسمانه‌وه‌ هات: “شكۆدارم كردووه‌ و شكۆداریشی ده‌كه‌مه‌وه‌!”. كۆمه‌ڵه‌كه‌ كه‌ ڕاوه‌ستابوون و گوێیان لێبوو، وتیان: “هه‌وره‌تریشقه‌ بوو!” هه‌ندێكی دیكه‌ وتیان: “فریشته‌یه‌ک قسه‌ی له‌گه‌ڵ كرد!”. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ئه‌م ده‌نگه‌ی هات بۆ من نه‌بوو، به‌ڵكو بۆ ئێوه‌ بوو. ئێستا حوكمدانی ئه‌م جیهانه‌یه‌. ئێستا سه‌رۆكی ئه‌م جیهانه‌ ده‌كرێته‌ ده‌ره‌وه‌. كاتێ منیش له‌ زه‌وییه‌وه‌ به‌رز كرامه‌وه‌، ئه‌وا هه‌مووان بۆ لای خۆم ڕاده‌كێشم”. ئه‌مه‌ی فه‌رموو ئاماژه‌ی ده‌كرد به‌و مردنه‌ی كه‌ خه‌ریكه‌ ده‌مرێت. كۆمه‌ڵه‌كه‌ وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “ئێمه‌ له‌ ته‌وراتدا بیستوومانه‌ كه‌ مه‌سیح تاهه‌تایه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، ئیتر چۆن ده‌ڵێی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بێت به‌رز بكرێته‌وه‌؟ ئه‌م ڕۆڵه‌ی مرۆڤه‌ كێیه‌؟” ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “ڕووناكییه‌كه‌ كاتێكی كه‌م له‌گه‌ڵتانه‌. ئینجا تا ئه‌وه‌ی ڕووناكییه‌كه‌تان هه‌یه‌ ڕێ بكه‌ن نه‌وه‌ک تاریكیتان به‌سه‌ردا بێت. ئه‌وه‌ی به‌ تاریكیدا ڕێ ده‌كات نازانێ بۆ كوێ ده‌ڕوات. تاوه‌كو ڕووناكییه‌كه‌تان هه‌یه‌ باوه‌ڕ به‌ ڕووناكییه‌كه‌ بهێنن، تاكو ببنه‌ ڕۆڵه‌ی ڕووناكییه‌كه‌”. ئیشۆع ئه‌مانه‌ی فه‌رموو، ڕۆیشت و لێیان شاردرایه‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ زۆر په‌رجوی له‌به‌رده‌میان كرد، باوه‌ڕیان پێ نه‌هێنا، تاكو فه‌رمووده‌ی ئێشه‌عیا پێغه‌مبه‌ر بێته‌ دی كه‌ فه‌رمووی: {ئه‌ی په‌روه‌ردگار، كێ باوه‌ڕی به‌ په‌یامه‌كه‌مان كرد؟ بازووی په‌روه‌ردگار بۆ كێ ده‌ركه‌وت؟} بۆیه‌ نه‌یانتوانی باوه‌ڕ بهێنن، چونكه‌ ئێشه‌عیا فه‌رموویه‌تی: {چاویانی كوێر و دڵیانی ڕه‌ق كردبوو، نه‌وه‌ک به‌ چاویان ببینن و به‌ دڵیان تێبگه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ و منیش چاكیان بكه‌مه‌وه‌}. ئێشه‌عیا ئه‌مانه‌ی فه‌رموو، كاتێ شكۆی ئه‌وی بینی و باسی كرد. هه‌رچه‌نده‌ زۆر له‌ سه‌رۆكه‌كانیش باوه‌ڕیان پێی هێنا، به‌ڵام له‌به‌ر په‌ڕیشییه‌كان ڕایاننه‌ده‌گه‌یاند نه‌وه‌ک له‌ كه‌نیشت ده‌ربكرێن، چونكه‌ زیاتر حه‌زیان له‌ شكۆی خه‌ڵكی بوو نه‌ک شكۆی خودا. ئیشۆعیش هاواری كرد و فه‌رمووی: “ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێ بهێنێت، باوه‌ڕ به‌ من ناهێنێ، به‌ڵكو به‌وه‌ی ناردوومی، ئه‌وه‌ش كه‌ ده‌مبینێت، ئه‌وه‌ ده‌بینێت كه‌ ناردوومی. من وه‌ک ڕووناكی هاتوومه‌ته‌ جیهان، تاكو هه‌ر كه‌سێک باوه‌ڕم پێ بهێنێت له‌ تاریكیدا نه‌مێنێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر یه‌كێک گوێی له‌ وته‌كانم بوو و باوه‌ڕی نه‌هێنا، من حوكمی ناده‌م، چونكه‌ نه‌هاتووم تاكو جیهان حوكم بده‌م، به‌ڵكو جیهان ڕزگار بكه‌م. ئه‌وه‌ی ڕه‌تم بكاته‌وه‌ و وته‌كانم په‌سه‌ند نه‌كات، یه‌كێكی هه‌یه‌ حوكمی بدات، ئه‌و قسه‌یه‌ی كردم له‌ ڕۆژی دوایی حوكمی ده‌دات. چونكه‌ له‌ خۆمه‌وه‌ قسه‌م نه‌كردووه‌، به‌ڵكو باوک كه‌ ناردوومی، ئه‌و ڕایسپاردووم كه‌ چی بڵێم و قسه‌ی چی بكه‌م. ده‌زانم ڕاسپارده‌ی ئه‌و ژیانی جاویدانیه‌، جا هه‌رچی ده‌یڵێم، چۆن باوک پێی فه‌رمووم ئاوا ده‌ڵێم”. پێش جه‌ژنی په‌سخه‌، ئیشۆع ده‌یزانی كاتی هاتووه‌ و ئه‌م جیهانه‌ به‌جێبهێڵێت بۆ لای باوک، جا ئه‌وانه‌ی هی خۆی بوون له‌ جیهاندا خۆشیویستن، تاكو ئه‌وپه‌ڕی خۆشویستن. ژه‌می ئێواره‌ بوو، شه‌یتان خستبوویه‌ دڵی ئیهوودای ئه‌سخه‌ریوتی كوڕی شیمعون، كه‌وا ڕاده‌ستی بكات. ئیشۆعیش ده‌یزانی باوک هه‌موو شتێكی به‌ ده‌ستی داوه‌ و له‌ خوداوه‌ هاتووه‌ و بۆ خوداش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. له‌سه‌ر خوان هه‌ستا، كراسه‌كه‌ی داكه‌ند و خاولییه‌كی هه‌ڵگرت و له‌ ناوقه‌دی به‌ستا، ئینجا ئاوی له‌ ده‌ستشۆرێكی كرد و ده‌ستی به‌ شوشتنی پێی قوتابییه‌كان كرد و به‌و خاولییه‌ی به‌ ناوقه‌دیه‌وه‌ به‌ستبووی ده‌یسڕییه‌وه‌. كاتێ گه‌یشته‌ لای شیمعون په‌تڕۆس، شیمعون پێی وت: “گه‌وره‌م، تۆ پێی من ده‌شۆیت!” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “ئێستا ئه‌مه‌ی ده‌یكه‌م تێناگه‌یت، به‌ڵام دواتر تێده‌گه‌یت”. په‌تڕۆس پێی وت: “هه‌رگیز پێم ناشۆیت!”. ئیشۆعیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “ئه‌گه‌ر نه‌تشۆم، له‌گه‌ڵ من به‌شت نابێت”. جا شیمعون په‌تڕۆس پێی وت: “گه‌وره‌م، ته‌نها پێم نا، به‌ڵكو ده‌ست و سه‌ریشم!” ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ئه‌وه‌ی خۆی شوشتبێت ته‌نها پێویستی به‌ پێ شوشتن هه‌یه‌، هه‌مووی بێگه‌رده‌. ئێوه‌ش بێگه‌ردن به‌ڵام هه‌مووتان نا”. چونكه‌ ده‌یزانی كێ ڕاده‌ستی ده‌كات، بۆیه‌ فه‌رمووی: “هه‌مووتان بێگه‌رد نین”. كه‌ پێیانی شوشت، كراسه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و دانیشته‌وه‌، پێی فه‌رموون: “ئایا له‌وه‌ی بۆم كردن تێگه‌یشتن؟ ئێوه‌ به‌ ڕابی و گه‌وره‌ بانگم ده‌كه‌ن و ڕاست ده‌كه‌ن، چونكه‌ وام. جا كه‌ من گه‌وره‌ و ڕابیم و پێم شوشتن، ئێوه‌ش له‌سه‌رتانه‌ پێی یه‌كتری بشۆن. چونكه‌ نموونه‌یه‌كم پێدان تاكو ئه‌وه‌ی من بۆم كردن ئێوه‌ش بیكه‌ن. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: كۆیله‌ له‌ گه‌وره‌كه‌ی مه‌زنتر نییه‌، په‌یامبه‌ریش له‌وه‌ی ناردوویه‌تی مه‌زنتر نییه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌تان زانی، به‌خته‌وه‌ری بۆ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر په‌یڕه‌وتان كرد. باسی هه‌مووتان ناكه‌م. ئه‌وانه‌ی هه‌ڵمبژاردوون ده‌یانناسم، به‌ڵام تاكو نووسراوه‌كه‌ بێته‌ دی: {ئه‌وه‌ی نانم له‌گه‌ڵ ده‌خوات، لێم هه‌ڵگه‌ڕا}. له‌ ئێستاوه‌ پێتان ده‌ڵێم پێش ڕوودانی، تاكو كاتێ ڕوویدا، باوه‌ڕ بهێنن كه‌ من ئه‌وم. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی په‌سه‌ندی ئه‌وه‌ بكات كه‌ من ده‌ینێرم، ئه‌وا په‌سه‌ندی من ده‌كات، ئه‌وه‌ی په‌سه‌ندی من بكات، په‌سه‌ندی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ناردوومی”. كاتێ ئیشۆع ئه‌مانه‌ی فه‌رموو، له‌ ڕووحدا شڵه‌ژا و گه‌واهیی دا و فه‌رمووی: “ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: یه‌كێكتان ڕاده‌ستم ده‌كات!”. قوتابییه‌كان سه‌یری یه‌كتریان ده‌كرد و دڵنیا نه‌بوون مه‌به‌ستی كێیه‌. یه‌كێک له‌ قوتابییه‌كان كه‌ ئیشۆع خۆشیده‌ویست له‌ باوه‌شیدا پاڵیدابووه‌وه‌، شیمعون په‌تڕۆس ئاماژه‌ی بۆ كرد تاكو پرس بكات مه‌به‌ستی له‌ كێیه‌. ئه‌ویش شانی به‌سه‌ر سینگی ئیشۆعدا دا و پێی وت: “گه‌وره‌م، كێیه‌؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پاروو ده‌ژه‌نم و ده‌یده‌مێ!”. ئینجا پارووه‌كه‌ی ژه‌نی و دایه‌ ئیهوودای شیمعونی ئه‌سخه‌ریوتی. پاش پارووه‌كه‌، شه‌یتان چووه‌ نێویه‌وه‌. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌یت خێرا بیكه‌”. له‌وانه‌ی دانیشتبوون كه‌سیان تێنه‌گه‌یشت بۆچی ئه‌مه‌ی پێ فه‌رموو، چونكه‌ چه‌مه‌دانی پاره‌ش له‌لای ئیهوودا بوو، هه‌ندێكیان وایانزانی پێی ده‌فه‌رمووێ: چیمان پێویسته‌ بۆ جه‌ژن بیكڕه‌، یان شتێک بداته‌ هه‌ژاران. ئه‌ویش كه‌ پارووه‌كه‌ی وه‌رگرت یه‌كسه‌ر ده‌رچوو. شه‌ویش بوو. كاتێ ده‌رچوو، ئیشۆع فه‌رمووی: “ئێستا ڕۆڵه‌ی مرۆڤ شكۆدار كرا و خوداش تیایدا شكۆدار كرا. جا ئه‌گه‌ر خودا تیایدا شكۆدار كرا، خوداش له‌ خۆیدا شكۆداری ده‌كات، خێراش شكۆداری ده‌كات. ڕۆڵه‌كانم، ماوه‌یه‌كی كورته‌ له‌گه‌ڵتانم. جا به‌دوامدا ده‌گه‌ڕێن، وه‌ک به‌ جووه‌كانم وت، ئێستا به‌ ئێوه‌شی ده‌ڵێم: ناتوانن بێنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی من بۆی ده‌ڕۆم. ڕاسپارده‌یه‌كی نوێتان ده‌ده‌مێ: یه‌كتریتان خۆشبووێ. وه‌ک خۆشمویستن، ئێوه‌ش یه‌كتریتان خۆشبووێ. به‌مه‌ هه‌مووان ده‌زانن كه‌ قوتابیی منن، ئه‌گه‌ر یه‌كترتان خۆشبووێ. شیمعون په‌تڕۆسیش پێی وت: “گه‌وره‌م، بۆ كوێ ده‌ڕۆیت؟” ئیشۆعیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “ئه‌و شوێنه‌ی بۆی ده‌ڕۆم، ئێستا ناتوانیت دوام بكه‌ویت، به‌ڵام دواتر دوام ده‌كه‌ویت”. په‌تڕۆس پێی وت: “گه‌وره‌م، بۆچی ئێستا ناتوانم دوات بكه‌وم؟ ژیانم بۆ تۆ داده‌نێم”. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “ژیانت بۆ من داده‌نێیت؟ ڕه‌وا ڕه‌وات پێ ده‌ڵێم: تا كه‌ڵه‌شێر بقوولێنێت تۆ سێ جار نكۆڵیم لێ ده‌كه‌یت! دڵتان نه‌شڵه‌ژێت. ئێوه‌ باوه‌ڕتان به‌ خودا هه‌یه‌، باوه‌ڕتان به‌ منیش هه‌بێت. ماڵی باوكم ژووری زۆری لێیه‌، ئه‌گینا پێم ده‌ووتن. من ده‌ڕۆم تاكو شوێنتان بۆ ئاماده‌ بكه‌م. جا كه‌ ڕۆیشتم و شوێنم بۆ ئاماده‌كردن، دێمه‌وه‌ و ده‌تانبه‌مه‌ لای خۆم، ئه‌وسا ئێوه‌ش له‌و شوێنه‌ ده‌بن كه‌ من لێی ده‌بم. شه‌وێنه‌كه‌ش ده‌ناسن كه‌ بۆی ده‌ڕۆم و ڕێگاكه‌ش ده‌ناسن”. تۆما پێی وت: “گه‌وره‌م، نازانین بۆ كوێ ده‌ڕۆیت، چۆن ڕێگاكه‌ بزانین؟” ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “منم ڕێگا و ڕه‌وا و ژیان. كه‌س نایه‌ته‌ لای باوک به‌هۆی منه‌وه‌ نه‌بێت. ئه‌گه‌ر منتان بناسیایه‌، باوكیشمتان ده‌ناسی. له‌ ئێستاوه‌ ده‌یناسن و بینیووتانه‌”. پیلیپوس پێی وت: “گه‌وره‌م، باوكمان پیشان بده‌ و به‌سمانه‌”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “پیلیپوس، ماوه‌یه‌كی درێژه‌ له‌گه‌ڵتانم و نه‌تناسیوم! ئه‌وه‌ی منی بینیوه‌ باوكی بینیوه‌. ئیتر چۆن ده‌ڵێی: باوكمان پیشان بده‌؟ باوه‌ڕ ناهێنی من له‌ باوكدام و باوكیش له‌ مندایه‌؟ ئه‌م قسانه‌ی پێتانی ده‌ڵێم له‌ خۆمه‌وه‌ نایڵێم، به‌ڵكو باوک كه‌ له‌ مندا نیشته‌جێیه‌، ئه‌و كاره‌كانی خۆی ده‌كات. بڕوام پێ بكه‌ن كه‌ من له‌ باوكدام و باوكیش له‌ مندایه‌، ئه‌گه‌ر نا به‌هۆی كاره‌كان خۆیانه‌وه‌ باوه‌ڕ بكه‌ن. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێ بهێنێت، ئه‌و كارانه‌ ده‌كات كه‌ من ده‌یكه‌م، له‌مانه‌ش مه‌زنتر ده‌كات، چونكه‌ من بۆ لای باوک ده‌ڕۆم. هه‌رچییه‌ک به‌ ناوی منه‌وه‌ داوا بكه‌ن ده‌یكه‌م، تاكو باوک له‌ ڕۆڵه‌دا شكۆدار بێت. ئه‌گه‌ر شتێكتان به‌ ناوی من داواكرد، ده‌یكه‌م. ئه‌گه‌ر منتان خۆشده‌وێ ڕاسپارده‌كانم بپارێزن. منیش داوا له‌ باوک ده‌كه‌م دڵنه‌واییده‌رێكی دیكه‌تان بداتێ تاكو تاهه‌تایه‌ له‌گه‌ڵتان بمێنێته‌وه‌، ڕووحی ڕه‌وا، كه‌وا جیهان ناتوانێت په‌سه‌ندی بكات، چونكه‌ نایبینێت و نایناسێت. به‌ڵام ئێوه‌ ده‌یناسن، چونكه‌ له‌گه‌ڵتان ده‌مێنێته‌وه‌ و له‌ ئێوه‌دا ده‌بێت. به‌ هه‌تیوی به‌جێتان ناهێڵیم، دێمه‌وه‌ لاتان. پاش كه‌مێک ئیتر جیهان نامبینێت، به‌ڵام ئێوه‌ ده‌مبینن. من زیندووم و ئێوه‌ش ده‌ژین. له‌و ڕۆژه‌دا ده‌زانن من له‌ باوكمدام، ئێوه‌ش له‌ مندان، منیش له‌ ئێوه‌دام. ئه‌وه‌ی ڕاسپارده‌كانی منی له‌لایه‌ و ده‌یپارێزێت، ئه‌وا منی خۆشده‌وێت. ئه‌وه‌ی منی خۆشبووێ، باوكم خۆشیده‌وێت، منیش خۆشمده‌وێت و خۆمی بۆ ده‌رده‌خه‌م”. ئیهووداش، ئه‌سخه‌ریوتییه‌كه‌ نا، پێی وت: “گه‌وره‌م، چی بووه‌ تاكو به‌ نیازیت خۆت بۆ ئێمه‌ ده‌ربخه‌یت، به‌ڵام بۆ جیهان نا؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “ئه‌وه‌ی منی خۆشبووێ وته‌كه‌م ده‌پارێزێت، باوكیشم خۆشیده‌وێت و دێینه‌ لای، له‌لای ئه‌ویش ماڵێک سازده‌كه‌ین. ئه‌وه‌ی منیشی خۆشناوێت، وته‌كه‌م ناپارێزێت. ئه‌م وته‌ی ده‌یبیستن هی من نییه‌، به‌ڵكو هی ئه‌و باوكه‌یه‌ كه‌ ناردوومی. ئه‌مانه‌م پێ وتن كه‌ هێشتا له‌لاتانم. به‌ڵام دڵنه‌واییده‌ره‌كه‌، ڕووحی پارسا، ئه‌وه‌ی باوک به‌ ناوی من ده‌ینێرێت، ئه‌و هه‌موو شتێكتان فێرده‌كات و هه‌موو وته‌كانم بیرتان ده‌خاته‌وه‌. ئاشتیتان بۆ به‌جێ ده‌هێڵم، ئاشتیی خۆمتان ده‌ده‌مێ. ئه‌وه‌ی من ده‌تانده‌مێ وه‌ک ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ جیهان ده‌یدات. دڵتان نه‌شڵه‌ژێت و مه‌ترسن. بیستتان پێم وتن: ده‌ڕۆم و پاشان دێمه‌وه‌ لاتان. ئه‌گه‌ر منتان خۆشبووێ، دڵشاد ده‌بن كه‌ ده‌ڕۆمه‌ لای باوک، چونكه‌ باوک له‌ من مه‌زنتره‌. ئه‌وه‌تا پێش ڕوودانی ئێستا پێم وتن، تاكو كاتێ ڕوویدا باوه‌ڕ بهێنن. درێژه‌ به‌ قسه‌ ناده‌م، چونكه‌ سه‌رۆكی ئه‌م جیهانه ‌وا دێت و هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی له‌سه‌ر من نییه‌. به‌ڵام تاكو جیهان تێبگات من باوكم خۆشده‌وێت و وه‌ک باوک ڕایسپاردم ئاوا ده‌كه‌م. هه‌ستن با لێره‌ بڕۆین. منم مێوی ڕاسته‌قینه‌، باوكیشم ڕه‌زه‌وانه‌كه‌یه‌. هه‌ر لقێک له‌ مندا به‌ر نه‌گرێت لێی ده‌كاته‌وه‌. هه‌ر لقێكیش به‌ر بگرێت پاكی ده‌كاته‌وه‌ تاكو به‌رهه‌می زیاتر بدات. ئێوه‌ ئێستا به‌هۆی ئه‌و قسه‌یه‌ی بۆم كردن پاكن. له‌ مندا جێگیر بن و منیش له‌ ئێوه‌دا. چۆن لق له‌ خۆیه‌وه‌ ناتوانێت به‌رهه‌م بگرێت ئه‌گه‌ر له‌ مێوه‌كه‌دا جێگیر نه‌بێت، ئێوه‌ش ئاوان، ئه‌گه‌ر له‌ مندا جێگیر نه‌بن. منم مێوه‌كه‌ و ئێوه‌ش لقه‌كانن. ئه‌وه‌ی له‌ مندا جێگیر بێت و منیش له‌و، ئه‌وا به‌رهه‌می زۆر ده‌گرێت. چونكه‌ به‌بێ من ناتوانن هیچ شتێک بكه‌ن. ئه‌گه‌ر كه‌سێک له‌ مندا جێگیر نه‌بێت، وه‌ک لق فڕێده‌درێته‌ ده‌ره‌وه‌، جا وشک ده‌بێت و كۆده‌كرێته‌وه‌، فڕێده‌درێته‌ نێو ئاگر و ده‌سووتێت. ئه‌گه‌ر له‌ مندا جێگیر بن و وته‌كانم له‌نێوتاندا جێگیر بێت، چیتان ده‌وێ داوای بكه‌ن بۆتان ده‌بێت. به‌مه‌ش باوكم شكۆدار ده‌بێت، ئه‌گه‌ر به‌رهه‌می زۆر بهێنن، ئه‌وا ده‌بنه‌ قوتابیی من. وه‌ک باوک خۆشیویستم، منیش خۆشمویستن، جا له‌ خۆشویستنه‌كه‌مدا جێگیر بن. ئه‌گه‌ر ڕاسپارده‌كانم بپارێزن، له‌ خۆشویستنه‌كه‌مدا جێگیر ده‌بن، وه‌ک من ڕاسپارده‌كانی باوكم پاراستووه‌ و له‌ خۆشویستنه‌كه‌یدا جێگیر ده‌بم. ئه‌م شتانه‌م پێ وتن تاكو شادیی منتان تێدابێت و شادیتان به‌ بته‌واوی بێت. ڕاسپارده‌ی من ئه‌مه‌یه‌: یه‌كتریتان خۆشبووێ وه‌ک خۆشمویستن. كه‌س خۆشه‌ویستی له‌مه‌ مه‌زنتری نییه‌ كه‌ یه‌كێک ژیانی خۆی بۆ خۆشه‌ویسته‌كانی دابنێت. ئێوه‌ خۆشه‌یستانی منن، ئه‌گه‌ر كار به‌وه‌ بكه‌ن كه‌ ڕاتانده‌سپێرم. ئیتر به‌ كۆیله‌ ناوتان نابه‌م، چونكه‌ كۆیله‌ نازانێت گه‌وره‌كه‌ی چی ده‌كات. به‌ڵام ناوی خۆشه‌ویستم لێنان چونكه‌ هه‌رچییه‌كم له‌ باوكم بیستبوو پێم ڕاگه‌یاندن. ئێوه‌ منتان هه‌ڵنه‌بژارد، به‌ڵكو من ئێوه‌م هه‌ڵبژارد، نیشانم كردن تاكو بڕۆن به‌رهه‌م بهێنن و به‌رهه‌مه‌كه‌تان بمێنێت، تاكو هه‌رچییه‌ک به‌ ناوی من داوا بكه‌ن باوک بتانداتێ. به‌مانه‌ ڕاتانده‌سپێرم تاكو یه‌كتریتان خۆشبووێ. ئه‌گه‌ر جیهان ڕقی لێتان ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ بزانن پێش ئێوه‌ ڕقی له‌ من بووه‌وه‌. ئه‌گه‌ر هی جیهان بوونایه‌، جیهان ئه‌وانه‌ی هی خۆیه‌تی خۆشیده‌وێن. به‌ڵام چونكه‌ هی جیهان نین و من له‌ جیهان هه‌ڵمبژاردوون، بۆیه‌ جیهان ڕقی لێتانه‌. به‌ بیرتان بێته‌وه‌ چیم پێ وتن: كۆیله‌ له‌ گه‌وره‌كه‌ی مه‌زنتر نییه‌. ئه‌گه‌ر منیان چه‌وساندبێته‌وه‌، ئێوه‌ش ده‌چه‌وسێننه‌وه‌. ئه‌گه‌ر وته‌ی منیان پاراستووه‌، وته‌ی ئێوه‌ش ده‌پارێزن. به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه‌تان له‌ پێناوی ناوی من پێ ده‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ناردوومی ئه‌وان نایناسن. ئه‌گه‌ر نه‌هاتمایه‌ و قسه‌یانم بۆ نه‌كردایه‌، گوناهیان نه‌ده‌بوو، به‌ڵام ئێستا بیانوویان نییه‌ بۆ گوناهه‌كه‌یان. ئه‌وه‌ی ڕقی له‌ من بێته‌وه‌، ڕقی له‌ باوكیشمه‌. ئه‌گه‌ر له‌نێوانیاندا ئه‌و كارانه‌م نه‌كردایه‌ كه‌ كه‌سی دیكه‌ نه‌یكردووه‌، گوناهیان نه‌ده‌بوو. به‌ڵام ئێستا بینییان و ڕقیان له‌ من و له‌ باوكم بووه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ بوو تاكو ئه‌و وشه‌یه‌ بێته‌ دی كه‌ له‌ ته‌وراته‌كه‌یاندا نووسراوه‌: {به‌بێ هۆ ڕقیان لێمبووه‌وه‌}. جا كاتێ دڵنه‌واییده‌ره‌كه‌ دێت، ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن باوكه‌وه‌ بۆتانی ده‌نێرم، ڕووحی ڕه‌وا، كه‌ له‌ باوكه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێت، ئه‌و گه‌واهیم بۆ ده‌دات. ئێوه‌ش گه‌واهیی ده‌ده‌ن، چونكه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌گه‌ڵ منن. ئه‌م شتانه‌م پێ وتن، تاكو ساتمه‌ نه‌كه‌ن. له‌ كه‌نیشته‌كان ده‌رده‌كرێن، به‌ڵكو كاتێ دێت ئه‌وه‌ی ده‌تانكوژێت واده‌زانێت ڕاژه‌ی خودا ده‌كات. ئه‌مانه‌ش ده‌كه‌ن چونكه‌ نه‌ باوكیان ناسیوه‌ و نه‌ من. به‌ڵام ئه‌مانه‌م پێ وتن، تاكو ئه‌گه‌ر كاتیان هات بیرتان بكه‌وێته‌وه‌ كه‌ من پێم وتوون. له‌ سه‌ره‌تادا ئه‌مانه‌م پێ نه‌ووتن، چونكه‌ له‌گه‌ڵتان بووم. ئێستاش ده‌ڕۆمه‌ لای ئه‌وه‌ی ناردوومی و كه‌ستان ناپرسێت: بۆ كوێ ده‌ڕۆیت؟ به‌ڵام ئه‌مه‌م پێ وتن، دڵتان پڕ له‌ خه‌م بوو. به‌ڵام ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: باشتره‌ بۆتان كه‌ بڕۆم، چونكه‌ ئه‌گه‌ر نه‌ڕۆم، دڵنه‌واییده‌ره‌كه‌ بۆتان نایه‌ت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڕۆم بۆتانی ده‌نێرم. كاتێ ئه‌و دێت، جیهان سه‌رزه‌نشت ده‌كات له‌سه‌ر گوناه‌ و له‌سه‌ر بێتاوانی و له‌سه‌ر حوكمدان: له‌سه‌ر گوناه‌، چونكه‌ باوه‌ڕم پێ ناهێنن. له‌سه‌ر بێتاوانی، چونكه‌ ده‌ڕۆمه‌ لای باوک و ئیتر نامبینن. له‌سه‌ر حوكمدانیش، چونكه‌ سه‌رۆكی ئه‌م جیهانه‌ حوكم دراوه‌. هێشتا شتی زۆرم هه‌یه‌ پێتانی بڵێم، به‌ڵام ئێستا ناتوانن به‌رگه‌ی بگرن. به‌ڵام كاتێ ئه‌و هات، ڕووحی ڕه‌وا، ئه‌و بۆ ڕه‌وای ته‌واو ڕێبه‌رایه‌تیتان ده‌كات، چونكه‌ له‌ خۆیه‌وه‌ نادوێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی گوێی لێ ده‌بێت ده‌یڵێت و ڕاده‌گه‌یه‌نێت چی ڕووده‌دات. ئه‌و شكۆدارم ده‌كات، چونكه‌ له‌ هی من وه‌رده‌گرێت و پێتانی ڕاده‌گه‌یه‌نێت. هه‌رچی باوک هه‌یه‌تی هی منه‌. بۆیه‌ وتم: ڕووحه‌كه‌ له‌ هی من وه‌رده‌گرێت و پێتانی ڕاده‌گه‌یه‌نێت. پاش كه‌مێک ئیتر نامبینن، پاش كه‌مێكیش ده‌مبینن، چونكه‌ بۆ لای باوک ده‌رۆم”. هه‌ندێک له‌ قوتابییه‌كانی به‌ یه‌كتریان وت: “ئه‌مه‌ چییه‌ كه‌ پێمان ده‌فه‌رمووێ: پاش كه‌مێک ئیتر نامبینن، پاش كه‌مێكیش ده‌مبینن، چونكه‌ بۆ لای باوک ده‌ڕۆم؟” وتیان: “ئه‌م كه‌مه‌یه‌ چییه‌ كه‌ باسی ده‌كات؟ نازانین چی ده‌فه‌رمووێ!” ئیشۆع زانی كه‌ ده‌یانه‌وێ پرسی لێ بكه‌ن، ئینجا پێی فه‌رموون: “ئایا له‌به‌ر ئه‌مه‌ پرس له‌ یه‌كتری ده‌كه‌ن كه‌ وتم: پاش كه‌مێک ئیتر نامبینن، پاش كه‌مێكیش ده‌مبینن؟ ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئێوه‌ ده‌گریێن و شیوه‌ن ده‌كه‌ن، به‌ڵام جیهان دڵشاد ده‌بێ. ئێوه‌ خه‌مبار ده‌بن، به‌ڵام خه‌مباریتان ده‌بێته‌ شادی. كاتێ ژن منداڵی ده‌بێت خه‌می هه‌یه‌، چونكه‌ كاتی هاتووه‌. به‌ڵام كه‌ منداڵه‌كه‌ی بوو، له‌ خۆشی ئه‌وه‌ی مرۆڤێک له‌ جیهان له‌دایكبوو توندیی ژانه‌كانی له‌بیر ده‌كات. ئێوه‌ش ئێستا خه‌متان هه‌یه‌، به‌ڵام ده‌تانبینمه‌وه‌ و دڵشاد ده‌بن، كه‌سیش ئه‌و خۆشییه‌تان لێ ناستێنێت. له‌و ڕۆژه‌دا پرسی هیچم لێ ناكه‌ن. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: به‌ ناوی منه‌وه‌ هه‌رچییه‌ک له‌ باوک داوا بكه‌ن ده‌تانداتێ. تا ئێستا به‌ ناوی منه‌وه‌ هیچتان داوا نه‌كردووه‌. داوا بكه‌ن وه‌رده‌گرن، تاكو خۆشییه‌كه‌تان ته‌واو بێت. به‌ په‌ند قسه‌م بۆ كردن، به‌ڵام كاتێ دێت ئیتر به‌ په‌ند بۆتان نادوێم، به‌ڵكو به‌ ئاشكرا باسی باوكتان بۆ ده‌كه‌م. له‌و ڕۆژه‌دا به‌ ناوی منه‌وه‌ داوا ده‌كه‌ن. ئیتر پێتان ناڵێم له‌لای باوک بۆتان داوا ده‌كه‌م. چونكه‌ باوک خۆی خۆشیده‌وێن، چونكه‌ منتان خۆشویستووه‌ و باوه‌ڕتان هێنا كه‌ له‌ خوداوه‌ ده‌رچووم. له‌ باوكه‌وه‌ ده‌رچووم و بۆ جیهان هاتووم، جیهانیش به‌جێ ده‌هێڵم و بۆ لای باوک ده‌ڕۆم”. قوتابییه‌كانی وتیان: “ئه‌وه‌تا ئێستا به‌ ئاشكرا قسه‌ ده‌فه‌رموویت و به‌ هیچ په‌ندێک قسه‌ نافه‌رموویت. ئێستا ده‌زانین تۆ هه‌موو شتێک ده‌زانیت و پێویست ناكات كه‌س پرست لێ بكات. بۆیه‌ باوه‌ڕمان هه‌یه‌ كه‌ له‌ خوداوه‌ ده‌رچووی”. ئیشۆعیش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: “ئێستا باوه‌ڕ ده‌هێنن؟ ئه‌وه‌تا كاتێ دێت و ئێستا هاتووه‌، كه‌ په‌رته‌وازه‌ ده‌بن، هه‌ریه‌كه‌ بۆ ماڵی خۆی و به‌ ته‌نها به‌جێم ده‌هێڵن. به‌ڵام ته‌نیا نیم، چونكه‌ باوک له‌گه‌ڵمدایه‌. ئه‌مانه‌م پێ وتن تاكو ئاشتیتان له‌ مندا هه‌بێت. له‌ جیهاندا ته‌نگانه‌تان ده‌بێت. به‌ڵام دڵنیابن، من جیهانم به‌زاند”. ئیشۆع ئه‌مانه‌ی فه‌رموو، چاوی به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵبڕی و فه‌رمووی: “باوكه‌، كاته‌كه‌ هات. ڕۆڵه‌ت شكۆدار بكه‌، تاكو ڕۆڵه‌شت شكۆدارت بكات. وه‌ک ده‌سه‌ڵاتت پێداوه‌ به‌سه‌ر هه‌موو جه‌سته‌یه‌كدا، تاكو ژیانی جاویدانی به‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ بدات كه‌ پێت داوه‌. ژیانی جاویدانیش ئه‌مه‌یه‌: كه‌ تۆ بناسن، ته‌نها خودای ڕاسته‌قینه‌ و ئیشۆعی مه‌سیح، ئه‌وه‌ی ناردووته‌. من له‌سه‌ر زه‌وی شكۆدارم كردیت، ئه‌و كاره‌ی پێت دابووم بیكه‌م ته‌واوم كرد. ئێستاش باوكه‌ له‌لای خۆت شكۆدارم بكه‌، به‌و شكۆیه‌ی پێش بوونی جیهان له‌لای تۆ هه‌مبوو. ناوی تۆم ده‌رخست بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه‌ له‌ جیهاندا به‌ منت دان، هی تۆ بوون، خۆت به‌ منت دان و فه‌رمووده‌كه‌ی تۆیان پاراست. ئێستاش ده‌زانن هه‌رچییه‌كت پێم داوه‌ له‌ خۆته‌وه‌یه‌. چونكه‌ ئه‌و فه‌رموودانه‌م پێدان كه‌ تۆ پێت دابووم، ئه‌وانیش په‌سه‌ندیان كرد و به‌ ڕه‌وا زانییان له‌ تۆوه‌ ده‌رچووم، باوه‌ڕیان هێنا كه‌ تۆ منت ناردووه‌. له‌پێناوی ئه‌وان من داوا ده‌كه‌م. له‌پێناوی جیهان داوا ناكه‌م، به‌ڵكو له‌پێناوی ئه‌وانه‌ی به‌ منت داون، چونكه‌ هی تۆن. هه‌رچییه‌ک هی منه‌، هی تۆیه‌، هه‌رچییه‌كیش هی تۆیه‌، هی منه‌، منیش له‌ ئه‌واندا شكۆدار بووم. ئیتر له‌ جیهاندا نیم، به‌ڵام ئه‌مان له‌ جیهاندان، منیش دێمه‌وه‌ لای تۆ. ئه‌ی باوكی پارسا، به‌ ناوی خۆت بیانپارێزه‌ كه‌ به‌منت داوه‌، تاكو وه‌ک ئێمه‌ ببنه‌ یه‌ک. كاتێ له‌ جیهاندا له‌گه‌ڵیان بووم به‌ ناوی تۆ ده‌مپاراستن، كه‌سیان له‌ناونه‌چوو ڕۆڵی له‌ناوچوو نه‌بێت، تاكو سیپاره‌كه‌ بێته‌ دی. ئێستاش دێمه‌ لای تۆ، له‌ جیهاندا باسی ئه‌مه‌ ده‌كه‌م، تاكو شادیی من تیایاندا ته‌واو بێت. من فه‌رمووده‌ی تۆم دایه‌ ئه‌وان و جیهان ڕقی لێیان بووه‌وه‌، چونكه‌ هی جیهان نین، وه‌ک منیش هی جیهان نیم. داوا ناكه‌م له‌ جیهاندا بیانبه‌یته‌وه‌، به‌ڵكو له‌ به‌دكار بیانپارێزی. ئه‌وان هی جیهان نین، وه‌ک منیش هی جیهان نیم. له‌ ڕه‌وای خۆتدا پارسایان بكه‌، فه‌رموده‌كه‌ت ڕه‌وایه‌. وه‌ک بۆ جیهانت ناردم، منیش بۆ جیهانم ناردن. له‌پێناوی ئه‌وان خۆم پارسا ده‌كه‌م، تاكو ئه‌وانیش له‌ ڕه‌وادا پارسا بن. ته‌نها له‌پێناوی ئه‌مان داوا ناكه‌م، به‌ڵكو له‌پێناوی ئه‌وانه‌ش كه‌ به‌ قسه‌ی ئه‌مانه‌وه‌ باوه‌ڕم پێ ده‌هێنن، تاكو هه‌مووان یه‌ک بن، وه‌ک تۆ باوكه‌ له‌ مندای و منیش له‌ تۆدام، ئه‌وانیش یه‌ک بن له‌ ئێمه‌دا بن، تاكو جیهان باوه‌ڕ بهێنێت كه‌ تۆ منت ناردووه‌. منیش ئه‌و شكۆیه‌م داونه‌تێ كه‌ تۆ به‌ منت داوه‌، تاكو ببنه‌ یه‌ک وه‌ک ئێمه‌ یه‌كین. من له‌‌واندام و تۆ له‌ مندای، تاكو به‌ ته‌واوی یه‌ک بن، تاكو جیهانیش بزانێت تۆ منت ناردووه‌ و ئه‌وانت خۆشویست، وه‌ک منت خۆشویست. باوكه‌، ده‌مه‌وێت ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ منت داون له‌كوێ بم له‌گه‌ڵم بن، تاكو شكۆمه‌ندییه‌كه‌م ببینن كه‌ به‌ منت داوه‌، چونكه‌ پێش دامه‌زراندنی جیهان منت خۆشویست. باوكی چاک، جیهان تۆ ناناسێت، به‌ڵام من تۆ ده‌ناسم، ئه‌مانیش ده‌زانن تۆ منت ناردووه‌. ناوی تۆم پێ ناساندن و پێیان ده‌ناسێنم، تاكو ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌ی منت پێی خۆشویست له‌واندا بێت و منیش له‌واندا بم”. ئیشۆع ئه‌مانه‌ی فه‌رموو و له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی ده‌رچوون بۆ ئه‌وبه‌ری دۆڵی قه‌درون كه‌ باخچه‌یه‌كی لێبوو، خۆی و قوتابییه‌كانی چوونه‌ نێوی. ئیهووداش ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستی كرد، شوێنه‌كه‌ی ده‌ناسی، چونكه‌ ئیشۆع زۆر جار له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی له‌وێ كۆده‌بووه‌وه‌. ئینجا ئیهوودا سه‌رباز و ڕاژه‌وانه‌كانی كاهینانی باڵا و په‌ڕیشییه‌كانی برد، به‌ مه‌شخه‌ڵ و چرا و چه‌كه‌وه‌ هاته‌ ئه‌وێ. ئیشۆعیش هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ده‌زانی كه‌ به‌سه‌ری ده‌هات، ده‌رچوو و پێی فه‌رموون: “كێتان ده‌وێ؟” وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “ئیشۆعی ناسڕه‌تی”. پێی فه‌رموون: “من ئه‌وم”. ئیهووداش كه‌ ڕاده‌ستی ده‌كات له‌گه‌ڵیان ڕاوه‌ستابوو. كاتێ پێی فه‌رموون: “من ئه‌وم”، گه‌ڕانه‌وه‌ دواوه‌ و كه‌وتنه‌ سه‌ر زه‌وی. دیسان لێی پرسینه‌وه‌: “كێتان ده‌وێ؟” وتیان: “ئیشۆعی ناسڕه‌تی”. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “پێم وتن: من ئه‌وم”. ئه‌گه‌ر منتان ده‌وێ، با ئه‌مانه‌ بڕۆن”. بۆ هاتنه‌دیی ئه‌و قسه‌یه‌ی كه‌ فه‌رمووی: “ئه‌وانه‌ی پێت دابووم كه‌سیانم له‌ناونه‌برد”. شیمعون په‌تڕۆس شمشێرێكی پێبوو، ده‌ریهێنا و له‌ كۆیله‌ی كاهینی باڵای دا و گوێی ڕاستی بڕی. ناوی كوێله‌كه‌ش مه‌لخۆس بوو. ئیشۆع به‌ په‌تڕۆسی فه‌رموو: “شمشێره‌كه‌ت بگه‌ڕێنه‌وه‌ كێلانه‌كه‌ی! ئه‌و جامه‌ی باوک پێی داوم نه‌یخۆمه‌وه‌؟”. ئیتر سه‌ربازه‌كان و فه‌رمانده‌كه‌یان و ڕاژه‌وانانی جووه‌كان ئیشۆعیان گرت و به‌ستیانه‌وه‌. یه‌كه‌مجار بردییانه‌ لای خه‌ننه‌ن، چونكه‌ خه‌زووری قه‌یاپا بوو كه‌ ئه‌وساڵه‌ كاهینی باڵا بوو. قه‌یاپاش ئه‌و پیاوه‌ بوو ڕاوێژی بۆ جووه‌كان كردبوو كه‌ باشتر وایه‌ پیاوێک له‌جیاتی هه‌موو گه‌ل بمرێت. شیمعون په‌تڕۆس له‌گه‌ڵ قوتابیه‌كی دیكه‌ شوێنی ئیشۆع كه‌وت. چونكه‌ ئه‌و قوتابییه‌ له‌لای كاهینی باڵا ناسراو بوو، له‌گه‌ڵ ئیشۆع چووه‌ خانووی كاهینی باڵا، به‌ڵام په‌تڕۆس له‌ ده‌ره‌وه‌ له‌لای ده‌رگاكه‌ ڕاوه‌ستابوو. به‌ڵام قوتابییه‌كه‌ی دیكه‌‌ كه‌ كاهینی باڵا ده‌یناسی هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و قسه‌ی له‌گه‌ڵ كچه‌ ده‌رگاوانه‌كه‌ كرد و په‌تڕۆسی هێنایه‌ ژووره‌وه‌. كه‌نیزه‌ ده‌رگاوانه‌كه‌ به‌ په‌تڕۆسی وت: “تۆش له‌ قوتابییه‌كانی ئه‌م كابرایه‌ نیت؟” ئه‌ویش وتی: “من نیم!”. كۆیله‌ و ڕاژه‌وانه‌كان ڕاوه‌ستابوون، ئاگریان كردبووه‌وه‌ و خۆیان گه‌رم ده‌كرده‌وه‌، چونكه‌ سه‌رما بوو، په‌تڕۆسیش له‌گه‌ڵیان وه‌ستابوو، خۆی گه‌رم ده‌كرده‌وه‌. كاهینی باڵا ده‌رباره‌ی قوتابییه‌كانی و فێركردنه‌كه‌ی له‌ ئیشۆعی پرسی. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “به‌ ئاشكرا بۆ جیهان دوام، من هه‌رده‌م له‌ كه‌نیشت و په‌رستگادا خه‌ڵكم فێرده‌كرد، كه‌ هه‌میشه‌ هه‌موو جوو لێی كۆده‌بنه‌وه‌. هیچم به‌ نهێنی نه‌ووتووه‌. بۆچی پرس له‌ من ده‌كه‌یت؟ له‌وانه‌ بپرسه‌ كه‌ گوێیان لێبووه‌ چیم پێیان وتووه‌. ئه‌وانه‌ ده‌زانن من چیم وتووه‌”. كاتێ ئه‌مه‌ی فه‌رموو یه‌كێک له‌ ڕاژه‌وانان كه‌ له‌لای ڕاوه‌ستابوو زللـه‌یه‌كی له‌ ئیشۆع دا و وتی: “ئاوا وه‌ڵامی كاهینی باڵا ده‌ده‌یته‌وه‌؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “ئه‌گه‌ر قسه‌ی خراپم كردووه‌، گه‌واهیی له‌سه‌ر خراپه‌كه‌ بده‌. ئه‌گه‌ر باشیشه‌، بۆچی لێم ده‌ده‌یت؟” ئینجا خه‌ننه‌ن به‌ به‌ستراوه‌یی بۆ قه‌یاپا كاهینی باڵای نارد. شیمعون په‌تڕۆسیش ڕاوه‌ستابوو، خۆی گه‌رم ده‌كرده‌وه‌، پێیان وت: “تۆش له‌ قوتابییه‌كانی ئه‌و نیت؟” ئه‌ویش نكۆڵیی كرد و وتی: “من نیم!”. یه‌كێک له‌ كۆیله‌كانی كاهینی باڵا خزمی ئه‌وه‌بوو كه‌ په‌تڕۆس گوێی لێكرده‌وه‌، وتی: “ئه‌ی له‌ باخچه‌كه‌دا تۆم له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌بینی؟” دیسان په‌تڕۆس نكۆڵیی كرد. یه‌كسه‌ر كه‌ڵه‌شێر قوولاندی. به‌یانییه‌كه‌ی ئیشۆعیان له‌لای قه‌یاپاوه‌ بۆ كۆشكی فه‌رمانڕه‌وایی برد. خۆیان نه‌چوونه‌ ژووره‌وه‌ی كۆشک، نه‌وه‌ک گڵاو ببن، به‌ڵكو بتوانن په‌سخه‌ بخۆن. پیڵاتوسیش هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و وتی: “چ سكاڵایه‌كتان له‌سه‌ر ئه‌م پیاوه‌ هه‌یه‌؟” وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و پێیان وت: “ئه‌گه‌ر خراپه‌كار نه‌بووایه‌، نه‌مانده‌دایه‌ ده‌ستته‌وه‌!” پیڵاتوسیش پێی وتن: “خۆتان بیبه‌ن، به‌گوێره‌ی ته‌وراتی خۆتان حوكمی بده‌ن”. جووه‌كان پێیان وت: “دروست نییه‌ ئێمه‌ كه‌س بكوژین”. تاكو فه‌رمووده‌ی ئیشۆع بێته‌ دی كه‌ ئاماژه‌ی كرد بۆ ئه‌و مردنه‌ی كه‌ ده‌مرێت. ئینجا پیڵاتوس چووه‌ نێو كۆشكه‌كه‌، بانگی ئیشۆعی كرد و پێی وت: “تۆ پاشای جووی؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “له‌ خۆته‌وه‌ ئه‌مه‌ ده‌ڵێی، یان خه‌ڵكی دیكه‌ باسی منیان بۆ كردووی؟” پیڵاتوس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “خۆ من جووم نیم؟ نه‌ته‌وه‌كه‌ت و كاهینانی باڵا تۆیان ڕاده‌ستی منیان كردووه‌. چیت كردووه‌؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “شانشینیه‌كه‌م له‌م جیهانه‌دا نییه‌. ئه‌گه‌ر شانشینیه‌كه‌م له‌م جیهانه‌ بووایه‌، ڕاژه‌وانانم ده‌جه‌نگان تاكو ڕاده‌ستی جووه‌كان نه‌كرێم. به‌ڵام شانشینیه‌كه‌م لێره‌ نییه‌”. ئینجا پیڵاتوس پێی وت: “كه‌واته‌ تۆ پاشای؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “تۆ ده‌ڵێی كه‌ من پاشام. بۆیه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان، تاكو گه‌واهیی بۆ ڕه‌وا بده‌م. هه‌ر كه‌سێک له‌ ڕه‌واوه‌ بێت ده‌نگم ده‌بیستێت”. پیڵاتوس پێی وت: “ڕه‌وا چییه‌؟” كه‌ ئه‌مه‌ی وت دیسان بۆ لای جووه‌كان ده‌رچوو و پێی وتن: “یه‌ک خراپه‌ی تێدا نابینم. به‌ڵام نه‌ریتێكتان هه‌یه‌ كه‌ له‌ په‌سخه‌دا یه‌كێكتان بۆ ئازاد بكه‌م. ئایا ده‌تانه‌وێت پاشای جووتان بۆ ئازاد بكه‌م؟” هه‌موویان هاواریان كرد و وتیان: “ئه‌مه‌ نا به‌ڵكو به‌ڕئه‌ببا!”. به‌ڕئه‌بباش دز بوو. ئیتر پیڵاتوس ئیشۆعی برد و دایه‌ به‌ر قامچی. سه‌ربازه‌كان تاجێكیان له‌ دڕک چنی و خستیانه‌ سه‌ر سه‌ری و جلێكی ئه‌رخه‌وانییان له‌به‌ر كرد و ده‌یانووت: “سڵاو، ئه‌ی پاشای جوو!”، زللـه‌یان لێی ده‌دا. دیسان پیڵاتوس چووه‌ ده‌ره‌وه‌ و پێی وتن: “بۆتانی ده‌هێنمه‌ ده‌ره‌وه‌ تاكو بزانن من یه‌ک خراپه‌ی تێدا نابینم!” ئیشۆع به‌ تاجی دڕكاوی و جلی ئه‌رخه‌وانییه‌وه‌ چووه‌ ده‌ره‌وه‌، پیڵاتوس پێی وتن: “ئه‌مه‌ كابراكه‌یه‌!” كاتێ كاهینانی باڵا و ڕاژه‌وانان بینییان، هاواریان كرد و وتیان: “له‌خاچی بده‌! له‌خاچی بده‌!” پیڵاتوس پێی وتن: “ئێوه‌ بیبه‌ن و له‌خاچی بده‌ن، چونكه‌ خراپه‌ی تێدا نابینم”. جووه‌كان وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “ته‌وراتمان هه‌یه‌. به‌گوێره‌ی ته‌وراتمان ده‌بێت بمرێت، چونكه‌ خۆی كردووه‌ته‌ ڕۆڵه‌ی خودا”. كاتێ پیڵاتوس ئه‌م قسه‌یه‌ی بیست زیاتر ترسا. گه‌ڕایه‌وه‌ نێو كۆشكه‌كه‌ و به‌ ئیشۆعی وت: “خه‌ڵكی كوێی؟” به‌ڵام ئیشۆع هیچ وه‌ڵامێكی نه‌دایه‌وه‌. پیڵاتوس پێی وت: “قسه‌م بۆ ناكه‌یت؟ نازانیت ده‌سه‌ڵاتم هه‌یه‌ له‌خاچت بده‌م یان ئازادت بكه‌م؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “هه‌رگیز هیچ ده‌سه‌ڵاتێكت به‌سه‌ر منه‌وه‌ نییه‌، ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ره‌وه‌ پێت نه‌درابێت. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی منی ڕاده‌ستی تۆی كردووه‌ گوناهه‌كه‌ی مه‌زنتره‌”. له‌م كاته‌وه‌ ئیتر پیڵاتوس هه‌وڵی ده‌دا ئازادی بكات، به‌ڵام جووه‌كان هاواریان ده‌كرد و ده‌یانووت: “ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ئازاد بكه‌یت، دۆستی قه‌یسه‌ڕ نیت. هه‌ر كه‌سێک خۆی بكاته‌ پاشا، به‌ره‌نگاریی قه‌یسه‌ڕ ده‌كات”. كاتێ پیڵاتوس ئه‌م قسه‌یه‌ی بیست، ئیشۆعی برده‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌سه‌ر ته‌ختی دادوه‌ری دانیشت، له‌ شوێنێک پێی ده‌ووترێ به‌ردڕێژكراو، به‌ عیبریش گپپتا. ڕۆژی ئاماده‌كاری په‌سخه‌ بوو، نزیكه‌ی كاژێر شه‌ش بوو، به‌ جووه‌كانی وت: “ئه‌وه‌تا پاشاكه‌تان”. ئه‌وانیش هاواریان كرد: “بیبه‌! بیبه‌! له‌خاچی بده‌!” پیڵاتوس پێی وتن: “پاشاكه‌تان له‌خاچ بده‌م؟” كاهینانی باڵا وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “جگه‌ له‌ قه‌یسه‌ڕ پاشامان نییه‌”. ئیتر دایه‌ ده‌ستیان تاكو له‌خاچ بدرێت. ئه‌وانیش ئیشۆعیان برد. به‌ خۆی خاچه‌كه‌ی هه‌ڵگرتبوو، ده‌رچوو بۆ ئه‌و شوێنه‌ی پێی ده‌ووترێ “شوێنی كاسه‌سه‌ر”، به‌ عیبریش پێی ده‌ووترێ “گاغولتا”. له‌وێ له‌گه‌ڵ دوو كه‌سی دیكه‌ له‌خاچیان دا، هه‌ریه‌كه‌ له‌ لایه‌كییه‌وه‌، ئیشۆعیش له‌ناوه‌ڕاست. پیڵاتوسیش ناونیشانێكی نووسی و له‌سه‌ر خاچه‌كه‌ی دانا، نووسرابوو: “ئیشۆعی ناسڕه‌تی، پاشای جوو”. جووێكی زۆر ناونیشانه‌كه‌یان خوێنده‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و شوێنه‌ی تێدا له‌خاچدرابوو له‌ شار نزیک بوو. به‌ عیبری و به‌ یۆنانی و به‌ لاتینی نووسرابوو. كاهینانی باڵای جووه‌كان به‌ پیڵاتوسیان وت: “مه‌نووسه‌: پاشای جوو، به‌ڵكو ئه‌و خۆی وتی: من پاشای جووم!”. پیڵاتوس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “ئه‌وه‌ی نووسیومه‌، نووسیومه‌”. كاتێک سه‌ربازه‌كان ئیشۆعیان له‌خاچدا، پۆشاكه‌كانیان برد و كردیانه‌ چوار پارچه‌، بۆ هه‌ر سه‌ربازێک پارچه‌یه‌ک. كراسه‌كه‌شیان برد، كراسه‌كه‌ بێ دروومان بوو، له‌سه‌رڕا یه‌ک پارچه‌ چنرابوو. جا به‌ یه‌كتریان وت: “با نه‌یدڕێنین، تیروپشكی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین بۆ كێ ده‌بێت”. تاكو سیپاره‌كه‌ بێته‌ دی كه‌ فه‌رموویه‌تی: {پۆشاكه‌كه‌م نێوان خۆیان دابه‌شكرد و له‌سه‌ر كراسه‌كه‌م تیروپشكیان كرد}. جا سه‌ربازه‌كان ئه‌مه‌یان كرد. له‌لای خاچه‌كه‌ی ئیشۆع، دایكی و پووری و مه‌ریه‌می ژنی كلۆپا و مه‌ریه‌می مه‌گدانی ڕاوه‌ستابوون. كاتێ ئیشۆع دایكی بینی و ئه‌و قوتابییه‌ش كه‌ خۆشیده‌ویست له‌لای ڕاوه‌ستاوه‌، به‌ دایكی فه‌رموو: “خانم، ئه‌وه‌تا كوڕی تۆ”. ئینجا به‌ قوتابییه‌كه‌شی فه‌رموو: “ئه‌وه‌تا دایكی تۆ”. ئیتر له‌و كاته‌وه‌ قوتابییه‌كه‌ بردییه‌وه‌ ماڵی خۆی. دوای ئه‌مه‌، ئیشۆع بینی كه‌وا هه‌موو شتێک ته‌واو بوو و تاكو سیپاره‌كه‌ بێته‌ دی، فه‌رمووی: “تینوومه‌”. گۆزه‌یه‌كی پڕ له‌ سركه‌ دانرابوو، هه‌وریه‌كی پڕ له‌ سركه‌یان خسته‌ سه‌ر قامیشێک و به‌رزیان كرده‌وه‌ بۆ ده‌می. كاتێ ئیشۆع تامی سركه‌كه‌ی كرد، فه‌رمووی: “ته‌واو بوو”. ئینجا سه‌ری دانه‌واند و ڕووحی سپارد. ئینجا جووه‌كان داوایان له‌ پیڵاتوس كرد قاچی له‌خاچدراوان بشكێندرێت و هه‌ڵبگیردرێن، چونكه‌ ڕۆژی ئاماده‌كاری بوو، ئه‌و شه‌ممه‌یه‌ ڕۆژێكی مه‌زن بوو، تاكو ته‌رمه‌كان له‌ شه‌ممه‌دا له‌سه‌ر خاچ نه‌مێنن. ئینجا سه‌ربازه‌كان هاتن و هه‌ردوو قاچی ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م و ئه‌وی دیكه‌یان شكاند كه‌ له‌گه‌ڵیدا له‌خاچدرابوون. به‌ڵام كاتێ هاتنه‌ لای ئیشۆع بینییان وا مردووه‌، قاچییان نه‌شكاند. به‌ڵام یه‌كێک له‌ سه‌ربازه‌كان ڕمێكی له‌ كه‌له‌كه‌ی دا، یه‌كسه‌ر خوێن و ئاو ده‌رچوو. ئه‌وه‌ی بینی گه‌واهیی دا، گه‌واهییه‌كه‌شی ڕه‌وایه‌، خۆشی ده‌زانێت كه‌ ڕه‌وا ده‌ڵێت، تاكو ئێوه‌ باوه‌ڕ بهێنن. چونكه‌ ئه‌مه‌ ڕوویدا تاكو سیپاره‌كه‌ بێته‌ دی كه‌ ده‌فه‌رمووێ: {ئێسقانێكی ئه‌و ناشكێندرێت}. هه‌روه‌ها سیپاره‌یه‌كی دیكه‌ش ده‌فه‌مرووێ: {ته‌ماشای ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ڕمیان لێداوه‌}. ئینجا‌ یۆسپی خه‌ڵكی ڕه‌متا كه‌ له‌ ترسی جوو به‌ نهێنی قوتابی ئیشۆع بوو، داوای له‌ پیڵاتوس كرد تاكو جه‌سته‌ی ئیشۆع ببات، پیڵاتوسیش ڕێی دا. جا هات و جه‌سته‌ی ئیشۆعی برد. نیقادیمۆسیش هات، ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مجار به‌ شه‌و هاته‌ لای ئیشۆع. له‌گه‌ڵ خۆی نزیكه‌ی سه‌د مه‌ننا موڕی تێكه‌ڵاو به‌ عودی هێنا. جا جه‌سته‌ی ئیشۆعیان برد و به‌ كه‌تان له‌گه‌ڵ بۆن پێچایانه‌وه‌، وه‌ک نه‌ریتی جوو له‌ كفنكردن. له‌و شوێنه‌ی ئیشۆعی تێدا له‌خاچدرا باخێک هه‌بوو، له‌ باخه‌كه‌شدا گۆڕێكی نوێی هه‌بوو كه‌سی تێدا نه‌نێژرابوو. له‌به‌ر ڕۆژی ئاماده‌كاری جووه‌كان ئیشۆعیان له‌وێ دانا، چونكه‌ گۆڕه‌كه‌ نزیک بوو. له‌ سه‌ره‌تای هه‌فته‌دا، هێشتا تاریک بوو، مه‌ریه‌می مه‌گدانی هاته‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ و بینی به‌رده‌كه‌ له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ گلۆر كراوه‌ته‌وه‌. ئه‌ویش ڕایكرد و هاته‌ لای شیمعون په‌تڕۆس و ئه‌و قوتابییه‌كه‌ی دیكه‌ كه‌ ئیشۆع خۆشیده‌ویست، پێی وتن: “گه‌وره‌یان له‌ گۆڕه‌كه‌دا بردووه‌ و نازانین له‌كوێ دایانناوه‌!” ئینجا په‌تڕۆس و قوتابییه‌كه‌ی دیكه‌ ده‌رچوون و هاتنه‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌. هه‌ردووكیان به‌یه‌كه‌وه‌ ڕایان ده‌كرد، قوتابییه‌كه‌ی دیكه‌ پێش په‌تڕۆس كه‌وت و یه‌كه‌م گه‌یشته‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌. دانه‌ویه‌وه‌ و بینی كفنه‌كه‌ دانراوه‌، به‌ڵام نه‌چووه‌ ژووره‌وه‌. ئینجا شیمعون په‌تڕۆس كه‌ دوایكه‌وتبوو هات و چووه‌ نێو گۆڕه‌كه‌، بینی كفنه‌كه‌ دانراوه‌. ده‌سته‌سڕه‌كه‌ش كه‌ به‌سه‌ری ئیشۆعه‌وه‌ بوو له‌گه‌ڵ كه‌تانه‌كه‌ دانه‌نرابوو، به‌ڵكو به‌ جیا له‌ جێیه‌ک پێچراوه‌ته‌وه‌. ئه‌وسا قوتابییه‌كه‌ی دیكه‌ش كه‌ یه‌كه‌مجار هاتبووه‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ چووه‌ ژووره‌وه‌. بینی و باوه‌ڕی هێنا. چونكه‌ هێشتا له‌ په‌رتووكه‌كان تێنه‌گه‌یشتبوون كه‌ ده‌بێ له‌نێوان مردوواندا هه‌ستێته‌وه‌. ئینجا دوو قوتابییه‌كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ شوێنی خۆیان. به‌ڵام مه‌ریه‌م له‌لای گۆڕه‌كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ ڕاوه‌ستابوو ده‌گریا. كاتێ ده‌گریا بۆ گۆڕه‌كه‌ دانه‌ویه‌وه‌، بینی دوو فریشته‌ به‌ جلی سپییه‌وه‌ له‌و شوێنه‌ی جه‌سته‌ی ئیشۆعی لێ دانرابوو دانیشتوون، یه‌كێک له‌لای سه‌ریه‌وه‌ ئه‌وی دیكه‌ له‌لای پێی. پێیان فه‌رموو: “خانم، بۆ ده‌گریت؟” پێی وتن: “گه‌وره‌میان بردووه‌، نازانم له‌كوێ دایانناوه‌!”. كه‌ ئه‌مه‌ی وت ئاوڕی دایه‌وه‌ دوای خۆی، بینی ئیشۆع ڕاوه‌ستاوه‌، به‌ڵام نه‌یزانی ئیشۆعه‌. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “خانم! بۆ ده‌گریت؟ به‌دوای كێدا ده‌گه‌ڕێیت؟” وایزانی باخه‌وانه‌كه‌یه‌، پێی وت: “گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر تۆ بردووته‌ پێم بڵێ له‌كوێ داتناوه‌ تاكو بیبه‌مه‌وه‌”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “مه‌ریه‌م!” ئه‌ویش ئاوڕی دایه‌وه‌ و وتی: “ڕابۆنی!”، واتا: “مامۆستا”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “ده‌ستم لێ مه‌ده‌، چونكه‌ هێشتا بۆ لای باوكم به‌رز نه‌بوومه‌ته‌وه‌. به‌ڵام بڕۆ لای برایانم و پێیان بڵێ: من به‌رز ده‌بمه‌وه‌ بۆ لای باوكم و باوكتان، خوداوه‌ندم و خوداوه‌ندتان”. مه‌ریه‌می مه‌گدانی هات و به‌ قوتابییه‌كانی ڕاگه‌یاند كه‌ په‌روه‌ردگاری بینیوه‌! ئه‌وه‌شی پێ ووتن كه‌ پێی فه‌رمووبوو. ئێواره‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ی سه‌ره‌تای هه‌فته‌، له‌ ترسی جووه‌كان ئه‌و شوێنه‌ی قوتابییه‌كانی لێبوو ده‌رگاكانی داخرابوو، ئیشۆع هات و له‌ناوه‌ڕاستدا ڕاوه‌ستا و پێی فه‌رموون: “ئاشتیتان لێ بێ!” كه‌ ئه‌مه‌ی وت، ده‌ستی و كه‌له‌كه‌ی پیشاندان، جا قوتابییه‌كان كه‌ په‌روه‌ردگاریان بینی دڵشادبوون. ئینجا دیسان ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئاشتیتان لێ بێ! وه‌ک باوک ناردوومی، منیش ده‌تاننێرم”. كه‌ ئه‌مه‌ی وت، فووی لێكردن و پێی فه‌رموون: “ڕووحی پارسا وه‌ربگرن. ئه‌وه‌ی گوناهی ببه‌خشن، به‌خشراوه‌. ئه‌وه‌ی گوناهی ڕابگرن، ڕاگیراوه‌”. به‌ڵام تۆما كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ دوازده‌كه‌ به‌ جمک ناسراوبوو، كاتێ ئیشۆع هات له‌گه‌ڵیان نه‌بوو. قوتابییه‌كانی دیكه‌ پێیان وت: “په‌روه‌ردگار‌مان بینی!” ئه‌ویش پێی وتن: “ئه‌گه‌ر نیشانه‌ی مێخه‌كان به‌ ده‌ستیه‌وه‌ نه‌بینم، په‌نجه‌ نه‌خه‌مه‌ شوێنی مێخه‌كانه‌وه‌، ده‌ست له‌ كه‌له‌كه‌ی نه‌ده‌م باوه‌ڕ ناهێنم”. دوای هه‌شت ڕۆژ، قوتابییه‌كانی دیسان له‌ ژووره‌وه‌ بوون و تۆماش له‌گه‌ڵیان بوو، ده‌رگاكانیش داخرابوون، ئیشۆع هات و له‌ناوه‌ڕاست ڕاوه‌ستا، فه‌رمووی: “ئاشتیتان لێ بێ!” ئینجا به‌ تۆمای فه‌رموو: “په‌نجه‌ت بێنه‌ ئێره‌ و ده‌ستم ببینه‌، ده‌ستت بێنه‌ و له‌ كه‌له‌كه‌می بده‌. بێباوه‌ڕ مه‌به‌ به‌ڵكو باوه‌ڕدار به‌”. تۆما وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی وت: “ئه‌ی په‌روه‌ردگار و خوداوه‌ندم!” ئیشۆع پێی فه‌رموو: “تۆما، چونكه‌ منت بینی باوه‌ڕت هێنا؟ به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌وانه‌ی نه‌یانبینی و باوه‌ڕ ده‌هێنن”. ئیشۆع له‌به‌رده‌م قوتابییه‌كانی زۆر په‌رجوی دیكه‌ی كرد كه‌ له‌م په‌رتووكه‌دا نه‌نووسراوه‌. به‌ڵام ئه‌مانه‌ی نووسراون تاكو باوه‌ڕ بهێنن كه‌ ئیشۆع مه‌سیحه‌، ڕۆڵه‌ی خودایه‌، تاكو به‌ باوه‌ڕهێنان به‌ ناوی ئه‌و ژیانتان هه‌بێت. دوای ئه‌مه‌ دیسان ئیشۆع له‌ ده‌ریای ته‌به‌ریه‌ خۆی بۆ قوتابییه‌كان ده‌رخست، ئاوا خۆی ده‌رخست: شیمعون په‌تڕۆس و تۆما كه‌ به‌ جمک ناسراوه‌، له‌گه‌ڵ نه‌تنیئێل كه‌ خه‌ڵكی قه‌نتێی گلیلا بوو، هه‌روه‌ها دوو كوڕه‌كه‌ی زه‌بدی و دوو قوتابی دیكه‌ پێكه‌وه‌ بوون. شیمعون په‌تڕۆس پێی وتن: “من بۆ ڕاو ده‌ڕۆم”. پێیان وت: “ئێمه‌ش له‌گه‌ڵت دێین”. ئینجا ده‌رچوون و یه‌كسه‌ر سواری كه‌شتی بوون، له‌و شه‌وه‌دا هیچیان نه‌گرت. كاتی به‌ره‌به‌یان، ئیشۆع له‌سه‌ر كه‌ناره‌كه‌ وه‌ستا، به‌ڵام قوتابییه‌كان نه‌یانزانی ئه‌وه‌ ئیشۆعه‌. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “كوڕینه‌، هیچ ماسیتان پێ نییه‌؟” وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “نه‌خێر!”. پێی فه‌رموون: “تۆڕه‌كه‌ هه‌ڵبده‌نه‌ لای ڕاستی كه‌شتیه‌كه‌، ده‌بیننه‌وه‌”. جا هه‌ڵیاندا و ئیتر له‌به‌ر زۆری ئه‌و ماسییانه‌ی تیایدا بوو نه‌یانتوانی ڕایكێشنه‌وه‌. ئه‌و قوتابییه‌ی ئیشۆع خۆشیده‌ویست به‌ په‌تڕۆسی وت: “ئه‌وه‌ په‌روه‌ردگاره‌!” كاتێ شیمعون په‌تڕۆس بیستی ئه‌وه‌ په‌روه‌ردگاره‌، خۆی به‌ جله‌كانی داپۆشی چونكه‌ ڕووت بوو، خۆی هه‌ڵدایه‌ نێو ده‌ریاكه‌. قوتابییه‌كانی دیكه‌ به‌ كه‌شتیه‌كه‌ هاتن و تۆڕی ماسییه‌كه‌یان ڕاده‌كێشا، چونكه‌ له‌ وشكایی دوور نه‌بوون، ته‌نها دوو سه‌د گه‌ز. كاتێ دابه‌زینه‌ وشكایی، بینییان وا پشكۆ دانراوه‌ و ماسی خراوه‌ته‌ سه‌ری له‌گه‌ڵ نان. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “له‌و ماسییانه‌ بهێنن كه‌ ئێستا گرتتان”. شیمعون په‌تڕۆسیش سه‌ركه‌وت و تۆڕه‌كه‌ی ڕاكێشایه‌ سه‌ر وشكانی، سه‌د و په‌نجا و سێ ماسی گه‌وره‌ی تێدابوو، له‌گه‌ڵ زۆریه‌كه‌شی تۆڕه‌كه‌ نه‌دڕا. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “وه‌رن بخۆن!”. كه‌س له‌ قوتابییه‌كان نه‌یوێرا لێ بپرسێت: تۆ كێیت؟ چونكه‌ زانییان په‌روه‌ردگاره‌. ئینجا ئیشۆع هات و نانه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و پێیدان، ماسیه‌كه‌ش ئاوا. ئه‌مه‌ سێیه‌م جار بوو ئیشۆع بۆ قوتابییه‌كان ده‌ركه‌وێت پاش هه‌ستانه‌وه‌ی له‌نێو مردوواندا. دوای ئه‌وه‌ی نانیان خوارد ئیشۆع به‌ شیمعون په‌تڕۆسی فه‌رموو: “شیمعونی یۆنا، منت له‌مانه‌ زیاتر خۆشده‌وێت؟” پێی وت: “به‌ڵێ په‌روه‌ردگار، خۆت ده‌زانیت من خۆشمده‌وێیت”. پێی فه‌رموو: “شوانایه‌تی كاوڕه‌كانم بكه‌‌”. دیسان پێی فه‌رمووه‌وه‌: “شیمعونی یۆنا، منت خۆشده‌وێت؟” پێی وت: “به‌ڵێ په‌روه‌ردگار، خۆت ده‌زانیت من خۆشمده‌وێیت”. پێی فه‌رموو: “شوانایه‌تی مه‌ڕه‌كانم بكه‌”. سێیه‌م جار پێی فه‌رموو: “شیمعونی یۆنا، منت خۆشده‌وێت؟” په‌تڕۆس دڵگران بوو، چونكه‌ سێیه‌م جار پێی فه‌رموو: منت خۆشده‌وێت؟ پێی وت: “ئه‌ی په‌روه‌ردگار، خۆت هه‌موو شتێک ده‌زانیت. ده‌زانیت من‌ خۆشمده‌وێیت”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “شوانایه‌تی مه‌ڕه‌كانم بكه‌. ڕه‌وا ڕه‌وات پێ ده‌ڵێم، كاتێ گه‌نج بوویت پشتێنه‌كه‌ت ده‌به‌ست و بۆ هه‌ر شوێنێک بتویستایه‌ ده‌ڕۆیشتی. به‌ڵام كاتێ پیر ده‌بیت ده‌ستت درێژ ده‌كه‌یت و یه‌كێكی دیكه‌ پشتێنه‌كه‌ت ده‌به‌ستێت و ده‌تباته‌ شوێنێک كه‌ ناته‌وێت”. ئه‌مه‌ی وت وه‌ک ئاماژه‌كردنێک بۆ مردنی په‌تڕۆس كه‌ خودا شكۆدار ده‌كات. كه‌ ئه‌مه‌ی فه‌رموو، پێی فه‌رموو: “دوام بكه‌وه‌!” په‌تڕۆس ئاوڕی دایه‌وه‌ و ئه‌و قوتابییه‌ی بینی كه‌ ئیشۆع خۆشیده‌ویست دوایان كه‌وتووه‌ ئه‌وه‌ی له‌ كاتی شێوه‌كه‌ شانی به‌ سینگی ئیشۆع دابوو، وتی: “گه‌وره‌م، كێیه‌ ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستت ده‌كات؟” كاتێ په‌تڕۆس ئه‌مه‌ی بینی به‌ ئیشۆعی وت: “په‌روه‌ردگار ئه‌ی ئه‌مه‌ چی لێدێت؟” ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ئه‌گه‌ر بمه‌وێت ده‌مێنێته‌وه‌ تاكو دێمه‌وه‌، به‌ تۆ چی؟ تۆ دوام بكه‌وه‌!”. ئیتر ئه‌م قسه‌یه‌ له‌نێو برایان وا بڵاو بووه‌وه‌ كه‌ ئه‌و قوتابییه‌ نامرێت. به‌ڵام ئیشۆع پێی نه‌فه‌رموو كه‌ نامرێت، به‌ڵكو: “ئه‌گه‌ر بمه‌وێت ده‌مێنێته‌وه‌ تاكو دێمه‌وه‌، به‌ تۆ چی؟”. ئـه‌مـه‌ش ئـه‌و قـوتـابـیـیـه‌یـه‌ كـه‌ ده‌ربـاره‌ی ئـه‌م شـتـانـه‌ گـــه‌واهـیـی ده‌دات و ئـه‌م شـتـانـه‌ی نـووســیـوه‌. ئــێــمـه‌ش ده‌زانــیـن گــه‌واهـیـیـه‌كــه‌ی ڕه‌وایــــه‌. زۆر شتی دیكه‌ هه‌یه‌ ئیشۆع كردوویه‌تی ئه‌گه‌ر یه‌ک له‌دوای یه‌ک بنووسرایه‌، وابزانم خودی جیهان جێگای ئه‌و په‌رتـووكـه‌ نـووسـراوانـه‌ی تێدا نه‌ده‌بووه‌وه‌. ئامین. به‌ڕێز تیئۆپیلا، له‌ سیپاره‌ی یه‌كه‌ممدا ده‌رباره‌ی هه‌موو ئه‌وه‌ی ئیشۆع ده‌ستی پێكرد بیكات و فێری بكات نووسیومه‌، تاكو ئه‌و ڕۆژه‌ی تیایدا به‌رزبووه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی به‌ ڕووحی پارسا ئه‌و په‌یامبه‌رانه‌ی ڕاسپارد كه‌ هه‌ڵیبژاردن. دوای ئازار چێژتنی به‌ به‌ڵگه‌ی زۆر به‌ زیندوویی خۆی پیشاندان، له‌ ماوه‌ی چل ڕۆژدا بۆیان ده‌ركه‌وت و سه‌باره‌ت به‌ پاشایه‌تیی خودا بۆیان دوا. كاتێ له‌گه‌ڵیان كۆبووه‌وه‌، ڕایسپاردن كه‌ “یروشلایم به‌جێ مه‌هێڵن، به‌ڵكو چاوه‌ڕێی به‌ڵێنه‌كه‌ی باوک بكه‌ن كه‌ له‌ منه‌وه‌ بیستتان. چونكه‌ یوخه‌ننه‌ن به‌ ئاو عه‌مادی كرد، به‌ڵام ئێوه‌ پاش چه‌ند ڕۆژێكی كه‌م به‌ ڕووحی پارسا عه‌ماد ده‌كرێن”. ئه‌وانه‌ی پێكه‌وه‌ كۆببوونه‌وه‌ لێیان پرسی و وتیان: “په‌روه‌ردگار، ئایا له‌م كاته‌دا پاشایه‌تی بۆ ئیسڕائیل ده‌گه‌ڕێنیته‌وه‌؟” پێی فه‌رموون: “بۆتان نییه‌ ئه‌و كات و سه‌رده‌مانه‌ بزانن كه‌ باوک به‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆی دایناون. به‌ڵام كاتێ ڕووحی پارساتان دێته‌ سه‌ر هێزێک وه‌رده‌گرن، بۆ من ده‌بنه‌ گه‌واهیده‌ر، له‌ یروشلایم و هه‌موو ئیهوود و شمرن، تاكو ئه‌وپه‌ڕی زه‌وی”. كه‌ ئه‌مه‌ی فه‌رموو و ئه‌وانیش ته‌ماشایان ده‌كرد، به‌رزبووه‌وه‌. هه‌ورێک له‌به‌رچاویان شاردییه‌وه‌. كاتێ ئه‌و ده‌ڕۆیی، ئه‌وان سه‌رنجیان له‌ ئاسماندا بوو، دوو پیاو به‌ جلی سپییه‌وه‌ له‌لایانه‌وه‌ ڕاوه‌ستاون. وتیان: “گلیلاییه‌كان، چیتانه‌ ڕاوه‌ستاون سه‌یری ئاسمان ده‌كه‌ن؟ ئه‌م ئیشۆعه‌، كه‌ له‌نێوانتاندا بۆ ئاسمان به‌رزبووه‌وه‌، چۆن بینیتان ده‌چووه‌ ئاسمان، ئاواش دێته‌وه‌”. ئینجا له‌و كێوه‌ی پێی ده‌ووترا كێوی زه‌یتوون گه‌ڕانه‌وه‌ یروشلایم كه‌ به‌قه‌د ڕێكردنێكی شه‌ممه‌ له‌ یروشلایم نزیک بوو. كاتێ چوونه‌ ژووره‌وه‌، چوونه‌ ژووره‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌ كه‌ تیایدا ده‌مانه‌وه‌، په‌تڕۆس و یاقوو و یوخه‌ننه‌ن و ئه‌ندراوس و پیلیپوس و تۆما، به‌رتولمه‌ی و مه‌تته‌ی و یاقووی كوڕی خه‌لپه‌ی، شیمعونی دڵگه‌رم و ئیهوودای برای یاقوو. هه‌موو به‌ یه‌ک دڵ به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر نوێژكردن و نزا، له‌گه‌ڵ ژنه‌كان و مه‌ریه‌می دایكی ئیشۆع و برایانی. ڕۆژێكیان په‌تڕۆس له‌نێوان قوتابیاندا ڕاوه‌ستا كه‌ نزیكه‌ی سه‌د و بیست برا ده‌بوون، وتی: “برایان، ده‌بووایه‌ سیپاره‌كه‌ بێته‌ دی، كه‌ پێشتر ده‌رباه‌ری ئیهوودا، ڕووحی پارسا به‌ زمانی داوید فه‌رموویه‌تی، كه‌ بووه‌ ڕێبه‌ر بۆ ئه‌وانه‌ی ئیشۆعیان ده‌ستگیر كرد. له‌ ئێمه‌ ده‌ژمێردرا و له‌م ڕاژه‌یه‌دا به‌شی هه‌بوو. به‌ پاداشتی سته‌م كێڵگه‌یه‌كی كڕی، به‌ڵام به‌ده‌مدا كه‌وت و له‌ناوه‌ڕاسته‌وه‌ شه‌قبوو، هه‌موو هه‌ناوی هاته‌ ده‌ره‌وه‌. هه‌موو دانیشتووانی یروشلایم به‌مه‌یان زانی، ته‌نانه‌ت له‌ زمانی خۆیان ئه‌و كێڵگه‌یان ناونا، “حه‌قلد دمما”، واتا: “كێڵگه‌ی خوێن”. چونكه‌ له‌ سیپاره‌ی په‌سنیه‌كاندا نووسراوه‌: {ماڵی كاول بێت و كه‌س تیایدا نیشته‌جێ نه‌بێت}. هه‌روه‌ها: {با یه‌كێكی دیكه‌ ئه‌ركه‌كه‌ی ئه‌و وه‌ربگرێت}. كه‌واته‌ پێویسته‌ ئه‌و پیاوانه‌ی یاوه‌رمان بوون، به‌ درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ی ئیشۆعی په‌روه‌ردگار هاته‌ نێومان و ده‌رچوو، له‌ عه‌مادكردنه‌كه‌ی یوخه‌ننه‌نه‌وه‌ تاكو ئه‌و ڕۆژه‌ی لێمان به‌رزبووه‌وه‌، یه‌كێک له‌وان له‌گه‌ڵمان ببێته‌ گه‌واهیده‌ری هه‌ستانه‌وه‌كه‌ی”. جا دووانیان هێنایه‌ پێشه‌وه‌: یۆسپ كه‌ به‌ به‌ڕشه‌ببا ناوده‌برا و نازناوی یوستوس بوو، له‌گه‌ڵ مه‌تیاس. نوێژیان كرد و وتیان: “ئه‌ی په‌روه‌ردگار، تۆ دڵی هه‌مووان ده‌زانیت، بۆمان ده‌ربخه‌ له‌م دووانه‌ كامه‌یانت هه‌ڵبژاردووه‌، تاكو شوێنی ئه‌و ڕاژه‌ و په‌یامبه‌رێتییه‌ بگرێته‌وه‌، كه‌ ئیهوودا لێی لادا، تاكو بچێته‌ شوێنی خۆی”. ئینجا تیروپشكیان بۆ كردن و تیروپشكه‌كه‌ مه‌تیاسی گرته‌وه‌، له‌گه‌ڵ یازده‌ په‌یامبه‌ره‌كه‌ ژمێردرا. كه‌ ڕۆژی په‌نجایه‌مین داهات، هه‌موو پێكه‌وه‌ له‌ یه‌ک شوێندا بوون، له‌ناكاو ده‌نگێک له‌ ئاسمانه‌وه‌ وه‌ک ڕه‌شه‌با هات، ئه‌و ماڵه‌ی پڕكرد كه‌ تیایدا دانیشتبوون. ئینجا چه‌ند زمانێكی دابه‌شبوو وه‌ک ئاگر بۆیان ده‌ركه‌وت و له‌سه‌ر هه‌ریه‌كه‌یان نیشته‌وه‌. هه‌موویان پڕبوون له‌ ڕووحی پارسا و به‌ زمانه‌كانی دیكه‌ قسه‌یان كرد، وه‌ک ڕووح پێی به‌خشین. جووی له‌خواترسی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی ژێر ئاسمان له‌ یروشلایم نیشته‌جێ ببوون. كاتێ ده‌نگه‌كه‌ هات، جه‌ماوه‌ر كۆبوونه‌وه‌ و په‌شێو بوون، چونكه‌ هه‌ریه‌كه‌یان گوێی له‌ زمانی خۆی ده‌بوو پێی ده‌دووان. هه‌مووان حه‌په‌سابوون و به‌ سه‌رسامییه‌وه‌ به‌یه‌كتریان وت: “ئه‌رێ هه‌موو ئه‌وانه‌ی قسه‌ ده‌كه‌ن گلیلایی نین؟ ئه‌ی چۆن هه‌ریه‌كه‌مان گوێی له‌ زمانی خۆی ده‌بێت كه‌ لێی له‌دایكبووه‌؟ ئێمه‌ی خه‌ڵكی په‌رتیا و میدیا و ئیلامی، دانیشتووانی میسۆپۆتامیا، ئیهوود و قاپودقیا، پونتوس و ئاسیا، پرۆگیا و په‌مپۆلیا، میسڕ و ده‌ڤه‌ره‌كانی لیبیا ڕووه‌و قه‌ورینێین، هه‌روه‌ها لایده‌كانی ڕۆما جوو و به‌جووبوو قرێتێی و عه‌ره‌ب، ئه‌وه‌تا گوێمان لێیانه‌ به‌ زمانی خۆمان باسی كرداره‌ مه‌زنه‌كانی خودا ده‌كه‌ن!”. هه‌موو سه‌رسام و حه‌په‌سا بوون، به‌ یه‌كتریان ده‌ووت: “ده‌بێ ئه‌مه‌ چی بێت؟” هه‌ندێكی دیكه‌ به‌ گاڵته‌ پێكردنه‌وه‌ ده‌یانووت: “مه‌یی نوێیان زۆر خواردۆته‌وه‌”. په‌تڕۆس له‌گه‌ڵ یازده‌كه‌ ڕاوه‌ستا، ده‌نگی به‌رزكرده‌وه‌ و پێی وتن: “ئه‌ی پیاوانی جوو و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ یروشلایم دانیشتوون، با ئه‌مه‌ له‌لاتان زانراو بێت و گوێ له‌ قسه‌كانم بگرن، چونكه‌ وه‌ک بیرده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌مانه‌ سه‌رخۆش نین، چونكه‌ كاژێر سێی ڕۆژه‌! به‌ڵكو به‌هۆی یۆئیل پێغه‌مبه‌ر وتراوه‌: {خودا ده‌فه‌رمووێ: له‌ ڕۆژانی پایاندا ڕووحم‌ به‌سه‌ر هه‌موو ئاده‌میزاداندا ده‌ڕێژم. كوڕان و كچانتان پێشبینی ده‌كه‌ن، گه‌نجه‌كانتان بینین ده‌بینن، پیره‌كانتان خه‌ون ده‌بینن. ته‌نانه‌ت به‌ سه‌ر كۆیله‌ و كه‌نیزه‌كانیشم، له‌و ڕۆژانه‌دا ڕووحم ده‌ڕێژم وئه‌وانیش پێشبینی ده‌كه‌ن. له‌ سه‌ره‌وه‌ له‌ ئاسمان كاری سه‌یر وله‌ خواره‌وه‌ له‌سه‌ر زه‌وی په‌رجو ده‌كه‌م: خوێن و ئاگر و ستوونی دووكه‌ڵ. خۆر ده‌بێته‌ تاریكی ومانگیش ده‌بێته‌ خوێن، پێش ئه‌وه‌ی ڕۆژی مه‌زن و به‌ناوبانگی په‌روه‌ردگار بێت. جا هه‌ر كه‌سێک به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ بپاڕێته‌وه‌، ڕزگاری ده‌بێت}. پیاوانی ئیسڕائیل، گوێ له‌م قسانه‌ بگرن: ئیشۆعی ناسڕه‌تی پیاوێكه‌ بۆتان سه‌لمێندرا، به‌ نیشانه‌ و كاری سه‌یر و په‌رجو كه‌ خودا له‌ نێو ئێوه‌دا له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌نجامی دا، وه‌ک خۆشتان ده‌زانن. ئه‌م به‌گوێره‌ی خواستی بڕیارله‌سه‌ردراو و زانینی پێشووی خودا ڕاده‌ستتان كرد، به‌ ده‌ستی گوناهباران له‌خاچتان دا و كوشتتان. ئه‌وه‌ی خودا هه‌ستاندیه‌وه‌‌ و له‌ ژانی مه‌رگ ئازادی كرد، چونكه‌ نه‌ده‌كرا له‌ چنگیدا بمێنێته‌وه‌. چونكه‌ داوید ده‌رباه‌ری ده‌ڵێ: {هه‌میشه‌ په‌روه‌ردگار له‌به‌رده‌مم ده‌بینی، ئه‌و له‌لای ڕاستمه‌وه‌یه‌، تاكو نه‌هه‌ژێم. بۆیه‌ دڵشاد بووم و زمانم له‌ هه‌ڵهه‌ڵه‌دایه‌، ته‌نانه‌ت جه‌سته‌م له‌ هیوادا نیشته‌جێیه‌، چونكه‌ تۆ گیانم له‌ دۆڵی بێبندا به‌جێ‌ ناهێڵیت، هه‌روه‌ها ناهێڵیت تاقانه‌ی پارسای خۆت بۆگه‌نی ببینێت. ڕێگاكانی ژیانت پێ ناساندم، له‌گه‌ڵ ڕووی خۆت دڵم پڕی شادی ده‌كه‌یت}. برایان، ڕێگا دراوه‌ به‌ ئاشكرا پێتان بڵێم كه‌ داویدی باوكمان مرد و نێژرا، گۆڕه‌كه‌شی تاكو ئه‌مڕۆ له‌لامانه‌. ئه‌ویش كه‌ پێغه‌مبه‌ر بوو، ده‌یزانی خودا به‌ سوێند، سوێندی بۆ خواردووه‌ كه‌ له‌ به‌رهه‌می پشتی ئه‌و به‌پێی جه‌سته‌ مه‌سیح له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ی داده‌نیشێت. پێشبینیی كرد و باسی هه‌ستانه‌وه‌ی مه‌سیحه‌كه‌ی كرد، كه‌ نه‌ له‌ دۆڵی بێبندا به‌جێ هێڵدرا و نه‌ جه‌سته‌شی بۆگه‌نی بینی. ئه‌م ئیشۆعه‌ خودا هه‌ستاندیه‌وه‌‌، ئێمه‌ش هه‌موومان گه‌واهیده‌رین بۆی. ئینجا بۆ لای ڕاستی خودا به‌رزكرایه‌وه‌ و به‌ڵێنی ڕووحی پارسای له‌ باوكه‌وه‌ وه‌رگرت، ئه‌مه‌ی ڕژاند كه‌وا ئێوه‌ ده‌یبینن و ده‌یبیستن. داوید بۆ ئاسمان به‌رز نه‌بووه‌وه‌، به‌ڵكو خۆی ده‌ڵێت: { په‌روه‌ردگار به‌ په‌روه‌ردگارمی فه‌رموو: له‌لای ڕاستم دانیشه‌ تاكو دوژمنانت بخه‌مه‌ ژێر پێیه‌كانت}. جا با هه‌موو ماڵی ئیسڕائیل به‌ دڵنیایی بزانن، ئه‌م ئیشۆعه‌ی ئێوه‌ له‌خاچتان دا، خودا كردییه‌ په‌روه‌ردگار و مه‌سیح”. كاتێ گوێیان لێبوو، دڵیان كون بوو، به‌ په‌تڕۆس و هه‌موو په‌یامبه‌رانیان وت: “برایان، چی بكه‌ین؟” په‌تڕۆس پێی وتن: “تۆبه‌ بكه‌ن، با هه‌ریه‌كه‌تان به‌ ناوی ئیشۆعی مه‌سیحه‌وه‌ عه‌ماد بكرێت بۆ لێخۆشبوونی گوناهه‌كانتان و دیاریی ڕووحی پارسا وه‌ربگرن. چونكه‌ به‌ڵێنه‌كه‌ بۆ خۆتان و منداڵه‌كانتان و بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی دوورن، بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندمان بانگییان ده‌كات”. به‌ زۆر قسه‌ی دیكه‌ش گه‌واهیی بۆ دان و ئامۆژگاریی ده‌كردن و ده‌یووت: “خۆتان له‌م نه‌وه‌ چه‌وته‌ ڕزگار بكه‌ن”. جا به‌ خۆشییه‌وه‌ قسه‌كه‌یان وه‌رگرت و عه‌مادكران، له‌و ڕۆژه‌دا نزیكه‌ی سێ هه‌زار كه‌س هاتنه‌ پاڵ. ئیتر ئه‌وان په‌یوه‌ست بوون له‌سه‌ر فێركردنی په‌یامبه‌ران و هاوبه‌شییه‌تی، له‌تكردنی نان و نوێژكردن. هه‌موو له‌ ناخدا سامگرتوو بوون، چونكه‌ زۆر په‌رجو و نیشانه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی په‌یامبه‌ران كران. باوه‌ڕداران هه‌موو پێكه‌وه‌ بوون و له‌ هه‌موو شتێكیان هاوبه‌ش بوون. ماڵ و موڵكی خۆیان ده‌فرۆشت و به‌گوێره‌ی پێویستی هه‌ریه‌كه‌یان دابه‌شیان ده‌كرد. ڕۆژانه‌ به‌ یه‌ک دڵ به‌رده‌وام له‌ په‌رستگا ده‌بوون، له‌ ماڵه‌كاندا نانیان له‌ت ده‌كرد، به‌ خۆشی و ساكاری پێكه‌وه‌ نانیان ده‌خوارد، ستایشی خودایان ده‌كرد و له‌لای هه‌موو خه‌ڵک په‌سه‌ند بوون. په‌روه‌ردگاریش ڕۆژانه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌هێنایه‌ پاڵ وارگه‌ كه‌ ڕزگاریان ده‌بوو. له‌ كاتی نوێژی كاژێر نۆ، په‌تڕۆس و یوخه‌ننه‌ن سه‌ركه‌وتن بۆ په‌رستگا. پیاوێک به‌ زگماک ئیفلیج بوو، هه‌ڵده‌گیرا، ڕۆژانه‌ بۆ سواڵكردن له‌وانه‌ی ده‌هاتنه‌ په‌رستگا، له‌به‌رده‌م ئه‌و ده‌رگایه‌ی په‌رستگا داده‌نرا كه‌ پێی ده‌ووترا “جوان”. په‌تڕۆس و یوخه‌ننه‌نی بینی به‌ نیازن بێنه‌ نێو په‌رستگا، داوای خێری لێكردن. په‌تڕۆس له‌گه‌ڵ یوخه‌ننه‌ن تێیڕووانی، وتی: “سه‌یرمان بكه‌!” ئه‌ویش چاوی تێبڕین و چاوه‌ڕێی ده‌كرد شتێكیان لێ وه‌رگرێت. په‌تڕۆس وتی: “نه‌ زێڕ و نه‌ زیوم هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌مه‌ ده‌تده‌مێ: به‌ ناوی ئیشۆعی مه‌سیحی ناسڕه‌تییه‌وه‌، هه‌سته‌ و ڕێ بكه‌!”. ئینجا‌ ده‌ستی ڕاستی گرت و هه‌ڵیستاند، یه‌كسه‌ر هێز كه‌وته‌ پێ و پاژنه‌كانی. هه‌ڵبه‌زییه‌وه‌ و ڕاوه‌ستا و ڕێی كرد، له‌گه‌ڵیان چووه‌ نێو په‌رستگا، ڕێی ده‌كرد و هه‌ڵده‌به‌زییه‌وه‌ و ستایشی خودای ده‌كرد. هه‌موو گه‌ل بینییان ڕێ ده‌كات و ستایشی خودا ده‌كات. جا ناسییانه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆ سواڵكردن له‌لای ده‌رگای جوانی په‌رستگا داده‌نیشت، سه‌رسامی و حه‌په‌ساوییش دایگرتن له‌وه‌ی به‌سه‌ری هات. كاتێ پیاوه‌ ئیفلیجه‌كه‌ وا چاكبووه‌وه‌ به‌ په‌تڕۆس و یوخه‌ننه‌نه‌وه‌ لكابوو، هه‌موو گه‌ل به‌ سه‌رسامییه‌وه‌ ڕایانكرده‌ لایان بۆ ئه‌و هه‌یوانه‌ی كه‌ پێی ده‌ووترا “هه‌یوانی شلیمون”. كاتێ په‌تڕۆس ئه‌مه‌ی بینی، وه‌ڵامی گه‌له‌كه‌ی دایه‌وه‌: “پیاوانی ئیسڕائیل، چیتانه‌ له‌مه‌ سه‌رسام بوونه‌؟ بۆچی چاوتان تێبڕیوین وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌ توانا یان به‌ خواترسیمان وامان كردووه‌ ڕێ بكات؟ خوداوه‌ندی ئه‌وڕاهه‌م و ئسخه‌ق و یاقوو، خوداوه‌ندی باوكانمان، ئیشۆعی ڕۆڵه‌ی خۆی شكۆدار كرد، ئه‌وه‌ی ئێوه‌ ڕاده‌ستتان كرد و له‌به‌رده‌م پیڵاتوس نكۆڵیتان لێكرد، كه‌ بڕیاری دابوو به‌ریبدات. به‌ڵام ئێوه‌ نكۆڵیتان له‌ پارسا و بێتاوانه‌كه‌ كرد و داوای وه‌رگرتنه‌وه‌ی بكوژێكتان كرد. سه‌رۆكی ژیانیشتان كوشت، ئه‌وه‌ی خودا له‌نێو مردوواندا هه‌ستاندیه‌وه‌‌ و ئێمه‌ گه‌واهیده‌رین بۆ ئه‌وه‌. به‌ باوه‌ڕ به‌ ناوی ئه‌و، ئه‌م پیاوه‌ی به‌هێز كرد كه‌وا ده‌یبینن و ده‌یناسن. ناوی ئه‌و و باوه‌ڕیش به‌هۆی ئه‌و له‌به‌رچاوی هه‌مووتان ئه‌م ته‌ندروستییه‌ی پێی دا. ئێستاش برایان، من ده‌زانم به‌ نه‌زانی ئه‌وه‌تان كرد، هه‌روه‌ک سه‌رۆكه‌كانیشتان. به‌ڵام خودا ئه‌وه‌ی پێشتر له‌سه‌ر زاری هه‌موو پێغه‌مبه‌رانیه‌وه‌ ڕایگه‌یاند، كه‌وا مه‌سیح ئازار ده‌چێژێت، ئاوا هێنایه‌ دی. كه‌واته‌ تۆبه‌ بكه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ تاكو گوناهه‌كانتان بسڕێنه‌وه‌، تاكو له‌لای په‌روه‌ردگاره‌وه‌ كاتی حه‌سانه‌وه‌تان بێت و ئیشۆعی مه‌سیحتان بۆ بنێرێته‌وه‌ كه‌ پێشتر بۆتانی دیاری كردبوو، ئه‌وه‌ی ده‌بێت له‌ ئاسمان بیهێڵێته‌وه‌، تاكو كاتی چاككردنه‌وه‌ی هه‌موو شتێک، ئه‌وه‌ی له‌ كۆنه‌وه‌ خودا له‌سه‌ر زاری هه‌موو پێغه‌مبه‌ره‌ پارسا‌كانی باسی كردووه‌. مووشێش به‌ باوكانی وت: {په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندتان له‌نێو برایانتاندا پێغه‌مبه‌رێكی وه‌ک منتان بۆ په‌یدا ده‌كات، له‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی پێتانی ده‌ڵێت گوێی لێ بگرن. جا هه‌ر كه‌سێک گوێ له‌و پێغه‌مبه‌ره‌ نه‌گرێت له‌ناو گه‌ل ده‌بڕدرێته‌وه‌}. هه‌موو پێغه‌مبه‌رانیش، له‌ شمووئێل به‌دواوه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ی قسه‌یان كردووه‌، پێشوه‌خت باسی ئه‌م ڕۆژانه‌یان كردووه‌. ئێوه‌ش ڕۆڵه‌ی پێغه‌مبه‌ران و ئه‌و په‌یمانه‌ن كه‌ خودا له‌گه‌ڵ باوكانتاندا به‌ستی، به‌ ئه‌وڕاهه‌می فه‌رموو: {به‌ نه‌وه‌ی تۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی زه‌وی داڕشت ده‌كرێن}. یه‌كه‌مجار خودا ئیشۆعی ڕۆله‌كه‌ی بۆ ئێوه‌ به‌دیهێناوه‌، ناردوویه‌تی تاكو داڕشتتان بداتێ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ریه‌كه‌تان له‌ خراپه‌كانی”. كاتێ په‌تڕۆس و یوخه‌ننه‌ن قسه‌یان بۆ گه‌ل ده‌كرد، كاهینان و سه‌رۆكی سه‌ربازانی په‌رستگا و زادوقییه‌كان هاتنه‌ لایان، بێزار بوون، چونكه‌ گه‌لیان فێرده‌كرد و له‌ ئیشۆعدا هه‌ستانه‌وه‌ی له‌نێو مردووانیان ڕاده‌گه‌یاند. بۆیه‌ گرتیانن و تا به‌یانی له‌ زیندانیان كردن، چونكه‌ ده‌مه‌و ئێواره‌ بوو. زۆر له‌وانه‌ی قسه‌كانیان بیست باوه‌ڕیان هێنا و ژماره‌ی پیاوان گه‌یشته‌ نزیكه‌ی پێنج هه‌زار. بۆ به‌یانی پێشه‌وایان و پیران و ته‌وراتزانه‌كان له‌ یروشلایم كۆبوونه‌وه‌، له‌گه‌ڵ خه‌ننه‌ن كاهینی باڵا و قه‌یاپا و یوخه‌ننه‌ن و ئه‌سكه‌نده‌ر و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ تیره‌ی كاهینی باڵا بوون. كاتێ په‌تڕۆس و یوخه‌ننه‌نیان له‌ناوه‌ڕاست ڕاگرت، پرسیان لێكردن: “به‌ چ هێزێک و به‌ چ ناوێک ئه‌مه‌تان كرد؟” جا په‌تڕۆس پڕبوو له‌ ڕووحی پارسا، پێی وتن: “ئه‌ی پێشه‌وایانی گه‌ل و ئه‌ی پیران، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر چاكه‌یه‌ک بۆ په‌ككه‌وته‌یه‌ک كراوه‌ لێكۆڵینه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، به‌ چی چاكبووه‌ته‌وه‌، با له‌لای هه‌مووتان و هه‌موو گه‌لی ئیسڕائیل زانراو بێت، به‌ ناوی ئیشۆعی مه‌سیحی ناسڕه‌تی، ئه‌وه‌ی ئێوه‌ له‌خاچتان دا و خوداش له‌نێو مردوواندا هه‌ستاندیه‌وه‌‌، ئه‌م كابرایه‌ به‌و ته‌ندروستییه‌ له‌به‌رده‌متان ڕاوه‌ستاوه‌. ئه‌مه‌ ئه‌و {به‌رده‌یه‌ كه‌ ئێوه‌ی وه‌ستا سووكایه‌تیان پێ كرد، ئه‌وه‌ی بووه‌ به‌ردی قولینچك}. بێجگه‌ له‌و ڕزگاربوون نییه‌، چونكه‌ ناوێكی دیكه‌ له‌ ژێر ئاسماندا نییه‌ له‌نێو خه‌ڵكدا درابێت، به‌وه‌وه‌ ڕزگار بین”. كاتێ ئازایه‌تی په‌تڕۆس و یوخه‌ننه‌نیان بینی و زانییان كه‌سێكی بێ ڕۆشنبیری و ساده‌ن، سه‌رسام بوون، زانییان كه‌ له‌گه‌ڵ ئیشۆعدا بوونه‌. به‌ڵام كه‌ ئه‌و پیاوه‌یان بینی له‌گه‌ڵیان ڕاوه‌ستابوو، ئه‌وه‌ی چاكبووه‌وه‌، هیچیان نه‌بوو وه‌ڵامی پێ بده‌نه‌وه‌. ئه‌وسا فه‌رمانیان پێدان له‌ سه‌نهه‌دریم بڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌نێو خۆیاندا پیلانیان گێڕا و وتیان: “چی له‌م دوو پیاوه‌ بكه‌ین؟ چونكه‌ ئاشكرایه‌ بۆ هه‌موو دانیشتووانی یروشلایم كه‌ په‌رجوێكی به‌رچاو به‌هۆی ئه‌مانه‌وه‌ كراوه‌، ناتوانین نكۆڵی لێ بكه‌ین. به‌ڵام نه‌وه‌ک زیاتر له‌نێو گه‌ل بڵاو بێته‌وه‌، هه‌ڕه‌شه‌یان لێ ده‌كه‌ین ئیتر له‌لای خه‌ڵک باسی ئه‌م ناوه‌ نه‌كه‌ن”. ئینجا بانگیان كردن و ڕایانسپاردن كه‌ هه‌رگیز به‌ ناوی ئیشۆع ده‌م نه‌كه‌نه‌وه‌ و كه‌سیش فێرنه‌كه‌ن. په‌تڕۆس و یوخه‌ننه‌نیش وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و وتیان: “ئێوه‌ حوكم بده‌ن، ئه‌گه‌ر ڕاسته‌ له‌به‌رده‌م خودا گوێ له‌ ئێوه‌ بگرین زیاتر له‌ خودا. چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بینیوومانه‌ و بیستوومانه‌ ناتوانین باسی نه‌كه‌ین”. دوای هه‌ڕه‌شه‌ی زیاتر، به‌ریاندان، له‌به‌ر خه‌ڵكه‌كه‌ نه‌یانزانی چۆن سزایان بده‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕوویدابوو، چونكه‌ هه‌موو خودایان شكۆدار ده‌كرد. چونكه‌ ئه‌و پیاوه‌ی ئه‌م په‌رجوه‌ی چاكبوونه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتبوو له‌ چل ساڵ زیاتر بوو. كه‌ به‌ربوون، هاتنه‌ لای هاوڕێیه‌كانیان و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كاهینانی باڵا و پیران پێیان وتبوون بۆیان گێڕانه‌وه‌. كه‌ ئه‌مه‌یان بیست، به‌ یه‌ک دڵ هاواریان بۆ خودا كرد و وتیان: “ئه‌ی گه‌وره‌، تۆی خوداوه‌ندی دروستكاری ئاسمان و زه‌وی و ده‌ریا و هه‌موو ئه‌وانه‌ی تیایاندایه‌. له‌سه‌ر زاری داویدی ڕاژه‌وانت فه‌رمووت: {بۆچی نه‌ته‌وه‌كان وروژاون وگه‌لان بیری ناڕه‌وا ده‌كه‌ن؟ پاشایانی زه‌وی هه‌ستان، سه‌رۆكه‌كان پێكه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ دژی په‌روه‌ردگار و مه‌سیحه‌كه‌ی}. چونكه‌ به‌ ڕاستی، هیڕوودس و پیڵاتوسی پونتی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ و گه‌لانی ئیسڕائیل دژی ئیشۆع یه‌كیان گرت، ڕاژه‌وانه‌ پارسا‌كه‌ت، ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌ستنیشانت كرد، تاكو هه‌رچی له‌پێشا ده‌ستت و خواستت نه‌خشه‌ی بۆ كێشابوو بیكه‌ن. ئێستاش په‌روه‌ردگار، سه‌یری هه‌ڕه‌شه‌كانیان بكه‌، به‌ كۆیله‌كانی خۆت ببه‌خشه‌ كه‌ به‌وپه‌ڕی ئاشكرایی به‌ فه‌رمووده‌كانت بدوێن، كاتێ ده‌ستت ده‌به‌یت تاكو چاكبوونه‌وه‌ و نیشانه‌ و په‌رجو به‌ ناوی ئیشۆعی ڕاژه‌وانی پارساته‌وه‌ بكرێت”. كاتێ نوێژیان ده‌كرد، ئه‌و شوێنه‌ی تیایدا كۆببوونه‌وه‌ له‌رزی و هه‌موو له‌ ڕووحی پارسا پڕبوون، ئاشكرا به‌ وشه‌ی خودا ده‌دووان. كۆمه‌ڵی باوه‌ڕداران یه‌ک دڵ و گیان بوون، كه‌س نه‌یده‌ووت ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی هی خۆیه‌تی، به‌ڵكو هه‌موو شتێكیان هاوبه‌ش بوو. په‌یامبه‌ران به‌ هێزێكی مه‌زن گه‌واهیی هه‌ستانه‌وه‌ی ئیشۆعی په‌روه‌ردگاریان ده‌دا، به‌خششێكی گه‌وره‌ش به‌سه‌ر هه‌موویانه‌وه‌ بوو. كه‌سی نه‌بوونیان تێدا نه‌بوو، چونكه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن كێڵگه‌ و ماڵ بوون ده‌یانفرۆشت، پاره‌كه‌یان ده‌هێنا و له‌به‌رپێی په‌یامبه‌ران دایانده‌نا، ئه‌وانیش دابه‌شیان ده‌كرد، هه‌ر یه‌كێک به‌گوێره‌ی پێویستی. یۆسپ، لیوییه‌كی ڕه‌گه‌ز قوبڕسییه‌، كه‌ په‌یامبه‌ران ناویان لێنا به‌رنڤا، واتا ڕۆڵه‌ی هانده‌ر، كێڵگه‌یه‌كی هه‌بوو، فرۆشتی و پاره‌كه‌ی هێنا، خستییه‌ به‌رپێی په‌یامبه‌ران. پیاوێک ناوی خه‌نه‌نیا بوو، له‌گه‌ڵ سه‌فیره‌ی ژنی موڵكێكی فرۆشت. به‌ ئاگاداریی ژنه‌كه‌ی به‌شێک له‌ نرخه‌كه‌ی شارده‌وه‌ و به‌شێكی هێنا و خستییه‌ به‌رپێی په‌یامبه‌ران. په‌تڕۆس وتی: “خه‌نه‌نیا، بۆچی شه‌یتان دڵی پڕكردوویت، تاكو درۆ له‌گه‌ڵ ڕووحی پارسا بكه‌یت و له‌ نرخی زه‌وییه‌كه‌ به‌شێكی بشاریته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر بمایه‌ بۆ خۆت نه‌ده‌مایه‌وه‌؟ كه‌ فرۆشراش هه‌ر له‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆت نه‌بوو؟ ئیتر بۆچی ئه‌م كاره‌ت خسته‌ دڵت؟ تۆ درۆت له‌گه‌ڵ خه‌ڵک نه‌كرد، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ خودا”. كاتێ خه‌نه‌نیا ئه‌م قسه‌یه‌ی بیست كه‌وت و مرد. هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌مه‌یان بیست ترسێكی گه‌وره‌یان لێ نیشت. گه‌نجه‌كانیش هه‌ستان و كفنیان كرد، هه‌ڵیانگرت بۆ ده‌ره‌وه‌ و ناشتیان. پاش نزیكه‌ی سێ كاژێر، ژنه‌كه‌ی هاته‌ ژووره‌ و نه‌یده‌زانی چی ڕوویداوه‌. په‌تڕۆس لێی پرسی: “پێم بڵێ: زه‌وییه‌كه‌تان به‌م بڕه‌ فرۆشت؟” وتی: “به‌ڵێ، به‌م بڕه‌”. په‌تڕۆس پێی وت: “بۆچی ڕێككه‌وتن ڕووحی په‌روه‌ردگار تاقی بكه‌نه‌وه‌؟ ئه‌وه‌تا ئه‌وانه‌ی مێرده‌كه‌تیان ناشت پێیان له‌به‌رده‌رگایه‌، تۆش هه‌ڵده‌گرنه‌ ده‌ره‌وه‌”. یه‌كسه‌ر له‌به‌رپێی كه‌وت و مرد. كاتێ گه‌نجه‌كان هاتنه‌ ژووره‌وه‌ و بینییان مردووه‌، هه‌ڵیانگرته‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ ته‌نیشت مێرده‌كه‌ی ناشتیان. ئیتر ترسێكی گه‌وره‌ هاته‌ سه‌ر هه‌موو وارگه‌ و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌مانه‌یان بیست. له‌سه‌ر ده‌ستی په‌یامبه‌ران زۆر نیشانه‌ و په‌رجو له‌نێو گه‌لدا كرا. هه‌مووان یه‌ک دڵ بوون له‌ هه‌یوانی شلیموندا. كه‌س نه‌یده‌وێرا بچێته‌ پاڵیان، چونكه‌ گه‌ل زۆر ڕێزیان ده‌گرتن. خه‌ڵكی زیاتر باوه‌ڕیان ده‌هێنا و ده‌هاتنه‌ پاڵ په‌روه‌ردگار، ژن و پیاو به‌ كۆمه‌ڵ، ته‌نانه‌ت نه‌خۆشیان ده‌هێنایه‌ سه‌ر شه‌قام و له‌سه‌ر جێگا و نوێن دایانده‌نان، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر په‌تڕۆس هات، سێبه‌ره‌كه‌ی بكه‌وێته‌ سه‌ر هه‌ندێكیان. جه‌ماوه‌ری شاره‌كانی ده‌وروپشتی یروشلایمیش كۆببوونه‌وه‌، نه‌خۆش و ئه‌وانه‌یان هه‌ڵگرتبوو كه‌ به‌ ده‌ست ڕووحی گڵاو ده‌یانناڵاند، جا هه‌موویان چاكده‌بوونه‌وه‌. به‌ڵام كاهینی باڵا و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون له‌ ڕێبازی زادوقی هه‌ستان و پڕبوون له‌ ئیره‌یی. په‌یامبه‌رانیان گرت و فڕێیاندانه‌ زیندانی گشتییه‌وه‌. به‌ڵام فریشته‌ی په‌روه‌ردگار له‌ شه‌ودا ده‌رگاكانی زیندانه‌كه‌ی كرده‌وه‌ و بردنییه‌ ده‌ره‌وه‌، فه‌رمووی: “بڕۆن بۆ په‌رستگا و ڕاوه‌ستن، ته‌واوی په‌یامی ئه‌م ژیانه‌ به‌ خه‌ڵكی بڵێن”. كه‌ بیستیان، به‌یانی زوو چوونه‌ په‌رستگا و ده‌ستیان كرد به‌ فێركردن. ئینجا كاهینی باڵا و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون هاتن، سه‌نهه‌دریم و هه‌موو پیرانی نه‌وه‌ی ئیسڕائیلیان بانگكرد و ناردیان له‌ زیندان‌ بیانهێنن. به‌ڵام كه‌ پاسه‌وانه‌كان هاتن، له‌ زیندان نه‌یاندۆزینه‌وه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ و هه‌واڵیان دا و وتیان: “زیندانه‌كه‌مان بینی به‌ باشی داخرابوو، پاسه‌وانیش له‌به‌رده‌رگاكان ڕاوه‌ستابوون، به‌ڵام كاتێ كردمانه‌وه‌ كه‌سمان تیایدا نه‌بینی”. كاتێ كاهین و سه‌رۆكی پاسه‌وان و كاهینانی باڵا ئه‌مه‌یان بیست، لێیان سه‌رسام بوون: ده‌بێت ئه‌مه‌ بگاته‌ چی؟. ئینجا یه‌كێک هات هه‌واڵی پێ دان و وتی: “ئه‌وه‌تا ئه‌و پیاوانه‌ی فڕێتاندانه‌ زیندان، وا له‌ په‌رستگادا ڕاوه‌ستاون و گه‌ل فێر ده‌كه‌ن!”. ئه‌وسا سه‌رۆک و پاسه‌وانان و ڕاژه‌وانان ڕۆیشتن و بێ توندوتیژی په‌یامبه‌رانیان هێنا، چونكه‌ ده‌ترسان گه‌ل به‌ردبارانیان بكه‌ن. كاتێ ئه‌وانیان هێنا له‌به‌رده‌م سه‌نهه‌دریمدا ڕایانگرتن، كاهینی باڵا لێی پرسین: “به‌ توندی فه‌رمانمان پێ نه‌كردن كه‌ خه‌ڵكی به‌م ناوه‌ فێر نه‌كه‌ن؟ ئه‌وه‌تا یروشلایمتان له‌ فێركردنه‌كانتان پڕ كردووه‌ و ده‌تانه‌وێ خوێنی ئه‌و پیاوه‌ بخه‌نه‌ ئه‌ستۆمان”. په‌تڕۆس و په‌یامبه‌ران وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و وتیان: “ده‌بێت خودا له‌ خه‌ڵک زیاتر گوێڕایه‌ڵی بكرێت. خوداوه‌ندی باوكانمان ئیشۆعی هه‌ستانده‌وه‌، ئه‌وه‌ی به‌ هه‌ڵواسینی له‌سه‌ر ته‌خته‌دار كوشتتان. خودا ئه‌می وه‌ک سه‌رۆک و ڕزگاریده‌ر به‌ ده‌سته‌ڕاستی خۆی به‌رزی كرده‌وه‌، تاكو تۆبه‌كردن و لێخۆشبوونی گوناه‌ به‌ ئیسڕائیل ببه‌خشێت. ئێمه‌ گه‌واهیده‌ری ئه‌م شتانه‌ین، هه‌روه‌ها ڕووحی پارساش، ئه‌وه‌ی خودا به‌خشیویه‌تییه‌ ئه‌وانه‌ی گوێڕایه‌ڵن بۆی”. كاتێ گوێیان لێبوو زۆر تووڕه‌ بوون، ویستیان بیانكوژن. به‌ڵام په‌ڕیشییه‌ک ناوی گه‌ملیئێل بوو، ڕابیی ته‌ورات و ڕێزدار بوو له‌لای هه‌موو گه‌ل، له‌ سه‌نهه‌دریم هه‌ستا و فه‌رمانی دا بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م په‌یامبه‌ران ببردرێنه‌ ده‌ره‌وه‌. ئینجا پێی وتن: “پیاوانی ئیسڕائیل، ئاگاداری خۆتان بن له‌وه‌ی ده‌تانه‌وێ به‌م پیاوانه‌ی بكه‌ن. چونكه‌ پێش ئه‌م ڕۆژانه‌ توداس هه‌ستا و خۆی به‌ شتێک داده‌نا، نزیكه‌ی چوار سه‌د پیاو لێی كۆبوونه‌وه‌، به‌ڵام كوژرا و هه‌موو ئه‌وانه‌ی دوای كه‌وتبوون بڵاو بوونه‌وه‌، بوونه‌ هیچ. دوای ئه‌مه‌ش له‌ ڕۆژانی ناونووسینه‌كه‌دا ئیهوودای گلیلای هه‌ستا و خه‌ڵكانێكی به‌دوای خۆیدا له‌خشته‌ برد، ئه‌ویش له‌ناوچوو و ئه‌وانه‌ی دوای كه‌وتبوون په‌رته‌وازه‌ بوون. ئێستاش پێتان ده‌ڵێم: له‌م پیاوانه‌ دوور بكه‌ونه‌وه‌ و لێیانگه‌ڕێن! چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م بیروباوه‌ڕه‌ یاخود ئه‌م كاره‌ له‌ خه‌ڵكه‌وه‌ بێت، ئه‌وا تێكده‌چێت. ئه‌گه‌ریش له‌ خوداوه‌ بێت، ناتوانن تێكی بده‌ن، ئه‌گینا خۆتان ده‌بیننه‌وه‌ دژی خودا ده‌جه‌نگن”. جا به‌ قسه‌یان كرد، ئیتر په‌یامبه‌رانیان بانگكرد و قامچییان لێدان، ڕایانسپاردن ناوی ئیشۆع نه‌هێنن، ئینجا ئازادیان كردن. به‌ڵام ئه‌وان به‌ دڵشادییه‌وه‌ له‌به‌رده‌م سه‌نهه‌دریم ده‌رچوون، چونكه‌ وا دانران شایانی ئه‌وه‌ بن بۆ ناوی ئه‌و سووكایه‌تییان پێ بكرێت. ئیتر هه‌موو ڕۆژێک له‌ په‌رستگا و له‌ ماڵاندا، خه‌ڵكیان فێرده‌كرد و موژده‌ی ئیشۆعی مه‌سیحیان ده‌دا. له‌و ڕۆژانه‌دا كه‌ قوتابییه‌كان زیادیان ده‌كرد، جوو یۆنانییه‌كان بۆڵه‌بۆڵیان له‌سه‌ر عیبڕانییه‌كان كرد كه‌ له‌ یارمه‌تی ڕۆژانه‌ی بێوه‌ژنه‌كانیان پشتگوێ ده‌خرێن. بۆیه‌ دوازده‌كه‌ كۆمه‌ڵی قوتابییه‌كانیان بانگكرد و وتیان: “باش نییه‌ واز له‌ وشه‌ی خودا بهێنین و ڕاژه‌ی خوانه‌كان بكه‌ین. برایان، له‌نێو خۆتاندا حه‌وت پیاو هه‌ڵبژێرن كه‌ ناوبانگیان باش بێت و پڕبن له‌ ڕووحی پارسا و داناییه‌كه‌ی، تاكو له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌ركه‌ دایانبنێین. ئێمه‌ش خۆمان ته‌رخان ده‌كه‌ین بۆ نوێژكردن و ڕاژه‌ی وشه‌ی خودا”. هه‌موو كۆمه‌ڵه‌كه‌ ئه‌م پێشنیاره‌یان به‌دڵ بوو، جا ئستیفانۆسیان هه‌ڵبژارد، كه‌ پیاوێكی پڕ له‌ باوه‌ڕ و ڕووحی پارسا بوو، له‌گه‌ڵ پیلیپوس و پروخۆرس و نیكانۆر و تیمۆن و په‌رمیناس و نیقالیئۆسی ئه‌نتاكی كه‌ ببووه‌ جوو. له‌پێش په‌یامبه‌رانیان ڕاگرتن، ئه‌وانیش نوێژیان كرد و ده‌ستیان له‌سه‌ر دانان. ئیتر وشه‌ی خودا گه‌شه‌ی ده‌كرد، ژماره‌ی قوتابییه‌كانیش له‌ یروشلایم زۆر زیاتر بوو، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كاهینانیش گوێڕایه‌ڵی باوه‌ڕه‌كه‌ بوون. ئستیفانۆس پڕ له‌ باوه‌ڕ و هێز بوو، نیشانه‌ و په‌رجوی مه‌زنی له‌نێو گه‌لدا ده‌كرد. جا هه‌ندێک له‌وانه‌ی له‌و كه‌نیشته‌ن كه‌ پێی ده‌ووترا كه‌نیشتی ئازادكراوان، له‌گه‌ڵ قه‌ورینێكان و ئه‌سكه‌نده‌رییه‌كان و ئه‌وانه‌ی له‌ قیلیقیا و ئاسیادان، هه‌ستان و گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ئستیفانۆس كرد. به‌ڵام نه‌یانتوانی به‌ربه‌ره‌كانێی ئه‌و داناییه‌ و ڕووحه‌ بكه‌ن كه‌ پێی ده‌دووا. بۆیه‌ به‌دزییه‌وه‌ پیاویان هاندا تاكو بڵێن: “ئێمه‌ بیستمان سه‌باره‌ت به‌ مووشێ و خودا كفری ده‌كرد”. ئینجا گه‌ل و پیران و ته‌وراتزانه‌كانیان جۆش دا، هاتنه‌ سه‌ری و ڕفاندیان، بۆ سه‌نهه‌دریمیان هێنا. گه‌واهیده‌ری درۆزنیان دانا، ده‌یانووت: “ئه‌م پیاوه‌ وه‌ستانی نییه‌ له‌ كفركردن دژی ئه‌م شوێنه‌ پارسا‌یه‌و ته‌ورات. چونكه‌ بیستمان ده‌یووت كه‌ ئیشۆعی ناسڕه‌تیی ئه‌م شوێنه‌ تێكده‌دات و ئه‌و نه‌ریتانه‌ ده‌گۆڕێت كه‌ له‌ مووشێوه‌ وه‌رمانگرتووه‌”. جا هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ سه‌نهه‌دریم دانیشتبوون چاویان تێبڕی و بینییان ڕووی وه‌ک ڕووی فریشته‌ وایه‌. كاهینی باڵا لێی پرسی: “ئه‌م شتانه‌ وان؟” ئه‌ویش وتی: “برایان و باوكان گوێبگرن! خوداوه‌ندی شكۆ بۆ ئه‌وڕاهه‌می باوكمان ده‌ركه‌وت كاتێ له‌ میسۆپۆتامیا بوو، پێش ئه‌وه‌ی له‌ حاران نیشته‌جێ بێت، پێی فه‌رموو: {له‌ زه‌وی و هۆزی خۆت ده‌رچۆ و وه‌ره‌ بۆ ئه‌و زه‌وییه‌ی پیشانت ده‌ده‌م}. زه‌ویی كلدانییه‌كانی به‌جێهێشت و له‌ حاران نیشته‌جێ بوو. دوای مردنی باوكی، خودا له‌وێوه‌ گواستییه‌وه‌ بۆ ئه‌م زه‌ویه‌ی ئێوه‌ ئێستا تیایدا نیشته‌جێن. لێره‌دا هیچ میراتێكی پێی نه‌دا، ته‌نانه‌ت شوێن پێیه‌كیش. به‌ڵام به‌ڵێنی پێدا كه‌ {به‌ موڵک بیداته‌ خۆی و نه‌وه‌كه‌ی له‌دوای خۆی} ، هێشتا منداڵی نه‌بوو. خوداش ئاوای فه‌رموو: {وه‌چه‌كانت له‌ زه‌ویه‌كی نامۆ ده‌بن كه‌ هی خۆیان نییه‌، ده‌بنه‌ كۆیله‌یان و چوار سه‌د ساڵ ده‌یانچه‌وسێننه‌وه‌. ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ش حوكم ده‌ده‌م، كه‌ وه‌ک كۆیله‌ ڕاژه‌ی ده‌كه‌ن} ، خودا فه‌رموویه‌تی، {دوای ئه‌وه‌ درده‌چن و له‌م شوێنه‌ ده‌مپه‌رستن}. هه‌روه‌ها په‌یمانی خروسه‌بڕانی له‌گه‌ڵ به‌ست. جا ئسخه‌قی بوو، له‌ هه‌شت ڕۆژیدا خروسه‌بڕانی كرد. ئسخه‌قیش یاقووی بوو، یاقووش دوازده‌ باوكه‌كه‌. باوكانیش ئیره‌ییان به‌‌ یۆسپ برد، فرۆشتیانه‌ میسڕ. به‌ڵام خودای له‌گه‌ڵ بوو، له‌ هه‌موو ناخۆشییه‌كانی ڕزگاری كرد، له‌به‌رده‌م پڕعونی پاشای میسڕدا به‌خشش و دانایی پێ دا. ئه‌ویش به‌رپرسێتیی میسڕ و هه‌موو ماڵه‌كه‌ی خۆی پێ دا. ئینجا برسیێتی و ته‌نگانه‌یه‌كی مه‌زن به‌سه‌ر هه‌موو میسڕ و كه‌نعاندا هات، باوكانمان خواردنیان ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت. كاتێ یاقوو بیستی له‌ میسڕدا دانه‌وێڵه‌ هه‌یه‌، جاری یه‌كه‌م باوكانمانی نارد. بۆ جاری دووه‌م یۆسپ به‌ برایانی ناسرا، بنه‌ماڵه‌ی یۆسپیش بۆ پڕعون ده‌ركه‌وت. ئیتر یۆسپ ناردی یاقووی باوكی هه‌موو هۆزه‌كه‌ی بۆ میسڕ بانگكرد، حه‌فتا و پێنج كه‌س بوون. جا یاقوو بۆ میسڕ دابه‌زی و مرد، خۆی و باوكانمان. ئینجا بۆ شه‌كیم گه‌ڕاندیانه‌وه‌ و له‌و گۆڕه‌ ناشتییان كه‌ ئه‌وڕاهه‌م له‌ شه‌كیم به‌ بڕێک زیو له‌ كوڕه‌كانی حه‌مۆری كڕی. به‌ڵام ئه‌و كاته‌ی به‌ڵێنه‌كه‌ نزیک ده‌بووه‌وه‌ كه‌ خودا بۆ‌ ئه‌وڕاهه‌م سوێندی خواردبوو، گه‌ل له‌ میسڕ په‌ره‌یان ده‌سه‌ند و زۆرده‌بوون، تاكو {پاشایه‌كی دیكه‌ له‌ میسڕ هاته‌ سه‌ر ته‌خت یۆسپی نه‌ده‌ناسی}. له‌گه‌ڵ نه‌ژاده‌كه‌مان به‌ فێڵ ده‌جوڵایه‌وه‌ و خراپه‌ی له‌گه‌ڵ باوباپیرانمان كرد، ناچاری ده‌كردن منداڵه‌ ساواكانیان دووربخه‌نه‌وه‌ تاكو بمرن. له‌و كاته‌دا مووشێ له‌دایكبوو. زۆر جوان بوو، سێ مانگ له‌ ماڵی باوكی به‌خێوكرا، كاتێ دوور خرایه‌وه‌، كچی پڕعون هه‌ڵیگرته‌وه‌ و كردییه‌ كوڕی خۆی و به‌خێوی كرد. مووشێش له‌نێو هه‌موو دانایی میسڕییه‌كان په‌روه‌رده‌ كرا، به‌ توانا له‌ قسه‌ و كرداردا. كاتێ ته‌مه‌نی بووه‌ چل ساڵ، هاته‌ سه‌ر دڵی سه‌ردانی براكانی بكات، نه‌وه‌ی ئیسڕائیل. یه‌كێكی بینی سته‌می لێ ده‌كرێت، به‌رگری لێكرد و دادوه‌ری بۆ سته‌م لێكراو كرد، میسڕییه‌كه‌ی كوشت. وایزانی برایانی تێده‌گه‌ن كه‌ خودا له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و قورتاریان ده‌كات. به‌ڵام تێنه‌گه‌یشتن. ڕۆژی دووه‌م دوو له‌ برایانی بۆی ده‌ركه‌وتن و به‌شه‌ڕده‌هاتن، هه‌وڵی ده‌دا ئاشتیان بكاته‌وه‌، وتی: ئێوه‌ بران، بۆچی ده‌ست بۆ یه‌كتری درێژ ده‌كه‌ن؟ به‌ڵام ئه‌وه‌ی سته‌می له‌ نزیكه‌كه‌ی ده‌كرد، پاڵێكی پێوه‌ نا و وتی: {كێ تۆی كردووه‌ به‌ سه‌رۆک و دادوه‌ر به‌سه‌رمان؟ ده‌ته‌وێ بمكوژیت وه‌ک دوێنێ میسڕییه‌كه‌ت كوشت؟} مووشێش به‌هۆی ئه‌م قسه‌یه‌وه‌ هه‌ڵات، له‌ زه‌ویی میدیان بووه‌ بێگانه‌ و له‌وێ دوو كوڕی بوو. دوای ئه‌وه‌ی چل ساڵ ته‌واوبوو، فریشته‌ی خوداوه‌ند له‌ بیابانی شاخی سینه‌ی له‌نێو ده‌وه‌نێكی داگیرساودا بۆی ده‌ركه‌وت. مووشێش ئه‌مه‌ی بینی و له‌ دیمه‌نه‌كه‌ سه‌رسام بوو، ده‌چووه‌ پێش تاكو له‌ نزیكه‌وه‌ سه‌یر بكات، ده‌نگی په‌روه‌ردگار هات: {منم خودای باوكانت، خودای ئه‌وڕاهه‌م و ئسخه‌ق و یاقوو}. به‌ڵام مووشێ له‌رز گرتی و نه‌یوێرا سه‌یر بكات. {جا په‌روه‌ردگار پێی فه‌رموو: سۆله‌كانت له‌ پێت دابكه‌نه‌، چونكه‌ ئه‌و شوێنه‌ی تۆ له‌سه‌ری وه‌ستاوی زه‌ویه‌كی پارسا‌یه‌. من نه‌هامه‌تیی گه‌لی خۆم له‌ میسڕ بینی و ناڵه‌یانم بیست، دابه‌زیم تاكو قورتاریان بكه‌م. ئێستاش وه‌ره‌، ده‌تنێرمه‌ میسڕ}. ئه‌وه‌ مووشێیه‌ كه‌ ڕه‌تیان كرده‌وه‌ و وتیان: {كێ تۆی كردووه‌ به‌ سه‌رۆک و دادوه‌ر به‌سه‌رمان؟} هه‌ر ئه‌و بوو خودا وه‌ک سه‌رۆک و قوربانیده‌ر به‌ ده‌ستی ئه‌و فریشته‌یه‌ ناردی كه‌ له‌ ده‌وه‌نه‌كه‌دا بۆی ده‌ركه‌وت. ئه‌م ده‌ریهێنان، له‌ ماوه‌ی چل ساڵدا په‌رجو و نیشانه‌ی له‌ خاكی میسڕ و ده‌ریای سوور و چۆڵه‌وانیش كرد. ئه‌مه‌ ئه‌و مووشێیه‌ كه‌ به‌ نه‌وه‌ی ئیسڕائیلی وت: {خودا له‌نێو برایانتان پێغه‌مبه‌رێكی وه‌كو منتان بۆ په‌یداده‌كات، گوێی لێ بگرن}. هه‌ر ئه‌ویش بوو له‌ چۆڵه‌وانی له‌نێو وارگه‌كه‌دا بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌و فریشته‌یه‌ی له‌ شاخی سینه‌ی قسه‌ی له‌گه‌ڵی ده‌كرد، له‌گه‌ڵ باوكانیشمان، ئه‌وه‌ی وته‌ زیندووه‌كانی وه‌رگرت تاكو بمانداتێ. به‌ڵام باوكانمان نه‌یانویست گوێڕایه‌ڵی بن. به‌ڵكو ڕه‌تیانكرده‌وه‌ و دڵیان بۆ میسڕ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌. به‌ هاڕونیان وت: {خوداوه‌ندێكمان بۆ دروست بكه‌ له‌پێشمانه‌وه‌ بێت، چونكه‌ ئه‌م مووشێیه‌ی له‌ زه‌ویی میسڕه‌وه‌ ده‌ریهێناین نازانین چی لێهات!}. له‌و ڕۆژانه‌دا بتێكیان له‌ شێوه‌ی گۆلک دروستكرد و قوربانییان بۆ كرد، به‌ ده‌ستكردی خۆیان دڵشاد بوون. خوداش ڕووی لێ وه‌رگێڕان و وازی لێ هێنان ئه‌ستێره‌كانی ئاسمان بپه‌رستن، وه‌ک له‌ سیپاره‌ی پێغه‌مبه‌راندا نووسراوه‌: {ئه‌ی ماڵی ئیسڕائیل، ئایا به‌ درێژایی چل ساڵ له‌ چۆڵه‌وانی قوربانیی سه‌ربڕاو و پێشكه‌شكراوتان بۆ من كرد؟ نه‌خێر، به‌ڵكو ڕه‌شماڵی بتی مۆلۆختان له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره‌ی خوداوه‌ندی خۆتان هه‌ڵگرت، ڕه‌مفان، ئه‌و په‌یكه‌رانه‌ی دروستتان كرد تاكو كڕنۆشی بۆ ببه‌ن. بۆیه‌ بۆ دوورتر له‌ باڤل دوورتان ده‌خه‌مه‌وه‌}. نشینگه‌ی گه‌واهیدانیش له‌ چۆڵه‌وانیدا له‌گه‌ڵ باوباپیرانمان بوو، هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی خودا فه‌رمانی به‌ مووشێ كرد له‌سه‌ر ئه‌و نموونه‌یه‌ دروستی بكات كه‌ بینیویه‌تی. جا باوكانمان نشینگه‌كه‌یان وه‌رگرت و له‌گه‌ڵ یه‌شوع بردییانه‌ نێو موڵكی ئه‌و گه‌لانه‌ی خودا له‌به‌رده‌می باوكانمان ده‌ریكردن تا ڕۆژانی داوید، ئه‌وه‌ی له‌لای خودا ڕه‌زامه‌ندیی به‌ده‌ستهێنا، ئه‌ویش هه‌وڵی دا نشینگه‌یه‌ک بۆ خوداوه‌ندی یاقوو دروست بكات. به‌ڵام شلیمون بوو كه‌ خانوویه‌كی بۆ دروستكرد. به‌ڵام خودای هه‌ره‌به‌رز له‌ ماڵی ده‌ستكرد نیشته‌جێ نابێت، وه‌ک پێغه‌مبه‌ر وتوویه‌تی: {ئاسمان ته‌ختی منه‌ و زه‌ویش ته‌خته‌پێمه‌، چ ماڵێكم بۆ بنیاد ده‌نێن؟ په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رمووێ، له‌كوێیه‌ شوێنی حه‌وانه‌وه‌م؟ ئایا ده‌ستی من هه‌موو ئه‌م شتانه‌ی دروست نه‌كردووه‌؟} ئه‌ی كه‌ للـه‌ڕه‌قان، ئه‌ی دڵ و گوێ خروسه‌بڕان‌ نه‌كراوان! ئێوه‌ وه‌ک باوكانتان هه‌میشه‌ به‌ربه‌ره‌كانێی ڕووحی پارسا ده‌كه‌ن! باوكانتان چۆن بوون ئێوه‌ش وان. باوكانتان چ پێغه‌مبه‌رێكیان نه‌چه‌وساندۆته‌وه‌؟ ئه‌وانه‌شیان كوشت كه‌ زوو باسی هاتنی بێتاوانه‌كه‌یان ده‌كرد، ئه‌وه‌ی ئێستا ئێوه‌ ڕاده‌ستتان كرد و كوشتتان ئێوه‌ ته‌وراتتان به‌ ڕێنمایی فریشته‌كان وه‌رگرت و په‌یڕه‌وتان نه‌كرد”. كاتێ گوێیان له‌مانه‌ بوو، دڵیان پڕبوو له‌ كینه‌ و ددانیان لێی جیڕكرده‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و پڕ ببوو له‌ ڕووحی پارسا، چاوی بڕییه‌ ئاسمان، شكۆی خودای بینی و ئیشۆعیش له‌لای ڕاستی خودا وه‌ستابوو. وتی: “ده‌بینم ئاسمان كراوه‌ته‌وه‌ و ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش له‌لای ڕاستی خودا ڕاوه‌ستاوه‌”. به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواریان كرد و گوێی خۆیان داخست، پێكڕا په‌لاماریان دا، بردییانه‌ ده‌ره‌وه‌ی شار و به‌ردبارانیان كرد. گه‌واهیده‌ره‌كانیش جله‌كانیان له‌به‌رپێی گه‌نجێک داكه‌ند ناوی شاوول بوو. كاتێ ئستیفانۆسیان به‌ردباران ده‌كرد، نوێژی ده‌كرد و ده‌یووت: “ئیشۆعی په‌روه‌ردگار، ڕووحم وه‌ربگره‌!” ئینجا چۆكی دادا و به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواری كرد: “په‌روه‌ردگار، ئه‌م گوناهه‌یان له‌سه‌ر مه‌نووسه‌”. ئه‌مه‌ی وت و نووست. شاوول به‌ كوشتنی ئستیفانۆس ڕازی بوو. له‌و ڕۆژه‌دا وارگه‌ له‌ یروشلایم تووشی چه‌وسانه‌وه‌یه‌كی توند هات. هه‌موو به‌ ناوچه‌كانی ئیهوود و شمرندا په‌رشوبڵاو بوونه‌وه‌، جگه‌ له‌ په‌یامبه‌ران. هه‌ندێک پیاوی له‌خواترس ئستیفانۆسیان ناشت و پرسه‌یه‌كی گه‌وره‌یان بۆ دانا. به‌ڵام شاوول هه‌ڵده‌كوتایه‌ نێو وارگه‌، ماڵ به‌ ماڵ ژن و پیاوی ڕاده‌كێشا و فڕێیده‌دانه‌ زیندان. ئه‌وانه‌ی په‌رشوبڵاو ببوونه‌وه‌ ده‌گه‌ڕان و موژده‌ی وشه‌كه‌یان ده‌دا. پیلیپوس شۆڕبووه‌وه‌ شارێكی شمرنی و مه‌سیحه‌كه‌ی بۆ ڕاده‌گه‌یاندن. كۆمه‌ڵه‌كه‌ به‌ یه‌ک دڵ گوێیان له‌وه‌ ده‌گرت كه‌ پیلیپوس ده‌یووت، كاتێ ئه‌و نیشانانه‌یان ده‌بیست و ده‌بینی كه‌ ده‌یكرد. ڕووحی گڵاویش له‌ زۆر كه‌س له‌وانه‌ی تیایاندا بوو به‌ ده‌نگی به‌رز هاواریان ده‌كرد و ده‌رده‌چوون، زۆر گۆج و شه‌لیش چاكبوونه‌وه‌. جا شادییه‌كی گه‌وره‌ ئه‌و شاره‌ی گرته‌وه‌. پێشتر له‌ شاره‌كه‌ پیاوێک هه‌بوو ناوی سیمۆن بوو، جادووی ده‌كرد و خه‌ڵكی شمرنی سه‌رسام كردبوو، ده‌یووت: من شتێكی مه‌زنم!. گه‌وره‌ و بچووک هه‌موو دوای ده‌كه‌وتن و ده‌یانووت: “ئه‌مه‌یه‌ هێزی مه‌زنی خودا”. ئه‌وان دوای ده‌كه‌وتن، چونكه‌ ماوه‌یه‌كی زۆر بوو به‌ جادووه‌كه‌ی سه‌رسامی كردبوون. به‌ڵام كاتێ پیلیپوس موژده‌ی ده‌رباه‌ری پاشایه‌تی خودا و ناوی ئیشۆعی مه‌سیحی پێدان، بڕوایان كرد، ژن و پیاویش عه‌مادكران. سیمۆنیش به‌خۆی باوه‌ڕی هێنا، كاتێ عه‌مادكرا دوای پیلیپوس كه‌وت، نیشانه‌ و په‌رجوی گه‌وره‌ی ده‌بینی ده‌كرا، سه‌رسام بوو. كاتێ په‌یامبه‌ران له‌ یروشلایم بیستیان شمرن وشه‌ی خودای په‌سه‌ند كردووه‌، په‌تڕۆس و یوخه‌ننه‌نیان بۆ ناردن. كاتێ هاتن، نوێژیان بۆ كردن تاكو ڕووحی پارسا وه‌ربگرن، چونكه‌ هێشتا نه‌هاتبووه‌ سه‌ر كه‌سیان، ته‌نها به‌ ناوی ئیشۆعی په‌روه‌ردگار عه‌مادكرابوون. جا ده‌ستیان له‌سه‌ر دانان و ڕووحی پارسایان وه‌رگرت. كاتێ سیمۆن بینی به‌ ده‌ست دانانی په‌یامبه‌ران ڕووحه‌كه‌ ده‌درێت، پاره‌ی بۆ هێنان و وتی: “ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ منیش بده‌ن، تاكو ده‌ست له‌سه‌ر هه‌ر كه‌سێک دابنێم ڕووحی پارسا وه‌ربگرێت”. په‌تڕۆس پێی وت: “با زیوه‌كه‌ت له‌گه‌ڵ خۆت له‌ناوبچێت! چونكه‌ واتزانی به‌هره‌ی خودا به‌ پاره‌ دسێنرێت! له‌م شته‌دا نه‌ به‌شت هه‌یه‌ و نه‌ پشک، چونكه‌ دڵت به‌رامبه‌ر خودا ڕاست نییه‌. له‌م خراپه‌یه‌ت تۆبه‌ بكه‌ و له‌ په‌روه‌ردگار بپاڕێوه‌ به‌ڵكو له‌ هزری دڵت خۆش بێت، چونكه‌ ده‌تبینم له‌ تاڵی تاڵاو و به‌ندی گوناهیت”. سیمۆن وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “ئێوه‌ له‌ پێناوی من داوا له‌ په‌روه‌ردگار بكه‌ن، تاكو هیچ شتێک له‌وه‌ی باستان كرد به‌ سه‌رمدا نه‌یه‌ت”. ئینجا دوای ئه‌وه‌ی گه‌واهییان دا و به‌ وشه‌ی په‌روه‌ردگار قسه‌یان كرد، گه‌ڕانه‌وه‌ یروشلایم و موژده‌یان دایه‌ زۆر گوندی شمرنی. ئینجا فریشته‌ی په‌روه‌ردگار له‌گه‌ڵ پیلیپوس دووا و وتی: “هه‌سته‌ و به‌ره‌و باشوور بڕۆ، له‌سه‌ر ئه‌و ڕێگایه‌ی له‌ یروشلایمه‌وه‌ بۆ غه‌زه‌ شۆڕ ده‌بێته‌وه‌، كه‌ چۆڵه‌وانییه‌”. ئه‌ویش هه‌ستا و ڕۆیشت، پیاوێكی خه‌ساوی حه‌به‌شی، شالیاری دارایی كنداكه‌ی شاژنی حه‌به‌شه‌ بوو، بۆ كڕنۆشبردن هاتبووه‌ یروشلایم. له‌ گه‌ڕانه‌وه‌دابوو، له‌نێو گالیسكه‌كه‌ی دانیشتبوو، سیپاره‌ی ئێشه‌عیا پێغه‌مبه‌ری ده‌خوێنده‌وه‌. ڕووحی پارسا به‌ پیلیپوسی فه‌رموو: “بڕۆ پێش و به‌گه‌ڵ ئه‌و گالیسكه‌یه‌ بكه‌وه‌”. ئیتر پیلیپوس په‌له‌ی كرد و گوێی لێبوو سیپاره‌ی ئێشه‌عیا پێغه‌مبه‌ر ده‌خوێنێته‌وه‌. وتی: “ئایا ئه‌وه‌ی ده‌یخوێنیته‌وه‌ تێیده‌گه‌یت؟” وتی: “چۆن بتوانم ئه‌گه‌ر یه‌كێک ڕێبه‌رایه‌تیم نه‌كات؟”. جا پیلیپوسی بانگكرد سه‌ربكه‌وێت و له‌گه‌ڵی دابنیشێت. ئه‌و بڕگه‌یه‌ی سیپاره‌كه‌ كه‌ ده‌یخوێنده‌وه‌ ئه‌مه‌ بوو: {وه‌ک كاوڕ بۆ سه‌ربڕین بردرا، وه‌ک به‌رخێكی بێده‌نگ له‌به‌رده‌ست ئه‌وه‌ی خوری لێده‌بڕێته‌وه‌، ئاوا ده‌می نه‌كرده‌وه‌. له‌ خاكساریی خۆی بوو و مافی لێ زه‌وت كرا. نه‌وه‌كانی كێ باسیان بكات؟ چونكه‌ ژیانی له زه‌وی هه‌ڵگیرا}. خه‌ساوه‌كه‌ پرسی له‌ پیلیپوس كرد و وتی: “پرسێكم هه‌یه‌: ئه‌م پێغه‌مبه‌ره‌ باسی كێ ده‌كات؟ باسی خۆی یان یه‌كێكی دیكه‌؟” پیلیپوس ده‌می كرده‌وه‌ و له‌م سیپاره‌یه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد موژده‌ی ئیشۆعی پێ دا. كاتێ به‌ ڕێگاوه‌ بوون، گه‌یشتنه‌ سه‌ر ئاوێک، خه‌ساوه‌كه‌ وتی: “ئه‌وه‌ ئاوه‌، چی ڕێم لێ ده‌گرێت عه‌ماد بكرێم؟” پیلیپوس وتی: “ده‌بێت، ئه‌گه‌ر به‌ هه‌موو دڵته‌وه‌ باوه‌ڕ بهێنیت”. وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “باوه‌ڕ ده‌هێنم كه‌ ئیشۆعی مه‌سیح ڕۆڵه‌ی خودایه‌”. ئینجا فه‌رمانی دا گالیسكه‌كه‌ ڕاوه‌ستێ، پێكه‌وه‌ چوونه‌ نێو ئاوه‌كه‌، پیلیپوس خه‌ساوه‌كه‌ی عه‌مادكرد. كاتێ له‌ ئاوه‌كه‌ ده‌رچوون، ڕووحی په‌روه‌ردگار پیلیپوسی ڕفاند و ئیتر خه‌ساوه‌كه‌ نه‌یبینییه‌وه‌، به‌ شادییه‌وه‌ به‌ ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت. پیلیپوسیش له‌ ئه‌شدود بینرایه‌وه‌، دواتر به‌ هه‌موو شاره‌كاندا ده‌گه‌ڕا و موژده‌ی ده‌دا تاكو گه‌یشته‌ قه‌یسه‌ڕییه‌. شاوول هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ و كوشتنی به‌رامبه‌ر قوتابییه‌كانی په‌روه‌ردگار ده‌رده‌بڕی. چووه‌ لای كاهینی باڵا، داوای نامه‌ی لێكرد بۆ كه‌نیشته‌كانی دره‌مسوق، تاكو ئه‌گه‌ر یه‌كێک له‌ ڕێگا ببینێت، چ ژن و چ پیاو، به‌ به‌ندكراوی بۆ یروشلایمیان ببات. كه‌ ده‌ڕۆیشت و له‌ دره‌مسوق نزیكبووه‌وه‌، له‌پڕ ڕووناكییه‌ک له‌ ئاسمانه‌وه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری بریسكه‌ی دایه‌وه‌، كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وی و ده‌نگێكی بیست، پێی فه‌رموو: “شاوول، شاوول! بۆچی ده‌مچه‌وسێنیته‌وه‌؟” وتی: “گه‌وره‌م، تۆ كێیت؟” به‌روه‌ردگار فه‌رمووی: “من ئیشۆعم، ئه‌وه‌ی تۆ ده‌یچه‌وسێنیته‌وه‌. بۆت زه‌حمه‌ته‌ لوشكه‌ له‌ نه‌قیزه‌ بده‌یت”. به‌ ترس و سه‌رسامیه‌وه‌ وتی: “په‌روه‌ردگار، ده‌ته‌وێ چی بكه‌م؟” په‌روه‌ردگرایش پێی فه‌رموو: “هه‌سته‌، بڕۆ نێو شار، له‌وێ پێت ده‌ووترێ ده‌بێ چی بكه‌یت”. پیاوانی گه‌شتیار كه‌ له‌گه‌ڵی بوون به‌ بێده‌نگی وه‌ستان، ده‌نگه‌كه‌یان بیست به‌ڵام كه‌سیان نه‌بینی. شاوول له‌سه‌ر زه‌وییه‌كه‌ هه‌ستایه‌وه‌، چاوی كرابووه‌وه‌ و كه‌سی نه‌ده‌بینی، ده‌ستیان گرت و هێنایانه‌ نێو دره‌مسوق. سێ ڕۆژ نه‌یده‌بینی، نه‌خوارد و نه‌خوارده‌وه‌. له‌ دره‌مسوق قوتابییه‌ک هه‌بوو ناوی خه‌نه‌نیا بوو، په‌روه‌ردگار له‌ بینیندا پێی فه‌رموو: “خه‌نه‌نیا!” وتی: “ئه‌وه‌تام په‌روه‌ردگار!” په‌روه‌ردگار پێی فه‌رموو: “هه‌سته‌ و بڕۆ ئه‌و شه‌قامه‌ی پێی ده‌ووترێ ڕاست، له‌ ماڵی ئیهوودا پرس له‌ پیاوێكی ته‌رسوسی بكه‌ ناوی شاووله‌، وا نوێژ ده‌كات. له‌ بینیندا پیاوێكی بینی ناوی خه‌نه‌نیایه‌، دێته‌ لای و ده‌ستی له‌ سه‌ری داده‌نێت تاكو ببینێته‌وه‌”. خه‌نه‌نیا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “په‌روه‌ردگار، له‌ زۆر كه‌س ئه‌و خراپانه‌م بیستۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌م پیاوه‌ له‌ یروشلایم به‌ پارساكانی تۆی كردووه‌. ئه‌وه‌تا لێره‌ له‌لای كاهینانی باڵا ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ بگرێت كه‌ به‌ ناوی تۆ بانگه‌واز ده‌كه‌ن”. جا په‌روه‌ردگار پێی فه‌رموو: “بڕۆ! چونكه‌ ئه‌مه‌ بۆ من ده‌فرێكی هه‌ڵبژێردراوه‌ بۆ هه‌ڵگرتنی ناوی من له‌به‌رده‌م نه‌ته‌وه‌كان و پاشایان و نه‌وه‌ی ئیسڕائیل. چونكه‌ پیشانی ده‌ده‌م ده‌بێت له‌پێناوی ناوی من چه‌ند ئازار بچێژێت”. خه‌نه‌نیاش ڕۆیشت و چووه‌ ماڵه‌كه‌، ده‌ستی له‌سه‌ری دانا و وتی: “كاک شاوول، ئیشۆعی په‌روه‌ردگار ناردوومی، ئه‌وه‌ی له‌و ڕێگایه‌ی پێیدا هاتی بۆت ده‌ركه‌وت تاكو ببینیت و پڕبیت له‌ ڕووحی پارسا”. ده‌ستبه‌جێ شتێكی وه‌ک توێكڵ له‌ چاوه‌كانی كه‌وته‌ خواره‌وه‌ و یه‌كسه‌ر بینی، هه‌ستا و عه‌مادكرا. چێشتی خوارد و هێزی هاته‌وه‌، شاوول چه‌ند ڕۆژێک له‌ دره‌مسوق له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كان بوو. یه‌كسه‌ر له‌ كه‌نیشته‌كاندا بانگه‌وازی مه‌سیحی كرد، كه‌ “ئه‌مه‌ ڕۆڵه‌ی خودایه‌”. هه‌موو ئه‌وانه‌ی بیستیان سه‌رسام ببوون و وتیان: “ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ ناوبرد كه‌ له‌ یروشلایم باسی ئه‌م ناوه‌یان ده‌كرد؟ بۆ ئه‌مه‌ش نه‌هاته‌ ئێره‌، تاكو به‌ به‌ندكراوی بۆ كاهینانی باڵا بیانبات!” به‌ڵام شاوول به‌هێزتر ده‌بوو، جووی دانیشتووی دره‌مسوقی سه‌رگه‌ردان ده‌كرد و ده‌ریده‌خست كه‌ “ئه‌مه‌ مه‌سیحه‌”. كاتێ ڕۆژانێكی زۆر به‌سه‌رچوو، جووه‌كان ڕاوێژیان كرد تا بیكوژن، شاوولیش به‌ پیلانه‌كه‌یانی زانی. شه‌و و ڕۆژ چاودێری ده‌روازه‌كانیان ده‌كرد تاكو بیكوژن. جا قوتابییه‌كان به‌ شه‌و بردییان و له‌نێو سه‌به‌ته‌یه‌ک له‌ شووره‌كه‌وه‌ شۆڕیان كرده‌وه‌. كاتێ شاوول هاته‌ یروشلایم، هه‌وڵی دا بچێته‌ پاڵ قوتابییه‌كان، هه‌مووان لێی ده‌ترسان و باوه‌ڕیان نه‌ده‌كرد كه‌ قوتابییه‌. جا به‌رنڤا بردی و هێنایه‌ لای په‌یامبه‌ران، بۆی گێڕانه‌وه‌ چۆن له‌ ڕێگادا په‌روه‌ردگاری بینیوه‌ و قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردووه‌، هه‌روه‌ها چۆن له‌ دره‌مسوق به‌ئاشكرا باسی ناوی ئیشۆعی كردووه‌. ئیتر له‌گه‌ڵیان له‌ یروشلایم ده‌هات و ده‌چوو، به‌ئاشكرا باسی ناوی ئیشۆعی په‌روه‌ردگاری ده‌كرد. هه‌روه‌ها قسه‌ و گفتوگۆی له‌گه‌ڵ جووه‌ یۆنانییه‌كان ده‌كرد، ئه‌وانیش هه‌وڵیان دا بیكوژن. كاتێ برایان به‌مه‌یان زانی بردییانه‌ قه‌یسه‌ڕییه‌ و بۆ ته‌رسوسیان نارد. وارگه‌كانی هه‌موو ئیهوود و گلیلا و شمرن ئاشتییان هه‌بوو، بنیاد ده‌نرا و به‌ ترسی په‌روه‌ردگار ده‌ڕۆیشت، به‌ دڵنه‌وایی ڕووحی پارساش له‌ زیادبووندا بوو. ئه‌وه‌بوو كه‌ په‌تڕۆس به‌ هه‌موو ناوچه‌كاندا تێده‌په‌ڕی، بۆ لای پارساكانی لۆد دابه‌زی. له‌وێ كابرایه‌كی بینی ناوی ئینیاس بوو، هه‌شت ساڵ له‌نێو جێگا كه‌وتبوو، ئیفلیج بوو. په‌تڕۆس پێی وت: “ئینیاس، ئیشۆعی مه‌سیح چاكت ده‌كاته‌وه‌. هه‌سته‌ جێگا بۆ خۆت ڕابخه‌!” یه‌كسه‌ر هه‌ستا. هه‌موو دانیشتوانی‌ لۆد‌ و شارون داده‌نیشتن بینییان، ئیتر به‌ره‌و په‌روه‌ردگار گه‌ڕانه‌وه‌. قوتابییه‌كی كچ له‌ یۆپێ هه‌بوو ناوی تابیتا بوو، واتا ئاسک، پڕبوو له‌ چاكه‌كاری و خێركردن. ئه‌وه‌بوو له‌و ڕۆژانه‌دا نه‌خۆش كه‌وت و مرد، جا شۆردیان و له‌ ژوورێكی سه‌ره‌وه‌ دایاننا. لۆدیش له‌ یۆپێ نزیک بوو، قوتابییه‌كانیش بیستیان په‌تڕۆس له‌وێیه‌، دوو پیاویان بۆ نارد و تكایان لێكرد كه‌ له‌ هاتن بۆ لایان دوانه‌كه‌وێت. په‌تڕۆسیش هه‌ستا و له‌گه‌ڵیان هات، كاتێ گه‌یشت، بردییانه‌ ژووری سه‌ره‌وه‌، هه‌موو بێوه‌ژنه‌كان له‌لای وه‌ستان، ده‌گریان و ئه‌و كراس و جلانه‌یان پیشانی ده‌دا كه‌ ئاسكه‌ كاتێ له‌گه‌ڵیان بوو كردبووی. په‌تڕۆس هه‌مووانی نارده‌ ده‌ره‌وه‌ چۆكی دادا و نوێژی كرد، ئینجا ئاوڕی دایه‌ ته‌رمه‌كه‌ و وتی: “تابیتا، هه‌سته‌!” ئه‌ویش چاوی كرده‌وه‌، كاتێ په‌تڕۆسی بینی دانیشت. ئیتر ده‌ستی بۆ ڕاكێشا و هه‌ڵیساند، ئینجا پارساكان و بێوه‌ژنانی بانگكرد و به‌ زیندوویی ڕاده‌ستی كردنه‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌ هه‌موو یۆپێ زانرا و زۆریش باوه‌ڕیان به‌ په‌روه‌ردگار هێنا. ڕۆژانێكی زۆریش په‌تڕۆس له‌ یۆپێ له‌لای شیمعونی پێسته‌خۆشكه‌رێک مایه‌وه‌. له‌ قه‌یسه‌ڕییه‌ پیاوێک به‌ ناوی قورنیلیوس هه‌بوو، سه‌رپه‌ل بوو له‌و لیوایه‌ی پێی ده‌ووترا ئیتالی. خۆی و هه‌موو ماڵه‌كه‌ی خواپه‌رست و له‌خواترس بوون، زۆر چاكه‌ی بۆ گه‌لی ده‌كرد و هه‌میشه‌ نوێژی بۆ خودا ده‌كرد. نزیكه‌ی كاژێری نۆی ڕۆژ، له‌ بینینێكدا به‌ ڕوونی بینی فریشته‌یه‌كی خودا هاته‌ لای و پێی فه‌رموو: “قورنیلیوس!” به‌ ترسه‌وه‌ سه‌یری كرد و وتی: “ها گه‌وره‌م؟” پێی فه‌رموو: “نوێژه‌كانت و چاكه‌كانت وه‌ک یاده‌وه‌ری به‌رز بوونه‌ته‌وه‌ به‌رده‌م خودا. ئێستا چه‌ند پیاوێک بۆ یۆپێ بنێره‌، ئه‌و شیمعونه‌ی پێی ده‌ووترێ په‌تڕۆس بهێنن. له‌ ماڵی شیمعونی پێسته‌خۆشكه‌ره‌، كه‌ ماڵه‌كه‌ی له‌سه‌ر ده‌ریایه‌، ئه‌و پێت ده‌ڵێت چی بكه‌یت”. كاتێ فریشته‌كه‌ وا قسه‌ی له‌گه‌ڵ قورنیلیوسی كرد ڕۆیشت، دووان له‌ ڕاژه‌وانه‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌ربازێكی خواپه‌رستی بانگكرد كه‌ له‌ داروده‌سته‌ بوون، هه‌موو شتێكی بۆ گێڕانه‌وه‌ و ناردیانی بۆ یۆپێ. بۆ سبه‌ینێ، كاتێ به‌ ڕێگاوه‌ بوون و له‌ شاره‌كه‌ نزیک ده‌بوونه‌وه‌، نزیكه‌ی كاژێر شه‌ش، په‌تڕۆس بۆ نوێژكردن چووه‌ سه‌ربان. ئه‌وه‌بوو زۆر برسی بوو، ئاره‌زووی نانخواردنی ده‌كرد، كاتێک ئاماده‌یان ده‌كرد، له‌هۆش خۆی چوو. ئاسمانی به‌ كراوه‌یی بینی، شتێک وه‌ک چه‌رچه‌فێكی مه‌زن هاته‌ خواره‌وه‌، به‌ هه‌ر چوار لاوه‌ به‌سترابووه‌وه‌ و شۆڕكرایه‌وه‌ سه‌ر زه‌وی. هه‌موو جۆره‌ ئاژه‌ڵی چوارپێ و خشۆكی سه‌ر زه‌وی و باڵنده‌ی ئاسمانی تێدابوو. ده‌نگێک هات: “په‌تڕۆس هه‌سته‌، سه‌رببڕه‌ و بخۆ!” په‌تڕۆس وتی: “نه‌خێر په‌روه‌ردگار، چونكه‌ هه‌رگیز شتی پیس یان گڵاوم نه‌خواردووه‌”. دیسان ده‌نگه‌كه‌ی بۆ هاته‌وه‌: “ئه‌وه‌ی خودا بێگه‌ردی كردۆته‌وه‌ تۆ به‌ گڵاوی دامه‌نێ!” ئه‌مه‌ش سێباره‌ بووه‌وه‌ و یه‌كسه‌ر چه‌رچه‌فه‌كه‌ بۆ ئاسمان به‌رزكرایه‌وه‌. كه‌ په‌تڕۆس سه‌رسام بوو: ئاخۆ ده‌بێت ئه‌م بینینه‌ چی بێت؟ ئه‌وه‌بوو ئه‌و پیاوانه‌ی قورنیلیوس ناردبوونی، به‌ پرس ماڵی شیمعونیان دۆزییه‌وه‌ و له‌ به‌رده‌رگا وه‌ستان. بانگیان كرد و پرسییان: “ئه‌رێ شیمعون كه‌ نازناوی په‌تڕۆسه‌ لێره‌ دابه‌زیوه‌؟”. له‌ كاتێكدا په‌تڕۆس هه‌ر بیری له‌ بینینه‌كه‌ ده‌كرده‌وه‌، ڕووح پێی فه‌رموو: “سێ پیاو له‌به‌رده‌رگا لێت ده‌پرسن. هه‌سته‌ بڕۆ خواره‌وه‌ و بێ دوودڵی له‌گه‌ڵیان بڕۆ، چونكه‌ من ئه‌وانم ناردووه‌”. په‌تڕۆسیش بۆ لای پیاوه‌كان دابه‌زی و وتی: “ئه‌وه‌ی ده‌تانه‌وێ منم. بۆچی هاتوون؟” وتیان: “قورنیلیوسی سه‌رپه‌ل، پیاوێكی خوداناس و له‌خواترسه‌، هه‌موو گه‌لی جوو گه‌واهیی بۆ ده‌ده‌ن. به‌هۆی فریشته‌یه‌كی پارسا سروشی بۆ هات كه‌ بۆ ماڵه‌كه‌ی خۆی بانگت بكات و گوێ له‌ قسه‌كانت بگرێت”. جا بۆ ژووره‌وه‌ بانگی كردن و میوانداری كردن. بۆ سبه‌ینێ په‌تڕۆس له‌گه‌ڵیان ده‌رچوو، هه‌ندێک برایانی خه‌ڵكی یۆپێش هاوه‌ڵی بوون. بۆ به‌یانی چووه‌ قه‌یسه‌ڕییه‌. قورنیلیوسیش چاوه‌ڕێی ده‌كردن، خزم و دۆستانی نزیكی خۆی بانگهێشت كردبوو. كاتێ په‌تڕۆس هاته‌ ژووره‌وه‌، قورنیلیوس پێشوازی لێكرد و له‌به‌رپێی كه‌وت و كڕنۆشی برد. په‌تڕۆس هه‌ڵیستاند و وتی: “هه‌سته‌! منیش مرۆڤێكم!” كاتێ قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرد چووه‌ ژووره‌وه‌ و خه‌ڵكێكی زۆری بینی كۆبوونه‌ته‌وه‌، پێی وتن: “خۆتان ده‌زانن بۆ جوو ڕێ پێنه‌دراوه‌ تێكه‌ڵاوی بێگانه‌ بێت یان بچێته‌ لای. به‌ڵام من خودا پیشانی دام به‌ هیچ مرۆڤێک نه‌ڵێم پیس یان گڵاو. بۆیه‌ كه‌ بانگهێشتتان كردم بێ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین هاتم. پرسیش ده‌كه‌م، بۆچی منتان بانگهێشت كرد؟” قورنیلیوس وتی: “چوار ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر به‌ڕۆژووم تاكو ئێستاش، له‌ كاژێر نۆ له‌ ماڵی خۆم نوێژم ده‌كرد. له‌پڕ پیاوێک به‌ جلی بریسكه‌داره‌وه‌ له‌به‌رده‌مم ڕاوه‌ستا، فه‌رمووی: قورنیلیوس نوێژه‌كانت بیستران و خێره‌كانت له‌به‌رده‌م خودا یادكرانه‌وه‌. بۆیه‌ بۆ یۆپێ به‌دوای شیمعوندا بنێره‌ كه‌ نازناوی په‌تڕۆسه‌. له‌ ماڵی شیمعونی پێسته‌خۆشكه‌ره‌، له‌سه‌ر ده‌ریا. ئه‌و هه‌ر كه‌ هات قسه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌كات منیش یه‌كسه‌ر به‌دوامدا ناردی، تۆش چاكت كرد كه‌ هاتی. ئێستاش هه‌موومان له‌به‌رده‌م خودا ئاماده‌ین، تاكو گوێبگرین له‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی په‌روه‌ردگار فه‌رمانی پێكردووی”. په‌تڕۆس زاری كرده‌وه‌ و وتی: “له‌ڕاستیدا من وا ده‌بینم كه‌ خودا جوداخوازی كه‌س ناكات، به‌ڵكو له‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک ئه‌وه‌ی ترسی ئه‌وی له‌ دڵدا بێت و كاری خوداناسی بكات، له‌لای په‌سه‌نده‌. ئه‌و وشه‌یه‌ی بۆ نه‌وه‌ی ئیسڕائیلی نارد، موژده‌ی ئاشتییه‌ به‌ ئیشۆعی مه‌سیح، ئه‌وه‌ی په‌روه‌ردگاری هه‌مووانه‌. ئێوه‌ ئه‌و شتانه‌ ده‌زانن كه‌ له‌ هه‌موو ئیهوود ڕوویدا، به‌ ده‌ستپێكردن له‌ گلیلاوه‌، دوای ئه‌وه‌ی یوخه‌ننه‌ن بانگه‌وازی عه‌مادكردنه‌كه‌ی كرد، چۆن خودا به‌ ڕووحی پارسا و هێز ئیشۆعی ناسڕه‌تیی ده‌ستنیشان كرد، ئه‌وه‌ی ده‌گه‌ڕا و چاكه‌ی ده‌كرد و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئیبلیس به‌سه‌ریاندا زاڵ ببوو چاكی ده‌كردنه‌وه‌، چونكه‌ خودا له‌گه‌ڵی بوو. ئێمه‌ گه‌واهیده‌ری هه‌موو ئه‌و شتانه‌ین كه‌ له‌ ناوچه‌ی ئیهوود و یروشلایم كردی. ئه‌وه‌ی به‌ هه‌ڵواسینی به‌ داره‌وه‌ كوشتیان، به‌ڵام خودا له‌ ڕۆژی سێیه‌م هه‌ستاندیه‌وه‌‌ و ڕێگای دا ده‌ركه‌وێت، نه‌ک بۆ هه‌موو گه‌ل، به‌ڵكو بۆ ئه‌و گه‌واهیده‌رانه‌ی كه‌ خودا پێشتر هه‌ڵیبژاردن، بۆ ئێمه‌ كه‌ پاش هه‌ستانه‌وه‌ی له‌نێو مردووان، له‌گه‌ڵیدا خواردمان و خواردمانه‌وه‌. ئینجا ڕایسپاردین بۆ گه‌ل ڕابگه‌یێنین و گه‌واهی بده‌ین كه‌ خودا ئه‌می به‌ دادوه‌ری زیندووان و مردووان داناوه‌. هه‌موو پێغه‌مبه‌ران گه‌واهیی بۆ ده‌ده‌ن كه‌ هه‌ر كه‌سێک باوه‌ڕی پێ بهێنێت، به‌خشینی گوناهه‌كانی به‌ ناوی ئه‌و ده‌ست ده‌كه‌وێت”. كاتێ په‌تڕۆس باسی ئه‌م شتانه‌ی ده‌كرد، ڕووحی پارسا ڕژایه‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی وشه‌كه‌یان ده‌بیست. ئه‌و باوه‌ڕدارانه‌ی له‌ خروسه‌بڕاوان بوون سه‌ریان سوڕما، هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ په‌تڕۆس بوون، چونكه‌ به‌هره‌ی ڕووحی پارسا به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كانیشدا ڕژا، چونكه‌ گوێیان لێیان بوو به‌ زمانه‌كان ده‌دووێن و ستایشی خودا ده‌كه‌ن. ئینجا په‌تڕۆس وتی: “كه‌س هه‌یه‌ ڕێگا بگرێت له‌ ئه‌مانه‌ی وه‌ک ئێمه‌ ڕووحی پارسایان وه‌رگرتووه‌ له‌ ئاو عه‌ماد نه‌كرێن؟ جا فه‌رمانی دا به‌ ناوی په‌روه‌ردگار عه‌ماد بكرێن. ئینجا داوایان له‌ په‌تڕۆس كرد چه‌ند ڕۆژێک بمێنێته‌وه‌. په‌یامبه‌ران و برایان كه‌ له‌ ئیهوود بوون بیستیان نه‌ته‌وه‌كانیش وشه‌ی خودایان په‌سه‌ند كردووه‌. كاتێ په‌تڕۆس سه‌ركه‌وت بۆ یروشلایم باوه‌ڕدارانی خروسه‌بڕاو ڕه‌خنه‌یان لێ گرت و ده‌یانووت: “تۆ چوویته‌ ماڵی پیاوانێكی خروسه‌بڕاو و نانت له‌گه‌ڵیان خواردووه‌!” په‌تڕۆسیش ئه‌وه‌ی ڕوویدابوو یه‌ک له‌دوای یه‌ک بۆیانی ڕوون كرده‌وه‌ و وتی: “من له‌ شاری یۆپێ بووم نوێژم ده‌كرد، له‌هۆش خۆم چووم و بینینێكم بینی: شتێک له‌ ئاسمانه‌وه‌ وه‌ک چه‌رچه‌فێكی مه‌زن به‌ هه‌ر چوار لایه‌وه‌ بۆ لای من شۆڕكرایه‌وه‌. به‌ وردی سه‌یرم كرد و تێمڕووانی، چوارپێی زه‌وی و ئاژه‌ڵی كێوی، خشۆک و باڵنده‌ی ئاسمانم بینی. ئینجا ده‌نگێكم بیست پێی فه‌رمووم: په‌تڕۆس هه‌سته‌، سه‌رببڕه‌ و بخۆ! منیش وتم: نه‌خێر په‌روه‌ردگار! چونكه‌ هه‌رگیز شتی پیس و گڵاو نه‌چۆته‌ ده‌مم. ده‌نگه‌كه‌ دووباره‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ فه‌رمووی: ئه‌وه‌ی خودا پێگه‌ردی كردۆته‌وه‌ تۆ به‌ گڵاوی دامه‌نێ. ئه‌مه‌ سێباره‌ بووه‌وه‌ و هه‌موو شته‌كان بۆ ئاسمان ڕاكێشرانه‌وه‌. ئه‌وه‌بوو یه‌كسه‌ر سێ پیاو له‌پێش ئه‌و ماڵه‌ ڕاوه‌ستان كه‌ تیایدا بووم، له‌ قه‌یسه‌ڕییه‌وه‌ بۆ لام نێردرابوون، ڕووح پێی فه‌رمووم كه‌ بێ دوودڵی له‌گه‌ڵیان بڕۆم، ئه‌م شه‌ش برایه‌ش له‌گه‌ڵم ڕۆیشتن و چووینه‌ ماڵی پیاوه‌كه‌. ئه‌ویش بۆی گێڕاینه‌وه‌ چۆن فریشته‌ی له‌ ماڵه‌كه‌یدا بینیوه‌ ڕاوه‌ستاوه‌ و وتوویه‌تی: بنێره‌ بۆ یۆپێ به‌دوای شیمعوندا كه‌ نازناوی په‌تڕۆسه‌، ئه‌و قسه‌یه‌كتان بۆ ده‌كات به‌هۆیه‌وه‌ خۆت و هه‌موو ماڵه‌كه‌ت ڕزگارتان ده‌بێت. كاتێ ده‌ستم كرد به‌ قسه‌كردن، ڕووحی پارسایان به‌سه‌ردا ڕژا، وه‌ک له‌ سه‌ره‌تادا هاته‌ سه‌ر ئێمه‌ش. فه‌ردمووده‌كه‌ی په‌روه‌ردگارم بیرهاته‌وه‌ كه‌ فه‌رمووی: یوخه‌ننه‌ن به‌ ئاو عه‌مادی ده‌كرد، به‌ڵام ئێوه‌ به‌ ڕووحی پارسا عه‌ماد ده‌كرێن. جا ئه‌گه‌ر خودا هه‌مان به‌هره‌ی به‌وان دابێت هه‌روه‌ک به‌ ئێمه‌ی داوه‌ كه‌ باوه‌ڕمان به‌ ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگار هێنا، ئیتر من كێم؟ ئایا ده‌توانم ڕێگا له‌ خودا بگرم؟” كاتێ ئه‌مه‌یان بیست، بێده‌نگ بوون و خودایان شكۆدار كرد، وتیان: “كه‌واته‌ خودا تۆبه‌كردنی بۆ ژیان به‌ نه‌ته‌وه‌كانیش به‌خشیوه‌!”. ئینجا ئه‌وانه‌ی به‌هۆی ئه‌و چه‌وسانه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئستیفانۆسدا هات په‌رشوبڵاو بوونه‌وه‌، په‌ڕینه‌وه‌ بۆ پۆنیقێ و قوبڕس و ئینتیاكیا، باسی وشه‌كه‌یان بۆ كه‌س نه‌ده‌كرد، بۆ جوو نه‌بێت. به‌ڵام هه‌ندێكیان خه‌ڵكی قوبڕس و قه‌ورینێ بوون، كاتێ هاتنه‌ ئینتیاكیا، قسه‌یان بۆ یۆنانییه‌كان ده‌كرد و موژده‌ی ئیشۆعی په‌روه‌ردگاریان ده‌دا. ده‌ستی په‌روه‌ردگاریان له‌گه‌ڵ بوو، ژماره‌یه‌كی زۆر باوه‌ڕیان هێنا و بۆ په‌روه‌ردگار گه‌ڕانه‌وه‌. ئه‌م هه‌واڵه‌ گه‌یشته‌ گوێی وارگه‌ی یروشلایم، ئه‌وانیش به‌رنڤایان بۆ ئینتیاكیا نارد. كاتێ گه‌یشت و به‌خششی خودای بینی، دڵشاد بوو، هه‌مووانی هاندا كه‌ به‌ دڵ له‌ په‌روه‌ردگاردا جێگیر بن، چونكه‌ پیاوچاک بوو، پڕبوو له‌ ڕووحی پارسا و باوه‌ڕ. كۆمه‌ڵێكی زۆریش هاتنه‌ پاڵ په‌روه‌ردگاره‌وه‌. ئه‌وسا به‌رنڤا چووه‌ ته‌رسوس تاكو به‌دوای شاوولدا بگه‌ڕێت، كاتێ دۆزییه‌وه‌ بۆ ئینتیاكیای هێنا. ئیتر ساڵێكی ته‌واو له‌ وارگه‌ كۆبوونه‌وه‌ و كۆمه‌ڵێكی زۆریان فێركرد. یه‌كه‌مجاریش له‌ ئینتیاكیا قوتابییه‌كان ناویان لێنرا مه‌سیحی. له‌و ڕۆژانه‌دا هه‌ندێک پێغه‌مبه‌ر له‌ یروشلایمه‌وه‌ هاتنه‌ ئینتیاكیا، یه‌كێک له‌وان ناوی ئاگابۆس بوو، به‌هۆی ڕووحه‌وه‌ پێشبینی كرد كه‌ برسێتییه‌كی مه‌زن هه‌موو جیهان ده‌گرێته‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ سه‌رده‌می قله‌ودییوس قه‌یسه‌ڕیش ڕوویدا. بۆیه‌ قوتابییه‌كان بڕیاریان دا هه‌ریه‌كه‌ به‌گوێره‌ی توانای شتێک بنێرێت بۆ ئه‌و برایانه‌ی له‌ ئیهوود ده‌ژین. جا وایان كرد و به‌ ده‌ستی به‌رنڤا و شاوول بۆ پیرانییان نارد. له‌و كاته‌دا شا هیڕوودس ده‌ستی درێژكرد بۆ ئه‌زیه‌ت دانی چه‌ند كه‌سێكی وارگه‌. یاقووی برای یوخه‌ننه‌نی به‌ شمشێر كوشت. كه‌ بینی ئه‌مه‌ جێی ڕه‌زامه‌ندی جووه‌كانه‌، په‌تڕۆسیشی گرت، ئه‌مه‌ش له‌ ڕۆژانی فه‌تیره‌دا بوو. كاتێ گرتی، خستییه‌ زیندان، بۆ پاسه‌وانیكردنی ڕاده‌ستی چوار كۆمه‌ڵی چوار سه‌ربازیی كرد، به‌ته‌مابوو دوای په‌سخه‌ بیهێنێته‌ به‌رده‌م گه‌ل. بۆیه‌ كه‌ په‌تڕۆس زیندان كرابوو، وارگه‌ به‌ گوڕ له‌ پێناوی ئه‌و نوێژیان بۆ خودا ده‌كرد. به‌ڵام كاتێ هیڕوودس به‌ته‌مابوو بیهێنێته‌ ده‌ره‌وه‌، له‌و شه‌وه‌دا په‌تڕۆس له‌نێوان دوو سه‌ربازدا نووستبوو، به‌ دوو زنجیر به‌سترابووه‌وه‌، له‌به‌رده‌رگاش پاسه‌وان هه‌بوو، پاسه‌وانیی زیندانه‌كه‌یان ده‌كرد. له‌پڕ فریشته‌یه‌كی په‌روه‌ردگار هات و ڕووناكی له‌نێو خانووه‌كه‌دا دره‌وشایه‌وه‌، جا كه‌له‌كه‌ی په‌تڕۆسی جوڵاند و خه‌به‌ری كرده‌وه‌و فه‌رمووی: “خێرا هه‌سته‌!”. ئیتر زنجیره‌كان له‌ ده‌سته‌كانی كه‌وتن. فریشته‌كه‌ پێی فه‌رموو: “پشتێنه‌كه‌ت ببه‌سته‌ و سۆله‌كانت له‌ پێ بكه‌!” ئه‌ویش كردی. ئینجا پێی فه‌رموو: “كراسه‌كه‌ت له‌به‌ربكه‌ و دوام بكه‌وه‌”. ئه‌ویش ده‌رچوو و دوای كه‌وت، نه‌یده‌زانی ئه‌وه‌ی به‌هۆی فریشته‌كه‌وه‌ ڕووده‌دات ڕاسته‌، به‌ڵكو وایده‌زانی بینینێک ده‌بینێت. پاسه‌وانگه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌میان بڕی و گه‌یشتنه‌ ده‌روازه‌ ئاسنینه‌كه‌ی به‌ره‌و شار، له‌ خۆیه‌وه‌ بۆیان كرایه‌وه‌، ده‌رچوون و شه‌قامێكیان بڕی، یه‌كسه‌ر فریشته‌كه‌ به‌جێیهێشت. ئینجا په‌تڕۆس به‌خۆیدا هاته‌وه‌ و وتی: “ئێستا به‌ ڕاستی زانیم كه‌ په‌روه‌ردگار فریشته‌كه‌ی نارد و له‌ ده‌ستی هیڕوودس و هه‌موو ئه‌وه‌ی گه‌لی جوو چاوه‌ڕێی بوو ده‌ربازی كردم”. كه‌ ئه‌مه‌ تێگه‌یشت، هاته‌ ماڵی مه‌ریه‌می دایكی یوخه‌ننه‌ن كه‌ پێی ده‌ووترا مه‌رقوس، زۆر كه‌س له‌وێدا كۆببوونه‌وه‌ نوێژیان ده‌كرد. كه‌ په‌تڕۆس له‌ ده‌رگای داڵانه‌كه‌ی دا، كه‌نیزه‌یه‌ک هات ناوی ڕه‌ودا بوو تاكو بزانێت. كاتێ ده‌نگی په‌تڕۆسی ناسییه‌وه‌ له‌ خۆشیان ده‌رگاكه‌ی نه‌كرده‌وه‌، به‌ڵكو ڕایكرده‌ ژووره‌وه‌ و خه‌به‌ری دا كه‌ په‌تڕۆس له‌به‌رده‌رگا ڕاوه‌ستاوه‌. پێیان وت: “وڕێنه‌ ده‌كه‌یت!”. به‌ڵام ئه‌و سووربوو كه‌ وایه‌، جا وتیان: “ئه‌وه‌ فریشته‌كه‌یه‌تی!”. په‌تڕۆسیش له‌ لێدانه‌كه‌ به‌رده‌وام بوو، كاتێ لێیان كرده‌وه‌ و بینییان، سه‌رسامبوون. به‌ ده‌ست ئاماژه‌ی بۆ كردن بێده‌نگ بن، ئینجا بۆی گێڕانه‌وه‌ چۆن په‌روه‌ردگار له‌ زیندان ده‌ریهێنا و وتی: “ئه‌مه‌ به‌ یاقووی برایان بڵێن”. ئینجا ده‌رچوو و بۆ شوێنێكی دیكه‌ ڕۆیشت. كه‌ ڕۆژ‌بووه‌وه‌ ئاژاوه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌نێو سه‌ربازه‌كاندا دروست بوو: ئاخۆ په‌تڕۆس چی لێهات؟ كاتێ هیڕوودس داوایكرد و نه‌یدۆزییه‌وه‌، لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌ربازان كرد و فه‌رمانی دا بكوژرێن. ئینجا له‌ ئیهوودوه‌ چووه‌ قه‌یسه‌ڕییه‌ و له‌وێ مایه‌وه‌. هیڕوودس له‌ خه‌ڵكی سووڕ و سه‌یده‌ن زۆر تووڕه‌ بوو، ئه‌وانیش به‌ یه‌ک دڵ بۆ لای هاتن و بلاستۆسی سه‌رپه‌رشتیاری ماڵی پاشایان ڕازی كرد و داوای ئاشتبوونه‌وه‌یان كرد، چونكه‌ ناوچه‌كه‌یان له‌ ناوچه‌ی پاشاوه‌ ئازووقه‌ ده‌درا. له‌ ڕۆژی دیاریكراودا هیڕوودس جلی پاشایه‌تی له‌به‌ركرد، له‌سه‌ر ته‌ختی حوكمدان دانیشت و وتاری بۆیان دا. گه‌له‌كه‌ش هاواریان كرد: “ئه‌مه‌ ده‌نگی خوداوه‌ندێكه‌ هی مرۆڤ نییه‌!” یه‌كسه‌ر فریشته‌ی په‌روه‌ردگار لێیدا، چونكه‌ شكۆی نه‌دایه‌ خودا، كرمیش لێیدا و مرد. به‌ڵام وشه‌ی خودا گه‌شه‌ی ده‌كرد و زیاتر ده‌بوو. به‌رنڤا و شاوولیش دوای ته‌واوكردنی ڕاژه‌كه‌ له‌ یروشلایم گه‌ڕانه‌وه‌، یوخه‌ننه‌نیشیان له‌گه‌ڵ خۆیان برد، كه‌ به‌ مه‌رقوس ناسراوه‌. له‌ ئینتیاكیا له‌نێو وارگه‌دا پێغه‌مبه‌ر و ڕابی هه‌بوون: به‌رنڤا و شیمعونی ناسراو به‌ نیجه‌ر، لوقیئیوسی قه‌ورینێیی، مه‌ناینی شیربرای هیڕوودسی تیترارک، له‌گه‌ڵ شاوول. كاتێ په‌روه‌ردگاریان ده‌په‌رست و به‌ڕۆژووبوون، ڕووحی پارسا فه‌رمووی: “به‌رنڤا و شاوولم بۆ ته‌رخان بكه‌ن، بۆ ئه‌و كاره‌ی بانگم كردوون بۆی”. ئینجا به‌ڕۆژوو بوون و نوێژیان كرد، ده‌ستیان له‌سه‌ر دانان و به‌ڕێیانكردن. ئه‌وانیش كه‌ به‌ ڕووحی پارسا نێردران، به‌ره‌و سولوكیه‌ دابه‌زین و له‌وێشه‌وه‌ به‌ ده‌ریادا بۆ قوبڕس. كاتێ گه‌یشتنه‌ سه‌لامینا، وشه‌ی خودایان له‌ كه‌نیشته‌كانی جوو ڕاگه‌یاند، یوخه‌ننه‌نیش وه‌ک ڕاژه‌وان له‌گه‌ڵیان بوو. به‌ دوورگه‌كه‌دا گه‌ڕان تاكو گه‌یشتنه‌ پاپۆس. له‌وێ تووشی جادووگه‌رێكی جوو بوون پێغه‌مبه‌رێكی درۆزن بوو، ناوی به‌ڕشووما بوو، له‌گه‌ڵ فه‌رمانڕه‌وا سرجیۆس پۆڵۆس، كه‌ پیاوێكی تێگه‌یشتوو بوو. به‌رنڤا و شاوولی بانگكرد، داوای كرد گوێی له‌ وشه‌ی خودا بێت. به‌ڵام عه‌لیمی جادووگه‌ر ئه‌مه‌ ناوه‌كه‌ی بوو به‌ربه‌ره‌كانێی كردن و هه‌وڵی دا فه‌رمانڕه‌وا له‌ باوه‌ڕ لابدات. كه‌چی شاوول كه‌ پۆڵۆسی پێ ده‌ووترا، پڕبوو له‌ ڕووحی پارسا و تێیڕووانی، وتی: “ئه‌ی پڕ له‌ هه‌موو فریو و فێڵ! ڕۆڵه‌ی ئیبلیس! دوژمنی هه‌موو خوداناسییه‌ک! له‌ چه‌وتكردنی ڕێگای ڕاستی خودا ناوه‌ستی؟ ئه‌وه‌تا ده‌ستی په‌روه‌ردگارت له‌سه‌ره‌ و كوێر ده‌بیت، بۆ ماوه‌یه‌ک خۆر نابینی”. یه‌كسه‌ر ته‌م و تاریكی دایپۆشی و گه‌ڕا به‌دوای یه‌كێک تاكو ده‌ستی بگرێت. كاتێ فه‌رمانڕه‌واكه‌ بینی چی ڕوویدا، باوه‌ڕی هێنا، له‌ فێركردنه‌كه‌ی په‌روه‌ردگار سه‌رسام بوو. پۆڵۆس و هاوڕێیانی به‌ ده‌ریادا له‌ پاپۆسه‌وه‌ چوونه‌ په‌رجه‌ له‌ په‌مپۆلیا. به‌ڵام یوخه‌ننه‌ن لێیان جیابووه‌وه‌ و گه‌ڕایه‌وه‌ یروشلایم. ئه‌وانیش به‌ په‌رجه‌دا هاتنه‌ ئینتیاكیای پیسیدیه، شه‌ممه‌ش چوونه‌ كه‌نیشت و دانیشتن. پاش خوێندنه‌وه‌ی ته‌ورات و پێغه‌مبه‌ران، پێشه‌وایانی كه‌نیشته‌كه‌ بۆیان ناردن و پێیان وتن: “برایان، ئه‌گه‌ر شتێكتان هه‌یه‌ گه‌لی پێ ئامۆژگاری بكه‌ن، بیڵێن”. پۆڵۆس هه‌ستا و به‌ ده‌ست ئاماژه‌ی كرد، وتی: “پیاوانی ئیسڕائیل و ئه‌وانه‌ی له‌ خودا ده‌ترسن، گوێبگرن! خودای ئه‌م گه‌له‌ی ئیسڕائیل باوكانمانی هه‌ڵبژارد و له‌ كاتی ئاواره‌بوونیان له‌ خاكی میسڕدا گه‌لی پایه‌ به‌رز كرد، به‌ بازووێكی به‌رزیشه‌وه‌ له‌وێ ده‌ریهێنان. نزیكه‌ی چل ساڵیش له‌ چۆڵه‌وانی به‌رگه‌ی گرتن. ئینجا حه‌وت نه‌ته‌وه‌ی له‌ زه‌ویی كه‌نعان له‌ناوبرد و زه‌وییه‌كه‌یانی به‌ تیروپشک دابه‌ش كردن. ئه‌مه‌ هه‌مووی نزیكه‌ی چوار سه‌د و په‌نجا ساڵی خایاند. دوای ئه‌مه‌ خودا دادوه‌ری بۆ دانان تاكو شمووئێل پێغه‌مبه‌ر. ئینجا داوای پاشایان كرد، خوداش شاوولی كوڕی قیشی پێدان، پیاوێكه‌ له‌ تیره‌ی بنیامین، بۆ ماوه‌ی چل ساڵ فه‌رمانڕه‌وایی كردن. پاشان لایبرد و داویدی كرده‌ پاشایان، ئه‌وه‌ی گه‌واهیی بۆ دا و فه‌رمووی: {ده‌بینم داویدی كوڕی ئیشه‌ی، پیاوێكه‌ به‌ دڵی خۆمه‌، ئه‌وه‌ی هه‌موو خواستی من جێبه‌جێ ده‌كات}. له‌ نه‌وه‌ی ئه‌مه‌وه‌، خودا به‌گوێره‌ی به‌ڵێنه‌كه‌ی ئیشۆعی ڕزگاریده‌ری بۆ ئیسڕائیل هێنا. پێش هاتنی ئیشۆع، یوخه‌ننه‌ن بانگه‌وازی عه‌مادكردنی تۆبه‌ی بۆ هه‌موو گه‌لی ئیسڕائیلی كرد. كاتێ یوخه‌ننه‌ن كۆششه‌كه‌ی ته‌واو ده‌كرد، وتی: واده‌زانن من كێم؟ من ئه‌و نیم. ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ی دوای من دێت، ئه‌وه‌ی من شایانی ئه‌وه‌ نیم سۆله‌كانی پێی بكه‌مه‌وه‌. خه‌ڵكینه‌، برایان، كوڕانی پشتی ئه‌وڕاهه‌م و ئه‌وانه‌ی له‌نێوتاندا له‌ خودا ده‌ترسن، په‌یامی ئه‌م ڕزگارییه‌ بۆ ئێوه‌ هاتووه‌. چونكه‌ دانیشتوانی یروشلایم و سه‌رۆكه‌كانیان ئه‌مه‌یان نه‌ناسی، كاتێ تاوانباریان كرد، وته‌ی پێغه‌مبه‌رانیان هێنایه‌ دی كه‌ هه‌موو شه‌ممه‌یه‌ک ده‌خوێندرێته‌وه‌. جا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هیچ هۆیه‌كیان بۆ مردن نه‌دۆزییه‌وه‌، داوایان له‌ پیڵاتوس كرد بیكوژێت. دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و شتانه‌یان ته‌واو كرد كه‌ له‌سه‌ری نووسراوه‌، له‌ ته‌خته‌داره‌كه‌ هێنایانه‌ خواره‌وه‌ و خستیانه‌ گۆڕ. به‌ڵام خودا له‌نێو مردووان هه‌ستاندیه‌وه‌‌، ڕۆژانێكی زۆریش بۆ ئه‌وانه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ له‌ گلیلاوه‌ تاكو یروشلایم له‌گه‌ڵیدا هاتبوون. ئێستا ئه‌وان گه‌واهیده‌ری ئه‌ون بۆ گه‌له‌كه‌. ئێمه‌ش موژده‌ی ئه‌و به‌ڵێنه‌تان پێ ده‌ده‌ین كه‌ بۆ باوكانمان هات، ئه‌وه‌ی خودا بۆ ئێمه‌ی وه‌چه‌ی ئه‌وان هێنایه‌ دی، به‌ هه‌ستانه‌وه‌ی ئیشۆع، وه‌ک له‌ په‌سنیی دووه‌مدا نووسراوه‌: {تۆ ڕۆڵه‌ی منی، من ئه‌مڕۆ بوومه‌ باوكت}. سه‌باره‌ت به‌وه‌ی خودا له‌نێو مردووان هه‌ستاندیه‌وه‌‌ و ئیتر بۆ بۆگه‌نی ناگه‌ڕێته‌وه‌، ئاوای فه‌رمووه‌: {ئه‌و به‌ڵێنه‌ پارسا و مسۆگه‌ره‌تان ده‌ده‌مێ كه‌ به‌ داویدم دابوو}. بۆیه‌ له‌ په‌سنیێكی دیكه‌ ده‌فه‌رمووێ: {ڕێ ناده‌یت تاقانه‌ پارساكه‌ت بۆگه‌نی ببینێت}. چونكه‌ داوید دوای ئه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی مه‌به‌ستی خودا ڕاژه‌ی نه‌وه‌ی خۆی كرد، نووست و چووه‌ پاڵ باوكانی، بۆگه‌نیشی بینی. به‌ڵام ئه‌وه‌ی خودا هه‌ستاندیه‌وه‌‌ بۆگه‌نی نه‌بینی. بۆیه‌ برایان، با له‌لاتان زانراو بێت، به‌هۆیه‌وه‌ بانگه‌وازی به‌خشینی گوناه‌ به‌ ئێوه‌ درا و به‌ باوه‌ڕهێنان به‌م، بێتاوان ده‌كرێن له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی نه‌تانتوانی به‌ ته‌وراتی مووشێ لێی بێتاوان بكرێن. جا ئاگاداربن، ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ران وتوویانه‌ به‌سه‌رتاندا نه‌یه‌ت: {ئه‌ی گاڵته‌جاڕه‌كان سه‌یر بكه‌ن، سه‌رسام بن و له‌ناوبچن، چونكه‌ له‌ ڕۆژانی ئێوه‌دا كارێک ده‌كه‌م، كه‌ هه‌رگیز باوه‌ڕ ناكه‌ن ئه‌گه‌ر بۆتان باس بكرێت} ”. كاتێ جوو له‌ كه‌نیشت ده‌رده‌چوون، داوایان لێ كرا شه‌ممه‌ی داهاتووش ئه‌م قسانه‌یان بۆ بكه‌ن. دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌، زۆر له‌ جوو و خواپه‌رسته‌كان كه‌ ببوونه‌ جوو، به‌دوای پۆڵۆس و به‌رنڤا كه‌وتن، ئه‌مانیش قسه‌یان بۆ ده‌كردن و هانیان ده‌دان له‌ به‌خششی خودادا جێگیر بن. له‌ شه‌ممه‌ی داهاتوو نزیكه‌ی هه‌موو دانیشتووانی شاره‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌، تاكو وشه‌ی په‌روه‌ردگار ببیستن. كاتێ جوو كۆمه‌ڵه‌‌كه‌یان بینی، ئیره‌یی دایگرتن و به‌ربه‌ره‌كانێی قسه‌كانی پۆڵۆسیان ده‌كرد و كفریان ده‌كرد. پۆڵۆس و به‌رنڤاش به‌ ئاشكرا دووان و وتیان: “ده‌بووایه‌ یه‌كه‌مجار وشه‌ی خودامان بۆ ئێوه‌ باس بكردایه‌. چونكه‌ ئێوه‌ ڕه‌تتان كرده‌وه‌ و بڕیارتان دا كه‌ شایانی ژیانی جاویدانی نین، ئه‌وه‌تا ڕوو له‌ نه‌ته‌وه‌كان ده‌كه‌ین! چونكه‌ په‌روه‌ردگار ئاوای ڕاسپاردین: {من تۆم كردۆته‌ ڕووناكی بۆ نه‌ته‌وه‌كان، تاكو ببیته‌ ڕزگاری بۆ ئه‌وپه‌ڕی زه‌وی} ”. كاتێ نه‌ته‌وه‌كان گوێیان له‌مه‌ بوو، زۆر دڵشادبوون و شكۆیان دایه‌ وشه‌ی په‌روه‌ردگار، هه‌موو ئه‌وانه‌ش كه‌ بۆ ژیانی جاویدانی ده‌ستنیشان كرابوون، باوه‌ڕیان ‌هێنا. وشه‌ی په‌روه‌ردگار له‌ هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌كه‌دا بڵاو بووه‌وه‌. به‌ڵام جووه‌كان خانمه‌ ڕێزداره‌ له‌خواترسه‌كان و پیاوماقوڵانی شاریان جۆش دا، چه‌وساندنه‌وه‌یان دژ به‌ پۆڵۆس و به‌رنڤا به‌رپاكرد و له‌ سنووره‌كانی خۆیان ده‌ریان كردن. ئه‌وانیش تۆزی پێیان دژ به‌وان ته‌كاند و بۆ شاری ئیقانۆن هاتن. قوتابییه‌كانیش پڕده‌بوون له‌ خۆشی و له‌ ڕووحی پارسا. ئه‌وه‌بوو له‌ ئیقانون پێكه‌وه‌ چوونه‌ نێو كه‌نیشتی جووه‌كان و ئاوا قسه‌یان كرد تاكو جه‌ماوه‌رێكی زۆر له‌ جوو و یۆنانییه‌كان باوه‌ڕیان هێنا. به‌ڵام ئه‌و جووانه‌ی باوه‌ڕیان نه‌هێنا، نه‌ته‌وه‌كانیان جۆش دا و دژ به‌ برایان مێشكیان پڕ كردن. جا پۆڵۆس و به‌رنڤا ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ له‌وێ مانه‌وه‌ و به‌ئاشكرا باسی په‌روه‌ردگاریان ده‌كرد، ئه‌ویش گه‌واهیی بۆ وشه‌ی به‌خششی خۆی ده‌دا و ڕێی دابوو په‌رجوو و نیشانه‌ له‌سه‌ر ده‌ستیان بكرێت. ئیتر دانیشتووانی ئیقانون بوونه‌ دوو به‌ش، هه‌ندێكیان له‌گه‌ڵ جوو بوون و هه‌ندێكیان له‌گه‌ڵ په‌یامبه‌ران. جا كاتێ نه‌ته‌وه‌كان و جوو و سه‌رۆكه‌كانیان هێرشیان كرده‌ سه‌ر په‌یامبه‌ران تاكو به‌ردبارانیان بكه‌ن، په‌یامبه‌ران هه‌ستیان كرد و بۆ شاری لیستره‌ و ده‌ڕبێی لیكاونیه‌ و بۆ ده‌ڤه‌ره‌كانی ده‌وروپشتیان هه‌ڵاتن و له‌وێش موژده‌یان ده‌دا. له‌ لیستره‌ كابرایه‌ک دانیشتبوو، هێز له‌ پێیه‌كانی نه‌بوو، به‌ زگماک ئیفلیج بوو، هه‌رگیز ڕێی نه‌كردبوو. پۆڵۆسی بیست كه‌ قسه‌ی ده‌كرد، پۆڵۆسیش چاوی تێبڕی، كاتێک بینی باوه‌ڕی هه‌یه‌ چاكبێته‌وه‌، به‌ ده‌نگێكی مه‌زن وتی: “هه‌سته‌ به‌ پێوه‌ ڕاوه‌سته‌!” كابرا یه‌كسه‌ر هه‌ڵبه‌زییه‌وه‌ و ڕێی كرد. كاتێ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ بینییان پۆڵۆس چی كرد، به‌ زمانی لیكاونیه‌ هاواریان كرد و وتیان: “خوداوه‌نده‌كان شێوه‌ی مرۆڤیان وه‌رگرتووه‌ و هاتوونه‌ته‌ خواره‌وه‌ بۆ نێومان!” جا به‌رنڤایان ناونا زییۆس، پۆڵۆسیش هرمس، چونكه‌ قسه‌كه‌ری سه‌ره‌كی بوو. ئینجا كاهینی زییۆس، كه‌ په‌رستگاكه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی شار بوو، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌كه‌ گا و تاجه‌گوڵینه‌ی هێنابوو و ده‌یویست قوربانی پێشكه‌ش بكات. كاتێ په‌یامبه‌ره‌كان، به‌رنڤا و پۆڵۆس، ئه‌مه‌یان بیست، جله‌كانیان دڕاند، خێرا چوونه‌ لای خه‌ڵكه‌كه‌، هاواریان كرد و وتیان: “خه‌ڵكینه‌، بۆچی ئه‌مه‌ ده‌كه‌ن؟ ئێمه‌ش مرۆڤین، له‌ ژێر هه‌مان ئازارداین وه‌ک ئێوه‌، موژده‌تان ده‌ده‌ینێ واز له‌م شته‌ ناڕه‌وایانه‌ بهێنن و بۆ لای خودای زیندوو بگه‌ڕێنه‌وه‌، ئافرێنه‌ری ئاسمان و زه‌وی و ده‌ریا و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی تیایه‌تی. ئه‌وه‌ی له‌ نه‌وه‌كانی ڕابردوودا، هێشتی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان به‌ ڕێگای خۆیان بڕۆن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خۆی به‌ بێ گه‌واهیی نه‌هێشته‌وه‌، چاكه‌ ده‌كات، له‌ ئاسمانه‌وه‌ باران و وه‌رزی به‌روبووممان ده‌داتێ و دڵمان له‌ خواردن و له‌ شادی تێر ده‌كات”. به‌ وتنی ئه‌م قسانه‌ و هه‌وڵدانێكی زۆر توانییان وا له‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ بكه‌ن كه‌ قوربانییان بۆ نه‌كه‌ن. هه‌ندێک جوو له‌ ئینتیاكیا و ئیقانونه‌وه‌ هاتن، قه‌ناعه‌تیان به‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ هێنا، ئه‌وانیش پۆڵۆسیان به‌ردباران كرد و ڕایانكێشایه‌ ده‌ره‌وه‌ی شار، وایانزانی مردووه‌. به‌ڵام كاتێ قوتابییه‌كان ده‌وریان دا، هه‌ستا و گه‌ڕایه‌وه‌ نێو شار. بۆ ڕۆژی دواتر له‌گه‌ڵ به‌رنڤا بۆ ده‌ڕبێ ڕۆیشت. موژده‌یان به‌و شاره‌ دا زۆر كه‌سیان كرده‌ قوتابی. ئینجا گه‌ڕانه‌وه‌ لیستره‌ و ئیقانون و ئینتیاكیا. وره‌ی قوتابییه‌كانیان به‌رز ده‌كرده‌وه‌ هانیان ده‌دان له‌ باوه‌ڕ جیگیر بن: پێویسته‌ به‌ ته‌نگانه‌ی زۆردا بچینه‌ نێو پاشایه‌تیی خودا. قه‌شه‌یان بۆ هه‌ر وارگه‌یه‌ک هه‌ڵبژاردن، ئینجا به‌ ڕۆژوگرتنه‌وه‌ نوێژیان كرد و خه‌ڵكه‌كه‌یان دایه‌ ده‌ست په‌روه‌ردگار كه‌ باوه‌ڕیان پێی هێناوه‌. ئینجا به‌ پیسیدیه‌دا تێپه‌ڕین و گه‌یشتنه‌ په‌مپۆلیا. له‌ په‌رجه‌ دا وشه‌كه‌یان ڕاگه‌یاند و بۆ ئیتالیا دابه‌زین. له‌وێشه‌وه‌ به‌ ڕێگای ده‌ریا بۆ ئینتیاكیا گه‌ڕانه‌وه‌، ئه‌و شوێنه‌ی لێوه‌ی درانه‌ ده‌ست به‌خششی خودا بۆ ئه‌و كاره‌ی جێبه‌جێیان كرد. كاتێ ئاماده‌بوون و وارگه‌یان كۆكرده‌وه‌، باسی هه‌موو ئه‌و شتانه‌یان كرد كه‌ خودا له‌گه‌ڵیان كردبووی، هه‌روه‌ها كه‌ ده‌رگای باوه‌ڕی بۆ نه‌ته‌وه‌كانیش كردۆته‌وه‌. جا له‌وێ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كان مانه‌وه‌. هه‌ندێ كه‌س له‌ ئیهووده‌وه‌ بۆ ئینتیاكیا هاتن و برایانیان فێرده‌كرد: “ئه‌گه‌ر به‌گوێره‌ی ته‌وراتی مووشێ خروسه‌بڕان نه‌كرێن، ناتوانن ڕزگاربن”. كاتێ ده‌مه‌قاڵه‌ و مشتومڕێكی زۆر له‌لایه‌ن پۆڵۆس و به‌رنڤا له‌گه‌ڵ ئه‌وان ڕوویدا، پۆڵۆس و به‌رنڤا له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ دیاری كران، تاكو سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ بۆ لای په‌یامبه‌ران و پیران به‌ره‌و یروشلایم سه‌ربكه‌ون. پاش ئه‌وه‌ی وارگه‌ ماڵئاواییان لێكردن، به‌ نێو پۆنیقێ و شمرندا تێپه‌ڕین، باسیان ده‌كرد كه‌ نه‌ته‌وه‌كانیش گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، جا شادییه‌كی زۆریان له‌نێو هه‌موو برایاندا بڵاو ده‌كرده‌وه‌. كاتێ له‌ یروشلایمدا ئاماده‌بوون، وارگه‌ و په‌یامبه‌ران و پیران پێشوازییان لێكردن، ئه‌وانیش هه‌واڵی هه‌موو ئه‌و شتانه‌یان پێدان كه‌ خودا به‌هۆیانه‌وه‌ كردبووی. به‌ڵام هه‌ندێک له‌وانه‌ی سه‌ر به‌ ڕێبازی په‌ڕیشییه‌كان بوون و باوه‌ڕیان هێنابوو، هه‌ستان و وتیان: “ده‌بێت ئه‌وانه‌ خروسه‌بڕان بكرێن و فه‌رمانیان پێ بكرێت كه‌ كار به‌ ته‌وراتی مووشێ بكه‌ن”. جا په‌یامبه‌ران و پیران بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ كۆبوونه‌وه‌. پاش گفتوگۆیه‌كی زۆر، په‌تڕۆس هه‌ستا و پێی وتن: “برایان، ئێوه‌ ده‌زانن پێش ماوه‌یه‌ک، خودا له‌نێو ئێمه‌دا هه‌ڵیبژارد كه‌ له‌ ده‌می منه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌كان په‌یامی ئینجیل ببیستن و باوه‌ڕ بهێنن. خودای دڵناس، گه‌واهیی بۆیان دا به‌ به‌خشینی ڕووحی پارسا به‌وانیش هه‌روه‌ک به‌ ئێمه‌. به‌ هیچ شتێک جیاوازی له‌نێوان ئێمه‌ و ئه‌واندا نه‌كردووه‌، به‌ باوه‌ڕ دڵی ئه‌وانیشی بێگه‌رد كردووه‌ته‌وه‌. ئیتر بۆچی ئێوه‌ خودا تاقی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ نیرێک ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی قوتابییه‌كان، ئه‌وه‌ی نه‌ باوكانمان و نه‌ خۆمان توانیمان هه‌ڵیبگرین؟ به‌ڵام باوه‌ڕمان هه‌یه‌ كه‌ به‌ به‌خششی ئیشۆعی په‌روه‌ردگار ڕزگار ده‌بین، هه‌روه‌ها ئه‌وانیش”. ئیتر هه‌موو جه‌ماوه‌ره‌كه‌ بێده‌نگ بوون و گوێیان له‌ به‌رنڤا و پۆڵۆس گرت، باسی ئه‌و په‌رجوو و نیشانانه‌یان ده‌كرد كه‌ خودا له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان له‌نێو نه‌ته‌وه‌كان ئه‌نجامی داوه‌. دوای ئه‌وه‌ی ته‌واوبوون، یاقوو وتی: “برایان گوێم لێ بگرن: شیمعون ڕوونی كرده‌وه‌ چۆن خودا یه‌كه‌مجار بایه‌خی خۆی به‌ نه‌ته‌وه‌كان نیشانداوه‌، تا له‌نێو ئه‌واندا گه‌لێک بۆ ناوی خۆی ببات. وته‌ی پێغه‌مبه‌رانیش له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ ڕێک ده‌كه‌وێت، هه‌روه‌ک نووسراوه‌: {دوای ئه‌مه‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ ڕه‌شماڵه‌ كه‌وتووه‌كه‌ی داوید بنیاد ده‌نێمه‌وه‌، ڕووخاوییه‌كانی بنیاد ده‌نێمه‌وه‌ وسه‌رله‌نوێ هه‌ڵیده‌ده‌مه‌وه‌، تاكو ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه‌ ماونه‌ته‌وه‌ داوای په‌روه‌ردگار بكه‌ن، هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی ناوی منیان هه‌ڵگرتووه‌. په‌روه‌ردگار ئاوا ده‌فه‌رمووێ، ئه‌وه‌ی دروستكاری ئه‌م شتانه‌یه‌ كه‌وا هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ش زانراون}. بۆیه‌ وای به‌ باش ده‌زانم قورسایی نه‌خه‌ینه‌ ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌ی له‌ نه‌ته‌وه‌كانن كه‌ بۆ لای خودا گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو بۆیان بنووسین، خۆیان بگرن له‌ گڵاوی بته‌كان و له‌ داوێنپیسی و خنكێندراو و خوێن. چونكه‌ هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ بانگه‌وازی مووشێ له‌ هه‌موو شارێک كرابوو و هه‌موو شه‌ممه‌یه‌ک له‌ كه‌نیشته‌كان ده‌خوێندرایه‌وه‌”. ئینجا په‌یامبه‌ران و پیران و هه‌موو وارگه‌ به‌باشیان زانی دوو پیاو له‌نێو خۆیان هه‌ڵبژێرن و له‌گه‌ڵ پۆڵۆس و به‌رنڤا بۆ ئینتیاكیا بیاننێرن: ئیهوودا كه‌ نازناوی به‌ڕشه‌ببایه‌ له‌گه‌ڵ شیلا، دوو پیاوی پێشكه‌وتوو بوون له‌نێو برایان. به‌ ده‌ستی خۆیان ئاوایان نووسی: “له‌ په‌یامبه‌ران و پیران و برایانه‌وه‌، بۆ ئه‌و برایانه‌ی له‌ نه‌ته‌وه‌كانن له‌ ئینتیاكیا و سوریا و قیلیقیا: ئاشتی بۆ ئێوه‌. بیستمان هه‌ندێ كه‌س له‌لای ئێمه‌وه‌ ده‌رچوون و بێ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ فه‌رمانیان پی بده‌ین، به‌ قسه‌كانیان بێزار و دڵگرانیان كردوون كه‌ وتوویانه‌ ده‌بێ خروسه‌بڕان‌ بكه‌ن و به‌گوێره‌ی ته‌ورات بكه‌ن. بۆیه‌ به‌ باشمان زانی به‌ یه‌ک بیروڕاوه‌ چه‌ند پیاوێک هه‌ڵبژێرین و له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستانمان به‌رنڤا و پۆڵۆس بۆ لاتان بنێرین پیاوانێک كه‌ خۆیان به‌خت كردووه‌ له‌ پێناوی ناوی په‌روه‌ردگارمان ئیشۆعی مه‌سیح. جا ئیهوودا و شیلامان بۆ ناردن تاكو هه‌مان شتتان به‌ زار پێ ڕابگه‌یه‌نن. چونكه‌ ڕووحی پارسا و ئێمه‌ش وامان به‌ باش زانی هیچ قورساییه‌ک نه‌خه‌ینه‌ سه‌ر شانتان، جگه‌ له‌مانه‌ كه‌ پێویستن: خۆتان بگرن له‌و قوربانییانه‌ی بۆ بت پێشكه‌ش كراون، هه‌روه‌ها له‌ خوێن و خنكێندراو و‌ داوێنپیسی، ئه‌گه‌ر خۆتان له‌مانه‌ پاراست، شتی چاک ده‌كه‌ن. سه‌لامه‌ت بن”. ئه‌مانیش كه‌ به‌ڕێكران، بۆ ئینتیاكیا هاتن، جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان كۆكرده‌وه‌ و په‌یامه‌كه‌یان پێشكه‌ش كرد. كاتێ خوێندیانه‌وه‌ به‌و دڵنه‌واییانه‌ی تیایدا بوو دڵشاد بوون. ئيهوودا و شیلاش كه‌ خۆیان پێغه‌مبه‌ر بوون، به‌ زۆر وته‌ ئامۆژگاریی برایانیان كرد و وره‌یان به‌رزكردنه‌وه‌. پاش ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كیان به‌سه‌ربرد، له‌لایه‌ن برایانه‌وه‌، به‌ ئاشتییه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ كرانه‌وه‌ بۆ لای په‌یامبه‌ران، به‌ڵام شیلا به‌لایه‌وه‌ باشتر بوو له‌وێ بمێنێته‌وه‌. پۆڵۆس و به‌رنڤاش هه‌ر له‌ ئینتیاكیا مانه‌وه‌، موژده‌ به‌ خه‌ڵكێكی زۆریان ده‌دا وشه‌ی په‌روه‌ردگاریان فێرده‌كردن. پاش چه‌ند ڕۆژێک پۆڵۆس به‌ به‌رنڤای وت: “با بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر له‌ برایان بده‌ین، له‌ هه‌موو شارێک كه‌ وشه‌ی په‌روه‌ردگارمان تیایدا ڕاگه‌یاندووه‌ و هه‌واڵیان بزانین”. به‌رنڤاش پێشنیاری كرد یوخه‌ننه‌ن كه‌ نازناوی مه‌رقوسه‌ له‌گه‌ڵ خۆیان بیبه‌ن. به‌ڵام پۆڵۆس پێی باش بوو ئه‌وه‌ی له‌ په‌مپۆلیا لێیان جیابووه‌وه‌ و له‌گه‌ڵیان بۆ كاره‌كه‌ نه‌ڕۆیشت، ئه‌و له‌گه‌ڵ خۆیان نه‌به‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌مه‌قاڵه‌ كه‌وته‌ نێوانیان و له‌یه‌كتری جیا بوونه‌وه‌. ئه‌وسا به‌رنڤا مه‌رقوسی له‌گه‌ڵ خۆی برد و به‌ ده‌ریادا بۆ قوبڕس چوو. به‌ڵام پۆڵۆس شیلای هه‌ڵبژارد و ده‌رچوو، له‌لایه‌ن برایانه‌وه‌ به‌ به‌خششی خودای سپارد. ئینجا چوونه‌ سوریا و قیلیقیا و وارگه‌كانیان به‌هێز ده‌كرد. پۆڵۆس گه‌یشته‌ ده‌ڕبێ و پاشان لیستره‌، له‌وێ قوتابییه‌ک به‌ ناوی تیماتیئوس هه‌بوو، دایكی جووێكی باوه‌ڕدار بوو، به‌ڵام باوكی یۆنانی بوو. برایان له‌ لیستره‌ و ئیقانون گه‌واهییان بۆ ده‌دا. پۆڵۆس ده‌یوسیت تیماتیئوس له‌گه‌ڵی ده‌ربچێت، جا بردی و خروسه‌بڕانی كرد، له‌به‌ر ئه‌و جووانه‌ی له‌و ناوچانه‌ بوون، چونكه‌ هه‌موو ده‌یانزانی باوكی یۆنانییه‌. ئیتر به‌ شاره‌كاندا تێده‌په‌ڕین و ئه‌و پرسانه‌ی له‌لایه‌ن په‌یامبه‌ران و پیرانه‌وه‌ له‌ یروشلایم بڕیاریان له‌سه‌ر درابوو، پێیان ڕاده‌گه‌یاندن تاكو په‌یڕه‌وی بكه‌ن. جا وارگه‌كان له‌ باوه‌ڕدا به‌هێز ده‌بوون و ڕۆژ به‌ڕۆژ ژماره‌یان زیادی ده‌كرد. ئینجا به‌ ناوچه‌كانی پرۆگیا و گه‌ڵاتیه‌ تێپه‌ڕین، چونكه‌ ڕووحی پارسا ڕێی نه‌دان له‌ ئاسیا وشه‌كه‌ ڕابگه‌یه‌نن. كاتێ گه‌یشتنه‌ میسیا هه‌وڵیان دا به‌ره‌و بیسینیا بڕۆن، به‌ڵام ڕووح ڕێگای نه‌دان. ئه‌وسا به‌ میسیادا تێپه‌ڕین و هاتنه‌ ترۆئۆس. له‌ شه‌ودا پۆڵۆس بینینێكی بینی، پیاوێكی ماقیدۆنیایی ڕاوه‌ستابوو، لێی ده‌پاڕایه‌وه‌: “بپه‌ڕه‌وه‌ بۆ ماقیدۆنیا و یارمه‌تیمان بده‌!”. كاتێ بینینه‌كه‌ی بینی، یه‌كسه‌ر هه‌وڵماندا بۆ ماقیدۆنیا بڕۆین، دڵنیا بووین كه‌ خودا بانگی كردووین تاكو موژده‌یان بده‌ینێ. جا به‌ ده‌ریادا له‌ ترۆئۆسه‌وه‌ ڕێک بۆ سامۆتراقێ ڕۆیشتین و بۆ ڕۆژی دوایی بۆ نیاپۆلیس. له‌وێشه‌وه‌ بۆ پیلیۆس كه‌ یه‌كه‌م شاری ناوچه‌ی ماقیدۆنیایه‌ و جێنشینی ڕۆمانییه‌كانه‌، له‌وێ چه‌ند ڕۆژێک ماینه‌وه‌. له‌ شه‌ممه‌دا چووینه‌ ده‌ره‌وه‌ی شار بۆ سه‌ر ڕووبار و وه‌كو نه‌ریتی هه‌میشه‌یی نوێژمان كرد. ئینجا دانیشتین و له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنانه‌ی كۆبووینه‌وه‌ و قسه‌مان كرد. له‌ شاری تیئۆتیڕا ژنێكی خواپه‌رست به‌ ناوی لوودییا گوێی ده‌گرت، ئه‌رخه‌وان فرۆش بوو. په‌روه‌ردگار دڵی كرده‌وه‌ تاكو سه‌رنج بداته‌ قسه‌كانی پۆڵۆس. كاتێ خۆی و خانه‌واده‌كه‌ی عه‌مادكران، پاڕایه‌وه‌ و وتی: “ئه‌گه‌ر بڕیارتان داوه‌ من باوه‌ڕدارم به‌ په‌روه‌ردگار، وه‌رنه‌ ماڵه‌كه‌م و بمێننه‌وه‌”. ئیتر ناچاری كردین. ئه‌وه‌بوو بۆ شوێنی نوێژكردن ده‌چووین، تووشی كاره‌كه‌رێک بووین ڕووحی فاڵچیێتی تێدابوو، به‌ فاڵچیێتییه‌كه‌ی قازانجێكی زۆری بۆ خاوه‌نه‌كانی به‌ده‌ست ده‌هێنا. به‌دوای پۆڵۆس و ئێمه‌ كه‌وت و هاواری ده‌كرد و ده‌یوت: “ئه‌م مرۆڤانه‌ به‌نده‌ی خودای هه‌ره‌به‌رزن، ڕێگای ڕزگاریتان بۆ ڕاده‌گه‌یه‌نن”. ڕۆژانێكی زۆر ئه‌مه‌ی ده‌كرد، تاكو پۆڵۆس بێزار بوو، ئاوڕی دایه‌وه‌ و به‌ ڕووحه‌كه‌ی وت: “به‌ ناوی ئیشۆعی مه‌سیح فه‌رمانت پێ ده‌كه‌م، لێی ده‌رچوو!”. هه‌ر له‌و كاته‌دا ده‌رچوو. كاتێ خاوه‌نه‌كانی بینییان هیوای داهاتیان بڕا، پۆڵۆس و شیلایان گرت، ڕایانكێشانه‌ بازاڕ بۆ به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتداران. بردییاننه‌ پێش دادوه‌ران و وتیان: “ئه‌م پیاوانه‌ شاره‌كه‌مان ده‌شێوێنن، جوون و نه‌ریتێک بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ی ڕۆمانی نابێ په‌سه‌ندی بكه‌ین یان كاری پێ بكه‌ین”. ئیتر كۆمه‌ڵه‌كه‌ پێكڕا لێیان هه‌ستان و فه‌رمانڕه‌واكان جله‌كانیان دڕاند و فه‌رمانیان دا داركاری بكرێن. جا زۆر داركارییان كردن و خستیاننه‌ زیندانه‌وه‌، چاودێری زیندانه‌كه‌یان ڕاسپارد كه‌ به‌ توندی پاسه‌وانیان بكات. ئه‌ویش كه‌ ئه‌م ڕاسپارده‌یه‌ی وه‌رگرت، فڕێیدانه‌ نێو قووڵایی زیندانه‌كه‌ و پێیانی خسته‌ نێو كۆته‌وه‌. له‌ نیوه‌ی شه‌ودا پۆڵۆس و شیلا نوێژیان ده‌كرد و ستایشی خودایان ده‌كرد، به‌ندكراوانیش گوێیان لێبو. له‌ناكاو بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی مه‌زن ڕوویدا، گۆشه‌كانی زیندانه‌كه‌ی هه‌ژاند، یه‌كسه‌ر هه‌موو ده‌رگاكان كرانه‌وه‌ و كۆتی هه‌مووان كرایه‌وه‌. كه‌ چاودێری زیندانه‌كه‌ به‌ ئاگا هات و بینی ده‌رگاكانی زیندانه‌كه‌ كراونه‌ته‌وه‌، شمشێری هه‌ڵكێشا به‌ته‌مابوو خۆی بكوژێت، وایزانی به‌ندكراوان ڕایانكردووه‌. پۆڵۆس به‌ده‌نگێكی مه‌زن هاواری كرد: “هیچ له‌ خۆت مه‌كه‌! هه‌موومان لێره‌ین!”، ئه‌ویش داوای ڕووناكی كرد، چووه‌ ژووره‌وه‌ و ده‌له‌رزی، له‌به‌رده‌م پۆڵۆس و شیلا چۆكی دادا. ئه‌وسا بردنییه‌ ده‌ره‌وه‌ و وتی: “گه‌وره‌كانم، پێویسته‌ چی بكه‌م تاكو ڕزگارم بێت؟” وتیان: “باوه‌ڕ به‌ په‌روه‌ردگار ئیشۆعی مه‌سیح بهێنه‌، خۆت و خانه‌واده‌كه‌ت ڕزگارتان ده‌بێت”. جا به‌ وشه‌ی په‌روه‌ردگار بۆ خۆی و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ماڵه‌كه‌یدا بوون دووان. ئیتر له‌و كاته‌ی شه‌و بردنی و برینه‌كانی تیماركردن، یه‌كسه‌ر خۆی و هه‌موو خێزانه‌كه‌ی عه‌مادكران. ئینجا بردنییه‌ ماڵ و خواردنی بۆ دانان، خۆی و هه‌موو خێزانه‌كه‌ی زۆر دڵشادبوون، كه‌ باوه‌ڕیان به‌ خودا هێنا. كه‌ ڕۆژ‌بووه‌وه‌ فه‌رمانڕه‌واكان پۆلیسیان نارد و وتیان: “ئه‌و دوو پیاوه‌ ئازاد بكه‌”. چاودێری زیندان ئه‌م هه‌واڵه‌ی دایه‌ پۆڵۆس كه‌ فه‌رمانڕه‌وایان ناردوویانه‌ كه‌ ئازاد بكرێن، بۆیه‌ ئێستا وه‌رنه‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌ئاشتی بڕۆن. جا پۆڵۆس پێی وتن: “بێ حوكمدان به‌ ئاشكرا داركارییان كردین و فڕێیانداینه‌ زیندان، ئێمه‌ش هاوڵاتیی ڕۆمانین، ئایا ئێستاش به‌ نهێنی قاومان ده‌ده‌ن؟ نه‌خێر! به‌ڵكو با خۆیان بێن ده‌رمان بهێنن”. پۆلیسه‌كان ئه‌م قسانه‌یان به‌ فه‌رمانڕه‌وایان ڕاگه‌یاند، جا كاتێ زانییان ئه‌وان ڕۆمانین ترسان. ئیتر هاتن و لێیان پاڕانه‌وه‌، بردییاننه‌ ده‌ره‌وه‌ و داوایان لێكردن شاره‌كه‌ به‌جێبهێڵن. جا له‌ زیندانه‌كه‌ ده‌رچوون و چوونه‌ لای لوودییا، له‌وێ خوشک و برایانیان بینی و دڵنه‌واییان كردن و ده‌رچوون. ئینجا به‌ ئه‌مفیپۆلیس و ئه‌پۆلۆنیادا تێپه‌ڕین و گه‌یشتنه‌ تسلۆنیقێ كه‌ كه‌نیشتی جووی لێبوو. پۆڵۆس وه‌كو دابی خۆی چووه‌ لایان، سێ شه‌ممه‌ له‌سه‌ر یه‌ک به‌ سیپاره‌كان گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ده‌كردن، ڕوونی ده‌كرده‌وه‌ و ده‌ریده‌خست كه‌ ده‌بووایه‌ مه‌سیح ئازار بچێژێت و له‌نێو مردووان هه‌ستێته‌وه‌. پێی وتن: ئه‌م ئیشۆعه‌ی من پێتانی ڕاده‌گه‌یه‌نم، مه‌سیحه‌كه‌یه‌. هه‌ندێكیان قه‌ناعه‌تیان هێنا و چوونه‌ پاڵ پۆڵۆس و شیلا، هه‌روه‌ها جه‌ماوه‌رێكی زۆر له‌ یۆنانیی خواپه‌رست و له‌ ژنه‌ خانه‌دانه‌كانیش كه‌ ژماره‌یان كه‌م نه‌بوو. جووه‌كانیش ئیره‌ییان پێ هات، هه‌ندێک پیاوخراپی بازاڕیان هێنا، خه‌ڵكیان كۆكرده‌وه‌ و ئاژاوه‌یان له‌ شار نایه‌وه‌. چوونه‌ سه‌ر ماڵی ئیاسون و داوایان كرد پۆڵۆس و شیلا بهێنرێنه‌ لای خه‌ڵک. كاتێ نه‌یاندۆزینه‌وه‌، ئیاسون و هه‌ندێک برایانیان بۆ لای فه‌رمانڕه‌وایانی شار ڕاكێشا، هاواریان ده‌كرد: “ئه‌مانه‌ كه‌ جیهانیان هه‌ڵگێڕاوه‌ته‌وه‌، بۆ ئێره‌ش هاتوون، ئیاسون میوانداریی كردوون. هه‌موویان دژی فه‌رمانه‌كانی قه‌یسه‌ڕ كار ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن پاشایه‌كی دیكه‌ هه‌یه‌، ناوی ئیشۆعه‌!”. به‌م قسانه‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ و فه‌رمانڕه‌وایانی شاریان وروژاند. ئه‌وانیش ده‌سته‌به‌ر په‌یامیان بۆ ئیاسون و ئه‌وانه‌ی دیكه‌ كرد و ئازادیان كردن. كه‌ شه‌و داهات برایان پۆڵۆس و شیلایان نارده‌ بیڕووئا‌، كه‌ گه‌یشتن چوونه‌ كه‌نیشتی جووه‌كان. به‌ڵام خه‌ڵكی بیڕووئا‌ له‌ تسلۆنیقێیه‌كان ڕێزدارتر بوون، به‌وپه‌ڕی په‌رۆشییه‌وه‌ وشه‌كه‌یان وه‌رگرت، هه‌موو ڕۆژێک له‌ سیپاره‌كان ورد ده‌بوونه‌وه‌ ئاخۆ شته‌كان ئاوان؟ جا زۆریان باوه‌ڕیان هێنا، هه‌روه‌ها زۆر له‌ ژنه‌ ڕێزداره‌ یۆنانییه‌كان و پیاویش كه‌ ژماره‌یان كه‌م نه‌بوو. كاتێ جووی تسلۆنیقێ زانییان پۆڵۆس له‌ بیڕووئا‌ش وشه‌ی خودای ڕاگه‌یاندووه‌، هاتن له‌وێش كۆمه‌ڵانه‌كه‌ جۆش بده‌ن. جا یه‌كسه‌ر برایان پۆڵۆسیان بۆ ده‌ریا نارد، به‌ڵام شیلا و تیماتیئوس له‌وێ مانه‌وه‌. ئه‌وانه‌ی یاوه‌ری پۆڵۆس بوون ئه‌ویان هێنایه‌ ئه‌تینۆس، كاتێ ڕاسپارده‌یان بۆ شیلا و تیماتیئوس برد كه‌ به‌ زووترین كات بێنه‌ لای، ڕۆیشتن. كاتێ پۆڵۆس له‌ ئه‌تینۆس چاوه‌ڕێی ده‌كردن، له‌ ڕووحیدا هه‌ڵچوو كه‌ بینی شاره‌كه‌ پڕه‌ له‌ بت. بۆیه‌ له‌ كه‌نیشت گفتوگۆی له‌گه‌ڵ جوو و خواپه‌رستان ده‌كرد، له‌ بازاڕیش له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ڕۆژانه‌ تووشیان ده‌هات. هه‌ندێک فه‌یله‌سوفی ئه‌پیقۆری و ستۆیكی گفتوگۆیان له‌گه‌ڵی ده‌كرد، هه‌ندێک ده‌یانووت: “ئه‌م چه‌نه‌بازه‌ ده‌یه‌وێت چی بڵێت؟” هه‌ندێكی دیكه‌ وتیان: “دیاره‌ بانگه‌واز بۆ خوداوه‌ندێكی نامۆ ده‌كات”. چونكه‌ موژده‌ی ئیشۆع و هه‌ستانه‌وه‌ی ده‌دا. ئینجا بردییانه‌ ئاریۆپاگۆس و وتیان: “ده‌توانین بزانین ئه‌م فێركردنه‌ نوێیه‌ چییه‌ باسی ده‌كه‌یت؟ چونكه‌ شتی نامۆت لێ ده‌بیستین و ده‌مانه‌وێت واتاكه‌ی بزانین”. چونكه‌ هه‌موو ئه‌تینۆسییه‌كان و بێگانه‌كانی تێدا ده‌ژیان، ده‌رفه‌تیان بۆ هیچ شتێک نه‌ده‌دا جگه‌ له‌ باس یان بیستنی شتی نوێ. پۆڵۆس له‌ناوه‌ڕاستی ئاریۆپاگۆسدا وه‌ستا و وتی: “پیاوانی ئه‌تینۆس! ده‌بینم له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ زۆر دیندارن”. چونكه‌ كاتێ ده‌گه‌ڕام و سه‌یری په‌رستراوه‌كانتانم ده‌كرد، قوربانگایه‌كم بینی له‌سه‌ری نووسرا بوو: “بۆ خودای نه‌ناسراو”. جا ئه‌وه‌تان بۆ ڕاده‌گه‌یه‌نم كه‌ ده‌یپه‌رستن و نایناسن. ئه‌و خوداوه‌نده‌ی جیهان و هه‌موو شته‌كانی نێوی ئافراندووه‌، كه‌ په‌روه‌ردگاری ئاسمان و زه‌وییه‌ و له‌ په‌رستگای ده‌ستكرد نیشته‌جێ نابێت. به‌ ده‌ستی مرۆڤ ڕاژه‌ ناكرێت وه‌ک پێویستی به‌ شتێک بێت، چونكه‌ ئه‌و به‌ خۆی ژیان و هه‌ناسه‌ و هه‌موو شتێک ده‌داته‌ هه‌مووان. هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی له‌ یه‌كێک دروستكردووه‌، تاكو له‌سه‌ر هه‌موو ڕووی زه‌وی نیشته‌جێ بن، كات و سنووره‌كانی نیشته‌جێبوونی ئه‌وانی داناوه‌ و دیاری كردووه‌، تاكو به‌دوای خودا بگه‌ڕێن، به‌ڵكو بیگه‌نێ و بیدۆزنه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ هه‌ر یه‌كێكمان دوور نییه‌. چونكه‌ له‌ودا ده‌ژین و ده‌جووڵێین و هه‌ین. وه‌ک هه‌ندێک شاعیرانتان وتیان: “ئێمه‌ش نه‌وه‌ی ئه‌وین”. بۆیه‌ جا كه‌ نه‌وه‌ی خوداین، پێویسته‌ بیرنه‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ خودایه‌تی له‌ په‌یكه‌ری زێڕ یان زیو یان به‌ردینه‌، كه‌ داهێنان و كارده‌ستی مرۆڤ نیگاری كێشاوه‌. ئێستا خودا فه‌رمان ده‌‌دات بۆ هه‌موو خه‌ڵک و له‌ هه‌موو شوێنێک كه‌ تۆبه‌ بكه‌ن، بۆیه‌ چاوپۆشی له‌ سه‌رده‌مانی نه‌زانی ده‌دكات. چونكه‌ ڕۆژێكی داناوه‌ تیایدا به‌ته‌مایه‌ به‌ دادپه‌روه‌ری جیهان حوكم بدات، به‌ پیاوێک كه‌ دیاری كردووه‌، به‌ڵگه‌شی به‌ هه‌مووان داوه‌ كه‌ له‌نێو مردووان هه‌ستاندیه‌وه‌‌”. كاتێ گوێیان له‌ هه‌ستانه‌وه‌ی مردووان بوو، هه‌ندێكیان گاڵته‌یان پێكرد و هه‌ندێكیان وتیان: “جارێكی دیكه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ گوێت لێ ده‌گرین!”. ئیتر پۆڵۆس له‌نێویان ده‌رچوو. به‌ڵام هه‌ندێ كه‌س باوه‌ڕیان هێنا و جوداخوازیان كرد، له‌وانه‌: دیانیۆنیسییوسی ئاریۆپاگۆس و ژنێک ناوی داماریس بو و كه‌سانی دیكه‌ش له‌گه‌ڵیان. له‌دوای ئه‌مه‌ پۆڵۆس ئه‌تینۆسی به‌جێهێشت و هاته‌ قۆرنتێ. جووێكی بینی به‌ ناوی ئه‌كیلا، خه‌ڵكی پونتوس بوو، تازه‌ له‌گه‌ڵ پریسقیلای ژنی له‌ ئیتالیاوه‌ هاتبوون، چونكه‌ قله‌ودییوس فه‌رمانی دابوو هه‌موو جوو ڕۆما به‌جێبهێڵن، ئیتر هاته‌ لایان. جا به‌هۆی هاوپیشه‌ییان له‌لایان مایه‌وه‌ و ئیشی ده‌كرد، چونكه‌ به‌ پیشه‌ ڕه‌شماڵچی بوون. هه‌موو شه‌ممه‌یه‌ک له‌ كه‌نیشت گفتوگۆی ده‌كرد، قه‌ناعه‌تی به‌ جوو و یۆنانییه‌كان ده‌هێنا. كاتێ شیلا و تیماتیئوس له‌ ماقیدۆنیاوه‌ دابه‌زین، پۆڵۆس به‌ ڕووح ته‌رخان كرابوو، گه‌واهیی بۆ جوو ده‌دا كه‌ ئیشۆع مه‌سیحه‌كه‌یه‌. به‌ڵام كاتێ به‌ره‌نگارییان كرد و كفریان كرد، كراسه‌كه‌ی ته‌كاند و پێی وتن: “خوێنی خۆتان له‌سه‌ر خۆتان! من بێتاوانم. له‌ ئێستاوه‌ ده‌چمه‌ لای نه‌ته‌وه‌كان”. ئیتر ئه‌وێی به‌جێهێشت و چووه‌ ماڵی پیاوێک ناوی تتوس یوستس بوو، خواپه‌رست بوو، ماڵه‌كه‌ی له‌ ته‌نیشت كه‌نیشته‌وه‌ بوو. لێره‌دا قیریسپوسی پێشه‌وای كه‌نیشت خۆی و هه‌موو ماڵه‌كه‌ی باوه‌ڕیان به‌ په‌روه‌ردگار هێنا. زۆر له‌ قۆرنتێییه‌كان كه‌ بیستیان باوه‌ڕیان هێنا و عه‌مادكران. له‌ شه‌ودا په‌روه‌ردگار له‌ بینیندا به‌ پۆڵۆسی فه‌رموو: “مه‌ترسه‌، به‌ڵكو قسه‌ بكه‌ و بێده‌نگ مه‌به‌، چونكه‌ من له‌گه‌ڵتدام، كه‌س هێرش ناكاته‌ سه‌رت و ئازارت بدات، چونكه‌ گه‌لێكی زۆرم هه‌یه‌ له‌م شاره‌”. ئیتر ساڵێک و شه‌ش مانگ له‌گه‌ڵیان مایه‌وه‌ و وشه‌ی خودای فێر ده‌كردن. له‌و سه‌رده‌مه‌ی گالیۆن فه‌رمانڕه‌وای ئه‌خائیه‌ بوو، جووه‌كان یه‌ک ده‌ست دژی پۆڵۆس هه‌ستان و بۆ ته‌ختی دادگایان هێنا، وتیان: “ئه‌م پیاوه‌ قه‌ناعه‌ت به‌ خه‌ڵک ده‌هێنێت كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ته‌ورات خودا بپه‌رستن”. كه‌ پۆڵۆس خه‌ریک بوو ده‌می بكاته‌وه‌، گالیۆن به‌ جووه‌كانی وت: “جووه‌كان، ئه‌گه‌ر پرسه‌كه‌ ناڕه‌وایی یان تاوانێكی خراپ بووایه‌، وه‌ک هۆیه‌ک گوێم له‌ سكاڵاتان ده‌گرت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه‌ له‌سه‌ر وشه‌ و ناو و ته‌وراتتانه‌، به‌ خۆتان ته‌ماشای بكه‌ن. چونكه‌ من نامه‌وێت له‌م بابه‌تانه‌دا ببمه‌ دادوه‌ر”. ئیتر له‌ ته‌ختی دادگا قاویدان. ئه‌وسا هه‌مووان سوستینسی پێشه‌وای كه‌نیشتیان گرت و له‌به‌رده‌م دادگا لێیان دا، گالیۆنیش گوێی به‌مه‌ نه‌دا. پۆڵۆس ڕۆژانێكی زۆر مایه‌وه‌، ئینجا ماڵئاوایی له‌ برایان كرد و له‌گه‌ڵ پریسقیلا و ئه‌كیلا به‌ ده‌ریادا به‌ره‌و سوریا ڕۆیشت. دوای ئه‌وه‌ی له‌ كه‌نخریا سه‌ری تاشی، چونكه‌ نه‌زری له‌سه‌ر بوو. گه‌یشتنه‌ ئه‌پیسۆس و ئه‌وانی له‌وێ به‌جێهێشت، به‌ڵام خۆی چووه‌ كه‌نیشت و له‌گه‌ڵ جووه‌كان گفتوگۆی ده‌كرد. ئه‌وانیش داوایان لێكرد ماوه‌یه‌كی زیاتر له‌لایان بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام قاییل نه‌بوو. به‌ڵكو ماڵئاوایی لێكردن و وتی: “به‌هه‌رحاڵ ده‌بێ جه‌ژنی داهاتوو له‌ یروشلایم بكه‌م، به‌ڵام به‌خواستی خودا ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ لاتان”. ئینجا له‌ ئه‌پیسۆسه‌وه‌ به‌ ده‌ریادا ڕۆیشت. كاتێ له‌ قه‌یسه‌ڕییه‌ دابه‌زی، سه‌ركه‌وت و سڵاوی له‌ وارگه‌ كرد، ئینجا بۆ ئینتیاكیا شۆڕبووه‌وه‌. ماوه‌یه‌ک له‌وێ مایه‌وه‌ و ده‌رچوو، به‌ ڕیز به‌ ده‌ڤه‌ری گه‌ڵاتیه‌ و پرۆگیادا تێپه‌ڕی و وره‌ی هه‌موو قوتابییه‌كانی به‌رز ده‌كرده‌وه‌. جووێكی خه‌ڵكی ئه‌سكه‌نده‌ریه‌ به‌ ناوی ئه‌پۆلۆس هاته‌ ئه‌پیسۆس، زمان پاراو و له‌ سیپاره‌كان به‌توانا بوو. شاره‌زای ڕێگای په‌روه‌ردگار بوو، له‌ ڕووحدا گه‌رم بوو، به‌ دروستی سه‌باره‌ت به‌ په‌روه‌ردگار ده‌دوا، ته‌نها عه‌مادكردنه‌كه‌ی یوخه‌ننه‌نی ده‌زانی. ئه‌م ده‌ستی پێكرد به‌ئاشكرا له‌ كه‌نیشت قسه‌ بكات. كه‌ ئه‌كیلا و پریسقیلا گوێیان لێیبوو، بردییان و دروستتر ڕێگای خودایان بۆ ڕوونكرده‌وه‌. كاتێ ئه‌پۆلۆس حه‌زیكرد بچێته‌ ئه‌خائیه‌، برایان هانیان دا و بۆ قوتابییه‌كانیان نووسی پێشوازی لێ بكه‌ن. كاتێ هات یارمه‌تییه‌كی زۆری ئه‌وانه‌ی دا كه‌ به‌هۆی به‌خشش باوه‌ڕیان هێنابوو. چونكه‌ به‌ هێزه‌وه‌ و به‌ ئاشكرا جووی بێده‌نگ ده‌كرد، به‌هۆی سیپاره‌كان ده‌یسه‌لماند ئیشۆع مه‌سیحه‌كه‌یه‌. ئه‌وه‌بوو كه‌ ئه‌پۆلۆس له‌ قۆرنتێ بوو، پۆڵۆس به‌ ڕێگا به‌رزه‌كانه‌وه‌ تێپه‌ڕی و هاته‌ ئه‌پیسۆس. له‌وێ هه‌ندێک قوتابیی بینی، پێی وتن: “كاتێ باوه‌ڕتان هێنا، ڕووحی پارساتان وه‌رگرت؟” پێیان وت: “ته‌نانه‌ت نه‌شمانبیستووه‌ كه‌ ڕووحی پارسا هه‌یه‌!” پێی وتن: “كه‌واته‌ به‌ چی عه‌مادكران؟” وتیان: “به‌ عه‌مادكردنه‌كه‌ی یوخه‌ننه‌ن”. پۆڵۆس وتی: “عه‌مادكردنه‌كه‌ی یوخه‌ننه‌ن عه‌مادكردنی تۆبه‌كردن بوو، به‌ گه‌لی ده‌ووت باوه‌ڕ بهێنن به‌وه‌ی له‌دوای دێت، واتا به‌ ئیشۆعی مه‌سیح”. كاتێ ئه‌مه‌یان بیست به‌ ناوی ئیشۆعی په‌روه‌ردگار عه‌مادكران. جا كاتێ پۆڵۆس ده‌ستی له‌سه‌ر دانان، ڕووحی پارسا هاته‌ سه‌ریان، به‌ زمانان دووان و پێشبینییان كرد. به‌ هه‌موویان نزیكه‌ی دوازده‌ پیاو ده‌بوون. ئینجا پۆڵۆس چووه‌ كه‌نیشت، بۆ زیاتر له‌ سێ مانگ به‌ئاشكرا ده‌دووا، گفتوگۆی ده‌كرد و ده‌رباره‌ی پاشایه‌تیی خودا قه‌ناعه‌تی به‌ خه‌ڵک ده‌هێنا. به‌ڵام هه‌ندێ كه‌س كه‌للـه‌ڕه‌قییان كرد و قه‌ناعه‌تیان نه‌هێنا، له‌به‌رده‌م خه‌ڵكه‌كه‌ جنێویان به‌ ڕێگاكه‌ دا. لێیان جیابووه‌وه‌ و قوتابییه‌كانی دوورخسته‌وه‌، ڕۆژانه‌ له‌ قوتابخانه‌ی تیرانۆس گفتوگۆی ده‌كرد. دوو ساڵ وابوو، تاكو هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ئاسیادا دانیشتبوون، جوو و یۆنانی، وشه‌كه‌ی په‌روه‌ردگاریان بیست. خوداش په‌رجوی سه‌رسوڕهێنه‌ری به‌ ده‌ستی پۆڵۆس ئه‌نجام ده‌دا، ته‌نانه‌ت ده‌سته‌سڕ و به‌روانكه‌ی سه‌ر پێستیان ده‌هێنا، ده‌یانخسته‌ سه‌ر نه‌خۆش و نه‌خۆشی نه‌ده‌ما، ڕووحه‌ به‌ده‌كانیش ده‌رده‌چوون. هه‌ندێک له‌و جوو گه‌ڕۆكانه‌ی ڕووحی گڵاو ده‌رده‌كه‌ن، هه‌وڵیان دا ناوی ئیشۆعی په‌روه‌ردگار بۆ ئه‌وانه‌ به‌كاربهێنن كه‌ ڕووحی گڵاویان تێدایه‌، ده‌یانووت: “سوێندت ده‌ده‌م به‌ ئیشۆع، ئه‌وه‌ی پۆڵۆس ڕایده‌گه‌ێنێت!”. سكاوا كه‌ كاهینێكی باڵای جوو بوو، حه‌وت كوڕی ئه‌مه‌یان ده‌كرد. ڕووحه‌ به‌ده‌كه‌ش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: “ئیشۆع ده‌ناسم و ده‌رباره‌ی پۆڵۆسیش ده‌زانم، به‌ڵام ئێوه‌ كێن؟” ئینجا پیاوه‌كه‌ وا ڕووحه‌ گڵاوه‌كه‌ی تێدابوو په‌لاماری دان و به‌سه‌ر هه‌موویاندا زاڵبوو، ده‌ره‌قه‌تیان هات، ته‌نانه‌ت به‌ ڕووتی و بریندارییه‌وه‌ له‌و ماڵه‌ هه‌ڵاتن. ئه‌مه‌ش زانرا له‌لایه‌ن هه‌موو ئه‌و جوو و یۆنانییانه‌ی له‌ ئه‌پیسۆس ده‌ژیان، هه‌موو ترس دایگرتن و ناوی ئیشۆعی په‌روه‌ردگار به‌رز ده‌بووه‌وه‌. هه‌روه‌ها زۆر له‌وانه‌ی باوه‌ڕیان هێنا، ده‌هاتن و دانیان به‌ كرده‌وه‌كانیان ده‌نا. زۆر له‌وانه‌ی جادوویان به‌كارده‌هێنا، په‌رتووكه‌كانیان كۆده‌كرده‌وه‌ و له‌به‌رده‌م هه‌مووان ده‌یانسووتاندن. نرخه‌كانیان ژمارد، بینییان په‌نجا هه‌زار زیوه‌. به‌م شێوه‌یه‌ وشه‌كه‌ی په‌روه‌ردگار به‌ تواناوه‌ گه‌شه‌ی ده‌كرد و به‌هێز ده‌بوو. كاتێ ئه‌مانه‌ ته‌واو بوون، پۆڵۆس بڕیاری دا به‌ ماقیدۆنیا و ئه‌خائیه‌دا تێپه‌ڕێت و بڕواته‌ یروشلایم، وتی: “پاش ئه‌وه‌ی له‌وێ ده‌بم، ده‌بێت ڕۆماش ببینم”. ئینجا دووان له‌وانه‌ی ڕاژه‌ی ئه‌ویان ده‌كرد ناردنی بۆ ماقیدۆنیا: تیماتیئوس و ئه‌ڕاستۆس، به‌خۆی ماوه‌یه‌ک له‌ ئاسیا مایه‌وه‌. له‌و كاته‌دا له‌به‌ر ئه‌م ڕێگایه‌ ئاژاوه‌یه‌كی گه‌وره‌ ڕوویدا. چونكه‌ زیوگه‌رێک به‌ ناوی دیمه‌ترییوس كه‌ په‌رستگای بچووكی زیوینی ئه‌رتامیسی دروست‌ ده‌كرد. ئه‌مه‌ قازانجێكی كه‌می نه‌بوو بۆ پیشه‌داران. ئیتر له‌گه‌ڵ پیشه‌دارانی ئه‌و هاوپیشه‌، كۆی كردنه‌وه‌ و وتی: “كوڕینه‌، ئێوه‌ ده‌زانن خۆشگوزه‌رانیمان له‌م پیشه‌یه‌یه‌، ده‌بینن و ده‌بیستن كه‌ نه‌ک ته‌نها له‌ ئه‌پیسۆس، بگره‌ له‌ هه‌موو ئاسیا، ئه‌م پۆڵۆسه‌ قه‌ناعه‌تی به‌ كۆمه‌ڵێكی زۆری هێناوه‌ و له‌ ڕێ لایداون، ده‌ڵێت: ئه‌وانه‌ی ده‌ستكردن خودا نین. نه‌ک ته‌نها ئه‌م به‌شه‌مان له‌ مه‌ترسیدایه‌ ڕێزی لێ نه‌گیرێت، به‌ڵكو په‌رستگاكه‌ی ئه‌رتامیسی خواژنی گه‌وره‌ش هیچ به‌هایه‌كی نامێنێت، ئه‌وه‌ی هه‌موو ئاسیا و جیهان ده‌یپه‌رستن، پایه‌ به‌رزییه‌كه‌ی له‌ده‌ست ده‌دات”. كاتێ گوێیان لێبوو تووڕه‌ بوون و هاواریان كرد: “مه‌زنه‌ ئه‌رتامیسی ئه‌پیسۆسییه‌كان!” شڵه‌ژان هه‌موو شاری گرته‌وه‌، یه‌كده‌ست گائیوس و ئه‌رستارخۆسی ماقیدۆنیاییان ڕاكێشایه‌ شانۆ، كه‌ هاوڕێی پۆڵۆس بوون له‌ گه‌شتدا. پۆڵۆس ویستی بچێته‌ نێو گه‌له‌كه‌، به‌ڵام قوتابییه‌كان نه‌یانهێشت. هه‌روه‌ها هه‌ندێک گه‌وره‌ پیاوی ئاسیا كه‌ دۆستی بوون، ناردیانه‌ لای و لێی پاڕانه‌وه‌ كه‌ نه‌چێته‌ شانۆكه‌. ئیتر هه‌ندێک هاواری شتێكیان ده‌كرد و هه‌ندێک شتێكی دیكه‌، چونكه‌ كۆڕه‌كه‌ شێوابوو، زۆربه‌شیان نه‌یانده‌زانی بۆچی كۆبوونه‌ته‌وه‌! ئینجا ئه‌سكه‌نده‌ریان له‌نێو كۆمه‌ڵه‌كه‌ ڕاكێشا، جووه‌كانیش پاڵیان پێوه‌ ده‌نا، ئه‌سكه‌نده‌ریش ده‌ستی به‌رزكرده‌وه‌ ده‌یویست له‌به‌رده‌م گه‌له‌كه‌ به‌رگری له‌ خۆی بكات. به‌ڵام كه‌ زانییان جووه‌، نزیكه‌ی دوو كاژێر هه‌موویان به‌یه‌كه‌وه‌ هاواریان ده‌كرد: “مه‌زنه‌ ئه‌رتامیسی ئه‌پیسۆسییه‌كان!”. ئینجا فه‌رمانڕه‌وای شار خه‌ڵكه‌كه‌ی هێمن كرده‌وه‌ و وتی: “پیاوانی ئه‌پیسۆس، كێ هه‌یه‌ نه‌زانێت كه‌ شاری ئه‌پیسۆسییه‌كان پاسه‌وانی په‌رستگای ئه‌رتامیسی مه‌زن و ئه‌و په‌یكه‌ره‌یه‌ كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ هاتۆته‌ خواره‌وه‌؟ بۆیه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ نكۆڵییان لێ ناكرێت، پێویسته‌ هێمن ببنه‌وه‌ و شتێک به‌ سه‌ره‌ڕۆیی نه‌كه‌ن. چونكه‌ ئه‌م دوو پیاوه‌تان هێناوه‌، كه‌ نه‌ په‌رستگا دزن، نه‌ كفریان به‌ خواژنه‌كه‌تان كردووه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر دیمه‌ترییوس و پیشه‌داره‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌ون سكاڵایان دژی كه‌سێک هه‌یه‌، ئه‌وا دادگاكان كراونه‌ته‌وه‌ و دادوه‌ر هه‌یه‌، با سكاڵا له‌ یه‌كتری بكه‌ن. ئه‌گه‌ر داوای شتێكی دیكه‌ش ده‌كه‌ن، ئه‌وا له‌ كۆڕی یاساییدا سه‌یر ده‌كرێت. چونكه‌ له‌ مه‌ترسی داین تاوانبار بكرێن به‌ ئاژاوه‌نانه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ، هیچ پاساوێكیشمان نییه‌ بۆ پاكانه‌ی ئه‌م گردبوونه‌وه‌یه‌”. كه‌ ئه‌مه‌ی وت، كۆمه‌ڵه‌كه‌ی به‌ڕێكرد. دوای نه‌مانی ئاژاوه‌كه‌، پۆڵۆس قوتابییه‌كانی بانگكرد و ماڵئاوایی لێكردن و ده‌رچوو تاكو بڕواته‌ ماقیدۆنیا. كاتێ به‌و ناوچانه‌دا تێپه‌ڕی، به‌ زۆر وته‌ ئامۆژگاریی كردن، هاته‌ یۆنان، له‌وێ سێ مانگی به‌سه‌ربرد. كه‌ به‌ته‌مابوو به‌ بڕواته‌ سوریا، جووه‌كان پیلانیان بۆی گێڕا، بڕیاری دا به‌ ماقیدۆنیادا بگه‌ڕێته‌وه‌. ئه‌مانه‌ی له‌گه‌ڵ بوو: له‌ بیڕووئا‌ سوپاتڕۆسی كوڕی پیڕۆ، له‌ تسلۆنیقێیان ئه‌رستارخۆس و سه‌كوندۆس، گائیوس له‌ ده‌ڕبێ و تیماتیئوس، له‌ ئاسیاش تۆخیقۆس و ترۆپیمۆس. ئه‌مانه‌ پێشمان كه‌وتن و له‌ ترۆئۆسدا چاوه‌ڕێیان ده‌كردین. ئێمه‌ش دوای ڕۆژانی فه‌تیره‌، به‌ ده‌ریاوه‌ له‌ پیلیۆس ده‌رچووین، بۆ ترۆئۆس و به‌ پێنج ڕۆژ گه‌یشتینه‌ لایان و حه‌وت ڕۆژ له‌وێ ماینه‌وه‌. له‌ یه‌كه‌می هه‌فته‌دا بۆ نان له‌تكردن كۆبووینه‌وه‌، پۆڵۆس گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ده‌كردن، چونكه‌ به‌ته‌مابوو بۆ به‌یانی بڕوات، تاكو نیوه‌ شه‌و درێژه‌ به‌ قسه‌كانی دا. ئه‌و ژووره‌ی سه‌ره‌وه‌ كه‌ لێی كۆببووینه‌وه‌ چرای زۆری لێبوو. گه‌نجێک ناوی یوتیخۆس بوو له‌ نێو په‌نجه‌ره‌دا دانیشتبوو، خه‌وه‌ێكی قورس ده‌یبرده‌وه‌، پۆڵۆس وتارێكی درێژی ده‌دا، جا خه‌وی لێ كه‌وت و له‌ نهۆمی سێیه‌مڕا كه‌وته‌ خواره‌وه‌، به‌ مردوویه‌تی هه‌ڵگیرایه‌وه‌. جا پۆڵۆس هاته‌ خواره‌وه‌ خۆی به‌سه‌ریدا دا و له‌ باوه‌شی گرت، وتی: “مه‌په‌شۆكێن، ژیانی تێدایه‌!” ئینجا پۆڵۆس چووه‌ سه‌ره‌وه‌، نانی له‌ت كرد و خواردی، تاكو به‌ره‌به‌یان قسه‌ی كرد، پاشان ڕۆیشت. گه‌نجه‌كه‌شیان به‌ زیندوویه‌تی برد و زۆر دڵنه‌وایی كران. ئێمه‌ش به‌ره‌و كه‌شتییه‌كه‌ پێشكه‌وتین و پێی چووینه‌ ئاسۆس، به‌ نیازی ئه‌وه‌ی له‌وێ پۆڵۆس هه‌ڵگرین، چونكه‌ ئاوای ڕێكخستبوو، به‌ نیاز بوو به‌ پێیان بێت. كاتێ له‌ ئاسۆس تووشمان بوو، هه‌ڵمانگرت و هاتینه‌ میتیلینی. له‌وێش به‌ ده‌ریادا ڕۆیشتین و بۆ سبه‌ینێ گه‌یشتینه‌ به‌رامبه‌ر خییۆس، بۆ ڕۆژی پاشتر گه‌یشتینه‌ سامۆس. دوایی له‌ له‌ترۆگیلیۆن ماینه‌وه‌، ڕۆژی دواتر هاتینه‌ میلیتۆس. جا پۆڵۆس بڕیاری دابوو به‌ده‌ریاوه‌ له‌ ئه‌پیسۆسدا تێپه‌ڕێت، نه‌وه‌ک ماوه‌یه‌ک له‌ ئاسیادا بمێنێته‌وه‌، چونكه‌ په‌له‌ی ده‌كرد، به‌ڵكو بتوانێت له‌ ڕۆژی په‌نجایه‌مین بگاته‌ یروشلایم. له‌ میلیتۆسه‌وه‌ ناردی بۆ ئه‌پیسۆس، بانگی قه‌شه‌كانی وارگه‌ی كرد. كاتێ هاتنه‌ لای پێی وتن: “ئێوه‌ ده‌زانن له‌ یه‌كه‌م ڕۆژه‌وه‌ كه‌ هاتمه‌ نێو ئاسیا، به‌ درێژایی كاته‌كه‌ چۆن بووم له‌گه‌ڵتان، به‌و په‌ڕی خاكساری و فرمێسكه‌وه‌ ڕاژه‌ی په‌روه‌ردگارم ده‌كرد، به‌ پیلانی جووه‌كان تووشی ئه‌زموون بوومه‌، چۆن هیچم له‌و شتانه‌ دوانه‌خستووه‌ كه‌ سوودبه‌خشن و بۆم ڕاگه‌یاندوون، به‌ ئاشكرا و ماڵه‌وماڵ فێرم كردوون. گه‌واهیم بۆ جوو و یۆنانییه‌كان داوه‌ بۆ تۆبه‌كردن به‌ره‌و خودا و باوه‌ڕ به‌ ئیشۆعی په‌روه‌ردگارمان. ئه‌وه‌تا من وا به‌ ڕووحی پارسا به‌ستراوم، ده‌ڕۆمه‌ یروشلایم و نازانم چیم به‌سه‌ر دێت. به‌ڵام ڕووحی پارسا له‌ هه‌موو شارێک گه‌واهیم بۆ ده‌دات كه‌ كۆتكردن و ته‌نگانه‌ چاوه‌ڕێم ده‌كات. به‌ڵام باكم به‌ هیچ شتێک نیه‌ و گیانم به‌ گرنگ نازانم، تاكو كۆششی خۆم و ئه‌و ڕاژه‌ی له‌ ئیشۆعی په‌روه‌ردگار وه‌رمگرتووه‌ به‌ دڵشادیه‌وه‌ ته‌واوی بكه‌م، ڕاژه‌ی گه‌واهیدان بۆ موژده‌ی به‌خششی خودا. ئه‌وه‌تا من ده‌زانم ئیتر ڕووم نابیننه‌وه‌، هه‌مووتان كه‌ به‌ نێوتاندا ده‌گه‌ڕام بانگه‌وازی پاشایه‌تی خودام ده‌دا. بۆیه‌ ئه‌مڕۆ گه‌واهیتان بۆ ده‌ده‌م، كه‌ له‌ خوێنی هه‌مووان بێتاوانم، چونكه‌ له‌ ڕاگه‌یاندنی ته‌واوی خواستی خودا بۆتان دوانه‌كه‌وتم. كه‌واته‌ ئاگاتان له‌ خۆتان و له‌ هه‌موو مێگه‌له‌كه‌ بێت، ئه‌وه‌ی ڕووحی پارسا به‌ چاودێری داناون بۆی، تاكو شوانایه‌تی وارگه‌ی خودا بكه‌ن، ئه‌وه‌ی به‌ خوێنی خۆی كڕیویه‌تی. چونكه‌ ده‌زانم پاش ڕۆیشتنم گورگی ڕفێنه‌ر دێنه‌ نێوتان، به‌زه‌ییان به‌ مێگه‌له‌كه‌ نایه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها له‌نێو خۆتاندا پیاوانێک په‌یدا ده‌بن، باسی شتی چه‌وت ده‌كه‌ن، تاكو قوتابییه‌كان به‌دوای خۆیاندا ڕابكێشن. بۆیه‌ بێدار بن، له‌ یادتان بێت ماوه‌ی سێ ساڵ شه‌و و ڕۆژ به‌ فرمێسكه‌وه‌ سارد نه‌بوومه‌ته‌وه‌ له‌ ئاگاداركردنه‌وه‌ی هه‌ر یه‌كێكتان. ئێستاش به‌ خودا و وشه‌ی به‌خششه‌كه‌یتان ده‌سپێرم، كه‌ توانای هه‌یه‌ بنیادتان بنێت و له‌گه‌ڵ هه‌موو پارساكان میراتتان پێ ببه‌خشێت. ئاره‌زووی زیو و زێڕ و جلی كه‌سم نه‌كردووه‌. خۆتان ده‌زانن پێویستی خۆم و یاوه‌رانم، ئه‌م ده‌ستانه‌ ڕاژه‌یان كردووه‌. هه‌موو شتێكم پیشانتان دا كه‌ پێویسته‌ ئاوا ڕه‌نج بده‌ن بۆ یارمه‌تیدانی لاوازان، وشه‌كانی ئیشۆعی په‌روه‌ردگارتان له‌یاد بێت كه‌ فه‌رمووی: به‌خشین له‌ وه‌رگرتن به‌خته‌وه‌ریتره‌”. كه‌ ئه‌مانه‌ی وت، له‌گه‌ڵ هه‌موویان چۆكی دادا و نوێژی كرد. هه‌موو زۆر گریان، باوه‌شیان به‌ پۆڵۆسه‌وه‌ كردبوو و ماچیان ده‌كرد، به‌و قسه‌ی كردی خه‌مبار بوون كه‌ وتی جارێكی دیكه‌ ڕووی نابیننه‌وه‌. ئینجا تاكو لای كه‌شتییه‌كه‌ ڕه‌وانه‌یان كرد. كاتێ لێیان جیابووینه‌وه‌، به‌ ده‌ریادا ڕێک به‌ره‌و كووس ڕۆیشتین. ڕۆژی پاشتر بۆ ڕۆدس له‌وێشه‌وه‌ بۆ پاترا. له‌وێ كه‌شتییه‌كمان بینی ده‌چووه‌ پۆنیقێ، سواربووین و ڕۆیشتین. ئینجا سه‌ردانی قوبڕسمان كرد و به‌لای چه‌پدا به‌جێمان هێشت، به‌ره‌و سوریا ده‌چووین و گه‌یشتینه‌ سووڕ، چونكه‌ كه‌شتییه‌كه‌ باره‌كه‌ی له‌وێ داده‌گرت. له‌وێ قوتابییه‌كانمان بینی و حه‌وت ڕۆژ ماینه‌وه‌، به‌ ڕووح تكایان له‌ پۆڵۆس ده‌كرد سه‌رنه‌كه‌وێته‌ یروشلایم. به‌ڵام كاتێ ماوه‌مان ته‌واو بوو، ده‌رچووین و به‌ڕێكه‌وتین، هه‌موویان تاكو ده‌ره‌وه‌ی شار به‌ ژن و منداڵیانه‌وه‌ ڕه‌وانه‌یان كردین. له‌ كه‌ناره‌كه‌ چۆكمان دادا و نوێژمان كرد. پاشان ماڵئاواییمان له‌ یه‌كتری كرد و سواری كه‌شتییه‌كه‌ بووین، ئه‌وانیش گه‌ڕانه‌وه‌ ماڵه‌كانیان. كه‌ له‌ سووڕه‌وه‌ گه‌شتی نێو ده‌ریاكه‌مان كۆتایی پێ هات، گه‌یشتینه‌ ته‌لمیئوس، سڵاومان له‌ برایان كرد و ڕۆژێک له‌لایان ماینه‌وه‌. بۆ به‌یانی هاتینه‌ قه‌یسه‌ڕییه‌ و چووینه‌ ماڵی پیلیپوسی موژده‌ده‌ر، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ حه‌وته‌كه‌، له‌لای ماینه‌وه‌. ئه‌م چوار كچی پاكیزه‌ی هه‌بوو پێشبینییان ده‌كرد. كه‌ چه‌ندین ڕۆژ ماینه‌وه‌، پێغه‌مبه‌رێک به‌ ناوی ئاگابۆس له‌ ئیهوودوه‌ هات. هاته‌ لامان و پشتێنه‌كه‌ی پۆڵۆسی برد، ده‌ست و پێی خۆی به‌سته‌وه‌ و وتی: “ڕووحی پارسا ئه‌مه‌ ده‌فه‌رمووێ: خاوه‌نی ئه‌م پشتێنه‌، جووه‌كان ئاوا له‌ یروشلایم ده‌یبه‌ستنه‌وه‌ و ده‌یده‌نه‌ ده‌ست نه‌ته‌وه‌كان”. كاتێ ئه‌مه‌مان بیست، ئێمه‌ و دانیشتووانی ئه‌وێ، لێی پاڕاینه‌وه‌ نه‌چێته‌ یروشلایم. پۆڵۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “چیتانه‌، ده‌گریێن و دڵم ده‌شكێنن؟ ئاماده‌م نه‌ک ته‌نها به‌ند بكرێم، به‌ڵكو له‌پێناوی ناوی ئیشۆعی په‌روه‌ردگار له‌ یروشلایم بشمرم”. كه‌ قه‌ناعه‌تی نه‌هات، بێده‌نگ بووین و وتمان: “با به‌ خواستی په‌روه‌ردگار بێت”. دوای ئه‌و ڕۆژانه‌ ئاماده‌كاریمان كرد و سه‌ركه‌وتینه‌ یروشلایم. هه‌ندێک قوتابی قه‌یسه‌ڕییه‌ش له‌گه‌ڵمان هاتن و ئێمه‌یان برده‌ لای مه‌ناسۆن، كه‌ قوبڕسییه‌ و قوتابییه‌كی كۆنه‌، تاكو له‌لای بمێنینه‌وه‌. كاتێ گه‌یشتینه‌ یروشلایم، برایان به‌ خۆشییه‌وه‌ پێشوازییان لێكردین. ڕۆژێک دواتر پۆڵۆس له‌گه‌ڵمان هاته‌ لای یاقوو، هه‌موو پیرانیش ئاماده‌بوون. پۆڵۆس سڵاوی لێكردن و یه‌ک به‌ یه‌كی ئه‌وه‌ی پێ ڕاگه‌یاندن كه‌ خودا له‌نێو نه‌ته‌وه‌كاندا به‌هۆی ڕاژه‌كه‌ی كردی. كه‌ گوێیان لێبوو، خودایان شكۆدار كرد و پێیان وت: “برا تۆ ده‌بینیت به‌ هه‌زاران هه‌ن له‌نێو جووه‌كاندا باوه‌ڕیان هێناوه‌ و هه‌موو دڵگه‌رمی ته‌وراتن. وایان بیستووه‌ كه‌ تۆ هه‌موو ئه‌و جووانه‌ی له‌نێو نه‌ته‌وه‌كاندان فێری هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یان ده‌كه‌یت له‌ مووشێ و پێیان ده‌ڵێی كوڕانیان خروسه‌بڕان نه‌كه‌ن و به‌گوێره‌ی نه‌ریت نه‌ژین. كه‌واته‌ چی بكرێت؟ هه‌ر ده‌بێ جه‌ماوه‌ر كۆ ببنه‌وه‌، بێگومان ده‌بیستن كه‌ تۆ هاتوویت، جا ئه‌وه‌ بكه‌ كه‌ پێت ده‌ڵێین: چوار پیاومان له‌لایه‌ نه‌زریان له‌سه‌ره‌. بیانبه‌ و له‌گه‌ڵیان خۆت بێگه‌رد بكه‌وه‌ و نرخی سه‌رتاشینه‌كه‌یان بۆ بده‌، ئه‌وسا هه‌مووان ده‌زانن ئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی تۆ پێیان ووتراوه‌ ڕاست نییه‌، تۆش به‌ پاراستنی ته‌ورات ڕه‌فتار ده‌كه‌یت. ده‌رباره‌ی نه‌ته‌وه‌كانیش كه‌ باوه‌ڕیان هێناوه‌، په‌یامێكمان ناردووه‌ و فه‌رمانمان كرد خۆیان له‌ قوربانی بت و له‌ خوێن، له‌ خنكاو و له‌ داوێنپیسی بپارێزن”. بۆ به‌یانی پۆڵۆس پیاوه‌كانی برد و له‌گه‌ڵیان خۆی بێگه‌رد كرده‌وه‌، چووه‌ نێو په‌رستگا تاكو تێبینی بدات بۆ كۆتایی هاتنی ڕۆژانی بێگه‌ردبوونه‌وه‌، تاكو له‌ جیاتی هه‌ر یه‌كێكیان قوربانییه‌كه‌ی بكات. كاتێ خه‌ریک بوو حه‌وت ڕۆژه‌كه‌ ته‌واو بێت، جووه‌كانی ئاسیا له‌نێو په‌رستگا بینییان، هه‌موو كۆمه‌ڵه‌كه‌یان جۆش دا و گرتییان، هاواریان ده‌كرد: “پیاوانی ئیسڕائیل فریابكه‌ون! ئه‌مه‌ ئه‌و پیاوه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌موو شوێنێک دژ به‌ گه‌ل و ته‌ورات و ئه‌م شوێنه‌ هه‌موو خه‌ڵک فێرده‌كات، ته‌نانه‌ت یۆنانیشی هێناوته‌ په‌رستگا و ئه‌م شوێنه‌ پارسا‌یه‌ی گڵاو كرد!” چونكه‌ ترۆپیمۆسی خه‌ڵكی ئه‌پیسۆسییان له‌ شاره‌كه‌دا له‌گه‌ڵی بینیبوو، وایانزانی پۆڵۆس له‌گه‌ڵ خۆی هێناویه‌تییه‌ په‌رستگا. ئینجا هه‌موو شاره‌كه‌ وروژا، خه‌ڵكه‌كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ڕژان و پۆڵۆسیان گرت، ڕایانكێشایه‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌رستگا و یه‌كسه‌ر ده‌رگاكان داخران. كاتێ هه‌وڵی كوشتنیان ده‌دا، هه‌واڵ به‌ فه‌رمانده‌ی هێز درا كه‌ هه‌موو یروشلایم شڵه‌ژاوه‌. یه‌كسه‌ر سه‌رباز و سه‌رپه‌لی برد و ڕایكرده‌ لایان. كه‌ فه‌رمانده‌ و سه‌ربازه‌كانیان بینی له‌ لێدانی پۆڵۆس وه‌ستان. ئیتر فه‌رمانده‌كه‌ نزیكبووه‌وه‌ و گرتی، فه‌رمانی دا به‌ دوو زنجیر بیبه‌ستنه‌وه‌، ئینجا پرسی كرد ئاخۆ كێیه‌؟ و چی كردووه‌؟ به‌ڵام له‌نێو كۆمه‌ڵه‌كه‌ هه‌ندێک هاواری شتێكیان ده‌كرد و هه‌ندێک شتێكی دیكه‌. جا به‌هۆی ئاژاوه‌ نه‌یتوانی ڕاستییه‌كه‌ بزانێت، فه‌رمانی دا ببردرێته‌ سه‌ربازگه‌. كاتێ له‌سه‌ر قاڵدرمه‌كان بوو، له‌به‌ر تووندوتیژی كۆمه‌ڵه‌كه‌ سه‌رباز هه‌ڵیانگرت. چونكه‌ جه‌ماوه‌ری گه‌ل دوای كه‌وتبوون و هاواریان ده‌كرد: “له‌ ناوی ببه‌!”. خه‌ریک بوو پۆڵۆس بچێته‌ سه‌ربازگاكه‌، به‌ فه‌رمانده‌كه‌ی وت: “ده‌توانم شتێكت پێ بڵێم؟” وتی: “یۆنانی ده‌زانیت؟ تۆ پیاوه‌ میسڕییه‌كه‌ نیت ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر ئاژاوه‌یه‌كت نایه‌وه‌ و به‌ چوار هه‌زار بكوژه‌وه‌ به‌ره‌و بیابان ده‌رچوو؟” پۆڵۆس وتی: “من پیاوێكی جووی ته‌رسوسی قیلیقیام. داوات لێ ده‌كه‌م ڕێگام بده‌ی قسه‌ بۆ گه‌له‌كه‌ بكه‌م”. كه‌ ڕێگای دا، پۆڵۆس له‌سه‌ر قاڵدرمه‌كان ڕاوه‌ستا، به‌ ده‌ست ئاماژه‌ی بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ كرد. كاتێ بێده‌نگ بوون، به‌ زمانی عیبری قسه‌ی بۆ كردن و وتی: “برایان و باوكان، ئێستا گوێ له‌و به‌رگرییه‌ بگرن كه‌ له‌ خۆمی ده‌كه‌م”. كاتێ گوێیان لێبوو به‌ زمانی عیبری قسه‌یان بۆ ده‌كات زیاتر بێده‌نگ بوون. ئه‌ویش وتی: “من جووم، له‌ ته‌رسوسی قیلیقیا له‌دایكبووم، به‌ڵام له‌م شاره‌دا گه‌وره‌ بووم، له‌به‌رده‌ستی گه‌ملیئێل به‌ توندی به‌گوێره‌ی ته‌وراتی باوكانمان فێركراوم. زۆر دڵگه‌رم بووم بۆ خودا، وه‌ک هه‌مووتان ئه‌مڕۆ. تاكو مردن ئه‌م ڕێگایه‌م چه‌وسانده‌وه‌، ژن و پیاوم ده‌گرت و ڕاده‌ستی زیندانم ده‌كردن، وه‌كو كاهینی باڵا و هه‌موو پیران گه‌واهیم بۆ ده‌ده‌ن. په‌یامم بۆ برایانی دره‌مسوق له‌وان وه‌رگرت، چووم تاكو ئه‌وانه‌ی ئه‌وێش به‌ به‌ندكراوی بهێنمه‌ یروشلایم تاكو سزا بدرێن. ئه‌وه‌بوو كاتێ ده‌ڕۆیشتم و له‌ نیوه‌ڕۆدا له‌ دره‌مسوق نزیک ده‌بوومه‌وه‌، له‌ناكاو له‌ ئاسمانه‌وه‌ ڕووناكییه‌كی مه‌زن له‌ ده‌وروبه‌رم دره‌وشایه‌وه‌. كه‌وتمه‌ سه‌ر زه‌وی و گوێم له‌ ده‌نگێک بوو پێی فه‌رمووم: شاوول! شاوول! بۆچی ده‌مچه‌وسێنیته‌وه‌؟ وه‌ڵامم دایه‌وه‌: گه‌وره‌م، تۆ كێی؟ پێی فه‌رمووم: من ئیشۆعی ناسڕه‌تیم، ئه‌وه‌ی تۆ ده‌یچه‌وسێنیته‌وه‌. هاوڵانم ڕووناكییه‌كه‌یان بینی و ترسیان لێ نیشت، به‌ڵام له‌و ده‌نگه‌ تێنه‌گه‌یشتن كه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵم ده‌كرد. وتم: ئه‌ی په‌روه‌ردگار، چی بكه‌م؟ په‌روه‌ردگار پێی فه‌رمووم: هه‌سته‌ بڕۆ دره‌مسوق، له‌وێ هه‌موو ئه‌وه‌ی بۆت دانراوه‌ بیكه‌یت، پێت ده‌ووترێ. جا له‌به‌ر هێزی ڕووناكییه‌كه‌ نه‌مده‌بینی، ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵم بوون ده‌ستیان گرتم و هێنامیانه‌ دره‌مسوق. پیاوێک به‌ ناوی خنه‌نیا، به‌گوێره‌ی ته‌ورات له‌خواترس بوو، هه‌موو جووی ئه‌وێ گه‌واهییان بۆ ده‌دا. هاته‌ لام، وه‌ستا و پێی وتم: شاوولی برام، ببینه‌! یه‌كسه‌ر ئه‌وم بینی. ئینجا وتی: خودای باوكانمان هه‌ڵیبژاردووی تاكو خواستی بزانیت، هه‌روه‌ها بێتاوانه‌كه‌ ببینیت و گوێت له‌ وشه‌ی زاری ئه‌و بێت. چونكه‌ تۆ بۆ هه‌موو خه‌ڵک ده‌بیته‌ گه‌واهیده‌ری ئه‌و، به‌وه‌ی بینیت و بیستت. ئێستا بۆ خۆت دواده‌خه‌یت؟ هه‌سته‌ عه‌ماد بكه‌ و به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ بانگه‌واز بكه‌ و گوناهه‌كانت بشۆره‌وه‌. ئه‌وه‌بوو كه‌ بۆ یروشلایم گه‌ڕابوومه‌وه‌ و له‌ په‌رستگا نوێژم ده‌كرد، له‌هۆشی خۆم چووم، په‌روه‌ردگارم بینی و پێی فه‌رمووم: خێراكه‌! به‌ په‌له‌ له‌ یروشلایم بڕۆ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ گه‌واهییه‌كه‌ت كه‌ سه‌باره‌ت به‌ منه‌ وه‌ریناگرن. منیش وتم: په‌روه‌ردگار، خۆیان ده‌زانن له‌ هه‌موو كه‌نیشته‌كان ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ تۆ هه‌بوو، ده‌مگرتن و لێم ده‌دان. كاتێ خوێنی ئستیفانۆسی گه‌واهیده‌ری تۆ ڕژا، من ڕاوه‌ستابووم، ڕازی بووم و پارێزگاریم له‌ جلوبه‌رگی بكوژانی ده‌كرد. پێی فه‌رمووم: بڕۆ! بۆ دوور ده‌تنێرم، بۆ نه‌ته‌وه‌كان”. تاكو ئه‌م وشه‌یه‌ گوێیان لێی ده‌گرت، ئینجا ده‌نگیان به‌رز كرده‌وه‌ و وتیان: “له‌سه‌ر ڕووی زه‌وی مه‌یهێڵه‌! چونكه‌ ئه‌مه‌ شایانی ژیان نییه‌!” ئینجا هاواریان كرد و جله‌كانی خۆیان فڕێده‌دا و خۆڵیان به‌ هه‌وادا ده‌كرد. فه‌رمانده‌كه‌ فه‌رمانی دا بۆ سه‌ربازگه‌ ببردرێت و له‌ ژێر قامچی لێی بكۆڵنه‌وه‌، تاكو بزانێت بۆچی ئاوا هاواریان لێی ده‌كرد. كاتێ به‌ستایانه‌وه‌ تاكو به‌ قامچی لێی بده‌ن، پۆڵۆس به‌ سه‌رپه‌له‌كه‌ی وت كه‌ له‌وێ وه‌ستا بوو: “یاساییه‌ بۆتان پێش دادگاییكردنی كه‌سێكی ڕۆمانی به‌ر قامچی بده‌ن؟” كاتێ سه‌رپه‌له‌كه‌ گوێی لێبوو، چووه‌ لای فه‌رمانده‌كه‌، هه‌واڵی پێدا و وتی: “ئه‌وه‌ به‌ته‌مای چیت! ئه‌م پیاوه‌ ڕۆمانییه‌!” فه‌رمانده‌كه‌ش هات و پێی وت: “پێم بڵێ، تۆ ڕۆمانیت؟” وتی: “به‌ڵێ”. فه‌رمانده‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “به‌ پاره‌یه‌كی زۆر ئه‌م هاوڵاتیبوونه‌م وه‌رگرت”. پۆڵۆس وتی: “به‌ڵام من به‌ زگماک هاوڵاتیم”. ئه‌وانه‌ی به‌ته‌مابوون لێی بكۆڵنه‌وه‌ یه‌كسه‌ر لێی دووركه‌وتنه‌وه‌، فه‌رمانده‌كه‌ش كه‌ زانی ڕۆمانییه‌ و وا كۆتی كردووه‌، ترسا. بۆ به‌یانی ویستی به‌ ته‌واوی بزانێت بۆچی جووه‌كان سكاڵای لێده‌كه‌ن، ئازادی كرد و فه‌رمانی دا كاهینانی باڵا و هه‌موو سه‌نهه‌دریم كۆببنه‌وه‌، پۆڵۆسی بانگكرد و له‌به‌رده‌میاندا ڕایگرت. پۆڵۆس ڕووانییه‌ سه‌نهه‌دریم و وتی: “برایان، تاكو ئه‌مڕۆ به‌ ته‌واوی ویژدانێكی پاک بۆ خودا ژیاوم”. خنه‌نیای كاهینی باڵا فه‌رمانی به‌وانه‌ دا كه‌ له‌لای ڕاوه‌ستابوون تاكو به‌ ده‌میدا بكێشن. پۆڵۆس پێی وت: “خودا لێت بدات، ئه‌ی دیواری سپیكراو! چۆن دانیشتووی به‌گوێره‌ی ته‌ورات حوكمم ده‌ده‌یت، كه‌چی پێچه‌وانه‌ی ته‌ورات فه‌رمانی لێدانم ده‌ده‌یت؟” ئه‌وانه‌ی له‌لای ڕاوه‌ستابوون وتیان: “ئایا جنێو به‌ كاهینی باڵای خودا ده‌ده‌یت؟” پۆڵۆس وتی: “برایان نه‌مده‌زانی كاهینی باڵایه‌، چونكه‌ نووسراوه‌: {به‌ خراپه‌ باسی سه‌ركرده‌یه‌كی گه‌له‌كه‌ت مه‌كه‌} ”. پۆڵۆس ده‌یزانی به‌شێک زادوقین و به‌شێک په‌ڕیشی، له‌ سه‌نهه‌دریمدا هاواری كرد: “برایان، من په‌ڕیشی كوڕی په‌ڕیشیم. له‌به‌ر هیوام به‌ هه‌ستانه‌وه‌ی مردووان وا حوكم ده‌درێم”. كه‌ ئه‌مه‌ی وت، ناكۆكی كه‌وته‌ نێوان په‌ڕیشی و زادوقییه‌كان و كۆمه‌ڵه‌كه‌ش دابه‌ش بوو. چونكه‌ زادوقییه‌كان ده‌ڵێن هه‌ستانه‌وه‌ و فریشته‌ و ڕووح نین، به‌ڵام په‌ڕیشییه‌كان دان به‌ هه‌موو ئه‌مانه‌دا ده‌نێن. ئینجا هاوار به‌رزبووه‌وه‌، هه‌ندێک ته‌وراتزانه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی په‌ڕیشییه‌كان هه‌ستان و به‌ توندی ده‌مه‌قاڵه‌یان ده‌كرد و ده‌یانووت: “تاوان له‌م پیاوه‌دا نابینین! مه‌گه‌ر ڕووحێک یان فریشته‌ له‌گه‌ڵیدا دووابێت، ئێمه‌ دژ به‌ خودا ناجه‌نگین”. كاتێ ناكۆكییه‌كه‌ په‌ره‌ی سه‌ند، فه‌رمانده‌كه‌ ترسا پۆڵۆس پارچه‌ بكه‌ن، جا فه‌رمانی به‌ سه‌ربازه‌كان دا دابه‌زن، له‌نێوانیاندا بیڕفێنن و بیبه‌نه‌وه‌ سه‌ربازگه‌. بۆ شه‌وی پاشتر، په‌روه‌ردگار له‌لای ڕاوه‌ستا و فه‌رمووی: “متمانه‌ت هه‌بێت پۆڵۆس! چونكه‌ وه‌ک له‌ یروشلایم گه‌واهیت بۆ دام، ده‌بێ له‌ ڕۆماش ئاوا گه‌واهیی بده‌یت”. كاتێ خۆرهه‌ڵات جووه‌كان پیلانیان كێشا، سوێندیان خوارد و وتیان كه‌ نه‌ بخۆن و نه‌ بخۆنه‌وه‌ تاكو پۆڵۆس ده‌كوژن. ئه‌وانه‌ی ئه‌م پیلانه‌یان كێشا له‌ چل زیاتر بوون. چوونه‌ لای كاهینانی باڵا و پیران، وتیان: “سوێندمان خواردووه‌ تامی هیچ نه‌كه‌ین تاكو پۆڵۆس ده‌كوژین. ئێستاش ئێوه‌ و سه‌نهه‌دریم به‌ فه‌رمانده‌كه‌ ڕابگه‌یه‌نن، به‌ڵكو بۆ لاتان بینێرێت، وه‌ک بتانه‌وێت وردتر له‌ بابه‌ته‌كه‌ی بكۆڵنه‌وه‌. ئێمه‌ش، پێش نزیک كه‌وتنه‌وه‌ی، ئاماده‌ین بۆ كوشتنی”. به‌ڵام خوشكه‌زاكه‌ی پۆڵۆس به‌ بۆسه‌كه‌ی بیست، هاته‌ سه‌ربازگه‌ و هه‌واڵی دایه‌ پۆڵۆس. جا پۆڵۆس سه‌رپه‌لێكی بانگكرد و وتی: “ئه‌م گه‌نجه‌ ببه‌ لای فه‌رمانده‌كه‌، چونكه‌ هه‌واڵێكی پێیه‌ بیداتێ”. ئه‌ویش بردییه‌ لای فه‌رمانده‌كه‌. وتی: “پۆڵۆسی به‌ندكراو بانگی كردم و داوای لێكردم ئه‌م گه‌نجه‌ بهێنمه‌ لات، شتێكی هه‌یه‌ پێتی بڵێت”. فه‌رمانده‌كه‌ش ده‌ستی گرت و به‌ ته‌نها بردییه‌ ئه‌و لاوه‌، لێی پرسی: “چیت هه‌یه‌ پێمی بڵێی؟” وتی: “جووه‌كان ڕێككه‌وتوون داوات لێ بكه‌ن كه‌ سبه‌ینێ پۆڵۆس بنێریته‌ سه‌نهه‌دریم، وه‌ک بیانه‌وێت وردتر لێی بكۆڵنه‌وه‌. بۆیه‌ مه‌چووه‌ سه‌ر ڕای ئه‌وان، چونكه‌ زیاتر له‌ چل پیاویان له‌ بۆسه‌ دان بۆی، سوێندیان خواردووه‌ نه‌خۆن و نه‌خۆنه‌وه‌ تاكو ده‌یكوژن. ئێستا ئاماده‌ن و چاوه‌ڕێی به‌ڵێنی تۆن‌”. فه‌رمانده‌كه‌ گه‌نجه‌كه‌ی به‌ڕێكرد و ڕایسپارد: “به‌ كه‌س نه‌ڵێیت كه‌ ئه‌مه‌ت به‌ من وتووه‌”. ئینجا دووان له‌ سه‌رپه‌له‌كانی بانگكرد و وتی: “دووسه‌د سه‌رباز له‌گه‌ڵ حه‌فتا سوار و دووسه‌د ڕم هه‌ڵگر ئاماده‌ بكه‌ن، تاكو له‌ كاژێر سێی شه‌و بچنه‌ قه‌یسه‌ڕییه‌. هه‌روه‌ها وڵاخ ئاماده‌ بكرێ تاكو پۆڵۆس سواری بێت و به‌ سه‌لامه‌تی بیگه‌یێننه‌ لای پیلیكسی فه‌رمانڕه‌وا”. په‌یامێكی نووسی ئه‌مه‌ی تێدابوو: “له‌ قله‌ودییوس لیسیاس بۆ به‌ڕێز فیلیكسی فه‌رمانڕه‌وا، سڵاو. ئه‌م پیاوه‌، جوو گرتییان و خه‌ریک بوو بیكوژن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ سه‌ربازان چووم و ڕزگارم كرد، چونكه‌ بیستم كه‌ ڕۆمانییه‌. ده‌مویست بزانم به‌ چی تاوانباری ده‌كه‌ن، بردمه‌ سه‌نهه‌دریمه‌كه‌یان. بینیم له‌به‌ر كاروباری ته‌وراته‌كه‌یان تاوانبار كراوه‌، به‌ڵام تاوانێكی له‌سه‌ر نه‌بوو كه‌ شایانی مه‌رگ یان به‌ندكردن بێت. دواتر زانیمه‌وه‌ پیلانێک له‌لایه‌ن جووه‌كانه‌وه‌ له‌م پیاوه‌ ده‌كرێت، یه‌كسه‌ر بۆ لای تۆم نارد، فه‌رمانم به‌ سكاڵاكاران كرد چییان له‌سه‌ری هه‌یه‌ له‌لای تۆ باسی بكه‌ن. هه‌ر سه‌لامه‌ت بیت”. جا سه‌ربازان وه‌ک فه‌رمانیان پێ كرابوو، پۆڵۆسیان برد و به‌ شه‌و بۆ ئه‌نتیپاتریسیان هێنا. بۆ به‌یانی سواره‌كانیان له‌گه‌ڵ نارد و خۆیان بۆ سه‌ربازگه‌ گه‌ڕانه‌وه‌. سواره‌كانیش چوونه‌ قه‌یسه‌ڕییه‌ و په‌یامه‌كه‌یان دایه‌ فه‌رمانڕه‌وا و پۆڵۆسیان برده‌ به‌رده‌می. كاتێ فه‌رمانڕه‌وا په‌یامه‌كه‌ی خوێندییه‌وه‌ و پرسی خه‌ڵكی چ ناوچه‌یه‌كه‌. زانی خه‌ڵكی قیلیقیایه‌، وتی: “كه‌ی سكاڵاكاران گه‌یشتن، گوێت لێ ده‌گرم”. ئینجا فه‌رمانی دا له‌ كۆشكی هیڕوودس پاسه‌وانی بكرێت. پاش پێنج ڕۆژ خنه‌نیای كاهینی باڵا و هه‌ندێ پیر و پارێزه‌رێک به‌ ناوی ته‌رتولۆس هاتن، له‌لای فه‌رمانڕه‌وا سكاڵایان له‌ پۆڵۆس كرد. كاتێ بانگیان كرد، ته‌رتولۆس ده‌ستی به‌ سكاڵاكه‌ كرد و وتی: “فیلیكسی پایه‌ به‌رز، به‌هۆی دووربینیت وا له‌ ئاشتییه‌كی زۆرداین و ئه‌م گه‌له‌ چاكسازیی بۆ ده‌كرێت، له‌ هه‌موو كات و هه‌موو شوێنێک به‌ سوپاسه‌وه‌ به‌مه‌ ده‌زانین. به‌ڵام تاكو زیاتر ماندووت نه‌كه‌م، داواكارم به‌ نیانیی خۆت، به‌ كورتی گوێمان لێ بگریت. ئێمه‌ بینیمان ئه‌م پیاوه‌ گێره‌شێوێنه‌ و له‌نێو هه‌موو جووی سه‌راپای جیهاندا ئاژاوه‌ ده‌نێته‌وه‌، پێشه‌وای ڕێبازی ناسڕه‌تییه‌كانه‌. هه‌وڵی دا په‌رستگا گڵاو بكات و ئێمه‌ش گرتمان. ویستمان به‌گوێره‌ی ته‌وراتی خۆمان حوكمی بده‌ین. به‌ڵام لیسیاسی فه‌رمانده‌ هات و به‌ زه‌بری هێز له‌ ده‌ستی سه‌ندین و فه‌رمانی به‌ سكاڵاكارانی كرد بێنه‌ لات. جا ئه‌گه‌ر لێی بكۆڵیته‌وه‌، هه‌ر له‌ خۆی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ ده‌زانیت كه‌ سكاڵای له‌و لێ ده‌كه‌ین”. جووش لایه‌نگرییان كرد و وتیان: “شته‌كان وایه‌”. كه‌ فه‌رمانڕه‌وا ئاماژه‌ی بۆ كرد قسه‌ بكات، پۆڵۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “ده‌زانم ساڵانێكی زۆره‌ تۆ دادوه‌ری ئه‌م گه‌له‌یت، بۆیه‌ به‌ خۆشییه‌وه‌ به‌رگری له‌ خۆم ده‌كه‌م. ده‌توانیت دڵنیابیت، دوازده‌ ڕۆژ تێپه‌ڕی نه‌كردووه‌، كه‌ بۆ كڕنۆشبردن سه‌ركه‌وتوومه‌ته‌ یروشلایم. نه‌ له‌ په‌رستگا منیان بینیوه‌ مشتومڕ له‌گه‌ڵ یه‌كێک بكه‌م و نه‌ گه‌لم وروژاندووه‌، نه‌ له‌ كه‌نیشته‌كان و نه‌ له‌ هیچ شوێنێكی ئه‌م شاره‌. ناشتوانن ئه‌و شتانه‌ بسه‌لمێنن كه‌ ئێستا پێی سكاڵام لێ ده‌كه‌ن. به‌ڵام ئه‌مه‌ بۆ تۆ ده‌دركێنم: به‌گوێره‌ی ئه‌و ڕێگایه‌ی پێی ده‌ڵێن ڕێباز، ئاوا خودای باوكانم ده‌په‌رستم، باوه‌ڕم هه‌یه‌ به‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی ته‌وراته‌ و له‌ پێغه‌مبه‌راندا نووسراوه‌. هیوام به‌ خودایه‌ له‌وه‌ی خۆیان چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ن، كه‌ هه‌ستانه‌وه‌ ده‌بێت، بۆ خوداناسان و خراپه‌كارانیش. بۆیه‌ خۆم ڕاده‌هێنم تاكو هه‌میشه‌ ویژدانێكی پاكم به‌رامبه‌ر خودا و خه‌ڵک هه‌بێت. دوای ساڵانێكی زۆر گه‌ڕامه‌وه‌ تاكو پیتاک بۆ گه‌له‌كه‌م بهێنم و قوربانی بكه‌م. له‌مه‌ منیان بینی له‌ په‌رستگادا خۆم بێگه‌رد كردبووه‌وه‌، به‌ڵام نه‌ له‌نێو كۆمه‌ڵێک و نه‌ له‌نێو ئاژاوه‌. به‌ڵام هه‌ندێک جووی ئاسیا، ده‌بووایه‌ بهاتبوونایه‌ لات و سكاڵا بكه‌ن، ئه‌گه‌ر شتێكیان له‌سه‌رم هه‌بووایه‌. یان با خۆیان بڵێن چ تاوانێكیان له‌ من دۆزییه‌وه‌، كاتێ له‌به‌رده‌م سه‌نهه‌دریمدا ڕاوه‌ستام، جگه‌ له‌م ڕاگه‌یاندنه‌ كاتێ له‌نێویان ڕاوه‌ستابووم هاوارم كرد: سه‌باره‌ت به‌ هه‌ستانه‌وه‌ی مردووانه‌ ئه‌مڕۆ ئێوه‌ حوكمم ده‌ده‌ن!”. پیلیكسیش دوایخستن، كه‌ وردتری ده‌رباره‌ی ڕێگاكه‌ ده‌زانی، وتی: “كه‌ لیسیاسی فه‌رمانده‌ هات، ئه‌وا بڕیار له‌ بابه‌ته‌كانی ئێوه‌ ده‌ده‌م”. ئینجا فه‌رمانی به‌ سه‌رپه‌له‌كه‌ دا كه‌ چاودێریی پۆڵۆس بكرێت و هه‌ندێک سه‌ربه‌ستیی هه‌بێت، كه‌سیش ڕێگا له‌ هاوڕێیه‌كانی نه‌گرێت بێن بۆ ڕاژه‌كردنی. پاش چه‌ند ڕۆژێک پیلیكس و دروشیلای ژنی هاتن، كه‌ جوو بوو، پۆڵۆسی بانگكرد و له‌باره‌ی باوه‌ڕ به‌ مه‌سیح گوێی لێ گرت. ده‌رباه‌ری خوداناسی و خۆڕاگرتن و حوكمدانی داهاتوو ده‌دووا، پیلیكس ترسا و وتی: “ئێستا بڕۆ. كه‌ی كاتم هه‌بوو بانگت ده‌كه‌م”. به‌ هیواش بوو كه‌ پۆڵۆس پاره‌ی بداتێ بۆ ئه‌وه‌ی ئازادی بكات، بۆیه‌ به‌رده‌وام بانگی ده‌كرد و قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرد. دوو ساڵ تێپه‌ڕی و پوركیۆس پستۆس شوێنی پیلیكسی گرته‌وه‌. به‌ڵام ده‌یویست ڕه‌زامه‌ندی جوو به‌ده‌ستبهێنێت، پیلیكس پۆڵۆسی له‌ زیندان هێشته‌وه‌. كاتێ پستۆس گه‌یشته‌ هه‌رێمه‌كه‌، دوای سێ ڕۆژ له‌ قه‌یسه‌ڕییه‌وه‌ سه‌ركه‌وته‌ یروشلایم. كاهینانی باڵا و ڕابه‌رانی جوو سكاڵایان دژ به‌ پۆڵۆس كرد و لێی پاڕانه‌وه‌، تكایان لێكرد چاكه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ بكات به‌وه‌ی بینێرێته‌ یروشلایم. چونكه‌ له‌سه‌ر ڕێگا بۆسه‌یان بۆ نابووه‌وه‌ تاكو بیكوژن. پستۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌ كه‌ پۆڵۆس له‌ قه‌یسه‌ڕییه‌ پاسه‌وانیی لێ بكرێت، به‌ خۆی به‌ته‌مایه‌ زوو به‌ڕێبكه‌وێت. ئینجا وتی: “با گه‌وره‌ پیاوانتان له‌گه‌ڵم بێن، ئه‌گه‌ر پیاوه‌كه‌ خراپه‌یه‌كی هه‌یه‌، با سكاڵای لێ بكه‌ن”. دوای هه‌شت تاكو ده‌ ڕۆژ له‌گه‌ڵیان مایه‌وه‌، چووه‌ قه‌یسه‌ڕییه‌. بۆ به‌یانی له‌سه‌ر ته‌ختی دادوه‌ری دانیشت، فه‌رمانی دا پۆڵۆس بهێنن. كاتێ ئاماده‌بوو، ئه‌و جووانه‌ی له‌ یروشلایم هاتبوون لێی كۆبوونه‌وه‌، تاوانی زۆر و ترسناكیان خسته‌ پاڵی، به‌ڵام نه‌یانتوانی بیسه‌لمێنن. ئه‌وسا پۆڵۆس به‌رگری له‌ خۆی كرد: “نه‌ دژی ته‌وراتی جوو و نه‌ دژی په‌رستگا و نه‌ دژی قه‌یسه‌ڕ گوناهم نه‌كردووه‌”. به‌ڵام پستۆس ده‌یویست چاكه‌ له‌گه‌ڵ جووه‌كاندا بكات، له‌ پۆڵۆسی پرسی: “ده‌ته‌وێ سه‌ربكه‌ویته‌ یروشلایم و له‌وێ سه‌باره‌ت به‌م شتانه‌ دادگاییت بكه‌م؟” پۆڵۆس وتی: “له‌به‌رده‌م ته‌ختی دادوه‌ری قه‌یسه‌ڕ وه‌ستاوم، ده‌بێت لێره‌ش دادگایی بكرێم. من سته‌مم له‌ جوو نه‌كردووه‌، خۆشت باش ده‌زانیت. چونكه‌ ئه‌گه‌ر تاوانبار بم یان شتێكم كردبێت شایانی سزای مه‌رگ بێت، ئه‌وا له‌ مه‌رگ ڕامنه‌ده‌كرد. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و شتانه‌ی كه‌ ئه‌مانه‌ سكاڵام لێ ده‌كه‌ن ڕاست نه‌بێت، ئه‌وا كه‌س ناتوانێت بمداته‌ ده‌ستیان. من داواكه‌م ده‌ده‌مه‌ قه‌یسه‌ڕ!” ئینجا پستۆس له‌گه‌ڵ ڕاوێژكاران قسه‌ی كرد و وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “داواكه‌ت درایه‌ قه‌یسه‌ڕ، ده‌چیته‌ لای قه‌یسه‌ڕ!”. دوای چه‌ند ڕۆژێک شا ئه‌گریپاس و به‌رنیكی هاتنه‌ قه‌یسه‌ڕییه‌ تاكو سڵاو له‌ پستۆس بكه‌ن. كاتێ چه‌ند ڕۆژێكیان له‌وێ به‌سه‌ربرد، پستۆس بابه‌تی پۆڵۆسی خسته‌ به‌رده‌م پاشا، وتی: “پیاوێک لێره‌یه‌ پیلیكس به‌ گیراوی به‌جێیهێشت. كاتێ چوومه‌ یروشلایم، كاهینانی باڵا و پیرانی جوو داوایان خسته‌ پێشم تاكو تاوانبار بكرێت. جا پێم وتن نه‌ریتی ڕۆمانییه‌كان نییه‌ پێش ڕووبه‌ڕووكردنه‌وه‌ی سكاڵا لێكراو و سكاڵاكاران كه‌سێک به‌ده‌سته‌وه‌ بده‌ن، تاكو ده‌رفه‌تی به‌رگری له‌ دژی سكاڵاكه‌ هه‌بێت. كاتێ لێره‌ كۆبوونه‌وه‌، خێرا بۆ به‌یانییه‌كه‌ی له‌سه‌ر ته‌ختی دادوه‌ری دانیشتم، فه‌رمانم دا پیاوه‌كه‌ بهێنن. كاتێ سكاڵاكاران له‌ده‌وروبه‌ری وه‌ستان، تاوانێكی وایان نه‌هێنا له‌وه‌ی بیرم بۆی ده‌چوو، به‌ڵكو مشتومڕیان له‌سه‌ر هه‌ندێک بابه‌ت هه‌بوو تایبه‌ت به‌ ئایینیان و ده‌رباره‌ی پیاوێكی مردوو به‌ ناوی ئیشۆعه‌ كه‌ پۆڵۆس ده‌ڵێت زیندووه‌. كاتێ به‌گومان بووم چۆن لێكۆڵینه‌وه‌ له‌م شتانه‌ بكه‌م، وتم: له‌وانه‌یه‌ حه‌ز بكات بچێته‌ یروشلایم و له‌وێ ده‌رباره‌ی ئه‌م شتانه‌ دادگایی بكرێت. به‌ڵام كاتێ پۆڵۆس داواكارییه‌كه‌ی به‌رزكرده‌وه‌ كه‌ بۆ بڕیاری قه‌یسه‌ڕ بهێڵدرێته‌وه‌، فه‌رمانم دا بیهێڵنه‌وه‌ تاكو بۆ قه‌یسه‌ڕی ده‌نێرم”. ئه‌گریپاس به‌ پستۆسی وت: “حه‌زم ده‌كرد خۆم گوێم له‌م پیاوه‌ بگرتایه‌”. وتی: “سبه‌ینێ گوێت لێی ده‌بێت”. بۆ سبه‌ینێ ئه‌گریپاس و به‌رنیكی به‌ ئاهه‌نگێكی گه‌وره‌وه‌ هاتن، له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ و پیاوماقوڵانی شار هاتنه‌ هۆڵی گوێگرتن، پستۆس فه‌رمانی دا و پۆڵۆس هێنرا. پستۆس وتی: “شا ئه‌گریپاس و هه‌موو ئاماده‌بووانی له‌گه‌ڵمان دان: ئێوه‌ ئه‌م پیاوه‌ی ده‌یبینن، هه‌موو گه‌لی جوو له‌ یروشلایم و لێره‌ لێم پاڕانه‌وه‌، هاواریان ده‌كرد كه‌ نابێت چیتر بژیێت. به‌ڵام من بۆم ده‌ركه‌وت هیچی نه‌كردووه‌ شایانی مه‌رگ بێت، به‌ڵام خۆی داواكارییه‌كه‌ی دایه‌ قه‌یسه‌ڕ، بڕیارم دا بینێرم. ده‌رباره‌ی ئه‌مه‌ شتێكم نییه‌ به‌ دڵنیایی بۆ گه‌وره‌مان بینووسم، بۆیه‌ هێنامه‌ به‌رده‌متان، به‌ تایبه‌تی به‌رده‌می تۆ، شا ئه‌گریپاس، تاكو كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ كرا، شتێكم هه‌بێت بینووسم. چونكه‌ به‌لای منه‌وه‌ شیاو نییه‌ گیراوێک بنێرم بێ دیاریكردنی ئه‌و تاوانه‌ی له‌ ئه‌ستۆیه‌تی”. ئه‌گریپاس به‌ پۆڵۆسی وت: “ڕێگات دراوه‌تێ باسی خۆت بكه‌یت”. ئینجا پۆڵۆس ده‌ستی درێژكرد و به‌رگری كرد: “شا ئه‌گریپاس، خۆم به‌ به‌خته‌وه‌ر ده‌زانم كه‌ ئه‌مڕۆ له‌به‌رده‌م تۆ به‌رگری له‌ خۆم بكه‌م، سه‌باره‌ت به‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی جوو منیان پێ تۆمه‌تبار كردووه‌، به‌ تایبه‌تی تۆ له‌ هه‌موو نه‌ریت و كێشه‌ی جوو شاره‌زایت، بۆیه‌ لێت ده‌پاڕێمه‌وه‌ به‌ بشوودرێژی گوێم لێ بگریت. شێوازی ژیانم له‌ لاویه‌تیم و له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌نێو نه‌ته‌وه‌كه‌م و له‌ یروشلایم بووه‌، هه‌موو جووه‌كانیش ده‌یزانن. له‌سه‌ره‌تاوه‌ منیان ناسیوه‌، ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت گه‌واهیی بده‌ن كه‌وا وه‌ک په‌ڕیشی ژیاوم، كه‌ توندترین ڕێبازی ئایینه‌كه‌مانه‌. ئێستاش له‌سه‌ر ئه‌و هیوایه‌ ڕاوه‌ستاوم و دادگایی ده‌كرێم كه‌ به‌و به‌ڵێنانه‌یه‌ خودا به‌ باوكانمانی داوه‌، ئه‌وه‌ی دوازده‌ هۆزه‌كه‌مان شه‌و و ڕۆژ به‌ په‌رۆشه‌وه‌ خواپه‌رستی ده‌كه‌ن، به‌ هیوای ده‌ستكه‌وتنی. ئه‌ی پاشا، له‌به‌ر ئه‌م هیوایه‌ جوو دادگاییم ده‌كه‌ن. بۆچی ئێوه‌ بڕوا ناكه‌ن كه‌ خودا مردووان هه‌ڵده‌ستێنیته‌وه‌؟ من خۆم پێم وابوو كه‌ پێویسته‌ زۆر شت دژی ناوی ئیشۆعی ناسڕه‌تی بكه‌م. له‌ یروشلایمیش ئه‌وه‌م كرد، ده‌سه‌ڵاتم له‌ كاهینانی باڵا وه‌رگرت و زۆر له‌ پارساكانم خسته‌ زیندان، بۆ كوشتنیان ده‌نگم ده‌دا. له‌ هه‌موو كه‌نیشته‌كاندا زۆر جار سزام ده‌دان تاكو ناچاریان بكه‌م كفر بكه‌ن. ئه‌وه‌نده‌ لێیان به‌ كینه‌ بووم ته‌نانه‌ت له‌ شاره‌كانی ده‌ره‌وه‌ش ده‌مچه‌وساندنه‌وه‌. له‌وه‌دا به‌ ده‌سه‌ڵات و ڕاسپارده‌ی كاهینانی باڵا چوومه‌ دره‌مسوق. جا ئه‌ی پاشا، له‌ نیوه‌ڕۆدا به‌ ڕێگاوه‌ ڕووناكییه‌كم له‌ ئاسمانه‌وه‌ بینی، دره‌وشاوه‌تر له‌ تیشكدانه‌وه‌ی خۆر، ده‌وروبه‌ری من و هاوڵانمی ڕووناک كرده‌وه‌. كاتێ هه‌موومان كه‌وتینه‌ سه‌ر زه‌وی. گوێم له‌ ده‌نگێک بوو به‌ زمانی عیبری پێی فه‌رمووم: شاوول، شاوول، بۆچی ده‌مچه‌وسێنیته‌وه‌؟ بۆت زه‌حمه‌ته‌ لوشكه‌ له‌ نه‌قیزه‌ من بده‌یت. منیش وتم: تۆ كێیت گه‌وره‌م؟ فه‌رمووی: من ئیشۆعم، ئه‌وه‌ی تۆ ده‌یچه‌وسێنیته‌وه‌. به‌ڵام هه‌سته‌ و له‌سه‌ر پێیه‌كانت ڕاوه‌سته‌. چونكه‌ له‌به‌ر ئه‌مه‌ بۆت ده‌ركه‌وتم، تاكو وه‌ک ڕاژه‌وان و گه‌واهیده‌ر هه‌ڵتبژێرم بۆ ئه‌وه‌ی بینیت و ئه‌وه‌ی تیایدا بۆت ده‌رده‌كه‌وم. ڕزگارت ده‌كه‌م له‌و گه‌ل و له‌و نه‌ته‌وانه‌ی تۆیان بۆ ده‌نێرم بۆئه‌وه‌ی چاویان بكه‌یته‌وه‌، تاكو له‌ تاریكی بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ڕووناكی، له‌ ده‌سه‌ڵاتی شه‌یتان بۆ خودا، ئه‌وسا به‌ باوه‌ڕیان به‌ من لێخۆشبوونی گوناه‌ وه‌رده‌گرن و له‌گه‌ڵ پارساكان به‌شیان ده‌بێت. له‌وساوه‌ سه‌رپێچی بینینی ئاسمانیم نه‌كردووه‌، ئه‌ی شا ئه‌گریپاس، به‌ڵكو یه‌كه‌مجار بۆ دانیشتووانی دره‌مسوق و یروشلایم ڕامگه‌یاند، تاكو هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌كانی ئیهوود، ئینجا نه‌ته‌وه‌كانیش تۆبه‌ بكه‌ن و بۆ خودا بگه‌ڕێنه‌وه‌، كردارێک بكه‌ن له‌ تۆبه‌كردن بوه‌شێته‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌مه‌ جووه‌كان له‌ په‌رستگادا منیان گرت و هه‌وڵیان دا بمكوژن. به‌ڵام له‌ خوداوه‌ یارمه‌تیم ده‌ستكه‌وت و تاكو ئه‌مڕۆ وه‌ستاوم، گه‌واهیی بۆ گه‌وره‌ و بچووک ده‌ده‌م. ته‌نها ئه‌مه‌ ده‌ڵێم كه‌ پێغه‌مبه‌ران و مووشێ ده‌رباه‌ری ئه‌وه‌ی خه‌ریكه‌ ڕووده‌دات وتوویانه‌، كه‌ مه‌سیحه‌كه‌ ئازار بچێژێت، یه‌كه‌می هه‌ستانه‌وه‌ی مردووان بێت، خه‌ریكه‌ ڕووناكی بۆ گه‌له‌كه‌ و نه‌ته‌وه‌كان ڕابگه‌یه‌نێت”. كاتێ پۆڵۆس به‌م قسانه‌ به‌رگریی ده‌كرد، پستۆس به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواری كرد: “پۆڵۆس تۆ وڕینه‌ ده‌كه‌یت! زۆری په‌رتووكه‌كان واده‌كات وڕینه‌ بكه‌یت!” پۆڵۆس وتی: “پستۆسی پایه‌ به‌رز، وڕینه‌ ناكه‌م، به‌ڵكو قسه‌ی ڕاست و شیاو ده‌كه‌م. چونكه‌ ئه‌م پاشایه‌ی ئازادانه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م، ئه‌م شتانه‌ ده‌زانێت، بڕوا ناكه‌م هیچ له‌مانه‌ له‌لای شاراوه‌ بێت، چونكه‌ له‌ سووچێک نه‌كراوه‌. ئه‌گریپاسی پاشا، باوه‌ڕت به‌ پێغه‌مبه‌ران هه‌یه‌؟ من ده‌زانم باوه‌ڕت هه‌یه‌”. ئه‌گریپاس به‌ پۆڵۆسی وت: “ده‌ته‌وێت به‌م كاته‌ كه‌مه‌ قه‌ناعه‌تم پێ بهێنی ببمه‌ مه‌سیحی؟” پۆڵۆس وتی: “كاتی كه‌م یان زۆر، له‌ خودا ده‌پاڕامه‌وه‌ نه‌ک ته‌نها تۆ، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ گوێم لێ ده‌گرن وه‌ک منتان لێ بێت، به‌ڵام بێ ئه‌م زنجیرانه‌”. كاتی ئه‌مه‌ی وت، پاشا و فه‌رمانڕه‌وا و به‌رنیكی و ئاماده‌بووان هه‌ستان، ڕۆیشتن و به‌ یه‌كتریان وت: “ئه‌م كابرایه‌ شتێكی نه‌كردووه‌ شایانی مه‌رگ یان كۆتكردن بێت”. ئه‌گریپاس به‌ پستۆسی وت: “ئه‌گه‌ر ئه‌م كابرایه‌ داواكارییه‌كه‌ی نه‌دابووایه‌ قه‌یسه‌ڕ، ده‌كرا ئازاد بكرایه‌”. كاتێک بڕیار درا به‌ ده‌ریادا بۆ ئیتالیا بڕۆین، پۆڵۆس و هه‌ندێک به‌ندكراوی دیكه‌ درانه‌ ده‌ست سه‌رپه‌لێک له‌ سوپای قه‌یسه‌ڕ ناوی یولیۆس بوو. سواری كه‌شتییه‌كی ئه‌دره‌منتۆسی بووین، كه‌ به‌ته‌مابوو به‌ چه‌ند شوێنێكی ئاسیادا بڕوات، جا به‌ڕێكه‌وتین. ئه‌ریسته‌رخۆسی ماقیدۆنیمان له‌گه‌ڵ‌بوو، خه‌ڵكی تسلۆنیقێ. بۆ به‌یانی گه‌یشتینه‌ سه‌یده‌ن. یولیۆس له‌گه‌ڵ پۆڵۆس باش بوو، ڕێگای دا بچێته‌ لای براده‌رانی تاكو پێویستییه‌كانی دابین بكه‌ن. ئینجا له‌وێوه‌ به‌ڕێكه‌وتین و به‌ په‌نای قوبڕسدا ڕۆیشتین، چونكه‌ با پێچه‌وانه‌ بوو. كه‌ ئه‌و ده‌ریایه‌مان بڕی، ئه‌وه‌ی له‌ ته‌نیشت قیلیقیا و په‌مپۆلیایه‌، له‌ میرای لوقیا دابه‌زین. له‌وێ سه‌رپه‌له‌كه‌ كه‌شتییه‌كی بینی كه‌ ئه‌سكه‌نده‌ری بوو ده‌چووه‌ ئیتالیا، سواری كردین. كه‌شتییه‌كه‌ ڕۆژانێكی زۆر به‌ هێواشی ده‌ڕۆیشت و به‌ زه‌حمه‌ت له‌ قنیدۆس نزیک كه‌وتینه‌وه‌، باكه‌ نه‌یهێشت زیاتر بڕۆین، به‌ په‌نای قرێتێدا و له‌ به‌رامبه‌ر سه‌له‌مۆنا ڕۆیشتین. به‌ ڕه‌نجكێشان تێپه‌ڕمان كرد و گه‌یشتینه‌ شوێنێک پێی ده‌ووترێ به‌نده‌ره‌ باشه‌كان، كه‌ شاری له‌سائیه‌ نزیكییه‌تی. كاتێ ماوه‌یه‌كی درێژ به‌سه‌ر چوو و گه‌شتكردنی ده‌ریا ترسناک بوو، چونكه‌ ڕۆژووگرتنیش به‌سه‌رچوو بوو. پۆڵۆس ئاگاداری كردنه‌وه‌ و وتی: “كوڕینه‌، من ده‌بینم گه‌شته‌كه‌ به‌ تێكشكان و زیانێكی گه‌وره‌وه‌ ده‌بێت، نه‌ک ته‌نها بۆ كه‌شتی و باره‌كه‌ی، به‌ڵكو بۆ ژیانیشمان”. به‌ڵام سه‌رپه‌له‌كه‌ لایه‌نگری كه‌شتیوان و خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌كرد، زیاتر له‌ قسه‌ی پۆڵۆس. چونكه‌ به‌نده‌ره‌كه‌ بۆ به‌سه‌ربردنی زستان باش نه‌بوو، زۆربه‌یان بڕیاریان دا ئه‌وێش به‌جێبهێڵن، به‌ هیوای ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ فینكس تاكو زستانی تێدا به‌سه‌رببه‌ن، كه‌ به‌نده‌رێكی قرێتێ بوو ڕووه‌و باشووری خۆرهه‌ڵات و باكووری خۆرئاوا. كه‌ شنه‌بای باشوور هه‌ڵیكرد، وایانزانی به‌ مرازیان گه‌یشتن، له‌نگه‌ریان به‌رزكرده‌وه‌ و به‌ نزیک كه‌ناری قرێتێدا تێده‌په‌ڕین. به‌ڵام دوای كه‌مێک گه‌رده‌لوولێک هه‌ڵیكرد، پێی ده‌ووترا ئهورۆكلیدۆن. كه‌ كه‌شتییه‌كه‌ی گرته‌وه‌ و نه‌یتوانی ڕووبه‌ڕووی بێته‌وه‌، خۆمان به‌ده‌سته‌وه‌ دا و هاژووراین. به‌ره‌و په‌نای دوورگه‌یه‌ک چووین ناوی كله‌ودی بوو، به‌ زه‌حمه‌ت توانیمان كه‌شتیی ڕزگاربوون بخه‌ینه‌ ژێر ڕكێفمانه‌وه‌. كاتێ به‌رزیان كرده‌وه‌، گوریسیان بۆ به‌ستنه‌وه‌ی كه‌شتییه‌كه‌ به‌كارهێنا. ده‌ترسان بكه‌ونه‌ نێو ته‌نكاوی سیرتیس، ئیتر چارۆگه‌كانیان دابه‌زاند و ئاوا هاژووراین. بۆ سبه‌ینێ ڕه‌شه‌باكه‌ توند بوو، ده‌ستیان به‌ سووككردنی باره‌كه‌ كرد. له‌ ڕۆژی سێیه‌مدا به‌ ده‌ستی خۆمان كه‌لوپه‌لی كه‌شتییه‌كه‌مان فڕێدا. ڕۆژانێكی زۆر نه‌ خۆرمان بینی و نه‌ ئه‌ستێره‌، ڕه‌شه‌باكه‌ به‌هێزتر ده‌بوو، له‌ كۆتاییدا هه‌موو هیوایه‌كی ڕزگاربوونمان بڕا. كاتێ ماوه‌یه‌كی زۆر بوو نانیان نه‌خواردبوو، پۆڵۆس له‌ناوه‌ڕاستیان ڕاوه‌ستا و وتی: “كوڕینه‌، ده‌بووایه‌ گوێتان له‌ من بگرتایه‌ و قرێتێتان به‌جێ نه‌هێشتایه‌، ئه‌وسا له‌م تێكشكان و زیانه‌ دوور ده‌بوون. ئێستاش ئاگادارتان ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ دڵخۆش بن، چونكه‌ كه‌ستان ژیانی له‌ده‌ست نادات، كه‌شتییه‌كه‌ نه‌بێت. چونكه‌ ئه‌مشه‌و فریشته‌ی ئه‌و خوداوه‌نده‌ی كه‌ من هی ئه‌وم و ده‌یپه‌رستم هاته‌ لام، فه‌رمووی: پۆڵۆس مه‌ترسه‌! ده‌بێت تۆ له‌به‌رده‌م قه‌یسه‌ڕ ڕاوه‌ستیت و ئه‌وه‌تا خودا ژیانی هه‌موو ئه‌وانه‌ت ده‌داتێ كه‌ له‌گه‌ڵت گه‌شت ده‌كه‌ن. كه‌واته‌ كوڕینه‌، دڵخۆش بن. چونكه‌ باوه‌ڕم به‌ خودا هه‌یه‌ كه‌ ئاوا ده‌بێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی پێم وتراوه‌. به‌ڵام ده‌بێت بكه‌وینه‌ سه‌ر دوورگه‌یه‌ک”. له‌ شه‌وی چوارده‌یه‌میندا كه‌ هێشتا له‌ ده‌ریای هدرییوس وێڵ بووین و ده‌هاژووراین، له‌ نیوه‌ شه‌ودا كه‌شتیوانان وایانزانی له‌ وشكایی نزیک ده‌بنه‌وه‌. كه‌ پێوایان بینییان بیست باڵایه‌. كه‌مێک ڕۆیشتن و پێوایانه‌وه‌ بینییان پازده‌ باڵایه‌. ده‌ترسان نه‌وه‌ک بكه‌ونه‌ سه‌ر به‌رد، له‌ پشته‌وه‌ چوار له‌نگه‌ریان شۆڕكرده‌وه‌ و ده‌پاڕانه‌وه‌ تاكو ڕۆژ هه‌ڵبێت. كه‌شتیوانان هه‌وڵیان دا له‌ كه‌شتییه‌كه‌ هه‌ڵبێن، كه‌شتیی ڕزگاربوونیان بۆ ده‌ریا شۆڕكرده‌وه‌ به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێ چه‌ند له‌نگه‌رێک بهاوێنه‌ پێشه‌وه‌. پۆڵۆس به‌ سه‌رپه‌ل و سه‌ربازه‌كانی وت: “ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ له‌ كه‌شتییه‌كه‌دا نه‌مێننه‌وه‌، ئه‌وا ئێوه‌ ڕزگارتان نابێت”. ئه‌وسا سه‌ربازه‌كان گوریسی كه‌شتیه‌كه‌یان بڕی و هێشتیان بكه‌وێت. كاتێ خه‌ریک بوو ڕۆژ هه‌ڵده‌هات، پۆڵۆس تكای له‌ هه‌مووان كرد نان بخۆن، وتی: “ئه‌مه‌ ڕۆژی چوارده‌یه‌مینه‌ و ئێوه‌ چاوه‌ڕوان و به‌رده‌وامن بێ ئه‌وه‌ی هیچ بخۆن و هیچ وه‌ربگرن. بۆیه‌ تكاتان لێ ده‌كه‌م نان بخۆن، چونكه‌ ئه‌مه‌ بۆ ڕزگاربوونتانه‌. كه‌ستان تاڵێكی سه‌ری ناكه‌وێت”. كه‌ ئه‌مه‌ی وت، نانێكی هه‌ڵگرت و له‌به‌رده‌م هه‌مووان سوپاسی خودای كرد، ئینجا له‌تیكرد و ده‌ستی به‌ خواردن كرد. ئیتر هه‌موو دڵیان خۆش بوو و ئه‌وانیش نانیان برد. ئه‌وانه‌ی نێو كه‌شتییه‌كه‌ هه‌موومان دوو سه‌د و حه‌فتا و شه‌ش كه‌س بووین. كه‌ تێر نانیان خوارد، به‌ فڕێدانی گه‌نمه‌كان بۆ نێو ده‌ریا كه‌شتییه‌كه‌یان سووككرد. كاتێ ڕۆژ‌بووه‌وه‌، وشكاییه‌كه‌یان نه‌ده‌ناسی، به‌ڵام كه‌نداوێكیان بینی كه‌ناری هه‌بوو، ده‌یانویست ئه‌گه‌ر بتوانن كه‌شتییه‌كه‌ به‌ره‌و ئه‌وێ ببه‌ن. ئینجا له‌نگه‌ره‌كانیان پساند و له‌ ده‌ریادا به‌جێیان هێشتن، له‌ هه‌مان كات گوریسی سه‌وڵه‌كانی ئاراسته‌كردنیان شل كرد و چارۆگه‌یان بۆ با هه‌ڵكردووه‌كه‌ هه‌ڵدا، به‌ره‌و كه‌ناره‌كه‌ ڕۆیشتن. به‌ڵام كه‌وته‌ ته‌نكاو و كه‌شتییه‌كه‌یان به‌ره‌و وشكایی برد، كه‌ پێشه‌كه‌ی گیربوو و نه‌جووڵا، له‌به‌ر توندی شه‌پۆڵ پشته‌وه‌ی تێكده‌شكا. پلانی سه‌ربازه‌كان ئه‌وه‌بوو كه‌ به‌ندكراوان بكوژن نه‌وه‌ک كه‌سیان مه‌له‌ بكات و هه‌ڵبێت. به‌ڵام سه‌رپه‌له‌كه‌ ده‌یویست پۆڵۆس ڕزگار بكات، پلانه‌كه‌ی ڕاگرتن، فه‌رمانی دا ئه‌وانه‌ی ده‌توانن مه‌له‌ بكه‌ن با یه‌كه‌مجار ئه‌وان خۆیان فڕێده‌ن و بگه‌نه‌ وشكایی. ئه‌وانی دیكه‌ش هه‌ندێكیان به‌ ته‌خته‌ و هه‌ندێكیان به‌ پارچه‌كانی كه‌شتییه‌كه‌. ئیتر هه‌موو به‌ سه‌لامه‌تی گه‌یشتنه‌ وشكایی. كه‌ ڕزگاریان بوو زانییان كه‌ ئه‌و دوورگه‌یه‌ پێی ده‌ووترێ میلیتایه‌. دانیشتووانه‌كه‌ی كه‌ به‌ربه‌ری بوون چاكه‌یه‌كی له‌ ڕادده‌به‌ده‌ریان له‌گه‌ڵ كردین، چونكه‌ ئاگریان بۆ كردینه‌وه‌ و پێشوازییان له‌ هه‌موومان كرد، له‌به‌ر ئه‌و باران و سه‌رمایه‌ی لێیدابووین. پۆڵۆس چیلكه‌ی زۆری كۆكرده‌وه‌ و خستییه‌ ئاگره‌كه‌، مارێک له‌به‌ر گه‌رماییه‌كه‌ ده‌رپه‌ڕی و خۆی به‌ ده‌ستیه‌وه‌ هه‌ڵواسی. كاتێ به‌ربه‌ریه‌كان ماره‌كه‌یان بینی خۆی به‌ ده‌ستیه‌وه‌ هه‌ڵواسی بوو، به‌ یه‌كتریان وت: “دیاره‌ ئه‌م كابرایه‌ بكوژه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ ده‌ریا ڕزگاری بوو، دادپه‌روه‌ری نه‌یهێشت بژیێت”. ماره‌كه‌ی ڕاوه‌شانده‌ نێو ئاگره‌كه‌ و تووشی هیچ زیانێک نه‌بوو. ئه‌وانیش چاوه‌ڕێیان ده‌كرد بئاوسێت یان له‌ناكاو به‌ مردوویی بكه‌وێت. به‌ڵام زۆر چاوه‌ڕێیان كرد و بینییان هیچ زیانێكی لێ نه‌كه‌وت، ئه‌وسا بیروڕایان گۆڕی و وتیان: “ئه‌مه‌ خوداوه‌ندێكه‌!”. ده‌وروبه‌ری ئه‌و شوێنه‌ زه‌وی وزاری پیاوگه‌وره‌ی دوورگه‌كه‌ بوو كه‌ ناوی پۆپلیۆسه‌، ئه‌و پێشوازی لێكردین و سێ ڕۆژ به‌ خۆشییه‌وه‌ میوانداری كردین. وا ڕێككه‌وت باوكی پۆپلیۆس كه‌وتبوو، تا و سكچوونی لێبوو. پۆڵۆس چووه‌ لای و نوێژی كرد، ده‌ستی له‌سه‌ر دانا و چاكیكرده‌وه‌. كاتێ ئه‌مه‌ ڕوویدا، نه‌خۆشه‌كانی دیكه‌ی دوورگه‌كه‌ ده‌هاتن و چاک ده‌بوونه‌وه‌، ئیتر به‌ زۆر شێوه‌ ڕێزیان گرتین، له‌ به‌ڕێكه‌وتن هه‌رچی پێویستی بوو دابینیان كرد. دوای سێ مانگ به‌ كه‌شتییه‌كی ئه‌سكه‌نده‌ری به‌ڕێكه‌وتین، كه‌ زستانی له‌ دوورگه‌كه‌ به‌سه‌ربردبوو، نیشانه‌ی دووانه‌ی له‌سه‌ر بوو. كاتێ له‌ سه‌ره‌قۆسه‌ دابه‌زین سێ ڕۆژ ماینه‌وه‌. ئینجا له‌وێ ڕۆیشتین و گه‌یشتینه‌ ڕیگییۆن. دوای یه‌ک ڕۆژ بای باشوور هه‌ڵیكرد، له‌ ڕۆژی دووه‌مدا هاتینه‌ پوتیئلوس. له‌وێ برایانمان بینی، داوایان لێكردین حه‌فت ڕۆژ بمێنینه‌وه‌. ئاوا هاتینه‌ ڕۆما. له‌وێوه‌ كه‌ برایان هه‌واڵی ئێمه‌یان بیست، تاكو گۆڕه‌پانی ئاپیۆس سێ خانه‌كه‌ هاتنه‌ پیشوازیمان. كاتێ پۆڵۆس بینییانی سوپاسی خودای كرد و وره‌ی به‌رزبووه‌وه‌. كاتێ گه‌یشتینه‌ ڕۆما، سه‌رپه‌له‌كه‌ به‌ندكراوانی سپارده‌ سه‌رۆكی سه‌ربازگه‌كه‌، به‌ڵام ڕێگا به‌ پۆڵۆس درا به‌ ته‌نها له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌ربازه‌ی پاسه‌وانی ده‌كرد نیشته‌جێ بێت. دوای سێ ڕۆژ پۆڵۆس پێشه‌وایانی جووی بانگكرد، كاتێ كۆبوونه‌وه‌ پێی وتن: “برایان، هه‌رچه‌نده‌ هیچم له‌ دژی گه‌له‌كه‌مان و نه‌ریتی باوكان نه‌كردووه‌، له‌ یروشلایم گیرام و درامه‌ ده‌ستی ڕۆمانییه‌كان. لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵم كرد ویستیان ئازادم بكه‌ن، چونكه‌ هۆیه‌كیان بۆ كوشتنم نه‌دۆزییه‌وه‌. به‌ڵام كاتێ جوو ناڕازی بوون، منیش ناچار بووم داواكارییه‌كه‌م بده‌مه‌ قه‌یسه‌ڕ نه‌ک وه‌ک شتێكم هه‌بێت سكاڵا له‌ نه‌ته‌وه‌كه‌م بكه‌م. له‌به‌ر ئه‌وه‌ داوام كرد بتانبینم و قسه‌تان له‌گه‌ڵ بكه‌م، چونكه‌ له‌ پێناوی هیوای ئیسڕائیل ئه‌م زنجیره‌م پێوه‌یه‌”. پێیان وت: “ده‌رباره‌ی تۆ په‌یاممان له‌ ئیهوودوه‌ وه‌رنه‌گرتووه‌، كه‌سیش له‌ برایان نه‌هاتووه‌ تاكو ده‌رباره‌ی تۆ هه‌واڵمان بداتێ یان به‌ خراپه‌ باست بكات. به‌ڵام پێمان خۆشه‌ گوێمان لێت بێت تۆ چۆنی ده‌بینیت، چونكه‌ سه‌باره‌ت به‌م ڕێبازه‌ ده‌زانین له‌ هه‌موو شوێنێک به‌ربه‌ره‌كانێی ده‌كرێت”. ڕۆژێكیان بۆ دیاریكرد و زۆر كه‌س هاتنه‌ خانه‌كه‌ی. ئه‌ویش له‌ به‌یانییه‌وه‌ تاكو ئێواره‌ بۆیانی ڕوون ده‌كرده‌وه‌ و گه‌واهیی بۆ پاشایه‌تی خودا ده‌دا، هه‌وڵی ده‌دا به‌ ته‌وراتی مووشێ و سیپاره‌ی پێغه‌مبه‌ران ده‌رباره‌ی ئیشۆع قه‌ناعه‌تیان پێ بهێنێت. جا هه‌ندێكیان به‌و قسانه‌ی قه‌ناعه‌تیان پێ هات، هه‌ندێكیش باوه‌ڕیان نه‌كرد. ئینجا به‌ جیاوازی بیروڕاوه‌ ئه‌وێیان به‌جێهێشت كه‌ پۆڵۆس قسه‌یه‌كی بۆ كردن: “ڕووحی پارسا به‌هۆی ئێشه‌عیا پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ ڕاستی به‌ باوباپیرانتان فه‌رمووه‌: {بڕۆ لای ئه‌م گه‌له‌ و پێی بڵێ: بیستن ده‌بیستن، به‌ڵام تێناگه‌ن، سه‌یركردن سه‌یر ده‌كه‌ن، به‌ڵام نابینن، چونكه‌ دڵی ئه‌م گه‌له‌ ڕه‌ق بووه‌، گوێیان گران بووه‌، چاویان نوقاندووه‌، نه‌وه‌ک به‌ چاویان ببینن وبه‌ گوێیان ببیستن، به‌ دڵیان تێبگه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه‌، منیش چاكیان بكه‌مه‌وه‌}. با له‌لاتان زانراو بێت، ڕزگاریی خودا بۆ نه‌ته‌وه‌كان نێردرا، ئه‌وانیش گوێ ده‌گرن!”. كاتێ ئه‌مه‌ی وت، جوو ڕۆیشتن و ده‌مه‌قاڵێیه‌كی زۆریان هه‌بوو. پۆڵۆس دوو ساڵی ته‌واو له‌و ماڵه‌ی به‌ كرێی گرتبوو مایه‌وه‌، پێشوازی له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌كرد كه‌ ده‌هاتنه‌ لای، به‌وپه‌ڕی ئاشكرایی و بێ لاریبوون پاشایه‌تیی خودای ڕاده‌گه‌یاند و ده‌رباه‌ری ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگار خه‌ڵكی فێرده‌كرد. پۆڵۆس، به‌نده‌ی ئیشۆعی مه‌سیح، په‌یامبه‌ری بانگكراو و ته‌رخانكراو بۆ ئینجیلی خودا، كه‌ پێشتر له‌ سیپاره‌ پارسا‌كاندا به‌هۆی پێغه‌مبه‌ره‌كان به‌ڵێنی دابوو، سه‌باره‌ت به‌ ڕۆڵه‌كه‌ی كه‌ به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ له‌ نه‌وه‌ی داوید په‌یدابوو، هه‌روه‌ها به‌گوێره‌ی ڕووحی پارسایێتی به‌ هێزه‌وه‌ ڕۆڵه‌ی خودا دیاری كرا، به‌ هه‌ستانه‌وه‌ی له‌نێو مردووان، ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان. به‌خشش و په‌یاممان به‌هۆی ئه‌و و له‌پێناوی ناویه‌وه‌ وه‌رگرت، بۆ گوێڕایه‌ڵی باوه‌ڕ له‌نێوان هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان، ئه‌وانه‌ی ئێوه‌ش له‌نێویاندا بانگكراوانی ئیشۆعی مه‌سیحن. بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی خۆشه‌ویستی خودان و له‌ ڕۆمادان، بانگكراون تا پارسا بن: به‌خشش و ئاشتی له‌ خودای باوكمان و ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ بۆ ئێوه‌. سه‌ره‌تا، له‌ پێناوی هه‌مووتان به‌ ئیشۆعی مه‌سیح سوپاسی خودام ده‌كه‌م، چونكه‌ باوه‌ڕتان له‌ هه‌موو جیهاندا بڵاو ده‌كرێته‌وه‌. چونكه‌ خودا، ئه‌وه‌ی به‌ ڕووحم ده‌یپه‌رستم له‌ موژده‌ی ڕۆڵه‌كه‌یدا، گه‌واهیده‌ری منه‌ چۆن بێ بڕانه‌وه‌ یادتان ده‌كه‌م و هه‌میشه‌ له‌ نوێژه‌كانمدا ده‌پاڕێمه‌وه‌، كه‌ ئێستا به‌ خواستی خودا بۆم ڕێک بكه‌وێت بێمه‌ لاتان. چونكه‌ تامه‌زرۆی بینینی ئێوه‌م تاكو بۆ جێگیربوونتان به‌خشینی ڕووحیتان بده‌مێ، واتا له‌نێوانتاندا به‌ باوه‌ڕمان دڵنه‌وایی یه‌كتر بكه‌ین، باوه‌ڕی من و باوه‌ڕی ئێوه‌. برایان، نامه‌وێ له‌لاتان شاراوه‌ بێت كه‌ زۆر جار به‌ته‌مابووم بێمه‌ لاتان، تاكو له‌نێو ئێوه‌شدا به‌رهه‌مم هه‌بێت، وه‌ک له‌نێو نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌، به‌ڵام تا ئێستا ڕێم لێ گیرابوو. من قه‌رزاری یۆنانی و به‌ربه‌ریم، دانا و نه‌زان. به‌م شێوه‌یه‌ به‌ په‌رۆشم موژده‌تان بده‌مێ، ئێوه‌ كه‌ له‌ ڕۆمادان. چونكه‌ شه‌رمم به‌ ئینجیلی مه‌سیح نییه‌، چونكه‌ هێزی خودایه‌ بۆ ڕزگاربوونی هه‌موو ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕ ده‌هێنن، یه‌كه‌مجار بۆ جوو ئینجا بۆ یۆنانی. چونكه‌ تیایدا بێتاوانكردن له‌ خوداوه‌ ئاشكرا كراوه‌، هه‌ر له‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ تا پایان به‌ باوه‌ڕه‌، وه‌ک نووسراوه‌: {خوداناس به‌ باوه‌ڕ ده‌ژیێت}. چونكه‌ تووڕه‌یی خودا له‌ ئاسمانه‌وه‌ ئاشكرایه‌، دژی هه‌موو خودانه‌ناسی و تاوانی خه‌ڵک، ئه‌وانه‌ی به‌ تاوان ڕه‌وا داده‌پۆشن. چونكه‌ ناسینی خودا تێیاندا دیاره‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خودا بۆی ده‌رخستوون. چونكه‌ شته‌ نه‌بینراوه‌كان، توانا جاویدانی و خودایه‌تییه‌كه‌ی، له‌ به‌دیهێنانی جیهانه‌وه‌ به‌هۆی دروستكراوان دركی پێ كراوه‌ و به‌ ڕوونی بینراوه‌، بۆیه‌ بێ بیانوون. چونكه‌ كه‌ خودایان ناسی، وه‌ک خوداوه‌ندێک شكۆداریان نه‌كرد و سوپاسیان نه‌كرد، به‌ڵكو له‌ بیركردنه‌وه‌یان پووچه‌ڵ بوون و دڵه‌ گێله‌كانیان تاریک بوو. هه‌رچه‌نده‌ خۆیان به‌ دانا ده‌زانن، بوونه‌ گێل، شكۆی خودای نه‌مریان گۆڕیه‌وه‌، به‌ شێوه‌ی په‌یكه‌ر‌ی مرۆڤی له‌ناوچوو و باڵنده‌ و چوارپێ و خشۆک. بۆیه‌ خودا به‌ هه‌وه‌سی دڵیان دایانیه‌ ده‌ست گڵاوییه‌وه‌، تاكو له‌نێو خۆیاندا سووكایه‌تی به‌ له‌شی خۆیان بكه‌ن. ئه‌وانه‌ی كه‌ ڕه‌وای خودایان به‌ درۆ گۆڕییه‌وه‌ و ئافریده‌یان په‌رست و ڕاژه‌یان كرد له‌ جیاتی ئافرێنه‌ر، ئه‌وه‌ی تاهه‌تایه‌ پیرۆزه‌. ئامین. له‌به‌ر ئه‌وه‌ خودا دایانیه‌ ده‌ست هه‌وه‌سه‌ سووكه‌كان. چونكه‌ ژنه‌كانیان جووتبوونی سروشتییان به‌ ناسروشتی گۆڕییه‌وه‌. پیاوانیش وازیان له‌ جووتبوونی سروشتی ژنیان هێنا و گڕیان گرت له‌ هه‌وه‌س بۆ یه‌كتری. پیاو له‌گه‌ڵ پیاو به‌دڕه‌وشتی ده‌كه‌ن، جا سزای ته‌واوی گومڕابوونیان له‌ خۆیاندا وه‌رگرت. كه‌ ناسینی خودایان له‌لا په‌سه‌ند نه‌بوو، ئیتر خودا دایانیه‌ ده‌ست هزرێكی ڕه‌تكراو، تاكو ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ ناشێت. پڕبوون له‌ هه‌موو تاوان و داوێنپیسی و به‌دكاری و چڵێسی و به‌دڕه‌وشتی، پڕن له‌ ئیره‌یی و كوشتن و دژایه‌تی و فێڵبازی و خراپه‌كاری، غه‌یبه‌تكارن، بوختانكه‌رن، ڕقیان له‌ خودایه‌، شه‌ڕفرۆشن، لووتبه‌رزن، خۆهه‌ڵكێشن، داهێنه‌ری به‌دكارین، گوێڕایه‌ڵی دایک و باوک نین، بێ مێشكن، بێ به‌ڵێن، بێ سۆز و بێ به‌زه‌یین. ده‌شزانن حوكمی خودا بۆ ئه‌وانه‌ی ئه‌م شتانه‌ ده‌كه‌ن شایسته‌ی مه‌رگه‌، نه‌ک ته‌نها ده‌یكه‌ن، به‌ڵكو دڵخۆشن به‌وانه‌ی كه‌ ده‌یكه‌ن. بۆیه‌ تۆ بێ بیانوویت ئه‌ی مرۆڤ، ئه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی حوكم ده‌ده‌یت، چونكه‌ به‌وه‌ی خه‌ڵكی پێ حوكم ده‌ده‌یت، خۆت تاوانبار ده‌كه‌یت، چونكه‌ تۆ كه‌ حوكم ده‌ده‌یت، خۆشت هه‌مان شت ده‌كه‌یت! ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ حوكمی خودا ڕه‌وایه‌ به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی ئه‌م شتانه‌ ده‌كه‌ن. ئایا ئه‌ی مرۆڤ، كه‌ حوكم ده‌ده‌یته‌ سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی وا ئه‌م شتانه‌ ده‌كه‌ن و خۆشت هه‌مان شت ده‌كه‌یت، وا ده‌زانیت له‌ حوكمی خودا ده‌رباز ده‌بیت؟ یان گاڵته‌ت به‌ ده‌وڵه‌مه‌ندیی نیانی و نه‌رمی و پشوودرێژییه‌كه‌ی دێت؟ نازانیت نیانیی خودا به‌ره‌و تۆبه‌كردنت ده‌بات؟ به‌ڵام له‌به‌ر توندی و دڵی تۆبه‌ نه‌كردووت، له‌ ڕۆژی تووڕه‌یی و ئاشكراكردنی حوكمی دادپه‌روه‌رانه‌ی خودا، تووڕه‌یی بۆ خۆت كۆده‌كه‌یته‌وه‌، ئه‌وه‌ی پاداشتی هه‌ر یه‌كێک به‌گوێره‌ی كرداره‌كانی ده‌داته‌وه‌. ژیانی جاویدانیش بۆ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ به‌ دانبه‌خۆداگرتنه‌وه‌ له‌ كاری چاكه‌دا داوای شكۆ و ڕێز و نه‌مری ده‌كه‌ن. به‌ڵام ڕق و تووڕه‌یی بۆ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ داوای خۆپه‌رستی ده‌كه‌ن و ملكه‌چی ڕه‌وا نابن، به‌ڵكو بۆ ناڕه‌وایی ملكه‌چ ده‌بن. ناخۆشی و ته‌نگانه‌ بۆ هه‌ر مرۆڤێكه‌ كه‌ خراپه‌ ده‌كات: یه‌كه‌مجار بۆ جوو ئینجا یۆنانی. شكۆ و ڕێز و ئاشتی بۆ هه‌موو چاكه‌كارێكه‌: یه‌كه‌مجار بۆ جوو ئینجا یۆنانی. چونكه‌ خودا جوداخوازی ناكات. هه‌موو ئه‌وانه‌ی ته‌وراتیان نییه‌ و گوناهیان كرد، بێ ته‌ورات له‌ناوده‌چن، هه‌موو ئه‌وانه‌ش ته‌وراتیان هه‌یه‌ و گوناهیان كرد، به‌ ته‌ورات حوكم ده‌درێن. چونكه‌ نه‌ک ئه‌وانه‌ی ته‌ورات ده‌بیستن له‌لای خودا بێتاوانن، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ی كار به‌ ته‌ورات ده‌كه‌ن، بێتاوان ده‌كرێن. چونكه‌ ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی ته‌وراتیان نییه‌، كاتێ به‌ سروشت ته‌وراتیان په‌یڕه‌و كرد، ئه‌وانه‌ بۆ خۆیان ته‌وراتن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ته‌وراتیان نییه‌. ئه‌وانه‌ كاری ته‌ورات ده‌رده‌خه‌ن كه‌ له‌ دڵیاندا نووسراوه‌، ویژدان و بیریان له‌نێویاندا گه‌واهیی ده‌ده‌ن، یان سكاڵایان لێ ده‌كات یان به‌رگرییان لێده‌كات، له‌و ڕۆژه‌دا كاتێ خودا نهێنییه‌كانی خه‌ڵک به‌هۆی ئینجیله‌كه‌م له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا حوكم ده‌دات. ئه‌وه‌تا تۆ به‌ جوو ناو ده‌بردرێیت و پشت به‌ ته‌ورات ده‌به‌ستیت و شانازی به‌ خودا ده‌كه‌یت، خواستی ئه‌و ده‌زانیت، چی باشترینه‌ جیای ده‌كه‌یته‌وه‌، چونكه‌ له‌ ته‌ورات فێربوویت، دڵنیایت كه‌ ڕێبه‌ری كوێره‌كانی و ڕووناكیت بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ تاریكیدان، ته‌مبێكاری نه‌زانان و ڕابیی منداڵانیت و له‌ ته‌وراتدا وێنه‌ی زانین و ڕه‌وات هه‌یه‌ جا تۆ كه‌ خه‌ڵكی دیكه‌ فێر ده‌كه‌یت، بۆچی خۆت فێر ناكه‌یت؟ كه‌ بانگه‌واز ده‌كه‌یت دزی نه‌كرێت، بۆچی خۆت دزی ده‌كه‌یت؟ كه‌ ده‌ڵێی داوێنپیسی نه‌كرێت، بۆچی خۆت داوێنپیسی ده‌كه‌یت؟ كه‌ ڕقت له‌ بت ده‌بێته‌وه‌، بۆچی په‌رستگاكان تاڵان ده‌كه‌یت؟ كه‌ شانازی به‌ ته‌ورات ده‌كه‌یت، بۆچی به‌ سه‌رپێچیكردنی ته‌ورات سووكایه‌تی به‌ خودا ده‌كه‌یت؟ وه‌ک نووسراوه‌: {به‌هۆی ئێوه‌وه‌ له‌ نێو نه‌ته‌وه‌كاندا كفر به‌ ناوی خودا ده‌كرێت}. چونكه‌ خروسه‌بڕان سوودی ده‌بێت ئه‌گه‌ر ته‌ورات په‌یڕه‌و بكه‌یت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌رپێچیكاری ته‌ورات بیت، ئه‌وا خروسه‌بڕانه‌كه‌ت ده‌بێته‌ خروسه‌ نه‌بڕان. كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر خروسه‌نه‌بڕاو كار به‌ حوكمه‌كانی ته‌ورات بكات، ئایا خروسه‌نه‌بڕانه‌كه‌ی به‌ خروسه‌بڕان دانانرێت؟ ئیتر ئه‌وه‌ی به‌ سروشت خروسه‌ی نه‌بڕاوه‌، به‌ڵام ته‌ورات ته‌واو ده‌كات، حوكم به‌سه‌ر تۆ ده‌دات كه‌ په‌رتووک و خروسه‌بڕانت هه‌یه‌، به‌ڵام سه‌رپێچی ته‌ورات ده‌كه‌یت. چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ڕواڵه‌ت جووه‌، ئه‌وا جوو نیه‌، ئه‌و خروسه‌بڕانه‌ش له‌ گۆشت و به‌ ڕواڵه‌ته‌، خروسه‌بڕان نیه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی له‌ ناخه‌وه‌ جووه‌، ئه‌وه‌ جووه‌، خروسه‌بڕانی دڵیش به‌ ڕووح‌ نه‌ک به‌ په‌رتووک، ئه‌وه‌ خروسه‌بڕانه‌. ئه‌وه‌ی ستایشی له‌لای خه‌ڵک نییه‌، به‌ڵكو له‌لای خودایه‌. كه‌واته‌ جوو چی زیاتره‌؟ یان سوودی خروسه‌بڕان چییه‌؟ له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ زیاتره‌! یه‌كه‌میان چونكه‌ وشه‌كانی خودایان پێ سپێردرا. كه‌واته‌ چییه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ندێكیان باوه‌ڕیان نه‌هێنا؟ ئایا ناپاكییان سه‌رڕاستیی خودا پووچه‌ڵ ده‌كاته‌وه‌؟ حاشا! به‌ڵكو با خودا ڕاستگۆ بێت و هه‌موو مرۆڤ درۆزن. وه‌ک نووسراوه‌: {تا له‌ قسه‌كانت ڕاست بیت و كاتێ حوكم ده‌ده‌یت سه‌ركه‌وتوو بیت}. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ناڕه‌واییمان ڕه‌وایی خودا ده‌رده‌خات، چی بڵێین؟ ئایا خودا ناڕه‌وایه‌ كه‌ تووڕه‌یی ده‌هێنێ؟ وه‌ک مرۆڤ قسه‌ ده‌كه‌م. حاشا! ئه‌گینا چۆن خودا جیهان حوكم ده‌دات؟ ئه‌گه‌ر درۆی من ڕه‌وای خودا زیاتر بكات، بۆ شكۆی ئه‌و، ئیتر بۆچی هێشتا وه‌ک گوناهبار تاوانبار بكرێم؟ وه‌ک هه‌ندێک بوختان به‌ ده‌ممانه‌وه‌ هه‌ڵده‌به‌ستن، ده‌ڵێن: “با خراپه‌ بكه‌ین تاكو چاكه‌ی به‌دواوه‌ بێت”؟ ئه‌وانه‌ تاوانباركردنیان دادپه‌روه‌رانه‌یه‌. كه‌واته‌ چی؟ ئێمه‌ باشترین؟ نه‌خێر هه‌رگیز! چونكه‌ ئێمه‌ جوو و یۆنانیمان تۆمه‌تبار كرد كه‌ هه‌ردوو لایه‌ن له‌ ژێر گوناهدان، وه‌ک نووسراوه‌: {كه‌س بێتاوان نییه‌، ته‌نانه‌ت یه‌كێكیش، كه‌س تێناگات، كه‌س به‌دوای خودا ناگه‌ڕێت. هه‌مووان گومڕابوون وپێكڕا به‌دكاربوون. كه‌س نییه‌ چاكه‌ بكات، ته‌نانه‌ت یه‌كێكیش نییه‌. قوڕگیان گۆڕێكی كراوه‌یه‌، به‌ زمانیان فێڵبازییان كرد. ژه‌هری ماری كوشنده‌ له‌ ژێر لێویانه. زاریان پڕه‌ له‌ نه‌فره‌ت و تاڵاو. پێیان خێرایه‌ بۆ خوێن ڕشتن، وێرانی و ده‌رده‌سه‌ری له‌ ڕێڕه‌ویانه‌، ڕێگای ئاشتی ناناسن. ترسی خودایان له‌به‌ر چاو نییه‌}. ئێستا ده‌زانین هه‌رچی ته‌ورات ده‌یڵێت، به‌وانه‌ی ده‌ڵێت كه‌ له‌ ژێر سایه‌ی ته‌وراتدان، تاكو هه‌موو ده‌مێک دابخرێت و هه‌موو جیهان بكه‌وێته‌ ژێر سزادانی خودا. چونكه‌ به‌ كرداری ته‌ورات هیچ جه‌سته‌دارێک له‌لای بێتاوان نابێت، به‌ڵكو گوناه‌ به‌هۆی ته‌ورات ده‌ناسرێت. به‌ڵام ئێستا بێتاوانكردن له‌ خوداوه‌ ئاشكرا كرا به‌بێ ته‌ورات، ته‌ورات و پێغه‌مبه‌رانیش گه‌واهیی بۆ ده‌ده‌ن. ئه‌م بێتاوانكردنه‌ی له‌ خوداوه‌ به‌هۆی باوه‌ڕ به‌ ئیشۆعی مه‌سیح بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ باوه‌ڕ ده‌هێنن، بۆ هه‌مووان به‌بێ جیاوازییه‌. چونكه‌ هه‌مووان گوناهیان كرد و پێویستیان به‌‌ شكۆی خودایه‌، به‌خۆڕایی به‌ به‌خششی ئه‌و، بێتاوان كراون، به‌و قوربانیدانه‌ی له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدایه‌، ئه‌وه‌ی خودا وه‌ک گوناه پۆشین پێشكه‌شی كرد، به‌ باوه‌ڕهێنان به‌ خوێنی ئه‌و. بۆ ده‌رخستنی دادپه‌روه‌رییه‌كه‌ی، له‌به‌ر چاوپۆشی له‌ گوناهه‌كانی ڕابوردوو، به‌ پشوودرێژیی خودا بۆ ده‌رخستنی دادپه‌روه‌رییه‌كه‌ی له‌ كاتی ئێستا، تاكو دادپه‌روه‌ر بێت و ئه‌وانه‌ بێتاوان بكات كه‌ باوه‌ڕیان به‌ ئیشۆعه‌. ئیتر كوا شانازی؟ نه‌ما. به‌ چ یاسایه‌ک؟ به‌ یاسای كردار؟ نه‌خێر، به‌ڵكو به‌ یاسای باوه‌ڕ. كه‌واته‌ دانده‌نێین مرۆڤ به‌ باوه‌ڕ بێتاوان ده‌كرێت، به‌بێ كرداری ته‌ورات. ئایا خودا ته‌نها هی جووه‌؟ ئایا هی نه‌ته‌وه‌كانیش نییه‌؟ به‌ڵێ، هی نه‌ته‌وه‌كانیشه‌، چونكه‌ خودا یه‌كه‌، كه‌ خروسه‌بڕاو به‌ باوه‌ڕ بێتاوان ده‌كات، خروسه‌نه‌بڕاویش به‌هۆی باوه‌ڕ. ئایا ته‌ورات به‌ باوه‌ڕ پووچه‌ڵ ده‌كه‌ینه‌وه‌؟ حاشا، به‌ڵكو ته‌ورات جێگیر ده‌كه‌ین. ئیتر چی بڵێین، ئه‌وڕاهه‌می باوكمان به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ چی په‌یداكرد؟ چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وڕاهه‌م به‌ كردار بێتاوان بووایه‌ شانازی ده‌كرد، به‌ڵام نه‌ک له‌لای خودا. چونكه‌ په‌رتووكه‌كه‌ چی ده‌فه‌رمووێ؟ {ئه‌وڕاهه‌م باوه‌ڕی به‌ خودا هێنا، ئه‌مه‌شی به‌ بێتاوانیی بۆ دانرا}. ئه‌وه‌ی ئاوا كارده‌كات، كرێیه‌كه‌ی به‌ به‌خشش بۆ دانانرێت، به‌ڵكو به‌ قه‌رز داده‌نرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كار ناكات، به‌ڵكو باوه‌ڕی به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ خودا خوانه‌ناس بێتاوان ده‌كات، ئه‌وا باوه‌ڕه‌كه‌ی بۆی به‌ بێتاوانی داده‌نرێت. وه‌ک داوید ده‌ڵێت، له‌ به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و مرۆڤه‌ی كه‌ خودا بێ كردار بێتاوانی ده‌كات: {به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌وانه‌ی تاوانه‌كانیان به‌خشراوه‌ و گوناهه‌كانیان داپۆشراوه‌. به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و مرۆڤه‌ی كه‌ په‌روه‌ردگار گوناهی له‌سه‌ر ناژمێرێت}. ئایا ئه‌م به‌خته‌وه‌ریه‌ ته‌نها بۆ خروسه‌بڕاوانه‌ یان بۆ خروسه‌نه‌بڕاوانیشه‌؟ چونكه‌ ده‌ڵێین، باوه‌ڕ بۆ ئه‌وڕاهه‌م به‌ بێتاوانی دانرا. كه‌واته‌ چۆن دانرا؟ به‌ خروسه‌بڕان یان بێ خروسه‌بڕان؟ نه‌ک خروسه‌بڕان به‌ڵكو بێ خروسه‌بڕان! ئیتر نیشانه‌ی خروسه‌بڕانی وه‌رگرت، مۆری بێتاوانیی باوه‌ڕ بێ خروسه‌بڕان، تاكو ببێته‌ باوكی هه‌موو ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕ ده‌هێنن و خروسه‌یان نه‌بڕاوه‌، تاكو بۆیان به‌ بێتاوانی دابنرێت. هه‌روه‌ها باوكی ئه‌و خروسه‌بڕاوانه‌ی نه‌ک ته‌نها خروسه‌بڕاوان، به‌ڵكو هه‌نگاوه‌كانی باوه‌ڕی ئه‌وڕاهه‌می باوكیشمان ده‌پارێزن، كه‌ هێشتا خروسه‌ی نه‌بڕابوو. جا ئه‌و به‌ڵێنه‌ی بۆ ئه‌وڕاهه‌م یان بۆ نه‌وه‌كه‌ی بوو تاكو ببێته‌ میراتگری جیهان، به‌هۆی ته‌ورات نه‌بوو، به‌ڵكو به‌هۆی ئه‌و بێتاوانیی باوه‌ڕه‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر ته‌وراتداران میراتگر بن، ئه‌وا باوه‌ڕ بێ سوود ده‌بێت و به‌ڵێنیش پووچه‌ڵ ده‌بێت، چونكه‌ ته‌ورات تووڕه‌یی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر ته‌ورات نه‌بێت، سه‌رپێچیش نییه‌. بۆیه‌ به‌ڵێن له‌ باوه‌ڕه‌وه‌یه‌، تاكو به‌گوێره‌ی به‌خشش بێت و بۆ هه‌موو نه‌وه‌كه‌ مسۆگه‌ر بێت، نه‌ک ته‌نها بۆ ته‌وراتداران، به‌ڵكو بۆ ئه‌وانه‌ش كه‌ باوه‌ڕی ئه‌وڕاهه‌میان هه‌یه‌. ئه‌وه‌ی باوكی هه‌موومانه‌، وه‌كو نووسراوه‌: {من تۆم كرده‌ باوكی چه‌ندان نه‌ته‌وه‌}. له‌به‌رچاوی خودا كه‌ باوه‌ڕی پێ هێنا، ئه‌وه‌ی مردوو زیندوو ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و شتانه‌ی بوونیان نییه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌بێت بانگیان ده‌كات. هه‌رچه‌نده‌ هیواش بڕابوو، به‌ هیواوه‌ باوه‌ڕی هێنا كه‌وا ده‌بێته‌ باوكی چه‌ندان نه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌كو وتراوه‌: {نه‌وه‌كه‌ت وه‌ها ده‌بێت}. باوه‌ڕیشی لاواز نه‌بوو كه‌ بینی له‌شی وا مردووه‌، نزیكه‌ی سه‌د ساڵ بوو، هه‌روه‌ها مردوویه‌تی منداڵدانی سارا. به‌ بێباوه‌ڕی گومانی له‌ به‌ڵێنی خودا نه‌كرد، به‌ڵكو له‌ باوه‌ڕ به‌هێز بوو و خودای شكۆدار كرد، دڵنیابوو كه‌ خودا توانای هه‌یه‌ به‌ڵێنی خۆی بباته‌سه‌ر. بۆیه‌ {به‌ بێتاوانیی بۆی دانرا}. ئه‌وه‌ی نووسراوه‌: {بۆی دانرا} ته‌نها له‌ پێناوی ئه‌و نه‌بوو، به‌ڵكو له‌ پێناوی ئێمه‌شه‌، جا بۆمان به‌ بێتاوانی داده‌نرێت، كه‌ باوه‌ڕمان هه‌یه‌ به‌وه‌ی ئیشۆعی په‌روه‌ردگارمانی له‌نێو مردوواندا هه‌ستانده‌وه‌. ئه‌وه‌ی له‌ پێناوی گوناهه‌كانمان به‌ ڕاده‌ست كرا و له‌ پێناوی بێتاوانكردنمان هه‌ستێنرایه‌وه‌. كه‌واته‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ باوه‌ڕ بێتاوان كراوین، به‌هۆی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان له‌گه‌ڵ خودا ئاشتیمان هه‌یه‌، به‌هۆی ئه‌ویش ڕێپێدراویێتیمان وه‌رگرت به‌هۆی باوه‌ڕ بێینه‌ نێو ئه‌م به‌خششه‌ی كه‌ ئێستا تیایدا نیشته‌جێین. شانازیش به‌ هیوای شكۆی خودا ده‌كه‌ین. ته‌نها ئه‌مه‌ نا، به‌ڵكو له‌ ته‌نگانه‌شدا شانازی ده‌كه‌ین، ده‌زانین ته‌نگانه‌ دانبه‌خۆداگرتن دروست ده‌كات، دانبه‌خۆداگرتنیش ئه‌زموون، ئه‌زموونیش هیوا، هیواش شه‌رمه‌زار ناكات، چونكه‌ خۆشویستنی خودا ڕژاوه‌ته‌ نێو دڵمان، به‌ ڕووحی پارسا كه‌ پێمان دراوه‌. چونكه‌ كاتێ هێشتا لاواز بووین، مه‌سیح له‌ كاتی دیاریكراودا له‌ پێناو خوانه‌ناسان مرد. چونكه‌ به‌ ده‌گمه‌ن كه‌سێک له‌ پێناوی مرۆڤێكی خوداناس ده‌مرێت، له‌وانه‌یه‌ له‌ پێناوی مرۆڤێكی باش كه‌سێک بوێرێت بمرێت. به‌ڵام خودا خۆشویستنی خۆی بۆ ده‌رخستین: هێشتا گوناهبار بووین مه‌سیح له‌ پێناوماندا مرد. ئێستاش كه‌ به‌ خوێنی ئه‌و بێتاوان كراوین، به‌هۆی ئه‌و چه‌نده‌ زیاتر له‌ تووڕه‌یی خودا ڕزگار ده‌بین! چونكه‌ ئه‌گه‌ر كاتێ دوژمن بووین له‌گه‌ڵ خودا، به‌ مردنی ڕۆڵه‌كه‌ی ئاشتبووینه‌وه‌، ئه‌ی كاتێ ئاشتبووینه‌وه‌ چه‌ند زیاتر به‌ ژیانی ئه‌و ڕزگار ده‌بین! نه‌ک ته‌نها ئه‌مه‌، به‌ڵكو به‌هۆی په‌روه‌ردگارمان ئیشۆعی مه‌سیح شانازی به‌ خودا ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ی ئێستا به‌هۆیه‌وه‌ ئاشتبوونه‌وه‌مان وه‌رگرتووه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌، چۆن به‌هۆی مرۆڤێک گوناه‌ هاته‌ جیهان، به‌هۆی گوناهیش مه‌رگ، به‌م شێوه‌یه‌ مه‌رگ هه‌موو خه‌ڵكی گرته‌وه‌، چونكه‌ هه‌موو گوناهیان كرد چونكه‌ ته‌نانه‌ت تا پێش هاتنی ته‌ورات، گوناه‌ له‌ جیهاندا بوو. به‌ڵام كه‌ ته‌ورات نه‌بێت گوناه‌ ناژمێردرێت. كه‌چی مه‌رگ له‌ ئاده‌مه‌وه‌ تاكو مووشێ حوكمڕانیی ده‌كرد، ته‌نانه‌ت به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ شێوه‌ی یاخیبوونه‌كه‌ی ئاده‌م گوناهیان نه‌كردبوو، كه‌ نموونه‌ی كه‌سه‌ هاتووه‌كه‌یه‌. به‌ڵام دیاری وه‌كو گوناه‌ نییه‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر زۆر كه‌س به‌ گوناهی كه‌سێک مردن، جا چه‌ند زیاتر به‌خششی خودا و دیارییه‌كه‌ به‌هۆی به‌خششی مرۆڤێک كه‌ ئیشۆعی مه‌سیحه‌، بۆ زۆر كه‌س زیادبووه‌وه‌! هه‌روه‌ها ئه‌و دیارییه‌ وه‌ک ئه‌نجامی گوناهی مرۆڤێک نییه‌. چونكه‌ حوكمدان له‌ یه‌ک گوناهه‌وه‌ تاوانبار كردنی هێنا كایه‌وه‌، به‌ڵام دیاری له‌ گوناهی زۆره‌وه‌ بێتاوانی هێنا كایه‌وه‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌ هۆی گوناهی كه‌سێک مه‌رگ حوكمڕانیی كرد، ئیتر چه‌ند زیاتر ئه‌وانه‌ی پڕی به‌خشش و دیاری بێتوانی وه‌رده‌گرن، له‌ ژیاندا حوكمڕانی ده‌كه‌ن به‌ كه‌سێک كه‌ ئیشۆعی مه‌سیحه‌. كه‌واته‌ وه‌ک چۆن به‌ یه‌ک گوناه‌ تاوانباركردن بۆ هه‌موو خه‌ڵک هاته‌ كایه‌وه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌ كارێكی خوداناسی بێتاوانكردن بۆ هه‌موو خه‌ڵک هاته‌ كایه‌وه‌ بۆ بێتاوانیی ژیان. چونكه‌ چۆن به‌ یاخیبوونی كه‌سێک زۆر كه‌س گوناهبار كران، به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌ گوێڕایه‌ڵیی كه‌سێک زۆر كه‌س بێتاوان ده‌كرێن. به‌ڵام ته‌ورات هات تاكو گوناه‌ زۆر بێت. به‌ڵام له‌كوێ گوناه‌ زۆر بوو، به‌خشش زۆر زیاتر بوو، تاكو چۆن گوناه‌ به‌ مه‌رگ حوكمڕانیی كرد، ئاواش به‌ بێتاوانی به‌خشش حوكمڕانی ده‌كات بۆ ژیانی جاویدانی به‌ ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان. ئیتر‌ چی بڵێین؟ ئایا له‌ گوناه‌دا بمێنینه‌وه‌ تاكو به‌خشش زیاد بێت؟ حاشا! ئێمه‌ كه‌ سه‌باره‌ت به‌ گوناه‌ مردین، ئیتر چۆن تیایدا بژین؟ ئایا نازانن هه‌موومان كه‌ له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا عه‌مادكراین، له‌ مردنه‌كه‌یدا عه‌مادكراین؟ بۆیه‌ به‌ عه‌مادبوونمان له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆ مه‌رگ نێژراین، تاكو چۆن مه‌سیح له‌نێو مردووان به‌ شكۆی باوكه‌وه‌ هه‌ستایه‌وه‌، ئێمه‌ش له‌ نوێیه‌تی ژیاندا بژین. چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌ شێوه‌ی مه‌رگه‌كه‌ی له‌گه‌ڵیدا یه‌كمان گرتبێت، له‌ هه‌ستانه‌وه‌كه‌شی ئاوا ده‌بین. ئه‌مه‌ ده‌زانین: مرۆڤه‌ كۆنه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌و له‌خاچدرا، تاكو له‌شی گوناهبار په‌كی بكه‌وێت، چیتر كۆیله‌ی گوناه‌ نه‌بین چونكه‌ ئه‌وه‌ی مرد له‌ گوناه‌ ئازاد كراوه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ مه‌سیح مردووین، باوه‌ڕمان هه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ویش ده‌ژین، ده‌زانین مه‌سیح كه‌ له‌نێو مردوواندا هه‌ستێنرایه‌وه‌، نامرێته‌وه‌. ئیتر مه‌رگ به‌سه‌ریدا سالار نییه‌. چونكه‌ ئه‌و مردنه‌ی مرد، به‌ جارێک بۆ گوناه‌ مرد. به‌ڵام ئه‌و ژیانه‌ی ده‌ژیێت بۆ خودا ده‌ژیێت. ئێوه‌ش سه‌باره‌ت به‌ گوناه‌ خۆتان به‌ مردوو دابنێن، به‌ڵام بۆ خودا زیندوو بن له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا. كه‌واته‌ مه‌هێڵن گوناه‌ حوكمڕانیی له‌شی له‌ناوچووتان بكات، تاكو گوێڕایه‌ڵی ئاره‌زووه‌كانی بن. ئه‌ندامانتان وه‌ک ئامێری ناڕه‌وایی بۆ گوناه‌ پێشكه‌ش مه‌كه‌ن، به‌ڵكو خۆتان پێشكه‌شی خودا بكه‌ن، وه‌ک زیندووی نێو مردووان و ئه‌ندامانتان وه‌ک ئامێری خوداناسی بۆ خودا. جا گوناه‌ به‌سه‌رتانه‌وه‌ سالار نابێت، چونكه‌ له‌ ژێر سایه‌ی ته‌وراتدا نین، به‌ڵكو له‌ ژێر سایه‌ی به‌خشش. كه‌واته‌ چی؟ ئایا گوناه‌ بكه‌ین چونكه‌ له‌ ژێر ته‌وراتدا نین به‌ڵكو له‌ ژێر به‌خشش؟ حاشا! نازانن ئه‌وه‌ی وه‌ک كۆیله‌ی ملكه‌چ خۆتانی پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، ده‌بنه‌ كۆیله‌ی ئه‌وه‌ی ملكه‌چن بۆی: یان بۆ گوناه‌ كه‌ به‌ره‌و مه‌رگه‌ یان بۆ گوێڕایه‌ڵی كه‌ به‌ره‌و بێتاوانییه‌؟ به‌ڵام سوپاس بۆ خودا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كۆیله‌ی گوناه‌ بوون، له‌ دڵه‌وه‌ ملكه‌چی ئه‌و شێوه‌ فێركردنه‌ بوون كه‌ پێتان سپێردرا. ئێوه‌ له‌ گوناه‌ ئازاد كران و بوونه‌ كۆیله‌ی بێتاوانی. له‌به‌ر لاوازی جه‌سته‌تان مرۆڤانه‌ ده‌دوێم. چونكه‌ چۆن له‌پێشا ئه‌ندامانی له‌شتان وه‌ک كۆیله‌ی گڵاوی و خراپه‌ بۆ خراپه‌ پێشكه‌ش كرد، ئێستاش ئه‌ندامانتان وه‌ک كۆیله‌ی بێتاوانی بۆ پارسایی پێشكه‌ش بكه‌ن. چونكه‌ كاتێ كۆیله‌ی گوناه‌ بوون، سه‌باره‌ت به‌ خوداناسی ئازاد بوون. ئه‌و كات چ به‌رهه‌مێكتان هه‌بوو له‌و شتانه‌ی ئێستا شه‌رمتان پێیه‌تی؟ چونكه‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌و شتانه‌ مه‌رگه‌. به‌ڵام ئێستا كه‌ له‌ گوناه‌ ئازاد كراون و بوونه‌ كۆیله‌ی خودا، به‌رهه‌متان بۆ پارسایی هه‌یه‌ و ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی ژیانی جاویدانیه‌. چونكه‌ كرێی گوناه‌ مه‌رگه‌، به‌ڵام دیاریی خودا ژیانی جاویدانیه‌ له‌ ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان. برایان، ئایا ئێوه‌ نازانن چونكه‌ بۆ ئه‌وانه‌ ده‌دوێم كه‌ له‌ ته‌ورات ده‌زانن، ته‌ورات به‌سه‌ر مرۆڤدا سالاره‌ تاكو ئه‌و كاته‌ی زیندووه‌؟ چونكه‌ ژن به‌پێی ته‌ورات به‌ مێرده‌ زیندووه‌كه‌ی به‌ستراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام كه‌ مێرده‌كه‌ مرد، ئه‌وا له‌ یاسای مێرد ئازاد بووه‌. كه‌واته‌ تاكو مێرده‌كه‌ زیندوو بێت، ژنه‌كه‌ به‌ داوێنپیس ناوده‌بردرێت ئه‌گه‌ر بووه‌ هی پیاوێكی دیكه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر مێرده‌كه‌ بمرێت، ئه‌وسا له‌ یاساكه‌‌ ئازاده‌ و داوێنپیس نییه‌ ئه‌گه‌ر بووه‌ هی پیاوێكی دیكه‌. كه‌واته‌ براكانم، ئێوه‌ش به‌ له‌شی مه‌سیح سه‌باره‌ت به‌ ته‌ورات مردن، تاكو ببنه‌ هی یه‌كێكی دیكه‌، بۆ ئه‌وی كه‌ له‌نێو مردوواندا هه‌ستێنرایه‌وه‌، تاكو بۆ خودا به‌رهه‌م بده‌ین. چونكه‌ كاتێ له‌ جه‌سته‌دا بووین، ئاره‌زووه‌كانی گوناه‌ كه‌ به‌هۆی ته‌وراته‌ له‌ ئه‌ندامه‌كانماندا كاری ده‌كرد، تاكو بۆ مه‌رگ به‌رهه‌م بده‌ین. به‌ڵام ئێستا به‌ مه‌رگ بۆ ئه‌وه‌ی پێی به‌سترابووینه‌وه‌ له‌ ته‌ورات ئازاد كراوین، تاكو به‌ نوێیه‌تی ڕووح ڕاژه‌ بكه‌ین، نه‌ک به‌ كۆنییه‌تی پیت. كه‌واته‌ چی بڵێین؟ ئایا ته‌ورات گوناهه‌؟ حاشا! به‌ڵكو به‌هۆی ته‌وراته‌وه‌ نه‌بێت گوناهم نه‌ده‌ناسی. چونكه‌ هه‌وه‌سم نه‌ده‌زانی ئه‌گه‌ر ته‌ورات نه‌یووتایه‌ {هه‌وه‌سبازی مه‌كه‌!} به‌ڵام گوناه‌ ئه‌م ڕاسپارده‌یه‌ی قۆسته‌وه‌ و هه‌موو هه‌وه‌سێكی له‌ مندا وروژاند، چونكه‌ گوناه‌ به‌بێ ته‌ورات مردووه‌. منیش له‌پێشا به‌بێ ته‌ورات ده‌ژیام. به‌ڵام كاتێ ڕاسپارده‌ هات، گوناه‌ هاته‌ ژیان و منیش مردم. بینیم هه‌مان ئه‌و ڕاسپارده‌یه‌ی بۆ ژیانه‌ بۆ من بۆ مه‌رگه‌. چونكه‌ گوناه‌ ڕاسپارده‌كه‌ی قۆسته‌وه‌ و منی خه‌ڵه‌تاند و به‌و منی كوشت. كه‌واته‌ ته‌ورات پارسایه‌‌، ڕاسپارده‌ش پارسا و دادپه‌روه‌ر و چاكه‌. باشه‌، ئایا چاكه‌ بۆ من بووه‌ته‌ مه‌رگ؟ حاشا! به‌ڵكو گوناه‌، تاكو ده‌ركه‌وێت كه‌ به‌ ڕاستی گوناهه‌، به‌هۆی چاكه‌وه‌ مه‌رگ له‌ مندا هێنایه‌ كایه‌وه‌، تاكو به‌هۆی ڕاسپارده‌كه‌ ئاشكرا بێت كه‌ گوناه‌ به‌ ته‌واوه‌تی خراپه‌. ئێمه‌ ده‌زانین ته‌ورات ڕووحییه‌، به‌ڵام من جه‌سته‌ییم و له‌ گوناهه‌دا فرۆشراوم. ئیتر نازانم چی ده‌كه‌م. چونكه‌ ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت نایكه‌م، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ڕقم لێیه‌تی ئه‌وه‌ ده‌كه‌م. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌م كه‌ نامه‌وێت، ئه‌وسا ته‌ورات په‌سه‌ند ده‌كه‌م كه‌ باشه‌. ئیتر من نیم كه‌ واده‌كه‌م، به‌ڵكو ئه‌و گوناهه‌ی كه‌ له‌ مندا نیشته‌جێیه‌. چونكه‌ ده‌زانم هیچ چاكه‌یه‌ک له‌ مندا نیشته‌جێ نییه‌، واتا له‌ جه‌سته‌مدا. چونكه‌ خواست له‌لام ئاماده‌یه‌، به‌ڵام توانای چاكه‌كردنم نییه‌. چونكه‌ ئه‌و چاكه‌یه‌ی ده‌مه‌وێت نایكه‌م، به‌ڵكو ئه‌و خراپه‌ی كه‌ نامه‌وێت ئه‌وه‌ ده‌كه‌م. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌م كرد كه‌ نامه‌وێت، ئیتر ئه‌وه‌ من نیم كه‌ ده‌یكه‌م، به‌ڵكو ئه‌و گوناهه‌ی له‌ مندا نیشته‌جێیه‌. كه‌واته‌ یاسایه‌ک ده‌بینم كاتێ ده‌مه‌وێت چاكه‌ بكه‌م، خراپه‌ له‌لام ئاماده‌یه‌. چونكه‌ له‌ ناخمدا به‌ ته‌وراتی خودا دڵشادم، به‌ڵام یاسایه‌كی دیكه‌ له‌ ئه‌ندامانم ده‌بینم، به‌ربه‌ره‌كانێی یاسای هزرم ده‌كات و ده‌مكاته‌ دیلی یاسای گوناه‌ كه‌ له‌ ئه‌ندامانمدایه‌. ئای له‌ منی مرۆڤی به‌دبه‌خت! كێ له‌ له‌شی ئه‌م مه‌رگه‌ ڕزگارم ده‌كات؟ سوپاسی خودا ده‌كه‌م، به‌ ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان! كه‌واته‌ به‌ هزری خۆم ڕاژه‌ی ته‌وراتی خودا ده‌كه‌م، به‌ڵام به‌ جه‌سته‌، یاسای گوناه‌. كه‌واته‌ ئێستا تاوانباركردن بۆ ئه‌وانه‌ نییه‌ كه‌ له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدان، ئه‌وانه‌ی به‌پێی جه‌سته‌ ڕه‌فتار ناكه‌ن، به‌ڵكو به‌پێی ڕووح چونكه‌ یاسای ڕووحی ژیان له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا، له‌ یاسای گوناه‌ و مه‌رگ ئازادی كردم. چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌ توانای ته‌وراتدا نه‌بوو، له‌وه‌ی به‌ جه‌سته‌ لاواز بوو، خودا به‌ ناردنی ڕۆڵه‌كه‌ی خۆی له‌ شێوه‌ی جه‌سته‌ی گوناهبار و له‌پێناوی گوناه‌. له‌ جه‌سته‌دا گوناهی تاوانبار كرد، تاكو حوكمی ته‌ورات له‌ ئێمه‌دا بێته‌ دی، كه‌ به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ ڕه‌فتار ناكه‌ین، به‌ڵكو به‌گوێره‌ی ڕووح. چونكه‌ ئه‌وانه‌ی به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ن بایه‌خ به‌ كاروباری جه‌سته‌ ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی به‌گوێره‌ی ڕووحن، بایه‌خ به‌ كاروباری ڕووح ده‌ده‌ن. چونكه‌ بایه‌خی جه‌سته‌ مه‌رگه‌، به‌ڵام بایه‌خی ڕووح ژیان و ئاشتییه‌. بایه‌خی جه‌سته‌ دوژمنایه‌تیی خودایه‌، چونكه‌ ملكه‌چی ته‌وراتی خودا نابێت، چونكه‌ ناتوانێت. جا ئه‌وانه‌ی له‌ جه‌سته‌دان ناتوانن خودا ڕازی بكه‌ن. به‌ڵام ئێوه‌، ئه‌گه‌ر ڕووحی خودا له‌نێوتاندا نیشته‌جێ بێت، ئه‌وا له‌ جه‌سته‌دا نین، به‌ڵكو له‌ ڕووحدان. به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێكیش ڕووحی مه‌سیحی نه‌بێت، ئه‌وا هی مه‌سیح نییه‌. ئه‌گه‌ر مه‌سیح له‌ ئێوه‌دا بێت، ئه‌وا له‌ش به‌هۆی گوناه‌ مردووه‌، به‌ڵام ڕووح به‌هۆی بێتاوانی زیندووه‌. ئه‌گه‌ر ڕووحی ئه‌وه‌ی ئیشۆعی له‌نێو مردووان هه‌ستانده‌وه‌ له‌ ئێوه‌دا نیشته‌جێ بێت، ئه‌وا ئه‌وه‌ی مه‌سیحی له‌نێو مردووان هه‌ستانده‌وه‌ به‌ ڕووحی خۆی كه‌ له‌ ئێوه‌دا نیشته‌جێیه‌ له‌شی مردووشتان زیندوو ده‌كاته‌وه‌. كه‌واته‌ برایان، ئێمه‌ قه‌رزارین به‌ڵام هی جه‌سته‌ نا، تاكو به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ بژین. چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ بژین ده‌مرن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ ڕووح كرداره‌كانی له‌شتان مراند ئه‌وا ده‌ژین. چونكه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ ڕووحی خودا ده‌هاژوورێن، ئه‌وانه‌ ڕۆڵه‌ی خودان. چونكه‌ ڕووحی كۆیله‌ییتان وه‌رنه‌گرتووه‌ بۆ ترس، به‌ڵكو ڕووحی ڕۆڵه‌یێتیتان وه‌رگرتووه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ هاوار ده‌كه‌ین: “بابه‌! باوكه‌!” ڕووح خۆی گه‌واهیی بۆ ڕووحمان ده‌دات كه‌ ئێمه‌ ڕۆڵه‌ی خوداین. ئه‌گه‌ر ڕۆڵه‌ بین، میراتگریشین، میراتگری خودا و هاومیراتی مه‌سیح، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و ئازار بچێژین، بۆ ئه‌وه‌ی تاكو له‌گه‌ڵ ئه‌و شكۆدار بین. پێم وایه‌ ئازاره‌كانی ئێستا له‌گه‌ڵ شكۆی داهاتوو كه‌ تیاماندا ئاشكرا ده‌كرێت به‌راورد ناكرێت. چونكه‌ ئافریده‌ چاوه‌ڕێ ده‌كات ڕۆڵه‌كانی خودا ئاشكرا بكرێن. چونكه‌ ئافریده‌ بۆ وه‌ڕسبوون ملكه‌چ كرا، نه‌ک به‌ ئاره‌زوو، به‌ڵكو له‌پێناوی ئه‌وه‌ی ملكه‌چی كرد، به‌ هیوای ئه‌وه‌ی ئافریده‌ له‌ كۆیلایه‌تی گه‌نده‌ڵی ئازاد بكرێت به‌ره‌و سه‌ربه‌ستیی شكۆمه‌ندی ڕۆڵه‌كانی خودا. ده‌زانین هه‌موو ئافریده‌ تا ئێستا به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت و ژانیگرتووه‌. نه‌ک ته‌نها ئه‌مه‌، به‌ڵكو ئێمه‌ش كه‌ نۆبه‌ره‌ی ڕووحمان هه‌یه‌، خۆشمان له‌ ناخماندا ده‌ناڵێنین كه‌ به‌ په‌رۆشه‌وه‌‌ چاوه‌ڕێی ڕۆڵه‌یێتین، به‌ قوربانیدانی جه‌سته‌مان. چونكه‌ به‌ هیواوه‌ ڕزگارمان بوو. به‌ڵام هیوای بینراو هیوا نییه‌. چونكه‌ ئه‌وه‌ی ده‌یبینی هیوای چی پێ ده‌خوازیت؟ به‌ڵام ئه‌گه‌ر هیوای شتێک بخوازین كه‌ بینراو نییه‌، ئه‌وا به‌ دانبه‌خۆداگرتنه‌وه‌ چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ین. به‌ هه‌مان شێوه‌ ڕووح له‌ لاوازییه‌كانماندا یارمه‌تیمان ده‌دات. چونكه‌ نازانین پێویسته‌ له‌پێناوی چی نوێژ بكه‌ین، به‌ڵام ڕووح خۆی به‌ ناڵه‌وه‌ داكۆكیمان لێده‌كات به‌ شێوه‌یه‌ک كه‌ باس ناكرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی دڵ ده‌پشكنێت، ده‌زانێت بایه‌خی ڕووح چییه‌، چونكه‌ به‌گوێره‌ی خواستی خودا داكۆكی له‌ پارساكان ده‌كات. ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ هه‌موو شته‌كان بێگه‌وه‌ كارده‌كه‌ن بۆ چاكه‌ی ئه‌وانه‌ی خودایان خۆشده‌وێت، ئه‌وانه‌ی به‌گوێره‌ی مه‌به‌ستی ئه‌و بانگكراون. چونكه‌ ئه‌وانه‌ی پێشتر ناسیبوونی، پێشتر دیاری كردن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک وێنه‌ی ڕۆڵه‌كه‌ی ئه‌ویان لێ بێت، تاكو له‌نێو برایانی زۆردا ئه‌و ببێته‌ نۆبه‌ره‌. ئه‌وانه‌ی پێشتر دیاری كردن بانگیشی كردن، ئه‌وانه‌ی بانگی كردن بێتاوانیشی كردن، ئه‌وانه‌ی بێتاوانی كردن شكۆداریشی كردن. ئیتر چی به‌مه‌ بڵێین؟ ئه‌گه‌ر خودا له‌گه‌ڵمان بێت كێ دژمانه‌؟ ئه‌وه‌ی به‌زه‌‌یی به‌ ڕۆڵه‌كه‌ی خۆی نه‌هاته‌وه‌، به‌ڵكو له‌ پێناوی هه‌موومان به‌ختی كرد، ئیتر چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو شتێكمان پێ نابه‌خشێت؟ كێ سكاڵا له‌ بژارده‌كانی خودا ده‌كات؟ خودایه‌ ئه‌وه‌ی بێتاوان ده‌كات. كێیه‌ تاوانبار ده‌كات؟ مه‌سیحه‌ كه‌وا مرد، به‌ڵكو هه‌ستاشه‌وه‌، هه‌ر ئه‌ویش له‌لای ڕاستی خودایه‌ و داكۆكیمان لێده‌كات. كێ له‌ خۆشویستنی مه‌سیح جیامان ده‌كاته‌وه‌؟ توندی یان ته‌نگانه‌ یان چه‌وسانه‌وه‌ یان برسیێتی یان ڕووتی یان مه‌ترسی یاخود شمشێر؟ وه‌ک نووسراوه‌: {له‌ پێناوی تۆ به‌ درێژایی ڕۆژ ڕووبه‌ڕووی مه‌رگ ده‌بینه‌وه‌، وه‌ک كاوڕ بۆ سه‌ربڕین داده‌نرێین}. به‌ڵام له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌دا سه‌ركه‌وتنمان مه‌زن ده‌بێت به‌وه‌ی خۆشیویستووین. چونكه‌ دڵنیام نه‌ مه‌رگ و نه‌ ژیان، نه‌ فریشته‌كان و نه‌ سه‌رۆكه‌كان و نه‌ هێزه‌كان، نه‌ شته‌كانی ئێستا و نه‌ شته‌كانی داهاتوو نه‌ به‌رزی و نه‌ قووڵی، نه‌ ئافریده‌ی دیكه‌، ناتوانێت له‌ خۆشویستنی خودا جیامان بكاته‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمانه‌. له‌ مه‌سیحدا ڕه‌وا ده‌ڵێم و درۆ ناكه‌م، ویژدانیشم به‌ ڕووحی پارسا گه‌واهیده‌رمه‌، كه‌ خه‌مێكی مه‌زنم هه‌یه‌ و ئازارێكی بێ بڕانه‌وه‌ له‌ دڵمدا هه‌یه‌. خۆزگه‌ خۆم نه‌فره‌تم لێ بكرابایه‌ و له‌ مه‌سیح بێبه‌ش بوومایه‌، له‌ پێناوی برایانم، خزمانم به‌گوێره‌ی جه‌سته‌، ئیسڕائیلییه‌كان، ڕۆڵه‌یێتی و شكۆ و په‌یمانه‌كان و ته‌ورات و په‌رستن و به‌ڵێنه‌كان هی ئه‌وانه‌. باوكانیش هی ئه‌وانن و مه‌سیحیش به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ له‌وانه‌وه‌ هاتووه‌، ئه‌وه‌ی له‌ سه‌رووی هه‌مووانه‌، تاهه‌تایه‌ خوداوه‌ندێكی پیرۆزه‌! ئامین. به‌ڵام مه‌به‌ست ئه‌وه‌ نییه‌ وشه‌ی خودا كه‌وت. چونكه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ نه‌وه‌ی ئیسڕائیلن، ئیسڕائیلی نین. هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌وانه‌ی نه‌وه‌ی ئه‌وڕاهه‌من، ڕۆڵه‌كانی ئه‌و نین، به‌ڵكو: {له‌ ئسخه‌قه‌وه‌ وه‌چه‌ت ناوده‌بردرێت}. واتا: ڕۆڵه‌كانی جه‌سته‌ ڕۆڵه‌كانی خودا نین، به‌ڵكو ڕۆڵه‌كانی به‌ڵێن به‌ نه‌وه‌ داده‌نرێن. چونكه‌ وشه‌ی به‌ڵێنه‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌: {كاتێكی وه‌ها دێمه‌وه‌ و ساراش كوڕێكی بووه}. نه‌ک ته‌نها ئه‌مه‌، به‌ڵكو ڕڤقه‌ش له‌ یه‌كێک سكی كرد كه‌ ئسخه‌قی باوكمانه‌. چونكه‌ هێشتا له‌دایک نه‌ببوون و چاكه‌ و خراپه‌یان نه‌كردبوو، ئه‌مه‌ش تاكو له‌ هه‌ڵبژاردندا مه‌به‌ستی خودا جێگیر بێت، نه‌ک به‌ كردار، به‌ڵكو له‌وه‌ی بانگ ده‌كات، پێیان فه‌رموو: {گه‌وره‌كه‌ ڕاژه‌ی بچووكه‌كه‌ ده‌كات}. وه‌ک نووسراوه‌: {یاقووم خۆشویست و ڕقم له‌ عیسۆ بووه‌وه‌}. كه‌واته‌ چی بڵێین؟ ئایا له‌لای خودا سته‌م هه‌یه‌؟ حاشا! چونكه‌ به‌ مووشێ ده‌فه‌رمووێ: {میهره‌بان ده‌بم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی میهره‌بان ده‌بم و به‌ به‌زه‌یی ده‌بم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌زه‌ییم پێیدا دێته‌وه‌}. كه‌واته‌، به‌ ئاره‌زووی كه‌سێک و هه‌وڵدانی كه‌سێک نییه‌، به‌ڵكو له‌ خوداوه‌یه‌ كه‌ میهه‌ربانه‌. چونكه‌ سیپاره‌كه‌ به‌ پڕعون ده‌فه‌رمووێ: {تۆم بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ په‌یداكرد، تاكو توانای خۆم له‌ تۆدا ده‌ربخه‌م و تاكو له‌ هه‌موو زه‌ویدا ناوم ڕابگه‌یه‌ندرێت}. كه‌واته‌ خودا به‌زه‌یی به‌وه‌ دێته‌وه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت و ئه‌وه‌ش دڵڕه‌ق ده‌كات كه‌ ده‌یه‌وێت. ئینجا پێم ده‌ڵێی: “ئیتر بۆچی هێشتا گله‌یی ده‌كات؟ چونكه‌ كێ دژی خواستی ئه‌و ڕاده‌وه‌ستێت؟” به‌ڵكو ئه‌ی مرۆڤ تۆ كێیت وه‌ڵامی خودا ده‌ده‌یته‌وه‌؟ ئایا دروستكراو به‌ دروستكاری ده‌ڵێ: “بۆچی وا دروستت كردم؟” ئایا گۆزه‌وان ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر قوڕدا نییه؟‌ له‌ هه‌مان قوڕ ده‌فرێک بۆ ڕێزلێنان و یه‌كێكی دیكه‌ش ئاسایی دروست بكات؟ به‌ڵام چییه‌ ئه‌گه‌ر خودا كه‌ ده‌یه‌وێت تووڕه‌یی ده‌ربخات و توانای خۆی ئاشكرا بكات، به‌ پشوودرێژی زۆره‌وه‌ به‌رگه‌ی ئه‌و ده‌فرانه‌ی تووڕه‌یی گرت كه‌ بۆ له‌ناوبردن ئاماده‌ كراون؟ تاكو ده‌وڵه‌مه‌ندی شكۆی خۆی له‌سه‌ر ئه‌و ده‌فرانه‌ی به‌زه‌یی ئاشكرا بكات كه‌ پێشتر بۆ شكۆمه‌ندی ئاماده‌ی كردوون؟ له‌نێو ئه‌واندا ئێمه‌شی بانگكردووه‌، نه‌ک ته‌نها له‌ جوو، به‌ڵكو له‌ نه‌ته‌وه‌كانیش. وه‌ک له‌ هۆشه‌عدا ده‌فه‌رمووێ: {ئه‌وه‌ی گه‌لی من نییه‌ ناوی ده‌نێم گه‌لی خۆم وئه‌وه‌ی خۆشه‌ویست نییه‌ به‌ خۆشه‌ویست. وه‌ له‌و شوێنه‌ی به‌وانیان فه‌رموو ئێوه‌ گه‌لی من نین، له‌وێدا به‌ ڕۆڵه‌كانی خودای زیندوو ناوده‌برێن}. ئێشه‌عیاش ده‌رباره‌ی ئیسڕائیل هاوار ده‌كات: {ئه‌گه‌ر ژماره‌ی نه‌وه‌ی ئیسڕائیل به‌قه‌د لمی ده‌ریا بێت، ته‌نها پاشماوه‌یان ڕزگاری ده‌بێت. چونكه‌ په‌روه‌ردگار به‌ خێرایی و كۆتاییبڕ خۆی به‌سه‌ر زه‌ویدا ده‌هێنێت}. وه‌ک ئێشه‌عیا پێشتر وتوویه‌تی: {ئه‌گه‌ر په‌روه‌ردگاری سوپاسالار نه‌وه‌ی بۆ نه‌هێشتباینه‌وه‌، وه‌ک سه‌دوممان لێ ده‌هات و له‌ عامووڕه‌ ده‌چووین}. كه‌واته‌ چی بڵێین؟ ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی بۆ بێتاوانبوون كۆششیان نه‌كرد، بێتاوانبوونیان به‌ده‌ستهێنا، ئه‌و بێتاوانبوونه‌ی كه‌ به‌ باوه‌ڕه‌. به‌ڵام ئیسڕائیل به‌ ته‌ورات كۆششیان كرد بۆ بێتاوانبوون، به‌و ته‌وراته‌ پێی نه‌گه‌یشتن! بۆچی؟ چونكه‌ ئه‌و كرده‌وه‌ به‌ باوه‌ڕ نه‌بوو، به‌ڵكو وه‌ک به‌ كردار بێت. ئیتر به‌ به‌ردی كۆسپ ساتمه‌یان كرد، وه‌ک نووسراوه‌: {ئه‌وه‌تا له‌ سهیۆن به‌ردی ساتمه‌كردن و تاشه‌به‌ردی پێ هه‌ڵكه‌وتن داده‌نێم، به‌ڵام ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی پێ بهێنێت شه‌رمه‌زار نابێت}. برایان، دڵخۆشیم و پاڕانه‌وه‌م له‌ خودا له‌ پێناوی ڕزگاری نه‌وه‌ی ئیسڕائیله‌. چونكه‌ گه‌واهییان بۆ ده‌ده‌م دڵگه‌رمیان بۆ خودا هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ زانیارییه‌وه‌ نییه‌. چونكه‌ بێتاوانكردنیان له‌ خوداوه‌ نه‌زانی، هه‌وڵیان دا بێتاوانكردنی خۆیان جێگیر بن، ملكه‌چی بێتاوانكردنی خودا نه‌بوون. چونكه‌ مه‌سیح ده‌رئه‌نجامی ته‌وراته‌، تاكو بێتاوانی بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ بێت كه‌ باوه‌ڕ ده‌هێنن. چونكه‌ مووشێ ده‌رباه‌ری ئه‌و خوداناسییه‌ی به‌ ته‌وراته‌ ده‌نووسێت: {ئه‌گه‌ر مرۆڤ بیانكات، پێیان ده‌ژیێت}. به‌ڵام ده‌رباه‌ری ئه‌و بێتاوانیه‌ی كه‌ به‌ باوه‌ڕه‌ ئاوا ده‌فه‌رمووێ: {له‌ دڵتدا مه‌ڵێ: كێ سه‌رده‌كه‌وێته‌ ئاسمان؟} واتا مه‌سیح بهێنێته‌ خواره‌وه‌، {یان كێ داده‌به‌زێته‌ نێو دۆڵی بێبن؟} واتا مه‌سیح له‌نێو مردووان سه‌ربخات. به‌ڵام چی ده‌فه‌رمووێ؟ {وشه‌كه‌ لێت نزیكه‌، له‌سه‌ر زارته‌ و له‌ دڵتدایه‌} واته‌ وشه‌ی باوه‌ڕه‌ كه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نین. چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌ زارت دانت به‌ ئیشۆعی په‌روه‌ردگار نا و به‌ دڵ باوه‌ڕت هێنا كه‌ خودا له‌نێو مردوواندا هه‌ستاندیه‌وه‌، ڕزگار ده‌بیت. چونكه‌ دڵ باوه‌ڕی پێ ده‌هێنت بۆ بێتاوانبوون، زاریش دانی پێ ده‌نێت بۆ ڕزگاری. چونكه‌ سیپاره‌كه‌ ده‌فه‌رمووێ: {هه‌ر كه‌سێک باوه‌ڕی پێ بهێنێت، شه‌رمه‌زار نابێت}. چونكه‌ جیاوازی له‌نێوان جوو و یۆنانی نییه‌، چونكه‌ هه‌مان په‌روه‌ردگاره‌ بۆ هه‌مووان، ده‌وڵه‌مه‌نده‌ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی لێی ده‌پاڕێنه‌وه‌. چونكه‌ {هه‌ر كه‌سێک به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ بپاڕێته‌وه‌ ڕزگاری ده‌بێت}. ئیتر چۆن له‌ یه‌كێک ده‌پاڕێنه‌وه‌ كه‌ باوه‌ڕیان پێی نه‌هێنابێت؟ چۆن باوه‌ڕ به‌ یه‌كێک ده‌هێنن ئه‌گه‌ر نه‌یانبیستبێت؟ چۆنیش بێ بانگه‌وازده‌ر ده‌بیستن؟ هه‌روه‌ها چۆن بانگه‌واز ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر نه‌نێردرابن؟ وه‌ک نووسراوه‌: {چه‌ند جوانه‌ پێیه‌كانی موژده‌ده‌رانی ئاشتی، موژده‌ده‌رانی چاكه‌!} به‌ڵام هه‌موو نه‌وه‌ی ئیسڕائیل گوێڕایه‌ڵی ئینجیل نه‌بوون، چونكه‌ ئێشه‌عیا ده‌ڵێت: {ئه‌ی په‌روه‌ردگار، كێ بڕوای به‌ په‌یامه‌كه‌مان كرد؟} كه‌واته‌ باوه‌ڕ به‌ بیستنه‌، بیستنیش به‌ وشه‌ی مه‌سیحه‌. به‌ڵام ده‌ڵێم: ئایا گوێیان لێ نه‌بوو؟ به‌ڵێ! {ده‌نگیان به‌ هه‌موو زه‌وی گه‌یشت و وته‌كانیان به‌وپه‌ڕی جیهان}. به‌ڵام ده‌ڵێم: ئایا ئیسڕائیل نه‌یزانی؟ یه‌كه‌مجار مووشێ ده‌ڵێت: {من ئیره‌ییتان هه‌ڵده‌ستێنم به‌وانه‌ی نه‌ته‌وه‌ نین، به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی گێل توڕه‌تان ده‌كه‌م}. ئینجا ئێشه‌عیا بوێرانه‌ ده‌ڵێت: {دۆزرامه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌ی به‌دوامدا نه‌گه‌ڕان، ده‌ركه‌وتم بۆ ئه‌وانه‌ی پرسی منیان نه‌كرد}. به‌ڵام ده‌رباره‌ی ئیسڕائیل ده‌ڵێت: {به‌ درێژایی ڕۆژ ده‌ستم بۆ گه‌لێكی یاخی و به‌رهه‌ڵستكار ڕاگرت}. جا ده‌ڵێم: ئایا خودا گه‌له‌كه‌ی خۆی ڕه‌تكرده‌وه‌؟ حاشا! چونكه‌ منیش ئیسڕائیلیم، له‌ نه‌وه‌ی ئه‌وڕاهه‌م له‌ هۆزی بنیامین. خودا گه‌له‌كه‌ی خۆی كه‌ پێشتر ناسیویه‌تی ڕه‌تی نه‌كرده‌وه‌. ئایا نازانن نووسراوه‌كه‌ ده‌رباره‌ی ئیلییا چی ده‌فه‌رمووێ؟ چۆن له‌لای خودا دژی ئیسڕائیل ده‌پاڕێته‌وه‌: {ئه‌ی په‌روه‌ردگار، پێغه‌مبه‌ره‌كانی تۆیان كوشتووه‌، قوربانگا‌كانی تۆیان وێران كردووه‌. من به‌ ته‌نها ماومه‌ته‌وه‌، ئه‌وانیش به‌دوامدا ده‌گه‌ڕێن تا بمكوژن!}. به‌ڵام سرووش چی وه‌ڵامی داداته‌وه‌؟ {حه‌وت هه‌زار پیاوم بۆ خۆم هێشتۆته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی چۆكیان بۆ به‌عل نه‌چه‌ماندۆته‌وه‌}. له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستاش، پاشماوه‌یه‌ک هه‌یه‌ به‌ به‌خشش هه‌ڵبژێردراون. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ به‌خشش بێت، ئیتر به‌ كردار نییه‌. ئه‌گینا ئیتر به‌خشش به‌خشش نییه‌، ئه‌گه‌ریش به‌ كرادار بێت ئه‌وا ئیتر به‌ كردار نیه‌، ئه‌گینا ئیتر كردار كردار نیه‌. كه‌واته‌ چی؟ ئه‌وه‌ی ئیسڕائیل هه‌وڵی بۆ ده‌دا ده‌ستی نه‌كه‌وت، به‌ڵكو هه‌ڵبژێردراوان ده‌ستیان كه‌وت، ئه‌وانی دیكه‌ش دڵڕه‌ق بوون، وه‌ک نووسراوه‌: {خودا ڕووحی خه‌وتاندنی داونه‌تێ، چاوی داونه‌تێ پێی نه‌بینن وگوێی داونه‌تێ پێی نه‌بیستن، تاكو ئه‌مڕۆش}. داویدیش ده‌ڵێت: {خوانه‌كه‌یان ببێته‌ داو و ته‌ڵه‌، كۆسپ و سزا بۆیان. چاویان تاریک بێت تاكو نه‌بینن، هه‌میشه‌ پشتیان چه‌ماوه‌ بێت}. جا ده‌ڵێم: ئایا ساتمه‌یان كرد تاكو بكه‌ون؟ حاشا! به‌ڵكو به‌ گوناهی ئه‌وان ڕزگاری بۆ نه‌ته‌وه‌كان هاته‌ كایه‌وه‌، بۆ وروژاندنی ئیره‌ییان. جا ئه‌گه‌ر گوناهی ئه‌وان ده‌وڵه‌مه‌ندی بێت بۆ جیهان و دۆڕاندنیان ده‌وڵه‌مه‌ندی بێت بۆ نه‌ته‌وه‌كان، ئاخۆ ته‌واوه‌تییان ده‌بێت چه‌ند بێت؟ ئه‌ی نه‌ته‌وه‌كان وا پێتان ده‌ڵێم: كه‌ په‌یامبه‌رم بۆ نه‌ته‌وه‌كان، شكۆداری ڕاژه‌كه‌م ده‌كه‌م، تاكو ئیره‌یی هاوڕه‌چه‌ڵه‌كه‌كانم هه‌ڵبستێنم و هه‌ندێكیان ڕزگار بكه‌م. چونكه‌ ئه‌گه‌ر ڕه‌تكردنه‌وه‌یان ئاشتبوونه‌وه‌ی جیهان بێت‌، ئه‌ی په‌سه‌ندكردنیان چی ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ژیانه‌وه‌ی مردووان نه‌بێت؟ ئه‌گه‌ر یه‌كه‌م نان پارسا بێت، ئه‌وا هه‌ویره‌كه‌ش! ئه‌گه‌ر ڕه‌گه‌كه‌ پارسا بێت، ئه‌وا لقه‌كانیش! به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ندێک لق بڕانه‌وه‌، تۆش له‌ داره‌كه‌ موتوربه‌ كرایت كه‌ زه‌یتوونێكی كێویت و به‌مه‌ له‌ ڕه‌گ و شیری زه‌یتوونه‌كه‌ به‌شدار بوویت، شانازی به‌سه‌ر لقه‌كانه‌وه‌ مه‌كه‌. ئه‌گه‌ر شانازی ده‌كه‌یت، بزانه‌ كه‌ تۆ ڕه‌گه‌كه‌ هه‌ڵناگریت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ هه‌ڵت ده‌گرێت! ئیتر ده‌ڵێی: “لقه‌كان بڕانه‌وه‌ تاكو من موتوربه‌ بكرێم”. باشه‌! ئه‌وان له‌به‌ر بێباوه‌ڕی بڕانه‌وه‌، تۆش به‌ باوه‌ڕ جێگیر بوویت. له‌خۆبایی مه‌به‌، به‌ڵكو بترسه‌! چونكه‌ ئه‌گه‌ر خودا به‌زه‌یی به‌ لقه‌ سروشتییه‌كان نه‌یه‌ته‌وه‌، ئه‌وا به‌زه‌یی به‌ تۆش نایه‌ته‌وه‌! ئه‌مه‌یه‌ نیانی و توندی خودا: توندی بۆ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ كه‌وتن، به‌ڵام نیانی بۆ تۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌ نیانییه‌كه‌ی جێگیر بیت، ئه‌گینا تۆش ده‌بڕدرێیته‌وه‌. ئه‌وانیش ئه‌گه‌ر له‌ بێباوه‌ڕی جێگیر نه‌بن موتوربه‌ ده‌كرێنه‌وه‌، چونكه‌ خودا ده‌توانێت موتوربه‌یان بكاته‌وه‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر تۆ به‌گوێره‌ی سروشت له‌ دارزه‌یتوونێكی كێوی بڕابیته‌وه‌ و به‌ پێچه‌وانه‌ی سروشت له‌ دارزه‌یتوونێكی چاک موتوربه‌ كرای، ئاخۆ چه‌ند زیاتر ئه‌وانه‌ی به‌گوێره‌ی سروشت له‌ دارزه‌یتوونه‌كه‌ی خۆیان موتوربه‌ ده‌كرێن؟ برایان، من نامه‌وێت ئه‌م نهێنییه‌ نه‌زانن، نه‌وه‌ک خۆتان به‌ دانا بزانن: كه‌للـه‌ڕه‌قی به‌شێک له‌ ئیسڕائیلی گرته‌وه‌ تاكو ته‌واوی نه‌ته‌وه‌كان بێنه‌ ناوه‌وه‌. به‌م شێوه‌یه‌ هه‌موو ئیسڕائیل ڕزگاری ده‌بێت، وه‌ک نووسراوه‌: {ڕزگاریده‌ر له‌ سهیۆنه‌وه‌ دێت، خوانه‌ناسی له‌ یاقوو ده‌گێڕێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش په‌یمانه‌كه‌مه‌ بۆ ئه‌وان، كاتێ گوناهه‌كانیان داده‌ماڵم}. به‌گوێره‌ی ئینجیل له‌ پێناوی ئێوه‌دا دوژمنن، به‌ڵام به‌گوێره‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ پێناوی باوكاندا خۆشه‌ویستن، چونكه‌ به‌خشینه‌كانی خودا و بانگكردنه‌كه‌ی بێ په‌شیمانییه‌. چونكه‌ وه‌ک ئێوه‌ جارێک گوێڕایه‌ڵی خودا نه‌بوون، به‌ڵام ئێستا به‌ هۆی یاخیبوونی ئه‌وان به‌ر به‌زه‌یی كه‌وتن، ئه‌وانیش ئێستا گوێڕایه‌ڵ نین، تاكو به‌و به‌زه‌ییه‌ی بۆ ئێوه‌ بوو ئه‌وانیش به‌ر به‌زه‌یی بكه‌ون. چونكه‌ خودا هه‌مووانی به‌ یاخیبووندا به‌ندكرد، تاكو به‌زه‌یی به‌ هه‌موواندا بێته‌وه‌. ئای له‌ قووڵی ده‌وڵه‌مه‌ندی و دانایی و زانستی خودا! چه‌نده‌ مه‌حاڵه‌ پشكنینی حوكمه‌كانی، چه‌ند دووره‌ ڕێگاكانی له‌ گه‌ڕان! {چونكه‌ كێ بیری په‌روه‌ردگاری زانی؟ یان كێ بووه‌ ڕاوێژكاری؟ یان كێ شتێكی پێ به‌خشیوه‌ تاكو خه‌ڵات بكرێت؟} چونكه‌ هه‌موو شته‌كان له‌ ئه‌وه‌ و به‌ ئه‌وه‌ و بۆ ئه‌وه‌. تاهه‌تایه‌ شكۆمه‌ندی بۆ ئه‌وه‌! ئامین. جا برایان، له‌به‌ر میهره‌بانیی خودا لێتان ده‌پاڕێمه‌وه‌، له‌شتان وه‌ک قوربانییه‌كی زیندوو پێشكه‌ش بكه‌ن، پارسا و په‌سه‌ندكراو له‌لای خودا، كه‌ په‌رستنی هۆشمه‌ندانه‌تانه‌. شێوه‌ی ئه‌م ڕۆژگاره‌ وه‌رمه‌گرن، به‌ڵكو به‌ نوێكردنه‌وه‌ی هزرتان بگۆڕێن، تاكو ئه‌زموونتان هه‌بێت خواستی خودا چییه‌ كه‌ باش و په‌سه‌ندكراو و ته‌واوه‌. چونكه‌ به‌و به‌خششه‌ی پێم دراوه‌ به‌ هه‌ر یه‌كێک ده‌ڵێم كه‌ له‌نێوتاندایه‌: با له‌ نرخ بۆ خۆ دانان زێده‌ڕۆیی نه‌كات، به‌ڵكو له‌ نرخاندن هۆشیار بێت، به‌و بڕه‌ باوه‌ڕه‌ی خودا بۆ هه‌ر یه‌كێكی به‌ش كردووه‌. چونكه‌ وه‌ک له‌ یه‌ک له‌شدا ئه‌ندامی زۆرمان هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌موو ئه‌ندامانیش یه‌ک كاریان نییه‌، ئیتر ئێمه‌ی زۆر له‌ مه‌سیحدا یه‌ک له‌شین، هه‌مووشمان ئه‌ندامی یه‌كترین. به‌ڵام به‌هره‌ی جیاوازمان هه‌یه‌، به‌گوێره‌ی ئه‌و به‌خششه‌ی پێمان دراوه‌: ئه‌گه‌ر پێشبینییه‌، به‌ ڕێژه‌ی باوه‌ڕ، یان ڕاژه‌كردنه‌ له‌ ڕاژه‌، یان فێركار له‌ فێركردن، یان ئامۆژگار له‌ ئامۆژگاری، یان به‌خشه‌ر به‌ دڵفراوانی، یان ڕابه‌رایه‌تی به‌ تێكۆشان، یان به‌زه‌ییداریش به‌ دڵخۆشی. با خۆشویستن بێ ڕووپامایی بێت. ڕقتان له‌ به‌دكاری بێت و به‌ چاكه‌وه‌ بلكێن. به‌ خۆشویستنی برایانه‌ به‌ دڵ یه‌كتریتان خۆشبووێ، له‌ خۆتان زیاتر ڕێز له‌ یه‌كتری بگرن. سست مه‌بن له‌ تێكۆشان، له‌ ڕووح گه‌رم بن، په‌روه‌ردگار بپه‌رستن. له‌ هیوا دڵشادبن، له‌ ته‌نگانه‌ ئارام بگرن، له‌ نوێژكردن په‌یوه‌ست بن، بۆ پێویستیی پارساكان به‌شداری بكه‌ن، میوان ڕاگربن. ئه‌وانه‌ی ده‌تانچه‌وسێننه‌وه‌ داڕشتیان بكه‌ن. داڕشت بكه‌ن و نه‌فره‌ت مه‌كه‌ن. له‌گه‌ڵ دڵشادان دڵشادبن، بگریێن له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ده‌گریێن. سه‌باره‌ت به‌ یه‌كتری هاوبیر بن، بیر له‌ بڵندی مه‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵكو تێكه‌ڵاوی خاكساره‌كان بن. خۆتان به‌ دانا دامه‌نێن. خراپه‌ی كه‌س به‌ خراپه‌ مه‌ده‌نه‌وه‌. له‌به‌رده‌می هه‌موو خه‌ڵک گرنگی به‌وه‌ بده‌ن كه‌ به‌ چاكه‌ ده‌زانرێ. ئه‌گه‌ر بكرێت، به‌پێی تواناتان، له‌گه‌ڵ هه‌موو خه‌ڵک به‌ ئاشتی بژین. خۆشه‌ویستان خۆتان تۆڵه‌ مه‌ستێنن، به‌ڵكو ڕێ به‌ تووڕه‌یی خودا بده‌ن، چونكه‌ نووسراوه‌: {په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رمووێ: تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ هی منه‌، منم سزا ده‌ده‌م. ئه‌گه‌ر دوژمنه‌كه‌ت برسی بوو خۆراكی بده‌رێ، ئه‌گه‌ر تینووی بوو ئاوی بده‌رێ. به‌مه‌ پشكۆی داگیرساو له‌سه‌ر سه‌ری كه‌ڵه‌كه‌ ده‌كه‌یت}. خراپه‌ نه‌تبه‌زێنێت، به‌ڵكو به‌ چاكه‌ خراپه‌ ببه‌زێنه‌. با هه‌موو كه‌سێک ملكه‌چی ده‌سه‌ڵاتداره‌ فه‌رمانڕه‌واكان بێت، چونكه‌ ده‌سه‌ڵات نییه‌ له‌ خوداوه‌ نه‌بێت، جا ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌لایه‌ن خوداوه‌ دانراوه‌. ئیتر ئه‌وه‌ی به‌رهه‌ڵستی ده‌سه‌ڵات ده‌كات، به‌رهه‌ڵستی دانراوی خودا ده‌كات، به‌رهه‌ڵستكارانیش حوكمدان به‌سه‌ر خۆیان ده‌هێنن. چونكه‌ فه‌رمانڕه‌وایان جێی ترس نین بۆ چاكه‌كاری، به‌ڵكو بۆ خراپه‌كاری. ئایا ده‌ته‌وێت له‌ ده‌سه‌ڵات نه‌ترسیت؟ چاكه‌ بكه‌، ستایشی ئه‌و به‌ده‌ست ده‌هێنیت، چونكه‌ ئه‌و ڕاژه‌وانی خودایه‌ بۆ چاكه‌كردن! به‌ڵام ئه‌گه‌ر خراپه‌ت كرد بترسه‌، چونكه‌ له‌خۆڕا شمشێر هه‌ڵناگرێت. چونكه‌ ئه‌و ڕاژه‌وانی خودایه‌، تۆڵه‌كاری تووڕه‌ییه‌ بۆ خراپه‌كاران. بۆیه‌ پێویسته‌ ملكه‌چی بن، نه‌ک ته‌نها له‌به‌ر تووڕه‌یی، به‌ڵكو له‌به‌ر ویژدانیش. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌ باج ده‌ده‌ن، چونكه‌ ئه‌وان ڕاژه‌وانی خودان و به‌رده‌وام له‌سه‌ر ئه‌م كاره‌ن. مافی هه‌مووان بده‌ن: باج به‌ خاوه‌ن باج، سه‌رانه‌ به‌ خاوه‌ن سه‌رانه‌، ترس له‌ خاوه‌ن ترس، ڕێز به‌ خاوه‌ن ڕێز. به‌ هیچ شتێک قه‌رزاری كه‌س مه‌بن، جگه‌ له‌وه‌ی یه‌كتریتان خۆشبووێ، چونكه‌ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی دیكه‌ی خۆشبووێ، ته‌وراتی هێناوه‌ته‌ دی. چونكه‌ {داوێنپیسی مه‌كه‌، مه‌كوژه‌، مه‌‌دزه‌، گه‌واهیی درۆ مه‌ده‌، هه‌وه‌سبازی مه‌كه‌} و ڕاسپارده‌ی دیكه‌ش له‌م وشه‌یه‌دا كۆده‌بنه‌وه‌: {نزیكه‌كه‌ت وه‌ک خۆت خۆشبووێ}. خۆشویستن خراپه‌ له‌گه‌ڵ نزیک ناكات، چونكه‌ خۆشویستن هێنانه‌دیی ته‌وراته‌. جگه‌ له‌وه‌ش كاته‌كه‌ ده‌زانن، وا كاتی ئه‌وه‌یه‌ له‌ خه‌و هه‌ستین، چونكه‌ ئێستا ڕزگاریمان نزیكتره‌ له‌و كاته‌ی باوه‌ڕمان هێنا. شه‌و له‌ ته‌واوبوونه‌، وا ڕۆژ هه‌ڵدێت. با كرداری تاریكی دابكه‌نین و چه‌كه‌كانی ڕووناكی بپۆشین. با وه‌ک له‌ ڕۆژدا به‌ڕێزه‌وه‌ ڕه‌فتار بكه‌ین، نه‌ک له‌ گه‌له‌گان و سه‌رخۆشی، ڕابواردن و به‌ڕه‌ڵایی، ناكۆكی و ئیره‌یی. به‌ڵكو ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگار بپۆشن، له‌ پێناوی هه‌وه‌سه‌كان ته‌گبیر بۆ جه‌سته‌ مه‌كه‌ن. ئه‌وه‌ی له‌ باوه‌ڕ لاوازه‌ په‌سه‌ندی بكه‌ن، به‌بێ حوكمدانی بیروڕاكان. هه‌یه‌ باوه‌ڕی به‌وه‌یه‌ هه‌موو شتێک بخوات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی لاوازه‌ ته‌نها سه‌وزه‌ ده‌خوات. با بخۆر سووكایه‌تی به‌ نه‌خۆر نه‌كات، نه‌خۆریش بخۆر تاوانبار نه‌كات، چونكه‌ خودا په‌سه‌ندی كردووه‌. تۆ كێی تاكو به‌نده‌ی یه‌كێكی دیكه‌ تاوانبار بكه‌یت؟ ئه‌و بۆ گه‌وره‌ی خۆیه‌تی جێگیر ده‌بێت یان ده‌كه‌وێت. به‌ڵام جێگیر ده‌بێت، چونكه‌ خودا ده‌توانێ جێگیری بكات. یه‌كێک ڕۆژێک له‌ ڕۆژێكی دیكه‌ به‌ پارساتر داده‌نێت، یه‌كێكی دیكه‌ هه‌موو ڕۆژێک له‌به‌ر چاو ده‌گرێت. با هه‌ریه‌كه‌ له‌ بیروڕای خۆی دڵنیابێت. ئه‌وه‌ی بایه‌خ به‌ ڕۆژ ده‌دات بۆ په‌روه‌ردگار بایه‌خ ده‌دات. ئه‌وه‌ی ده‌خوات بۆ په‌روه‌ردگار ده‌خوات، چونكه‌ سوپاسی خودا ده‌كات. ئه‌وه‌ش كه‌ ناخوات بۆ په‌روه‌ردگار ناخوات و سوپاسی خودا ده‌كات. چونكه‌ كه‌سمان بۆ خۆی ناژیێت، كه‌سیش بۆ خۆی نامرێت. چونكه‌ ئه‌گه‌ر بژین بۆ په‌روه‌ردگار ده‌ژین، ئه‌گه‌ر بشمرین بۆ په‌روه‌ردگار ده‌مرین. كه‌واته‌ بژین یان بمرین، ئێمه‌ هی په‌روه‌ردگارین. چونكه‌ مه‌سیح بۆ ئه‌مه‌ مرد و زیندووبووه‌وه‌ و ژیا، تاكو ببێته‌ سه‌روه‌ری زیندووان و مردووان. به‌ڵام تۆی بۆچی براكه‌ت تاوانبار ده‌كه‌یت؟ یان بۆچی سووكایه‌تی به‌ براكه‌ت ده‌كه‌یت؟ چونكه‌ هه‌موومان له‌به‌رده‌م ته‌ختی مه‌سیح ڕاده‌وه‌ستین، چونكه‌ نووسراوه‌: {په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رمووێ: به‌ گیانی خۆم، هه‌موو ئه‌ژنۆیه‌ک بۆ من چۆک داده‌دات، هه‌موو زمانێک دان به‌ خودا ده‌نێت}. كه‌واته‌، هه‌ریه‌ک له‌ ئێمه‌ سه‌باره‌ت به‌ خۆی هه‌ژماردێک ده‌داته‌ خودا. ئیتر با یه‌كتری تاوانبار نه‌كه‌ین، به‌ڵكو باشتره‌ ئه‌م بڕیاره‌ بده‌ن: كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ له‌به‌رده‌م برا دانه‌نرێت. له‌ ئیشۆعی په‌روه‌ردگاردا ده‌زانم و دڵنیام كه‌ شتێک له‌ خۆیدا گڵاو نییه‌، مه‌گه‌ر یه‌كێک به‌ گڵاوی بزانێت، بۆ ئه‌و گڵاوه‌. ئه‌گه‌ر به‌هۆی خۆراكت براكه‌ت دڵته‌نگ بێت، ئیتر به‌گوێره‌ی خۆشویستن ڕه‌فتار ناكه‌یت. جا به‌ خۆراكت ئه‌و كه‌سه‌ له‌ناومه‌به‌ كه‌ مه‌سیح له‌ پێناوی مردووه‌. مه‌هێڵن شتێک كه‌ بۆ ئێوه‌ چاكه‌، خه‌ڵكی به‌ خراپه‌ باسی بكات. چونكه‌ پاشایه‌تی خودا خواردن و خواردنه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو خوداناسی و ئاشتی و شادییه‌ له‌ ڕووحی پارسادا. چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌مه‌ ڕاژه‌ی مه‌سیح بكات، به‌ ڕه‌زامه‌ندی خودا ده‌بێت و له‌لای خه‌ڵكیش په‌سه‌ندكراوه‌. كه‌واته‌ با به‌م شتانه‌وه‌ كۆشش بكه‌ین كه‌ بۆ ئاشتی و بۆ بنیادنانی یه‌كترییه‌. له‌ پێناوی خۆراک كاری خودا وێران مه‌كه‌. هه‌موو شته‌كان پێگه‌ردن، به‌ڵام بۆ مرۆڤ ئه‌گه‌ر ببێته‌ كۆسپ خراپه‌ بیخوات. باشه‌ گۆشت نه‌خۆیت و مه‌ی نه‌خۆیته‌وه‌ و شتێک نه‌كه‌یت براكه‌ت ساتمه‌ی لێ بكات یان لاواز بێت. باوه‌ڕت هه‌یه‌؟ با له‌به‌رده‌م خودا بۆ خۆت بێت! به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌وه‌ی خۆی تاوانبار ناكات له‌و شته‌ی په‌سه‌ندی ده‌كات. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گومان بكات، ئه‌گه‌ر بخوات تاوانبار ده‌كرێت، چونكه‌ له‌ باوه‌ڕه‌وه‌ نییه‌. هه‌ر شتێک له‌ باوه‌ڕدا نه‌بێت گوناهه‌. به‌ڵام ئێمه‌ی به‌هێز له‌سه‌رمانه‌ به‌رگه‌ی كه‌موكوڕی لاوازان بگرین و خۆمان ڕازی نه‌كه‌ین. با هه‌ر یه‌ک له‌ ئێمه‌ نزیكه‌كه‌ی بۆ چاكه‌ ڕازی بكات له‌ پێناوی بنیادنان. چونكه‌ مه‌سیحیش خۆی ڕازی نه‌كرد، به‌ڵكو وه‌ک نووسراوه‌: {جنێوی جنێوده‌رانت كه‌وته‌ سه‌ر من}. چونكه‌ هه‌رچی له‌پێشا نووسراوه‌، بۆ فێربوونمان نووسراوه‌، تاكو به‌ دانبه‌خۆداگرتن و دڵنه‌واییكردنی نووسراوه‌كان هیوامان هه‌بێت. خوداوه‌ندی دانبه‌خۆداگرتن و دڵنه‌وایی له‌نێو خۆتان ڕێككه‌وتنی بیروڕاتان بداتێ به‌گوێره‌ی بیری ئیشۆعی مه‌سیح، تاكو به‌ یه‌ک دڵ و به‌ یه‌ک ده‌نگ شكۆی خودا و باوكی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان بكه‌ن. بۆیه‌ یه‌كتر په‌سه‌ند بكه‌ن، وه‌ک مه‌سیح په‌سه‌ندی كردین، بۆ شكۆمه‌ندیی خودا. چونكه‌ ده‌ڵێم، مه‌سیح له‌به‌ر ڕه‌وای خودا بووه‌ ڕاژه‌وانی خروسه‌بڕاوان، تاكو به‌ڵێنه‌كانی باوكان جێگیر بكات، نه‌ته‌وه‌كانیش له‌پێناوی به‌زه‌یی، خودا شكۆدار ده‌كه‌ن، وه‌ک نووسراوه‌: {بۆیه‌ له‌نێو نه‌ته‌وه‌كان ستایشت ده‌كه‌م په‌سنی بۆ ناوت ده‌ڵێم}. هه‌روه‌ها ده‌فه‌رمووێ: {ئه‌ی نه‌ته‌وه‌كان، شادمان بن له‌گه‌ڵ گه‌له‌كه‌ی}. هه‌روه‌ها: {ئه‌ی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان، ستایشی په‌روه‌ردگار بكه‌ن، به‌رزی ڕابگرن، ئه‌ی هه‌موو گه‌لان}. دیسان ئێشه‌عیا ده‌ڵێت: {ڕه‌گی ئیشه‌ی ده‌بێت، ئه‌وه‌ی بۆ فه‌رمانڕه‌وایی نه‌ته‌وه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت، هیوای نه‌ته‌وه‌كان به‌و ده‌بێت}. با خوداوه‌ندی هیوا به‌ هه‌موو شادی و ئاشتییه‌ک له‌ باوه‌ڕدا پڕتان بكات، تاكو به‌ هێزی ڕووحی پارسا هیواتان زیاد بێته‌وه‌. براكانم، خۆم دڵنیام كه‌ ئێوه‌ پڕن له‌ چاكه‌، پڕن له‌ هه‌موو زانستێک، تواناتان هه‌یه‌ یه‌كتری ئاگادار بكه‌نه‌وه‌. به‌ڵام ده‌رباره‌ی هه‌ندێک خاڵ بوێرانه‌تر بۆم نووسیون، وه‌ک به‌یادهێنانه‌وه‌تان، به‌هۆی ئه‌و به‌خششه‌ی خودا پێیداوم، تاكو ببمه‌ ڕاژه‌وانی ئیشۆعی مه‌سیح له‌پێناوی نه‌ته‌وه‌كان، وه‌ک كاهین له‌ ڕاژه‌ی ئینجیلی خودا، تاكو قوربانیی نه‌ته‌وه‌كان په‌سه‌ندكراو بێت، به‌ ڕووحی پارسا پارساكراو بێت. بۆیه‌ له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا شانازیم هه‌یه‌ به‌و شتانه‌ی بۆ خودایه‌. چونكه‌ ناوێرم باسی شتێک بكه‌م جگه‌ له‌وه‌ی مه‌سیح بۆ گوێڕایه‌ڵبوونی نه‌ته‌وه‌كان بۆ خودا به‌هۆی منه‌وه‌ ئه‌نجامی داوه‌، به‌ وته‌ و كردار، به‌ هێزی په‌رجوو و نیشانه‌، به‌ هێزی ڕووحی خودا. ته‌نانه‌ت له‌ یروشلایم و ده‌وروپشتی تاكو ئیلۆریقون، به‌ ته‌واوی ئینجیلی مه‌سیحم ڕاگه‌یاند. بۆیه‌ ئامانجی به‌رزم بوو كه‌ موژده‌ بده‌م، نه‌ک له‌و شوێنه‌ی ناوی مه‌سیحی تێدا هێنرابوو، نه‌وه‌ک له‌سه‌ر بناغه‌ی یه‌كێكی دیكه‌ بنیاد بنێم. به‌ڵكو وه‌ک نووسراوه‌: {ئه‌وانه‌ی باسی ئه‌ویان بۆ نه‌كرابوو ده‌بینن، ئه‌وانه‌ی نه‌یانبیستبوو تێده‌گه‌ن}. بۆیه‌ چه‌ندین جار ڕێم لێ ده‌گیرا بێمه‌ لاتان. به‌ڵام ئێستا له‌م ناوچانه‌دا شوێنم نه‌ماوه‌، ساڵانێكی زۆریشه‌ په‌رۆشم بێمه‌ لاتان، كاتێ ده‌چمه‌ ئیسپانیا. هیوادارم به‌لاتاندا تێپه‌ڕم، تاكو بتانبینم و به‌ كۆمه‌ک ڕه‌وانه‌م بكه‌ن بۆ ئه‌وێ، دوای ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مجار كه‌مێک له‌ بینینتان تێربم. به‌ڵام وا ده‌چمه‌ یروشلایم تاكو ڕاژه‌ی پارساكان بكه‌م. چونكه‌ خه‌ڵكی مه‌كدۆنیه‌ و ئه‌خائیه‌ پێیان خۆش بوو هه‌ندێک به‌خشین بۆ پارساكانی هه‌ژاری یروشلایم كۆبكه‌نه‌وه‌. ئه‌مه‌یان به‌ باش زانی و قه‌رزاری ئه‌وانیشن! چونكه‌ ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌كان له‌ شته‌ ڕووحییه‌كانی ئه‌وان به‌شدار بوونه‌، له‌سه‌ریانه‌ له‌ شته‌ جه‌سته‌ییه‌كان ڕاژه‌یان بكه‌ن. بۆیه‌، كاتێ ئه‌مه‌م ته‌واو كرد و ئه‌م به‌رهه‌مه‌م بۆ مۆركردن، به‌ره‌و ئیسپانیا به‌لاتاندا تێده‌په‌ڕم. ده‌زانم كه‌ بێمه‌ لاتان، به‌ پڕی داڕشتی ئینجیلی مه‌سیحه‌وه‌ دێم. ئێستاش برایان لێتان ده‌پاڕێمه‌وه‌، به‌ ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگار و به‌ خۆشویستنی ڕووح، له‌گه‌ڵم تێبكۆشن له‌ نوێژه‌كان بۆ خودا له‌ پێناوی من، تاكو ڕزگاربم له‌وانه‌ی له‌ ئیهوود بێباوه‌ڕن، هه‌روه‌ها تاكو ڕاژه‌كه‌م له‌پێناوی یروشلایم له‌لای پارساكان په‌سه‌ندكراو بێت، تاكو به‌ خواستی خودا به‌ دڵشادییه‌وه‌ بێمه‌ لاتان و له‌گه‌ڵتان پشوو بده‌م. خوداوه‌ندی ئاشتی له‌گه‌ڵ هه‌مووتان بێت. ئامین. سه‌باره‌ت به‌ فیبێی خوشكمان ڕاتان ده‌سپێرم، كه‌ ڕاژه‌وانه‌ له‌ وارگه‌ی كه‌نخریا، تاكو له‌ په‌روه‌ردگاردا په‌سه‌ندی بكه‌ن وه‌ک شایانی پارساكان بێت، له‌ هه‌ر شتێک پێویستی پێتان بوو یارمه‌تی بده‌ن، چونكه‌ بووه‌ یارمه‌تیده‌ری زۆر كه‌س و هی منیش. سڵاو له‌ پریسقیلا و ئه‌كیلا بكه‌ن، هاوكاره‌كانم له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا، ئه‌وانه‌ی له‌ پێناو ژیانی من ملی خۆیان دانا، كه‌ ته‌نها من سوپاسی ئه‌وانه‌ ناكه‌م، به‌ڵكو هه‌موو وارگه‌كانی نه‌ته‌وه‌كانیش. سڵاو له‌ ئه‌و وارگه‌یه‌ بكه‌ن له‌ ماڵه‌كه‌یاندایه‌. سڵاو له‌ ئه‌پینتوسی خۆشه‌ویستم بكه‌ن كه‌ نۆبه‌ره‌ی ئاسیایه‌ بۆ مه‌سیح. سڵاو له‌ مه‌ریه‌م بكه‌ن كه‌ زۆر پێمانه‌وه‌ ماندوو بوو. سڵاو له‌ ئه‌ندرونیكۆس و یونیاسی خزمانم بكه‌ن، كه‌ له‌گه‌ڵم به‌ند كرابوون، ئه‌وانه‌ی له‌نێو په‌یامبه‌راندا ناودارن، پێش من له‌ مه‌سیحدا بوون. سڵاو له‌ ئه‌مپلیاتۆس بكه‌ن كه‌ خۆشه‌ویستمه‌ له‌ په‌روه‌ردگاردا. سڵاو له‌ ئوربانۆس بكه‌ن هاوكارمان له‌ مه‌سیح، هه‌روه‌ها ستاخیسی خۆشه‌ویستم. سڵاو له‌ ئه‌پیڵه‌سی په‌سه‌ندكراو بكه‌ن له‌ مه‌سیحدا. سڵاو له‌ خانه‌واده‌ی ئه‌رستۆپۆڵۆس بكه‌ن. سڵاو له‌ هیرودیۆنی خزمم بكه‌ن. سڵاو له‌وانه‌ی له‌ خانه‌واده‌ی نه‌ركیسیۆس له‌ په‌روه‌ردگارن. سڵاو له‌ خوشكان ته‌ریفینا و ته‌ریفۆسا بكه‌ن، كه‌ له‌ په‌روه‌ردگاردا ماندوو ده‌بن. سڵاو له‌ په‌رسیسی خوشكی خۆشه‌ویست بكه‌ن، كه‌ له‌ په‌روه‌ردگاردا زۆر ماندوو بوو. سڵاو له‌ ڕۆپۆس بكه‌ن هه‌ڵبژێردراوه‌ له‌ په‌روه‌ردگار، هه‌روه‌ها له‌ دایكی كه‌ دایكمه‌. سڵاو بكه‌ن له‌ ئه‌سینكریتۆس، فه‌لیگۆن، هه‌رمس، په‌تروباس، هرماس و ئه‌و برایانه‌ی له‌گه‌ڵیاندان. سڵاو بكه‌ن له‌ فیلولوگۆس و جولیا، نیریۆس و خوشكه‌كه‌ی و ئولومپاس و هه‌موو ئه‌و پارسایانه‌ی له‌گه‌ڵیاندان. به‌ ماچیێكی پارسا سڵاو له‌ یه‌كتری بكه‌ن. وارگه‌كانی مه‌سیح سڵاوتان لێده‌كه‌ن. برایان، لێتان ده‌پاڕێمه‌وه‌، ئاگاتان له‌وانه‌ بێت كه‌ ناكۆكی و كۆسپ ده‌نێنه‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و فێركردنه‌ی فێری بوون. لێیان دوور بكه‌ونه‌وه‌. چونكه‌ كه‌سانی ئاوا، ڕاژه‌ی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان ناكه‌ن، به‌ڵكو سكی خۆیان، به‌ قسه‌ی خۆش و زمانلوسی دڵی ساكاره‌كان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن. چونكه‌ هه‌واڵی گوێڕایه‌ڵیتان به‌ هه‌مووان گه‌یشتووه‌، بۆیه‌ پێتان دڵخۆشم، به‌ڵام ده‌مه‌وێت له‌ چاكه‌دا دانا بن و له‌ خراپه‌ ساكار بن. خوداوه‌ندی ئاشتی خێرا شه‌یتان له‌ ژێر پێتان پان ده‌كاته‌وه‌. به‌خششی ئیشۆعی په‌روه‌ردگارمان له‌گه‌ڵتان بێت. ئامین. تیماتیئوسی هاوكارم سڵاوتان لێده‌كات، هه‌روه‌ها لوقیئوس و ئیاسون و سوسیپاته‌ری خزمانم. منیش ته‌رتیۆسم كه‌ ئه‌م په‌یامه‌م نووسیوه‌ته‌وه‌، له‌ په‌روه‌ردگاردا سڵاوتان لێ ده‌كه‌م. گائیوس كه‌ میوانداری من و هه‌موو وارگه‌یه‌ سڵاوتان لێده‌كات. ئه‌ڕاستۆسی خه‌زنه‌داری شار و كوارتۆسی برا سڵاوتان لێده‌كه‌ن. به‌خششی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان له‌گه‌ڵ هه‌مووتان بێت. ئامین. بۆ ئه‌وه‌ی توانای هه‌یه‌ جێگیریتان بكات به‌گوێره‌ی ئینجیله‌كه‌م و ڕاگه‌یاندنی ئیشۆعی مه‌سیح، به‌گوێره‌ی ئاشكراكردنی ئه‌و نهێنییه‌ی كه‌ له‌ كاته‌ ئه‌زه‌لییه‌كانه‌وه‌ به‌ شاراوه‌یی مابووه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا به‌هۆی سیپاره‌ی پێغه‌مبه‌ران، به‌گوێره‌ی ڕاسپارده‌ی خودای هه‌میشه‌یی، ئاشكرا و زانراو بووه‌ بۆ گوێڕایه‌ڵی باوه‌ڕ له‌نێو هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان تا جاویدان شكۆمه‌ندی بۆ تاقه‌ خودای دانا، به‌ ئیشۆعی مه‌سیح! ئامین. پۆڵۆس، بانگكراو به‌ په‌یامبه‌ری ئیشۆعی مه‌سیح به‌ خواستی خودا، هه‌روه‌ها سوستینسی برا، بۆ وارگه‌ی خودا له‌ قۆرنتێ، پارساكان له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا، بانگكراون به‌ پارساكان له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ هه‌موو شوێنێكدا به‌ ناوی په‌روه‌ردگارمان ئیشۆعی مه‌سیح ده‌پاڕێنه‌وه‌، په‌وه‌ردگاری ئه‌وان و ئێمه‌ش: به‌خشش و ئاشتی له‌ خودای باوكمان و ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ بۆ ئێوه‌. سه‌باره‌ت به‌ ئێوه‌ هه‌میشه‌ سوپاسی خودام ده‌كه‌م، بۆ ئه‌و به‌خششه‌ی خودا كه‌ له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا پێتان دراوه‌، له‌ودا له‌ هه‌موو شتێك ده‌وڵه‌مه‌ند بوون، له‌ هه‌موو قسه‌ و زانینێک، وه‌ك گه‌واهیی مه‌سیح له‌ ئێوه‌دا جێگیر بوو، ته‌نانه‌ت له‌ هیچ به‌هره‌یه‌ك كه‌موكوڕیتان نییه‌، چاوه‌ڕوانی ئاشكراكردنی په‌روه‌ردگارمان ئیشۆعی مه‌سیحن. ئه‌وه‌ی تا پایان جێگیریتان ده‌كات، تاكو له‌ ڕۆژی په‌روه‌ردگارمان ئیشۆعی مه‌سیحدا بێ گله‌یی بن. خودا سه‌رڕاسته‌، ئه‌وه‌ی به‌هۆیه‌وه‌ بۆ هاوبه‌شی كردنی ڕۆڵه‌كه‌ی بانگكراون، ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان. برایان، به‌ ناوی په‌روه‌ردگارمان ئیشۆعی مه‌سیح لێتان ده‌پاڕێمه‌وه‌ كه‌ هه‌مووتان یه‌ك قسه‌ بن، دووبه‌ره‌كی له‌نێوانتاندا نه‌بێت، به‌ڵكو له‌ یه‌ك هزر و یه‌ك ڕا یه‌كگرتوو بن. برایانم، چونكه‌ ماڵی خلۆیی هه‌واڵیان دامێ ناكۆكی له‌نێوانتاندا هه‌یه‌. مه‌به‌ستم ئه‌مه‌یه‌: یه‌كێكتان ده‌ڵێت: “من هی پۆڵۆسم”، یه‌كێكی دیكه‌: “من هی ئه‌پۆلۆسم”، یان “من هی كیپه‌م”، یان “من هی مه‌سیحم”. ئایا مه‌سیح به‌ش كراوه‌؟ یان پۆڵۆس له‌ پێناوتاندا له‌خاچدراوه‌؟ یان به‌ ناوی پۆڵۆس عه‌مادكران؟ سوپاس بۆ خودا كه‌ستانم عه‌ماد نه‌كردووه‌، قیریسپۆس و گائیوس نه‌بێت، نه‌وه‌ك یه‌كێك بڵێت به‌ ناوی منه‌وه‌ عه‌مادكراوه‌. هه‌روه‌ها خێزانی ئیستیفانۆسم عه‌مادكردووه‌، جگه‌ له‌مانه‌ نازانم كه‌سی دیكه‌م عه‌مادكردبێت. چونكه‌ مه‌سیح نه‌یناردووم بۆ عه‌مادكردن، به‌ڵكو بۆ موژده‌دان، ئه‌مه‌ش نه‌ك به‌ قسه‌ی دانایی، نه‌وه‌ك هێزی خاچی مه‌سیح پووچه‌ڵ بێته‌وه‌. چونكه‌ وشه‌ی خاچ لای له‌ناوچووان گێلایه‌تییه‌، به‌ڵام لای ئێمه‌ی ڕزگاربووان هێزی خودایه‌. چونكه‌ نووسراوه‌: {دانایی داناكان له‌ناوده‌به‌م، تێگه‌یشتنی تێگه‌یشتووان ڕه‌ت ده‌كه‌مه‌وه‌}. كوا دانا؟ كوا ته‌وراتزان؟ كوا كه‌سی به‌ ده‌م وزاری ئه‌م ڕۆژگاره‌؟ ئایا خودا دانایی ئه‌م جیهانه‌ی نه‌كردۆ‌ته‌ گێلایه‌تی؟ چونكه‌ كه‌ جیهان له‌ دانایی خودادا خودایان به‌ دانایی نه‌ناسی، خودا پێی خۆشبوو ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان هێناوه‌ به‌ گێلایه‌تی په‌یامی ڕاگه‌یێندراو ڕزگاریان بكات. چونكه‌ جوو داوای په‌رجو ده‌كه‌ن و یۆنانی هه‌وڵی دانایی ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ مه‌سیحی له‌خاچدراو ڕاده‌گه‌یه‌نین، بۆ جوو كۆسپه‌ و بۆ یۆنانیه‌كان گێلایه‌تییه‌! به‌ڵام بۆ بانگكراوان، جوو و یۆنانی، مه‌سیح هێزی خودا و دانایی خودایه‌. چونكه‌ گێلایه‌تی خودا له‌ مرۆڤ داناتره‌! لاوازی خودا له‌ مرۆڤ به‌هێزتره‌! جا برایان، بڕواننه‌ بانگكردنه‌كه‌تان، به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ زۆرتان دانا نه‌بوون، زۆرتان توانادار نه‌بوون، زۆرتان ماقوڵ نه‌بوون. به‌ڵكو خودا گێله‌كانی جیهانی هه‌ڵبژارد تاكو داناكان شه‌رمه‌زار بكات، خودا لاوازه‌كانی جیهانی هه‌ڵبژارد تاكو به‌هێزه‌كان شه‌رمه‌زار بكات. خودا پایه‌نزمه‌كانی جیهان و ڕق لێبوه‌ و نه‌بووه‌كانی هه‌ڵبژارد، بۆ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ هه‌بووه‌كان، تاكو هیچ جه‌سته‌دارێك له‌به‌رده‌می شانازی نه‌كات. به‌ڵام ئێوه‌ به‌هۆی ئه‌و له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدان، ئه‌وه‌ی له‌ خوداوه‌ بۆمان بووه‌ دانایی و بێتاوانی و پارساكردن و قوربانی. تاكو وه‌ك نووسراوه‌: {ئه‌وه‌ی شانازی ده‌كات، با شانازی به‌ په‌روه‌ردگار بكات}. برایان، منیش كاتێ هاتمه‌ لاتان، به‌ قسه‌ی گه‌وره‌ یان دانایی نه‌هاتم گه‌واهیی خودا ڕابگه‌یه‌نم، چونكه‌ بڕیارم دا له‌نێوتاندا هیچ نه‌زانم، بێجگه‌ له‌ ئیشۆعی مه‌سیح، به‌ له‌خاچدراوی. منیش به‌ لاوازی و ترس و له‌رزێكی زۆره‌وه‌ له‌لاتان بووم. وته‌ و موژده‌دانم به‌ قسه‌ی دانایی مرۆڤ و ڕازیكردن نه‌بوو، به‌ڵكو به‌ به‌ڵگه‌ی ڕووح و هێز، تاكو باوه‌ڕتان به‌ دانایی مرۆڤ نه‌بێت، به‌ڵكو به‌ هێزی خودا بێت. ئێمه‌ له‌نێو پێگه‌یشتووان به‌ دانایی ده‌دوێین، به‌ڵام داناییه‌ك نه‌ له‌م ڕۆژگاره‌یه‌ و نه‌ له‌ سه‌رۆكه‌كانی ئه‌م ڕۆژگاره‌یه‌، كه‌ له‌ناوده‌چن. به‌ڵكو باسی دانایی خودا ده‌كه‌ین كه‌ نهێنییه‌: دانایی شاراوه‌، ئه‌وه‌ی خودا له‌پێش ڕۆژگاره‌وه‌ بۆ شكۆی ئێمه‌ی داناوه‌. هیچ سه‌رۆكێكی ئه‌م ڕۆژگاره‌ نه‌یانده‌زانی، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بیانزانایه‌، په‌روه‌ردگاری شكۆمه‌ندیان له‌خاچ نه‌ده‌دا. به‌ڵكو وه‌ك نووسراوه‌: {ئه‌وه‌ی هیچ چاوێك نه‌یبینیوه‌، هیچ گوێیه‌ك نه‌یبیستووه‌ و به‌ بیری مرۆڤدا نه‌هاتووه‌، ئه‌وه‌ی خودا ئاماده‌ی كردووه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی خۆشیانده‌وێت}. به‌ڵام خودا به‌هۆی ڕووحی خۆی بۆی ئاشكرا كردین. چونكه‌ ڕووح هه‌موو شتێك ده‌پشكنێت، ته‌نانه‌ت قووڵی ناخی خوداش. چونكه‌ چ مرۆڤێك ده‌زانێت مرۆڤ چی تێدایه‌، ڕووحی مرۆڤ نه‌بێت كه‌ له‌ناویدایه‌؟ به‌م شێوه‌یه‌ كه‌س نازانێت خودا چی تێدایه‌ ڕووحی خودا نه‌بێت. ئێمه‌ش ڕووحی جیهانمان وه‌رنه‌گرتووه‌، به‌ڵكو ئه‌و ڕووحه‌ی له‌ خوداوه‌یه‌، تاكو له‌و شتانه‌ بزانین كه‌ خودا پێی به‌خشیوین. ئه‌وانه‌ی باسیان ده‌كه‌ین، نه‌ك به‌و قسانه‌ی له‌ فێركردنی دانایی مرۆڤه‌وه‌یه‌، به‌ڵكو له‌ فێركردنی ڕووحوه‌، بیری ڕووحییانه‌ بۆ كه‌سه‌ ڕووحییه‌كان لێك ده‌ده‌ینه‌وه‌. به‌ڵام مرۆڤی سروشتی ئه‌وه‌ی هی ڕووحی خودایه‌ وه‌ری ناگرێت، چونكه‌ لای ئه‌و گێلایه‌تییه‌، ناشتوانێت بیانزانێت، چونكه‌ به‌ ڕووح جیا ده‌كرێنه‌وه‌. مرۆڤی ڕووحیش هه‌موو شتێك هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت، كه‌چی خۆی كه‌س هه‌ڵیناسه‌نگێنێت. {چونكه‌ كێ بیری په‌روه‌ردگاری زانی‌، كێ فێری ده‌كات؟} به‌ڵام ئێمه‌ بیری مه‌سیحمان هه‌یه‌. برایان، من نه‌متوانی وه‌ك بۆ ڕووحییانی قسه‌تان بۆ بكه‌م، به‌ڵكو وه‌ك بۆ جه‌سته‌ییه‌كان، وه‌ك بۆ ساوایان له‌ مه‌سیحدا. شیرم ده‌رخوارد دان نه‌ك خواردن، چونكه‌ هێشتا تواناتان نه‌بوو، به‌ڵكو ئێستاش تواناتان نییه‌. چونكه‌ هێشتا جه‌سته‌یین. چونكه‌ كه‌ ئیره‌یی و ناكۆكی و دووبه‌ره‌كی له‌نێوانتاندا هه‌بێت، ئایا جه‌سته‌یی نین و ته‌نها وه‌ك ئاده‌میزاد ناژین؟ چونكه‌ كاتێ یه‌كێك ده‌ڵێت: “من هی پۆڵۆسم” ئه‌وی دیكه‌: “من هی ئه‌پۆلۆسم” ئایا هێشتا جه‌سته‌یی نین؟ پۆلۆس كێیه‌؟ ئه‌پۆڵۆس كێیه‌؟ ته‌نها ڕاژه‌وانن، به‌هۆی ئه‌وانه‌وه‌ باوه‌ڕتان هێناوه‌ وه‌ك په‌روه‌ردگار به‌ هه‌ر یه‌كێكی داوه‌. من چاندم و ئه‌پۆلۆس ئاوی دا، به‌ڵام خودا بوو گه‌شه‌ی پێكرد. ئیتر نه‌ چێنه‌ر شتێكه‌ و نه‌ ئاودێر، به‌ڵكو خودا كه‌ گه‌شه‌ی پێ ده‌كات. چێنه‌ر و ئاودێر یه‌كن، به‌ڵام هه‌ریه‌كه‌ به‌گوێره‌ی ماندووبوونی خۆی كرێی خۆی وه‌رده‌گرێت. جا ئێمه‌ له‌گه‌ڵ خودا كار ده‌كه‌ین، ئێوه‌ش كێڵگه‌ی خودا و خانووی خودان. به‌گوێره‌ی ئه‌و به‌خششه‌ی خودا پێیداوم، وه‌ك ئه‌ندازیارێكی دانا بناغه‌م دانا و یه‌كێكی دیكه‌ له‌سه‌ری بنیاد ده‌نێت. به‌ڵام با هه‌ریه‌كه‌ ئاگادار بێت چۆن له‌سه‌ری بنیاد ده‌نێت. چونكه‌ كه‌س ناتوانێت بناغه‌یه‌كی دیكه‌ دابنێت له‌ پاڵ ئه‌وه‌ی دانراوه‌، كه‌ ئیشۆعی مه‌سیحه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه‌ زێڕ، زیو، به‌ردی گرانبه‌ها، دار، پووش یان كا، بنیاد بنێت، ئه‌وا كاری هه‌ر یه‌كێك ده‌رده‌كه‌وێت، چونكه‌ ڕۆژ ئاشكرای ده‌كات، چونكه‌ به‌ ئاگر ئاشكرا ده‌كرێت و ئاگر تاقی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كاری هه‌ر یه‌كێك چۆنه‌. ئه‌گه‌ر كاری یه‌كێك بمێنێته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ری بنیادی ناوه‌، ئه‌وا پاداشت وه‌رده‌گرێت. ئه‌گه‌ر كاری یه‌كێك سووتا ئه‌وا زیانی پێده‌گات، به‌ڵام خۆی ڕزگاری ده‌بێت، وه‌ك یه‌كێك له‌ نێو ئاگر هه‌ڵات. ئایا نازانن ئێوه‌ په‌رستگای خودان و ڕووحی خوداتان تێدا نیشته‌جێیه‌؟ ئه‌گه‌ر یه‌كێك په‌رستگای خودا وێران بكات، خودا وێرانی ده‌كات. چونكه‌ په‌رستگای خودا پارسا‌یه‌، ئه‌ویش ئێوه‌ن. با كه‌س خۆی هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێنێت. ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌نێوانتان خۆی به‌ دانای ئه‌م ڕۆژگاره‌ ده‌زانێت، با ببێته‌ گێل تاكو ببێته‌ دانا! چونكه‌ دانایی ئه‌م جیهانه‌ له‌لای خودا گێلایه‌تییه‌، چونكه‌ نووسراوه‌: {ئه‌وه‌ی داناكان به‌ فێڵبازی خۆیانه‌وه‌ ده‌گرێت}. هه‌روه‌ها: {په‌روه‌ردگار بیركردنه‌وه‌ی داناكان ده‌زانێت كه‌ پووچه‌ڵه‌}. كه‌واته‌، با كه‌س شانازی به‌ مرۆڤ نه‌كات! چونكه‌ هه‌موو شتێك هی ئێوه‌یه‌، پۆڵۆس یان ئه‌پۆلۆس یاخود كیپه‌، جیهان یان ژیان یان مه‌رگ، شته‌كانی ئێستا یاخود داهاتوو هه‌موو شتێك هی ئێوه‌یه‌، به‌ڵام ئێوه‌ هی مه‌سیحن، مه‌سیحیش هی خودایه‌. به‌م شێوه‌یه‌ با خه‌ڵك به‌ ڕاژه‌وانی مه‌سیح و سه‌ركاری نهێنییه‌كانی خودامان دابنێن. جا ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ركاران داوا ده‌كرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ متمانه‌یی بسه‌لمێنن. به‌ڵام من به‌لامه‌وه‌ گرنگ نییه‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ یان هه‌ر دادگایه‌كی مرۆڤانه‌ حوكمم بدات، به‌ڵام من حوكم به‌سه‌ر خۆم ناده‌م. چونكه‌ هیچ گله‌ییه‌ك له‌ خۆمدا نابینم، به‌ڵام به‌مه‌ بێتاوان نه‌بوومه‌، به‌ڵكو په‌روه‌ردگاره‌ لێپێچینه‌وه‌م له‌گه‌ڵ ده‌كات. كه‌واته‌ پێش كات حوكم له‌ شتێك مه‌ده‌ن، تاكو په‌روه‌ردگار دێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی شاردراوه‌كانی تاریكی ڕووناك ده‌كاته‌وه‌ و نیازی دڵان ده‌رده‌خات. ئه‌وسا هه‌ر یه‌كێك له‌لایه‌ن خوداوه‌ ستایش ده‌كرێت. برایان، ئێستا له‌ پێناوی ئێوه‌دا خۆم و ئه‌پۆلۆسم له‌م شتانه‌ كرده‌ نموونه‌، تاكو له‌ ئێمه‌وه‌ فێربن: {زێده‌ ڕۆیی مه‌كه‌ن له‌وانه‌ی نووسراون} ، ئینجا كه‌س خۆی به‌ یه‌كێك هه‌ڵنه‌كێشێت له‌سه‌ر ئه‌وی دیكه‌. چونكه‌ كێ تۆ جیا ده‌كاته‌وه‌؟ چیت هه‌یه‌ وه‌رت نه‌گرتبێت؟ ئه‌گه‌ر وه‌رتگرتووه‌، بۆ شانازی ده‌كه‌یت وه‌ك وه‌رت نه‌گرتبێت؟ وا تێربوون! وا ده‌وڵه‌مه‌ند بوون! به‌بێ ئێمه‌ بوونه‌ پاشا! خۆزگه‌ به‌ ڕاستی ببوونایه‌ته‌ پاشا، تاكو ئێمه‌ش له‌گه‌ڵتان ببووینایه‌ پاشا! چونكه‌ وا ده‌بینم خودا ئێمه‌ی په‌یامبه‌ری له‌ دواوه‌ی كه‌ژاوه‌ ده‌رخست، وه‌ك ئه‌وه‌ی حوكمی مه‌رگمان بۆ درابێت، چونكه‌ بووینه‌ نماییشی جیهان و فریشته‌ و خه‌ڵک. ئێمه‌ له‌ پێناوی مه‌سیحدا گێلین، به‌ڵام ئێوه‌ له‌ مه‌سیحدا دانان! ئێمه‌ لاوازین و ئێوه‌ به‌هێزن! ئێوه‌ ڕێزدارن و ئێمه‌ بێ ڕێزین! تا ئێستا برسی و تینوو و ڕووتین، لێدان و بێ لانه‌یی ده‌چێژین. به‌ ده‌ستی خۆمان ئیش ده‌كه‌ین و ماندوو ده‌بین. جنێومان پێ ده‌درێت و داڕشت ده‌كه‌ین، ده‌چه‌وسێینه‌وه‌ و به‌رگه‌ ده‌گرین. بوختانمان پێ ده‌كه‌ن و نه‌رمی ده‌نوێنین. تا ئێستا وه‌ك زبڵی جیهان و پاشماوه‌ی هه‌موو شتێكمان لێ هاتووه‌. ئه‌مانه‌ نانووسم تاكو شه‌رمه‌زارتان بكه‌م، به‌ڵكو وه‌ك ڕۆڵه‌ خۆشه‌ویسته‌كانم ئاگادارتان ده‌كه‌مه‌وه‌. چونكه‌ هه‌رچه‌نده‌ ده‌یان هه‌زار ڕابه‌رتان له‌ مه‌سیحدا هه‌بێ، به‌ڵام باوكان زۆر نین. چونكه‌ به‌هۆی ئینجیل له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا بوومه‌ باوكتان. جا تكاتان لێ ده‌كه‌م، لاسایی من بكه‌نه‌وه‌. بۆیه‌ تیماتیئوسم بۆ ناردن، كه‌وا ڕۆڵه‌ی خۆشه‌ویست و دڵسۆزمه‌ له‌ په‌روه‌ردگار، ئه‌و ڕێگاكانی منتان له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا بیر ده‌خاته‌وه‌، وه‌ك له‌ هه‌ر شوێنێك و له‌ هه‌موو وارگه‌یه‌ك فێرده‌كه‌م. هه‌ندێك لووتبه‌رز بوونه‌ وه‌ك بڵێی نایێمه‌ لاتان. به‌ڵام به‌ خواستی په‌روه‌ردگار به‌ په‌له‌ دێمه‌ لاتان، ئه‌وسا نه‌ك قسه‌كانی ئه‌و لووتبه‌رزانه‌ ده‌زانم به‌ڵكو هێزیان. چونكه‌ پاشایه‌تی خودا به‌ قسه‌ نییه‌، به‌ڵكو به‌ هێزه‌. چیتان ده‌وێ؟ به‌ دار بێمه‌ لاتان یاخود به‌ خۆشویستن و ڕووحی دڵنه‌رمی؟ له‌نێوانتاندا داوێنپیسی ده‌بیسترێت! داوێنپیسییه‌ك كه‌ له‌نێو نه‌ته‌وه‌كانیشدا نییه‌: پیاو له‌گه‌ڵ باوه‌ژنی ده‌ژیێت! ئێوه‌ش لووتبه‌رز بوونه‌! باشتر نه‌بوو ماته‌مدار بن، تاكو ئه‌وه‌ی ئه‌م كاره‌ی كردووه‌ له‌نێوانتاندا لابدرێت؟ هه‌رچه‌نده‌ به‌ له‌ش له‌لاتان نیم، به‌ڵام به‌ ڕووح ئاماده‌م، وا ئه‌و كه‌سه‌م حوكم داوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ی كردووه‌، وه‌ك ئاماده‌بم، به‌ ناوی په‌روه‌ردگارمان ئیشۆعی مه‌سیح، ئێوه‌ و ڕووحی من له‌گه‌ڵ هێزی په‌روه‌ردگارمان ئیشۆعی مه‌سیح كۆده‌بنه‌وه‌، كه‌سی ئاوا بۆ له‌ناوچوونی جه‌سته‌ بدرێته‌ ده‌ستی شه‌یتان، تاكو له‌ ڕۆژی ئیشۆعی په‌روه‌ردگار ڕووح ڕزگاری بێت. له‌خۆباییتان باش نییه‌. ئایا نازانن هه‌ویرترشێكی بچووك هه‌موو هه‌ویره‌كه‌ هه‌ڵدێنێت؟ كه‌واته‌ خۆتان له‌ هه‌ویرترشی كۆن پاكبكه‌نه‌وه‌، تاكو ببنه‌ هه‌ویرێكی نوێ وه‌ك ئێوه‌ فه‌تیره‌ن. چونكه‌ مه‌سیحی قوربانیی په‌سخه‌مان له‌پێناوی ئێمه‌ سه‌ربڕا. كه‌واته‌ با جه‌ژن بگێڕین، نه‌ك به‌ هه‌ویرترشی كۆن، هه‌ویرترشی به‌دكاری و خراپه‌، به‌ڵكو به‌ فه‌تیره‌ی دڵسۆزی و ڕه‌وا. له‌ په‌یامه‌كه‌مدا بۆم نووسین تێكه‌ڵی داوێنپیسان مه‌بن، مه‌به‌ستم له‌ داوێنپیس و چڵێس و تاڵانكه‌ر و بتپه‌رستانی ئه‌م جیهانه‌ نییه‌، ئه‌گینا ناچار ده‌بوون له‌م جیهانه‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌! به‌ڵام ئێستا بۆتان ده‌نووسم: تێكه‌ڵی یه‌كێك مه‌بن به‌ برا ناوده‌بردرێت و داوێنپیسه‌ یان چڵێسه‌ یاخود بتپه‌رسته‌ و جنێوده‌ره‌ یان سه‌رخۆشه‌ و تاڵانكه‌ره‌. نانیش له‌گه‌ڵ كه‌سی ئاوا مه‌خۆن. چونكه‌ به‌ من چی كه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ حوكم بده‌م؟ ئێوه‌ نین ئه‌وانه‌ی ناوه‌وه‌ حوكم ده‌ده‌ن؟ ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ خودا حوكمیان ده‌دات. {خراپه‌كار له‌ ناوتان لابده‌ن}. كه‌ یه‌كێكتان سكاڵایه‌كی له‌ یه‌كێكی دیكه‌ هه‌بوو، چۆن ده‌وێرێ له‌لای سته‌مكاران حوكمی بۆ بدرێت و لای پارسایان نه‌بێت؟ ئایا نازانن پارساكان جیهان حوكم ده‌ده‌ن؟ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ جیهان حوكم بده‌ن، ئایا شایسته‌ نین له‌ بچووكترینی شته‌كان حوكم بده‌ن؟ ئایا نازانن ئێمه‌ فریشته‌ش حوكم ده‌ده‌ین؟ چه‌نده‌ زیاتر شته‌كانی ئه‌م ژیانه‌ نا! جا ئه‌گه‌ر كێشه‌تان ده‌رباره‌ی ئه‌م ژیانه‌ هه‌بێت، ئایا ده‌یبه‌نه‌ لای ئه‌وانه‌ی له‌ وارگه‌دا گرنگ نین! تاكو شه‌رم بكه‌ن ئاوا ده‌ڵێم. ئایا یه‌كێكی داناتان تێدا نییه‌ بتوانێت دادوه‌ری له‌نێو برایانی بكات؟ به‌ڵام برا برای خۆی بۆ دادگا ده‌بات، ئه‌مه‌ش له‌لای بێباوه‌ڕان! ئێستا شوره‌ییه‌ بۆتان له‌نێوانتاندا سكاڵاكاری هه‌بێت. باشتر نه‌بوو سته‌ملێكراو بن؟ باشتر نه‌بوو فێڵلێكراو بن؟ به‌ڵام ئێوه‌ سته‌مكاری ده‌كه‌ن و فێڵ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌ برایان! ئایا نازانن كه‌ سته‌مكاران نابنه‌ میراتگری پاشایه‌تیی خودا؟ هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێن: نه‌ داوێنپیس و نه‌ بتپه‌رست و نه‌ مێباز و نه‌ به‌دڕه‌وشت و نه‌ نێرباز، نه‌ دز و نه‌ چڵێس و نه‌ سه‌رخۆش و نه‌ جنێوده‌ر و نه‌ تاڵانكه‌ر نابنه‌ میراتگری پاشایه‌تیی خودا. جا هه‌ندێكتان ئاوا بوون. به‌ڵام شۆرانه‌وه‌، به‌ڵكو پارساكران، به‌ڵكو بێتاوان كران به‌ ناوی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگار و ڕووحی خوداوه‌ندمان. “هه‌موو شتێك بۆ من دروسته‌”، به‌ڵام هه‌موو شتێك به‌ سوود نییه‌. “هه‌موو شتێك بۆ من دروسته‌”، به‌ڵام هیچ شتێك به‌سه‌رمدا زاڵ نابێت. خواردن بۆ ورگه‌ و ورگیش بۆ خواردن، خوداش ئه‌م و ئه‌و له‌ناوده‌بات. به‌ڵام له‌ش بۆ داوێنپیسی نییه‌، به‌ڵكو بۆ په‌روه‌ردگاره‌، په‌روه‌ردگاریش بۆ له‌شه‌. خوداش په‌روه‌ردگاری هه‌ستانده‌وه‌ و به‌ هێزی خۆی ئێمه‌ش هه‌ڵده‌ستێنێته‌وه‌. ئایا نازانن له‌شتان ئه‌ندامی مه‌سیحه‌؟ ئایا ئه‌ندامی مه‌سیح بكه‌مه‌ ئه‌ندامی داوێنپیسێک؟ حاشا! یاخود نازانن ئه‌وه‌ی خۆی به‌ داوێنپیسێك لكاندووه‌، له‌گه‌ڵی بووه‌ته‌ یه‌ك له‌ش؟ چونكه‌ ده‌فه‌رمووێ: {هه‌ردووكیان ده‌بنه‌ یه‌ك جه‌سته‌}. به‌ڵام ئه‌وه‌ی خۆی به‌ په‌روه‌ردگاره‌وه‌ ده‌لكێنێت، ئه‌وا بوونه‌ به‌ یه‌ك ڕووح. له‌ داوێنپیسی هه‌ڵبێن. هه‌ر گوناهێك مرۆڤ بیكات، له‌ ده‌ره‌وه‌ی له‌شه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی داوێنپیسی ده‌كات ئه‌وا دژی له‌شی خۆی گوناه‌ ده‌كات. یاخود نازانن كه‌ له‌شتان په‌رستگای ڕووحی پارسا‌یه‌ كه‌ له‌ ئێوه‌دایه‌ و له‌لایه‌ن خوداوه‌یه‌ هه‌تانه‌؟ ئێوه‌ش هی خۆتان نین، چونكه‌ ئێوه‌ به‌ نرخێك كڕاون. جا به‌ له‌شتان و به‌ ڕووحتان خودا شكۆدار بكه‌ن كه‌ هی خودایه‌. سه‌باره‌ت به‌و شتانه‌ی كه‌ ده‌رباه‌ری بۆمتان نووسی: باشه‌ بۆ پیاو ژن نه‌هێنێت. به‌ڵام له‌به‌ر داوێنپیسی، با هه‌ر پیاوێك ژنی خۆی هه‌بێت و هه‌ر ژنێك مێردی خۆی هه‌بێت. مێرد له‌سه‌ریه‌تی ئه‌ركی مافی ژنه‌كه‌ی به‌جێ بگه‌یه‌نێت، هه‌روه‌ها ژنیش بۆ مێرد. ژن ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر له‌شی خۆیدا نییه‌، به‌ڵكو بۆ مێرده‌، مێردیش ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر له‌شی خۆیدا نییه‌، به‌ڵكو بۆ ژنه‌. خۆتان له‌ یه‌كتری بێبه‌ش مه‌كه‌ن، مه‌گه‌ر به‌ ڕێككه‌وتن بۆ ماوه‌یه‌ك تاكو بۆ ڕۆژوو و نوێژ ده‌ستبه‌تاڵ بن، دواتر له‌گه‌ڵ یه‌كتری جووت بنه‌وه‌، نه‌وه‌ك به‌هۆی خۆڕانه‌گرتنتانه‌وه‌ شه‌یتان تاقیتان بكاته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ی ده‌یڵێم، وه‌ك ڕێگادانه‌ نه‌ك فه‌رمان. هیوادارم هه‌موو خه‌ڵك وه‌ك من بن، به‌ڵام هه‌ریه‌كه‌ له‌لایه‌ن خوداوه‌ به‌هره‌ی خۆی هه‌یه‌، هی یه‌كێك ئاوایه‌ و ئه‌وه‌ی دیكه‌ش ئاوا. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی هاوسه‌رگیرییان نه‌كردووه‌ و بێوه‌ژنانیش، پێیان ده‌ڵێم: بۆیان باشه‌ ئه‌گه‌ر وه‌ك من بمێننه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر خۆیان ڕانه‌گرت، با هاوسه‌رگیری بكه‌ن، چونكه‌ هاوسه‌رگیری له‌ گڕگرتن باشتره‌. به‌ڵام بۆ هاوسه‌ران، ڕایانده‌سپێرم، من نیم به‌ڵكو په‌روه‌ردگاره‌: با ژن له‌ مێرده‌كه‌ی جیا نه‌بێته‌وه‌، ئه‌گه‌ریش لێی جیابووه‌وه‌، با بێ مێرد بمێنێته‌وه‌ یان مێرده‌كه‌ی ئاشت بكاته‌وه‌. مێردیش با له‌ ژنه‌كه‌ی جیا نه‌بێته‌وه‌. ئه‌وانی دیكه‌، من پێیان ده‌ڵێم نه‌ك په‌روه‌ردگار: ئه‌گه‌ر برایه‌ك ژنێكی بێباوه‌ڕی هه‌بوو، ژنه‌كه‌ش ڕازی بوو له‌گه‌ڵیدا بژیێت، با لێی جیا نه‌بێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر ژنیش مێردێكی بێباوه‌ڕی هه‌بوو، مێرده‌كه‌ ڕازی بوو له‌گه‌ڵیدا بژیێت، با لێی جیا نه‌بێته‌وه‌. چونكه‌ مێرده‌ بێباوه‌ڕه‌كه‌ له‌ ژندا پارسایه‌ و ژنی بێباوه‌ڕ له‌ پیاودا پارسایه‌، ئه‌گینا منداڵتان گڵاون، به‌ڵام ئێستا پارسا‌ن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێباوه‌ڕه‌كه‌ خۆی جیا كرده‌وه‌، با جیا بێته‌وه‌. له‌ باری ئاوادا براكه‌ یان خوشكه‌كه‌ نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو خودا بۆ ئاشتی بانگی كردووین. چونكه‌ ئه‌ی ژن، چۆن ده‌زانی ئاخۆ مێرده‌كه‌ت ڕزگاری ده‌بێت؟ یان ئه‌ی مێرد، چۆن ده‌زانی ئاخۆ ژنه‌كه‌ت ڕزگاری ده‌بێت؟ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، با هه‌ر یه‌كێك به‌ پێی به‌شكردنی په‌روه‌ردگار، وه‌ك خودا بانگی كردووه‌، ئاوا بگوزه‌رێنێت. منیش له‌ هه‌موو وارگه‌كان ئاوا فه‌رمان ده‌ده‌م. ئه‌وه‌ی به‌ خروسه‌بڕاوی بانگكراوه‌، با نه‌بێته‌وه‌ خروسه‌نه‌بڕاو. ئه‌وه‌ش به‌ خروسه‌نه‌بڕاوی بانگكراوه‌، با خروسه‌بڕان نه‌كات. خروسه‌بڕان هیچ نییه‌، خروسه‌ نه‌بڕینیش هیچ نییه‌، به‌ڵكو پاراستنی ڕاسپارده‌كانی خودا. با هه‌ر یه‌كێك له‌و بانگه‌وازییه‌دا بمێنێته‌وه‌ كه‌ تیایدابووه‌ كاتێ خودا بانگی كردووه‌. ئه‌گه‌ر به‌ كۆیله‌یی بانگكرایت؟ گوێی مه‌ده‌رێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر توانیت ئازاد بیت، بیكه‌. چونكه‌ ئه‌وه‌ی كۆیله‌ بووه‌ و له‌ په‌روه‌ردگار بانگكراوه‌، ده‌بێته‌ ئازادی په‌روه‌ردگار. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی ئازاد بووه‌ و بانگكراوه‌ ده‌بێته‌ كۆیله‌ی مه‌سیح. چونكه‌ ئێوه‌ به‌ نرخێك كڕاون، مه‌بنه‌ كۆیله‌ی خه‌ڵک. برایان، هه‌ر یه‌كێك له‌ چیدا بانگكراوه‌، با له‌گه‌ڵ خودا له‌مه‌دا بمێنێته‌وه‌. ده‌رباره‌ی كچان و كوڕان، فه‌رمانێكی په‌روه‌ردگارم نییه‌، به‌ڵام بۆچوونێك ده‌ده‌م وه‌ك یه‌كێك په‌روه‌ردگار به‌زه‌یی پێدا هاتبێته‌وه‌ كه‌وا جێی متمانه‌ بێت. وابزانم، له‌به‌ر ئه‌م ته‌نگانه‌یه‌ی ئێستا، باشه‌ بۆ مرۆڤ ئاوا بمێنێته‌وه‌. ئایا تۆ به‌ ژنه‌وه‌ به‌ستراویته‌وه‌؟ داوای جیا بوونه‌وه‌ مه‌كه‌. ئایا تۆ به‌ ژن نه‌به‌ستراویته‌وه‌؟ داوای ژن مه‌كه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ژن بهێنیت هه‌ڵه‌ت نه‌كردووه‌، ئه‌گه‌ر پاكیزه‌ش مێرد بكات هه‌ڵه‌ی نه‌كردووه‌. به‌ڵام ئه‌وانه‌ له‌م ژیانه‌ تووشی ماندووێتی ده‌بن، جا من ده‌مه‌وێ تووشتان نه‌كه‌م. خوشكان، برایان، ئه‌مه‌ ده‌ڵێم: له‌ئێستاوه‌ كاته‌كه‌ كورت كراوه‌ته‌وه‌، تاكو ئه‌وه‌ی ژنی هه‌یه‌ وه‌ك نه‌یبێت، ئه‌وانه‌ی ده‌گریێن وه‌ك نه‌گریێن، ئه‌وانه‌ی شادن وه‌ك شاد نه‌بن، ئه‌وانه‌ی ده‌كڕن وه‌ك موڵكیان نه‌بێت، ئه‌وانه‌ی جیهان به‌كارده‌هێنن وه‌ك هه‌ر به‌كاری نه‌هێنن، چونكه‌ وێنه‌ی ئه‌م جیهانه‌ ڕووه‌و نه‌مانه‌. جا ده‌مه‌وێ ئێوه‌ بێ خه‌م بن. ئه‌وه‌ی ژنی نه‌هێناوه‌ بایه‌خ به‌ كاروباری په‌روه‌ردگار ده‌دات، چۆن په‌روه‌ردگار ڕازی بكات. به‌ڵام هاوسه‌ردار بایه‌خ به‌ كاروباری جیهان ده‌دات، چۆن ژنه‌كه‌ی ڕازی بكات، جیاوازی هه‌یه‌ نێوان ژنی بێ مێرد و پاكیزه‌: چونكه‌ پاكیزه‌ گرنگی به‌ كاروباری په‌روه‌ردگار ده‌دات، تاكو له‌ش و ڕووحی پارسا بێت. به‌ڵام شووكردوو بایه‌خ به‌ كاروباری جیهان ده‌دات، چۆن مێرده‌كه‌ی ڕازی بكات. ئه‌مه‌ بۆ چاكه‌تان ده‌ڵێم، نه‌ك تووشی كۆتێكتان بكه‌م، به‌ڵكو بۆ ڕێز و ته‌رخانكراوییه‌ بۆ په‌روه‌ردگار، بێ په‌شێوی. به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێك بیر ده‌كاته‌وه‌ كه‌ نه‌شیاوی ده‌كات له‌گه‌ڵ پاكیزه‌كه‌ی و ئه‌گه‌ر كاتی به‌سه‌رچوو بێت، پێویست بوو ئاواش بێت، چۆنی حه‌ز لێیه‌ با بیكات و گوناه‌ ناكات، با ببنه‌ هاوسه‌ر. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ دڵه‌وه‌ بڕیاری دابێت و ناچار نه‌بێت، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتی له‌سه‌ر خواستی خۆی هه‌بێت، ئه‌و بڕیاره‌ش كه‌ له‌ دڵه‌وه‌ داویه‌تی بۆ هێشتنه‌وه‌ی پاكیزه‌كه‌ی خۆی، ئه‌وا چاك ده‌كات. كه‌واته‌، ئه‌وه‌ی پاكیزه‌كه‌ی به‌ مێرد ده‌دات، چاك ده‌كات، ئه‌وه‌ش كه‌ به‌ مێرد نادات، چاكتر ده‌كات. ژن به‌ستراوه‌یه‌ تاكو مێرده‌كه‌ی زیندووه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر مێرده‌كه‌ی مرد، ئه‌وا ئازاده‌ ئه‌وه‌ی بیه‌وێ شووی پێ بكاته‌وه‌، ته‌نها له‌ په‌روه‌ردگار. به‌ڵام به‌ بۆچوونی من، به‌خته‌وه‌رتره‌ ئه‌گه‌ر ئاوا بمێنێته‌وه‌ وا بزانم منیش ڕووحی خودام هه‌یه‌. سه‌باره‌ت به‌ قوربانیی بته‌كان: ده‌زانین كه‌ هه‌موومان زانیاریمان هه‌یه‌. زانین لووتبه‌رز ده‌كات، به‌ڵام خۆشویستن بنیاد ده‌نێت. ئه‌گه‌ر یه‌كێك وایزانی شتێك ده‌زانێت، ئه‌وا هێشتا نازانێ وه‌ك پێویسته‌ بزانێت! به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێك خودای خۆشبووێ، ئه‌وا له‌لای ناسراوه‌. جا سه‌باره‌ت به‌ خواردنی قوربانیی بته‌كان: ده‌زانین بت له‌ جیهاندا نییه‌ و هیچ خوداوه‌ندیه‌ك نییه‌ جگه‌ له‌ یه‌كێک. چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ندێك هه‌بن پێیان بووترێت خوداوه‌ند، ئه‌گه‌ر له‌ ئاسمان بێت یان له‌سه‌ر زه‌وی، وه‌ك زۆر خوداوه‌ند و زۆر په‌روه‌ردگار هه‌یه‌ به‌ڵام ئێمه‌ ته‌نها یه‌ك خوداوه‌ندمان هه‌یه‌: باوک، كه‌ هه‌موو شتێك له‌وه‌وه‌یه‌ و ئێمه‌ش بۆ ئه‌وین. ته‌نها یه‌ك په‌روه‌ردگاریش هه‌یه‌: ئیشۆعی مه‌سیح، كه‌ هه‌موو شتێك به‌ ئه‌وه‌ و ئێمه‌ش به‌ ئه‌وین. به‌ڵام هه‌موو خه‌ڵك ئه‌مه‌ نازانن. چونكه‌ هه‌ندێكیان تا ئێستا خوویان به‌ بت گرتووه‌ و ئه‌وه‌ی ده‌یخۆن وه‌ك بڵێی قوربانیی بته‌، جا ویژدانیان كه‌ لاوازه‌ گڵاو ده‌بێت. به‌ڵام خواردن له‌ خودا نزیكمان ناكاته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر نه‌یخۆین كه‌م ناكه‌ین و ئه‌گه‌ر خواردیشمان زیاد ناكه‌ین. به‌ڵام وریابن سه‌ربه‌ستیتان نه‌بێته‌ كۆسپ بۆ لاوازه‌كان. چونكه‌ ئه‌ی خاوه‌ن زانیاری، ئه‌گه‌ر یه‌كێك تۆی بینی له‌ په‌رستگای بت ده‌خۆیت، ئایا ویژدانه‌كه‌ی كه‌ لاوازه‌ هاننادرێت تاكو له‌ قوربانی بته‌كان بخوات؟ جا به‌هۆی زانینت ئه‌و برایه‌ی لاوازه‌، كه‌ مه‌سیح له‌ پێناوی مرد، له‌ناوده‌چێت. ئاواش گوناه‌ له‌ دژی برایان ده‌كه‌ن و ویژدانی لاوازیان بریندار ده‌كه‌ن، گوناه‌ له‌ دژی مه‌سیح ده‌كه‌ن. بۆیه‌، ئه‌گه‌ر خۆراك ساتمه‌ به‌ براكه‌م بكات، ئه‌وا تاهه‌تایه‌ گۆشت ناخۆم، نه‌وه‌ك ساتمه‌ به‌ براكه‌م بكه‌م. ئایا په‌یامبه‌ر نیم؟ ئایا سه‌ربه‌ست نیم؟ ئایا ئیشۆعی په‌روه‌ردگارمانم نه‌بینیوه‌؟ ئایا ئێوه‌ ئه‌نجامی كاری من نین له‌ په‌روه‌ردگاردا؟ ئه‌گه‌ر بۆ خه‌ڵك په‌یامبه‌ر نه‌بم، بۆ ئێوه‌ په‌یامبه‌رم! چونكه‌ ئێوه‌ له‌ په‌روه‌ردگاردا مۆری په‌یامبه‌ریه‌تیی منن. بۆ ئه‌وانه‌ی لێم ده‌كۆڵنه‌وه‌ ئه‌مه‌یه‌ به‌رگریم: ئایا ده‌سه‌ڵاتی خواردن و خواردنه‌وه‌مان نییه‌؟ ئایا مافمان نییه‌ خوشكێك بكه‌ینه‌ هاوسه‌رمان، وه‌ك په‌یامبه‌رانی دیكه‌ و برایانی په‌روه‌ردگار و كیپه‌؟ یاخود ته‌نها من و به‌رنڤا ئه‌و مافه‌مان نییه‌، ده‌بێت هه‌ر ئیش بكه‌ین؟ كێ هه‌بووه‌ به‌ خه‌رجی خۆی سه‌ربازی كردبێت؟ كێ ڕه‌زێك ده‌چێنێت و له‌ به‌روبوومه‌كه‌ی ناخوات؟ یان كێ شوانایه‌تی مێگه‌لێك ده‌كات و له‌ شیره‌كه‌ی ناخوات؟ ئه‌م قسانه‌ وه‌ك مرۆڤ ده‌كه‌م؟ ئایا ته‌وراتیش ئه‌مانه‌ ناڵێت؟ چونكه‌ له‌ ته‌وراتی مووشێ نووسراوه‌: {له‌ كاتی گێره‌كردن ده‌می گا مه‌گره‌}. ئایا خودا بایه‌خ به‌ گا ده‌دات؟ ئایا به‌ ته‌واوی له‌ پێناوماندا نه‌یووتووه‌؟ به‌ڵێ، له‌ پێناوی ئێمه‌دا نووسراوه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ده‌كێڵێت پێویسته‌ به‌ هیواوه‌ بكێڵێت، ئه‌وه‌ی گێره‌ ده‌كات به‌ هیوای به‌شداربوونه‌. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ شتی ڕووحیمان بۆتان چاندووه‌، ئایا زۆره‌ ئه‌گه‌ر شتی ماددی له‌ ئێوه‌ بدروینه‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی دیكه‌ مافی پشتگیرییان له‌سه‌رتانه‌، ئایا ئێمه‌ له‌پێشتر نین؟ به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌م مافه‌مان به‌كارنه‌هێنا، به‌ڵكو به‌رگه‌ی هه‌موو شتێك ده‌گرین، نه‌وه‌ك كۆسپ دابنێین بۆ ئینجیلی مه‌سیح. ئایا نازانن ئه‌وانه‌ی ڕاژه‌ی په‌رستگا ده‌كه‌ن له‌ شته‌كانی په‌رستگا ده‌خۆن، ئه‌وانه‌ی ڕاژه‌ی قوربانگاش ده‌كه‌ن له‌ قوربانگادا به‌شدارن؟ ئاواش په‌روه‌ردگار فه‌رمانی داوه‌: ئه‌وانه‌ی ئینجیل ڕاده‌گه‌یێنن گوزه‌رانیان له‌ ئینجیله‌. به‌ڵام من شتێكم له‌مه‌ به‌كارنه‌هێناوه‌. ئه‌مانه‌ش نانووسم، تاكو بۆ من ئاوا بێت، چونكه‌ مه‌رگم باشتره‌ له‌وه‌ی یه‌كێك شانازیم پووچه‌ڵ بكاته‌وه‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر موژده‌ بده‌م شانازیم نییه‌، چونكه‌ پێویسته‌ و خراوه‌ته‌ ئه‌ستۆم. وه‌ی به‌حاڵم ئه‌گه‌ر موژده‌ نه‌ده‌م! چونكه‌ ئه‌گه‌ر خۆبه‌خش ئه‌وه‌ بكه‌م، ئه‌وا پاداشت ده‌كرێم. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ ناچاری بێت، ئه‌وا متمانه‌ی بریكاریه‌تیم دراوه‌تێ. ئیتر پاداشتم چییه‌؟ ئه‌وه‌یه‌ كاتێ موژده‌ ده‌ده‌م، به‌خۆڕایی موژده‌ی ئینجیلتان پێ ده‌به‌خشم، ته‌نانه‌ت له‌ ئینجیلدا مافی خۆم به‌كارنه‌هێنا. كه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌مووان سه‌ربه‌ستم، خۆم كرده‌ كۆیله‌ی هه‌مووان تاكو زیاتریان ببه‌مه‌وه‌. بۆ جوو خۆم وه‌ك جوو لێكرد، تاكو جوو ببه‌مه‌وه‌. بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ ژێر ته‌وراتن وه‌ك له‌ ژێر ته‌ورات، تاكو ئه‌وانه‌ی له‌ ژێر ته‌وراتن بیانبه‌مه‌وه‌. بۆ ئه‌وانه‌ی بێ ته‌وراتن، وه‌ك بێ ته‌روات بم هه‌رچه‌نده‌ بێ ته‌وراتی خودا نیم، به‌ڵكو له‌ ژێر یاسای مه‌سیحدام تاكو ئه‌وانه‌ی بێ ته‌وراتن بیانبه‌مه‌وه‌. بۆ لاوازان بوومه‌ لاواز، تاكو لاوازه‌كان ببه‌مه‌وه‌. بۆ هه‌مووان بوومه‌ هه‌موو شتێک، تاكو به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك هه‌ندێك ڕزگار بكه‌م. هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ پێناوی ئینجیلدا ده‌كه‌م، تاكو تیایدا به‌شداربم. ئایا نازانن هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ گۆڕه‌پان ڕاده‌كه‌ن، هه‌موو ڕاده‌كه‌ن، به‌ڵام ته‌نها یه‌كێك خه‌ڵات ده‌كرێت؟ كه‌واته‌ ڕابكه‌ن تاكو به‌ ده‌ستی بهێنن. هه‌ر یه‌كێك ململانێ بكات له‌ هه‌موو شتێك خۆ ڕاده‌گرێت. ئه‌وانه‌ تاكو تاجێكی له‌ناوچوو به‌ده‌ست بهێنن، به‌ڵام هی ئێمه‌ له‌ناو نه‌چووه‌. كه‌واته‌ ڕاده‌كه‌م نه‌ك وه‌ك یه‌كێك ئامانجی نه‌بێت، بۆكسێن ده‌كه‌م نه‌ك وه‌ك له‌ هه‌وا بده‌م. به‌ڵكو له‌گه‌ڵ له‌شم توند ده‌بم و ده‌یكه‌مه‌ كۆیله‌، نه‌وه‌ك دوای ئه‌وه‌ی بۆ خه‌ڵكی دیكه‌ موژده‌م داوه‌، خۆم ڕه‌ت بكرێمه‌وه‌. برایان، نامه‌وێ نه‌زانن كه‌وا باوباپیرانمان هه‌موو له‌ ژێر هه‌وردا بوون و هه‌مووشیان ده‌ریایان بڕی. جا هه‌موویان له‌ هه‌ور و له‌ ده‌ریادا بۆ مووشێ عه‌مادكران، هه‌مووشیان هه‌مان خواردنی ڕووحییانه‌یان خوارد. هه‌موویان هه‌مان خواردنه‌وه‌ی ڕووحییانه‌یان خوارده‌وه‌، چونكه‌ له‌و تاشه‌به‌رده‌ ڕووحییه‌یان ده‌خوارده‌وه‌ كه‌ دوایان كه‌وتبوو، ئه‌و تاشه‌به‌رده‌ش مه‌سیح بوو. به‌ڵام خودا له‌ زۆربه‌یان ڕازی نه‌بوو، ئه‌وه‌بوو ته‌رمه‌كانیان له‌ بیابان په‌رشوبڵاو بووه‌وه‌. ئه‌م شتانه‌ی ڕوویدا په‌ندن بۆمان، تاكو ئاره‌زووی خراپه‌ نه‌كه‌ین، وه‌ك ئه‌وان ئاره‌زوویان كرد. بتپه‌رست مه‌بن وه‌ك هه‌ندێكیان، وه‌كو نووسراوه‌: {گه‌ل بۆ خواردن و خواردنه‌وه‌ دانیشتن، پاشان بۆ ڕابواردن هه‌ستانه‌وه‌}. با داوێنپیسی نه‌كه‌ین وه‌ك هه‌ندێكیان داوێنپیسییان كرد و له‌ ڕۆژێكدا بیست و سێ هه‌زاریان كه‌وت. با مه‌سیح تاقی نه‌كه‌ینه‌وه‌، وه‌ك هه‌ندێكیان تاقییان كرده‌وه‌ و مار له‌ناوی بردن. بۆڵه‌بۆڵ مه‌كه‌ن وه‌ك هه‌ندێكیان بۆڵه‌بۆڵیان كرد و له‌ناوبه‌ر له‌ناویبردن. جا ئه‌م شتانه‌یان وه‌ك په‌ند به‌سه‌رهات، بۆ ئاگاداری ئێمه‌ش نووسراوه‌، كه‌ پایانی ڕۆژگار بۆمان هاتووه‌. كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی واده‌زانێت ڕاوه‌ستاوه‌، با وریابێت نه‌كه‌وێت. تاقیكردنه‌وه‌تان تووش نه‌بووه‌ مرۆڤانه‌ نه‌بێت، به‌ڵام خودا سه‌ڕراسته‌، كه‌ نایه‌ڵێت زیاتر له‌ توانای خۆتان تاقی بكرێنه‌وه‌، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ تاقیكردنه‌وه‌ ده‌ربازبوونتان بۆ داده‌نێت، تاكو بتوانن به‌رگه‌ بگرن. بۆیه‌ خۆشه‌ویستانم، له‌ بتپه‌رستی هه‌ڵبێن. وه‌ك بۆ دانایان بێت ده‌دوێم: ئێوه‌ حوكم بده‌ن له‌وه‌ی ده‌یڵێم: ئایا ئه‌و جامه‌ی داڕشته‌ی له‌ پێناوی داڕشتی خودا ده‌كه‌ین، به‌شداری نییه‌ له‌ خوێنی مه‌سیح؟ ئه‌و نانه‌ی له‌تیده‌كه‌ین، به‌شداری نییه‌ له‌ له‌شی مه‌سیح؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌ك نان هه‌یه‌، ئێمه‌ كه‌ زۆرین، یه‌ك له‌شین، چونكه‌ هه‌موومان به‌شداری له‌ یه‌ك ناندا ده‌كه‌ین. بڕواننه‌ ئیسڕائیل كه‌ به‌گوێره‌ی جه‌سته‌یه‌: ئایا ئه‌وانه‌ی قوربانی ده‌خۆن له‌ قوربانگادا هاوبه‌ش نین؟ جا چی ده‌ڵێم؟ ئایا ئه‌وه‌ی بۆ بت سه‌ربڕاوه‌ شتێكه‌، یان بته‌كه‌ شتێكه‌؟ نه‌خێر به‌ڵكو ئه‌وه‌ی نه‌وه‌كان سه‌ری ده‌بڕن، بۆ شه‌یتانه‌كان سه‌ری ده‌بڕن، نه‌ك بۆ خودا. جا نامه‌وێت له‌گه‌ڵ شه‌یتانه‌كان هاوبه‌ش بن. ناتوانن جامی په‌روه‌ردگار و جامی شه‌یتانه‌كان بخۆنه‌وه‌. ناتوانن به‌شداری خوانی په‌روه‌ردگار و خوانی شه‌یتانه‌كان بكه‌ن. یاخود ئیره‌یی په‌روه‌ردگار هه‌ڵده‌ستێنین؟ ئایا ئێمه‌ له‌و به‌هێزترین؟ ئێوه‌ ده‌ڵێن: “هه‌موو شتێك دروسته‌”، به‌ڵام هه‌موو شتێك سوودبه‌خش نییه‌. “هه‌موو شتێك دروسته‌”، به‌ڵام هه‌موو شتێك بنیادنه‌ر نییه‌. كه‌س داوای به‌رژه‌وه‌ندی خۆی نه‌كات، به‌ڵكو شتی خه‌ڵک. ئه‌و گۆشته‌ی له‌ بازاڕ ده‌فرۆشرێت بیخۆن، ئه‌وه‌نده‌ لێی مه‌كۆڵنه‌وه‌، به‌بێ لێپرسینه‌وه‌ی ویژدان. چونكه‌ {زه‌وی و هه‌رچی تێدایه‌ هی په‌روه‌ردگاره‌}. ئه‌گه‌ر بێباوه‌ڕێك داوه‌تتان بكات و ئێوه‌ش ویستتان بڕۆن، جا هه‌رچییه‌كتان له‌پێش دانرا بیخۆن، بێ لێكۆڵینه‌وه‌، له‌به‌ر ویژدان. به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێك پێی وتن: “ئه‌مه‌ كراوه‌ته‌ قوربانیی بت” مه‌یخۆن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێی وتن و له‌به‌ر ویژدان، چونكه‌ {زه‌وی و هه‌رچی تێدایه‌ هی په‌روه‌ردگاره‌}. ده‌ڵێم “ویژدان”، هی تۆ نا، به‌ڵكو هی ئه‌وی دیكه‌. جا بۆچی سه‌ربه‌ستیم له‌لایه‌ن ویژدانێكی دیكه‌وه‌ حوكم بدرێت؟ ئه‌گه‌ر به‌ سوپاسكردنه‌وه‌ بخۆم، ئیتر بۆچی تاوانبار ده‌كرێم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سوپاسی خودای له‌سه‌ر ده‌كه‌م؟ بۆیه‌ ئه‌گه‌ر خواردتان یان خواردتانه‌وه‌ یان هه‌ر شتێكتان كرد، هه‌موو شتێك بۆ شكۆی خودا بكه‌ن. بۆ جوو و یۆنانی و وارگه‌ی خودا مه‌بنه‌ كۆسپ وه‌ك منیش له‌ هه‌موو شتێك هه‌مووان ڕازی ده‌كه‌م، به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندی خۆمدا ناگه‌ڕێم، به‌ڵكو هی زۆر كه‌س، تاكو ڕزگاریان ببێت. لاسایی من بكه‌نه‌وه‌ وه‌ك منیش هی مه‌سیح. جا ستایشتان ده‌كه‌م كه‌ له‌ هه‌موو شتێكدا یادم ده‌كه‌ن و ئه‌و ئامۆژگارییه‌كان ده‌پارێزن وه‌ك ڕاده‌ستم كردوون. به‌ڵام ده‌مه‌وێت بزانن كه‌ سه‌ری هه‌موو پیاوێك مه‌سیحه‌ و سه‌ری ژن پیاوه‌ و سه‌ری مه‌سیحیش خودایه‌. هه‌ر پیاوێك به‌سه‌ری داپۆشراو نوێژ یان پێشبینی بكات، ئه‌وا سه‌ری خۆی شۆڕ ده‌كات. هه‌ر ژنێكیش به‌سه‌ر دانه‌پۆشراوی نوێژ یان پێشبینی بكات، ئه‌وا سه‌ری خۆی شۆڕ ده‌كات، چونكه‌ ئه‌و و سه‌رتاشراو هه‌مان شتن و یه‌كن. چونكه‌ ئه‌گه‌ر ژن سه‌ری دانه‌پۆشێت، با قژی ببڕێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆ ژن شوره‌یی بوو قژی ببڕێت یاخود بتاشێت، با داپۆشراو بێت. كه‌واته‌ پیاو نابێت سه‌ری داپۆشێت، كه‌ وێنه‌ و شكۆی خودایه‌. به‌ڵام ژن شكۆی پیاوه‌. چونكه‌ پیاو له‌ ژن نه‌هاتووه‌، به‌ڵكو ژن له‌ پیاوه‌. پیاویش له‌ پێناوی ژن ئافریده‌ نه‌بووه‌، به‌ڵكو ژن له‌ پێناوی پیاو. له‌به‌رئه‌مه‌ و له‌به‌ر فریشته‌كان، پێویسته‌ ژن نیشانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر سه‌ریه‌وه‌ هه‌بێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ په‌روه‌ردگاردا ژن سه‌باره‌ت به‌ پیاو سه‌ربه‌خۆ نییه‌ و پیاویش سه‌باره‌ت به‌ ژن سه‌ربه‌خۆ نییه‌. چونكه‌ وه‌ك ژن له‌ پیاوه‌، ئاواش پیاو به‌هۆی ژن له‌دایك ده‌بێت، به‌ڵام هه‌موو شتێك له‌ خوداوه‌یه‌. به‌ خۆتان حوكم بده‌ن: ئایا شیاوه‌ ژن به‌سه‌ر دانه‌پۆشراوی نوێژ بۆ خودا بكات؟ یان سروشت خۆی فێرتان ناكات كه‌وا شه‌رمه‌زارییه‌ بۆ پیاو قژی درێژ بكات، به‌ڵام بۆ ژن شكۆمه‌ندییه‌ ئه‌گه‌ر قژی درێژ بكات؟ چونكه‌ له‌ جیاتی پۆشه‌ر قژی دراوه‌تێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێك حه‌زی له‌ ناكۆكییه‌، ئێمه‌ نه‌ریتی دیكه‌مان نییه‌ و وارگه‌كانی خوداش نییانه‌. به‌م ڕاسپارده‌یه‌ ستایشتان ناكه‌م، چونكه‌ كۆبوونه‌وه‌كانتان زیانی له‌ سوود زیاتره‌. چونكه‌ یه‌كه‌مجار، كاتێ له‌ وارگه‌دا كۆده‌بنه‌وه‌، ده‌بیستم دووبه‌ره‌كی له‌نێوانتاندا هه‌یه‌ و تا ڕاده‌یه‌كیش باوه‌ڕ ده‌كه‌م. چونكه‌ ده‌بێت دووبه‌ره‌كیتان له‌نێواندا هه‌بێت، تاكو له‌نێوانتاندا سه‌لمێندراوانی خودا ده‌ربكه‌ون. بۆیه‌ كاتێ كۆده‌بنه‌وه‌، بۆ خواردنی شێوی په‌روه‌ردگار نییه‌. چونكه‌ هه‌ریه‌كه‌ زوو شێوی خۆی له‌ خواردندا ده‌بات، جا یه‌كێك برسی ده‌بێت، ئه‌وی دیكه‌ سه‌رخۆش ده‌بێت. ماڵتان نییه‌ تیایدا بخۆن و بخۆنه‌وه‌؟ یاخود وارگه‌ی خودا سووك ده‌كه‌ن و ئه‌وانه‌ شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ن كه‌ نییانه‌؟ چیتان پێ بڵێم؟ ئایا له‌سه‌ر ئه‌مه‌ ستایشتان بكه‌م؟ بێگومان نه‌خێر! چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ئێوه‌م دا له‌ په‌روه‌ردگارم وه‌رگرتووه‌: ئیشۆعی په‌روه‌ردگار له‌و شه‌وه‌ی تیایدا ڕاده‌ست كرا، نانێكی هه‌ڵگرت، سوپاسی كرد و له‌تیكرد، فه‌رمووی: “بگرن بخۆن ئه‌مه‌ له‌شی منه‌ كه‌ له‌ پێناوی ئێوه‌ شكاوه‌. ئه‌مه‌ بكه‌ن بۆ یاده‌وه‌ریم”. هه‌روه‌ها جامه‌كه‌ش دوای نانخواردن، فه‌رمووی: “ئه‌م جامه‌ په‌یمانی نوێیه‌ به‌ خوێنی من. هه‌ر جارێك ده‌یخۆنه‌وه‌، ئه‌مه‌ بكه‌ن بۆ یاده‌وه‌ریم”. جا هه‌ر كاتێ له‌م نانه‌تان خوارد و له‌م جامه‌تان خوارده‌وه‌، ئه‌وا مردنی په‌روه‌ردگار ڕاده‌گه‌یێنن، تاكو دێته‌وه‌. كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی به‌ شێوازێكی ناشایسته‌ نانه‌كه‌ بخوات یان جامی په‌روه‌ردگار بخواته‌وه‌، ئه‌وا له‌ له‌ش و خوێنی په‌روه‌ردگار تاوانباره‌. به‌ڵام با مرۆڤ خۆی بكۆڵێته‌وه‌، ئینجا له‌ نانه‌كه‌ بخوات و له‌ جامه‌كه‌ بخواته‌وه‌. چونكه‌ ئه‌وه‌ی بخوات و بخواته‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی ڕێز له‌ له‌شی مه‌سیح بگرێت، ئه‌وا بۆ خۆی حوكم ده‌خوات و ده‌خواته‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌مه‌یه‌ زۆر نه‌خۆش و لاوازتان تێدایه‌، زۆریش نووستوون. چونكه‌ ئه‌گه‌ر خۆمان حوكم بدایه‌، ئه‌وا حوكم نه‌ده‌دراین. به‌ڵام كه‌ په‌روه‌ردگار حوكممان بدات، ئه‌وا ته‌مبێ ده‌كرێین، تاكو له‌گه‌ڵ جیهاندا تاوانبار نه‌كرێین. كه‌واته‌ برایانم، كاتێ بۆ خواردن كۆده‌بنه‌وه‌، چاوه‌ڕێی یه‌كتری بكه‌ن. ئه‌گه‌ر یه‌كێك برسی بوو با له‌ ماڵه‌وه‌ بخوات، نه‌وه‌ك بۆ حوكمدان كۆببنه‌وه‌. كاتێ هاتم، شته‌كانی دیكه‌ش ڕێك ده‌خه‌مه‌وه‌. برایان، سه‌باره‌ت به‌ به‌هره‌ ڕووحییه‌كان، نامه‌وێت نه‌زانن. ئێوه‌ ده‌زانن كاتێ بتپه‌رست بوون، به‌ره‌و بته‌ لاڵه‌كان ڕابه‌رایه‌تی كران و ده‌هاژووران. بۆیه‌ بزانن كه‌ كه‌س نییه‌ به‌ ڕووحی خودا بدوێت و بڵێت: “ئیشۆع ئه‌ناتیما”، كه‌سیش ناتوانێت بڵێت: “ئیشۆع په‌روه‌ردگاره‌”، به‌ ڕووحی پارسا نه‌بێت. جۆره‌ها به‌هره‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ڕووح یه‌كه‌، جۆره‌ها ڕاژه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام په‌روه‌ردگار یه‌كه‌، جۆره‌ها كار هه‌یه‌، به‌ڵام خودا یه‌كه‌، ئه‌وه‌ی هه‌موو كارێك له‌ هه‌موواندا ده‌كات. به‌ڵام ده‌ركه‌وتنی به‌هره‌ی ڕووح بۆ هه‌ر یه‌كێك له‌ پێناوی سوودمه‌ندی ده‌درێت. جا یه‌كێك به‌هۆی ڕووح قسه‌ی دانایی پێ ده‌درێت، بۆ یه‌كێكی دیكه‌ش قسه‌ی زانین به‌گوێره‌ی هه‌مان ڕووح. بۆ یه‌كێكی دیكه‌ش باوه‌ڕ به‌ هه‌مان ڕووح، بۆ یه‌كێكی دیكه‌ به‌هره‌ی چاككردنه‌وه‌ به‌ هه‌مان ڕووح، یه‌كێكی دیكه‌ش كاری په‌رجو، بۆ ئه‌وی دیكه‌ پێشبینی، بۆ ئه‌وی دیكه‌ جیاكردنه‌وه‌ی ڕووحه‌كان، بۆ ئه‌وی دیكه جۆره‌ها زمان، بۆ یه‌كێكی دیكه‌ش وه‌رگێڕانی زمانه‌كان. به‌ڵام ئه‌مانه‌ هه‌مووی كاری یه‌ك ڕووح و هه‌مان ڕووحه‌، بۆ هه‌ر یه‌كێك به‌ تایبه‌ت دابه‌شی ده‌كات، چۆن بیه‌وێت. چونكه‌ وه‌ك له‌ش یه‌كه‌ و ئه‌ندامی زۆری هه‌یه‌، هه‌موو ئه‌ندامانی له‌ش له‌گه‌ڵ زۆرییان یه‌ك له‌شن، مه‌سیحیش ئاوا. چونكه‌ هه‌موومان به‌ یه‌ك ڕووح بۆ یه‌ك له‌ش عه‌مادكراین، جوو یان یۆنانی، كۆیله‌ یان ئازاد، هه‌موومان یه‌ك ڕووحمان پێدرا بیخۆینه‌وه‌. چونكه‌ له‌شه‌كه‌ یه‌ك ئه‌ندام نییه‌ به‌ڵكو زۆره‌. ئه‌گه‌ر پێ بڵێت: “چونكه‌ ده‌ست نیم، هی له‌ش نیم”. ئایا ئیتر هی له‌ش نامێنێت؟ ئه‌گه‌ر گوێ بڵێت: “چونكه‌ چاو نیم، هی له‌ش نیم”. ئایا ئیتر هی له‌ش نامێنێت؟ ئه‌گه‌ر هه‌موو له‌ش چاو بووایه‌، ئه‌ی كوا بیستن؟ ئه‌گه‌ر هه‌مووی بیستن بووایه‌، ئه‌ی كوا بۆنكردن؟ به‌ڵام ئێستا خودا ئه‌ندامانی دانا، هه‌ر یه‌كێك له‌ له‌شدا، وه‌ك ویستی. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌موو یه‌ك ئه‌ندام بووایه‌، كوا له‌ش؟ جا ئێستا ئه‌ندام زۆرن، به‌ڵام له‌ش یه‌كه‌. چاو ناتوانێت به‌ ده‌ست بڵێت: “پێویستیم پێت نییه‌!”. یان سه‌ر به‌ پێیه‌كان بڵێت: “پێویستیم پێتان نییه‌!”. به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی له‌ش كه‌ لاوازتر دیاره‌ ئه‌وا پێویسته‌، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی له‌ش كه‌ واده‌زانین ڕێزی كه‌متره‌، زیاتر ڕێزی بۆ داده‌نێین. ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مایه‌ی ناشرینه‌كه‌ش جوانیه‌كی باشتری هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و جوانه‌كه‌ پێویستییان به‌وه‌ نییه‌. به‌ڵام خوداش له‌شی ڕێكخستووه‌، ڕێزی زیاتری داوه‌ته‌ ئه‌ندامی بێ ڕێز، تاكو دووبه‌ره‌كی له‌ له‌شدا نه‌بێت، به‌ڵكو ئه‌ندامه‌كان یه‌ك بایه‌خ به‌ یه‌كتری بده‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێك ئازاری هه‌بوو، هه‌موو ئه‌ندامان له‌گه‌ڵیدا ئازار ده‌چێژن، ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێك ڕێزی لێنرا، هه‌موو ئه‌ندامان له‌گه‌ڵیدا خۆشحاڵ ده‌بن. ئێوه‌ له‌شی مه‌سیحن، هه‌ریه‌كه‌تان ئه‌ندامی ئه‌ون. خودا له‌ وارگه‌دا خه‌ڵكێكی دانا: یه‌كه‌م په‌یامبه‌ران، دووه‌م پێغه‌مبه‌ران، سێیه‌م فێركاران، ئینجا په‌رجوكاری، دوای ئه‌وه‌ به‌هره‌كانی چاككردنه‌وه‌ و توانای یارمه‌تیدان و به‌ڕێوه‌بردن و جۆره‌ها زمان. ئایا هه‌موو په‌یامبه‌رن؟ هه‌موو پێغه‌مبه‌رن؟ هه‌موو فێركارن؟ هه‌موو په‌رجوكارن؟ هه‌موو به‌هره‌ی چاككردنه‌وه‌یان هه‌یه‌؟ هه‌موو به‌ زمانه‌كان ده‌دووێن؟ هه‌موو وه‌رده‌گێڕن؟ به‌ڵام تامه‌زرۆی به‌هره‌ی باشتر بن. ئێستاش ڕێگایه‌كی باشترینتان پیشان ده‌ده‌م. ئه‌گه‌ر به‌ زمانه‌كانی خه‌ڵك و فریشته‌ بدوێم، به‌ڵام خۆشویستنم نه‌بێت، ئه‌وا بوومه‌ته‌ مسێكی به‌ زرینگه‌ و زنجارێكی به‌ زیڕه‌زیڕ. ئه‌گه‌ر پێشبینی بكه‌م و هه‌موو نهێنی و زانینێك بزانم و باوه‌ڕێكی ته‌واویشم هه‌بێت بۆ گواستنه‌وه‌ی چیا، به‌ڵام خۆشویستنم نه‌بێت، ئه‌وا هیچ نیم. ئه‌گه‌ر هه‌موو سامانم ده‌رخوارد بده‌م و تا سووتان له‌شم دابنێم، به‌ڵام خۆشویستنم نه‌بێت، ئه‌وا هیچ كه‌ڵكێكم نابێت. خۆشویستن پشوودرێژییه‌ و نیانییه‌. خۆشویستن ئیره‌یی نییه‌، خۆشویستن شانازی نییه‌ و لووتبه‌رزی نییه‌. به‌دڕه‌وشتیی نییه‌، بۆ خۆی داوا ناكات، تووڕه‌ نابێت و بیری خراپ ناكات. به‌ به‌دكاری دڵشاد نابێت، به‌ڵكو به‌ ڕه‌وا دڵشاد ده‌بێت. به‌رگه‌ی هه‌موو شتێك ده‌گرێت، بڕوا به‌ هه‌موو شتێك ده‌كات، هیوا به‌ هه‌موو شتێك ده‌خوازێت، بۆ هه‌موو شتێك ئارام ده‌گرێت. خۆشویستن هه‌رگیز ناكه‌وێت. به‌ڵام پێشبینی پووچه‌ڵ ده‌بنه‌وه‌ و زمانه‌كان پایانیان دێت، زانستیش پووچه‌ڵ ده‌بێته‌وه‌. چونكه‌ هه‌ندێك زانست ده‌زانین و هه‌ندێك پێشبینیش، به‌ڵام كاتێ ته‌واوه‌كه‌ دێت، ئه‌و هه‌نده‌ ناته‌واوه‌ نامێنێت. كه‌ منداڵ بووم، وه‌ك منداڵێك قسه‌م ده‌كرد، وه‌ك منداڵێك بیرم ده‌كرده‌وه‌، وه‌ك منداڵێك لێكم ده‌دایه‌وه‌. به‌ڵام كه‌ بوومه‌ پیاو، ئه‌وه‌ی هی منداڵ بوو وازم لێ هێنا. جا ئێستا له‌ ته‌مدا ته‌ماشای ئاوێنه‌ ده‌كه‌ین، به‌ڵام دوایی ڕووبه‌ڕووه‌. ئێستا هه‌ندێك زانین ده‌زانم، به‌ڵام دوایی ته‌واو ده‌زانم، هه‌روه‌ك ته‌واو ناسراوم. به‌ڵام ئێستا ئه‌م سێیانه‌ ده‌مێنێن، باوه‌ڕ و هیوا و خۆشویستن، به‌ڵام مه‌زنترینیان خۆشویستنه‌. به‌دوای خۆشویستن بكه‌ون، به‌ڵام تامه‌زرۆی به‌هره‌ ڕووحییه‌كان بن، به‌ تایبه‌تی پێشبینی. چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌ زمان ده‌دوێت، قسه‌ بۆ خه‌ڵك ناكات، به‌ڵكو بۆ خودا، كه‌س لێی تێناگات، چونكه‌ به‌ ڕووح باسی نهێنی ده‌كات. به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێشبینی ده‌كات، ئه‌وه‌ بۆ بنیادنان و ئامۆژگاری و دڵنه‌وایی خه‌ڵك ده‌دوێت. ئه‌وه‌ی به‌ زمان ده‌دوێت، خۆی بنیاد ده‌نێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێشبینی ده‌كات، ئه‌وا وارگه‌ بنیاد ده‌نێت. ده‌مه‌وێ هه‌مووتان به‌ زمانه‌كان بدوێن، به‌ڵام باشتره‌ پێشبینی بكه‌ن. چونكه‌ ئه‌وه‌ی پێشبینی ده‌كات مه‌زنتره‌ له‌وه‌ی به‌ زمانه‌كان ده‌دوێت، مه‌گه‌ر وه‌ریبگێڕێت، تاكو وارگه‌ بنیادنانی ده‌ست بكه‌وێت. ئێستاش برایان، ئه‌گه‌ر هاتمه‌ لاتان و به‌ زمانه‌كان دووام، چ كه‌ڵكێكم بۆتان ده‌بێت، مه‌گه‌ر به‌ ئاشكراكردن نه‌بێت به‌ زانینێك یان به‌ پێشبینییه‌ك یان به‌ فێركردنێك بۆتان بدوێم؟ ته‌نانه‌ت ئه‌و شته‌ بێ ڕووحانه‌ی ده‌نگ ده‌رده‌كه‌ن: شمشاڵ یان ته‌میره‌، ئه‌گه‌ر ئاوازی جیاواز نه‌دات، چۆن بزانرێت ئه‌وه‌ی ده‌ژه‌نرێت شمشاڵه‌ یان ته‌میره‌یه‌؟ ئه‌گه‌ر كه‌ڕه‌نا ده‌نگێكی ڕوون نه‌دات، كێ بۆ جه‌نگ خۆی ئاماده‌ ده‌كات؟ ئێوه‌ش ئاوا، ئه‌گه‌ر به‌ زمان قسه‌یه‌كی ڕوون نه‌ده‌ن، ئه‌وه‌ی وتراوه‌ چۆن بزانرێت؟ چونكه‌ هه‌ر له‌ بادا ده‌دووێن! هه‌ڵبه‌ت له‌ جیهاندا جۆره‌ها زمان هه‌یه‌ و هیچیان بێ واتا نییه‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌ واتای زمانێك نه‌زانم، لای قسه‌كه‌ر ده‌بمه‌ بیانی، قسه‌كه‌ریش بیانیه‌ لای من، ئێوه‌ش ئاوا. جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆ به‌هره‌ی ڕووحی په‌رۆشن، داوا بكه‌ن بۆ بنیادنانی وارگه‌ لێی زیاد بكه‌ن. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی به‌ زمان ده‌دوێت، با نوێژ بكات تاكو وه‌ریبگێڕێت. چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌ زمانێك نوێژ بكه‌م، ئه‌وا ڕووحم نوێژ ده‌كات، به‌ڵام هزرم بێ به‌روبوومه‌. كه‌واته‌ چییه‌؟ به‌ ڕووح نوێژ ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها به‌ هزریشم نوێژ ده‌كه‌م. به‌ ڕووح په‌سنی ده‌ڵێم، هه‌روه‌ها به‌ هزریشم په‌سنی ده‌ڵێم. ئه‌گینا، ئه‌گه‌ر به‌ ڕووح داڕشت بكه‌یت، چۆن یه‌كێكی ده‌ره‌وه‌ به‌ سوپاسكردنه‌كه‌ت بڵێت “ئامین” چونكه‌ نازانێت تۆ چی ده‌ڵێی! سوپاسكردنه‌كه‌ت باشه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دیكه‌ بنیاد نانرێت. سوپاسی خودا ده‌كه‌م، له‌ هه‌مووتان زیاتر به‌ زمانه‌كان ده‌دوێم، به‌ڵام له‌ وارگه‌دا، پێنج وشه‌م له‌ هزردایه‌ بیڵێم، تاكو خه‌ڵكیش فێر بكه‌م، باشتره‌ له‌ ده‌ هه‌زار وشه‌ی به‌ زمانێک. برایان، له‌ بیركردنه‌وه‌دا منداڵ مه‌بن. له‌ خراپه‌دا وه‌ك منداڵ بن، به‌ڵام له‌ بیركردنه‌وه‌دا پێگه‌یشتوو بن. له‌ ته‌وراتدا نووسراوه‌: {په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رمووێ، به‌ زمانی بێگانه‌كان و به‌ لێوی نامۆكان قسه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م گه‌له‌ ده‌كه‌م، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش گوێم لێ ناگرن}. كه‌واته‌ زمانه‌كان په‌رجوون، نه‌ك بۆ باوه‌ڕداران، به‌ڵكو بۆ بێباوه‌ڕان، به‌ڵام پێشبینی بۆ بێباوه‌ڕان نییه‌، به‌ڵكو بۆ باوه‌ڕدارانه‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو وارگه‌ له‌ یه‌ك شوێن كۆبوونه‌وه‌ و هه‌موو به‌ زمانه‌كان بدوێن، هه‌ر نه‌زانێك یان بێباوه‌ڕێك بێته‌ ژووره‌وه‌، ئایا ناڵێت كه‌ ئێوه‌ وڕێنه‌ ده‌كه‌ن؟ به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌موو پێشبینی بكه‌ن و یه‌كێكی بێباوه‌ڕ یاخود نه‌زان بێته‌ ژووره‌وه‌، له‌ ئاماده‌گی هه‌مووانه‌وه‌ ویژدانی سه‌رزه‌نشتی ده‌كات، له‌لایه‌ن هه‌مووانه‌وه‌ حوكم ده‌درێت، به‌مشێوه‌ نهێنییه‌كانی دڵی ئاشكرا ده‌بێت، به‌سه‌ر ڕوویدا ده‌كه‌وێت و كڕنۆش بۆخودا ده‌بات، ڕاده‌گه‌یه‌نی: به‌ ڕه‌وا خودا له‌نێوتاندایه‌! جا چییه‌ برایان؟ كاتێ كۆده‌بنه‌وه‌ هه‌ر یه‌كێك په‌سنیێكی هه‌یه‌، یان فێركردنێك یان ئاشكراكردنێكی زمانێك یان وه‌رگێڕانێک. با هه‌موو شتێك بۆ بنیادنان بێت. ئه‌گه‌ر كه‌سێك به‌ زمانێك بدوێت، با دووان یان ئه‌وپه‌ڕی سێ كه‌س بێت و له‌دوای یه‌ك بدوێن، یه‌كێكیش وه‌ریبگێڕێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕ نه‌بوو، با له‌ وارگه‌ بێده‌نگ بێت، بۆ خۆی و بۆ خودا بدوێت. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی پێشبینی ده‌گه‌ن با دوو یان سێ كه‌س بدوێن، ئه‌وانی دیكه‌ش هه‌ڵده‌سه‌نگێنن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر په‌یامێك بۆ یه‌كێك له‌ دانیشتووان ڕاگه‌یه‌نرا، با یه‌كه‌میان بێده‌نگ بێت. چونكه‌ هه‌مووتان ده‌توانن یه‌ك به‌ یه‌ك پێشبینی بكه‌ن، تاكو هه‌مووان فێربن و هه‌مووان دڵنه‌وایی بكرێن. ڕووحی پێغه‌مبه‌ران بۆ پێغه‌مبه‌ران ملكه‌چه‌، چونكه‌ خودا خودای شێواندن نییه‌، به‌ڵكو خودای ئاشتییه‌. وه‌ك له‌ هه‌موو وارگه‌كانی پارساكانه‌، با ژنه‌كانتان له‌ وارگه‌كاندا بێده‌نگ بن، چونكه‌ ڕێیان پێ نه‌دراوه‌ بدوێن، به‌ڵكو وه‌ك ته‌وراتیش ده‌فه‌رمووێ با ملكه‌چ بن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ویستیان شتێك فێربن، با له‌ ماڵه‌وه‌ له‌ مێرده‌كانیان بپرسن. چونكه‌ شوره‌ییه‌ بۆ ژن له‌ وارگه‌دا بدوێت. ئایا وشه‌ی خودا له‌ ئێوه‌وه‌ هاتووه‌؟ یان ته‌نها گه‌یشتۆته‌ ئێوه‌؟ ئه‌گه‌ر یه‌كێك خۆی به‌ پێشبین یان كه‌سێكی ڕووحی بزانێت، با بزانێت ئه‌وه‌ی بۆتانی ده‌نووسم ڕاسپارده‌ی په‌روه‌ردگاره‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێك نه‌زان بێت، با هه‌ر نه‌زانێت! كه‌واته‌ برایان، تێبكۆشن بۆ پێشبینی و ڕێگری مه‌كه‌ن له‌ دووان به‌ زمانه‌كان. با هه‌موو شتێك به‌ دروستی و ڕێك بێت. برایان، ئینجیلتان بیر ده‌خه‌مه‌وه‌ كه‌ موژده‌كه‌م پێ به‌خشین، ئه‌وه‌ی په‌سه‌ندتان كرد و تا ئێستا په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن و، پێی ڕزگارتان ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و په‌یامه‌تان له‌یاد بوو كه‌ پێم ڕاگه‌یاندن. ئه‌گینا به‌خۆڕایی باوه‌ڕتان هێناوه‌! چونكه‌ ئه‌وه‌م ڕاده‌ست كردن كه‌ منیش وه‌رمگرتبوو: كه‌وا مه‌سیح له‌ پێناوی گوناهه‌كانمان مرد به‌گوێره‌ی سیپاره‌كان و نێژرا و له‌ ڕۆژی سێیه‌م هه‌ستایه‌وه‌ به‌گوێره‌ی سیپاره‌كان، ئینجا بۆ كیپه‌ و دوایی بۆ دوازده‌كه‌ ده‌ركه‌وت. پاش ئه‌وه‌ به‌ یه‌ك جار بۆ زیاتر له‌ پێنج سه‌د برا ده‌ركه‌وت، زۆربه‌یان تا ئێستا ماون، به‌ڵام هه‌ندێكیان نووستن، دوای ئه‌وه‌ بۆ یاقوو ده‌ركه‌وت، ئینجا بۆ هه‌موو په‌یامبه‌ران، پاش هه‌مووان بۆ منیش ده‌ركه‌وت، من وه‌ك منداڵێكی له‌ كاتی نائاسایی له‌دایكبوو بووم. چونكه‌ من بچووكترینی په‌یامبه‌رانم، كه‌وا شایانی ئه‌وه‌ نیم به‌ په‌یامبه‌ر ناوببردرێم، چونكه‌ من وارگه‌ی خودام چه‌وسانده‌وه‌. به‌ڵام به‌ به‌خششی خودا من ئێستا وام، هه‌روه‌ها به‌خششی ئه‌و بۆ من بێ سوود نه‌بوو، به‌ڵكو من له‌ هه‌موویان ماندووتر بووم، به‌ڵام من نا، به‌ڵكو به‌خششی خودا بوو كه‌ له‌گه‌ڵمدایه‌. ئیتر من بم یاخود ئه‌وان، ئاوا بانگه‌واز ده‌كه‌ین و ئاواش باوه‌ڕتان هێنا. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بانگه‌واز ده‌كرێت كه‌ مه‌سیح له‌نێو مردووان هه‌ستاوه‌ته‌وه‌، ئیتر چۆن هه‌ندێكتان ده‌ڵێن كه‌ هه‌ستانه‌وه‌ی مردووان نییه‌؟ ئه‌گه‌ر هه‌ستانه‌وه‌ی مردووان نه‌بێت، ته‌نانه‌ت مه‌سیحیش نه‌هه‌ستاوه‌ته‌وه‌! ئه‌گه‌ر مه‌سیح نه‌هه‌ستابێته‌وه‌، ئه‌وسا موژده‌دانمان ناڕه‌وایه‌، باوه‌ڕی ئێوه‌ش ناڕه‌وایه‌. ئێمه‌ش ده‌بینه‌ گه‌واهیده‌ری درۆزن بۆ خودا، چونكه‌ ئێمه‌ سه‌باره‌ت به‌ خودا گه‌واهیمان دا، كه‌ مه‌سیحی هه‌ستاندۆته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مردووان هه‌ڵنه‌ستنه‌وه‌، ئه‌وا نه‌یهه‌ستاندۆته‌وه‌‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر مردووان هه‌ڵنه‌ستنه‌وه‌، كه‌واته‌ مه‌سیحیش نه‌هه‌ستاوه‌ته‌وه‌. ئه‌گه‌ر مه‌سیح نه‌هه‌ستابێته‌وه‌، ئه‌وسا باوه‌ڕتان ناڕه‌وایه‌ و ئێوه‌ هێشتا له‌ گوناهه‌كانتان دان! كه‌واته‌ ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ مه‌سیحدا نووستن له‌ناوچوونه‌! ئه‌گه‌ر بێتو ته‌نها له‌م ژیانه‌ هیوامان به‌ مه‌سیح بێت، ئه‌وا ئێمه‌ نه‌گبه‌تترین خه‌ڵك ده‌بین. به‌ڵام مه‌سیح له‌نێو مردووان هه‌ستایه‌وه‌ و بووه‌ نۆبه‌ره‌ی نووستووان. جا چۆن مه‌رگ به‌ مرۆڤێك بوو، هه‌ستانه‌وه‌ی مردووانیش به‌ مرۆڤێكه‌. هه‌روه‌ها چۆن هه‌موو له‌ ئاده‌مدا ده‌مرن، به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌موو له‌ مه‌سیحدا زیندوو ده‌كرێنه‌وه‌. به‌ڵام هه‌ر یه‌كه‌ به‌ نۆره‌ی خۆی: یه‌كه‌مجار مه‌سیح وه‌ك نۆبه‌ره‌، ئینجا له‌ كاتی هاتنی، ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ مه‌سیحن، دوای ئه‌مه‌ پایان دێت، كاتێ پاشایه‌تییه‌كه‌ ده‌داته‌ خودای باوک، پاش ئه‌وه‌ی هه‌موو سه‌رۆكایه‌تی و هه‌موو ده‌سه‌ڵات و هه‌موو هێزێك پۆچه‌ڵ ده‌كاته‌وه‌. چونكه‌ ده‌بێ پاشایه‌تی بكات، تاكو هه‌موو دوژمنانی ده‌خاته‌ ژێر پێیه‌وه‌. دوا دوژمن كه‌ پووچه‌ڵ ده‌كرێت، مه‌رگه‌. چونكه‌ هه‌موو شتێكی خستۆته‌ ژێر پێی. به‌ڵام كاتێ ده‌فه‌رمووێ: {هه‌موو شتێك ملكه‌چ بووه‌} ، ڕوونه‌ كه‌وا جگه‌ له‌ خودایه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی هه‌مووی ملكه‌چی مه‌سیح كردووه‌. كاتێ هه‌مووی ملكه‌چی ده‌بێت، ئه‌وسا ڕۆڵه‌ش خۆی ملكه‌چی ئه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ هه‌مووی ملكه‌چی كردووه‌، تاكو خودا ببێته‌ هه‌موو شتێك له‌ هه‌موو شتێكدا. ئه‌گینا ئه‌وانه‌ی له‌ پێناو مردووان عه‌ماد ده‌كرێن چی ده‌كه‌ن؟ ئه‌گه‌ر مردووان هه‌رگیز هه‌ڵناستێنه‌وه‌، جا بۆچی له‌ پێناو مردووان عه‌ماد ده‌كرێن؟ بۆچی ئێمه‌ هه‌موو كاتێ خۆمان ده‌خه‌ینه‌ مه‌ترسییه‌وه‌؟ من ڕۆژانه‌ ده‌مرم، وه‌ك شانازیتان پێوه‌ ده‌كه‌م، به‌ ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان. ئه‌گه‌ر بێتو وه‌ك مرۆڤێك له‌ ئه‌پیسۆسدا به‌ره‌نگاری دڕندان بوومایه‌وه‌، ئه‌وسا چ سوودێكم ده‌بوو؟ ئه‌گه‌ر بێت و مردووان هه‌ڵنه‌ستنه‌وه‌: “با بخۆین و بخۆینه‌وه‌، چونكه‌ سبه‌ی ده‌مرین”. هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێن: “په‌یوه‌ندی خراپ، ڕه‌وشتی جوان تێكده‌دات” هۆشمه‌ند بن بۆ خوداناسی و گوناه‌ مه‌كه‌ن، چونكه‌ هه‌ندێكتان زانینتان سه‌باره‌ت به‌ خودا نییه‌. ئه‌مه‌ بۆ شه‌رمه‌زاربوونتان ده‌ڵێم! له‌وانه‌یه‌ یه‌كێك بڵێت: “مردووان چۆن هه‌ڵده‌ستێندرێنه‌وه‌؟ به‌ چ جۆره‌ له‌شێك دێن؟” ئه‌ی گێل! ئه‌وه‌ی ده‌یچێنیت زیندوو نابێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر نه‌مرێت. ئه‌وه‌ی ده‌یچێنیت ئه‌و له‌شه‌ نییه‌ كه‌وا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵكو ته‌نها ده‌نكێكه‌، له‌وانه‌یه‌ گه‌نمه‌ یاخود هه‌ر تۆوێكی دیكه‌. به‌ڵام خودا ئه‌و له‌شه‌ی ده‌داتێ كه‌ خۆی ده‌یه‌وێ، هه‌ر جۆره‌ تۆوێك له‌شێكی تایبه‌تی داوه‌تێ. هه‌موو جه‌سته‌یه‌ك یه‌ك شێوه‌ی نییه‌، به‌ڵكو مرۆڤ جه‌سته‌یه‌كی هه‌یه‌، ئاژه‌ڵ جه‌سته‌یه‌كی دیكه‌، ماسی جه‌سته‌یه‌ك و باڵنده‌ جه‌سته‌یه‌كی دیكه‌. جه‌سته‌ی ئاسمانی هه‌یه‌ و جه‌سته‌ی زه‌ویش هه‌یه‌، به‌ڵام شكۆ ئاسمانییه‌كان شتێكه‌ و شكۆی زه‌ویش شتێكی دیكه‌یه‌. شكۆی خۆر شتێكه‌ و شكۆی مانگ شتێكه‌، شكۆی ئه‌ستێره‌ش شتێكی دیكه‌یه‌، ئه‌ستێره‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره‌ شكۆی جیاوازی خۆیان هه‌یه‌. به‌م جۆره‌ش هه‌ستانه‌وه‌ی مردووانیش: له‌ له‌ناوچوون ده‌چێندرێت، له‌ له‌ناونه‌چوون هه‌ڵده‌ستێندرێته‌وه‌. له‌ سووكایه‌تی ده‌چێندرێت، له‌ شكۆمه‌ندی هه‌ڵده‌ستێندرێته‌وه‌. له‌ لاوازی ده‌چێندرێت، له‌ هێز هه‌ڵده‌ستێندرێته‌وه‌. به‌ له‌شی ئاژه‌ڵی ده‌چێندرێت، به‌ له‌شی ڕووحی هه‌ڵده‌ستێندرێته‌وه‌. له‌شی ئاژه‌ڵی هه‌یه‌ و له‌شی ڕووحیش هه‌یه‌. ئاواش نووسراوه‌: {ئاده‌م مرۆڤی یه‌كه‌مین بووه‌ گیانێكی زیندوو. به‌ڵام دوا ئاده‌م، ڕووحێكی ژیانبه‌خشه‌}. به‌ڵام ڕووحییه‌كه‌ ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م نییه‌، به‌ڵكو له‌شی ئاژه‌ڵیه‌ و ئه‌وه‌ی دواتر ڕووحییه‌. مرۆڤی یه‌كه‌م له‌ گڵ زه‌وی بوو، مرۆڤی دووه‌م له‌ ئاسمانه‌وه‌یه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ گڵ بوو، ئه‌وانه‌ش له‌ گڵن. ئه‌وه‌ش له‌ ئاسمانه‌وه‌یه‌، ئاسمانییه‌كان به‌م جۆره‌ ده‌بن. وه‌ك چۆن ئه‌و وێنه‌یه‌مان وه‌رگرتووه‌ كه‌ له‌ گڵ بوو، به‌ هه‌مان شێوه‌ وێنه‌ی ئاسمانی وه‌رده‌گرین. برایان، ئه‌مه‌تان پێ ده‌ڵێم: گۆشت و خوێن ناتوانێت ببێته‌ میراتگری پاشایه‌تیی خودا، هه‌روه‌ها له‌ناوچوو نابێته‌ میراتگری له‌ناونه‌چوو. ئه‌وه‌تا نهێنییه‌كتان پێ ده‌ڵێم: هه‌موومان ناخه‌وین، به‌ڵكو هه‌موومان ده‌گۆڕێین، له‌ ساتێكدا له‌ چاوتروكانێک، له‌ دوا كه‌ڕه‌نادا. چونكه‌ كه‌ڕه‌نا ده‌نگ ده‌داته‌وه‌، مردووانی له‌ناونه‌چووش هه‌ڵده‌ستێنه‌وه‌، ئێمه‌ش ده‌گۆڕدرێین. چونكه‌ هه‌ر ده‌بێ ئه‌م له‌ناوچووه‌ له‌ناونه‌چوویی بپۆشێت وئه‌م مردووه‌ نه‌مری بپۆشێت. كاتێ له‌ناوچوو له‌ناونه‌چوویی ده‌پۆشێت و مردوو نه‌مری ده‌پۆشێت، ئه‌وسا وشه‌ی نووسراو دێته‌ دی: {مه‌رگ به‌ سه‌ركه‌وتن قووت درا}. {ئه‌ی مه‌رگ، كوا ده‌سه‌ڵاتت؟ ئه‌ی گۆڕ، كوا سه‌ركه‌وتنت؟} جا ده‌سه‌ڵاتی مه‌رگ گوناهه‌، هێزی گوناهیش ته‌وراته‌. به‌ڵام سوپاس بۆ خودا! كه‌ به‌ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان سه‌ركه‌وتنمان پێ ده‌به‌خشێت. كه‌واته‌، برایانی خۆشه‌ویستم، جێگیر بن، نه‌هه‌ژێن. هه‌میشه‌ خۆتان بۆ كاری په‌روه‌ردگار ته‌رخان بكه‌ن، بزانن ڕه‌نجتان بۆ په‌روه‌ردگار بێ سوود نییه‌. به‌ڵام له‌ باره‌ی كۆمه‌ك بۆ پارساكان، چۆن وارگه‌كانی گه‌ڵاتیه‌م ڕاسپاردووه‌، ئێوه‌ش ئاوا بكه‌ن. له‌ سه‌ره‌تای هه‌ر هه‌فته‌یه‌ك با هه‌ریه‌كه‌تان چه‌ندی له‌ توانادایه‌ بیخاته‌ لایه‌ک، تاكو كۆمه‌كه‌كه‌ ئه‌و كاته‌ نه‌بێت كه‌ ده‌گه‌مه‌ لاتان. كاتێ گه‌یشتمه‌ لاتان، جا ئه‌وانه‌ی په‌سه‌ندكراون به‌ په‌یامه‌وه‌ ده‌یاننێرم تاكو كۆمه‌كه‌كانتان بگه‌یه‌ننه‌ یروشلایم. ئه‌گه‌ر به‌ باشم زانی كه‌وا منیش برۆم، ئه‌وا له‌گه‌ڵ من ده‌ڕۆن. كاتێ له‌ ماقیدۆنیا تێپه‌ڕیم دێمه‌ لاتان چونكه‌ به‌ ماقیدۆنیادا تێده‌په‌ڕم له‌وانه‌یه‌ ماوه‌یه‌ك له‌لاتان بم، یاخود هه‌موو زستان، تاكو ڕه‌وانه‌م بكه‌ن بۆ هه‌ركوێ بڕۆم. چونكه‌ ئه‌م جاره‌ نامه‌وێت ته‌نها به‌ سه‌رپێیی بتانبینم، به‌ڵكو هیوادارم به‌ خواستی په‌روه‌ردگار ماوه‌یه‌ك له‌لاتان بمێنمه‌وه‌. به‌ڵام تاكو ڕۆژی په‌نجایه‌مین له‌ ئه‌پیسۆس ده‌مێنمه‌وه‌، چونكه‌ ده‌رگایه‌كی مه‌زن و كاریگه‌رم بۆ كراوه‌ته‌وه‌، زۆر به‌رهه‌ڵستاكاریشم هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر تیماتیئوس هات، ئاگاداربن با له‌لاتان به‌بێ ترس بێت، چونكه‌ كاری په‌روه‌ردگار ده‌كات، وه‌ك منیش ده‌یكه‌م. جا كه‌س به‌ سووكی سه‌یری نه‌كات، به‌ڵكو به‌ ئاشتی ڕه‌وانه‌ی بكه‌ن تاكو بێته‌وه‌ لام، چونكه‌ له‌گه‌ڵ برایان چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ین. هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ ئه‌پۆلۆسی برامان، زۆر پاڕامه‌وه‌ كه‌وا له‌گه‌ڵ برایان بێته‌ لاتان، ئه‌و هه‌رگیز نه‌یویست ئێستا بێته‌ لاتان، به‌ڵام كه‌ بۆی ڕێككه‌وت، دێت. بێداربن، له‌ باوه‌ڕ جێگیربن، پیاوبن، به‌هێزبن. با هه‌موو كاروباره‌كێتان له‌ خۆشویستنه‌وه‌ بێت. برایان، داواتان لێ ده‌كه‌م: ئێوه‌ ده‌زانن ماڵی ئیستیفانۆس له‌ ئه‌خائیه‌ پێشه‌به‌ره‌ بوون، خۆیان بۆ ڕاژه‌كردنی پارساكان ته‌رخان كردبوو، تاكو ئێوه‌ش ملكه‌چی وه‌ك ئه‌وانه‌ بن و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیشان ئیش ده‌كه‌ن و ماندوو ده‌بن. به‌ هاتنی ئیستیفانۆس و فه‌رتوناتۆس و ئه‌خائیكۆس دڵشاد بووم، چونكه‌ شوێنی ئێوه‌یان گرته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وان ڕووحی من و ئێوه‌یان حه‌سانده‌وه‌، جا ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ بناسن. وارگه‌كانی ئاسیا سڵاوتان لێده‌كه‌ن. ئه‌كیلا و پریسقیلا، له‌گه‌ڵ ئه‌و وارگه‌یه‌ی له‌ ماڵه‌كه‌یانن به‌ ناوی په‌روه‌ردگار به‌ گه‌رمی سڵاوتان لێده‌كه‌ن. هه‌موو برایان سڵاوتان لێده‌كه‌ن. به‌ ماچێكی پارسا سڵاو له‌ یه‌كتری بكه‌ن. من پۆڵۆسم، ئه‌م سڵاوه‌ به‌ ده‌ستی خۆم ده‌نووسم. ئه‌و كه‌سه‌ی ئیشۆعی مه‌سـیحی په‌روه‌ردگـاری خۆش ناوێت با ئـه‌نـاتـیـمـا بێت! مـاره‌ن ئـاتـا! به‌خششی ئـیشـۆعـی مـه‌سیحی په‌روه‌ردگارتان له‌گه‌ڵ بێت. خۆشویستنی من له‌گه‌ڵ هه‌مووتانه‌ له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا. ئامین. پۆڵۆس، په‌یامبه‌ری ئیشۆعی مه‌سیح به‌ خواستی خودا، تیماتیئوسی براش، بۆ وارگه‌ی خودا له‌ قۆرنتێ، له‌گه‌ڵ هه‌موو پارساكان له‌ هه‌موو ئه‌خائیه‌. به‌خشش و ئاشتی له‌ خودای باوكمان و ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ بۆ ئێوه‌. پیرۆزه‌ خودا، باوكی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان، باوكی میهره‌بانی و خوداوه‌ندی هه‌موو دڵنه‌واییه‌ک، ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو ته‌نگانه‌یه‌كماندا دڵنه‌واییمان ده‌كات، تاكو بتوانین به‌و دڵنه‌واییه‌ی له‌ خوداوه‌ دڵنه‌وایی كراین، دڵنه‌وایی ئه‌وانه‌ بكه‌ین كه‌ له‌ هه‌ر ته‌نگانه‌یه‌كدان. چونكه‌ وه‌ک ئازاره‌كانی مه‌سیح تیاماندا زیاد ده‌بێت، به‌هۆی مه‌سیحه‌وه‌ دڵنه‌واییشمان زیاد ده‌بێت. ئه‌گه‌ر تووشی ته‌نگانه‌ ده‌بین ئه‌وا بۆ دڵنه‌وایی و ڕزگاریتانه‌، ئه‌گه‌ر دڵنه‌وایی كرابین ئه‌وا بۆ دڵنه‌واییتانه‌، ئه‌وه‌ی كاریگه‌ره‌ له‌ ئێوه‌دا دانبه‌خۆداگرتنه‌ بۆ هه‌مان ئه‌و ئازارانه‌ی كه‌ ئێمه‌ش ده‌یچێژین. جا هیوامان بۆ ئێوه‌ جێگیره‌. ده‌زانین وه‌ک له‌ ئازاردا به‌شدارن، له‌ دڵنه‌واییش ئاوان. برایان، نامانه‌وێت ئه‌و ته‌نگانه‌ی له‌ ئاسیا به‌سه‌رمان هات له‌لاتان شاراوه‌ بێت، كه‌ زۆر له‌ سه‌رووی توانا بارگران بووین، تا ئه‌وه‌ی له‌ ژیان بێ هووده‌ بووین. به‌ڵام له‌ خۆماندا هه‌ستمان كرد حوكمی مه‌رگمان بۆ دراوه‌، تاكو پشت به‌ خۆمان نه‌به‌ستین، به‌ڵكو به‌و خودایه‌ی مردووان هه‌ڵده‌ستێنێته‌وه‌. ئه‌وه‌ی له‌ مه‌رگێكی ئاوا گه‌وره‌ ده‌ربازی كردین و ده‌ربازمان ده‌كات. هیوامان پێی هه‌یه‌ كه‌ دواتریش ده‌ربازمان ده‌كات، ئێوه‌ش به‌ نوێژه‌كانتان یارمه‌تیده‌رن بۆ ئێمه‌، تاكو كه‌سانێكی زۆر له‌ پێناوی ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌و به‌خششه‌ی پێمان دراوه‌ سوپاسی خودا بكه‌ن. جا ئه‌مه‌یه‌ شانازیمان. ویژدانمان گه‌واهی ده‌دات‌ كه‌ ڕه‌فتارمان له‌ جیهاندا، به‌ تایبه‌تی سه‌باره‌ت به‌ ئێوه‌، له‌ ساكاری و دڵسۆزی بوو كه‌ له‌ خودایه‌، نه‌ک به‌ دانایی جه‌سته‌یی به‌ڵكو به‌ به‌خششی خودا. چونكه‌ شتێكی دیكه‌تان بۆ نانووسین جگه‌ له‌وه‌ی بیخوێننه‌وه‌ یان لێی تێبگه‌ن. منیش هیوادارم تاكو به‌ ته‌واوی له‌ ئێمه‌ تێبگه‌ن، وه‌ک هه‌ندێک لێمان تێگه‌یشتن، تاكو شانازی ئێوه‌ بین، وه‌ک ئێوه‌ش شانازی ئێمه‌ن، له‌ ڕۆژی ئیشۆعی په‌روه‌ردگار. جا به‌م دڵنیاییه‌وه‌ به‌ نیاز بووم كه‌وا یه‌كه‌مجار بێمه‌ لاتان، تاكو دووباره‌ به‌خششتان بۆ بێت، به‌ره‌و ماقیدۆنیا به‌ لاتاندا تێپه‌ڕم و له‌ ماقیدۆنیاوه‌ دیسان بێمه‌وه‌ لاتان، ئێوه‌ش بۆ ئیهوود ڕه‌وانه‌م بكه‌ن. كه‌ به‌ نیازی ئه‌مه‌ بوومه‌، ئایا دوودڵ بووم؟ یاخود به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ پلانه‌كانم داناوه‌، كه‌ له‌ یه‌ک كات ده‌ڵێم. به‌ڵێ، به‌ڵێ و نه‌خێر، نه‌خێر؟ هه‌روه‌ک خودا سه‌رڕاسته‌، وته‌كانمان بۆ ئێوه‌ به‌ڵێ و نه‌خێر نییه‌. چونكه‌ ئیشۆعی مه‌سیحی ڕۆڵه‌ی خودا، كه‌ به‌هۆی من و شیلاو تیماتیئوس له‌نێوتاندا ڕاگه‌یێندرا، به‌ڵێ و نه‌خێر نه‌بوو، به‌ڵكو له‌ودا هه‌ر به‌ڵێ بووه‌. به‌ڵێنه‌كانی خودا هه‌رچییه‌ک بوو، به‌هۆی ئێمه‌وه‌ “به‌ڵێ” و “ئامین” ن، بۆ شكۆمه‌ندیی خودا. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ مه‌سیحدا ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا جێگیر ده‌كات، ئه‌وه‌ی ده‌ستنیشانی كردووین، خودایه‌، كه‌ مۆری خۆی لێداوین و وه‌ک پێشه‌كی ڕووحی خۆی خسته‌ دڵمانه‌وه‌. به‌ڵام من خوداش ده‌كه‌مه‌ گه‌واهیده‌ر له‌سه‌ر خۆم، به‌زه‌ییم پێتان هاته‌وه‌ كه‌ نه‌هاتمه‌وه‌ قۆرنتێ. نه‌ک به‌سه‌ر باوه‌ڕتان سالار بین، به‌ڵكو هاوكارین بۆ خۆشیتان، چونكه‌ به‌ باوه‌ڕ جێگیرن. له‌به‌ر ئه‌مه‌ له‌لایه‌ن خۆمه‌وه‌ بڕیارم دا له‌ خه‌مباریدا نه‌یه‌مه‌وه‌ لاتان. چونكه‌ ئه‌گه‌ر من خه‌مبارتان بكه‌م، كێ دڵشادم ده‌كات، جگه‌ له‌ ئێوه‌ كه‌ خه‌مبارم كردوون؟ بۆم نووسین، بۆ ئه‌وه‌ی كاتێ هاتم خه‌مبار نه‌بم له‌وانه‌ی پێویسته‌ پێیان شادبم. له‌ هه‌مووتان دڵنیام، كه‌وا شادی من هی هه‌مووتانه‌. چونكه‌ له‌ خه‌مێكی زۆر و دڵته‌نگییه‌وه‌ به‌ فرمێسكی زۆره‌وه‌ بۆم نووسین، نه‌ک خه‌مبار بن، به‌ڵكو تا بزانن خۆشویستنم بۆ ئێوه‌ چه‌ند قووڵه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێک بووه‌ هۆی خه‌مباری، ئه‌وا ته‌نها منی خه‌مبار نه‌كردووه‌، به‌ڵكو تا ڕاده‌یه‌ک هه‌مووتانی خه‌مبار كردووه‌، ئه‌گه‌ر زۆرم نه‌ووتبێت. ئیتر به‌سه‌ ئه‌و سزایه‌ی كه‌وا له‌لایه‌ن زۆرینه‌یه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، باشتره‌ بیبه‌خشن و دڵنه‌وایی بكه‌ن، نه‌وه‌ک له‌ خه‌فه‌تی زۆره‌وه‌ قووت بدرێت. بۆیه‌ تكاتان لێ ده‌كه‌م خۆشویستنی خۆتانی بۆ دووپات بكه‌نه‌وه‌. چونكه‌ بۆ ئه‌مه‌ بۆم نووسین تاكو به‌ سه‌لماندنتان بزانم، ئاخۆ له‌ هه‌موو شتێكدا گوێڕایه‌ڵن؟ جا ئه‌وه‌ی له‌ شتێک لێی ده‌یبه‌خشن، منیش وا ده‌كه‌م. چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌خشیم ئه‌گه‌ر له‌ شتێک به‌خشیم ئه‌وا له‌به‌رده‌م مه‌سیح له‌پێناوی ئێوه‌ ده‌یبه‌خشم، نه‌وه‌ک شه‌یتان له‌خشته‌مان ببات. چونكه‌ له‌ مه‌به‌سته‌كانی بێ ئاگا نین. كاتێ هاتمه‌ ترۆئۆس له‌ پێناوی ئینجیلی مه‌سیح و په‌روه‌ردگار ده‌رگایه‌كی بۆم كرده‌وه‌. گیانم پشووی نه‌دا، چونكه‌ تتوسی برام نه‌بینی. ئیتر ماڵئاواییم لێیان كرد و ده‌رچووم بۆ ماقیدۆنیا. به‌ڵام سوپاس بۆ خودا، ئه‌وه‌ی هه‌موو كاتێ له‌ كه‌ژاوه‌ی سه‌ركه‌وتن له‌ مه‌سیحدا ڕابه‌رایه‌تیمان ده‌كات، له‌ هه‌موو شوێنێک به‌هۆی ئێمه‌ بۆنی خۆشی ناسینه‌كه‌ی دیارده‌خات. چونكه‌ بۆنی خۆشی مه‌سیحین بۆ خودا، له‌نێوان ئه‌وانه‌ی ڕزگاریان ده‌بێت و له‌نێوان ئه‌وانه‌ی له‌ناوده‌چن. بۆ ئه‌وانه‌ بۆنی مه‌رگه‌ بۆ مه‌رگ، بۆ ئه‌وانی دیكه‌ بۆنی ژیانه‌ بۆ ژیان. ئایا كێ شیاوه‌ بۆ ئه‌م شتانه‌؟ ئێمه‌ وه‌ک زۆر كه‌س بازرگانی به‌ وشه‌ی خودا ناكه‌ین، به‌ڵكو به‌ دڵسۆزی له‌ خوداوه‌ و له‌به‌رده‌م خودا له‌ مه‌سیحدا ده‌دوێین. ئایا ده‌ست به‌ ستایشكردنی خۆمان بكه‌ین؟ ئایا وه‌ک هه‌ندێک كه‌س، پێویستیمان به‌ ڕاسپارده‌نامه‌یه‌ بۆ ئێوه‌ یان له‌ ئێوه‌وه‌؟ ئێوه‌ په‌یامی ئێمه‌ن، كه‌ له‌ دڵماندا نووسراوه‌، كه‌وا هه‌موو خه‌ڵک ده‌یزانن و ده‌یخوێننه‌وه‌. ئێوه‌ ده‌ركه‌وتن په‌یامی مه‌سیحن، كه‌ ئێمه‌ ڕاژه‌مان كردووه‌، به‌ مه‌ره‌كه‌ب نه‌نووسراوه‌ به‌ڵكو به‌ ڕووحی خودای زیندوو، نه‌ک له‌سه‌ر ته‌خته‌ی به‌ردین، به‌ڵكو له‌سه‌ر ته‌خته‌ دڵی گۆشتین. به‌ڵام به‌هۆی مه‌سیح متمانه‌ی ئاوامان به‌ خودا هه‌یه‌. نه‌ک به‌ خۆمان لێهاتوو بین تاكو بیر بكه‌ینه‌وه‌ هی خۆمان بێت، به‌ڵكو لێهاتووییمان له‌ خوداوه‌یه‌. ئه‌وه‌ی لێهاتووی كردین تاكو ببینه‌ ڕاژه‌وانی په‌یمانێكی نوێ ئه‌وه‌ی پیت نییه‌ به‌ڵكو ڕووحه‌.‌ چونكه‌ پیت ده‌كوژێت، به‌ڵام ڕووح ژیان ده‌دات. ئه‌گه‌ر ڕاژه‌ی مه‌رگ به‌ پیت له‌ به‌رد هه‌ڵكه‌ندراوه‌ به‌ شكۆوه‌ هاتبێت، ته‌نانه‌ت نه‌وه‌ی ئیسڕائیل نه‌یانتوانی ته‌ماشای ڕوخساری مووشێ بكه‌ن، له‌به‌ر شكۆی ڕوخساری كه‌ له‌ناوچووه‌، ئیتر چه‌ند زیاتر ڕاژه‌ی ڕووح شكۆدارتر ده‌بێت؟ چونكه‌ ئه‌گه‌ر ڕاژه‌ی تاوانباركردن شكۆمه‌ندی بێت، ئاخۆ ده‌بێ ڕاژه‌ی بێتاوانكردن چه‌ند زیاتر له‌ شكۆمه‌ندیدا بێت؟ شكۆداركراویش له‌ به‌راورد به‌ شكۆی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر شكۆی نه‌ماوه‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌ناوچوو له‌ شكۆمه‌ندیدا بێت، ئه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ییه‌ چه‌ند زیاتر له‌ شكۆمه‌ندیدا ده‌بێت! چونكه‌ هیوایه‌كی ئاوامان هه‌یه‌، زۆر به‌ ئاشكرا ده‌جوڵێینه‌وه‌، نه‌ک وه‌ک مووشێ كه‌ پێچه‌ی له‌سه‌ر ڕوخساری داده‌نا تاكو نه‌وه‌ی ئیسڕائیل ته‌ماشای پایانی له‌ناوچوو نه‌كه‌ن. به‌ڵكو هزریان ڕه‌ق بووه‌، چونكه‌ تاكو ئه‌مڕۆش، كاتێ په‌یمانی كۆن ده‌خوێندرێته‌وه‌ هه‌مان پێچه‌ ماوه‌ و لانه‌دراوه‌، كه‌ له‌ مه‌سیحدا پووچه‌ڵ ده‌كرێته‌وه‌. به‌ڵام تاكو ئه‌مڕۆ كاتێ ته‌وراتی مووشێ ده‌خوێندرێته‌وه‌ پێچه‌ له‌سه‌ر دڵیان دانراوه‌. به‌ڵام كاتێ یه‌كێک بۆ په‌روه‌ردگار گه‌ڕایه‌وه‌، ئه‌وا پێچه‌كه‌ لاده‌چێت. چونكه‌ په‌روه‌ردگار ڕووحه‌، هه‌روه‌ها ڕووحی په‌روه‌ردگار له‌كوێ بێت، ئازادی له‌وێیه‌. هه‌موومان به‌ ڕوویه‌كی ئاشكرا وه‌ک ئاوێنه‌ وێنه‌دانه‌وه‌ی شكۆی خودا ده‌ده‌ینه‌وه‌، له‌ شكۆیه‌ک بۆ شكۆیه‌ک بۆ هه‌مان وێنه‌ ده‌گۆڕدرێین، ئه‌وه‌ش له‌ په‌روه‌ردگاره‌وه‌یه‌ كه‌ ڕووح. بۆیه‌ كه‌ ئه‌م ڕاژه‌مان هه‌یه‌، وه‌ک به‌ر به‌زه‌یی كه‌وتین، شكست ناهێنین، به‌ڵكو شاراوه‌كانی سه‌رشۆڕیمان ڕه‌ت كرده‌وه‌، به‌ فێڵبازی ڕێناكه‌ین و ده‌ستكاری وشه‌ی خودا ناكه‌ین، به‌ڵكو به‌ ده‌رخستنی ڕه‌وا، بۆ ویژدانی هه‌ر كه‌سێک له‌به‌رده‌م خودا ستایشی خۆمان ده‌كه‌ین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر موژده‌كه‌مان شاراوه‌ بێت، ئه‌وا له‌نێو له‌ناوچوواندا‌ شاراوه‌یه‌، كه‌ خوداوه‌ندی ئه‌م ڕۆژگاره‌ هزری بێباوه‌ڕانی كوێر كردووه‌، تاكو ڕووناكیی ئینجیلی شكۆی مه‌سیحیان بۆ نه‌دره‌وشێته‌وه‌، كه‌ وێنه‌ی خودایه‌. چونكه‌ بانگه‌واز بۆ خۆمان ناكه‌ین، به‌ڵكو ئیشۆعی مه‌سیح كه‌ په‌روه‌ردگاره‌، خۆشمان له‌ پێناوی ئیشۆع به‌نده‌ی ئێوه‌ین. چونكه‌ خودا كه‌ فه‌رمووی: “با له‌ تاریكیدا ڕووناكی بدره‌وشێته‌وه‌”، ئه‌و له‌ دڵماندا دره‌وشایه‌وه‌، بۆ ڕووناككردنه‌وه‌ی ناسینی شكۆی خودا له‌ڕووی ئیشۆعی مه‌سیحدا. به‌ڵام ئه‌م گه‌نجینه‌ی هه‌مانه‌ له‌نێو گۆزه‌ی گڵینه‌، تاكو ده‌ربكه‌وێت كه‌ هێز له‌ خوداوه‌یه‌ نه‌ک له‌ ئێمه‌. له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ په‌ستین، به‌ڵام ته‌نگه‌تاو نین. سه‌رگه‌ردانین، به‌ڵام بێ ئومێد نین. چه‌وسێنراوه‌ین، به‌ڵام به‌جێنه‌هێڵدراوین. به‌ زه‌ویدا ده‌درێین، به‌ڵام له‌ناو ناچین. هه‌میشه‌ چۆنییه‌تی مردنی ئیشۆع له‌ له‌شدا هه‌ڵده‌گرین، تاكو ژیانی ئیشۆع له‌ له‌شماندا ده‌ربكه‌وێت. چونكه‌ ئێمه‌ی زیندوو هه‌میشه‌ له‌ پێناوی ئیشۆعدا ڕاده‌ستی مه‌رگ ده‌كرێین، تاكو ژیانی ئیشۆع له‌ جه‌سته‌ی مردوومان ده‌ربكه‌وێت. كه‌واته‌ مه‌رگ له‌ ئێمه‌دا كارده‌كات، به‌ڵام ژیان له‌ ئێوه‌دا. كه‌ هه‌مان ڕووحی باوه‌ڕمان هه‌یه‌، به‌گوێره‌ی نووسراو: {باوه‌ڕم هێنا بۆیه‌ قسه‌م كرد} ، ئێمه‌ش باوه‌ڕمان هه‌یه‌ بۆیه‌ قسه‌ ده‌كه‌ین. ده‌زانین كه‌ ئه‌وه‌ی ئیشۆعی په‌روه‌ردگاری هه‌ستانده‌وه‌، ئێمه‌ش به‌ ئیشۆع هه‌ڵده‌ستێنێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئێوه‌ش ده‌مانباته‌ به‌رده‌می خۆی. چونكه‌ هه‌موو شته‌كان له‌ پێناوی ئێوه‌یه‌، تاكو به‌خشش بۆ زۆر كه‌س زیاد بێت، سوپاسگوزاریش زیاد بێت بۆ شكۆمه‌ندیی خودا. بۆیه‌ شكست ناهێنینن، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر به‌ ڕواڵه‌تیش له‌ناوبچین، ئه‌وا ناوه‌ڕۆكمان ڕۆژ به‌ ڕۆژ نوێتر ده‌بێته‌وه‌. چونكه‌ ته‌نگانه‌ی سووک و كاتیمان زیاتر و زیاتر شكۆمه‌ندییه‌كی قورسی جاویدانی بۆ ئێمه‌ لێ دێته‌ كایه‌وه‌. ئێمه‌ ته‌ماشای شته‌ بینراوه‌كان ناكه‌ین، به‌ڵكو شته‌ نه‌بینراوه‌كان، چونكه‌ بینراوه‌كان كاتین، به‌ڵام نه‌بینراوه‌كان جاویدانین. چونكه‌ ده‌زانین، ئه‌گه‌ر ڕه‌شماڵه‌ زه‌مینییه‌كه‌مان ڕووخا، ئه‌وا له‌ ئاسماندا بینایه‌كی جاویدانیمان هه‌یه‌ كه‌ له‌ خوداوه‌یه‌ و به‌ده‌ست دروست نه‌كراوه‌‌. ئێمه‌ش له‌م ڕه‌شماڵه‌دا ده‌ناڵێنین، تامه‌زرۆین ماڵی ئاسمانیمان له‌ سه‌ری بپۆشین، چونكه‌ ئه‌گه‌ر پۆشیمان به‌ ڕووتی نابینرێین. چونكه‌ له‌م ڕه‌شماڵه‌داین له‌به‌ر بارگرانی ده‌ناڵێنین، كه‌ نامانه‌وێت دایبكه‌نین به‌ڵكو بپۆشرێین، تاكو مه‌رگ له‌لایه‌ن ژیانه‌وه‌ قووت بدرێت. به‌ڵام خودایه‌ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی به‌ تایبه‌ت بۆ ئه‌مه‌ دروستكردووه‌، ئه‌ویش وه‌ک پێشه‌كی ڕووحی پێمان داوه‌. كه‌واته‌ هه‌موو كات دڵنیاین و ده‌زانین كه‌ له‌ له‌شدا نیشته‌جێین، له‌ په‌روه‌ردگار دوورین. چونكه‌ به‌ باوه‌ڕ ڕه‌فتار ده‌كه‌ین نه‌ک به‌ بینراو. ئیتر دڵنیاین و به‌ باشتری ده‌زانین، له‌ له‌ش دوور بكه‌وینه‌وه‌ و له‌لای په‌روه‌ردگار نیشته‌جێ بین. بۆیه‌ ئامانجی به‌رزمان داده‌نێین، ئه‌گه‌ر له‌ له‌شدا نیشته‌جێ بین یان دوور بین، ئه‌و لێمان ڕازی بێت. چونكه‌ ده‌بێت هه‌موومان له‌به‌رده‌م ته‌ختی مه‌سیح ده‌ربكه‌وین، تاكو هه‌ریه‌كه‌ بۆ ئه‌و شتانه‌ی به‌هۆی له‌ش كردوویه‌تی شایسته‌یی خۆی وه‌ربگرێت، ئه‌گه‌ر باشه‌ یاخود خراپ. بۆیه‌ كه‌ ترسی په‌روه‌ردگار ده‌ناسین، قه‌ناعه‌ت به‌ خه‌ڵكی ده‌هێنین. بۆ خوداش ده‌ركه‌وتین، هیوادارم بۆ ویژدانی ئێوه‌ش ده‌ركه‌وتوو بین. دیسان لای ئێوه‌ ستایشی خۆمان ناكه‌ین، به‌ڵكو ده‌رفه‌تێكتان ده‌ده‌ینێ شانازیمان پێ بكه‌ن، تاكو بتوانن وه‌ڵامی ئه‌وانه‌ بده‌نه‌وه‌ كه‌ شانازی به‌ ڕواڵه‌ت ده‌كه‌ن نه‌ک به‌ دڵ. چونكه‌ ئه‌گه‌ر مێشكمان تێكچووبێت، بۆ خودایه‌، ئه‌گه‌ر هۆشمه‌ند بین، له‌به‌ر ئێوه‌یه‌. چونكه‌ خۆشویستنی مه‌سیح ده‌وری داوین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دڵنیاین‌ یه‌كێک له‌ جیاتی هه‌مووان مرد، ئیتر هه‌موو مردن. ئه‌و له‌جیاتی هه‌مووان مرد تاكو زیندووان ئیتر بۆ خۆیان نه‌ژین، به‌ڵكو بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی له‌ پێناویان مرد و هه‌ستایه‌وه‌. كه‌واته‌ له‌مه‌ولا كه‌س به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ ناناسین. ئه‌گه‌ر مه‌سیحمان به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ ناسی، ئیتر له‌مه‌ولا نایناسین. كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێک له‌ مه‌سیحدا بێت، ئافریده‌یه‌كی نوێیه‌: شته‌ كۆنه‌كان به‌سه‌رچوون، ئه‌وه‌تا هه‌مووی نوێ بووه‌وه‌. ئه‌مه‌ش هه‌مووی له‌ خوداوه‌یه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ خۆی به‌ مه‌سیح ئاشتی كردینه‌وه‌ و ڕاژه‌ی ئه‌م ئاشتبوونه‌وه‌ی پێداین، واتا خودا له‌ مه‌سیحدا جیهانی له‌گه‌ڵ خۆی ئاشت كرده‌وه‌، گوناهه‌كانیان له‌سه‌ر نانووسێت و په‌یامی ئاشتبوونه‌وه‌ی به‌ ئێمه‌ سپاردووه‌. كه‌واته‌ ئێمه‌ وه‌كو باڵوێزی مه‌سیحین تێده‌كۆشین، خوداش به‌هۆی ئێمه‌وه‌ بانگهێشت ده‌كات، له‌جیاتی مه‌سیح داواتان لێ ده‌كه‌ین: له‌گه‌ڵ خودا ئاشت بنه‌وه‌. چونكه‌ ئه‌وه‌ی گوناهی نه‌ده‌ناسی خودا له‌ پێناوی ئێمه‌ كردییه‌ گوناه‌، تاكو له‌ ئه‌ودا ببینه‌ بێتاوانیی خودا. وه‌ک هاوكاری خوداین، داواتان لێ ده‌كه‌ین به‌خششی خودا بێ سوود وه‌رمه‌گرن. چونكه‌ ده‌فه‌رمووێ. “له‌ كاتی په‌سه‌ندیم گوێم لێ گرتیت، له‌ ڕۆژی ڕزگاری یارمه‌تیم دایت”. ئه‌وه‌تا ئێستا كاتێكی په‌سه‌نده‌، ئێستا ڕۆژی ڕزگاریه‌. له‌ هیچ شتێک نابینه‌ كۆسپ، نه‌وه‌ک گله‌یی بێته‌ سه‌ر ڕاژه‌، به‌ڵكو له‌ هه‌موو شتێكدا وه‌ک ڕاژه‌وانی خودا خۆمان ده‌رده‌خه‌ین. به‌ دانبه‌خۆداگرتنی زۆرمان، له‌ ته‌نگانه‌، ناخۆشی و لێقه‌ومان، له‌ لێدان و زیندان و شڵه‌ژان، ماندوویی و بێداری و برسیێتی، به‌ بێگه‌ردی و زانین و ئارامگرتن و نیانی، به‌ ڕووحی پارسا و خۆشویستنی بێ ڕووپامایی، له‌ قسه‌ی ڕه‌وادا، له‌ هێزی خودا، به‌ چه‌كه‌كانی خوداناسی بۆ ڕاست و چه‌پ، به‌ شكۆ و سووكایه‌تی، ناوزڕاو و ناوبانگ، كه‌ ڕاستگۆین و وه‌ک چه‌واشه‌كار ده‌بینرێین، وه‌ک نه‌ناسراو به‌ڵام ناسراوین، وه‌ک مردوو و ئه‌وه‌تا زیندووین، وه‌ک سزادراو به‌ڵام نه‌كوژراوین، وه‌ک خه‌مبار، به‌ڵام هه‌رده‌م دڵشادین، وه‌ک هه‌ژار به‌ڵام زۆر كه‌س ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كه‌ین، وه‌ک هیچمان نه‌بێت و هه‌رچه‌نده‌ هه‌موو شتێكمان هه‌یه‌. ئه‌ی قۆرنتێییه‌كان، زارمان بۆتان كراوه‌یه‌ و دڵمان فراوانه‌. ته‌نگاوبوونتان به‌هۆی ئێمه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو له‌ هه‌ناوی خۆتانه‌وه‌یه‌. به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ ده‌ڵێم، وه‌ک بۆ ڕۆڵه‌كانم ده‌دوێم، ئێوه‌ش دڵتان بكه‌نه‌وه‌! له‌گه‌ڵ بێباوه‌ڕان له‌ ژێر یه‌ک نیردا مه‌بن، چونكه‌ چ تێكه‌ڵاویه‌ک له‌نێوان بێتاوانی و تاواندا هه‌یه‌؟ یاخود چ هاوبه‌شییه‌ک له‌نێوان تاریكی و ڕووناكیدا هه‌یه‌؟ چ ڕێككه‌وتنێک له‌نێوان مه‌سیح و بلیاعلدا هه‌یه‌؟ یان باوه‌ڕدار چ پشكێكی له‌گه‌ڵ بێباوه‌ڕدا هه‌یه‌؟ په‌رستگای خوداش چ ڕێككه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ بتدا هه‌یه‌؟ چونكه‌ ئێوه‌ په‌رستگای خودای زیندوون، وه‌ک خودا فه‌رموویه‌تی: {تیایاندا نیشته‌جێ ده‌بم و له‌گه‌ڵیان ڕێده‌كه‌م، ده‌بمه‌ خوداوه‌ندیان و ئه‌وانیش ده‌بنه‌ گه‌لی من}. {بۆیه‌ له‌ناوه‌ڕاستیان ده‌رچن و لێیان جیا ببنه‌وه‌، په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رمووێ. ده‌ست مه‌ده‌نه‌ هیچ گڵاوێک، ئینجا په‌سه‌ندتان ده‌كه‌م}. {من ده‌بمه‌ باوكتان، ئێوه‌ش ده‌بنه‌ كوڕ و كچم، ئه‌مه‌ په‌روه‌ردگاری هه‌ره‌ به‌ توانا ده‌یڵێت}. خۆشه‌ویستان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م به‌ڵێنانه‌مان هه‌یه‌، با خۆمان له‌ هه‌موو گڵاوییه‌كی جه‌سته‌ و ڕووح بێگه‌رد بكه‌ینه‌وه‌، له‌ ترسی خودادا پارسایی ته‌واو بكه‌ین. دڵتان بۆمان بكه‌نه‌وه‌. سته‌ممان له‌ كه‌س نه‌كردووه‌، كه‌سمان گه‌نده‌ڵ نه‌كردووه‌، چڵێسیمان به‌كه‌س نه‌بردووه‌. ئه‌مه‌ ناڵێم تا تاوانبارتان بكه‌م، چونكه‌ پێشتر وتوومه‌ كه‌ ئێوه‌ له‌ دڵماندان، تا له‌گه‌ڵتان بمرین و له‌گه‌ڵتان بژین. زۆر متمانه‌م پێتان هه‌یه‌، زۆر شانازیشتان پێوه‌ ده‌كه‌م، له‌ هه‌موو ته‌نگانه‌كانماندا پڕبووم له‌ دڵنه‌وایی و شادییه‌كی زۆر. چونكه‌ له‌وه‌ته‌ی هاتووینه‌ته‌ ماقیدۆنیا، جه‌سته‌مان حه‌سانه‌وه‌ی نه‌بووه‌، به‌ڵكو له‌ هه‌موو لایه‌ک هه‌راسان بووین. له‌ ده‌ره‌وه‌ ناكۆكی و له‌ ناوه‌وه‌ ترس. به‌ڵام خودا كه‌ دڵنه‌وایی خاكساره‌كان ده‌كات، به‌ هاتنی تتوس دڵنه‌وایی كردین، نه‌ک ته‌نها به‌ هاتنی، به‌ڵكو به‌و دڵنه‌واییه‌ی له‌لایه‌ن ئێوه‌ كراوه‌. بۆی گێڕاینه‌وه‌ ده‌رباره‌ی په‌رۆشی و په‌ژاره‌ و دڵگه‌رمیتان بۆ من، زیاتر دڵشاد بووم. جا ئه‌گه‌ر به‌ په‌یامه‌كه‌ خه‌مبارم كردبن، په‌شیمان نیم، هه‌رچه‌نده‌ په‌شیمان بوومه‌وه‌، چونكه‌ ده‌بینم په‌یامه‌كه‌ بۆ ماوه‌یه‌ک خه‌مباری كردن. به‌ڵام ئێستا دڵشادم، نه‌ک كه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێوه‌ خه‌مبار بوون، به‌ڵكو چونكه‌ خه‌مباریتان ئێوه‌ی بۆ تۆبه‌كردن برد. چونكه‌ به‌گوێره‌ی ویستی خودا خه‌مبار بوون، تاكو به‌هۆی ئێمه‌وه‌ هیچ زیانێک نه‌كه‌ن. چونكه‌ خه‌مباری به‌گوێره‌ی ویستی خودا، تۆبه‌كردنی به‌ره‌و ڕزگاری تێدایه‌ و بێ په‌شیمانییه‌، به‌ڵام خه‌مباریی جیهان مه‌رگی تێدایه‌. كه‌واته‌ سه‌یر بكه‌ن خه‌مباری به‌گوێره‌ی ویستی خودا چه‌ندی له‌ ئێوه‌دا به‌رهه‌م هێناوه‌: چ تێكۆشانێک، چ ناڕه‌زاییه‌ک، چ تووڕه‌ییه‌ک، چ ترسێک، چ تامه‌زرۆییه‌ک، چ دڵگه‌رمییه‌ک، چ تۆڵه‌یه‌ک. له‌ هه‌موو شتێكدا خۆتان سه‌لماند كه‌ بێتاوانن له‌و باسه‌دا. كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر بۆم نووسیون، له‌ پێناوی تاوانبار یاخود تاوان لێكراو نییه‌، به‌ڵكو تاكو تێكۆشانمان بۆ ئێوه‌ له‌به‌رده‌م خودا بۆتان ده‌ربكه‌وێت، بۆیه‌ دڵنه‌وایی كراین. به‌ڵام له‌سه‌ر دڵنه‌واییه‌كه‌، به‌هۆی دڵخۆشی تتوس زۆر زیاتر دڵخۆش بووین، چونكه‌ ڕووحی به‌ هه‌مووتان حه‌سایه‌وه‌. ئه‌گه‌ر به‌رامبه‌ر ئه‌و شانازیم به‌ ئێوه‌ كردبێت، شه‌رمم نه‌كردووه‌، به‌ڵكو وه‌ک هه‌موو شتێكمان به‌ ڕاستگۆیی پێ وتن، شانازیمان لای تتوس بووه‌ ڕاستی. دڵیشی زیاتر بۆتان ده‌چێت كه‌ یادی گوێڕایه‌ڵی هه‌مووتان ده‌كاته‌وه‌، چۆن به‌ ترس و له‌رزه‌وه‌ پێشوازیتان لێكرد. دڵشادم كه‌ له‌ هه‌موو شتێكدا لێتان دڵنیام. برایان، حه‌زده‌كه‌ین به‌خششی خودا بزانن كه‌ دراوه‌ته‌ وارگه‌كانی ماقیدۆنیا. له‌ ئه‌زموونی توندی ته‌نگانه‌ خۆشییان لێ ڕژا و هه‌ژاری سه‌ختیان لێ ڕژایه‌وه‌ بۆ دڵفراونی ده‌وڵه‌مه‌ندییان. گه‌واهیی ده‌ده‌م كه‌ له‌ خۆیانه‌وه‌ به‌گوێره‌ی توانا و له‌ سه‌رووی توانا به‌خشییان. لێمان پاڕانه‌وه‌ و زۆر تكایان كرد تاكو به‌خشش و به‌شداربوون له‌ ڕاژه‌ی پارساكان وه‌ربگرین. نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێمان ده‌كرد، به‌ڵكو یه‌كه‌مجار خۆیان دایه‌ په‌روه‌ردگار ئینجا ئێمه‌، به‌ خواستی خودا، تاكو تكامان له‌ تتوس كرد كه‌ ئه‌م به‌خششه‌ی له‌لاتان ده‌ستی پێكردووه‌ ته‌واوی بكات. به‌ڵام وه‌ک له‌ هه‌موو شتێک زیاد ده‌كه‌ن: له‌ باوه‌ڕ، له‌ قسه‌كردن، له‌ زانین، له‌ هه‌موو كۆششێک، له‌ خۆشویستنتان بۆ ئێمه‌، ئاوا له‌م به‌خششه‌ش زیاد بكه‌ن. وه‌ک فه‌رمان نادوێم، به‌ڵكو سه‌رڕاستیی خۆشویستنتان به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ كۆششی كه‌سانی دیكه‌ تاقی ده‌كه‌مه‌وه‌. چونكه‌ به‌خششی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان ده‌زانن، هه‌رچه‌نده‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌، له‌ پێناوی ئێوه‌دا بووه‌ هه‌ژار، تا ئێوه‌ به‌ هه‌ژاری ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ند بن. له‌مه‌شدا بۆچوونێک ده‌ده‌م، چونكه‌ ئه‌مه‌ سوودمه‌نده‌ بۆتان. ئێوه‌ پار ده‌ستتان پێكرد ببه‌خشن، نه‌ک ته‌نها ئه‌مه‌تان كردووه‌، به‌ڵكو خواستوشتانه‌. به‌ڵام ئێستا كاره‌كه‌ش ته‌واو بكه‌ن، هه‌روه‌ک چالاكی بۆ خواست بوو، ئاوا ته‌واوكردنیش به‌ خواستی خۆتانه‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر چالاكی هه‌بێت، به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی یه‌كێک هه‌یه‌تی په‌سه‌نده‌، نه‌ک به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی نییه‌تی. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ نییه‌ خه‌ڵكی دیكه‌ بحه‌سێنه‌وه‌ و فشارم له‌سه‌ر ئێوه‌ بێت، به‌ڵكو به‌ یه‌كسانی. له‌ كاتی ئێستادا با لێڕژانتان بۆ نه‌بوونییان بێت، بۆ ئه‌وه‌ی لێڕژانیان بۆ نه‌بوونیتان بێت، ئینجا ببێته‌ یه‌كسانی. وه‌ک نووسراوه‌: “ئه‌وه‌ی زۆری كۆ كرده‌وه‌ لێی نه‌ماوه‌، ئه‌وه‌ش كه‌می كۆ كرده‌وه‌ كه‌متر نه‌بوو”. به‌ڵام سوپاس بۆ خودا كه‌ هه‌مان كۆششی خسته‌ دڵی تتوس بۆ ئێوه‌. چونكه‌ داواكارییه‌كه‌ی په‌سه‌ند كرد، به‌ كۆششی زیاتر، له‌لای خۆیه‌وه‌ بۆ لاتان گه‌ڕایه‌وه‌. برایه‌كمان له‌گه‌ڵیدا نارد كه‌ له‌ ڕاژه‌كرنیدا بۆ ئینجیل هه‌موو وارگه‌كان ستایشی ده‌كه‌ن. نه‌ک ته‌نها ئه‌وه‌، به‌ڵكو له‌لایه‌ن وارگه‌كانه‌وه‌ بۆ هاوڕێیه‌تیمان هه‌ڵبژێردراوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌خششه‌ی له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ ڕاژه‌ ده‌كرێت بۆ شكۆی خودی په‌روه‌ردگار و بۆ چالاكیتان. خۆمان له‌مه‌ ده‌پارێزین، نه‌وه‌ک كه‌سێک له‌ گه‌وره‌یی ئه‌م ڕاژه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌یه‌ گله‌ییمان لێ بكات. چونكه‌ به‌ نیازی چاكه‌ین، نه‌ک ته‌نها له‌به‌رده‌م په‌روه‌ردگار، به‌ڵكو له‌به‌رده‌م خه‌ڵكیش. له‌گه‌ڵ ئه‌واندا برایه‌كمان نارد، كه‌ زۆر جار له‌ زۆر شت تاقیمان كرده‌وه‌ چالاک بوو، ئێستاش به‌و دڵنیاییه‌ زۆره‌ی له‌ ئێوه‌ی هه‌یه‌ زۆر چالاكتره‌. ده‌رباره‌ی تتوس، ئه‌و هاوبه‌ش و هاوكارمه‌ له‌پێناوی ئێوه‌، به‌ڵام ئه‌م برایانه‌ په‌یامبه‌ری وارگه‌كان و شكۆمه‌ندی مه‌سیحن. بۆیه‌ به‌ڵگه‌ی خۆشویستنی خۆتان و هۆی شانازیمان به‌ ئێوه‌، له‌به‌رده‌م وارگه‌كان بۆیان ده‌ربخه‌ن. سه‌باره‌ت به‌ ڕاژه‌ بۆ پارساكان، پێویست نییه‌ بۆتان بنووسم، چونكه‌ چالاكیتان ده‌زانم و له‌لای ماقیدۆنییه‌كان شانازیم پێكردووه‌، كه‌وا له‌ پاره‌وه‌ ئه‌خائیه‌ ئاماده‌یه‌ و دڵگه‌رمیتان زۆر كه‌سی جۆش دا. به‌ڵام برایانم نارد، نه‌وه‌ک له‌م باره‌یه‌وه‌ شانازیمان پێتان پووچه‌ڵ بێته‌وه‌، تاكو وه‌ک وتم ئاماده‌بن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هه‌ندێک له‌ ماقیدۆنییه‌كان له‌گه‌ڵم هاتن و ئێوه‌یان به‌ نائاماده‌ییه‌وه‌ بینی، ئێمه‌ شه‌رمه‌زار نه‌بین چونكه‌ شانازیمان پێتان هه‌بوو. بۆیه‌ به‌ پێویستم زانی له‌ برایان بپاڕێمه‌وه‌، تاكو پێشڕه‌وی بكه‌ن بۆ لاتان و زوو ئه‌و به‌خشینه‌تان ڕێک بخه‌ن كه‌ پێشتر به‌ڵێنتان داوه‌، تاكو وه‌ک به‌خشینی داڕشت بێت، نه‌ک ڕه‌زیلی. ئه‌مه‌ش بزانن. ئه‌وه‌ی كه‌م بچێنێت كه‌م ده‌دروێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی به‌ داڕشت بچێنێ به‌ داڕشت ده‌دروێته‌وه‌. با هه‌ریه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ی له‌سه‌ر دڵیه‌تی بیدات، نه‌ک به‌ دڵته‌نگی و ناچاری، چونكه‌ به‌خشه‌ری دڵخۆش خودا خۆشیده‌وێت. خوداش ده‌توانێت هه‌موو به‌خششێكتان بۆ زیاد بكات، تاكو هه‌موو كاتێ له‌ هه‌موو شتێک به‌ستان بێت، له‌ هه‌موو كردارێكی باش زیادبن. وه‌ک نووسراوه‌: {به‌ دڵفراوانییه‌وه‌ به‌ هه‌ژاران ده‌به‌خشێته‌وه‌، بێتاوانییه‌كه‌ی تا جاویدانی ده‌مێنێته‌وه‌}. جا ئه‌وه‌ی تۆو بۆ تۆوده‌ر و نان بۆ خۆراک دابین ده‌كات، تۆوتان دابین ده‌كات و چه‌ندباره‌ی ده‌كات و به‌رهه‌می خوداناسیتان زیاد ده‌كات. له‌ هه‌موو شتێک ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بن، به‌ هه‌موو ده‌ستفراوانییه‌ک كه‌ به‌هۆی ئێمه‌ سوپاسی خودای لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌. چونكه‌ كردنی ئه‌م ڕاژه‌یه‌ ته‌نها پێویستی پارساكان پڕ ناكاته‌وه‌، به‌ڵكو سوپاسكردنی زۆر بۆ خودا زیاد ده‌كات. به‌ ئه‌زموونی ئه‌م ڕاژه‌یه‌، خودا شكۆدار ده‌كه‌ن له‌سه‌ر گوێڕایه‌ڵی دانپیانانتان به‌ ئینجیلی مه‌سیح و ده‌ستفراوانی دابه‌شكردنتان بۆیان و بۆ هه‌مووان. هه‌روه‌ها له‌ پاڕانه‌وه‌یان بۆ ئێوه‌، تامه‌زرۆی ئێوه‌ن له‌به‌ر ئه‌و به‌خششه‌ له‌ ڕاده‌به‌ده‌ره‌ی خودا كه‌ پێتان دراوه‌. سوپاس بۆ خودا له‌ پێناوی ئه‌م به‌خشینه‌ی كه‌ به‌ ده‌م باس ناكرێت. خۆم وه‌ک پۆڵۆس، به‌ نیانیی مه‌سیح داواتان لێ ده‌كه‌م كه‌وا ده‌ڵێن شه‌رمنم كاتێ ڕووبه‌ڕووم له‌گه‌ڵ ئێوه‌، به‌ڵام به‌سه‌رتانه‌وه‌ بوێرم كه‌ لێتان دوورم. داواكارم كه‌ ئاماده‌بم بوێر نه‌بم به‌و متمانه‌یه‌ی كه‌ ده‌بینم، له‌گه‌ڵ هه‌ندێک ده‌وێرم كه‌ واده‌زانن ئێمه‌ به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ ده‌ژین. هه‌رچه‌نده‌ له‌ جه‌سته‌دا ده‌ژین، به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ ناجه‌نگین. چونكه‌ چه‌كی جه‌نگكردنمان جه‌سته‌یی نییه‌، به‌ڵكو به‌ خوداوه‌ توانای ڕوخاندنی قه‌ڵای هه‌یه‌، هه‌موو گومانێک و هه‌ر شتێک كه‌ بۆ به‌رهه‌ڵستی زانینی خودا به‌رز بێته‌وه‌ ده‌یڕوخێنین، هه‌موو بیرێكیش بۆ گوێڕایه‌ڵی مه‌سیح به‌ دیل ده‌گرین. ئاماده‌ین كاتێ گوێڕایه‌ڵیتان ته‌واو بێت سزای هه‌موو یاخیبوونێک بده‌ین. ئێوه‌ سه‌یری ڕواڵه‌ت ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر یه‌كێک دڵنیابێت كه‌ خۆی هی مه‌سیحه‌، با بۆ خۆی بزانێت: وه‌ک ئه‌و هی مه‌سیحه‌، ئێمه‌ش هی مه‌سیحین! چونكه‌ ئه‌گه‌ر تۆزێک زیاتر شانازیم به‌ ده‌سه‌ڵاتمان كردبێت ئه‌وه‌ی په‌روه‌ردگار داویه‌تی بۆ بنیادنانتان نه‌ک بۆ ڕوخاندن، شه‌رمی پێوه‌ ناكه‌م. نامه‌وێ وا ده‌ركه‌وم كه‌وا به‌ په‌یامه‌‌كان ده‌تانترسێنم. چونكه‌ هه‌ندێک ده‌ڵێن: “په‌یامه‌كان قورس و به‌هێزن، به‌ڵام ئاماده‌بوونی خۆی لاوازه‌ و قسه‌ به‌تاڵه‌”. با ئه‌م كه‌سه‌ بزانێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ قسه‌ی په‌یامه‌كانه‌ كه‌ دوورین، به‌ كاركردنیش ئاوا ئاماده‌ین. چونكه‌ ناوێرین خۆمان له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ پۆلین یان به‌راورد بكه‌ین كه‌ ستایشی خۆیان ده‌كه‌ن. به‌ڵكو كه‌ خۆیان به‌ خۆیان ده‌پێون و خۆیان به‌ خۆیان به‌راورد ده‌كه‌ن، تێناگه‌ن! به‌ڵام ئێمه‌ زیاد له‌ پێوانه‌ شانازی ناكه‌ین، به‌ڵكو به‌گوێره‌ی پێوانه‌ی ئه‌و سنووره‌ی خودا بۆی داناوین، تا ئاستێک كه‌ بگه‌ینه‌ ئێوه‌ش. چونكه‌ سنووری خۆمان نابڕین وه‌ک پێتان نه‌گه‌ین، چونكه‌ له‌ ئینجیلی مه‌سیحدا گه‌یشتینه‌ ئێوه‌ش. زیاد له‌ پێوانه‌ شانازی به‌ ڕه‌نجی خه‌ڵكی ناكه‌ین، به‌ڵكو وه‌ک هیوادارین، وا باوه‌ڕتان گه‌شه‌ ده‌كات، له‌نێوانتاندا سنوورمان زۆر زیاد ده‌بێت، تاكو موژده‌ بده‌ینه‌ هه‌رێمه‌كانی دوورتر له‌ ئێوه‌ش، نابێت شانازی بكه‌ین به‌و كاره‌ی له‌ سنووری یه‌كێكی دیكه‌ كراوه‌. “ئه‌وه‌ی شانازی ده‌كات، با شانازی به‌ په‌روه‌ردگاره‌وه‌ بكات”. چونكه‌ ئه‌وه‌ی ستایشی خۆی ده‌كات په‌سه‌ند نییه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ستایشی په‌روه‌ردگار ده‌كات. هیوادارم به‌رگه‌ی هه‌ندێک گێلایه‌تی من بگرن! هه‌رچه‌نده‌ به‌رگه‌شم ده‌گرن. دڵگه‌رمییه‌كی خوداییانه‌ دڵگه‌رمیم بۆتان هه‌یه‌، چونكه‌ له‌ یه‌ک پیاو نیشانم كردن، تاكو وه‌ک پاكیزه‌یه‌كی بێگه‌رد پێشكه‌شی مه‌سیحتان بكه‌م. به‌ڵام ده‌ترسم، وه‌ک ماره‌كه‌ حه‌وای به‌ فێڵه‌كه‌ی خه‌ڵه‌تاند، هزری ئێوه‌ش له‌و ساكاریه‌ بۆ مه‌سیح چه‌واشه‌ بكرێت. چونكه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێک بێ و ئیشۆعێكی دیكه‌ ڕابگه‌یه‌نێت جیاواز له‌وه‌ی ڕامانگه‌یاند، یان ڕووحێكی دیكه‌ وه‌رگرن جیاواز له‌وه‌ی وه‌رتانگرت، یان ئینجیلێكی دیكه‌ جیاواز له‌وه‌ی وه‌رتانگرت، ئه‌وا باش به‌رگه‌ ده‌گرن. وا ده‌زانم هیچم له‌و په‌یامبه‌ره‌ به‌رزانه‌ كه‌متر نییه‌. ئه‌گه‌ر له‌ قسه‌كردن زمان پاراو نیم، خۆ زانینم هه‌یه‌، به‌ڵكو ئێمه‌ له‌ هه‌ر لایه‌ک و له‌ هه‌موو شتێک بۆ ئێوه‌مان ده‌رخست. یاخود گوناهم كردووه‌ كه‌ خۆم نزم كرده‌وه‌ تاكو ئێوه‌ به‌رز ببنه‌وه‌، چونكه‌ به‌خۆڕایی موژده‌ی ئینجیلی خودام بۆ ڕاگه‌یاندن؟ وارگه‌كانی دیكه‌م تاڵان كرد كه‌ خه‌رجیم لێیان وه‌رگرت له‌پێناوی ڕاژه‌كه‌تان. كه‌ له‌گه‌ڵتان بووم و پێویستیم هه‌بوو، قورساییم نه‌خسته‌ سه‌ر كه‌س، چونكه‌ برایان له‌ ماقیدۆنیاوه‌ هاتن پێویستییه‌كانی منیان پڕكرده‌وه‌. له‌ هه‌موو شتێكدا خۆم پاراست تا قورسایی نه‌خه‌مه‌ سه‌رتان، خۆشمی لێ ده‌پارێزم. وه‌ک ڕه‌وای مه‌سیح له‌ مندایه‌، له‌ ناوچه‌كانی ئه‌خائیه‌ ئه‌م شانازیه‌م لێ ناسه‌ندرێته‌وه‌. بۆچی؟ ئایا چونكه‌ ئێوه‌م خۆشناوێت؟ خودا ده‌زانێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌م، وا ده‌یكه‌م، تاكو هه‌لی هه‌ڵپه‌رستان ببڕم كه‌ ده‌یانه‌وێت ده‌ریبخه‌ن له‌وه‌ی شانازی پێوه‌ ده‌كه‌ن گوایه‌ ئه‌وان وه‌ک ئێمه‌ن. چونكه‌ ئه‌مانه‌ په‌یامبه‌ری درۆزنن، كارگه‌ری فێڵبازن، خۆیان بۆ شێوه‌ی په‌یامبه‌ری مه‌سیح ده‌گۆڕن. سه‌یر نییه‌، چونكه‌ شه‌یتان خۆی بۆ شێوه‌ی فریشته‌ی ڕووناكی ده‌گۆڕێت! كه‌واته‌ شتێكی گه‌وره‌ نییه‌ ئه‌گه‌ر ڕاژه‌وانانی خۆیان بۆ شێوه‌ی ڕاژه‌وانی خوداناسی بگۆڕن. دواڕۆژیان به‌گوێره‌ی كرداریان ده‌بێت. دیسان ده‌یڵێمه‌وه‌. كه‌س به‌ گێلم نه‌زانێت. ئه‌گینا وه‌ک گێلێک په‌سه‌ندم بكه‌ن، تاكو منیش تۆزێک شانازی بكه‌م. له‌م بوێریه‌دا بۆ شانازیكردن، ئه‌وه‌ی ده‌یڵێم به‌گوێره‌ی په‌روه‌ردگار نییه‌، به‌ڵكو وه‌ک له‌ گێلایه‌تی بێت. كه‌ زۆر كه‌س به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ شانازی ده‌كه‌ن، منیش شانازی ده‌كه‌م. كه‌ به‌ شادییه‌وه‌ به‌رگه‌ی گێله‌كان ده‌گرن، چونكه‌ خۆتان ئه‌وه‌نده‌ دانان! چونكه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێک ئێوه‌ بكاته‌ كۆیله‌ به‌رگه‌ ده‌گرن! ئه‌گه‌ر یه‌كێک بتانخوات! ئه‌گه‌ر یه‌كێک بۆ خۆی بتانقۆزێته‌وه‌! ئه‌گه‌ر یه‌كێک خۆی به‌رز بكاته‌وه‌! یاخود ئه‌گه‌ر یه‌كێک له‌ ڕووتان بدات! به‌رگه‌ ده‌گرن! بۆ شه‌رمه‌زاریم، پێویسته‌ بڵێم سه‌باره‌ت به‌مه‌ چه‌ند لاواز بووین! له‌ چی ئه‌وان ئازان به‌ گێلایه‌تی ده‌ڵێم منیش تیایدا ئازام. ئایا ئه‌وان عیبڕانین؟ منیش. ئایا ئیسڕائیلین؟ منیش. ئایا نه‌وه‌ی ئه‌وڕاهه‌من؟ منیش. ئایا ڕاژه‌وانی مه‌سیحن؟ وه‌ک مێشک تێكچووێک ده‌ڵێم من باشترم. من زیاتر ڕه‌نجم داوه‌، له‌ لێدان زیاتر، له‌ زیندان‌ زیاتر، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌رگ زۆر جار. جوو پێنج جار چل قامچی كه‌م یه‌كیان لێداوم، سێ جار داركاری كراوم، جارێک به‌ردباران كراوم، سێ جار له‌ كه‌شتیدا بووم و شكاوه‌، شه‌و و ڕۆژێكم له‌ قووڵایی ده‌ریادا به‌سه‌ربرد. له‌ گه‌شتی زۆردا، كه‌وتوومه‌ته‌ مه‌ترسی لافاو و مه‌ترسی چه‌ته‌، مه‌ترسی گه‌له‌كه‌م و مه‌ترسی نه‌ته‌وه‌كان، مه‌ترسی له‌ شار و مه‌ترسی له‌ ده‌شت، مه‌ترسی له‌ ده‌ریا و مه‌ترسی برایانی درۆزن، به‌ ڕه‌نجدان و ماندووبوون، به‌ بێداریی زۆر، به‌ برسیێتی و تینوێتی، به‌ ڕۆژووگرتنی زۆر، به‌ سه‌رما و ڕووتی. ئه‌مانه‌ هه‌موو له‌لایه‌ك: ڕۆژ به‌ ڕۆژ گرنگیدان به‌ هه‌موو وارگه‌كان له‌سه‌رم كه‌ڵه‌كه‌ ده‌بێت. كێ لاواز ده‌بێ‌ و من لاواز نابم؟ كێ كه‌وتۆته‌ گوناه‌ و من ناسووتێم؟ ئه‌گه‌ر شانازی پێویست بێت، ئه‌وا به‌ شته‌كانی لاوازیم شانازی ده‌كه‌م. خودا، باوكی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگار ئه‌وه‌ی تاهه‌تایه‌ پیرۆز ده‌كرێت ده‌زانێت درۆ ناكه‌م. له‌ دره‌مسوق، فه‌رمانڕه‌واكه‌ی ئاریتاسی پاشا پاسه‌وانی شاری دره‌مسوقییه‌كانیان ده‌كرد، بۆ گرتنم. به‌ڵام له‌نێو سه‌به‌ته‌دا و له‌ په‌نجه‌ره‌ی شووراكه‌ منیان شۆڕكرده‌وه‌ و له‌ ده‌ستی ڕزگار بووم. باش نیه‌‌ شانازی بكه‌م‌، جا بۆ بینینی په‌روه‌ردگار و ئاشكراكراوی ئه‌و دێم. مرۆڤێک ده‌ناسم له‌ مه‌سیحدا، پێش چوارده‌ ساڵ بۆ ئاسمانی سێیه‌م ڕفێندرا، ئایا به‌ له‌شه‌وه‌ یاخود بێ له‌ش، نازانم، خودا ده‌زانێت. ده‌زانم ئه‌م مرۆڤه‌ به‌ له‌شه‌وه‌ یاخود بێ له‌ش، نازانم، خودا ده‌زانێت بۆ به‌هه‌شت ڕفێندرا، قسه‌یه‌كی بیست كه‌ ده‌رنابڕدرێت و مرۆڤ نابێت باسی بكات. به‌مه‌ شانازی ده‌كه‌م، به‌ڵام شانازی به‌خۆم ناكه‌م، مه‌گه‌ر به‌ لاوازییه‌كانم. چونكه‌ ئه‌گه‌ر بمه‌وێت شانازی بكه‌م، گێل نابم، چونكه‌ ڕه‌وا ده‌ڵێم، به‌ڵام خۆم ده‌پارێزم نه‌وه‌ک یه‌كێک وا له‌ من بگات زیاتر له‌وه‌ی ده‌مبینن و لێم ده‌بیستن. نه‌وه‌ک به‌ گه‌وره‌یی ئاشكرا كراوان لووتبه‌رز بم، له‌ جه‌سته‌دا دڕكێكم بێ درا، فریشته‌ی شه‌یتان ئازارم ده‌دات، تاكو لووتبه‌رز نه‌بم. بۆ ئه‌مه‌ سێ جار له‌ په‌روه‌ردگار پاڕامه‌وه‌ له‌ كۆڵم بكاته‌وه‌، پێی فه‌رمووم: “به‌خششی منت به‌سه‌، چونكه‌ هێزی من له‌ لاوازی ته‌واو ده‌بێت”. بۆیه‌ به‌وپه‌ڕی شادییه‌وه‌ شانازی به‌ لاوازیم ده‌كه‌م، تاكو هێزی مه‌سیح بێته‌ سه‌رم. بۆیه‌ له‌ پێناوی مه‌سیحدا، به‌ لاوازی و جنێودان و ناخۆشی و چه‌وسانه‌وه‌ و ته‌نگانه‌ دڵخۆش ده‌بم، چونكه‌ هه‌ر كاتێ لاوازبم ئه‌وا به‌هێزم. بوومه‌ گێل و شانازیم كرد، ئێوه‌ ناچارتان كردم! چونكه‌ ده‌بووایه‌ له‌لایه‌ن ئێوه‌وه‌ ستایش بكرێم، چونكه‌ هیچم له‌ په‌یامبه‌ره‌ به‌رزه‌كان كه‌متر نییه‌، هه‌رچه‌نده‌ هیچ نیم. به‌وپه‌ڕی دانبه‌خۆداگرتنه‌وه‌ په‌رجوه‌كانی په‌یامبه‌ر له‌نێوانتاندا ئه‌نجام دراوه‌، به‌ نیشانه‌ و كاری سه‌یر و په‌رجو. چونكه‌ چیتان له‌ وارگه‌كانی دیكه‌ كه‌متره‌، جگه‌ له‌وه‌ی خۆشم بارم گران نه‌كردوون؟ له‌م هه‌ڵه‌یه‌ بمبه‌خشن! ئه‌وا سێیه‌م جاره‌ ئاماده‌م بێمه‌ لاتان، نابمه‌ بارگرانیش. چونكه‌ داوای شته‌كانتان ناكه‌م، به‌ڵكو خۆتان. چونكه‌ منداڵ بۆ دایباب كۆناكاته‌وه‌، به‌ڵكو دایباب بۆ منداڵ. منیش به‌وپه‌ڕی شادییه‌وه‌ بۆ ئێوه‌ خه‌رج ده‌كه‌م و خۆم خه‌رجی ده‌كه‌م. ئه‌گه‌ر ئێوه‌م زۆرتر خۆشده‌وێت، ئایا كه‌متر منتان خۆشده‌وێت! با وابێت، بارم گران نه‌كردوون. به‌ڵام كه‌ فێڵبازم، به‌ فێڵ لێم سه‌ندوون! ئایا به‌وانه‌ی بۆم ناردوون چڵێسیم هه‌بووه‌؟ له‌ تتوس پاڕامه‌وه‌ و براكه‌م له‌گه‌ڵیدا نارد. ئایا تتوس چڵێسیی هه‌بوو؟ ئایا به‌ هه‌مان ڕووح ڕه‌فتار ناكه‌ین، به‌ هه‌مان هه‌نگاو ناڕۆین؟ ئایا له‌و باوه‌ڕه‌دان ئه‌م هه‌مووه‌ بۆ به‌رگریكردن له‌ خۆمان ده‌یڵێین؟ له‌به‌رده‌م خودا له‌ مه‌سیحدا ده‌دووێن، هه‌موو شتێک بۆ بنیادنانتانه‌، ئه‌ی خۆشه‌ویستان. چونكه‌ ده‌ترسم كاتێ بێم و وه‌ک ده‌مه‌وێت نه‌تانبینم، ئێوه‌ش وا بمبینن كه‌ نه‌تانه‌وێت. نه‌وه‌ک ناكۆكی، ئیره‌یی، تووڕه‌یی، تاقمكاری، بوختان، غه‌یبه‌ت، له‌خۆباییبوون، شێوان هه‌بێت. نه‌وه‌ک بێمه‌وه‌، خودام له‌لاتان نزمم بكاته‌وه‌ و زۆر خه‌فه‌ت بخۆم له‌وانه‌ی پێشتر گوناهیان كردووه‌، كه‌چی تۆبه‌یان نه‌كردووه‌ له‌و گڵاوی و داوێنپیسی و به‌دڕه‌وشتییه‌ی كردوویانه‌. ئه‌مه‌ سێیه‌م جاره‌ دێمه‌ لاتان. “هه‌ر بابه‌تێک له‌سه‌ر زاری دوو یان سێ گه‌واهیده‌ر ده‌سه‌لمێنرێت‌”. پێشتر وتوومه‌ وه‌ک دووه‌م جار له‌لاتان بووم و ئێستا دوورم ده‌یڵێمه‌وه‌، بۆ ئه‌وانه‌ی پێشتر گوناهیان كرد و بۆ هه‌موو ئه‌وانی دیكه‌ش. كه‌ دێمه‌وه‌ به‌زه‌ییم نابێت، چونكه‌ ئێوه‌ داوای به‌ڵگه‌ ده‌كه‌ن كه‌وا مه‌سیح له‌ مندا ده‌دوێت. كه‌ بۆتان لاواز نییه‌، به‌ڵكو له‌نێوتاندا به‌هێزه‌. چونكه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ لاوازیدا له‌خاچدرا، به‌ڵام به‌ هێزی خودا زیندووه‌. ئێمه‌ش له‌ودا لاوازین، كه‌چی به‌ هێزی خودا له‌گه‌ڵ ئه‌ودا بۆ ئێوه‌ ده‌ژین. خۆتان ئه‌زموون بكه‌ن ئاخۆ له‌ باوه‌ڕدان. له‌ خۆتان بكۆڵنه‌وه‌. ئایا نازانن كه‌ ئیشۆعی مه‌سیح له‌ ئێوه‌ دایه‌؟ ته‌نها ئه‌گه‌ر له‌ ئه‌زموون كه‌وتووبن. به‌ڵام هیوادارم بزانن كه‌ ئێمه‌ نه‌كه‌وتووین. ئینجا نوێژ بۆ خودا ده‌كه‌م هیچ خراپه‌یه‌ک نه‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش نه‌ک ده‌ربخه‌ین ئێمه‌ سه‌لمێندراوین، به‌ڵكو تاكو چاكه‌ بكه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ وه‌ک كه‌وتوو بین. چونكه‌ ناتوانین هیچ شتێک له‌ دژی ڕه‌وا بكه‌ین، به‌ڵكو له‌ پێناوی ڕه‌وا. چونكه‌ ئێمه‌ شادین كه‌ لاوازین و ئێوه‌ به‌هێزن، نوێژی ئێمه‌ش بۆ ته‌واویی ئێوه‌یه‌. بۆیه‌ ئه‌مانه‌ ده‌نووسم و دوورم، تاكو كه‌ له‌لاتان ئاماده‌بم ڕه‌ق نه‌جوڵێمه‌وه‌، به‌گوێره‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی په‌روه‌ردگار پێی داوم بۆ بنیادنان، نه‌ک ڕوخاندن. له‌ كۆتاییدا، برایان، دڵشاد بن. بۆ ته‌واوی هه‌وڵ بده‌ن، یه‌كتری هانبده‌ن، هاوبیر بن، به‌ ئاشتی بژین. ئه‌وسا خوداوه‌ندی خۆشویستن و ئاشتی له‌گه‌ڵتان ده‌بێت. به‌ ماچێكی پارسا سڵاو له‌ یه‌كتری بكه‌ن. هه‌موو پارساكان سڵاوتان لێده‌كه‌ن. به‌خششی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان و خۆشویستنی خودا و هاوبه‌شیی ڕووحی پارسا له‌گه‌ڵ هه‌مووتان بێت. ئامین. پۆڵۆسی په‌یامبه‌ر ئه‌وه‌ی نه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵک و نه‌ به‌هۆی مرۆڤێكه‌، به‌ڵكو له‌لایه‌ن ئیشۆعی مه‌سیح و خودای باوكه‌، كه‌وا له‌نێو مردووان هه‌ستاندیه‌وه ‌و‌ هه‌موو ئه‌و برایانه‌ی له‌گه‌ڵمدان، بۆ وارگه‌كانی گه‌ڵاتیه‌: به‌خشش و ئاشتیی خودای باوكمان و ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگار بۆئێوه‌، ئه‌وه‌ی له‌ پێناوی گوناهه‌كانمان خۆیی به‌خشی، تاكو به‌گوێره‌ی خواستی خودا و باوكمان، له‌م ڕۆژگاره‌ خراپه‌ی ئێستا ڕزگارمان بكات. تاهه‌تایه‌ شكۆمه‌ندی بۆ ئه‌وه‌. ئامین. پێم سه‌یره‌ چۆن وا به‌ خێرایی، له‌وه‌ی به‌ به‌خششی مه‌سیح بانگیكردوون، بۆ ئینجیلێكی دیكه‌ وه‌رده‌گه‌ڕێن! ئینجیلێكی دیكه‌ نییه‌، به‌ڵكو هه‌ندێ كه‌س ده‌یانه‌وێت سه‌رتان لێ بشێوێنن و ئینجیلی مه‌سیح بگۆڕن. به‌ڵام ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئێمه‌ یان فریشته‌ی ئاسمان ئینجیلێكمان پێدان، جگه‌ له‌و ئینجیله‌ی ئێمه‌ پێمان دان، با “ئه‌ناتیما” بێت. وه‌ک پێشتر پێمان وتوون ئێستاش پێتان ده‌ڵێمه‌وه‌: ئه‌گه‌ر یه‌كێک ئینجیلێكی پێدان جگه‌ له‌وه‌ی په‌سه‌ندتان كرد، با “ئه‌ناتیما” بێت. ئایا ئێستا بۆ به‌ده‌ستهێنانی ڕه‌زامه‌ندی خه‌ڵک هه‌وڵ ده‌ده‌م، یاخود ڕه‌زامه‌ندی خودا؟ یان ئایا داوای ئه‌وه‌ ده‌كه‌م خه‌ڵک ڕازی بكه‌م؟ ئه‌گه‌ر تا ئێستا خه‌ریكی ڕازیكردنی خه‌ڵک بوومایه‌، ئه‌وا نه‌ده‌بوومه‌ به‌نده‌ی مه‌سیح. پێتان ده‌ڵێم، برایان، ئه‌و ئینجیله‌ی كه‌ ڕامگه‌یاندووه‌، له‌ مرۆڤه‌وه‌ نییه‌. له‌ مرۆڤیشم وه‌رنه‌گرتووه‌ و فێریش نه‌كراوم، به‌ڵكو به‌ ئاشكراكردنی ئیشۆعی مه‌سیحه‌. چونكه‌ سه‌ربورده‌ی منتان بیستووه‌ له‌ ئایینی جوو، دڕندانه‌ وارگه‌ی خودام ده‌چه‌وسانده‌وه‌ و هه‌وڵم داوه‌ له‌ناوی ببه‌م. له‌ ئایینی جوو پێش زۆربه‌ی خه‌ڵک كه‌وتم له‌ نه‌وه‌ی خۆم، زۆر دڵگه‌رمتر بووم له‌وان بۆ دابونه‌ریتی باوكان. به‌ڵام كاتێ خودا كه‌ له‌ سكی دایكمه‌وه‌ ته‌رخانی كردم و به‌ به‌خششی خۆی بانگیكردم خۆشحاڵ بوو ڕۆڵه‌كه‌ی له‌ مندا ده‌ربكه‌وێت، تاكو له‌نێو نه‌ته‌وه‌كاندا موژده‌ بده‌م، یه‌كسه‌ر ڕاوێژم به‌ گۆشت و خوێن نه‌كرد، سه‌رنه‌كه‌وتمه‌ یروشلایم بۆ لای ئه‌وانه‌ی پێش من په‌یامبه‌ر بوون، به‌ڵكو ڕۆیشتم بۆ عه‌ره‌بستان و دیسان گه‌ڕامه‌وه‌ دره‌مسوق. ئینجا دوای سێ ساڵ سه‌ركه‌وتمه‌ یروشلایم، بۆ ئه‌وه‌ی په‌تڕۆس بناسم، پازده‌ ڕۆژ لای ئه‌و مامه‌وه‌. به‌ڵام جگه‌ له‌ یاقووی برای په‌روه‌ردگار هیچ په‌یامبه‌رێكی دیكه‌م نه‌بینی. خودا ده‌زانێت ئه‌وه‌ی بۆتانی ده‌نووسم درۆ نییه‌. دوایی چوومه‌ هه‌رێمه‌كانی سوریا و قیلیقیا. به‌ڵام هێشتا له‌لای وارگه‌كانی ئیهوود كه‌ له‌ مه‌سیحن به‌ ڕوخسار نه‌ناسرابووم، به‌ڵام بیستبوویان: “ئه‌وه‌ی جاران ئێمه‌ی ده‌چه‌وسانده‌وه‌، ئێستا موژده‌ی ئه‌و باوه‌ڕه‌ ده‌دات، كه‌ جاران له‌ناوی ده‌برد”. به‌هۆی منه‌وه‌ خودایان شكۆدار ده‌كرد. دوای چوارده‌ ساڵ، له‌گه‌ڵ به‌رنڤا سه‌ركه‌وتمه‌وه‌ یروشلایم، تتوسم له‌گه‌ڵ خۆم برد. سه‌ركه‌وتنه‌كه‌م به‌گوێره‌ی ئاشكراكردنێک بوو، ئه‌و ئینجیله‌ی كه‌ له‌نێو نه‌ته‌وه‌كان ڕایده‌گه‌یه‌نم، خستمه‌ به‌رده‌میان، به‌ڵام بۆ گه‌وره‌ پیاوان به‌ ته‌نها، تاكو ئه‌وه‌ی بۆی كۆشش ده‌كه‌م و كۆششم كردووه‌ به‌ فیڕۆ نه‌ڕوات. به‌ڵام ته‌نانه‌ت تتوس كه‌ له‌گه‌ڵم بوو، یۆنانیش بوو، ناچارنه‌كرا خۆی خروسه‌بڕان بكات. به‌ڵام به‌هۆی هه‌ندێک برایانی درۆزن كه‌ به‌ نهێنی هاتبوونه‌ ناومان، بۆ سیخوڕی كردن له‌سه‌ر ئه‌م ئازادییه‌ی له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا هه‌مانه‌ خزابوونه‌ نێومان، تاكو بمانكه‌نه‌ كۆیله‌. بۆ كاژێرێكیش ملكه‌چیان نه‌بووین، تاكو ڕه‌وای ئینجیل له‌گه‌ڵتان بمێنێته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی به‌ گه‌وره‌ پیاو داده‌نران هه‌رچییه‌ک بن، به‌لای منه‌وه‌ گرنگ نییه‌، چونكه‌ خودا ته‌ماشای ڕواڵه‌تی مرۆڤ ناكات ئه‌وان هیچیان بۆ په‌یامه‌كه‌م زیاد نه‌كرد. به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، بینییان كه‌ ئینجیل بۆ خروسه‌نه‌بڕاوان به‌ من سپێردراوه‌، وه‌ک ئینجیل بۆ خروسه‌بڕاوان به‌ په‌تڕۆس. چونكه‌ خودا به‌هۆی په‌تڕۆس وه‌ک په‌یامبه‌ر بۆ خروسه‌بڕاوان كاری ده‌كرد، له‌ منیشدا بۆ نه‌ته‌وه‌كان كاری ده‌كرد. كاتێ یاقوو و كیپه‌ و یوخه‌ننه‌ن كه‌ به‌ كۆڵه‌گه‌ دانرابوون، به‌م به‌خششه‌یان زانی كه‌ به‌ من دراوه‌، ئه‌وسا ئه‌وان ده‌ستی ڕاستی هاوبه‌شیان بۆ من و به‌رنڤا درێژ كرد، تاكو ئێمه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌كان و ئه‌وانیش بۆ خروسه‌بڕاوان بڕۆن. ته‌نها داوایان كرد هه‌ژاران له‌یاد نه‌كه‌ین، ئه‌مه‌ش شتێكه‌ هه‌میشه‌ كۆششم بۆی كردووه‌. به‌ڵام كاتێ په‌تڕۆس هاته‌ ئینتیاكیا، ڕووبه‌ڕوو به‌ربه‌ره‌كانێم كرد، چونكه‌ گله‌یی له‌سه‌ر بوو. چونكه‌ پێشتر كه‌سانێک له‌لای یاقووه‌وه‌ هاتبوون، له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كان نانی ده‌خوارد، به‌ڵام كاتێ ئه‌وان هاتن، له‌ ترسی ئه‌وانه‌ی له‌ خروسه‌بڕاوانن، خۆی كێشایه‌وه‌. جووه‌كانی دیكه‌ش له‌گه‌ڵیدا ده‌ستیان به‌ ڕووپامایی كرد، ته‌نانه‌ت به‌رنڤاش به‌ ڕووپاماییان چه‌واشه‌ بوو. كاتێ بینیم به‌گوێره‌ی ڕێگای ڕاستی ئینجیل ناڕۆن، له‌به‌رچاوی هه‌مووان به‌ په‌تڕۆسم وت: “ئه‌گه‌ر تۆ جووی، وه‌ک نه‌ته‌وه‌كان ده‌ژیت نه‌ک وه‌ک جوو، ئیتر چۆن ئه‌و نه‌ته‌وانه‌‌ ناچار ده‌كه‌یت وه‌ک جوو بژین؟” ئێمه‌ به‌ جوویی له‌دایكبووین و له‌ نه‌ته‌وه‌ گوناهباره‌كان نین، ده‌زانین مرۆڤ به‌ كاركردن به‌ ته‌ورات بێتاوان ناكرێ، به‌ڵكو به‌ باوه‌ڕ به‌ ئیشۆعی مه‌سیح. جا ئێمه‌ باوه‌ڕمان به‌ ئیشۆعی مه‌سیح هێنا تاكو به‌ باوه‌ڕ به‌ مه‌سیح بێتاوان بكرێین، ئه‌مه‌ش نه‌ک به‌ كاركردن به‌ ته‌ورات، چونكه‌ له‌ ڕێی كاركردن به‌ ته‌ورات كه‌س بێتاوان ناكرێت. ئه‌گه‌ر داواكارین بێتاوان بین له‌ مه‌سیحدا، خۆمان گوناهبارین، ئیتر ئایا مه‌سیح ڕاژه‌وانی گوناهه‌؟ حاشا! چونكه‌ ئه‌گه‌ر شتێک بنیاد بنێمه‌وه‌ كه‌ له‌پێشا تێكمدابێت، ئه‌وا ده‌یسه‌لمێنم كه‌ سه‌رپێچیكارم. چونكه‌ به‌هۆی ته‌ورات بۆ ته‌ورات مردم، تاكو بۆ خودا بژیم. من له‌گه‌ڵ مه‌سیح له‌خاچدرام، ئیتر من نیم ئه‌وه‌ی ده‌ژیێت، به‌ڵكو مه‌سیحه‌ له‌ مندا ده‌ژیێت. ئێستاش كه‌وا به‌ جه‌سته‌ ده‌ژیم، ئه‌وا به‌ باوه‌ڕ به‌ ڕۆڵه‌ی خودا ده‌ژیم، ئه‌وه‌ی منی خۆشویست و له‌پێناوی من خۆی به‌ده‌سته‌وه‌ دا. من به‌خششی خودا پووچه‌ڵ ناكه‌مه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بێتاوانی به‌ ته‌ورات بووایه‌، ئه‌وا مردنی مه‌سیح بێ هۆ بوو! ئه‌ی گه‌ڵاتیه‌ییه‌ گێله‌كان! كێ جادووی لێكردوون بۆئه‌وه‌ی ملكه‌چی ڕه‌وا نه‌بن؟ له‌پێش چاوتان وێنه‌ی ئیشۆعی مه‌سیح به‌ له‌خاچدراوی كێشرا! ته‌نها ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌تان لێ فێربم: ئایا به‌ كاركردن به‌ ته‌ورات ڕووحی پارساتان وه‌رگرت، یاخود به‌ باوه‌ڕ به‌وه‌ی بیستتان؟ ئایا تاكو ئه‌م ڕاده‌یه‌ گێلن! كه‌ به‌ ڕووحه‌كه‌ ده‌ستتان پێكرد، ئێستا به‌ جه‌سته‌ ته‌واوی ده‌كه‌ن؟ ئایا له‌خۆڕایی ئه‌وه‌نده‌ ئازارتان چێژت؟ ئایا به‌ ڕاستی له‌خۆڕایی بوو! ئه‌وه‌ی ڕووحتان پێ ده‌به‌خشێ و له‌نێوانتاندا په‌رجو ده‌كات، ئایا به‌ كاركردن به‌ ته‌وراته‌، یاخود به‌ باوه‌ڕ به‌وه‌ی بیسترا؟ وه‌ک چۆن “ئه‌وڕاهه‌م باوه‌ڕی به‌ خودا هێنا، ئه‌مه‌شی به‌ بێتاوانی بۆ دانرا”. جا بزانن ئه‌وانه‌ی له‌ باوه‌ڕدان، نه‌وه‌ی ئه‌وڕاهه‌من. سیپاره‌كه‌ پێشتر بینیویه‌تی كه‌ خودا نه‌ته‌وه‌كان به‌هۆی باوه‌ڕ بێتاوان ده‌كات، پێشتر موژده‌ی به‌ ئه‌وڕاهه‌می دا، پێی فه‌رموو: “به‌ تۆوه‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان داڕشت ده‌كرێن”. كه‌واته‌ ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕدارن، له‌گه‌ڵ ئه‌وڕاهه‌می باوه‌ڕدار داڕشت ده‌بن. چونكه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی پشت به‌ كرداری ته‌ورات ده‌به‌ستن، له‌ ژێر نه‌فره‌تدان، چونكه‌ نووسراوه‌: “هه‌ر كه‌سێک له‌ هه‌موو نووسراوی سیپاره‌كانی ته‌ورات جێگیر نه‌بێت بۆ په‌یڕه‌وكردن، نه‌فره‌ت لێكراوه‌”. ئاشكرایه‌ له‌ به‌رامبه‌ر خودا كه‌س به‌ ته‌ورات بێتاوان ناكرێت، چونكه‌: “بێتاوان به‌ باوه‌ڕ ده‌ژیێت”. به‌ڵام ته‌ورات پشت به‌ باوه‌ڕ نابه‌ستێت، به‌ڵكو: “ئه‌وه‌ی بیانكات، پێیان ده‌ژیێت”. مه‌سیح ئێمه‌ی له‌ نه‌فره‌تی ته‌ورات كڕییه‌وه‌، به‌وه‌ی له‌ پێناوماندا بووه‌ نه‌فره‌ت چونكه‌ نووسراوه‌: “هه‌ر كه‌سێک له‌سه‌ر دار هه‌ڵبواسرێت نه‌فره‌ت لێكراوه‌”. تاكو له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا داڕشتی ئه‌وڕاهه‌م بۆ نه‌ته‌وه‌كان بێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ باوه‌ڕ به‌ڵێنی ڕووحه‌كه‌ به‌ده‌ست بهێنین. برایان، با په‌ندیه‌كی مرۆڤانه‌تان بۆ بهێنمه‌وه‌: ئه‌گه‌ر یه‌كێک په‌یمانێكی مۆركراوی پێ بێت، كه‌س ناتوانێت پووچه‌ڵی بكاته‌وه‌ یاخود شتێكی بخاته‌ سه‌ر. هه‌روه‌ک به‌ڵێنه‌كان بۆ ئه‌وڕاهه‌م و نه‌وه‌كه‌ی وتراوه‌. نافه‌رمووێت: “به‌ نه‌وه‌كان” وه‌ک ئه‌وه‌ی زۆر بن، به‌ڵكو “به‌ نه‌وه‌ی تۆ”، واتا یه‌ک، ئه‌وه‌ی مه‌سیحه‌. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌: ئه‌و ته‌وراته‌ی پاش چوار سه‌د و سی ساڵ هات، په‌یمانی چه‌سپاوی پێشووی خودا به‌تاڵ ناكاته‌وه‌، تاكو به‌ڵێنه‌كه‌ بشكێنێت. چونكه‌ ئه‌گه‌ر میرات به‌ ته‌ورات هه‌بێت، ئیتر به‌ به‌ڵێن نییه‌. به‌ڵام خودا به‌ به‌خششی خۆی به‌ڵێنی به‌ ئه‌وڕاهه‌م دا. كه‌واته‌ ته‌ورات بۆ چییه‌؟ به‌ سه‌رپێچیكردنه‌كان زیادكراوه‌، تاكو ئه‌و كاته‌ی نه‌وه‌ی به‌ڵێنپێدراو دێت، به‌ ڕێگای فریشته‌كان به‌ ده‌ستی نێوانگرێک ڕێكخرا. نێوانگر ته‌نها نوێنه‌ری یه‌ک لایه‌ن نییه‌، به‌ڵام خودا یه‌كه‌. ئایا ته‌ورات دژی به‌ڵێنه‌كانی خودایه‌؟ حاشا! چونكه‌ ئه‌گه‌ر ته‌وراتێک بدرابایه‌ توانای ژیان به‌خشینی هه‌بووایه‌، ئه‌وا به‌ ڕاستی بێتاوانبوون به‌ ته‌ورات ده‌بوو. به‌ڵام په‌رتووكه‌كه‌ هه‌مووی كردۆته‌ به‌ندی گوناه‌، تاكو ئه‌و به‌ڵێنه‌ی به‌ باوه‌ڕ دراوه‌ له‌ ئیشۆعی مه‌سیح، بدرێته‌ ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕ ده‌هێنن. به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ بێت، له‌لایه‌ن ته‌وراته‌وه‌ به‌ند كرابووین، له‌ ژووره‌وه‌ كرابووین تاكو ئاشكراكردنی باوه‌ڕه‌كه‌ی داهاتوو. كه‌واته‌، تاكو هاتنی مه‌سیح ته‌ورات ته‌مبێكارمان بوو، تاكو به‌ باوه‌ڕ بێتاوان بكرێین. به‌ڵام دوای هاتنی باوه‌ڕ، ئێمه‌ ئیتر له‌ ژێر سایه‌ی ته‌مبێكار نین. چونكه‌ هه‌مووتان به‌ باوه‌ڕ به‌ ئیشۆعی مه‌سیح ڕۆڵه‌ی خودان، چونكه‌ هه‌مووتان كه‌ له‌ مه‌سیحدا عه‌مادكراون مه‌سیحتان پۆشیوه‌. جوو و یۆنانی نییه‌، كۆیله‌ و ئازاد نییه‌، نێر و مێ نییه‌، چونكه‌ هه‌مووتان له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا یه‌كن. جا ئه‌گه‌ر ئێوه‌ بۆ مه‌سیح بن، ئه‌وا له‌ نه‌وه‌ی ئه‌وڕاهه‌من و به‌گوێره‌ی به‌ڵێنه‌كه‌ میراتگرن. پێتان بڵێم: ئه‌گه‌ر میراتگر ناكام بێت جیاوازی نابێت له‌گه‌ڵ كۆیله‌، هه‌رچه‌نده‌ خاوه‌نی هه‌موو میراته‌كه‌یه‌، به‌ڵكو له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی سه‌رپه‌رشتیكار و سه‌ركار ده‌مێنێته‌وه‌ تاكو ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ باوكی دیاری كردووه‌. ئێمه‌ش به‌ هه‌مان شێوه‌، كاتێ ناكام بووین كۆیله‌ی ده‌ستی بنه‌ماكانی جیهان بووین. به‌ڵام كه‌ پڕی زه‌مانه‌ داهات، خودا ڕۆڵه‌ی خۆی نارد، له‌ كچێک له‌دایكبوو، له‌ سایه‌ی ته‌ورات له‌دایكبوو، تاكو ببێته‌ قوربانی بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ سایه‌ی ته‌وراتدان، تاكو وه‌ک ڕۆڵایه‌تی به‌ده‌ست بهێنین. چونكه‌ ئێوه‌ ڕۆڵه‌ن، خودا ڕووحی ڕۆڵه‌كه‌ی خۆی نارده‌ دڵتانه‌وه‌، به‌ هاواره‌وه‌ ده‌یفه‌رموو: “بابه‌! باوكه‌!” كه‌واته‌ ئیتر كۆیله‌ نیت، به‌ڵكو ڕۆڵه‌یت، ئه‌گه‌ر ڕۆڵه‌ش بیت، ئه‌وا له‌مه‌سیحدا میراتگریت. به‌ڵام له‌و كاته‌ی خوداتان نه‌ده‌ناسی، كۆیله‌ی ئه‌وانه‌ بوون كه‌ به‌ سروشت خوداوه‌ند نین. به‌ڵام ئێستا خودا ده‌ناسن، ڕاستتریش له‌لای خوداوه‌ ناسران، ئایا چۆن دیسان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ لای بنه‌ما لاواز و هه‌ژاره‌كان كه‌ ده‌تانه‌وێ سه‌رله‌نوێ ببنه‌وه‌ كۆیله‌ی ئه‌وانه‌؟ ئایا بایه‌خ به‌ ڕۆژ و مانگ و وه‌رز و ساڵان ده‌ده‌ن؟ ده‌ترسم به‌خۆڕایی له‌ پێناوتان ماندووبووبم. برایان، لێتان ده‌پاڕێمه‌وه‌، وه‌ک من بن، چونكه‌ منیش وه‌كو ئێوه‌م لێهات. هه‌ڵه‌تان له‌گه‌ڵم نه‌كردووه‌. به‌ڵام ده‌زانن له‌ یه‌كه‌مجاردا به‌ لاوازیی جه‌سته‌ موژده‌م پێدان، ئه‌زموونی جه‌سته‌ییم بۆ ئێوه‌ بوو، به‌ چاوێكی سووک سه‌یرتان نه‌كردم و ڕقتان لێم نه‌بووه‌وه‌، به‌ڵكو وه‌ک فریشته‌یه‌كی خودا په‌سه‌ندتان كردم، وه‌ک ئیشۆعی مه‌سیح. ئه‌و خۆشییه‌تان چی به‌سه‌رهات؟ چونكه‌ گه‌واهیتان بۆ ده‌ده‌م ئه‌گه‌ر بتانتوانیبایه‌ چاوی خۆتان ده‌رده‌هێنا و ده‌تاندامێ. ئایا ئێستا بوومه‌ دوژمنی ئێوه‌، چونكه‌ ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم؟ ئه‌وانه‌ دڵگه‌رمن بۆ ئێوه‌، نیازیان باش نییه‌، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێت بتانترازێنن تاكو بۆ ئه‌وان دڵگه‌رم بن. دڵگه‌رمی شتێكی باشه‌، ئه‌گه‌ر هه‌موو كاتێ به‌ مه‌به‌ستێكی پاک بێت، نه‌ک ته‌نها ئه‌و كاته‌ی من له‌گه‌ڵتان‌ بم. ڕۆڵه‌كانم، جارێكی دیكه‌ له‌ پێناوتان ژانی منداڵبوون ده‌چێژم، تاكو وێنه‌ی مه‌سیح له‌ ژیانتان به‌رجه‌سته‌ بێت، به‌ڵام ده‌مویست ئێستا له‌گه‌ڵتان بم، تاكو به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ له‌گه‌ڵتان بدوێم، چونكه‌ سه‌رم له‌ ئێوه‌ سوڕماوه‌. ئه‌ی ئه‌وانه‌ی حه‌زده‌كه‌ن له‌ ژێر سایه‌ی ته‌ورات بن، پێم بڵێن: ئایا ته‌ورات نابیستن؟ چونكه‌ نووسراوه‌ كه‌ ئه‌وڕاهه‌م دوو كوڕی هه‌بووه‌، یه‌كێكیان له‌ كه‌نیزه‌كه‌، ئه‌وی دیكه‌یان له‌ ئازاده‌كه‌. ئه‌وه‌ی له‌ كه‌نیزه‌كه‌ بوو به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ له‌دایكبوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ ئازاده‌كه‌، به‌ به‌ڵێن بووه‌. هه‌موو ئه‌وانه‌ش هێمان. چونكه‌ ئه‌مانه‌ دوو په‌یمانه‌كه‌ن، یه‌كێكیان له‌ شاخی سینه‌یه‌، بۆ كۆیلایه‌تی منداڵی ده‌بێت، ئه‌وه‌ش هاجه‌ره‌. چونكه‌ هاجه‌ر شاخی سینه‌یه‌ له‌ عه‌ره‌بستان، ئه‌و یروشلایمه‌ی ئێستا ده‌نوێنێت، ئه‌ویش له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانی كۆیله‌ن. به‌ڵام یروشلایمی سه‌ره‌وه‌ ئازاده‌، كه‌ دایكی هه‌موومانه‌، چونكه‌ نووسراوه‌: “دڵشادبه‌ ئه‌ی نه‌زۆک، ئه‌وه‌ی منداڵت نه‌بووه‌، به‌ ده‌نگی به‌رز هاوار بكه‌، ئه‌وه‌ی ژانی منداڵبوون نازانیت، چونكه‌ منداڵی ژنی به‌جێهێڵدراو زیاتره‌ له‌وه‌ی مێردی له‌گه‌ڵیه‌تی”. به‌ڵام ئێمه‌، برایان، وه‌ک ئسخه‌ق منداڵی به‌ڵێنین. جا چۆن له‌ كاتێكدا ئه‌وی به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ له‌دایكبوو، ئه‌وه‌ی چه‌وسانده‌وه‌ كه‌ به‌گوێره‌ی ڕووح له‌دایكببوو، ئێستاش ئاوایه‌. به‌ڵام سیپاره‌كه‌ چی ده‌فه‌رمووێ؟: “كه‌نیزه‌كه‌ و كوڕه‌كه‌ی قاوبده‌، چونكه‌ كوڕی كه‌نیزه‌كه‌ له‌گه‌ڵ كوڕی ئازاده‌كه‌ میراتگر نابێت”. كه‌واته‌ برایان، ئێمه‌ ڕۆڵه‌ی كه‌نیزه‌كه‌ نین، به‌ڵكو ڕۆڵه‌ی ئازاده‌كه‌ین. بۆ ئازادیی مه‌سیح ئازادی كردین. بۆیه‌ جێگیر بن و جارێكی دیكه‌ ملكه‌چی نیری كۆیلایه‌تی مه‌بن. من پۆڵۆسم پێتان ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر خروسه‌بڕان بكرێن ئه‌وا مه‌سیح هیچ سوودێكی بۆتان نابێت! به‌ڵام گه‌واهیی ده‌ده‌م، هه‌ر مرۆڤێک خروسه‌بڕان بكرێت، ده‌بێت كار به‌ هه‌موو ته‌وارت بكات. ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌تانه‌وێت به‌ ته‌ورات بێتاوان بكرێن، ئه‌وا له‌ مه‌سیح جیا بوونه‌وه‌، له‌ به‌خششی خودا كه‌وتن. چونكه‌ ئێمه‌ به ڕووح، به‌ باوه‌ڕ، چاوه‌ڕێی هیوای بێتاوانكردنین. چونكه‌ له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا خروسه‌بڕان و خروسه‌نه‌بڕان سوودیان نییه‌، به‌ڵكو ئه‌و باوه‌ڕه‌ی به‌ خۆشویستن كارده‌كات. باش كۆششتان ده‌كرد. كێ ڕێی لێ گرتن تاكو گوێڕایه‌ڵی ڕه‌وا نه‌بن؟ ئه‌م بیروباوه‌ڕه‌ له‌لایه‌ن ئه‌وه‌وه‌ نییه‌ كه‌ بانگتان ده‌كات. “هه‌ویرترشێكی بچووک، هه‌موو هه‌ویره‌كه‌ هه‌ڵدێنێت”. به‌ڵام من له‌ په‌روه‌ردگاره‌وه‌ متمانه‌م پێتان هه‌یه‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ بیرناكه‌نه‌وه‌. جا ئه‌وه‌ی بتانشێوێنێ حوكمی خۆی وه‌رده‌گرێت، هه‌ر چ كه‌سێک بێت. به‌ڵام برایان، ئه‌گه‌ر تا ئێستا من خروسه‌بڕان ڕاده‌گه‌یێنم، ئیتر بۆچی تا ئێستا ده‌چه‌وسێمه‌وه‌؟ كه‌واته‌ كۆسپی خاچ لادراوه‌. خۆزگه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌تانشێوێنن، بخه‌سێندرێن! برایان، ئێوه‌ بۆ ئازادی بانگكراون، به‌ڵام ئازادی مه‌قۆزنه‌وه‌ بۆ جه‌سته‌، به‌ڵكو به‌ خۆشویستن ڕاژه‌ی یه‌كتری بكه‌ن. چونكه‌ ته‌ورات هه‌مووی له‌ یه‌ک ڕاسپارده‌دا دێته‌ دی: “نزیكه‌كه‌ت وه‌ک خۆت خۆشبووێ”. ئه‌گه‌ر په‌لاماری یه‌كتری بده‌ن و یه‌كتری بخۆن، ئاگاداربن یه‌كتری له‌ناونه‌به‌ن. پێتان ده‌ڵێم: به‌ ڕووح بژین، ئاره‌زووی جه‌سته‌ تێر مه‌كه‌ن. چونكه‌ ئاره‌زووی جه‌سته‌ دژی ڕووحه‌، ڕووحه‌یش دژی جه‌سته‌یه‌. هه‌ریه‌كه‌یان به‌ربه‌ره‌كانێی ئه‌وی دیكه‌ ده‌كات، تاكو ئه‌وه‌ نه‌كه‌ن كه‌ ده‌تانه‌وێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێوه‌ به‌ ڕووح بهاژورێن، ئه‌وا له‌ ژێر سایه‌ی ته‌وراتدا نین. كرداره‌كانی جه‌سته‌ش ڕوونن، ئه‌ویش: داوێنپیسی، به‌ره‌ڵایی، گڵاوی، بتپه‌رستی، جادووگه‌ری، دوژمنایه‌تی، ناكۆكی، دڵپیسی، تووڕه‌بوون، خۆپه‌رستی، دووبه‌ره‌كی، ئیره‌یی، سه‌رخۆشی، ڕابواردن، شتی دیكه‌ی وه‌ک ئه‌مانه‌، ئاگادارتان ده‌كه‌مه‌وه‌، وه‌ک پێشتر ئاگادارم كردوونه‌ته‌وه‌: ئه‌وانه‌ی ئه‌و كارانه‌ ده‌كه‌ن نابنه‌ میراتگری پاشایه‌تیی خودا. به‌ڵام به‌روبوومی ڕووح ئه‌مه‌یه‌: خۆشویستن، شادی، ئاشتی، ئارامگرتن، نیانی، چاكه‌، باوه‌ڕ، دڵنه‌رمی و خۆڕاگرتن. ته‌ورات نییه‌ دژی ئه‌مانه‌ بێت. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی هی ئیشۆعی مه‌سیحن جه‌سته‌یان له‌گه‌ڵ حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانیان له‌خاچداوه‌. ئه‌گه‌ر به‌ ڕووح بژین، با به‌پێی ڕووحیش ڕه‌فتار بكه‌ین. با له‌خۆبایی نه‌بین، یه‌كتری تووڕه‌ نه‌كه‌ین، ئیره‌یی به‌یه‌كتر نه‌به‌ین. برایان، ئه‌گه‌ر یه‌كێک كه‌وته‌ گوناهێک، با ئێوه‌ی ڕووحیی، كه‌سی ئاوا به‌ ڕووحنه‌رمی ڕاست بكه‌نه‌وه‌. سه‌یری خۆشت بكه‌ نه‌وه‌ک تۆش بكه‌ویته‌ تاقیكردنه‌وه‌. باری یه‌كتری هه‌ڵگرن و ئاوا یاسای مه‌سیح بهێننه‌ دی. چونكه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێک خۆی به‌ شتێک زانی، هیچیش نه‌بوو، ئه‌وا خۆی هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنێت. به‌ڵام با هه‌ریه‌كه‌ كرداری خۆی ئه‌زموون بكات، ئه‌وسا با ته‌نها شانازی به‌خۆیه‌وه‌ بكات، نه‌ک به‌ كه‌سێكی دیكه‌، چونكه‌ هه‌ر كه‌س باری خۆی هه‌ڵده‌گرێت. ئه‌و كه‌سه‌ی وشه‌كه‌ی فێرده‌كرێت، با فێركاره‌كه‌ی له‌ هه‌موو شتێكی باش به‌شداری پێ بكات. هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێن! خودا گاڵته‌ی پێ ناكرێت. چونكه‌ مرۆڤ چی بچێنێت، ئه‌وه‌ ده‌دروێته‌وه‌. چونكه‌ ئه‌وه‌ی بۆ جه‌سته‌ی خۆی بچێنێت، گه‌نده‌ڵی له‌ جه‌سته‌ی ده‌دروێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ ڕووح بچێنێت له‌ ڕووحه‌وه‌ ژیانی جاویدانی ده‌دروێته‌وه‌. كه‌واته‌ با له‌ چاكه‌كاری نه‌كه‌وین، چونكه‌ ئه‌گه‌ر وره‌ به‌رنه‌ده‌ین له‌ كاتی خۆیدا دروێنه‌ی ده‌كه‌ین. كه‌واته‌ هه‌روه‌ک ده‌رفه‌تمان هه‌یه‌، با چاكه‌ له‌گه‌ڵ هه‌مووان بكه‌ین، به‌ تایبه‌تی له‌گه‌ڵ باوه‌ڕداران. سه‌یر بكه‌ن، ئه‌و پیتانه‌ كه‌ به‌ ده‌ستی خۆم نووسیومه‌ چه‌نده‌ درشتن! ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت له‌ جه‌سته‌دا ڕواڵه‌تێكی چاک دروست بكه‌ن، ئه‌وانه‌ ناچارتان ده‌كه‌ن خروسه‌بڕان بكرێن، ته‌نها تاكو له‌پێناوی خاچی مه‌سیح نه‌چه‌وسێندرێنه‌وه‌. چونكه‌ ئه‌وانه‌ی خروسه‌بڕاون، خۆیان ته‌ورات په‌یڕه‌و ناكه‌ن، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێت ئێوه‌ خروسه‌بڕان بكرێن، تاكو شانازی به‌ جه‌سته‌ی ئێوه‌ بكه‌ن. به‌ڵام حاشا بۆ من، شانازی به‌ هیچ ناكه‌م، خاچی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان نه‌بێت، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ جیهان بۆ من له‌خاچدراوه‌، منیش بۆ جیهان. چونكه‌ له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا نه‌ خروسه‌بڕان سوودی هه‌یه‌ و نه‌ خروسه‌نه‌بڕان، به‌ڵكو ئافریده‌ی نوێ. با ئاشتی و به‌زه‌یی بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ بێت كه‌ ئه‌م یاسایه‌ په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن، بۆ ئیسڕائیلی خوداش. ئیتر با كه‌س گرفتم بۆ دروست نه‌كات، چونكه‌ په‌رجوه‌كانی ئیشۆعی په‌روه‌ردگارم له‌ له‌شدا هه‌ڵگرتووه‌. برایان، به‌خششی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان له‌گه‌ڵ ڕووحتان بێت. ئامین. پۆڵۆس، په‌یامبه‌ری ئیشۆعی مه‌سیح به‌خواستی خودا، بۆ ئه‌و پارسایانه‌ی له‌ ئه‌پیسۆسدان و باوه‌ڕداران به‌ ئیشۆعی مه‌سیح: به‌خشش و ئاشتیی خودای باوكمان و ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگار بۆ ئێوه‌. ستایش بۆ خودا، باوكی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان، كه‌ به‌ هه‌موو داڕشتێكی ڕووحی له‌ شوێنه‌كانی ئاسماندا داڕشتی كردووین له‌ مه‌سیحدا، كه‌ پێش دامه‌زراندنی جیهان له‌ودا هه‌ڵیبژاردین، تاكو له‌به‌رده‌می به‌ خۆشویستن پارسا و بێ گله‌یی بین. كه‌ پێشتر به‌ئیشۆعی مه‌سیح بۆ ڕۆڵایه‌تی، به‌گوێره‌ی خواستی خۆشحاڵانه‌ی خۆی دیاری كردین، بۆ ستایشكردنی شكۆی به‌خششه‌كه‌ی كه‌ له‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌یدا پێمانی به‌خشیوه‌، له‌ودا به‌ خوێنی ئه‌و بۆ ئێمه‌ قوربانیی دا، بۆ به‌خشینی گوناهه‌كان، به‌گوێره‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی به‌خششه‌كه‌ی، ئه‌وه‌ی به‌وپه‌ڕی دانایی و تێگه‌یشتنه‌وه‌ به‌سه‌رمانی دا باراند. نهێنی خواستی خۆی پێ ناساندین، به‌گوێره‌ی خۆشحاڵی خۆی كه‌ مه‌به‌ستی بوو، بۆ به‌جێگه‌یاندنی له‌ پڕی زه‌مانه‌دا، تاكو هه‌موو شتێک به‌یه‌كه‌وه‌ كۆبكاته‌وه‌، له‌وانه‌ی له‌ ئاسمانان و له‌سه‌ر زه‌وین، له‌ ژێر یه‌ک سه‌ر، كه‌ مه‌سیحه‌. له‌ویشدا وه‌ک میرات هه‌ڵیبژاردین، پێشتر دیاری كراین به‌گوێره‌ی مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌موو شتێک ده‌كات، به‌گوێره‌ی خواستی خۆی، تاكو بۆ ستایشكردنی شكۆی ئه‌و بین، ئێمه‌ كه‌ یه‌كه‌مین بووین هیوامان له‌ مه‌سیحدا بوو. ئێوه‌ش كه‌ تیایدان، كاتێ وشه‌ی ڕه‌واتان بیست، ئینجیلی ڕزگاریتان، له‌ ئه‌ویشدا مۆركران كاتێ باوه‌ڕتان هێنا به‌ ڕووحی پارسای به‌ڵێنپێدراو، ئه‌وه‌ی پێشه‌كیی ده‌سته‌به‌ری میراته‌كه‌مانه‌، بۆ قوربانیدتانی گه‌لی تایبه‌تی خودا، بۆ ستایشكردنی شكۆكه‌ی. بۆیه‌ كاتێ منیش باوه‌ڕتانم بیست به‌ ئیشۆعی په‌روه‌ردگار و خۆشویستنتان بۆ هه‌موو پارساكان، بێ وه‌ستان له‌ سوپاسكردندام له‌ پێناوتان، له‌ نوێژه‌كانم یادتان ده‌كه‌م. داوا ده‌كه‌م تاكو خوداوه‌ندی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان، باوكی شكۆ، ڕووحی دانایی و ئاشكراكردنتان له‌ ناسینی خۆی بداتێ. چاوی هزرتان ڕووناک بێته‌وه‌، تاكو بزانن هیوای بانگه‌وازه‌كه‌ی چییه‌، هه‌روه‌ها بزانن ده‌وڵه‌مه‌ندی شكۆی میراته‌كه‌ی له‌ پارساكاندا چییه‌، هه‌روه‌ها مه‌زنیی بێ سنووری هێزه‌كه‌ی چییه‌ بۆ ئێمه‌ كه‌ باوه‌ڕدارین. كه‌ به‌گوێره‌ی كاری توانا گه‌وره‌كه‌یه‌تی، ئه‌وه‌ی له‌ مه‌سیحدا كردی، كاتێ له‌نێو مردووان هه‌ستاندیه‌وه‌‌ و له‌لای ڕاستی خۆیه‌وه‌ له‌ شوێنه‌ ئاسمانییه‌كان داینیشاند، له‌ سه‌رووی هه‌موو فه‌رمانڕه‌وا و ده‌سه‌ڵات و هێز و سه‌ردارییه‌ک و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ناویان هه‌یه‌، نه‌ک ته‌نها له‌م ڕۆژگاره‌، به‌ڵكو له‌ داهاتووش. هه‌موو شتێكی خسته‌ ژێر پێیه‌كانی، له‌ سه‌رووی هه‌موو شتێكدا كردییه‌ سه‌ر بۆ وارگه‌، كه‌ له‌شییه‌تی، پڕی ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێک له‌ هه‌موو شتێكدا پڕ ده‌كات. ئێوه‌ش به‌ تاوان و گوناهه‌كانتان مردوو بوون، پێشتر تیایدا به‌گوێره‌ی ڕۆژگاری ئه‌م جیهانه‌ ڕه‌فتارتان ده‌كرد، به‌گوێره‌ی سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی با، ئه‌و ڕووحه‌ی ئێستا له‌ ڕۆڵه‌كانی یاخیبوون كارده‌كات. ئێمه‌ش هه‌موو له‌وان بووین، له‌ هه‌وه‌سه‌كانی جه‌سته‌ماندا ده‌ژیاین، به‌ خواسته‌كانی جه‌سته‌ و بیره‌كانمان ده‌كرد، وه‌ک ئه‌وانی دیكه‌ به‌ سروشت ڕۆڵه‌ی تووڕه‌یی بووین. خودا كه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ له‌ میهره‌بانی، له‌به‌ر ئه‌و خۆشویستنه‌ مه‌زنه‌ی كه‌ خۆشیویستین، ئێمه‌ كه‌ به‌ گوناهه‌كان مردوو بووین، زیندووی كردینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مه‌سیح به‌ به‌خشش ڕزگارتان بووه‌ له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵیستاندینه‌وه‌ و له‌ شوێنه‌ ئاسمانیه‌كاندا له‌گه‌ڵیدا داینیشاندین، له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا، تاكو له‌ ڕۆژگاری داهاتوو ده‌وڵه‌مه‌ندی به‌خششی بێ سنووری خۆیمان به‌ نیانی له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا بۆ ده‌ربخات. چونكه‌ به‌ به‌خشش ڕزگارتان بوو به‌باوه‌ڕ، ئه‌مه‌ش له‌ خۆتانه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو دیاریی خودایه‌، له‌ كردار نییه‌، تاكو كه‌س شانازی نه‌كات. چونكه‌ ئێمه‌ ده‌ستكردی ئه‌وین، له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا بۆ چاكه‌كاری ئافریده‌ین، ئه‌وه‌ی خودا پێشتر ئاماده‌ی كردووه‌ تاكو به‌ ئه‌نجامی بگه‌یه‌نین. بۆیه‌ وه‌بیرتان بێته‌وه‌، ئێوه‌ له‌ جه‌سته‌دا له‌ نه‌ته‌وه‌كان بوون، پێتان ده‌ووترا خروسه‌نه‌بڕاو له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌ی پێیان ده‌ووترا خروسه‌بڕاو، ئه‌وه‌ی له‌ جه‌سته‌دا به‌ ده‌ست كراوه‌، ئه‌و كاته‌ بێ مه‌سیح بوون، له‌ هاوڵاتییه‌تی ئیسڕائیل بێگانه‌ بوون و له‌ په‌یمانه‌كانی به‌ڵێن نامۆ بوون، له‌ جیهاندا بێ هیوا و بێ خوداوه‌ند بوون. به‌ڵام ئێوه‌ ئێستا له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدان، كه‌ پێشتر دوور بوون، به‌ خوێنی مه‌سیح نزیک بوونه‌وه‌. چونكه‌ ئه‌و ئاشتیی ئێمه‌یه‌، ئه‌وه‌ی دووانی كرده‌ یه‌ک، په‌رژینی ناوبڕی ڕووخاند، واتا دوژمنایه‌تی. به‌ له‌شی خۆی ته‌وراتی ڕاسپارده‌كانی له‌ ئه‌ركه‌كاندا پووچه‌ڵ كرده‌وه‌، تاكو له‌ هه‌ردووكیان له‌ خۆیدا مرۆڤێكی نوێ بهێنێته‌ دی، ئاشتی دروست بكات، تاكو هه‌ردووكیان له‌ یه‌ک له‌شدا له‌گه‌ڵ خودا ئاشت بكاته‌وه‌ به‌ خاچ، به‌وه‌ش دوژمنایه‌تیی له‌ناوبرد. هات و موژده‌ی ئاشتیی پێدان، بۆ ئێوه‌ كه‌ دوورن و نزیكن. چونكه‌ به‌ ئه‌و هه‌ردوو لامان له‌ یه‌ک ڕووحدا ڕێپێدراویێتیمان هه‌یه‌ بۆ چوونه‌ لای باوک. بۆیه‌ ئیتر نامۆ و بێگانه‌ نین، به‌ڵكو هاوڵاتین له‌گه‌ڵ پارساكان و بنه‌ماڵه‌ی خودا، له‌سه‌ر بناغه‌ی په‌یامبه‌ران و پێغه‌مبه‌ران بنیاد نراون، ئیشۆعی مه‌سیحیش خۆی به‌ردی قولینچكه‌. هه‌موو خانووه‌كه‌ له‌ودا تێكهه‌ڵكێشراوه‌ و گه‌شه‌ ده‌كات تا په‌رستگایه‌كی پارسا بێت له‌ په‌روه‌ردگاردا. ئێوه‌ش له‌ودا پێكه‌وه‌ بنیادنراون، نیشینگه‌یه‌ک بۆ خودا له‌ ڕووحدا. به‌م هۆیه‌وه‌‌ منی پۆڵۆس، بۆ ئێوه‌ی نه‌ته‌وه‌كان دیلی ئیشۆعی مه‌سیحم بێگومان گوێتان له‌ به‌ڕێوه‌بردنی به‌خششی خودا بووه‌ كه‌ له‌ پێناوتان پێم دراوه‌، كه‌ به‌ ئاشكراكردن نهێنییه‌كه‌ی بۆ ده‌رخستم، وه‌ک پێشتر به‌ كورتی نووسیم. به‌ خوێندنه‌وه‌ی، ده‌توانن له‌ تێگه‌یشتنی من له‌ نهێنیی مه‌سیح تێبگه‌ن، ئه‌وه‌ی له‌ نه‌وه‌كانی دیكه‌ ئاده‌میزادی پێ نه‌ناسێنرا، وه‌ک ئێستا به‌ ڕووح بۆ په‌یامبه‌ره‌ پارسا‌كانی و پێغه‌مبه‌ران ئاشكرا كرا: كه‌ نه‌ته‌وه‌كان به‌ ئینجیل هاومیرات و هاوله‌ش و هاوبه‌شی به‌ڵێنن له‌ مه‌سیحدا. منیش بۆی بوومه‌ ڕاژه‌وان، به‌گوێره‌ی به‌خشینی به‌خششی خودا پێم درا، به‌گوێره‌ی كرداری هێزه‌كه‌ی. هه‌رچه‌نده‌ من بچووكترینی هه‌موو پارساكانم، ئه‌م به‌خششه‌ درایه‌ من: موژده‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندیی مه‌سیح بده‌مه‌ نه‌ته‌وه‌كان كه‌ ناپشكنرێت و پلانی نهێنی بۆ هه‌مووان ڕوون بكه‌مه‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆژگاره‌كانه‌وه‌ له‌ خودادا شاردراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێكی ئافراندووه‌، بۆئه‌وه‌ی ئێستا دانایی هه‌مه‌جۆره‌ی خودا بۆ فه‌رمانڕه‌وا و ده‌سه‌ڵاتداران له‌ شوێنه‌ ئاسمانییه‌كاندا زانراو بێت، به‌هۆی وارگه‌وه‌، به‌گوێره‌ی خواستی جاویدانی، ئه‌وه‌ی له‌ ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان هێنایه‌ دی. له‌ ئه‌ودا و به‌ باوه‌ڕی ئه‌و، به‌ متمانه‌وه‌ بوێریمان هه‌یه‌ له‌ چوونه‌لای خودا. بۆیه‌ داواتان لێ ده‌كه‌م له‌ ناخۆشییه‌كانم وره‌ به‌رنه‌ده‌ن كه‌ له‌پێناوی ئێوه‌یه‌، شكۆمه‌ندی ئێوه‌یه‌. له‌به‌ر ئه‌مه‌ چۆک بۆ باوكی په‌روره‌دگارمان عیسای مه‌سیح داده‌ده‌م، ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌ودا هه‌موو باوكایه‌تییه‌ک له‌ ئاسمان و سه‌ر زه‌ویدا ناونراوه‌، تاكو به‌گوێره‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی شكۆی خۆیتان بداتێ، به‌ ڕووحه‌كه‌ی به‌ هێزه‌وه‌ له‌ ناخی مرۆڤانه‌تان توانادارتان بكات، تاكو به‌ باوه‌ڕ مه‌سیح له‌ دڵتاندا نیشته‌جێ بێت و ڕه‌گ و بناغه‌تان له‌ خۆشویستندا دامه‌زرێت تا توانادار بن، له‌گه‌ڵ هه‌موو پارساكان تێبگه‌ن كه‌ پانی و درێژی و قووڵی و به‌رزیی خۆشویستنی مه‌سیح چییه‌، تاكو ئه‌م خۆشویستنه‌ بناسن كه‌ سه‌رووی زانینه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پڕبن له‌ هه‌موو پڕییه‌تی خودا. بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ تواناداره‌ هه‌موو شتێک بكات زۆر زیاتر له‌وه‌ی كه‌ داوای ده‌كه‌ین یان بیری لێ ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌گوێره‌ی ئه‌و هێزه‌ی كه‌ تیاماندا كارده‌كات، له‌ وارگه‌ و له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا شكۆ بۆ ئه‌وه‌، تاهه‌تایه‌ بۆ هه‌موو نه‌وه‌كان. ئامین. منی دیل له‌ په‌روه‌ردگار، داواتان لێ ده‌كه‌م به‌ شێوه‌یه‌ک ڕه‌فتار بكه‌ن كه‌ شایانی ئه‌م بانگه‌وازه‌ بێت كه‌وا پێی بانگكراون. به‌وپه‌ڕی خاكساری و دڵنه‌رمی و پشوودرێژی، به‌ خۆشویستن به‌رگه‌ی یه‌كتری بگرن. تێكۆشه‌ر بن بۆ پاراستنی یه‌كێتیی ڕووح به‌ پشتێنی ئاشتی. به‌یه‌ک له‌ش و یه‌ک ڕووح، بۆ یه‌ک هیوای بانگه‌وازه‌كه‌تان كه‌ بانگكران، یه‌ک په‌روه‌ردگار، یه‌ک باوه‌ڕ، یه‌ک عه‌ماد، یه‌ک خوداوه‌ند و یه‌ک باوک هی هه‌مووانه‌، ئه‌وه‌ی له‌ سه‌رووی هه‌مووانه‌، به‌ هه‌مووان و له‌ هه‌مووتانه‌. به‌ڵام به‌گوێره‌ی پێوانه‌ی به‌خشینی مه‌سیح به‌خشش به‌ هه‌ر یه‌كێكمان دراوه‌، بۆیه‌ ده‌فه‌رمووێ: “كاتێ ئه‌و سه‌ركه‌وت بۆ به‌رزایی، ڕاپێچكراوانی ڕاپێچ كرد، دیاریی به‌ خه‌ڵكی به‌خشی”. مه‌به‌ست له‌ سه‌ركه‌وتن چییه‌، جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ دابه‌زیوه‌ته‌ نزمترین شوێنی زه‌وی؟ ئه‌وه‌ی دابه‌زی هه‌ر خۆی سه‌ركه‌وت بۆ سه‌ر هه‌موو ئاسمانان، تاكو هه‌مووی پڕ بكاته‌وه‌. ئه‌ویش به‌ هه‌ندێكی دا ببنه‌ په‌یامبه‌ر، هه‌ندێک پێشبین، هه‌ندێک موژده‌ده‌ر، هه‌ندێک شوان و ڕابی، بۆ ته‌واوكردنی پارساكان بۆ كاری ڕاژه‌، بۆ بنیادنانی له‌شی مه‌سیح، تاكو هه‌موومان بگه‌ینه‌ یه‌كێتیی باوه‌ڕ و ناسینی ڕۆڵه‌ی خودا، ببینه‌ مرۆڤێكی پێگه‌یشتوو، بگه‌ینه‌ ئاستی ته‌واوی باڵای مه‌سیح. بۆ ئه‌وه‌ی له‌مه‌ولا ساوا نه‌بین، شێواوو هه‌ڵگیراو به‌ هه‌موو بایه‌كی فێركردن، به‌ فێڵی خه‌ڵكی، به‌ چه‌واشه‌ به‌ره‌و ته‌ڵه‌كه‌بازیی گومڕایی. به‌ڵكو له‌ خۆشویستندا ڕاستگۆ بین، با له‌ هه‌موو شتێک گه‌شه‌ بكه‌ین، له‌نێو ئه‌وه‌ی سه‌ره‌، كه‌ مه‌سیحه‌. له‌ ئه‌وه‌وه‌ هه‌موو له‌ش به‌یه‌كه‌وه‌ تێكهه‌ڵكێشراوه‌، به‌هۆی یارمه‌تی هه‌ر جومگه‌یه‌ک یه‌كده‌گرن، به‌گوێره‌ی كاركردنه‌كه‌ی به‌ پێوانه‌ی هه‌ر به‌شێک، له‌ش گه‌شه‌ ده‌كات بۆ بنیادنانی له‌ خۆشویستندا. پێتان ده‌ڵێم و گه‌واهیی ده‌ده‌م له‌ په‌روه‌ردگار: ئیتر وه‌ک نه‌ته‌وه‌كان ڕه‌فتار نه‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ی كه‌ بیریان ناڕه‌وایه‌، كه‌ هزریان تاریكه‌، له‌به‌ر ئه‌و نه‌زانینه‌ی تیایاندایه‌ و له‌به‌ر دڵڕه‌قییان له‌ ژیانی خودا دابڕاون. ئه‌وانه‌ی هه‌ستیان نه‌ماوه‌ خۆیان داوه‌ته‌ ده‌ست به‌ڕه‌ڵایی، تاكو هه‌موو گڵاوییه‌ک به‌ چڵێسی بكه‌ن. به‌ڵام ئێوه‌ ئاوا فێری مه‌سیح نه‌بوون. چونكه‌ بێگومان بیستووتانه‌ و له‌ ئه‌ودا به‌گوێره‌ی ڕه‌وا كه‌ له‌ ئیشۆعدا فێربوونه‌. سه‌ربورده‌ی پێشووتان دابكه‌نن، مرۆڤه‌ كۆنه‌كه‌، كه‌ به‌ هه‌وه‌سه‌ فێڵبازه‌كان گه‌نده‌ڵ بووه‌، ڕووحی هزرتان نوێ بێته‌وه‌، مرۆڤی نوێ بپۆشن، ئه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی خودا ئافریده‌یه‌، له‌ بێتاوانی و پارسایی ڕه‌وا. بۆیه‌ واز له‌ درۆ بهێنن، با هه‌ریه‌كه‌ ڕاستگۆ بێ له‌گه‌ڵ نزیكه‌كه‌ی، چونكه‌ ئه‌ندامی یه‌كترین. كاتێ تووڕه‌ ده‌بن، گوناه‌ مه‌كه‌ن. مه‌هێڵن خۆرئاوا بێته‌ سه‌ر تووڕه‌ییتان، ده‌رفه‌ت بۆ شه‌یتان مه‌ڕه‌خسێنن. دز ئیتر با دزی نه‌كات، به‌ڵكو با ڕه‌نج بدات و به‌ ده‌ستی خۆی ئیشێكی پاک بكات، تاكو هه‌یبێت بداته‌ ئه‌وه‌ی پێویستی پێیه‌تی. وشه‌ی خراپ له‌ زارتان ده‌رنه‌چێت، به‌ڵكو هه‌رچییه‌كی باشه‌ بۆ بنیادنان، به‌گوێره‌ی پێویستی، تاكو به‌خشش بداته‌ گوێگران. ڕووحی پارسای خودا خه‌مبار مه‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی بۆ ڕۆژی ڕزگاری پێی مۆركران. هه‌موو تاڵی و قین و تووڕه‌یی و هاواركردن و كفركردن و هه‌موو دڵڕه‌شیه‌ک فڕێبده‌ن. له‌گه‌ڵ یه‌كتری نیان بن، به‌ به‌زه‌یی بن، یه‌كتر ببه‌خشن، وه‌ک خوداش له‌ مه‌سیحدا لێتان خۆشبوو. كه‌واته‌ لاسایی خودا بكه‌نه‌وه‌، وه‌ک ڕۆڵه‌ی خۆشه‌ویست، له‌ خۆشویستندا ڕه‌فتار بكه‌ن، وه‌ک مه‌سیح خۆشیویستین و له‌ پێناوی ئێمه‌دا خۆی به‌ده‌سته‌وه‌ دا، قوربانییه‌ک و سه‌ربڕاوێک، بۆنخۆش بۆ خودا. به‌ڵام داوێنپیسی و هه‌موو گڵاوییه‌ک یان چڵێسییه‌ک با له‌نێوتاندا ناوی نه‌بێت، وه‌ک له‌ پارساكان ده‌وه‌شێته‌وه‌، نه‌ک بێ شه‌رمی و قسه‌ی ناشیرین و سووک كه‌وا ناشێت، به‌ڵكو له‌ جیاتی ئه‌مه‌ سوپاسكردن. چونكه‌ ئه‌مه‌ ده‌زانن كه‌ هه‌موو داوێنپیسێک یان گڵاو یان چڵێس ئه‌وه‌ی بتپه‌رسته‌ له‌ پاشایه‌تیی مه‌سیح و خودا میراتی نییه‌. كه‌س به‌ قسه‌ی ناڕه‌وا هه‌ڵتان نه‌خه‌ڵه‌تێنێ، چونكه‌ به‌هۆی ئه‌مانه‌ تووڕه‌یی خودا دێته‌ سه‌ر ڕۆڵه‌كانی یاخیبوون. بۆیه‌ هاوبه‌شییان مه‌كه‌ن. چونكه‌ پێشتر ئێوه‌ تاریكی بوون، به‌ڵام ئێستا ڕووناكین له‌ په‌روه‌ردگاردا. وه‌ک ڕۆڵه‌كانی ڕووناكی ڕه‌فتار بكه‌ن، چونكه‌ به‌روبوومی ڕووناكی له‌ هه‌موو چاكه‌ و خوداناسی و ڕه‌وایه‌كدایه‌، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی ڕه‌زامه‌ندی خودایه‌ بیدۆزنه‌وه‌. به‌شداری كرداری تاریكی بێبه‌رهه‌م مه‌كه‌ن، به‌ڵكو سه‌رزه‌نشتی بكه‌ن. چونكه‌ ئه‌و كارانه‌ی به‌ دزی ده‌یكه‌ن، ته‌نانه‌ت ناوهێنانیشی شه‌رمه‌زارییه‌. به‌ڵام هه‌موو شتێک ئاشكرا بكرێت له‌ ڕووناكی، ده‌بینرێت، چونكه‌ هه‌ر شتێک ببینرێت ڕووناكییه‌. بۆیه‌ ده‌فه‌رمووێ: “ئه‌ی نووستوو هه‌سته‌، له‌نێو مردووان هه‌سته‌وه‌، مه‌سیح بۆت ده‌دره‌وشێته‌وه‌”. بۆیه‌ ئاگاداربن چۆن ڕه‌فتار ده‌كه‌ن، نه‌ک وه‌ک نه‌زان، به‌ڵكو وه‌ک دانا، كات بكڕنه‌وه‌، چونكه‌ ڕۆژگار به‌دكاره‌. بۆیه‌ گێل مه‌بن، به‌ڵكو تێبگه‌ن خواستی په‌روه‌ردگار چییه‌. به‌ مه‌ی سه‌رخۆش مه‌بن كه‌ به‌ڕه‌ڵایی تێدایه‌، به‌ڵكو پڕبن له‌ ڕووح، له‌گه‌ڵ یه‌كتری به‌ په‌سنی و ستایش و گۆرانی ڕووحی بدوێن، له‌ دڵتانه‌وه‌ په‌سنی و ستران بۆ په‌روه‌ردگار بڵێن، هه‌موو كاتێ به‌ ناوی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان بۆ هه‌موو شتێک سوپاسی خودای باوک بكه‌ن، به‌ ترسی مه‌سیح ملكه‌چی یه‌كتری بن. ئه‌ی ژنان، ملكه‌چی مێرده‌كانتان بن هه‌روه‌ک بۆ په‌روه‌ردگار، چونكه‌ مێرد سه‌ری ژنه‌، وه‌ک مه‌سیح سه‌ری وارگه‌یه‌ و ڕزگاریده‌ری له‌شه‌. به‌ڵام چۆن وارگه‌ ملكه‌چی مه‌سیحه‌، ژنانیش له‌ هه‌موو شتێک بۆ مێرده‌كانیان. ئه‌ی مێرده‌كان، ژنه‌كانتان خۆشبووێ، هه‌روه‌ک مه‌سیحیش وارگه‌ی خۆشویست و له‌ پێناوی خۆی به‌ده‌سته‌وه‌ دا، تاكو پارسای بكات و به‌ شوشتنی به‌ ئاو به‌ وشه‌ بێگه‌ردی بكاته‌وه‌، تا وارگه‌یه‌كی شكۆدار بۆ خۆی ئاماده‌ بكات، گڵاوی و له‌كه‌ و هه‌ر شتێكی ئاوای نه‌بێت، به‌ڵكو پارسا و بێ كه‌موكوڕی. به‌ هه‌مان شێوه‌ پێویسته‌ پیاوان ژنه‌كانیان وه‌ک له‌شی خۆیان خۆشبووێت، ئه‌وه‌ی ژنی خۆی خۆشبووێت خۆی خۆشده‌وێ. چونكه‌ كه‌س ڕقی له‌ له‌شی خۆی نابێته‌وه‌، به‌ڵكو نانی ده‌دات و به‌خێوی ده‌كات، وه‌ک مه‌سیحیش بۆ وارگه‌. چونكه‌ ئێمه‌ ئه‌ندامی له‌شی ئه‌وین، له‌ گۆشت و ئێسقانی ئه‌وین. “بۆیه‌ پیاو باوک و دایكی به‌جێده‌هێڵێت و به‌ ژنه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌لكێت، ئیتر هه‌ردووكیان ده‌بنه‌ یه‌ک جه‌سته‌”. ئه‌مه‌ نهێنییه‌كی مه‌زنه‌، به‌ڵام من باسی مه‌سیح و وارگه‌ ده‌كه‌م. ئێوه‌ش با هه‌ر یه‌كێكتان ژنه‌كه‌ی وه‌ک خۆی خۆشبووێ، ژنیش ڕێز له‌ مێرده‌كه‌ی بگرێت. ڕۆڵه‌كان، گوێڕایه‌ڵی دایبابتان بن له‌ په‌روه‌ردگار، چونكه‌ ئه‌مه‌ ڕه‌وایه‌. “ڕێزی باوک و دایكت بگره‌” ئه‌مه‌ یه‌كه‌م ڕاسپارده‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڵێنه‌وه‌ دێت “تاكو چاكه‌ بێته‌ ڕێت و ته‌مه‌نت درێژ بێت له‌سه‌ر زه‌وی”. ئێوه‌ش ئه‌ی باوكان، منداڵه‌كانتان تووڕه‌ مه‌كه‌ن، به‌ڵكو به‌گوێره‌ی ڕاسته‌ڕێكردن و ته‌مبێكردنی په‌روه‌ردگار په‌روه‌رده‌یان بكه‌ن. كۆیله‌كان، گوێڕایه‌ڵی گه‌وره‌كانتان بن به‌پێی جه‌سته‌، به‌ ترس و له‌رزه‌وه‌ به‌ ساكاری، وه‌ک بۆ مه‌سیح بێت، نه‌ک به‌ ڕاژه‌ی به‌رچاوان وه‌ک ئه‌وه‌ی خه‌ڵک ڕازی بكات، به‌ڵكو وه‌ک كۆیله‌ی مه‌سیح به‌دڵه‌وه‌ خواستی خودا به‌جێبهێنن. با ڕاژه‌تان له‌ دڵپاكیه‌وه‌‌ بێت، وه‌ک بۆ په‌روه‌ردگاری بكه‌ن نه‌ک بۆ خه‌ڵكی، چونكه‌ ده‌زانن هه‌ر یه‌كێک چ چاكه‌كارییه‌ک بكات ئه‌وه‌ له‌ په‌روه‌ردگار وه‌ریده‌گرێته‌وه‌، كۆیله‌ بێت یاخود ئازاد. ئێوه‌ش گه‌وره‌كان، هه‌مان شتیان بۆ بكه‌ن، واز له‌ هه‌ڕه‌شه‌كردن بێنن، بزانن گه‌وره‌ی ئێوه‌ش له‌ ئاسماناندایه‌، ئه‌ویش جوداخوازی ناكات. له‌ كۆتاییدا برایان، به‌هێز بن له‌ په‌روه‌ردگار و له‌ هێزه‌ گه‌وره‌كه‌ی. به‌ چه‌كی ته‌واوی خودا خۆتان پۆشته‌ بكه‌ن، تاكو بتوانن به‌رامبه‌ر پیلانی ئیبلیس بوه‌ستن. چونكه‌ زۆرانبازیی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ گۆشت و خوێن نییه‌، به‌ڵكو دژی سه‌رۆكه‌كان، دژی ده‌سه‌ڵاتداران، دژی فه‌رمانڕه‌وایانی ئه‌م تاریكییه‌ی جیهانه‌، هه‌روه‌ها دژی سه‌ربازه‌ به‌دكاره‌ ڕووحییه‌كانه‌ له‌ شوێنه‌ ئاسمانیه‌كان. بۆیه‌ چه‌كی ته‌واوی خودا هه‌ڵبگرن، تاكو بتوانن له‌ ڕۆژی به‌دكاردا به‌رنگاری بكه‌ن و دوای ته‌واوبوونی هه‌موو شتێک، جێگیربن. به‌ به‌ستنی پشتێنی ڕه‌وا به‌ ناوقه‌دتان و له‌به‌ركردنی سپه‌ری خوداناسی جێگیربن، ئاماده‌یی له‌ پێ بكه‌ن بۆ ڕاگه‌یاندنی ئینجیلی ئاشتی، له‌ سه‌رووی هه‌مووان قه‌ڵغانی باوه‌ڕ هه‌ڵبگرن، تا بتوانن هه‌موو تیره‌ گڕداره‌كانی به‌دكار بكوژێننه‌وه‌. هه‌روه‌ها كڵاوی ئاسنینی ڕزگاری و شمشێری ڕووح هه‌ڵبگرن كه‌ وشه‌ی خودایه‌. به‌ هه‌موو نوێژ و پاڕانه‌وه‌یه‌ک، هه‌موو كاتێ له‌ ڕووحدا نوێژ بكه‌ن، بۆ ئه‌مه‌ش بێداربن به‌وپه‌ڕی به‌رده‌وامی و پاڕانه‌وه‌ له‌پێناوی هه‌موو پارساكان. نوێژ بۆ منیش بكه‌ن تاكو هه‌ر كاتێ زارم ده‌كه‌مه‌وه‌ قسه‌م بدرێتێ، ئاشكرا نهێنیی ئینجیل ڕابگه‌یێنم، كه‌ له‌پێناویدا له‌ زنجیردا باڵوێزم، تاكو وه‌ک پێویسته‌ ئاشكرا قسه‌ی پێویست بكه‌م. بۆ ئه‌وه‌ی ئێوه‌ش هه‌واڵم بزانن وا خه‌ریكی چیم، تۆخیقۆس، برای خۆشه‌ویست و ڕاژه‌وانی سه‌رڕاست له‌ په‌روه‌ردگار، هه‌موو شتێكتان پێ ده‌ڵێت. تایبه‌ت بۆ ئه‌مه‌ ئه‌وم بۆ ناردن تاكو هه‌واڵی ئێمه‌ بزانن و دڵنه‌واییتان بكات. ئاشتی بۆ برایان و خۆشویستن به‌ باوه‌ڕ له‌ خودای باوك و ئـــیـــشـــۆعـــی مـــه‌ســـیـــحـــی پـــه‌روه‌ردگـــاره‌وه‌. بـه‌خـشـش لـه‌گـه‌ڵ هـه‌مـوو ئـه‌وانـه‌ بـێـت، كه‌ ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگاری ئێمه‌یان بـه‌ مـیهـره‌بـانـیـه‌وه‌ خـۆشـده‌وێـت. ئامین. پۆڵۆس و تیماتیئوسی به‌نده‌كانی ئیشۆعی مه‌سیح، بۆ هه‌موو پارساكان له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا له‌ پیلیۆس، له‌گه‌ڵ چاودێران و ڕاژه‌وانان: به‌خشش و ئاشتی له‌ خودای باوكمان و ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ بۆ ئێوه‌. سوپاسی خوداوه‌ندم ده‌كه‌م هه‌ر كاتێ یادتان بكه‌م، هه‌میشه‌ له‌ هه‌موو نزاكانم به‌ خۆشییه‌وه‌ بۆ هه‌مووتان داوا ده‌كه‌م، چونكه‌ له‌ یه‌كه‌م ڕۆژه‌وه‌ تا ئێستا به‌شداریتان له‌ ئینجیل كردووه‌. له‌مه‌شدا دڵنیام، ئه‌وه‌ی له‌ ئێوه‌دا ئه‌م ئیشه‌ چاكه‌ی ده‌ستپێكردووه‌، تاكو ڕۆژی ئیشۆعی مه‌سیح ته‌واوی ده‌كات. هه‌روه‌ک ئه‌مه‌ ڕاسته‌ كه‌وا سه‌باره‌ت به‌ هه‌مووتان هه‌ست بكه‌م، چونكه‌ ئێوه‌ له‌ دڵی مندان. ئه‌گه‌ر به‌م كۆت و زنجیره‌م بێ، یاخود كاتی به‌رگریم له‌ ئینجیل و چه‌سپاندنی، هه‌مووتان له‌گه‌ڵم به‌شداری له‌ به‌خشش ده‌كه‌ن. خودا گه‌واهیده‌رمه‌ چه‌نده‌ په‌رۆشی هه‌مووتانم، به‌ سۆزی ئیشۆعی مه‌سیح. ئه‌م نوێژه‌ ده‌كه‌م: كه‌ خۆشویستنتان زیاتر و زیاتر بێت، له‌ زانین و هه‌موو تێگه‌یشتنێک، تاكو باشترین شت جیا بكه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆژی مه‌سیح دڵسۆز و بێ كۆسپ بن، پڕبووبن له‌ به‌رهه‌می خوداناسی به‌ ئیشۆعی مه‌سیح بۆ شكۆ و ستایشی خودا. برایان، ده‌مه‌وێ بزانن ئه‌وه‌ی به‌سه‌رم هات ئینجیلی زیاتر به‌ره‌و پێش برد، ته‌نانه‌ت كۆته‌كانم له‌ پێناوی مه‌سیح له‌لای هه‌موو پاسه‌وانانی ئیمپراتۆر و هه‌موو شوێنێک ده‌ركه‌وت. زۆربه‌ی برایانیش به‌ كۆته‌كانم متمانه‌یان به‌ په‌روه‌ردگار كرد، زیاتر بوێرانه‌ و به‌ چاونه‌ترسی باسی وشه‌كه‌ ده‌كه‌ن. بێگومان هه‌ندێک له‌به‌ر ئیره‌یی و ناكۆكی مه‌سیح ڕاده‌گه‌یه‌نن، به‌ڵام هه‌ندێک به‌ دڵخۆشیه‌وه‌. ئه‌وانه‌ی له‌به‌ر ململانێ مه‌سیح ڕاده‌گه‌یه‌نن، دڵسۆز نین، واده‌زانن به‌ كۆته‌كانم حاڵم ناخۆشتر ده‌كه‌ن. ئه‌وانه‌ی دیكه‌ له‌به‌ر خۆشویستن ده‌یكه‌ن، ده‌زانن له‌به‌ر به‌رگریم له‌ ئینجیل دانراوم. ئیتر چی؟ به‌هه‌رحاڵ، به‌ ڕواڵه‌ت بێت یان به‌ ڕاستی بێت، مه‌سیح ڕاده‌گه‌یێندرێت، به‌مه‌ش من دڵشادم.، به‌ڵكو زیاتریش دڵشاد ده‌بم، چونكه‌ ده‌زانم به‌ نزاكانتان و پشتگیری ڕووحی ئیشۆعی مه‌سیح ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئازادكردنم. به‌ په‌رۆشییه‌وه‌ چاوه‌ڕوانم و ئومێده‌وارم كه‌ له‌ شتێک شه‌رمه‌زار نه‌بم، به‌ڵكو هه‌رده‌م به‌ ئاشكرا، ئێستاش مه‌سیح له‌ له‌شمدا پایه‌دار ده‌بێت، ئه‌گه‌ر به‌ ژیان بێت یان به‌ مه‌رگ. چونكه‌ بۆ من ژیان مه‌سیحه‌، مه‌رگیش قازانجه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ژیان له‌ جه‌سته‌دا بۆ من به‌روبوومی كردارمه‌، چی هه‌ڵبژێرم؟ نازانم! له‌ دوو لاوه‌ فشارم له‌سه‌ره‌: ئاره‌زوو ده‌كه‌م كۆچ بكه‌م و له‌گه‌ڵ مه‌سیح بم، ئه‌مه‌ش زۆر باشتره‌، به‌ڵام مانه‌وه‌م له‌ جه‌سته‌ له‌پێناوی ئێوه‌ پێویستتره‌. له‌مه‌ دڵنیام، ده‌زانم له‌ نێوتاندا ده‌مێنمه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ هه‌مووتان به‌رده‌وام ده‌بم، بۆ پێشكه‌وتن و خۆشیتان له‌ باوه‌ڕ، تاكو له‌ مندا شانازیتان به‌ ئیشۆعی مه‌سیح زیاتر بێت به‌هۆی ئاماده‌بوونم له‌لاتان. ته‌نها به‌ شێوه‌یه‌ک بژین كه‌ شایسته‌ی ئینجیلی مه‌سیح بێت، تاكو كاتێ بێم و بتانبینم یاخود له‌نێوتان نه‌بم و هه‌واڵتان ببیستم، كه‌ له‌ یه‌ک ڕووحدا جێگیرن و به‌ یه‌ک دڵ تێده‌كۆشن بۆ باوه‌ڕی ئینجیل، له‌ هیچ شتێكی ڕكابه‌ره‌كانتان ناترسن. ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌ی له‌ناوچوونیانه‌، به‌ڵام ڕزگارییه‌ بۆ ئێوه‌، ئه‌وه‌ش له‌ خوداوه‌یه‌. چونكه‌ خودا له‌پێناوی مه‌سیح ته‌نها باوه‌ڕهێنان به‌ ئه‌وی پێ نه‌به‌خشیون، به‌ڵكو ئازار چێژتنیش له‌ پێناوی ئه‌و. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌مان تێكۆشانتان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی له‌ منتان بینیوه‌ و ئێستا له‌ منی ده‌بیستن. ئه‌گه‌ر هه‌ر ئامۆژگارییه‌ک له‌ مه‌سیحدا هه‌بێت، ئه‌گه‌ر هه‌ر دڵنه‌واییه‌كی خۆشویستن، ئه‌گه‌ر هه‌ر هاوبه‌شییه‌كی ڕووح، ئه‌گه‌ر هه‌ر سۆز و میهره‌بانییه‌ک، ئه‌وا خۆشییه‌كه‌م ته‌واو بكه‌ن، تاكو یه‌ک بیر و یه‌ک خۆشویستنتان هه‌بێت، یه‌ک دڵ و یه‌ک مه‌به‌ستتان هه‌بێت. هیچ شتێک به‌ خۆپه‌رستی و لووتبه‌رزی مه‌كه‌ن، به‌ڵكو به‌ خاكسارییه‌وه‌ یه‌كتری له‌ خۆتان به‌ باشتر بزانن. هه‌ریه‌كه‌ ته‌ماشای به‌رژه‌وه‌ندی خۆی نه‌كات، به‌ڵكو هه‌ریه‌كه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی دیكه‌ش. با ئه‌م هزره‌تان تێدابێت كه‌ له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا هه‌یه‌: ئه‌وه‌ی له‌ شێوه‌ی خودا بوو، نه‌یویست به‌نهینیشه‌وه‌ خۆی له‌گه‌ڵ خودا یه‌كسان بكات، به‌ڵكو خۆی به‌تاڵ كرد، شێوه‌ی به‌نده‌ی وه‌رگرت، وه‌ک شێوه‌ی مرۆڤی لێهات، كه‌ به‌ ڕواڵه‌ت مرۆڤ بینرا، خۆی نزم كرده‌وه‌ و تاكو مردن ملكه‌چ بوو، مردنی له‌خاچدان. بۆیه‌ خودا به‌رزی كرده‌وه‌ و ناوێكی پێ دا له‌ سه‌رووی هه‌موو ناوێک، تاكو هه‌موو ئه‌ژنۆیه‌ک بۆ ناوی ئیشۆع چۆک دابده‌ن، له‌ ئاسمان و سه‌ر زه‌وی و ژێر زه‌ویش، هه‌روه‌ها هه‌موو زمانێک دان بنێت كه‌ ئیشۆعی مه‌سیح په‌روه‌ردگاره‌، بۆ شكۆی خودای باوک. كه‌واته‌ خۆشه‌ویستانم، وه‌ک هه‌رده‌م گوێڕایه‌ڵ بوون، نه‌ک ته‌نها كه‌ له‌لاتانم، به‌ڵكو ئێستا زیاتریش كه‌ له‌لاتان نیم، به‌ ترس و له‌رزه‌وه‌ بۆ ڕزگاریتان به‌رده‌وام بن له‌ كاركردن، چونكه‌ خودا خۆی له‌ ئێوه‌دا كارده‌كات تاكو بتانه‌وێت و كار بكه‌ن بۆ ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و. هه‌موو شتێک بێ بۆڵه‌بۆڵ و ده‌مه‌قاڵێ بكه‌ن، تاكو بێ گله‌یی و ساكار بن، ڕۆڵه‌كانی خودا بێ كه‌موكوڕین له‌نێو نه‌وه‌یه‌كی چه‌وت و خواردا، له‌نێو ئه‌واندا وه‌ک ئه‌ستێره‌ له‌ گه‌ردوون ده‌دره‌وشێنه‌وه‌، به‌ ده‌ستگرتن به‌ وشه‌ی ژیان، تاكو له‌ ڕۆژی مه‌سیحدا شانازی بكه‌م كه‌ بێ هووده‌ كۆششم نه‌كردووه‌ و ڕه‌نجم نه‌كێشاوه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر‌ وه‌ک مه‌یی پێشكه‌شكراو به‌سه‌ر قوربانی و ڕاژه‌ی باوه‌ڕتاندا بڕژێم، ئه‌وا دڵشاد و دڵخۆشم له‌گه‌ڵ هه‌مووتان. جا ئێوه‌ش ئاوا دڵشاد بن و له‌گه‌ڵم دڵخۆش بن. هیوادارم له‌ ئیشۆعی په‌روه‌ردگار زوو تیماتیئوس بنێرم بۆ لاتان، تاكو دڵنیا بم كه‌ هه‌واڵتان بزانم. چونكه‌ كه‌سم نییه‌ وه‌ک ئه‌و به‌ دڵسۆزی بایه‌خ به‌ كاروبارتان بدات. چونكه‌ هه‌مووان به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا ده‌گه‌ڕێن، نه‌ک هی ئیشۆعی مه‌سیح. به‌ڵام له‌ شاره‌زایی ئه‌و ئاگادارن، چونكه‌ وه‌ک ڕۆڵه‌ له‌گه‌ڵ باوكی له‌گه‌ڵم له‌ ئینجیلدا ڕاژه‌ی كرد. بۆیه‌ هیوادارم یه‌كسه‌ر ئه‌و بنێرم، هه‌ر كاتێ بۆم ڕوون بێته‌وه‌ كاروبارم چۆن به‌ڕێوه‌ ده‌چێ. متمانه‌م به‌ په‌روه‌ردگار هه‌یه‌ كه‌ خۆشم به‌مزووانه‌ دێمه‌ لاتان. به‌ڵام به‌ پێویستم زانی ئه‌پفرۆدیتۆسی برام بنێرمه‌ لاتان، كه‌ له‌گه‌ڵم هاوكار و هاوسه‌ربازه‌، په‌یامبه‌ری ئێوه‌یه‌ و ڕاژه‌وانی پێویستییه‌كانمه‌. شه‌یدای هه‌مووتانه‌ و دڵته‌نگ بوو، چونكه‌ نه‌خۆشی ئه‌وتان بیستووه‌. چونكه‌ نه‌خۆشیه‌كه‌ی نزیكی مردن بوو، به‌ڵام خودا به‌زه‌یی پێدا هاته‌وه‌، نه‌ک ته‌نها ئه‌و، به‌ڵكو منیش، نه‌وه‌ک خه‌م له‌سه‌ر خه‌مم هه‌بێت. بۆیه‌ خێراتر ناردم، تاكو به‌ بینینه‌وه‌ی دڵشادبن و منیش خه‌مم كه‌م بێته‌وه‌. كه‌واته‌ به‌وپه‌ڕی شادییه‌وه‌ له‌ په‌روه‌ردگار پێشوازی لێ بكه‌ن و ڕێز له‌وانه‌ی وه‌ک ئه‌و بگرن، چونكه‌ له‌ پێناوی كاری مه‌سیح هاته‌ سه‌ر مردن و ژیانی خۆی خسته‌ مه‌ترسی تاكو كه‌موكوڕیی ئه‌و ڕاژه‌یه‌ی بۆ منی ده‌كه‌ن پڕی بكاته‌وه‌. له‌ كۆتاییدا، برایان، دڵشاد بن به‌ په‌روه‌ردگار! نووسینه‌وه‌ی ئه‌م شتانه‌ ماندووم ناكات، به‌ڵكو بۆ ئاساییشی ئێوه‌یه‌. چاوببڕنه‌ سه‌گه‌كان، چاوببڕنه‌ به‌دكاران، چاوببڕنه‌ جه‌سته‌بڕه‌كان. چونكه‌ ئێمه‌ خروسه‌بڕانین، كه‌ به‌ ڕووحی خودا ده‌په‌رستین و شانازی به‌ ئیشۆعی مه‌سیح ده‌كه‌ین و پشت به‌ جه‌سته‌ نابه‌ستین هه‌رچه‌نده‌ منیش هۆم هه‌یه‌ پشت به‌ جه‌سته‌ ببه‌ستم. ئه‌گه‌ر یه‌كێک وابزانێت هۆی هه‌یه‌ پشت به‌ جه‌سته‌ ببه‌ستێت، من له‌پێشترم: هه‌شت ڕۆژ بوومه‌ خروسه‌بڕان كراوم، له‌ ڕه‌گه‌زی ئیسڕائیل، تیره‌ی بنیامین، عیبڕانی كوڕی عیبڕانی. به‌گوێره‌ی ته‌ورات په‌ڕیشی بووم، به‌گوێره‌ی دڵگه‌رمی چه‌وسێنه‌ری وارگه‌ بووم، به‌گوێره‌ی خوداناسی له‌ ته‌وراته‌وه‌ بێ گله‌یی بووم. به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ من قازانج بوو، له‌ پێناوی مه‌سیح ئه‌مانه‌ به‌ زیان ده‌زانم. له‌مه‌ش زیاتر له‌به‌ر به‌رزیی ناسینی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارم هه‌موو شتێک به‌ زیان ده‌زانم، كه‌ له‌ پێناوی هه‌موو شتێكم دۆڕاند و به‌ خاشاكی ده‌زانم، تاكو مه‌سیح ببه‌مه‌وه‌ و له‌ ئه‌ودا بدۆزرێمه‌وه‌، نه‌ک به‌و بێتاوانیه‌ی كه‌ له‌ ته‌وارتدایه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی به‌ باوه‌ڕی مه‌سیحه‌، بێتاوانیه‌كه‌ له‌ خوداوه‌یه‌ و به‌ باوه‌ڕه‌، تاكو بیناسم و هێزی هه‌ستانه‌وه‌كه‌ی بزانم و هاوبه‌شی ئازاره‌كانی بم، وه‌ک ئه‌و بم له‌ مردنی، به‌ڵكو بگه‌مه‌ هه‌ستانه‌وه‌ی مردووان. من ناڵێم ئێستا هه‌موو ئه‌مانه‌م به‌ده‌ست هێناوه‌ یان گه‌یشتوومه‌ته‌ ته‌واوی، به‌ڵام تێده‌كۆشم ئه‌وه‌ به‌ده‌ست بهێنم كه‌ ئیشۆعی مه‌سیح له‌ پێناویدا منی به‌ده‌ستهێنا. برایان، من وا دانانێم كه‌ به‌ده‌ستم هێناوه‌. به‌ڵام شتێک ده‌كه‌م: ئه‌وه‌ی دواوه‌ له‌ یاد ده‌كه‌م و به‌ره‌و ئه‌وه‌ی پێشه‌وه‌ ده‌رده‌په‌ڕم. به‌ره‌و ئامانج تێده‌كۆشم بۆ خه‌ڵاتی بانگه‌وازی به‌رزی خودا له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا. با هه‌موو پێگه‌یشتووان كه‌ نێوانماندان بیر له‌مه‌ بكه‌نه‌وه‌. ئه‌گه‌ر بیرتان له‌ شتێكی جیاوازیش كرده‌وه‌، خودا ئه‌مه‌شتان بۆ ئاشكرا ده‌كات. جا ئه‌وه‌ی بردوومانه‌ته‌وه‌ با ده‌ستی پێوه‌ بگرین. برایان، به‌یه‌كه‌وه‌ لاسایی من بكه‌نه‌وه‌ و بڕواننه‌ ئه‌وانه‌ی ئاوا ده‌ژین، به‌گوێره‌ی ئه‌م نموونه‌یه‌ی ئێمه‌ پێمان دان. زۆرم پێ ووتن، ئێستاش به‌ گریانه‌وه‌ ده‌ڵێم، زۆر كه‌س به‌ شێوه‌یه‌ک ده‌ژین، دوژمنی خاچی مه‌سیحن، ئه‌وانه‌ پایانیان له‌ناوچوونه‌، خوداوه‌ندیان سكیانه‌ و شكۆیان شه‌رمه‌زارییانه‌، بیریان له‌سه‌ر شتی زه‌مینییه‌. چونكه‌ وڵاتمان له‌ ئاسماناندایه‌، به‌ په‌رۆشه‌وه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین ڕزگاریده‌ر له‌وێ بێته‌وه‌، ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگار، ئه‌وه‌ی له‌شی خاكسارمان بۆ وێنه‌ی له‌شی شكۆداری خۆی ده‌گۆڕێت، به‌گوێره‌ی كاركردنی هێزی خۆی بۆ ملكه‌چكردنی هه‌موو شتێک بۆ خۆی. كه‌واته‌ برایانی خۆشه‌ویستم، ئه‌وانه‌ی په‌رۆشتانم، خۆشی و تاجی منن، خۆشه‌ویستانم ئاوا له‌ په‌روه‌ردگاردا جێگیر بن. له‌ ئه‌وۆدیا و سینتخی داواده‌كه‌م، هاوبیر بن له‌ په‌روه‌ردگار. به‌ڵێ تۆش ئه‌ی هاوڕێی دڵسۆزم، داوات لێ ده‌كه‌م یارمه‌تییان بده‌یت، چونكه‌ هه‌ردووكیان له‌ ئینجیلدا تێكۆشانیان له‌گه‌ڵم كردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌كلیمنتۆس و هاوكارانی دیكه‌م كه‌ ناویان له‌ سیپاره‌ی ژیاندایه‌. هه‌میشه‌ به‌ په‌روه‌ردگار دڵشاد بن، دیسان ده‌ڵێمه‌وه‌، دڵشاد بن. با هه‌موو خه‌ڵک به‌ ڕووخۆشیتان بزانێت. په‌روه‌ردگار نزیكه‌. نیگه‌ران مه‌بن، به‌ڵكو با له‌ هه‌موو شتێكدا داواكاریتان به‌ نوێژ و نزا له‌گه‌ڵ سوپاسدا لای خودا زانراو بێت. ئاشتیی خودا، ئه‌وه‌ی به‌رزتره‌ له‌ هه‌موو تێگه‌یشتنێک، دڵ و هزرتان ده‌پارێزێت له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا. له‌ كۆتاییدا برایان، ئه‌وه‌ی ڕه‌وایه‌ و ڕێزدارییه‌، ئه‌وه‌ی دادپه‌روه‌رییه‌ و بێگه‌ردییه‌، ئه‌وه‌ی دڵخۆشگه‌ر و ناوبانگ باشییه‌، ئه‌گه‌ر ڕه‌وشت به‌رزی و ئه‌گه‌ر ستایشه‌، بیری لێ بكه‌نه‌وه‌. چی له‌ مندا فێربوون و وه‌رتانگرت و بیستتان و بینیتان، ئه‌وه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن. خودای ئاشتیش له‌گه‌ڵتان ده‌بێت. زۆر دڵشاد بووم به‌ په‌روه‌ردگار، ئێستا وا بایه‌ختان بۆ من نوێ ده‌كه‌نه‌وه‌. پێشتر بایه‌ختان هه‌بوو، به‌ڵام ده‌رفه‌تتان نه‌بوو. له‌به‌ر پێویستیم نییه‌ ئه‌مه‌ ده‌ڵێم، چونكه‌ فێربووم له‌ چ دۆخێكدا بم خۆبژێو بم. ده‌زانم نه‌بوونی چییه‌ و ده‌زانم هه‌بوونی چییه‌، له‌ هه‌ر شتێک و له‌ هه‌موو شتێكدا فێری نهێنی ئه‌وه‌بووم له‌ تێربوون و برسێتیدا ئاسووده‌ بم. ده‌توانم هه‌موو شتێک بكه‌م به‌ مه‌سیح كه‌ به‌هێزم ده‌كات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چاكتان كرد كه‌ به‌شداریی ته‌نگانه‌تان كردم. ئه‌ی پیلیۆسیه‌كان، ئێوه‌ش ده‌زانن، له‌ سه‌ره‌تای ئینجیلدا، كاتێ له‌ ماقیدۆنیا ده‌رچووم، هیچ وارگه‌یه‌ک به‌شداری هه‌ژماردی وه‌رگرتن و دانی بۆ نه‌كردووم، ئێوه‌ نه‌بێت. ته‌نانه‌ت له‌ تسلۆنیقێ، بۆ پێویستی من جارێک و دووان بۆتان ناردم. نه‌ک داوای به‌خشین بكه‌م، به‌ڵكو داواكردنی به‌روبوومی زیاتره‌ بۆ هه‌ژماردتان. به‌ڵام هه‌موو شتێكم هه‌یه‌ و زیادی كردووه‌. ئه‌و شتانه‌ی ئه‌پفرۆدیتۆس له‌لای ئێوه‌ هێنای وه‌رمگرت، شنه‌بای بۆنێكی خۆشه‌، قوربانییه‌كی په‌سندكراوه‌، دڵی خودا خۆش ده‌كات. خوداوه‌ندی من به‌گوێره‌ی سامانی خۆی له‌ شكۆمه‌ندی له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا، هه‌موو پێویستییه‌كانتان دابین ده‌كات. شكۆمه‌ندی بۆ خودا و باوكمان تاهه‌تایه‌. ئامین. سڵاو له‌ هه‌ر پارسایه‌ک له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا بكه‌ن. ئه‌و برایانه‌ی له‌گه‌ڵمدان سڵاوتان لێده‌كه‌ن. هه‌موو پارساكان سڵاوتان لێده‌كه‌ن، به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ خانه‌واده‌ی قه‌یسه‌ڕن. به‌خششی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان له‌گه‌ڵ هه‌مووتان بێت. ئامین. پۆڵۆس، په‌یامبه‌ری ئیشۆعی مه‌سیح به‌ خواستی خودا، تیماتیئوسی براش، بۆ پارساكان له‌ قولسێ و برایانی باوه‌ڕدار له‌ مه‌سیح: به‌خشش و ئاشتیی له‌ خودای باوكمانه‌وه‌ بۆ ئێوه‌. سوپاسی خودا ده‌كه‌ین، باوكی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان، هه‌رده‌م له‌پێناوتان نوێژ ده‌كه‌ین، كه‌ باوه‌ڕی ئێوه‌مان بیست به‌ ئیشۆعی مه‌سیح و ئه‌و خۆشویستنه‌ كه‌ بۆ هه‌موو پارساكان هه‌تانه‌، له‌پێناوی ئه‌و هیوایه‌ی له‌ ئاسماناندا بۆتان دانراوه‌، ئه‌وه‌ی پێشتر له‌ وشه‌ی ڕه‌وای ئینجیل بیستتان، كه‌ گه‌یشته‌ لاتان. وه‌ک هه‌موو جیهان، كه‌ به‌رهه‌مداره‌ و زیاد ده‌كات له‌نێواتاندا، له‌و ڕۆژه‌وه‌ی به‌خششی ڕه‌وای خوداتان بیست و ناسیتان. وه‌ک له‌ ئه‌په‌فراسی هاوبه‌نده‌ی خۆشه‌ویستمان فێربوون، ئه‌وه‌ی له‌ پێناوتان ڕاژه‌وانێكی دڵسۆزه‌ بۆ مه‌سیح، ئه‌وه‌ی باسی خۆشویستنی ئێوه‌ی كرد له‌ ڕووح. بۆیه‌ ئێمه‌ش له‌و ڕۆژه‌ی بیستمان بێ وه‌ستان له‌ پێناوی ئێوه‌ نوێژ ده‌كه‌ین و داواكارین، تاكو پڕبن له‌ زانینی خواستی ئه‌و، به‌ هه‌موو دانایی و تێگه‌یشتنی ڕووحی. تاكو به‌ شێوه‌یه‌ک ڕه‌فتار بكه‌ن كه‌ شیاوی په‌روه‌ردگار بێت و تا ئه‌وپه‌ڕی خۆشحاڵی بكات، به‌رهه‌مدار بن له‌ هه‌موو چاكه‌كارییه‌ک و له‌ ناسینی خودا گه‌شه‌ بكه‌ن، به‌ هه‌موو هێزێک به‌گوێره‌ی توانای شكۆی خۆی به‌هێزتان بكات، بۆ هه‌موو دانبه‌خۆداگرتن و پشوودرێژیه‌ک، به‌ شادییه‌وه‌ سوپاسی باوک بكه‌ن، ئه‌وه‌ی شایسته‌ی كردن بۆ هاوبه‌شی كردنی میراتی پارساكان له‌ ڕووناكیدا. ئه‌وه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاتی تاریكی ده‌ربازی كردین و ئێمه‌ی بۆ پاشایه‌تیی ڕۆڵه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی گواسته‌وه‌، كه‌وا خوێنی قوربانیه‌كه‌ی بۆ ئێمه‌ بوو، واتا لێخۆشبوونی گوناه‌. كه‌ وێنه‌ی خودای نه‌بینراوه‌، نۆبه‌ره‌ی هه‌موو ئافریده‌یه‌كه‌. چونكه‌ به‌و هه‌موو شتێک ئافرێندرا: له‌ ئاسمانان و له‌سه‌ر زه‌وی، بینراو و نه‌بینراو، ته‌خت یان سه‌روه‌ری، سه‌رۆكایه‌تی یان ده‌سه‌ڵات، هه‌مووی به‌و و بۆ ئه‌و ئافرێندران. ئه‌و پێش هه‌موو شتێكه‌ و هه‌مووش له‌ودا یه‌كی گرتووه‌. ئه‌و سه‌ری له‌شه‌: وارگه‌. ئه‌و سه‌ره‌تایه‌ و نۆبه‌ره‌ی نێو مردووانه‌، تاكو له‌ سه‌رووی هه‌موو شتێک بێت. چونكه‌ خودا خۆشحاڵ بوو به‌ هه‌موو پڕی خۆی له‌ودا نیشته‌جێ بێت، به‌ ئه‌و هه‌مووان له‌گه‌ڵ خۆیدا ئاشت بكاته‌وه‌، ئاشتی بنێته‌وه‌ به‌ خوێنی خاچه‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر زه‌وی بێت یان له‌ ئاسمانان. ئێوه‌ كه‌ پێشتر له‌ خودا دابڕابوون و دوژمن بوون له‌ بیركردنه‌وه‌، به‌ خراپه‌كاری، ئێستا به‌ له‌شی ئاده‌میزادیی مه‌سیح به‌ مردن ئاشتی كردنه‌وه‌، تاكو له‌به‌رده‌می به‌ پارسایی و بێ كه‌موكوڕی و بێ گله‌یی پێشكه‌شتان بكات ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بن باوه‌ڕ، دامه‌زراو و جێگیر بن، لانه‌ده‌ن له‌ هیوای ئه‌و ئینجیله‌ی بیستتان، ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو ئافریده‌كانی ژێر ئاسمان ڕاگه‌یه‌نراوه‌، منی پۆڵۆسیش بۆی بوومه‌ ڕاژه‌وان. ئێستا دڵشادم به‌ ئازاره‌كانم له‌ پێناوی ئێوه‌دا و پاشماوه‌ی ته‌نگانه‌ی مه‌سیح له‌ جه‌سته‌ی خۆمدا ته‌واوده‌كه‌م، له‌ پێناوی له‌شی ئه‌و، كه‌ وارگه‌یه‌. كه‌ بوومه‌ ڕاژه‌وانی، به‌گوێره‌ی ئه‌و پلانه‌ی خودا كه‌ پێم درا له‌پێناوی ئێوه‌، بۆ ته‌واوكردنی وشه‌ی خودا، ئه‌م نهێنییه‌ی له‌ ڕۆژگاره‌كانه‌وه‌ و به‌ درێژایی نه‌وه‌كان شاراوه‌ بوو، به‌ڵام ئێستا بۆ پارساكانی ئاشكرا كرا. بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ خودا ویستی له‌نێو نه‌ته‌وه‌كاندا پێیان بناسێنی كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندیی شكۆی ئه‌م نهێنییه‌ چییه‌، ئه‌ویش مه‌سیحه‌ كه‌ له‌نێوتاندایه‌، هیوای شكۆمه‌ندییه‌. ئه‌وه‌ی ڕاده‌گه‌یه‌نین، هه‌موو مرۆڤێكی پێ ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌ و به‌وپه‌ڕی داناییه‌وه‌ هه‌موو مرۆڤێک فێرده‌كه‌ین، تاكو هه‌ر مرۆڤێک له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا به‌ ته‌واوی پێشكه‌ش بكه‌ین. بۆ ئه‌مه‌ش ماندوو ده‌بم و تێده‌كۆشم، به‌گوێره‌ی كاره‌كه‌ی كه‌ به‌هێزه‌وه‌ له‌ مندا كارده‌كات. ده‌مه‌وێ بزانن چ خه‌باتێک ده‌كه‌م له‌پێناوی ئێوه‌ و ئه‌وانه‌ی له‌ لاودیكییان و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ڕووبه‌ڕوو منیان نه‌بینیوه‌، تاكو له‌ خۆشویستندا دڵنه‌وایی بكرێن بۆ ئه‌وپه‌ڕی ده‌وڵه‌مه‌ندی له‌ تێگه‌یشتنی ته‌واو، تاكو نهێنیی خودای باوک و مه‌سیح بناسن، له‌ ئه‌ودا هه‌موو گه‌نجینه‌ی دانایی و زانین شاردراوه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ ده‌ڵێم تاكو كه‌س به‌ قسه‌ی لووس چه‌واشه‌تان نه‌كات. چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌ جه‌سته‌ له‌لاتان نیم، به‌ڵام به‌ ڕووح له‌گه‌ڵتانم، دڵشادم كاتێ ڕێكی و پته‌ویی باوه‌ڕتان به‌ مه‌سیح ده‌بینم. بۆیه‌ وه‌ک ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارتان په‌سه‌ند كرد، له‌ویشدا ڕه‌فتار بكه‌ن، له‌ودا داكوتراو بن و بنیاد بنرێن، جێگیر بن له‌ باوه‌ڕدا وه‌ک فێركران، له‌ سوپاسگوزاریتان بڕژێته‌وه‌. ئاگاداربن كه‌س به‌ فه‌لسه‌فه‌ و لووتبه‌رزیی ناڕه‌وا دیلتان نه‌كات، كه‌ به‌گوێره‌ی نه‌ریتی خه‌ڵک و به‌گوێره‌ی بنه‌ماكانی جیهانه‌، نه‌ک به‌گوێره‌ی مه‌سیح. چونكه‌ ته‌واوی پڕی خودایه‌تی له‌ مه‌سیحدا نیشته‌جێیه‌، به‌ له‌شی خۆی، ئێوه‌ش له‌ودا گه‌یشتوونه‌ته‌ ته‌واوه‌تی، ئه‌وه‌ی سه‌ری هه‌موو سه‌رۆكایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتێكه‌. له‌ویشدا خروسه‌بڕاوان كه‌ به‌ ده‌ست نییه‌، به‌ داكه‌ندنی جه‌سته‌ی گوناهه‌ ئاده‌میزادییه‌كان، به‌ خروسه‌بڕانی مه‌سیح. له‌ عه‌مادكردنیدا له‌گه‌ڵی نێژران، له‌گه‌ڵ ئه‌ویش هه‌ستانه‌وه‌ به‌هۆی باوه‌ڕتان به‌ كاری خودا، كه‌ له‌نێو مردووان هه‌ستاندیه‌وه‌‌. ئێوه‌ش به‌ گوناه‌ و خروسه‌بڕانی جه‌سته‌تان مردووبوون، له‌گه‌ڵیدا زیندووی كردنه‌وه‌، له‌ هه‌موو گوناهه‌كانتان خۆشبوو. ئه‌و تۆماره‌ی سڕییه‌وه‌كه‌ له‌ ئه‌ركه‌كان له‌سه‌رمان بوو، كه‌ له‌ دژی ئێمه‌ بوو، له‌م ناوه‌نده‌ هه‌ڵیگرت و به‌ خاچه‌وه‌ بزماركوتی كرد. سه‌رۆكه‌كان و ده‌سه‌ڵاتدارانی چه‌ككرد و به‌ ئاشكرا كردنییه‌ په‌ند، له‌خاچدا به‌سه‌ریاندا زاڵبوو. بۆیه‌ با كه‌س له‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ یان له‌باره‌ی جه‌ژن یان سه‌ری مانگ یان شه‌ممه‌ حوكمتان نه‌دات. ئه‌مانه‌ سێبه‌ری داهاتوون، به‌ڵام جه‌سته‌كه‌ بۆ مه‌سیحه‌. با كه‌س شایسته‌یی خه‌ڵاته‌كه‌تان له‌ده‌ست نه‌دات، ئه‌وه‌ی حه‌زی له‌ خاكساری و په‌رستنی فریشته‌ بێت، ئه‌وه‌ی ده‌یبینێت درێژدادڕی لێده‌كات، كه‌ به‌ مێشكه‌ جه‌سته‌ییه‌ پووچه‌كه‌ی لووتبه‌رز ده‌بێت. ده‌ست به‌ سه‌ره‌وه‌ ناگرێت، له‌وه‌وه‌ هه‌موو له‌ش به‌هۆی جومگه‌كان و پارچه‌كان پشتگیری ده‌كرێت و ده‌به‌سترێنه‌وه‌، تاكو وه‌ک خودا ده‌یه‌وێت گه‌شه‌ بكات. ئه‌گه‌ر سه‌باره‌ت به‌ بنه‌ماكانی جیهان له‌گه‌ڵ مه‌سیحدا مردن، بۆچی وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ جیهاندا ده‌ژین؟ ملكه‌چی ئه‌م ئه‌ركانه‌ ده‌بن: “مه‌یگره‌! تامی مه‌كه‌! ده‌ستی لێ مه‌ده‌!”؟ ئه‌م شتانه‌ به‌ به‌كارهێنان له‌ناوده‌چن، چونكه‌ به‌گوێره‌ی ڕاسپارده‌ و فێركردنی خه‌ڵكن. به‌ ڕواڵه‌ت شێوه‌ی داناییان هه‌یه‌، له‌ په‌رستنی هه‌ڵبه‌ستراوو و خاكساری و توندوتیژی له‌گه‌ڵ له‌ش، به‌ڵام هیچ به‌های نییه‌ دژی هه‌وه‌سی جه‌سته‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ مه‌سیحدا هه‌ستاونه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌و شتانه‌ی سه‌ره‌وه‌ كۆشش بكه‌ن، له‌وێ مه‌سیح له‌لای ڕاستی خودا دانیشتووه‌. بایه‌خ به‌و شتانه‌ی سه‌ره‌وه‌ بده‌ن، نه‌ک ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر زه‌وین، چونكه‌ ئێوه‌ مردن، ژیانیشتان له‌گه‌ڵ مه‌سیح له‌ خوداوه‌ شاردراوه‌ته‌وه‌. كاتێ مه‌سیح ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ژیانمانه‌، ئه‌وسا ئێوه‌ش له‌گه‌ڵیدا له‌ شكۆمه‌ندیدا ده‌رده‌كه‌ون. كه‌واته‌ ئاره‌زووه‌ جه‌سته‌ییه‌كانتان له‌سه‌ر زه‌وی بمرێنن: داوێنپیسی، گڵاوی، هه‌وه‌س، ئاره‌زووی به‌د، چڵێسی كه‌ بتپه‌رستییه‌، به‌هۆیانه‌وه‌ تووڕه‌یی خودا دێته‌ سه‌ر ڕۆڵه‌كانی یاخیبوون. كه‌ ئێوه‌ش جاران ئاوا ڕه‌فتارتان ده‌كرد، كاتێ تیایاندا ده‌ژیان. به‌ڵام ئێستا هه‌موو ئه‌وانه‌ فڕێبده‌ن: تووڕه‌یی، هه‌ڵچوون، كینه‌، كفركردن، قسه‌ی ناشیرین له‌ زارتان. له‌گه‌ڵ یه‌كتری درۆ مه‌كه‌ن، چونكه‌ مرۆڤی كۆن و كرده‌وه‌كانیتان داكه‌ندووه‌ و نوێتان پۆشیوه‌، ئه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی وێنه‌ی ئافرێنه‌ره‌كه‌ی به‌ ناسینی نوێ بوه‌ته‌وه‌. له‌وێدا جوو و یۆنانی نییه‌، خروسه‌بڕاو و خروسه‌نه‌بڕاو، به‌ربه‌ری و سكیتی، كۆیله‌ و ئازاد نییه‌، به‌ڵكو مه‌سیح هه‌مووه‌ و له‌ هه‌موودایه‌. بۆیه‌ وه‌كو بژارده‌ی خودا، پارسا و خۆشه‌ویست، میهره‌بانی و نیانی و خاكساری و دڵنه‌رمی و پشوودرێژی بپۆشن. به‌رگه‌ی یه‌كتری بگرن، ئه‌گه‌ر یه‌كێک سكاڵای له‌سه‌ر یه‌كێک هه‌بوو، له‌ یه‌كتر خۆشبن. وه‌ک په‌روه‌ردگار لێتان خۆشبوو، ئێوه‌ش ئه‌وا بكه‌ن. له‌ سه‌رووی هه‌موو ئه‌مانه‌ش خۆشویستن بپۆشن، كه‌ پشتێنی ته‌واویه‌. با ئاشتیی خودا حوكمی دڵتان بكات، كه‌ بۆ ئه‌مه‌ بانگكران له‌ یه‌ک له‌شدا، هه‌روه‌ها سوپاسكار بن. با وشه‌ی مه‌سیح به‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی له‌ ئێوه‌دا نیشته‌جێ بێت، به‌وپه‌ڕی دانایی یه‌كتری فێر بكه‌ن و ئاگادار بكه‌نه‌وه‌، به‌ په‌سنی و ستایش و گۆرانیی ڕووحی به‌ به‌خشش له‌ دڵتاندا په‌سنی بۆ په‌روه‌ردگار بڵێن. هه‌ر شتێک ده‌ڵێن و ده‌یكه‌ن، هه‌مووی به‌ ناوی ئیشۆعی په‌روه‌ردگار بیكه‌ن، به‌و سوپاسی خودای باوک بكه‌ن. ئه‌ی ژنان، ملكه‌چی مێرده‌كانتان بن، وه‌ک له‌ په‌روه‌ردگار ده‌وه‌شێته‌وه‌. ئه‌ی مێرده‌كان، ژنه‌كانتان خۆشبووێ، له‌گه‌ڵیان ڕه‌ق مه‌بن. ئه‌ی منداڵان، له‌ هه‌موو شتێكدا گوێڕایه‌ڵی باوک و دایكتان بن، چونكه‌ ئه‌مه‌ ڕه‌زامه‌ندی په‌روه‌ردگاره‌. ئه‌ی باوكان، منداڵه‌كانتان تووڕه‌ مه‌كه‌ن، نه‌وه‌ک شكست بهێنن. ئه‌ی كۆیله‌كان، له‌ هه‌موو شتێكدا ملكه‌چی گه‌وره‌كانتان بن به‌گوێره‌ی جه‌سته‌، نه‌ک به‌ ڕاژه‌ی چاو وه‌ک ئه‌و كه‌سه‌ی خه‌ڵک ڕازی بكات، به‌ڵكو به‌ ساكاریی دڵ و به‌ ترسی په‌روه‌ردگار. هه‌ر چییه‌ک ده‌كه‌ن، به‌ دڵ بیكه‌ن، وه‌ک بۆ په‌روه‌ردگار بێت، نه‌ک بۆ خه‌ڵكی، بزانن له‌ په‌روه‌ردگاره‌وه‌ پاداشتی میرات وه‌رده‌گرن، چونكه‌ ڕاژه‌ی مه‌سیحی په‌روه‌ردگار ده‌كه‌ن. سته‌مكاریش سزای سته‌مه‌كه‌ی وه‌رده‌گرێ و جوداخوازی نییه‌. ئه‌ی گه‌وره‌كان، له‌گه‌ڵ كۆیله‌كان دادپه‌روه‌ر و یه‌كسان بن، بزانن ئێوه‌ش گه‌وره‌تان هه‌یه‌ له‌ ئاسمانان. په‌یوه‌ست بن به‌ نوێژكردنه‌وه‌، به‌ سوپاسه‌وه‌ بێدار بن. له‌پێناوی ئێمه‌ش نوێژ بكه‌ن تاكو خودا ده‌رگایه‌كمان بۆ بكاته‌وه‌ بۆ په‌یامه‌كه‌، بۆ ئه‌وه‌ی نهێنیی مه‌سیح ڕابگه‌ێنین، له‌به‌ر ئه‌مه‌ش كۆت كراوم، تاكو ئاشكرای بكه‌م وه‌ک پێویسته‌ بدوێم. به‌ دانایی له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ ڕه‌فتار بكه‌ن، كات بقۆزنه‌وه‌. قسه‌تان هه‌رده‌م پڕبێت له‌ به‌خشش، به‌ خوێ سوێر كرابێت، تاكو بزانن چۆن پێویسته‌ وه‌ڵامی هه‌ر كه‌سێک بده‌نه‌وه‌. تۆخیقۆس هه‌موو هه‌واڵێكی منتان ده‌داتێ، برای خۆشه‌ویست و ڕاژه‌وانی سه‌رڕاست و هاوبه‌نده‌ له‌ په‌روه‌ردگار. به‌ تایبه‌تی بۆ ئه‌مه‌ ناردمه‌ لاتان، تاكو هه‌واڵتان‌ بزانێت و دڵنه‌واییتان بكات، له‌گه‌ڵ ئه‌نسیموسی برای سه‌رڕاست و خۆشه‌ویست، ئه‌وه‌ی له‌ خۆتانه‌، ئه‌وان هه‌واڵی هه‌موو شتێكی ئێره‌تان ده‌ده‌نێ. ئه‌رسته‌رخۆسی هاوڕێی به‌ندیێتیم سڵاوتان لێده‌كات، مه‌رقوسی ئامۆزای به‌رنڤاش كه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌و ڕاسپارده‌تان وه‌رگرتووه‌. ئه‌گه‌ر هاته‌ لاتان پێشوازی لێ بكه‌ن، هه‌روه‌ها ئیشۆع كه‌ به‌ یستۆس ناوده‌بردرێت. ته‌نها ئه‌مانه‌ له‌نێوان هاوكارانم بۆ پاشایه‌تیی خودا له‌ خروسه‌بڕاوانن، ئه‌وانه‌ی بوونه‌ هانده‌رم. ئه‌په‌فراسی به‌نده‌ی ئیشۆعی مه‌سیح، ئه‌ویش له‌ خۆتانه‌ و سڵاوتان لێده‌كات، هه‌رده‌م له‌ نوێژه‌كانی له‌ پێناوتان تێده‌كۆشێت، تاكو له‌ ته‌واویدا جێگیر بن و ته‌واو پڕ بن له‌ هه‌موو خواستی خودا. گه‌واهیی بۆ ده‌ده‌م كه‌ زۆر ماندوو ده‌بێت بۆ ئێوه‌ و ئه‌وانه‌ی له‌ لاودیكییان و ئه‌وانه‌ی له‌ هیراپۆلیسدان. لۆقای پزیشكی خۆشه‌ویست و دیما سڵاوتان لێده‌كه‌ن. سڵاو له‌ برایانی لاودیكییا و نیمفاس و ئه‌و وارگه‌یه‌ی له‌ ماڵه‌كه‌یدایه‌ بكه‌ن. كاتێ ئه‌م په‌یامه‌تان بۆ خوێندرایه‌وه‌، وابكه‌ن له‌ وارگه‌ی لاودیكییه‌كانیش بخوێندرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی هی لاودیكییاشه‌ ئێوه‌ بیخوێننه‌وه‌. به‌ ئه‌رخیپۆس بڵێن: “سه‌یری ئه‌و ڕاژه‌یه‌ بكه‌ كه‌ له‌ په‌روه‌ردگار وه‌رتگرت، تاكو ته‌واوی بكه‌یت”. من پۆڵۆسم، سڵاوه‌كه‌ ده‌ستخه‌تی خۆمه‌. یادی كۆته‌كانم بكه‌ن. به‌خشش له‌گه‌ڵتان بێت. ئامین. پۆڵۆس و شیلاو تیماتیئوس، بۆ وارگه‌ی تسلۆنیقێیه‌كان له‌ خودای باوک و ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگار: به‌خشش و ئاشتی له‌ خودای باوكمان و ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگار بۆ ئێوه‌. هه‌رده‌م له‌ پێناوی هه‌مووتان سوپاسی خودا ده‌كه‌ین،‌ له‌ نوێژه‌كانمان یادتان ده‌كه‌ین، بێ بڕان له‌به‌رده‌م خودا و باوكمان یادی كرداری باوه‌ڕ و ڕه‌نجی خۆشویستن و دانبه‌خۆداگرتنی هیواتان ده‌كه‌ین له‌ ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان. برایان، خۆشه‌ویستانی خودا، ده‌زانین كه‌ هه‌ڵیبژاردوون، چونكه‌ ته‌نها به‌ قسه‌ ئینجیلمان بۆ نه‌هێنان، به‌ڵكو به‌ هێز و به‌ ڕووحی پارسا و به‌ دڵنیایی زۆر، وه‌ک ده‌زانن له‌ پێناوی ئێوه‌ له‌نێوانتاندا چ جۆره‌ كه‌سێک بووین. ئێوه‌ش لاسایی ئێمه‌ و په‌روه‌ردگارتان كرده‌وه‌، له‌ ته‌نگانه‌یه‌كی گه‌وره‌دا به‌ شادیی ڕووحی پارسا وشه‌كه‌تان په‌سه‌ند كرد، تاكو بوونه‌ نموونه‌ بۆ هه‌موو باوه‌ڕداران له‌ ماقیدۆنیا و ئه‌خائیه‌. چونكه‌ وشه‌ی په‌روه‌ردگار له‌لای ئێوه‌وه‌ بڵاو كرایه‌وه‌، نه‌ک ته‌نها له‌ ماقیدۆنیا و ئه‌خائیه‌، به‌ڵكو باوه‌ڕتان به‌ خودا له‌ هه‌موو شوێنێک بڵاو بوه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت پێویستمان به‌وه‌ نییه‌ شتێک بڵێین. چونكه‌ خۆیان باسمان ده‌كه‌ن كه‌ پێشوازیتان بۆ ئێمه‌ چۆن بووه‌ و چۆن له‌ بته‌وه‌ بۆ خودا گه‌ڕانه‌وه‌، تاكو خودای زیندوو و ڕاست بپه‌رستن، بۆ چاوه‌ڕوانیی ڕۆڵه‌كه‌ی له‌ ئاسمان، ئه‌وه‌ی له‌نێو مردووان هه‌ستاندیه‌وه‌‌، ئیشۆع، ئه‌وه‌ی له‌ تووڕه‌یی داهاتوو ده‌ربازمان ده‌كات. چونكه‌ برایان، خۆتان ده‌زانن سه‌ردانمان بۆ لاتان ناڕه‌وا نه‌بوو، به‌ڵكو وه‌ک ده‌زانن پێشتر له‌ پیلیۆس ئازارمان چێژت و سووكایه‌تیمان پێ كرا، به‌ته‌مای خودامان به‌ئاشكرا باسی ئینجیلی خودامان بۆ كردن، له‌ دژایه‌تییه‌كی زۆردا. چونكه‌ ئامۆژگاریمان له‌ چه‌واشه‌ و گڵاوی و خه‌ڵه‌تاندن نییه‌، به‌ڵكو وه‌ک له‌ خوداوه‌ په‌سه‌ند كرابین تاكو متمانه‌ی ئینجیلمان بدرێتێ، ئاوا ده‌دووێین، نه‌ک وه‌ک خه‌ڵک ڕازی بكه‌ین، به‌ڵكو خودا، كه‌ دڵمان تاقی ده‌كاته‌وه‌. خودا گه‌واهیده‌ره‌، نه‌ زمانلوسیتان بۆ ده‌كه‌ین و نه‌ له‌به‌ر چڵێسییه‌، وه‌ک ده‌زانن، نه‌ داوای شكۆمان له‌ خه‌ڵک كردووه‌، نه‌ له‌ ئێوه‌ و نه‌ له‌ خه‌ڵكی دیكه‌. هه‌رچه‌ند ده‌مانتوانی وه‌كو په‌یامبه‌رانی مه‌سیح شكۆدار بین، به‌ڵام نیان بووین له‌نێوانتاندا، وه‌ک دایه‌نێک منداڵه‌كانی شیر بدات. ئاوا شه‌یداتان بووین كه‌ حه‌زمان كرد نه‌ک ته‌نها ئینجیلی خوداتان بده‌ینێ، به‌ڵكو خۆشمان، چونكه‌ بوونه‌ خۆشه‌ویستمان. چونكه‌ برایان، ڕه‌نج و ماندووبوونی ئێمه‌تان له‌ یاده‌، شه‌و و ڕۆژ كارمان ده‌كرد، تاكو به‌سه‌ر كه‌ستانه‌وه‌ نه‌بینه‌ بار، كاتێ ئینجیلی خودامان بۆ ڕاگه‌یاندن. ئێوه‌ و خودا گه‌واهیده‌رن، چۆن به‌ بێگه‌ردی و خوداناسی و بێ گله‌یی بووین له‌نێوان ئێوه‌ی باوه‌ڕدار. وه‌ک ده‌زانن، چۆن بۆ هه‌ریه‌كه‌تان وه‌ک باوک بووین بۆ منداڵه‌كانی، هانتان ده‌داین ‌به‌ شێوه‌یه‌ک بژین شایانی خودا بێت، ئه‌وه‌ی بۆ پاشایه‌تی و شكۆی خۆی بانگتان ده‌كات. له‌به‌ر ئه‌مه‌ بێ بڕانه‌وه‌ سوپاسی خودا ده‌كه‌ین، چونكه‌ كاتێ وشه‌ی خوداتان له‌ ئێمه‌ وه‌رگرت، نه‌ک وه‌ک وشه‌ی مرۆڤ بێت، به‌ڵكو وه‌ک به‌ ڕاستی وشه‌ی خودایه‌، ئه‌وه‌ی له‌نێو ئێوه‌ی باوه‌ڕداریش كارده‌كات. ئه‌ی برایان، چونكه‌ ئێوه‌ لاسایی وارگه‌كانی خودا ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ ئیهوود له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدایه‌، ئێوه‌ش به‌ ده‌ستی هاوڵاتیانتان ئازار دران، وه‌ک ئه‌وان به‌ ده‌ستی جوو، ئه‌وانه‌ی ئیشۆعی په‌روه‌ردگار و پێغه‌مبه‌رانیان كوشت و ئێمه‌یان چه‌وسانده‌وه‌. خودا ڕازی ناكه‌ن و دژی هه‌موو خه‌ڵكن، ڕێگامان لێ ده‌گرن له‌وه‌ی بۆ نه‌ته‌وه‌كان بدوێین تاكو ڕزگاربن، به‌مه‌ش گوناهه‌كانیان هه‌رده‌م ته‌واو ده‌كه‌ن. به‌ڵام له‌ پایاندا تووڕه‌یی هاته‌ سه‌ریان. به‌ڵام برایان، ئێمه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی كورت لێتان دوور كه‌وتینه‌وه‌ به‌ چاو نه‌ک به‌ دڵ زۆر شه‌یدا و په‌رۆشی بینینتان بووین. بۆیه‌ ویستمان جارێک و دووان بێینه‌ لاتان خۆشم وه‌ک پۆڵۆس به‌ڵام شه‌یتان ڕێی لێگرتین. چونكه‌ هیوا و خۆشی و تاجی شانازیمان له‌به‌رده‌م ئیشۆعی په‌روه‌ردگارمان چییه‌ له‌ كاتی هاتنی؟ ئایا ئێوه‌ نین؟ ئێوه‌ شكۆ و خۆشیمانن. بۆیه‌ كاتێ به‌رگه‌مان نه‌گرت، به‌ باشمان زانی به‌ ته‌نها له‌ ئه‌تینۆس بمێنینه‌وه‌، تیماتیئوسمان نارد كه‌ برا و ڕاژه‌وانی خودای و هاوكاری ئێمه‌یه‌ له‌ ئینجیلی مه‌سیحدا، تاكو جێگیرتان بكات و بۆ باوه‌ڕتان ئامۆژگاریتان بكات، تاكو له‌م ته‌نگانانه‌دا كه‌س نه‌هه‌ژێت. خۆتان ده‌زانن كه‌ بۆ ئه‌مه‌ دیاری كراوین. چونكه‌ كاتێ له‌لاتان بووین، پێشتر پێمان ده‌ووتن كه‌ تووشی ته‌نگانه‌ ده‌بین، وه‌ک ده‌زانن ڕوویدا. بۆیه‌ منیش كاتێ به‌رگه‌م نه‌گرت، ناردم به‌ڵكو دۆخی باوه‌ڕتان بزانم، نه‌وه‌ک تاقیكه‌ره‌وه‌ تاقی كردبنه‌وه‌ و ڕه‌نجمان به‌فیڕۆ بچێت. ئێستاش تیماتیئوس له‌لای ئێوه‌ هاته‌وه‌ لامان، موژده‌ی باوه‌ڕ و خۆشویستنی ئێوه‌ی پێداین، هه‌روه‌ها چۆن هه‌رده‌م به‌ چاكه‌ یادمان ده‌كه‌ن و تامه‌زرۆی بینینمانن، وه‌ک ئێمه‌ش بۆ ئێوه‌. بۆیه‌ برایان، له‌ كاتی ته‌نگانه‌ و ناخۆشیمان، به‌ ئێوه‌ دڵنه‌وایی كراین، به‌هۆی باوه‌ڕتان، چونكه‌ ئێستا ده‌ژین، ئه‌گه‌ر ئێوه‌ له‌ په‌روه‌ردگاردا جێگیر بن. چ سوپاسێک بتوانین له‌به‌ر ئێوه‌ بۆ خودا بگه‌ڕێنینه‌وه‌، بۆ ئه‌م هه‌موو خۆشییه‌ی له‌به‌رده‌م خودامان به‌ ئێوه‌مان هه‌یه‌؟ شه‌و و ڕۆژ گه‌رمتر ده‌پاڕێینه‌وه‌، تاكو ڕوخسارتان ببینین و كه‌موكوڕی باوه‌ڕتان دابین بكه‌ین. با خودا و باوكمان به‌خۆی و ئیشۆعی په‌روه‌ردگارمان ڕێگاكه‌مان بۆ لاتان ئاراسته‌ بكه‌ن. په‌روه‌ردگار خۆشویستنتان زیاد بكات بۆ یه‌كتری و بۆ هه‌مووان، وه‌ک ئێمه‌ش بۆ ئێوه‌، تاكو دڵتان جێگیر بێت بۆ ئه‌وه‌ی بێ گله‌یی له‌ پارساییدا بن، له‌به‌رده‌م خودا و باوكمان له‌ هاتنه‌وه‌ی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان له‌گه‌ڵ هه‌موو پارساكانی. جا برایان، له‌ ئێمه‌تان وه‌رگرتووه‌ چۆن ده‌بێت بژین تاكو خودا ڕازی بكه‌ن، وه‌ک ئاواش ده‌ژین، داواتان لێ ده‌كه‌ین و لێتان ده‌پاڕێینه‌وه‌ له‌ ئیشۆعی په‌روه‌ردگار تاكو زیاتر بكه‌ن. چونكه‌ ده‌زانن چ ڕاسپارده‌یه‌كمان پێدان به‌ ئیشۆعی په‌روه‌ردگار. چونكه‌ ئه‌مه‌یه‌ خواستی خودا: پارساییتان، واز له‌ داوێنپیسی بهێنن، هه‌ریه‌كه‌تان بزانێ جه‌سته‌كه‌ی به‌ پارسایی و ڕێزه‌وه‌ بپارێزێت، نه‌ک به‌ ئاره‌زووی هه‌وه‌سبازی وه‌ک ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی خودا ناناسن. له‌م باره‌وه‌ كه‌س ده‌ستدرێژی یان چڵێسی له‌گه‌ڵ براكه‌ی نه‌كات، چونكه‌ په‌روه‌ردگار تۆڵه‌ی هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌كاته‌وه‌، وه‌ک پێشتر پێمان وتوون و ئاگادارمان كردوونه‌ته‌وه‌. چونكه‌ خودا بانگی نه‌كردووین بۆ گڵاوی، به‌ڵكو بۆ پارسایی. كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی ڕه‌تی بكاته‌وه‌، مرۆڤ ڕه‌ت ناكاته‌وه‌ به‌ڵكو خودا، ئه‌وه‌ی ڕووحی پارسای خۆی پێدان. ده‌رباره‌ی خۆشویستنی برایانه‌، پێویست ناكات بۆتان بنووسم، چونكه‌ خۆتان له‌ خوداوه‌ فێربوون یه‌كتریتان خۆشبووێ. چونكه‌ ئه‌مه‌ بۆ هه‌موو برایان له‌ هه‌موو ماقیدۆنیا ده‌كه‌ن. به‌ڵام برایان تكاتان لێ ده‌كه‌ین، زیاتر بكه‌ن. پابه‌ند بن به‌ هێمنی و كاروباری تایبه‌تی خۆتان بكه‌ن و به‌ ده‌ستی خۆتان كاربكه‌ن، وه‌ک ڕامانسپاردوون، تاكو به‌ لێوه‌شاوه‌یی ڕه‌فتار بكه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ و پێویستیتان به‌ كه‌س نه‌بێت. برایان، نامانه‌وێت سه‌باره‌ت به‌ نووستووان نه‌زان بن، تاكو وه‌ک ئه‌وانه‌ی دیكه‌ خه‌مبار نه‌بن كه‌ هیوایان نییه‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر باوه‌ڕمان هه‌بێت كه‌ ئیشۆع مرد و هه‌ستایه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی به‌ ئیشۆعیش نووستوون، خودا له‌گه‌ڵیدا ده‌یانهێنێت. ئێمه‌ش به‌ وشه‌ی په‌روه‌ردگار ئه‌مه‌تان پێ ده‌ڵێن: ئێمه‌ی زیندوو كه‌ ماوین تاكو هاتنه‌وه‌ی په‌روه‌ردگار، پێش نووستووان ناكه‌وین. چونكه‌ په‌روه‌ردگار خۆی به‌ هاوار فه‌رمان ده‌دات، به‌ ده‌نگی سه‌رۆكی فریشته‌كان و به‌ كه‌ڕه‌نای خودا، له‌ ئاسمانه‌وه‌ دێته‌ خواره‌وه‌ و یه‌كه‌مجار مردووان له‌ مه‌سیح هه‌ڵده‌ستنه‌وه‌. ئینجا ئێمه‌ی زیندوو كه‌ ماوین، هه‌موومان له‌گه‌ڵیان له‌ هه‌وردا ده‌ڕفێندرێین بۆ پێشوازیی په‌روه‌ردگار له‌ ئاسماندا، ئیتر هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ په‌روه‌ردگار ده‌بین. بۆیه‌ به‌م قسانه‌ دڵنه‌وایی یه‌كتری بكه‌ن. برایان، سه‌باره‌ت به‌ كات و ده‌م پێویست ناكات بۆتان بنووسین، چونكه‌ خۆتان باش ده‌زانن، كه‌ ڕۆژی په‌روه‌ردگار وه‌ک دزه‌ له‌ شه‌ودا، ئاوا دێت. چونكه‌ كاتێ ده‌ڵێن: “ئاشتی و ئاسووده‌ییه‌”، ئه‌وسا یه‌كسه‌ر له‌ناوچوون دێته‌ سه‌ریان، وه‌ک ژانی سكپڕێک، ده‌ربازیش نابن. به‌ڵام ئێوه‌ برایان، له‌ تاریكیدا نین تاكو ئه‌و ڕۆژه‌ وه‌ک دز له‌ناكاو بێته‌ سه‌رتان. چونكه‌ هه‌مووتان ڕۆڵه‌ی ڕووناكی و ڕۆڵه‌ی ڕۆژن. هی شه‌و و هی تاریكی نین. كه‌واته‌ با‌ وه‌ک خه‌ڵكی دیكه‌ نه‌خه‌وین، به‌ڵكو با بێدار و وریا بین. چونكه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌خه‌ون به‌ شه‌و ده‌خه‌ون و ئه‌وانه‌ی سه‌رخۆش ده‌بن به‌ شه‌و سه‌رخۆش ده‌بن. به‌ڵامئێمه‌ی هی ڕۆژ، با وریا بین و سپه‌ری باوه‌ڕ و خۆشویستن بپۆشین و هیوای ڕزگاری وه‌ک كڵاوی ئاسنین له‌سه‌ر بكه‌ین. چونكه‌ خودا ئێمه‌ی بۆ تووڕه‌یی ده‌ستنیشان نه‌كردووه‌، به‌ڵكو بۆ به‌ده‌ستهێنانی ڕزگاری به‌ ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان، ئه‌وه‌ی له‌ پێناوی ئێمه‌دا مرد، تاكو ئه‌گه‌ر به‌خه‌به‌ر بین یاخود خه‌وتوو، له‌گه‌ڵ ئه‌و بژین. بۆیه‌ دڵنه‌وایی یه‌كتری بكه‌ن و یه‌كتری بنیاد بنێن، وه‌ک ده‌یكه‌ن. ئیتر برایان، داواتان لێ ده‌كه‌ین ڕێزی ئه‌وانه‌ بگرن كه‌ له‌نێوانتاندا ڕه‌نج ده‌ده‌ن و له‌ په‌روه‌ردگار سه‌رپه‌رشتیتان ده‌كه‌ن و ئاگادارتان ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌به‌ر كاره‌كانیان ئه‌وپه‌ڕی ڕێز و خۆشویستنیان بۆ ده‌ربڕن. به‌ ئاشتی له‌گه‌ڵ یه‌كتری بژین. برایان، داواشتان لێ ده‌كه‌ین: سه‌رزه‌نشتی ته‌مبه‌ڵه‌كان بكه‌ن، وره‌ی وره‌دابه‌زیوه‌كان به‌رز بكه‌نه‌وه‌، یارمه‌تی لاوازه‌كان بده‌ن، له‌گه‌ڵ هه‌مووان پشوودرێژ بن. ئاگاداربن پاداشتی خراپه‌ به‌ خراپه‌ مه‌ده‌نه‌وه‌، به‌ڵكو هه‌میشه‌ بۆ یه‌كتری و بۆ هه‌مووان كۆشش بكه‌ن بۆ چاكه‌. هه‌میشه‌ دڵشادبن، بێ بڕانه‌وه‌ نوێژ بكه‌ن، بۆ هه‌موو شتێک سوپاسی خودا بكه‌ن، چونكه‌ خواستی خودا ئه‌مه‌یه‌ بۆ ئێوه‌ له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا. ڕووح مه‌كوژێننه‌وه‌، پێشبینییه‌كان به‌ سووک مه‌زانن، هه‌موو شتێک تاقی بكه‌نه‌وه‌، چی باشه‌ ده‌ستی پێوه‌ بگرن، له‌ هه‌موو شێوه‌یه‌كی خراپه‌ دوور بكه‌ونه‌وه‌. خودای ئاشتی خۆی به‌ ته‌واوی پارساتان بكات. ڕووح و ده‌روون و له‌شتان به‌ ته‌واوی بێ گله‌یی بپارێزێت له‌ هاتنه‌وه‌ی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان. سه‌رڕاسته‌ ئه‌وه‌ی بانگتان ده‌كات، كه‌ ده‌یكات. برایان، له‌پێناومان نوێژ بكه‌ن. به‌ ماچێكی پارسا سڵاو له‌ هه‌موو برایان بكه‌ن. سوێندتان به‌ په‌روه‌ردگار ده‌ده‌م ئه‌م په‌یامه‌ بۆ هه‌موو برا پارساكان بخوێننه‌وه‌. به‌خششی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان له‌گه‌ڵتان بێت. ئامین. پۆڵۆس و شیلاو تیماتیئوس، بۆ وارگه‌ی تسلۆنیقێیه‌كان، له‌ خودای باوكمان و ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگار: به‌خشش و ئاشتیی له‌ خودای باوكمان و ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ بۆ ئێوه‌. برایان، ده‌بێت هه‌رده‌م له‌به‌ر ئێوه‌ سوپاسی خودا بكه‌ین، وه‌ک شایسته‌یه‌، چونكه‌ باوه‌ڕتان زۆر گه‌شه‌ ده‌كات و خۆشویستنی هه‌ر یه‌كێكتان و هه‌موو بۆ یه‌كتری زیاد ده‌كات، ته‌نانه‌ت‌ ئێمه‌ به‌ خۆمان له‌ وارگه‌كانی خودا شانازیتان پێوه‌ ده‌كه‌ین، بۆ دانبه‌خۆداگرتن و باوه‌ڕتان له‌ هه‌موو چه‌وسانه‌وه‌ و ته‌نگانه‌یه‌‌ک كه‌ به‌رگه‌ی ده‌گرن. ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌یه‌ كه‌ حوكمی خودا دادپه‌روه‌رانه‌یه‌، تاكو شیاوی پاشایه‌تیی خودا بن، ئه‌وه‌ی له‌ پێناوی ئازار ده‌چێژن. له‌لای خودا دادپه‌روه‌رانه‌یه‌ ئه‌وانه‌ی ته‌نگتان پێ هه‌ڵده‌چنن سزایان به‌ ته‌نگانه‌ بداته‌وه‌، ئێوه‌ كه‌ له‌ ته‌نگانه‌دان له‌گه‌ڵ ئێمه‌ حه‌سانه‌وه‌تان ده‌بێت، له‌ كاتی ئاشكراكردنی ئیشۆعی په‌روه‌ردگار له‌ ئاسمان له‌گه‌ڵ فریشته‌كانی تواناكه‌ی. له‌ ئاگرێكی گڕداردا سزای ئه‌وانه‌ ده‌دات كه‌ خودا ناناسن و گوێڕایه‌ڵی ئینجیلی ئیشۆعی په‌روه‌ردگارمان نابن، ئه‌وانه‌ به‌ له‌ناوچوونی جاویدانی سزا ده‌درێن، دوور له‌ ئاماده‌گی په‌روه‌ردگار و شكۆی تواناكه‌ی، كاتێ له‌و ڕۆژه‌دا دێته‌وه‌، تاكو له‌ پارساكانی شكۆدار بێت و ببێته‌ سه‌رسامی له‌نێو هه‌موو باوه‌ڕداران، چونكه‌ له‌لای ئێوه‌ گه‌واهیدانمان باوه‌ڕی پێ كرا. هه‌رده‌م نوێژتان بۆ ده‌كه‌ین، تاكو خودامان واتان لێ بكات شایانی بانگه‌وازه‌كه‌ی بن، هه‌موو ئاره‌زوویه‌ک بۆ چاكه‌ و ئه‌و كرداره‌ی به‌ باوه‌ڕه‌ ده‌كرێت به‌ هێزه‌وه‌ ته‌واو بكات، تاكو ناوی ئیشۆعی په‌روه‌ردگارمان له‌ ئێوه‌دا شكۆدار بێت و ئێوه‌ش له‌ودا، به‌ به‌خششی خوداوه‌ندمان و ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگار. ئیتر برایان، ده‌رباره‌ی هاتنه‌وه‌ی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان و كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵیدا، داواتان لێ ده‌كه‌ین تاكو خێرا هزرتان نه‌هه‌ژێت و نه‌ترسن، نه‌ به‌ ڕووحێک، نه‌ به‌ وشه‌یه‌ک، نه‌ به‌ په‌یامێک وه‌ک له‌ ئێمه‌وه‌ بێت، بڵێت ڕۆژی مه‌سیح هاتووه‌. به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک كه‌س هه‌ڵتان نه‌خه‌ڵه‌تێنێ چونكه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ نایێت، ئه‌گه‌ر پێشتر هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ نه‌یێت و مرۆڤی سه‌رپێچی ده‌رنه‌كه‌وێت، ڕۆڵه‌ی له‌ناوچون، ئه‌وه‌ی به‌رهه‌ڵستی ده‌كات و به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌وه‌ی پێی ده‌ووترێ خوداوه‌ند یان په‌رستراو خۆی به‌رز ده‌كاته‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌ په‌رستگای خودا داده‌نیشێت و خۆی به‌ خوداوه‌ند ده‌رده‌خات. ئایا له‌ یادتان نییه‌ كه‌ له‌لاتان بووم ئه‌مانه‌م پێ ده‌ووتن؟ ئێستاش ده‌زانن چی به‌ربه‌سته‌، تاكو له‌ كاتی خۆی ئاشكرا بكرێت. چونكه‌ نهێنیی سه‌رپێچی ئێستا كارده‌كات، ته‌نها تاكو به‌ربه‌ست له‌نێواندا لاده‌چێت. ئه‌وسا سه‌رپێچیكار ئاشكرا ده‌كرێت، ئه‌وه‌ی په‌روه‌ردگار به‌ فووی ده‌می له‌ناوی ده‌بات و به‌ ده‌ركه‌وتنی هاتنه‌وه‌ی كۆتاییی پێ ده‌هێنێت. هاتنه‌وه‌ی سه‌رپێچیكار به‌ كاری شه‌یتانه‌، به‌ هه‌موو په‌رجو و نیشانه‌ و كارێكی سه‌یری درۆیه‌، هه‌روه‌ها هه‌موو به‌دكارییه‌ک بۆ چه‌واشه‌كردنی له‌ناوچووانه‌، چونكه‌ خۆشویستنی ڕه‌وایان په‌سه‌ند نه‌كرد، ئه‌وه‌ی ڕزگاریان ده‌كات. بۆیه‌ خودا چه‌واشه‌ی به‌هێزیان بۆ ده‌نێرێت، تاكو بڕوا به‌ درۆ بكه‌ن، تاكو هه‌موو ئه‌وانه‌ی بڕوا به‌ ڕه‌وا ناكه‌ن و حه‌زیان له‌ ناڕه‌واییه‌، تاوانبار بكرێن. به‌ڵام ئێمه‌ ده‌بێت هه‌رده‌م له‌به‌ر ئێوه‌ سوپاسی خودا بكه‌ین، برایانی خۆشه‌ویستی په‌روه‌ردگار، چونكه‌ خودا له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئێوه‌ی بۆ ڕزگاری هه‌ڵبژاردووه‌، به‌ پارساكردنی ڕووح و بڕواكردنی ڕه‌وا. بۆ ئه‌مه‌ش به‌ ئینجیلمان بانگیكردن، بۆ ده‌ستكه‌وتنی شكۆی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان. كه‌واته‌ برایان، جێگیر بن و ده‌ست بگرن به‌و ئامۆژگاریانه‌ی كه‌ له‌ ئێمه‌وه‌ فێربوون، چ به‌ وشه‌ بێت یان به‌ په‌یام. ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان خۆی له‌گه‌ڵ خودای باوكمان، ئه‌وه‌ی خۆشیویستین و دڵنه‌واییه‌كی جاویدانی و هیوایه‌كی باشی به‌ به‌خشش پێداین، دڵنه‌واییتان بكات و له‌ هه‌موو قسه‌ و كردارێگی چاک جێگیرتان بكات. له‌ كۆتاییدا برایان، له‌پێناومان نوێژ بكه‌ن، تاكو وه‌ک له‌لای ئێوه‌، وشه‌ی په‌روه‌ردگار بڵاو و شكۆدار بێت، هه‌روه‌ها تاكو له‌ كه‌سانی به‌د و خراپ ڕزگارمان بكات، چونكه‌ باوه‌ڕ بۆ هه‌مووان نییه‌. په‌روه‌ردگار سه‌رڕاسته‌، ئه‌وه‌ی جێگیرتان ده‌كات و له‌ به‌دكار ده‌تانپارێزێت. متمانه‌مان به‌ په‌روه‌ردگاره‌ سه‌باره‌ت به‌ ئێوه‌، ئه‌وه‌ی ڕامانسپاردوون ده‌یكه‌ن و به‌رده‌وام ده‌بن. په‌روه‌ردگاریش بۆ خۆشویستنی خودا و دانبه‌خۆداگرتنی مه‌سیح ئاراسته‌ی دڵتان ده‌كات. ئێستاش برایان، به‌ ناوی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان ڕاتانده‌سپێرین، له‌ هه‌ر برایه‌ک دوور بكه‌ونه‌وه‌ كه‌ به‌ ته‌مبه‌ڵی ده‌ژیێت و به‌گوێره‌ی ئه‌و ئامۆژگاریه‌ نییه‌ كه‌ له‌ ئێمه‌ وه‌ریگرتووه‌. چونكه‌ خۆتان ده‌زانن چۆن پێویسته‌ لاسایی ئێمه‌ بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ له‌نێوانتاندا ته‌مبه‌ڵ نه‌بووین، به‌خۆڕایی نانێكی كه‌سمان نه‌خواردووه‌، به‌ڵكو شه‌و و ڕۆژ به‌ ڕه‌نج و ماندووبوون كارمان كردووه‌، تاكو نه‌بینه‌ بار بۆ كه‌ستان. ئه‌مه‌ش نه‌ک بڵێی ده‌سه‌ڵاتمان نییه‌، به‌ڵكو تاكو خۆمان پێشكه‌ش بكه‌ین وه‌ک نموونه‌، تاكو لاساییمان بكه‌نه‌وه‌. چونكه‌ كاتێ له‌لاتان بووین ئه‌م ڕاسپارده‌یه‌مان پێدان: “ئه‌وه‌ی نایه‌وێ كار بكات، ناخوات”. چونكه‌ ده‌بیستین هه‌ندێک له‌نێوتاندا به‌ ته‌مبه‌ڵی ده‌ژین و هیچ كار ناكه‌ن، به‌ڵكو خۆهه‌ڵقورتێنه‌رن. ئه‌مانه‌ به‌ ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگار ڕایانده‌سپێرین و ئامۆژگارییان ده‌كه‌ین، به‌ هێمنی كاربكه‌ن و نانی خۆیان بخۆن. برایان، ئێوه‌ش له‌ چاكه‌كاری شكست مه‌هێنن. ئه‌گه‌ر كه‌سێک گوێڕایه‌ڵی قسه‌مان نه‌بێت به‌م په‌یامه‌، نیشانی بكه‌ن و تێكه‌ڵی مه‌بن، تاكو شه‌رم بكات. به‌ڵام به‌ دوژمنی دامه‌نێن، به‌ڵكو وه‌ک برایه‌ک ئاگاداری بكه‌نه‌وه‌. په‌روه‌ردگاری ئاشتی به‌ خۆی هه‌میشه‌ و له‌ هه‌موو دۆخێكدا ئاشتیتان بداتێ. په‌روه‌ردگار له‌گه‌ڵ هه‌مووتان بێت. من پۆڵۆسم، سڵاوه‌كه‌ به‌ ده‌ستی خۆم ده‌نووسم، كه‌ هێمایه‌كه‌ له‌ هه‌موو په‌یامێک. من ئاوا ده‌نووسم. به‌خششی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان له‌گه‌ڵ هه‌مووتان بێت. ئامین. پۆڵۆس، په‌یامبه‌ری ئیشۆعی مه‌سیح به‌ فه‌رمانی خودای ڕزگاریده‌رمان و ئیشۆعی مه‌سیحی هیوامان، بۆ تیماتیئوس، ڕۆڵه‌ی ڕاسته‌قینه‌م له‌ باوه‌ڕ: به‌خشش و میهره‌ربانی و ئاشتی له‌ خودای باوكمان و ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان. كاتێ ده‌چوومه‌ ماقیدۆنیا، ڕامسپاردی له‌ ئه‌پیسۆس بمێنیته‌وه‌، تاكو خه‌ڵكێک ڕاسپێری فێركردنێكی جیاواز نه‌ده‌ن و گوێ نه‌ده‌نه‌ ئه‌فسانه‌ و ڕه‌چه‌ڵه‌كی بێ پایان، چونكه‌ ده‌مه‌قاڵه‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌، له‌جیاتی بنیادنانی خودایی ئه‌وه‌ی له‌ باوه‌ڕه‌. ئامانجی ئه‌م ڕاسپارده‌یه‌: خۆشویستنه‌ له‌ دڵێكی بێگه‌رد و ویژدانێكی چاک و باوه‌ڕێكی بێ ڕووپامایی. هه‌ندێک له‌مانه‌ لایانداوه‌، به‌لای قسه‌ی ناڕه‌وا‌دا ڕۆیشتوون، ده‌یانه‌وێ ببنه‌ ڕابیی ته‌ورات، ناشزانن چی ده‌ڵێن و بڕیاری چی ده‌ده‌ن. به‌ڵام ئێمه‌ ده‌زانین ته‌ورات چاكه‌، ئه‌گه‌ر یه‌كێک به‌ دروستی به‌كاری بهێنێت، هه‌روه‌ها ده‌زانین ته‌ورات بۆ مرۆڤی بێتاوان دانه‌نراوه‌، به‌ڵكو بۆ سه‌رپێچیكار و یاخیبووان، خوانه‌ناس و گوناهباران، پیس و گڵاوه‌كان، دایک و باوک كوژان، خه‌ڵک كوژان، داوێنپیسان و نێربازان، بازرگانانی كۆیله‌، درۆزن و سوێندخۆرانی به‌ درۆ، هه‌ر شتێكیش دژی فێركردنی دروست بێت، به‌گوێره‌ی ئینجیلی شكۆی خودای پیرۆز، ئه‌وه‌ی به‌ من سپێردراوه‌. سوپاسی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان ده‌كه‌م، ئه‌وه‌ی به‌هێزی كردم و به‌ سه‌رڕاستی داناوم و بۆ ڕاژه‌كردن ده‌ستنیشانی كردم. كه‌ جاران كفركار و چه‌وسێنه‌ر و توندڕه‌و بووم، به‌ڵام به‌زه‌یی پێم هاته‌وه‌، چونكه‌ به‌ نه‌زانی و بێباوه‌ڕی كردوومه‌. به‌خششی په‌روه‌ردگارمان زۆر زیاد بووه‌وه‌ له‌گه‌ڵ باوه‌ڕ و خۆشویستن له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا. ئه‌م وشه‌یه‌ ڕاسته‌ و شایانی ته‌واوی په‌سه‌ندكردنه: ئیشۆعی مه‌سیح بۆ ڕزگاركردنی گوناهباران هاته‌ جیهان منیش یه‌كه‌میانم. به‌ڵام به‌زه‌یی پێمدا هاته‌وه‌، تاكو یه‌كه‌مجار له‌ مندا ئیشۆعی مه‌سیح به‌وپه‌ڕی پشوودرێژیی ده‌ربكه‌وێت، وه‌ک په‌ندێک بۆ ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕی پێ ده‌هێنن بۆ ژیانی جاویدانی. بۆ پاشای جاویدانی، نه‌مر و نه‌بینراو، تاقه‌ خودای دانا، ڕێز و شكۆی تاهه‌تایه‌ بۆ ئه‌وه‌! ئامین. تیماتیئوس، ڕۆڵه‌، ئه‌م ڕاسپارده‌یه‌ت پێ ده‌سپێرم، به‌گوێره‌ی ئه‌و پێشبینییانه‌ی پێشتر ده‌رباره‌ی تۆ وتراوه‌، تاكو به‌هۆیانه‌وه‌ جه‌نگێكی باش بجه‌نگی، باوه‌ڕ و ویژدانێكی چاكت هه‌یه‌. هه‌ندێک ڕه‌تیان كرده‌وه‌، جا له‌لایه‌نی باوه‌ڕه‌وه‌ كه‌شتییان تێكشكا، له‌وانه‌ هیمینایۆس و ئه‌سكه‌نده‌ر، ئه‌وانم دایه‌ ده‌ستی شه‌یتان، بۆ ئه‌وه‌ی فێربن كه‌ كفر نه‌كه‌ن. بۆیه‌ پێش هه‌موو شتێک تكا ده‌كه‌م، نوێژ و نزا و پاڕانه‌وه‌ و سوپاسگوزاریتان بۆ هه‌موو خه‌ڵک بێت، بۆ پاشا و ده‌سه‌ڵاتداران، تاكو ژیانێكی ئاسووده‌ و به‌ هێمن بژین، به‌وپه‌ڕی له‌خوداترسی و ڕێزه‌وه‌. چونكه‌ ئه‌مه‌ چاک و په‌سه‌ندكراوه‌ له‌لای خودای ڕزگاریده‌رمان، ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت هه‌موو خه‌ڵكی ڕزگاریان بێت و بۆ ڕه‌وا ناسین بێن. چونكه‌ خودا یه‌كه‌ و یه‌ک نێوانگر له‌نێوان خودا و مرۆڤدایه‌، ئیشۆعی مه‌سیحی مرۆڤ، ئه‌وه‌ی وه‌ک قوربانی خۆی بۆ هه‌مووان به‌ختكرد، گه‌واهیدانیش له‌ كاتی گونجاو بوو. بۆ ئه‌مه‌ من به‌ موژده‌ده‌رو په‌یامبه‌ر ده‌ستنیشان كراوم، له‌ مه‌سیحدا ڕه‌وا ده‌ڵێم و درۆ ناكه‌م فێركاری باوه‌ڕ و ڕه‌وام بۆ نه‌ته‌وه‌كان. جا ده‌مه‌وێ پیاوان له‌ هه‌موو شوێنێكدا نوێژ بكه‌ن، ده‌ستی بێگه‌ردیان به‌رز بكه‌نه‌وه‌ بێ تووڕه‌یی و مشتومڕ. ژنانیش به‌ پۆشاكی شه‌رمه‌وه‌ خۆیان بڕازێننه‌وه‌، به‌ ڕێز و شیاوی، نه‌ک به‌ ئه‌گریجه‌ و به‌ زێڕ و مرواری و جلی گرانبه‌ها، به‌ڵكو به‌ كرداری چاک شیاوی ژنێک بێت بانگه‌شه‌ی له‌خوداترسی بكات. ژن با له‌ هێمنی و ئه‌وپه‌ڕی ملكه‌چیدا فێر بێت. به‌ڵام ڕێگا ناده‌م ژن فێركردن بدات و ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر پیاودا هه‌بێت، به‌ڵكو له‌ هێمنیدا بێت. چونكه‌ یه‌كه‌مجار ئاده‌م شێوه‌ی كێشرا، ئینجا حه‌وا. هه‌روه‌ها ئاده‌م فریو نه‌درا، به‌ڵكو ژن فریو درا و كه‌وته‌ گوناهه‌وه‌. به‌ڵام به‌ منداڵبوون ڕزگاری ده‌بێت، ئه‌گه‌ر له‌ باوه‌ڕ و خۆشویستن و پارسایی و شیاویدا بمێننه‌وه‌. ئه‌م وشه‌یه‌ ڕاسته‌: ئه‌گه‌ر یه‌كێک چاودێریی ویست، حه‌زی له‌ چاكه‌كارییه‌. چاودێر ده‌بێت گله‌یی له‌سه‌ر نه‌بێت، مێردی یه‌ک ژن بێت، وریا، ژیر و به‌ ڕێز، میواندار بێت، بتوانێت خه‌ڵک فێربكات، سه‌رخۆش و شه‌ڕفرۆش نه‌بێت، چڵێسیی قازانجی به‌د نه‌بێت، به‌ڵكو دڵنه‌رم بێت، ناكۆكی نه‌كات، حه‌زی له‌ پاره‌ نه‌بێت. خێزانه‌كه‌ی باش به‌ڕێوه‌ ببات، منداڵه‌كانی به‌وپه‌ڕی ڕێزه‌وه‌ ملكه‌چ بن، ئه‌گه‌ر كه‌سێک نه‌زانێت خێزانه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌ ببات، چۆن چاودێری وارگه‌ی خودا ده‌كات؟ تازه‌ نه‌بێت له‌ باوه‌ڕ، نه‌وه‌ک لووتبه‌رز بێت و بكه‌وێته‌ سزای ئیبلیسه‌وه‌. ده‌بێت ناوبانگی باش بێت له‌لای ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ن، نه‌وه‌ک قسه‌ی بێته‌ سه‌ر و بكه‌وێته‌ نێو داوی ئیبلیس. ڕاژه‌وانانیش ده‌بێت ڕێزدار بن، دوو زمان نه‌بن، مه‌ی زۆر نه‌خۆنه‌وه‌، چڵێسیی قازانجی به‌د نه‌بن، به‌ ویژدانێكی بێگه‌رد نهێنیی باوه‌ڕ بپارێزن. با یه‌كه‌مجار تاقی بكرێنه‌وه‌، كه‌ بێ گله‌یی بوون، با وه‌ک ڕاژه‌وان ڕاژه‌ بكه‌ن. ژنه‌كانیش ده‌بێت ڕێزدار بن، بوختانكه‌ر نه‌بن، وریابن، له‌ هه‌موو شتێكدا ده‌ستپاک بن. با ڕاژه‌وان مێردی یه‌ک ژن بێت، ماڵ و منداڵیان باش به‌ڕێوه‌ ببه‌ن، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی باش ڕاژه‌یان كردووه‌، پله‌یه‌كی باش و متمانه‌یه‌كی زۆر له‌ باوه‌ڕیان به‌ ئیشۆعی مه‌سیح به‌ده‌ست ده‌هێنن. هه‌رچه‌نده‌ هیوادارم زوو بێمه‌ لات، ئه‌مانه‌ت بۆ ده‌نووسم، تاكو، ئه‌گه‌ر دواكه‌وتم، بزانی له‌ ماڵی خودا خه‌ڵک چۆن ڕه‌فتار بكه‌ن، ئه‌وه‌ی وارگه‌ی خودای زیندووه‌، كۆڵه‌گه و بناغه‌ی ڕه‌وا. به‌ دانپیانانی گشتی، نهێنیی خوداناسی مه‌زنه‌: خودا له‌ له‌شدا ده‌ركه‌وت، له‌ ڕووحدا پاكانه‌ی كرا، له‌لایه‌ن فریشته‌كانه‌وه‌ بینرا، له‌نێو نه‌ته‌وه‌كان ڕاگه‌یه‌ندرا، له‌ جیهاندا باوه‌ڕی پێ هێنرا، له‌ شكۆمه‌ندی به‌رزكرایه‌وه‌. ڕووح به‌ ڕاشكاوی ده‌فه‌رمووێ: له‌ پایانی ڕۆژگار هه‌ندێک له‌ باوه‌ڕ هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، شوێنی ڕووحی چه‌واشه‌ و فێركردنه‌كانی شه‌یتانه‌كان ده‌كه‌ون، له‌ ڕووپامایی درۆزنان، ویژدانیان داخكراوه‌. هاوسه‌رگیری قه‌ده‌غه‌ده‌كه‌ن، فه‌رمانی نه‌خواردن ده‌ده‌ن له‌و خۆراكه‌ی كه‌ خودا ئافراندوویه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی به‌ سوپاسی باوه‌ڕداران و ڕه‌واناسان وه‌ربگیردرێت. چونكه‌ هه‌موو ئافریده‌كانی خودا چاكن، ئه‌گه‌ر شتێک به‌ سوپاسه‌وه‌ وه‌رگیرا ڕه‌ت ناكرێته‌وه‌، چونكه‌ به‌ وشه‌ی خودا و نوێژه‌وه‌ پارسا ده‌كرێت. ئه‌گه‌ر تۆ به‌مانه‌ ڕێنمایی برایان بكه‌یت، ئه‌وا ده‌بیته‌ ڕاژه‌وانێكی باشی ئیشۆعی مه‌سیح، به‌ وشه‌كانی باوه‌ڕ و فێركردنی باش په‌روه‌رده‌ كرایت، ئه‌وه‌ی شوێنی ده‌كه‌ویت. ئه‌فسانه‌ی گڵاوی پیره‌ژنانه‌ ڕه‌تبكه‌وه‌. خۆت ڕابهێنه‌ له‌سه‌ر خوداناسی. چونكه‌ وه‌رزشی له‌ش بۆ هه‌ندێک شت سوودبه‌خشه‌، به‌ڵام خوداناسی بۆ هه‌موو شتێک سوودبه‌خشه‌، چونكه‌ به‌ڵێنی ژیانی ئێستا و داهاتووی تێدایه‌. ئه‌م قسه‌یه‌ ڕاسته‌ و شایانی ته‌واوی په‌سه‌ندكردنه‌ چونكه‌ ئێمه‌ بۆ ئه‌مه‌ ڕه‌نج ده‌ده‌ین و تێده‌كۆشین كه‌ هیوامان به‌ خودای زیندووه‌، ئه‌وه‌ی ڕزگاریده‌ری هه‌موو خه‌ڵكه‌، به‌ تایبه‌تیش باوه‌ڕداران. به‌م شتانه‌ ڕاسپێره‌ و فێر بكه‌. با كه‌س سووكایه‌تی به‌ گه‌نجییه‌تیت نه‌كات، به‌ڵكو ببه‌ نموونه‌ی باوه‌ڕداران له‌ قسه‌ و ڕه‌فتار، له‌ خۆشویستن و باوه‌ڕ و بێگه‌ردیت. تاكو دێم بایه‌خ بده‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ و فێركردن. ئه‌و به‌هره‌یه‌ی له‌ تۆدایه‌ پشتگوێی مه‌خه‌، ئه‌وه‌ی به‌ پێشبینی وه‌رتگرتووه‌ كاتێ پیرانی وارگه‌ ده‌ستیان له‌سه‌ر دانای. له‌ ئه‌مانه‌ چڕببه‌وه‌ و هه‌موو توانای خۆتی تێدا به‌كاربهێنه‌، تاكو پێشكه‌وتنت بۆ هه‌مووان ده‌ربكه‌وێت. ئاگاداری خۆت و فێركردنت به‌، له‌سه‌ری به‌رده‌وام به‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ت كرد خۆت و گوێگرانیشت ڕزگار ده‌كه‌یت. پیر سه‌رزه‌نشت مه‌كه‌، به‌ڵكو وه‌ک باوكێک ئامۆژگاری بكه‌، گه‌نجانیش وه‌ک برا، پیره‌ژن وه‌ک دایک، كچانیش وه‌ک خوشک به‌وپه‌ڕی پێگه‌ردی. ڕێز له‌و بێوه‌ژنانه‌ بگره‌ كه‌ به‌ ڕاستی بێوه‌ژنن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێوه‌ژنێک منداڵ و وه‌چه‌ی هه‌بوو، با فێربن یه‌كه‌مجار وه‌ک ئه‌ركی باوه‌ڕه‌ ڕێز له‌ خانه‌واده‌یان بگرن و چاكه‌ی دایبابیان بده‌نه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ چاک په‌سه‌ندكراوه‌ لای خودا. بێوه‌ژنی ڕاسته‌قینه‌ به‌ ته‌نیایه‌، هیوای به‌ خودایه‌، شه‌و و ڕۆژ به‌رده‌وامه‌ له‌ نوێژ و پاڕانه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ چێژ ده‌ژیێت، به‌ زیندوویی مردووه‌. جا ئه‌مانه‌یان ڕاسپێره‌ تاكو بێ گله‌یی بن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێک بایه‌خ به‌ نزیكه‌كه‌ی نادات به‌ تایبه‌تی خانه‌واده‌كه‌ی، ئه‌وا نكۆڵی له‌ باوه‌ڕ كردووه‌ و خراپتره‌ له‌ بێباوه‌ڕ. ئه‌گه‌ر بێوه‌ژن ته‌مه‌نی له‌ شه‌ست ساڵ كه‌متر نه‌بێت و یه‌ک مێردی هه‌بووبێت له‌ لیست بنووسرێت، به‌ چاكه‌كاری گه‌واهیی بۆ بدرێت، منداڵی به‌خێو كردبێت، میوانداری كردبێت، پێی پارساكانی شۆردبێت، یارمه‌تی لێقه‌وماوانی دابێت، به‌ هه‌موو چاكه‌كارییه‌ک هه‌ستا بێت. به‌ڵام بێوه‌ژنانی گه‌نج له‌م لیسته‌یه‌ دامه‌نێن، چونكه‌ كاتێ زه‌وقیان هه‌ستێت پشت له‌ مه‌سیح ده‌كه‌ن، حه‌ز له‌ شووكردنه‌وه‌ ده‌كه‌ن. ئینجا تاوانبار ده‌كرێن، چونكه‌ په‌یمانی یه‌كه‌میان شكاندووه‌. هه‌روه‌ها فێری بێكاری و ماڵه‌وماڵكردن ده‌بن، نه‌ک ته‌نها بێكاری، به‌ڵكو غه‌یبه‌تكاری و خۆخستنه‌ كاروباری خه‌ڵک، باسی شتی ناشیاو ده‌كه‌ن. بۆیه‌ ده‌مه‌وێ بێوه‌ژنانی گه‌نج مێرد بكه‌نه‌وه‌، تاكو منداڵیان ببێت، ماڵ به‌ڕێوه‌ ببه‌ن، ده‌رفه‌تێک نه‌ده‌نه‌ دوژمن بۆ بوختان پێكردن. چونكه‌ هه‌ندێكیان لایاندا به‌دوای شه‌یتانه‌وه‌. ئه‌گه‌ر باوه‌ڕدارێک بێوه‌ژنێكی له‌ كه‌سوكاری هه‌بوو، با یارمه‌تیی بدات و نه‌بێته‌ بار به‌سه‌ر وارگه‌وه‌، تاكو وارگه‌ یارمه‌تی ئه‌وانه‌ بدات كه‌ به‌ ڕاستی بێوه‌ژنن. ئه‌و پیرانه‌ی باش به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ده‌كه‌ن، شایانی ڕێزێكی دووقاتن، به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی ڕه‌نج ده‌ده‌ن له‌ وشه‌ و فێركردن. چونكه‌ سیپاره‌كه‌ ده‌فه‌رمووێ: “له‌ كاتی گێره‌كردن ده‌می گا مه‌گره‌”، هه‌روه‌ها: “كارگه‌ر شایانی كرێی خۆیه‌تی”. سكاڵا له‌سه‌ر هیچ پیرێک په‌سه‌ند مه‌كه‌، به‌ دوو یان سێ گه‌واهیده‌ر نه‌بێت. ئه‌وانه‌ی گوناه‌ ده‌كه‌ن له‌به‌رده‌م هه‌مووان سه‌رزه‌نشتیان بكه‌، تا ئه‌وانی دیكه‌ش بترسن. له‌به‌رده‌م خودا و ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگار و فریشته‌ بژارده‌كان تكات لێ ده‌كه‌م، ئه‌م ڕاسپاردانه‌ بپارێزه‌ به‌ بێ مه‌به‌ست، هیچ شتێک به‌ لایه‌نگیریه‌وه‌ مه‌كه‌. به‌ په‌له‌ ده‌ست له‌سه‌ر كه‌س دامه‌نێ، به‌شداری گوناهی خه‌ڵكی دیكه‌ مه‌كه‌. خۆت به‌ بێگه‌ردی ڕابگره‌. ئیتر ته‌نها ئاو مه‌خۆوه‌، به‌ڵكو كه‌مێک مه‌ی به‌كاربهێنه‌ له‌به‌ر گه‌ده‌ و نه‌خۆشییه‌ زۆره‌كانت. هه‌ندێک گوناهه‌كانیان ڕوونه‌، پێشیان ده‌كه‌وێت بۆ حوكمدان، هه‌روه‌ها هه‌ندێک دوایان ده‌كه‌وێت. به‌ هه‌مان شێوه‌ كرداری چاكیش ڕوونه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی ئاشكراش نین ناتوانرێ بشاردرێته‌وه‌. هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ژێر نیری كۆیلایه‌تین، با وا دابنێن گه‌وره‌كانیان شایانی ئه‌وپه‌ڕی ڕێزن، نه‌وه‌ک كفر به‌ ناوی خودا و ئامۆژگارییه‌كه‌ی بكرێت. ئه‌وانه‌ی گه‌وره‌كانیان باوه‌ڕدارن با سووكایه‌تییان پێ نه‌كه‌ن، چونكه‌ بران، به‌ڵكو زیاتر ڕاژه‌یان بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی سوود له‌ ڕاژه‌یان وه‌رده‌گرن باوه‌ڕدار و خۆشه‌ویستن. جا ئه‌مانه‌یان فێربكه‌ و ئامۆژگارییان بكه‌. ئه‌گه‌ر یه‌كێک به‌ فێركردنێكی دیكه‌ خه‌ڵک فێرده‌كات كه‌ ناگونجێت له‌گه‌ڵ وشه‌ی دروستی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان و له‌گه‌ڵ ئه‌و فێركردنه‌ی له‌سه‌ر خوداناسی ڕاوه‌ستاوه‌، ئه‌وا لووتبه‌رزه‌ و هیچ تێناگات، به‌ڵكو حه‌ز له‌ شه‌ڕه‌قسه‌ و ده‌م ده‌مانێ ده‌كات كه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئیره‌یی و ناكۆكی و بوختان و گومانی خراپ و ململانێ. ئه‌مانه‌ش خه‌ڵكانێكن كه‌ هزریان گه‌نده‌ڵ بووه‌ و ڕه‌وایان لێ ون بووه‌، خوداناسی به‌ بازرگانی داده‌نێن، له‌و كه‌سانه‌ دوور بكه‌وه‌. ڕاسته‌ خوداناسی ئه‌گه‌ر به‌ قه‌ناعه‌ته‌وه‌ بێت بازرگانییه‌كی مه‌زنه‌. چونكه‌ هیچمان نه‌هێناوه‌ بۆ جیهان، ئاشكرایه‌ ناتوانین هیچیشی لێ ببه‌ینه‌ ده‌ره‌وه‌. جا ئه‌گه‌ر خواردن و پۆشاكمان هه‌یه‌ با پێی ڕازیبین. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ ده‌وڵه‌مه‌ند بن، ده‌كه‌ونه‌ تاقیكردنه‌وه‌ و داو، زۆر ئاره‌زووی گه‌وج و زیانبه‌خش كه‌ مرۆڤ تێبكه‌وێت و له‌ناوبچێت. چونكه‌ خۆشویستنی پاره‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌موو خراپه‌یه‌كه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ندێ كه‌س به‌ دوایدا بگه‌ڕێن ون ده‌بن له‌ باوه‌ڕیان و خۆیان تووشی ئازارێكی زۆر ده‌كه‌ن. به‌ڵام تۆ، ئه‌ی پیاوی خودا له‌م شتانه‌ هه‌ڵبێ. به‌دوای خوداناسی و خواترسی و باوه‌ڕ و خۆشویستن و دانبه‌خۆداگرتن و دڵنه‌رمیدا بگه‌ڕێ. له‌ تێكۆشانی باوه‌ڕدا باش تێبكۆشه‌، ده‌ست به‌ ژیانی جاویدانیه‌وه‌ بگره‌، ئه‌وه‌ی خودا بانگی كردووی بۆی، كاتێ باش دانت پیاناوه‌ له‌به‌رده‌م گه‌واهیده‌ری زۆردا. ڕاتده‌سپێرم له‌به‌رده‌م خودا، ئه‌وه‌ی هه‌مووان زیندوو ده‌كاته‌وه‌ و له‌به‌رده‌م ئیشۆعی مه‌سیح، ئه‌وه‌ی گه‌واهیی باشی دا له‌لای پیڵاتوسی پونتی، كه‌وا به‌ بێگه‌ردی و بێ گله‌یی ئه‌و ڕاسپاردانه‌ بپارێزیت، تاكو ڕۆژی ده‌ركه‌وتنی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان، ئه‌وه‌ی خودا له‌ كاتی دیاریكراو ده‌ریده‌خات، خودای پیرۆز و تاقه‌ سه‌رۆک، پاشای پاشایان، په‌روه‌ردگاری په‌روه‌ردگاران، ته‌نها ئه‌و نه‌مره‌، له‌ ڕووناكیه‌ک نیشته‌جێیه‌ كه‌ كه‌س لێی نزیک نابێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی كه‌س نه‌یبینیوه‌ و ناتوانێ بیبینێت، بۆ ئه‌وه‌ ڕێز و توانای جاویدانی. ئامین. ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی ئه‌م ڕۆژگاره‌ ڕاسپێره‌ لووتبه‌رز نه‌بن و هیوایان به‌ سامانی له‌ناوچوو نه‌بێت، به‌ڵكو به‌ خودای زیندوو، كه‌ هه‌موو شتێكمان به‌ تێروپڕی ده‌داتێ تاكو خۆشیی لێ ببینین. ڕایانبسپێره‌ چاكه‌ بكه‌ن و له‌ كاری چاكه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بن، ده‌ستواڵا بن له‌ به‌خشین و له‌ یارمه‌تیدان، به‌م شێوه‌یه‌ گه‌نجینه‌ و بناغه‌یه‌كی چاک بۆ دواڕۆژ داده‌نێن و ژیانێكی جاویادانی به‌ده‌ست ده‌هێنن. تیماتیئوس، سپارده‌كه‌ بپارێزه‌. خۆت دوور بخه‌وه‌ له‌ قسه‌ی ناڕه‌وا و له‌و وته‌ بێ كه‌ڵكانه‌ی به‌ درۆ ناونراوه‌ زانست، كه‌ هه‌ندێ كردیانه‌ پیشه‌ و سه‌باره‌ت به‌ باوه‌ڕ گومڕا بوون. به‌خششت له‌گه‌ڵ بێت. ئامین. پۆڵۆس، په‌یامبه‌ری ئیشۆعی مه‌سیح به‌ خواستی خودا له‌پێناوی به‌ڵێنی ژیان له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا، بۆ ڕۆڵه‌ی خۆشه‌ویستم تیماتیئوس: به‌خشش و به‌زه‌یی و ئاشتی له‌ خودای باوک و ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان. سوپاسی خودا ده‌كه‌م، ئه‌وه‌ی هه‌روه‌ک باوباپیرانم به‌ ویژدانێكی بێگه‌رد ده‌یپه‌رستم، كاتێ شه‌و و ڕۆژ بێ بڕانه‌وه‌ له‌ نزاكانم یادت ده‌كه‌م، كاتێ یادی فرمێسكه‌كانت ده‌كه‌مه‌وه‌، تامه‌زرۆی بینینت ده‌بم تاكو پڕبم له‌ شادی. باوه‌ڕی بێ ڕووپامایی تۆم وه‌بیر دێته‌وه‌ كه‌ له‌ تۆدایه‌، ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مجار له‌ لوئیسی نه‌نكت و ئه‌فنیكی دایكت نیشته‌جێ بوو، دڵنیام له‌ تۆشدایه‌. له‌به‌ر ئه‌مه‌ وه‌بیرت دێنمه‌وه‌ به‌هره‌ی خودا هه‌ڵبگیرسێنی، ئه‌وه‌ی له‌ تۆ دایه‌ به‌ ده‌ستدانانی من. چونكه‌ خودا ڕووحی شكستهێنانی پێمان نه‌داوه‌، به‌ڵكو ڕووحی هێز و خۆشویستن و خۆڕاگری. بۆیه‌ شه‌رمت به‌ گه‌واهیی په‌روه‌ردگارمان نه‌بێت، هه‌روه‌ها به‌ منیش كه‌ به‌ندكراوی ئه‌وم، به‌ڵكو به‌شداریی ئازار بكه‌ له‌پێناوی ئینجیل، به‌گوێره‌ی هێزی خودا، ئه‌وه‌ی ڕزگاری كردین و به‌ بانگه‌وازێكی پارسا بانگی كردین، نه‌ک به‌گوێره‌ی كردارمان، به‌ڵكو به‌گوێره‌ی مه‌به‌ست و به‌خششی خۆی كه‌ پێش ده‌ستپێكی زه‌مانه‌ ئه‌زه‌لیه‌كان به‌ ئیشۆعی مه‌سیح پێمان دراوه‌، ئێستاش ئاشكرا بوو به‌ ده‌ركه‌وتنی ئیشۆعی مه‌سیحی ڕزگاریده‌رمان، ئه‌وه‌ی مه‌رگی پووچه‌ڵ كرده‌وه‌، ژیان و نه‌مری به‌هۆی ئینجیل ڕووناک كرده‌وه‌، ئه‌وه‌ی من بۆی ده‌ستنیشان كرام به‌ بانگه‌وازده‌ر و په‌یامبه‌ر و فێرگه‌ری نه‌ته‌وه‌كان. له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ش ئه‌م ئازارانه‌ ده‌چێژم، به‌ڵام شه‌رم ناكه‌م، چونكه‌ ده‌زانم باوه‌ڕم به‌ كێ هێناوه‌، دڵنیام ئه‌و ده‌توانێ پارێزگاری سپارده‌كه‌م بكات تا ئه‌و ڕۆژه‌. دوای په‌ندی ئه‌و وشه‌ دروستانه‌ بكه‌وه‌ كه‌ له‌ منت بیستووه‌، له‌ باوه‌ڕ و خۆشویستن له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا. سپارده‌ چاكه‌كه‌ به‌ ڕووحی پارسا بپارێزه‌ كه‌ تیاماندا نیشته‌جێیه‌. تۆ ئه‌مه‌ ده‌زانی، هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ئاسیادان لێم هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌، له‌وانه‌ فیجلۆس و هرمۆجینیس. په‌روه‌ردگار به‌زه‌یی بداته‌ خێزانی ئۆنیسیفۆرس، چونكه‌ زۆر جار منی حه‌ساندوه‌ته‌وه‌ و شه‌رمی به‌ زنجیرم نه‌بووه‌. به‌ڵكو كاتێ له‌ ڕۆما بوو، به‌ په‌رۆشیه‌وه‌ به‌دوامدا گه‌ڕا و منی دۆزییه‌وه‌. له‌و ڕۆژه‌دا په‌روه‌ردگار پێی بدات به‌زه‌یی په‌روه‌ردگار بدۆزێته‌وه‌. باش ده‌زانیت له‌ ئه‌پیسۆسدا له‌ چه‌ند لایه‌ک ڕاژه‌ی كرد. بۆیه‌ ڕۆڵه‌، تۆ به‌هێزبه‌ به‌و به‌خششه‌ی له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدایه‌. ئه‌وه‌ی له‌ منت بیستووه‌ له‌به‌رده‌م چه‌نده‌ها گه‌واهیده‌ر، به‌ خه‌ڵكی سه‌رڕاستی بسپێره‌ كه‌ لێهاتوو بن، خه‌ڵكی دیكه‌ش فێربكه‌ن. به‌شداریی ئازار بكه‌ وه‌ک سه‌ربازێكی چاک بۆ ئیشۆعی مه‌سیح. سه‌ربازێک خۆی به‌ كاروباری ڕۆژگار خه‌ریک ناكات تاكو فه‌رمانده‌كه‌ی ڕازی بكات. ئه‌گه‌ر یه‌كێک پێشبڕكێ بكات، خه‌ڵات ناكرێت ئه‌گه‌ر به‌گوێره‌ی یاسای پێشبڕكێ نه‌كات. جوتیاری ڕه‌نجده‌ر ده‌بێ یه‌كه‌م بێت له‌ به‌شی به‌رهه‌م. تێبگه‌ له‌وه‌ی ده‌یڵێم. په‌روه‌ردگار پێت بدات له‌ هه‌موو شتێک تێبگه‌یت. یادی ئیشۆعی مه‌سیح بكه‌، هه‌ستاوه‌ی نێو مردووان، له‌ نه‌وه‌ی داویده‌، به‌گوێره‌ی ئینجیله‌كه‌م، ئه‌وه‌ی له‌ پێناوی ئازار ده‌چێژم تاكو كۆتكردن وه‌ک خراپه‌كارێک، به‌ڵام وشه‌ی خودا كۆت ناكرێت. بۆیه‌ به‌رگه‌ی هه‌موو شتێک ده‌گرم، له‌پێناوی بژارده‌كان، تاكو ئه‌وانیش له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا ڕزگاری به‌ده‌ست بهێنن له‌گه‌ڵ شكۆی جاویدانی. ئه‌م وشه‌یه‌ ڕاسته‌: ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵیدا مردبین، له‌گه‌ڵیشی ده‌ژین، ئه‌گه‌ر دانبه‌خۆدا بگرین، له‌گه‌ڵیدا فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كه‌ین. ئه‌گه‌ر نكۆڵی لێ بكه‌ین، ئه‌ویش نكۆڵیمان لێده‌كات. ئه‌گه‌ر سه‌رڕاست نه‌بین، ئه‌و هه‌ر به‌ سه‌رڕاستی ده‌مێنێته‌وه‌، چونكه‌ ناتوانێت نكۆڵی له‌ خۆی بكات. ئه‌مانه‌یان بیربخه‌وه‌ و له‌ شه‌ڕه‌قسه‌ ئاگاداریان بكه‌وه‌ له‌به‌رده‌م خودا، چونكه‌ سوودی نییه‌، به‌ڵكو بیسه‌ران ده‌ڕوخێنێت. كۆشش بكه‌ خۆت بسه‌لمێنی بۆ خودا، كارگه‌رێكی بێ شه‌رمه‌زاری، وشه‌ی ڕه‌وا به‌ ڕێگای ڕاست لێک بده‌یته‌وه‌. خۆت له‌ قسه‌ی ناڕه‌وا و خراپ بپارێزه‌، چونكه‌ زیاتر به‌ره‌و خوانه‌ناسی ده‌چن. وشه‌كانیان وه‌ک لاڕه‌شه‌یه‌ ته‌شه‌نه‌ ده‌كات. له‌وانه‌ هیمینایۆس و پیلێتۆس، كه‌ له‌ ڕه‌وا ده‌رچوون و ده‌ڵێن: “هه‌ستانه‌وه‌ ڕوویداوه‌” ئیتر باوه‌ڕی هه‌ندێک هه‌ڵده‌گێڕنه‌وه‌. به‌ڵام بناغه‌ تونده‌كه‌ی خودا چه‌سپاوه‌، ئه‌م مۆره‌ی له‌سه‌ره‌: “په‌روه‌ردگار ئه‌وانه‌ی هی خۆیه‌تی ده‌یانناسێت” و “ئه‌وه‌ی ناوی مه‌سیحی له‌سه‌ره‌، با له‌ به‌دكاری دووربكه‌وێته‌وه‌”. به‌ڵام له‌ ماڵی گه‌وره‌دا هه‌ر ده‌فری زێڕ و زیو نییه‌، به‌ڵكو ته‌خته‌ و قوڕیش، هه‌ندێكیان بۆ ڕێزلێنانن ئه‌وانی دیكه‌ بۆ سووكین. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێک خۆی له‌مانه‌ بێگه‌رد بكاته‌وه‌، ئه‌وا ده‌بێته‌ ده‌فرێک بۆ ڕێزلێنان، پارسا و سوودبه‌خش بۆ گه‌وره‌كه‌ی، ئاماده‌ بۆ هه‌موو كارێكی چاک. له‌ هه‌وه‌سه‌كانی گه‌نجییه‌تی هه‌ڵبێ، كۆشش بكه‌ بۆ خوداناسی و باوه‌ڕ و خۆشویستن و ئاشتی له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی به‌ دڵێكی پاک له‌ په‌روه‌ردگار ده‌پاڕێنه‌وه‌. له‌ گفتوگۆی ناڕه‌وا و نه‌زان دووربكه‌وه‌، بزانه‌ ناكۆكیی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌. به‌نده‌ی په‌روه‌ردگار نابێ ناكۆک بێت، به‌ڵكو نه‌رم بێت له‌گه‌ڵ هه‌مووان، گونجاو بێت بۆ فێركردن، ئارامگرتوو بێت. ئه‌وانه‌ی به‌ربه‌ره‌كانێی ده‌كه‌ن به‌ دڵنه‌رمی ڕاستیان بكاته‌وه‌، به‌ هیوای ئه‌وه‌ی خودا تۆبه‌كردنی ڕه‌وا ناسینیان بداتێ و له‌ داوی شه‌یتان هۆشیان به‌خۆیاندا بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی بۆ خواستی خۆی به‌ندی كردن. ئه‌مه‌ بزانه‌، له‌ ڕۆژانی پایاندا كاتێكی ته‌نگانه‌ دادێت. چونكه‌ خه‌ڵكی خۆیان خۆشده‌وێ، پاره‌یان خۆشده‌وێ، لووتبه‌رز، خۆهه‌ڵكێش، زمان پیس، گوێڕایه‌ڵی دایبابیان نابن، سوپاسگوزار نین، گڵاو، بێ سۆز، ناڕه‌زا، بوختانكه‌ر، ناپاک، دڕنده‌، حه‌ز له‌ چاكه‌ ناكه‌ن، ناپاک، سه‌ره‌ڕۆ، له‌خۆبایی، خۆویستن و خودایان خۆش ناوێت، ڕواڵه‌تی خواترسییان هه‌یه‌، به‌ڵام نكۆڵی له‌ هێزه‌كه‌ی ده‌كه‌ن. جا له‌وانه‌ دوور بكه‌وه‌. چونكه‌ ئه‌وانه‌ به‌ ماڵاندا ده‌گه‌ڕێن، ژنه‌ لاوازه‌كان ده‌سته‌مۆ ده‌كه‌ن، كه‌ به‌ بارگرانی گوناهه‌وه‌ شوێنی هه‌وه‌سی جۆراوجۆر كه‌وتوون، هه‌رده‌م فێر ده‌بن، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانن ڕه‌وا بناسن. وه‌ک یه‌نیس و یه‌مبریس به‌ربه‌ره‌كانێی مووشێیان كرد، ئه‌وانه‌ش به‌ربه‌ره‌كانێی ڕه‌وا ده‌كه‌ن، ئه‌و خه‌ڵكه‌ هزریان گه‌نده‌ڵ بووه‌ و له‌لایه‌ن باوه‌ڕ ڕه‌تكراونه‌ته‌وه‌. به‌ڵام زیاتر پێش ناكه‌ون، چونكه‌ گێلایه‌تییان بۆ هه‌مووان ده‌رده‌كه‌وێت، وه‌ک گێلایه‌تیی ئه‌وانی لێهات. به‌ڵام تۆ، فێركردنم و سه‌ربورده‌م و ئامانج و باوه‌ڕ و ئارامگرتن و خۆشویستن و دانبه‌خۆداگرتن، چه‌وسانه‌وه‌ و ئازاری منت زانی، ئه‌وه‌ی له‌ ئینتیاكیا و ئیقانون و لیستره‌ به‌سه‌رم هات، به‌رگه‌ی چ چه‌وسانه‌وه‌یه‌كم گرت! په‌روه‌ردگاریش له‌ هه‌موویان ده‌ربازی كردم. هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا به‌ خواترسی بژین، ده‌چه‌وسێندرێنه‌وه‌. به‌ڵام خه‌ڵكی به‌دكار و فێڵبازان به‌ره‌و خراپتر ده‌ڕۆن، چه‌واشه‌كار و چه‌واشه‌كراو. به‌ڵام تۆ، بمێنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی فێری بوویت و دڵنیابوویت، زانیت له‌ كێ فێربوویت، هه‌روه‌ها له‌ منداڵییه‌وه‌ له‌ سیپاره‌ پارسا‌كان ده‌زانیت كه‌ ده‌توانن بتكه‌نه‌ دانا بۆ ڕزگاری، به‌ باوه‌ڕ به‌ ئیشۆعی مه‌سیح. هه‌موو سیپاره‌كان به‌ سروشی خودایه‌، سوودبه‌خشه‌ بۆ فێركردن و سه‌رزه‌نشت و ڕاسته‌ڕێكردن و لێڕاهێنان له‌ خوداناسی، تاكو مرۆڤی خودا ته‌واو بێت، ئاماده‌ بێت بۆ هه‌موو كارێكی چاک. له‌به‌رده‌م خودا و ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگار، ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوو له‌ كاتی ده‌ركه‌وتنی و پاشایێتیه‌كه‌ی، زیندووان و مردووان حوكم ده‌دات، ڕاتده‌سپێرم: وشه‌كه‌ ڕابگه‌یه‌نه‌، ئاماده‌ به‌ له‌ كاتی گونجاو و نه‌گونجاو، سه‌رزه‌نشت بكه‌، ڕابخوڕه‌، ئامۆژگاری بكه‌ به‌وپه‌ڕی پشوودرێژی و فێركردنه‌وه‌. چونكه‌ كاتێ دێت به‌رگه‌ی فێركردنی دروست ناگرن، به‌ڵكو به‌گوێره‌ی هه‌وه‌سی تایبه‌تی خۆیان ڕابی كۆده‌كه‌نه‌وه‌ قدیلكه‌ی گوێیان بكاته‌وه‌. بۆ ڕه‌وا گوێیان داده‌خه‌ن، به‌ره‌و ئه‌فسانه‌ لاده‌ده‌ن. به‌ڵام تۆ، له‌ هه‌موو شتێكدا وریابه‌، له‌ ئازاردا دان بگره‌، كاری موژده‌ده‌ری بكه‌، ڕاژه‌ی خۆت ته‌واو بكه‌. چونكه‌ من وا وه‌ک مه‌یی پێشكه‌شكراو ده‌ڕژێم و كاتی كۆچكردنم هاتووه‌. تێكۆشانێكی باش تێكۆشاوم، پێشبڕكێیه‌كه‌م ته‌واو كرد، باوه‌ڕم پاراست. ئێستا تاجی خوداناسیم بۆ دانراوه‌، ئه‌وه‌ی په‌روه‌ردگاری دادوه‌ره‌ له‌و ڕۆژه‌دا ده‌مداتێ، ته‌نها بۆ من نییه‌، به‌ڵكو بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌شه‌ كه‌ تامه‌زرۆی ده‌ركه‌وتنین. هه‌وڵ بده‌ زوو بێیته‌ لام، چونكه‌ دیماس به‌جێیهێشتم، ئه‌م ڕۆژگاره‌ی خۆشویست و چووه‌ تسلۆنیقێ، كریسكیش بۆ گه‌ڵاتیه‌ و تتوس بۆ ده‌لماتیا. به‌ ته‌نیا لۆقام له‌لایه‌. مه‌رقوس له‌گه‌ڵ خۆت بهێنه‌، چونكه‌ بۆ من سوودبه‌خشه‌ بۆ ڕاژه‌كردن. تۆخیقۆسم ناردووه‌ بۆ ئه‌پیسۆس. كاتێ هاتی، ئه‌و كراسه‌ی له‌ ترۆئۆس لای كارپۆس به‌جێم هێشت، له‌گه‌ڵ خۆتی بهێنه‌، په‌رتووكه‌كانیش به‌ تایبه‌ت ده‌سنووسه‌كان. ئه‌سكه‌نده‌ری مسگه‌ر زۆر خراپه‌ی له‌گه‌ڵ كردم، په‌روه‌ردگار به‌پێی كرداره‌كانی پاداشتی بدات. خۆتی لێ بپارێزه‌، چونكه‌ زۆر به‌رهه‌ڵستی قسه‌كانمانی كرد. له‌ به‌رگری یه‌كه‌مم كه‌س له‌گه‌ڵم نه‌هات، به‌ڵكو هه‌موو به‌جێیان هێشتم. له‌سه‌ریان هه‌ژمارد نه‌كرێت. به‌ڵام په‌روه‌ردگار له‌گه‌ڵم وه‌ستا و به‌هێزی كردم، تاكو به‌ منه‌وه‌ به‌ ته‌واوی موژده‌ بدرێت و هه‌موو گه‌لان ببیستن. ئیتر له‌ ده‌می شێر ده‌رباز بووم. په‌روه‌ردگار له‌ هه‌موو خراپه‌یه‌كی دادێت ده‌ربازم ده‌كات و ڕزگارم ده‌كات بۆ پاشایه‌تیه‌ ئاسمانییه‌كه‌ی. تاهه‌تایه‌ شكۆ بۆ ئه‌وه‌! ئامین. سڵاو له‌ پریسقیلا و ئه‌كیلا و خێزانی ئۆنیسیفورس بكه‌. ئه‌ڕاستۆس له‌ قۆرنتێ مایه‌وه‌، به‌ڵام تروپیمۆس به‌ نه‌خۆشی له‌ میلیتس به‌جێم هێشت. هه‌وڵ بده‌ پێش زستان بێی. ئوبولۆس و پودیس و لینۆس و كلودیا و هه‌موو برایان سڵاوت لێده‌كه‌ن. ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگار له‌گه‌ڵ ڕووحت بێت. به‌خششتان له‌گه‌ڵ بێت. ئامین. پۆڵۆس، به‌نده‌ی خودا و په‌یامبه‌ری ئیشۆعی مه‌سیح، له‌ پێناوی باوه‌ڕی بژارده‌كانی خودا و ناسینی ڕه‌وا كه‌ به‌گوێره‌ی خواترسییه‌، به‌ هیوای ژیانی جاویدانی، ئه‌وه‌ی خودا، كه‌ درۆ ناكات، پێش ده‌ستپێكی زه‌مانه‌ ئه‌زه‌لیه‌كان به‌ڵێنی پێ داوه‌، له‌ كاتی خۆیدا وشه‌كه‌ی به‌ ڕاگه‌یاندن ده‌رخست، ئه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی فه‌رمانی خودای ڕزگاریده‌رمان به‌ من سپێردرا. بۆ تتوسی ڕۆڵه‌ی ڕاسته‌قینه‌م به‌گوێره‌ی باوه‌ڕی هاوبه‌ش: به‌خشش و میهره‌بانی و ئاشتی له‌ خودای باوک و ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگاری ڕزگاریده‌رمان. له‌به‌ر ئه‌مه‌ تۆم له‌ قرێتێ به‌جێهێشت، تاكو ئه‌و شتانه‌ی ماونه‌ته‌وه‌ ڕێكیان بخه‌یت و له‌ هه‌موو شارێک پیران دابنێیت، وه‌ک ڕامسپاردوویت، ئه‌گه‌ر یه‌كێک گله‌یی له‌سه‌ر نه‌بێت، مێردی یه‌ک ژن بێت، منداڵه‌كانی باوه‌ڕداربن و كه‌س له‌سه‌ر به‌ڕه‌ڵایی و یاخیبوون سكاڵایان لێ نه‌كات. چونكه‌ پێویسته‌ چاودێر گله‌یی له‌سه‌ر نه‌بێت وه‌ک سه‌ركاری خودا، خۆسه‌پێن و تووڕه‌ و سه‌رخۆش و شه‌ڕفرۆش نه‌بێت، چڵێسیی قازانجكردنی به‌د نه‌بێت، به‌ڵكو میواندار بێت، خێرخواز بێت، ژیر بێت، خوداناس و پارسا و خۆڕاگر بێت. ده‌ست به‌ وشه‌ی متمانه‌ بگرێ كه‌ به‌گوێره‌ی ئامۆژگاریه‌، تاكو بتوانێت به‌ فێركردنێكی دروست ئامۆژگاری بكات، سه‌رزه‌نشتی به‌رهه‌ڵستكاران بكات. چونكه‌ یاخیبوو زۆرن، فێڵبازن و قسه‌ی ناڕه‌وا ده‌كه‌ن، به‌ تایبه‌تی بۆ خروسه‌بڕاوان. كه‌ ده‌بێت ده‌میان دابخرێت، چونكه‌ ته‌واوی خێزانه‌كان به‌ فێركردنێک تێكده‌ده‌ن كه‌ ناشێت، له‌پێناوی قازانجكردنی به‌د. یه‌كێكیان كه‌ پێغه‌مبه‌رێكی خۆیانه‌، وتی: “قرێتێییه‌كان هه‌رده‌م درۆزنن، دڕه‌نده‌ی به‌دكارن، نه‌وسن و ته‌مبه‌ڵن”. ئه‌م گه‌واهییه‌ ڕاسته‌. بۆیه‌ به‌ توندی سه‌رزه‌نشتیان بكه‌، تاكو له‌ باوه‌ڕدا دروست بن، گوێ نه‌ده‌ن به‌ ئه‌فسانه‌ی جوو و ڕاسپارده‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ ڕه‌وا هه‌ڵگه‌ڕاونه‌ته‌وه‌‌. بۆ بێگه‌رده‌كان هه‌موو شتێک بێگه‌رده‌، به‌ڵام بۆ گڵاو و بێباوه‌ڕان هیچ شتێک بێگه‌رد نییه‌، به‌ڵكو هزر و ویژدانیشیان گڵاو بووه‌. ده‌ڵێن كه‌وا خودا ده‌ناسن، به‌ڵام به‌ كرده‌وه‌یان نكۆڵیی لێده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ قێزه‌وه‌نن، گوێڕایه‌ڵ نین، به‌كه‌ڵكی هیچ چاكه‌كارییه‌ک نایه‌ن. به‌ڵام تۆ، با قسه‌كانت له‌ فێركردنی دروست بوه‌شێته‌وه‌: با پیره‌مێرده‌كان وریابن، به‌ڕێز و ژیر و دروست بن له‌ باوه‌ڕ و خۆشویستن و دانبه‌خۆداگرتن. هه‌روه‌ها پیره‌ژنه‌كان با ڕه‌فتاریان له‌گه‌ڵ پارسایی بگونجێت، بوختانكه‌ر نه‌بن، خوویان به‌ مه‌ی نه‌گرتبێت، فێركاری چاكه‌ بن، تاكو ئامۆژگاریی ژنه‌ گه‌نجه‌كان بكه‌ن مێرد و منداڵیان خۆشبووێ، ژیر و پاک و به‌ ماڵه‌وه‌ سه‌رقاڵ بن، چاک بن، ملكه‌چی مێرده‌كانیان بن، نه‌وه‌ک كفر به‌ وشه‌ی خودا بكرێت. به‌ هه‌مان شێوه‌، ئامۆژگاریی گه‌نجه‌كان بكه‌ ژیر بن. له‌ هه‌موو شتێكدا ببه‌ نموونه‌یان بۆ چاكه‌كاری، له‌ فێركردندا بێگه‌ردی و ڕێز و دڵسۆزی پیشان بده‌، قسه‌ت دروست بێت و ڕه‌خنه‌ی لێ نه‌گیرێت، تاكو ناحه‌ز شه‌رمه‌زار بێت، چونكه‌ هیچی خراپ نادۆزێته‌وه‌ له‌ دژتان بیڵێت. با كۆیله‌كانیش له‌ هه‌موو شتێكدا ملكه‌چی گه‌وره‌كانیان بن، ڕازییان بكه‌ن، به‌رپه‌رچیان نه‌ده‌نه‌وه‌، هیچیان لێ نه‌دزن، به‌ڵكو ئه‌وپه‌ڕی ده‌ستپاكی پیشان بده‌ن، تاكو له‌ هه‌موو شتێكدا ئامۆژگاریی خودای ڕزگاریده‌رمان بڕازێننه‌وه‌. چونكه‌ به‌خششی خودا ده‌ركه‌وت كه‌ ڕزگاری پێشكه‌شی هه‌موو خه‌ڵک ده‌كات. ئه‌وه‌ی فێرمان ده‌كات نكۆڵی له‌ خودانه‌ناسی و هه‌وه‌سه‌كانی جیهان بكه‌ین، به‌ ژیری و خوداناسی و خواترسی بژین له‌م ڕۆژگاره‌ی ئێستا، له‌ چاوه‌ڕوانی هیوای داڕشتكراو و ده‌ركه‌وتنی شكۆی خودای مه‌زن و ڕزگاریده‌رمان، ئیشۆعی مه‌سیح، ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ خۆی به‌ختكرد، تاكو له‌ هه‌موو خراپه‌یه‌ک قوربانیمان بۆ بدات و گه‌لێكی تایبه‌ت بۆ خۆی بێگه‌رد بكاته‌وه‌، دڵگه‌رم بۆ چاكه‌كاری. به‌مانه‌ بدوێ، ئامۆژگاری بكه‌ و به‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێک سه‌رزه‌نشت بكه‌. كه‌س به‌ كه‌مت نه‌زانێت. یادیان بخه‌ره‌وه‌ ملكه‌چی فه‌رمانڕه‌وایان و ده‌سه‌ڵاتداران بن، گوێڕایه‌ڵ بن، بۆ هه‌موو كارێكی چاک ئاماده‌بن، قسه‌ به‌ كه‌س نه‌ڵێن، ناكۆک نه‌بن، هه‌ستیار بن، له‌گه‌ڵ هه‌موو خه‌ڵک دڵنه‌رمی پیشان بده‌ن. چونكه‌ پێشتر ئێمه‌ش گێل و یاخی و گومڕا بووین، به‌نده‌ی هه‌وه‌س و چێژی جۆراوجۆر بووین، له‌ كینه‌ و ئیره‌یی ده‌ژیاین، ئێسكگران، ڕقمان له‌ یه‌كتری بوو. به‌ڵام، كاتێ نیانیی خودای ڕزگاریده‌رمان و خۆشویستنه‌كه‌ی ده‌ركه‌وت، نه‌ک به‌هۆی كاری خوداناسی كه‌ ئێمه‌ كردوومانه‌، به‌ڵكو به‌گوێره‌ی میهره‌بانیی خۆی ڕزگاری كردین، به‌ شوشتنی له‌دایكبوونه‌وه‌ و نوێكردنه‌وه‌ی ڕووحی پارسا، ئه‌وه‌ی به‌ ئیشۆعی مه‌سیحی ڕزگاریده‌رمان به‌ ده‌ستفراوانی به‌سه‌رمانیدا ڕشت، تاكو، پاش ئه‌وه‌ی به‌ به‌خششی ئه‌و بێتاوان كراین، به‌گوێره‌ی هیوای ژیانی جاویدانی ده‌بینه‌ میراتگر. ئه‌م وشه‌یه‌ ڕاسته‌. سه‌باره‌ت به‌م شتانه‌ ده‌مه‌وێ سووربیت، تاكو ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ خودا هێنا بایه‌خ به‌ كرداری چاک بده‌ن. ئه‌م شتانه‌ باش و سوودبه‌خشه‌ بۆ خه‌ڵک. به‌ڵام له‌ گفتوگۆی گێلانه‌ و ڕه‌چه‌ڵه‌ک و ناكۆكی و جه‌نگ له‌سه‌ر ته‌ورات دووربكه‌وه‌، چونكه‌ بێ كه‌ڵک و ناڕه‌وایه‌. ناكۆكیكار ئاگادار بكه‌وه‌، له‌دوای جارێک و دووان، لێی دووربكه‌وه‌. ده‌زانیت وه‌ک ئه‌مه‌ لاده‌ره‌ و گوناه‌ ده‌كات، خۆی حوكمی به‌سه‌ر خۆی داوه‌. كاتێ ئه‌رتیماس یان تۆخیقۆس ده‌نێرمه‌ لات، هه‌وڵ بده‌ له‌ نیكۆپۆلیس وه‌ره‌ لام، چونكه‌ به‌ته‌مام له‌ زستاندا له‌وێ بم. هه‌وڵبده‌ زیناسی پارێزه‌ر و ئه‌پۆلۆس بنێری، تاكو پێوستیان به‌ هیچ نه‌بێت. پێویسته‌ خه‌ڵكه‌كه‌مان فێربن خۆیان ته‌رخان بكه‌ن بۆ كرداری چاک بۆ پێداویستییه‌ گرنگه‌كان، تاكو بێبه‌رهه‌م نه‌بن. هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵمدان سڵاوت لێده‌كه‌ن. سڵاو له‌وانه‌ بكه‌ كه‌ له‌ باوه‌ڕدا ئێمه‌یان خۆشده‌وێت. به‌خشش له‌گه‌ڵ هه‌مووتان بێت. ئامین. پۆڵۆس، به‌ندكراوی ئیشۆعی مه‌سیح و تیماتیئوسی برا، بۆ هاوكار و خۆشه‌ویست فلیمۆن و خوشكی خۆشه‌ویست ئه‌پفییه‌ و ئه‌رخیپۆسی هاوسه‌ربازمان، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌و وارگه‌یه‌ی له‌ ماڵه‌كه‌تدایه‌: به‌خشش و ئاشتی له‌ خودای باوكمان و ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگار بۆ ئێوه‌. سوپاسی خوداوه‌ندم ده‌كه‌م كه‌ له‌ نوێژه‌كانمدا یادت ده‌كه‌م، چونكه‌ باوه‌ڕت به‌ ئیشۆعی مه‌سیح و خۆشویستنت بۆ هه‌موو پارساكانم بیستووه‌. تاكو هاوبه‌شیكردنی باوه‌ڕت كاریگه‌ر بێت له‌ زانینی هه‌موو چاكه‌یه‌ک كه‌ له‌ مه‌سیحدا‌‌‌ هه‌تانه‌. چونكه‌ به‌هۆی خۆشویستنت زۆر شادبووم و دڵنه‌وایی كرام، چونكه‌ به‌ تۆوه‌ ئه‌ی برا، هه‌ناوی پارساكان گه‌شایه‌وه‌. بۆیه‌ هه‌رچه‌نده‌ به‌ مه‌سیحه‌وه‌ مافم هه‌یه‌ بۆ ئه‌ركی به‌جێ فه‌رمانت پێ بكه‌م، به‌ڵام له‌پێناوی خۆشویستن داوات لێ ده‌كه‌م، منی پۆڵۆسی پیره‌مێرد، ئێستاش گیراوی ئیشۆعی مه‌سیحم، داوا ده‌كه‌م سه‌باره‌ت به‌ ئۆنسیمۆسی ڕۆڵه‌كه‌م، ئه‌وه‌ی له‌ كۆتكراویمدا بووه‌ كوڕم. پێشتر بۆ تۆ بێ كه‌ڵک بوو، به‌ڵام ئێستا كه‌ڵكی بۆ من و بۆ تۆ هه‌یه‌. ئه‌و ده‌نێرمه‌وه‌ لات، په‌سه‌ندی بكه‌، كه‌ جگه‌رمه‌. حه‌زم ده‌كرد له‌لای خۆم بیهێڵمه‌وه‌، تاكو له‌ جیاتی تۆ له‌و كۆته‌ی له‌ پێناوی ئینجیله‌ ڕاژه‌م بكات. به‌ڵام نه‌مویست شتێک بێ ڕه‌زامه‌ندی تۆ بكه‌م، تاكو چاكه‌كه‌ت به‌ خواسته‌وه‌ بێت نه‌ک به‌ ناچاری. له‌وانه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌مه‌ بۆ ماوه‌یه‌ک لێت جیابووه‌وه‌، تاكو تاهه‌تایه‌ بۆ تۆ بێت، له‌مه‌ودوا نه‌ک وه‌ک كۆیله‌، به‌ڵكو باشتر له‌ كۆیله‌، وه‌ک برایه‌كی خۆشه‌ویست، به‌ تایبه‌ت بۆ من، ئه‌ی چه‌ند زیاتر بۆ تۆ كه‌ له‌ جه‌سته‌ و له‌ په‌روه‌ردگاره‌! بۆیه‌، ئه‌گه‌ر من به‌ هاوبه‌ش داده‌نێیت، وه‌ک من په‌سه‌ندی بكه‌. ئه‌گه‌ر له‌ شتێک خراپه‌ی له‌گه‌ڵ كردووی یاخود قه‌رزێكت به‌سه‌ریه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌سه‌ر منی بنووسه‌. من پۆڵۆسم، به‌ ده‌ستی خۆم نووسیومه‌، من ده‌یده‌مه‌وه‌ نامه‌وێ پێت بڵێم تۆ خۆشت قه‌رزاری منی. به‌ڵێ براكه‌م، له‌ په‌روه‌ردگاردا چاكه‌یه‌كم له‌گه‌ڵ بكه‌، له‌ مه‌سیحدا دڵگه‌شم بكه‌. له‌ گوێڕایه‌ڵیت دڵنیام، بۆت ده‌نووسم، ده‌زانم كه‌ له‌وه‌ی داوات لێ ده‌كه‌م زیاتریش ده‌كه‌یت. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، ژووری میوانداریم بۆ ئاماده‌ بكه‌، چــــونــــكـــه‌ هــــیــــوادارم بــــه‌هــــۆی نــــوێــــژه‌كــــانــــتــــان ده‌درێــــمــــه‌وه‌ ئـــــێــــوه‌. ئه‌په‌فراسی هاوڕێی به‌ندیێتیم له‌ پێناوی ئیشۆعی مه‌سیح، سڵاوت لێده‌كات، هه‌روه‌ها مه‌رقوس و ئه‌رسته‌رخۆس و دیما و لۆقا، كه‌ هاوكارمن. به‌خششی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان له‌گه‌ڵ ڕووحتان بێت. ئامین. دوای ئه‌وه‌ی له‌كۆنه‌وه‌ خودا زۆر جار و به‌ ڕێگای جۆراوجۆر له‌ڕێگه‌ی پێغه‌مبه‌ران له‌گه‌ڵ باوباپیراندا دووابوو، له‌م ڕۆژانه‌ی دواییه‌ش له‌ڕێگه‌ی ڕۆڵه‌كه‌ی له‌گه‌ڵمان دووا، ئه‌وه‌ی كردیه‌ میراتگری هه‌موو شتێک و به‌ ئه‌ویش گه‌ردوونی دروستكردووه‌. ئه‌و پرشنگی شكۆی خودایه‌ و وێنه‌ی كڕۆكیه‌تی، هه‌ڵگری هه‌موو شتێكه‌ به‌ وشه‌ی هێزی خۆی، دوای ئه‌وه‌ی پاكسازی بۆ گوناه كرد له‌ لای ڕاستی مه‌زنایه‌تیی دانیشت له‌ به‌رزاییدا، بووه‌ته‌ مه‌زنتر له‌ فریشته‌كان، به‌و ئاسته‌ی ناوێكی به‌ میرات بۆ مایه‌وه‌ له‌وان باشتره‌. چونكه‌ خودا چ جارێک به‌ كام له‌ فریشته‌كانی فه‌رمووه‌: “تۆ ڕۆڵه‌ی منی، من ئه‌مڕۆ بوومه‌ باوكت”؟ هه‌روه‌ها: “من ده‌بمه‌ باوكی و ئه‌ویش ده‌بێته‌ ڕۆڵه‌م”؟ هه‌روه‌ها كاتێ نۆبه‌ره‌ ده‌هێنێته‌ جیهان، ده‌فه‌رمووێ: “با هه‌موو فریشته‌كانی خودا كڕنۆشی بۆ ببه‌ن”. له‌ باره‌ی فریشته‌كانیش ده‌فه‌رمووێ: “فریشته‌كانی كردۆته‌ با وڕاژه‌وانانی بڵێسه‌ی ئاگر”. به‌ڵام له‌ باره‌ی ڕۆڵه‌كه‌: “ئه‌ی خودا، ته‌ختی تۆ بۆ جاویدانیه‌، دارده‌ستی پاشایه‌تییت دارده‌ستی ڕاسته‌ڕێیه‌. حه‌زت له‌ بێتاوانی بوو و ڕقت له‌ خراپه‌بووه‌وه‌، بۆیه‌ خودا خوداوه‌ندت له‌ سه‌رووی هاوه‌ڵه‌كانته‌وه‌ داینای، به‌ ڕۆنی شادی نیشانیكردیت”. هه‌روه‌ها: “تۆ ئه‌ی په‌روه‌ردگار، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ زه‌ویت دامه‌زراندووه‌، ئاسمانانییش ده‌ستكردی تۆن. ئه‌وان له‌ناوده‌چن، به‌ڵام تۆ ده‌مێنیت، هه‌موو وه‌ک كراس كۆن ده‌بن. وه‌ک كه‌وا ده‌یپێچیته‌وه‌ و ده‌گۆڕێن، به‌ڵام خۆت خۆتی، ساڵانت بێ پایانن”. ئایا خودا چ جارێک به‌ كام له‌ فریشته‌كانی فه‌رمووه‌: “له‌ لای ڕاستم دانیشه‌ تاكو دوژمنانت بخه‌مه‌ ته‌خته‌پێ بۆ پێیه‌كانت؟” ئایا هه‌موویان ڕووحی ڕاژه‌وان و په‌یامبه‌ر نین بۆ ڕاژه‌كردنی ئه‌وانه‌ی له‌ داهاتوو ڕزگاری به‌ میرات ده‌گرن!. بۆیه‌ ده‌بێ وریاتر بین له‌وه‌ی بیستمان، نه‌وه‌ک لێی لابده‌ین. چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و وشه‌یه‌ی فریشته‌كان فه‌رموویانه‌ چه‌سپاون، هه‌موو ده‌ستدرێژی و سه‌رپێچییه‌ک سزای دادپه‌روه‌رانه‌ی وه‌رگرتووه‌، جا ئێمه‌ چۆن ده‌رباز بین ئه‌گه‌ر ڕزگارییه‌كی گه‌وره‌ی وه‌ک ئه‌مه‌ پشتگوێ بخه‌ین؟ ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مجار په‌روه‌ردگار باسی فه‌رمووه‌ و له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌ی بیستیان بۆمان چه‌سپا، خوداش له‌گه‌ڵیان گه‌واهیی دا، به‌ نیشانه‌ و كاری سه‌یر و په‌رجوی جۆراوجۆر و به‌هره‌كانی ڕووحی پارسا به‌گوێره‌ی خواستی خۆی. ئه‌و جیهانه‌ی وا دادێت و باسی ده‌كه‌ین، بۆ فریشته‌كانی ملكه‌چ نه‌كردووه‌. به‌ڵام یه‌كێک له‌ شوێنێكدا گه‌واهیی دا و وتی: “مرۆڤ چییه‌ تاكو له‌ بیرت بێت؟ یان ڕۆڵه‌ی مرۆڤ تاكو به‌سه‌ری بكه‌یته‌وه‌؟ كه‌مێک له‌ فریشته‌كان كه‌مترت دانا، تاجی شكۆ و ڕێزت خسته‌ سه‌ری، كاره‌كانی ده‌ستی خۆتت پێ سپارد. هه‌موو شتێكت خسته‌ به‌رپێی”. چونكه‌ خودا هه‌موو شتێكی بۆ ملكه‌چ كردووه‌، هیچ شتێكی نه‌هێشته‌وه‌ ملكه‌چ بۆ نه‌كات. هه‌رچه‌نده‌ ئێستا نابینین هه‌موو شتێک ملكه‌چی كرابێت. به‌ڵام ئیشۆع ده‌بینین، ئه‌وه‌ی كه‌مێک له‌ فریشته‌كان كه‌متر دانرا، له‌به‌ر ئازاری مه‌رگ تاجی شكۆ و ڕێزی خراوه‌ته‌ سه‌ر، تاكو به‌ به‌خششی خودا له‌ جیاتی هه‌ر یه‌كێک مه‌رگ بچێژێ. چونكه‌ له‌ خودا ده‌وه‌شایه‌وه‌، ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێک بۆ ئه‌وه‌ و هه‌موو شتێک به ئه‌وه‌، ڕۆڵه‌ی زۆر بهێنێت بۆ شكۆمه‌ندی، به‌ ته‌واوكردنی پێشڕه‌وایه‌تی ڕزگارییان به‌ ئازار. چونكه‌ پارساكار و پارساكان هه‌موو له‌ یه‌كێكه‌وه‌ن. له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ش شه‌رم ناكات به‌ برا ناویان ببات. ده‌فه‌رمووێ: “ناوی تۆ به‌ براكانم ڕاده‌گه‌یه‌نم، له‌ناوه‌ڕاستی وارگه‌دا ستایشت ده‌كه‌م”. هه‌روه‌ها: “من به‌وه‌ پشتبه‌ستوو ده‌بم”. دیسان: “ئه‌وه‌تا خۆم و ئه‌و ڕۆڵانه‌ی خودا پێیداوم”. بۆیه‌ كه‌ ڕۆڵه‌كان له‌ گۆشت و خوێن به‌شدارن، ئه‌ویش به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌شداری له‌م شتانه‌كرد، تاكو به‌ مه‌رگ ئه‌وه‌ له‌ناوببات كه‌ ده‌سه‌ڵاتی مه‌رگی هه‌یه‌، واتا ئیبلیس، ئه‌وانه‌ش ئازاد بكات كه‌ به‌ درێژایی ژیانیان له‌ ترسی مه‌رگ ملكه‌چی كۆیلایه‌تی بوون. چونكه‌ به‌ ڕاستیش بۆ یارمه‌تیدانی فریشته‌ نییه‌، به‌ڵكو بۆ یارمه‌تیدانی نه‌وه‌ی ئه‌وڕاهه‌مه‌. جا ده‌بووایه‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كدا له‌ برایانی بچووبایه‌، تاكو میهره‌بان بێت و كاهینی باڵایه‌كی دڵسۆز بێت له‌ شته‌كانی خودا، تاكو ببێته‌ داپۆشه‌ری گوناهه‌كانی گه‌ل، چونكه‌ ئازاری چێژتووه‌ و تاقی كراوه‌ته‌وه‌، ده‌توانێت یارمه‌تی تاقیكراوان بدات. كه‌واته‌ برایانی پارسا، كه‌ به‌شداری بانگه‌وازی ئاسمانین، سه‌یری ئیشۆع بكه‌ن كه‌ په‌یامبه‌ر و كاهینی باڵای دانپیانانمانه‌. سه‌رڕاسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی دیاری كرد، هه‌روه‌ک مووشێ له‌ هه‌موو ماڵی خودا بوو. چونكه‌ ئیشۆع بۆی دانرا شایانی شكۆیه‌كی زیاتر بێت له‌ مووشێ، وه‌ک بنیادنه‌ری خانوویه‌ک ڕێزی له‌ خانووه‌كه‌ زیاتره‌. چونكه‌ هه‌موو خانوویه‌ک یه‌كێک بنیادی ناوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بنیادی هه‌موو شتێكی ناوه‌ خودایه‌. مووشێ وه‌ک ڕاژه‌وانێک له‌ هه‌موو ماڵی خودا سه‌رڕاست بوو، بۆ گه‌واهیی ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوو ده‌ووترێت. به‌ڵام مه‌سیح وه‌ک ڕۆڵه‌ له‌سه‌ر ماڵی خودا سه‌رڕاسته‌، ئه‌و ماڵه‌ش ئێمه‌ین، ئه‌گه‌ر به‌ جێگیری و تا كۆتایی ده‌ست بگرین به‌ متمانه‌ و شانازییه‌ی هیوامان. بۆیه‌ وه‌ک ڕووحی پارسا ده‌فه‌رمووێ: “ئه‌مڕۆ، ئه‌گه‌ر ده‌نگی ئه‌وتان بیست، دڵتان ڕه‌ق مه‌كه‌ن وه‌ک له‌ یاخیبوونه‌كه‌دا، له‌ ڕۆژی تاقیكردنه‌وه‌ له‌ بیاباندا. له‌وێ باوكانتان به‌ ئه‌زموون منیان تاقی كرده‌وه‌ و بۆ ماوه‌ی چل ساڵ كرداره‌كانی منیان بینی. بۆیه‌ له‌م نه‌وه‌یه‌ تووڕه‌ بووم، وتم: ئه‌وان دڵیان هه‌میشه‌ به‌ره‌و گومڕایی ده‌ڕوات و هه‌رگیز ڕێبازه‌كانی منیان نه‌ناسی. بۆیه‌ له‌ تووڕه‌ییمدا سوێندم خوارد: نایه‌نه‌ نێو حه‌سانه‌وه‌ی من”. برایان، ئاگاداری خۆتان بن، نه‌وه‌ک یه‌كێكتان دڵێكی خراپ و بێباوه‌ڕی هه‌بێت كه‌ له‌ خودای زیندوو هه‌ڵبگه‌ڕێته‌وه‌. به‌ڵكو هه‌موو ڕۆژێک ئامۆژگاریی یه‌كتری بكه‌ن، ئه‌وه‌نده‌ی پێی ده‌ووترێ ئه‌مڕۆ، تاكو كه‌ستان به‌ فێڵی گوناه‌ ڕه‌ق نه‌بێت. چونكه‌ بووینه‌ هاوبه‌شی مه‌سیح، ئه‌گه‌ر تا پایان ده‌ست بگرین به‌و متمانه‌یه‌ی له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هه‌مانه‌. وه‌ک وتراوه‌: “ئه‌مڕۆ، ئه‌گه‌ر ده‌نگی ئه‌وتان بیست، دڵتان ڕه‌ق مه‌كه‌ن وه‌ک له‌ یاخیبوونه‌كه‌دا”. جا كێن ئه‌وانه‌ی بیستیان و یاخیبوون؟ ئایا هه‌موو ئه‌وانه‌ نه‌بوون كه‌ له‌ میسڕ به‌ ڕابه‌رایه‌تی مووشێ ده‌رچوون؟ خودا بۆ ماوه‌ی چل ساڵ له‌ كێ تووڕه‌ بوو؟ ئه‌وانه‌ نه‌بوون كه‌ گوناهیان كرد و له‌ بیاباندا ته‌رمه‌كانیان كه‌وت؟ سوێندی له‌ كێ خوارد كه‌ “ناچێته‌ حه‌سانه‌وه‌كه‌ی”، ئایا له‌وانه‌ نه‌بوو كه‌ گوێڕایه‌ڵ نه‌بوون؟ ئێمه‌ش ده‌بینین له‌به‌ر بێباوه‌ڕی نه‌یانتوانی بچنه‌ ژووره‌وه‌. بۆیه‌ كه‌ به‌ڵێنی چوونه‌ حه‌سانه‌وه‌كه‌ی هه‌ر ماوه‌، ده‌بێ بترسین نه‌وه‌ک یه‌كێكتان وابزانێت ناكه‌وێت. چونكه‌ ئێمه‌ش وه‌ک ئه‌وان موژده‌مان پێدرا، به‌ڵام ئه‌و وشه‌یه‌ی بیستراوه‌ سوودی بۆیان نه‌بوو، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ بیستیان له‌گه‌ڵ باوه‌ڕ یه‌كیان نه‌گرته‌وه‌. چونكه‌ ئێمه‌ی باوه‌ڕدار ده‌چینه‌ نێو حه‌سانه‌وه‌كه‌ی، وه‌ک فه‌رموویه‌تی: “له‌ تووڕه‌بوونمدا سوێندم خوارد: نایه‌نه‌ نێو حه‌سانه‌وه‌ی من”. هه‌رچه‌نده‌ كاره‌كان له‌ دامه‌زراندنی جیهانه‌وه‌ ته‌واو بوون. چونكه‌ ده‌رباره‌ی حه‌وته‌مه‌كه‌ له‌ شوێنێكدا فه‌رموویه‌تی: “ئینجا خودا له‌ ڕۆژی حه‌وته‌مدا له‌ هه‌موو كاره‌كانی پشووی دا”. دیسان له‌مه‌شدا: “نایه‌نه‌ نێو حه‌سانه‌وه‌ی من”. بۆیه‌ كه‌ بۆ هه‌ندێک ماوه‌ بچنه‌ ژووره‌وه‌، ئه‌وانه‌ی پێشتر موژده‌یان پێدرا، له‌به‌ر یاخیبوون نه‌چوونه‌ ژووره‌وه‌. دیسان خودا ڕۆژێكی دیاری كرد، به‌هۆی داوید ده‌فه‌رمووێ: “ئه‌مڕۆ” دوای ماوه‌یه‌كی زۆر، وه‌ک فه‌رمووبووی: “ئه‌مڕۆ، ئه‌گه‌ر ده‌نگی ئه‌وتان بیست، دڵتان ڕه‌ق مه‌كه‌ن”. چونكه‌ ئه‌گه‌ر یه‌شوع ئه‌وانی بهێنایه‌ حه‌سانه‌وه‌، ئه‌وا پاش ئه‌وه‌ خودا باسی ڕۆژێكی دیكه‌ی نه‌ده‌كرد. كه‌واته‌ حه‌سانه‌وه‌ بۆ گه‌لی خودا ماوه‌! چونكه‌ ئه‌وه‌ی بچێته‌ نێو حه‌سانه‌وه‌ی خودا له‌ كاره‌كانیشی پشوو ده‌دات، وه‌ک خوداش له‌ كاره‌كانی پشووی دا. بۆیه‌ با كۆشش بكه‌ین تاكو بچینه‌ نێو حه‌سانه‌وه‌كه‌، نه‌وه‌ک یه‌كێک به‌ هه‌مان په‌ندی یاخیبوون بكه‌وێت. چونكه‌ وشه‌ی خودا زیندوو و كاریگه‌ره‌ و له‌ هه‌موو شمشێرێكی دووده‌م تیژتره‌، نێوانی ده‌روون و ڕووح و جومگه‌ و مۆخی ئێسک ده‌بڕێت، بیر و نیازی دڵ جیا ده‌كاته‌وه‌. ئافریده‌ نییه‌ له‌به‌رچاوی شاردراوه‌ بێت، به‌ڵكو هه‌موو شتێک ڕووت و ئاشكرایه‌ بۆ چاوی ئه‌وه‌ی هه‌ژماردی ده‌ده‌ینێ. چونكه‌ ئه‌و كاهینی باڵای مه‌زنه‌مان هه‌یه‌ كه‌ به‌ ئاسماناندا تێپه‌ڕی، ئیشۆعی ڕۆڵه‌ی خودا، با ده‌ست بگرین به‌ دانپیانان. چونكه‌ كاهینی باڵایه‌كمان نییه‌ كه‌ نه‌توانێ سكی به‌ لاوازییه‌كانمان بسووتێ، به‌ڵكو وه‌كو ئێمه‌ له‌ هه‌موو شتێک تاقی كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام بێ گوناه‌. بۆیه‌ با به‌ متمانه‌وه‌ له‌ ته‌ختی به‌خشش بچینه‌ پێش، تاكو به‌زه‌یی وه‌ربگرین و له‌ كاتی خۆیدا به‌خشش بۆ یارمه‌تیدان بدۆزینه‌وه‌. چونكه‌ هه‌ر كاهینێكی باڵا له‌نێو خه‌ڵک هه‌ڵبژێردراوه‌، وه‌ک نوێنه‌ری خه‌ڵک له‌ كاروباری خودا ده‌ستنیشان كراوه‌، تاكو قوربانی و سه‌ربڕاوی گوناه‌ پێشكه‌ش بكات. ده‌توانێ له‌گه‌ڵ نه‌زان و گومڕاكان دڵنه‌رم بێت، چونكه‌ خۆشی به‌ لاوازی ده‌وردراوه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ وه‌ک پێویسته‌ له‌ پێناوی گوناهه‌كانی گه‌ل قوربانی گوناه‌ بكات، ئاواش له‌ پێناوی گوناهه‌كانی خۆی. كه‌سیش ئه‌م ڕێزه‌ بۆ خۆی وه‌رناگرێت، به‌ڵكو له‌ خوداوه‌ بانگكراوه‌، هه‌روه‌ک هاڕونیش. به‌ هه‌مان شێوه‌، مه‌سیح خۆی شكۆدار نه‌كرد تاكو ببێته‌ كاهینی باڵا، به‌ڵكو خودا پێی فه‌رموو: “تۆ ڕۆڵه‌ی منی، من ئه‌مڕۆ بوومه‌ باوكت”. وه‌ک له‌ شوێنێكی دیكه‌ش ده‌فه‌رمووێ: “تاهه‌تایه‌ تۆ كاهینیت، له‌ پله‌ی مه‌لكزده‌ق”. ئیشۆع له‌ ڕۆژانی جه‌سته‌ی خۆیدا، نوێژ و پاڕانه‌وه‌ی به‌ هاواری توند و فرمێسكه‌وه‌ پێشكه‌ش كرد، بۆ توانادار تا له‌ مه‌رگ ڕزگاری بكات، ئیتر له‌به‌ر خواترسییه‌كه‌ی گوێی لێ گیرا. هه‌رچه‌نده‌ ڕۆڵه‌یه‌تی، له‌و ئازارانه‌ی چێژتی فێری گوێڕایه‌ڵی بوو، كه‌ ته‌واو كرا، بووه‌ سه‌رچاوه‌ی ڕزگاریی جاویدانی بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی گوێڕایه‌ڵی ده‌بن. له‌لای خوداشه‌وه‌ به‌ كاهینی باڵا ناونرا، له‌ پله‌ی مه‌لكزده‌ق. له‌ باره‌ی ئه‌مه‌وه‌ قسه‌مان زۆره‌، به‌ڵام ڕوونكردنه‌وه‌ی گرانه‌، چونكه‌ گوێتان گران بووه‌. چونكه‌ ده‌بووایه‌ له‌به‌ر كاته‌كه‌ ببوونایه‌ته‌ ڕابی، به‌ڵكو پێویستتانه‌ یه‌كێک بنه‌ماكانی سه‌ره‌تای وشه‌ی خوداتان فێر بكاته‌وه‌. پێویستتان به‌ شیره‌، نه‌ک خۆراكی پته‌و. چونكه‌ هه‌ر یه‌كێک شیره‌خۆر بێت ئه‌وا كه‌مزانه‌ له‌ وشه‌ی خوداناسی، چونكه‌ ساوایه‌. به‌ڵام خۆراكی پته‌و بۆ پێگه‌یشتووانه‌، ئه‌وانه‌ی به‌هۆی مه‌شق هه‌سته‌كانیان له‌سه‌ر جیاكردنه‌وه‌ی چاكه‌ و خراپه‌ ڕاهاتووه‌. بۆیه‌ كه‌ وازمان له‌ فێركردنی سه‌ره‌تایی ده‌رباره‌ی مه‌سیح هێنا، تا به‌ره‌و پێگه‌یشتن بڕۆین، دیسان بناغه‌ڕێژی ناكه‌ین بۆ تۆبه‌كردن له‌ كرداره‌ مردووه‌كان و باوه‌ڕهێنان به‌ خودا، فێركردنی عه‌مادكردن و ده‌ست له‌سه‌ر دانان، هه‌ستانه‌وه‌ی مردووان و سزادانی جاویدانی. ئه‌گه‌ر خودا ڕێگا بدات ئه‌مه‌ش ده‌كه‌ین. چونكه‌ ئه‌وانه‌ی جارێک ڕووناک كراونه‌ته‌وه‌ و تامی به‌هره‌ ئاسمانیه‌كانیان كردووه‌ و به‌شدار بوونه‌ له‌ ڕووحی پارسا، هه‌روه‌ها تامی وشه‌ی باشی خودا و هێزه‌كانی ڕۆژگاری داهاتوویان كردووه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌، ئه‌وا ناكرێ بۆ تۆبه‌كردن نوێ بكرێنه‌وه‌، چونكه‌ بۆ خۆیان ڕۆڵه‌ی خودا له‌خاچده‌ده‌نه‌وه‌ و ڕیسوای ده‌كه‌ن. چونكه‌ زه‌وی له‌و بارانه‌ی خوارده‌وه‌ كه‌ چه‌ندین جار دێته‌ سه‌ری، ڕووه‌كێک ده‌دات كه‌ گونجاوه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی بۆیان كێڵدراوه‌، له‌ خوداشه‌وه‌ داڕشتی ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر دڕک و داڵی به‌رهه‌م هێنا، ئه‌وا ناڕه‌وا و نزیكی نه‌فره‌ته‌، كۆتاییه‌كه‌ی سووتانه‌. خۆشه‌ویستان، هه‌رچه‌نده‌ ئاوا قسه‌ ده‌كه‌ین، دڵنیا بووین ده‌رباره‌ی ئێوه‌ ڕه‌وشێكی باشتر هه‌یه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ڕزگاری. چونكه‌ خودا سته‌مكار نییه‌ تاكو له‌یاد بكات، كاری ئێوه‌ و ئه‌و خۆشویستنه‌ی بۆ ناوی ئه‌و ده‌رتانبڕی له‌ ڕاژه‌كردنی پارساكان و هه‌روا ڕاژه‌ش ده‌كه‌ن. ئێمه‌ش ده‌خوازین هه‌ر یه‌كێكتان هه‌مان دڵگه‌رمی ده‌ربخات بۆ دڵنیایی ته‌واوی هیوا تا كۆتایی، تاكو ته‌مبه‌ڵ نه‌بن، به‌ڵكو لاسایی ئه‌وانه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌ باوه‌ڕ و ئارامگرتن میراتگری به‌ڵێنه‌كانن. كاتێ خودا به‌ڵێنی به‌ ئه‌وڕاهه‌م دا، سوێندی به‌خۆی خوارد، چونكه‌ كه‌سی مه‌زنتری نه‌بوو سوێندی پێ بخوات، فه‌رمووی: “داڕشتت ده‌كه‌م، نه‌وه‌كه‌ت چه‌ندباره‌ ده‌كه‌م”. ئا به‌م شێوه‌یه‌ ئارامی گرت و ئینجا به‌ڵێنه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێنا. چونكه‌ خه‌ڵک سوێند به‌ مه‌زنتر ده‌خۆن، كۆتایی هه‌موو ده‌مه‌قاڵه‌یه‌ک بۆ چه‌سپاندن سوێنده‌. ئاواش خودا ویستی ئه‌و خواسته‌ نه‌گۆڕه‌ی خۆی زیاتر به‌ میراتگرانی به‌ڵێن پیشان بدات، ئه‌مه‌شی به‌ سوێند چه‌سپاند. به‌ دوو شتی نه‌گۆڕ كه‌ خودا تیایاندا درۆ ناكات، بۆ ئه‌وه‌ی دڵنه‌وایی به‌هێزمان هه‌بێت، ئێمه‌ كه‌ په‌نامان برده‌ به‌ر ده‌ستگرتن به‌و هیوایه‌ی كه‌ له‌پێشمانه‌. ئه‌م هیوایه‌ وه‌ک له‌نگه‌ر بۆ ده‌روونمانه‌، جێگیر و ڕاگره‌. ده‌چێته‌ نێو په‌رده‌ش، له‌وێدا ئیشۆع پێشتر و له‌پێناوی ئێمه‌ چووه‌ نێویه‌وه‌، تاهه‌تایه‌ بووه‌ كاهینی باڵا، له‌ پله‌ی مه‌لكزده‌ق. چونكه‌ ئه‌م مه‌لكزده‌قه‌ پاشای شالمه‌ و كاهینی خودای هه‌ره‌به‌رزه‌ كاتێ ئه‌وڕاهه‌م له‌ به‌زاندنی پاشاكان گه‌ڕایه‌وه‌، پێشوازیی لێ كرد و داڕشتی كرد، ئه‌وه‌ی ئه‌وڕاهه‌م ده‌یه‌كی هه‌موو شتێكی بۆ جیا كرده‌وه‌. یه‌كه‌مجار ناوی به‌ واتای “پاشای خوداناسی” دێت، دواتر “پاشای شالم” واتا “پاشای ئاشتی”. بێ باوک و دایک، بێ ڕه‌چه‌ڵه‌كه‌، بێ سه‌ره‌تای ڕۆژان و پایانی ژیان، به‌ڵكو وه‌ک ڕۆڵه‌ی خودا وایه‌، تاهه‌تایه‌ به‌ كاهین ده‌مێنێته‌وه‌. سه‌یر بكه‌ن ئه‌مه‌ چه‌ند مه‌زن بووه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌وڕاهه‌می بابه‌گه‌وره‌ ده‌یه‌كی ده‌ستكه‌وتی داوه‌تێ! به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له‌ نه‌وه‌ی لیوین و كاهینیه‌تییان وه‌رگرتووه‌، ڕاسپارده‌یان هه‌یه‌ كه‌ به‌گوێره‌ی ته‌ورات ده‌یه‌ک له‌ گه‌ل وه‌ربگرن، كه‌ برایانن، هه‌رچه‌نده‌ له‌ پشتی ئه‌وڕاهه‌من. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ ڕه‌چه‌ڵه‌كی ئه‌وانیش نییه‌، ده‌یه‌كی له‌ ئه‌وڕاهه‌م وه‌رگرت و داڕشتی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ به‌ڵێنه‌كانی هه‌یه‌! بێ هیچ ده‌مه‌قاڵێیه‌ك: بچووكترین له‌لایه‌ن گه‌وره‌ترین داڕشت ده‌كرێت. لێره‌ش خه‌ڵكی كه‌ ده‌مرن ده‌یه‌ک وه‌رده‌گرن، به‌ڵام له‌وێ گه‌واهیی بۆ ده‌درێت كه‌وا زیندووه‌. ئاوا قسه‌یه‌ک ده‌كه‌م: ته‌نانه‌ت لیویش ده‌یه‌ک وه‌رده‌گرێ، خۆی ده‌یه‌كی به‌ ئه‌وڕاهه‌م داوه‌، چونكه‌ كاتێ مه‌لكزده‌ق پێشوازیی له‌ ئه‌وڕاهه‌م كرد، هێشتا لیوی له‌ پشتی باوكی بوو. ئه‌گه‌ر ته‌واوه‌تی به‌ كاهینیه‌تیی لیوی بووه‌، كه‌ گه‌لیش له‌سه‌ر ئه‌مه‌ ته‌وراتی وه‌رگرت، پێویستی چی بوو كه‌ كاهینێكی دیكه‌ له‌ پله‌ی مه‌لكزده‌ق، نه‌ک له‌ پله‌ی هاڕون په‌یدا بێت؟ چونكه‌ ئه‌گه‌ر كاهینیه‌تی بگۆڕێت، ئه‌وا پێویسته‌ ته‌وراتیش بگۆڕێت. چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌م باسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێ، سه‌ر به‌ هۆزێكی جیاوازه‌، له‌مه‌ كه‌س ڕاژه‌ی قوربانگای نه‌كردووه‌. كه‌ ئاشكرایه‌ په‌روه‌ردگارمان بۆ هۆزی ئيهوودا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ مووشێ هیچ باسێک ده‌رباره‌ی كاهینیه‌تی ئه‌م هۆزه‌ی نه‌كردووه‌. زۆر ڕوونتریشه‌، ئه‌گه‌ر له‌ شێوه‌ی مه‌لكزده‌ق كاهینێكی دیكه‌ په‌یدا بێت، كه‌ به‌گوێره‌ی ته‌ورات ڕاسپارده‌ی جه‌سته‌یی دانه‌نرا، به‌ڵكو به‌گوێره‌ی هێزی ژیانی نه‌فه‌وتاو. چونكه‌ گه‌واهیی ده‌دات: “تاهه‌تایه‌ تۆ كاهینیت، له‌ پله‌ی مه‌لكزده‌ق”. ئیتر ڕاسپارده‌ی پێشوو لابردرا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لاواز و بێ سوود بوو چونكه‌ ته‌ورات هیچ شتێكی ته‌واو نه‌كرد به‌ڵكو هیوایه‌كی چاكتر هاته‌كایه‌وه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ له‌ خودا نزیک ده‌بینه‌وه‌. ئه‌مه‌ش بێ سوێند نه‌بوو. چونكه‌ ئه‌وان بێ سوێند بوونه‌ كاهین، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌ سوێنده‌وه‌ بوو، له‌وه‌ی پێی فه‌رموو: “په‌روه‌ردگار سوێندی خواردووه‌ وپاشگه‌ز نابێته‌وه‌: تاهه‌تایه‌ تۆ كاهینیت، له‌ پله‌ی مه‌لكزده‌ق” به‌گوێره‌ی ئه‌م سوێنده‌ش ئیشۆع بووه‌ ده‌سته‌به‌ری په‌یمانێكی باشتر. كاهینه‌كان زۆربوون، چونكه‌ مه‌رگ بووه‌ كۆسپ له‌وه‌ی به‌رده‌وام بن. به‌ڵام ئه‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی تاهه‌تایه‌ ده‌مینێته‌وه‌، كاهینیه‌تییه‌كی له‌ناونه‌چووی هه‌یه‌. له‌مه‌وه‌ش ده‌توانێ ئه‌وانه‌ به‌ ته‌واوی ڕزگار بكات كه‌ به‌هۆی ئه‌و ده‌چنه‌ لای خودا، ئه‌و هه‌میشه‌ زیندووه‌ تاكو داكۆكیان بۆ بكات. چونكه‌ كاهینێكی باڵای ئاوا له‌ ئێمه‌ ده‌وه‌شێته‌وه‌، پارسا و بێ خراپه‌ و بێ گڵاوی، له‌ گوناهباران جیاكرایه‌وه‌ و له‌ ئاسمان به‌رزتر كرا. ئه‌و ناچار نییه‌ وه‌ک كاهینانی باڵای دیكه‌ ڕۆژانه‌ قوربانی بكات، یه‌كه‌م بۆ گوناهه‌كانی خۆی و دوایی بۆ گوناهه‌كانی گه‌ل، چونكه‌ ئه‌مه‌ی به‌ جارێک كرد كه‌ خۆی پێشكه‌ش كرد. چونكه‌ ته‌ورات كه‌سانێک له‌ پێگه‌ی كاهینی باڵا داده‌نێت كه‌ لاوازییان هه‌یه‌، به‌ڵام وشه‌ی سوێند كه‌ دوای ته‌وراته‌، ڕۆڵه‌كه‌ داده‌نێت كه‌ تا جاویدان ته‌واوكراوه‌. سه‌رووی لێدوانه‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌: ئێمه‌ كاهینێكی باڵای ئاوامان هه‌یه‌ كه‌ له‌ ئاسماناندا له‌ لای ڕاستی ته‌ختی مه‌زنایه‌تی دانیشت، ڕاژه‌وانی پارساگا و نشینگه‌ی ڕاسته‌قینه‌یه‌، ئه‌وه‌ی په‌روه‌ردگار دایناوه‌ نه‌ک مرۆڤ. چونكه‌ هه‌ر كاهینێكی باڵای بۆ پێشكه‌شكردنی قوربانی و سه‌ربڕاو دانراوه. كه‌واته‌ ئه‌مه‌ پێویسته‌ شتێكی هه‌بێت كه‌ پێشكه‌شی بكات. ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر زه‌وی بووایه‌، نه‌ده‌بووه‌ كاهین، چونكه‌ كه‌سانێكی هه‌ن به‌گوێره‌ی ته‌ورات قوربانی بكه‌ن. ئه‌وانه‌ی ڕاژه‌ی وێنه‌ و سێبه‌ری شته‌ ئاسمانییه‌كان ده‌كه‌ن، كه‌ مووشێش به‌ته‌مابوو نشینگه‌كه‌ دروست‌بكات، ئاگادار كرایه‌وه‌: “بڕوانه‌ كه‌ هه‌موو شتێک له‌سه‌ر ئه‌و نموونه‌یه‌ دروست بكه‌ی كه‌ له‌سه‌ر كێوه‌كه‌ پیشانت دراوه‌”. به‌ڵام ئیشۆع ئێستا ڕاژه‌ێكی زۆر نایابتری له‌وه‌ی ئه‌وان ده‌ستكه‌وت، كه‌ نێوانگری په‌یمانێكی مه‌زنتره‌، چونكه‌ له‌سه‌ر به‌ڵێنی باشتر بنیادنراوه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر په‌یمانی یه‌كه‌م بێ كه‌موكوڕی بووایه‌، ئیتر شوێن بۆ دووه‌م داوا نه‌ده‌كرا. چونكه‌ به‌گله‌ییه‌وه‌ پێیان ده‌فه‌رمووێ: “ئه‌وه‌تا ڕۆژانێک دێت، په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رمووێ، په‌یمانێكی نوێ له‌گه‌ڵ ماڵی ئیسڕائیل و ماڵی ئيهوودا ده‌به‌ستم. نه‌ک وه‌ک ئه‌و په‌یمانه‌ی له‌گه‌ڵ باوباپیرانیان به‌ستم، ئه‌و ڕۆژه‌ی ده‌ستیانم گرت تا له‌ خاكی میسڕ ده‌ریان بكه‌م، چونكه‌ له‌سه‌ر په‌یمانه‌كه‌م نه‌ڕۆیشتن، منیش پشتگوێم خستن، په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رمووێ. وه‌ک ئه‌م په‌یمانه‌ له‌گه‌ڵ ماڵی ئیسڕائیلدا ده‌به‌ستم دوای ئه‌و ڕۆژانه‌، په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رمووێ، فێركردنه‌كانم ده‌خه‌مه‌ نێو هزریان وله‌سه‌ر دڵیان ده‌ینووسم، من ده‌بمه‌ خوداوه‌ندیان وئه‌وانیش ده‌بنه‌ گه‌لی من. كه‌سیش هاوڕێیه‌كه‌ی خۆی یان براكه‌ی خۆی فێرناكات و بڵێت، په‌روه‌ردگار بناسه‌. چونكه‌ هه‌موویان ده‌مناسن، له‌ بچووكیانه‌وه‌ تا گه‌وره‌یان. چونكه‌ له‌ تاوانه‌كه‌یان خۆش ده‌بم و چیتر ناوی گوناهه‌كانیان ناهێنم”. كاتێ ده‌فه‌رمووێ: “نوێ” یه‌كه‌م كۆن ده‌كات. شتێكیش كه‌ كۆن بوو و پیر بوو، ئه‌وا له‌ فه‌وتان نزیكه‌. ئیتر په‌یمانه‌ یه‌كه‌مه‌كه‌ ڕێوڕه‌سمی ڕاژه‌ و پارساگای زه‌مینیی هه‌بوو. چونكه‌ نشینگه‌ی یه‌كه‌م ڕاخرا، چرادان و مێز و نانی ته‌رخانكراوی تێدابوو، كه‌ پێی ده‌ووترێ “پارساگا”. پشتی په‌رده‌ی دووه‌م، ژوورێک هه‌بوو پێی ده‌ووترێ “هه‌ره‌پارساگا”، بخووردانێكی زێڕین و چه‌مه‌دانی په‌یمانی تێدایه‌ كه‌ له‌ هه‌موو لایه‌ک به‌ زێڕ ڕووپۆش كراوه‌، له‌نێو ئه‌مه‌ش گۆزه‌یه‌كی زێڕین هه‌بوو مه‌نی تێدابوو، له‌گه‌ڵ گۆچانه‌كه‌ی هاڕون، كه‌ گه‌ڵای سه‌وزی كردبوو، هه‌روه‌ها ته‌خته‌ به‌ردینه‌كانی په‌یمان. له‌سه‌ریشی كه‌ڕوبه‌كانی شكۆ سێبه‌ریان كردبووه‌ سه‌ر قه‌پاغه‌كه‌وه‌. لێره‌دا به‌ وردی ناتوانین باسی ئه‌مانه‌ بكه‌ین. كاتێ شته‌كان ئاوا ڕێكخرابوون، كاهینان هه‌موو كاتێ ده‌چنه‌ ژووری یه‌كه‌م بۆ جێبه‌جێكردنی ڕاژه‌. به‌ڵام بۆ ژووری دووه‌م ته‌نها كاهینی باڵا ساڵی جارێک ده‌چێت، ئه‌ویش بێ خوێن نابێت، كه‌ پێشكه‌ش ده‌كات بۆ خۆی و بۆ گوناهه‌كانی گه‌ل كه‌ به‌ نه‌زانی كردوویانه‌. به‌مه‌ش ڕووحی پارسا ئاماژه‌ ده‌كات، كه‌ ڕێگای هه‌ره‌پارساگا جارێ ئاشكرا نه‌بووه‌، كه‌ هێشتا نشینگه‌ی یه‌كه‌م هه‌یه‌. ئه‌مه‌ش هێمایه‌ بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه‌، كه‌ تیایدا قوربانی و سه‌ربڕاو پێشكه‌ش ده‌كرێت، ناتوانێت ویژدانی ئه‌وه‌ی ده‌یپه‌رستێت پاک بكات. ئه‌مانه‌ ته‌نها ڕێوڕه‌سمی ڕواڵه‌تیانه‌ن كه‌ چڕده‌بێته‌وه‌ له‌سه‌ر خواردن و خواردنه‌وه‌ و شوشتنی جۆراوجۆر، تا كاتی داڕشتنی نوێ دانرابوو. به‌ڵام كاتێ مه‌سیح هات وه‌ک كاهینی باڵا بۆ شته‌ باشه‌كانی داهاتوو، چووه‌ نێو نشینگه‌ی مه‌زنتر و ته‌واوتر كه‌ ده‌ستكرد نییه‌، واتا هی ئافریده‌ نییه‌. به‌ خوێنی بزن و گوێره‌كه‌ نه‌چوو، به‌ڵكو به‌ خوێنی خۆی، به‌ جارێک چووه‌ نێو هه‌ره‌پارساگا و قوربانیدانی جاویدانی بینی. چونكه‌ ئه‌گه‌ر خوێنی گا و بزن و خۆڵه‌مێشی گوێره‌كه‌ كه‌ به‌سه‌ر گڵاوه‌كاندا ده‌پرژێندرێت، پارسا بكات بۆ بێگه‌ردكردنی جه‌سته‌، ئیتر خوێنی مه‌سیح چه‌ند زیاتره‌، ئه‌وه‌ی به‌ ڕووحێكی ئه‌زه‌لی بێ كه‌موكوڕی خۆی پێشكه‌شی خودا كرد، ئه‌وه‌ی ویژدانتان له‌ كرداره‌ مردووه‌كان پێگه‌رد ده‌كاته‌وه‌، تاكو ڕاژه‌ی خودای زیندوو بكه‌ن! له‌به‌ر ئه‌مه‌ نێوانگری په‌یمانی نوێیه‌، تاكو بانگكراوان به‌ڵێنی میراتی جاویدانی وه‌ربگرن، چونكه‌ مردنی قوربانیدانی گوناهه‌كانه‌ كه‌ له‌ په‌یمانی یه‌كه‌م دا كردوویانه‌. ئه‌گه‌ر وه‌سیه‌تنامه‌ هه‌بێ، پێویسته‌ مردنی وه‌سیه‌تكار بسه‌لمێندرێ، چونكه‌ وه‌سیه‌تنامه‌ له‌گه‌ڵ مردن ده‌كه‌وێته‌ كار، هیچ هێزیشی نییه‌ كه‌ وه‌سیه‌تكار زیندوو بێ. بۆیه‌ په‌یمانه‌كه‌ی یه‌كه‌میش بێ خوێن جێبه‌جێ نه‌كرا. چونكه‌ مووشێ، دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو ڕاسپارده‌كانی به‌گوێره‌ی ته‌ورات به‌ هه‌موو گه‌لی ڕاگه‌یاند، خوێنی گوێره‌كه‌ و بزنی هێنا له‌گه‌ڵ ئاو و خوریی سوور و زوفا، به‌سه‌ر ته‌ورات و هه‌موو گه‌لدا پرژاندی. وتی: “ئه‌مه‌ خوێنی ئه‌و په‌یمانه‌یه‌ كه‌ خودا فه‌رمانی پێ كردن”. هه‌روه‌ها خوێنه‌كه‌ی پرژانده‌ سه‌ر نشینگه‌كه‌ و هه‌موو هیرباره‌كانی ڕاژه‌ كردن. به‌گوێره‌ی ته‌ورات نزیكه‌ی هه‌موو شتێک به‌ خوێن پێگه‌رد ده‌بێته‌وه‌، لێخۆشبوونی گوناهیش بێ خوێنڕشتن نابێت! بێگه‌ردكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی شته‌ ئاسمانییه‌كان ده‌بووایه‌ ئاوا بكرێت، به‌ڵام خودی شته‌ ئاسمانییه‌كان به‌ قوربانیی باشتر له‌مانه‌ بێگه‌رد ده‌بنه‌وه‌. چونكه‌ مه‌سیح نه‌چووه‌ پارساگای ده‌ستكرد كه‌ له‌به‌رگیراوه‌ی شته‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌یه‌، به‌ڵكو بۆ خودی ئاسمان، ئێستاش له‌به‌ر ڕووی خودا له‌پێناوی ئێمه‌ ده‌رده‌كه‌وێت. نه‌ک تاكو چه‌ند جارێک خۆی پێشكه‌ش بكات، وه‌ک كاهینی باڵا ساڵی جارێک به‌ خوێنێكی دیكه‌ ده‌چێته‌ نێو هه‌ره‌پارساگا. ده‌بووایه‌ مه‌سیح له‌ دامه‌زراندنی جیهانه‌وه‌ چه‌ندین جار ئازاری بچێژتایه‌. به‌ڵام ئێستا له‌ پایانی ڕۆژگار ته‌نها جارێک ده‌ركه‌وت تاكو گوناه‌ پووچه‌ڵ بكات، به‌وه‌ی خۆی كرده‌ قوربانی. وه‌ک بۆ مرۆڤ دانراوه‌ جارێک بمرێت، دواتر لێپرسینه‌وه‌یه‌، مه‌سیحیش جارێک پێشكه‌ش كرا، تاكو گوناهی زۆر كه‌س هه‌ڵبگرێت. بێ گوناهیش ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌ بۆ ڕزگاریی ئه‌وانه‌ی چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ن. ته‌ورات ته‌نها سێبه‌ری شته‌ باشه‌كانی داهاتووه‌، نه‌ک وێنه‌ی ته‌واوی ڕاستییه‌كان. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام به‌ هه‌مان قوربانییه‌كانی ساڵانه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێته‌وه‌، هه‌رگیز ناتوانێ ئه‌وانه‌ ته‌واو بكات كه‌ بۆ په‌رستن نزیک ده‌بنه‌وه‌. ئه‌گینا، ئایا له‌ پێشكه‌شكردن نه‌ده‌وه‌ستان؟ چونكه‌ ئه‌گه‌ر ڕاژه‌وانه‌كان ته‌نها جارێک بێگه‌رد بوونه‌وه‌، ئیتر ویژدانی گوناهیان نامێنێته‌وه‌. به‌ڵام له‌و قوربانییانه‌دا ساڵانه‌ یاده‌وه‌ری گوناه‌ ده‌كرێته‌وه‌. چونكه‌ مه‌حاڵه‌ خوێنی گا و بزن گوناه‌ لابه‌رێت. بۆیه‌ كاتێ مه‌سیح هاته‌ نێو جیهانه‌وه‌ فه‌رمووی: “سه‌ربڕاو و قوربانیت نه‌ویست، به‌ڵكو له‌شێكت بۆ ئاماده‌ كردم. به‌ قوربانیی سووتاندن و قوربانیی گوناه‌ دڵخۆش نه‌بووی. ئینجا وتم: ئه‌وه‌تا هاتم. وه‌ک له‌ سیپاره‌ی پێچراو ده‌رباه‌رم نووسراوه‌ تاكو كار به‌ به‌‏خواستی تۆ بكه‌م، ئه‌ی خودا”. له سه‌ره‌وه‌‌ فه‌رمووی: “تۆ سه‌ربڕاو و قوربانیی سووتاندن و قوربانیی گوناهت نه‌ویست و پێی دڵخۆش” نه‌بووی “ئه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی ته‌ورات ده‌كرێت” ئینجا فه‌رمووی: “ئه‌وه‌تا هاتم تاكو كار به‌ خواستی تۆ بكه‌م ئه‌ی خودا”. یه‌كه‌م هه‌ڵده‌كه‌نێت، تاكو دووه‌م جێگیر بكات. به‌م خواسته‌ به‌ جارێک به‌ پێشكه‌شكردنی له‌شی ئیشۆعی مه‌سیح پارسا بووین. هه‌ر كاهینێک هه‌موو ڕۆژێک ڕاده‌وه‌ستێت و ڕاژه‌ ده‌كات، چه‌ندین جار هه‌مان قوربانی ده‌كاته‌وه‌، كه‌ هه‌رگیز ناتوانێت گوناه‌ لابه‌رێت. به‌ڵام ئه‌م كاهینه‌ كاتێ قوربانییه‌كی كرد له‌ جیاتی گوناه‌ بۆ هه‌موو كاتێک، ئینجا له‌ لای ڕاستی خوداش دانیشت، له‌و كاته‌وه‌ چاوه‌ڕوانه‌، تاكو دوژمنانی بخرێنه‌ ته‌خته‌پێی. چونكه‌ به‌ یه‌ک قوربانی، پارساكانی تا جاویدانیی ته‌واو كرد. ڕووحی پارساش گه‌واهیمان بۆ ده‌دات، چونكه‌ دوای ئه‌وه‌ی فه‌رمووی: “ئه‌مه‌ ئه‌و په‌یمانه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵیان ده‌یبه‌ستم، دوای ئه‌و ڕۆژانه‌ په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رمووێ: فێركردنه‌كانم ده‌خه‌مه‌ نێو دڵیان و له‌نێو هزریان ده‌ینووسم. هه‌رگیز باسی گوناهه‌كان و سه‌رپێچیه‌كه‌یان ناكه‌م”. له‌كوێ لێخۆشبوونی ئه‌مانه‌ هه‌بێت، ئیتر قوربانی بۆ گوناه‌ نابێت. بۆیه‌ برایان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی متمانه‌مان هه‌یه‌ بۆ چوونه‌ نێو هه‌ره‌پارساگا به‌ خوێنی ئیشۆع، به‌ ڕێگایه‌كی نوێ و زیندوو له‌ نێو په‌رده‌دا بۆمانی كرده‌وه‌، واتا جه‌سته‌ی خۆی، هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاهینێكی به‌رزمان هه‌یه‌ به‌سه‌ر ماڵی خوداوه‌، با به‌ دڵێكی ڕاست به‌ متمانه‌ی باوه‌ڕ بچینه‌ پێش خودا كه‌ دڵمان پرژێندراو بێت تاكو له‌ ویژادانی خراپ پاک بێته‌وه‌ و له‌شمان به‌ ئاوێكی پاک شۆردرا بێت. با بێ دوودڵی ده‌ست بگرین به‌ دانپیانانی هیوامان، چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌ڵێنی داوه‌ سه‌رڕاسته‌. با ئامۆژگاریی یه‌كتری بكه‌ین بۆ هاندان له‌سه‌ر خۆشویستن و كاری چاک. با واز له‌ كۆبوونه‌وه‌كانمان نه‌هێنین، وه‌ک هه‌ندێک له‌سه‌ری ڕاهاتوون، به‌ڵكو ئامۆژگاریی یه‌كتری بكه‌ین، زیاتریش كه‌ ده‌بینن ڕۆژه‌كه‌ نزیک ده‌بێته‌وه‌. چونكه‌ دوای ئه‌وه‌ی ڕه‌وامان ناسی، ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بووین له‌وه‌ی به‌ ئه‌نقه‌ست گوناه‌ بكه‌ین، ئه‌وا قوربانی بۆ گوناه‌ نامێنێت، به‌ڵكو چاوه‌ڕێكردنی حوكمدانی ترسناک و ئاگری بڵێسه‌دار كه‌ خه‌ریكه‌ دژه‌كانی خودا ده‌خوات. ئه‌وه‌ی سه‌رپێچی ته‌وراتی مووشێی كردووه‌، بێبه‌زه‌ییانه‌ به‌ گه‌واهیی دوو یان سێیان ده‌مرێت. ده‌بێ شایانی سزای چه‌ند خراپتره‌ ئه‌وه‌ی پێشێلی ڕۆڵه‌ی خودای كردووه‌ و خوێنی په‌یمان به‌ گڵاو داده‌نێت كه‌ پارسای كردووه‌، سووكایه‌تیش به‌ ڕووحی به‌خشش ده‌كات؟ چونكه‌ ئه‌مه‌ ده‌ناسین كه‌ ئه‌مه‌ی فه‌رمووه‌: “تۆڵه‌سه‌ندن هی منه‌، منم سزا ده‌ده‌م، په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رموێ”. هه‌روه‌ها: “په‌روه‌ردگار حوكم به‌سه‌ر گه‌لی خۆی ده‌دات”. كه‌وتنه‌ نێو ده‌ستی خودای زیندوو‌ ترسناكه! به‌ڵام ڕۆژانی پێشترتان به‌ یاد بێته‌وه‌ كه‌ ڕووناک بوونه‌وه‌ و ئارامتان گرت له‌ تێكۆشانی ئازاری زۆر. له‌ لایه‌ک تووشی جنێو و ته‌نگانه‌ی ئاشكرا هاتوون، له‌ لایه‌كی دیكه‌ به‌شداری ئه‌وانه‌ن كه‌ وایان پێ ده‌كرێت. هاوسۆزیی منی به‌ندكراوانتان كرد، كاتێ سامانتان تاڵان كرا به‌ خۆشییه‌وه‌ په‌سه‌ندتان كرد، ده‌زانن له‌ ئاسماناندا سامانی باشترتان هه‌یه‌ و ده‌مێنێته‌وه‌. كه‌واته‌ متمانه‌تان فڕێ مه‌ده‌ن كه‌ پاداشتی مه‌زنه‌. چونكه‌ پێویستیتان به‌ دانبه‌خۆداگرتن هه‌یه‌، تاكو كه‌ به‌ خواستی خوداتان كرد، به‌ڵێنه‌كه‌ به‌ده‌ست بهێنن. چونكه‌ دوای ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌م، “ئه‌وه‌ی دێت، دێت و دواناكه‌وێت. خوداناس به‌ باوه‌ڕ ده‌ژیێت، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه‌، ئه‌وه‌ جێی ڕه‌زامه‌ندی من نابێت”. جا ئێمه‌ سه‌ر به‌و هه‌ڵگه‌ڕاوانه‌ نین كه‌ بۆ له‌ناوچوونن، به‌ڵكو سه‌ر به‌ باوه‌ڕین بۆ ڕزگاریی خۆمان. باوه‌ڕ دڵنیاییه‌ به‌وه‌ی هیوامان پێیه‌تی، بێگومانییه‌ له‌وه‌ی نایبینین. چونكه‌ به‌مه‌ پێشینان په‌سه‌ند كراون. به‌ باوه‌ڕ تێده‌گه‌ین كه‌ گه‌ردوون به‌ وشه‌ی خودا ئافریده‌ كراوه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی ده‌یبینین نه‌هاتۆته‌كایه‌وه‌. به‌ باوه‌ڕ هاویل قوربانییه‌كی باشتری له‌وه‌ی قائین پێشكه‌شی خودا كرد. به‌ باوه‌ڕ گه‌واهیی بۆ درا كه‌ خوداناسه‌ كاتێ خودا گه‌واهیی بۆ خۆی و قوربانییه‌كه‌ی دا. هه‌رچه‌نده‌ مرد، هه‌روا به‌ باوه‌ڕ ده‌دوێت! به‌ باوه‌ڕ ئه‌خنوخ بردرا تاكو مه‌رگ نه‌بینێ، ئیتر نه‌دۆزرایه‌وه‌، چونكه‌ خودا بردییه‌وه‌. پێش بردنیشی گه‌واهیی وه‌رگرت كه‌ خودای ڕازی كردووه‌. بێ باوه‌ڕ مه‌حاڵه‌ ڕازی بكرێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌و نزیک بێته‌وه‌، ده‌بێ باوه‌ڕی به‌ بوونی ئه‌و هه‌بێت و پاداشتی ئه‌وانه‌ش ده‌داته‌وه‌ كه‌ داوای ده‌كه‌ن. به‌ باوه‌ڕ نووخ، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی هێشتا نابینرێت ئاگادار كرایه‌وه‌، ترسا، كه‌شتییه‌كی بنیاد نا بۆ ڕزگاریی ماڵه‌كه‌ی. به‌ باوه‌ڕ جیهانی حوكم دا و بوو به‌ میراتگری بێتاوانی كه‌ به‌گوێره‌ی باوه‌ڕه‌. به‌ باوه‌ڕ كاتێ ئه‌وڕاهه‌م بانگكرا بچێته‌ ئه‌و شوێنه‌ی خه‌ریک بوو به‌ میرات وه‌ریبگرێت، ده‌رچوو بێ ئه‌وه‌ی بزانێت بۆ كوێ ده‌چێت. به‌ باوه‌ڕ وه‌ک بێگانه‌ له‌ خاكی به‌ڵێنپێدراو نامۆ بوو، له‌ ڕه‌شماڵدا ژیا، وه‌ک ئسخه‌ق و یاقوو كه‌ له‌گه‌ڵیدا له‌ میراتی هه‌مان به‌ڵێن هاوبه‌شن. چونكه‌ چاوه‌ڕێی شاره‌كه‌ی ده‌كرد كه‌ بناغه‌كانی هه‌یه‌، كه‌ دروستگه‌ر و په‌یداگه‌ری خودایه‌. به‌ باوه‌ڕ، خودی سارا هه‌رچه‌نده‌ نه‌زۆک بوو توانای سک كردنی وه‌رگرت، كه‌ دوای ته‌مه‌نی ئاسایی منداڵی بوو، چونكه‌ دڵنیابوو ئه‌وه‌ی به‌ڵێنی داوه‌ ڕاستگۆیه‌. بۆیه‌ له‌ پیاوێک له‌دایكبوو، هه‌روه‌ک مردووه‌، نه‌وه‌كان ژماره‌یان وه‌ک ئه‌ستێره‌ی ئاسمان، وه‌ک لمی سه‌ر كه‌ناری ده‌ریا له‌ ژماره‌ نه‌ده‌هات. هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌ باوه‌ڕدا مردن و به‌ڵێنه‌كانیان وه‌رنه‌گرت، به‌ڵكو له‌ دووره‌وه‌ بینییان و بڕوایان پێ كرد و دانیان پیانا كه‌ ئه‌وان له‌سه‌ر زه‌ویدا نامۆ و بێگانه‌ن. ئه‌وانه‌ی ئه‌م شتانه‌ ده‌ڵێن، ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ داوای نیشتیمان ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌وان بیری نیشتیمانیان بكردایه‌وه‌ كه‌ لێی ده‌رچووبوون، ئه‌وا هه‌لی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆی ده‌بوو. به‌ڵام ئێستا ئاره‌زووی نیشتیمانێكی باشتر ده‌كه‌ن، كه‌ ئاسمانییه‌كه‌یه‌. بۆیه‌ خودا شه‌رمی پێیان نییه‌ به‌ خودای ئه‌وان ناوببردرێت، چونكه‌ شارێكی بۆ ئاماده‌كردن. به‌ باوه‌ڕ ئه‌وڕاهه‌م، كاتێ خودا خستییه‌ ئه‌زموونه‌وه‌، ئسخه‌قی تاقانه‌كه‌ی وه‌ک قوربانی پێشكه‌ش كرد. ئه‌وه‌ی به‌ به‌ڵێنه‌كان وه‌ریگرت، كه‌ پێی وترا: “له‌ ئسخه‌قه‌وه‌ وه‌چه‌ت ناوده‌بردرێت”. ئه‌وڕاهه‌م داینابوو كه‌ خودا ده‌توانێت مردوو هه‌ستێنێته‌وه‌، له‌وه‌شه‌وه‌ به‌ مه‌جازییانه‌ ئسخه‌قی وه‌رگرته‌وه‌. به‌ باوه‌ڕ ئسخه‌ق یاقوو و عیسۆی داڕشت كرد، بۆ داهاتووه‌كان. به‌ باوه‌ڕ یاقوو له‌ سه‌ره‌مه‌رگیدا هه‌ریه‌كه‌ له‌ كوڕه‌كانی یۆسپی داڕشت كرد و خۆی له‌سه‌ر ده‌سكی گۆچانه‌كه‌یدا دا و كڕنۆشی برد. به‌ باوه‌ڕ یۆسپ له‌ سه‌ره‌مه‌رگیدا باسی ده‌رچوونی نه‌وه‌ی ئیسڕائیلی كرد و ده‌رباره‌ی ئێسقانه‌كانی ڕایسپاردن. به‌ باوه‌ڕ كاتێ مووشێ له‌دایكبوو، سێ مانگ دایبابی شاردییانه‌وه‌، چونكه‌ بینییان كوڕه‌كه‌ جوانه‌، له‌ فه‌رمانی پاشا نه‌ترسان. به‌ باوه‌ڕ كاتێ مووشێ گه‌وره‌ بوو، نه‌یویست به‌ كوڕی كچی پڕعون ناوببردرێت. به‌لایه‌وه‌ باشتر بوو له‌گه‌ڵ گه‌لی خودا سووكایه‌تی پێ بكرێت، له‌وه‌ی له‌زه‌تێكی كاتیی له‌ گوناهدا هه‌بێت. ئه‌و شووره‌یی مه‌سیح به‌ سامانێكی مه‌زنتری دانا له‌ گه‌نجینه‌كانی میسڕ، چونكه‌ ده‌ڕوانیه‌ پاداشت. به‌ باوه‌ڕ میسڕی به‌جێهێشت و له‌ تووڕه‌یی پاشا نه‌ترسا. دانی به‌خۆیدا گرت وه‌ک ئه‌وه‌ ببینێ كه‌ نه‌بینراوه‌. به‌ باوه‌ڕ په‌سخه‌ی كرد و خوێنه‌كه‌ی پرژاند، نه‌وه‌ک له‌ناوبه‌ری نۆبه‌ره‌ ده‌ستیان لێ بدات. به‌ باوه‌ڕ به‌ ده‌ریای سووردا په‌ڕینه‌وه‌ وه‌ک به‌ وشكانیدا، به‌ڵام میسڕییه‌كان كاتێ ویستیان بیكه‌ن نوقوم بوون. به‌ باوه‌ڕ شووراكانی ئه‌ریخو ڕووخان، دوای ئه‌وه‌ی حه‌وت ڕۆژ به‌ ده‌وریدا سووڕانه‌وه‌. به‌ باوه‌ڕ ڕاخه‌وی داوێنپیس له‌گه‌ڵ یاخیبووان له‌ناونه‌چوو، چونكه‌ پێشوازییه‌كی ئاشتییانه‌ی له‌ سیخوڕه‌كان كرد. چی دیكه‌ش بڵێم؟ چونكه‌ كاتم نییه‌ باسی جیدعون و باڕه‌ق و شیمشون و نه‌پته‌خ و داوید و شمووئێل و پێغه‌مبه‌ران بكه‌م، كه‌وا به‌ باوه‌ڕ پاشایه‌تییه‌كانیان به‌زاند، دادپه‌روه‌رییان هێنایه‌ كایه‌وه‌، به‌ڵێنه‌كانیان به‌ده‌ستهێنا، ده‌می شێریان داخست، هێزی ئاگریان كوژانده‌وه‌، له‌ تیخی شمشێر ده‌رباز بوون، له‌ لاوازیدا به‌هێزبوون، له‌ جه‌نگدا توند بوون، له‌شكری بێگانه‌یان گه‌ڕانده‌وه‌. هه‌ندێک ژن مردووه‌كانیان به‌ هه‌ستانه‌وه‌ وه‌رگرته‌وه‌. به‌ڵام خه‌ڵكی دیكه‌ ئه‌شكه‌نجه‌ دران و ڕزگارییان نه‌ویست، تاكو هه‌ستانه‌وه‌یه‌كی باشتریان ده‌ست بكه‌وێت. هه‌ندێكی دیكه‌ كه‌وتنه‌ ئه‌زموونی سووكایه‌تی و به‌ر قامچیدان، هه‌روه‌ها كۆت و زیندان. به‌ردباران كران، كه‌رت كران، به‌ زه‌بری شمشێر كوژران. به‌ پێستی كاوڕ و بزن گه‌ڕێندراون، نه‌بوون و چه‌وسێنراوه‌ و زه‌لیل كران جیهان شایانی ئه‌وان نه‌بوو. ده‌ربه‌ده‌ری بیابان و شاخ و ئه‌شكه‌وت و كون و كه‌له‌به‌ری زه‌وی بوون. هه‌موو ئه‌وانه‌ش گه‌واهیی بۆ باوه‌ڕیان ده‌درێت، به‌ڵام به‌ڵێنیان ده‌ست نه‌كه‌وت. چونكه‌ خودا پێشتر شتێكی باشتری بۆمان بینی، تاكو بێ ئێمه‌ ته‌واو نه‌بن. بۆیه‌، ئێمه‌ به‌ هه‌ورێكی گه‌واهیده‌رانی ئاوا گه‌وره‌ ده‌وره‌ دراوین، با هه‌موو بارگرانییه‌ک و ئه‌و گوناهانه‌ی وا ده‌وری داوین به‌ ئاسانی بخه‌ینه‌ لایه‌ک و به‌ دانبه‌خۆداگرتنه‌وه‌ له‌و پێشبڕكێیه‌ ڕابكه‌ین كه‌ له‌پێشمان دانراوه‌. بڕوانینه‌ ئیشۆع، پێشڕه‌و و ته‌واوكاری باوه‌ڕمان، ئه‌وه‌ی له‌ پێناوی ئه‌و شادییه‌ی له‌پێشی دانرابوو، به‌رگه‌ی خاچی گرت و شه‌رمه‌زاری به‌ سووک وه‌رگرت، جا له‌ لای ڕاستی ته‌ختی خودا دانیشت. بیربكه‌نه‌وه‌ له‌وه‌ی له‌ گوناهبارانه‌وه‌ به‌رگه‌ی دژایه‌تی خۆی گرت، تاكو شه‌كه‌ت نه‌بن و وره‌ به‌رنه‌ده‌ن. له‌ خه‌باتی دژی گوناه‌ هێشتا تاكو خوێن ڕشتن به‌رگریتان نه‌كردووه‌. ئێوه‌ش ئه‌و ئامۆژگاریه‌تان له‌بیر چووه‌، كه‌ وه‌ک ڕۆڵه‌ له‌گه‌ڵتان ده‌دوێت: “ڕۆڵه‌كه‌م، به‌ سووكی ته‌ماشای ته‌مبێكردنی په‌روه‌ردگار مه‌كه‌. كاتێ سه‌رزه‌نشتت ده‌كات وره‌ به‌رمه‌ده‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی په‌روه‌ردگار خۆشیبووێ ته‌مبێی ده‌كات، هه‌روه‌ها هه‌ر یه‌كێک وه‌ک ڕۆڵه‌ی خۆی وه‌ریگرێت، به‌ قامچی لێی ده‌دات”. كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر به‌رگه‌ی ته‌مبێكردن بگرن، خوداش وه‌ک ڕۆڵه‌ی خۆی ڕه‌فتارتان له‌گه‌ڵ ده‌كات. چ ڕۆڵه‌یه‌ک هه‌یه‌ باوكی ته‌مبێی نه‌كات؟ به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌مبێكردنتان نه‌بێت، له‌وه‌ی هه‌موویان بوونه‌ هاوبه‌ش، ئه‌وا زۆڵن و ڕۆڵه‌ی نین. باوكی مرۆڤانه‌مان هه‌یه‌ كه‌ ته‌مبێی كردووین و ڕێزی ئه‌ومان گرتووه‌. ئه‌ی چه‌ند زیاتر ملكه‌چی باوكی ڕووحه‌كانمان بین، جا ده‌ژین؟ چونكه‌ باوكانمان ڕۆژانێكی كه‌م ئه‌وه‌نده‌ی به‌ باشیان زانیوه‌ ته‌مبێیان كردووین، به‌ڵام خودا بۆ سوودی ئێمه‌یه‌ ته‌مبێمان ده‌كات، تاكو به‌شداری پارساییه‌كه‌ی بكه‌ین. هه‌ر ته‌مبێكردنێک ئێستا نابینرێت بۆ خۆشی بێت به‌ڵكو بۆ خه‌م، كه‌چی دواتر به‌روبوومی ئاشتییانه‌ی خوداناسی ده‌گرێت بۆ ئه‌وانه‌ی پێی ڕاهێنراون. بۆیه‌ ده‌سته‌ لاوازبووه‌كان و ئه‌ژنۆ له‌رزۆكه‌كان به‌هێز بكه‌ن، ڕێڕه‌وی به‌رپێتان ڕاست بكه‌نه‌وه‌، تاكو شه‌ل پێی له‌جێ نه‌چێت، به‌ڵكو چاكبێته‌وه‌. له‌گه‌ڵ هه‌مووان دوای ئاشتی بكه‌ون، هه‌روه‌ها پارسا بن. بێ پارسایی كه‌س په‌روه‌ردگار نابینێت. ئاگادار بن، كه‌س خۆی له‌ به‌خششی خودا بێبه‌ش نه‌كات، نه‌وه‌ک ڕه‌گی تاڵی گه‌شه‌ بكات و په‌شێوی دروست بكات، به‌هۆی ئه‌مه‌ش زۆر كه‌س گڵاو بێت. نه‌وه‌ک یه‌كێک داوێنپیس یان وه‌ک عیسۆ به‌ڕه‌ڵا بێت، ئه‌وه‌ی مافی نۆبه‌رایه‌تی خۆی به‌ ژه‌مێكی خواردن فرۆشت. چونكه‌ ده‌زانن دواتر كاتێ ویستی ببێته‌وه‌ میراتگری داڕشت، ڕه‌تكرایه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی نه‌دۆزییه‌وه‌ بۆ تۆبه‌كردن، هه‌رچه‌نده‌ به‌ فرمێسكه‌وه‌ش داوای كرد. چونكه‌ ئێوه‌ نه‌هاتوونه‌ته‌ لای شاخێک ده‌ستی لێ بدرێت و ئاگرێكی گڕدار و تاریكی و ته‌م و گه‌رده‌لوول، لای ده‌نگی كه‌ڕه‌نا و ده‌نگی دووانێک وا له‌ گوێگران بكات بپاڕێنه‌وه‌ ئیتر ئه‌م قسانه‌یان بۆ نه‌كرێت، چونكه‌ ئه‌و شته‌ی فه‌رمانی پێ كرا به‌رگه‌یان نه‌گرت: “ئه‌گه‌ر ئاژه‌ڵێک ده‌ستی به‌ر ئه‌و شاخه‌ بكه‌وێ، ده‌بێ به‌ردباران یان تیرباران بكرێ”. دیمه‌نه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ ترسناک بوو، مووشێ وتی: “من له‌ ترسان ده‌له‌رزم”. به‌ڵكو ئێوه‌ هاتوونه‌ته‌ كێوی سهیۆن، بۆ شاری خودای زیندوو، یروشلایمی ئاسمانی، بۆ ئاهه‌نگێک فریشته‌یه‌كی له‌ ژماره‌ نه‌هاتووی كۆكردۆته‌وه‌، بۆ وارگه‌ی نۆبه‌ره‌ تۆماركراوه‌كان له‌ ئاسماناندا، بۆ لای خودا، دادوه‌ری هه‌مووان، بۆ لای ڕووحی خوداناسان كه‌ ته‌واوكراون، بۆ لای ئیشۆع، نێوانگری په‌یمانی نوێ، بۆ خوێنێكی پرژێندراو كه‌ له‌ خوێنی هاویل باشتر ده‌دوێت. ئاگاداربن قسه‌كه‌ره‌كه‌ ڕه‌ت مه‌كه‌نه‌وه‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی قسه‌كه‌ری سه‌ر زه‌وییان ڕه‌تكرده‌وه‌ ده‌رباز نه‌بووبن، ئایا چه‌ند كه‌متر ئێمه‌ ده‌رباز ده‌بین كه‌ له‌ قسه‌كه‌ری ئاسمان هه‌ڵگه‌ڕاینه‌وه‌! كه‌ ده‌نگه‌كه‌ی زه‌ویی هه‌ژاند، به‌ڵام ئێستا به‌ڵێنی داوه‌ و ده‌فه‌رمووێ: “جارێكی دیكه‌ ته‌نها زه‌وی ناخه‌مه‌ له‌رزه‌، به‌ڵكو ئاسمانیش”. وشه‌ی “جارێكی دیكه‌” ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌و شتانه‌ی له‌رزۆكن وه‌ک دروستكراو نامێنێت، تاكو شته‌ ناله‌رزۆكه‌كان بمێنن. بۆیه‌، چونكه‌ پاشایه‌تیێكی ناله‌رزۆكمان وه‌رگرتووه‌، با سوپاسگوزار بین، به‌هۆیه‌وه‌ به‌ شێوازێكی په‌سه‌ند به‌ ترس و ڕێزه‌وه‌ خودا بپه‌رستین. چونكه‌ “خودامان ئاگرێكی سووتێنه‌ره‌”. با خۆشویستنی برایانه‌ جێگیر بێت. میوانداری نامۆكان له‌یاد مه‌كه‌ن، چونكه‌ به‌مه‌ كه‌سانێک بێ ئه‌وه‌ی بزانن میوانداری فریشته‌كانیان كردووه‌. یادی به‌ندكراوان بكه‌ن هه‌روه‌ک له‌گه‌ڵیان به‌ند كرابن، زۆرلێكراوانیش وه‌ک خۆتان له‌گه‌ڵ ئه‌ودا زۆرلێكراو بن. با له‌لای هه‌مووان هاوسه‌رگیری ڕێزی هه‌بێت، نوێنی هاوسه‌رگیریسش ناگڵاو بێت، چونكه‌ خودا به‌ڕه‌ڵا و داوێنپیسان تاوانبار ده‌كات. با سه‌ربورده‌تان بێ خۆشویستنی پاره‌ بێت، ڕازی بن به‌وه‌ی هه‌تانه‌، چونكه‌ فه‌رموویه‌تی: “پشتگوێت ناخه‌م، وازت لێ ناهێنم”. كه‌واته‌ به‌ متمانه‌وه‌ ده‌ڵێین: “په‌روه‌ردگار یارمه‌تیده‌ری منه‌، ناترسم، مرۆڤ چی پێ ده‌كرێ له‌گه‌ڵ من؟” ڕابه‌ره‌كانتان له‌یاد بێت، ئه‌وانه‌ی به‌ وشه‌ی خودا له‌گه‌ڵتان دووان، ته‌ماشای سه‌ربورده‌یان بكه‌ن و لاسایی باوه‌ڕیان بكه‌نه‌وه‌. ئیشۆعی مه‌سیح خۆی خۆیه‌، دوێنێ و ئه‌مڕۆ و تاجاویدانی. فێركردنی جۆراوجۆر و نامۆ نه‌تانهاژوات. چونكه‌ باشه‌ دڵ به‌ به‌خشش جێگیر بـێت، نه‌ک به‌ یاساكانی خۆراک كه‌ سوودی نه‌بوو بۆ ئه‌وانه‌ی پێی ده‌ژین. ئێمه‌ “قوربانگا” یه‌كمان هه‌یه‌، ئه‌وانه‌ی ڕاژه‌ی نشینگه‌كه‌ ده‌كه‌ن مافیان نییه‌ لێی بخۆن. چونكه‌ ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی به‌ده‌ستی كاهینی باڵا به‌هۆی خوێنیان وه‌ک قوربانی بۆ گوناه‌ ده‌چێته‌ “پارساگا”، ته‌رمه‌كانیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئۆردوگاكه‌ ده‌سووتێندرێ. بۆیه‌ ئیشۆعیش له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌رگای شار ئازاری چێژت، تاكو به‌ خوێنی خۆی گه‌ل پارسا بكات. كه‌واته‌ با بچینه‌ ده‌ره‌وه‌ی ئۆردوگا بۆ لای ئیشۆع، شووره‌ییه‌كه‌ی هه‌ڵبگرین. چونكه‌ لێره‌دا شارێكمان نییه‌ بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام داوای شاره‌ داهاتووه‌كه‌ ده‌كه‌ین. بۆیه‌، با به ئه‌و هه‌رده‌م قوربانی ستایش پێشكه‌شی خودا بكه‌ین، كه‌ به‌روبوومی لێوێكه‌ دان به‌ ناوی ئه‌و ده‌نێت. به‌ڵام چاكه‌كاری و دابه‌شكردن پشتگوێ مه‌خه‌ن، چونكه‌ ئه‌و جۆره‌ قوربانییانه‌ خودا دڵشاد ده‌كات. گوێڕایه‌ڵی ڕابه‌ره‌كانتان بن و ملكه‌چیان بن، چونكه‌ له‌پێناوی ئێوه‌دا بێداری ده‌كه‌ن، وه‌ک بڵێی هه‌ژماردێک ده‌ده‌ن، تاكو به‌ شادییه‌وه‌ ئه‌مه‌ بكه‌ن، نه‌ک به‌ بێزاری، چونكه‌ ئه‌مه‌ زیانی بۆتان ده‌بێت. له‌پێناومان نوێژ بكه‌ن، چونكه‌ دڵنیاین ویژدانێكی باشمان هه‌یه‌، خوازیارین له‌ هه‌موو شتێكدا ڕه‌فتارمان چاک بێت. به‌ڵام زیاتر داواتان لێ ده‌كه‌م‌ ئه‌مه‌ بكه‌ن، تاكو خێراتر بگه‌ڕێمه‌وه‌ لاتان. خودای ئاشتی كه‌ به‌ خوێنی په‌یمانی جاویدانی ئیشۆعی په‌روه‌ردگارمانی له‌نێو مردووان هه‌ستانده‌وه‌، شوانه‌ مه‌زنه‌كه‌ی كاوڕه‌كان، له‌ هه‌موو شتێكی باش ئاماده‌تان بكات بۆ ئه‌وه‌ی به‌ خواستی ئه‌و بكه‌ن، له‌ ئێمه‌شدا كار بكات كه‌ به‌ دڵی خۆی بێت به‌هۆی ئیشۆعی مه‌سیح، كه‌ تاهه‌تایه‌ شكۆمه‌ندی بۆ ئه‌وه‌. ئامین. برایان، لێتان ده‌پاڕێمه‌وه‌، به‌ سنگ فراوانییه‌وه‌ ئه‌م وشه‌ی ئامۆژگاریه‌ وه‌ربگرن، چونكه‌ ته‌نها په‌یامی كورتم بۆ نووسیون. بزانن كه‌ تیماتیئوسی برامان ئازاد كرا. ئـــــه‌گـــــه‌ر زوو هـــــات، بـــــه‌یـــــه‌كـــــه‌وه‌ ده‌تــــانــــبــــیــــنــــیــــن. سڵاو له‌ هه‌موو ڕابه‌رانتان و هه‌موو پارساكان بكه‌ن. ئه‌وانـه‌ی لـه‌ ئـیـتـالـیـان سـڵاوتـان لـێـده‌كـه‌ن. به‌خشش له‌گه‌ڵ هه‌مووتان بێت. ئامین. یاقووی به‌نده‌ی خودا و ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگار، سڵاو پێشكه‌شی دوازده‌ هۆزه‌ په‌راگه‌نده‌كه‌ ده‌كات، سڵاو. برایانم، به‌وپه‌ڕی شادی دابنێن، كاتێ ده‌كه‌ونه‌ جۆره‌ها تاقیكردنه‌وه‌، ده‌زانن ئه‌زموونی باوه‌ڕتان دانبه‌خۆداگرتن دروست ده‌كات. با دانبه‌خۆداگرتن ته‌واو كاری خۆی هه‌بێت، تاكو ته‌واو و پێگه‌یشتوو بن، كه‌موكوڕیتان له‌ شتێک نه‌بێت. ئه‌گه‌ر یه‌كێكتان له‌ دانایی كه‌موكوڕی هه‌یه‌، با داوا له‌ خودا بكات، كه‌ به‌ دڵفراوانی به‌ هه‌مووان ده‌به‌خشێت و گله‌ییش ناكات، پێشی ده‌به‌خشرێت. به‌ڵام با به‌ باوه‌ڕه‌وه‌ داوا بكات و هه‌رگیز گومان نه‌كات، چونكه‌ ئه‌وه‌ی گومان ده‌كات وه‌ک شه‌پۆلی ده‌ریا وایه‌، با ده‌یهێنێت و ده‌یبات. ئه‌و مرۆڤه‌ با بیرنه‌كاته‌وه‌ شتێک له‌ په‌روه‌ردگار وه‌رده‌گرێت، چونكه‌ مرۆڤی ڕاڕا، له‌ هه‌موو ڕێگاكانی جێگیر نییه‌. با برای پایه‌نزم شانازی به‌ به‌رزییه‌كه‌ی بكات، ده‌وڵه‌مه‌ندیش به‌ نزمییه‌كه‌ی، چونكه‌ وه‌ک گوڵی گژوگیا له‌ناوده‌چێت. چونكه‌ خۆر به‌ گه‌رمییه‌كه‌ی هه‌ڵهات، گژوگیا وشک بوو و گوڵه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌ری و دیمه‌نی جوانی نه‌ما. به‌ هه‌مان شێوه‌، ده‌وڵه‌مه‌ند له‌ ڕێگاكانی له‌ناوده‌چێت. به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ به‌رگه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ ده‌گرێت، چونكه‌ كه‌ سه‌لمێندرا “تاجی ژیان” وه‌رده‌گرێت، ئه‌وه‌ی خودا به‌ڵێنی پێ داوه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی خۆشیان ده‌وێت. با كه‌س كاتێ تاقی ده‌كرێته‌وه‌ نه‌ڵێت: “له‌لایه‌ن خوداوه‌ تاقی ده‌كرێمه‌وه‌”. چونكه‌ خودا به‌ خراپه‌ تاقی ناكرێته‌وه‌، كه‌سیش تاقی ناكاته‌وه‌. به‌ڵكو هه‌ر كه‌سێک به‌و هه‌وه‌سه‌ی هه‌یه‌تی تاقی ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر پێی ڕاكێشرا و هه‌ڵخه‌ڵه‌تا. كه‌ هه‌وه‌س سک بكات گوناهی لێ ده‌بێت، گوناهیش كه‌ گه‌شه‌ی كرد مه‌رگ به‌رهه‌م دێنێت. برایانی خۆشه‌ویستم، هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێن. هه‌موو به‌خشینێكی چاک و هه‌موو به‌هره‌یه‌كی ته‌واو له‌لایه‌ن سه‌ره‌وه‌یه‌، له‌لای باوكی ڕووناكییه‌كانه‌وه‌ دێته‌ خواره‌وه‌، ئه‌وه‌ی ناگۆڕێت و سێبه‌ری خولانه‌وه‌ی نییه‌. خواستی له‌سه‌ر بوو كه‌وا به‌ وشه‌ی ڕه‌وا له‌دایكببین، تاكو ببینه‌ نۆبه‌ره‌ی ئافریده‌كانی. كه‌واته‌ برایانی خۆشه‌ویستم: با هه‌ر مرۆڤێک له‌ گوێگرتن خێرا بێت، له‌ قسه‌كردن له‌سه‌ره‌خۆ بێت، له‌ تووڕه‌بوون خاو بێت. چونكه‌ تووڕه‌یی مرۆڤ بێتاوانیی خودا ناهێنێته‌‌ كایه‌وه‌. بۆیه‌ هه‌موو گڵاوی و گه‌شه‌كردنێكی به‌دكاری دابكه‌نن، ئه‌و وشه‌یه‌ی كه‌ له‌ ئێوه‌دا چاندراوه‌ به‌ دڵنه‌رمییه‌وه‌ وه‌ریبگرن، ئه‌وه‌ی ده‌توانێت گیانتان ڕزگار بكات. به‌ڵام ته‌نها گوێگری وشه‌كه‌ مه‌بن، به‌ڵكو كاری پێ بكه‌ن، ئه‌گینا خۆتان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن. چونكه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێک گوێگری وشه‌كه‌ بێت و كاری پێ نه‌كات، وه‌ک یه‌كێک وایه‌ له‌ ئاوێنه‌دا سه‌یری ڕوخساری خۆی بكات، ئینجا دوای ئه‌وه‌ی سه‌یری خۆی ده‌كات و ده‌ڕوات، یه‌كسه‌ر له‌بیری ده‌چێت چۆن بووه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌یری نێو یاسای ته‌واو بكات، یاسای ئازادی و تیایدا جێگیر بێت، ئه‌وه‌ی گوێی لێبووه‌ له‌بیری نه‌كات، به‌ڵكو كاری پێ بكات، ئه‌وا ئه‌مه‌ داڕشته‌ له‌ كرداری. ئه‌وه‌ی خۆی به‌ دیندار دابنێت و زمانی خۆی نه‌پارێزێت و خۆی هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنێت ئه‌وا دیندارییه‌كه‌ی ناڕه‌وایه‌. ئایینی بێگه‌رد و پاک له‌لای خودای باوک ئه‌مه‌یه‌: به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی هه‌تیوان و بێوه‌ژنان له‌ ته‌نگانه‌یاندا، هه‌روه‌ها مرۆڤ خۆی له‌ گڵاوی جیهان بپارێزێت. برایانم، وه‌ک باوه‌ڕدار به‌ په‌روه‌ردگارمان ئیشۆعی مه‌سیح، په‌روه‌ردگاری شكۆ، جوداخوازی مه‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر پیاوێک هاته‌ نێو كۆڕه‌كه‌تان، ئه‌نگوستیله‌ی زێڕی له‌ په‌نجه‌ بوو و به‌رگی نایاب بوو، هه‌روه‌ها هه‌ژارێكیش به‌ به‌رگی پیس، ته‌ماشای به‌رگه‌ نایابه‌كه‌تان كرد و وتتان: “لێره‌ دانیشه‌ باشه‌”، به‌ هه‌ژاره‌كه‌ش بڵێن: “له‌وێ ڕاوه‌سته‌” یان “له‌به‌رپێم دانیشه‌” ئایا له‌نێو خۆتان جیاوازی ناكه‌ن و بوونه‌ته‌ دادوه‌ری بیری خراپ؟ برا خۆشه‌ویسته‌كانم، گوێبگرن: ئایا خودا هه‌ژارانی ئه‌م جیهانه‌ی هه‌ڵنه‌بژاردووه‌ له‌ باوه‌ڕ ده‌وڵه‌مه‌ند بن و میراتگری پاشایه‌تی بن كه‌ به‌ڵێنی پێ داوه‌ته‌ ئه‌وانه‌ی خۆشیانده‌وێت؟ به‌ڵام ئێوه‌ سووكایه‌تیتان به‌ هه‌ژاره‌كه‌ كرد. ئایا ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان نین خۆیان به‌سه‌رتاندا ده‌سه‌پێنن و ڕاپێچی دادگاكانتان ده‌كه‌ن؟ ئایا ئه‌وان نین كفر به‌و ناوه‌ چاكه‌ ده‌كه‌ن كه‌ پێی بانگكراون؟ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ته‌وراتی شاهانه‌تان هێناوه‌ته‌ دی كه‌ به‌گوێره‌ی په‌رتووكه‌كه‌ ده‌فه‌رمووێ: “نزیكه‌كه‌ت وه‌ک خۆت خۆشبووێ”. چاک ده‌كه‌ن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر جوداخوازی بكه‌ن، ئه‌وا گوناه‌ ده‌كه‌ن و وه‌ک سه‌رپێچیكار له‌لایه‌ن ته‌وراته‌وه‌ سه‌رزه‌نشت ده‌كرێن. چونكه‌ ئه‌وه‌ی هه‌موو ته‌ورات بپارێزێت و ساتمه‌ له‌ یه‌كێكیان بكات، ئه‌وا له‌ هه‌مووی تاوانباره‌. چونكه‌ ئه‌وه‌ی فه‌رموویه‌تی: “داوێنپیسی مه‌كه‌”، هه‌روه‌ها فه‌رمووشیه‌تی: “مه‌كوژه‌”. ئه‌گه‌ر داوێنپیسیت نه‌كرد به‌ڵام یه‌كێكت كوشت، ئه‌وا سه‌رپێچی ته‌وراتت كردووه‌. ئاوا بدوێن و ئاوا كار بكه‌ن، وه‌ک به‌ ته‌وراتی ئازادی حوكم بدرێن. چونكه‌ حوكمدان بێ به‌زه‌ییانه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌زه‌یی نه‌بووه‌. به‌زه‌ییش له‌ حوكمدان ده‌باته‌وه‌. برایانم، چ سوودێكی هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێک بڵێت باوه‌ڕم هه‌یه‌، به‌ڵام كرداری نه‌بێت؟ باوه‌ڕ ده‌توانێ ڕزگاری بكات؟ ئه‌گه‌ر خوشک و برایه‌ک ڕووت بوون و پێویستییان به‌ خۆراكی ڕۆژانه‌ هه‌بوو، یه‌كێكتان پێتان وتن: “به‌خێرچن، خۆتان گه‌رم بكه‌نه‌وه‌ و تێر بخۆن” به‌ڵام پێداویستییه‌كانی ژیانیان نه‌ده‌نێ، چ سوودێكی هه‌یه‌؟ به‌م شێوه‌یه‌ش، باوه‌ڕ ئه‌گه‌ر كرداری نه‌بێت، له‌ خۆیدا مردووه‌. به‌ڵام یه‌كێک ده‌ڵێت: “تۆ باوه‌ڕت هه‌یه‌، منیش كردارم هه‌یه‌” باوه‌ڕی خۆتم پیشان بده‌ بێ كردار، منیش به‌ كرداره‌كانم باوه‌ڕی خۆمت پیشان ده‌ده‌م. تۆ باوه‌ڕت هه‌یه‌ كه‌ خودا یه‌كه‌، چاک ده‌كه‌یت. شه‌یتانه‌كانیش باوه‌ڕ ده‌كه‌ن و ده‌له‌رزن! ئه‌ی مرۆڤی ناڕه‌وا، ده‌ته‌وێت بزانیت كه‌ باوه‌ڕ بێ كردار مردووه‌؟ ئایا ئه‌وڕاهه‌می باوكمان به‌ كردار بێتاوان نه‌بوو، كاتێ له‌سه‌ر قوربانگا ئسخه‌قی كوڕی پێشكه‌ش كرد؟ ده‌بینیت باوه‌ڕ به‌ كرداره‌كه‌ی له‌ كاردا بوو، باوه‌ڕه‌كه‌ش به‌ كردار ته‌واو بوو. سیپاره‌كه‌ش هاته‌ دی كه‌ ده‌فه‌رمووێ: “ئه‌وڕاهه‌م باوه‌ڕی به‌ خودا هێنا، ئه‌مه‌شی به‌ بێتاوانیی بۆ دانرا” هه‌روه‌ها ناوی لێنرا دۆستی خودا. ده‌بینن كه‌وا مرۆڤ به‌ كردار بێتاوان ده‌بێت نه‌ک ته‌نها به‌ باوه‌ڕ. به‌م شێوه‌یه‌ ڕاخه‌وی داوێنپیس، ئایا به‌ كردار بێتاوان نه‌بوو، كه‌ پێشوازی له‌ سیخوڕه‌كان كرد و به‌ ڕێگایه‌كی دیكه‌دا به‌ڕێی كردن؟ چۆن له‌ش بێ ڕووح مردووه‌، باوه‌ڕیش بێ كردار مردووه‌. برایانم، زۆرتان مه‌بنه‌ فێركار، بزانن لێپرسینه‌وه‌ی قورسترمان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت! چونكه‌ هه‌موومان له‌ زۆر شت ساتمه‌ ده‌كه‌ین. ئه‌گه‌ر یه‌كێک هه‌یه‌ له‌ قسه‌كردن ساتمه‌ ناكات، ئه‌وه‌ مرۆڤێكی ته‌واوه‌ و ده‌توانێت جڵه‌وی هه‌موو له‌ش بگرێته‌ ده‌ست. لغاو ده‌كه‌ینه‌ ده‌می ئه‌سپ تاكو گوێڕایه‌ڵمان بێت، هه‌موو له‌شی ئاراسته‌ بكه‌ین. سه‌یری كه‌شتی بكه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ و ڕه‌شه‌با ده‌یهاژوات، كه‌چی به‌ سه‌وڵێكی بچووک بۆ هه‌ر لایه‌ک كه‌شتیوان بیه‌وێت ڕابه‌رایه‌تی ده‌كرێت. به‌ هه‌مان شێوه‌ زمانیش ئه‌ندامێكی بچووكه‌، به‌ڵام شانازی به‌ گه‌وره‌ ده‌كات. ئاگرێكی بچووک چ دارستانێكی گه‌وره‌ ده‌سووتێنێ. زمان ئاگره‌! جیهانێكه‌ له‌ خراپه‌ له‌نێو ئه‌ندامانمان. هه‌موو له‌ش گڵاو ده‌كات و ئاگر له‌ بازنه‌ی ژیان به‌رده‌دات و خۆی به‌ دۆزه‌خ داده‌گیرسێت‌. چونكه‌ هه‌موو جۆرێكی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ و خشۆک و بوونه‌وه‌ركانی ده‌ریا ده‌سته‌مۆ ده‌كرێن، ده‌سته‌مۆش كراوه‌ به‌ هۆی مرۆڤه‌وه‌‌. به‌ڵام كه‌س ناتوانێت زمان ده‌سته‌مۆ بكات. خراپه‌یه‌كه‌ ناگیرێت، پڕه‌ له‌ ژه‌هری كوشنده‌. به‌مه‌ داڕشتی خودای باوک ده‌كه‌ین، هه‌ر به‌مه‌ش نه‌فره‌ت له‌و خه‌ڵكه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌ شێوه‌ی خودا دروستكراون. داڕشت و نه‌فره‌ت له‌ هه‌مان ده‌م ده‌رده‌چێت. برایانم، ئه‌مه‌ په‌سه‌ند نییه‌! ئایا له‌ یه‌ک كانیدا سازگار و سوێر هه‌ڵده‌قوڵێت؟ برایانم، ئایا دارهه‌نجیر زه‌یتوون ده‌گرێت، یان مێو هه‌نجیر؟ ئاواش كانی ئاوی سوێر و سازگار نادات! كێ له‌نێوتاندا دانا و زانایه‌؟ با به‌ ڕه‌وشتی باشی كرداره‌كانی پیشان بدات كه‌ له‌ دڵنه‌رمی داناییه‌وه‌یه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئیره‌یی تاڵ و خۆپه‌رستیتان له‌ دڵدا بوو، شانازی مه‌كه‌ن و نكۆڵی له‌ ڕه‌وا مه‌كه‌ن. ئه‌م داناییه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ دانه‌به‌زیوه‌، به‌ڵكو زه‌مینی و مرۆڤانه‌ و شه‌یتانییه‌. چونكه‌ ئیره‌یی و خۆپه‌رستی له‌كوێ بێت، شێوان و هه‌موو خراپه‌كارییه‌ک له‌وێیه‌. به‌ڵام ئه‌و داناییه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌یه‌، یه‌كه‌مجار بێگه‌رده‌، ئینجا ئاشتیخوازه‌، نه‌رمه‌، گوێڕایه‌ڵه‌، پڕ له‌ به‌زه‌یی و به‌روبوومی چاكه‌، بێ گومانه‌ و ڕووپاما نییه‌. ئاشتیسازان تۆوی ئاشتی ده‌چێنن و به‌رهه‌مه‌كه‌ی خوداناسی ده‌بێت. ئه‌م جه‌نگ و ناكۆكیه‌ كه‌ له‌نێوانتاندایه‌، له‌كوێوه‌یه‌؟ ئایا لێره‌وه‌ نییه‌، له‌ هه‌وه‌سه‌كانتانه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ئه‌ندامانتاندا ده‌جه‌نگێت؟ هه‌وه‌س ده‌كه‌ن و ده‌ستتان ناكه‌وێت، ده‌كوژن و ئیره‌یی ده‌كه‌ن و ناتوانن وه‌ربگرن، دژایه‌تی ده‌كه‌ن و ده‌جه‌نگن و نیتانه‌، چونكه‌ له‌ خودا داوا ناكه‌ن. داوا ده‌كه‌ن و وه‌رناگرن، چونكه‌ داوای خراپه‌ ده‌كه‌ن، تاكو له‌ هه‌وه‌سه‌كانتان خه‌رجی بكه‌ن. ئه‌ی داوێنپیسان، نازانن دۆستایه‌تیی جیهان دوژمنایه‌تی خودایه‌؟ بۆیه‌ ئه‌وه‌ی بیه‌وێت ببێته‌ دۆستی جیهان، ئه‌وا بووه‌ته‌ دوژمنی خودا. یاخود واده‌زانن سیپاره‌كه‌ به‌ ناڕه‌وا ده‌فه‌رمووێ: ئه‌و ڕووحه‌ی كه‌ تیاماندا نیشته‌جێ بوو تامه‌زرۆی ئیره‌ییه‌‌؟ به‌ڵام به‌خششی زیاتر ده‌دات، بۆیه‌ ده‌فه‌رمووێ: “خودا به‌رهه‌ڵستی لووتبه‌رزه‌كان ده‌كات، به‌ڵام به‌خشش ده‌داته‌ خاكساره‌كان”. بۆیه‌ ملكه‌چی خودا بن. به‌رهه‌ڵستی شه‌یتان بكه‌ن، لێتان هه‌ڵدێت. له‌ خودا نزیک ببنه‌وه‌، لێتان نزیک ده‌بێته‌وه‌. ده‌ستتان خاوێن بكه‌نه‌وه‌ ئه‌ی گوناهباران، دڵتان بێگه‌رد بكه‌نه‌وه‌ ئه‌ی ڕاڕاكان. خه‌م بخۆن و شیوه‌ن بكه‌ن و بگریێن. پێكه‌نینتان بگۆڕن بۆ گریان و خۆشی بۆ خه‌م. له‌به‌رده‌م په‌روه‌ردگار خاكسار بن، به‌رزتان ده‌كاته‌وه‌. برایان، به‌ خراپه‌ باسی یه‌كتری مه‌كه‌ن. ئه‌وه‌ی به‌ خراپه‌ باسی براكه‌ی بكات و براكه‌ی حوكم بدات، ئه‌وا به‌ خراپه‌ باسی ته‌ورات ده‌كات و ته‌ورات حوكم ده‌دات. ئه‌گه‌ر ته‌ورات حوكم بده‌یت، ئه‌وا كار به‌ ته‌ورات ناكه‌یت، به‌ڵكو حوكمی ده‌ده‌یت. ته‌نها یه‌ک ته‌ورات دانه‌ر و دادوه‌ر هه‌یه‌، ئه‌و ده‌توانێت ڕزگار بكات و له‌ناوببات. جا تۆ كێی تاكو نزیكه‌كه‌ت حوكم بده‌یت؟ وه‌رن ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن: “ئه‌مڕۆ یان سبه‌ینێ ده‌ڕۆین بۆ فڵان شار، ساڵێک له‌وێ ده‌بین و بازرگانی ده‌كه‌ین و قازانج ده‌كه‌ین”. ئێوه‌ كه‌ نازانن سبه‌ینێ چی ده‌بێت!‌ چونكه‌ ژیانتان چییه‌؟ هه‌ڵمێكه‌، ماوه‌یه‌ک ده‌رده‌كه‌وێت، دواتر نامێنێت. له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی بڵێن: “ئه‌گه‌ر په‌روه‌ردگار ویستی و ژیاین، ئه‌مه‌ و ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین”. به‌ڵام ئێوه‌ شانازی به‌ لووتبه‌رزیتان ده‌كه‌ن، هه‌موو شانازییه‌كی ئاواش خراپه‌. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی بزانێت چاكه‌ بكات و نه‌یكات، گوناه‌ ده‌كات. وه‌رن ئه‌ی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان، بگریێن و شیوه‌ن بكه‌ن بۆ ئه‌و ده‌رده‌سه‌رییه‌ی به‌سه‌رتان دێت. سامانتان ڕزیو بوو، به‌رگتان مۆرانه‌ی لێدا، زێڕ و زیوتان ژه‌نگی دا، ژه‌نگه‌كه‌شیان گه‌واهیتان له‌سه‌ر ده‌دات، وه‌ک ئاگر جه‌سته‌تان ده‌خوات! له‌ ڕۆژانی پایان گه‌نجینه‌تان بۆ خۆتان كۆكرده‌وه‌. ئه‌وه‌تا كرێی ئه‌و كرێكارانه‌ی له‌ كێڵگه‌كانتان دروێنه‌یان كردووه‌ و نه‌تانداوه‌، دژی ئێوه‌ هاوار ده‌كات. هاواری سه‌پانانیش گه‌یشته‌ گوێی په‌روه‌ردگاری سوپاسالار. له‌سه‌ر زه‌وی به‌ سه‌ڵته‌نه‌ت و چێژ ژیاون، دڵی خۆتان وه‌ک دابه‌ستی بۆ ڕۆژی سه‌ربڕین ڕاگرتووه‌. بێتاوانتان حوكم دا و كوشتتان، كه‌ به‌رهه‌ڵستیتان ناكات! بۆیه‌ برایان، تاكو هاتنه‌وه‌ی په‌روه‌ردگار ئارام بگرن. سه‌یر بكه‌ن چۆن جوتیار چاوه‌ڕێی به‌رهه‌مه‌ گرانبه‌هاكه‌ی زه‌وی ده‌كات، بۆ بارانی پایز و به‌هار ئارام ده‌گرێت. ئێوه‌ش ئارام بگرن و دڵتان بچه‌سپێنن، چونكه‌ هاتنه‌وه‌ی په‌روه‌ردگار نزیكبووه‌ته‌وه‌. برایان، بۆڵه‌بۆڵ له‌سه‌ر یه‌كتری مه‌كه‌ن، نه‌وه‌ک حوكم بدرێن. ئه‌وه‌تا دادوه‌ر له‌به‌رده‌رگا ڕاوه‌ستاوه‌. برایانم، په‌ند وه‌ربگرن له‌ به‌رگه‌ی ئازار و ئارامگرتنی ئه‌و پێغه‌مبه‌رانه‌ی كه‌ به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ قسه‌یان كرد. ئه‌وه‌تا ئێمه‌ ستایشی دانبه‌خۆداگرتووه‌كان ده‌كه‌ین. دانبه‌خۆداگرتنی ئه‌یوبتان بیستووه‌ و له‌ پایاندا خودا چی كرد، چونكه‌ په‌روه‌ردگار به‌زه‌یی زۆره‌ و میهره‌بانه‌. به‌ڵام برایانم، پێش هه‌موو شتێک، سوێند مه‌خۆن، نه‌ به‌ ئاسمان و نه‌ به‌ زه‌وی و نه‌ به‌ شتی دیكه‌. به‌ڵكو با به‌ڵێتان به‌ڵێ بێت و نه‌خێرتان نه‌خێر بێت، نه‌وه‌ک بكه‌ونه‌ ژێر تاوانباركردن. كامه‌تان ناخۆشی هه‌یه‌؟ با نوێژ بكات. كه‌س دڵخۆشه‌؟ با به‌ په‌سنی بڵێت. كامه‌تان نه‌خۆشه‌؟ با پیرانی وارگه‌ بانگ بكات و نوێژی له‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ ناوی په‌روه‌ردگاریش چه‌وری بكه‌ن. نوێژی باوه‌ڕ نه‌خۆش چاكده‌كاته‌وه‌ و په‌روه‌ردگار هه‌ڵیده‌ستێنێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر گوناهێكیشی كردبێت ده‌به‌خشرێت. بۆ یه‌كتری دان به‌ گوناهه‌كانتان بنێن، له‌پێناوی یه‌كتری نوێژ بكه‌ن تاكو چاک ببنه‌وه‌. نوێژی خوداناس زۆر به‌هێز و كاریگه‌ره‌. ئیلییا مرۆڤێک بوو وه‌ک ئێمه‌ ئازاری ده‌چێژت، نوێژی كرد تاكو باران نه‌بارێت، ئیتر سێ ساڵ و شه‌ش مانگ له‌سه‌ر زه‌وی نه‌باری. جارێكی دیكه‌ نوێژی كرده‌وه‌، ئاسمان بارانی دا و زه‌ویش به‌رهه‌می دا. برایان، ئه‌گه‌ر یه‌كێكتان له‌ ڕه‌وا چه‌واشه‌ كرا و یه‌كێک گه‌ڕاندیه‌وه‌، با بزانێت ئه‌وه‌ی گوناهبارێک له‌ ڕێگای گومڕایی بگه‌ڕێنێته‌وه‌، ده‌روونێک له‌ مه‌رگ ڕزگار ده‌كات و زۆر گوناهیش داده‌پۆشێت. په‌تڕۆس، په‌یامبه‌ری ئیشۆعی مه‌سیح، بۆ بژارده‌كانی خودا، بێگانه‌ په‌راگه‌نده‌كان له‌ پۆنتس و گه‌ڵاتیه‌ و قاپودقیا و ئاسیا و بتۆنیا، به‌گوێره‌ی زانینی پێشووی خودای باوک بژاركراون، به‌ پارساكردنی ڕووح بۆ گوێڕایه‌ڵی ئیشۆعی مه‌سیح و پرژاندنی خوێنه‌كه‌ی: به‌خشش و ئاشتیتان زیاد بێت. پیرۆزه‌ خودا باوكی په‌روه‌ردگارمان ئیشۆعی مه‌سیح، كه‌ به‌گوێره‌ی به‌زه‌ییه‌ فراوانه‌كه‌ی له‌دایكبوونه‌وه‌ی پێ به‌خشین بۆ هیوایه‌كی زیندوو، به‌ هه‌ستانه‌وه‌ی ئیشۆعی مه‌سیح له‌نێو مردووان، بۆ میراتێک كه‌ نافه‌وتێت و گڵاو نابێت و له‌ناوناچێت، بۆ ئێوه‌ له‌ ئاسماناندا پارێزراوه‌، ئێوه‌ كه‌ به‌ هێزی خودا پاسه‌وانی كراون، به‌ باوه‌ڕ، بۆ ئه‌و ڕزگارییه‌ی كه‌ ئاماده‌یه‌ له‌ پایانی زه‌مانه‌ ڕابگه‌یه‌ندرێ. به‌وه‌ی پێی دڵخۆش ده‌بن، هه‌رچه‌نده‌ بۆ ماوه‌یه‌ک ئێستا ده‌بێ به‌ده‌ست تاقیكردنه‌وه‌ جۆراوجۆره‌كان خه‌م بخۆن، تاكو سه‌لماندنی باوه‌ڕتان كه‌ له‌ زێڕی له‌ناوچوو نرخدارتره‌، كه‌وا به‌ ئاگر تاقی ده‌كرێته‌وه‌، بۆ ستایش و ڕێز وشكۆ بێت له‌ ئاشكراكردنی ئیشۆعی مه‌سیحدا. هه‌رچه‌نده‌ نه‌تانبینیوه‌ خۆشتانده‌وێ. ئێستاش نایبینن باوه‌ڕی پێ ده‌هێنن و دڵخۆش ده‌بن به‌ شێوه‌یه‌ک هه‌ر باسی ناكرێت و شكۆداره‌، چونكه‌ ئامانجی باوه‌ڕتان به‌ده‌ست ده‌هێنن، واتا ڕزگاریی ده‌روونتان. ئه‌و ڕزگارییه‌ی پێغه‌مبه‌ران بۆی گه‌ڕان و پشكنییان، سه‌باره‌ت به‌و به‌خششه‌ی بۆ ئێوه‌یه‌ پێشبینییان كرد، ده‌گه‌ڕان چ دۆخێک یان چ كاتێكه‌ ڕووحی مه‌سیح دیاری ده‌كات كه‌ تیایاندایه‌، زوو گه‌واهییان داوه‌ بۆ ئازاره‌كانی مه‌سیح و ئه‌و شكۆمه‌ندیانه‌ی دوای دێت. بۆیان ئاشكرا كرا كه‌ بۆ خۆیان نین، به‌ڵكو ڕاژه‌ی ئێوه‌یان ده‌كرد له‌و شتانه‌ی ئێستا پێتان ڕاگه‌یه‌نرا، به‌هۆی ئه‌وانه‌ی موژده‌یان پێ به‌خشین به‌ ڕووحی پارسا، كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ نێردراوه‌، كه‌ فریشته‌كانیش ئاره‌زووی بینینی ده‌كه‌ن. بۆیه‌ پشتێنی هزرتان ببه‌ستن و له‌ ئاماده‌باشیدا بن، هیواتان به‌ ته‌واوی له‌سه‌ر ئه‌و به‌خششه‌ بێت كه‌ له‌ ئاشكراكردنی ئیشۆعی مه‌سیحه‌وه‌ دێت. وه‌ک ڕۆڵه‌كانی گوێڕایه‌ڵی، وه‌ک كاتی نه‌زانی خۆتان له‌گه‌ڵ هه‌وه‌سه‌ كۆنه‌كانتان مه‌گونجێنن، به‌ڵكو وه‌ک ئه‌و پارسایه‌ی كه‌ بانگی كردوون، ئێوه‌ش له‌ هه‌موو ڕه‌فتارێک پارسا بن، چونكه‌ نووسراوه‌: “پارسا بن، چونكه‌ من پارسام”. ئه‌گه‌ر له‌ باوک ده‌پاڕێنه‌وه‌، ئه‌وه‌ی بێ جوداخوازی هه‌ر كه‌سێک به‌گوێره‌ی كرده‌وه‌كه‌ی حوكم ده‌دات، كه‌واته‌ له‌ كاتی نامۆییتان به‌ ترسه‌وه بژین. ده‌زانن به‌ شتی له‌ناوچووی وه‌ک زیو یان زێڕ قوربانیتان بۆ نه‌رداروه‌، له‌و ژیانه‌ ناڕه‌وایه‌ی له‌ باوباپیرانه‌وه‌ بۆتان مابووه‌وه‌، به‌ڵكو به‌ خوێنێكی گرانبه‌ها، خوێنی مه‌سیح، وه‌ک له‌ به‌رخێكی بێ كه‌موكوڕی و بێ گڵاوی. له‌پێش دامه‌زراندنی جیهان هه‌ڵبژێردرابوو، له‌ پێناوی ئێوه‌دا له‌م ڕۆژگارانه‌ی دوایی ده‌ركه‌وت. به‌هۆیه‌وه‌ باوه‌ڕتان به‌ خودا هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی له‌نێو مردووان هه‌ستاندیه‌وه‌‌ و شكۆی پێ دا، كه‌وا هیوا و باوه‌ڕتان به‌ خودا بێت. به‌ گوێڕایه‌ڵیتان بۆ ڕه‌وا خۆتان بێگه‌رد بكه‌نه‌وه‌ بۆ خۆشویستنی برایانه‌ی بێ ڕووپامایی، به‌ دڵێكی بێگه‌رد به‌ توندی یه‌كتریتان خۆشبووێ. ئێوه‌ش له‌دایک بوونه‌وه‌، نه‌ک به‌ تۆوێكی فه‌وتاو به‌ڵكو نه‌فه‌وتاو، به‌ وشه‌ی زیندووی خودا كه‌ تا جاویدانی ده‌مێنێته‌وه‌. چونكه‌: “هه‌موو جه‌سته‌یه‌ک وه‌ک گیا وایه‌ و هه‌موو شكۆی مرۆڤ وه‌ک گوڵی ده‌شت وایه‌. گیا وشک ده‌بێت و گوڵ هه‌ڵده‌وه‌رێ، به‌ڵام وشه‌ی په‌روه‌ردگار تا جاویدانی ده‌مێنێت”. ئه‌مه‌ش ئه‌و وشه‌یه‌ كه‌ پێی موژده‌تان پێدرا. بۆیه‌ هه‌موو ڕق و هه‌موو فێڵ و ڕووپامایی و ئیره‌یی و هه‌موو زه‌مكردنێک دابكه‌نن. وه‌ک ساوای تازه‌ له‌دایكبوو، ئاره‌زووتان له‌ شیری ڕووحیی پاک بێت، تاكو به‌مه‌ بۆ ڕزگاری گه‌شه‌ بكه‌ن، ئه‌گه‌ر په‌روه‌ردگاری چاكتان تام كردووه‌. ئه‌وه‌ی دێنه‌ لای، به‌ردێكی زیندووه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ ڕه‌تكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن خودا بژارده‌یه‌ و گرانبه‌هایه‌ ئێوه‌ش وه‌ک به‌ردی زیندوو له‌ خانوویه‌كی ڕووحی بنیادنراو بن، بۆ كاهینیه‌تیی پارسا، بۆ پێشكه‌شكردنی قوربانیی ڕووحیی كه‌ به‌ ئیشۆعی مه‌سیحه‌وه‌ لای خودا په‌سه‌ندن. چونكه‌ له‌ سیپاره‌كه‌دا هاتووه‌: “ئه‌وه‌تا من به‌ردێک له‌ سهیۆن داده‌مه‌زرێنم، قولینچكی هه‌ڵبژێردراو و گرانبه‌ها، ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی پێ بهێنێت شه‌رمه‌زار نابێت”. بۆیه‌ بۆ ئێوه‌ كه‌ باوه‌ڕتان هێناوه‌ ئه‌م به‌رده‌ گرانبه‌هایه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌وانه‌ی گوێڕایه‌ڵ نین، “ئه‌و به‌رده‌ی بنیادنه‌ران ڕه‌تیان كرده‌وه‌، بووه‌ به‌ردی قولینچک” هه‌روه‌ها: “به‌ردی ساتمه‌كردن وتاشه‌به‌ردی ته‌گه‌ره‌كردنه‌. ئه‌وانه‌ی ساتمه‌ ده‌كه‌ن گوێڕایه‌ڵی وشه‌كه‌ نین، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ چاره‌نووسیان”. به‌ڵام ئێوه‌ ڕه‌گه‌زێكی بژارده‌ن، كاهینیه‌تیی شاهانه‌، نه‌ته‌وه‌یه‌كی پارسا، گه‌لی تایبه‌ت، تاكو چاكییه‌كانی ئه‌وه‌ ڕابگه‌ێنن كه‌ بانگی كردوون له‌ تاریكییه‌وه‌ بۆ ڕووناكییه‌ سه‌یره‌كه‌ی. كه‌ پێشتر گه‌ل نه‌بوون، به‌ڵام ئێستا ئێوه‌ گه‌لی خودان، پێشتر به‌زه‌ییتان وه‌رنه‌گرتبوو، به‌ڵام ئێستا به‌زه‌ییتان وه‌رگرت. خۆشه‌ویستان، وه‌ک نامۆ و بێگانه‌ داواتان لێ ده‌كه‌م له‌ هه‌وه‌سه‌كانی له‌ش دوور بكه‌ونه‌وه‌، كه‌ دژی ده‌روون ده‌جه‌نگێت. با له‌نێو نه‌ته‌وه‌كاندا ڕه‌وشتتان باش بێت، تاكو كاتێ بوختانتان پێ ده‌كه‌ن گوایه‌ ئێوه‌ به‌دكارن، كرده‌وه‌ چاكه‌كانتان ببینن و له‌ ڕۆژی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی خوداش ئه‌وان شكۆداری بكه‌ن. له‌به‌ر په‌روه‌ردگار ملكه‌چی هه‌موو ده‌زگایه‌كی مرۆڤانه‌ بن: بۆ پاشا وه‌ک ده‌سه‌ڵاتدار، یان بۆ پارێزگاران وه‌ک په‌یامبه‌ری ئه‌و بۆ سزادانی به‌دكاران و ستایشی چاكه‌كاران. چونكه‌ خواستی خودا ئاوایه‌ به‌ چاكه‌كاری نه‌زانیی گێله‌كان بێده‌نگ بكه‌ن. وه‌ک ئازاد، به‌ڵام نه‌ک ئازادیی په‌رده‌ی به‌دكاری بێت، به‌ڵكو وه‌ک به‌نده‌ی خودا بژین. ڕێز له‌ هه‌مووان بگرن، هاوباوه‌ڕانتان خۆشبووێ، له‌ خودا بترسن، ڕێز له‌ پاشا بگرن. ئه‌ی كۆیله‌كان، به‌ هه‌موو ترسه‌وه‌ ملكه‌چی گه‌وره‌كانتان بن، نه‌ک ته‌نها بۆ چاک و دڵنه‌رمه‌كان، به‌ڵكو بۆ تونده‌كانیش، چونكه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێک له‌به‌ر ویژدانی به‌رامبه‌ر خودا به‌رگه‌ی ژانی ئازاری سته‌مكاری بگرێت، ئه‌وه‌ جێی ستایشه‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌تان كرد و لێتان درا و به‌رگه‌تان گرت، ئه‌مه‌ چ شانازییه‌كه‌؟ به‌ڵام ئه‌گه‌ر چاكه‌ بكه‌ن و له‌ ئازاردا به‌رگه‌تان گرت، ئه‌وه‌ جێی ستایشه‌ له‌لای خودا. چونكه‌ بۆ ئه‌مه‌ بانگكراون، چونكه‌ مه‌سیحیش له‌ پێناومان ئازاری چێژت و نموونه‌ی بۆ به‌جێهێشتین، تاكو به‌ هه‌نگاوه‌كانیدا بڕۆین. “ئه‌وه‌ی هیچ گوناهێكی نه‌كردبوو، فێڵی له‌سه‌ر زاری نه‌بوو”. ئه‌وه‌ی جنێوی پێ ده‌درا و جنێوی نه‌ده‌دایه‌وه‌، ئازار ده‌درا و هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌ده‌كرد، به‌ڵكو خۆی ده‌دایه‌ ده‌ست ئه‌وه‌ی حوكمی دادپه‌روه‌رانه‌یه‌. ئه‌وه‌ی خودی خۆی له‌ له‌شیدا له‌سه‌ر ته‌خته‌دار گوناهه‌كانی هه‌ڵگرتین، تاكو سه‌باره‌ت به‌ گوناه‌ بمرین و بۆ خوداناسی بژین. ئه‌وه‌ی به‌ قامچی لێدانه‌كه‌ی چاكبوونه‌وه‌. چونكه‌ ئێوه‌ وه‌ک كاوڕی ونبوو وابوون، به‌ڵام ئێستا گه‌ڕانه‌وه‌ لای شوان و چاودێری گیانتان. ئه‌ی ژنه‌كان، به‌ هه‌مان شێوه‌ ملكه‌چی مێرده‌كانتان بن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ندێكیان گوێڕایه‌ڵی وشه‌كه‌ش نه‌بوون، ئه‌وا ژنه‌كان بێ وشه‌ به‌ ڕه‌وشتیان ده‌یانبه‌نه‌وه‌، كاتێ خواترسی و ڕه‌وشتی پاكتان ببینن. با ڕازاوه‌ییتان ده‌ره‌كی نه‌بێت، له‌ ئه‌گریجه‌ی پرچ و زێڕ به‌خۆوه‌كردن و جلی باش له‌به‌ركردن، به‌ڵكو له‌نێو دڵتان شاراوه‌ و له‌ناونه‌چوو بێ، ڕازاندنه‌وه‌ی ڕووحێكی نه‌رم و هێمن، ئه‌وه‌ی له‌لای خودا گرانبه‌هایه‌. چونكه‌ به‌م شێوه‌یه‌ ژنه‌ پارسا‌كان له‌ كۆندا، كه‌ هیوایان به‌ خودا بوو، خۆیان ده‌ڕازانده‌وه‌، ملكه‌چی مێرده‌كانیان ده‌بوون، وه‌ک سارا گوێڕایه‌ڵی ئه‌وڕاهه‌م بوو، به‌ “گه‌وره‌م” بانگی ده‌كرد. ئێوه‌ش بوونه‌ته‌ كچی ئه‌و، ئه‌گه‌ر چاكه‌ بكه‌ن و هه‌رگیز له‌ شتێک نه‌ترسن. به‌ هه‌مان شێوه‌، مێرده‌كان، به‌ هه‌ستیاری له‌گه‌ڵ ژنه‌كانتان نیشته‌جێ بن وه‌ک له‌گه‌ڵ ده‌فرێكی مێیینه‌ی لاوازتر، ڕێزیان بگرن كه‌ هاومیراتی به‌خششی ژیانن له‌گه‌ڵتان، تاكو نوێژه‌كانتان كۆسپی تێنه‌كه‌وێت. له‌ كۆتاییدا، هه‌مووتان به‌ یه‌ک هه‌سته‌وه‌ یه‌ک ڕا بن، خۆشویستنی برایانه‌تان هه‌بێ، میهره‌بان و نیان بن. خراپه‌ به‌ خراپه‌ مه‌ده‌نه‌وه‌، یان جنێو به‌ جنێو، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ داوای داڕشت بكه‌ن، بزانن كه‌ بۆ ئه‌مه‌ بانگكراون، تاكو ببنه‌ میراتگری داڕشت. چونكه‌: “ئه‌وه‌ی بیه‌وێت ژیانی خۆشبووێ وڕۆژانی باش ببینێت، با زمانی له‌ خراپه‌ بپارێزێت و لێوه‌كانی له‌ فێڵبازی. با له‌ خراپه‌ لابدات و چاكه‌ بكات، با به‌دوای ئاشتیدا بگه‌ڕێت و كۆششی بۆ بكات. چونكه‌ چاوانی په‌روه‌ردگار له‌سه‌ر خوداناسانه‌ وگوێی له‌ داواكاریه‌كانیان ڕاگرتووه‌. به‌ڵام ڕووی په‌روه‌ردگار دژی به‌دكارانه‌”. كێ ئازارتان ده‌دات ئه‌گه‌ر بۆ چاكه‌ دڵگه‌رم بن؟ به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌به‌ر خوداناسی ئازارتان چێژت، ئه‌وا به‌خته‌وه‌ری بۆ ئێوه‌. له‌وه‌ش مه‌ترسن كه‌ ئه‌وان لێی ده‌ترسن، مه‌شڵه‌ژێن. به‌ڵكو په‌روه‌ردگار خوداوه‌ند له‌ دڵتاندا پارسا بكه‌ن، هه‌رده‌م ئاماده‌بن بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌ر یه‌كێک سه‌باره‌ت به‌م هیوایه‌ی له‌ ئێوه‌دایه‌ بپرسێ به‌ دڵنه‌رمی و ڕێزه‌وه‌. هه‌روه‌ها ویژدانێكی باشتان هه‌یه‌، ئه‌وانه‌ی بوختان به‌ سه‌ربورده‌ باشه‌كانتان ده‌كه‌ن له‌ مه‌سیحدا شه‌رمه‌زار بن له‌ قسه‌كانیان. چونكه‌ باشتره‌، ئه‌گه‌ر خواستی خودا بێت، له‌به‌ر چاكه‌كاری ئازار بدرێن، نه‌ک خراپه‌كاری. چونكه‌ مه‌سیحیش ته‌نها جارێک له‌پێناوی گوناهه‌كان ئازار درا، بێتاوان له‌ پێناوی تاوانباران، تاكو له‌ خودامان نزیک بكاته‌وه‌. جه‌سته‌ی مراندووه‌ به‌ڵام به‌ ڕووح زیندووه‌، به‌مه‌ش چوو و موژده‌ی به‌ بۆ ڕووحه‌ زیندانییه‌كانی دا. ئه‌وانه‌ی له‌ كۆندا یاخی بوون، كاتێ خودا له‌ ڕۆژانی نوخدا به‌ پشوودرێژییه‌وه‌ چاوه‌ڕوان بوو، كه‌ كه‌شتییه‌كه‌ بنیاد ده‌نرا، كه‌وا كه‌م كه‌سێكی تێدابوو، واتا هه‌شت كه‌س، به‌ ئاو ڕزگار بوون. ئه‌مه‌ش هێمای عه‌مادكردنه‌ كه‌ ئێستا ڕزگارتان ده‌كات نه‌ک سڕینه‌وه‌ی پیسیی جه‌سته‌، به‌ڵكو به‌ڵێنی ویژدانێكی باش بۆ خودا به‌ هه‌ستانه‌وه‌ی ئیشۆعی مه‌سیح، ئه‌وه‌ی به‌ره‌و ئاسمان ڕۆیشت و له‌ لای ڕاستی خودایه‌، فریشته‌ و ده‌سه‌ڵاتدار و هێزه‌كان ملكه‌چن بۆی. وه‌ک مه‌سیح به‌ جه‌سته‌ ئازاری چێژت، ئێوه‌ش خۆتان به‌م نیازه‌ چه‌كدار بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌ جه‌سته‌ ئازار بچێژێ، له‌ گوناهكردن ده‌وه‌ستێ، تاكو ئه‌و كاته‌ی به‌ جه‌سته‌ له‌ ژیان ماوه‌ بۆ هه‌وه‌سه‌ ئاده‌میزادییه‌كان نه‌ژی، به‌ڵكو بۆ خواستی خودا. چونكه‌ به‌سمانه‌ له‌و كاته‌ی به‌سه‌رمان برد به‌ كردنی خواستی نه‌ته‌وه‌كان، له‌ به‌ڕه‌ڵایی و هه‌وه‌سبازی و سه‌رخۆشی و گه‌له‌گان و ئاهه‌نگی مه‌یخواردنه‌وه‌ و بتپه‌رستیی قێزه‌وه‌ن. له‌مه‌ سه‌رسام ده‌بن كه‌ له‌گه‌ڵیان ڕاناكه‌ن بۆ لافاوی هه‌مان به‌دڕه‌وشتی و جنێوتان پێ ده‌ده‌ن. ئه‌وانه‌ هه‌ژمارد ده‌ده‌نه‌ ئه‌وه‌ی ئاماده‌یه‌ مردووان و زیندووان حوكم بدات. چونكه‌ بۆ ئه‌م هۆیه‌ موژده‌ درایه‌ مردووانیش، تاكو به‌گوێره‌ی خه‌ڵک له‌ جه‌سته‌دا حوكم بدرێن، به‌ڵام به‌گوێره‌ی خودا له‌ ڕووحدا بژین. پایانی هه‌موو شتێک نزیک بووه‌ته‌وه‌. بۆیه‌ ژیر و چاوكراوه‌ بن تاكو نوێژ بكه‌ن. به‌ڵام پێش هه‌موو شتێک، با خۆشویستنتان بۆ یه‌كتری به‌ هێز بێت، چونكه‌ خۆشویستن گوناهی زۆر داده‌پۆشێت. بێ بۆڵه‌بۆڵ خانه‌خوێی یه‌كتری بن. هه‌ریه‌كه‌ به‌گوێره‌ی ئه‌و به‌هره‌یه‌ی وه‌ریگرتووه‌، ڕاژه‌ی یه‌كتری پێ بكه‌ن، وه‌ک سه‌ركارێكی باش له‌سه‌ر به‌خششه‌ جۆراوجۆره‌كانی خودا. ئه‌گه‌ر یه‌كێک قسه‌ بكات با وه‌ک فه‌رمووده‌كانی خودا بێت. ئه‌گه‌ر یه‌كێک ڕاژه‌ ده‌كات وه‌ک به‌ هێزێک له‌ خوداوه‌ درابێت، تاكو خودا له‌ هه‌موو شتێكدا شكۆدار بێت به‌ ئیشۆعی مه‌سیح كه‌ تاجاویدانی شكۆ و ده‌سه‌ڵات بۆ ئه‌وه‌. ئامین. خۆشه‌ویستان، له‌لاتان سه‌یر نه‌بێ له‌ تاقیكردنه‌وه‌تان به‌ڵای سووتێنه‌ر توشتان دێت، وه‌ک بڵێی شتێكی نامۆتان به‌سه‌ر هاتووه‌، به‌ڵكو دڵخۆش بن وه‌كو به‌شداریتان له‌ ئازاره‌كانی مه‌سیح كرد، تاكو له‌ ئاشكراكردنی شكۆكه‌ی دڵخۆش و شادمان بن. ئه‌گه‌ر به‌ ناوی مه‌سیح جنێوتان پێدرا، به‌خته‌وه‌ری بۆ ئێوه‌، چونكه‌ ڕووحی شكۆ و خودا دێته‌ سه‌رتان. لای ئه‌وان جنێوی پێ ده‌درێت، به‌ڵام لای ئێوه‌ شكۆدار ده‌كرێت. با كه‌ستان وه‌ک بكوژێک یان دزێک یان به‌دكارێک یاخود یه‌كێک ده‌ست له‌ كاروباری خه‌ڵک وه‌ربدات ئازار نه‌چێژێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌ک مه‌سیحیه‌ک، شه‌رم مه‌كه‌ن، به‌ڵكو به‌م ناوه‌ ستایشی خودا بكه‌ن. چونكه‌ كاتی ده‌ستپێكردنی لێپرسینه‌وه‌یه‌ له‌ ماڵی خودا. ئه‌گه‌ر ده‌ستپێک له‌ ئێمه‌وه‌ بێت، پایانی ئه‌وانه‌ چی ده‌بێت كه‌ گوێڕایه‌ڵی ئینجیلی خودا نابن؟ “ئه‌گه‌ر مرۆڤی خوداناس به‌ زه‌حمه‌ت ڕزگاری ببێت، بۆ به‌دكار و گوناهبار چی ده‌بێت؟” كه‌واته‌، ئه‌وانه‌ی به‌گوێره‌ی خواستی خودا ئازار ده‌درێن، با خۆیان به‌ده‌ست بده‌ن، وه‌ک له‌ ئافرێنه‌رێكی سه‌رڕاست له‌‌ چاكه‌كاری. داوا له‌و پیرانه‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌ نێوتانن، وه‌ک پیرێكی هاوڕێ و گه‌واهیده‌ری ئازاره‌كانی مه‌سیح و هاوبه‌شی ئه‌و شكۆیه‌ی وا ڕاده‌گه‌یه‌ندرێ ئه‌و مێگه‌له‌ی خودا بله‌وه‌ڕێنن كه‌ له‌نێوانتاندایه‌، وه‌ک چاودێر ڕاژه‌ بكه‌ن، نه‌ک به‌ ناچاری، نه‌ک بۆ قازانی به‌د، به‌ڵكو به‌ چاڵاكییه‌وه‌، خۆتان مه‌سه‌پێنن به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی دراونه‌ته‌ ده‌ستتان، به‌ڵكو ببنه‌ نموونه‌ بۆ مێگه‌ل. كاتێكیش سه‌رۆكی شوانان ده‌رده‌كه‌وێ، تاجی شكۆ وه‌رده‌گرن كه‌ له‌ناوناچێت. ئه‌ی لاوه‌كان، به‌ هه‌مان شێوه‌ ملكه‌چی پیران بن، هه‌مووتان بۆ یه‌كتری خاكساری بپۆشن، چونكه‌: “خودا به‌رهه‌ڵستی لووتبه‌رزه‌كان ده‌كات، به‌ڵام به‌خشش ده‌داته‌ خاكساره‌كان”. بۆیه‌ له‌ ژێر ده‌ستی به‌ توانای خودا خاكسار بن، تاكو له‌ كاتی خۆیدا به‌رزتان بكاته‌وه‌. هه‌موو خه‌مێكتان بخه‌نه‌ سه‌ر ئه‌و، چونكه‌ ئه‌و بایه‌ختان پێ ده‌دات. چاوكراوه‌ و بێدرا بن، چونكه‌ شه‌یتانی دوژمنتان وه‌ک شێرێكی به‌ نه‌عره‌ته‌یه،‌ ده‌سووڕێته‌وه‌ و ده‌گه‌ڕێ به‌دوای یه‌كێک تا قووتی بداته‌وه‌. به‌ربه‌ره‌كانێی بكه‌ن، جێگیر بن له‌ باوه‌ڕ، بزانن براكانیشتان له‌ جیهاندا هه‌مان ئازار ده‌چێژن. خودای هه‌موو به‌خششێک، ئه‌وه‌ی بانگی كردوون بۆ شكۆ جاویدانیه‌كه‌ی له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا، كه‌ تۆزێک ئازارتان چێژت، خۆی ته‌واوكارتانه‌ و جێگیرتان ده‌كات و به‌هێزتان ده‌كات و بناغه‌تان داده‌نێت. تاجاویدانی هێز بۆ ئه‌وه‌. ئامین. بـــه‌ده‌سـتـی ســـلـــفـــانـــۆس، كـــه‌ بـــه‌ بـــرای ســـه‌رڕاســـتـــی ده‌زانـــم، به‌ وشه‌ی كه‌م بۆم نووسین، ئامۆژگاری ده‌كه‌م و گه‌واهیی ده‌ده‌م، كه‌ ئه‌مه‌ به‌خششه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خودایه‌ كه‌ تیایدا هه‌ڵده‌ستن. ئـــــه‌وه‌ی لــــه‌ بـــــاڤــــل وه‌ک ئــــێــــوه‌ هــــه‌ڵــــبــــژێــــردراوه‌، سـڵاوتـان لـێـده‌كـات، هـه‌روه‌هـا مـه‌رقـوسـی ڕۆڵـه‌كـه‌م. به‌ ماچی خۆشویستن سڵاو له‌ یه‌كتری بكه‌ن. ئــــاشـــــتـــی بـــۆ هـــه‌مـــووتـــان بــێــت، ئێوه‌ی له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدان. ئامین. شیمعون په‌تڕۆس، به‌نده‌ و په‌یامبه‌ری ئیشۆعی مه‌سیح، بۆ ئه‌وانه‌ی به‌ بێتاوانیی خوداوه‌ندمان و ئیشۆعی مه‌سیحی ڕزگاریده‌ره‌وه‌ باوه‌ڕێكی به‌هاداری وه‌ک ئێمه‌یان ده‌ستكه‌وتووه‌: به‌خشش و ئاشتی بۆتان زیاد بێت، به‌ ناسینی خودا و ئیشۆعی په‌روه‌ردگارمان. هێزه‌ خوداییه‌كه‌ی هه‌موو شتێكی بۆ ژیان و خواترسی به‌ ئێمه‌ی به‌خشیوه‌، به‌ ناسینی ئه‌وه‌ی بانگی كردین بۆ شكۆ و چاكییه‌كه‌ی، ئاواش به‌ ئه‌مانه‌وه‌ به‌ڵێنه‌ به‌هادار و مه‌زنه‌كانمان پێدرا، تاكو به‌ ئه‌مانه‌ به‌شدار بن له‌ سروشتی خودایی و هه‌ڵبێن له‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی جیهان كه‌ له‌ هه‌وه‌سدایه‌. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش هه‌موو تێكۆشانێک بكه‌ن تاكو چاكی بۆ باوه‌ڕتان زیاد بكه‌ن، بۆ چاكیێتی زانین، بۆ زانین خۆڕاگرتن، بۆ خۆڕاگرتن دانبه‌خۆداگرتن، بۆ دانبه‌خۆداگرتن خواترسی، بۆ خواترسی سۆزی برایانه‌، بۆ سۆزی برایانه‌ خۆشویستن. چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌تان تێدابێت و زیاد بكات، واتان لێده‌كات بۆ ناسینی په‌روه‌ردگارمان ئیشۆعی مه‌سیح ته‌مبه‌ڵ و بێبه‌رهه‌م نه‌بن. چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مانه‌ی نه‌بێت، ئه‌وا كوێر و كورتبینه‌، له‌ یادی چووه‌ له‌ گوناهه‌ كۆنه‌كانی بێگه‌رد ببێته‌وه‌. بۆیه‌ برایان، زیاتریش تێبكۆشن بۆ جێگیركردنی هه‌ڵبژاردن و بانگه‌وازییه‌كه‌تان، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌تان كرد ئه‌وا هه‌رگیز ناكه‌ون، هه‌روه‌ها پێشوازییه‌كی گه‌رمتان لێ ده‌كرێ بۆ چوونه‌ ناوه‌وه‌ی پاشایه‌تیی جاویدانیی په‌روه‌ردگار و ڕزگاریده‌رمان ئیشۆعی مه‌سیح. بۆیه‌ هه‌میشه‌ ئه‌م شتانه‌تان به‌ یاد ده‌هێنمه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌و ڕه‌وایه‌ی ئێستادا ده‌زانن و جێگیرن. به‌ڵام به‌ ڕه‌وای ده‌زانم، تاكو له‌م خانووه‌دابم، به‌ وریاكردنه‌وه‌ وه‌بیرتان بهێنمه‌وه‌، چونكه‌ ده‌زانم داكه‌ندنی ئه‌م خانووه‌ نزیكبۆته‌وه‌، وه‌ک په‌روه‌ردگارمان ئیشۆعی مه‌سیح بۆی ده‌رخستم. هه‌روه‌ها تێده‌كۆشم تاكو دوای ده‌رچوونم هه‌رده‌م ئه‌م شتانه‌تان وه‌بیربێته‌وه‌. چونكه‌ ئێمه‌ دوای ئه‌فسانه‌یه‌كی دروستكراو نه‌كه‌وتووینه‌، هاتنی په‌روه‌ردگارمان ئیشۆعی مه‌سیح و هێزه‌كه‌یمان پێ ناساندن، به‌ڵكو گه‌واهیده‌ری مه‌زنتایه‌تیی ئه‌وین. چونكه‌ كاتێ ڕێز و شكۆی له‌ خودای باوک وه‌رگرت، ده‌نگێكی ئاوا له‌ شكۆداری پایه‌ به‌رزه‌وه‌ بۆی هات: “ئه‌مه‌یه‌ ڕۆڵه‌ی خۆشه‌ویستم، ئه‌وه‌ی پێی دڵشادم”. ئێمه‌ش ئه‌م ده‌نگه‌مان بیست كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ هات، كاتێ له‌ شاخی پارسا له‌گه‌ڵی بووین. وشه‌ی پێغه‌مبه‌رانیشمان هه‌یه‌ و جێگیره‌، كه‌ چاک ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر ئاگاداری بن، وه‌ک بۆ چرایه‌كی ڕووناک له‌ شوێنێكی تاریک، تاكو ڕۆژ هه‌ڵدێت و هه‌ساره‌ی به‌یان له‌ دڵتاندا هه‌ڵدێت. له‌ سه‌رووی هه‌مووان ئه‌مه‌ بزانن، كه‌ هیچ پێشبینییه‌ک له‌ په‌رتووكه‌كه‌دا به‌ لێكدانه‌وه‌ی تایبه‌ت نابێت، چونكه‌ هه‌رگیز پێشبینیه‌ک به‌ خواستی مرۆڤ نه‌هاتووه‌، به‌ڵكو مرۆڤه‌ پارساكانی‌ خودا دوواون كه‌ به‌ ڕووحی پارسا هه‌ڵگیراون. به‌ڵام له‌نێو گه‌له‌كه‌ پێغه‌مبه‌ری درۆزن هه‌بوون، وه‌ک له‌نێوان ئێوه‌شدا ڕابیی درۆزن ده‌بێت، ئه‌وانه‌ی به‌ نهێنی فێركردنی چه‌وتی له‌ناوبه‌ر ده‌هێنن، ته‌نانه‌ت نكۆڵی له‌ په‌روه‌ردگار ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌وانی كڕییه‌وه‌، له‌ناوچوونێكی خێرا به‌سه‌ر خۆیاندا ده‌هێنن. زۆریش به‌دوای له‌ناوچوونه‌كانیان ده‌كه‌ون، له‌به‌ر ئه‌وان كفر به‌ ڕێبازی ڕه‌وا ده‌كرێت. له‌ چڵێسییان به‌ قسه‌ی هه‌ڵپه‌سێردراو بازرگانیتان پێ ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ی له‌ كۆنه‌وه‌ حوكمدانیان به‌تاڵ هه‌ڵناوه‌شێته‌وه‌ و له‌ناوچوونیان نانوێت. چونكه‌ خودا به‌زه‌یی به‌ فریشته‌ نه‌هاته‌وه‌ كه‌ گوناهیان كرد، به‌ڵكو به‌ زنجیری تاریكی فڕێیدانه‌ قووڵایی دۆزه‌خ و به‌ پاسكردنه‌وه‌ ڕاده‌ستی بۆ لێپرسینه‌وه‌ی كردن. هه‌روه‌ها كه‌ به‌زه‌یی به‌ جیهانی كۆن نه‌هاته‌وه‌ كاتێ لافاوی هێنایه‌ سه‌ر جیهانی خوانه‌ناسان، به‌ڵكو نوخی بانگه‌وازده‌ری خوداناسی له‌گه‌ڵ حه‌وت كه‌سی دیكه‌ی پاراست. كاتێ‌ شاره‌كانی سه‌دوم و عامووڕه‌ی تاوانبار كرد به‌ تێكدانی ته‌واو و كردنیه‌ خۆڵه‌مێش، كردنییه‌ په‌ند بۆ خوانه‌ناسان. كاتێ‌ ڵوتی خوداناسی ده‌رباز كرد كه‌ له‌ به‌ڕه‌ڵایی به‌دكاران بێزار بوو چونكه‌ ئه‌و خوداناسه‌ كه‌ له‌نێویاندا ده‌ژیا، كرده‌وه‌ خراپه‌كانیان ده‌بیست و ده‌یبینی، ڕۆژ به‌ ڕۆژ گیانی خوداناسی ئازار ده‌درا په‌روه‌ردگار ده‌زانێت چۆن له‌خواترسان له‌ تاقیكردنه‌وه‌ ده‌رباز بكات و خوانه‌ناسان تا ڕۆژی لێپرسینه‌وه‌ له‌ ژێر سزادان بهێڵێته‌وه‌، به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ هه‌وه‌سی گڵاوی كه‌وتوونه‌ته‌ دوای جه‌سته‌، سووكایه‌تی به‌ ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن. چاونه‌ترس و له‌خۆبایین، ناترسن بوختان به‌ شكۆداران بكه‌ن، له‌وێدا فریشته‌كان به‌هێزتر و به‌تواناترن، له‌ ئاماده‌گی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ حوكمی بوختانیان له‌سه‌ر پێشكه‌ش ناكه‌ن. به‌ڵام ئه‌وانه‌ وه‌ک ئاژه‌ڵی به‌سته‌زمانن، به‌ زگماک بۆ ڕاوكردن و له‌ناوچوونن، بوختان به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ لێی نازانن، به‌ گه‌نده‌ڵیی خۆیان له‌ناوده‌چن. كرێی خراپه‌كانیان وه‌رده‌گرن. وا داده‌نێن چێژ به‌ درێژایی ڕۆژ له‌ سه‌ڵته‌نه‌تدایه‌، گڵاوی‌ و كه‌موكوڕی، چێژ له‌ فێڵه‌كانیان وه‌رده‌گرن، به‌شداری خوانه‌كانتان ده‌كه‌ن. چاویان پڕه‌ له‌ داوێنپیسی و له‌ گوناه‌ ناوه‌ستن، ده‌روونه‌ ناجێگیره‌كان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن، دڵیان به‌ چڵێسی ڕاهێنراوه‌، ڕۆڵه‌كانی نه‌فره‌تن. له‌ ڕێگای ڕاست لایانداوه‌ و وێڵ بوون، دوای ڕێبازی بلعه‌می كوڕی به‌عور كه‌وتن، ئه‌وه‌ی حه‌زی له‌ كرێی خراپه‌كاری بوو، به‌ڵام سه‌رزه‌نشتی سه‌رپێچییه‌كه‌ی وه‌رگرت، گوێدرێژی بێزمان به‌ ده‌نگی مرۆڤانه‌ هاته‌ دووان و سه‌رشێتی ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ی ڕاگرت. ئه‌وانه‌ چاڵاوی بێ ئاون، هه‌ورن به‌ ڕه‌شه‌با ده‌هاژوورێن، تا هه‌تایه‌ ڕه‌شایی تاریكییان بۆ هه‌ڵگیراوه‌. چونكه‌ كه‌ به‌ قسه‌ی گه‌وره‌ و به‌تاڵ ده‌دووێن، به‌ هه‌وه‌سه‌كانی جه‌سته‌ له‌ به‌ڕه‌ڵایی، ئه‌وانه‌ هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن كه‌ تازه‌ هه‌ڵاتوون له‌ ده‌ست ئه‌وانه‌ی له‌ گومڕاییدا ده‌ژیان. به‌ڵێنی ئازادییان پێ ده‌ده‌ن، كه‌چی خۆیان كۆیله‌ی گه‌نده‌ڵین. چونكه‌ مرۆڤ كۆیله‌ی هه‌ر شتێكه‌ به‌سه‌ریدا زاڵ بێت! چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌ گڵاویی جیهاندا هه‌ڵاتبوون به‌ ناسینی په‌روه‌ردگار و ڕزگاریده‌رمان ئیشۆعی مه‌سیح، دیسان تێیده‌كه‌ونه‌وه‌ ده‌دۆڕێن، ئاوا پایانیان له‌ سه‌ره‌تایان خراپتر ده‌بێت. چونكه‌ باشتر بوو ڕێگای خوداناسییان نه‌ناسیبایه‌، له‌وه‌ی ناسییان و دوایی له‌و ڕاسپارده‌ پارسا‌یه‌ی پێیان درا هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌. ئه‌و په‌نده‌ ڕاسته‌یان له‌سه‌ر ده‌چه‌سپێت: “سه‌گێک گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر ڕشانه‌وه‌كه‌ی و به‌رازی شۆردراو گه‌ڕایه‌وه‌ نێو چڵپاو”. خۆشه‌ویستان، ئه‌مه‌ دووه‌مین په‌یامه‌‌ بۆتان ده‌نووسم، تیایاندا به‌ یادتان ده‌هێنمه‌وه‌ تاكو هزری پاكتان بوروژێنم، تاكو وته‌كانی پێغه‌مبه‌ره‌ پارسا‌كان و ڕاسپارده‌ی په‌روه‌ردگار و ڕزگاریده‌ر و ئێمه‌ی په‌یامبه‌رانتان بێنه‌وه‌ یادتان. یه‌كه‌مجار ئه‌مه‌ بزانن: له‌ ڕۆژانی كۆتاییدا كه‌سانێكی گاڵته‌جاڕ دێن، دوای هه‌وه‌سه‌كانیان ده‌كه‌ون، ده‌ڵێن: “كوانێ به‌ڵێنی هاتنه‌وه‌ی؟ چونكه‌ له‌و كاته‌ی باوكانمان له‌ كۆنه‌وه‌ مردوون، له‌ سه‌ره‌تای ئافراندنه‌وه‌ هه‌موو شتێک وه‌ک خۆیه‌تی”. چونكه‌ به‌ خواستی خۆیان ئه‌مه‌یان لێ دیار نیه‌: كه‌ له‌ كۆنه‌وه‌ به‌ وشه‌ی خودا ئاسمانان هه‌بووه‌، زه‌ویش له‌ ئاو و به‌ ئاو په‌یدا بووه‌، به‌هۆی ئه‌م ئاوه‌ش له‌و كات جیهان ئاوی لێ هه‌ستا و له‌ناوچوو. به‌ڵام ئاسمانان و زه‌ویی ئێستا به‌ هه‌مان وشه‌ بۆ ئاگر هه‌ڵگیراون، بۆ ڕۆژی لێپرسینه‌وه‌ و له‌ناوچوونی خوانه‌ناسان پارێزراون. به‌ڵام خۆشه‌ویستان، ته‌نها ئه‌م شته‌تان له‌یاد نه‌چێت، ڕۆژێک له‌لای په‌روه‌ردگار وه‌ک هه‌زار ساڵه‌ و هه‌زار ساڵیش وه‌ک ڕۆژێكه‌. په‌روه‌ردگار سه‌باره‌ت به‌ به‌ڵێنه‌كه‌ی خاو نییه‌، وه‌ک هه‌ندێک به‌ خاوی ده‌زانن، به‌ڵام له‌گه‌ڵمان پشوودرێژه‌، نایه‌وێت كه‌س له‌ناوبچێت، به‌ڵكو هه‌مووان بۆ تۆبه‌كردن بێن. به‌ڵام ڕۆژی په‌روه‌ردگار وه‌ک دز دێت، تیایدا به‌ ده‌نگێكی به‌رز ئاسمانان نامێنێت، به‌ سووتان توخمه‌كان هه‌ڵده‌وشێنه‌وه‌، زه‌وی و ئه‌و دروستكراوانه‌ی تیایدایه‌ ده‌سوتێت. كه‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ هه‌ڵده‌وشێنه‌وه‌، ئیتر پێویسته‌ ئێوه‌ چ جۆره‌ مرۆڤێک بن؟ ده‌بێت به‌ پارسایی و له‌خواترسیدا ڕه‌فتار بكه‌ن، چاوه‌ڕوانی ڕۆژی خودا بكه‌ن و داوای هاتنی خێرای بكه‌ن، چونكه‌ تیایدا ئاسمانان گڕده‌گرن و هه‌ڵده‌وشێنه‌وه‌، توخمه‌كانیش به‌ سووتان ده‌توێنه‌وه‌. به‌ڵام به‌گوێره‌ی به‌ڵێنه‌كه‌ی ئێمه‌ چاوه‌ڕوانی ئاسمانانێكی نوێ و زه‌ویه‌كی نوێین، كه‌ بێتاوانی تیایدا نیشته‌جێیه‌. بۆیه‌ خۆشه‌ویستان، كه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌مه‌ ده‌كه‌ن، تێبكۆشن بۆ ئه‌وه‌ی بێ گڵاوی و بێ گله‌یی له‌ ئاشتیدا له‌لای ئه‌و ببینرێن. بزانن كه‌ پشوودرێژی په‌روه‌ردگارمان ڕزگارییه‌، وه‌ک پۆڵۆسی برای خۆشه‌ویستمان به‌گوێره‌ی ئه‌و داناییه‌ی پێی دراوه‌ بۆی نووسین، وه‌ک له‌ هه‌موو په‌یامه‌كانی ده‌رباره‌ی ئه‌و شتانه‌ دوواوه‌، ئه‌وه‌ی هه‌ندێک شتی تێدایه‌ گرانه‌ بۆ تێگه‌یشتن، نه‌زان و نه‌چه‌سپاوه‌كان وه‌ک سیپاره‌كانی دیكه‌ ده‌شێوێنن، بۆ له‌ناوچوونی خۆیان. بـۆیـه‌ خـۆشـه‌ویـسـتـان، چـونـكـه‌ ئـێـوه‌ لـه‌پـێـشـا ده‌زانـن، ئـاگـاداری خـۆتـان بـن، نه‌وه‌ک به‌ گومڕایی خراپه‌كاران چه‌واشه‌ بن و له‌ چه‌سپاوی خۆتان بكه‌ون. به‌ڵكو له‌ به‌خشش و ناسینی په‌روه‌ردگار و ڕزگاریده‌رمان ئــیــشــۆعــی مــه‌ســیــح گــه‌شــه‌ بــكــه‌ن. شكۆی ئێستا و تاهه‌تایه‌ بـــۆ ئــــه‌وه‌. ئامین. ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستپێكدا بوو، ئه‌وه‌ی گوێمان لێیبوو، ئه‌وه‌ی به‌ چاوی خۆمان بینیمان، ئه‌وه‌ی ته‌ماشامان كرد و ده‌ستمان پێی كه‌وت، سه‌باره‌ت به‌ وشه‌ی ژیان ژیانه‌كه‌ ده‌ركه‌وت، ژیانی جاویدانیمان بینی و گه‌واهیی ده‌ده‌ین و بۆتانی ڕاده‌گه‌یێنین، ئه‌وه‌ی له‌لای باوک بوو و بۆمان ده‌ركه‌وت ئه‌وه‌ی بینیمان و بیستمان پێتانی ڕاده‌گه‌یێنین، تاكو ئێوه‌ش له‌گه‌ڵمان هاوبه‌شیتان هه‌بێت. هاوبه‌شی ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ باوک و ڕۆڵه‌كه‌یه‌تی، ئیشۆعی مه‌سیح. ئه‌مانه‌ ده‌نووسین تاكو شادیتان ته‌واو بێت. ئه‌مه‌ش ئه‌و هه‌واڵه‌یه‌ كه‌ له‌ومان بیست و پێتانی ڕاده‌گه‌یێنین: خودا ڕووناكییه‌، هیچ تاریكی تێدا نییه‌. ئه‌گه‌ر بڵێین: هاوبه‌شیمان له‌گه‌ڵیدا هه‌یه‌ و به‌ تاریكیدا بڕۆین، ئه‌وا درۆ ده‌كه‌ین و ڕه‌وا ناكه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ ڕووناكیدا بڕۆین، وه‌ک ئه‌و له‌ ڕووناكیدایه‌، ئه‌وا له‌گه‌ڵ یه‌كتری هاوبه‌شیمان هه‌یه‌ و خوێنی ئیشۆعی مه‌سیحی ڕۆڵه‌كه‌ی له‌ هه‌موو گوناهێک بێگه‌ردمان ده‌كاته‌وه‌. ئه‌گه‌ر بڵێین: گوناهمان نییه‌، ئه‌وا خۆمان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنین و ڕه‌وا له‌ ئێمه‌دا نییه‌. ئه‌گه‌ر دانمان به‌ گوناهه‌كانمان نا، ئه‌وا ئه‌و سه‌رڕاست و دادپه‌روه‌ره‌، ته‌نانه‌ت له‌ گوناهه‌كانمان خۆشده‌بێت و له‌ هه‌موو تاوانێک بێگه‌ردمان ده‌كاته‌وه‌. ئه‌گه‌ر بڵێین: گوناهمان نه‌كردووه‌، ئه‌وا به‌ درۆزنی داده‌نێین و وشه‌كه‌ی له‌ ئێمه‌دا نییه‌. ڕۆڵه‌كانم، ئه‌مانه‌تان بۆ ده‌نووسم تاكو گوناه‌ نه‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر یه‌كێک گوناهی كرد، ئه‌وا له‌لای باوک داكۆكیكارمان هه‌یه‌ ئیشۆعی مه‌سیحی بێتاوان. ئه‌و گوناه پۆشی گوناهه‌كانمانه‌، نه‌ک ته‌نها گوناهه‌كانی ئێمه‌، به‌ڵكو گوناهه‌كانی هه‌موو جیهانیش. به‌مه‌ ده‌زانین ئه‌ومان ناسیوه‌: ئه‌گه‌ر ڕاسپارده‌كانی بپارێزین. ئه‌وه‌ی وتی: “ناسیومه‌” و ڕاسپارده‌كانی ناپارێزێت، ئه‌وا درۆزنه‌ و ڕه‌وای تێدا نییه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی وشه‌كه‌ی بپارێزێت، ئه‌وا به‌ ڕاستی خۆشویستنی خودا له‌مه‌دا ته‌واوه‌. به‌مه‌ ده‌زانین ئێمه‌ له‌و داین: ئه‌وه‌ی وتی: له‌ودا جێگیره‌، ئه‌وا ده‌بێ به‌ هه‌مان ئه‌و شێوه‌یه‌ی ئه‌و ژیاوه‌ ئاوا بژیێت. برایان، ڕاسپارده‌یه‌كی نوێتان بۆ نانووسم، به‌ڵكو ڕاسپارده‌یه‌كی كۆنه‌، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌لاتان بوو. ڕاسپارده‌ كۆنه‌كه‌ ئه‌و وشه‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تادا گوێتان لێیبوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕاسپارده‌یه‌كی نوێتان بۆ ده‌نووسم، ئه‌و ڕه‌وایه‌ی له‌ ئه‌و و ئێوه‌دا هه‌یه‌: چونكه‌ تاریكی به‌سه‌رچوو، وا ڕووناكییه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ پرشنگ ده‌داته‌وه‌. ئه‌وه‌ی وتی: له‌ ڕووناكیدام و ڕقی له‌ براكه‌ی ببێته‌وه‌، ئه‌وه‌ تا ئێستا له‌ تاریكیدایه‌. ئه‌وه‌ی براكه‌ی خۆشبووێ له‌ ڕووناكیدا جێگیر ده‌بێت و كۆسپی تێدا نییه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕقی له‌ براكه‌ی بێته‌وه‌، ئه‌وا له‌ تاریكیدایه‌ و به‌ تاریكیدا ده‌ڕوات، نازانێت بۆ كوێ ده‌ڕوات، چونكه‌ تاریكی چاوی كوێر كردووه‌. بۆ ئێوه‌ ده‌نووسم، ڕۆڵه‌كان، چونكه‌ له‌پێناوی ناوی ئه‌و گوناهه‌كانتان به‌خشران. بۆ ئێوه‌ ده‌نووسم، باوكه‌كان، چونكه‌ ئه‌وه‌تان ناسیوه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌یه‌. بۆ ئێوه‌ ده‌نووسم، لاوه‌كان، چونكه‌ به‌دكارتان به‌زاند. بۆ ئێوه‌ ده‌نووسم، منداڵه‌كان، چونكه‌ باوكتان ناسیوه‌. بۆ ئێوه‌م نووسی، باوكه‌كان، چونكه‌ ئه‌وه‌تان ناسیوه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌یه‌. بۆ ئێوه‌م نووسی، لاوه‌كان، چونكه‌ به‌هێزن، وشه‌ی خوداتان تێدا جێگیره‌ و به‌دكارتان به‌زاندووه‌. نه‌ جیهانتان خۆشبووێت، نه‌ ئه‌و شتانه‌ی له‌ جیهاندایه‌. ئه‌گه‌ر یه‌كێک جیهانی خۆشبووێ، ئه‌وا خۆشویستنی باوكی تێدا نییه‌. چونكه‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌ جیهاندایه‌، هه‌وه‌سی جه‌سته‌ و هه‌وه‌سی چاو و سه‌ڵته‌نه‌تی ژیانه‌، له‌ باوكه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو له‌ جیهانه‌وه‌یه‌. جیهان و هه‌وه‌سه‌كانی به‌سه‌رده‌چن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ خواستی خودا ده‌كات تاهه‌تایه‌ جێگیر ده‌بێت. ڕۆڵه‌كان، ئه‌وا دوا كاژێره‌. وه‌ک بیستووتانه‌ دژه‌ مه‌سیح دێت، ئێستاش زۆر دژه‌ مه‌سیح هاتوون، به‌مه‌ ده‌زانین دوا كاژێره‌. ئه‌وان لێمان جیا بوونه‌وه‌، به‌ڵام له‌ ئێمه‌ نه‌بوون، چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ئێمه‌ بوونایه‌، له‌گه‌ڵمان ده‌مانه‌وه‌، به‌ڵام تاكو ده‌ربخه‌ن كه‌ كه‌سیان له‌ ئێمه‌ نین. به‌ڵام ئێوه‌، له‌لایه‌ن پارسا‌كه‌وه‌ ده‌ستنیشان كردنتان هه‌یه‌ و هه‌موو شتێک ده‌زانن. بۆ ئێوه‌ نانووسم چونكه‌ ڕه‌وا نازانن، به‌ڵكو چونكه‌ ده‌یزانن و هیچ درۆیه‌ک له‌ ڕه‌واكه‌وه‌ نییه‌. كێ درۆزنه‌؟ ئه‌وه‌ی نكۆڵی بكات كه‌ ئیشۆع مه‌سیحه‌كه‌یه‌. ئه‌مه‌ دژه‌ مه‌سیحه‌، ئه‌وه‌ی نكۆڵی له‌ باوک و ڕۆڵه‌ ده‌كات. هه‌ر كه‌سێک نكۆڵی له‌ ڕۆڵه‌ بكات باوكه‌كه‌ی نابێت، ئه‌وه‌ش دان به‌ ڕۆڵه‌ بنێت باوكه‌كه‌شی ده‌بێت. ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌تادا بیستتان با له‌ ئێوه‌دا جێگیر بێت. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌تادا بیستتان له‌ ئێوه‌دا جێگیر بێت، ئه‌وا له‌ ڕۆڵه‌ و باوكدا جێگیر ده‌بن. ئه‌مه‌یه‌ ئه‌و به‌ڵێنه‌ی ئه‌و پێیداوین: ژیانی جاویدانی. ئه‌مانه‌م بۆ ئێوه‌ نووسی ده‌رباره‌ی ئه‌وانه‌ی چه‌واشه‌تان ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئێوه‌، ئه‌و ده‌ستنیشان كردنه‌ی لێیتان وه‌رگرتووه‌، له‌ ئێوه‌دا جێگیره‌، پێویستتان به‌ كه‌س نییه‌ فێرتان بكات. به‌ڵكو هه‌روه‌ک ده‌ستنیشان كردنه‌كه‌ی هه‌موو شتێكتان فێرده‌كات، ڕه‌وایه‌ و درۆ نییه‌، وه‌ک فێری كردوون، تیایدا جێگیر بن. ئێستاش ڕۆڵه‌كان، تیایدا جێگیر بن، تاكو كاتێ ده‌ركه‌وت متمانه‌مان هه‌بێت، كه‌ هاته‌وه‌ شه‌رمی لێ نه‌كه‌ین. ئه‌گه‌ر بزانن ئه‌و خوداناسه‌، بزانن كه‌وا هه‌ر كه‌سێک خوداناسی بكات له‌ ئه‌وه‌وه‌ له‌دایكبووه‌. بڕوانن باوک چ خۆشویستنێكی پێ داوین، ته‌نانه‌ت پێمان ده‌ووترێ ڕۆڵه‌كانی خودا! بۆیه‌ جیهان نامانناسێت، چونكه‌ ئه‌وی نه‌ناسیوه‌. خۆشه‌ویستان، ئێستا ئێمه‌ ڕۆڵه‌كانی خوداین، هێشتا ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ ده‌بینه‌ چی. به‌ڵام ده‌زانین كاتێ ئه‌و ده‌رده‌كه‌وێت ئێمه‌ وه‌ک ئه‌و ده‌بین، چونكه‌ وه‌ک خۆی ده‌یبینین. هه‌ر كه‌سێک ئه‌م هیوایه‌ی به‌و هه‌بێت، هه‌روه‌ک ئه‌و بێگه‌رده‌، خۆی بێگه‌رد ده‌كاته‌وه‌. هه‌ر كه‌سێک گوناه‌ بكات سه‌رپێچی ده‌كات، چونكه‌ گوناه‌ سه‌رپێچییه‌. ده‌زانن ئه‌و ده‌ركه‌وتووه‌ تاكو گوناه‌ لابدات، خۆی گوناهی تێدا نییه‌. هه‌ر كه‌سێک له‌ودا جێگیر بێت، گوناه‌ ناكات. هه‌ر كه‌سێک گوناه‌ بكات نه‌ بینیویه‌تی و نه‌ ناسیویه‌تی. ڕۆڵه‌كان، با كه‌س چه‌واشه‌تان نه‌كات: ئه‌وه‌ی خوداناسی بكات خوداناسه‌، وه‌ک ئه‌ویش خوداناسه‌. ئه‌وه‌ی گوناه‌ بكات له‌ ئیبلیسه‌، چونكه‌ ئیبلیس له‌ سه‌ره‌تاوه‌ گوناهی كرده‌وه‌. ڕۆڵه‌ی خودا بۆ ئه‌مه‌ ده‌ركه‌وت، تاكو كاره‌كانی ئیبلیس هه‌ڵبوه‌شێنێه‌وه‌. هه‌ر كه‌سێک له‌ خوداوه‌ له‌دایک بووبێت‌ گوناه‌ ناكات، چونكه‌ تۆوی خودا تیایدا جێگیر ده‌بێت و ناتوانێت گوناه‌ بكات، چونكه‌ له‌ خوداوه‌ له‌دایكبووه‌. ڕۆڵه‌كانی خودا و ڕۆڵه‌كانی ئیبلیس به‌مه‌ ده‌رده‌كه‌ون: هه‌ر كه‌سێک خوداناسی نه‌كات له‌ خوداوه‌ نییه‌، هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی براكه‌ی خۆی خۆشنه‌وێت. چونكه‌ ئه‌مه‌ ئه‌م هه‌واڵه‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بیستتان: كه‌وا یه‌كترمان خۆشبووێ. وه‌ک قائین مه‌بن، كه‌ سه‌ر به‌ خراپه‌كار بوو و برای خۆیی سه‌ربڕی. بۆچی سه‌ری بڕی؟ چونكه‌ كاره‌كانی خۆی خراپ بوون و هی براكه‌ی خوداناسانه‌ بوو. برایانم، لاتان سه‌یر نه‌بێت ئه‌گه‌ر جیهان ڕقی لێتان بێته‌وه‌. ده‌زانین له‌ مه‌رگه‌وه‌ بۆ ژیان گواستراینه‌وه‌، چونكه‌ برایانمان خۆشده‌وێت. ئه‌وه‌ی خۆشویستنی بۆ براكه‌ی نه‌بێت له‌ مه‌رگدا ده‌مێنێته‌وه‌. هه‌ر كه‌سێک ڕقی له‌ براكه‌ی ببێته‌وه‌ بكوژه‌، خۆتان ده‌زانن هیچ بكوژێک له‌ ژیانی جاویدانیدا نامێنێته‌وه‌. به‌مه‌ خۆشویستنمان زانی: ئه‌و ژیانی خۆیی بۆ ئێمه‌ دانا. ئێمه‌ش ده‌بێت ژیانی خۆمان بۆ برایان دابنێین. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ماڵی دونیای هه‌بێت و براكه‌ی خۆی به‌ نه‌داری بینی و دڵی لێی ڕه‌ق كرد، چۆن خۆشویستنی خودای تێدا ده‌مێنێته‌وه‌؟ ڕۆڵه‌كانم، با به‌ وشه‌ و زمان خۆشویستن نه‌كه‌ین، به‌ڵكو به‌ كردار و به‌ ڕه‌وا! به‌مه‌ ده‌زانین سه‌ر به‌ ڕه‌واداین و دڵمان ئۆقره‌ ده‌رگرێت له‌ ئاماده‌گی ئه‌و چونكه‌ كاتێ دڵمان سه‌ركۆنه‌مان ده‌كات، خودا له‌ دڵمان مه‌زنتره‌ و هه‌موو شتێک ده‌زانێت. خۆشه‌ویستان، ئه‌گه‌ر دڵمان سه‌ركۆنه‌مان نه‌كات، ئه‌وا له‌به‌رده‌م خودا دڵنیا ده‌بین، هه‌رچییه‌كی لێ داوا بكه‌ین لێی وه‌رده‌گرین، چونكه‌ ڕاسپارده‌كانی ده‌پارێزین و ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ به‌دڵیه‌تی. ئه‌مه‌ش ڕاسپارده‌كه‌یه‌تی: باوه‌ڕمان به‌ ناوی ئیشۆعی مه‌سیحی ڕۆڵه‌كه‌ی هه‌بێت و یه‌كتریمان خۆشبووێ، وه‌ک ڕایسپاردووین. ئه‌وه‌ی ڕاسپارده‌كانی بپارێزێت، له‌ودا جێگری ده‌بێت و ئه‌ویش له‌م، به‌مه‌ش ده‌زانین ئه‌و له‌ ئێمه‌دا جێگیره‌، به‌و ڕووحه‌ی كه‌ پێیداوین. خۆشه‌ویستان، بڕوا به‌ هه‌موو ڕووحێک مه‌كه‌ن، به‌ڵكو ڕووحه‌كان تاقی بكه‌نه‌وه‌: ئایا له‌ خوداوه‌یه‌، چونكه‌ زۆر پێغه‌مبه‌ری درۆزن هاتوونه‌ته‌ جیهان. ڕووحی خودا به‌مه‌ ده‌ناسنه‌وه‌: هه‌ر ڕووحێک دان بنێت كه‌ ئیشۆعی مه‌سیح له‌ جه‌سته‌دا هاتووه‌، ئه‌وا له‌لایه‌ن خوداوه‌یه‌، به‌ڵام هه‌ر ڕووحێكیش دان به‌ ئیشۆع نه‌نێت كه‌ له‌ جه‌سته‌دا هاتووه‌، ئه‌وا له‌ خوداوه‌ نییه‌. ئه‌و ڕووحه‌ دژه‌ مه‌سیحه‌ كه‌ بیستووتانه‌ دێت، ئێستا وا له‌ جیهاندایه‌. ڕۆڵه‌كان، ئێوه‌ له‌ خوداوه‌ن، ئه‌وانتان به‌زاندووه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ئێوه‌دایه‌ مه‌زنتره‌ له‌وه‌ی له‌ جیهاندایه‌. ئه‌وانه‌ له‌ جیهانه‌وه‌ن، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی له‌ جیهانه‌وه‌یه‌ ده‌یڵێن و جیهان گوێیان لێ ده‌گرێت. ئێمه‌ له‌ خوداوه‌ین. ئه‌وه‌ی خودا بناسێت گوێمان لێ ده‌گرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ خوداوه‌ نه‌بێت گوێمان لێ ناگرێت. ڕووحی ڕه‌وا و ڕووحی چه‌واشه‌ به‌مه‌ ده‌ناسین. خۆشه‌ویستان، با یه‌كتریمان خۆشبووێ، چونكه‌ خۆشویستن له‌ خوداوه‌یه‌ و هه‌ر كه‌سێک خۆشویستنی هه‌بێت له‌ خوداوه‌ له‌دایكبووه‌ و خودا ده‌ناسێت. ئه‌وه‌ی خۆشویستنی نه‌بێت خودای نه‌ناسیوه‌، چونكه‌ خودا خۆشویستنه‌. به‌مه‌ خۆشویستنی خودا له‌نێوانماندا ده‌ركه‌وت: خودا ڕۆڵه‌ تاقانه‌كه‌ی نارده‌ جیهان تاكو به‌هۆیه‌وه‌ بژین. خۆشویستن له‌مه‌دایه‌: نه‌ک ئێمه‌ خودامان خۆشویست، به‌ڵكو ئه‌و خۆشیویستین و ڕۆڵه‌كه‌ی بۆ پۆشینی گوناهه‌كانمان نارد. خۆشه‌ویستان، ئه‌گه‌ر خودا ئاوا خۆشیویستین، پێویسته‌ ئێمه‌ش یه‌كتریمان خۆشبووێ. هه‌رگیز كه‌س خودای نه‌بینیوه‌. ئه‌گه‌ر یه‌كتریمان خۆشبووێ، خودا له‌ نێوماندا جێگیر ده‌بێت و خۆشویستنه‌كه‌ی له‌ نێوماندا ته‌واوه‌. به‌مه‌ ده‌زانین له‌ ئه‌ودا جێگیر ده‌بین و ئه‌ویش له‌ ئێمه‌: چونكه‌ ئه‌و له‌ ڕووحی خۆی پێیداوین. ئێمه‌ش بینیمان و گه‌واهیی ده‌ده‌ین، كه‌وا باوک ڕۆڵه‌ی وه‌ک ڕزگاریده‌ری جیهان ناردووه‌. ئه‌وه‌ی دان بنێت كه‌وا ئیشۆع ڕۆڵه‌ی خودایه‌، خودا له‌ودا جێگیر ده‌بێت و ئه‌ویش له‌ خودا. ئێمه‌ش ئه‌و خۆشویستنه‌ی خودا كه‌ بۆ ئێمه‌یه‌ ناسیمان و بڕوامان پێكرد. خودا خۆشویستنه‌. ئه‌وه‌ی له‌ خۆشویستندا جێگیر بێت له‌ خودا جێگیر ده‌بێت و خوداش له‌ودایه‌. به‌مه‌ خۆشویستن له‌گه‌ڵمان ته‌واو ده‌كرێت: كه‌ له‌ ڕۆژی لێپرسینه‌وه‌دا دڵنیا بین، چونكه‌ ئێمه‌ش له‌م جیهانه‌دا وه‌كو ئه‌و ده‌بین. خۆشویستن ترسی تێدا نییه‌، به‌ڵكو خۆشویستنی ته‌واو ترس ده‌رده‌كاته‌ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ ترس له‌ سزاوه‌ دێت. ئه‌وه‌ی بترسێت له‌ خۆشویستندا ته‌واو نه‌بووه‌. خۆشمانده‌وێت، چونكه‌ یه‌كه‌مجار ئه‌و خۆشیویستووین. ئه‌گه‌ر یه‌كێک وتی: “خودام خۆشده‌وێت” و ڕقی له‌ براكه‌ی بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ درۆزنه‌. چونكه‌ ئه‌وه‌ی برای خۆی خۆشنه‌وێت كه‌ بینیویه‌تی، چۆن ده‌توانێت خودای خۆشبووێ كه‌ نه‌یبینیوه‌؟ له‌ ئه‌وه‌وه‌ ئه‌م ڕاسپارده‌یه‌مان دراوه‌تێ: ئه‌وه‌ی خودای خۆشبووێ، با براكه‌شی خۆشبووێ. هه‌ر كه‌سێک باوه‌ڕی هه‌بێت كه‌ ئیشۆع مه‌سیحه‌كه‌یه‌، ئه‌وه‌ له‌ خوداوه‌ له‌دایكبووه‌. هه‌ر كه‌سێک باوكه‌كه‌ی خۆشبووێ، ئه‌وه‌شی خۆشده‌وێت كه‌ لێی له‌دایكبووه‌. به‌مه‌ ده‌زانین ڕۆڵه‌كانی خودامان خۆشده‌وێت: كه‌ خودامان خۆشبووێ و ڕاسپارده‌كانی بپارێزین. چونكه‌ ئه‌مه‌ خۆشویستنه‌ بۆ خودا: ڕاسپارده‌كانی بپارێزین. ڕاسپارده‌كانیشی قورس نین. چونكه‌ هه‌ر كه‌سێک له‌ خوداوه‌ له‌دایكبووبێت جیهان ده‌به‌زێنێت. ئه‌مه‌ش ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌یه‌ كه‌ جیهان ده‌به‌زێنێت: باوه‌ڕمانه‌. كێیه‌ جیهان ده‌به‌زێنێت؟ ته‌نها ئه‌و كه‌سه‌ی باوه‌ڕی هه‌یه‌ كه‌ ئیشۆع ڕۆڵه‌ی خودایه‌. ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ ئاو و خوێن هاتووه‌، ئیشۆعی مه‌سیح، نه‌ک ته‌نها به‌ ئاو، به‌ڵكو به‌ ئاو و به‌ خوێن. ڕووحه‌كه‌ش گه‌واهی ده‌دات، چونكه‌ ڕووحه‌كه‌ ڕه‌وایه‌. ئه‌وانه‌ی له‌ ئاسماندا گه‌واهیی ده‌ده‌ن سێیانن: باوک و وشه‌كه‌ و ڕۆحی پارسا. ئه‌و سێیانه‌ش یه‌كێكن. ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ زه‌ویدا گه‌واهی ده‌ده‌ن سێیانن: ڕووح و ئاو و خوێن، ئه‌و سێیانه‌ش بۆ یه‌كێكن. ئه‌گه‌ر گه‌واهیی خه‌ڵک په‌سه‌ند بكه‌ین، ئه‌وا گه‌واهیی خودا مه‌زنتره‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ گه‌واهیی خودایه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕۆڵه‌كه‌ی داویه‌تی. ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ به‌ ڕۆڵه‌ی خودا بهێنێت ئه‌م گه‌واهییه‌ له‌ خۆیدا هه‌یه‌. ئه‌وه‌ی بڕوا به‌ خودا نه‌كات، خودا به‌ درۆزن داده‌نێت، چونكه‌ باوه‌ڕ به‌و گه‌واهییه‌ ناكات كه‌ خودا سه‌باره‌ت به‌ ڕۆڵه‌كه‌ی داویه‌تی. ئه‌مه‌ش گه‌واهییه‌كه‌یه‌: خودا ژیانی جاویدانی پێ داوین، ئه‌م ژیانه‌ش له‌ ڕۆڵه‌كه‌یدایه‌. ئه‌وه‌ی ڕۆڵه‌كه‌ی هه‌بێت ژیانی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ی خودای نه‌بێت، ژیانی نابێت. ئه‌مانه‌م بۆ ئێوه‌ نووسی كه‌ باوه‌ڕتان به‌ ناوی ڕۆڵه‌ی خودا هه‌یه‌، تاكو بزانن ژیانی جاویدانیتان هه‌یه‌ و باوه‌ڕ به‌ ناوی ڕۆڵه‌ی خودا بهێنن. ئه‌مه‌ش ئه‌و متمانه‌یه‌ كه‌ به‌ومان هه‌یه‌: ئه‌گه‌ر به‌گوێره‌ی ویستی خۆی داوای شتێک بكه‌ین، گوێمان لێ ده‌گرێت. ئه‌گه‌ر بزانین گوێمان لێ ده‌گرێت هه‌رچییه‌ک داوا بكه‌ین، ده‌زانین ئه‌وه‌ی لێیمان داوا كردووه‌ هه‌مانه‌. ئه‌گه‌ر یه‌كێک براكه‌ی خۆی ببینێت گوناهێک ده‌كات ئه‌نجامه‌كه‌ی مه‌رگ نه‌بێت، پێویسته‌ بۆی بپاڕێته‌وه‌، خوداش ژیانی ده‌داتێ. بۆ ئه‌وانه‌ی گوناه‌ ده‌كه‌ن به‌ره‌و مه‌رگ نییه‌. گوناه‌ هه‌یه‌ به‌ره‌و مه‌رگه‌، بۆ ئه‌مه‌ ناڵێم داوا بكرێت. هه‌موو تاوانێک گوناهه‌، به‌ڵام گوناهیش هه‌یه‌ به‌ره‌و مه‌رگ نییه‌. ده‌زانین هه‌ر كه‌سێک له‌ خوداوه‌ له‌دایكبووبێت گوناه‌ ناكات، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی له‌ خوداوه‌ له‌ دایكبووه‌ خۆی ده‌پارێزێت، به‌دكاریش ده‌ستی لێ نادات. ده‌زانین ئێمه‌ له‌ خوداوه‌ین، هه‌موو جیهان له‌ ژێر ده‌ستی به‌دكار دانراوه‌. ده‌شزانین كه‌وا ڕۆڵه‌ی خودا هات و چاوی كردینه‌وه‌ تاكو ڕه‌وا بناسین. ئێمه‌ش له‌ ڕه‌واداین، له‌ ڕۆڵه‌كه‌ی، ئیشۆعی مه‌سیح. ئه‌و خوداوه‌ندی ڕاسته‌قینه‌ و ژیانی جاویدانیه‌. ڕۆڵه‌كان، خۆتان له‌ بت بپارێزن. ئامین. پیره‌كه‌، بۆ خانمه‌ بژارده‌كه‌ و بۆ ڕۆڵه‌كانیشی كه‌ له‌ ڕه‌وادا خۆشمده‌وێن، نه‌ک ته‌نها من، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌وانه‌ی ڕه‌وا ده‌ناسن، له‌پێناوی ئه‌و ڕه‌وایه‌ی تیاماندا جێگیر ده‌بێت و تاهه‌تایه‌ له‌گه‌ڵمان ده‌بێت: به‌خشش و میهره‌بانی و ئاشتیتان له‌گه‌ڵ بێت‌ له‌ خودای باوک و په‌روه‌ردگار ئیشۆعی مه‌سیحی ڕۆڵه‌ی باوک، به‌ ڕه‌وا و خۆشویستنه‌وه‌. زۆر دڵخۆش بووم كه‌ بینیم هه‌ندێک له‌ ڕۆڵه‌كانت به‌گوێره‌ی ڕه‌وا ده‌ڕۆن، وه‌ک باوک ڕایسپاردین. ئێستاش خانم، نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی ڕاسپارده‌یه‌كی نوێت بۆ بنووسم، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هه‌مانبووه‌: با یه‌كتریمان خۆشبووێ. خۆشویستن ئه‌مه‌یه‌: به‌گوێره‌ی ڕاسپارده‌كانی بڕۆین. هه‌روه‌ک له‌ سه‌ره‌تا گوێتان لێی بووه‌، ڕاسپارده‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌. چه‌واشه‌كاری زۆر هاتوونه‌ته‌ جیهان و دان نانێن ئیشۆعی مه‌سیح له‌ جه‌سته‌دا هاتووه‌. ئه‌مانه‌ چه‌واشه‌كار و دژه‌ مه‌سیحن. ئاگاداری خۆتان بن، نه‌وه‌ک ئه‌وه‌ی كردوومانه‌ بیدۆڕێنین، به‌ڵكو پاداشتی ته‌واو وه‌ربگرین. هه‌ر كه‌سێک پێش بكه‌وێت و له‌ فێركردنی مه‌سیح نیشته‌جێ نه‌بێت، خودای نییه‌. ئه‌وه‌ی له‌ فێركردنه‌كه‌ جێگیر بێت، ئه‌وا باوک و ڕۆڵه‌ی هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر یه‌كێک هاته‌ لاتان و ئه‌م فێركردنه‌ی نه‌هێنا، له‌ ماڵه‌كه‌تان وه‌ریمه‌گرنه‌وه‌ و سڵاوی لێ مه‌كه‌ن. چونكه‌ ئه‌وه‌ی سڵاوی لێ بكات، له‌ به‌دكارییه‌كانی به‌شدار ده‌بێت. زۆر شتم هه‌یه‌ بۆتانی بنووسم، نامه‌وێت به‌ كاغه‌ز و مه‌ره‌كه‌ب بێت، بـه‌ڵـكـو ئـومـێـده‌وارم لـه‌گـه‌ڵـتان بم و ڕووبه‌ڕوو بدوێین، تـاكـو خـۆشـیـیـه‌كـه‌مـان تـه‌واو بـێـت. منداڵانی خوشكه‌ بژارده‌كه‌ت سڵاوت لێده‌كه‌ن. ئامین. پیره‌كه‌، بۆ گائیوسی خۆشه‌ویست كه‌ له‌ ڕه‌وادا خۆشمده‌وێت. ئه‌ی خۆشه‌ویست، ده‌مه‌وێ له‌ هه‌موو شتێک سه‌ركه‌وتوو بیت و دروست بێت، هه‌روه‌ک ده‌روونت سه‌ركه‌وتووه‌. چونكه‌ زۆر دڵخۆش بووم به‌وه‌ی چه‌ند برایه‌ک هاتن و گه‌واهیی ئه‌و ڕه‌وایه‌یان دا كه‌ له‌ تۆدا هه‌یه‌، هه‌روه‌ک به‌گوێره‌ی ڕه‌وا ده‌ڕۆیت. خۆشی له‌مه‌ مه‌زنترم نییه‌: كه‌ گوێم لێ بێت ڕۆڵه‌كانم به‌گوێره‌ی ڕه‌وا ده‌ڕۆن. خۆشه‌ویست، تۆ به‌ سه‌رڕاستیه‌وه‌ هه‌موو شتێک بۆ برایان و بۆ نامۆیان ده‌كه‌یت. ئه‌وانه‌ی له‌به‌رده‌م وارگه‌دا گه‌واهییان له‌سه‌ر خۆشویستنی تۆ داوه‌، ئه‌وانه‌ی باش ده‌كه‌یت كه‌ به‌ شایسته‌یی خودا به‌ڕێیان ده‌كه‌یت. چونكه‌ ئه‌وانه‌ له‌ پێناوی ناوه‌ی ئه‌و ده‌رچوون، هیچ شتێک له‌ نه‌ته‌وه‌كان وه‌رناگرن. بۆیه‌ پێویسته‌ پێشوازی له‌ كه‌سانی وه‌ک ئه‌وانه‌ بكه‌ین تاكو به‌یه‌كه‌وه‌ كار بۆ ڕه‌وا بكه‌ین. بۆ وارگه‌م نووسیوه‌، به‌ڵام دیۆتریفس كه‌ ده‌یه‌وێت له‌نێوانیان ببێته‌ یه‌كه‌م، په‌سه‌ندمان ناكات. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هاتم، كرده‌وه‌كانی و ئه‌و غه‌یبه‌تانه‌ی كه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئێمه‌ی وتووه‌ ده‌یخه‌مه‌وه‌ یادی. هه‌روه‌ها به‌وه‌ش نه‌وه‌ستاوه‌، به‌ڵكو نایه‌وێت پێشوازی له‌ برایان بكات و هه‌ر یه‌كێک بییه‌وێت پێشوازییان لێ بكات، ڕێی لێ ده‌گرێت و له‌ وارگه‌ قاویان ده‌دات. خۆشه‌ویستم، لاسایی خراپه‌ مه‌كه‌وه‌ به‌ڵكو چاكه‌. چونكه‌ ئه‌وه‌ی چاكه‌ بكات له‌ خوداوه‌یه‌، ئه‌وه‌ش خراپه‌ بكات، خودای نه‌بینیوه‌. دیمه‌ترییوس له‌لایه‌ن هه‌موو كه‌سێک و له‌لایه‌ن خودی ڕه‌واشه‌وه‌ گه‌واهیی بۆ دراوه‌. ئێمه‌ش گه‌واهیی ده‌ده‌ین، ئێوه‌ش ده‌زانن گه‌واهیی ئێمه‌ ڕاسته‌. زۆرم هه‌بوو بۆتی بنووسم، به‌ڵام نامه‌وێت به‌ مه‌ره‌كه‌ب و خامه‌ بێت. به‌ڵكو ئومێده‌وارم به‌م زووانه‌ بتبینم تاكو ڕووبه‌ڕوو قسه‌ بكه‌ین. ئاشتی بۆ تۆ. خۆشه‌ویستان سڵاوت لێده‌كه‌ن. به‌ ناوه‌كانیان سڵاو له‌ خۆشه‌ویستان بكه‌. ئیهوودا، به‌نده‌ی ئیشۆعی مه‌سیح، برای یاقوو، بۆ بانگكراوه‌كان و پارساكان خودای باوک، پارێزراوان به‌ ئیشۆعی مه‌سیح: میهره‌بانی و ئاشتی و خۆشویستن بۆتان زیاد بێت. خۆشه‌ویستان، ئه‌وپه‌ڕی كۆششم كرد تاكو له‌باره‌ی ڕزگاریی هاوبه‌شمان بۆتان بنووسم، به‌ڵام ناچار بووم ئه‌مه‌تان بۆ بنووسم، ئامۆژگاریتان بكه‌م كه‌ تێبكۆشن له‌پێناوی ئه‌و باوه‌ڕه‌ی ته‌نها یه‌ک جار ڕاده‌ستی پارساكان كراوه‌. چونكه‌ كه‌سانێک به‌ دزییه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ ناوه‌وه‌، له‌كۆنه‌وه‌ بۆ ئه‌م حوكمه‌ نووسراون، خوانه‌ناسن، به‌خششی خوداوه‌ندمان بۆ به‌ڕه‌ڵایی ده‌گۆڕن و نكۆڵی له‌ ئیشۆعی مه‌سیح ده‌كه‌ن، تاقه‌ سه‌روه‌ر و په‌روه‌ردگارمان. جا ده‌مه‌وێت به‌ یادتان بهێنمه‌وه‌ كه‌ خۆتان ده‌یزانن، په‌روه‌ردگار كه‌ گه‌له‌كه‌ی خۆی له‌ خاكی میسڕ ده‌رباز كرد، دواتر ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان نه‌هێنا له‌ناوی بردن. هه‌روه‌ها ئه‌و فریشتانه‌ی پایه‌كانی خۆیان نه‌پاراست، به‌ڵكو شوێنی خۆیان به‌جێهێشت، به‌ كۆتی جاویدانی بۆ سزای ڕۆژی مه‌زن له‌ ژێر تاریكیدا هه‌ڵگیران. هه‌روه‌ها سه‌دوم و عامووڕه‌ و شاره‌كانی ده‌وروبه‌ریان به‌ هه‌مان ڕێگا داوێنپیسییان كرد و به‌ ناسروشتی هه‌وه‌سبازییان كرد، جا بوونه‌ په‌ندی چێژتنی سزای ئاگری جاویدانی. ئه‌وانیش به‌ هه‌مان شێوه‌، جه‌سته‌ گڵاو ده‌كه‌ن و گه‌وره‌یی ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ و بوختان به‌ شكۆداران ده‌كه‌ن. به‌ڵام میخائێلی سه‌رۆكی فریشته‌كان، كاتێ دژایه‌تی شه‌یتانی كرد و سه‌باره‌ت به‌ ته‌رمی مووشێ به‌رگریی كرد، نه‌یوێرا به‌ بوختان سكاڵای لێ بكات، به‌ڵكو وتی: “په‌روه‌ردگار سه‌رزه‌نشتت بكات!”. كه‌چی ئه‌مانه‌ قسه‌ بۆ شتێک هه‌ڵده‌به‌ستن كه‌ نایزانن. ئه‌وه‌ی به‌ سروشتیش ده‌یزانن، وه‌ک ئاژه‌ڵی به‌سته‌زمان، له‌مانه‌دا تێكی ده‌ده‌ن. وه‌ی به‌حاڵیان! چونكه‌ ڕێگای قائینیان گرتووه‌، بۆ بڕێک ده‌ستكه‌وت خۆیان داوه‌ته‌ ده‌ست چه‌واشه‌یی به‌لعه‌مه‌وه، له‌ یاخیبوونه‌كه‌ی قۆڕه‌ح له‌ناوچوون. ئه‌وانه‌ له‌ داوه‌ته‌كانی خۆشویستنی ئێوه‌ له‌كه‌دارن، بێ ترس نانتان له‌گه‌ڵ ده‌خۆن، خۆیان ده‌له‌وه‌ڕێنن. هه‌وری بێ ئاون و به‌ با ده‌هاژوورێن، داری بێبه‌ری پاییزن، دوو جار مردوون و هه‌ڵكه‌ندراون، شه‌پۆلی ده‌ریای هه‌ڵچوون به‌ كه‌فی شه‌رمه‌زاری، ئه‌ستێره‌ی وێلن كه‌ تاهه‌تایه‌ ڕه‌شایی تاریكییان بۆ هه‌ڵگیراوه‌. ئه‌خنوخی حه‌وته‌م له‌ ئاده‌مه‌وه‌، له‌باره‌ی ئه‌وانه‌وه‌ پێشبینی كرد و وتی: “ئه‌وه‌تا په‌روه‌ردگار له‌نێو هه‌زارانی پارسایاندا دێت، تاكو هه‌مووان حوكم بكات و هه‌موو خوانه‌ناسان سزا بدات، له‌به‌ر هه‌موو كرداره‌ خوانه‌ناسییه‌كانیان كه‌وا له‌ ڕێبازی خوانه‌ناسی كردوویانه‌ و ئه‌و قسه‌ ڕه‌قانه‌ی ئه‌و گوناهباره‌ خوانه‌ناسانه‌ له‌ دژی وتوویانه‌”. ئه‌وانه‌ بۆڵه‌بۆڵكار و گله‌ییكارن، به‌گوێره‌ی هه‌وه‌سه‌كانیان ڕه‌فتار ده‌كه‌ن و قسه‌ی گه‌وره‌ ده‌كه‌ن، به‌ ڕووپامایی ستایشی خه‌ڵک ده‌كه‌ن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان. به‌ڵام ئێوه‌ ئه‌ی خۆشه‌ویستان، قسه‌كانی په‌یامبه‌رانی په‌روه‌ردگارمان ئیشۆعی مه‌سیح بهێننه‌وه‌ یاد كه‌ پێشتر وتوویانه‌. پێی وتن: “له‌ كۆتایی ڕۆژگار، هه‌ندێک گاڵته‌جاڕ په‌یدا ده‌بن و دوای هه‌وه‌سه‌ خوانه‌ناسییه‌كانیان ده‌كه‌ون”. ئه‌وانه‌ خۆیان جیا ده‌كه‌نه‌وه‌، سروشتی مرۆڤانه‌ن و ڕووحه‌كه‌یان نییه‌. به‌ڵام ئێوه‌ خۆشه‌ویستان، خۆتان له‌سه‌ر باوه‌ڕی پارساتان بنیاد بنێن، به‌ ڕووحی پارسا نوێژ بكه‌ن، خۆتان له‌نێو خۆشویستنی خودا بپارێزن، چاوه‌ڕوانی به‌زه‌یی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان بن بۆ ژیانی جاویدانی. به‌زه‌ییتان به‌وانه‌ بێته‌وه‌ كه‌ گومان ده‌كه‌ن. هه‌ندێک له‌ ئاگر بڕفێنن و ڕزگاریان بكه‌ن، له‌ ترسدا به‌زه‌ییتان به‌ هه‌ندێک بێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت ڕقتان له‌و به‌رگانه‌ بێته‌وه‌ كه‌ به‌ جه‌سته‌ گڵاو بوونه‌. بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ تواناداره‌ بێ ساتمه‌كردن بتانپارێزێت، به‌ شادی بێ گله‌یی له‌به‌رده‌م شكۆكه‌ی ڕاتانبگرێت، بۆ تاكه‌ خوداوه‌ندی دانا و ڕزگاریده‌رمان، شكۆ و مه‌زنی و توانا و ده‌سه‌ڵات بۆ ئه‌وه‌، ئێستا و تا هه‌موو ڕۆژگار. ئامین. ئاشكراكردنی ئیشۆعی مه‌سیح كه‌ خودا پێیداوه‌، تاكو ئه‌و شتانه‌ی ده‌بێت زوو ڕووبده‌ن به‌ به‌نده‌كانی پیشان بدات و ده‌ریخست كه‌ به‌ فریشته‌كه‌ی خۆی بۆ یوخه‌ننه‌نی به‌نده‌ی خۆی نارد، ئه‌وه‌ی گه‌واهیی دا بۆ وشه‌ی خودا و بۆ گه‌واهیی ئیشۆعی مه‌سیح هه‌رچییه‌كی بینی. به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌وه‌ی وته‌كانی ئه‌م پێشبینییه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌ و ئه‌وانه‌ی ده‌یبیستن، ئه‌وه‌ی تیایدا نووسراوه‌ ده‌یپارێزن، چونكه‌ كاته‌كه‌ نزیكه‌. یوخه‌ننه‌ن، بۆ حه‌وت وارگه‌كه‌ی ئاسیا: به‌خشش و ئاشتی بۆ ئێوه‌، له‌وه‌ی هه‌یه‌ و هه‌بووه‌ و دێت، و له‌و حه‌وت ڕووحه‌ی له‌به‌رده‌م ته‌خته‌كه‌یدان، هه‌روه‌ها له‌ ئیشۆعی مه‌سیحیش كه‌ گه‌واهیده‌ری سه‌رڕاسته‌، نۆبه‌ره‌ی نێو مردووانه‌، و سه‌رۆكی پاشاكانی سه‌ر زه‌وییه‌: ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی خۆشده‌وێ و به‌ خوێنی خۆی ئێمه‌ی شوشته‌وه‌ له‌ گوناهه‌كانمان و ئێمه‌ی كرده‌ پاشا و كاهین بۆ خودای باوكی، شكۆ و ده‌سه‌ڵات تا جاویدانی بۆ ئه‌وه‌! ئامین. ئه‌وه‌تا له‌گه‌ڵ هه‌وردا دێت و هه‌موو چاوێک ده‌یبینێت، ئه‌وانه‌ش كه‌ ڕمیان لێیداوه‌، هه‌موو خێڵه‌كانی زه‌ویش شیوه‌نی بۆ ده‌گێڕن. به‌ڵێ، ئامین. په‌روه‌ردگار كه‌ هه‌یه‌ ده‌فه‌رمووێ: “منم ئه‌لف و یێ، یه‌كه‌مین و پایان” ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ و هه‌بووه‌ و دێت، كه‌ توانای به‌سه‌ر هه‌موو شتێكی هه‌یه‌. من یوخه‌ننه‌نی براتانم، هاوبه‌شتانم له‌ ته‌نگانه‌ و له‌ پاشایه‌تی و دانبه‌خۆداگرتنی ئیشۆعی مه‌سیح، له‌ پێناوی وشه‌ی خودا و گه‌واهیی بۆ ئیشۆعی مه‌سیح له‌ دوورگه‌یه‌ک بووم به‌ په‌تامون ناوده‌برا. له‌ ڕۆژی په‌روه‌ردگار له‌ ڕووحدا بووم، له‌ پشتمه‌وه‌ گوێم له‌ ده‌نگێكی مه‌زن بوو، وه‌ک ده‌نگی كه‌ڕه‌نا، فه‌رمووی: “منم ئه‌لف و یێ. یه‌كه‌مین و پایان. ئه‌وه‌ی ده‌یبینی، له‌ په‌رتووكێک بینووسه‌وه‌ و بۆ حه‌وت وارگه‌كه‌ی بنێره‌، بۆ ئه‌پیسۆس و سمۆڕنا و پرگاموس و تیئۆتیڕا و سه‌ردس و پیلاده‌لپیا و لادیقیا”. ئاوڕم دایه‌وه‌ تاكو ئه‌و ده‌نگه‌ ببینم كه‌ له‌گه‌ڵم ده‌دووا، كاتێ ئاوڕم دایه‌وه‌ حه‌وت چرادانی زێڕینم بینی، له‌ناوه‌ڕاستی چرادانه‌كاندا یه‌كێكی وه‌ک ڕۆڵه‌ی مرۆڤم بینی، جلێكی ئاودامانی له‌به‌ردا بوو، پشتێنێكی زێڕینی له‌لای سنگی به‌ستبوو، سه‌ر و قژی سپی وه‌ک خوری و وه‌ک به‌فر سپی بوون و چاوه‌كانی وه‌ک گڕی ئاگر بوون. پێیه‌كانی وه‌ک مسێكی خاوێن كه‌ له‌ كووره‌ پوخته‌ كرابێت وابوون، ده‌نگیشی وه‌ک هاژه‌ی ئاوێكی زۆر بوو، حه‌وت هه‌ساره‌ی له‌ ده‌سته‌ڕاستی بوو، شمشێرێكی تیژی دوو ده‌میش له‌ ده‌میه‌وه‌ ده‌رده‌چوو، ڕووی وه‌ک خۆر بوو كه‌ به‌وپه‌ڕی تینی ده‌دره‌وشێته‌وه‌. كاتێ بینیم وه‌ک مردوو له‌به‌رپێی كه‌وتم، ده‌ستی ڕاستی خسته‌ سه‌رم و فه‌رمووی: “مه‌ترسه‌، منم یه‌كه‌مین و پایان، زیندووه‌كه‌م، مردوو بووم، ئه‌وه‌تا تاهه‌تایه‌ زیندووم! ئامین. كلیله‌كانی دۆڵی بێبن و مه‌رگم پێیه‌. ئه‌مانه‌ی ده‌یبینت بینووسه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ی پاش ئه‌مه‌ش ده‌بێت. نهێنی ئه‌و حه‌وت هه‌ساره‌یه‌ی له‌ ده‌ستی ڕاستم بینیت و حه‌وت چرادانه‌ زێڕینه‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌: حه‌وت هه‌ساره‌كه‌ فریشته‌ی حه‌وت وارگه‌كانن و حه‌وت چرادانه‌كه‌ش حه‌وت وارگه‌كه‌ن”. بۆ فریشته‌ی وارگه‌ی‌ ئه‌پیسۆس، بنووسه‌: “ئه‌وه‌ی حه‌وت هه‌ساره‌كه‌ی به‌ ده‌ستی ڕاستی گرتووه‌ و به‌ ناوه‌ڕاستی حه‌وت چرادانه‌ زێڕینه‌كه‌دا ڕێده‌كات، ده‌فه‌رمووێ: ئاگادارم له‌ كردار و ماندووێتی و دانبه‌خۆداگرتنت، هه‌روه‌ها كه‌ ناتوانیت به‌رگه‌ی به‌دكاران بگریت، ئه‌وانه‌شت تاقی كرده‌وه‌ كه‌ خۆیان به‌ په‌یامبه‌ر ده‌زانن و په‌یامبه‌ریش نین، به‌ درۆزن ده‌رچوون، دانت به‌خۆت داگرت و له‌پێناوی ناوی من به‌رگه‌ت گرت و كۆڵت نه‌دا. به‌ڵام ئه‌وه‌م له‌سه‌رت هه‌یه‌: تۆ خۆشویستنه‌كه‌ی یه‌كه‌مینت به‌لاوه‌ ناوه‌. جا به‌ بیرت بێته‌وه‌ له‌كوێ كه‌وتیت! تۆبه‌ بكه‌، كاره‌كانی یه‌كه‌مینت بكه‌وه‌. ئه‌گه‌ر تۆبه‌ نه‌كه‌یت، ئه‌وا به‌مزووانه‌ دێمه‌ لات و چرادانه‌كه‌ت له‌ شوێنی خۆی لاده‌ده‌م. به‌ڵام شتێكی باشت هه‌یه‌: ڕقت له‌ كرده‌وه‌ی نیقۆلیوییه‌كان ده‌بێته‌وه‌، كه‌ منیش ڕقم لێی ده‌بێته‌وه‌. ئه‌وه‌ی گوێی هه‌یه‌، با ببیستێت ڕووح چی بۆ وارگه‌كان ده‌فه‌رمووێ. ئه‌وه‌ی سه‌ربكه‌وێت ده‌یده‌مێ له‌ دره‌ختی ژیان بخوات، ئه‌وه‌ی له‌ ناوه‌ڕاستی به‌هه‌شتی خودادایه‌”. بۆ فریشته‌ی وارگه‌ی سمۆڕنا، بنووسه‌: “ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مین و دواهه‌مینه‌، ئه‌وه‌ی مردوو بوو و زیندووبووه‌وه‌، ده‌فه‌رمووێ: ئاگام له‌ كردار و ته‌نگانه‌ و هه‌ژاریته‌، هه‌رچه‌نده‌ تۆ ده‌وڵه‌مه‌ندیت. هه‌روه‌ها ئاگام له‌ هه‌ڵبه‌ستنی ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێن جووین و جووش نین، به‌ڵكو له‌ كه‌نیشتی شه‌یتاندان. هه‌رگیز مه‌ترسه‌ له‌و ئازارانه‌ی وا بۆت دێت. وا ئیبلیس خه‌ریكه‌ هه‌ندێكتان بخاته‌ زیندانه‌وه‌، تاكو تاقی بكرێنه‌وه‌ و ده‌ ڕۆژ ته‌نگانه‌تان ده‌بێت. تا مردن سه‌رڕاست به‌، منیش تاجی ژیانت پێ ده‌به‌خشم. ئه‌وه‌ی گوێی هه‌یه‌، با ببیستێت ڕووح چی بۆ وارگه‌كان ده‌فه‌رمووێ. ئه‌وه‌ی سه‌ربكه‌وێت مه‌رگی دووه‌م ئازاری نادات”. بۆ فریشته‌ی وارگه‌ی پرگاموس، بنووسه‌: “ئه‌وه‌ی شمشێره‌ تیژه‌ دوو ده‌مه‌كه‌ی هه‌یه‌ ده‌فه‌رمووێ: ئاگام له‌ كرداره‌كانت هه‌یه‌ و له‌كوێ ده‌ژیت، ئه‌و شوێنه‌ی ته‌ختی شه‌یتانی لێیه‌. ده‌ست به‌ ناوی من ده‌گریت و نكۆڵیت له‌ باوه‌ڕی من نه‌كرد، ته‌نانه‌ت له‌و ڕۆژانه‌ش كه‌ ئه‌نتیپۆسی گه‌واهیده‌ری سه‌رڕاستم له‌لاتان شه‌هید كرا، له‌و شوێنه‌ی شه‌یتان نیشته‌جێیه‌. به‌ڵام هه‌ندێک شتم له‌سه‌رت هه‌یه‌: ئه‌ویش هه‌ندێ كه‌س له‌لاتن پابه‌ندن به‌ فێركردنی به‌لعه‌مه‌وه‌، ئه‌وه‌ی باله‌قی فێرده‌كرد كۆسپ له‌به‌رده‌م نه‌وه‌ی ئیسڕائیل دابنێت تاكو له‌و قوربانییانه‌ بخۆن كه‌ بۆ بت سه‌ربڕاوه‌ و داوێنپیسی بكه‌ن. به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌لای تۆش هه‌ندێک هه‌ن پابه‌ندن به‌ فێركردنی نیقۆلیوییه‌كان كه‌ من ڕقم لێیه‌. بۆیه‌ تۆبه‌ بكه‌! ئه‌گینا، به‌م زووانه‌ دێمه‌ لات و به‌ شمشێره‌كه‌ی ده‌مم له‌گه‌ڵیان ده‌جه‌نگم. ئه‌وه‌ی گوێی هه‌یه‌، با ببیستێت ڕووح چی بۆ وارگه‌كان ده‌فه‌رمووێ. ئه‌وه‌ی سه‌ربكه‌وێت له‌ مه‌نی شاراوه‌ی ده‌ده‌مێ، هه‌روه‌ها به‌ردێكی سپی ده‌ده‌مێ، كه‌ ناوێكی نوێی له‌سه‌ر نووسراوه‌، جگه‌ له‌وه‌ی وه‌ریده‌گرێت كه‌س نایزانێت”. بۆ فریشته‌ی وارگه‌ی تیئۆتیڕا، بنووسه‌: “ڕۆڵه‌ی خودا، ئه‌وه‌ی چاوه‌كانی وه‌ک گڕی ئاگره‌ و پێیه‌كانی وه‌ک مسی خاوێنه‌، ده‌فه‌رمووێ: ئاگام له‌ كردار و خۆشویستن و ڕاژه‌ و باوه‌ڕ و دانبه‌خۆداگرتنته‌. كاره‌كانی ئه‌م دواییه‌ت له‌وانه‌ی یه‌كه‌مت زیاترن. به‌ڵام ئه‌مه‌م له‌سه‌رت هه‌یه‌: تۆ ڕێت به‌و ژنه‌ داوه‌ كه‌ ئیزبله‌ كه‌وا ده‌ڵێت: من پێغه‌مبه‌رم، به‌نده‌كانم فێرده‌كات و چه‌واشه‌یان ده‌كات تاكو داوێنپیسی بكه‌ن و له‌و قوربانیه‌ بخۆن كه‌ بۆ بت سه‌ربڕاوه‌. كاتم پێیدابوو تاكو تۆبه له‌ داوێنپیسیه‌كه‌ی‌ بكات، به‌ڵام تۆبه‌ بكات. ئه‌وه‌تا فڕێیده‌ده‌مه‌ سه‌ر نوێن و ئه‌وانه‌ی داوێنپیسییان له‌گه‌ڵیدا كردووه‌ له‌ ته‌نگانه‌یه‌كی مه‌زن ده‌بن، ئه‌گه‌ر له‌ كرداریان تۆبه‌ نه‌كه‌ن. هه‌روه‌ها منداڵه‌كانی به‌ مه‌رگ ده‌كوژم، جا هه‌موو وارگه‌كانیش ده‌زانن من پشكێنه‌ری مێشک و دڵه‌كانم، هه‌ر یه‌كێكیشتان به‌گوێره‌ی كاره‌كانی ده‌یده‌مێ. به‌ڵام به‌ ئێوه‌ ده‌ڵێم، و به‌وانه‌ی له‌ تیئۆتیڕا ماونه‌ته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی ئه‌م فێركردنه‌یان نییه‌ و به‌ قووڵایی شه‌یتانیان نه‌زانیوه‌، وه‌ک ده‌ڵێن: من بارێكی دیكه‌تان ناخه‌مه‌ سه‌ر به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌تانه‌ ده‌ستی پێوه‌ بگرن، تاكو دێم. ئه‌وه‌ی سه‌ربكه‌وێت و كاره‌كانی من تاكو پایان بپارێزێت، ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كاندا ده‌ده‌مێ به‌ گۆچانێكی ئاسنین به‌ڕێوه‌یان ده‌بات، وه‌ک گۆزه‌ی گڵین وردوخاشیان ده‌كات، وه‌ک منیش له‌ باوكمه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتم وه‌رگرتووه‌. ئاواش هه‌ساره‌ی به‌یانیی ده‌ده‌مێ. ئه‌وه‌ی گوێی هه‌یه‌، با ببیستێت ڕووح چی بۆ وارگه‌كان ده‌فه‌رمووێ”. هه‌روه‌ها بۆ فریشته‌ی وارگه‌ی سه‌ردس‌، بنووسه‌: “ئه‌وه‌ی حه‌وت ڕووحی خودا و حه‌وت هه‌ساره‌كه‌ی هه‌یه‌ ده‌فه‌رمووێ: ئاگام له‌ كرداره‌كانته‌، تۆ به‌ ناو زیندوویت، به‌ڵام مردوویت. بێدار به‌! ئه‌وه‌ی ماوه‌ به‌هێزی بكه‌، ئه‌وه‌ی خه‌ریكه‌ بمرێت، چونكه‌ له‌به‌رده‌م خودا كاره‌كانتم به‌ ناته‌واوی بینی. به‌بیرت بێته‌وه‌ چۆن وه‌رتگرت و بیستت، بیپارێزه‌ و تۆبه‌ بكه‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر بێدار نه‌بیت، ئه‌وا وه‌ک دزێک دێم و نازانی له‌ چ كاتێک بۆت دێم. خه‌ڵكێكی كه‌مت له‌ سه‌ردسدا هه‌یه‌ پۆشاكه‌كانیان گڵاو نه‌كردووه‌، به‌ به‌رگی سپییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ من ڕێده‌كه‌ن، چونكه‌ شایانی ئه‌وه‌ن. ئه‌وه‌ی سه‌ربكه‌وێت ئاوا به‌رگی سپی ده‌پۆشێت و ناوی له‌ سیپاره‌ی ژیان ناسڕمه‌وه‌ و له‌به‌رده‌م باوكم و له‌به‌رده‌م فریشته‌كانی دان به‌ ناوه‌كه‌یدا ده‌نێم. ئه‌وه‌ی گوێی هه‌یه‌، با ببیستێت ڕووح چی بۆ وارگه‌كان ده‌فه‌رمووێ”. هه‌روه‌ها بۆ فریشته‌ی وارگه‌ی پیلاده‌لپیا، بنووسه‌: “ئه‌وه‌ی پارسا و ڕه‌وایه‌، كلیله‌كه‌ی داویدی له‌ ده‌سته‌، ئه‌وه‌ی ده‌یكاته‌وه‌ و كه‌س دایناخات، دایده‌خات و كه‌س نایكاته‌وه‌، ده‌فه‌رمووێ: ئاگام له‌ كرداره‌كانته‌. ئه‌وه‌تا ده‌رگایه‌كی كراوه‌م له‌به‌رده‌مت داناوه‌ و كه‌س ناتوانێت دایبخات. چونكه‌ هێزێكی كه‌مت هه‌یه‌، به‌ڵام وشه‌ی من ده‌پارێزیت، نكۆڵیت له‌ ناوی من نه‌كرد. ئه‌وه‌تا ئاوا له‌وانه‌ی كه‌نیشتی شه‌یتان ده‌كه‌م، ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن جووین و جووش نین، به‌ڵكو درۆ ده‌كه‌ن، وایان لێ ده‌كه‌م بێن و له‌به‌رده‌م پێیه‌كانت كڕنۆش ببه‌ن و بزانن تۆم خۆشویستووه‌. چونكه‌ ڕاسپارده‌ی منت بۆ دانبه‌خۆداگرتن پاراستووه‌، منیش له‌ كاتی تاقیكردنه‌وه‌ ده‌تپارێزم، كه‌ خه‌ریكه‌ به‌سه‌ر هه‌موو جیهاندا دێت، تاكو ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی نیشته‌جێن تاقی بكرێنه‌وه‌. زوو دێم. ده‌ست بگره‌ به‌وه‌ی هه‌ته‌، تاكو كه‌س تاجه‌كه‌ت لێ نه‌ستێنێت. ئه‌وه‌ی سه‌ربكه‌وێت ده‌یكه‌مه‌ كۆڵه‌گه‌یه‌ک له‌ نێو په‌رستگای خوداوه‌ندم و هه‌رگیز لێی ده‌رناچێت. ناوی خوداوه‌ندم و ناوی شاری خوداوه‌ندم له‌سه‌ر ده‌نووسم، یروشلایمی نوێ، ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن خوداوه‌ندمه‌وه‌ له‌ ئاسمان دێته‌ خواره‌وه‌، هه‌روه‌ها ناوی نوێی خۆمی له‌سه‌ر ده‌نووسم. ئه‌وه‌ی گوێی هه‌یه‌، با ببیستێت ڕووح چی بۆ وارگه‌كان ده‌فه‌رمووێ”. بۆ فریشته‌ی وارگه‌ی لادیقیا، بنووسه‌: “ئامین و گه‌واهیده‌ری سه‌رڕاست و ڕاستگۆ كه‌ ده‌ستپێكی ئافریده‌ی خودایه‌، ده‌فه‌رمووێ: ئاگام له‌ كرداره‌كانته‌، تۆ نه‌ سارد و نه‌ گه‌رمیت. خۆزگه‌ سارد یان گه‌رم بووای. چونكه‌ شله‌تێنیت، نه‌ ساردیت و نه‌ گه‌رمیت، به‌ته‌مام له‌ ده‌ممه‌وه‌ بتتفێنمه‌وه‌. چونكه‌ ده‌ڵێی: ده‌وڵه‌مه‌ندم و زه‌نگین بوومه‌، پێویستیم به‌ هیچ نییه‌. به‌ڵام بێ ئاگای له‌وه‌ی به‌ ده‌رده‌سه‌ری و نه‌گبه‌ت و هه‌ژار و كوێر و ڕووتیت. ئامۆژگاریت ده‌كه‌م زێڕی به‌ ئاگر پوخته‌كراوم لێ بكڕیت تاكو ده‌وڵه‌مه‌ند بیت، جلی سپیش تاكو بیپۆشیت، بۆئه‌وه‌ی شه‌رمه‌زاری ڕووتیت ده‌رنه‌كه‌وێت، كلیش له‌ چاوت بده‌یت تاكو ببینیت. ئه‌وانه‌ی خۆشمبووێت سه‌رزه‌نشتی ده‌كه‌م و ته‌مبێی ده‌كه‌م. بۆیه‌ دڵگه‌رم به‌ و تۆبه‌ بكه‌. ئه‌وه‌تا له‌به‌ر ده‌رگا وه‌ستاوم و له‌ ده‌رگا ده‌ده‌م. ئه‌گه‌ر یه‌كێک گوێی له‌ ده‌نگم بوو و ده‌رگاكه‌ی كرده‌وه‌، لێی دێمه‌ ژووره‌وه‌ و شێوی له‌گه‌ڵ ده‌خۆم، ئه‌ویش له‌گه‌ڵ من. ئه‌وه‌ی سه‌ربكه‌وێت ده‌یده‌مێ له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌مدا له‌گه‌ڵم دانیشێت، وه‌ک منیش سه‌ركه‌وتم و له‌گه‌ڵ باوكم له‌ ته‌خته‌كه‌یدا دانیشتم. ئه‌وه‌ی گوێی هه‌یه‌، با ببیستێت ڕووح چی بۆ وارگه‌كان ده‌فه‌رمووێ”. پاش ئه‌مه‌ ته‌ماشام كرد ده‌رگایه‌كی كراوه‌م بینی له‌ ئاسماندا، ئه‌و ده‌نگه‌ش كه‌ یه‌كه‌مجار وه‌ک كه‌ڕه‌نا هاته‌ گوێم، پێی فه‌رمووم: “سه‌ربكه‌وه‌ بۆ ئێره‌، ئه‌وه‌ت پیشان ده‌ده‌م كه‌ دوای ئه‌مه‌ پێویسته‌ ڕووبدات”. یه‌كسه‌ر كه‌وتمه‌ ڕووحه‌وه‌، ته‌ختێكم بینی له‌ ئاسمان دانرابوو، له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ش یه‌كێک دانیشتبوو. دانیشتووه‌كه‌ له‌ ڕواڵه‌تدا له‌ به‌ردی یه‌شب و عه‌قیق ده‌چوو، په‌لكه‌زێڕینه‌یه‌كیش له‌ شێوه‌ی زمروود له‌ ده‌وری ته‌خته‌كه‌دا بوو. له‌ ده‌وری ته‌خته‌كه‌ش بیست و چوار ته‌خت هه‌بوون، بیست و چوار پیریش كه‌ جلی سپییان پۆشیبوو له‌سه‌ر ته‌خته‌كان دانیشتبوون، تاجی زێڕینیان له‌سه‌ر بوو. له‌ ته‌خته‌كه‌وه‌ بروسک و هه‌وره‌تریشقه‌ و ده‌نگه‌ده‌نگ ده‌هات، له‌به‌رده‌م ته‌خته‌كه‌ش حه‌وت چرای ئاگرین ده‌سووتان، كه‌ حه‌وت ڕووحه‌كه‌ی خودان. له‌به‌رده‌م ته‌خته‌كه‌ش شوێنێكی وه‌ک ده‌ریایه‌كی شووشه‌یی هه‌بوو. له‌ناوه‌ڕاست و له‌ ده‌وروبه‌ری ته‌خته‌كه‌ چوار بوونه‌وه‌ر هه‌بوون، له‌پێش و پاش به‌ چاو داپۆشرابوون: بوونه‌وه‌ری یه‌كه‌م وه‌ک شێر بوو، دووه‌م بوونه‌وه‌ر وه‌ک گۆێره‌كه‌، سێیه‌م بوونه‌وه‌ر ڕوخسارێكی وه‌ک مرۆڤی هه‌بوو، چواره‌م بوونه‌وه‌ر وه‌ک هه‌ڵۆیه‌كی فڕیو بوو. چوار بوونه‌وه‌ره‌كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان شه‌ش باڵی هه‌بوو له‌ ده‌وروبه‌ر، ناوه‌وه‌یان به‌ چاو داپۆشرابوو، شه‌و و ڕۆژ بێ وه‌ستان ده‌ڵێن: “پارسا‌یه‌، پارسایه‌‌، پارسایه‌‌، په‌روه‌ردگار خوداوندی توانادار به‌سه‌ر هه‌موو شتێک، ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ و هه‌یه‌ و دێت” هه‌ر كاتێ بوونه‌وه‌ره‌كان شكۆ و ڕێز و سوپاس ده‌كه‌ن بۆ دانیشتووی سه‌ر ته‌خته‌كه‌، ئه‌وه‌ی تاهه‌تایه‌ زیندووه‌، بیست و چوار پیره‌كه‌ی به‌رده‌م دانیشتووی سه‌ر ته‌خته‌كه‌ ده‌كه‌ون و كڕنۆش بۆ زیندووی جاویدانی ده‌به‌ن و تاجه‌كانیان له‌به‌رده‌م ته‌خته‌كه‌ فڕێده‌ده‌ن و ده‌ڵێن: “ئه‌ی په‌روه‌ردگار، تۆ شایانی ئه‌وه‌ی شكۆ و ڕێز و توانا وه‌ربگری، چونكه‌ تۆ هه‌موو شتێكت ئافراندووه‌، به‌ خواستی تۆش هه‌ن و ئافرێندران”. له‌لای ڕاستی دانیشتووی سه‌ر ته‌خته‌كه‌وه‌ سیپاره‌یه‌كه‌م بینی له‌ به‌ر و له‌ پشته‌وه‌ نووسرا بوو، به‌ حه‌وت مۆریش مۆر كرابوو. فریشته‌یه‌كی به‌هێزم بینی به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواری ده‌كرد: “كێ شایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ سیپاره‌كه‌ بكاته‌وه‌ و مۆره‌كانی بشكێنێت؟” كه‌س نه‌بوو، نه‌ له‌ ئاسمان و نه‌ له‌سه‌ر زه‌وی و نه‌ له‌ ژێر زه‌وی بتوانێت سیپاره‌كه‌ بكاته‌وه‌ یاخود ته‌ماشای بكات. ده‌ستم به‌ گریانێكی زۆر كرد، چونكه‌ كه‌س شایسته‌ی ئه‌وه‌ نه‌بوو سیپاره‌كه‌ بكاته‌وه‌ یان ته‌ماشای بكات. یه‌كێک له‌ پیره‌كان پێی وتم: “مه‌گری، ئه‌وه‌تا ئه‌و شێره‌ی له‌ هۆزی ئيهوودایه‌ و له‌ ڕه‌گی داویده‌ سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا، سیپاره‌كه‌ ده‌كاته‌وه‌ و حه‌وت مۆره‌كه‌ی ده‌شكێنێت”. ئینجا له‌ ناوه‌ڕاستی ته‌خته‌كه‌ و چوار بوونه‌وه‌ره‌كه‌دا، له‌ناوه‌ڕاستی پیره‌كان، كاوڕێكم بینی ڕاوه‌ستابوو وه‌ک سه‌ربڕابێت، حه‌وت قۆچ و حه‌وت چاوی هه‌بوو، كه‌ حه‌وت ڕووحه‌كه‌ی خودان بۆ هه‌موو زه‌وی نێردراون. هات و سیپاره‌كه‌ی له‌ لای ڕاستی دانیشتووی سه‌ر ته‌خته‌كه‌ وه‌رگرت. كاتێ سیپاره‌كه‌ی وه‌رگرت، چوار بوونه‌وه‌ره‌كه‌ و بیست و چوار پیره‌كه‌ كه‌وتنه‌ به‌رده‌م كاوڕه‌كه‌، هه‌ریه‌كه‌یان ته‌میره‌ و جامی زێڕینی پڕ بخووریان پێبوو، ئه‌وه‌ش نوێژه‌كانی پارساكانه‌، په‌سنیی نوێیان ده‌ووت: “تۆ شایسته‌ی ئه‌وه‌ی سیپاره‌كه‌ ببه‌یت و مۆره‌كانی بكه‌یته‌وه‌، چونكه‌ تۆ سه‌ربڕایت و به‌ خوێنی خۆت ئێمه‌ت بۆ خودا كڕییه‌وه‌، له‌ هه‌موو خێڵ و زمان و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ک. ئێمه‌شت كرده‌ پاشا و كاهین بۆ خوداوه‌ندمان و حوكمڕانیی زه‌وی ده‌كه‌ین”. ئینجا ته‌ماشام كرد و گوێم له‌ ده‌نگی فریشته‌یه‌كی زۆر بوو له‌ ده‌وری ته‌خته‌كه‌ و بوونه‌وه‌ره‌كان و پیره‌كان، ژماره‌یان هه‌زار هه‌زار و ده‌ هه‌زار ده‌ هه‌زار ده‌بوو، به‌ ده‌نگێكی مه‌زن ده‌یانووت: “كاوڕه‌ سه‌ربڕاوه‌كه‌ شایسته‌ی وه‌رگرتنی توانا و ده‌وڵه‌مه‌ندی و دانایی و هێز و ڕێز و شكۆ و ستایشه‌!” هه‌موو ئافریده‌یه‌كی ئاسمان و سه‌ر زه‌وی و ژێر زه‌وی و نێو ده‌ریاش، هه‌ر ئه‌وه‌ی تیایاندایه‌، بیستم ده‌یانووت: “ستایش و ڕێز و شكۆ و ده‌سه‌ڵات، بۆ دانیشتووی سه‌ر ته‌خت و كاوڕه‌كه‌ بێت، تاهه‌تایه‌!” چوار بوونه‌وه‌ره‌كه‌ش ده‌یانووت: “ئامین”. بیست و چوار پیره‌كانیش كه‌وتن و كڕنۆشیان برد بۆ ئه‌وه‌ی تا هه‌تایه‌ زیندووه‌. سه‌یرم كرد كه‌ كاوڕه‌كه‌ یه‌كێک له‌ حه‌وت مۆره‌كه‌ی كرده‌وه‌. ئینجا گوێم لێبوو یه‌كێک له‌ چوار بوونه‌وه‌ره‌كه‌ به‌ ده‌نگێكی وه‌ک هه‌وره‌تریشقه‌ وتی: “وه‌ره ته‌ماشا بكه‌‌”! سه‌یرم كرد ماینێكی سپیم بینی، سواره‌كه‌ی كه‌وانێكی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو و تاجێكی پێدرابوو، به‌ سه‌ركه‌وتنه‌وه‌ ده‌رچوو تاكو سه‌ربكه‌وێت. كاتێ مۆری دووه‌می كرده‌وه‌، گوێم له‌ بوونه‌وه‌ری دووه‌م بوو وتی: “وه‌ره‌ ته‌ماشا بكه‌!” ماینێكی دیكه‌ی سوور ده‌رچوو، سواره‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پێی درابوو ئاشتی له‌ زه‌ویدا هه‌ڵبگرێت، تاكو خه‌ڵک یه‌كتری بكوژن. هه‌روه‌ها شمشێرێكی مه‌زنی پێدرابوو. كاتێ مۆری سێیه‌می كرده‌وه‌، گوێم لێبوو بوونه‌وه‌ری سێیه‌م وتی: “وه‌ره‌ ته‌ماشا بكه‌!” سه‌یرم كرد، ماینێكی ڕه‌شم بینی، سواره‌كه‌ی ته‌رازوویه‌كی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو. گوێم لێبوو ده‌نگێک له‌ناوه‌ڕاستی چوار بوونه‌وه‌ره‌كه‌وه‌ ده‌یووت: “یه‌ک ڕبه‌ گه‌نم به‌ دینارێک، سێ ڕبه‌ جۆ به‌ دینارێک، به‌ڵام زیان به‌ ڕۆن و مه‌یه‌كه‌ مه‌گه‌یه‌نه‌”. كاتێ مۆری چواره‌می كرده‌وه‌، گوێم له‌ ده‌نگی بوونه‌وه‌ری چواره‌م بوو وتی: “وه‌ره‌ ته‌ماش بكه‌!” سه‌یرم كرد، ماینێكی سه‌وزم بینی، سواره‌كه‌ی ناوی مه‌رگ بوو، دۆڵی بێبن دوای كه‌وتبوو. ده‌سه‌ڵاتیان پێدرابوو چاره‌كی زه‌وی به‌ شمشێر و برسیێتی و مه‌رگ بكوژن، هه‌روه‌ها به‌ دڕنده‌كانی زه‌وی. كاتێ مۆری پێنجه‌می كرده‌وه‌، له‌ ژێر قوربانگادا ڕووحی ئه‌وانه‌م بینی كه‌ له‌پێناوی وشه‌ی خودا و له‌پێناوی ئه‌و گه‌واهییه‌ی له‌لایان بوو كوژرابوون. به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواریان كرد و وتیان: “ئه‌ی گه‌وره‌ و پارسا و ڕه‌وا، هه‌تا كه‌ی حوكمیان ناده‌یت و تۆڵه‌ی خوێنی ئێمه‌ له‌ دانیشتووانی زه‌وی ناستێنیت؟” جا هه‌ریه‌كه‌یان جلێكی سپییان پێدرا و پێیان وترا ماوه‌یه‌ک بسره‌ون، تاكو به‌نده‌ هاوكاره‌كان و براكانیان كه‌ وه‌ک ئه‌وان ده‌كوژرێن ته‌واو ده‌بن. سه‌یرم كرد كه‌ مۆری شه‌شه‌می كرده‌وه‌، بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی مه‌زن ڕوویدا و خۆر وه‌ک به‌رگی ماته‌م ڕه‌ش هه‌ڵگه‌ڕا، مانگیش وه‌ک خوێن سوور هه‌ڵگه‌ڕا، ئه‌ستێره‌كانی ئاسمان كه‌وتنه‌ زه‌وی، وه‌ک دارهه‌نجیر كاتێ بایه‌كی توند ده‌یهه‌ژێنێت، به‌ره‌كه‌ی ده‌كه‌وێت. ئاسمان وه‌ک پێچراو كه‌رت بوو، هیچ چیا و دوورگه‌یه‌ک له‌ شوێنی خۆی نه‌ما. پاشایانی زه‌وی و سوپاسالاره‌كان و ده‌وڵه‌مه‌ندان و میره‌كان و به‌هێزه‌كان و هه‌موو كۆیله‌ و ئازادێک، خۆیان له‌ ئه‌شكه‌وت و تاشه‌به‌ردی چیا حه‌شار دا، به‌ چیا و به‌رده‌كانیان ده‌ووت: “بكه‌ونه‌ سه‌رمان تاكو له‌ڕووی دانیشتووی سه‌ر ته‌خت و تووڕه‌یی كاوڕه‌كه‌ بمانشارنه‌وه‌! چونكه‌ ڕۆژی تووڕه‌بوونه‌ مه‌زنه‌كه‌ی هاتووه‌. كێ ده‌توانێت ڕاوه‌ستێت؟”. پاش ئه‌مه‌ چوار فریشته‌م بینی له‌سه‌ر هه‌ر چوار گۆشه‌ی زه‌وی ڕاوه‌ستابوون، چوار باكه‌ی زه‌وییان گرتبوو تاكو بۆ سه‌ر زه‌وی و سه‌ر ده‌ریا و سه‌ر هیچ دره‌ختێک هه‌ڵنه‌كه‌ن. فریشته‌یه‌كی دیكه‌شم بینی له‌ خۆرهه‌ڵاته‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وت مۆری خودای زیندووی پێبوو، به‌ ده‌نگێكی مه‌زن بانگی چوار فریشته‌كه‌ی كرد، كه‌ پێیان درابوو زیان به‌ زه‌وی و ده‌ریا بگه‌یه‌نن. وتی: “زیان به‌ زه‌وی و ده‌ریا و دره‌خت مه‌گه‌یه‌نن، تاكو نێوچه‌وانی به‌نده‌كانی خوداوه‌ندمان مۆر ده‌كه‌ین”. گوێم له‌ ژماره‌ی مۆركراوان بوو كه‌ سه‌د و چل و چوار هه‌زار بوون، له‌ هه‌موو هۆزه‌كانی نه‌وه‌ی ئیسڕائیل بوون. له‌ هۆزی ئيهوودا دوازده‌ هه‌زار مۆركراو، له‌ هۆزی ڕائوبین دوازده‌ هه‌زار مۆركراو، له‌ هۆزی گاد دوازده‌ هه‌زار مۆركراو، له‌ هۆزی ئه‌شیر دوازده‌ هه‌زار مۆركراو، له‌ هۆزی نه‌پتالیم دوازده‌ هه‌زار مۆركراو، له‌ هۆزی مینه‌شێ دوازده‌ هه‌زار مۆركراو، له‌ هۆزی شیمعون دوازده‌ هه‌زار مۆركراو، له‌ هۆزی لیوی دوازده‌ هه‌زار مۆركراو، له‌ هۆزی ئیساخه‌ر دوازده‌ هه‌زار مۆركراو، له‌ هۆزی زوۆولوون دوازده‌ هه‌زار مۆركراو، له‌ هۆزی یۆسپ دوازده‌ هه‌زار مۆركراو، له‌ هۆزی بنیامین دوازده‌ هه‌زار مۆركراو. پاش ئه‌مه‌ سه‌یرم كرد كۆمه‌ڵانێكی زۆرم بینی كه‌س ناتوانێت بیانژمێرێت، له‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و هۆز و گه‌ل و زمانێک، له‌به‌رده‌م ته‌خته‌كه‌ و كاوڕه‌كه‌ ڕاوه‌ستابوون، جلی سپییان له‌به‌ردابوو و لقه‌ دارخورمایان به‌ده‌سته‌وه‌ گرتبوو، به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواریان ده‌كرد و ده‌یانووت: “ڕزگاری هی خوداوه‌ندمانه‌، كه‌ له‌سه‌ر ته‌خت دانیشتووه‌ و بۆ كاوڕه‌كه‌یه‌”. هه‌موو فریشته‌كان له‌ ده‌وری ته‌خته‌كه‌ ڕاوه‌ستابوون، پیره‌كان و چوار بوونه‌وه‌ره‌كه‌، له‌به‌رده‌م ته‌خته‌كه‌ به‌ ڕوودا كه‌وتن و كڕنۆشیان بۆ خودا برد، وتیان: “ئامین! ستایش و شكۆ و دانایی و سوپاس و ڕێز و هێز و توانا بۆ خوداوه‌ندمانه‌، تاهه‌تایه‌! ئامین!” دوایی یه‌كێک له‌ پیره‌كان لێی پرسیم: “ئه‌م سپی پۆشانه‌ كێن؟ له‌كوێوه‌ هاتوون؟” منیش پێم وت: “گه‌وره‌م، تۆ ده‌زانیت”. پێی وتم: “ئه‌مانه‌ ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌ ته‌نگانه‌ مه‌زنه‌كه‌وه‌ هاتوون و جله‌كانیان به‌ خوێنی كاوڕه‌كه‌ شوشتووه‌ و سپی كردووه‌. بۆیه‌ له‌به‌رده‌م ته‌ختی خودادان و شه‌و و ڕۆژ له‌ په‌رستگاكه‌ی ڕاژه‌ی ده‌كه‌ن، دانیشتووی سه‌ر ته‌خته‌كه‌ش دایانده‌پۆشێت. ئیتر نه‌ برسی ده‌بن و نه‌ تینوو، نه‌ هه‌تاو لێیان ده‌دات و نه‌ گه‌رمی، چونكه‌ كاوڕه‌كه‌ی ناوه‌ڕاستی ته‌خته‌كه‌ شوانێتییان ده‌كات و به‌ره‌و كانییه‌كانی ئاوی زیندوویان ده‌بات، خوداش هه‌موو فرمێسكه‌كانی چاویان ده‌سڕێته‌وه‌”. كاتێ‌ مۆری حه‌وته‌می كرده‌وه‌، نزیكه‌ی نیو كاژێر بێده‌نگیه‌ک ئاسمانی گرته‌وه‌. حه‌وت فریشته‌كه‌م بینی كه‌ له‌به‌رده‌م خودا ڕاده‌وه‌ستن، حه‌وت كه‌ڕه‌نایان پێدرابوو. فریشته‌یه‌كی دیكه‌ش هات و له‌لای قوربانگا وه‌ستا، بخووردانێكی زێڕینی پێبوو. بخوورێكی زۆریشی پێدرا تاكو له‌گه‌ڵ نوێژه‌كانی پارساكان له‌سه‌ر قوربانگا زێڕینه‌كه‌ی به‌رده‌م ته‌خت پێشكه‌شی بكات. له‌گه‌ڵ نوێژه‌كانی پارساكان دووكه‌ڵی بخوور له‌ ده‌ستی فریشته‌كه‌ له‌به‌رده‌م خودا به‌رز‌بووه‌وه‌. فریشته‌كه‌ش بخووردانه‌كه‌ی برد و له‌ قوربانگاكه‌ پڕی كرد له‌ ئاگر و فڕێیدایه‌ سه‌ر زه‌وی، له‌وێدا بووه‌ ده‌نگه‌ده‌نگ و هه‌وره‌تریشقه‌ و بروسكه‌ و بوومه‌له‌رزه‌. ئیتر حه‌وت فریشته‌كه‌ی حه‌وت كه‌ڕه‌ناكه‌یان پێبوو خۆیان بۆ لێدانی كه‌ڕه‌نا سازكرد. فریشته‌ی یه‌كه‌م كه‌ڕه‌ناكه‌ی لێدا، ته‌رزه‌ و ئاگری تێكه‌ڵ به‌ خوێن په‌یدابوو، فڕێدرانه‌ زه‌وی. سێیه‌كی دره‌خته‌كانی زه‌وی سووتان و هه‌موو گیایه‌كی سه‌وز سووتا. فریشته‌ی دووه‌م كه‌ڕه‌ناكه‌ی لێدا و شتێكی وه‌كو چیایه‌كی گه‌وره‌ی گڕگرتوو فڕێدرایه‌ ده‌ریاوه‌. سێیه‌كی ده‌ریاكه‌ش بووه‌ خوێن، سێیه‌كی بوونه‌وه‌رانی زیندووی ده‌ریا مردن، سێیه‌كی كه‌شتییه‌كانیش تێكشكان. فریشته‌ی سێیه‌م كه‌ڕه‌ناكه‌ی لێدا، هه‌ساره‌یه‌كی گه‌وره‌ی پرشنگداری وه‌ک چرا له‌ ئاسمانه‌وه‌ كه‌وته‌ سه‌ر سێیه‌كی ڕووبار و كانیاوه‌كان. هه‌ساره‌كه‌ش ناوی تاڵاو بوو. سێیه‌كی ئاو تاڵ بوو، خه‌ڵكانێكی زۆریش له‌به‌ر تاڵی ئاوه‌كه‌ مردن. فریشته‌ی چواره‌میش كه‌ڕه‌ناكه‌ی لێدا، سێیه‌كی خۆر و سێیه‌كی مانگ و سێیه‌كی ئه‌ستێره‌كان لێدران، تاكو سێیه‌كیان تاریک بن و ڕۆژ سێیه‌كی ڕووناكی نه‌دات و شه‌ویش ئاوا. پاشان ته‌ماشام كرد، بیستم فریشته‌یه‌كی هه‌ڵفڕیو له‌ناوه‌ڕاستی ئاسماندا، به‌ ده‌نگێكی به‌رز ده‌یووت: “واوه‌یلا! واوه‌یلا! واوه‌یلا بۆ دانیشتووانی سه‌ر زه‌وی، له‌به‌ر ئه‌و ده‌نگه‌ی كه‌ڕه‌نا كه‌ ماوه‌ و سێ فریشته‌كه‌ی دیكه‌ كه‌ خه‌ریكن كه‌ڕه‌ناكانیان لێده‌ن!”. ئینجا فریشته‌ی پێنجه‌م كه‌ڕه‌ناكه‌ی لێدا، ته‌ماشام كرد هه‌ساره‌یه‌ک له‌ ئاسمانه‌وه‌ كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وی، كلیلی دۆڵی بێبنی پێدرا. كاتێ دۆڵی بێبنی كرده‌وه‌، دووكه‌ڵێک وه‌ک دووكه‌ڵی كووره‌یه‌كی مه‌زن لێی به‌رزبووه‌وه‌، دووكه‌ڵه‌كه‌ی دۆڵی بێبن خۆر و هه‌وای تاریک كرد. له‌ دووكه‌ڵه‌كه‌وه‌ كوللـه‌ ده‌رچوون بۆ سه‌ر زه‌وی و ده‌سه‌ڵاتێكی وه‌ک ده‌سه‌ڵاتی دووپشكی زه‌وییان پێدرا. فه‌رمانیان پێدرابوو زیان به‌ گیای زه‌وی و هیچ سه‌وزایی و هیچ دره‌ختێک نه‌گه‌یێنن، ته‌نها به‌و كه‌سانه‌ كه‌ مۆری خودایان به‌ نێوچه‌وانه‌وه‌ نییه‌. ڕێیان پێ نه‌درابوو بیانكوژن، به‌ڵكو پێنج مانگ ئازار بچێژن، ئازاره‌كه‌ی وه‌ک ئازاری دووپشكه‌ كاتێ به‌ مرۆڤه‌وه‌ ده‌دات. له‌و ڕۆژانه‌دا خه‌ڵک به‌دوای مه‌رگدا ده‌گه‌ڕێن و نایدۆزنه‌وه‌، حه‌ز له‌ مه‌رگ ده‌كه‌ن و مه‌رگ لێیان هه‌ڵدێت. شێوه‌ی كوللـه‌كان وه‌ک ئه‌سپ بوو بۆ جه‌نگ ئاماده‌ كرابێت، له‌سه‌ر سه‌ریان شتێكی وه‌ک تاجی زێڕین بوو، ڕوویان وه‌ک ڕووی مرۆڤ. قژیان وه‌ک قژی ژن بوو، ددانه‌كانیان وه‌ک ددانی شێر. سپه‌ریان هه‌بوو، وه‌ک سپه‌ری ئاسنین، ده‌نگی باڵه‌كانیان وه‌ک ده‌نگی گالیسكه‌ی ئه‌سپێكی زۆر بوو بۆ جه‌نگ ڕابكه‌ن. چه‌ند كلكێكی چزووداری وه‌ک دووپشكیان هه‌بوو، پێنج مانگ ده‌سه‌ڵاتی كلكه‌كانیان بۆ ئازاردانی خه‌ڵک بوو. فریشته‌ی دۆڵی بێبن پاشا بوو به‌سه‌ریانه‌وه‌، به‌ عیبری ناوی “ئه‌به‌دون” ـه‌ و به‌ یۆنانی ناوی “ئه‌پۆلیۆن” ـه‌. ئه‌وه‌تا یه‌كه‌م واوه‌یلا به‌سه‌رچوو. دوو واوه‌یلای دیكه‌ ماوه‌ كه‌ دوای ئه‌مه‌ دێن. فریشته‌ی شه‌شه‌م كه‌ڕه‌ناكه‌ی لێدا، ده‌نگێک له‌ چوار قۆچه‌كه‌ی قوربانگا زێڕینه‌كه‌ی به‌رده‌م خوداوه‌ هاته‌ گوێم، به‌ فریشته‌ی شه‌شه‌می ده‌ووت كه‌ كه‌ڕه‌ناكه‌ی پێبوو: “چوار فریشته‌ به‌ستراوه‌كه‌ی لای ڕووباری فوڕاتی مه‌زن ئازاد بكه‌”. چوار فریشته‌كه‌ی ئاماده‌ كرابوون بۆ ئه‌و كاژێر و ڕۆژ و مانگ و ساڵه‌، ئازاد كران، تاكو سێیه‌كی مرۆڤ بكوژن. ژماره‌ی سه‌ربازه‌ سواره‌كان دوو سه‌د ملیۆن بوون، گوێم له‌ ژماره‌یان بوو. ئاوا ئه‌سپه‌كان و سواره‌كانیانم له‌ بینینه‌كه‌دا بینی: سپه‌ری ئاگرین و مرواریدار و گۆگردیان هه‌بوو، سه‌ری ئه‌سپه‌كان وه‌ک سه‌ری شێر بوون، له‌ ده‌میانه‌وه‌ ئاگر و دووكه‌ڵ و گۆگرد ده‌رده‌چوو. به‌و سێ ده‌رده‌ سێیه‌كی ئاده‌میزادان كوژران، به‌ ئاگر و دووكه‌ڵ و گۆگرد كه‌ له‌ ده‌میان ده‌رده‌چوو. چونكه‌ هێزی ئه‌سپه‌كان له‌ ده‌م و كلكیانه‌، چونكه‌ كلكیان وه‌ک مار سه‌ری هه‌یه‌، خه‌ڵكی پێ ئازار ده‌دات. پاشماوه‌ی مرۆڤه‌كان كه‌ به‌و ده‌ردانه‌ نه‌كوژران، تۆبه‌یان له‌ كرده‌ی ده‌ستی خۆیان نه‌كرد. نه‌وه‌ستان له‌ كڕنۆش بردن بۆ شه‌یتانه‌كان و بته‌ زێڕین و زیو و مس و به‌رد و دارینه‌كان، كه‌وا ناتوانن ببیستن و ببینن و ڕێ بكه‌ن. هه‌روه‌ها له‌ كوشتن و جادووگه‌ری و داوێنپیسی و دزیكردنیان تۆبه‌یان نه‌كرد. پاشان فریشته‌یه‌كی دیكه‌ی به‌هێزم بینی له‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌هاته‌ خواره‌وه‌، به‌ هه‌ور خۆی پۆشیبوو، په‌لكه‌زێڕینه‌ له‌سه‌ر سه‌ری بوو، ڕووی وه‌ک خۆر بوو، پێیه‌كانی وه‌ک ستوونی ئاگر بوون. سیپاره‌یه‌كی بچووكی كراوه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو. پێی ڕاستی له‌سه‌ر ده‌ریا و چه‌پی له‌سه‌ر وشكایی دانا. به‌ ده‌نگێكی مه‌زن وه‌ک نه‌عره‌ته‌ی شێر نه‌ڕاندی. كاتێ نه‌ڕاندی، حه‌وت هه‌وره‌تریشقه‌ به‌ ده‌نگه‌كانیان هاتنه‌ دوواندن. كاتێ حه‌وت هه‌وره‌تریشقه‌كه‌ هاتنه‌ دوواندن، به‌ته‌مابووم بنووسم، به‌ڵام ده‌نگێكم له‌ ئاسمانه‌وه‌ بیست ده‌یفه‌رموو: “ئه‌وه‌ی حه‌وت هه‌وره‌تریشقه‌كه‌ وتیان مۆری بكه‌ و مه‌یاننووسه‌”. ئه‌و فریشته‌یه‌ی بینیم له‌سه‌ر ده‌ریا و وشكایی ڕاوه‌ستابوو ده‌ستی بۆ ئاسمان به‌رزكرده‌وه‌ و سوێندی به‌ زیندووی جاویدانی خوارد، ئه‌وه‌ی ئاسمان و زه‌وی و ده‌ریا و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی تیایاندایه‌ ئافراندووه‌، وتی: “دواكه‌وتنی دیكه‌ نابێت!” به‌ڵكو له‌و ڕۆژانه‌ی فریشته‌ی حه‌وته‌م خه‌ریكه‌ كه‌ڕه‌نا لێ ده‌دات و ده‌نگی لێ دێت، نهێنیی خوداش دێته‌ دی، وه‌ک موژده‌ی به‌ به‌نده‌ پێغه‌مبه‌ره‌كانی دا. ئه‌و ده‌نگه‌ی كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ بیستم دیسان قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردم و فه‌رمووی: “بڕۆ سیپاره‌ كراوه‌كه‌ له‌ فریشته‌ ڕاوه‌ستاوه‌كه‌ی سه‌ر ده‌ریا و سه‌ر وشكایی وه‌ربگره‌”. چوومه‌ لای فریشته‌كه‌ و پێم وت: “سیپاره‌ بچووكه‌كه‌م پێ بده‌”. پێی وتم: “بیبه‌ و بیخۆ. هه‌ناوت تاڵ ده‌كات، به‌ڵام له‌ ده‌متدا وه‌ک هه‌نگوین شیرین ده‌بێت”. سیپاره‌ بچووكه‌كه‌م له‌ ده‌ستی فریشته‌كه‌ برد و خواردم، له‌ ده‌مم وه‌ک هه‌نگوین شیرین بوو، به‌ڵام كه‌ خواردم هه‌ناوی تاڵ كردم. جا پێی وتم: “ده‌بێت دیسان پێشبینی له‌سه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ و زمان و پاشای زۆر بكه‌یت”. پاشان قامیشێكی وه‌ک داری پێوانه‌م پێدرا، فریشته‌كه‌ وه‌ستا و پێی وتم: “هه‌سته‌، په‌رستگای خودا و قوربانگا و كڕنۆشبه‌ران بپێوه‌. واز له‌ حه‌وشه‌ی په‌رستگا بهێنه‌ و مه‌یپێوه‌، چونكه‌ به‌ نه‌ته‌وه‌كان دراوه‌، چل و دوو مانگیش شاری پارسا پێشێل ده‌كه‌ن. به‌ دوو گه‌واهیده‌ره‌كانم ده‌ده‌م بۆ هه‌زار و دوو سه‌د و شه‌ست ڕۆژ به‌ به‌رگی ماته‌مه‌وه‌ پێشبینی بكه‌ن”. ئه‌مانه‌ ئه‌و دوو دارزه‌یتوونه‌ و ئه‌و دوو چرادانه‌ن كه‌ له‌به‌رده‌م په‌روه‌ردگاری زه‌وی ڕاوه‌ستاون. ئه‌گه‌ر یه‌كێک بیه‌وێت زیانیان پێ بگه‌یێنێت، ئاگر له‌ ده‌میانه‌وه‌ ده‌رده‌چێت و دوژمنانیان ده‌خۆن. ئه‌گه‌ر یه‌كێک بیه‌وێت زیانیان پێ بگه‌یێنێت ده‌بێت ئاوا بكوژرێت. ئه‌مانه‌ ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌ له‌ ڕۆژانی پێغه‌مبه‌رایه‌تییان ئاسمان دابخه‌ن، تاكو باران نه‌بارێت. هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر ئاودا هه‌یه‌ بیكه‌نه‌ خوێن، به‌ هه‌موو ده‌ردێک له‌ زه‌وی بده‌ن، هه‌ر كاتێ بیانه‌وێ. كاتێ گه‌واهییه‌كه‌یان ته‌واو كرد، ئه‌و دڕنده‌یه‌ی له‌ دۆڵی بێبن دێته‌ ده‌ره‌وه‌، له‌گه‌ڵیان ده‌جه‌نگێت، ده‌یانبه‌زێنێت و ده‌یانكوژێت. ته‌رمه‌كانیان له‌سه‌ر شه‌قامی شاره‌ گه‌وره‌كه‌ ده‌بێت كه‌ ناوی ڕووحییان سه‌دوم و میسڕه‌، له‌وێش په‌روه‌ردگارمان له‌خاچدرا. خه‌ڵكی له‌ گه‌ل و هۆز و زمان و نه‌ته‌وه‌كان بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ و نیو ته‌ماشای ته‌رمه‌كانیان ده‌كه‌ن، ناهێڵن بنێژرێن. دانیشتووانی زه‌وی پێی شاد ده‌بن و شادمان ده‌بن، دیاری بۆ یه‌كتری ده‌نێرن، چونكه‌ ئه‌م دوو پێغه‌مبه‌ره‌ دانیشتووانی سه‌ر زه‌وییان ئازار ده‌دا. پاش سێ ڕۆژ و نیوه‌كه‌، ڕووحی ژیان له‌ خوداوه‌ چووه‌ ناویان، ئه‌وانیش هه‌ستانه‌وه‌ سه‌رپێیانیان و ترسێكی گه‌وره‌ كه‌وته‌ سه‌ر ئه‌وانه‌ی ته‌ماشایان ده‌كرد. ده‌نگێكی مه‌زنیشیان له‌ ئاسمانه‌وه‌ بیست، پێی ده‌فه‌رموون: “سه‌ربكه‌ونه‌ ئێره‌”. ئه‌وانیش له‌به‌رچاوی دوژمنانیان له‌ هه‌وردا بۆ ئاسمان سه‌ركه‌وتن. هه‌ر له‌و كاته‌دا بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی مه‌زن ڕوویدا و ده‌یه‌كی شاره‌كه‌ كه‌وت. حه‌وت هه‌زار كه‌س به‌ بوومه‌له‌رزه‌كه‌ كوژران، ئه‌وانی دیكه‌ ترسان، ستایشی خوداوه‌ندی ئاسمانیان كرد. دووه‌م واوه‌یلا به‌سه‌رچوو، ئه‌وه‌تا واوه‌یلای سێیه‌م وا به‌ خێرایی دێت. فریشته‌ی حه‌وته‌میش كه‌ڕه‌ناكه‌ی لێدا و چه‌ند ده‌نگێكی مه‌زن له‌ ئاسمانه‌وه‌ هاتن و وتیان: “پاشایه‌تییه‌كانی جیهان بووه‌ هی په‌روه‌ردگارمان و مه‌سیحه‌كه‌ی، وا تاهه‌تایه‌ فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كات”. بیست و چوار پیره‌كه‌ی له‌به‌رده‌م خودا له‌سه‌ر ته‌خته‌كان دانیشتبوون، به‌ ڕوودا كه‌وتن و كڕنۆشیان بۆ خودا برد، وتیان: “سوپاست ده‌كه‌ین، ئه‌ی په‌روه‌ردگار و خوداوه‌ندی توانادار به‌سه‌ر هه‌موو شتێک، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ و هه‌بووه‌ و دێت، چونكه‌ هێزه‌ مه‌زنه‌كه‌ی خۆت وه‌رگرت و فه‌رمانڕه‌واییت كرد. نه‌ته‌وه‌كان تووڕه‌ بوون، تووڕه‌یی تۆش هاتووه‌. كاتی لێپرسینه‌وه‌ی مردووان هات، بۆ پاداشتكردنی به‌نده‌ پێغه‌مبه‌ره‌كانت و پارساكان و ئه‌وانه‌ی له‌ ناوت ده‌ترسن، گه‌وره‌ و بچووک، هه‌روه‌ها بۆ له‌ناوبردنی ئه‌وانه‌ی زه‌ویان له‌ناوده‌برد”. په‌رستگای خوداش له‌ ئاسماندا كرایه‌وه‌ و چه‌مه‌دانی په‌یمانه‌كه‌ی له‌ په‌رستگاكه‌ی ده‌ركه‌وت. له‌وێدا بووه‌ بروسكه‌ و ده‌نگه‌ده‌نگ و هه‌وره‌تریشقه‌ و بوومه‌له‌رزه‌ و ته‌رزه‌یه‌كی مه‌زن. نیشانه‌یه‌كی مه‌زنیش له‌ ئاسماندا ده‌ركه‌وت: ژنێک خۆری پۆشیبوو، مانگ له‌ ژێر پێیدا و تاجێكی دوازده‌ هه‌ساره‌یی له‌سه‌ر سه‌ری بوو، سكی هه‌بوو، ئازاری هه‌بوو و له‌ ژانی منداڵبوون هاواری ده‌كرد. نیشانه‌یه‌كی دیكه‌ش له‌ ئاسماندا ده‌ركه‌وت: ئه‌ژدیهایه‌كی مه‌زنی سوور، حه‌وت سه‌ر و ده‌ قۆچی هه‌بوو، حه‌وت تاج له‌سه‌ر سه‌ره‌كان بوو. كلكیشی سێیه‌كی ئه‌ستێره‌ی ئاسمانی ڕاكێشا و فڕێیدانه‌ سه‌ر زه‌وی، ئه‌ژدیهاكه‌ له‌به‌رده‌م ژنه‌كه‌ كه‌ منداڵی ده‌بوو وه‌ستابوو، تاكو كه‌ منداڵه‌كه‌ بوو بیخوات. ئیتر منداڵێكی نێرینه‌ی بوو، ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوو به‌ گۆچانێكی ئاسنین شوانایه‌تیی نه‌ته‌وه‌كان ده‌كات. به‌ڵام كوڕه‌كه‌ی بۆ لای خودا و ته‌خته‌كه‌ی ڕفێندرا. ژنه‌كه‌ش به‌ره‌و چۆڵه‌وانی هه‌ڵات، له‌وێدا شوێنێكی هه‌یه‌ له‌لایه‌ن خوداوه‌ ئاماده‌ كراوه‌، تاكو له‌وێ هه‌زار و دوو سه‌د و شه‌ست ڕۆژ به‌خێو بكرێت. له‌ ئاسماندا بووه‌ جه‌نگ، میخائێل و فریشته‌كانی دژی ئه‌ژدیهاكه‌ هێرشیان برد، ئه‌ژدیهاكه‌ و فریشته‌كانیشی هێرشیان برد، به‌ڵام ئه‌ژدیهاكه‌ به‌هێز نه‌بوو، شوێنیان له‌ ئاسماندا نه‌ما. ئه‌ژدیها مه‌زنه‌كه‌ فڕێدرایه‌ خواره‌وه‌، ماره‌ دێرینه‌كه‌ كه‌ به‌ ئیبلیس و شه‌یتان ناوده‌بردرێت، ئه‌وه‌ی هه‌موو جیهان گومڕا ده‌كات، فریشته‌كانیشی له‌گه‌ڵیدا فڕێدرانه‌ زه‌وی. جا ده‌نگێكی مه‌زنم بیست له‌ ئاسماندا ده‌یفه‌رموو: “ئێستا ڕزگاریی و توانا و پاشایه‌تیی خوداوه‌ندمان و ده‌سه‌ڵاتی مه‌سیحه‌كه‌ی هاتووه‌، چونكه‌ ئه‌و سكاڵاكاره‌ی له‌ براكانمان، كه‌ شه‌و و ڕۆژ له‌به‌رده‌م خوداوه‌ندمان سكاڵای لێیان ده‌كرد، فڕێدرایه‌ خواره‌وه‌. ئه‌وان به‌ خوێنی كاوڕه‌كه‌ و به‌ وشه‌ی گه‌واهییان به‌زاندییان، تا ئه‌وه‌ی له‌ڕووی مه‌رگیش ژیانی خۆیان خۆشنه‌ویست. بۆیه‌ ئه‌ی ئاسمانان و ئه‌وانه‌ی تیایدا نیشته‌جێن، دڵخۆش بن! به‌ڵام وه‌ی به‌حاڵ دانیشتوانی زه‌وی و ده‌ریا، چونكه‌ ئیبلیس بۆتان دابه‌زیوه‌! تووڕه‌ییه‌كی گه‌وره‌ی پێیه‌! چونكه‌ ده‌زانێت كاتێكی كورتی هه‌یه‌”. كاتێ ئه‌ژدیهاكه‌ خۆی بینی فڕێدراوه‌ته‌ زه‌وی، ژنه‌كه‌ی ڕاونا كه‌ كوڕه‌كه‌ی لێبوو. ژنه‌كه‌ دوو باڵی هه‌ڵۆ گه‌وره‌كه‌ی پێدرا تاكو بۆ چۆڵه‌وانی و شوێنی خۆی بفڕێت، له‌وێدا كاتێک و دوو كات و نیو دوور له‌ ماره‌كه‌ به‌خێو كرا. ماره‌كه‌ش له‌ ده‌میه‌وه‌ ئاوێكی وه‌ک ڕووباری فڕێدا بۆ دواوه‌ی ژنه‌كه‌، تاكو به‌ ڕووبار هه‌ڵبگیردرێت. زه‌وی یارمه‌تی ژنه‌كه‌ی دا، زه‌وی ده‌می كرده‌وه‌ و ئه‌و ڕووباره‌ی قووت دا كه‌ ئه‌ژدیهاكه‌ له‌ ده‌میه‌وه‌ فڕێیدا. ئه‌ژدیهاكه‌ له‌ ژنه‌كه‌ تووڕه‌ بوو، چوو له‌گه‌ڵ نه‌وه‌كانی دیكه‌ی بجه‌نگێت، ئه‌وانه‌ی ڕاسپارده‌كانی خودا ده‌پارێزن و پابه‌ندن به‌ گه‌واهییان بۆ ئیشۆعی مه‌سیح. ئینجا له‌سه‌ر لمی ده‌ریا ڕاوه‌ستام. دڕنده‌یه‌كم بینی له‌ ده‌ریاكه‌ ده‌رده‌چوو، حه‌وت سه‌ر و ده‌ قۆچی هه‌بوو، ده‌ تاجیش له‌سه‌ر قۆچه‌كانی بوو، له‌سه‌ر سه‌ره‌كانیشی ناوی كفركردن هه‌بوو. ئه‌و دڕنده‌یه‌ی بینیم له‌ پڵنگ ده‌چوو، پێی وه‌ک ورچ و ده‌می وه‌ک ده‌می شێر بوو. ئه‌ژدیهاكه‌ش توانا و ته‌ختی خۆی و ده‌سه‌ڵاتێكی مه‌زنی دایه‌ دڕنده‌كه‌. سه‌رێک له‌ سه‌ره‌كانی دڕنده‌كه‌ وه‌ک بۆ مه‌رگ سه‌ربڕابێت، برینه‌ كوشنده‌كه‌شی ساڕێژ ببوو. هه‌موو زه‌ویش به‌ سه‌رسامییه‌وه‌ به‌دوای دڕنده‌كه‌ كه‌وتن، كڕنۆشیان بۆ ئه‌ژدیهاكه‌ برد، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌ دڕنده‌كه‌ی دا، كڕنۆشیان بۆ دڕنده‌كه‌ش برد و وتیان: “كێ وه‌ک دڕنده‌كه‌یه‌؟ كێ ده‌توانێت دژی بجه‌نگێت؟” دڕنده‌كه‌ ده‌مێكی پێدرابوو، قسه‌ی گه‌وره‌ و كفری ده‌كرد، هه‌روه‌ها چل و دوو مانگی پێدرابوو كه‌ ده‌سه‌ڵات به‌كاربهێنێت. ئیتر ده‌می كرده‌وه‌ و كفری به‌ خودا كرد و جنێوی به‌ ناوی خودا و نشینگه‌كه‌ی و دانیشتووانی ئاسمان ده‌دا. ڕێگای پێدرابوو له‌ دژی پارساكان بجه‌نگێت و بیانبه‌زێنێت، ده‌سه‌ڵاتیشی پێدرابوو به‌سه‌ر هه‌موو هۆز و زمان و نه‌ته‌وه‌یه‌كدا. هه‌موو دانیشتووانی سه‌ر زه‌ویش كڕنۆشی بۆ ده‌به‌ن ئه‌وانه‌ی ناویان له‌ سیپاره‌ی ژیانی كاوڕه‌كه‌ نه‌نووسراوه‌ كه‌ له‌ دامه‌زراندنی جیهانه‌وه‌ سه‌ربڕاوه‌. ئه‌وه‌ی گوێی هه‌یه‌، با ببیستێت! ئه‌گه‌ر یه‌كێک بۆ ڕاپێچكردن بچێت، ڕاپێچ ده‌كرێت. ئه‌گه‌ر یه‌كێک به‌ شمشێر بكوژێت، به‌ شمشێر ده‌كوژرێت. ئه‌مه‌ بۆ دانبه‌خۆداگرتنی پارساكانه‌. دڕنده‌یه‌كی دیكه‌م بینی له‌ زه‌وییه‌وه‌ ده‌رده‌چوو، دوو قۆچی وه‌ک كاوڕی هه‌بوو، وه‌ک ئه‌ژدیها ده‌دووا. به‌ ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی دڕنده‌ی یه‌كه‌م بۆ ئه‌و په‌یڕه‌و ده‌كات، وا له‌ زه‌وی و دانیشتووانی سه‌ری ده‌كات كڕنۆش بۆ دڕنده‌ی یه‌كه‌م ببه‌ن، كه‌ برینه‌ كوشنده‌كه‌ی ساڕێژ ببوو. په‌رجوی گه‌وره‌ ده‌كات، ته‌نانه‌ت وا ده‌كات له‌به‌رچاوی خه‌ڵک ئاگر له‌ ئاسمانه‌وه‌ بێته‌ خواره‌وه‌ بۆ زه‌وی. هه‌روه‌ها به‌و نیشانانه‌ی كه‌ پێی دراوه‌ له‌ پێناوی دڕنده‌ی یه‌كه‌م بیكات، دانیشتووانی زه‌ویی گومڕا كرد. به‌ خه‌ڵكی سه‌ر زه‌وی ده‌ڵێت په‌یكه‌ر‌ێک بۆ ئه‌و دڕنده‌یه‌ دابمه‌زرێنێت كه‌ به‌ شمشێر بریندار كرا و ژیا. هه‌روه‌ها پێی درابوو هه‌ناسه‌ بداته‌ په‌یكه‌ر‌ی دڕنده‌ی یه‌كه‌م، تاكو وێنه‌ی دڕنده‌كه‌ قسه‌ بكات، وابكات هه‌موو ئه‌وانه‌ی كڕنۆش بۆ وێنه‌ی دڕنده‌كه‌ نابه‌ن بكوژرێن. وای له‌ هه‌مووانیش ده‌كرد، گه‌وره‌ و بچووک، ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژار، ئازاد و كۆیله‌، نیشانه‌یه‌ک له‌سه‌ر ده‌ستی ڕاستیان یان له‌سه‌ر نێوچه‌وانیان دروست بكرێت، تاكو كه‌س نه‌توانێت بكڕێت یان بفرۆشێت، ته‌نها ئه‌وه‌ی نیشانه‌كه‌ی پێوه‌یه‌. نیشانه‌كه‌ش ناوی دڕنده‌كه‌یه‌ یان ژماره‌ی ناوه‌كه‌ی. ئه‌مه‌ داناییه‌كه‌یه‌! ئه‌وه‌ی تێگه‌یشتنی هه‌یه‌ با ژماره‌ی دڕنده‌كه‌ بژمێرێت، چونكه‌ ژماره‌ی مرۆڤه‌، كه‌ ژماره‌كه‌ی شه‌ش سه‌د و شه‌ست و شه‌شه‌. پاشان بینیم كاوڕه‌ێک له‌سه‌ر كێوی سهیۆن ڕاوه‌ستابوو، سه‌د و چل و چوار هه‌زاری له‌گه‌ڵ بوو، ناوی باوكی ئه‌ویان له‌سه‌ر نێوچه‌وانیان نووسرابوو. له‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌نگێكم بیست، وه‌ک هاژه‌ی ئاوێكی زۆر و ده‌نگی هه‌وره‌تریشقه‌یه‌كی مه‌زن. ده‌نگێكی وه‌ک ته‌میره‌شم بیست كه‌ ژه‌نیاران لێیانده‌دا. له‌به‌رده‌م ته‌خت و چوار بوونه‌وه‌ره‌كه‌ و پیره‌كان په‌سنیه‌كی نوێیان ده‌ووت. كه‌س نه‌یده‌توانی په‌سنیه‌كه‌ فێرببێت، جگه‌ له‌و سه‌د و چل و چوار هه‌زاره‌ی له‌ زه‌وییه‌وه‌ كڕابوونه‌وه‌. ئه‌وانه‌ له‌گه‌ڵ ژن گڵاو نه‌بوونه‌، چونكه‌ بێگه‌ردن، ئه‌وانه‌ به‌دوای كاوڕه‌كه‌ ده‌كه‌ون بۆ هه‌ر كوێ بڕوات، ئه‌وانه‌ وه‌ک نۆبه‌ره‌ بۆ خودا و كاوڕه‌كه‌ له‌نێو خه‌ڵک كڕدراون. درۆ له‌ ده‌میاندا نادۆزرێته‌وه‌، له‌ به‌رده‌م ته‌ختی خودا گله‌ییان له‌سه‌ر نییه‌. ئینجا فریشته‌یه‌كی دیكه‌م بینی له‌ناوه‌ڕاستی ئاسماندا ده‌فڕی، موژده‌ی جاویدانیی پێ بوو، تاكو موژده‌ ببه‌خشێته‌ دانیشتووانی زه‌وی هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و هۆز و زمان و گه‌لێک. به‌ ده‌نگێكی به‌رز ده‌یووت: “له‌ خودا بترسن و شكۆداری بكه‌ن، چونكه‌ كاتی حوكمدان هاتووه‌. كڕنۆش بۆ دروستكاری ئاسمان و زه‌وی و ده‌ریا و كانیاوه‌كان ببه‌ن”. فریشته‌یه‌كی دیكه‌، دووه‌م، له‌دوایه‌وه‌ ده‌یووت: “كه‌وت! باڤل شاره‌ مه‌زنه‌كه‌، ئه‌وه‌ی مه‌یی تووڕه‌یی داوێنپیسییه‌كه‌ی به‌ هه‌موو نه‌ته‌واكانی دا بیخۆنه‌وه‌!” فریشته‌یه‌كی دیكه‌، سێیه‌م، له‌دوایانه‌وه‌ به‌ ده‌نگێكی مه‌زن ده‌یووت: “ئه‌وه‌ی كڕنۆش بۆ دڕنده‌كه‌ و وێنه‌كه‌ی ببات، نیشانه‌ی سه‌ر ده‌ستی یان نێوچه‌وانی وه‌ربگرێت، ئه‌ویش مه‌یی تووڕه‌یی خودا ده‌خواته‌وه‌، كه‌ به‌ ساده‌یی له‌ جامی تووڕه‌ییه‌كه‌ی ڕژاوه‌. له‌به‌رده‌م فریشته‌ پارسا‌كان و كاوڕه‌كه‌دا به‌ ئاگر و گۆگرد ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌درێت. دووكه‌ڵی ئازاریان بۆ تاهه‌تایه‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌. ئه‌وانه‌ی كڕنۆش بۆ دڕنده‌كه‌ و وێنه‌كه‌ی ده‌به‌ن، ئه‌وه‌ی نیشانه‌ی ناوه‌كه‌ی وه‌ربگرێت شه‌و و ڕۆژ پشوویان نابێت”. ئه‌مه‌یه‌ دانبه‌خۆداگرتنی پارساكان. ئه‌وانه‌ی ڕاسپارده‌كانی خودا و باوه‌ڕی ئیشۆع ده‌پارێزن. گوێم له‌ ده‌نگێک بوو له‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌یفه‌رموو: “بنووسه‌: به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و مردووانه‌ی له‌ ئێستاوه‌ له‌ په‌روه‌ردگاردا ده‌مرن!”. ڕووح ده‌فه‌رمووێ: “به‌ڵێ، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ماندووبوونیان بحه‌سێنه‌وه‌، چونكه‌ كرده‌وه‌كانیان شوێنیان ده‌كه‌ون”. پاشان ته‌ماشام كرد، ئه‌وه‌تا هه‌ورێكی سپیه‌، له‌سه‌ر هه‌وره‌كه‌ یه‌كێكی وه‌ک ڕۆڵه‌ی مرۆڤ دانیشتووه‌، تاجێكی زێڕینی له‌سه‌ر بوو و داسێكی تیژی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو. فریشته‌یه‌كی دیكه‌ له‌ په‌رستگا ده‌رچوو و به‌ ده‌نگێكی به‌رز بانگی دانیشتووی سه‌ر هه‌وره‌كه‌ی كرد: “داسه‌كه‌ت بنێره‌ و بدروه‌وه‌، چونكه‌ كاتی دروێنه‌ هاتووه‌ و به‌رهه‌م پێگه‌یشتووه‌”. جا دانیشتووی سه‌ر هه‌وره‌كه‌ داسه‌كه‌ی بۆ سه‌ر زه‌وی وه‌شاند و زه‌وی دروایه‌وه‌. فریشته‌یه‌كی دیكه‌ له‌و په‌رستگایه‌ی كه‌ له‌ ئاسمانه‌ ده‌رچوو، ئه‌ویش داسێكی تیژی پێبوو. فریشته‌یه‌كی دیكه‌ له‌ قوربانگاوه‌ ده‌رچوو و ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ئاگردا هه‌بوو. به‌ ده‌نگێكی مه‌زن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی داسه‌ تیژه‌كه‌ی پێبوو دووا و وتی: “داسه‌ تیژه‌كه‌ت بنێره‌ و هێشووه‌كانی ڕه‌زی زه‌وی كۆبكه‌وه‌، چونكه‌ ترێكه‌ی پێگه‌یشتووه‌”. فریشته‌كه‌ داسه‌كه‌ی وه‌شانده‌ زه‌وی و ڕه‌زه‌كانی زه‌وی ڕنی، فڕێیدایه‌ نێو گوشه‌ره‌ مه‌زنه‌كه‌ی تووڕه‌یی خودا. گوشه‌ره‌كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی شار گوشرا، تاكو به‌رزی لغاوی ئه‌سپ، هه‌زار و شه‌ش سه‌د ستادیا خوێن له‌ گوشه‌ره‌كه‌ ده‌رچوو. پاشان نیشانه‌یه‌كی دیكه‌م له‌ ئاسماندا بینی، مه‌زن و سه‌یر: حه‌وت فریشته‌ حه‌وت ده‌ردی پایانیان پێ بوو، چونكه‌ تووڕه‌یی خودا له‌وانه‌ ته‌واو ده‌بێت. پاشان شتێكی وه‌ک ده‌ریای شووشه‌یی تێكه‌ڵ به‌ ئاگرم بینی و ئه‌وانه‌ی دڕنده‌كه‌ و وێنه‌كه‌ی و ژماره‌ی ناوه‌كه‌یان به‌زاندبوو، له‌سه‌ر ده‌ریا شووشه‌ییه‌كه‌ ڕاوه‌ستابوون و ته‌میره‌كانی خودایان پێبوو. په‌سنیی مووشێی به‌نده‌ی خودا و په‌سنیی كاوڕه‌كه‌یان ده‌چڕی، ده‌یانووت: “ئه‌ی په‌روه‌ردگار، خوداوه‌ندی توانادار به‌سه‌ر هه‌موو شتێک، كاره‌كانت مه‌زن و سه‌یرن! ئه‌ی پاشای پارساكان، ڕێگاكانت دادپه‌وه‌ر و ڕه‌وایه‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، كێ له‌ تۆ ناترسێت و ناوت شكۆدار ناكات؟ چونكه‌ تۆ تاقه‌ پارسایت. هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان دێن و كڕنۆشت بۆ ده‌به‌ن، چونكه‌ دادپه‌روه‌ریه‌كانت ده‌ركه‌وتوون”. پاش ئه‌مه‌ سه‌یرم كرد، په‌رستگاكه‌ له‌ ئاسماندا كرایه‌وه‌ كه‌ نشینگه‌ی گه‌واهییه‌. حه‌وت فریشته‌كه‌ له‌ په‌رستگاكه‌ ده‌رچوون و حه‌وت ده‌رده‌كه‌یان پێبوو، كه‌تانی پاک و پرشنگداریان پۆشیبوو، چه‌ند پشتێنێكی زێڕینیان له‌ سنگ به‌ستبوو. یه‌كێک له‌ چوار بوونه‌وه‌ره‌كه‌ حه‌وت جامی زێڕینی دایه‌ حه‌وت فریشته‌كه‌ و پڕبوون له‌ تووڕه‌یی خودا، ئه‌وه‌ی تاهه‌تایه‌ زیندووه‌. په‌رستگاكه‌ش پڕبوو له‌ دووكه‌ڵ به‌ شكۆ و توانای خودا، كه‌س نه‌یتوانی بچێته‌ نێو په‌رستگاكه‌، تاكو حه‌وت ده‌رده‌كه‌ی حه‌وت فریشته‌كه‌ ته‌واو نه‌بوون. ئینجا له‌ په‌رستگاكه‌وه‌ گوێم له‌ ده‌نگێكی مه‌زن بوو به‌ حه‌وت فریشته‌كه‌ی ده‌فه‌رموو: “بڕۆن حه‌وت جامه‌كه‌ی تووڕه‌یی خودا به‌سه‌ر زه‌ویدا بڕێژنن”. فریشته‌ی یه‌كه‌م چوو و جامه‌كه‌ی خۆی به‌سه‌ر زه‌ویدا ڕژاند، جا دومه‌ڵی پیس و ئازاربه‌خشی په‌مه‌یی له‌وانه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ نیشانه‌ی دڕنده‌كه‌یان هه‌ڵگرتبوو و كڕنۆشیان بۆ وێنه‌كه‌ی بردبوو. فریشته‌ی دووه‌میش جامه‌كه‌ی خۆی ڕژانده‌ سه‌ر ده‌ریا، وه‌ک خوێنی مردووی لێهات، هه‌موو زینده‌وه‌رێكی نێو ده‌ریا مرد. فریشته‌ی سێیه‌م جامه‌كه‌ی خۆی ڕژانده‌ سه‌ر ڕووبار و كانیاوه‌كان، بووه‌ خوێن. گوێم له‌ فریشته‌ی ئاوه‌كان بوو ده‌یووت: “تۆ دادپه‌روه‌ریت، ئه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ و ده‌بێت، چونكه‌ ئاوا حوكمت داوه‌، چونكه‌ خوێنی پێغه‌مبه‌ران و پارساكانیان ڕشت، تۆش خوێنت پێدان بیخۆنه‌وه‌، چونكه‌ شایانی ئه‌وه‌ن!” گوێم له‌ یه‌كێكی دیكه‌ بوو له‌ قوربانگاكه‌وه‌ ده‌یووت: “به‌ڵێ ئه‌ی په‌روه‌ردگار، خوداوه‌ندی توانادار به‌سه‌ر هه‌موو شتێک! حوكمه‌كانت ڕه‌وا و دادپه‌روه‌رن”. فریشته‌ی چواره‌م جامه‌كه‌ی خۆی ڕژانده‌ سه‌ر خۆر، پێی درابوو خه‌ڵكی به‌ ئاگر بسووتێنێت. خه‌ڵک به‌ گه‌رمایه‌كی مه‌زن سووتان، كفریان به‌ ناوی خودا كرد، ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ئه‌م ده‌ردانه‌دا هه‌یه‌، به‌ڵكو تۆبه‌یان نه‌كرد تاكو شكۆداری بكه‌ن. فریشته‌ی پێنجه‌م جامه‌كه‌ی ڕژانده‌ سه‌ر ته‌ختی دڕنده‌كه‌، پاشایه‌تیه‌كه‌ی تاریک بوو، له‌تاو ئازار زمانی خۆیان ده‌گه‌ست. له‌تاو ئازار و برینیان كفریان به‌ خودای ئاسمان كرد و تۆبه‌یان له‌ كرده‌وه‌كانیان نه‌كرد. فریشته‌ی شه‌شه‌م جامه‌كه‌ی ڕژانده‌ سه‌ر ڕووباری گه‌وره‌، پڕات، له‌ ئه‌نجامدا ئاوه‌كه‌ی وشكی كرد، تاكو ڕێگای پاشاكانی خۆرهه‌ڵات خۆش بكات. ئینجا سێ ڕووحی گڵاوی وه‌ک بۆقم بینی، له‌ ده‌می ئه‌ژدیهاكه‌ و ده‌می دڕنده‌كه‌ و ده‌می پێغه‌مبه‌ره‌ درۆزنه‌كه‌ ده‌هاتن. چونكه‌ ڕووحی شه‌یتانین په‌رجو ده‌كه‌ن، ده‌چنه‌ لای پاشاكانی هه‌موو جیهان، تاكو بۆ جه‌نگ كۆیان بكه‌نه‌وه‌ له‌و ڕۆژه‌ مه‌زنه‌ی خودای توانادار به‌سه‌ر هه‌موو شتێک. “ئه‌وه‌تا وه‌ک دزێک دێم! به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌وه‌ی بێدار ده‌بێت و پۆشاكه‌كانی ده‌پارێزێت، نه‌وه‌ک ئابڕووی ببینرێت و به‌ ڕووتی ڕێ بكات”. ئیتر له‌ شوێنێكدا كۆی كردنه‌وه‌ به‌ عیبری پێی ده‌ووترێ “هه‌رمه‌گدون”. فریشته‌ی حه‌وته‌م جامه‌كه‌ی خۆی ڕژانده‌ سه‌ر هه‌وا، ده‌نگێكی مه‌زن له‌ په‌رستگاكه‌ و له‌ ته‌خته‌كه‌وه‌ هات، وتی: “هاته‌ دی!” پاشان ده‌نگه‌ده‌نگ و بروسک هه‌وره‌تریشقه‌ په‌یدابوو. بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی مه‌زن ڕوویدا، ته‌نانه‌ت له‌وه‌ته‌ی خه‌ڵک له‌سه‌ر زه‌وین شتی وا ڕووی نه‌داوه‌، بوومه‌له‌رزه‌كه‌ زۆر مه‌زن بوو. شاره‌ مه‌زنه‌كه‌ بووه‌ سێ به‌ش، شاره‌كانی نه‌ته‌وه‌كانیش كه‌وتن. خوداش باڤلی مه‌زن به‌بیرهاته‌وه‌ تاكو جامی مه‌یی تووڕه‌یی خۆی پێی بدات. هه‌موو دوورگه‌كان هه‌ڵاتن و چیاكان نه‌مان. ته‌رزه‌یه‌كی مه‌زن كه‌ قورساییه‌كه‌ی یه‌ک تالنت ده‌بوو له‌ ئاسمانه‌وه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا باری. له‌تاو لێدانی ته‌رزه‌كه‌ كفریان به‌ خودا كرد، چونكه‌ لێدانه‌كه‌ی زۆر مه‌زن بوو. ئینجا یه‌كێک له‌و حه‌وت فریشته‌یه‌ی حه‌وت جامه‌كه‌یان پێبوو پێی وتم: “وه‌ره‌ با سزای داوێنپیسه‌ مه‌زنه‌كه‌ت پیشان بده‌م كه‌ له‌سه‌ر ئاوه‌ زۆره‌كان دانیشتووه‌. ئه‌وه‌ی پاشاكانی زه‌وی داوێنپیسییان له‌گه‌ڵ كردووه‌، دانیشتووانی زه‌وی به‌ مه‌یی داوێنپیسییه‌كه‌ی سه‌رخۆش بوون”. ئه‌ویش له‌ ڕووحدا بردمییه‌ چۆڵه‌وانیه‌ک، بینیم ژنێک له‌سه‌ر دڕنده‌یه‌كی قرمزی دانیشتووه‌ كه‌ به‌ ناوی كفر داپۆشرابوو، حه‌وت سه‌ر و ده‌ قۆچی هه‌بوو. ژنه‌كه‌ به‌ ئه‌رخه‌وانی و قرمزی پۆشرا بوو، به‌ زێڕ و به‌ردی گرانبه‌ها و مرواری ڕازابووه‌وه‌، جامێكی زێڕینی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، پڕ له‌ قێز و گڵاویی داوێنپیسییه‌كه‌ی. له‌سه‌ر نێوچه‌وانیشی ناوێک نووسرابوو: “نهێنیه‌ک. باڤلی مه‌زن، دایكی داوێنپیسان و قێزه‌وه‌نانی زه‌وی”. هه‌روه‌ها بینیم كه‌ ژنه‌كه‌ به‌ خوێنی پارساكان و خوێنی شه‌هیدانی ئیشۆع سه‌رخۆش ببوو. به‌ بینینی زۆر سه‌رسام بووم! فریشته‌كه‌ پێی وتم: “بۆچی سه‌رسام بوویت؟ نهێنی ژنه‌كه‌ و ئه‌و دڕنده‌یه‌ی هه‌ڵیگرتووه‌ پێت ده‌ڵێم، كه‌ حه‌وت سه‌ر و ده‌ قۆچی هه‌یه‌: ئه‌و دڕنده‌یه‌ی بینیت هه‌بووه‌ و ئێستا نییه‌، خه‌ریكه‌ له‌ دۆڵی بێبن ده‌رده‌چێت و بۆ له‌ناوچوون ده‌ڕوات. دانیشتووانی زه‌وی، ئه‌وانه‌ی له‌ دامه‌زراندنی جیهانه‌وه‌ ناویان له‌ سیپاره‌ی ژیاندا نه‌نووسراوه‌، سه‌رسامیان ده‌كات كه‌ ده‌بینن دڕنده‌كه‌ هه‌بووه‌ و ئێستا نییه‌ كه‌ دێته‌وه‌ش. ئه‌مه‌یه‌ هزری دانا! حه‌وت سه‌ره‌كه‌: حه‌وت چیان كه‌ ژنه‌كه‌ له‌سه‌ریان دانیشتووه‌، حه‌وت پاشاكه‌ش: پێنجیان كه‌وتن و یه‌كێكیان هه‌یه‌ و ئه‌وی دیكه‌ هێشتا نه‌هاتووه‌. كاتێكیش دێت پێویسته‌ كه‌مێک بمێنێته‌وه‌. ئه‌و دڕنده‌یه‌ی هه‌بووه‌ و ئێستا نییه‌ هه‌شته‌مینه‌، به‌ڵام له‌ حه‌وته‌كه‌یه‌ و بۆ له‌ناوچوون ده‌ڕوات. ئه‌و ده‌ قۆچه‌ی بینیت ده‌ پاشان، هێشتا پاشایه‌تییان وه‌رنه‌گرتووه‌، به‌ڵام بۆ ماوه‌ی یه‌ک كاژێر له‌گه‌ڵ دڕنده‌كه‌ وه‌كو پاشا ده‌سه‌ڵات وه‌رده‌گرن. ئه‌وانه‌ یه‌ک مه‌به‌ستیان هه‌یه‌، هێز و ده‌سه‌ڵاتی خۆیان ده‌ده‌نه‌ دڕنده‌كه‌. ئه‌وانه‌ له‌گه‌ڵ كاوڕه‌كه‌ ده‌جه‌نگێن، كاوڕه‌كه‌ ده‌یانبه‌زێنێت، چونكه‌ په‌روه‌ردگاری په‌روه‌ردگارانه‌ و پاشای پاشایانه‌، ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیدان بانگكراو و بژارده‌ و باوه‌ڕدارن”. ئینجا پێی وتم: “ئه‌و ئاوانه‌ی بینیت، كه‌ داوێنپیسه‌كه‌ له‌وێ دانیشتووه‌، گه‌ل و خه‌ڵک و نه‌ته‌وه‌ و زمانن. ده‌ قۆچه‌كه‌ و دڕنده‌كه‌ی كه‌وا بینیت، ئه‌وانه‌ ڕق له‌ داوێنپیسه‌كه‌ هه‌ڵده‌گرن، وێران و ڕووتی ده‌كه‌نه‌وه‌، گۆشته‌كه‌ی ده‌خۆن و به‌ ئاگر ده‌یسووتێنن. چونكه‌ خودا خستووه‌ته‌ دڵیان به‌ مه‌به‌ستی بكه‌ن و ڕێک بكه‌ون، ده‌سه‌ڵاتیان بده‌نه‌ دڕنده‌كه‌، تاكو وشه‌كانی خودا بێته‌ دی. ئه‌و ژنه‌ی بینیشت، ئه‌و شاره‌ مه‌زنه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر پاشاكانی زه‌ویدا هه‌یه‌”. پاش ئه‌مه‌ فریشته‌یه‌كی دیكه‌م بینی له‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌هاته‌ خواره‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتێكی مه‌زنی هه‌بوو، زه‌ویش به‌ پرشنگیه‌كه‌ی ڕووناكبووه‌وه‌. به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواری كرد و ده‌یووت: “كه‌وت! باڤلی مه‌زن كه‌وت! بووه‌ ماڵی شه‌یتانه‌كان و په‌ناگای هه‌موو ڕووحه‌ گڵاوه‌كان و په‌ناگای هه‌موو باڵنده‌یه‌كی گڵاو. چونكه‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان له‌ مه‌یی تووڕه‌یی داوێنپیسی ئه‌ویان خواردۆته‌وه‌. پاشاكانی زه‌وی داوێنپیسییان له‌گه‌ڵدا كردووه‌، بازرگانانی زه‌ویش به‌ توانای سه‌ڵته‌نه‌تی ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ند بوون”. گوێم له‌ ده‌نگێكی دیكه‌ بوو له‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌یفه‌رموو: “ئه‌ی گه‌لی من لێی ده‌ربچن، تاكو به‌شداری له‌ گوناهه‌كانی نه‌كه‌ن، تاكو ده‌رده‌كانی نه‌گرن. چونكه‌ گوناهه‌كانی تاكو ئاسمان به‌رزبوونه‌وه‌، خوداش خراپی ئه‌وی به‌ یاد هاته‌وه‌. سزای بده‌نه‌وه‌ وه‌ک ئه‌ویش سزای دایه‌وه‌ و به‌گوێره‌ی كرداره‌كانی خۆی دووقاتی بده‌نه‌وه‌. له‌و جامه‌ی تیایدا تێكه‌ڵی كرد دووقاتی بۆ تێكه‌ڵ بكه‌نه‌وه‌. هێنده‌ی خۆی شكۆدار كردووه‌ و به‌ سه‌ڵته‌نه‌ت ژیاوه‌، ئازار و خه‌می بده‌نێ، چونكه‌ له‌ دڵی خۆیدا ده‌ڵێت: وه‌ک شاژن دانیشتووم و بێوه‌ژن نیم، هه‌رگیز خه‌م نابینم. بۆیه‌ ده‌رده‌كانی له‌ ڕۆژێكدا دێن، مه‌رگ و خه‌م و برسیێتی. به‌ ئاگریش ده‌سووتێت، چونكه‌ په‌روه‌ردگار، خودا ئه‌وه‌ی حوكمی ده‌دات، به‌هێزه‌. پاشاكانی زه‌وی، ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیدا داوێنپیسییان كردووه‌ و به‌ سه‌ڵته‌نه‌ت ژیاون، بۆی ده‌گریێن و شیوه‌نی بۆ ده‌گێڕن، كاتێ دووكه‌ڵی سووتانه‌كه‌ی ده‌بینن. له‌ ترسی ئازاره‌كه‌ی له‌ دووره‌وه‌ ده‌وه‌ستن و ده‌ڵێن: واوه‌یلا! واوه‌یلا! ئه‌ی شاره‌ مه‌زنه‌كه‌! ئه‌ی باڤل! شاره‌ به‌هێزه‌كه‌! چونكه‌ له‌ كاژێرێكدا سزادانت هات. بازرگانانی زه‌وی ده‌گریێن و شیوه‌نی بۆ ده‌گێڕن، چونكه‌ ئیتر كه‌س كاڵایان لێ ناكڕێت، كاڵای زێڕ و زیو و به‌ردی گرانبه‌ها و مرواری، كه‌تان و ئه‌رخه‌وان و ئاورێشم و قرمز، هه‌موو دارێكی بۆندار و هه‌موو ده‌فرێكی عاج و هه‌موو قاپێک له‌ داری گرانبه‌ها، مس و ئاسن و مه‌ڕمه‌ڕ، دارچین و بۆنوبه‌رام و بخوور و موڕ و لبان، مه‌ی و ڕۆن و ئاردی تایبه‌ت و گه‌نم، مه‌ڕوماڵات، ئه‌سپ و گالیسكه‌، له‌ش و گیانی مرۆڤ. ده‌ڵێن: به‌رهه‌می شه‌یدای دڵت له‌ ده‌ست چوو، هه‌موو سامان و سه‌ڵته‌نه‌تت لێ بڕا و ئیتر هه‌رگیز نایاندۆزیته‌وه‌. بازرگانانی ئه‌م شتانه‌ كه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بوون، له‌ ترسی ئازاره‌كه‌ی له‌ دووره‌وه‌ ده‌وه‌ستن، ده‌گریێن و شیوه‌نی بۆ ده‌گێڕن و ده‌ڵێن: واوه‌یلا! واوه‌یلا!، ئه‌ی شاره‌ مه‌زنه‌كه‌، كه‌ به‌ كه‌تان و ئه‌رخه‌وان و قرمز پۆشرابوویت، به‌ زێڕ و به‌ردی گرانبه‌ها و مرواری ڕازابوویته‌وه‌! چونكه‌ له‌ یه‌ک كاژێردا ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌كی ئاوا له‌ده‌ست چوو! هه‌موو كه‌شتییه‌وان و گه‌شتیاران و كارمه‌ندانی كه‌شتی و هه‌موو ده‌ریاوانان، له‌ دووره‌وه‌ وه‌ستان. كاتێ چاویان به‌ دووكه‌ڵی سووتانه‌كه‌ی كه‌وت هاواریان كرد و وتیان: چ شارێک وه‌كو شاره‌ مه‌زنه‌كه‌یه‌؟ خۆڵیان به‌سه‌ری خۆیاندا ده‌كرد، به‌ گریان و شیوه‌نه‌وه‌ هاواریان كرد و وتیان: واوه‌یلا! واوه‌یلا! ئه‌ی شاره‌ مه‌زنه‌كه‌! ئه‌وه‌ی هه‌موو خاوه‌ن كه‌شتی ده‌ریا له‌ سامانه‌كه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند بوون! چونكه‌ له‌ كاژێرێكدا به‌ فیڕۆ چوو! ئه‌ی ئاسمان و په‌یامبه‌ره‌ پارساكان و پێغه‌مبه‌ران پێی دڵشاد بن! چونكه‌ خودا له‌به‌ر ئێوه‌ حوكمی ئه‌وی دا”. ئینجا فریشته‌یه‌كی به‌هێز به‌ردێكی هه‌ڵگرت، وه‌ک به‌رداش مه‌زن بوو، فڕێیدایه‌ ده‌ریا و وتی: “ئاوا به‌ توندی شاری باڤلی مه‌زن فڕێده‌درێت، هه‌رگیز نادۆزرێته‌وه‌. ئیتر ده‌نگی ژه‌نیارانی ته‌میره و گۆرانیبێژان و‌ شمشاڵ و كه‌ڕه‌نا تیایدا نابیسترێت. هه‌رگیز پیشه‌سازی هیچ پیشه‌یه‌كیش له‌ تۆدا نادۆزرێته‌وه‌، ده‌نگی ئاش له‌ تۆدا نابیسترێت. هیچ چرایه‌ک تیایدا هه‌ڵناكرێت، ئیتر ده‌نگی بووک و زاوا تیایدا نابیسترێت. چونكه‌ بازرگانه‌كانت گه‌وره‌ی زه‌وی بوون. هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان به‌ جادووگه‌ریی تۆ گومڕابوون. تیایدا خوێنی پێغه‌مبه‌ران و پارساكان و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر زه‌ویدا كوژران دۆزراونه‌ته‌وه‌”. پاش ئه‌مه‌ گوێم له‌ ده‌نگێكی مه‌زن بوو وه‌ک كۆمه‌ڵانێكی زۆر له‌ ئاسمان ده‌یووت: “هه‌لیلویا! ڕزگاری و شكۆ و ڕێز و توانا بۆ په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندمانه‌، چونكه‌ حوكمه‌كانی ڕه‌وا و دادپه‌روه‌رن. داوێنپیسه‌ مه‌زنه‌كه‌ی تاوانبار كرد كه‌ به‌ داوێنپیسییه‌كه‌ی زه‌ویی گه‌نده‌ڵ ده‌كرد. تۆڵه‌ی خوێنی به‌نده‌كانی خۆی لێكرده‌وه‌”. دووباره‌ وتیان: “هه‌لیلویا! دووكه‌ڵه‌كه‌ی تاهه‌تایه‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌”. بیست و چوار پیره‌كه‌ و چوار بوونه‌وه‌ره‌كه‌ كه‌وتن و بۆ خودای دانیشتووی سه‌ر ته‌خت كڕنۆشیان برد، وتیان: “ئامین! هه‌لیلویا!” ده‌نگێک له‌ ته‌خته‌كه‌وه‌ ده‌رچوو، ده‌یفه‌رموو: “ستایشی خوداوه‌ندمان بكه‌ن ئه‌ی هه‌موو به‌نده‌كانی، ئه‌وانه‌ی لێی ده‌ترسن، گه‌وره‌ و بچووک!”. پاشان گوێم له‌ ده‌نگێک بوو وه‌ک ده‌نگی كۆمه‌ڵانێكی زۆر، وه‌ک هاژه‌ی ئاوێكی زۆر، وه‌ک ده‌نگی هه‌وره‌تریشقه‌ به‌هێز بوو، ده‌یووت: “هه‌لیلویا! په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندی توانادار به‌سه‌ر هه‌موو شێتک، حوكمڕانی كرد. با دڵخۆش و شاد بین، شكۆداری بكه‌ین! چونكه‌ زه‌ماوه‌ندی كاوڕه‌كه‌ هاتووه‌، بووكه‌كه‌ی خۆی ئاماده‌ كردووه‌. كراسێكی كه پاک و پرشنگداری پێدرابوو بیپۆشێت. ئه‌و كراسه‌ش خوداناسیه‌كانی پارساكانه‌”. پێی وتم: “بنووسه‌، به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌وانه‌ی بۆ خوانی زه‌ماوه‌ندی كاوڕه‌كه‌ بانگكراون!”. هه‌روه‌ها پێی وتم: “ئه‌مانه‌ وشه‌ ڕاسته‌كانی خودان”. كه‌وتمه‌ به‌رپێی تاكو كڕنۆشی بۆ ببه‌م. به‌ڵام پێی وتم: “وا مه‌كه‌! منیش له‌گه‌ڵ تۆ و برایانت به‌نده‌ی هاوكارم، ئه‌وانه‌ی پابه‌ندن به‌ گه‌واهییان بۆ ئیشۆع. كڕنۆش بۆ خودا ببه‌! چونكه‌ گه‌واهیی ئیشۆع ڕووحی پێشبینییه‌”. پاشان ئاسمانم به‌ كراوه‌یی بینی، ماینێكی سپیم بینی و سواره‌كه‌ی به‌ ده‌ستپاک و ڕاستگۆ ناوده‌برا. به‌ دادپه‌روه‌ری حوكم ده‌دات و ده‌جه‌نگێت. چاوه‌كانی وه‌ک گڕی ئاگر بوون، ژماره‌یه‌كی زۆر تاجی به‌ سه‌ره‌وه‌بوو، ناوێكی نووسراوی هه‌یه‌، خۆی نه‌بێت كه‌س نایزانێت. كراسێكی له‌ خوێن هه‌ڵكێشراوی له‌به‌ربوو، ئه‌و ناوه‌ی “وشه‌ی خودا” یه‌. سه‌ربازیش له‌ ئاسماندا به‌ سواری ئه‌سپی سپی شوێنی ده‌كه‌وتن، كه‌تانی سپی پاكیان له‌به‌ردا بوو. له‌ ده‌میه‌وه‌ شمشێرێكی تیژ ده‌رده‌چوو، تاكو پێی له‌ نه‌ته‌وه‌كان بدات. به‌ گۆچانێكی ئاسنین شوانه‌تییان ده‌كات. گوشه‌ری مه‌یی تووڕه‌یی خودای توانادار به‌سه‌ر هه‌موو شتێک ده‌گوشێت. ناوێكی هه‌یه‌ له‌سه‌ر پۆشاک و ڕانی نووسراوه‌: “پاشای پاشایان و په‌روه‌ردگاری په‌روه‌ردگاران”. فریشته‌یه‌كی دیكه‌م بینی له‌به‌ر خۆردا ڕاوه‌ستابوو، به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواری له‌ هه‌موو باڵنده‌ فڕیوه‌كانی ناوه‌ڕاستی ئاسمان كرد: “وه‌رن كۆببنه‌وه‌، بۆ شێوی خوداوه‌ندی مه‌زن، تاكو گۆشتی پاشاكان و گۆشتی سوپاسالاره‌كان و گوشتی به‌هێزان، گۆشتی ئه‌سپه‌كان و سواره‌كانیان، گۆشتی هه‌مووان، ئازاد و كۆیله‌، گه‌وره‌ و بچووک بخۆن”. هه‌روه‌ها دڕنده‌كه‌ و پاشاكانی زه‌وی و سه‌ربازه‌كانیانم بینی كۆببوونه‌وه‌، تاكو دژی سواره‌كه‌ و سه‌ربازانی بجه‌نگن. دڕنده‌كه‌ و پێغه‌مبه‌ره‌ درۆزنه‌كه‌ی یاوه‌ری ده‌ستگیركران، ئه‌وه‌ی په‌رجوی له‌ پێناوی كرد و به‌هۆیه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی چه‌واشه‌ كرد كه‌ په‌رجوی دڕنده‌كه‌یان وه‌رگرت و ئه‌وانه‌ی كڕنۆشیان بۆ وێنه‌كه‌ی برد. هه‌ردووكیان به‌ زیندوویی فڕێدرانه‌ ده‌ریاچه‌ی ئاگر، كه‌وا به‌ گۆگرد داگیرساوه‌. پاشماوه‌كه‌ به‌ شمشێری سواره‌كه‌ كوژران كه‌ له‌ ده‌میه‌وه‌ ده‌رده‌چوو، هه‌موو باڵنده‌كان له‌ گۆشته‌كانیان تێربوون. فریشته‌یه‌كم بینی له‌ ئاسمانه‌وه‌ داده‌به‌زی و كلیلی دۆڵی بێبنی پێبوو، زنجیرێكی مه‌زنیشی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو. ئه‌ژدیهاكه‌ی ده‌ستگیر كرد، ماره‌ دێرینه‌كه‌ كه‌ ئیبلیس و شه‌یتانه‌، هه‌زار ساڵ به‌ستییه‌وه‌. فڕێیدایه‌ دۆڵی بێبن و ده‌رگای له‌سه‌ر داخست و مۆرێكی لێدا، تاكو ئیتر نه‌ته‌وه‌كان چه‌واشه‌ نه‌كات، تاكو هه‌زار ساڵه‌كه‌ ته‌واو ده‌بێت. پاش ئه‌مه‌ ده‌بێت بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م ئازاد بكرێت. چه‌ند ته‌ختێكم بینی و ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ری دانیشتن ده‌سه‌ڵاتی حوكمدانیان پێدرا. هه‌روه‌ها گیانی ئه‌وانه‌م بینی كه‌ له‌پێناوی گه‌واهیی ئیشۆع و له‌پێناوی وشه‌ی خودا كوژرابوون، ئه‌وانه‌ كڕنۆشیان بۆ دڕنده‌كه‌ و وێنه‌كه‌ی نه‌بردبوو، نیشانه‌ی نێوچه‌وان و سه‌ر ده‌ستیان وه‌رنه‌گرتبوو. جا زیندووبوونه‌وه‌ و هه‌زار ساڵ له‌گه‌ڵ مه‌سیحدا حوكمڕانییان كرد. به‌ڵام مردووه‌كانی دیكه‌ تاكو هه‌زار ساڵه‌كه‌ ته‌واو بوو بۆ ژیان نه‌گه‌ڕانه‌وه‌. ئه‌مه‌ هه‌ستانه‌وه‌ی یه‌كه‌مه‌. ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ستانه‌وه‌ی یه‌كه‌مدا به‌شی هه‌بێت داڕشتكراو و پارسایه‌‌. ئه‌وانه‌ مه‌رگی دووه‌م ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ریاندا نییه‌، به‌ڵكو ده‌بنه‌ كاهینی خودا و مه‌سیح، هه‌زار ساڵ له‌گه‌ڵیدا حوكمڕانی ده‌كه‌ن. كاتێ هه‌زار ساڵه‌كه‌ ته‌واو ده‌بێت، شه‌یتان له‌ زیندانه‌كه‌ی ئازاد ده‌كرێت. ده‌رده‌چێت تاكو نه‌ته‌وه‌كانی چوارگۆشه‌ی زه‌وی چه‌واشه‌ بكات: جووج و ماجووج، تاكو بۆ جه‌نگ كۆیان بكاته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی ژماره‌یان وه‌ک لمی ده‌ریایه‌. سه‌ركه‌وتنه‌ سه‌ر پانتایی زه‌وی، ئۆردوگای پارساكان، شاره‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌یان گه‌مارۆ دا، جا ئاگرێک له‌ ئاسمانه‌وه‌ هاته‌ خواره‌وه‌ و خواردیانی. ئه‌و ئیبلیسه‌ی چه‌واشه‌ی ده‌كردن، فڕێدرایه‌ ده‌ریاچه‌ی ئاگر و گۆگرد، كه‌ دڕنده‌كه‌ و پێغه‌مبه‌ره‌ درۆزنه‌كه‌ی لێیه‌. شه‌و و ڕۆژ تاهه‌تایه‌ ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌درێن. پاشان ته‌ختێكی گه‌وره‌ی سپیم بینی و ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری دانیشتبوو، زه‌وی و ئاسمان له‌به‌ر ڕووی هه‌ڵاتبوون، هیچ شوێنیان نه‌دۆزرایه‌وه‌! مردووه‌كانم بینی به‌ گه‌وره‌ و بچووكه‌وه‌ له‌به‌رده‌م خودا ڕاوه‌ستابوون، سیپاره‌كان كرانه‌وه‌. سیپاره‌یه‌كی دیكه‌ش كه‌ سیپاره‌ی ژیانه‌ كرابووه‌وه‌. مردووه‌كان به‌گوێره‌ی كرده‌وه‌كانیان به‌وه‌ی له‌ سیپاره‌كان نووسراوه‌ حوكم دران. ده‌ریاش مردووه‌كانی ناوخۆی ڕاده‌ست كرد، هه‌روه‌ها مه‌رگ و دۆڵی بێبن مردووه‌كانی خۆیان ڕاده‌ست كرد و هه‌ریه‌كه‌ و به‌گوێره‌ی كرده‌وه‌كانی حوكم درا. مه‌رگ و دۆڵی بێبن فڕێدرانه‌ ده‌ریاچه‌ی ئاگره‌كه‌وه‌. ئه‌م ده‌ریاچه‌ی ئاگره‌ مه‌رگی دووه‌مه‌. هه‌ر كه‌سێک ناوی له‌ سیپاره‌ی ژیاندا نه‌دۆزرایه‌وه‌ نووسرابێت، فڕێدرایه‌ ده‌ریاچه‌ی ئاگره‌كه‌. پاشان ئاسمانێكی نوێ و زه‌وییه‌كی نوێم بینی، چونكه‌ ئاسمانی یه‌كه‌م و زه‌ویی یه‌كه‌م به‌سه‌رچوون، ئیتر ده‌ریاش نه‌ما. من یوخه‌ننه‌ن، شاره‌ پارسا‌كه‌ش، یروشلایمی نوێم بینی له‌ ئاسمانه‌وه‌ له‌لایه‌ن خوداوه‌ ده‌هاته‌ خواره‌وه‌، وه‌ک بووكێكی ڕازاوه‌ بۆ زاواكه‌ی ئاماده‌كراو. گوێم له‌ ده‌نگێكی مه‌زن بوو له‌ ئاسمانه‌وه‌ فه‌رمووی: “ئه‌وه‌تا نشینگه‌ی خودا له‌گه‌ڵ خه‌ڵک، ئه‌ویش له‌گه‌ڵیان نیشته‌جێ ده‌بێت. ئه‌وانیش ده‌بنه‌ گه‌لی ئه‌و، خودا خۆی له‌گه‌ڵیاندایه‌ و ده‌بێته‌ خوداوه‌ندیان. هه‌موو فرمێسكێكی چاویان ده‌سڕێته‌وه‌، ئیتر مه‌رگ نابێت، خه‌م و هاوار و ئازار نامێنن، چونكه‌ شته‌كانی پێشوو به‌سه‌رچوون”. دانیشتووی سه‌ر ته‌خته‌كه‌ فه‌رمووی: “ئه‌وه‌تا هه‌موو شتێک نوێ دروست ده‌كه‌م!”. هه‌روه‌ها فه‌رمووێ: “بنووسه‌: چونكه‌ ئه‌م وتانه‌ ڕه‌وا و سه‌رڕاستن”. پاشان پێی فه‌رمووم: “ئه‌وا هاته‌ دی! منم ئه‌لف و یێ، سه‌ره‌تا و پایان. له‌ كانیی ئاوی ژیان به‌خۆڕایی ده‌ده‌مه‌ تینوو. ئه‌وه‌ی سه‌ربكه‌وێت، هه‌موو شتێک به‌ میرات بۆ ده‌مێنێته‌وه‌، ده‌بمه‌ خوداوه‌ندی و ئه‌ویش ده‌بێته‌ ڕۆڵه‌م. به‌ڵام ترسنۆكه‌كان و بێباوه‌ڕان و قێزه‌وه‌نان، بكوژان و داوێنپیسان و جادووگه‌ران، بتپه‌رستان و هه‌موو درۆزنان، به‌شیان له‌ ده‌ریاچه‌ی به‌ ئاگر و گۆگرد داگیرساوه‌ كه‌ مه‌رگی دووه‌مه‌”. پاشان یه‌كێک له‌و حه‌وت فریشته‌یه‌ی حه‌وت جامه‌كه‌یان پێیه‌ كه‌ به‌ دوایین حه‌وت ده‌رده‌كه‌ پڕكراون، له‌گه‌ڵم دوا، وتی: “وه‌ره‌ بووكه‌كه‌ت پیشان ده‌ده‌م، ژنی كاوڕه‌كه‌”. به‌ ڕووح بردمی بۆ چیایه‌كی مه‌زن و به‌رز، شاره‌ مه‌زنه‌كه‌، یروشلایمی‌ پارسا‌ی پیشاندام، له‌ ئاسمانه‌وه‌ له‌لایه‌ن خودا ده‌هاته‌ خواره‌وه‌. شكۆی خودای هه‌بوو، دره‌وشانه‌وه‌ی وه‌ک گرانبه‌هاترین به‌رد، وه‌ک یه‌شب، ڕوون وه‌ک شووشه‌. شوورایه‌كی مه‌زن و به‌رز و دوازده‌ ده‌رگای هه‌بوو، له‌سه‌ر ده‌رگاكان دوازده‌ فریشته‌ هه‌بوون، ناوی دوازده‌ هۆزه‌كه‌ی ڕۆڵه‌كانی ئیسڕائیل له‌سه‌ر ده‌رگاكان نووسرابوون. له‌ خۆرهه‌ڵاته‌وه‌ سێ ده‌رگا، له‌ باكووره‌وه‌ سێ ده‌رگا، له‌ باشووره‌وه‌ سێ ده‌رگا، له‌ خۆرئاواوه‌ سێ ده‌رگا بوون. شوورای شاره‌كه‌ دوازده‌ بناغه‌ی هه‌بوو، دوازده‌ ناو له‌ سه‌ریان هه‌بوو، ناوی دوازده‌ په‌یامبه‌ره‌كه‌ی كاوڕه‌كه‌. ئه‌و فریشته‌یه‌ی له‌گه‌ڵم ده‌دووا دارێكی پێوانه‌ی زێڕینی پێبوو، تاكو شاره‌كه‌ و ده‌رگاكانی و شووراكه‌ی بپێوێت. شاره‌كه‌ به‌ چوار گۆشه‌یی دانرابوو، درێژییه‌كه‌ی هێنده‌ی پانییه‌كه‌ی بوو. شاره‌كه‌ی به‌ داره‌كه‌ پێوا، دوازده‌ هه‌زار ستادیا بوو، درێژی و پانی و به‌رزییه‌كه‌ی یه‌كسان بوون. شووره‌كه‌شی پێوا، سه‌د و چل و چوار باڵ بوو به‌ باڵی مرۆڤ كه‌ فریشته‌كه‌ به‌كاری ده‌هێنا. بینای شووراكه‌ له‌ یه‌شب بوو، شاره‌كه‌ش له‌ زێڕی ساف بوو، وه‌ک شووشه‌ی ساف. بناغه‌كانی شوورای شاره‌كه‌ به‌ هه‌موو به‌ردێكی گرانبه‌ها ڕازابووه‌وه‌. بناغه‌ی یه‌كه‌م یه‌شب، دووه‌م یاقووتی شین، سێیه‌م عه‌قیقی سپی، چواره‌م زمروود، پێنجه‌م شیلانه‌، شه‌شه‌م عه‌قیقی سوور، حه‌وته‌م زه‌به‌رجه‌د، هه‌شته‌م زمروودی سه‌وز، نۆیه‌م یاقووتی زه‌رد، ده‌یه‌م عه‌قیقی سه‌وز، یازده‌یه‌م یاقووتی زه‌عفه‌رانی، دوازده‌یه‌م جه‌مشت. دوازده‌ ده‌رگاكه‌ش دوازده‌ مروارین، هه‌ر ده‌رگایه‌ک له‌ یه‌ک ده‌نكه‌ مرواری بوو. بازاڕی شاره‌كه‌ له‌ زێڕی ساف بوو وه‌ک شووشه‌ی ڕوون. په‌رستگام تیایدا نه‌بینی، چونكه‌ په‌روه‌ردگار خودای توانادار به‌سه‌ر هه‌موو شتێک، له‌گه‌ڵ كاوڕه‌كه‌ په‌رستگای ئه‌ون. شاره‌كه‌ش پێویستی به‌ خۆر و مانگ نییه‌ به‌سه‌ریدا بدره‌وشێنه‌وه‌، چونكه‌ شكۆی خودا ڕووناكی كردۆته‌وه‌ و كاوڕه‌كه‌ چرایه‌تی. گه‌لی ڕزگاربووان به‌ ڕووناكییه‌كه‌ی ڕێ ده‌كه‌ن، پاشاكانی زه‌وی شكۆی خۆیانی بۆ ده‌هێنن. ده‌رگاكانی به‌ ڕۆژ هه‌رگیز داناخرێن، چونكه‌ له‌وێ شه‌و دانایه‌ت. شكۆ و ڕێزی نه‌ته‌وه‌كانیشی بۆ ده‌هێنن. هیچ شتێكی گڵاو ناچێته‌ ناوی، نه‌ک ئه‌وانه‌ی قێزه‌وه‌نن و درۆزنن، به‌ڵكو ته‌نها ئه‌وانه‌ی كه‌ ناویان له‌ سیپاره‌ی ژیانی كاوڕه‌كه‌دا نووسراوه‌. پاشان فریشته‌كه‌ ڕووباری ئاوی ژیانی پیشاندام، پرشنگدار وه‌ک شووشه‌، له‌ ته‌ختی خودا و كاوڕه‌كه‌ و به‌ ناوه‌ڕاستی بازاڕی شاره‌كه‌دا ده‌ڕوات. له‌ هه‌ردوو ڕۆخی ڕووباره‌كه‌دا دره‌ختی ژیان ڕوابوو كه‌ دوازده‌ جۆر به‌رهه‌م ده‌دات، هه‌ر مانگێک به‌رهه‌می خۆی ده‌دات. گه‌ڵای دره‌خته‌كه‌ش بۆ چاكبوونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كانه‌. ئیتر هیچ نه‌فره‌تێک نامێنێت. ته‌ختی خودا و كاوڕه‌كه‌ش له‌نێو شاره‌كه‌دا ده‌بن، به‌نده‌كانی ڕاژه‌ی ده‌كه‌ن و ڕووی ده‌بینن و ناوی له‌سه‌ر نێوچه‌وانیانه‌. له‌وێ شه‌و دانایه‌ت، پێویستییان به‌ چرا و ڕووناكی خۆر نابێت، چونكه‌ په‌روه‌ردگار خوداوه‌ند به‌سه‌ریاندا ده‌دره‌وشێته‌وه‌ و تاهه‌تایه‌ حوكمڕانی ده‌كه‌ن. پاشان پێی وتم: “ئه‌م وتانه‌ سه‌رڕاست و ڕه‌وان. په‌روه‌ردگار، خوداوه‌ندی ڕووحی پێغه‌مبه‌ره‌ پارساكان، فریشته‌كه‌ی خۆی نارد تاكو ئه‌و شتانه‌ پیشانی به‌نده‌كانی خۆی بدات كه‌ ده‌بێت زوو ڕووبده‌ن”. “ئه‌وه‌تا خێرا دێم! به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌وه‌ی وته‌كانی پێشبینیی ئه‌م سیپاره‌یه‌ ده‌پارێزێت”. من یوخه‌ننه‌نم، ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م شتانه‌م بینی و بیستم. كاتێ بینیم و بیستم، كه‌وتم بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌رپێی ئه‌و فریشته‌یه‌ كڕنۆش ببه‌م، كه‌ ئه‌م شتانه‌ی پیشانده‌دام. جا پێی وتم: “وا مه‌كه‌! منیش وه‌ک تۆ به‌نده‌ی هاوكارتم، له‌گه‌ڵ برا پێغه‌مبه‌ره‌كانت و ئه‌وانه‌ی وته‌كانی ئه‌م سیپاره‌یه‌ ده‌پارێزن. كڕنۆش بۆ خودا ببه‌!”. هه‌روه‌ها پێی وتم: “مۆر له‌ وشه‌كانی پێشبینی ئه‌م سیپاره‌یه‌ مه‌ده‌، چونكه‌ كاته‌كه‌ نزیكه‌. ئه‌وه‌ی سته‌مكاره‌ با هه‌ر سته‌مكاری بكات. ئه‌وه‌ی گڵاوه‌ با هه‌ر گڵاو بێت، ئه‌وه‌ی خوداناسه‌ با هه‌ر كاری خوداناسی بكات، ئه‌وه‌ی پارساشه‌ با هه‌ر پارسا بێت”. “ئه‌وه‌تا خێرا دێم! پاداشتی خۆم پێیه‌، تاكو پاداشتی هه‌ر كه‌سێک به‌گوێره‌ی كاره‌كه‌ی بده‌مه‌وه‌. منم ئه‌لف و یێ، سه‌ره‌تا و پایان، یه‌كه‌مین و دواهه‌مین”. به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌وانه‌ی ڕاسپارده‌كانی ده‌پارێزن، تاكو مافیان له‌ دره‌ختی ژیان هه‌بێت، له‌ ده‌رگاكانه‌وه‌ بچنه‌ نێو شاره‌كه‌. سه‌گه‌كان و جادووگه‌ران و داوێنپیسان و بكوژان و بتپه‌رستان و هه‌موو درۆزن و ئه‌وانه‌ی حه‌ز له‌ درۆ ده‌كه‌ن له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌بن. “من ئیشۆعم، فریشته‌كه‌ی خۆم نارد تاكو به‌م شتانه‌ گه‌واهیی بۆ وارگه‌كان بده‌م. من له‌ ڕه‌گ و نه‌وه‌ی داویدم، هه‌ساره‌ی پرشنگداری به‌یانی”. ڕووح و بووک ده‌فه‌رموون: “وه‌ره‌!”. ئه‌وه‌ی ده‌بیستێ با بڵێت: “وه‌ره‌!”. ئه‌وه‌ی تینوویه‌تی با بێت، ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت با به‌خۆڕایی ئاوی ژیان ببات. گه‌واهیی ده‌ده‌م بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی وته‌كانی پێشبینیی ئه‌م سیپاره‌یه‌ ده‌بیستن: ئه‌گه‌ر كه‌سێک بۆ ئه‌مانه‌ زیاد بكات، خودا ئه‌و ده‌ردانه‌ی له‌سه‌ر زیاد ده‌كات كه‌ له‌م سیپاره‌یه‌دا نووسراوه‌. ئه‌گه‌ر كه‌سێكیش له‌ وته‌كانی پێشبینیی ئه‌م سیپاره‌یه‌ بسڕێته‌وه‌، خودا له‌ سیپاره‌ی ژیان و له‌ شاره‌ پارسا‌كه‌ بێبه‌شی ده‌كات و له‌وه‌ی له‌م سیپاره‌یه‌دا نووسراوه‌. گه‌واهیده‌ری ئه‌مانه‌ ده‌فه‌رمووێ: “به‌ڵێ! خێرا‌ دێم”. ئــامـیــن! وه‌ره‌، ئــیــشــۆعــی پــه‌روه‌ردگــار. به‌خششی په‌روه‌ردگارمان ئیشۆع له‌گه‌ڵ هه‌مووتان بێت. ئــامــیـن.